شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: زین بوخچەی دڵی لای مۆمی داگیرساو دەکاتەوە جارێکی بە زاری مۆمی دەدواند دەردی دڵی زاری ژاری دەنواند ئەی هاودەمی ڕاز و هاونشینم من، تۆش وەکوو خۆم بەسۆز دەبینم فرمێسکێ لەگەڵ منا دەڕێژی چۆن وا دەبێ هیچ شتێ نەبێژی! نازانی دڵم بەخۆم دەمێنێ یەک بگری لەگەڵم و نەمدوێنێ؟ دردی من و تۆ لەیەک جودایە وەک خاوەر و زەردەپەڕ وەهایە تۆ خاوەر و شۆق دەدەیتە چاوم من ڕۆژپەڕ و ئاگرین هەناوم ناسووتێ لە تۆ مەگەر زمانت وەک من نییە بسووتێ تای ژیانت شۆقت کە لەسەر سەری دیارە سەوداگەری سەرسەری دیارە من گیان بەبڵێسە دڵ بەپشکۆم سووتا جگەر و هەناسە بۆسۆم تیشکی سەری تۆ، لە تۆ زمانە گڕپەی دڵی من بەئێش و ژانە هی من، بە لەهی و بە گێژەڵووکە ناکوژێتەوە، هی تۆ چووک و سووکە شەو دەبییە هەواڵی شەوبێداران ڕۆژانە دەنووی هەتا ئێواران من ڕۆژ و شەو و سبە و ئێوارم یەک لا نییە، ئاییسانە کارم جارجارە لەدەست دڵی بریندار جاڕز لە ژیان دەبم، بەناچار پەروا نەدەما لە ئاگری خەم پەروانە دەما ببێتە هاودەم ++++++++++++++++++++++