شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: دوا ڕاسپێری زین بۆ کاکی ڕاسپێریی زینێ وا بوو بۆ میر ئەی مەزنی بڵیندپایە و ژیر گۆڕیت بێ گیان و دڵ سەر و ژین هەردەم دەبەرت مرن دوو سەت زین ئەو یەک دوو هەناسە دواپشووی من هیوام هەیە خەم نەخۆی لەدووی من هەر ڕۆژی بەرێ کە من مەمم گرت شەشدانگی کەساسیی و خەمم گرت لەو ناوچەیە خێوی دەستەڵاتم پەیدا بووە بۆم لەڕێی خەباتم مەم بۆ من و کامڕەوایی بۆ تۆ خەم بۆ من و پاتشایی بۆ تۆ چاوت لە بەشم نەبێ کەسی من بۆ تۆ هەموو شت، کزی بەشی من دانیشە لە تەختی سەروەری خۆت لار دابنێ تانج لەسەر سەری خۆت سازی بدە بەزمی کۆڕ و ئاهەنگ گۆوەند بگەڕێت و چەنگ بدا دەنگ سەرخۆش بکە سادە و ڕواڵان دڵخۆش بکە پیر و کەونەساڵان گش مایەیی بەزم و شادومانی چی خۆشیدەرن بە زیندەگانی لە خواردن و خواردنەوە ببن ساز دەنگ داتەوە دەنگی ساز و ئاواز ئازاد بکرێن کەنیز و بەندان ڕزگاری درێ بە دیل و بەندان پەخشان بکە زێڕ و پووڵ و پاران کۆیان بکەوە گەلی هەژاران لێم خڕکەوە پۆلی نازەنینان خوێنشیرن و دەم بە پێکەنینان جوان بێن و بچن لە دەور و بەرمان با بێنە سەما لەدەوری تەرمان با گەورە و کەیخودا لەناوا پیرۆزی بکەن لە بووک و زاوا بۆنخۆش و گوڵاو بڵا گەلێک بن پێویستە پتر لە هەر شتێک بن بۆ ئێمە نە باوی ئاو و خاکە پێکگەشتنی دوو گیانی پاکە لەشمان کە دەچێتە گۆڕ و چاڵێ گیانمان لە بەهەشتێ لێک دەهاڵێ لەو بەزمە فریشتە تێدەکۆشن داخوازی بەرام و بۆنی خۆشن ڕۆژێ کە ستیت دەدا بە تاژدین ئاواش بکە ئێستە بۆ مەم و زین بازاڕ و شەقامی شار و دەم چەم با جوان بکرێن بەچەشنی ئەودەم با دەرچنە دەشتێ شۆڕەسواران ڕمبازی بکەن بە یادی جاران بۆتانی لێیان ببێتە جێژن دڵخۆش بن و لاوکان ببێژن وەک ئەودەمە خۆت ستێت بەڕێ کرد چۆنت بەدڵی مە جێبەجێ کرد هیوامە لەگەڵ منیش وەهابی بۆ میش وەکوو ئەو، چرا و برا بی بۆ تەرمی منیش دوسەد ئەوەندە دڵخۆش بیی و شاد و دەمبەخەندە پێشمان خە گۆرانیبێژی خۆشدەنگ ڕێکیان خە بە چەپک و بەزم و ئاهەنگ دەربەستێ وەکوو کەژاوەیەک بێ جێی دوو کەس و تاقە چاوەیەک بێ زێڕکفتی بکەن هەمووی دەر و ناو بترووسکێ لە دوورەوە لەبەر تاو پەلکی گوڵی ڕابخەن لەناوا دڵیان لە گوڵانە بووک و زاوا بمگوێزنەوە چەشنی بووکی شایان کارێ مەکە سووک ببم لەلایان کیژۆڵە بە دڵپڕی نەبێژن زینێ نە بە ناو و دڵ دەنێژن بەزمی ستێ خۆش و ڕۆژی گەش بوو زین مردن و ژینی چارەڕەش بوو با ئەستێ جل و خشڵ دەبەر کا خۆی بێت لەگەڵم، گڵم وەسەر کا تاژدین دەری خا ئەسپ لە خاوا سوار بێ و بچێ شان بەشانی زاوا مەم چۆن بوو کە ئەو ستێی درایە مەم بێکەسە هەر ئەوی برایە لەمڕۆوە ئەتۆش هەیا بە ساڵێ هەر ماڵێ کە دەردەخەی لە ماڵێ هەر خواردنێ دەیدەیە هەژاران هەرچێکی بەخت دەکەی لە یاران چەند داڵدە دەدەی بە بێپەنایان دەس پڕ کە بەڕێ دەکەی گەدایان هەر بەرگێ دەکەیتە بەر شڕۆڵان پێت دێنە گەشە و بزە کڵۆڵان هەر چەندە دەبی بە کەس لە بێکەس هەر ڕۆژێ کە دەگری دەستی بێدەس هەرچەندی دەگەی بە دادی داماو ئەسرین دەسڕی لە چاوی گریاو هەتوان کە دەخەیتە سەر برینێک شادی کە دەدەی بە دڵخەمینێک دیلان کە وەدەردەخەی لە زیندان دڵخۆشی دەدەی بەوەی لە شین دان تا پێت هەیە پیتی کوردەواری چەند هەڵدەکەنی ڕەگی هەژاری دەرمانگە و فێرگە، ڕێگە و پرد مزگەوت و میوانگە چیت دروست کرد چەند ڕێز دەنرێ لە تەخت و تاجت چەند کۆوەدەبێ پیتاک و باجت مانگانەیی کاربەدەست و نووسەر پێشمەرگە و ئەفسەران و نۆکەر چەند خوێنێ لە دوژمنان دەڕێژی هەرچەندی کە خوێنمژان دەنێژی تاڵان و بڕۆ لە دوژمنی کورد چی دێتە دەست هەمووی گڕ و ورد با گشتی لەسەر نیازی من بێ وای دانێ بەناو جیازی من بێ پێم ناکرێ هیچ بەرم لەگەڵ خۆم پاشبارێ بەڵان بەڕێکرێ بۆم شانازی بکەم لەکن ئەو و ئەم کەس نەیژێ شتی کەمە ژنی مەم پەردووی مە ئەگەرچی گۆڕی تەنگە بۆ بووکێ کە بابەچەنگە نەنگە ئەو جێگەیە دوور لە بەژن و باڵات بۆ ئێمەیە جێی نیاز و ئاوات ڕاسپێری کە زۆرە لێم ببوورە یەکجارییە کۆچ و ڕێگە دوورە چەندی لە دەست دێ زۆر ئەگەر کەم دەرماوێ لە بیری خۆت من و مەم خزمایەتی مەم بە کەم مەزانە مەم تاج بەسەرێکە لەم جیهانە تەرمێ کە دەچێتە گۆڕەخانان هەڵدەگرێ هەڵیگرن بەشانان هەرچەندە منیش لەلای ئەوە جێم بۆ گۆڕ و بەرەو مەرگ بە پێ دێم خوا کەی نەچی چیدی بێبەشم کەی لەم مردنەشا بەختڕەشم کەی بمنێژە لەژێر گڵا دەگەڵ مەم ڕوومان لەیەک و دەسی لە مل کەم میوانی مەمم چ خۆشە مردن بۆ ئێمە نەجێی پەرۆشە مردن میر کەوتە گرین و داد و ڕۆڕۆ فەرمووی دڵەکەم سووتاوە بۆ تۆ سوێندم بە خودای خۆیا و نەدیوان بۆ ئێوە لەدڵمەوەم پەژیوان خۆت هەستە سەرێ دە بیدوێنە بیهێنە لە مردنێی بسێنە زیندوو بن و بچنە ناخی خاکا کەس نابێ لە یەکتروو جیا کا ++++++++++++++++++++++