شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: بەکری شۆفار داوی مەرگ بۆ مەم دەنێتەوە ئێوارە کە ڕۆژ چرای کوژاوە پەردەی ڕەشی شەو کە دادراوە عاسمان وەکوو سێڵی پڕ لە پشکۆ ئەستێرە تیا درەوشی کۆکۆ ئەو میری هەمیشە شاد و دڵخۆش ئەو ڕۆژە پەرۆش و مات و خامۆش دڵپیسی گڵاوی زۆڵی بەدناو مەزنی بە کزی کە هاتە بەرچاو گەورەم! وتی: دامەنیشە خەمبار! کار وا نییە بۆت نەیێتە بەربار دەخوازی کە شادی بێتەداوێ تۆ زین و مەمێ لە دڵ دەراوێ هۆی ئاگری کێشە ئەم دووانەن ماکەی کوڵ و دەرد و خەم ئەوانەن گەر ڕێگە بدەی گەڕێکی وا کەم بێ کێشە مەمی لە ناخێ ڕاکەم ژەهراوێ لە تۆ کە لێی نەکەن سڵ تاژدین و برای دەخاتە بن گڵ کارێکی کە پێک دێ سووک و هاسان پێی ناوێ هەرا و گوڕین و ڕاسان تۆ هەستە بڕۆ بڵێ بە زینێ مەم بۆتە خەڵووز لەبەر ئەوینێ مەم تینووە، تۆی کە ئاوی ژینی هەتوان دەسی تۆیە بۆ برینی تۆ خۆت هەڕە مەم لە چاڵ دەرێنە ئەو بەندی لە دەسیە بیچڕێنە زانیومە کە مەم گەلێ نزارە پەروانەیی ژارە چاو لە یارە هەر چاوی کەوێ بەزینی چاومەست ناژی دەمێ، گیان دەدا دەمەودەست سووتاوە، زوخاڵە جەرگ و ناوی خۆ ناگرێ لەحاستی مەستی چاوی بەو بۆنە گیانی مەم بکێشە ژێر گڵ بکە ماکی دەرد و کێشە سەردار هەنە باش و کار دوروستن کەمیان ئەوەیە کە گوێلەمستن خۆشباوەڕ و سادەیی لە باوان ڕێشاندەرە بۆ گوناه و تاوان گوێ نادەنە دڵ کە زۆر بەجێیە گوێچکەی دڵی وان بە دەستی گوێیە بە گلێنە سپین گەلێکی چاوڕەش پیسان بە جوان دەگرنە باوەش باوەڕکەری پیاوی دووزمانن ڕاست لار و خوار بە ڕاست دەزانن چیان پێ بڵێ هەر دەڵێن بەچاوان نایکۆڵنەوە بیخەنە بناوان خۆڕانەگرن، دژن، بەکینن هێمنایی و پشوو بەکەم دەبینن گوێ نادەنە ڕاستی و درۆیان زوو بایی دەبن بە بیری خۆیان کاریان دەسپێرنە دەست چرووکان بێ بنیچە و هیچ و پووچ و سووکان دەزگای مەزنان کە ڕژد و بەدفەڕ لێی کۆوە بوو، بوو داری بێبەر سەردارێ کە خێوی بیر و هۆشە بۆ چینی هەژار دڵی پەرۆشە باش تاقی دەکاتەوە دەراوان دانانێ لەدەوری خۆی گڵاوان چل جار دەگرن، چەلێکی دەبڕن گۆشتێکی گەنیوە چۆنی دەکڕن؟ هەرکەس کە دەبێتە کاربەدەستێ با هۆشی هەبێ و بەخۆی بوەستێ لەو گفتی ژیانی گەل دەکەن تاڵ با گوێ کپ و کەڕ بکا و زمان لاڵ ++++++++++++++++++++++