شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: ڕووی وتاری دەکاتە شنەبا هیچی نەدەگوت کەسی دەگەڵ با ئاخافتنی بوو تەنێ دەگەڵ با ئەی ناسکی نادیار وەکوو گیان پەروەردەیی تۆن هەچی گوڵ و گیان ڕێگەت هەیە بچیە لای هەموو کەس هیوامە کە گیر نەبی دەمەودەس نامەم بگەیێنە کۆشکی یارم بەگرانی مەزانە دەردەدارم کۆشکی بەڵەکە و مەزننشینە شازادەیی کورد ببینە زینە پێشان کە دەچی بە چاپووکانە ماچی بکە دەرک و سەردەرانە کاتێ کە دەگەیتە ڕووبەڕووی یار سەر دابنەوێنە بۆی گەلێ جار ڕووی تێکە بەهێمنی و لەسەرخۆ تای بسکی نەلەرزێ با لەبەر تۆ ڕاوەستە لەپێشی دەست بە سینە خۆشی لە تۆ! تێر گوڵم ببینە کوڵمی مەدە بەر گڕی هەناسان زۆر ناسکە با نەبێ هەراسان نووسراو کە بە خوێنی دڵمە ڕەنگی لێکی بدەوە سووکێ، بیدە چەنگی گەر خوێندییەوە کەم لە دەم بنۆڕی ڕاسپاردەیی چا بە، دڵ نەگۆڕی! لە زمان منەوە بڵێ بە زاری ئەی ڕۆژی بە تیشکی کوردەواری سەرچاوەیی ئاوی ژینی لاوان ڕووناکیدەری گلێنەی چاوان جوانتر کر و ڕەنگی دەستی یەزدان وێنەی تۆ لە کامە باغ و ڕەز دان؟ پەسنت چ بدەم ئەوەندە جوانی وەک هەرچی بڵێم جوانی، وا، نی ئەی شاهی جوانی، پادشایان وا باشە لە بیر نەکەن گەدایان تا دەرچێ بە دادپەرستی ناوت بیانکوژە بە تیلی مەستی چاوت لە گوناهی هەژاری خۆت ببوورە لێم ڕوون نییە گەرچی ئەو چ جوورە هەر هێندە هەیە دڵێکی من بوو ڕۆژگارێ لەلام بوو ئیدی ون بوو گوایە پەری دەستی لێ وەشاندم تای ژینمی بڕی و دڵی ڕفاندم کاتێ لەگەڵم هەواڵ و جووت بوو زۆر بادی هەوا و بە شات و شووت بوو لاسار و بزۆز بووە دیارە گشکەس بەشی خۆی گوناهبارە بۆ دانەیی خاڵ چوو کەوتە داوا گیراوە لە بەندی بسکی خاوا هەرچی لەگەڵی بکەی ڕەوایە بمبوورە کە بۆی دەکەم تکایە بیبەخشە گەلێک نەزان و خاوە بەو پرچەڕەشەت پەنای هێناوە بەخشینی گوناه هەچەند کەمیشە بەخشەندەیی خۆشترە هەمیشە ئەی سروەیی نەرم و پاک و خاوێن بەسپایی هەڵستە ماچ کە داوێن تۆ خوا شنە کاتێ دەردەچی و دێی بۆم بێنە کەمێک لە تۆزی بەر پێی تۆزێ کە لە سۆلی ئەو سواوە دەرمانی دڵە و سۆمایی چاوە ++++++++++++++++++++++