شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: مەمیش بەرەو باغ دەڕوا چی دێتە سەرت لە ڕاست ئەگەر چەوت هۆیەک هەیە دێتە ڕێ، بەهەڵکەوت دوو یار هەیە دڵسووتاوە بۆ یەک لەپڕێکی بۆیان دەڕەخسێ هۆیەک ڕێکەوتێ دەبێ و دەگەن بە دڵخواز نیازیان چییە تووشی دێن لە ڕێباز مەم هێندە لەشی گرانی ئازار ڕۆژێ کە نەمابوو کەس لەناو شار کەوتە سەری بیری دینی زینێ بیماری نەهێشت گڕەی ئەوینێ هەستی نەدەکرد بە لەش بەباری چاک بوو بە هەوای دیداری یاری شێواویێ کەوتە ناو دەروونی دەرچوو بوو لە دەستی دەرنەچوونی ئاواتی دڵی دەچوو لە پێشا وەک خدری نەمر دەسی دەکێشا سەرکێش بوو دڵی پساندی هەوسار هێدی نەبوو تا گەییشتە گوڵزار زینێک کە بە ڕۆژ و شەو دەم و ژەم گیرابووە ناو تەمی خەمی مەم دەیویست هەر ئەوەند بژی بە ژینێ جارێک بەتەنێ مەمی ببینێ ڕوانی لەنەکاو مەمۆ لە دەرهات وا داری هۆمێدی بۆ وەبەر هات عیسا گەیی بۆ نەخۆشی حەستەم بوورایەوە دڵ گرێ درا دەم تاساو تلی دا دڵی و سەری خول پێسیری دڕی لەتاوی بولبول بێ هێز و توان کەوت بەبێ هۆش سەرچیمەنی کرد بە بەژنی گوڵپۆش مەم هات و لە گوڵ خشاندی چاوێ وێستا لەپەنای وەنەوشە تاوێ ئەی گوڵ وتی: گەرچی نازەنینی کوا وەک پەڕی کوڵمی سووری زینی لاوچاکی هەچەند وەنەوشی پەڕگەش ڕێت ناکەوێ بچیە پاڵ کەزێی ڕەش هۆ! بولبول ئەگەرچی دەردەداری سووتاوی گڕی گوڵی بەهاری تاقەگوڵەکەم لە گوڵتە گەشتر خۆشم لە تۆ بەخت و چارەڕەشتر دڵداری بەڕاستی، هەر منم من بێهوودە ژیانی خۆت دەکەی ون گوڵ هەر نە یەکێکن، سەد هەزاران دەڕوێن لە زەوی هەموو بەهاران هەر دڵبەرێ چەشن و جۆری زۆرە بێ نرخە هەچێکی زۆرە: بۆرە هەر جێیە دەچی گوڵ و گوڵووکە هەرجاییە گوڵ گەڕۆکە سووکە ئەو سوورەگوڵەی کە من بژاردم دامێ دڵ، ئەوینی پێ سپاردم وێنەی لە جیهان نییە یەکی تر نایبێ زەوی چەشنی زینێ چی تر دڵداری گوڵێکی وا کە نەمرێ چ بکا و بە چ بارێ چاری دەکرێ؟ سەرگێژ دەگەڕا بەدەم گرینێ لەپڕێکی گەیشتە بەژنی زینێ ئەو زینە کە بووی دوو سەت پەرستار ئەو بەژنی لە پەلکی گوڵ بە ئازار خوێ داوەتە سەر گیاوە، بێهۆش تۆمەز لە مەیی ئەوینە سەرخۆش ئەو گەوهەری بێ هەواڵە لەو شوێن بەرچاوی کەوت مەمی جگەرخوێن لەرزی وەکوو ئاو و چوو لەسەر هۆش پێڵووی چەمی بوون لە زینێ پاپۆش فرمێسکی پەڕینە لاقی زینێ دارگوڵ وەگەشا بە ئاوی ژینێ ئاونگی تکاند و خونچە پشکووت زین ژیایەوە مەم بە تیری ئەنگووت بڕوای نەبوو چاوی مەستی زینێ پێی وابوو مەمی بە خەو دەبینێ هەر تاکوو مژی گومانی لاچێ ویستی دەمی تەڕ بکا بە ماچێ خۆی هێشتە گەلێک نزیک نەکردبوو بۆی ژیاوە نەچیری نیوەمردوو چۆن ژینێ گەییشتە مەم کە هەستا زینی لە تەنیشت و دەست لە دەستا لە خۆشییەوە هەر دوو گێژ و وڕ مان بێ ورتە و لاڵ و پاڵ و کڕ مان داخواز بە دڵە و بەڵێن بە چاوە تا کاتێ گرێی زمان کراوە ئەم جارە بە گازنان و نازان بەربوونە گلە و نیاز و ڕازان دیتیان گلەیی لە دەردی دووری بێ بەهرە بوو، کاتی پێ دەبوورێ با دەستێ دە بەژنی یەک وەرێنن ڕیشەی کوڵوکۆ لە ڕەگ دەرێنن دووی تازەنەمام لە یەکدی هاڵان تاڵانە مژینی لێو و خاڵان نۆشیان مەیی دڵتەڕی لە لێوان نە ژمارە هەبوو لەوێ نەپێوان کوڵم و چەن و لێو و سنگ و گەردن هەر یەک دەم و دەستی بۆ دەبردن سەر بوونە گران لە وردەماچان هەر دەرد و کەسەر بوو دادەپاچان زین ببوە گڕاگرێکی حەستەم پڕ تین و دەئایسا لەبەر مەم مەم ببوە پەپوولەیەک مەرگکڕ پەروانە بوو خۆی دەخستە سەر گڕ بیگوێزنەوە، ئاشکرایە جێ و شوێن زۆر خۆشە تلاندنەوەی لەسەر نوێن لەو باخە هەبوو چ سەرسەرایەک ئاوێنەیی جەم، جیهاننومایەک مەم پیادە و زین لە باوەشی مەم وا دەستەملان و دەم لەناو دەم سەرکەوتن و گەیشنە شانشینان هەڵچۆی گڕی دڵ لە دڵ بەتینان زین! وا دەمی مەم، دە بمژە لێوان! مەم! وا مەمی زین، دە بوگشە سێوان! با چاو بە بەفر کەوێ لەسەر سنگ با پڕ ببێ قوڵکی مل بە ئاونگ خوێی گەردنی یەکتری بنۆشن مەست ببن و لە شەرمێ چاو بپۆشن تۆڵەی دەمی دووری سێنراوە هەر نوێژێ کە ڕۆیبوو، گەڕاوە ئەو نوێژە کە ماچ دەچێتە جێگەی هەڵدەگرێ سەرت بچێ لە ڕێگەی ئازاد ببوو لەش، لە پێ هەتا سەر بێجگە لە نێوانی نێوک و کەمبەر پاوان بوو نێوانی ڕانی هەر دوو پاسداری لە پاکژی لەسەر بوو دڵداری بەڕاست و پاک و خاوێن چاوی تەڕ و سوور دەبێ، نە داوێن ژەنگ ناگرێ هەرچی زێڕی چاکە پیس نابێ کەسێ بنیچەپاکە جوانیی و بەهار و باغ و دڵبەند یەک بۆ یەکێ هێندە ئارەزوومەند نەخوازە ئەوین وەها ببێ زاڵ ڕۆژێک هەلێ هەڵکەوێ بە چەندساڵ چۆن پەسنی بدەم دەبێ چ بێژم تێماوم و کاس و گێژ و وێژم ++++++++++++++++++++++