شاعیر: هەژار کتێب: ئاڵەکۆک سەرناو: بیست ساڵەی هەژاری بیست ساڵان لە ژێر چەنگاڵی عەجەم ناڵاندم بە سەد دەردو هەمم و غەم کێوی بەختمان دایگرتبوو تەم کەس یارای نەبوو بێژێ ئەمن هەم ڕووس نەجاتی دام بوو بە فریشتەم بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس بیست ساڵان کز و بێکەس و بێدەر گوزەرانم کرد بە خوێنی جگەر دین و ژیانم لە دەس چووبووە دەر کورد بوو دەناڵی لە قەسری قەجەر ڕزگاری کردم بەیرەقی ئەحمەر بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس بیست ساڵ پێم نەکرا نەفەس بکێشم ئاگام بڕابوو لە قەوم و خوێشم نەدەکرا بدوێم لەگەڵ هاوڕێشم قۆرتی نەگبەتی دەهاتە پێشم ڕووس بوو بە مەڵحەم بۆ زام و ئێشم بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس بیست ساڵان لەبەر زوڵم و زۆری زۆر دەرگای شادیمان لێکرا بوو مۆر دڵ پڕ لە زام و جگەر پڕ ناسۆر جەفا و بێڕوحمی دەرچوو بوو لە شۆر تا ستارەی سوور هەڵات وەکوو خۆر بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس بیست ساڵ دوور خراین لە نیعمەت و ناز موکری لە شیراز شکاک لە ئەهواز گۆشتی بەدەنیان دەپچڕین بە گاز ڕووس بۆی پێک هێنام ئاوات و ئاواز بەیداخی ڕەحمەت کەوتە ئیهتزاز بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس حوکمی پەهلەوی و سیخورمی مەئموور کوردی دەپێکا لە نزیک و دوور خوێنیان دەمژتین بە سەد چەشن و جوور چەند هەزار ماڵی کورد کرا خاپوور ڕەحمەت بوو بۆمان کە هات سوپای سوور بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس زیندانی قەسر دەخمە بوو بۆ کورد ڕاماڵیان دەداین درشت هەتا ورد لە سەر برینمان دەکرا دەس و برد کەلاک و لەشیان دەکردین وە پرد پەنجەی ئیستالین ئێمەی ڕزگار کرد بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس لە ساڵی یەکڕا هەتا وەرزی بیست مژی خوێنی مە ئێرانی فاشیست فەوتانی مە بوو ئامانج و پێویست مرا هەرچی بوو برا هەست و نیست لێی دەفع کردم حیزبی کمۆنیست بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس بیست ساڵی تەواو کوردی چارەڕەش بە دەس دەوڵەت بوون لە گیان بێبەش دێوی بەدبەختی گرتبوونیە باوەش هەر کورد دەکوژرا و دایک سەربەهەش موژدەی خۆشی بوو ئاڵای سوور و گەش بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس کوردە پێت خۆشە نەبی ڕەنجەڕۆ لە ڕێی ئازادی تۆش نەبی کوڵۆ دەجاڵت نەوێ بە فێڵە و دەهۆ کارت پێی نەبێ سانفراسیسکۆ خۆڵی وەسەر کە لە دەرکی موسکۆ بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس کوردە پێت خۆشە بژی سەربەخۆ پەنا بە بۆ ڕووس ئیتر خەم مەخۆ سەعیی و کۆششت ناچێ بە فیڕۆ هەر بەو ساز دەبێ خودموختاری تۆ ڕووس وەک خەڵکی نین بۆت بڵێن درۆ بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس - لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس ++++++++++++++++++++++