شاعیر: هەژار کتێب: ئاڵەکۆک سەرناو: لای لایە ڕۆڵە رووناکی گلێنەی چاوم بەندی جەرگ و دڵ هێزی هەناوم ریحانەی بۆن خۆش سوورە گوڵەکەم ئاو پڕشکێنی کوڵی دڵەکەم چۆڵەمەی ئەستۆم، رەگی حەیاتم هەنگوین و قەندم، نوقڵ و نەباتم خەوی خێرێت بێ بنوە درەنگە تا کەڵەبابی بەیان بێدەنگە هەی لایە لایە، رۆڵە لای لایە ئەمشەو بەزەت بە من دا نایە ژیر بەوە رۆڵەی ژیر و جوانم لە داخی لانک دەگری دەزانم دەڵێی بۆ حەپسم بۆ دەستە بەستەم بەو بەند و حەپسە من جەستە خەستەم لە نێو کورد نەبێ دەسرازە نی یە ئەو بەند و قڵف و قەڕازە چییە کوڕم من بیرم لە تۆ زیاترە دەسرازە و لانک بتبێ چاترە هەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە مات بە پێت بڵێم لەبەر چی وایە: راستە تۆ نەوەی شێری ژیانی نەتەوەی پاکی گەلی کوردانی بەڵام چونکە کورد ئەوڕۆ بێکەسە بەشیان لە دنیا کۆت و مەحبەسە بۆیە دەتپێچم تا خوی پێ بگری نەک تا من ماوم لە بەندا بمری بەو چارەرەشیەت نەماوە تینم هەر پێم خۆش نییە مەرگت ببینم هەی لایە لایە، رۆڵە لای لایە هەزار تێبینی دواڕۆژم لایە بۆت بەخت دەکەم عومری درێژم سەد تاڵی و سوێریت لە سەر دەچێژم نەمامی باڵات بە فرمێسکی چاو شەو و نیوە شەو لێی دەنێم شەواو سەد چاک و پیرت بۆ دەخولێمەوە لە بن سێبەرت بحەسێمەوە هەر گەیشتی دوژمنی زاڵم دەتبڕێ و بەزەی نایە بە حاڵم هەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە دەک خاک بە سەر خۆم ڕەنجم بە بایە پەشێو پێت خۆشە یەخسیر نەمێنی سەر بەستیت پێ بڵێم بکەویە شوێنی قەڵەم دەست دەیە و ببە مەکتەبی وەخت و بێ وەخت لە خوێندن نەبی ئەو کاتەی لەگەڵ کاکت دوو بە دوو بکەن هاواری هەققی لە دەس چوو دەس دەنە دەس یەک بە ڕاو بە تەگبیر یەکتان بە قەڵەم، یەکو بە شمشیر هەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە شیریش جەوهەریی لە قەڵەم دایە یەک نامە ڕەش کا لە داد و هاوار یەک زەوی سوور کا لە خوێنی بەدکار یەک لە قوڕنیشێ بڕوا بۆ تکا یەکێ قوڕ بەسەر دوژمن دا بکا ئەو پەلەقاژەی ئیستا لە کن من دەکەی بەند لادەی لە دەست و گەردن ئەو تەقەلایەت بۆ دوا ڕۆژ باشە جوچک هەوڵێ دە، بێ ڕوحمە واشە هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە دەس لە دەس تەوفیق لە کن خوڵایە ڕۆڵە نیشتمان چاوی لە ڕێتە دایکمان هەویای دوا ڕۆژی پێتە بۆیە ئەندامت وەک مینای بێ گەرد خاوێن ڕادەگرم بە سەد ڕەنج و دەرد چاکەم دەیەوە بۆ وەتەن وەک کوڕ تۆش بیگەوزێنی لە ناو خوێن و خوڕ پێت بڵێم ڕۆڵە سەر سوودی چییە بۆ پردە بازی ڕێی ئازادی یە هەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە نیشتمان بۆ تۆ دەستە و دوعایە ڕۆڵە نامووست وەک خزمەکانت نەفرۆشی بە پووڵ دەستم دامانت شەڕەف گەوهەرە قیمەتی نایە دەویت ڕووڕەشی هەردوو دنیایە ئەو کەسە پیاوە بۆ خاک و ئاوی ڕۆح دانێ و بە چاک بمێنێ ناوی نەتبیستوە، واتەی زانای سەرزەمین مەردانە مردن نەک حیزانە ژین هەی لایە لایە، ڕۆڵە لای لایە بخۆینە نەزان چی لە دەس نایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمەتەقەی عەقڵ و بەخت چییە ئەم هۆنراوە؟ عەقڵ و بەخت رەهنومای لاوەکانە بۆ سەر تەخت دوێشەوێ بێخەوی سەری لێدام زۆر وەڕەز بووم لە عاجزی هەستام چوومە لای پیرە عەقڵی نازارم دیم لە گەڵ بەخت و تەبعی سەرشارم سێ بە سێ وەک برا بە دەستی جەم کۆزیان کردبوو لە دەوری شەم گوفتوگۆیان هەبوو چییە و چ خەبەر خۆم پەنادا کە تێگەیشتم سەر پاکی یا باسی عەیش و نووشی دڵ یا رەها کردنی گرێی موشکڵ عەقڵم ئەیپرسی بەختم ئەیدا جواب تەبعم ئەی هۆندەوە بە ئاب و تاب پرسیاری عەقڵ لە بەخت ئەی بەخت قەرنەهایە تۆ نوستووی سەد کڵاو بردی با لە خەودا بووی خەو وەها ئاوڕیش ت بوو دەستە و یەقە هەڵنەدەستای بە زەبری مست و لەقە لە کەژی بەند و بەستی سەرکەوتن تۆ پەکت خست بە تەنبەڵی و خەوتن نەم دەزانی کە بەختی کوردی هەژار وەخەبەر دێ چلۆ نی وا بێدار بە چ دەنگێ بوو ئاشنا گۆشت کێ هەڵی ساندی لە خەوی خۆشت وەرامی بەخت بۆ عەقڵ من لە غوڕڕابی خەو وەک ئەیزانی هاتە خەونم پیاوێ نورانی لە شەهیدانی ڕێگەیی میللەت ڕۆشنی تاریکە شەوی زیللەت ئەو نەمامە لە مێژ بوو نێژرابوو گەیبوو سێبەر و بەری دابوو کوتی ئەی نووری دیدە هەستە لە خەو موژدە بێ کەوکەبت دەدا پەڕتەو ئەوی ئەندامی کۆمەڵی بە تەمان هەر بینا بەم زووە سەری لێدان بو گزەرێنن جیهان بە کەیف و سروور دێ بە سواری فرۆکی ئەرتێشی سوور بێت و قەدری نەگیرێ وەک جاران پێو دەناسن کونەرەشی تاران تووشی بەدبەختیان دەبن دیسان دەچنەوە بەر جنێوی دەم پیسان راپەڕینی بەخت لە خەو ڕاپەڕیم لەو خەوەم دەدا تەعبیر لە نەکاو دیم وتاری مامی پیر «هەر چلۆنی ئیشارەتی فەرموو وەک کەرامەت هەمووی وەها دەرچوو...» هات بە گرمە فرۆک لە لای مەسکەو بۆ عەجەم وەک شەهێن دەچێ بۆ کەو هەڵمەتێکی گەیاندە تەختی جەم تێکیدا شەوکەت و جەلالی جەم بە بڵاو بوونی دوو پەڕ ئاگاهی بوو بڵاو ئەرتێشی شەهەنشاهی شاکە شێر بوو لە ڕاوی مسکین دا دیم کە مشکە لە ژێر ستالین دا ئەوەی خواردی گەرووی جەفا و جەوری دی فرۆکە و ڕشایەوە فەوری چ فرۆکێک؟ موجەسسەمەی شادی کێی تێدابوو؟ فریشتەی ئازادی دەعوەتی کردوە پیرەدایکی وەتەن خزمەتی کەن کوڕان بە ماڵ و بەتەن نەگرین قەدری وەک هەوەڵ بۆمە نی یە تەنکاوی گۆمە ئەو چۆمە ئەو فریشتە چلۆنە تۆ خوا بەخت؟ یەکێ گەردن فیرازە بازوو سەخت دەبەری دا لیباسی سوڵتانی لە سەری ئەفسەری کەریمخانی قەدی ڕازاوە کردووە خەنجەر مەنزەری جوانە جوانترین مەنزەر ئەردەشیر، شیری داوەتێ بە خەڵات تا لە بێگانە هەڵوەژێرێ وەڵات زەڕڕەیەک هیممەتی وی ئەلبورزە کوڕی مەیدانی خەنجەر و گورزە نەتەوی شێخی گورگی زاهیر می زیددی دەروێشی پرچ و سوفی ڕیش ئەو کوڕی پێدەوێ لە مەیدانێ ڕوو بە مردن بچێ و سەری دانێ بێ بەشی هەر ڕەزایلە زاتی حیفزی نامووسە کار و سەنعاتی عەقڵ: بەخت: بچمە کوێ زیارەتی بکەم حاسڵ ڕاستە بازاڕی ڕوح ئوتێلی دڵ کێهە دڵ قەڵبی نیشتمان پەروەر هاتووە چەندێکە چۆنە نایەتەدەر کوردەکان زۆرە چاوەنۆڕی ئەون دوور لەوی خاکەسار بە ڕۆژ و شەون زوڵمی بێگانەکانی ڕوو ناخۆش بەحری ڕوحمی ڕەحیمی هێنا جۆش ئاهی زیندانیانی کوردی فەقیر پەڵەهەوری لە ئاسمان بوو گیر ئەم پەڵەهەورە بوو بە بارانە هاتە سەر خاکی ئەم موکریانە ڕێژنە بارانەکەی بەدەست و برد ئاوپڕشکێنی ڕێی فریشتەی کرد ژن و منداڵی باب و مێرد کوژراو ناڵەیان خستەرێ بە ناو و داو ناڵەی بێوەژن هەتیوی، زەلیل لە ڕێگەی ئەم فریشتە بوونە دەلیل بەو هەموو دەردە پاش هەموو دەردان پەری ئازادی بێتە نێو کوردان کەس هەیە حورمەتی بە دڵ نەگرێ؟ یان دەبەر تۆزی کەوشەکەی نەمرێ؟ وەرامی بەخت میللەتێک هەن لە نێو مەعاشیرەت خۆبەخۆ شێر لە غەیرە بێ غیرەت خوێنی یەک نۆش دەکەن لە مەیدانان وەک پیاڵەی شەرابی مەیخانان بێنە شەر خۆبەخۆ هەزار و ڕۆستەم بەرگەیان بگرێ زەحمەتە و حەستەم هەرکە تورکێ کوتی چەکین داڵی کونە مشکێ لەوان نیە خاڵی پیشەیان مونحەسیر دزی کردن ڕێگری و ماڵی یەکتری بردن ئەوی دەستیان کەوێ حەرام و حەڵاڵ وشتری ساڵح و کەری جرجاڵ دەیرفێنن نیە چ ڕا هیچ پرس نە لە خۆیان حەیا نە لە خوا ترس ئەوی بڕنووی لە شانە دەیبینی پاکی بۆ ڕێگری برای دینی بیری سەربەستیان لە لابایە هەر تەماحە ئەوی لە کارایە پیاوی زلیان کە هەڵبڕێ نەفەسی بە قرانێ قران دەخاتە کەسی باسی بێ بیریان بە سەد نووسەر عوشری میعشاری نایەتە دەفتەر خۆت دەزانی عەجەم لەوان چی کرد ماڵ و نامووسی چ های ستاندو چی برد کۆنە بیڵێم حیکایەتی دمدم سەرگوزشتە و نەزیلەی سارم باسی ئەم دەورە خۆ لە بیر ماوە گەورە دێڕێک بوو گەردە نووسراوە چەند ئاغا بە نێوی حەبسی نەزەر گاو و گەردوون کران و بڕیان سەر نێفەکی چەند کەسان بڕا بە ئەتک ملی چەندان هەلاوەسا بە پەتک چون سمایل بوو هەوەلین قوربان بۆیە قوربان کرا سمایل خان کوا قەدەم خێر بە دەستی کێ ون بوو عیلی گەڵباغی بۆ سەرەوبن بوو تیلەکۆیی بە کێ کراون کز باقیە نەقڵی دارەکەی سەقز دێتەوە بیری حەزرەتی ئاغا کە بە عیبرەت دەهات بە سابلاغا شارەبانی لە دوو دەسەو نێزە جەرگی مەخلووقی بۆ دەبوو ڕێزە کامە ئاغا بوو کێهە مەزنی زل نیری عەڕڕابەیان دەنا سەر مل لاوێ لەم عەردەجێی نەبوو نازی کێ بە شەق لێی ئەدا لە سەربازی بەند و لێدان و حەبس و تێهەڵدان مێوە ڕۆنێ بوو بۆ لەشی کوردان چەند هەزار کوێر و شەل چەنێ ڕەش ورووت هات و چاوی بە ماڵی کورد پشکووت دز دەهات دز بگیر نیشا نی و ناو بەردە زوورەی دەکردە ئاو بۆدراو مەسلەخێ ڕۆنرابوو ئەمنییە مەتبەخی نێو نرابوو سوڵحییە هەچی چوو سەربڕا لە هەووەڵ باب لە دووەم جێگەدا کرا بە کەباب ئیقتساد موقتەسید بوو بۆ ئینساف قاف ئەلەرزی لە دایرەی ئەوقاف هەنگ و دژبان و ڕاهو فەرماندار دوپشک بوون و ببوە مارئامار ئەوەی دەیکرد لەوان فەلاحەت و بانک وای لە ئاڵمان نەکروە تۆپ و تانک سەبتی ئەملاک و ئیزدواج و تەڵاق بەدری کوردی نەجیبی خستە محاق شارەبانی و گومرک و بەیتاری لە عەجەم هەر کەسێ هەبا زاری خوێن مژی مامە کوردە بوو پیشەی تا دەرێنێ لە بن ڕەگ و ڕیشەی ئیفتزاحاتی دیش لە هەر قیسمەت من بە خۆڕایی خۆم دەدەم زەحمەت پاک بەحر ببنە حیبر و مێشە قەڵەم نادرێ شەرحی زۆڵم و زۆری عەجەم کە فەلەک وەر گەڕا بە تەڕدەستی نۆرە گورزیان نرایەوە مستی حەقی چەند ساڵە کۆنە و فەوتاو هاتەوە چنگی کوردەکان بە تەواو چونکە بێ بیر و مەست و بێ هۆشن ئەم حەقەی خۆ بە پارە دەفرۆشن هەر حەقێ یەک بە سەد گەوهەر بێ کێ بە پارەی دەدا مەگەر کەر بێ کامەیان دەوڵەمەندە مەرد و ڕەند تۆنێ نامووس دەدا بە تۆنێ قەند کێهە یەگجار نەجیب و ژیر و کوڕە دەچتە سەودا شەڕەف دەدا بە شڕە میللەتێکی حقووقی چەند ساڵی تۆلەی نامووس و دینی و ماڵی بیفرۆشێ بە چیت و قەند و پوڵ چۆن ئەوان ئەم فریشتەیانە قەبووڵ یان فریشتە بەوانەیە قانیع کە ببن هەر ئەون لەرێ مانیع تا ببن وا ئەوان مەکە ئەندێش نەگەڕێتەوە دواوە بێ بۆ پێش کورد وەبێ حاڵی وا بێ ئەحواڵی نایبینی چاوەنۆڕ بی سەد ساڵی ئەم جارە بەخت هەڵدەگەڕێتەوە لە عەقڵ دەپرسێ ئەم سەعاتەی کە هەم بە بێداری هەر ببم یا بنووم بە یەکجاری؟ بش خەوم ئەم کەڕەت هەتا مەحشەر بە خەویش نابینن ببم بە خەبەر لەم دوو فکرانە ئێستە داماوم یانی لەم گێژی بەحرە خنکاوم پیرە عاقڵ ئەتۆ لە مێژینەی بۆ فکر لێم یەقینە گەنجینەی بە تەنێ تۆ دەوای هەموو دەردی بە سەهو و ناچی ئەلحەقی مەردی چییە چارە لە قیس نەچێ ئەمڕۆ ڕایەڵەی کارمان نەبێ بێپۆ شوێنێ کار تێ ک مەدە بەوەستایی بیکە یەک لا هەزار و دوو لایی عەقڵ دوای بیر کردنەوەیێکی زۆر کە دیتی ئاغا چارەی ناکرێ وای فەرموو: ڕێگەی حەللی عەقدی ئەم ئیشە کە ببێ هەر فەقەت تەوا ڕیشە یانی خوا ڕووسەکان مووەففەق کا جەرگی هیتلەر بە تیغی وان شەق کا بێتە جێ ڕوو س تەواوی پێویستی دەورەدا نێوی شومی فاشیستی ڕاوەنێن بۆ دەرەک سوپای ڕومێل نەزمی دنیا بدەن ڕەئیس و ئێل شوان و گاوان و مال ک و جوتێر چووک و زل یانی کاسب و بێ خێر لێکی دەن لێکی کەن لە یەک ئانا سووک و سەنگین نەبێ لە میزانا تەختی کەن سەخت و ماهی سەرسەختی دێتە تەپکە نچیری خۆشبەختی بێ قڕە و بێ فڕە و پەلەقاژە خۆش دەڵێ شاعیری دەری واژە بالشویکی است خضر راه نجات بر محمد و ئاله صلوات ناوی پیغەمبەرم کە هێناو ئال بە هومێدم کە بێنە جێ ئامال بە خەتاو میسک کە نازا نی دەبێ لەم تونگی شەکرە بڕوانی دوڕ دەبارێ هەژار لە ئەشعارت ئەی دریغا نی یە خەریدارت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاڵای کوردستان بێ ببینێ ئەو کەسەی پێی وابوو کورد سەر ناکەوێ کێ بوو پێی وابوو تەمی نەگبەت لە سەرمان ناڕەوێ داری ئاڵاکەم وەکوو چقڵێکە بۆ چاوی عەدوو هەر دڵێ خۆشی نەوێ ڕەببی وەبەر خەنجەر کەوێ داری ئاڵام داری کرد بۆ خوێنمژی کوردی هەژار پێی بڵێن با داکەوێ لەو خاک و خۆڵە چی دەوێ داری ئاڵاکەم برا، سێدارەیە بۆ دوژمنان هەر لە ئاسو سەر کەوێ پێویستە ژینی خۆی نەوێ پارچەکەی سێ ڕەنگی خۆی دەنوێنێ؛ ڕەنگی سوور دەڵێ تا تنۆکێ خوێنی کورد مابێ قەدی من نانەوێ یان دەڵێ لێم سوورە دێموکڕاسی لە عالەم سەرکەوێ موستەبید و مورتەجیع کەوتوونە گێژی گێژەوێ سپیەکەی موژدەی بەیانی بەختی کوردی کرد بەیان ڕۆژی بەختی کوردە پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە ڕزقی خۆت ببێ خۆت کە برسی بۆچی دوژمن پێی بژی لێرە و لەوێ پێت دەڵێ نووکی قەڵەم گەر ژینی خۆشت پێدەوێ غەیری من دەس ناکەوێ بۆ ڕێی تەرەقی پێشرەوێ ڕەنگی سەوزی یانی دایکی نیشتمان لەورۆکەوە جوان و سەر سەوزە وەگیری کەوتووە عومری نەوێ لاوەکان نامووسی نۆ ملیۆنە ئەو ئاڵایەمان گیان بدەن بۆ حیفزی ئەو نامووسەتان لە منو کەوێ ڕەببی هەر کەس دوژمنی ئەو میللەتە دڵ پاکەیە ژێر کەوێ کۆستی کەوێ ڕەببی سەعاتێک نەسرەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئینتقام ئاخ چەندە خۆشە لە ڕێی نیشتمان وە سواڵێ کەوی وەک عێلی بارزان چەند خۆشە لە ڕێی نامووس و شەڕەف ناز و نیعمەتت بڕوا بە تەلەف ئاخ چەندە خۆشە لەسەر ئازادی تووشی خەم ببی، لە دەس دەی شادی ئاخ چەندە خۆشە لە ڕێی وەتەندا برات ببینی پێ لە پێوەندا ئاخ چەندە خۆشە لە ڕێی ویجداندا خوێنت بڕێژن لە ڕووی مەیداندا ئەمما بەو شەرتە لە دوای ڕۆژی ڕەش شاهیدی مەقسوود بگری لە باوەش دوژمنت تۆڵەی لێ بکرێتەوە ئەو داری لێی دای لێی بدرێتەوە لە جێ دەریان کەی بە ماڵ و منداڵ لە خاکی غوربەت دەس بکەن بە سواڵ ناز و نیعمەتیان دەربێنی لە دەس نەهێڵی بۆ ئاخ هەڵکێشن نەفەس خەمیان بدەیتێ لە وەختی جەم دا شەو بنوون لە ژێر لێفەی ئەلەم دا لاقیان بماسێ بە پێوەندی تۆ بەسەر وانیش بێ، چۆن و چەندی تۆ خوێنیان بڕێژی لە سەر هەرد و بۆ دایکیان قوڕوەسەر دەس کەن بە ڕۆڕۆ ئاری، ئینقتام لەسەر ڕووی دنێ نیعمەت و خۆشی هیچی ناگەنێ هەر پیاوێ حیسسی تۆڵەی لە دوژمن لە دڵدا نەبێ کەمترە لە ژن کوردە گیان بیرێ بکەوە لە خۆت پێی ناوێ ئەمن شەرحی بدەم بۆت بەسە با بەس بێ دیلی و ژێردەستی بەسە بێ بەش بوون لە ژین و هەستی حەیفە بۆ کوردێ نەجیب و ئەسیل لە دەس بێگانان وا ئەسیر و دیل گیانە تا دوژمن سەری ئیشغاڵە نەردەکەت باشە دوو شەشت خاڵە باوی بێتەوە وەک تۆوی هەرزن بڵاوت دەکا لە سووچ و قوژبن خوێنت دەنۆشن لە جێگای شەڕاب گۆشتت بۆ مەزەی دەکەن بە کەباب وەک ڕۆژانی زوو ژن و منداڵت دەگەڵ ئەسیری دەگرین بۆ حاڵت کوردەنامووسی بێنەوە بیرت هەستە بۆ تۆڵەت بە خامە و شیرت یان ڕزگار دەکەی خۆت و وەتەنت یا خێر لە نامووس دەبڕی کەفەنت مردن بە شەڕەف خۆشتر لە ژیانە حیز و سڵامەت نیازی خوێڕیانە مەرد بن ماندوو بن لە ڕێی ڕزگاری با بیتەکێنین تۆزی هەژاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئینقلابی ئوکتۆبر ئەگەر قەدر و گیتی دروست کرد خوا لە بەر وەی هەموو کەس دەسی لێنەدا بە حیکمەت تەلسمێکی پێ بەستەوە کە ئیقدام و غیرەت کلیلی ئەوە ئەوی غیرەت و هیممەتی تەوئەمە جیهانداری و گەورەیی هی ئەمە لە ئادەم هەتا دەوری مە وابووە ئەوی غیرەت و هیممەتی لابووە هەموو نیاز و ئاواتی پێک هاتووە تەمای هەرچی بووبێ دەسی کەوتووە کوڕی هیممەتە حوکمی سەر عەرز ئەکا فەقەت هیممەتە پیاوی سەربەرز ئەکا زەمانێ لەمەوبەر هەموو شۆڕەوی وەکوو کوردسان بوو، بە دەس پەهلەوی ئەوەند نانی پەیدا دەکرد کاردار تەواوی دەجوورا بە زاری تەزار بڵند بوو وەکوو شێری لانێ (لێنین) لە لای بوو کلیلی تەلسمی زەمین لە خۆی کۆوە کرد کۆمەڵێ لاوی پاک لە مەیدانێ خستی لە زاڵم کەلاک ئەوی سەرڕەقی کردبوو نەرمی کرد ئەوی خوێنی خەڵکی مژی چەرمی کرد فڕێی دا دڕ و داڵی جەور و جەفا چەقاندی لە جێی باغی سوڵح و سەفا هەموو کەس وەکوو یەک تەماشا کرا بەغیلی نەما پاکی بوونە برا بە جارێ هەموو دەستی دا ئیش و کار نەما ڕۆژی هار، بوو بە باوی هەژار دەڵێی گەر ئەوان وا بە دڵ هەوڵ ئەدەن بە میلیۆن دوسەد ڕووحن و یەک بەدەن لە نێو چاڵی مەزڵوومیا چوونە دەر بە ئەوجی تەرەققی گەین سەربەسەر لە خۆ سەهلە ڕێگا بە زوڵمی نەدەن لە مەزلوومی دیش دەفعی زوڵمێ دەکەن لە گیتی لەکن گەورەیی شۆڕەوی هەوا و گەورەیی خەڵکیە مونزەوی هەموو ساڵی جەژنێ دەکەن کارگەر کە لەو ڕۆژە شایان دەفع بوو لە سەر لینین مرد بە مەرگێکی پڕ ئیفتیخار ستالینی دانا لە سەر کار و بار بە ساکاری ئەو پارچەکەی کردە کار ستالین پڕی کرد لە نەقش و نیگار ستالین نەبەردێکە باسک قەوی سەری سەر بڵندان لەڕووی وی نەوی ستالینە ڕیشەی یەکی و ئیتتحاد ستالینە سەرچاوەیی عەدڵ و داد ستالین بڕی ڕیشەیی زوڵم و شەڕ کە ئاو نۆش دەکەن پێکەوە گورگ و مەڕ ستالینە دەکوتێ سەری زاڵمان ستالین دەزانێ چییە حاڵمان هەتا عەدڵە مەحبووبی سەرڕووی زەمین ڕوحت شاد و جاویدە نێوت لینین هەتا هەن لە دنیایە لەیل و نەهار ستالین بژی بۆ پەناگای هەژار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برایەتیی ئازەربایجان و کوردستان بخوێنە بولبولی خوێن گەرم و دڵسۆز لە شادیانەی بەهار و جێژنی نەورۆز ئیتر سەرمایی زستانی بەسەرچوو ئەوی تۆی دڵبەغەم کرد، تازە دەرچوو بە خێر چوو تاو و با و بارانی سەرما لە هەر گۆشە و کەنارێک بێ ئەسەر ما دیسان وا خاکی خۆی دەسکەوتەوە گوڵ جێگەی چاکردەوە بۆ تۆش لەسەر چڵ گوڵی جاران نییە تووشی خەمت کا لەگەڵ هیجران و دووری هاودەمت کا هونەروەر پەروەرە و زانا پەسندە لە مەشدا وا کەش و وا سەربڵندە لە تۆش زیاتر ئەمن مەسروور و شادم سروود خوێنێکی خاکی پاکی مادم هەتا وێستا منیش یەخسیر و دیل بووم لە بەندی ئیرتجاع مات و زەلیل بووم وڵاتی گرتبووم بەفری هەژاری کڕێوەی نەگبەتم پێدا دەباری لە سایەی کۆمەڵی پاکی دێموکڕات بە ئاواتی دڵم گەیوم بە ئاوات مژی خەم بە شنەبای ئاگرادی ڕۆیی لە سەر سابڵاخە ئاڵای سەربەخۆیی چ ئازادی هەتا وێستا ئەگەر کورد لە ڕێی ڕزگاریا دەیکرد دەسوو برد بە تەنها هۆزێ یاخۆ پۆلە سوارێ بە شیر و خەنجەرێک و بەردودارێ دەهاتە کار و هەر بەم جۆر و تەرزە تەواوی هەردوبۆی دێنایە لەرزە ئەوێستا سەربەسەر کوردی وڵاتی ڕەعیەت، عاشیرەت، شاری، دێهاتی لە سایەی پێشەوای زانا و هونەروەر هەموو پێشمەرگە و گیانبازە یەکسەر ژن و پییاو، کچ و کوڕ، گەورە و ورد بە خوێنگەرمی بە یەک ئاواز دەڵێن: کورد هەموویان بێچوە شێری سەف شکێنن هەموو دۆست هێنەر و دوژمن ڕفێنن بە چاتر ئەسلیحە تەجهیز کراون بە چاتر تەربیەت تەعلیم دراون نەخوازە ئەمڕۆ لوتفێکە خودایی کە ئازەربایجان دەستی برایی لەگەڵ کوردی بە ڕاستی ناوەتە دەست کە ئیستعمار بکەن بەربەست و بێ هەست چ ئازەربایجان، ئاگرستانە ئەوی دەیبینی وەک شێری ژیانە لە ڕێگەی نیشتمان پاکی فدایین نیفاق سووتێن و داخوازی برایین دەسا کێیە بکۆخێ ڕووبەروومان مەگەر وەک سەگ بقۆڕێنن لە دوومان میسالە: «گەر برا یاری برا بێ لە لای خواڕا مەگەر دەرد و بەڵابێ» وەرە بولبول مەبە چی دیکە خامۆش لە تۆ دەنگ و لە من شێعری تەڕ و خۆش خودا ئەو دوو گەلانە بەختیار کەی بە جێی وان داخ لە دڵ هەردەم هەژار کەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیست ساڵەی هەژاری بیست ساڵان لە ژێر چەنگاڵی عەجەم ناڵاندم بە سەد دەردو هەمم و غەم کێوی بەختمان دایگرتبوو تەم کەس یارای نەبوو بێژێ ئەمن هەم ڕووس نەجاتی دام بوو بە فریشتەم بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس بیست ساڵان کز و بێکەس و بێدەر گوزەرانم کرد بە خوێنی جگەر دین و ژیانم لە دەس چووبووە دەر کورد بوو دەناڵی لە قەسری قەجەر ڕزگاری کردم بەیرەقی ئەحمەر بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس بیست ساڵ پێم نەکرا نەفەس بکێشم ئاگام بڕابوو لە قەوم و خوێشم نەدەکرا بدوێم لەگەڵ هاوڕێشم قۆرتی نەگبەتی دەهاتە پێشم ڕووس بوو بە مەڵحەم بۆ زام و ئێشم بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس بیست ساڵان لەبەر زوڵم و زۆری زۆر دەرگای شادیمان لێکرا بوو مۆر دڵ پڕ لە زام و جگەر پڕ ناسۆر جەفا و بێڕوحمی دەرچوو بوو لە شۆر تا ستارەی سوور هەڵات وەکوو خۆر بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس بیست ساڵ دوور خراین لە نیعمەت و ناز موکری لە شیراز شکاک لە ئەهواز گۆشتی بەدەنیان دەپچڕین بە گاز ڕووس بۆی پێک هێنام ئاوات و ئاواز بەیداخی ڕەحمەت کەوتە ئیهتزاز بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس حوکمی پەهلەوی و سیخورمی مەئموور کوردی دەپێکا لە نزیک و دوور خوێنیان دەمژتین بە سەد چەشن و جوور چەند هەزار ماڵی کورد کرا خاپوور ڕەحمەت بوو بۆمان کە هات سوپای سوور بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس زیندانی قەسر دەخمە بوو بۆ کورد ڕاماڵیان دەداین درشت هەتا ورد لە سەر برینمان دەکرا دەس و برد کەلاک و لەشیان دەکردین وە پرد پەنجەی ئیستالین ئێمەی ڕزگار کرد بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس لە ساڵی یەکڕا هەتا وەرزی بیست مژی خوێنی مە ئێرانی فاشیست فەوتانی مە بوو ئامانج و پێویست مرا هەرچی بوو برا هەست و نیست لێی دەفع کردم حیزبی کمۆنیست بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس بیست ساڵی تەواو کوردی چارەڕەش بە دەس دەوڵەت بوون لە گیان بێبەش دێوی بەدبەختی گرتبوونیە باوەش هەر کورد دەکوژرا و دایک سەربەهەش موژدەی خۆشی بوو ئاڵای سوور و گەش بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس کوردە پێت خۆشە نەبی ڕەنجەڕۆ لە ڕێی ئازادی تۆش نەبی کوڵۆ دەجاڵت نەوێ بە فێڵە و دەهۆ کارت پێی نەبێ سانفراسیسکۆ خۆڵی وەسەر کە لە دەرکی موسکۆ بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس کوردە پێت خۆشە بژی سەربەخۆ پەنا بە بۆ ڕووس ئیتر خەم مەخۆ سەعیی و کۆششت ناچێ بە فیڕۆ هەر بەو ساز دەبێ خودموختاری تۆ ڕووس وەک خەڵکی نین بۆت بڵێن درۆ بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جێژنی ئیستقلالی ئازەربایجان دەمێک بوو دەشت و دەر یەخسیری ئیستبدادی زستان بوو ئەوی چووبێ بە دەردی کوردی مەزلووم باغ و بێستان بوو لە جێی بادی سەبا شەختە نەسیبی نەونەمامان بوو لە جێی بولبول قەلی ڕووڕەش نەواخوانی گوڵستان بوو لە ئاگردا ئەوی دەت دی لکی سەروی خەرامان بوو لە سەر دانگەی، هەڵاڵە و سوێسنە پێشێلی حەیوان بوو موختەسەر ئەو دەر و دەشتە جوانە کوردەواری بوو بە دەس بێگانە لە کن جەدی و دەلو و حوت وا کرا بوو شەرت و پێش بینی نەبینێ کەس چەمەنزارێک بە زەرد و سوور و نەخشینی گەیشتە ئاسمانی شین هەناسەی ساردی سارا و کەژ کە ڕۆژی دڵگەرم ئەحواڵی دەشت و کێوی وا بینی پەنای برد بۆ حەمەل نەورۆزی سوڵتانی خەبەردار کرد شەماڵی کردە کۆمەک دای بە خۆشی، ئەسلەحەی تینی وەک پەنا بردنی ئێمە بۆ ڕووس تا وەدەس بێتەوە دین و نامووس لە سەرڕا تیشکی تێگرت ئەو شەماڵ لەو لاوە ڕایماڵی پساندی بەندی قەلبی کەویەکان هەور و گوڕو گاڵی لە دێڕا دەرکرا دەی چوو بە تاڵان تەختی ئیسفەندار ئەوەندەی قەننەکێشێ سەنگەری بەهمەن کرا خاڵی لە خاش خاش هەڵکرا بەیداخی سووری فەتح و پیروزی لە پیرۆزە و زوومەڕڕەد ڕاخرا بۆ شای بەهار قاڵی دەشت و دەر بوو کە لە دەس بەفرا دیل جێژنی ئازادی تێدا بوو تەشکیل هەتا بگرێ تەدارەک خاکەلێوە پێی درا دەستوور بە باڵای نەونەمامانی بڕی کوتاڵی زەرد و سوور وەنەوشەی کردە خاڵی سووچی لێوی جۆگەلەی ئاوان لە مل گیابەند و خاوی کرد لە شەونم بەندەک و بەرموور کڵاوی عیززەتی نا سەر سەری داری بەری، سەروی بە دەف زەن هەڵبژارد و نایە دەس قومری و هەزار سەمتوور پادشای بانەمەڕی زاهیر بوو جێژنی ئازادی بەهار دایر بوو کەدیتم بولبولێک لەو وەختە خۆشەش دا دەناڵێنێ دەسە و داوێنی خارە بۆ گوڵ و ئەشکی دەبارێنێ کە ئەی بێروحمە ئازەربایجانیش پاش هەموو دیلی مووەففەق بوو بە خۆشی و بەیرەقی ئازادی دەنوێنێ ئەمن تاکەی لە زیندانی خەمان دا دەستە و ئەژنۆ بم لە بەر چی وەک گەلی کورد شەش دەرم گیرا لە نەردێنێ گوڵ گوتی بولبولی کوردستانی موتریبی کۆمەڵی ژێر دەستانی گەلی کوردیش بە مەردانە ئەگەر دەس دەن بە دەستی یەک لە سەفحەی قەلبی خۆیان جوملەیی بوغز و غەرەز کەن حەک بە یەک ئاهەنگ و یەک ئاوا بکەن هاواری ئازادی مەتاڵیان کاغەزی ڕەش بووە بێ نووکی قەڵەمیان چەک وەک ئازەربایجانی ڕووس لە سایەی بەیرەقی سووردا دەبن ئازاد و سەربەستی دەسێنن بێ گومان و شەک ئەو دەمی دەستەملان بم لەگەڵت عار نییە لاچووە چڵک و چەپەڵت دەکا بولبول بە سۆزی دڵ بە ئاهەنگی ڕەسا فەریاد خودا یا میللەتی کوردیش وەک ئازەربایجان ئازاد بکەی تاکوو گوڵێش بێنێتە جێ ئاواتی موشتاقیم بەسە دەردی من و کورد، من لە دەس هیجر، ئەو لە دەس بێدادمووەففەق بێ سوپای سوور تا ئەبەد کوردیش لە سایەی ئەو ببن ئازاد لە ژێر پەنجەی ئەسیری دێوی ئیستبداد هەر ستالین بژی سەر چاوەی داد هەڵکەنی زوڵمە لە ڕیشە و بنیاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو باز پێکەوە دوێنێ ئەو دەمەی کۆچی دەکرد شەو بۆ موژدەی بەیان لە قاسپەی دا کەو چوڕڕە پۆپنە کەوتەوە سەما بە هێز دەیسیڕاند ڕۆژە شەو نەما چاوی خەواڵووم لە خەو ڕاپەڕان چوم بۆ دەشت و دەر بۆ سەیر و گەڕان چاوم پێکەوت بە زەردێکەوە گوفتوگۆیان بوو دوو باز پێکەوە بازی یەکەم برادەر تاکەی ژینی خۆڕایی وێڵگەرد و چۆڵ بڕ دوور لە ئاوایی تەواوی ژینت قەڵشە بەرد جێتە کێوی زانیوتە نەزان و شێتە شمەک چڵکن و ئەندام دژوێنی لە کوێ شیو دەکەی تێدەوەشێنی چیاو و کەژ دەگری دەفڕی لە خۆوە کەوێک قوو ت دەدەی بە پەڕ و پۆوە نەخواردەمەنیت پوخت و پاراوە نە هەرگیزماڵت گەسک دراوە نە کوورە و کورسی بە سارد و سەرما نە باوەشێنێ لە جەنگەی گەرما شەو بە تاریکی لەو چۆڵ و هۆڵە سەرینت بەردە و دۆشەگت خۆڵە بە گاڵەی کوندێ دەنووی سەری شەو بە ناڵەی درنج هەڵدەستی لە خەو نە ژەمێکی باش دێتە بەر دەستت نە کەس ئاگادار لە نیست و هەستت هەزار نەخۆشی و سەر ئێشە بگری بێ داو و دەرمان نەش مری دەمری لە کاری چەتوون کێ یاریت دەکا کێ لە ڕاست دوژمن داشداریت دەکا کەواکەت شڕ بێ کێ بیکا پینە ئەوە سەگ مەرگە هەر نێوی ژینە ئەمن وەک تۆ بێپیشە و ئاکارم لێم نابیەی بڵێم تیرەی باڵدارم بۆ ئاسوودەیی هیچ تێناکۆشی بۆیە لە ژینت نابینی خۆشی بازی دووەم تا بشتم نیە مەمشێلە ئیدی بە تەوس و پلار مەمکوژە چیدی لەت لەتە جگەر لێم مەدە تەشەر سەد هێندی کوتت بێکەسم و بێدەر ئەتۆ وەکوو خۆم نازانی من چیم بە چەند ئاخ و داخ لە دنیا دەژیم پێم خۆشە ئەمنیش وە خۆشی گەڕێم ئەگەر دەزانی کوانێ شوێن و ڕێم دەرمان کە دەردم برای چاکم بە تا دەمرم برام ئەتۆ کاکم بە بازی یەکەم پێت خۆشە تووش بی شوێنی ڕزگاری لەگەڵ من وەرە بچینە شاری لە کۆشکی شادا پاڵکەوە بێخەم لەگەڵ کوڕی شا دەبیتە هاودەم لە سەر تەختی زێڕ هەڵنیشە تاوێ لە سەر دەستی شا بچۆرە ڕاوێ لە بەر بریسکە هەڵنیشە بە شەو گوێت لە شمشاڵ بێ هەتا کاتی خەو لە بان لیسی زێو بە سەرینی قوو بنوو بە خۆشی هەر بەیان بەربوو سەرپەنجەت دەکوشن هەڵت دەسێنن سنگە مریشکت بەرچا بۆ دێنن زەنگوڵەی زێڕت لە قاچی دەکەن زڕە باڵت بێ هەڵپاچی دەکەن چەن ماڵ تەرخانی ڕۆژی پێویستیت لە کن شا لە ڕووی زۆر خۆشەویستیت جێگایەک بێشێ چ ژوور چ دەرت چل دەرمان فرۆش دەگاتە سەرت کاتی سەرما و سۆڵ لە پەنا سۆبە ڕاکشێ و دەت شێلێن نۆکەر بە نۆبە بە چلەی هاوین گەرما و کوڵەکوڵ نیسێت لێ دەکا شا بە چەتری گوڵ هەر مانگی تۆنێک شەکر بۆ چینە دەت دەنێ کامی سپیە و شیرینە هەرچی دەتەوی هەرزان و تاڵان دەسا بابدەین لە شەققەی باڵان بازی دووەم دەپرسێ ئەو شارەی گوتت شاری بازانە؟ پاشای ئەو شارەش بازی چازانە؟ دەست و پێوەندی هەموو هەر بازن؟ لە ڕێی نیشتمان سەر پردە بازن؟ ئەو شەکری گوتت باز دەیدا بە پیاو؟ باز دەمان داتێ کە باب و پڵاو؟ دەرمان باز دەیکا ساز بۆ زام و ئێش دەس کوژی بازە دەمان هێننە پێش تەختی زێڕ، زێڕی خاکی خۆمانە وەستای زەنگی زێر کاکی خۆمانە باز هەڵی دەکا چرا بە شاباڵ بازە لێدەدا بلوێر و شمشاڵ بە زمانی بازان دەمان دوێنن بە ڕووی خۆشەوە دەکارمان دێنن بۆ باز ڕاو دەکەین کەوی بۆ دەگرین لە خاکی خۆمان دەنێژرێین بمرین؟ بازی یەکەم ئەوە تۆ شێ تی یان وا دەنوێنی ئەو وتانە چن دەیان ڕاوێنی کەی باز شای بووە تا ئێستە بی بێ بیسراوە کێوی تانج و تەختی بێ کوا ئەو هۆشەیان دروست کەن شاران هەر بازیان گوتوە ماڵ لە نزاران چۆن پیاو نەخوێنی هەڵدەکا چرا هۆشت لە کوێیە بەش خورا برا ئێمە و دروست کەین لیسی زێو بۆخۆ بۆ هۆش و خۆش ت هاوار و ڕۆڕۆ زانستی دەوێ دروست کەی چەتر خوێندنی دەوێ کارخانەی شەکر دەندوکی بازی بۆ شمشاڵ نابێ زێر لە خاک دەرهێن دەبێ زانا بێ ئێمە و زەنگی زێر دەنگ بداتەوە؟ پێم وایە گێژی خەو دەتباتەوە ئەوانە بۆمە گەلێک حەستەمن ئەوی من دەڵێم ڕۆڵەی ئادەمن خوێندنیان هەیە و ڕێگا دەزانن ئارەزووی هەر کار بکەن دەتوانن هەموو تیرەیەک براو کۆمەڵن لە داوای بەشدا لە مەیدان کەڵن خوێنیان دەرێژن لە سەر تۆزێ بەش لە ڕێی ئازادی بێسەر دەکەن لەش فرۆکەیان هەن کە لێی دەخوڕن ئەوان لە ئێمە چاتر دەفڕن گەڕۆکیان هەیە خۆی ببزوێنێ هەزاری وەک مە بە جێ دەمێنێ شتێکیان هەیە کاری کارەبا وتەی کوێستانی بۆ گەرمێن دەبا لە هەر کوێ بدوێن لێرە گوێت لێیە پاک دەن گ و باسی سەر زەوی پێیە کوڕیان دەنێرن پیشان فێر دەبێ هۆز ئەگەر وابێ گر چوو تێر دەبێ زێڕی خاکی مە ئەو دەری دێنێ نەوتی ئێمەیە ئەو دەیسووتێنێ کن هێلانەکەت پڕە لە جیوە دارستانەکەت خڕە لە میوە زەڕنیقی تۆیە لە پێشتی دەبەن خوێی خاکی تۆیە لە چێشتی دەکەن دەکاری دێنن بە خۆبەخۆیی تۆ کەنگێ کردت گردەوە کۆیی بنێشتی تۆیە دەیکەن بە ئامراز بەبەنی خۆتە دەدروون چاوی باز پێویستە ئێمە وشەی وان فێربین لە کاری وان دا ئازاو دلێر بین سەد هەزار بازی تیژباڵ و ڕاوی بوونە نۆکەریان تۆ بە جێ ماوی سەر بەستی بۆ باز چۆن دەبێ کاکە ئەوی من دەڵێم وا بکەی چاکە بازی دووەم کەوا بێ هۆش و بەستە زمانین بێکارە و خوێڕی و جێگەی گەمانین پیشەی وان بۆمە ڕێگەی تێ نەبرێ پاشا لە بەر چی ئێمە ڕادەگرێ ئێمەی بۆ دەوێ بە کاری چی دێین بۆ ئەو نازانێ ئێمە چین و کێین لە ڕووی چی بۆچی؟ بۆ خۆشەویستین؟ بۆ کام کاری ئەو ئێمە پێویستین؟ بازی یەکەم تۆ ئەوڕۆ برام هۆشت لە کوێیە باسی ڕۆستەمە نێرە یان مێیە ئەمن پێم گوتی ئەو خاک و موڵکە ئەگەر تۆ هەتە بۆ ئەو بە کەڵکە گیانی خاکەکەت دەکێشێ بۆ خۆی دەزانی خاوەن ئەگەر بێ ئەتۆی چاوت دەبەستێ هەر ئەو بناسی ڕێت لێ ون دەکا کورت و بڵباسی دەتنێرێتە ڕاو کەوی بۆ بگری مەرگ بۆ ئەو هات، دەبێ تۆ بمری بە شەڕمان دەدا بە یەکمان دەگوژێ بۆ سەر خۆشی خۆی خوێنی مە دەمژێ ئێمە هەر بۆیە دەکا پەروەردە لە گیانی یەکتر ببینە جەردە دەبێ ڕووی خۆشت دەگەڵ بنوێنێ تا دین و دنیات لە چنگ دەردێنێ بازی دووەم ئەوا تێگەییم لە کاری گێتی ئەم جارە گیانە من تۆم پێ شێتی ئەوەش دەزانی و بۆشیان خەریکی لە پیکیش دەدەی هەم لە ماپیکی ئەوی تۆ دەیکەی من بم کردایە نێویان دەنام کەر لە سەر دنیایە چ دەبێ نەچی نۆکەری شاکەی دەس کەی بە کار و ڕوو لە خوڵاکەی بێی لەگەڵ منا بچینە ڕازان بۆ برایەتی ببینین بازان لە دەوری یەک لەو چیا بەرزانە هەرچی باز هەیە بکا هێلانە لێک کۆبینەوە و شارێ بکەین ساز خوێندن دابنێین بە زمانی باز هەموو جوچکمان پێیان بخوێنین لە سەر پیشەو کار دایان مەزرێنین دەندووکیان تیژکەین بۆ مێشکی دوژمن دەرکەین نەتەوی لە سوچ و قوژبن هەرچی دەمان بێبەختی کەین لە خۆ دەقات زیاد بکەین باڵ و پەڕ و پۆ پیرۆزەی پیرۆز پێی بەرین پەنا لە ژێر سایەی خۆی بمان کاتە شا ئیدی نەچیە لای دوژمنی خوێنی لەو بابەتەوە ئەمجار نەمدوێنی نامووس باشترە لە باب و دایی ئەو نی یە بۆیە دەکەی گەدایی هەتا نەمان بوو وەک تۆ هەناو کەم باز بوو دەی بەخشی تانج و تەختی جەم باز بنیشتبا لە سەر سواڵکەرێ دەبوو بە خاوەن تەخت و ئەفسەرێ سەد دار پیر دەبوو بە ئاواتەوە جارێک باز ئەوی بە سەر کاتەوە ئێستە تۆمان هەی بۆیە تەواوین بۆیە لە کن سەگ پیس و گڵاوین دڵخۆشیم دەدەی، دین و دنیاکەم بۆ تۆزێ شەکر پێش کێشی شاکەم؟ بڕۆ تۆ ڕەگی مەردیت مردووە نازانی زانا چۆنیان فەرمووە پیاو کێوان بەشان بگوێزێتەوە ئەندامی لە نێو خوێن بتلێتەوە لە بری نان بخۆی خۆلەمێشی بۆر ژەهری هەلاهیل بکەی بە پێخۆر بۆ کەوش دڕوو بکەیتە سەر پێ بچیتە ناو خیز لەباتی دەر پێ زستان وشکە بەند هەڵت لەرزێنێ هاوین جەنگەی کار نۆبەتێت بێنێ کەوای نەداری بکەیتە بەرت کڵاو بە بزمار بدەن لە سەرت لەگەڵ ئەژدیها بت پێچنە نێو غار لە چاڵت بخەن لەگەڵ سەگی هار هەموو خوێی دەریا بکەیتە چاوان سەد ساڵ بەندی بی بێ سووچ و تاوان باڵت بوەرێ پەک بخا بۆ ڕاو هێلکەت بگنخێ لە بەر سوورە تاو بە سەری پیری دە جوچکت بمرێ چەنگاڵت کۆڵ بێ کەوێکی نەگرێ وێڵگەرد و بێ جێ گەڕان لە هەردان لەسەر خۆڵ خەوتن سەر لەسەر بەردان لە ڕژد و سەختا هێلانە کردن نە وەک نۆکەری بێگانە کردن من کە ئەوەم بیست مات و سەرگەردان بیری ڕووناک و بازی بن بەردان! دیارە باڵندەش هیندێک بەبیرن هێندێکیش لە ناو نەزانی گیرن کە خورد بووم دیتم ئەو دوو بالدارە یەکێک ئاغایە و یەکیک هەژارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیموکراتمان دەوێ حەو ساڵێ ئاگری شەڕی دنیایە دایسان دیزەی شەڕی تیا دەکوڵی گۆشتی پیر و جوان میلیۆنەها جەوانی تەڕ و تازە نەونەمام میلیۆنەها بە عیلم و هونەر نابیغەی زەمان لەشیان کرا بە خواردەمەنی کرم و مار و مۆر سەریان کرا بە گۆ و لە مەیدان فڕێ دران سەدها هەزار شار و دێهات تێکدرا بە بۆم پیستر لە وەزعی مەملەکەتی کوردی بارزان بۆچی هەڵایسا؟ لە بەر ئاسایشی بەشەر ڕیشەی فەساد و زوڵمی ببەتڵێ لە ڕووی جیهان میللەت بچووک و گەورەی هەقی خۆی وەدەس کەوێ مەئموور و شا لە خۆی بێ چ جایی خەت و زمان کوردیش ئاخۆ بەشەر بوو کەچی هەر دەیانکوژن وردە و ئەسیرە دێ لە عێراق و لە کوردسان وا دیارە هی ئەوانە لە بەر نەفعی شەخسییە کێ ڕاستە قەولی سابتە بێجگە لە ڕووسەکان ئەو لەشکری کە فەتح و زەفەر ناوە، ڕووسییە بەیداخی سووری داس و ستارە و چەکوچ نیشان ئەو لەشکری بە ئەمری ستالینی پێشەوا بەیداخی فەتح و مەردی لە سەر بڕلەنێ چەقان ئەو لەشکری کە مستی گرێ کردوە و دەڵێ زاڵم لە کوێیە تێکی شکێنم دەم و ددان وا ئەو بەزەی بە حاڵی مەدا هاتووە کە بۆ؟ کورد بێ کەسن لە گێتی و بێ جێن و بێ نەوان بۆچی دەبێ لە ڕیزی بەشەر کوردی چارەڕەش نانی نەبێ زمانی نەبێ تام نەکا ژیان پێویستە قەومی کوردم وەکوو سایری بەشەر بەهرەی ببێ لە حەققی ژیان بێتە نێو ئەمان ئێمەش ئەوا لە سایەیی ئەو لوتفی بایەخی دەستمان بە دەستی یەک دەگرین پاک بە ڕووح و گیان حیزبێکی ساز دەکەین و دیمۆکڕاتمان دەوێ فارس چلۆنە کورد دەیەوێ بێ وەکوو ئەوان مەئموور لە خۆم بێ هەرچی کوتی چاکە تێی دەگەم خوێندن زمانی خۆم بێ گەلێک زووی دەکەم ڕەوان گەر حاسڵم لە خۆمی خەرج کەم چ زوو دەبێ دانێم مەتەب لە شار و مەکتەب لە دێیەکان ئەو قەومە پاکی فێری سەواد و عیلم دەبێ بێگانە چیدی پێم نەڵێ کورد وەحشی یە و نەزان ئەی گەورەکانی کوردی موبارەک بێ کۆمەڵوو تۆفیقو بێ لە لایەنی خەللاقی بێ مەکان یاڕەب بژی بە فەتح وزەفەر لەشکری قزڵ هەر چەرخ و خول بە مەیلی ستالین بدا زەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمەتەقەی نێوان هاوار و بایز هاوار: من ڕەنجبەرێکم بە ڕەنجی بازوو ئارەق ئەڕێژم ڕۆژ و شەو، ماندوو زستان دارکەر و بەهار شوا نم پایز جوتیار و هاوین سەپانم سانەوەم نیە لە ساڵێک ساتێ نەک ئاغام زویر بێ و نانم نەداتێ حەڵقەی غوڵامی، ئاغام لە گوێیە چی ئەو بفەرموێ بەرێ و جێیە زۆر جار، لە مەلای گوندم بیستیە ناحەزی ئاغا، تەڵاقی نییە! بایز: هاوار! نازانم کە تۆ ڕەنجبەری کوڕێکی ئازاو ژیر و ئیشکەری لە ساردی و گەرمی ئارەق ئەڕێژی لە شیرینیا تاڵی ئەچێژی کەوایە، بۆچی، ڕوو ت و هەژاری مەگەر گیرۆدەی دەستی زۆرداری ڕزگاریت نیە لە دیلی و بەندی کەوابێ بۆچی؟ تۆ هونەرمەندی هاوار: بایز گیانەکەم، گوێ بگرە برات من ڕەنجبەرێکم ماندوو بێ ئاوات چی لە ڕۆژاوا، چی لە ڕۆژهەڵات چی فێر کراوم، عەزمم بێ و سوبات چیم پێ ببێژن، فەرمانڕەوا بم هەر چۆ نی بڵێن ئەبێ وەهابم خاوەنی فەرمان ئەو ئەمژێینێ ئیشی بۆ ئەکەم خوێنم ئەرژێنێ بایز: هاوار! ئەزانم زۆر بەختیاری لە جێی ئیش کردن، یەکجار بە کاری ئینتاجی زەوی تۆ دەینێی بەرهەم کەچی حەرامە، لە تۆ زۆرو کەم تۆ لە بەر هەتاو زەحمەت دەکێشی ئەو لە سێبەرا بە کەیف و خۆشی خاوەنی ئاوو زەوی درۆیە کە تۆ ڕەنج بدەی حەڵاڵێ تۆیە هاوار: بایز! ئەڵێی کەی دەبم بەختیار کەی ڕزگار دەبم لە ئەرک و ئازار ئەبێ هەتاکەی هەر خزمەتکار بم هەر ڕەنجەڕۆبم، برسی و هەژار بم ئەبێ تا ماوم هەروا بێ حاڵم هەر ڕووت و قووت بین، خۆم و مناڵم هەر کردەوەی من، بردەی ئاغابێ هەتاکەی ئەبێ، ئەم کارە وابێ بایز: هاوار! هەمیشە تۆ بەختیاری چونکە دوچاری ئەرک و ئازاری تۆ کە ڕەنجبەری بۆ خزمەتکاری کە خاوەند ئیش ی، بۆچی هەژاری گەر ئارەزووکەی، وانابێ حاڵت ڕووت و قووت نابێ، ماڵ و مناڵت کەی هەستت پێکرد، زۆر لێکراوی بەختیار ئەژی، ئیتر، تا ماوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوورە گوڵەی باخی کوردستان نەسرینی قوندیلانە و نازاری نۆجوان چاتر نموونە سوورە گوڵەی باخی کوردسان کوڵمت گەش و بەتینە وەکوو جەوری موستەبید پرچت ڕەش و درێژە وەکوو ڕۆژی کوردەکان قەددت حەقی ژیانی هەموو میللەتی بچووک ئازادی کوردستانە دەمت، لێی نییە نیشان دوژمن بە تانگ لە سەرتە ئەتۆ تازە ساز دەکەی لەو قەرنی بیستە تیری مژۆڵ و برۆی کەوان چاوت هیمالی بەختی منە ڕۆژ و شەو بە خەو نازت میسالی دەردی منە دەم بەدەم گران ئەگریجەکەت کە دێتە نەزەر ڕووتی گرتووە دڵ ژان دەکات و دێتەوە بیر وەزعی نیشتمان بەو کیژیەش دەزانی کە هاوخوێنی خۆت نەبێ نابێ بە یاری بگری، هەژار بەسیەتی ئەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەزەل ئەرێ ئەی کیژە کوردەی چاوکەژاڵە ئەرێ ئەی شۆخ و شەنگەی چاردەساڵە ئەتۆ خۆت کورد و خوێنی لاوی کوردان بە تورکی چاوی مەستت کرد حەواڵە بە خوێنی مەی دەدەی ئاوی مژۆڵت بژانگت بۆچی سەر نێزەی کەماڵە؟ ڕنووی سەر ئاگرین لاجانگ و کوڵمت لە خوێنی نەوجەوانان دا شەڵاڵە بڵێی ئێران و عاڕەب بێ، دڵی تۆ کە لێی تەئسیرێ ناکا ئاه و ناڵە مەگەر چاڵی چەنەت زیندانی قەسرە؟ کە ڕزگار بوونی ئێمەی لێ مەحاڵە تەنافی زوڵفت ئاوێزانی باڵات نەمانی هاونەژادانت خەیاڵە ڕوحت بردم بە قەندی لێوەکانت دەزانی کورد بە قەند وێرانەماڵە قەباڵەی ئاشقیم زۆر موعتەبەر بوو چ قەوما چاوم ئەمڕۆ پێت بەتاڵە لە ئاه و ئەشکی بێچاران حەزەرکە وەئەستۆ مەگرە چیدی ئەو وەباڵە مەگەر ترست نییە دەستی زەمانە وەڕێت بێنێتەوە ئەم ژینە تاڵە کوڕی شێران و ئەفسەح بووم بە دەس تۆ هەژارێکم زمانم لەنگ و لاڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەوابیتی فەرهەنگی کاتێ بای وەعدە دەستی کرد بە خوڕین دەی و ئیسفەندی وەدەر نا لە کەمین وشکە پووشی دەر و دەشت پۆشییەوە لەجێگای کفنی سپی ماوەتی شین بەرقی شەمشیری بە ڕق خۆی دەرخست ئاوی کانیاوی لە ترسان تۆقین زێوی گۆی دالدە بەتاڵان ڕۆیی بوو بە نەغدینەیی لالە و نەسرین دای لە بێڕلینی ڕنوو دوورزەنی هەور چۆن لە بێڕلینی دەدەن موتەفیقین ئەرتەشی سووری شەقایق وەک ڕووس هیتڵەری بەفری وەدەرنا لەزەمین عەرزی پڕ کرد لەعەتر بادی سەبا وەک بەزە و عەدڵی ڕەفیق ئیستالین بەهەزار وەزنێ هەزار شێعری دەگوت گەیبووەریزی هەژار و پۆشکین گولە شلێرە لە قەبران مل کز بۆ براکانی شیمال دەیکرد شین پەلی چاڵووکی بەسووری دەتگوت چەنگی تورکانە بەخوێنمان ڕەنگین گولە خاش خاشە جەرگ ڕەش بۆ کورد شەتڵی خوێن هەروەکوو شێخی شەمزین گوتم ئەی بەختە هەتا کەی تا چەند تۆ خەواڵووبی ئەمەش دڵ غەمگین کەی دەبێ هەوڵێ بدەی هەڵبگری سەر، سەری ئێمە، سەری خۆت لە سەرین یانی زستانی خەمان کەی دەڕوا یا کەنگێیە بەهاری زانین کەنگێ قەل لاقی لە باغت دەبڕێ بولبول و بازی دەبن جێگەنشین بەفری نەگبەت کە لەسەرمان باری بەشنەی عیلمی لەعەرزی دەبڕین کەنگێ باغ و گوڵی دین و نامووس بۆوە پێپەست نەبێ دەکرێ پەرژین کەنگێ عەرزێکی دەکێڵێن بۆ تۆ کەنگێ تۆوێکی دەچێنین بۆ شین کەنگێ چینراوی دەگاتە بەر و بۆ کەی بەباهۆی کوڕە کوردێکی دەژین هەر لە کۆڵ بێتەوە سواری کەرە شەل نامەوێ ئیدی بە ماشێن بفڕین هەرچی خەڵکی زەویە لیسانسە چ دەبێ ئێمە زمانێک فێر بین گوتی بۆ بێخەبەری لەو بەینە چاوەڕێی ڕابیتەیی فەرهەنگین دەوڵەتی شۆڕەوی یان کەوکەبی بەخت ئەوی سەرمەشقی هەموو خۆشی لەوین بەیرەقی سووری بە ڕووسوری نواند زەهلەیان پێی چووە هار و بەدبین لەپەنا کوتکی عەداڵەت کێشای داسێ بۆ هەژگەڵی زاڵم دوورین بۆ نەجات دانی ئەسیرانی جیهان خوێنی ڕشت میللەتی واخوێن شیرین کە لە ویجدان و عەداڵەت داری بۆ فەقیران و زەعیفانە موعین تا لەروومان هەڵێ نێو خەڵکی چوون بەرگی زانستی بە بەردا کردین تا زمانێک بێ کە پێی هاوار کەین بۆ حوقوقمان و نەڵێن کورد وەحشین سازی کرد یانەیی زانست بۆمان با وە ڕووح بێینەوە چیدی نەمرین کە برینداری بە کێردی دیلی کوردە هەر خوێندنە دەرمانی برین زەرد و ماهێک بوو کە لێی سەر کەوتین بە هومێدم پتریش سەربکەوین بۆ هەموو کوردی وڵات پێویستە کە ببێژێ بە سەدای بەرز و مەتین بۆ هەژار پەروەری و عەدڵ و داد بژی ئیستالین و شاد بێ لینین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەژار و نیشتمان دوێشەو زۆر بە سۆز کاتی بەربەیان هاتە گویم ناڵە و زایەڵەی گریان بەو ناڵە خۆشیم نەما لە حاڵا هێزی لێ بڕیم سۆزی سکاڵا بە سەد مەرارەت لە بنیانم کرد دیتم وا دایکی نیشتمانی کورد دەگری و دەناڵێ وەک هەوری بەهار ڕەشی پۆشیوە لە سەر تا بە خوار هەژار: دایە ئەی لانکی شێرزاد و شێران باوەشت جێگای ئازا و دلێران دەست پەروەردەی تۆ سەلاحەدینە میری جەزیرت شوهرەی زەمینە قوباد و باز و میری ئەردەلان ئەردەشیر، دەیسم شا و کەریمخان ئاودەل موهەلهەل، لەپ زێڕ، شەرەفخان میری ڕەواندز، پادشای بابان خەلیل، زەردەشتت لە ئامیزا دین جێی خۆشی و فەخرن بۆچی دەکەی شین نیشتمان: ڕۆڵە چۆن نەگریم چۆن نەبارێنم چۆن خوێناوی دڵ بە چاو نەڕژێنم نیشتمانێک بم بەو فەخرانەوە وادیل بم بە دەس فاشیستانەوە مەزلووم بم بە دەس ئیڕتجاعیون لێیان شک نەبەم هیچ دەراوی ڕوون ڕزق و ڕۆزی من قووتی تاران بێ منداڵم برسی لە قون دەرکان بێ لۆکەم بکرێتە پێخوست لە جادەی تۆش لێفەت نە بێ بە خۆتی دادەی لە ڕەنجبەریتان قاقوم بپۆشن ئێوەش خوێناوی جگەر بنۆشن نەشهێڵن بۆ خۆ و بەزمانی خۆتان دەرس بخوێنن، چۆن نەگریم بۆتان خوشکێکم هەیە ئازەربایجان لە من خراتر کەوتۆتە زیندان من چم بە سەر هات ئەو لە من زیاتر ئەو لادەکانی لەنگۆ خراتر لە سەر خۆشم ڕاخەمی ویم زۆرە دوو خەم بە جارێک لە دڵ ناسۆرە گەر هەوڵێ نەدەن بۆ نەجاتی مە دەبێ جاو بێنن بۆ خەڵاتی مە هەژار: نیشتمان بەسیە گڕم تێ بەر بوو قەولت پێ دەدەم پیاوانە تاکوو خاکی کوردستان لاو چاکی ببێ ئازەربایجان خوێن پاکی ببێ نایەڵین بمرن دەستی ئیتتحاد دەدەین بە یەکتر بۆ ڕێگەی مراد خوێنمان لە تەشتێ دەبێ بڕێژن پاکمان لە جێیەک دەبێ بنێژن وێگڕا هەوڵ ئەدەین بۆ ڕزگاریتان هەر دوو دەستێنین خودموختاریتان ئێوەش بە جووتە مەگرین دوعا کەن ڕوو لە بارەگای بەرزی خودا کەن بپاڕێنەوە بە سۆز و ناڵین تا دەور ئەدا چەرخ بژی ئیستالین هەر مووەففەق بێ لەشکری قزڵ تا هەژار بگەن بە ئاواتی دڵ ++++++++++++++++++++++