شاعیر: هەژار کتێب: ئاڵەکۆک سەرناو: دوو باز پێکەوە دوێنێ ئەو دەمەی کۆچی دەکرد شەو بۆ موژدەی بەیان لە قاسپەی دا کەو چوڕڕە پۆپنە کەوتەوە سەما بە هێز دەیسیڕاند ڕۆژە شەو نەما چاوی خەواڵووم لە خەو ڕاپەڕان چوم بۆ دەشت و دەر بۆ سەیر و گەڕان چاوم پێکەوت بە زەردێکەوە گوفتوگۆیان بوو دوو باز پێکەوە بازی یەکەم برادەر تاکەی ژینی خۆڕایی وێڵگەرد و چۆڵ بڕ دوور لە ئاوایی تەواوی ژینت قەڵشە بەرد جێتە کێوی زانیوتە نەزان و شێتە شمەک چڵکن و ئەندام دژوێنی لە کوێ شیو دەکەی تێدەوەشێنی چیاو و کەژ دەگری دەفڕی لە خۆوە کەوێک قوو ت دەدەی بە پەڕ و پۆوە نەخواردەمەنیت پوخت و پاراوە نە هەرگیزماڵت گەسک دراوە نە کوورە و کورسی بە سارد و سەرما نە باوەشێنێ لە جەنگەی گەرما شەو بە تاریکی لەو چۆڵ و هۆڵە سەرینت بەردە و دۆشەگت خۆڵە بە گاڵەی کوندێ دەنووی سەری شەو بە ناڵەی درنج هەڵدەستی لە خەو نە ژەمێکی باش دێتە بەر دەستت نە کەس ئاگادار لە نیست و هەستت هەزار نەخۆشی و سەر ئێشە بگری بێ داو و دەرمان نەش مری دەمری لە کاری چەتوون کێ یاریت دەکا کێ لە ڕاست دوژمن داشداریت دەکا کەواکەت شڕ بێ کێ بیکا پینە ئەوە سەگ مەرگە هەر نێوی ژینە ئەمن وەک تۆ بێپیشە و ئاکارم لێم نابیەی بڵێم تیرەی باڵدارم بۆ ئاسوودەیی هیچ تێناکۆشی بۆیە لە ژینت نابینی خۆشی بازی دووەم تا بشتم نیە مەمشێلە ئیدی بە تەوس و پلار مەمکوژە چیدی لەت لەتە جگەر لێم مەدە تەشەر سەد هێندی کوتت بێکەسم و بێدەر ئەتۆ وەکوو خۆم نازانی من چیم بە چەند ئاخ و داخ لە دنیا دەژیم پێم خۆشە ئەمنیش وە خۆشی گەڕێم ئەگەر دەزانی کوانێ شوێن و ڕێم دەرمان کە دەردم برای چاکم بە تا دەمرم برام ئەتۆ کاکم بە بازی یەکەم پێت خۆشە تووش بی شوێنی ڕزگاری لەگەڵ من وەرە بچینە شاری لە کۆشکی شادا پاڵکەوە بێخەم لەگەڵ کوڕی شا دەبیتە هاودەم لە سەر تەختی زێڕ هەڵنیشە تاوێ لە سەر دەستی شا بچۆرە ڕاوێ لە بەر بریسکە هەڵنیشە بە شەو گوێت لە شمشاڵ بێ هەتا کاتی خەو لە بان لیسی زێو بە سەرینی قوو بنوو بە خۆشی هەر بەیان بەربوو سەرپەنجەت دەکوشن هەڵت دەسێنن سنگە مریشکت بەرچا بۆ دێنن زەنگوڵەی زێڕت لە قاچی دەکەن زڕە باڵت بێ هەڵپاچی دەکەن چەن ماڵ تەرخانی ڕۆژی پێویستیت لە کن شا لە ڕووی زۆر خۆشەویستیت جێگایەک بێشێ چ ژوور چ دەرت چل دەرمان فرۆش دەگاتە سەرت کاتی سەرما و سۆڵ لە پەنا سۆبە ڕاکشێ و دەت شێلێن نۆکەر بە نۆبە بە چلەی هاوین گەرما و کوڵەکوڵ نیسێت لێ دەکا شا بە چەتری گوڵ هەر مانگی تۆنێک شەکر بۆ چینە دەت دەنێ کامی سپیە و شیرینە هەرچی دەتەوی هەرزان و تاڵان دەسا بابدەین لە شەققەی باڵان بازی دووەم دەپرسێ ئەو شارەی گوتت شاری بازانە؟ پاشای ئەو شارەش بازی چازانە؟ دەست و پێوەندی هەموو هەر بازن؟ لە ڕێی نیشتمان سەر پردە بازن؟ ئەو شەکری گوتت باز دەیدا بە پیاو؟ باز دەمان داتێ کە باب و پڵاو؟ دەرمان باز دەیکا ساز بۆ زام و ئێش دەس کوژی بازە دەمان هێننە پێش تەختی زێڕ، زێڕی خاکی خۆمانە وەستای زەنگی زێر کاکی خۆمانە باز هەڵی دەکا چرا بە شاباڵ بازە لێدەدا بلوێر و شمشاڵ بە زمانی بازان دەمان دوێنن بە ڕووی خۆشەوە دەکارمان دێنن بۆ باز ڕاو دەکەین کەوی بۆ دەگرین لە خاکی خۆمان دەنێژرێین بمرین؟ بازی یەکەم ئەوە تۆ شێ تی یان وا دەنوێنی ئەو وتانە چن دەیان ڕاوێنی کەی باز شای بووە تا ئێستە بی بێ بیسراوە کێوی تانج و تەختی بێ کوا ئەو هۆشەیان دروست کەن شاران هەر بازیان گوتوە ماڵ لە نزاران چۆن پیاو نەخوێنی هەڵدەکا چرا هۆشت لە کوێیە بەش خورا برا ئێمە و دروست کەین لیسی زێو بۆخۆ بۆ هۆش و خۆش ت هاوار و ڕۆڕۆ زانستی دەوێ دروست کەی چەتر خوێندنی دەوێ کارخانەی شەکر دەندوکی بازی بۆ شمشاڵ نابێ زێر لە خاک دەرهێن دەبێ زانا بێ ئێمە و زەنگی زێر دەنگ بداتەوە؟ پێم وایە گێژی خەو دەتباتەوە ئەوانە بۆمە گەلێک حەستەمن ئەوی من دەڵێم ڕۆڵەی ئادەمن خوێندنیان هەیە و ڕێگا دەزانن ئارەزووی هەر کار بکەن دەتوانن هەموو تیرەیەک براو کۆمەڵن لە داوای بەشدا لە مەیدان کەڵن خوێنیان دەرێژن لە سەر تۆزێ بەش لە ڕێی ئازادی بێسەر دەکەن لەش فرۆکەیان هەن کە لێی دەخوڕن ئەوان لە ئێمە چاتر دەفڕن گەڕۆکیان هەیە خۆی ببزوێنێ هەزاری وەک مە بە جێ دەمێنێ شتێکیان هەیە کاری کارەبا وتەی کوێستانی بۆ گەرمێن دەبا لە هەر کوێ بدوێن لێرە گوێت لێیە پاک دەن گ و باسی سەر زەوی پێیە کوڕیان دەنێرن پیشان فێر دەبێ هۆز ئەگەر وابێ گر چوو تێر دەبێ زێڕی خاکی مە ئەو دەری دێنێ نەوتی ئێمەیە ئەو دەیسووتێنێ کن هێلانەکەت پڕە لە جیوە دارستانەکەت خڕە لە میوە زەڕنیقی تۆیە لە پێشتی دەبەن خوێی خاکی تۆیە لە چێشتی دەکەن دەکاری دێنن بە خۆبەخۆیی تۆ کەنگێ کردت گردەوە کۆیی بنێشتی تۆیە دەیکەن بە ئامراز بەبەنی خۆتە دەدروون چاوی باز پێویستە ئێمە وشەی وان فێربین لە کاری وان دا ئازاو دلێر بین سەد هەزار بازی تیژباڵ و ڕاوی بوونە نۆکەریان تۆ بە جێ ماوی سەر بەستی بۆ باز چۆن دەبێ کاکە ئەوی من دەڵێم وا بکەی چاکە بازی دووەم کەوا بێ هۆش و بەستە زمانین بێکارە و خوێڕی و جێگەی گەمانین پیشەی وان بۆمە ڕێگەی تێ نەبرێ پاشا لە بەر چی ئێمە ڕادەگرێ ئێمەی بۆ دەوێ بە کاری چی دێین بۆ ئەو نازانێ ئێمە چین و کێین لە ڕووی چی بۆچی؟ بۆ خۆشەویستین؟ بۆ کام کاری ئەو ئێمە پێویستین؟ بازی یەکەم تۆ ئەوڕۆ برام هۆشت لە کوێیە باسی ڕۆستەمە نێرە یان مێیە ئەمن پێم گوتی ئەو خاک و موڵکە ئەگەر تۆ هەتە بۆ ئەو بە کەڵکە گیانی خاکەکەت دەکێشێ بۆ خۆی دەزانی خاوەن ئەگەر بێ ئەتۆی چاوت دەبەستێ هەر ئەو بناسی ڕێت لێ ون دەکا کورت و بڵباسی دەتنێرێتە ڕاو کەوی بۆ بگری مەرگ بۆ ئەو هات، دەبێ تۆ بمری بە شەڕمان دەدا بە یەکمان دەگوژێ بۆ سەر خۆشی خۆی خوێنی مە دەمژێ ئێمە هەر بۆیە دەکا پەروەردە لە گیانی یەکتر ببینە جەردە دەبێ ڕووی خۆشت دەگەڵ بنوێنێ تا دین و دنیات لە چنگ دەردێنێ بازی دووەم ئەوا تێگەییم لە کاری گێتی ئەم جارە گیانە من تۆم پێ شێتی ئەوەش دەزانی و بۆشیان خەریکی لە پیکیش دەدەی هەم لە ماپیکی ئەوی تۆ دەیکەی من بم کردایە نێویان دەنام کەر لە سەر دنیایە چ دەبێ نەچی نۆکەری شاکەی دەس کەی بە کار و ڕوو لە خوڵاکەی بێی لەگەڵ منا بچینە ڕازان بۆ برایەتی ببینین بازان لە دەوری یەک لەو چیا بەرزانە هەرچی باز هەیە بکا هێلانە لێک کۆبینەوە و شارێ بکەین ساز خوێندن دابنێین بە زمانی باز هەموو جوچکمان پێیان بخوێنین لە سەر پیشەو کار دایان مەزرێنین دەندووکیان تیژکەین بۆ مێشکی دوژمن دەرکەین نەتەوی لە سوچ و قوژبن هەرچی دەمان بێبەختی کەین لە خۆ دەقات زیاد بکەین باڵ و پەڕ و پۆ پیرۆزەی پیرۆز پێی بەرین پەنا لە ژێر سایەی خۆی بمان کاتە شا ئیدی نەچیە لای دوژمنی خوێنی لەو بابەتەوە ئەمجار نەمدوێنی نامووس باشترە لە باب و دایی ئەو نی یە بۆیە دەکەی گەدایی هەتا نەمان بوو وەک تۆ هەناو کەم باز بوو دەی بەخشی تانج و تەختی جەم باز بنیشتبا لە سەر سواڵکەرێ دەبوو بە خاوەن تەخت و ئەفسەرێ سەد دار پیر دەبوو بە ئاواتەوە جارێک باز ئەوی بە سەر کاتەوە ئێستە تۆمان هەی بۆیە تەواوین بۆیە لە کن سەگ پیس و گڵاوین دڵخۆشیم دەدەی، دین و دنیاکەم بۆ تۆزێ شەکر پێش کێشی شاکەم؟ بڕۆ تۆ ڕەگی مەردیت مردووە نازانی زانا چۆنیان فەرمووە پیاو کێوان بەشان بگوێزێتەوە ئەندامی لە نێو خوێن بتلێتەوە لە بری نان بخۆی خۆلەمێشی بۆر ژەهری هەلاهیل بکەی بە پێخۆر بۆ کەوش دڕوو بکەیتە سەر پێ بچیتە ناو خیز لەباتی دەر پێ زستان وشکە بەند هەڵت لەرزێنێ هاوین جەنگەی کار نۆبەتێت بێنێ کەوای نەداری بکەیتە بەرت کڵاو بە بزمار بدەن لە سەرت لەگەڵ ئەژدیها بت پێچنە نێو غار لە چاڵت بخەن لەگەڵ سەگی هار هەموو خوێی دەریا بکەیتە چاوان سەد ساڵ بەندی بی بێ سووچ و تاوان باڵت بوەرێ پەک بخا بۆ ڕاو هێلکەت بگنخێ لە بەر سوورە تاو بە سەری پیری دە جوچکت بمرێ چەنگاڵت کۆڵ بێ کەوێکی نەگرێ وێڵگەرد و بێ جێ گەڕان لە هەردان لەسەر خۆڵ خەوتن سەر لەسەر بەردان لە ڕژد و سەختا هێلانە کردن نە وەک نۆکەری بێگانە کردن من کە ئەوەم بیست مات و سەرگەردان بیری ڕووناک و بازی بن بەردان! دیارە باڵندەش هیندێک بەبیرن هێندێکیش لە ناو نەزانی گیرن کە خورد بووم دیتم ئەو دوو بالدارە یەکێک ئاغایە و یەکیک هەژارە ++++++++++++++++++++++