شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: جادووگەری ژیر و سووک لە شانان... جادووگەری ژیر و سووک لە شانان زانا بە گەلێ وشە و زمانان ئامراز و پسوولەکۆنەڕانان دەیڕوانی لە سووڕی عاسمانان "جووتەی کەو"ی گەش نزیکی یەکدین دەرچوون ئەوە بوون ستێ و تاژدین سووڕاندی گەیشتە لەیل و مەجنوون بەریان تەمی خەم بوو و زین و مەم بوون جادوو گوتی بەسیە پیرەدایە ھێند زۆرە درۆت دوایی نایە لێم بووی بە گوریسی ناو ھەمانە ڕاستی بکە پیشە بەس لەمانە کوانێ کوڕی چی؟ ھەڵی دەبەستی ھاتووی لەدوو کاری زین و ئەستی لەو دەشتە لە ڕۆژی جێژنی نەورۆز تووشیان بوو بە تووشی دوو کوڕی قۆز دوو مانگ و دوو ڕۆژ بەیەک گەیشتن یەکدەم دەم و دڵ دەیەک گەیشتن ئەم جێژنە کە دێ لە کوردەواری زۆر پیشە و باوە کۆسەکاری بۆ بەرگی کوڕان لە ئەستێ و زین لە کوڕان بوو جلی کچانە پەرژین ئەو بوون لە گڕەی ئەوینی بێھۆش ئەم بوون لە مەیی جوانی سەرخۆش ئەو سووتەڵی گڕمەلای ئەوینن ئەم تینوویی کەربەلای ئەوینن گۆڕیانەوە کلکەوانە دوو جووت شیشۆقەیی شین بە نرخی یاقووت تایەن گوتی تۆم گەشەی دڵانی پسپۆڕی ھەموو شتێک دەزانی ئەو جووتەکوڕەی ئەوەندە قۆزن کێھە ڕەگەزن لە کامە ھۆزن بەگزادە و خانەدانی شارن یان بۆرەپیاگ و باب ھەژارن؟ فەرمووی لە ڕەوشتی دڵتەڕیدا سەودایە ھەیە دەڵێن لەویدا دوو دڵ کە بە یەکتری گەیشتن پێغەمبەر و خواکەیان لە پشتن نەخوازە ئەوانە دوون شرین کوڕ مروارییە یەک، یەکی وەکوو دوڕ یەک ڕۆڵەیی نووسەرێکی میرە یەک خزمی نزیک و باب وەزیرە ئەو تایەنی پڕ بڕ و بەھانە پێی گوت کە نیشانە نین ئەمانە دڵداری ستێ و زین ھەزارە ھەیھوو! چ ھەزارە، بێ ژمارە " کاروانکوژ "ی چاوی ئەو دووانە پیریش دەکوژێ چ جای جەوانە لێت ڕوونە کە چەندە لەم جزیرە بەگزادە و خان و مەزن و میرە چاکەی بکە پەردەپۆشی لادە کێن ئەم دووە سادە گەورەزادە بڕیار بێ بزانم و بیاندوێنم چل زێڕێ بسێنم، بۆتی بێنم جادوو گوتی خۆت وەبینە شوێنێ بیپشکنە گش کەل و کولێنێ ھەرکەس کە دەڵێن کزە و نەخۆشە بۆ دیتنی گورجێ تێ بکۆشە گەر خۆت بکەیە بزیشک و زانیار چاوت دەکەوێ بە ھەر دوو دڵدار ئەم جووتە فریشتە بۆ جوانی بیانبینی دەمەولەحاست دەزانی نەخوازە لە دەست نقێمی ڕەنگین ڕەنگینە بە ناوی ئەستێ و زین لەوکاتەوە پیرە بوو بە لوقمان تووربێن پڕی شووشەئاو و ھەتوان دەرمان ھەمەڕەنگە، تۆز و نەشتەر کۆڵانی دەپشکنین سەرانسەر ھێدی و مڕ و مووچ و کووڕ و چاوزیت پێی وابوو بزیشکە ھەرچی دەیدیت گورجێکی گەیشتە پیشەکاران زووی دیتەوە جێ تەماڵی یاران پرسیان چ کەسی، ئەرێ پیرێژن؟ فەرمووی ژنی چی؟ بزیشکێ بێژن چاری ھەموو دەردێ باش دەزانم پسپۆڕی دوو ژانی زۆر گرانم چی ئێشی دڵان و ژانی گیانە دەستی منە چارەسازی وانە گوتیان چییە ژانی گیان، چ جۆرە ژانێکە وتی نیشانی زۆرە دەردێکی گەلێ گران و سەختە چابوونی گرێدراوی بەختە ئەو ئێشە لە ئێوە دوور، گەلی کوڕ تیشکێکە لەڕووی کچا جگەربڕ کاتێ دەرئەچێ وەکوو برووسکە بێ گڵپ و گڕ و بەبێ ترووسکە بێ زام و شکست و بێ برینە ئەو ژانە ئەوینە، زۆر بەتینە دەیکا بە خەڵووز دڵ و ھەناوان خوێن فیچقە دەکا لە دڵ، لە چاوان وتیان وەرە سەر دوو چاوی ئێمە بەو ژانە دەژین دوو لاوی ئێمە دەی بیخەرە ڕوو ھەچێکی پێتە چاوی مە لە پیتی دەست و پێتە ھەرچیت بوێ گورجێ دێتە بەر دەس ھێند زێڕ بەرەوە ھەتا دەڵێی بەس تایەن کە گەییشتە سەر نەخۆشان زانی بە نیاز گەیی نەپۆشان فەرمووی بەتەنێو دەبێ ببینم وا باشترە شارەزای ئەوینم جارێ دەبێ تێو بگەم، لەپاشی دەرمانو بکەم بکەونە باشی ھاوڕێ ھەموو چوونە دەر لەلایان تایەن تەکی دا بەتەک برایان ++++++++++++++++++++++