شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: شین بۆ مەمی هەژار و کوژرانی بەکری بەدکار دەیگوت ئەوی شینی بۆ مەمێ کرد ئەوڕۆژە کە ئەو هەژارە پێ مرد بوو شین و شەپۆڕ لەناو جزیرێ گش پیاو و ژنێک و لاو و پیرێ بۆتانی لە گەورە تا بچووکان زاوا و خەسوو، خەزوور و بووکان دارا و نەدار، بڵند و نزمان زانا و نەزان، نەناس و خزمان دەروێش و بەڕیش و مەستی بادە پاک و بەچڵک، بەکوڵک و سادە کوێخا، بەڕەڵا، هەڵە، شەل و گێڕ گشتی وەکوو یەک ببوونە شینگێڕ چاویان تەڕ و قوڕبەشان و ڕەشپۆش پەیدا نەدەبوو یەکێکی دڵخۆش بێگانە و دوورەدەست و خۆیی هەرکەس بەرە تەرمی مەم دەڕۆیی بۆ شوێنێ دەڕۆیی بەکری پڕکین تا گوم ببێ، کەوتە داوی تاژدین بۆ کوێ؟ وتی: سیسەماری بەدفەڕ! ئەی ماکی هەموو بەڵا و گزی و گەڕ ئەی لەمپەری بەر دڵ و نیازان پیستر لە هەموو سەگ و بەرازان ئابڕووبەری دڵتەڕانی دڵدار خوێپێوەکەری دڵی بریندار کۆستت کەوێ وەک مەمت لە من کرد چیدیت دەوێ کەتنی خۆت بە من کرد ئەو دەردە کە دات بەمەم لەسەر چی؟ هێشتا دەتەوێ لەدەست مە دەرچی؟ ! بگرە لە دەسم دەبانی دوودەم بتکەم بە یەکەم لە تۆڵەیی مەم یەکبڕ سەری بەکری پێ نەوی بوو لاشەی سەگی چەسپی سەر زەوی بوو کاتێکی کە هات بەلای برادا ڕووناکی نەدی لەناو چرادا دایگرت لەسەری کڵاو و تۆمار هاویشتییە سەر لەشی مەمی ژار دێوانە و هار لەتاو برایێ شاڵاوی دەبرد وەکوو زەهایێ نیازی هەبوو هەرچی بێتە پێشێ بۆ تۆڵە گیانی وی بکێشێ کێ لەو دەمەدا ببا تخوونی پاپای بوو لە مردن و نەبوونی هاوار لە دەسی برایە کن میر زوو پێ و دەسی خستە بەند و زنجیر تەرمی مەمی کەوتە ڕێ بەرەو گۆڕ کۆمەڵ لەدواوە مات و سەرشۆڕ کۆتەڵ کە لە پشتی ئەسپی مەم بوو بۆ هەرکەسێ ماکی دەرد و خەم بوو تاژدینی لەپشت شەتەک درابوو ئاگای کە لە بردنی برا بوو زنجیری لە دەست و پێ چڕاندن دەروازە و بەندی تێک شکاندن ئەنگوچکی سپی نیایە نێو هەش تەرمی مەمی گرتە مێز و باوەش خزم و کەس و کار و دۆست و یاران گریان لەگەڵی بەتاوی باران شڵپەی دەس و سینەیی جوانان دەنگی دەگەییشتە عەسمانان هەرچی ژن و کیژە پۆڕ کراوە ڕوویان دەڕنی بەدەم سەماوە گشتی لەپ و پەنجەسوور و ئاڵ بوون بێ ڕەنگ و خەنە، لە خوێن شەڵاڵ بوون ڕیزێک لە کچان یەکێک لە لاوان پێیان هەڵدەگوت بە بەند و باوان پۆلێک لەدوایەوە لەخۆدەر هێندێکی لە پێش تەرم سەماکەر پیر کەوتنە ناو، بەتاو دەکەن شین میر دەسرەبەچاو دەبارێ ئەسرین زین هاتەسەما، لەپێشی تەرما چنگی دەکوتا بە سینگی نەرما پەخشان ببوو مووی بەسەر لەشیدا وەک ئاوی ژیان لەناو ڕەشیدا ئەو کاتێ سەمای دەکرد لەتاو مەم زوهرە بە سەماوە کەوتە ناو تەم ڕۆڕۆی کە دەهاتەدەر لە لێوان لەسوێیی دەتواوە جەرگی کێوان دار و دەوەنی دەگەڵ دەناڵی گریانی ژیانی کردە تاڵی لەو شینە مرۆ ئەوەند وەکۆ بوو جەرگ و دڵی ڕێ بە کەندوکۆ بوو ڕەوتیان دڵی عەرزی پێ دەلەرزی بوولەرزە دەکەوتە نزم و بەرزی هێند دادەوەرینە ڕووی وەکوو گوڵ فرمێسکی کچان بەهۆی کوڵی دڵ پێت وا بوو لە هەورەکەی بەهارێ بارانە لەسەر گوڵان دەبارێ چارشێوی ڕەشی ژنان ئەوێ دەم پەیدا بوو، نیشانی شینە بۆ مەم ڕووپۆش لەڕووان کرایە پەرژین ڕەشییان لەبەرایە بۆ مەم و زین ++++++++++++++++++++++