شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: زین دڵی بە بەکر دەسووتێ و بۆی دەپاڕێتەوە دییان کاتێ کە گەینە قسنی بەر شار لاشێکی تخێڵ لە بەینی دوو دار زانیان ئەوە بەکری مەرگەوەڕ بوو ئاو لاکە کەلاکی ماکی گەڕ بوو تاژدینە سەری لە لەش جیا کرد کێشەی لە زەوی تەرەوتونا کرد چیرۆکی بەکر کە گەییە کن زین پاڕایەوە بۆی لە میر و تاژدین پیاوچاک لە ڕق و لە کینە دوورن هەرچەندە بەسووچە لێی ببوورن بێفەڕ کە بە چاکە نەدرێ پاداش جیاوازی بە چی بێ باش و ناباش؟ خوای سازدەری عەرز و عاسمانان داینا لە بەرێوە بۆ مەمانان ڕۆژێ کە ئەوینی دا بە دڵدار ئەو ڕۆژە بەدیشی دا بە بەدکار چۆن دەکرێ کە پاک لە پیس وەشێرن زۆر حەستەمە لێکی هەڵوەژێرن لای سوورەگولان دڕوو ڕواوە گەنجێ هەبێ ماری وا بەلاوە گوڵ سیسە بەدوور لە دڕک و داڵان مار هۆیە کە گەنج نەچێ بەتاڵان گەر پیسی وەکوو بەکر نەبووبا هیچ دوور نەبوو ئابڕووی مە چووبا هەرچەند بەڕواڵە ناتەبا بوو ڕاستوو دەوێ بۆ مە دۆستی چا بوو گەر ئەو نەدەبوو بە لەمپەری مە گومڕایی دەبوو بە ڕێبەری مە وا دەر نەدەچووین لە شەرمەزاری پیرۆز نەدەبووین لە کوردەواری ئەو ڕێگەیی پاکی خستە بەرمان زۆر زۆر ئەمەگی هەیە لە سەرمان هەرچەندە بەخۆی گەیشت زیانی دۆڕاندی لەڕێی مەدا ژییانی پێم خۆش نییە هیچ گرێی وەبەر بێ هیوان هەیە شاد و بەختەوەر بێ ئیدی بەسە ئابڕووی مەڕێژن لەو جێی کە من و مەمی دەنێژن ئەو ببوە سەگێکی پاسدەری مە با هەر بکەوێ لەبەر دەری مە لای ئێمە بنێژرێ با گییانی پاسی مە بدێرێ لەو جیهانی بڕوانە بەزەی دڵ و دەروونی! ئاوێنەبەزێنە ئەو بە ڕوونی ئاوێنە و ئاو گەمارێ دەگرێ کێ بەخشی کەسێ لە دەستی بمرێ؟ هەرکەس کە بەزەی خودا نەبینێ نەپڕووکێ بە ئاگری ئەوینێ نەکوڵابێ لەناو ئەوینی پاکا پێی وایە کەس ئەو شتانە ناکا پاکان کە بەزەی خودا دەبینن وەک هۆزی فریشتە دوورەکینن ++++++++++++++++++++++