شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: چۆنیەتی و گەورەیی پێغەمبەر ڕوون بۆتەوە هەرچی هەس دوولایە یان هەر هەیە یان لە هاتنایە ئەویانە کە هەر هەیە خودایە چی دێت و دەچێ لە دەست ئەوایە کر گەر بوو دەزانی هەیشە کرگار بۆ هەر شتێ سازکەرێکە ناچار بڕوانی دەزانی دەفر و ئامراز وەستایێ نەبێ چلۆن دەبن ساز کر رۆچنەیی ڕوونی کردگارە بڕوانی لە خۆت خودا دیارە گەنجینەیی گەوهەری وەشێراو پاش پەردەیی کردە دێتە بەرچاو چی جوان و بەنرخی ئەم جیهانەن لە جوانی خودای مەزن نیشانەن ئەم چەند کروکاری بێ بژارە ویستی لەسەری هەبن ژمارە پێش هەر شتێ کارسازی زانا هێنای تەتەڵە و بنووسی دانا خۆی ئێکەم و ئەو یەکەم گیانە زانای یەکەمە ‌و نە لێک جیانە بەڕواڵە کە سێنە هەر یەکێکن هەرسێ وەکو سێ گرێی لکێکن دای جوانی نەمر برووسکەیەک لەم پێغەمبەری ئێمە هاتە بەرهەم ئەو تیشکی خودایە بۆ هەمیشە بۆ هەر شتێ بۆتە پنج و ڕیشە گیانان لە گیانی ئەو پەیا بوون چەند تیرە و هۆز لەیەک جیا بوون هی بەختەوەر و بەرەی بەخت ڕەش چی ماون و هەرچی چوونە ناو لەش سەرپاکی لە تیشکی ڕوونی ئەو بوون گش هاتن و بوون لە بوونی ئەو بوون هێشتا نە زەوی نە ‌عاسمان بوو ئەو سەروەری هۆزی سەروەران بوو عاسمان و زەوی لەبەر ئەوی بوون بۆ وی بوو فرشتە سەرنەوی بوون پێغەمبەرێ بوو لەلای خودا ئەم پێخوێیەکی قوڕ بوو باوەئادەم ئەو پەنجەرەیە و خودا دەوێڕا تیشکی لە دڵی ڕەشی مە گێڕا شایێ بوو لە بەرگی بێنەوایە پێغەمبەری ڕۆژگاری دوایە دیتی لە جیهان نە دین نە باوەڕ هەر خواریی و چەوتییە و هەڵە و گەڕ خوانی لە ڕەوشتی چاکی دانا دڵپاکیی و پاکڕەوشتی ڕانا چی بتپەرسە و چ جوو و چ گەورە بانگهێشتنی کردە خوانی گەورە خاقان لە پەنای دەهندەیی وی ناوبانگی دەچوو بە ‌نان نەدیوی هیرقەل نەگەیی بە تۆز و گەردی قەیسەر سەری خۆی دەدا لە بەردی قبتی و حەبەش و فەڕەنگ و ڕۆمان دایانە ڕچەی قەراچ و دۆمان ئاڵای دەسی ئەو شەکا لە باڵا کیسرا سەر و لاشی کەوتە چاڵا چی دین و گەلن لە ناوی بردن یان تەرت و تونا و بڵاوی کردن ئاورگی مراند و گاوری کوشت جێگابتی گش بە ئاگری شوشت تەوڕات و زەبوور، نەمان لە نێوان ئینجیل پەڕییە شکەوت و کێوان عیسا گوتبووی کە مابوو هێنگین: پێغەمبەرێ دێ لە ئێوە مزگین دڵخوازی دەویست بە دەست و بە زمان شیری لە دەسا بوو دەم بە قورعان هەر لەو دەوەشاوە کار و ئاکار ترسێنەر و مژدەدەر بە یەکجار زۆرزان بوو لەگەڵ نەخوێندەواریش زۆر نانبدە بوو لەگەڵ هەژاریش شوانێکی هەژاری بێکەس و کار چەند تاجی پەڕاند بە تیخی مووکار بێ لەشکر و چەک بوو سەرزەوی گرت هەر خۆزگە بەوەی دەسی وەوی گرت بۆ جەنگێ کە لەشکری دەکێشا پێشمەرگە فرشتە بوون لە پێشا بێ خێوەت و بارەگاهـ و هەیوان هەوران لە سەری دەبوونە سەیوان دەیدین چ هەبان لە پاش و پێشێ کەس نەیدی کە لێی بنیشێ مێشێ چەند گفتی لە یەک دەما دەبیستن جیاوازی نەبوو چ سەد ‌چ بیستن سایەی نەدەکەو‌تە سەر گڵ و خۆڵ وەداوی دەکەوت گژ و گیا و گۆڵ دەیدواند لکەدار و بێ گیانان دەیپرسیەوە دادی بێ زمانان گیاندار و ژیاوی هەر شوێنێ کێ مابوو باوەڕی نەهێنێ؟ بێجگە لە بڕێ کوڕانی ئادەم تا ببنە بزووتی ناو جەحەندەم ئیتر لە زەوی و لە عاسمانان لە فرشتە و ئادەمی و گیانان کەس نایەتە ڕێزی سەروەری مە بێ ئەو نییە کەس پەنادەری مە کێ پەیڕەوی ئەو بێ سەرفیڕازە شانازی بەخۆی دەکا و بەنازە ڕێوشوێنی ئەوە کە ڕاستەڕێیە بیبەیتەسەرێ خودا لەوێیە پێغەمبەری جوولەکان دەزانن زانای مە هەمووی وەکی ئەوانن پێنسەد زلە پاڵەوانی گاور سەرپاکی لە جەنگ و کێشە ئاور بۆ یارێکی ئەو دەبوون بەرەنگار مردن بوو دەبوو هەڵێن بە ناچار لەو بارەوە هەرچی بەدگوومانن کێشەی چ دەکەن؟ گەلێ نەزانن قورعان و وتاری ئەو بڕۆنن هۆشیان هەبێ تێبگەن کە چۆنن چوار یاری چلۆنی هەڵبژاردوون فەرمایشی چۆنی ڕاسپاردوون ئەی شای مەزنی بڵندپایە عاسمان و زەویت لە بەر دەسایە چۆن ڕێم دەکەوێ بدەم پەسەندت خوای گەورە دەدا پەسەندی ڕەندت تۆزێ لە پەسەندی تۆیە یاسین بەو بۆنەوە ئێمە تۆ دەناسین خۆی سوێندێ بە تۆ بخوت چ ماوە؟ ڕێگا لە زمانی من بڕاوە گەر ئێمە هەمان بێ سەد هەڵە و سووچ سەدجار بگەڕێین لە دووی پڕوپووچ هێشتا لە بەزەت هومێدەوارین بەخشندە ئەتۆی و ئەم هەژارین «خانی» کە گەلێ گوناهکارە ناپاکە، نەزانە، نالەبارە هیوای هەیە پێت کە لێی ببووری لەو ڕۆژی ژمارە نەگری دووری ناتوانێ لەڕێوە سەربەخۆ بێ با پەیڕەوی یارەکانی تۆ بێ ++++++++++++++++++++++