شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: گریان و شیوەنی زینێ لە تاو و توێی ئەوینێ تاژدین و ستێ بە یەکدی شا بوون لەو بەندی جودایەتی جودا بوون بێ یار و هەواڵ لە گۆشەیی خەم بۆ دەردی جودایی مایەوە مەم دڵسۆزێ نەبێ ببێتە هاودەم هەر ڕۆژێ بە ساڵ دەچێ دەمی خەم زین تا ستی لابوو هەیبوو ئارام ئەم شێتی ئەوینە بەو دەبوو ڕام تاژدینێ هەبوو مەمی دەلاواند چوونی گڕی گرت و جەرگی تاواند دابەش ببوو خەم لەناو هەماندا دووی خۆش بەشی خۆشیان بەماندا ئەو شاد و ئەوان مەکۆی خەمان بوون دامان دوو کە ئەو دوو دەمدەمان بوون وەک هەوری بەهارێ چاوی زینێ فرمێسکی دەڕشت لەڕێی ئەوینێ گریان بوو بە ڕۆژ و ناڵە بوو شەو چل ڕۆژێ بڕا لە خواردن و خەو خوێنی دڵی مایەیی ژیان بوو ئاو بۆ چییە، ئاوی چاو ڕەوان بوو دڵتەنگ بوو لەچەشنی زاری تەنگی ڕەنگی مەمی زەردی پەڕیە ڕەنگی وەک مووی کەمەری لەشی بوو باریک ڕۆژی وەکوو پرچەکانی تاریک چەند تایەن و دۆست و هاونشینان هاوڕاز و نیاز و نازەنینان دڵیان بوو بە ئاهی سەردی بریان ویستیان بەسی کا لە شین و گریان گوتیان کە بە ئاه و ناڵەناڵت ڕۆژی مە ڕەشە لەڕەنگی خاڵت بەس بگرە بە ئاوی چاوی کاڵت کاڵ بوونەوە کوڵم و لێوی ئاڵت جا چ بوە لە تۆ بڕاوە ئەستی؟ داخوازی دڵی گەییشتە دەستی ئەو وایە خەریکی بەزم و خۆشی تۆ بۆ کەسەر و زووخاو دەنۆشی؟ تۆش خۆش بە بەوەی کە خۆش و شادە وەک پرچی بڵاو خەمان بە با دە ها شەو شەوی پرچی سەر وەبەر خە لاجانگی هەواڵی مانگ وەدەر خە کێشیان بدەوە برۆی کەوانت هەڵبێتەوە مانگی نێوچەوانت هەڵیانبڕەوە مژۆڵی دڵبڕ سەد دڵ ببڕە بە نیوەئاوڕ نازان بدەوە بە چاوی مەستت زەردی بە دوو لیمۆی کەسنەگەستت بەو خەندە کە خونچە پێی دەپشکووت تێراو بکەوە پەڕەی گوڵی ڕووت دەوری دە بە بسک و پرچی پڕچین شەوبۆیە لە گوڵ بکە بە پەرژین هەر بسکێ سەری گەیاندە گۆنە کەرتی بکە لێی مەپرسە چۆنە بسپێرە بە تیپی وردەخاڵان با گیانی کوڕان بەرن بەتاڵان با بێ بەزەییت بە بولبولانت هەڵبێنە تەرەی لەسەر گوڵانت خۆش پێکەنە با هەزاردەستان دەست پێکەنەوە بە بەند و بەستان با هاڕە بگاتە گوێ لە گواران پیتێ بدە تیپی شێت و هاران سەرخۆش کە هەزار مەلا بە نازان سەد پیرێ بنێرە بەر بەرازان تێیان بگەیێنە گێژ و کاسن بیانهێنەوە ڕێگە، ڕێنەناسن چاوبەستوو چلۆن دەبینێ ڕوونی بوونیان بە خەیاڵ چییە؟ نەبوونی تا دوور لە جوانیی و ئەوینن با تێبگەن ئەو نەدینە، دینن گومڕان لە جوانی، بەشبڕاون دڵیان کەڕ و کوێر و دەمدڕاون وەک گوێرەکە پەتپساو لە دەشتا بێهۆش دەگەڕێن بەشوێن بەهەشتا بتبینن و ڕێ لەخۆ نەگۆڕن بۆ نەخشی خودا لەڕووت بنۆڕن بێهوودە بوو پەندی وان لە زینێ هەر نەیشیدەبیست لەبەر گرینێ دڵداری لەڕێزی ئاگرایە سەرکۆنەیی باوەشێن و بایە هەرچەندی بەسەر ئەوا دەهاتن ئەم بیری دەکرد لەڕێی هەڵاتن فرمێسکی هەلی نەدان بە چاوان ڕێ بینێ لەناو بچێ بە تاوان هێند زۆر بوو هەنیسک و ئاهی سەردی نەیتوانی شتێک بڵێت لە دەردی وایان دی ئەوانەی پەندگۆ بوون بێهوودەیە لەم هەژارە کۆ بوون بیریان بۆ بەرێ لەتاوی ئەستی دەگری، چووە هاودەمی لە دەستی ڕوون بۆوە کە ئەم گریان و شینە پنج و ڕەگەزی لەسەر ئەوینە وا دەردی دەروونە گێژی داوە ناچار هەموو کردییان بڵاوە زین مایەوە خۆی تەنێ دەگەڵ خەم هەر خەم دەمی وا دەبێتە هاودەم ++++++++++++++++++++++