شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: ئازایەتیی تاژدین و برایانی و دۆستایەتیی مەم و تاژدین با بێینەوە سەر وتارەکەی پێش سەوداسەری دڵ برینی پڕئێش هەرچەندە کە زۆر و بێ ژمار بوون گچکە و زل، خوێڕیی و بەکاربوون لەو کۆشک و سەرایەدا بوو سەد لاو خوێنشیرن و ڕێکوپێک و بەرچاو هەریەک بە جوانی ڕۆژی ڕووناک ڕووخۆش و لەبار و دەست و دڵپاک وەک مانگی لە چاردە، بێیە ڕاستی مانگ زەرد بوو، کە یەک دەهاتە حاستی سەوداسەری پیشەیان بوو گشتی بەستبوونی ئەوین بە داوی گشتی یەک ڕازی دڵی یەکی دەزانی گشتی دڵی چوو بووە سەر زمانی سەودا لە دڵا نەوەک بە دیتن ئەم جۆرە ئەوینە کەم بە پیتن تێیدا بوو لەوانە تازەلاوێک سەردەستەیی گشت و خێوی ناوێک تاژدین بوو، بەڵام چتۆ جوانێک! گوودەرزی جیهان و پاڵەوانێک میر کامە ڕەگەز بوو ئەو لەوان بوو سەرکۆمەڵ و گەورە و گران بوو ئەسکەندەری ناو بوو بابی جوامێر بیستوومە عەرەب پێیان دەگوت شێر چون ڕۆژی هەرا بە تاقەسواری دەیتوانی بەرێ سەری هەزاری تاژدین دوو برای هەبوو، کوا وەکی وان؟ پێمێردی خودا دەگەڵ چەکی وان ئازایی لەپاش ئەوان درۆ بوو یەک «عارف»ی ناو بوو یەک «چەکۆ» بوو تاژدین لەسەر ئەو هەموو نەمامان لە برای و لە خزم و خاڵ و مامان لاوێکی تری کەس و برا بوو چم وت؟ نە برا بوو شەوچرا بوو هەر ڕۆژێ کە ئەو برای نەدیبوو وابزانە بە شەو چرای نەدیبوو دنیا بوو لەبەر دوو چاوی تاریک تای کرژی دڵی پساو و باریک هاواڵی دەمانی خۆش و خەم بوو دڵبەندی خەمان و ناوی مەم بوو ئەو چۆن بوو مەمیش لەڕاستی وا بوو تاژدین نەبێ چی لە بیر نەمابوو مەم ڕۆڵەیی نووسەرێکی میر بوو تاژدین کوڕی گەورەتر وەزیر بوو هەڵیان نەدەکرد بەبێ یەک و دوو جیاوازی بە دڵ نەبوو، بە لەش بوو ئەم جووتە بە جۆرێ دڵ لەیەک بوون دەتوت کە ببوونە لەیل و مەجنوون زۆر پێکەوە هۆگرێکی پاک بوون جووت بوون و لە خۆشەویستی تاک بوون بۆ یەکدی ببوونە دۆستی گیانی دەرچوو لە زمانیی و لە نانی با وا بێ هەواڵەتی و برایی بێهوودەیە دەمدەمی و هەوایی هاسان نییە دۆستی، گرانە دۆستایەتی و ئەمەگ برانە گەر دڵ بە گومان، گومان دەبەی خۆت دۆستی مەکە زۆر گران دەبێ بۆت ++++++++++++++++++++++