شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: چی نووسیوە و بۆ چی نووسی ئەی گوێگری ژیر و زیت و پیتۆڵ پسپۆری وتەی بەنرخ و کرمۆڵ خانی لە مەیی ئەوینێ مەستە بێهۆشە وتارپەڕێنە پەستە سوێراوێ بە شیرنی دەچێژێ سەرخۆش بووە هاتەران دەبێژێ نازانی کە تیرە یان تراوە دێوانەیی بادە بیربڵاوە هەرچێکی کە پێت دەڵێ هەوایە وەک دەنگی نەیێکە دەنگی نایە بێ جێ نییە خۆشە دەنگی بلوێر گەر شۆرێ بخاتە سینگی گوێدێر لەم نامەیەدا بەچەشنی منداڵ چۆن تازە دەکەونە سەر گڕوگاڵ هەرچێکی دەسم کەوت متوموور بۆر و کەوە، زەرد و ڕەش، سپی و سوور هێندێکی چرووکە، هێندێ چیرۆک هێندێ شڕ و ڕووتە، دەستەیەک کۆک زاراوەیی بۆتییان و گۆران وێژەی موکری و لوڕان و سۆران کۆم کردەوە گش درشت و وردی هۆنیومە بە بەند و باوی کوردی پووچیشی هەیە و پڕ و بەکاکڵ بێ جێشی هەیە و شتی لەبەر دڵ بڕوامە گەلێکی دڵپەسندن بڕوانە دەزانی زۆری پەندن ئاواتی دڵم چ بوو لەمانە؟ دەرخستنی ڕازی دڵتەڕانە جوانتر لە هەموو شتێک ئەوینە دڵداری بەهەشتە، بینە، ژینە گیانێ کە ئەوینی بۆتە مایە وەک ئاوێنەیە و خودانومایە وەک ڕۆژە ئەوین بەتیشکە، ڕوونە خاوێنکەرەوەی دڵ و دەروونە هەر ڕێڕەوێ ڕووی دەلای خودا بێ با بێ و بە ئەوینێ شارەزا بێ گیان و دڵی سەخت و ڕەش لە ئاسن ئاوێنە دەبن ئەوین بناسن تۆزێ لە ئەوین بەسەر مسا کە پاش تۆزێ بنۆڕە، زێڕی پاکە هەر دڵ کە ئەوین بکا بە پیشەی دڵداری بکا بە پنج و ڕیشەی گەنجینەیی ڕازی بێ نیازە کارسازی لەلایە کاری سازە هیچکەس نییە بێبەشی ئەوینێ کەمتر هەیە زۆر بە کەم نەبینێ دوو تیرەیە چی لەڕووی زەمینە یەک چاوی لە ژینە یەک لە دینە یەک چاو دەبڕێتە سەر کچۆڵان بازاڕی نەدیوە چۆتە چۆڵان ئەو گەوهەری دڵ دەدا بە ماچێ پێی وایە بە هیچی دیکە ناچێ خۆڕایی لەدەستی دەردەهێنن کۆشکێکی بە پووشکە لێدەسێنن ئیدیش بەهەوا بەهەشتێ دەکڕێ فیزێکی دەکاتێ دەستێ دەبڕێ خوا لای وی لە کوڵکە بۆتە چەرچی دەیداتێ بەهەشت بە ڕیش و پرچی جا هەر کە لەوانە یان لەمانە بێ ڕێبەرە، کوێرە، ڕێ نەزانە لە ژیانی دەتەکنەوە و کە چووشن بێچارە بەجارێ دەملەپووشن ++++++++++++++++++++++