شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: زین سەری کوشتەی خۆی دەدا زین ئەو بەزەیی لەڕووی برا دی سەردانی مەمی گەلێ ڕەوا دی ڕازایەوە هەر لە پێ هەتا سەر دەریای لە جوانی کەوتە گەوهەر ئەستێ و بە سەدان لە دیدەکاڵان ئەستێرە لە دەوری ڕۆژێ هاڵان چاومەست و بەلەکخڕ و کەزێشۆڕ دەرچوون وەکوو دوڕ دەرێن لە قاپۆڕ دەروێشە دەچێتە دیدەنی پیر کوا ماوە کوڕی گەدا و کچی میر هیوا نە لە کۆشکە وا لە بەندە دڵبەستەیە زین و مەم کەمەندە دەرگا کە کرایەوە لە یاران زیندان بووە باخی نازداران چوە سەر مەمێ بەر لە زینێ ئەستێ دی مردووە نایە دەنگ و خوستێ گیان چۆتە دەرێ لە بەژن و باڵا ماڵ بێکەسە، کەس نییە لە ماڵا واڵایە قوتووی دوڕی گییانی کوژاوەتەوە گڕی ژیانی گوڵزاری وشک بووە بەبێ ئاو بێ ڕۆنە چرا و پڵیتەسووتاو پرسی لە کەسانی هاودەمی بوون هاوبەندی گران و هاوخەمی بوون وتیان لەدەرێوە هات ترووسکێ دەرچوو لەسەری مەمیش برووسکێ یەک وێنەیی مانگ و ڕۆژ، ئەوی تر هاڵا ئەوی ژوور لەوی نەوی تر یەک بۆ یەکێ کەوتە تیشکەڕشتن تا بوونە یەکێک و پێک گەیشتن بەم جۆرە درەوشی سەردەمێ چاک شەوڕەش لە مە بوو بە ڕۆژی ڕوناک لەو کاتەوە مەم نەما لەسەر هۆش پێی خۆش نییە ڕابێ لەو خەوی خۆش تا چاوی دڵت لەسەریە تانە پێت وایە کە نەبووە ئەو شتانە گیان تیشکی خودایە سەربەخۆیە ڕاگوازتن و توانەوەی درۆیە خوێن لانەیە بۆی، نە خۆی گییانە چیدی لە گییان بڵێی زیانە هاوڕێ کە لەگەڵ مەما گرا بوون لەم ڕازە گرنگە شارەزا بوون ڕێشاندەری باش بوو بۆ هەواڵان بردینە دەرێ لەناو خەیاڵان ئەستێ چووە بن سەری مەمی ژار تا کەنگێ دەنووی لە خەو بەبێدار هەڵبێنە سەرت ببینە زین ت هاتۆتە بەرت گیان و ژینت تینووی؟ چووە لەمپەر و لەنێوان وا ئاوی ژیان و تەڕ کە لێوان لەم مردووە بەو وتار و باسە هەڵچوو تەپ و دووکەڵی هەناسە زین دەستی گەیاندە دەستی یاری فرمێسکی لە چاوی مەستی باری ئەسرینی ڕفاندی پووشی شەرمی سەرپۆشی دڕاند لە سنگی نەرمی گریەی بە کوڵ و کزەی هەناوان جەرگی کەڤری ڕەقی دەتاوان بای گەرمی هەناسە و و هەنسکی ڕایماڵی لە دەوری کوڵمی، بسکی ڕووپۆش کە وەلادرا لەڕووی زین ڕۆژ تیشکی گەیاندە مانگی بێ تین تاریکی مەرگ هەڵات لەجێدا پێت وابوو کە ڕۆژهەڵات لەوێدا ئەی مەم وتی: بۆت گەلێ بەتاسەم گیان بێنەوەبەر بەبای هەناسەم بۆی ژیاوە مەمۆ بە گفتی زینێ بووژایەوە بەشبڕاو لە ژینێ دای تیشکی ئەوین لەناو دەروونی هێز کەوتەوە گوڕ، ڕەوی زەبوونی هەر چاوی کەوت بە مەستی چاوی تین هاتەوە بەر دڵ و هەناوی فرمێسکی کە هات بە چاوی ڕەشدا لەو مردووە بوونە خوێن لە ڕەگدا ئەی مەم وەرە ڕابە لاوی چابە خاڵی ڕەشە بۆ تە بۆتە کابە ڕووم تێ بکە! ڕووگە خۆشە من بم لێو بمژە لەباتی ئاوی زمزم لەم بەژنە کە نەخشی دەستی خوایە هەر سووڕێ بدەی حەجت ڕەوایە باوەش وەکریم و چاوەڕێی تۆم مەم چەشنی پەپوولە چوو بەرەو مۆم هێشتا نەببوو نزیکی زینێ سووتاندی پەڕی گڕی ئەوینێ سەرخۆشی یەکن بە ڕەنگ و بۆیە جێی ڕاز و نیاز و گفتوگۆیە زین ئێژێ پەپوولە ڕێنومامی پەروانە وتی تە شەوچرامی مەم خۆشی و فێنکی دڵمە ناوت زین گیانی مەمی بە گۆڕی چاوت مەم داومە بە تۆ دڵم بە شەشدانگ زین دڵبڕی تۆ، بە تیری برژانگ مەم داوی خەمی مە گشتە بێ تۆ زین جەرگ و دڵم بڕشتە بێ تۆ مەم سینەیی من بەهەشتی تۆیە زین بێ تۆ هەموو شتێک درۆیە مەم ئەو مەمە سێوی دەستی بۆ تۆ زین گەردەنی دڵ لەڕەستە بۆ تۆ مەم بۆ مە ئەوێستە ڕووگەیە ڕووت زین بەسییە گیان لەتاوی تۆ سووت ئەستی و کەس و کار کە بوون لەگۆڕا خوێنیان لە هەناو و چاو دەچۆڕا وتیان بدە موژدە بەختە یارت پێکهاتووە ڕێکە کار و بارت بۆ زین کە زەبوون ببوو گیانت گەر میر دەگەڕا لە دووی نەمانت وا میر بەزەیی دەکاتە پیشە زین بۆت بووە هاوسەری هەمیشە وا ئاوی ژیان ئەگەر دەنۆشیت لوقمان ئەوەتا ئەگەر نەخۆشیت مەجروون ئەوە لەیلە سەرتی داوە بۆ دەستەملان فرەی نەماوە بولبول ئەوەتا ئەوی گوڵت بوو لولوپەڕی ڕۆژهەڵات بپشکوو دێوانەیی دەردە، ڕابە چابە بێگانەیی بەردە، ئاشنا بە ئەو پەریە کە تۆی بە ئارەزوو بووی ئەو شۆخی هەمیشە چاولەدوو بووی هەرچۆنێ دەهاتە بەر خەیاڵت دەرچوو لە خەیاڵ و بۆتە ماڵت دەستت مەخە بەر بەشی خودادا بێهوودە مەدە ژیان بەبادا دەمنێ دەمی زین و دەس لە گەردن ڕابوێرە پەلەت چییە لە مردن؟ خۆ ژیر کە ڕەها کە کۆت و زنجیر وا باشە لەگەڵ مە بێیە کن میر پیرۆزەیە سێبەری لەسەر مە بۆتان دڵی ئێستە گەرم و نەرمە ئازایە گەلێ لە چاکەکردن بەخشندەیە مەردە خێوی بوردن هەرچی کەس و دۆستە بانگ کراوە چی مایەی بەزمە ساز دراوە خۆشبەختیی و خۆشی ڕووی لە تۆیە میر دوورەدرۆیە، ڕاستگۆیە هەر بیگەیە هیچ دڵێ نەمێنێ ئاواتی دڵت بەجێ دەهێنێ زینت دەوێ چی تریش دەخوازی دەتداتێ هەمووی بەسەرفرازی مەم بیستی ئەمانە تۆزێ ڕاما درکاندی دەمی لەجێی وەراما لاتان ئەوی مەزن و پاتشایە لام بێکەس و دیل و بێ پەنایە تەختی وی بنی لەسەر خەیاڵە خانووچکەیە جێ گەمەی مناڵە دەزگایەکی دوور لە مان و پووچە زیانبارییە جێی گوناه و سووچە خونکارێ بە مردنێ نەوێرێ پیاو چۆن دەبێ خۆی بەوی سپێرێ خۆم داوەتە دەستی پادشاهێک بەخشندیە بۆ هەموو گوناهێک خونکار و هەژار لەلای یەکێکن ئاکاری بەجێن و ڕێکوپێکن ئاوێنەیی ڕووی زینی چێ کرد نەخش و کری خاڵ و بسکی لێ کرد لەو ئاوێنەدا ئەوم دی جارێک ئیتر بە کەسم نەماوە کارێک وەستای من و زینێ دڵمی ئەستاند گیانمی لە خەوی نەزانی هەستاند ئەو خێوی شکۆیە، پاکە، تاکە بێ مردن و چوون و ترس و باکە هەر لەو دەکرێ سوپاسگوزاری خستینێ بەهەشتی نازداری دەستی بەزەیی درێژە بۆ مە خۆشیی و گەشیی گشتە بۆ مە زۆر باش بوو نەگەینە یەک لەڕووی خاک مۆرین و دەچین دڵ و دەروون پاک دوو نۆبەری باخی ناز و خۆشین مەی پێکگەیینێ لەوێ دەنۆشین دڵدار کە لەسەر زەوی دەمێنن زۆریان هەیە تۆوی پیس دەچێنن داوێنتەڕ و شەرمەزار و سەرشۆڕ بێ ئابڕوو پەل دەبن بەرەو گۆڕ گۆوەندی مە خۆشە لەو بەهەشتە ڕازاوەتەوە پەری و فریشتە مزگێنی دەدەن لە چوونی ئێمە شانازی دەکەن بە بوونی ئێمە کوا ئێمە دەچینە کن فریشتان جێی ئێمە بڵندترە لە گشتیان جێی دڵبەر و دڵتەڕان جودایە بۆ ئێمە ژوانگە لای خودایە هیوان هەر ئەوەند هەیە لەلای ئەو هەرچی زووە بچمە بارەگای ئەو کاتێ کە نزای لە دەم بڕاوە دەرگای بەزەیی خودا کراوە هەروا نەژییا لە ژینی تاڵا باڵداری گییانی فڕیە باڵا گیان دەستی لە ئاو و گڵ کە بەر بوو بە نیازی گەیشت و بەختەوەر بوو پەروانە لە ڕۆشنایی هاڵا جێ ما لە زەوی لەشێکی واڵا ++++++++++++++++++++++