شاعیر: هەژار کتێب: ئاڵەکۆک سەرناو: ڕەوابیتی فەرهەنگی کاتێ بای وەعدە دەستی کرد بە خوڕین دەی و ئیسفەندی وەدەر نا لە کەمین وشکە پووشی دەر و دەشت پۆشییەوە لەجێگای کفنی سپی ماوەتی شین بەرقی شەمشیری بە ڕق خۆی دەرخست ئاوی کانیاوی لە ترسان تۆقین زێوی گۆی دالدە بەتاڵان ڕۆیی بوو بە نەغدینەیی لالە و نەسرین دای لە بێڕلینی ڕنوو دوورزەنی هەور چۆن لە بێڕلینی دەدەن موتەفیقین ئەرتەشی سووری شەقایق وەک ڕووس هیتڵەری بەفری وەدەرنا لەزەمین عەرزی پڕ کرد لەعەتر بادی سەبا وەک بەزە و عەدڵی ڕەفیق ئیستالین بەهەزار وەزنێ هەزار شێعری دەگوت گەیبووەریزی هەژار و پۆشکین گولە شلێرە لە قەبران مل کز بۆ براکانی شیمال دەیکرد شین پەلی چاڵووکی بەسووری دەتگوت چەنگی تورکانە بەخوێنمان ڕەنگین گولە خاش خاشە جەرگ ڕەش بۆ کورد شەتڵی خوێن هەروەکوو شێخی شەمزین گوتم ئەی بەختە هەتا کەی تا چەند تۆ خەواڵووبی ئەمەش دڵ غەمگین کەی دەبێ هەوڵێ بدەی هەڵبگری سەر، سەری ئێمە، سەری خۆت لە سەرین یانی زستانی خەمان کەی دەڕوا یا کەنگێیە بەهاری زانین کەنگێ قەل لاقی لە باغت دەبڕێ بولبول و بازی دەبن جێگەنشین بەفری نەگبەت کە لەسەرمان باری بەشنەی عیلمی لەعەرزی دەبڕین کەنگێ باغ و گوڵی دین و نامووس بۆوە پێپەست نەبێ دەکرێ پەرژین کەنگێ عەرزێکی دەکێڵێن بۆ تۆ کەنگێ تۆوێکی دەچێنین بۆ شین کەنگێ چینراوی دەگاتە بەر و بۆ کەی بەباهۆی کوڕە کوردێکی دەژین هەر لە کۆڵ بێتەوە سواری کەرە شەل نامەوێ ئیدی بە ماشێن بفڕین هەرچی خەڵکی زەویە لیسانسە چ دەبێ ئێمە زمانێک فێر بین گوتی بۆ بێخەبەری لەو بەینە چاوەڕێی ڕابیتەیی فەرهەنگین دەوڵەتی شۆڕەوی یان کەوکەبی بەخت ئەوی سەرمەشقی هەموو خۆشی لەوین بەیرەقی سووری بە ڕووسوری نواند زەهلەیان پێی چووە هار و بەدبین لەپەنا کوتکی عەداڵەت کێشای داسێ بۆ هەژگەڵی زاڵم دوورین بۆ نەجات دانی ئەسیرانی جیهان خوێنی ڕشت میللەتی واخوێن شیرین کە لە ویجدان و عەداڵەت داری بۆ فەقیران و زەعیفانە موعین تا لەروومان هەڵێ نێو خەڵکی چوون بەرگی زانستی بە بەردا کردین تا زمانێک بێ کە پێی هاوار کەین بۆ حوقوقمان و نەڵێن کورد وەحشین سازی کرد یانەیی زانست بۆمان با وە ڕووح بێینەوە چیدی نەمرین کە برینداری بە کێردی دیلی کوردە هەر خوێندنە دەرمانی برین زەرد و ماهێک بوو کە لێی سەر کەوتین بە هومێدم پتریش سەربکەوین بۆ هەموو کوردی وڵات پێویستە کە ببێژێ بە سەدای بەرز و مەتین بۆ هەژار پەروەری و عەدڵ و داد بژی ئیستالین و شاد بێ لینین ++++++++++++++++++++++