شاعیر: هەژار کتێب: چێشتی مجێور سەرناو: پێشەکی زۆر دەمێکە زۆر لەوانەی کە بوونە ناسیاوم، هەڵیان پێچاوم کە سەرگورشتەی ژیانی خۆم بنووسمەوە و بزانن چم بە سەر هاتووە! من وەک دەڵێن: «چوێلەکە خۆت چی و شۆرباوت چی؟ !» دەمزانی ژیانێکی زۆر قۆڕ و توڕڕەهاتم ڕابواردووە و ڕووی مەجلیسی یارانی نییە؛ هەمیشە خۆم لێ بواردووە. بەڵام کەوتمە فکر کە بەڵکوو گێڕانەوەی ئەو ڕابردووە پڕ لە هەوراز و لێژ و گەوە و کەنداڵ و قووڵکە و جاروبارەش دەشتاییە، هیچ نەبێ بۆ کوڕەکەم -(خانی) - کە بەڕواڵەت لە چوار کوڕان هەر ئەوم ماوە و ئارەزوومە تەمەنی درێژ بێ و دەشزانم ئەگەر زۆر بژی، دەکەوێتە ناو گۆنگەڵ و تەشقەڵەی دنیاوە - ڕەنگە بێ بەهرە نەبێ. لەو گەرم و سارد و خۆشی و ناخۆشیانەی بە سەر من هاتووە، دەرسێک وەرگرێ و تەجرەبەی بۆ پەیدا بێ؛ یان هیچ نەبێ لە تەنگانەدا ناهومێد نەبێ و لای وا نەبێ ڕێگەی ڕزگار بوون بە یەکجاری پێشی گیراوە. لە خۆشی و ئاسوودەیی ژیانیشیدا زۆر خاترجەم و مەغلوور نەبێ؛ وا نەزانێ خۆشی هەمیشە یاریەتی و بەجێی ناهێڵێ. هەروەک ناخۆشی و خەم لە گۆڕان نزیکە، خۆشی و شادیش هەمیشە بەردەوام نییە. خۆی ئامادە کا کە ئەگەر لێی قەوما، چۆن مل بداتە بەر کار و کۆشش و حەولی ڕزگاری لە خەم و دەرد بدا. ئەگەر لە خۆشیانیشدا بوو، لە بیری نەچێ کە ڕەنگە تووشی لێقەومان ببێ و خۆی بۆ ئەو ڕۆژە نەهاتووە ئامادە بکا. جا من ڕووی قسەم دەوییە و سەرگورشتەی خۆمی بۆ دەگێڕمەوە؛ هەرچەند زۆریش بێ تام و پەرژ و بڵاویش بێ، لەوانەیە لە هێندێک شوێندا تەجرەبەی لێ هەڵکڕێنێ. خۆ ئەگەر دۆست و ناسیاویش وەیخوێنن، با هیچ نەبێ بەو قسە قۆڕانە پێ بکەنن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زمانی ئەم کتێبە گێڕانەوەی بەسەرهاتم لە ژیاندا، قسەی بەر ئاگردانە و چیرۆکێکە بۆ لاوێکی دەگێڕمەوە. ئیتر نامەوێ بڵێن ئەدەبی نییە و عیلمی نییە. پێی ناوێ فڵان بڵێ بۆ لەو جێگە وای نەگوتووە؟ بۆ فڵان وشەی عارەبی یان فارسی دەکار هێناوە؟ ئەگەر ڕاستت دەوێ بە زمانێک نووسراوە کە لە مەجلیسان قسەی پێ دەکەم و هیچ خۆم پێوە ماندوو نەکردووە کە ئاسەوارێکی ئەدەبی بێت. ئەو کاری بۆ شەرەفنامەم کردووە و خۆم دەگەڵ ماندوو کردووە و بیر و مێشکم هەڵکوشیون، لێرەدا باسیان نییە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەشتێک لە مشتێک ئێستا کە ئەم خەتانە دەنووسم، تەمەنم لە شێست و سێ ساڵی شەمسییە و نزیک بوومەوە لە شێست و چوار؛ کە بە ساڵی مانگی لە شێست و پێنج ساڵیدام و بەرەو شێست و شەش پەل بووم. لەو بەرزایی عومرەوە دەڕوانمە شێست و ئەوەندە پلەی خوارەوە، لە پیرییان فکرم ئاڵۆزاوە؛ زۆر کەمم لە بیر ماوە. هەروەک چاوم بێ حوکم بووە و بە عەینەک نەبێ نابینم، چاوی بیر و مێشکیشم کز بوون و عەینەکیان دەست ناکەوێ. لێم ڕوونە لە هەزار شت کە بەسەرم هاتووە، سەتم لە بیر نەماوە. وا مستێک لە نموونەی خەڵوارێک، یان وەک کورد دەڵێن «هەشتێک لە مشتێک» دەگێڕمەوە: زەمانی منداڵیم دام و دەستوور لە گوندی موکوریان وا بوو: ڕۆژی جەژن هەموو پیاوی کەیخودای ماڵ دەبوایە دوای خوتبەی جێژن و نوێژی جێژن، تێر دەم و فڵچی یەکتر ماچ کەن و سڵاوەتی بە شیعری کوردی لێ دەن. ئەمجار بە ڕیز دانیشن و لە ماڵە خۆیانەوە نانیان بۆ بێنن و دانیشن پێکەوە نانی جێژنە بخۆن. دەوڵەمەند و حاڵخۆشەکان پڵاوی برنج و قەیسی، یان گۆشتاویان بۆ دەهات. هی وا هەبوو فەقیر بوو، پڵاوی بڕوێش، یان زۆر شیوی فەقیرانەیان هەبوو. ئەو هەموو جۆرە خواردنانە لە تەنیشت یەک دادەنران و هەموو پێکەوە لە نانی هەموانیان دەخوارد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ چی چێشتی مجێور؟ مجێوری مزگەوت مەنجەڵێکی خۆی دێنا، هەرچی بەرماوی ئەو خەڵکە بوو، بەسەر یەکیدا دەکرد و ئەمەش جێژنانەی ئەو بوو کە ناوی نرابوو: «چێشتی مجێور». تێکەڵاوێکی سەیر بوو؛ لەناو مەنجەڵدا دەنکە برنج پاڵی بە دەنکە بڕوێشەوە دەدا. دەنکە کشمیشی پڵاو، پەرژ و بڵاو بووە و هەر یەکەی لە سووچێکەوە جێگەی گرتووە. پارچە ئێسکێک - کە ڕۆژی خۆی لە پەنا قوچکە برینج داندراوە - ئێستا دەناو بڕوێش و کەشکەکی گەنمدا خنکاوە! من دیتم ئەو چیرۆکەی ژیانم - کە پاش شێست و چەند ساڵ بەسەر دەکەمەوە - ڕاست بۆتە چێشتی مجێور. نە دەمی ڕووداوەکانم لە بیر ماوە، نە دەتوانم یەک بەدوای یەک بە زنجیرە بیانگێڕمەوە. لێکدراوە و بۆخۆشم نازانم کامیان لەپێش کامیاندا بوون؛ بەڵام دەزانم ئەوی نووسیومە، یان دیومە، یا لە خۆم قەوماوە، یان لە دەمی برادەرانی هاوسەفەرم قۆزتۆتەوە. تەمام وا بوو ناوی بنێم: «قانگەلاشک»، «بابردەڵە»، «بۆت برێم» کەچی بە بیرمدا هات «چێشتی مجێور» پڕ بە پێستیەتی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حاڵی شاعیر دەمەوێ جارێ بە سەرچڵی باسێکی گشتی لە خۆم بکەم. زۆرم باسی شاعیرانی کۆن و نوێ خوێندووە و بیستووە. لام وایە لەم ڕۆژهەڵاتەی خۆماندا-یانی لەناو فارس و عەرەب و کورددا- ڕەنگە من، وەک شاعیر، لە هەموان حاڵم خۆشتر بووبێ. دەخوێنمەوە کە فڵانە شاعیر تاریفی فڵان خەلیفەی بە قەسیدەیەک کرد، دە هەزار، سەد هەزار زێڕیان دایە. بەڵام حاڵی شاعیر چۆن بووە؟ تۆ بێنە بەر چاوت: سەد شاعیر هەر یەک چەند شەو خۆی جیڕەبابە داوە، قەسیدەی پڕ لە درۆی گەورەی بە قەد و باڵای نافەساڵی خەلیفە یان پادشا هەڵگوتووە؛ پرسیویانە: - ئەمڕۆ خەلیفە یان شا ڕووی خۆشە؟ تووڕە نییە؟ ئیجازە هەیە بچینە خزمەتی؟ - بەڵێ فەرموون... دەی شیعر بخوێننەوە! شا و خەلیفە - لە کەر کەرتر - لەو ناوەدا شیعری یەکێکیانی پەسند کردووە؛ خەڵات بەو دراوە و ئەوانی تر دەم لە پووش دەرکراون. «نیزامی» کە خودای شیعرە، بە حاکمی وەخت دەڵێ: من سەگێکی دەرکی تۆم؛ چاوم لە ئێسکێکە بۆم باوێژی. «فیردەوسی» خاوەنی شانامە، وەها خۆی لە بەرانبەر «مەحموود غەزنەوی»دا بە سواڵکەر نیشان دەدا، پیاو بەزەی پێدا دێت. زۆربەیان، لەو شاعیرە گەورانە بە سواڵکەری ژیاون. ئەوانەی خۆم دیتمن و زۆر لە خۆم شاعیرتر بوون، وەک مەلامارفی کۆکەیی، قەسیدەیەکی سەد بەیتی بۆ تاجرێک دەنووسی، دەیگەیاندە تەشقی عاسمان؛ نیو کیلۆ گۆشتی دوو تمەن بایی بۆ دەنارد. من کە تازە دەستم بە شیعرگوتن کردبوو، لام وابوو منیش دەبێ تاریفی پیاوێکی گەورە بکەم و جایزە وەرگرم. چەند شیعرێکم لە مەدحی ئەحمەداغای حاجی بایزاغادا گوت. جایزەکەم ئەوە بوو دەیگوت: «ئەو کەرە باش باشی گوتوون!» ئەم قسە بۆ من بوو بە دەرسێکی گەورە. ئیتر وازم لەوە هێنا بۆ جایزە شیعر بڵێم؛ با هەر بۆ عیشقی دڵی خۆم بێ. عاشقی ئازادی کوردستان بووم؛ کەیفم پێ دەهات. جا وەگەر مەدحی قازی محەممەد یان ستالین و ڕووسیام دەکرد، بۆیە بوو کە بە ڕەمزی ئازادی کوردستانم دەزانین. چاوم هەرگیز لەوە نەبوو پووڵێکم بخەنە گیرفانەوە. بۆ خۆم کاسبیم دەکرد و شیعرەکانم دیارییەک بوو بۆ گەلی کورد. لە بیرمە جارێک شیعرێکم لە کۆبوونەوەیەکدا خوێندەوە؛ قازی محەممەد ئافەریمی کردم و گوتی: سەد تمەنت بەخشش بێ. هەر لە مەجلیسەکە گوتم: ئەو سەد تمەنە بدرێ بە دەفتەر و قەڵەم بۆ منداڵە فەقیرەکانی مەدرەسە. تەنانەت کە «ئاڵەکۆک» لە «ڕەوابیتی فەرهەنگی ڕووس و ئێران» لە تەورێز چاپ کرا، گوتیان چوار هەزار تمەنت حەقی تەئلیف هەیە. هەرچەند ئەوە قانوونی و هیچ سواڵیش نەبوو، نەمەویست. لە ئاوارەییشمدا لە عێراق، هەر خۆم بە ئارەقی ناوچاوان و ڕەنجی شانی خۆم بەڕێ دەچووم و شیعریم پێشکەش و دیاری بۆ ئازادی کوردستان بوو؛ کە ئەم حاڵە حورمەتی زۆری لە بەرچاوی خەڵک بۆ پەیدا کردم و لە نووسینی شیعردا زۆر ئازاد بووم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: با شیعرم دیارییەک بێ بۆ گەلی کورد هەرگیز بە شیعر سواڵم نەدەکرد؛ بەڵام ئەگەر داوای یارمەتی و قرزم لە هەر ناسیاوێک بکردایە، زۆر بە ڕووی خۆشەوە دەیکرد. زۆر کەس هەبوو لە باری سیاسی ناخۆشیان ویستووم، جوێنیان پێداوم. بەڵام لە ڕوویان نەهاتووە بڵێن شاعیرێکی سواڵکەرە و مل لە بەر پیاوی خوێڕی نەوی دەکا. توانیومە زۆر بە سەربەرزی بژیم. زۆر جار ئەگەر دیتوومە کەسێک دڵی لێم ڕەنجاوە، گوتوومە چی داومێ با لێم وەستێنێ. دیاریشە لە پاش ئەوە توانیومە بە یارمەتی بارزانی کتێبی شیعری خۆم چاپ کەم، پووڵی کتێبانم زۆر دەسکەوتووە کە مەمنوونی هیچ کڕیارێک نەبووم. من بارزانیم بە گەورەی خۆم قبووڵ کردبوو؛ شانازیم بەوە دەکرد کە نۆکەری ئەو بم. پێشم شەرم نەبوو ئەو یاریدەم بدا، چونکە لام وا بوو مەرد و ڕەندێکە نموونەی کەم لە دنیادا هاتوون. جارێک «حافز مستەفا قازی» -کە لە بەردەستی «ڕەشید عارف سەقا»ی کوردی ملیۆنێردا کاری دەکرد- گوتی: کاک ڕەشید خەییامەکەی تۆی بە خەت دیوە. دەڵێ من لە سەر حیسابی خۆم بۆی چاپ دەکەم. فرسەتە با پێی چاپ بکەین. گوتم: حازر نیم ناوی ڕەشید عارف لە سەر کتێبی من بێ و بڵێ یاریدەی هەژاری داوە و ئەو فەخرەی بدەمێ! لە کاسبی کردن و فەقیریشدا زۆرم کەساسی و هەناسەساردی دیتووە و زۆر جاریش بوومە خاوەن پارە و دیسان هاتوومەوە سەر سیفر و دیسان تێ هەڵچوومەوە. ئەوی دەیزانم و بە ئەدیب و خوێندەوارم دەزانن، لە سایەی ماندووبوون و شەوبێداری خۆمەوە دەستم کەوتووە. سەر لە هوەڵەوە زوو لە خوێندنەوە ماندوو دەبووم؛ بەڵام پیاو کە لە سەر شتێک سوور بێ و دەست هەڵنەگرێ، خووی پێ دەگرێ و لێی دەبێتە سەیران و سەیاحەت. وەک چۆن نازانی لە منداڵیوە چۆن گورە دەبی، لە خوێندنەوەش زۆر ئاگا ناکەی؛ کەچی دەبینی زۆرت مەعلوومات وە سەر یەک ناوە و تۆ بە خۆت نەزانیوە. زۆر جار کتێبم خوینۆتەوە و تەواو لە بیرم چۆتەوە. تیا بووە تەنانەت ناوی دانەرەکەیشم لە بیر نەماوە؛ کەچی هەر وەخت قسە لە شتێک کراوە، من باسی ئەو شوێنەم وە بیر هاتۆتەوە. وا دیارە مێشک عەنبارێکی زۆر بەر فرەوان و ئەمینە؛ لە وەختی پێویستدا چت دیوە یان خوێندووتەوە، نیشانت دەداتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دۆستی ڕاست و بێ منەت کتێبە و بەس دۆستی ڕاست و بێ منەت کتێبە و بەس؛ تاریخت بۆ دەڵێ؛ چیرۆکی کۆن و تازەت بۆ دەگێرێتەوە؛ لێی پرسە جوابت دەداتەوە و منەتت لە سەر ناکا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نرخی تەجرەبە لە ژیاندا لە تەجرەبەی ئەو ژیانە تێکەڵ پێکەڵەمدا ئەوەندەم بۆ ڕوون بۆتەوە کە لە هەزار دۆستی بە دەم دۆست، یەکێکیان لە ڕۆژی تەنگانەدا دەهاوارت نایەن. نابێ چاوت لەوە بێ کە ئەگەر لێت قەوما، فریات کەون. ناشبێ دۆستایەتی ئەو تەرزە کەسانە نەکەی؛ دەنا بە تەنیا دەمێنیتەوە و پیاو لە دنیادا بە تەنیا ناژی. لەوانەشە لە ناو زۆراندا، بەختت بیهێنێ و ئەگەر لە هەموو تەمەنتدا دوو یان سێ دۆستی زور باشت دەس کەوێ -کە لە خۆشی و ناخۆشیدا هەر یاریکارت بێ- خۆت بە بەختەوەر بزانە! ڕۆژانێ کە لە بەغدا بووم و لەوپەڕی هەژاریدا ڕامدەبوارد، کەسانێک جار و بارە دەیانەویست، یان بە دەم دەیانگوت دەمانەوێ پووڵت بدەینێ، دەمگوت سواڵ نەکەم؛ کارم بۆ بدۆزنەوە. لەو «نامەوێ»یەی من ئیستفادەیان دەکرد، لای ناسیاوێکی من دەیانگوت: پیاوێکی کەللەشەقە، پووڵی دەدەینێ نایەوێ! کاتێ کە دەگەڵ بارزانی گەینەوە یەک و نان و ئیحترامم پەیدا کردبوو، ئەو کەسانەی خۆیان هەڵکێشابوو کە دەیانەوێ چاکەم دەگەڵ بکەن و من قبووڵ ناکەم، کەوتمە تەجرەبە کردنیان. دەمگوت فڵان کەس! دەتوانی بە چەند دینارێک دەستم بگری؟ یان فڵانە شتم بۆ بکڕی؟ ملیان لە سوێندان دەنا کە دەستیان تەنگە! جارێک لە «تۆپزاوا»ی کۆیە، بارزانی گوتی: عومەر دەبابە دەڵێ هەژار هیچی نەدەویست، ئیستا داوای قەڵەم و کراسم لێ دەکا؛ ئەوە چییە؟ گوتم: کاکە! لای هەموو کەس دەیگوت ئەگەر هەژار قبووڵ بکا دەیکەم بە شەریکە ماڵی خۆم؛ چونکە دەیزانی هیچم ناوێ. ئیستا کە زۆر سازم، ئەوانە تەجرەبە دەکەمەوە. نە کراسم لازمە نە قەڵەم؛ پێم خۆشە وە درۆ کەوێتەوە. زۆر کەس خۆی کردۆتە ڕەفیقم هەر بۆ ئەوە لە چیشتخانە، من پووڵی بۆ بدەم؛ یان لە سەفەر و تاکسیدا من زووتر دەس بۆ گیرفانم بەرم. جاری وا هەبووە بۆ تاقی کردونەوە گوتوومە: دەی با مخارجی ئەمڕۆ لە سەر تۆ بێ! خۆی دزیوەتەوە و تازە نەمدیوەتەوە. خولاسە زۆر کەس بە کریان زانیوم؛ ویستوویانە بەهرە لە من بەرن و بۆ خۆیان خۆش بژین و گاڵتە بە سادەیی و خۆش باوەڕی من بکەن. لە ڕاستیشدا من لە درێژایی عومرمدا زۆر دڵساف بووم؛ باوەڕم بە هەموو کەس کردووە. زۆرم زەرەر لەو خۆشباوەڕییەدە دیوە؛ لەڵام لە ئەنجامدا هەر ڕاستی و خۆشباوڕییەکەم فریام کەوتووە و توانیومە وا بم، لە ناو زۆربەی کورد و عەرەبی ناسیاومدا ڕێزم لێ بگیرێ. قسێکی جوان هەیە نازانم کێ گوتوویە، دەڵێ: «پیاو دوو عومری لازم بوو؛ لە یەکیاندا تەجرەبە خڕ کاتەوە، لە عومرەکەی تردا تەجرەبەکانی بە کار بێنێ»؛ کە ئەو عومرە دووبارەیەش نییە. زۆر تەجرەبەی تاڵم لە ژیاندا لە چنگ ئەوانەی بە ڕواڵەت خۆیان کردۆتە دۆستم دیوە. زۆر گورگم بە مەڕی پێغەمبەر زانیوە و دەستیان بڕیوم و بە عەقڵم پێکەنیون؛ کە نەمتوانیوە و نەمزانیوە خۆیان لە چنگ ڕزگار کەم. هەرگیز نەمویستووە منیش وەک ئەو نالەبارانە فێڵبازی بکەم و دەستی خزم و دۆست ببڕم. چونکە ڕاست بووم، خوا هەر ڕاستی هێناوەتە ڕێم. حەزم دەکرد و حەز دەکەم زۆر لەوە زیرەکتر بام و نەمهێشتبا پیاوی خوار و خێچ بە زمانی خۆش فریوم دەن و بە قازانجی خۆیان چەرخم دەن؛ بەڵام لە پاش هەزار تەجرەبەی تاڵ، چۆن بە ژیاندا بگەرێمەوە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نە هێندە تاڵ بە تفت کەن! نە هێندە شیرین قووتت دەن! بە کوردی دەڵێن: «نە هێندە تاڵ بە تفت کەن! نە هێندە شیرین بە قووتت دەن!» سەعدیش دەڵێ: «شوانێک نسحەتی کوڕەکەی ئەکرد: پیاوی چاک بە! باڵام هێندە چاک مەبە گورگ دەرفەتت لێ بێنێ!». بە داخەوە زۆر جار قووت درام و زۆر گورگ تێم ڕۆهاتن. حەز دەکەم تۆ بە قەدەر من دڵ ساویلکە و زووباوەڕ بە هەموو کەس نەبی. ئەوانەی دەبنە دۆستت تەجرەبەیان بکە! وەک ئەوان لە تۆ داوای ماندوو بوون و شت بە قازانجی خۆیان دەکەن، تۆش بزانە ئایا ئەوانیش دڵیان دەگەڵت پاکە؟ یان هەر دەیانەوێ لە بەستەزمانی و دڵسافی تۆ بەهرە وەرگرن؟ لە ماڵی دنیا پەیدا کردن ماندوو مەبە! بەڵام نە لە ڕێگەی ئابڕوو فرۆشتنەوە. زۆر جێگەی وا هەیە نانی لێ پەیدا دەبێ. چونکە ئەوە بزانە کە ڕووت و ڕەجاڵ و بێ ماڵ بی، کەست ڕەفیق و دۆست نییە. تا لە ڕێی پەیدا کردنی ئەسپابی ژیاندا ماندوو بی کەمە؛ بەڵام دەبێ ئابڕوو و شەرەفی خۆت لە بیر بێ. هەرگا کار گەیشتتە ئابووچوون و نامووسی میللی فرۆشتن، دەست هەڵگرە و کارێکی تر بکە با کەمتریشت دەس کەوێ. لە ناداری و خلیسک و خاوی دووەپەرێز بە! بەشی تەنبەڵ و تەنپەروەر، هەر نەبوونی و ئابرووچوونە و ناچار دەبێ دەم لە بەر نامەردان پان کاتەوە. ئەوەندەش بزانە مانای ئەو قسە زۆر هاسانە: «هەر کەس کارت کەوتە لای و بۆ یاریدەدان لە بەری پارایەوە، نامەردە!». کە وا بێ ئەو دوعایەی کە دڵێن: «خودایە موحتاجی دەستی نامەردم نەکەی»، یانی موحتاجی دەستی کەسم نەکەی. کە تازە چووبوومە عێراق و لە کار دەگەڕام، دەمدی ئەوانەی لە دوورەوە عاشقی ناوبانگ و ناوم بوون، ئەگەر دەمگوت کارم بدەنێ یان بۆم پەیدا کەن، بەوپەڕی نامەردی خۆیان لێ دەبواردم. کەچی لە مەجلیسی خۆیاندا تاریفی شیعر و هونەری منیان دەکرد! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوڕی خۆت بە و باوەڕت بە خۆت بێ! قەت خۆت بە ناوی باب و باپیرتەوە بە خەڵک مەناسێنە. حەول بدە حەڵک بڵێن فڵان کەس باوکی ئەو کوڕە باشە بوو. کوڕی خۆت بە و ئیعتیماد و باوەڕیت لە سەر خۆت بێ. ئەگەر کەسێکیش بە ڕاستی و دڵسۆزی یاریدەی دای، زۆر بەختەوەری. جارێک بە جحێڵێ، پیرەعەجەمێک قسێکی گوت: «هەر کەسێ دیتت وا بزانە دوژمنتە و دەیەوێ زیانت پێ بگەیەنێ. ئەگەر خوای کرد وا نەبوو، چاکەی لەگەڵ کردی، یان هیچ زیانی لێ نەدای، ئەوە خۆت و بەختت چاکت بۆ هاتووە». تازە بە پیری بیر لەو پەندە بە قیمەتە دەکەمەوە و لە دەستم دەرچووە. هەر کەس دەبێتە ڕەفیقت، بە دڵسادەیی خۆتی تەسلیم مەکە! چاوەنۆڕ بەو لە سەر هەست بە! ئەگەر هەر بە ڕاستی خۆشی دەوێی، خۆشت بوێ، ئەگەر دیتت نیازی خراپە و ڕاست نییە، بە زمانی خۆش دەگەڵی ڕابوێرە! بەڵام دەستت بە گیرفان و دەمی خۆتەوە بێ! دۆستێکی ڕواڵەتیش -با بشزانی بە دڵ دەگەڵت نییە- بە تووڕە بوون لە خۆتی مەڕەنجینە! لەوانەیە زیانت لێ بدا؛ بەڵام کەم کەم خۆی لێ بدەزەوە و کارێک مەکە کە ببێتە دوژمنت. هەزار دۆست کەمە و دوژمنێک زۆرە. تا تۆ لەشی خۆت زۆر خۆش نەوێ و کەیفت لە تەنبەڵی نەبێ، هەموو کەس خۆشی دەوێی و بە سەربڵندی دەژی. ڕۆژگار هەر چەندی ماندوو بی، شەو دەحەسێیتەوە. کارت لە ڕێی ژیاندا پێ عەیب نەبێ. تەگەر ناتوانی ببیە وەزیر، دەتوانی ببیە حەمماڵ و کۆڵکێش. شەرت ئەوەیە بێکار نەبی. ئەگەر لە سەر کارێکی کە مایەی ژیانتی پێ پەیدا دەکەی، تا کارێکی لەوە باشتر و بەقازانجتر پەیدا نەکەی، کاری خۆت بەجێ مەهێڵە! مەڵێ دەچم کاری چاکتر پەیدا دەکەم، کارەکەی خۆت لە دەست بچێ. بێکاری -با دوو ڕۆژیش بێ- پیاوی تەنبەڵ دەکا؛ پشتت لە کار سارد دەکاتەوە. ناشزانی چۆن وەخت ڕابوێری. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نە چرووک بە! نە دەست بڵاو نە ڕەزیل و چرووک بە، نە دەست بڵاو. بابم دەیگوت: «دەوڵەمەندی خەسیس و فەقیری سەخی دەبی هەردووکیان بۆ بابیان عاقڵ کرێن». ئەگەر هەتە، ببەخشە! بەڵام بە ئەندازە. پاشەڕۆژت لە بەر چاو بێ؛ دنیا بێ ئیحتوبارە. ئەگەر بتوانی شتێکت پەزمەندە هەبی بۆ لێقەومان و نەدار بوون. ئەگەر نیتەو فەقیری، چاو لەوانە مەکە زۆریان هەیە و زۆر خەرج دەکەن. ئەو وردە نسحەتانەی من هەموو زیادین. کتێبی باش زۆر بخوێنەوە. بە تایبەتی لە بیرت نەچێ ئەدەبیات و نووسراوی ڕابردووان، لە هەموو بابەتێکەوە پڕن لە پەندی زۆر بەقیمەت. دەتوانی بەرنامەی ژیانی ئابروومەندانە لەوانە فێر بی و دەکاری بێنی. بە منداڵی گوڵستای سەعدیم دەخوێند. بابم دەیگوت: «دەڵێن گوڵستان بە حەوت ساڵەیی دەخوێنن و بە حەفتا ساڵەیی تێی دەگەن». گوتم: بابە! ئەدی ئەگەر نەگەیشتمە حەفتا ساڵ عومر چ بکەم؟ ! بە ڕاستی دەزانم سەعدی هیچی نەهێشتۆتەوە کە نەیڵێت. بەخشین و سەخاوەت دوو جۆرە: ئەگەر دەستی فەقیر و بێدەستێک بگری، هەتیوێک پۆشتە کەیەوە، بێوەژنێکی هەتیوبار یارمەتی بدەی، بەخشینی پیاوانەیە؛ بەڵام ئەگەر بادی هەوا، مەسەلەن لە داوە شاباشی زیاد لە خەڵک بدەی، یان لە ڕستوورانێک، چاخانەیەک زیاد لەوەی کابرای خاوەن ڕستووران دەیەوێ بدەی، ئەوە ناوی کەریەتییە نە پیاوەتی! جارێک دەگەڵ سەید برایمی ئازادی لە تەورێز سەرمان تاشی. لە جیاتی دوو تمەن -کە حەقی سەرتاشین بوو- پنج تمەنی دا. - ئەوە بۆ زیادت دا؟ - ئاخر عەیبە! - یانی سبەی عەکست لە ڕۆزنامەدا چاپ دەکەن کە ئەو کوردەی نازانین ناوی چ بوو زیادی داینێ؟ ! لە تەرەغە خەنجەرێکم هەبوو، زۆر بە خەیاڵی خۆم بە باشم دەزانی. گوتم وا باشە بیکەمە دیاری بۆ کاکە ڕەحمانی حاجی بایزاغا. بە دڵ و داو خەنجەرم بۆ برد. لێی وەرنەگرتم بزانێ چۆنە، بە نۆکەرێکی خۆی گوت: لێی وەرگرە و دەبەر خۆتی چەقێنە! زۆرم دڵ بە خۆم سووتا. ئیتر بڕیارم داکە تازە غەڵەتی وا نەکەم. فەقیر ناتوانێ شان لە شانی دەولەمند بدا. ئەوی بە لای منەوە زۆر شتیکی بە نرخ بوو، لای ئەو هەی لایقی نۆکەرانی بوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر مریشکی لاسای قاز مەکەوە! بۆ نان خواردن دەعوەتی کەسێک بکە لە نانەکەت مەمنوون بێ! دەعوەتی کەسانێک مەکە کە نۆکەریان لە تۆ تێرترە و هەمیشە سفرەیان لە سفرەی ڕۆژی دەعوەتەکەت ڕنگینترە. یانی «ئەگەر مریشکی، بۆ هێلکە کردن لاسای قاز مەکەوە!». دنیا پڕیەتی لە پیاوی فێڵباز کە لە سەر فریودانی دڵسادە و بەستەزمانان دەژین. بە کەوای شۆڕ، بە مێزەری زل و تەزبێح و مت و مووروو خۆیان لە خەڵک گۆڕیوە. دەڵێ وەرە بتبەمە بەهەشت! یان ئەنەندی عەینەک لە چاوە و خۆی لە سەر خەڵک بە هەیبەت کردووە؛ کۆمەڵێک دڵسادە دوای خۆی دەدا: «وەرن حیزبم دروست کردووە، واتان بۆ دەکەم، وا بکرێ...»، لەوانەدا زۆر ئاگاری خۆت بە! دەتوانی بێنیە بەر چاوت: ئەو کابرایەی دەڵێ شێخم، ڕیشی بتاشرێ، شۆرتێکی دەبەر کرێ، پێ خواس بێ، یان وەک چیرۆکەکەی «چخۆف» لە حەمام ڕووت بێتەوە، چون مەیموونێکی لێ دەردەچێ؟ ! دەکرێ بڵێی: بۆ تۆ شتێک نادەی بە من تا من تۆ ببەمە بەهەشت؟ خۆ هی هەردووکمان حەواڵە بە دوای مردنە! یان: کابرای سیاسی خاوەن حیزب! ئەگەر تۆ لە پێشمەوە بی لە سەنگەردا، قبووڵمە. بەڵام تۆ بۆ خۆت لەوپڕی خۆشیدا بژی و من بە کوشتن و گرتن بدەی، خوا هەلناگرێ... جارێک لە شیعرێکمدا -کە چاپیش نەکراوە- گوتوومە: هەرگیز مەبە عەنتەری پیاوێ تۆ هەڵپەڕی، بەو بدەن پڵاوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاوسەر دڵسۆز بێ شەرتە جحێڵ -هەموو جحێڵێک- هەر چاوی لەوەیە ژنێکی جوانی دەست کەوێ. حەقیشی هەیە؛ چونکە ئارەزووی جینسی غاڵبە و تا هاوسەرێکی جوانتری دەس کەوی، کەیفی خۆترە. بەڵام دەبێ ئەوە بزانی کە جوانییەکەی ژن هەر هەتا دوو مانگ و ئەوپەڕی شەش مانگ و یەک ساڵ زۆر لات بەنرخ دەبێ؛ لەوە بەولاوە تۆ خم و کەسێکی دڵسۆزت دەوێ. کەسێک بۆ ژن لازمە کە لە خۆشی ناخۆشیدا هەر پێت ڕازی بێ و شانازی بە ڕفیقایەتی و هاوبەشی لە ژیانتدا بکا. خۆ نەخوازا کە منداڵێکیش پەیدا بوو، ئیتر خۆشەویستی دایک دەکەوێتە سەر منداڵ. نابێ باب لای وابێ دەبێ وەک جاران، ژنی هەموو ڕووح و گیانی بە تەنها لە سەر ئەو بێ؛ هەر چەند باب و دایک لە خۆشەویستی منداڵدا دووبارە گەیونەوە یەک. جا پیاو ئەگەر بە تەمایە ژن بێنێ، دەبێ حەولی ئەوە بدا ژنێک بکاتە شەریکی ژیان کە ژنەکە خۆی بە زیاتر لە مێردەکە نەزانێ. منەتی بە سعردا نەکا کە تەنازولی کردووە و بۆتە ژنی! ژنی وا ژیان لە مێرد دەکاتە جەهەننەم. ژنێک مەخوازە کە بە تەماحی داراییەکەت مێردت پێ بکا. چونکە ماڵی دنیا دێ و دەچێ؛ ئەگەر فەقیر بووی دەگەڵت هەڵناکا. ژنی چاک ڕەحمەتی خودایە و فەقیر بی و دەوڵەمەند بی، لە بەهەشتای و بە دڵخۆشی دەژی. ژنی خراپیش و بەبۆڵە و پرتە و لووت بەرز -با حۆری بەهەشتیش بێ- ژیانت لێ دەکاتە جەهەندەم و خەلاس بوونت زۆر چەتوونە. دڵم چووبووە سەر کچێکی شێخ محەممەدی خانەقا. بە هۆی کچی قازی زڕدایکەموە بە بابم ڕاگەیاند. گوتی: «کوڕی خۆم! لە باتی سێ ژن، ژنێک بهێنی باشترە!» پێم سەیر بوو؛ بۆی ڕوون کردمەوە: کچی شێخ خۆی لە تۆ پایەبەرزتر دەزانێ. دەبێ کارەکەرێکی بۆ بگری خزمەتی بکا. دەبێ کارەکەرێکیش بۆ خۆت پەدا کەی خزمەتت بکا! ئەگەر ڕێک بکەوێ کیژێکی لادێیی بێنی و خۆشی بوێی زۆر چاکترە لە کیژێکی شارستانی نازدار و کارمەندی شارستانی. کیژی لازێ کە دێتە شار، حەمام چوون و جلی شارستانی بە لاوە خۆشییەکە کە بە هۆی تۆوە دەستی کەوتووە؛ بەڵام کیژە شاریییەکە کە عادەتی بە خووی شارەوە گرتووە، بەهانەی لێ نابڕێ. من خۆم ژیانی ئەو مێرد و ژنانەم بە لاوە ژانەو ژیان نییە، کە هەردووک لە بەیانییەوە تا ئێوارێ هەر یەکە لە ئیدارەیەکی دوور لە یەکتر دەژین و ئێوارە بە ماندوویی دێنەوە و منداڵیان بە خەڵکی بێگانە سپاردووە. ئەگەر مومکین بێ ژن ئاگای لە ماڵ بێ و پیاو ماندوو بێ، بە لامەوە خۆشترە. پیاو کە گرانایی ژیانی لە سەرە و بە ڕۆژگاردا لە دەرەوە دەژی و هەزاران قسەی ناخۆش لە دەسەڵاتداران و بێ ئاکاران دەبیستێ، بە دڵ تووڕەیە؛ لە ماڵە خۆی -وەک دەربڕینی هەست- وا دەبێ بە سەر ژیانیدا دەقیڕێنێ. ژنی نەجیب ئەوەیە دڵخۆشی مێردی بداتەوە و بزانێ کەچۆن دەرد و ناڕەحەتی ڕۆژگاری لەبیر دەباتەوە؛ نەک ئەویش چەنە بە چەنەی دەگەڵ بکا و ماڵی لێ بکا بە جەهەننەم. ژنیش لە ماڵداریدا، لە بەخێو کردنی منداڵدا، لە لای دەروجیرانی خراپەوە دڵی پڕ دەبێ، چاری ناچار ئەویش وا دەبێ هەڵدەچی و بۆڵە و دەردی دس دەکا. دەبێ مێردەی عاقڵ ئەو کارەش هەڵسەنگێنێ، بە خێنساری و دڵخۆشیدانەوە خەمی ژنی شەریکی عومری بڕەوێنێ و بە سەریا نەگوڕێنێ و نەیکاتە شەڕ و دم لە دم نان؛ کە هەم ژیان لە هەر دووکیان تاڵ دەبێ و لەوانەشە لێک جوێ ببنەوە. کە وا بوو دەبێ هەردووک ئەوەندە عاقڵ بن، ئەگەر یەکیان خەریکە تووڕە دەبێ، ئەوی تریان، نەرمی کاتەوە. تووڕەییش هەر سەرێکە و زوو دەڕوا و ئەوی لای وایە بۆتە مایەی ناڕەحەتی هەواڵەکەی پەشیمان دەبێتەوە. ئاوا دەتوانن تا مردن یەکتریان خۆش توێ و دنیا بکەنە بەهەشتی خۆیان. کورد دەڵێن: «ژن و ماڵ»، ژن بۆیە پێش دەخەن کە تا ژن نەبێ ماڵیش نابێ. کورد دەڵێن: «پیاو کرێکاری قوڕە و ژن بەننایە»، پیاو هەرچەند خۆی ماندوو کاو زۆر پەیدا کا، ئەگەر ژنەکەی بە سەلیقە و دڵسۆز نەبێ بۆ ماڵی مێردەکەی، خانوو سەر ناگرێ. ژنێ کە دڵی ماڵی خۆی خۆش بێ و مێردی خێی خۆ بوێ، هەرچی مێردی بۆی دێنێ بە دڵ و داو ماڵی پێ ڕێک دەخا و حەز دەکالە ماڵی خەڵک خۆشتر بێ. ترسەنۆکی و خەسیسی بۆ پیاوان ڕەوشتێکی زۆر عەیبە؛ بەڵام بۆ ژن مەدح و کارێکی پەسندە. «عەلی بە حوسێن توغراسی» لە «لامیەتولعەجەم»دا دەڵێ: «قسەی زۆر چاک دەربارەی ئەو کیژانەوە دەکەن کە ترسەنۆک و خەسیسن»! پیاو دەبێ ببەخشێ؛ بەڵام ژن هەر دەبێ بە دڵ و داو ماڵداری بکا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەڕ مەفرۆشە و خوێڕیش مەبە! ترس و ئازاییش دوو جۆرن: تۆ کە هەر شەڕ بکەی و گێچەڵ دەخەڵک هاڵێنی، ئەوە ئازایەتی نییە، بێ ئەخلاقیە. بەڵام کەسێک بە ئاشکرا زوڵمت لێ دەکا؛ ئەویش یەکێکە وەک تۆ. ئەگەر لە بەری دانەوێنی و دیفاع لە خۆت نەکەی، ترسەنۆکی و بە خوێڕیت دەزانن. چیرۆکێک لە «الاغاني»دا هەیە: کابرایەکیان دەبرد لە تۆڵەی پیاوێکا کە کوشتبووی بیکوژنەوە، دۆستێکی لێی پرسی: «بۆ ئەو کارەت کرد؟»، گوتی: «من بێ خەتا بووم، ئەو کابرایە زوڵمی لێ دەکردم. گوتیان دوعای لێ بکە و شکایەت لە خوا بکە. دیتم خوا پێم دەڵێ: من ئەویشم وەک تۆ دروست کردووە. شەرم ناکەی بۆ خۆت دیفاع لە خۆت ناکەی و هاوار بۆ من دێنی؟ ...». خولاسە شەڕی خەڵک مەکە هی خۆت؛ بەڵام واش خوێڕی مەبە لەسەر خۆت وە جواب نەیەی. حەول بدە بە شکایەتی قانوون، بە یاریدەی دۆستانت زوڵم لە سەر خۆت لا بەرە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووخۆش بە و زوو هەڵمەچۆ هەمیشە زمان و ڕووخۆش بە. فێری جوێندانی پیس و بازاڕی مەبە. بە ڕووی خۆش و زمانی خۆش دوژمنیش دەکەیتە دۆست. ئەگەر تۆ ڕاست بی و خۆی دەردەکەوێ و قسەهەڵبەست شەرمەسار دەبێ. حوسەلە و خوێنساردی لە ژیاندا بناغەیەکی زۆر پتەوە. من لام وایە پشوو و لەسەرخۆیی و کەم تووڕەبوون و لە بێست دەرنەچوون و پەلە نەکردن، نیوەی ژیانی خۆشە و بگرە زیاتریش. وەک دەڵێن «پیاوی بە حەوسەلە کەروێشک لە عەڕابە دەگرێ». لە قسە دەگەڵ خەڵک کردندا شەرم مەکە؛ بەڵام قسەی ناسک و بە ئەدەب هەڵبژێرە. کە داوای یاریدە و کار پێکهاتن لە هەواڵ و ناسیاوت دەکەی، تۆ قەرزێکت لە سەری نییە؛ کە وا بێ دەبی زۆر پشوو لە سەر خۆ بی و ئەگەر لە دە کار یەکیشی بۆ پێک بێنێ، دیسان شوکری خوای دەوێ. ئیتر هەرچی گوتت و پێکی نەهێنا، نابێ نێوانی دەگەڵ ناخۆش کەی و لە لای خەڵک غەیبەتی بکەی. «بە زمانی نەرم و خۆ مار کون دێتە دەر». ئەمجار کارێکت بۆ ناکا؛ بەڵام لە چەند جار، جارێک فایدەیەکی هەر لێ دەبینی. لەوانەشە تووشی هەواڵی وا ببی کە بە پێی توانا بە دڵ یاریدەت بدا. بە کەلیمەی خزمتم و لە تاریفت کردن فریو مەخۆ، ئەخلاقی کابرای کە خۆت لێ نزیک دەکاتەوە بێنە بەر چاو. من لەوەدا زۆرم زەرەر کرد... دەگەڵ برا و عایلەی خۆت تا باش بی کەمە. خوێنی خۆتن، قەت لا ماڵی دنیا لێکتان نەکا. برایەتی من و «سادق» و «عەبدوڵڵا» دەگەڵ «زێنەب»ی خوشکم بۆ من زۆر خۆ ڕابراوە؛ بەڵام دیسان هەموو برایەک ناکرێ وا بن. زۆر برای وا هەیە لە دوژمن خراپترە. زۆر دۆستی واش هەیە لە برای دایک و بابی چاکترە. ئەوانە تەجرەبەی ژیان بۆت دەردەخا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاتنە دنیام و کورتەیەک لەمەڕ دایک و باوکمەوە خوایە! بە هومێدی تۆ بۆ خۆم لە بیرم نیە کەنگێ بۆ یەکەم جار هاتوومە دنیاوە! بەڵام وەک بۆیان گێڕاومەوە و باوکم لە بیرەوەریەکانی خۆیدا نووسیبووی، ڕۆژێکی زۆر تووش و بارانی بووە -لە دایک بووم و بریا هەر نەبووبام... دایک و باب دڵیان خۆشە و خەنی بوون خوا کوڕێکی داونەتێ. مامان ناوکی ببڕە و مزگێنی و هەق دەست وەرگرە! باب هەر بە پەلە، بەر لە حەوتم! پەل بووە ناو بۆ تاقانەکەی بدۆزێتەوە. لەو دەمەدا کە مژدەیان داوەتێ، خەریکی خوێندنەوەی کتێبێک بووە کە زۆری لێ خۆش هاتووە. دەسا بە خوا ناوی نووسەری ئەم کتێبە لە کوڕی خۆم دەنێم. خاوەن کنێب «عەبدوڕەحمانی سیوتی» بووە و زانا و شاعیر و مێژووزانێکی لەزەبرە. پێغەمبەریش فەرموویە: ناوی هەرەچاک عەبدوڵڵا و عەبدوڕەحمانە. دەسا با منداڵ لە ناو پەڕۆ و پاڵدا زیقەی بێ و فێری مەمک مژینی کەن، تا کورتە باسێک لەو دایک و باوکە بگێرمەوە: باوک مەلەیەکە لەو ڕۆژەدا کە خوا ئەم کوڕەی داوەتێ، چل و هەشت ساڵی لە تەمەنی ڕابواردووە، بەڵام چۆن ڕابواردنێک؟ بابی و دایکی هەردووک مەلا و مەلازادە بوون. بەر لوە ئەو چاو بە دنیا هەڵێنێ، هێندێک مڵکیان لە گوندی شەرەفکەند هەبووە؛ بەڵام کەوتوونە فەقیری. باب زوو مردووە و کوڕ کە ناوە محەممەدە و حەمەیان پێ گوتووە و لە ناو منداڵان، بۆریشیان لەقەب داوەتێ بۆتە «حەمەبۆر». لە باوەشی دایکی بێوەژن و نەداردا بە خێو بووە و هەر لای ئەیش ماوەیەک دەرسی خوێندووە. تەمەنی لە چاردە ساڵاندایە، دایکی دەینێرێتە فەقێیەتی. لە بابم بیست گوتی: لەو دەمەدا کە دایکم دەیگوت بڕۆ ببە بە فەقێ، من چیلکەیەکم دەعەرز دەوەژاند و کز و مات بووم. پرسی چیت لە دڵدایە؟ گوتم: دایە! خۆزگە دەرپێیەکی تازەم ببوایە، ئەمەم دڕاوە. گوتی: کوڕم! بە خودا نەک دووقڕان -کە قیمەتی دەرپێیە- تەنانەت چوار تاقە شاییش شک نابەم. بڕێ بێ خێت ببە پیاو، پەیدا کە! ... لە فەقێیەتیدا بێتە موستەعید؛ بەڵام نەگەیوەتە ئیجازە وەرگرتن. خاڵی -کە «مەولانە سادق»ی خەلیفەی شێخی بورهان بووە- کردوویەتە خزمەتکاری خۆی. مەولانا وەکیل و بریکاری شێخ بووە لە سەر موڵک و ماڵی شێخ و زۆر پیاوێکی بەبڕشت و کارامە و بەهەڵسووڕ داسووڕ بووە؛ شوێنەواری لە موکریاندا هەر ماون: «پردی قەرەقشڵاغ»، «جادەی بەسری» و «پردی قەڵاتاسیان» کردەوەی مەولانان. لە ساڵی گرانی گەورەی ١٣٣٦ی کۆچی مانگی، خەڵکی هەژاری ناوچەی سەردەشتی، لە مردن و بێ نانی ڕزگار کردووە و دەخڵی بۆ ناردوون و خێری خۆی داونیەتێ. مەولانا جارێک لە شێخ زیز بووە و سەری خۆی و بابمی هەڵگرتووە و ڕووی کردۆتە شاری «وان» لە وڵاتی تورکان و بۆتە میوانی مزگەوتێک. بۆ بەختی ئەو دووە، دارتووێکی سوور لە مزگەوتەکەدا تووە و لەو دەمەدا هەڕەمەی برگرتنی بووە. نانی وشکیان دەئاوی توو کوشیوە و خواردوویانە. مولانە خوارزاکەی خۆی خستێتە ناو بازاڕ و کاسبی فێر کردووە. دەیگوت: لە بازاڕی «وان»دا دەگەڵ ئەرمەنییەک بوومە ئاشنا. ڕۆژێک گوتی: من سەد لیرەت دەدەمێ، کاسبی پێوە بکە؛ قازانج بە نیوەیی. گوتم: با پرس بە خاڵم بکەم. خاڵم گوتی: وا دیارە ئیمانتان لێک نزیکە! بچێ لێی وەرگرە! وردە وردە حەمە بۆتە قاچاغ فرۆش. لە نێوان ئێران و ڕووس و عوسمانیدا تفەنگ و فەڕش و جەوهەری ئاڵوگۆڕ کردووە. زۆری پێ نەچووە خاڵی دەوڵەمەند بووە و لە گوندێکی بە ناو «خوڕخوڕە» خانەقایەکی بنیات ناوە و چەندین باخچە و ڕەزیشی لە دەوری شاری وان کڕیوە. دەیگوت ڕۆژێک چەند کەسێک هاتنە سەر ڕێم، گرتیانم و بردیانمە ئاوایی کە گوندێک بوو ئاغای موسڵمان و ڕەعیەتەکانی زۆربەیان ئەرمەنی بوون. ئاغا گوتی: تۆ دەگەڵ کەشەی دێ وتووێژی دینی بکە! ئەگەر سەرنەکەوتی ئەوا ڕووت کراوی و ئەگەر سەرکەوتی ئازادت دەکەم. «یاخوا کەشە هێندە زانا نەبێ دەگەڵی دەرنەبەم!». مەجلیس ڕازاوە، کەشە هات؛ ئەم وتووێژە ڕووی دا: - ئێمە ئەگەر خۆشەویستێکمان بە چەکێک بکوژرێ، چاومان بڕوایی نادا ئەو چەکە ببینین. کەچی مەسیحی ئەو دارەی«مەسیح»ی پێ ئیعدام کراوە بە پیرۆز دەزانن و هەر یەکە دە ملیاندایە و بەرەکەتی لێ دەخوازن. - وادیارە پیاوێکی ناتێگەیشتووی! سەلیب لە شکڵی بنیادەمە بۆیە ڕێزی لێ دەگرین. بڕوانە! کەشە خۆی درێژ کرد و هەردووک دەستی لێک بڵاو کرد، بوو بە سەلیب. - ڕاست دەکەی مامە کەشە؛ بەڵام ژنەکانیش هەر وەک سەلیب وان، چۆن دەچنە لایان؟ ! حازران بەو قسە قۆڕە ملیان لە پێکەنین نا و ڕێگەی جوابی کەشەشیان بڕی؛ ماڵەکەیان دامەوە. جارێکی تریش چەتە ڕووتیان کردم. دەهاتن بڕۆن گوتم من ماڵی خۆمتان لێ دەستێنمەوە، من خوارزای شێخی خوڕخوڕەم. لە ترسی مەولانا -کە ناویان بیستبوو- دایانمەوە. حەمە بەر لەوەی تووشی ئاوارەیی بێ، ژنێکی هێناوە خزمی خۆی و ناوی «ئامین» بووە. ئەو ژنەش لەو ئاوارەییەدا دەگەڵی ژیاوە و لەو ماوەی ئاوەرەییەدا کچێکیان بووە. پاش حەت ساڵ ژیانی ئاوارەیی، شێخ ناردوویە مەولانای بردێتە لای خۆی و گەڕاونەتەوە وڵات. ئەوسا «حەمەبۆر» کە ئێستا ناوی بۆتە «مەلا محەممەدی بۆر»، پیلی ماڵ و منداڵی گرتووە و لە شەرەفکەندەوە هاتۆتەوە سابڵاغ. لەم بەینەشدا -کە ئەو هێشتا فەقێ بووە- دایکی مردووە. ماڵە لادێیەک بە چەند سیپاڵێکەوە هاتۆتە شار، لە چاوە خانوێک دەگەڕێ تێیدا ستار بێ. «حاجی سەید مستەفای کولیجی» باوکی سەید محێدینە شینە و باپیری سەید عەبدوڵڵای کولیجی، ژوورێکی پشکەڵدانی دەداتێ کە خاوێنی کەتەوە و تێدا بژی و کرێ نەدات. بابم دەیگوت «ئامین» ئەوەندەی دڵ بەو ماڵەی خۆش بوو کە هیچ پادشایەک ئەوەندە شایی بە کۆشک و سەرسەرای خۆی نەبووە. با ئەوەشمان لە بی نەچێ کە مەولانا بەو خوارزایەی خۆی وتووە «حەمەبۆر»، پاش خوێندنی بۆتە«مەلا محەممەدی بۆر»، دواییش کە چۆتە حەجێ، کراوەتە «حاجی مەلا محەممەدی بۆر». مەلا لە شار ملی لە کاسبی و کار ناوە. لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانیویەتی خانوو بکڕێ و ماڵ وە سەر یەک نێ. لە شەڕی گەورەی یەکەمدا -کە ڕووس قەتڵوعامی خەڵکی سابڵاغیان کردووە- تاڵان کراوە و لە مردن خەلستووە. ژنی هەوەڵی مردووە؛ کیژەکەشی لە تەمەنی چاردە ساڵیدا بە مردنی خۆی داخی بە جەرگی باوکیەوە ناوە. ژنێکی تری هێناوە کە کیژی «سڵەمان ئاغا» ناوێکی کۆنە تاجری لە کارکەوتە بووە. لەسەر ئەوە کە دیتوویە ژنەکەی بە بێ ڕووپۆش هاتۆتە بەر دەرک و کۆڵان، تەڵاقی داوە و بێ عەولاد ماوەتەوە. لە کاسبی کردندا زۆر زرینگ و لێزان بووە. دووبارە پاش تاڵانی ڕووس، خۆی گرتۆتەوە و پارە و پووڵێکی باشی وە سەر یەک ناوە و هەوڵی ژن هێنانی داوە. کچی «حاجی سەید حەمەدەمینی سارەوانان»ی خواستووە کە تەمەنی شازدە ساڵان و زۆر جوانێکی بەناوبانگ بووە. فەرقی عومری مێرد و ژن سی و دوو ساڵ بووە؛ بەڵام پیاوەکە پارەدارە بە زەبری پارە بەردیش نەرم دەبێ. لە پاش ساڵێک لە گوێزتنەوەی بووک، ئەوا خوا کوڕێک دەدا کە باوک لە وەجاغ کوێری و دایک لە بێ بەری ڕزگار دەکا. «ماڵی دنیا بۆ ئەمڕۆ نەبێ بۆ کەنگێ دەبێ؟ هەر بۆ پڵاوی حەوتەمی کوڕ، مەنجەڵێکی چوار قوڵفەی زنجیردار دەکڕم، هەر چی دەیناسم بانگی دەکەم. دەبێ مەلا تەهای دۆستم بانگی بە گوێدا لێدا و ناوی بنێ عەبدوڕەحمان». وەک دەڵێن زۆر منداڵێکی گرینۆک و بەگڕوو بووم؛ کەم وەختان ژیر بوومەتەوە. بەڵام دایک و باب و نەخوازە دایک ئەوەندەیان شایی و شانازی بەو تاقانە هەبووە کە نەبێتەوە. گۆیا دایک لە پاش هەموو نوێژان دوعای کردووە: «خودایە هیچ کوڕی دیکەم نەبێ تا لە ماڵدا نەبێتە شەریکی عەبدوڕەحمان»! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاڵانی شکاکان کاتێ کە هاتوومە دنیا، ئاخر و ئۆخری بەهاری ١٣٠٠ی شەمسی بووە و لە پێناسەکەمدا -کە حەوت ساڵ دوای لە دایک بوونم وەرگیراوە- ڕۆژی لە دایک بووتم هەژدەی جەوزا، واتا مانگی پووشپەڕە. لە پاییزی ئەو ساڵەدا لەشکری «سمایلاغای سمکۆ» بۆ شەڕی عەجەم، سابڵاغی داگیر کردووە و شکاک ڕژاونەتە شار و ملیان لە تاڵانی کوردان ناوە. وا دیارە سمایلاغا هەر وەک ویستوویە لە چنگ عەجەم ڕزگارمان کا، ویستوویە لەو ماڵەش کە دەبەر پێس عەجەمدا پەیدا کراوە، ڕزگارمان کا! جا ئەگەر خەڵکی شار کەم تا کورتێک ماڵی خۆیان شاردبێتەوە و لە تاڵانیان پاراستبێ، باوکی من بەو هومێدە کە کام هەمزەی برای قەرەنیاغای مامەش برادەریەتی و ڕاوێژکەری سمایلاغاشە، ناهێڵێ ناڵان بکرێ، دەستی لە هیچ ئاشتەبایەک نەداوە. بۆ نەگبەتی برادەر نەهاتووە، شکاک ڕگاونە ماڵ، هەرچی بووە بردوویانە. نەنانەت دەسرازە و پەڕۆ و پاڵی لانکی منیشیان بردووە و منیان لە سەر خۆڵەمێش بە ڕووت و قووتی فڕێ داوە. بابم دڵخۆشی دایکمی داوەتەوە کە مەم مەخۆ! ماڵی دنیا پەیدا دەبێتەوە. دایکم زریکاندوویە: «من خەمی هیچم نییە، تەنیا خەمی ئەوەمە کوڕەکەم ڕووتە، چی تێوە پێچم؟ !». ئەو تاڵانی شکاکانەش بۆتە چیرۆکێکی سەیر لە ناو خەڵکی سابڵاغدا: ژنیان ڕووت کردوون بەڵام ڕوویان وەرگێڕاوە و گوتوویانە: «خویشکا من! دەرپێ خۆ بدە من. ئەز ل تە نانهێڕم؛ خودێ قەبوول ناکە!». جگە لەوە هەموو کەس و هەموو ماڵیان تاڵان کردووە، پیاوەکانی خەڵکی شاریشیان بە بێگار گرتووە. ماڵی تاڵانی بۆ بنکە ڕاگوێزن. «مەلا مارف»ی شاعیر لەو باسەدا دەڵێ: ئاواڵ کراسی کیژ و ژن و خانمی وەتەن دایانڕنین ئەوانی سەبابانی قوون تڕۆڵ قازی و مەلا و تاجر و ئەسنافی خەڵکی شار گیران بە سوغرە کەوتنە ژێر باری دار و کۆڵ شکاک کوردی سابڵاغییان هەر تاڵان کردووە و نەیانکوشتوون؛ بەڵام هەر ترک زمانێکیان وەبەر پەل هاتووە کوشتوویانە. یەکێک لەو ترکە ئازەریانە برادەری بابم بووە؛ خۆی و ژنەکەی پەنایان بە ماڵی ئەو هێناوە و حاوەونەتەوە. ژنی «کەربەلایی فەتحوڵڵا زەنگانی» ساوای لە بەربووە و شیری زۆر بووە. یاریدەی دایکمی داوە و شیری داومێ. کە زۆر ساڵان بە جحێڵی تا منی دەدیت دەگریا و منی وەک کوڕی خۆی خۆش دەویست. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مردنی دایکم دایک لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا تووشی نەخۆشی سیل دەبێ و زۆری پێ ناچێ دەمرێ. تاقانەکەی لە تەمەنی دوو ساڵیدا لە دایک بێبەش و هەتیو دەمێنێ. ژنێک بە ناوی «خات شەرەفەت» لە ساوەوانان ماوەیەک شیری داومەتێ. لە پاش ئەوە دوو ساڵ ژنێک بە ناوی «خات ڕوقیا» سەرپەرشتیم دەکا. تا بابم سەر لە نوێ بۆ جاری چوارەم گن دێنێ و ژنەکەشی لە بنەماڵەی قازیەکانی سەردەشت بوو. ناوی «مریەم» بوو؛ بەڵام هەر بە ناوی «کچی قازی» دەناسرا. پاش دوو ساڵ هۆگر کرتن بە خات ڕوقیاوە، دیسان هەتیو کراومەوە و دراومە دەست دایکی سێهەم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە قوتابخانە خواوڕاستان زۆری نەبرد کە خوشکێکم بۆ پەیدا بوو؛ هەم هەواڵی من و هەم خەمڕەوێنی ماڵەوە. واتا هەر پێنج ساڵ تاقانەی ماڵ بووم. بابم بەو پێ و شوێنە کە دەبێ بەچکەی سۆنە مەلەوان بێ؛ هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەرسی ئەلف و بێتکە و جزمی عەممەی پێ دەخوێندم. ئای کە خوێندن ناخۆشە! هەرچی فێر دەکرام پاش سەعابێک لە بیرم نەدەما و لای تەنبەڵیدا تاقە سوارەی مەیدان بووم. باب هەر دەیگوت: جزمی عەممە ڕەوان کەی دەتنێرمە لای مەلای باڵەکی لە خانەقای شێخی بورهان قورعانت پێ ڕەوان کا. پیاوێکی ممبارەک و قوعانزانێکی لە زەبرە. بەڵام ئەو ئاواتە هەر پێک نەهات. تا سوورەتێکم دەخوێند، نەک هەر سوورەتی پێشوو، بەڵکە ئەلف و بێتکەکەشم لە بیر دەچوونەوە. «ئەو خوایە بە دەست ئەم هەتیوە دەبەنگ و نازیرەکەوە چ بکەم؟ تەگبیر، تەگبیر... بە خوا بینێرمە قوتابخانەی مەلا لە هەمووی چاکترە، لە من ناترسێ لەو دەترسێ». لە بیرمە ڕۆژێک پیلی گرتم و ڕۆیشتین. چووینە شوێنێک، تاریک، ڕەش بە دووکەڵ. چەند حەسیرێک ڕاخراوە و بیست منداڵێکی وەک خۆمیان لە سەر دانیشتووە. مەلایەکی مێزەر زلی دەنگ گەورە، دوو شووڵ بە دەستەوە، لە بەر بابم هەستا و بەخێری هێنا. بابم گوتی: مامۆستا دەستت بێنە. دەستی منی خستە دەستیەوە و گوتی: ئەم کوڕە بۆ هێناوی، گوشتی بۆ تۆ، ئێسکی بۆ من. شەرت و مەرجی قوتابخانە چییە؟ مامۆستا فەرمووی: مانگێ قڕانێک. حەقی ئاوخواردنەوە دوو شایی. حەسیر بێنێ بۆ لە سەر دانیشتن. ئەگەر باشیش نەخوێنێ یان هاروهاجی بکا، بۆتی تەنبێ دەکەم. سەودا سەری گرت؛ خێری لێ بینی. لەو ڕۆژەوە دەبوو سیپارە لە بن هەنگڵدا بچم تا نیوەڕۆ لە قوتابخانە بم و دوای نیوەڕۆ بەرهەڵدای کۆڵان و سەرگەرمی گەمە و کایە بم. ڕۆژانەم دوو شایی واتا سەدەیەکی تمەنێک بوو؛ کە لە پێم دەهات و لە سەرم دەردەچوو. بایی شاییەک کشمیش و لەبلەبی گیرفانی داخنیم و مڕی دەکردم. مەلاوڕەحمانی مامۆستا، ژنێکی هەبوو بە ناوی خاتوامان و دەروجیران ئامانی مەلاوڕەحمانیان پێ دەگوت. ڕۆژانە لە بەیانییوە تا نیوەڕۆ چڕەدووکەڵێک بوو چاو چاوی نەدەدیت؛ بەڵام زۆرمان کەیف بەوە دەهات کە تیشکی ڕۆژ لە کولانکەوە دەیدایە ژوورەکە و دووکەڵ لە تبشک دەهاڵا و کۆڵەکەیەکی جوان و لەباری لێ ساز دەبوو. مەلا زۆر دەنگ گەورە بوو؛ بەڵام لە بەرامبەر ختواماندا دەنگی وەک دەنگی مێش دەگەڵ گوڕەی شێر وا بوو. هەمیشەش چەققە و هەرا و شەڕەجوێنیان بوو؛ کە بە ڕاستی لە چەقە و گوڕەی ئەو دوانە ئێمە کەیفمان دەکرد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شووڵی سەر کۆش و پەتی فەلاقە و... مامۆستا لە لای سەرووی قوتابخانە، یان بڵێم دووکەڵدانەکەوە دادەنیشت. دوو شووڵی دێژی لە سەر کۆش بوو. چاوی دەگێڕا کێ لە ئێمە چاوی بە سەر سیپارەدا چڕ نەکردووە، بە بێ ئەوە هەستێ، شووڵێکی تێ دەسرەواند و جوێنێکی حەواڵە دەکرد. دارێکی کەوانی، پەتێکی تێ خرابوو لە پشت سەریەوە بە گرێی کۆڵەکەیەکەوە هەڵواسرابوو، ناوی «فەلاقە» بوو. هەر منداڵێک هاروهاجی بکردایە، پەتی فەلاقەی لە لاقی بادەدرا و یەکێک لە ئێمە دەیگرت و قاچی گوناهباری بەرز دەکردەوە؛ مامۆستا بە شووڵی بەڕ وەردەگەڕا بەری پای و هاوار و زیڕەی لێ هەڵدەستاند. منداڵێک میزی هاتبا، دەبوو قامک بەرز کاتەوە و بڵێ دەچمە سەراوێ. هەقی دەرچوونیش بۆ میز کردن دەبوایە بەری دەستی پان ڕاخا و مامۆستا شووڵێکی لە بەری دەستی بدا ئەوسا بچێتە دەر. زۆر زوو عادەتمان بە ئێشی شووڵ کرت و ڕۆژێ دوو سێ جار داوای چوونە سەراومان دەکرد کە هیچ نەبێ تاوێک لە خوێندن خۆ بدزینەوە. هەر کە مامۆستا بە فەرمانی خاتوامان دەبوو بچێتە بازاڕ و کەلوپەل بکڕێ، سەرمان لە سەر سێپارە لا دەبرد و هەر کە خاتوامان چەمبووڵێکی بەرەوپشتی مامۆستا حەوالە دەکرد، دەمانزانی وچانی خوێندنە؛ دەمانکردە چەقە و هەرا. گاڵتەی هەرەخۆشمان مێش گرتن بوو. خوا نەیبڕێ چندی خوا حەز کا مێش هەبوو. نەخافڵ مێشێکمان دەقۆزتەوە، یان بەلەکمان هەڵدەماڵی و تفمان دەکرد و داوە بەنێکمان لە سەر گوێزینگ بە هەر دوو دەست ڕادەگرت. مێش لە جی تف دەنیشت، هێدی هێدی بەنەکەمان بەرەو ژوور دەخزاند و لاقی نێش بە تەڵەوە دەبوو؛ دەمانگرت. پووشکەیەکی باریکی حەسیرمان دەکنگی دەچەقاند و بەرەڵامان دەکرد و کێبەرکێمان بە مێشی کلک حەسیر دەکرد و دەتریقاینەوە. تا مامۆستا دەهاتەوە، بە سەدان لەو مووشەکە مێشانە لە ژوورەکە سووڕیان دەخوارد. زۆر جار دار و فەلاقە لەسەر ئەو مووشەک فڕاندنە وەکار دەکەوت. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاپەڕینی مەلا خەلیل ڕۆژێکی زستان و بەفر بوو؛ وەخت چێشتەنگاو بوو؛ لە پڕ بۆ هەوەڵ جار لە ژیانی ئێمە منداڵاندا گوێمان لە دەنگی تۆپ و ئاگربار بوو، کە بە ئاگرباریان دەگوت «شێستیر». مامۆستا ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا، هەر تفی قووت دەدا. خاتوامان بەربووە سنگ کوتان و هاوار؛ ئەمەش وێکڕا وەک دەستەی سیمفۆنی بە یەک هەوا دەستمان کرد بە گریان. مامۆستا بە دەنگێکی گڕی گریاناوییەوە فەرمووی بڕۆنەوە ماڵ. هەر کەس بە گریان، بە بێ ئەوە بزانێ بۆ دەگری، بەرەو ماڵ هاتینەوە. کارەساتم بۆ بابم گێڕاوە. پێکەنی و گوتی: لەشکەری مەلا خەلیل -کە دژ بە دوەڵەتە و مەلا نایەوێ کڵاوی پەهلەوی لە سەر موسوڵمانان بنێن و کافریان کەن! - گەیشتوونەتە بڵندایی دەوری شار و دەوڵەت بە تۆپ و شێستیر دایگرتوون. بەڵام خوا مەلا خەلیل سەرکەوتوو بکا، ئیشاڵڵا دەرەقەتی نایەن. بابم و زۆر لە برادەرانی -کە میوانمان دەبوون- دوعای سەرکوتنی مەلا خەلیلیان دەکرد و دەیانگوت خوا ڕوحم بە موسڵمانان بکا و لەو کافرانە ڕزگارمان بێ. بەڵام بەو حاڵەش چونکە جارێک لە شەڕی شکاکاندا دەستی بە زاخاودا چووبوو، ماڵ و نەغدینەی خۆی شارئەوە؛ نەوەک مەنگوڕی لەشکری مەلا خەلیل تاڵانی کەم. من ئەو کاتە تەمەنم حەوساڵان بوو. لە قسەی بابم و میوانانەوە مەلا خەلیلی کوردم خۆش دەویست و ڕقم لە دەوڵەت هەڵدەستا. لە ژووری ماڵدا دەگەڵ خۆم گوێزێنم دەکرد؛ پێکم دادەدان. هەر گوێزێک بشکایە دەمگوت ئەوە عەجەمە شکا و دوعام دەکرد یاخوا هەر بشکێن و مەلا خەلیلی کورد سەرکەوێ. مەلا خەلیل و مەنگوڕی لەشکری، خۆیان زۆر بۆ نەگیرا و شکان. سپای دەوڵەت لە یاریدەی هۆزەکانی گەورک و مامەش، وڵاتەکەی داگیر کردنەوە و هەرچی وە بەر پەلی هات بە تاڵانی برد و چەند ئاغایەکی مەنگوڕیشی بە دیل گرت و لە زیندان توند کرد. کتێبخانەی مەلا خەلیل لە بازاڕی سابڵاغ هەڕاج کرا. بابم زۆر لەو کتێبانەی کڕیەوە و خزمەکانی مەلا خەلیلی ناردەوە. لەو قوتابخانەدا «جزمی عەممەی تەبارەک»، «سمایل نامە و ناگەهان»، «یاقیدەی شێخ سەمیع» و «ئەحمەدی شێخ مارفی نۆدێیی»م خوێند. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەردانی مدیری مەعارف، میرزا محەممەدی قازی (قازی محەممەد) «قازی محەممەد» -کە ئەوسا «میرزا محەممەدی قازی» ناو بوو ببوە مدیر مەعارفی سابڵاغ، بەبێ مەعاش واتا ئێفتیخاری. جاو ئەو کە دەوڵەت بوو- دەبوایە هەموو فێرگەکان بە سەر کاتەوە. بڕیاری دابوو بێتە قوتابخانەکەی ئێمەش و بڕوانێ چۆنمان خوێندووە. مامۆستا بە منی گوت: گوڕم! ئەگەر جاروبار لێتم داوە بەڵام تۆم خۆش دەوێ. حەز دەکەم تۆ بە مدیری مەعارف بناسێنم. زیرەک بە! بە باشی جواب بدەوە! ئەی بە خێری ناسڵامەتی، کەس نا، من! تۆ بڵێی مودیر چ بێ؟ چیم بێ بپرسێ؟ ڕۆژێک لە پڕ مدیربەگ خۆی کرد بە ژووری پڕ لە دووکەڵ و مێشدا. مامۆستا منی نیشان دا، گوتی: قوربان ئەم کوڕە تاقی کەوە! مدیر فەرمووی: دەی شتێک بخوێنەوە! ملم لە ئەحمەدیە بۆر نا: ڕەئس سەرە، عەین چاوە بەدەن قاڵب، ئیسم ناوە جەبین و جەبهەت توێلە مەکر و کەید و حیلە فێڵە گوتی: دافریم، بەڵام بۆ گوتت فێلە و توێلە؟ دەبوو بە لامی قەڵەوی بڵێی. من ئافەریمم وەرگرت و مامۆستاش لەوە کە مدیری دڵخۆش کردووە هەر بزەی سمێڵی دەهات. مودیریش لە بیری چوو لێم بپرسێ توێڵ و فێڵ یانی چی؟ تا وەک هەرامە دە قوڕ چەقیبام! چونکە وەک تووتی فێر کرابووم و نەمدەزانی چیم خوێندووە. هەر دەمزانی هیچ نازانم. خواوڕاستان قوتابخانەکەمان دانەخرا، ئەویش لە سایەی زیرەکی من! لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بووم برایەکیشم بۆ زیاد بوو. ژمارەی مناڵی ماڵ گەیشتە سێ: «عەبدوڕەحمان» و «زێنەب» و «عەبدوڵڵا». دەورانی منداڵیم جگە لەو خوێندنە خاوێنە، دەگەڵ جگێن و گوێزێن و هەڵماتێن و قۆچەقانی چوێلەکەکوژ و کەلای جوان و هەلووکێن و جەغزێن، هەر لە پاش نوێژی نیوەڕۆوە تا تاریکانی ئێوارە، بە پێخاوسی، بە سەر ڕووتی هەڵدەبەزیم و دادەبەزیم و ژیانی پاڵشایەتی ڕاستەقینەم بوو؛ بەڵام نەمدەزانی چەند بەختەوەرم. شەوانەش دوای نان خواردن دەچوومە گۆڵان، دەگەڵ منداڵان تا خەو بەلایدا دەبردینەوە، گەمەمان دەکرد. گەمەی شەو، ئەوانی لە بیم ماوە: «مەلا تەقتەقێن»، «کەری سووری پشت درێژ»، «گڵاوێن»، «هەیجێ»، «چاوشارکێنە» و «هەمزەل» بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاوینان لە لادێ چونکە دایکم بە نەخۆشی سیل مردوو، ترسی ئەوە هەبوو کە منیش گرتبێتمەوە. دەبوایە تا دەست دەڕوا و دەلوێ، لە هەوای سافدا بژیم. لە لایەکیش بابم وای دەویست کەڕەکەی خلیسک و خاوی شارستانی نەبێ و بە ژیانی زبرەوە خوو بگرێ. هەموو بەهاران و هاوینان دەیناردمە لادێ، یان دەچوومە «ماسوێ دایماو» لە هەواری «ماڵە مامە سەید» کە «سەید محەممەدی لاجانی» ناو بوو؛ من پێم دەگوت مامە سەید. یان لە گوندی «سارەوانان» لە ماڵی خاڵانم دەژیام. لە ڕاستیدا ژیانی منداڵی لە لادێ هیچ ژیانێکی شارستانی ناگاتێ. پادشای بێ جوققە، منداڵی لادێیە. هەر لە تاوهەڵاتەوە بە دەشت و کێودا بەرەڵا دەبووین؛ هێلانە مەل بدۆزەوە، داوی بۆ دانێ، هێلکەی لێ بدزە، بچۆ بێستانان، بە دار هەڵگەڕێ. خۆ ئێوارە هەر باسی ناکرێ؛ سەعاتێک پێش گاڕان هاتن، بەرەو گاڕان غار دە و لە ڕێ تووشی بە و پێچی سەر یان تیتۆڵە پشتێند، دەملی کەرێکی ڕووتی بێ جل هاڵێنە و خۆی باوێ سەرێ. کەر بەرەو ماڵ ڕادەکا، جووتە داوێ، هەڵدەتیزێنێ، ئازا بە و خۆ بگرە نەکەوی. ڕەنگە پتر لە بیست جار لەو گاڵتە خۆشەدا سرم شکابێ؛ بەڵام سەرشکان لە ڕێگەی کەرغارداندا خەڵاتە! لە خاڵۆزاکانم دوو هاوعومرم هەبوون: «حەمەدەمین» و «مامە ڕەحمان» کە دەگەڵ ئەوان زۆر کەیفم ساز بوو. حەزم دەکرد هەر کوێ زۆر بڵیندە بچمە سەری و بزانم لەودیو چ هەیە. زۆر جار بە تەنیا ملی ڕێم دەگرت و بە چیا هەڵدەگەڕام. جارێک لەو جارانە کە دەمویست بچمە سەر دوندی قووچی کێوی «هومام» لە «ماسوێ»، زۆرم پێ چووبوو؛ ماڵە مامە سەید وەیانزانیبوو مار لە دەشت پێوەی داوم. ببوە هەرا و هاوار و چەند کەسیان خستبوو شوێنم کە بمدۆزنەوە. ئەوان لێم ناهومێد ببوون و من بۆ خۆم هاتمەوە. دەگەڵ شوانی ماڵە مامە سەید دەچوومە بەر مەڕی، ناوی گژ و گیام لێ دەپرسین؛ چیرۆکی خۆشم لێ دەبیستن. بۆ ناسینی حەیوانان ببومە پسپۆڕیک، شوان ئافەریمیان لێ دەکردم. نان و شیرم دەگەڵ دەخواردن و لە سەر عەرزی ڕووت دەنوستم و تەواو نازداری شارم لە بیر دەچوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناو فەقێ وا دیارە بەشی قوتابخانە چوونم بە سەر چووبوو. بردیانمە حوجرەی مزگەوتی هەباساغا کە ببمە فەقێ. مامۆستاکەی منیان پێ سپارد، یەکێ بەرزەباڵای ڕیشپانی مووڕەش و چاوزەق و لووتبەرانی بوو کە بە «مەلا سەعیدە شێتە» مەنشوور بوو. یەکی تریش لای ئەو دەخوێند: یەکی تۆپەڵەی گردەبنەی چاوزەردی گوێ تەشکەبەرە بوو بە ناوی «فەقێ بایز». بەر لە هەموو کاریک فێریان کردم کە چۆن ئێوارانە بە ماڵانەوە بکەڕێم و هاوار کەم: «نانی فەقێ ڕەحمەتی خواتان لێ بێ»! نانی گەڕەک بچنمەوە و بیهێنمەوە حوجرە. بە چەند ڕۆژێک شەرم کردن و مینگە مینگ، لەو سنحاتە جوانە ڕاهاتم! بڕیار درا دەرسی «گوڵستانی سەعدی» بە سایە بخوێنم؛ جا پاشان بگەڕێمەوە و بە ماناوە پێم بڵێن. قورعان خوێندنەکەشم ئەوە لە جێی خۆی؛ دەبێ هەر خەتمی کەم و زۆریشم ڕەوان بێ. مەلا سەعید هەر عەرەبی کتێبی دەزانی. تەنانەت نەیدەتوانی ناوی خۆی بە ڕەوانی بنووسێ. مەشق و خەت و فارسی لە ملی فەقێ بایز بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەڵای گیانم: عەبدوڕڕەحمانی سۆفی مینە (زەبیحی) ڕۆژێک وەک بەڵای ناگەهانی منداڵێکیان هێنا حوجرە کە بە تەمەن لە من باوخۆشتر و بە باڵا لە من کورتە باڵاتر بوو. یەکێکی سووری چاوزیت، لێم بوو بە عیزراییل. دەبوایە ئەویش گوڵستان بخوێنێ. هەتیو ئەوەندە زیرەک بوو کە نەبێتەوە. من بە هەزار گێرە و نێرە دوو خەتم ڕەوان دەکرد، ئەو پەڕ و دوو پەڕی تێ دەپەڕاند. وەک ئاگری قودرەتی وابوو. جا وەرە زللە و چەپۆک بخۆ، کە بۆ ئەو هێندە و هێندەی ڕەوان کردووە و تۆ هەر منجەمنجت دێ؟ ! هەر ئەویش «عەبدوڕەحمان» کوڕی «سۆفی مینە»بوو؛ کە لە دواڕۆژدا بە ناوی «زەبیحی» ناسرا. زەبیحی وەک من فەقێی دایمی و ڕەسمی نەبوو؛ دەرسی دەخوێند و دەگەڕاوە ماڵە خۆی. وردە وردە پێکە بووینە ئاشنا و لە دەرسی گوڵستان یاریدەی دەدام و ئەو ئاشنایەتییە پتر لە پەنجا سال دەوامی کرد و ئێستاش هەر دۆستمە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کڵاو سەرنانی پەهلەوەی و حیکایەتێکی خۆش تەواو نازانم چ ساڵێک بوو، دەوڵەت فەرمانی دابوو جگە لە مەلا و فەقێ، دەبێ هەموو کەس کڵاوی پەهلەوی لە سەر نێ و مێزەرە و جلی کوردی قەدەغەیە. مەلا و فەقێش دەبێ قاقەزی حاکمی شاریان پێ بێ کە لە کڵاو مەعافن. ئەو حوکمە بۆ پڵلیسی دەوڵەت، بازاڕێکی زۆر بەقازانجی پێک هێنابوو. هەر کەس تیتڵێە پشتێندێک، بزگوڕە مێزەرێک بە قەد و سەریەوە با، یان پاتۆڵ و ڕانکی نێفەک شۆڕی کوردانەی بوایە، بە دار و قامچی بەردەبوونە گیانی و بە بێ بەرتیل ڕزگار بوونی چەتوون بوو. دەی خودایە مامۆستا مەلا سەعید و قاقەز وەرگرین. مەلا عەلیەکی کوێری بانگدەری مزگەوتەکەش گوتی منیش دەگەڵتانا دێم؛ ممبارەک بێ. پاش نوێژی نێوەڕۆیەکی گەرم، مامۆستا و فەقێ بایز و مەلا عەلیە کوێرە من ملی ڕێمان گرت. پرسیار پرسیار ماڵی حاکممان دۆزیەوە. بۆ نەچووینە ئیدارەکەی؟ نازانم. لە دەرگایەیکی زەلامی گاڵدراومان دا، کەس بە دەنگمانەوە نەهات. ناچار مەلا سەعید بە بەرد و مەلا کوێرە بە عاساکەی دەستی وەرگەڕانە کوتانی دەرگا. تومەز ئەمە دەرگای پشتەوەیە و بە سەر تەویلەدا دەکرێتەوە و کەس لەوێوە ناچێتە ماڵی حاکم. ئاخری بەو درنگ و هۆڕی بەرد و عاسایە، حاکم لە غوڕابی خەو ڕادەپەڕێ و شێتانە بە پیژامەوە ڕادەکا بزانێ لەم جەنگەی گەرمایەدا چ قەوماوە؟ دەرگا کرایەوە. کابرایەکی زڕتە زەلامی سورهوڵ، دەتگوت بەرازی دابەستراوە، دەرگەی کردەوە و بە فارسی گوتی: «چیتان دەوێ؟». من لە دیتنی حاکم ئەوەندە ترسام دەلەرزیم؛ تیتر نەمزانی ئەو سێ فارسی نەزانە چۆنیان وەرام دایەوە. هەر هێندە دەزانم حاکم بەگ بە هەموو هێزی خۆی نەڕاندی: «بڕۆن لە بەر چاوم گوم بن!»، دەرگای تەق بە سەریەکدا دایەوە و گاڵەی دا و ئێمە دەست لە گونان درێژتر لە پشت درگا ماینەوە. ئیتر جوێنی سێ قۆڵی و تەپەتەپی چوار قۆڵی دەستی پێکرد و لۆژ لۆژ بەرەو مزگەوت پەل بووینەوە. مامۆستا مەلا سەعید تەواو تەم دایگرتبوو، دەیگوت: - جەحەندەم کە دەری کردووین، بە قوونی بابیەوە؛ بەڵام لەوەتا چاوم بەو کافرە کەوتووە قەساوت دڵی داگرتووم! هەر دوعای بن لێوانی دەخوێند و قرپی بەڕێ دەکرد کە قەساوەت بەرهەڵدا کا. نەخێر قەساوەت وای نەگرتبوو بە قرپ و ورتەی بن لێو لە دڵی دەرپەڕێ! چار هەر ئەوە لەم شارە بڕۆین و بچینە «خانەقای شەرەفکەند» تا قەساوەتی کافر تەفر و تونا بێ. وا دیار کەوت کە حاکم لە داستان تووسیندا دەستێکی باڵای هەبووە. لەو ڕۆژەوە کە دێمە چووبووینە خزمەتی و دەریکردبووین، بۆ هەموو کەسێکی کە چووبوونە لای گێڕابۆوە: - کوڕە زۆر سەیر بوو. من لە کاری ئیدارە ماندوو، لە ماڵ نێوەڕۆژم خواردووە و نوستووم. بە گرم و هۆڕی درگای پشتەوەی ماڵ لە خەو ڕاپەڕیوم. لای وابوو خانە بگیر کراوم. بە هەزار ترس و لەرز و دڵەتەپێ دەرگام کردوە. چ ببینم؟ یەکی درێژی ڕیش گەزی، تۆپنەیەکی گردەڵەی قوت، کوێرێک بە عاساوە، منداڵێکی سەر بێشکە، هاتوون نەهێڵم کڵاویان لە سەر نێن. قەت بە عومرم دێمەنی ئەوەندە سەیرم نەدیوە و قەت بە عومرم هێندەش نەترساوم! بابم زۆری کەیف هات کە دەگەڵیان بچمە خانەقا؛ کە شوێنێکی پیرۆزە و خوێندنی ئەوێ بەرەکەتی هەیە. بوخچە و پرێسکە پێچرایەوە و هێلکەی کوڵاو و نان ئامادە کرا و بەرەبەیانێک بەرەو خانەقا لە شار دەرچووین. لە خانەقا لە حوجرەیەکی تەنگی دوو میتر لە دوو میتردا دامەزراین و خوێندن دەستی پێ کردەوە. لە گوڵستانەوە چووبوومە «بووستان» و ئەوجاو دەرسی عارەبی لە «تەسریفی زەنجانی» و «عەوامل»ڕا بەرەو «نموزەج» «حەمدیە» ڕۆیشت. هەر دەرسێکم دەخوێند دەبوو لە بەری کەم. بەڵام ئاخۆ تێدەگەیشتم باسی چی دەکەن؟ نە خودای تۆ شاهیدە! هەر تەقەم لە سەریەوە دەهات و لام وا بوو برێشکە دەخۆن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خانەقای شێخی بورهان جارێ با بزانین ئەو خانەقایە کە چەند جار ناوم بردووە چییە و چۆن دامەزراوە و ئەو ڕۆژەی کە من دیتوومە لە چ بارێکدا بووە: یووسف ناوێک، کوڕێ وەرزێرێکی خەڵکی قەشان و ماوەتی شارباژێری کوردستانی بەردەستی عوسمانی ئەوسا و عێراقی ئێستا، چۆتە خوێندن، بۆتە فەقێ، بتە مەلا و ئیجازەی وەرگرتووە. خۆی گەیاندۆتە «تەوێڵە» و لای «شێخ عوسمان سراجەدین» بۆتە مرید و پلە پلە سەرکەوتووە تا کراوەتە خەلیفە و هاتۆتە «بورهان» کە گوندێکە لە مەڵبەندی موکریان. مریدی پەیدا کردوون، زەوی لە ئاقا قەبەڵ کردووە و بە مریدانی ڕەنێوە هێناوە و لە نانی ڕەنجی شانی مریدان، میوانداری مریدانی لاوەکی کردووە و پووڵ و دیاری وەرنەگرتووە. داوای کەشف و کەراماتی نەبووە، هەموو شتێکی حەواڵە بە کتێبی شەرع کردووە و لە شەرع بە موو کلا نەبووە. مەلایانی وڵات بە دڵ و داو هەموویان عاشقی ئەو ئاکارەی بوون و بوونەتە مریدی. خەڵکی ڕەمەکیش بە شوێن مەلایاندا هرووژمیان هێناوە. جووتێر و وەرزێری بە خێری خوا، ڕۆژ بە ڕۆژ زێدە بوون و دارایی تەکیە پەرەی گرتووە. مڵک کڕاوە و بەشی ئاغای لێ نەدراوە. پاش چەند ساڵێک کە گوندی «شەرەفکەند» بۆتە مڵکی خانەقا لە قشلاغی شەرەفکەند بنیات نراوە. جگە لە سۆفی تەرکە دنیا، فەقێ و مەلای زۆریشی لێ کۆ بۆتەوە، کە شێخیش لە ساڵی ١٣٢٨ی کۆچی مانگیدا مردووە، دام و دزگای خانەقا تێک نەچووە و نانی میوان و دانیشتوان لە مەوقووفەجاتی خانەقا دابین دەکرێ و سۆفیلکەی ترکەدنیاش کار و بار بەڕێوە دەبەن. گەورەی خانەقا شێخ محەممەدی کوڕی شێخە کە مەلایەکی زۆر بەناوبانگە و داوای شێخایەتی ناکا. دەرسی فەقێ دەڵێتەوە و فتوای شەرعی دەردەکا. دەڵێن دە پێشدا ئەو مرید و سۆفیانەی تەرکی دنیایان داوە و خۆیان دە قەبەڵ خودا کردووە و خزمەتی شێخ و خانەقایان لە مل بووە، زۆر زۆر بوون؛ بەڵام ئەو ڕۆژانە کە من خانەقام ناسی ئەو جۆرە تەرکە دنیایانە کەم ببوون و وەک ڕەچەڵاکی فیلی مامووت لە دوا بڕاندا بوون. دەڵێن جارێک شکاکێک کە هاتووە و سۆفی ڕەبەنی خانەقای دیتوون، تووشی دێدێکی مەسیحیان بووە کە پڕ لە کیژی خۆ دە قەبەڵ کردووی بێ مێردە، کە توێشتیری عیسا پێغەمبەریان پێ دەڵێن. چەتە بەر دەرکی دێر و گوتوویە: «هێندێک نێری محەممەد پێغەمبەر لە خانەقا هەن، با ئەو توێشتیرانە خۆ لەوان چا بکەن! «عەزیزی ڕابیە شەل» دز بوو، بەر لە نوێژی شێوان نزیکەی سەعاتێک دەخەوت. دەیگوت کەمێک خەوی پاش ڕۆژاوا خەوی شەوم دەپەڕێنێ و تا بەیانی خەوم نایە و بۆ دزیەکەم بەکارە. زۆرم لە قسە بەهرە وەرگرت؛ کە نووسینی شەوم هەبا ئەو کارەم دەکرد. شێخ محەممەد، ناوێکی فەرغی بۆ هەموو کەس دەتیتەوە. بە منی دەگوت «جوجەڵە»، مەلا حەمەدەمین ناوێکی ناو نابوو «فەریکە کەر». سەر زەلامێکی لووت گڕوێ بوو. گاڵتەی خەڵکی خانەقا لە سەر ئەو بوو. خۆی دەیگوت: «خودا خەڵکی دروست کردووە کە ماندوو ببن، هێندێکی هەر بۆیە دروست کردوون ماندووەکان بحەسێننەوە و پێتان پێ بکەنن!». زۆر چیرۆکی سەیری هەن؛ خەوێکی گێڕاوە کە پێغەمبەر هاتۆتە خەوەنی فەرموویە: «مەلا تاو ماوی دە حاڵی حەیاتدا بە»! ئەوانەی لە بیرم ماون: مام جەعفەر و محەممەدیار (تورکی کوێرە سوننی)! مەلا ڕەسووی سوڵتانی، مەلا حوسێنی کاکی مەلازادە، حاجی مام حوسێنی مەنگوڕ، کاکی شێخەڵی، شێخی شامی، سەید ڕەشیدی شاعیر و زانای بەناوبانگ و چەند کەسێکی تری وا بوون. قەلەوقووتە و تەنبەڵ و تەوەزەلی نانخۆری بۆرە پیاگیش هەتا بێژی فریە بوون؛ کە نان و دۆی خانەقایان دەنخوارد و قاچیان بە دیوار هەڵدەپەسارد و بێکار ڕایاندەبوارد. بە قەولی مام هێمن: «خانەقا وەک کەشتی نووح وا بوو، هەرچی بتویستا تێیدا بوو». شێخی شامی، ناوی مەلا مستەفا سابڵاغی بوو؛ تەرکە دنیا لە حوجرەیەکا دەژیا. لەوەتا مەهدینامەی «ابن الحاج»ی خوێندبووە حەزی دەکرد چاوی بە محەممەدی مەهدی بکەوێ. ڕۆژێک لاوێکی ئەسمەری لووسی چاوگەورە کە خاڵێکی لە سەر ڕوومەتە، دەعوەتی دەکا بۆ حوجرە. لاو دەڵێ: من سەیدم و نام محەممەدە. تا مەلا دەچێتە دەسنوێژ گرتن و دێتەوە، هەتیو نەماوە. پەل دەبێ و پرسیار دەکا دەڵێن نەماندیوە. خەیاڵ دەکا کە ئەم کوڕە لووسە یەقین محەممەدی مەهدی بووە. دیارە لە شام زهوور دەکا؛ با بچمە پێ و شوێنیوە. کەل پەلی هەڕاج کرد و ڕۆیشت. پاش دوو مانگ هاتەوە، گوتی: چووم تا سولەیمانی، لەوێوە گەیمە کەرکووک و مجارجیم نەما، بوومە میوانی خانەقای سەید ئەحمەد. لە جوابی «لە چی دەگەڕێی» سەیددا گوتم: دەچمە شام بۆ دیتنی مەهدی. وا دیارە زۆر ساویلکەی، تۆ پەساپۆرتی عێراق و سووریات نییە، دەتگرن، پارەشت نیە. ناچار پەشیمانی کردمەوە. پارەی سەفەری دامێ؛ هاتوومەوە. لەو ساوە شێخ محەممەد ناوی لێ نا «شێخی شامی». خوا بتحەسێنێتەوە، خانەقا ئەو تەمبەڵ بازاڕە بوو کە هەموو منداڵێک لە خوای دەوێ. منداڵانی ماڵی شێخ جگە لە بەدفەڕی و تووشی، فێری هیچ نەکرابوون. کاریان هەر دزی باغ و شەڕ و کێشە بە مەردم فرۆشتن و ژیانی گەللایی بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەبەنگێکی وەک خۆم: حەمەدئەمینی شێخولئیسلام (هێمن) لە خانەقا دەگەڵ هاوتەمەنێکی خۆمدا بوومە ئاشنا، ناوی «حەمەدەمینی شێخولئیسلام» و پوورزای منداڵە شێخەکان بوو. ئەویش دەبوایە بۆ بەرەکەت دەرس لای مامۆستا مەلا سەعید بخوێنێ و لە ماڵی شێخ بژی. نازانم ئەو زیرەکتر بوو یا من! بەڵام ئەوەندە دەزانم لە دەبەنگی هیچ فێرنەبووندا، درۆزنیش فەرقی نەدەکردین. هەر دووکمان وەک یەک دارکاری دەکراین و بە قەد یەک بەر جنێو دەدراین. تەنیا فەرقێکمان کە هەبوو، ئەو بۆ نەگبەتی، شیعری دەگوت و خۆی لە من بە هونەرمەندتر دەزانی. بەڵام شیعری چۆن؟ یا خوا بە نسیبی دوژمنانت بێ! من لە بەغیلیان گاڵتەم بە شیعرەکانی دەکرد. ئاخری هەر وازی نەهێنا و لە دوڕۆژدا بوو بە شاعیرێکی هەرەبەرز و بە ناوی «هێمن» ناوبانگی کرد. کاری هەرەگرینگمان ڕاوەدووپشک، دزی باغان، مریشک دزین لە ماڵە شێخان و هەزار بەدفەڕی و کاری نالەباری دیکە بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەرەنی ئاغای مامەش جارێکیان کە بۆ سەردان هاتبوومەوە ماڵ، مەلایەکی جحێڵ میوانمان بوو؛ لە ترسی سەربازی لە لای ئێمە خۆی شاردبۆوە. بابم بە هۆی دۆستانی، حەولی بۆ دا پێناسەیەکیان بۆ گۆڕی و لە سەربازی خۆی دزیەوە. لە بەرامبەر ئەو چاکەیەدا بە بابمی گوت عەبدوڕحمان بدە دەست من پێی بخوێنم. ئەو بۆ خۆشی -کە ناوی «سەید محەممەد» بوو- موستەعید بوو؛ دەرسی لای مەلای گەورە دەخوێند. دەگەڵ ئەو چوومە پەسوێ؛ کە بنکەی قەرەنیاغای مامەش بوو. مەدرەسەی فەقێیانی لێ بوو. قەرەنیاغا ئاشنای نزیکی بابم بوو. کە بیستبووی منیان هێناوەتە گوندی ئەو، فەرمانی دا کە شەوانە لە قەڵایە بم و بە ڕۆژ لە ناو فەقێ. ئەو زستاتە -هەر چەند زۆرم لەبەر گران بوو- دەگەڵ کورانی ماڵی ئاغای ژیام و دەبوو بە پێی ڕێ و شوێنی ماڵی ئاغا ببزوومەوە. قەرەنیاغا بە ڕاستی شتێکی سەیر بوو. کۆنەپیاوێکی زۆر شەڕوشوڕ دیتووی هەڵکەوتە و بە دەردی کورد گوتەنی «گورگی باران دیتوو» بوو. ئاغایەکی زۆر بە هەیبەت و بەسام بوو. زۆر کەمدوێن بوو. ئێواران کە دەهاتەوە دیوەخان، لە لای سەروو ڕۆدەنیشت، تا شەو شەق دەبوو -وەک هەیکەلی بوودا- متەقی لێ دەرنەدەهات. تەزبیحەکەی هەڵدەسووڕاند و لە بن لێوانەوە دەگەڵ خۆی دەدوا و جارجارە پێدەکەنی و جاری وا بوو ڕووی گڕژ دەکرد. وا دیار بوو کاوێژی تەمەنی پڕ لە هەوراز و نشێوی خۆی دەکردەوە. بەڵام ئێمەی بەدبەخت چی؟ دوو کوڕی و دوو نەوەی و من، بە گوێرەی تەمەن لە سووچێکی خوارووی ئۆدە بە ڕیز لە سەر چۆک دادەنیشتین. من دەکەوتمە ناوەڕاست. هەر کەس ورتەی لە بەر بهاتایە، لێدان و تێهەڵدانی نۆکەران ئامادە بوو. منداڵ وەرە و خۆت ڕاگرە! پتر لە شەش سەعات لە سەر چۆک مەجووڵێ، ورتەت نەیە، وەڕەیش مەبە، ڕێگەی چوونە دەرەوەش نەبێ. ناچار بووم بۆ خۆم بەزمێکم ساز دەکرد. هەر کە ئاغای چاوی لێ خافڵ دەکردین، ئاوڕم لە منداڵان دەداوە و زمانم دەردێنا و لیچم لێ خوار دەرکردنەوە. لە پڕمەی پێکەنینیان دەدا. دەستبەجێ ئاغا بانگی دەکرد: «وەرن بیانبەن!» هەر یەکەی لە پاشخانەی دیوەخان بەر شەق و زللەی نۆکەران دەدران و دەبوو بە گریان و هاوار و دەهاتنەوە شوێنەکەی خۆیان. ئاغا دەێفەرموو: هەی بێ حەیاینە! ئەنگۆ هێچ نەبێ چاو لە کوڕی حاجی مەلا کەن چەند بە شەرم و عەدەبە! خۆ زاتی ئەوەشیان نەبوو بڵێن تاوان لە بن سەری ئەو دایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەلا سەیید محەممەد، یەکەم مامۆستای بەڕاستیم ڕۆژێک کە بەفر بوایە، زەلامێک هەبوو بە ناوی «کوزەرن. دەبوایە لە سەر قەڵاندۆشم دانێ و بمباتە حوجرە و ئێواران بمهێوێتەوە. پاش ماوەیەک لەو ژیانی ئاغایەتییەش ڕزگار بووم. هەر لە حوجرە بە سووختەیی دەژیام و دەرسم لای مەلا سەید محەممەد دەخوێند. مامۆستاکەم -کە لە سایەی پێناس گۆڕینەوە، سێ نازناوی «داشاغلوجی» و «ڕەببانی» و «حەمیدی» هەبوو- کابرایەکی ڕۆشنبیری خەڵکی زەمانی خۆی بوو. هات ئەزموومی، دیتی هیچ فێر نەکراوم؛ هەروەک تووتی شتم لە بەر کردووەو مانای نازانم. گوتی تۆ دەبێ لە سەرڕا دەست پێ بکەی. کتێبی ڕێزمانی عارەبی تازە بابەتی میسری پێ دەخوێندم. بە زۆری زۆرداریش قەسایدی کۆنی عارەبی لەبەر دەکردم. کە لەوانە ئەوی لە بیرم ماوە، قەسیدەی «ئەمریئولقەیس» لە «سەبعەی موعەللەقە» و «لامیەتولعەجەم توغرائی» توو. بۆ خۆشی زۆری لە شیعرەکانی نالی لەبەر کردبوو. عاشقی «سەید جەمالەدینی ئەفغانی» بوو. دنیایەکی دەربارەی ئەو کۆ کردبۆوە و ڕێکی کردبوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یەکەم دڵداریم «لە پاش ساڵێ، سڵاماڵێ»، من تازە کەم کەمە تامێکم لە خوێندن دەکرد. لەو سەردەمانەشدا وەک دەڵێن خەریکی خۆناسین و بۆڕبوون بووم، دڵم چووبووە سەر کیژێک کە عەرز و عاسمانی لە بیر بردبوومەوە. دەڵێن عیشقی ئەفلاتوونی درۆیە؛ بەڵام باوەڕ دەکەی یان ناکەی، بە هیچ جۆرێک ئارەزووی جنسیم دەگەڵ ئەو کیژە نەبوو. هەر پێم خۆش بوو بیبینم و هیچی تر. قەت لە بیرم نەدەچوو؛ گڕێ چرام دەدی، گوێم لە دەنگی خۆش دەبوو، چاوم دەبڕیە ئەستێرەی عاسمان، مانگ، دەسبەجێ دیداری ئەوم دەهاتەوە بەر چاو. ئاخم هەڵدەکێشا و فرمێسکم دادەباری. قەت ورەی ئەوەشم نەبوو پێی بێژم تۆم خۆ دەوێ؛ چونکە ئەو زۆر نازدار و کۆک و پۆشتە و بابی دەوڵەمەند و من فەقیر بووم. ئەگەرچی بە ڕواڵەتیش زۆر دۆست بووین و زۆرم لە ماڵی ئەوان ڕادەبوارد، بەڵام هیچم نەدرکاند. خولاسە عیشقی پاک و خاوێنم بەسەردا هات و ڕابرد و پاش چەند ساڵ ئەم ئاگرە دامرد و کوژایەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەریمە کوێری گۆرانیبێژ جارێکی تر هاتمەوە و سیپاڵم لە خانەقا بە زەویدا دا. بەڵام ئەمجار شێخ محەممەد بۆ خۆی دەرسی ئوسووڵ و هێندێک شەرعی شافعی پێ گوتم. دەگەڵ فەقێیەکدا -بە ناوی ئەسعەد- هەر لە حوجرە تەنگەبەرە کونەگورینەکەدا بووین. ئەسعەدی هەواڵم شەڕێکی کردبوو؛ دەریان دەکرد. منیش بە ناوی هەواڵەتی ئەو گوتم دەگەڵی دەڕۆم. شەوێکی درەنگ بوخچەمان بە سەر گۆچانەوە کرد و چووینە گوندێک بە ناوی «ئیساکەند»؛ ڕاست چووینە حوجرەی فەقێیان، کە لامان وابوو ئاوەدانە؛ بەڵام چۆڵ و هۆڵ و تەنانەت حەسیرێکیشی تێدا نەبوو. حوجرە تاریک و ڕایەخ خۆڵ و هەردووکمانیش برسیمانە. دەی چ بکەین؟ گوتم من دەچم نان سواڵ دەکەم. وە ناو دێ کەوتم. شەو زۆر درەنگە؛ هەموو ماڵ نوستوون. لە دەرکی هەر کەس بدەم لەوانەیە تووڕە بێ. لە دوای گەڕەکە ماڵێک، حەوشێکی زلم دیت. ویستم بە سپایی درگا چەپەرەکەی بکەمەوە و لە نزیکەوە بانگی نوستووەکان بکەم، کابرایەک دەنگی دام: «کێی؟» بۆم گێرڕاوە کە کێم و چیم دەوێ. گوتی: دە بڕۆرەوە حوجرە، ئێستا دێم. هێندەی پێ نەچوو کابرا کە خۆی زەلامێک بوو دەگەڵ یەکێ تردا نقەیان دەهات. حەسیر و بەڕە و نان و شیرێژ و سەماوەر بە دام و دەزگاوە و چرایان هێنابوو. کابرای خانەخوێ گوتی: شەرتم دەگەڵ بکەن تا ئێوە لەم گوندە بن نەچنە نان چنینەوەی ماڵان و من بە برای خۆتان بزانن. ئەرێ فەقێ ئێوە گۆرانیتان پێ خوشە؟ من ناموم «کەریمە کوێرەی گۆرانی بێژە». هەر وای گوت و ملی لێ نا، ئەوی دەیگوت نەیدەگوتەوە. وەک دەڵێن ئێستاش بە سەری پیری، خۆشی ئەو شەوە و دەنگی کەریمە کوێرم هەر لە بنی ددانان دایە. لەوێ دامەزراین. ڕاستت دەوێ دەرسی مەلا بۆ ئەوە نەدەبوو پیاوی لە بەر بحەسێتەوە؛ پاش ماوەیەک وەرەز بووین؛ بڕیارمان دا بڕۆین. ئەوەم لە بیر چوو کە بەر لە خانەقا دەگەڵ ئەسعەد ببمە هەواڵ، هەر لە خانەقاوە ڕۆیشتم بۆ ناو مەنگوڕان، لە لای «مەلا ڕەسووی کەرمنداری» بوومە فەقێ؛ کە چوار فەقێی تریشی هەبوون. بەهار بوو، مەنگوڕ لە کوێستان بوون. ئێمەش کەپرێکمان کردبوو بە هۆبە دەژیاین. هەڕەمەی لاوەتیم بوو. دنیایەکی ئازاد و هەوایەکی خۆش و جوانی و لەباری کیژە مەنگوڕان گاڵەی دەکرد. مەستی لەوەتی بووم و عەقڵ و خوێندن لە حەوت کێوان ئاوا ببوون. ویستم لە کەرمندارەوە بچمەوە ماڵ. سۆفی عەلی ناوێک بارگینێکی جلکراوی دامێ کە بە پێ نەڕۆم. لەوسەر کە دەگەڕامەوە، لە کوێستانی «کیفاراوێ»، سەیدێکی خڕکەڵە، هەموو گیان فیشەک و دەمانچە و تفەنگ، لە کەنداڵی کانییەک دەرکەوت و هەرای کرت: «فەقێ ئاگرت پێیە؟»، سیغارێکی بە دەستەوە بوو. زۆر ترسام، هەڵمکوتا غار و سەربەرەژێر هەڵاتم. تفەنگێکی بە سەر هەڵتەقاندم؛ بەڵام دەرچووم. لە ڕەشماڵی مام حەسەنی ئافان بووم. پاش نوێژی شەوان، مەلای دێ -کە ناوی مەلا ڕەحمان بوو- هات گوتی: سەیدێکی چەکدار داوای ئاگری لێکردم، جڵەوی گرتم ماینی لێ ساندم. هەر ئەو شەوەش چەند گاجووت لە «قۆزلوێ» دزرابوون. دیار بوو من چاکم خەلاس بووە. ڕۆژی دواتر لە گەدەی کوێستانی مەنگوڕان چەند کەسێکم دی کە لە سەر کانیەکی چایان لێنابوو؛ چەکدار بوون. زانیم چەتەن؛ بەڵام ڕێگەی هەڵاتن نەبوو. سەلامم کرد و چووم لایان دانیشتم؛ نان و چام دەگەڵ خواردن. زانیان فەقێم و ماین ئەمانەتییە. گوتم: برا جومعانە نادەن بە فەقێ؟ یەکیان گوتی: ئێمە دەبینی چەتەین؛ ڕووتت ناکەین مەمنوون بە! دیسان دوو قڕانیەکی زێویان دامێ کە دام بە گیسکێک بو حوجرە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێڵاوەکەی ساڵی ١٣١٥ (١٩٣٦)ی سابڵاغ لەو سەردەمانەدا، واتا لە هاوینی ئەو ساڵە (١٣١٥ی هەتاوی) دا گوتیان سێڵاو هاتووە و شاری سابڵاغی بە جارێک وێران کردوە. شەویش خەونم دیت ددانەکانم کەوتوون. کەوتمە نیگەرانی دەبێ باوکم چی بە سەر هاتبێ. بە هەڵەداوان هاتمەوە شاری سابڵاغ. بە ڕاستی بەڵایەکی گەورەی بە سەر هاتبوو. مەلا مارفی کۆکی بە قەسیدەیەک زۆر پڕ بە پێست باسی کردووە، دەوێدا دەڵێ: لە تاریخی هەزار و سێسەد و سێ، پەنجی شەمسیدا بە ڕۆژی جومعە دوازدەی جیمی یەک، نوێ ماهی موردادا یانێ من تەمەنم پازدە ساڵ بوو. دوو خانوومان هەبوون سێڵاو بردبوونی و سێ کەسی فەقیریان تێدا خنکابوو. بابم کە لە یەکێکیاندا خەریکی قوعان خوێندن دەبێ. سێڵاو هێرش دەکا بە سەریاندا. خۆی خەلاس دەکا و قورعان ئاو دەیبا. جومعە بووە و زۆربەی خەڵکی شار لە باغاتی خوارووی شار سەیران دەکەن؛ دەست دەکەن بە گرتنەوەی سروسیپاڵی ئاوماڵک. یەکێک قورعانەکەی بۆ بابم هێنابۆوە. پێویستە ئەوەش بڵێم: بابم دەوڵەمەندی کەوتبوو، قەرزداری خەڵک بوو. دوکانێکی چیت فرۆشی لە قەیسەری سابڵاغدا هەبو. هەمیشە هەر خەریکی خوێندنەوەی کتێبی دینی و تاریخ بوو. لای وابوو قازانجی گەزە چیتێک لە دوو شایی پتر بێ حەرامە. سەودای دەگەڵ ژنان نەدەکرد. تەواو دابوویە باری کزی. چاویشی کز ببوو. لە ترسی کڵاو لەسەرنانی پەهلەوی چەند مانگێک لە نزیک بۆکان کە دوو دانگمان هەبوو؛ بریتی بوو لە چوار جێ جووتی دێمەکار و کەم ئاو کە بەهرەی ئەوەندە نەدەدا پێی بژین. دوو خانووشمان لە شار هەبوو؛ زۆر فەقیرانە و قوڕین؛ کرێیان زۆر کەم بوو. جا لە سێڵاوەکەدا ماڵمان لە گوند بوو؛ باوکم بۆ سەردان هاتبووە شار. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی دوای ئەو سەردانەی باوکم، چوومە «کەرمندار». پاش مەوەیەک چوومە تورجان و لەوێڕا هاتمە سابڵاغ. لە مزگەوتی بازاڕ بوومە فەقێ لە لای «مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدی» زانای مەشهوور. جگە لە دەرسی سەرف و نەحو، قەسیدەی «بانەت سوعاد»ی «کەعب ئیبن زوهەیر» و «لامیەتولعەرەب»ی مامۆستای پێشووم و یەکێک لە ماڵە شێخەکانی بیارە بە ناوی شێخ مەعسووم لە مزگەوتی بازاڕ، لای مەلا حوسێنیان دەخوێند و من لای هەردووکیانم دەخوێند؛ کە شێخ زۆر نەزان و سەید محەممەد زۆر زانا بوو. شێخ کوڕە جحێڵێکی ئامۆزای خۆی لەگەڵ بوو بە ناوی شێخ نەسرەدین -کە بە ڕواڵەت دیندار و شەرمێون بوو- ببوە فەقێ لای شێخ مەعسووم. ئەو نەسرەدینە کوڕی شێخ کامیل بوو کە لە وڵاتی «تالش» ببوە شێخێکی سەر بەڕماڵی ممبارک کە لە دواییدا باسیان دەکەمەوە چ بوون. دیسان چوومەوە خانەقا. لەم جارەی دواییمدا دەگەڵ کچێکی شێخ محەممەد -کە ناوی فاتم بوو- دڵمان لێک چووبوو. براکانی ڕازی نەبوون خوشکیان بدەن بە بەچکە مەلایەکی کە نە ئاغایەکی دەوڵەمەندە و نە کوڕی بازرگانی شارە؛ تا لێی میوان بن و بەهرەیەکیان پێ بگا. بابیشم کە ئەوەی بیستبوو، تەواو توڕە ببو: «من هەر ئاواتم ئەوەیە کوڕی من ببێتە مەلا و بە کەوای شۆڕەوە بیبینم کە دوو فەقێی لە دواوە دەڕۆن. ئەگەر کوڕی مە دەبێ لە خانەقا نەمێنێ و لە خزمەت شێخدا تووشی شەرمەزاریم نەکا...». ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەلا حەمەدئەمینی حاجی مەلای تورجانی ئەو هەموو لا لێ گیرانە و دەرەتان نەمانە، زۆری کار لێ کردم و خەم و پەژارە دایگرتم. جا کە دەگەڵ ئەسعەد ڕۆیشتم، دوو نیشانەم بە تیرێک ئەنگاوت: یەکێ ڕازی بوونی بابم و دوور کەوتنەوە لە یارێک کە بە هیچ بارێکدا دەستم پێ ڕاناگا و دووهەم هەواڵەتی برادەرەکەم. دەگەڵ ئەسعەد لە ئیساکەندەوە چووینە وشتەپەی خوار بۆکان، کە «مەلا حەمەدەمینی حاجی مەلای تورجانی» دەرسبێژی ئەوێ بوو. ئەوسا لە هەر کوێ ئەمنیەی دەوڵەت تووشی کەسێک بان جلی کوردی با، جلیان دەسووتاند و پووڵیان لێ دەستاند. فەقێ لە ترسان هەر بە شەو سەفەریان دەکرد. لای بەرەبەیان گەیشتینە وشتەپە؛ کە سێ فەقێی تریشی لێ هەبوون. چێشتەنگاو مامۆستامان دیت و داوای دامەزرانمان کرد. گوتی: ئەسعەد کە برازامە با لێرە بێ و ئەو فەقێیەم -مەبەستی من بوو- ناوێ؛ با بڕوا. زۆرم دڵ بە خۆم سووتا. مامۆستا گوتی: بەڵام ئەمشەو میوانی من و سبەی بڕۆ! شەو لە ماڵی مامۆستا -کە نانمان خوارد- باس هاتە سەر لەغەز و موعەمما. لێرەدا باو باوی من بوو. لە موعەمما حەل کردندا لە هەواڵانم چێتر بووم. بەیانی مامۆستا فەرمووی: تۆش هەر بمێنەوە. تۆ بە تەرح و دیدار زۆر گێژ و نازیرەک هاتیوە بەر چاوم؛ بەڵام وەک دیار دەکەی وا نیت! لای ئەو دەستم کرد بە «شەرحی سیوتی» لە سەر «ئەلفییەی ئیبنومالک»؛ کە ڕێزمانی عارەبییە. دەرسی ئەدەبیاتی فارسی و حیساب و ئینشایشی فێر دەکردم. ئەوەندەش نێوانمان خۆش بوو کە هەر نەبێتەوە. بە ڕاستی قەت تووشی مودەڕیسی ئەوەندە ڕووحسووک و بێ دەعیە نەبوو. فەقێ لە هەموو جێیان حەزیان لە چارەی مامۆستای گەورە نەدەهات؛ حەزیان دەکرد جگە لە وەختی دەرس، چاویان بێی نەکەوێ و بە ئازادی گەپ و گاڵتەی بکەن؛ بەڵام ئەو مامۆستایە هەواڵی گاڵتە و گەپیشمان بوو. خۆی لە ئێمە بە زیادتر نەدازانی. تەنانەت لە شەڕەشەق و زرمە زلیتانەی دەرەوەی حوجرەشدا بەشداری دەکردین. خواخوامان بوو شەوانی سێشەمە و جومعە لە ناوماندا بێ و لە گەپ و گاڵتەدا یاریمان بکا. تەنبەڵی لە خوێندندا کراسێک بوو بە بەژنم بڕابوو. سەر لە هەوەڵەوە، بە منداڵی چەن بووم بە موو لام نەدابوو؛ بەڵام بیرم زۆر تیژ بوو. هەر چیم بیستایە دەس بەجێ لە بەرم دەکرد. سەد بەیتم لە ئەلفییە خوێندبوو، قەت سەرم نەدابۆوە. ڕۆژێک مامۆستا گوتی: بۆم بخوێنەوە بزانم لەبەرتن؟ گوتم: ئێوارە بۆت دەخوێنمەوە. گوتی: دەزانم هەر ئەمڕۆ لەبەرت کردوون، بە ڕاستی لە تۆ تەنبەڵتر و بەزەینترم نەدیوە! مامۆستا لە نوێژ و تەڵقینی مردوو زۆر بێزار بوو؛ منی دەنار کە ئەو کارە لە جیاتیان بکەم. منیش لەو بێزارتر بووم. ڕۆژێک مردووێک مردوبوو؛ ڕامکرد لەوبەری بەندی وشتەپە، لە ناو داراندا ملم لە دەور کردنەوە نا. دیتم مامۆستا چاو دەگێڕێ؛ دیتمیەوە. گوتی: ڕووڕەش! دەزانم لە نوێژ و تەڵقین خۆت دزیوەتەوە. بڕۆ ئەو مردووە سەگبابەم لە کۆڵ کەوە! ناچار چوومە قەبرستان؛ - قوربان! ئەمە چییە؟ - کوڕم! ئەمە تەڵقینە. (مەلا دیار نەبوو) منیش مەلام، نوێژ لە مردوو دەکەم و تەڵقین دەخوێنم. تەڵقینەکە نووسرابوو: «يا عبدَِالله». گوتم: ئەوە چییە؟ کە دالەکەی هەم سەری هەیە، هەم ژێر؟ - ها، ئەوە تێ نایزانی. ئەگەر مردوو پیاو بێ، دەڵێم: «يا عبدَالله»، ئەگەر ژن بێ دەڵێم: «يا عبدِالله»! هاتمەوە گوتم: مامۆستا مزگێنیم دەیە! مەلایەک لە دێدا هەیە بە قولەقاپەشی ڕاناگەی! نەجاتمان بوو! بۆم گێڕاوە؛ زۆری کەیف پێ هات! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داستانی دار دزین زستانی وشتەپە زۆر سارد بوو؛ ئێمەش داری سووتانمان بۆ کوورە نەبوو. هاوارمان بۆ مامۆستا برد. گوتی: دار بە من پەیدا نابێ؛ خۆتان عیلاجی خۆتان بکەن. گوتمان مەگەر بدزین. گوتی: بدزن! چی تێدایە؟ فتوامان وەرگرت و ملمان لە داردزین نا. دوو سووختەمان هەبوون بە ناوی سەید حەسەن و قادر؛ هەر کە ئێواران دەچوونە نان چنینەوە، داری ماڵانیان هەڵدەنا و شەوانە دەچوون، یەکیان سەگس بە خۆیەوە خەریک دەکرد و ئەوی تریان داری دەدزی. داردزین گەیشتە ڕادەیەک نیر و ئامور و پنە و تیرۆکیش دەدزران و دەسووتێنران. ڕۆژانە لە مزگەوت باس هەر باسی داردزین بوو. هەموو خەڵکی دێ ئێمانیان وا بوو کە جندۆکە ئەو کارە دەکەن. دوعایان بە مەلا دەنووسی کە گێچەڵی جندۆکەیان لێ دوور خاتەوە. ماڵە عەلیاغای دێلخانی و هەموو ماڵە ئێلخانی، مریدی زۆر دڵگەرمی شێخ حیسامەدینی تەوێڵە بوون. یەک لە خەلیفەکانی تەوێڵە بە ناوی خەلیفە محەممەد -بۆ بەرەکەت- لەو دێیە دەژیا. خوا هەڵناگرێ هەموو دنیا بگەڕێی دوانی وا خوێنتاڵ و مڕومۆچ و خۆبەزلزانت دەست ناکەوێ. بە ڕاستی لە شەیتانمان ناخۆشتر دەویست. ئێوارەیەک کە سەید حەسەن لە نان چنینەوە هاتەوە گوتی: کوڕینە! کاریتەیەک بە سەر دیواری ژوورێکی سەردانەپۆشراوی خەلیفە ڕایەڵ کراوە، بەشی ئەم زستانەمان دەکا؛ بەڵام هێنانی کاری کەسیک و دوان نییە. شەو ماڵ نوستنان هەر شەشمان چووین و کاریتەکەمان بە نقەنق کێشایە حوجرە و سەماوەری تەنەکەمان جۆش دا و ڕە بیور وەرگەڕاینە کاریتەبۆر و تا مەلابانگدان هەموومان کردە قەڵاشکەری سۆپە و لە حوجرەیەکی چۆڵی تەنیشتمانەوە لە سەر یەکمان کەڵەکە کرد. حوجرە لە سەر ڕێگەی مزگەوت بوو. تازە دەمانویست بخەوین، خەلیفە لە مزگەوت هاتە دەر و دوو سۆفی دەگەڵ؛ ڕاست ڕوو بە حوجرە هات. یەکێکمان کە مەلا محەممەدی کوڕی مەلا عەلی حەمامیان و برازای مامۆستا بوو گوتی: ئێوە خۆتان دە خەو کەن، خەلیفە بە کاریتە دزینەکەی زانیوە؛ لێمان تووڕەیە. تەنیا ن بە نەرمی و زمانی خۆش جوابی دەدەمەوە. بەڵکو دەست هەڵگرێ و شکاتمان لێ نەکا. خەلیفە بەر لە هەر شت چووە حوجرە چۆڵەکە و دەستی کرد بە تەق و هۆڕی دار بە سەریەکداندا. ئەوسا هاتە ژوورەوە و گوتی: - فەقێ! ئێوە خۆتان بە موسڵمان و خزمەتکاری قورعان دەزانن؛ عەیب ناکەن دزی دار دەکەن؟ مەلا محەممەد -کە نسحەتی ئێمەی کردبوو- سەری لە بن لێفە هەڵێناو بێ سێ و دوو گوڕاندی: - هەی ڕیش کلکەسەگی سەگباب! وات لێ هاتووە قسەی سووک بە فەقێ بڵێی؟ هەستم هەزار شەقت تێهەڵدەم؟ ! خەلیفە دەمی بوو بە تەڵەی تەقیو. «ماڵ بریا و بە کۆی زوخاڵ بێ». هەر دەرپەڕی و سۆفی بە شوێنیدا پەل بوون و بە بۆڵەبۆڵ بەرەو ماڵی ئاغا ڕۆیشتن. بەختی ئێمە مامۆستا لە حەوشە دەسنوێژ دەشتوا و پرتەوبۆڵەی خەلیفە دەبیستێ. - ها خەلیفە گیان! خێرە؟ - بەڵێ فەقێکانت کاریتەیێکیان بێ دزیوم کە بە کوڕێکم نەدەدا. سەرباریش ئەوی خراپە پێیان کردووم. دەچمە لای عەلیاغا، ئەگەر حورمەتی شێخی تەوێڵەی لە لا بێ، دەبێ ئەوانەم بۆ تەنبێ کا. مامۆستا بە زمانی خۆش خەلیفە خاو دەکاتەوە کە خۆی تۆڵەی بۆ دستێنێ. مامۆستا بە خەلیفەوە هاتنە سەرمان. دەمی کردوە و چاوی قوچاند، هەزار جنێوی دا: - ڕوو ڕەشینە! چۆن فەقێ دزی دەکا؟ ئەویش لە پیاوێکی وا ممبارەک! سەری خۆمان داخست و ملمان حیز کرد؛ متەقمان لە بەر نەهاتە دەر. جوێن و هەڕەشەس مامۆستا -کە بەم زستانە دەرتان دەکەم- گەیشتە ڕادەیەک کە خەلیفە گوتی: قوربان! من گەردنیان ئازا دەکەم؛ تۆش بیانبەخشە. خەلیفە ڕۆیشت؛ بەڵام مامۆستا لە جنێودان و لۆمە کردن دەستی هەڵنەدەگرت. گوتم: قوربان! خۆت فەرمووت دار بدزن قەیدێ ناکا. لەپڕ لە قاقای پێکەنینی دا، گوتی: ئەگەر وا بێ جندۆکەکەی دارەدزیش هەر ئێوە بوون! خوا بتانگرێ، پنە و نیر ئاموریشتان دزیوە؟ ئەمما وەڵڵاهی کاری چاکتان هەر ئەوە بووە کە داغتان بە دڵی ئەو خەلیفە سەگبابەوە ناوە. دا سۆپەی لێ نێڵ دەن با خۆم گەرم کەمەوە! ئیتر بۆ خەڵکی ئاواییش ساغ بۆوە کە جندۆکەی داردز لە حوجرەی فەقێیانەوە سەری هەڵداوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ویفقی چوارگۆشەی ناو بەتاڵ شەوێک لە هاویندا دوو میوانی مامۆستا هەبوون، یەکیان مەلا عەلی حەمامیان و ملایەکی تریش بە ناو مەلا ئەحمەدی سەممەیی. لە بەر هەیوانی مزگەوت کۆڕمان بەستبوو. مەلا عەلی باسی نوشتە و ویفقی دەکرد کە زۆر بەکارن؛ مەلا ئەمحەد دەیگوت خرافات و درۆن. مەلا عەلی دەیگوت: من ویفقی چوار گۆشەی ناوبەتاڵ دەزانم، دەتوانم هەموو کارێکی پێ بکەم. مەلا ئەمحەد گوتی: ئاخر مامۆستا گیان! من دوو ساڵ هەر دەرسی ویفقم لە خزمە خۆت خوێند کە ئەو ویفقەشت فێر کردم. جارێک لە پاش لێکدانەوە و حیساب، ناوی مەلائیکەتێکی لێ دەرچوو: «بی موچە غی غی تا شازدە غیو لائیڵاک»! ئاخر چۆن خوا لە ئێمە نازیرەکترە کە ناوم نراوە: عەلی، ئەمحەد، بایز، سوارە؛ سووک و خۆش لە سەر زمان. خودا ناوی نەدیوەتەوە لە مەلائیکەتی خۆی بنێ، ئیللا وا درێژ؟ ! دامانە پێکەنین و کیشە خەلاس بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەیب کردنی قالە شەوێکی تر لەو شەوانە کە هەر خۆمانە بووین و لە هەیوانی مزگەوت ڕۆ نیشتبووین، باسی ویفق و توشتە دامەزرایەوە. مامۆستا گوتی: دەڵێن لە هیندوستان دوعایەک دەزانن، کابرا هەموو کەس دەبینێ؛ کەس ئەو نابینێ؛ دیارە درۆیە. گوتم: نەخێر ئەمە ڕاستە و دەیزانم! پێیان سەیر بوو. - چۆنە؟ شانمان دە. ئێشارەتێکم لە مامۆستا کرد. قادری سوختەی ناردەوە ماڵ کە قەند و چایی بێنێ و بەڵکو ئەو سیحرە ببینن. تا قادر هاتەوە تێمگەیاندن کە مرازم چییە. مامۆستا هەڵیپێچام کە دەی سیحرەکەت بکە! دەمگوت جندۆکەی کەربەدەستی ئەو سیحرە شەو لە خودا دەمخنکێنن. هەموو تێکڕا داوای پێکهێنانیان دەکرد و قالە لە هەموان شێلگیرتر بوو؛ لە بەر مامۆستا دەپاڕاوە کە زۆریم لێ پکا و ئەو سیحرە ببینێ. ئاخری دوای خۆگرتنێکی زۆر گوتم: دەبێ منداڵێکی ناباڵغ بێ ئەو سیحرەی لێ بکەم. قالە بە سوێندانەوە ڕەش دەبۆوە کە من ناباڵغم؛ درۆشی دەکرد! قاقەزێکم هێنا چەند چوار گۆشەیەکم بێ کێشا و پڕم کرد لە ژمارە و حرووفی عارەبی، وەک: «ط» و «ظ» و «ص» و ئەمانە. قالەم بردە ژووری مزگەوت، پارچێکم لە قاقەزەکی دڕی و خستمە باخەڵی و پێم گوت: من و کەسی تریش تۆ نابینین. بەڵام ئەگەر دەنگت بێ دەزانین لە کوێی. ئەگەر ئەم پارچەیە لای خۆم بسووتێنم، تۆ وەک خۆت لێدێتەوە و دێیەوە بەرچاو. قالە هاتەوە ناو کۆڕ؛ کەس ئاوڕی لێ نەداوە و لە منیان دەپرسی: چی لێهات؟ بۆ کوێت نارد؟ فێڵمان لێ مەکە! قالە بۆ ئەزموونی تەواو کڵاوی بە دەمەوە گرت و چووە بەردەمی مامۆستا، هەڵتروشکا و گاڵتەی پێ دەکرد! گوتم: ناتوانین بە چاو بیبینین؛ با بە پەلەکوتێ و لاق هاویشتن حەول بدەین؛ بەڵکو دەنگی لێ دەرچێ. هەموو ڕاست بووینەوە. قالە لە ناوماندە چەقیوە. شەق دە سەرینێک هەڵدەدەین، پەل بەرەو دیوار دەکوتین و بە هەموو هێزی خۆمان شەقێک دە قالە هەێدەدەین؛ هەر قنگیش ناسووڕێنێ! ڕەنگە پتر لە سەعاتێک بەر شەقمان دا. ئەو هەر دەمی لێ خوار دەکردینەوە و لای وا بوو نایبینین. هەستمان کرد کابرایەکی گوندی بەوێدا دێت. پارچە دڕاوەکەی سیحرەکەم خستە ناو ئاگردانی سەماوەر؛ دووکەڵی هات و گوتم: ئەوەتا قالە وەک خۆی لێ هاتەوە! ئیتر ئەو هاوینە گەمەی هەرە خۆشمان غەیب کردن و تێهەڵدانی قالە بوو کە هەموو جار خۆی دەپاڕاوە غەیبی بکەین و حەڵوای بە شەقانی بۆ بگێڕین! تەنانەت ڕۆژێک هەموومان لە بەدی وشتەپە مەلەمان دەکرد، قالەم غەیب کرد. چونکە شڵپەی لە ئاودا دەهات، لە سەر یەک تێمان هەڵدەدا تا وای لێهات دەگریا و دەیگوت: - مامۆستا بۆ خاتری خودا بە مەلا ڕەحمان بڵێ وەک خۆم لێ بکاتەوە؛ قوونگم دێشێ! - هەیهوو کوڕە خۆ ئەوە دەنگی خۆیەتی! دەیسا تێیهڵدەن! ئەو دەنگ و باسی غەیب بوونە هەر لە زمانی قالەوە کەوتە ناو ئاوایی. پیاوان ترسیان ڕێ نیشتبوو نەوەکا من ئاوا خۆم غەیب کەم و خوانەخواستە بچمە جەستەی کچ و ژنیان. ناچار سیحری غەیب کردنمان بەربەست کرد. سەیری خۆش لەوەدایە پاش چەند ساڵێک، ڕۆژێک لە شاری سابڵاغ بە مزگەوتێکا ڕادەبردم؛ دیار بوو خەڵکی زۆری لێیە. پرسیم گوتیان مەلایەک ئیجازە وەردەگرێ و شیرنی خواردنی ئەوە. چوومە ژوور دیتم هەمان قالەی سووختەکەی خۆمە جبەیەکی تازەیان دەبەر کردوە؛ ئیجازەنامەی دەخوێننەوە کە: شوکر بۆ خوا بۆتە مەلا. چووم لە پەنای دانیشتم و پیرۆزباییم لێ کرد. گوتی: مامۆستا بیکە لە ڕاهی خودا ئەو دوعایەم فێر کە کە منت پێ غەیب دەکرد! گوتم: جندۆکە ڕازی نابن! با پیر بی ئەو دەم تێتدەگەیەنم کە چۆنە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەستنی سەیید عەوڵڵا شێتە لە وشتەپە ئاومان لە بیرێکی زۆر قووڵ، بە سەتڵ و گوریس هەڵدەکێشا. جارێک لەو ئاو هەڵێنجانە، قرچەلە پشتمەوە هات و پشتم کووڕ بۆوە و ژانی زۆر گرانی دەکرد. شکستەبەندێک لە دێدا بۆی هێنامەوە جێ و چەند ڕۆژان لە سەر جێ کەوتم. سەید عەوڵا شێتەیەک هەبوو مەسخەرەی ئاغایان بوو. کچێکی لە وشتەپە خواست؛ هاتە حوجرە کە بچین مارەی کەین. گوتمان حەقی مارەبڕانەت نەهێناوە. سوێندی خوارد کە ماوەی بدەین تا دەچێتە بۆکان دوو کەللەقەند و تۆپێک کەتانی مێزەرمان بۆ دێنێ. گوتم: خۆت دەزانی بەستن هەیە؛ ئەگەر درۆ بکەی دەتبەستم. ئیتر درۆی کرد و پێمان پێدەکەنی کە دەستی بڕیوین. منیش دەمگوت بەستوومی. شەوی زاوایی بەسترابوو. هاواریان بۆ هێناین جوابمان نەدانەوە. هاواری بۆ ئاغا بردبوو، ناردی بە شوێنما و گوتی: من ئەوا پێنچ کەللە قەند و دوو تۆپ کەتانتان دەدەمێ بیکەنەوە! هاتمەوە حوجرە و خەبەرمان دایە کراوەتەوە. کابرا بوو بە زاوا! دەسا باوەڕ کە نە بەستبوومان و نە هیچ؛ بەڵام ترسەکەی وای بە سەر هێنابوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆبەیەک بۆ هەمیشەی ژیانم ڕۆژی جێژنەیەک دەگەڵ مامۆستا چووینە ماڵی عەلیاغا. عەلیاغا -کە نەخوێندەوارێک بوو، بەڵام زمانی فارسی دەزانی- پرسیاری لە فەقێکان کرد: فڵان شت بە فارسی چییە؟ بە فیسارە شت دەڵێن چی؟ شیعرێکی سەعدیم لێ پرسییەوە کە دەڵێ: چەند دەسکە گوڵم دین کە لە سەر «گنبد»ێ بە گیا بەسترابوو. عەلیاغا گوتی: ئێوە نەتاندیوە، من لە شیراز دیتم گوڵ لە سەر گونبەز دادەنێن! گوتم: نەتزانی، «گنبد» بە پیاڵە دەڵێن. - لە کوێدا؟ - لە «بورهانی قاتیع»دا. - خۆت دیوتە؟ - بەڵێ. - دا بچن بورهان بێنن... ئەم بەڵێیەی من درۆ بوو؛ نەمدیبوو؛ لە مەلا قادرە پیرم بیستبوو کە زۆر فارسیزانی چاک بوو. هەر مانای گونبەدی لێ درایەوە و پیاڵە نەهات. هەموو گیانم وە سەر ئارەق گەڕا. ئاخری تووشی هاتن کە گونبەد بە مانا پیاڵە هاتووە. بە زاهیر قسەی من سەرکەوت؛ بەڵام ئێستاش پاش چل و شەش ساڵ تا بیرم دێتەوە، شەرم دەمگرێ. درۆی بۆ چ بوو؟ با بمگوتبایە مەلا قادر وای دەگوت. ئیتر تۆبەیەکی وای پێ کردم کە بۆ هەمیشە تەنبێ بم. زۆر کەسی تریشم دیوە، کە شتێکی بۆیان گێڕاونەوە، دەڵێن بە سەر خۆمان هاتووە؛ بەڵام ئەوان ئەوەیان باشە درۆشیان لە سەر سوور بێتەوە شەرم نایانگرێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆچی یەکجاریی بابم لە وشتەپە دەچوومەوە ماڵ. جارێک لە سەفەراندا خوا برایەکی دیکەی بۆ ناردبووم کە ناوی نرابوو «سادق». جارێکی تر چوومەوە باوکم نەخۆش بوو؛ ناردمیە سابڵاغ بۆ لای دوکتۆر یوناتانی کۆنە برادەری. تا من چووم و دەرمانم بۆ هێنا، بە ساغی فریا نەکەوتم و لە ئاخر دەمی گیاندانیدا گەیشتمە سەری و هەتیو مامەوە... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێداچوونەوە و سەرنجێکی تری دەورانی منداڵیم بە مردنی بابم ڕووپەڕێکی ژیانم هەڵدرایەوە و ڕووپەڕی دەورانی منداڵیم دەدرایەوە. بێ جێی نازانم بە سەرچڵی تا نەمبەستووە سەرێکی بدەمەوە: ژیانی ناو فەقێیان بە ڕاستی سەرنج ڕاکێشە. ئەگەر کۆمەڵێکی هاوزمان و هاووڵاتی بە میللەتێک دادەنێن، بە بڕوای من فەقێ تا نەبوونەتە مەلا، میللەتێکی سەربەخۆن. هەر مەلایەکی وەک باوکی من دەیەوێ کوڕەکەی جێگەی بگرێتەوە. زۆر کەسی نەخوێندەواری بە ئیمانیش کە خۆشیان لە مەلا و یاسین خوێندن هاتووە، کوڕیان دەنێرنە ناو فەقێیان. زۆربەی فەقێ، کوڕە بێوەژن و کوڕە هەژاری جوتیارن. دەچنە حوجرە دەبێ سواڵی نان لە ماڵان بکەن؛ بەشی جلک و شمەک لە ڕاتووە پەیدا کەن. کە بەهاران و پاییزان بە ئاوایی و هۆبانەوە دەگەڕێن، ڕۆن و پەنیر و کەشک و تووتن و سواڵ بکەن و خۆیانب پێ پۆشتە کەنەوە و شەکر و چای پێ دابین بکەن؛ خەڵک لە زەکاتی گەنم و دراو بەشیان بدەن. خوێندنەکەیان چۆنە؟ چەند کتێبێک لە سەتان ساڵەوە بۆتە باو، زۆر کەم وایە ئاڵوگۆڕی بکرێن؛ یانی بەرنامەی دەرس بە سەتان ساڵ نەگۆڕاوە. دەرس گوتنەوەش هەر لە عۆدەی ئەوانەیە کە لەو کتێبانەوە فێرە خوێندن بوون و هەرگیز بەرنامەی تازە کردنەوە و دەسکاری تێدا دەکار نەکراوە. نە فەقێ تێدەگا چی خوێندووە و نە مامۆستا خۆی دەزانێ چی بە دەرس کوتۆتەوە. لە سەد فەقێ، یەک یان دوان هەڵدەکەون کە لە ناوەڕاست بەجێ ماون و سەرنەکەوتوون. ڕێکوپێکی ئیمتیحاناتی سێ مانگە و شەش مانگە و ساڵانەیان هەر نەبیستبوو؛ خۆی و خۆی. تەنبەڵ و ناتەنبەڵ بە یەک ڕێدا دەڕۆن. زۆربەی وەختیان بە چاوبڕکێ لەگەڵ کچۆڵان و قسەی شڕ و قۆڕ ڕادەبرێ. زۆربەی هەرە زۆریان ڕووتن؛ چڵکنن؛ دژوێنن. زۆر جەمیان نانی هەرزن و جۆیە و پێخۆریان ئەو شتەیە کە ماڵان بە خێر دەیاندەنێ. لە ناو ئەو هەموو مایەی خەم و پەژارەدا داویانەتە باری بێعاری. شەوانی سێشەمە و جومعە لێک کۆ دەبنەوە و دەیکەنە بەزم و پێکەنین. کەمتر فەقێم دیوە زۆر گوێ بداتە باری ئایینی. هەمووان بەرانبەر بە شێخان بەدبین و بێ یاقیدەن؛ گاڵتە بە زۆر شت دەکەن کە لای خەڵک گوناحە. قەسیدەی «بوردیە» هەیە کە عارەبییە و لە پەسنی پێغەمبەرە و بۆ بەڵا لابردن و ممبارەکی بە دەستی گەل دەیخوێنن. فەقێیەکی قۆشمە کە ناوی نەزانراوە کردوویەتە گاڵتەجاڕ و بە خوارنی حوجرەی هەڵگووتووە و لە وەزن و قافیەشدا وەک قەسیدەی عارەبیەکەیە. شەوانی جومعە لە «پەسوێ» -کە سێ فەقێیەکی لێ بوو- کۆ دەبووەنەوە، دەی قەسیدەی «بگنیە-ورگیە» بخوێننەوە! ئەم چەند بەیتەم لەو قەسیدەیە لە بیر ماوە: فەقێینە چاکی بزانن مزگێنیەکوو دەدەمێ زیافەتێکی زۆر چەور، بۆن دێ بە دستی شەمێ هەر چێشتێکی سوور چۆوە، ساوارە لێی دوور کەوە شەو و ڕۆژی حازرە لە حوجرە وەختی جەمێ ئەستەغفیروڵڵاهی من ساواری و ئەلماشێنە ئەگەر لە برسان بمرم شەرتە دەمی ناکەمێ ئافەریم مام بابەکر! ئەتۆی تایفەی سەکر زیافەتت وەکو شەکر، دەڵێی نێ ئەوجار کەمێ یەکێکی دەنگ خۆش دانەدانەی بەیتەکانی دەخوێندەوە و ڕادەوەستا ئەوانی تر بەگەل سەربەندەکەیان دەخوێندەوە و دەیانگوت: دە تێی کە! لێی کە بە چاکی پاروانی لێ بکە لوولی دە! قووتی بدە! هەتا زگت دەجەمێ یان لاسای خەتم و تالیلەی تەکیەی شێخانیان دەکردوەوە: بە دەورە دادەنیشتین چراکەیان خەفە دەکرد. سەر تالیلە بۆی دادەمەزراندن: «لا ئیلاهە ئی لەڕ نا!». تاوێکی باش بە کۆمەڵ ئەمەیان دەگوت. ئەوجار بۆی دەگۆڕین: «داندۆک»، تێکرا وەک جەزم بوونی دەروێشان ملیان لێ دەنا: داندۆک، داندۆک، داندۆک دەبووە ساوار، هێلکا و... لاسای قورعان خوێندن و تەکبیری جەژنیان دەکردەوە. یەکێک ناوی وڵاتی بە دەنگێکی بڵند دەخوێند. مەسەلەن دەیگوت: «وە شاوەلەیە و بایزاوێیە، وە قاڕنەیە وە گەڵوان». دوای دوو سق ئایەتی وا ملی خوار دەکردەوە: گوێگران تێکڕا دەیانگوتک: «پڵاو بنکڕ، پڵاو بنکڕ، پڵاو بنکڕ، پڵاو بنکڕ، لا بامیەتە لەنا ئیللا شلە قاورمە، پڵاو بنکڕ بە لەحم و شەحمەوە». گویا جارێک چەند فەقێ لێک کۆ دەبنەوە دەست دەکەن بە غەیبەت کردنی هەرچی دێتە بیریان. کار زۆر درێژەی کێشاوە و گەیشتوونەتە باسی مەلائیکەتانیش. لە پاش هێندێک ڕامان، یەکیان گوتوویە: - ئائا نەقڵی ئەوەیە خودای تەبارەک و تەعالا کاوڕە لەڕێکی بۆ برایمی پێغەمبەر ناردووە، سەری کەچەڵ کردووە هێندەی پێ بڵێ: «وَ فَدَیناهُ بِذبحٍ عَظیم»! بەڵام جگە لەو جۆرە گاڵتە و گەپانە، بە تێکڕایی لە نوێژ و ڕۆژوو گرتندا زۆر خێرا بوون. بەڵێ هێندێک لە نوێژی سبەینە تەنبەڵییان دەکرد؛ بەڵام ئەویشیان بە قەزا دەگێڕایەوە. لە زینا و داوێنپیسی زۆر بە دوور بوون. حەز لە کچان کردنیان لە دەستبازی و ئەگەر ڕێک کەوتبا ماچ و مووچێک تێ نەدەپەڕی. ئەو چەد ساڵەی فەقێ بووم نەمبیستووە فەقێیەک لە سەر ژن گیرابێ. دوو جاریش لە بیرمە کە فەقێ کیژی دڵخوازی خۆیان هەڵگرتبێ. ئیمانیان بە خوا و قورعان و ئیسلام پتەو بوو. منیش کە چەند ساڵێک لە ناو ئەو کۆمەڵگایەدا ڕامبواردووە و شەو و ڕۆژم دەرباز کردووە، دیارە لە ژیانی فەقێیەتی زۆرم پێوە نووساوە و خووم پێ گرتووە. کاتێ لە وشتەپە فەقێ بووم، لە شەوی پازدەی شاباندا -کە جێژنی بەراتە- وەک باوە قورعانمان هێنا و یاسین و دۆعای بەراتمان خوێند. ئەسعەد بەشداری نەکردین. گوتی: ئێوە بەو دۆعا خوێندنە لە باتی ڕۆژی زیادبوون لە ڕزق و ڕۆزی بێبەش دەبی؛ من تەجرەبەم کردووە! گوێمان پێ نەدا و خۆشمان لێ تووڕە کرد. جاران کە هەموو بیانیان هیچ نەبا ماستێک، شیرێژێکمان دەست دەکەوت، بەیانی ئەو ڕۆژە نانی گەنمیشمان نەبوو. دوو سێ لەتکە نانە جۆی وشکەوەبوومان خوارد. ئەسعەد پێمان پێ دەکەنی و دەیگوت: ها؟ نەمگوت؟ ئێمەشی پەشیمان کردەوە. گوتمان دەسا چاری دەرد چییە؟ گوتی هەستن! قوربان سفرەی نانمان لە ناو حوجرەدا بەر شەقان دا تا ماندوو بووین. هەروا دوای تۆزێک ژنێک بە قاپێک ماست و چەند نانی گەنمی نازە و گەرمەوە هات و گوتی: فەقێکان نەزرم کردووە؛ ئەمەم بۆ ئێوە هێناوە! لە وشتەپە فەقێی جگەرەکێش، بە زۆر نەفەسێک و دوو نەفەسیان خوڵق کردم تا بۆ خۆم فێر بووم. ئەوسا دەیانگوت عەیبە تۆ لاکێشی! ناچار تووتن و پەڕم پەیدا کرد و لە سایەی هەواڵی ناجنسەوە فێرەجگەرە کرام. چەند جاران تەرکم کردووە و گەڕاومەتەوە سەری. ئێستاش کە پیرم و نەخۆشم و دەڵێن بۆت خراپە؛ بەڵام ئەو بەڵایەم بۆ تەرک ناکرێ. دەیانگوت کارخانە قەندی میاندواو زۆر جوان و خۆشە. دەگەڵ فەقێیەکدا لە بەر وەرزێڕێکی وشتەپەیی پاڕاینەوە، گوتی: چەوەندەرم دەگەڵ بار کەن! لە بەیانەوە تا ئێوارە کامیۆنمان پڕ کرد. شەو لە سەر بار سوار بووین. بەیانی لە کن کارخانە دابەزین. تازە دەزانین برسیمانە و هیچیشمان لە گیرفاندا نییە. لە دەرکی کارخانە ڕێگەی چوونەژوور و تماشایان نەداین. دەبوایە چاوەنۆڕیش بین تا بمانبەنەوە. چووینە سەر چۆم، مەلەمان کرد؛ برسیتر بووین. نیوەڕۆ لە بن دیوارێک قۆڕەی زگمان بوو. مەلایەکمان لێ پەیدا بوو منی دەناسی؛ نانی داینێ و کارخانەشی پێشان داین. ئاخری پاییز بوو، بە دەشتی شاروێراندا دەهاتم، تووشی بەنداوێک بوو، ویستم بپەڕمەوە و کاڵە و پێتاو دانەکەنم. فکر، فکر، دار بیەکی باریکم لە سەر بەندەکە دیت؛ بە عەقڵی تەواوی خۆم دەچمە سەر چڵۆپکی؛ دادێ و فڕێم دەداتە ئەوبەر. بە ناشکوری ناڵێم حیساب ڕاست دەرنەچوو. چڵۆپکی دار داهات، خستمیە ناوەڕاستی جۆگە و لە قوڕێدا قوم بووم! بە هەزار دەرد هاتمە دەر. سەرما، هەموو گیان تەڕ و قوڕاوی، غارم دا، لە «وسوکەند» خۆم بە ماڵێکدا کرد. ژنەکە هەر دیتمی خودار بوو: - ئەی بیسمیللا ئەوە چییە؟ ! - دایە گیان جندۆکە نیم، فەقێم! لە بەر تەندوور خۆم وشک کردەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: «خەم مەخۆ! کاکمان لەجێی بابمانە» تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو کە بابم مرد. قەت بیرم لەوە نەکردبوو کە ڕۆژێک باوکم دەمرێ و بە سەری شبکی هەتیو دەبم. تاسام؛ واقم وڕ ما؛ فرمێسک لە چاومدا قەتیس ما. گریانم نەدەهات. خەمێکی تەماوی دەوری سەری دابووم. دنیام باش نەدەدیت. لە سەر وەسیەتی خۆی بردمانەوە خانەقا لە پەنا گۆڕی دایکم ناشتیان. گەڕامەوە ماڵ؛ منداڵ دەگریان. گوێم لێ بوو خوشکم بە براکەمی گوت: «خەم مەخۆ! کاکمان لە جێی بابمانە». ئەو قسەیە وەک دەمبێن لە گۆزەی سەرەونخوون هەڵگرن، کونی فرمێسکانی بەرەڵا کرد و گریام ئەمما گریام؛ تا بە تەواوی کوڵ و کۆم دامرد. ئاشنا و ڕۆشنام لەولا و لەولا هاتنە سەرەخۆشیم. ئیوایان تێدابوو هەر لە ئێستاوە تەماحیان کردبووە پارچە زەویەکانمان؛ دەیانگوت ئێوە تازە ناتوانن بە بێ بابتان لێرە بژین. گوێم لێ دەبوو دەیانگوت: هەر بینا لە برسان مردن. ئەمجار فکرم لەوە دەکردەوە کە دەبێ مردن چۆن بێ؟ حەل نەدەبوو... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شانم وەبەر کار دا و دەمم لە کاسبی شیرین بوو بەوپەڕی ناهومێدییەوە چووم لە وشتەپە کتێب و سیپاڵەکەم هێنایەوە و مۆرم بە درگای خوێندن و فەقێیەتییەوە نا. ئەی خودا چ بکەم؟ تا ئەمڕۆ نە زانیومە کاسبی چییە، نە لە جووت و گا سەرم دەردەچێ، دوو برای پچووک و خوشکێک و دایکێکم بە سەردا کەوتۆتەوە. باب کە مردووە سێسەد تمەن قرزدارە و پاتاڵی دۆمان تەنیا مانگایەکی سیلدارە؛ بۆ گاڵتە ناوی نراوە «شمقار». ئەگەر بزانی کە دە مریشک بە تمەنێک و پێنج گیسک بە تمەنێک بوو، دەزانی سێسەد تمەن چەند زۆر بوو. بەڵام زۆری پێ نەچوو کە دەستم لە ناهومێدی بەردا و شانم وەبەر کاردا. مەنجەڵە زنجیردارەکەی بۆ پڵاوی حەوتمم کڕدرابوو، لەو ساوە نخوون کرابۆوە؛ دام بە چوار بزنەزا و بە کاژیلەوە. گیسک و بزنم دەکڕی و دەمبردە بازاڕی «خورگە» و «قەباکەندی». ماوەیەک چۆداریم کرد. خۆم وەها شارەزای کاسبی لادێ کرد کە کۆنەپیاوان پرسیان پێ دەکردم کوێ بە چی بچێنین. کەم کەم دەبووژامەوە؛ بەڵام دیسان ژیان زۆر فەقیرانە ڕادەبرا و شوکری خوامان دەکرد. شەوانە تا درەنگ زستانان لە مزگەوت جۆرابێنمان دەکرد؛ چراشمان فتیلە بوو. هەمیشە کە دەستم بۆ ناو کەپۆم ببردایە، قورمی ڕەشی نەفت بەدەستمەوە دەهات. زستانێکی سەرانسەر پێخۆرمان نەبوو؛ بە نانی وشک ڕامانبوارد. خوێندەواریم چەند بوو؟ لە سایەی لەبەر کردنی قەسیدە عاربیەکەن، چەند وشەیەکی عارەبیم دەزانی؛ بەڵام منیش وەک هەموو مەلای وڵاتی خۆمان، نە قسە کردن، نە خوێندنەوەی کتێبی عەرەبی تازە و نە هیچ. لە شەرعیشدا تەپەتەپێکم لە «فتح القریب» و «منهاج» دەکرد و ناویان نابووم «مەلاوڕەحمان». لە فارسیدا خراپ نەبووم؛ گڵستان و بووستان و یووسف و زڵێخای جامی و تاریخی نادرم بە دەرس خوێندبوو؛ دەمتوانی نامە بە فارسی بنووسمەوە و بخوێنمەوە. کە نزیکەی دە دوازدە ساڵ ژیانم بە گەللایی ڕابرابوو؛ خۆم بۆ فێربوون ماندوو نەکردبوو؛ تازە پەشیمان ببوومەوە. دەستم کرد بە متاڵا و خوێندنەوە و خوێندن لە لای خۆم. شەوانە چرای نەوتم لە پێش خۆم دادەنا و کتێبم دەخوێندەوە. کتێبی چۆن؟ تەڕ و وشک، بێتام و بەتام، هەر لە ئەمیر ئەرسەلانی ڕۆمیەوە تا شیروویە و سیمین عوزار و فەلەکناز و تەڕەماش و تەڕەسازەوە تا دەگاتە خەمسەی نیزامی و مەسنەوی و حافز و شانامە و شتی تر... زۆر شەوان وا بە خوێندنەوە خافڵاوم کە ڕوانیومە وا تاو هەڵاتووە و چراکەم دایسێ. لە ئاکامی ئەو شێلگیریەم، بە بێ ئەوە بە خۆم بزانم، ببومە فارسیزانێکی مناسب. هێندێک بە قەرز و هێندێک بە نەغد جووتە گایەکم بە سی تمەن کڕی. دەگەڵ کابرایەک بووینە شەریک کە نیوەکارم بێ؛ تووتن و بێستانیشمان کرد. کابرا کە گیای دروو، گێشەی خۆی لێدا، گوتن من تووتن و بێستانم ناوێ، چاری ناچار خۆم لێ گیڤ کرد و بە نەزانی خەریکی تووتنەوانی بووم. تووتنم بن کۆڵ دەکرد و ئاوم دەدا. پاییز تووتنم بردە شار، بایی چل و پێنج تمەن بوو. پارەی گاکان و هەقی کووتاڵی پۆشتەکردنەوەی منداڵانی لێ دەرچوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەولی ژن هێنان و خواستنی «سەییدزادە ئایشێ» دەمم لە کاسبی شیرین بوو. وردە وردە مەڕم کڕی، ماینم کڕی و بوومە ماڵێک لە ڕێزی ماڵان. بەڵام گیروگرفتی تر هاتە بەر: «سادق» تەمەنی هەشت مانگ بوو، دایک مێردی کردەوە و بە جێی هێشتین. خوشکم هێشتا منداڵ بوو؛ ناچار بووین لە ژنی ناو دێ یارمەتی بخوازین کە بەنان کردن و ماڵات دۆشین و مەشکە ژەندن ڕابگەن؛ کە ئەوانیش جگە لە هەقی خۆیان، نیوە بە نیوەیان دەدزی. گوتیان چار ئەوەیە ژن بێنێ کە هەم ئاگای لە ماڵ و هەم لە برا چکۆلەکەت دەبێ. کەوتمە حەولی ژن هێنان. لە هەر کوێ کیژێکیان ناو دەبرد کە جوان و باشە، سەرم لێ دەدا؛ یان من کەیفم نەیدەگرتن یان ئەوان پێم ڕازی نەدەبوون. ڕۆژێک کە دەگەڵ کاروانێک دەچوومە بۆکان، لە ڕێ تووشی کیژێک بووین کە دەچوومە مەزرای باوکی. زۆرم دڵ گرتی؛ ئەویش نیوە ئاوڕێکی لێ دامەوە. زۆری نەبرد کە خواوڕاستان ئەو کچە دەگەڵ هەواڵانی خۆی هاتبووە تەرەغە بۆ سەیران و ماینەکەی لە حەوشی ئێمە بەستبۆوە و خۆی میوانی حافزێک بوو. حافزم کردە دەڵاڵ و بۆی سازدام و خۆم و کەسێکی تریش چووینە خوازبێنی لای باوکی. باوکی کچ گوتی: - بە منداڵی لە سەر بێشکە لە کەسێکم مارە کردووە کە نایەوێ مێردی پێ بکا. بە کێ قایل بێ بەوی دەدەم؛ با پرسی پێ بکەم. دیار بوو پرسی بە قازانجم بوو. ئەوجار پرسی: - دەوڵەمەندی؟ دێمە ماڵت بزانم چت هەیە. گوتم: باشە دوای دوو ڕۆژ وەرە؛ من هەموو فەڕش و نوێنی ئاوایی دەخوازمەوە؛ مەڕ و مانگایەکی زۆریش دەخەمە حەوشەوە؛ ئەوسا دەڵێم دەوڵەمەندم. مامی خۆم! تۆ ئەگەر کچ بە دەوڵەت دەدەی، ئەگەر لە ئێستا فەقیرتر بووم دەبێ لێک جیا بینەوە. من شەریکی عومرم دەوێ کە سواڵیشم دەگەڵ بکات. کابرا پێکەنی و گوتی ڕاستە. تەڵاقی کیژم بە سەد تمەن کڕیەوە و مارەم کرد. وا بوومە خاوەن ژن. بەڵام هەر ژن بەبوو، ڕەحمەتی خودا بوو. هەر چەند باوکی بە چەتە و دز و تووش و جنگن ناوی دەرکردبوو، ئەو تەواو بە پێچەوانە زۆر نەرم و نیان و بە سەبر و حەوسەڵە، زۆر فامیدە، کارزان، لە هەموو وەرزێرێک پتر لە وەرزێری سەری دەردەچوو. کابانێکی کەموێنە بوو. زۆر زوو حەسامەوە. کاروباری منی گرتبووە ئەستۆی خۆی. بە مەزرا و ماڵ ڕادەگەیشت. هەمیشە ڕووخۆش و گەش بوو. دۆستانی گوندی دیکەم دەیانگوت خۆزگە ئەگەر میوانی ماڵە تۆ دەبین تۆ لە ماڵ نەبی؛ چونکە «سەیدزادە ئایشێ» لە خۆت پتر قەدرمان دەگرێ. لە کچی «سەید قادری بوغدەداغی» کوڕێکم هاتە دنیا و پاش پێنج ڕۆژ مرد. پیرێژنان دەیانگوت ئاڵەوشەوە بردوویانە. جارێکی دیکە حامیلە بوو. لەو ناوەدا من نەخۆشی گرانەتام گرت و زۆر پیسی خستم. لە ترسی گرتنەوە نەدەبوایەکەس نزیکم کەوێ. ئەو ژنە ئارەقی لەشمی بە زمان دەلستەوە. من چا بوومەوە بەڵام ئەو زۆری نەبرد کە تووشی گرانەتا هات و پاش نۆ ڕۆژ بە نەخۆشی کوڕێکی لە بەر چوو؛ بۆ خۆشی مرد. لە سەڕڕا بێکەس و هەتیو بوومەوە. زەمانە لە باتی ئەو تۆزە خۆشیەی ژیانم، تاڵاو و ژەقنەمووتی بە گەروودا کردم. لە قەسیدە درێژەکەی بەرەو موکریاندا باسێکم لێوە کردووە. ژیانمان لە تەرەغە، جار تاڵ و جار شیرن و پڕ لە هەوراز و لێژ ڕادەبرد. لە بیرمە زستانێک تا بەهار پێخۆرمان نەبوو؛ بەرچامان نانی وشک بوو. لە بیرمە ساڵێک قەند گران بوو؛ چەند مانگێک چامان بە کشمیش و نوقڵ دەخواردەوە. بەڵام لە دواییەکاندا بە نیمچە دەوڵەمەندێکی لادێ حیساب دەکرام. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بار کردن لە تەرەغە و هاتنە بۆکان بۆ خۆم دەرسم بە برا گچکە و برای گچکەترم دەگوت. بەڵام زۆر زەحمەتە منداڵێک بە تاقی تەنیا زەوقی لە سەر خوێندن بێ. بیرم زۆر لێ دەکردەوە کە ئەو برایانەم ئامانەتی بابمن و لە مل مندان. ئەگەر نەخوێندەوار دەرچن من خەیانەتم بە ئامانەت کردووە. زۆریش گران بوو دەست لە ژیانی لادێ –کە دەگەڵی ڕاهاتبووم- بەردەم و بچمە شار کە هیچ لە کاسبی شار سەرم دەرناچێ. ئاخری لێ بڕام کە هەرچی دەبێ با ببێ؛ تەنیا براکانم بتوانن بخوێنن. لەپڕ قەراری خۆم دا. ماڵاتەکەم سەرجەم فرۆشت و هاتمە بۆکان. خانوێکی پووتەکەی پیسەکەی لە لای سەرووی مزگەوت و بەرانبەر بە حەوزی بۆکان مانگی بە سێ تمەن بە کرێ گرت؛ کە حەوشۆکێک و ناوماڵێک و وەتاغێک بوو. پاش ماوەیەک بە حەوسەد تمەنم کڕی و خانوێکی شاری سابڵاغم دا بە هەشت سەد تمەن و قیمەتەکەم بژارد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند کەسێک کە ناسیومن و لەبیرم ناچنەوە جا هەتا مەعلووم دەبێ کە لە بۆکان چم دەکرد، با وچانێک بدەین و بگەڕێینەوە سەر ئەوانەی کە ناسیومن و لە بیرم ناچنەوە: ١. سەیید ڕەشیدی خانەقا سەید ڕەشیدی خانەقا پیرێکی قەد و باڵا بڵندی بە ڕیشێکی درێز و پانی زۆر جوانەوە. هەر لە فەقێیەتییەوە دۆستی نزیکی «حەریقی» شاعیر بووە؛ کە بابیشم هەر لە دۆستانی زۆر خۆشەویستی حەریق و سەید ڕەشید بووە. سەید ڕەشید ژنی نەهێنابوو. ساڵەهای ساڵ بوو هەر لە زەمانی مانی شێخەوە لە خانەقا ببوە تەرکەدنیا. حوجرەیەکی هەبوو؛ هەمیشە سەماوەری لەبەر دایسا. هەموو قورعانی لە بەر بوو؛ بە ماناوە و بە هەموو وردەکارییەوە. زۆربەی کاتی بە دەنگی خۆش قورعانی دەخوێند. دەیتوانی بە کوردی و فارسی شیعری زۆر باش بهۆنێتەوە. لە مەلا چاکەکانی عارەبی دەژمێردرا. مەجلیس و قسەی ئەوەندە خۆش بوو کە هەر کەس جارێکی کاک سەیدی دیبا، هەرگیز لە بیری نەدەچوو. من ڕۆژگارێک شیعر و نامە دەسخەتییەکانیم کۆ دەکردەوە کە بە ڕاستی لە نرخاندن نایەن؛ بەڵام بە داخەوە فەوتاون. دوو غەزەلی ئەوم دەس کەوتبوو کە یەکیان فارسی و ئەوی تریان کوردی بوو. ئێستا لە هەر یەکەی یەک یا دوو بەیتم لە بەر ماون، بەیتێک لە فارسییەکەی دەڵێ: یکی صد گشتە داغ دل از این رو کە الف بینیَش دو خال دارد لە غەزەلە کوردیەکەدا دەڵێ: لە چاومدای و چاوم پڕ لە ئاوە وەرە ئەی گوڵبنی تێراوم ئەمشەو ڕەقیب زانی غەریبی کۆی نیگارم وەکو سەگ بۆیە دەوری داوم ئەمشەو جارێک ڕەعیەتێکی قەرەنیاغای مامەش –کە ناوی یووسف دەبێ- دەچێتە لای کەقەرەنیاغا لە سەر کێشە کردن دەگەڵ ماڵێک –کە ماڵی یاقووبی پێ دەڵێن- دەری دەکا، تکایەکی بۆ بکا دەری نەکەن. نامەی بۆ دەنووسێ و دوای چەندێک دێتەوە و دەڵێ: «ئاغا نامەکەی تۆی فڕێدا و گوتی ئەو سۆفیانەی خانەقا ئاغایەتیم لێ تێک دەدەن». سەید ڕەشید کە تەخەللوسی شیعری «چاوش» یان «شەهید» بووە، بۆی دەنووسێتەوە: زاهیرەن فەرمووتە من سەردارم و خاوەن بەشم گیرودارم پێ دەوێ چون شێرە کوللەی مامەشم دەست لە یووسف بەرمەدە بۆ خەرگەلی یاقووبیان بەردەدەی بە گونم، چکیرم پێ دەچێ من چاوەشم هەموو کەس جنێوی کاک سەیدی لە پێهەڵگوتنی خەڵکی پێ خۆشتر بوو. بەختەوەر لە خانەقا ئەو کەسە بوو کە لە مەجلیسی کاک سەیددا حازر بێ. من هەر چەند منداڵێکیش بووم، چونکە کاک سەید بابمی زۆر خۆش دەویست، زۆر جار ڕێگەی دەدام بچمە خزمەتی و گوێ لە فەرمایشاتی بگرم. جگە لە قسە جەفەنگییەکانی –کە ئێستاش بە سەر دەم و زارانەوە ماون– زۆر چوارینە و تاک بەیتی سەیر و سەمەرەی هەبوون. لەگەڵ «عەبدوڵڵابەگی میسباح دیوان»دا نامەی زۆریان بە شیعر پێک گۆڕیوەتەوە. باسی سەید بە تەنیا کتێبووکێکە و ئەگەر دەرفەت هەبێ کۆ کرێتەوە و نەفەوتێ. ٢. حاجی مەلا ڕەحمانی شەرەفکەندی حاجی مەلا ڕەحمانی شەرەفکەندی، مەلایەکی قەدبڵند، ڕیشێکی چوار پەنجەیی هەبوو؛ کە من دەمدیت لە نێوان پەنجا و شێستدا بوو. هەرگا کە لە شەرەفکەندەوە دەهاتە خانەقا، دەک دەڵێن «چوێلەکە دەوری کوند دەدەن کە دەندووک لە چاوە جوانەکەی بدەن» ئاوا خەڵک دادەورووژانە دەوری و بە قسەکانی کەیفیان دەهات. دەم و زاراوی زۆر خۆش بوو؛ قسەکانیشی هەموو گاڵتە و گەمە بوو. تەکیە کەلامی «وەنەکێ بەبەلێ» بوو. ڕۆژێک کۆمەڵێک لێی کۆ ببونەوە. سۆفییەکی ڕیشپانی ملئەستوور، دڕی بە خەڵکەکە داو خۆی گەیاندە حاجی مەلا و گوتی: حاجی مامۆستا ئەرێ بە شەرع ڕدێن خێری زۆرە؟ فەرمووی: وەنەکێ بابەلێ! ئەرێوەڵڵا ڕدێن ئەوەندە باشە کە هەر نەبێتەوە. تۆ بڕوانە من لەوەتا ئەو ڕدێنەم هێشتۆتەوە قوونگم حەساوەتەوە. جاران هەر دەیانگوت لە قوونگی بەم، ئێستا دەڵێن لە ڕدێنی بەم! حاجی بابەشێخی تورجان لە لای شای ئێرانەوە عاسای سەر بە جەواهێری خەڵات کرابوو. جارێک دزی لە ماڵی کرابوو. لە زەنبیل بووم حاجی مەلا هات. سەید محەممەدی زەنبیل لێی پرسی: لە کوێوە تەشریف دێنی؟ گوتی: لە تورجانەوە، بە حاجی بابە شێخی مامتەوە بووم. گوتی: ئەرێ مەعلووم بوو چیان لێ دزیوە؟ گوتی: وەنەکێ بابەلێ! گۆیەکیان لێ بردووە! جارێک لە گوندی عەیشاباد بووم. حاجی مەلا هات. لە جەنگەی قساندا مستەفابەگی ئاغای عەیشاباد کتێبێکی بە ناوی «شەمسولمەعاریفی کوبرا» هێنا و گوتی: ئەوە ویفقی زۆر عەجایبی تێدایە. حاجی مەلا گوتی: ئاغا ئەم شتانە هەمووی درۆ و دەلەسەن. من باوەڕم بەو سیحر و جادوانە نییە. ئاغا گوتی: جا ئەگەر عالمێکی وەک تۆ گەورە ئەمە بفەرموێ، دەبێ جاهیل کام قوڕ بە سەر داکەن؟ دەسا وەڵڵا ئەمە ئەتۆ دەفەرمووی، من دوعای وام لێ پەیدا کردووە ئەگەر ئێستا لەم دیوارە بنووسم و قامیشێکی تێ چەقێنم، جەندی بمەوێ هەنگوین دێتە خوار. حاجی مەلا فەرمووی: وەنەکێ بابەلێ! ئەوە هاسانە؛ ڕەنگە ئەودیوی دیوارەکە ئاودەست بێ! جارێک حاجی مەلا لە بن دیواری مزگەوتی شەرەفکەند خۆی دابووە بەر بەرۆچکە و جەند کەسێکیش لە دەورەی بووین. کابرایەک بەوێدا ڕادەبرد و هەر پرتە و بۆڵەی بوو. حاجی مەلا پرسی: ئەوە چیتە؟ گوتی: حاجی مامۆستا هەر لێم گەڕێ: قەرزم لە سەر سەعیدی مام حەمەدی سەگبابە، تڕێ بە دە شاییم بۆ ناکەنێ. حاجی مەلاگوتی: وەنەکێ بابەلێ! ئەگەر زۆرت لازمە بۆی بکە بە یازدە شایی! جارێک حاجی مەلا دەگەڵ سەید ناوێکدا بە پێ بەرەو خانەقا دێن. سەید جووکەیەکی لێ دێ، بەڵام دەبینێ حاجی نە بزەی هاتێ و نە ئاوڕی لێ داوە؛ دیارە دەبێ نەیبیستبێ. ماوەیەک بێ دەنگ دەڕۆن و سەید دەڵێ: حاجی مامۆستا چۆنە وا هیچ فەرمایشتێک نافەرمووی؟ حاجی مەلا دەڵێ: بابەلێ! باوەڕ بکە لەو دەمەوە ئەوا هەر خۆم دەجرێنم و دەنەقێنم، چ بکەم بۆ بەدبختی فەرمایشتی وەک تۆم نایە! مەلایەکی دەوڵەمەند و خاوەن گوند بە ناوی «مەلا کەریمی گول» کە دەیانگوت سوودخۆرە، مردبوو؛ هێنابوویانە خانەقا. کەسوکاری و کوڕی مردوو لە حوجرەی شێخ محەممەد بوون. حاجی مەلاش لەوێ بوو. کوڕی کابرای مردوو کەوڵێکی تیسکنی ئاودامێنی لە پێش شێخ محەممەد دانا، گوتی: باوکم وەسیەتی کردووە تۆ دەبەری کەی. شێخ محەممەد کە بە حەرامی دەزانی گوتی: من پیرم و ئەو کەوڵە قورسە، ناتوانم هەڵیگرم. کوڕەکە و خزمەکانی گوتیان ئیلا دەبێ بتەوێ و وەسیەتی لە عەرز نەدەی. شێخ محەممەد فەرمووی: دەجا حاجی مەلا با بۆ تۆ بێ. حاجی مەلا گوتی: قوران قەدیمی گوتوویانە: «میراتی کەر بۆ کەمتیارە». بێنە ئەوە بۆ من باشە! باوەڕ کە کوڕ و خزمی مردوو لە ئێمە پتر پێکەنین. بۆ نموونە ئەو چەند نوکتاتەم گێڕایەوە؛ باسی مەلاش دەشێ دە ناو کتێبێکی وەک ڕشتەی مرواری عەلائەددین سەججادی خرێ. ٣. مامۆستای فەوزی مامۆستای فەوزی، مەلایەکی خەڵکی عەبابەیلی شارەزوور بوو. شێخ مەحموود لە پاش کوژرانی عیرفان ئەفەندی ویستبووی فەوزی –کە شاگردی عیرفان بووە- بکاتە ڕاوێژکەری. فەوزی لە ترسان پەڕەوازەی وڵاتان بووە. ماوەیەک لە ناو کەڵهوڕ بۆتە مەلادێ. هاتبووە موکریان و لە گوندی ئاجیکەند دەژیا. زۆر عالم، زۆر کورد، شاعیر، ئیتر وەک ئاردی بەهار بۆ هەموو شت دەبوو. نسحەت و ڕێ شاندانی ئەو، بیری کوردایەتی خستە مێشکی زۆر لە لاوانی ئاشنای. دنەدانی ئەو هێمنی کردە شاعیر. پاش مەرگی بابم زۆری پێ ناخۆش بوو کە ناچارم دەست لە خوێندن بەردەم، دەیگوت زۆر حەیفە تۆ نەخوێنی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەو دنیای زۆردار و بێزۆرەدا چۆن خۆمم پاراست ئێمە لە تەرەغە ماڵە مەلایەکی بێ دەسەڵات بووین. بابم حورمەتی لە ناو خەڵکا زۆر بوو. دەوڵەتیش هەبوو. تا دنیا بەببووە پاشاگەردانی و خەڵک لە ئەمنیە دەترسان، ئەمەش توانیبوومان بمێنین. بەڵام باب مرد، شیرازەی دەوڵەتیش بە هاتنی ئینگلیس و ڕووس و ئەمریکایی بۆ ئێران لە بەر یەک هەڵوەشا و دنیا بوو بە زۆردار و بێ زۆر. هەر وا ئاغای زل بوو وەک نەهەنگ وردە ماسی قووت دەدا. قەباڵە نووسینی وەک قەدیم و پێش داهاتنی ئیدارەی سەبت زۆر وە باو کەوتبوو. ئەمما کوا ئەو میرزا فیلەتەنانەی کە دەیانزانی قەباڵەی مڵک بنوسن؟ من چووبووم عیباراتی قەباڵە کۆنێکم بە ڕەوانی لەبەر کردبوو. تەنیا ناوگۆڕینی دەویست تا ببێتە قەباڵەی حیسابی. بەو هۆیەوە منیش گەشەم کرد. لە هەر قەباڵەی موڵک کڕینێک –یان دەبی بڵێم مڵک ساندنێک- لە لایەن حاجی بایزاغا و گوڕانیەوە- کە ئەوسا یەکەمین دەسەڵاتداری ناوچەکە بوون من بە دەستەوە بووم و بوومە ئاشنایان. ئەم ئاشنایەتییە پاراستمی. جارێک ڕەشیداغای نۆبار، جارێک کوڕی عەلیاغا، جارێک حوسێناغای قاجر دەیانویست ئەو دوو سێ زەویەم لێ بستێنن؛ ماڵە حاجی بایزاغا لاگریان دەکردم و ڕازی نەدەبوون ئاشنای قەباڵە نووسیان بە دەم گورگەوە بچێ. لە تەرەغە کابرایەکی بەر پێی من چووبووە گوندێکی دیکە. شەو نیر و ئامووری لە مەزراکەیدا بڕابوونەوە. هەرچەند من ئاگام لەم کارەساتە نەبوو، بەڵام کابرا منی بە تاوانبار دەزانی. ڕۆژێک لە باراش هاڕین من بە بارە ئاردەوە دەهاتمەوە، پیاوێکی ڕەفیقە ئاشێڕیشم دەگەڵ بوو. گەیشتینە ئەو گوندەی کابرای کۆنە ڕەعیەتی لێ بوو؛ لە ڕێ تووشی هاتیو. غاری دا سەر گردێک و هاواری کرد: وەرن تۆڵەم بکەوەوە. ئاغای گوند و نۆکەرێکی بە تفەنگەوە و بە سواری گەینە سەرمان: - ڕووت بن دەنا کوژراون! ئاغا بە قونداغی تفەنگ ڕایهێشتە هاوڕێکەم، بەر لەوە لێی کەوێ تفەنگم گرت و ڕامتڵەکاند و بە دەستمەوە هات. چەخماخم لێ ڕاکێشا کە دەتکوژم. دایە باری باریک ڕستن و بارمان بردەوە و لە نزیک تەرەغە تفەنگەکەک داوە؛ کە بە قسەی خۆی ئابڕووی نەچێ. بەو حاڵەش چوومە شیکایەتی ئەحمەداغای حاجی بایزاغا کە ئەویش لە بەهانەیەکی وا دەگەڕا وابزانم ئەسپێکی لە ئاغا ئەستاند. زۆر بەختەوەرم کە لە هاتوچۆ کردنی ئەحمەداغا لە قەرەگوێز، دەگەڵ سەید کاملی شاعیری هەرە باش و ئاغا قۆج بەگی قسەخۆشی بەناوبانگدا ڕامدەبوارد و یادی شیرینی ئەو ڕۆژانەم هەرگیز لە بیر ناچێتەوە. هەر لەو دەمانەی لە تەرەغە دەژیاین، بە هەوای لاوەتی و کەللەپڕی بێ عەقڵانە، جارێکی تریش لەگەڵ وردە مالکێکی ئامپاماندا لە سەر ئەوە بارم بەردی بە سەگی ئەو دادابوو شەڕ هەڵگیرسا. ئەو خزمی خۆی کۆ کردەوە و سەیدانی کولیجە –کە ماڵە خاڵوانم بوون- بە هاواری منەوە هاتن؛ کە چا بوو ئەویش بێ خوێن ڕژان داکوژا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاسبی لە بۆکان دەبوایە لە بۆکان کاسبی پەیدا کەم و ژنیش بێنم و بە بێوەمێردی نەمێنمەوە. بەڵام ئاواتم پێک هات کە براکانم بنێرمە مەدرەسە. ئێستاش گرێی سەر دڵمە کە بۆچی خوشکم نەنارد و بۆ خۆشم پێم نەخوێند؟ چونکە تا ئێستا نەک هەر لە خانەوادەی خۆمان، بگرە لە لاوەش ئێنسانی ئەوەندە زیرەکم نەدیوە. بەڵێ عەقڵم وا بوو کە نابێ ژن بخوێنێ؛ زۆر بە داخەوەم... بۆ باسی کاسبی و سەرمایە هاوارم بۆ کاکە ڕەحمانی حاجی بایراغا برد؛ پێنجسەد تمەنی دا کە کاسبی پێوە بکەم. دەگەڵ کوڕێکدا بووینە شەریک و هەتا چل تمەنمان زەرەر کرد، کلکی وشتر گەیشتە عەرزێ! بە پەلە قەرزی کاک ڕەحمانم گەڕاندەوە؛ نەوەکا تووشی زیانی زۆرتر بم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خواستنی «مەعسووم» کچی «کا حەمەدی نۆبار» لە پاش مردنی هەوەڵ ژنم هەر دە حەولدا بووم بە دڵی خۆم ژنێک بێنم. زۆر کیژ و بێوەژنیان بۆ دۆزیمەوە؛ بەڵام کەیفم نەیدەگرتن. ڕۆژێک میوانی ماڵێک بووم، خوشکێکی چکۆلەی هێشتا کاڵی خانەخوێکەم زۆر دڵ گرتی؛ بەڵام هیچم نەدرکاند. دوایی بیستمەوە ئەو کیژەئاشنای ماڵی قۆج بەگە و قۆج بەگیش ئاشنای قسەی قۆڕ و جەفەنگم بوو. خوازبێنیم لێ کرد و سەری گرت. «مەعسووم» کچی «کا حەمەی نۆبار»م لێ مارە کرا؛ کە هێشتا تەمەنی لە چاردەساڵاندا بوو. بۆ مخارجی بووک هێنان دامابووم. کابرایەک بە ناوی عەبدولکەریمی شەوکەت –کە بازرگانی کۆتاڵ و دەوڵەمەند بوو، خەڵکیش بە سوودخۆریان باس دەکرد- پیاوەتی کرد و گوتی من قەرزت دەدەمێ و هەر گا بووت بمدەوە. توانیم ژن بگوێزمەوە؛ بەڵام تا بە خۆم زانی پتر لە سێ هەزار تمەن بە عەبدولکەریم قەرزدار بووم. ڕۆژێک لێی پرسیم: بۆ کاسبیەک ناکەی؟ گوتم: دەسمایە چۆن؟ گوتی: تۆ زۆر بە من قەرزداری، ها پێنج سەد تمەنی دیشت بدەمێ، یان گاڵ دێ یام پەمۆ. دەگەڵ کۆنە شەریکەکەم داممزراندەوە. تووتنی شینی خراپی دەکڕی، دەیکوتا و سەبیلەڕێژی دەکرد و بە عەجەمانی دەفرۆشت. بە نیوە قازانجەکەی وردە وردە دەبووژامەوە. زستان بوو؛ ڕێگەوبان گیرابوو. ترسی عەجەمیش بۆ هاتنە کوردستان زۆر ببوو. ڕۆژێک حوسێن –کە ناوی شەریکەکەم بوو- هاتە لام. شڵەژابوو؛ لووتی ئارەقی کردبوو. گوتی: ماڵمان خرابوو، تووتنی شینی زۆرم بە سەردا ماوەتەوە و مشتەری نایەن. چاری ناچار عەنبارێکمان بۆ تووتنە شین گرت و سەر لە بەری زستان و مانگێک بەهار لە ناهومێدیان سەرمان لێ نەدایەوە. ڕۆژێک دیتم فەتحی بە هەڵەداوان هات و بزەی سمێڵی بوو. گوتی: لە سایەی دڵۆپەی زۆر و تەڕایی بنی عەنبار، تووتنەکەمان هەر چەند نیو گەزێک لە سەر و بنەیەوە ڕزیوە، بۆتە زێڕی بێ غەوش. تووتن بە دەرەجەی هەرە باڵا فرۆشرا و لەپڕ دەوڵەمەند بووین! هەر یەکی چوار هەزار و پێنج سەد تمەنمان پێگەیشت و هەر ئەو ڕۆژە قەرزی عەبدولکەریمم دایەوە و دەسمایەشم بۆ مایەوە. هەر ئەو ساڵەش لە ئیدارەی تووتنی بۆکان بوومە عەنباردار مانگێ بە سەدوبیست تمەنبووین! هەر یەکی چوار هەزار و پێنج سەد تمەنمان پێگەیشت و هەر ئەو ڕۆژە قەرزی عەبدولکەریمم دایەوە و دەسمایەشم بۆ مایەوە. هەر ئەو ساڵەش لە ئیدارەی تووتنی بۆکان بوومە عەنباردار مانگێ بە سەدوبیست تمەن؛ بەو شەرتەی دوو مانگ لە حقووقەکەم بۆ ئەو کەسە بەرتیل بێ کە دایمەزراندم. تووتنیشم بە بەرەوە دەکڕی و دەفرۆشت. هێندێک شیعرم لە سەر تووتن دزین هەڵگێڕابوونەوە؛ هەرچی گووکارییەکی لە ئیدارەی تووتندا دەکرا، دەرمخستتوو. بازڕەسی گشتی لە تارانەوە هاتبوو؛ ناوی فەرهادی بوو. داوای ئەو شیعرانەی لێ کردم؛ دەگەڵ خۆی بردن. پاش ماوەیەک نامەیەکی مەجەللەی گاڵتەی بابا شەمەلم بۆ هات، دەڵێ ئەگەر بێیتە تاران جێگەمان بۆ تۆ هەیە. دیارە من کە لە بنەوە «ژێ-کاف» بووم نەدەچووم؛ بەڵام ڕەنگە ئەگەر ئەودەم لە سەر ئەم قسە قوڕانە ڕۆیشتبام، بمتوانیا ببم بە نووسەرێکی گاڵتەچی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە تەورێز ساڵەودوا خۆم کردە بازرگانی گەنم. دەگەڵ برادەرێکا بووینە شەریک؛ گەنممان لە بۆکانەوە دەبردە تەورێز و دەمانفرۆشت. چونکە زۆرمان دەبرد، ئەگەر کیلۆی نیو شایی خێری بکردایە، هێشتان زۆر بوو. جارێکیان سەدوبیست تمەنمان زەرەر کرد. هەر ئەو ڕۆژە چووینە دیدەنی حەمەدیمن ئاغای مەحمووداغا –کە ئاغای بۆکان بوو. قەپان و سەرانەی ماڵاتی بازاڕمان ئیجارە کرد بە مانگی هەشتاویەک هەزار تمەو. چوار کەسی دیش خۆیان کردە شەریکمان. نۆ ڕۆژمان بە دەستەوە بوو، یازدە هەزار تمەنمان خێر کرد؛ تا لە سەریان زیاد کردین. جارێک حەمامی بۆکانم بە ئیجارە گرت. بەڵام نەچوومە سەری و بە هەشت سەد تمەن خێر فرۆشتمەوە. خولاسە لە بۆکان خێروبێرم بە سەردا دەباری و تەواو ساز ببووم. سەعدی دەڵێ: «دەنگی خۆش بژیوی گیانە»؛ هەمزەی شەریکم زۆر دەنگی خۆش بوو. بڕیارمان دا لە تەورێز نەچینە ئەو ئوتێلەی کە هەموو کوردی سابڵاغی دەچوونێ؛ چوویتە ئوتێلێکی بێ کورد. کاک هەمزە شەو لە ژوورەکەدا گۆرانییەکی گوت. خاوەن ئوتێل هات گوتی: هەر چەند لە کوردی تێناگەم، بەڵام ئەو دەنگە زۆری کار لێ کرد. وەتاغێکی دوو نەفەری دوور لە جادەی داینێ و سوێنی خوارد کە پووڵمان لێ ناستێنێ و هەرچی دەمانەوێ بۆمان پێک بێنێ، بەو شەرتەی ڕۆژی جارێک گوێی لە گۆرانی هەمزە بێ. جگە لە کاری ڕۆژمان –کە سەردان لە بازاڕی گەنمفرۆشان و بە شارا گەڕان و سەیر کردنی قەیسەری و ڕاستەبازاڕان و چاوچەراندن بوو– شەوانە هەر لە ئێوارەوە دەچووینە سینەما. ئەمما ڕاستت دەوێ دێستاش نەمزانی کام فیلم باشە و کامی ناخۆشە. خاوەن سینەماکان بۆ ڕاکێشانی لاوان، کچی زۆر جوانیان بە خزمەتکار ڕادەگرت. پیاو کە لۆژ دادەنیشت، کچێکی زۆر لووسی بە ناز و نووز فێر کراو، بە شیرنی و ئابجۆوە دەهاتە ژوور و بە دەست بازیبەک و گا ماچێک و دوان، پووڵێکی باشێکی چوار و پێنج بەرانبەری نرخی بازاڕی لەمشتەری دەستاند. ئێمەش لەو دادۆشین و دەستبڕینە بە ئاشکرایە خۆشمان دەهات و بە ئانقەست ملمان بە تەپکەوە دەکرد. ڕۆژێک لە سەر قسەی خەڵک چووینە مزگەوتێک لە تەورێز بە ناوی «صاحب الامر» کە گوتیان چوارشەممۆیان زۆر خوشە. خوش و ژووری لە ژن و کچ جمەی دەهات؛ بەردی دیواریان دەلستەوە کە بە مراد بگەن. لە ژوورەوە گونبەزۆکێک هەبوو دەیانگوت ئیمامە. مەلایەکی پیری ڕدێن خەناوی بە زیارەت ڕادەگەیشت. دوای زیارەت من دوو تمەنم دایە. کابرا کە هیچ کەس هەرگیز لە چوار شایی پتری نەدابۆیە، لەو حاتەمییەم واقی بردەوە. هەر وەک بترسێ کە لێی بستێنمەوە، نایە تەنکەی باخەڵی و خۆی دایە سووچێکی تاریک و زەق لە منی ڕوانی. تا تەماشام دەکرد چاوێکی لێ دادەگرتم. تەواو دڵخورد بووم. هەمزەم تێگەیاند و لێی چووە پێش و بە تووڕەیی تێی ڕاخوڕی: - بۆ چاو لە هەواڵم دادەگری؟ مەلا گوتی: کەس وەک ئێوە مەرد نییە، لە سەر یەک دوو تمەنتان داومێ. ئێستاش ئەمڕۆ وەرنە ماڵە من، نۆ ژنی زۆر جوانم بەدەستە، کامیانتان هەڵبژارد لێتان سیغە دەکەم و خزمەتکارم. من گوتم: ئاغا ئێمە سوننی مەزەبین؛ سیغە و قەحبە لای ئێمە وەک یەکە و بە حەرامی دەزانین؛ ئەمە ناکەین. ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی: خوا نەکا سوننی بن. پیاوی وا چاک حەیفە سوننی بێ! چووشینە زیارەتی سەید هەمزە کە عەزیزخانی سەرداری موکری لە بارەگای ئەو نێژراوە و گۆڕەکەشی زۆری قەدر گیراوە؛ چونکە لەدەورانی دەستەڵاتیا خەڵکی تەورێزی لە بەڵای قاتی و گرانی ڕزگار کردووە. ڕەنگە نەشیانزانیبێ ئەویش سوننی بووە! ئەوی لە بیرمە کە سەرنجی ڕاکێشابم دیدار لە ماڵی قەرە سەید ناوێک بوو کە دەیانگوت فاڵ دەگرێتەوە و نوشتە دەنووسێ. خانووبەرەکەی دوو حەساری دە ناو یەکدا بوو. خێزەرەی مشتەری وەک مێرووی وەوری چەوری کۆمەڵ ببوون. دەبوو سەید وەخت بدا کە فڵان ڕۆژ بێنە لای. کە زانی دوو کورد هاتوون، گورجێ ڕێگەی لای خۆی داین و قەدری زۆری گرتین و تێری قسەی خۆش بۆ کردین. پاش چەند ساڵ بیستمەوە کە سەید جاسووسی ئینگلیسان بووە. لە تەورێز بۆ ڕیش تاشین و سەر چاکردن دەچووینە لای دەلاکێک. گوتی شتێکم بۆ بنووسە کە ڕیش تاشین بە قەرز نابێ. من دوو شیعری فارسیم بۆ نووسیبوو کە لە بیرم نەماون، بەڵام ماناکەی ئەوە بوو: «هەی بێ ئینساف! تۆ ڕیشەکەت لای من دەتاشی و قەرز نادەیەوە، من کوێت بگم؟ !». کابرا دە شووشەی گرتبوو هەڵیواسیبوو. ڕۆژێک گوتی: نازانم چت نوسیوە، بەڵام هەرچی دەیخوێنێتەوە پێ دەکەنێ و پێشم ناڵێن چییە! ئەوەندەم لە بیر چوو بڵێم: بۆ هەوەڵ جار کە هاتمە تەورێز و چوومە باغی گوڵستان، دیتم تورکێک زوڕنا لێدەدا. هیچ شتێکم پێ لەوە عەجایبتر نەبوو. پێم وانەبوو جگە لە لۆتی کورد کەس زوڕنا لێ بدا. چەند سەیرە: تورک و زوڕنا لێدان؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵداری و لاوەتی وەک باسم کرد تازە تەمەنم دەبووە یازدە ساڵ کیژێکم خۆش دەویست. بە بێ ئەوە هیچ لە لای دڵبەر بدرکێنم. دە پاڵ خۆمدا دەسووتام و پیاو هەق بڵێ ئەو دڵدارییە زۆری دڵنەرم کردم و هەست و بیری ناسکی فێر کردم. دڵدارییەکی زۆر پاک بوو. هەر چەند دڵبەرەکەم لە پاش زۆر ساڵان هەستی پێ کرد و ڕووی خۆشی نیشاندام، بەڵام فەرقی دارایی ماڵی باوکی ئەو و باوکی من نەیهێشت پێک بگەین و بەرهەمی هەموو گریان و دڵ دۆڕاندن لە یەک دوو ماچ تێ نەپەڕی و بۆ یەکجاری لێک دیدار ئاخرەت بووین و ئێستاش بە پیری تا وە بیرم دێتەوە، ئاخێکی ساردی بە دوودا دەنێرم. دووهەم جار دڵم وەک پەپوولەیەک بە پەڕی گوڵی ڕوومەتی کیژێکی کچە مەڕدارەوە نیشتەوە. هەر چەند خەڵک دەیانگوت دەم و چاوی دەنکە دەنکە ئاوڵاویە و سپیلکەڵەیەکی زۆر جوان نییە، بەڵام لەبەر دڵی من ونووسی خودای جوانی بوو. ئەویش زۆری خۆش دەویستم. ڕەشماڵیان لە نزیک ڕەشماڵی خانەخوێی من بوو؛ هەر چیغێکمان نێوان بوو. ڕۆژانە کە پیاوان دەچوونە کارێ و کاری ماڵێ لە سەر ئەو بوو؛ زۆر دەرفەتمان بۆ دەڕەخسا کە یەکتر ببینین و بە ڕاز و نیاز و وردەماچان، کوڵ و کۆی خەم دامرکێنین. شەوێک لە شەو شەق بووندا، ئێستاش نازانم چۆن توانیم خۆم لە سەگان بدزمەوە و چۆنم وێرا وەک دزی لەزەبر درگای چیغ لادەم و بچم لە خەو خەبەری کەمەوە. هاتە دەر و لە سەر وردە دڕوە گوێنیان دەستەملان درێژ بووین. ئەوەندە کیژێکی پاک و شەرم بەخۆ بوو کە شەرمم لێ دەکرد و بە هیچ بارێک خەیاڵی خراپم بە دڵدا نەهات. حەزی دەکرد هەڵیگرم؛ بەڵام تارمایی باوکم دەهاتە بەرچاوم و دەترسام. لە پاش ماوەیەک لە دڵی خۆمدا بڕیارم دا کە بچم و هەڵیگرم. بەڵام هەیهوو، گوتیان براکانی زانیویانە و پاسی دەدێرن و تۆش ببینن سێبەرت بە تیر دەنگێون. هەر ئەوەندەم توانی لە دەرفەتێکدا نیو دەقیقەیەک بیبینم و داخ و عەزرەت بە یەکتر بگۆڕینەوە. ڕاستی برینێکی تازە هاتەسەر کۆنە برینی قرتماغە گرتووی دڵم. لە پاش ئەو دوو جار ناهومێد بوونەم، ئیتر دڵداری ڕاستەقانیم لە بیر چۆوە. بوومە پەپوولەیەک کە لە گوڵێکەوە بۆ گوڵێک دەفڕی و لە جیابوونەوەش تەم دایناگرێ. لە هەر دێیەکی خوێندوومە، لە هەر جێیەکی پیا ڕابدووم، هەر جوانێکم دیوە، چاوی بزم تێ بڕیوە. جا یان بە بۆڵە جوێنیان پێ داوم، یان بزەیان هاتۆتە سەر لێوان و جار و ناجار بە دوو قسەی خۆش بە سەریان کردوومەوە و گاگایەکیش ماچ و مووچێکم دەس کەوتووە. هێشتا لاوێکی لووس و پووس بووم، ژنە ئاغایەکی زۆر جوان و بە سەر و سیما و کەیخودا و پیاوانە، کە لە مەجلیسی پیاوان دادەنیشت و لە داکوژانی کێشەی خەڵک و گوندیاندا قسەی لە سەرووی پیاوانەوە بوو، تەمەنیشی لەودێو سی ساڵ بوو، نازانم چۆنی چاو دابووە من، بە هەزاران نەرمە فێڵ و لاواندنەوەی دایکانە کێشامیە بەر کەمەندی خۆی و بە تەپکەیەوە بووم. ماوەیەکی زۆر وەک دایکەکەی ژان ژاک ڕوسۆی لێ هات. تا نەمرد لەو دڵداریە دەرنەچووم و لە ڕاستیشدا مەرگی ئەو داغێکی گەورەی بە جەرگەوە نام. ئیتر ئەو دڵداریە ڕاست و درۆیانە، گشتی بە ژن هێنانم دوایی هات و لە هەر دوو جاری ژن هێنانمدا عاشقی شەریکی ژیانی خۆم بووم و زۆریش خۆم بە بەختەوەر زانیوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و شیعر مرخی شیعر شتێکی خوداداییە و تەبعی مەوزوون دەگەڵ منداڵ دێتە سەر دنیا. زۆر کەس لایان وایە شاعیری بە میرات لە باوکەوە بۆ مناڵ دەچێ، ئەم قسەم زۆری ڕێ تێ دەچێ. هەرچۆنێک بێت، منداڵێ کە لەوانەیە ببێتە شاعیر، شیعری خەڵک ڕاست دەخوێنێتەوە، فرقی لەنگ و لۆر دەکا، بەڵام لە مابەینی هۆنەر و شاعیردا فەرق و جیاوازی هەیە. کەسێ کە هەڵبەستە دەڵێ و لەنگ و لۆری تێدا نییە هۆنەرە، بەڵام وشەی «شاعیر» لە وشەی «شعوور»ەوە هاتووە؛ واتا هەست. هەموو هەستێکی باریک و پڕ لە مانای ناسک، با مەوزوونیش نەبێ، دەتوانێ ناوی شیعری لێ بنرێ. کە وابوو وشەی «هەستیار» بۆ شاعیر پڕ بە پێستە و وشەی هۆنەر بۆ «ناظم» ڕاستە. گۆرانیبێژی خۆوێژی نەخوێندەوار هۆنەرن؛ کە لە هۆنینەوەدا لەبارن. جا منداڵێکی دەتوانێ فەرقی شیعری لەنگ و نالەنگ بکا، دەتوانێ حەول بدا و ببێ بە شاعیر. بەڵام دەبێ زۆری شیعری شاعیرانی جۆراوجۆر لە بیر بێ و زۆری متاڵای کتێبی هەموو جۆرە و ئاگاداری تەواوی لە خەڵکی دنیای دەوروبەری خۆی هەبێ و بە کورتی وەک مێشەنگوین وابێ؛ شیرە لە گوڵان هەڵمژێ و لە پاش دەسکاری کردنێکی وەستایانە، بە شکڵی هەنگوێن هێقی بکاتەوە. ڕەنگە نەتوانم لە سەر ئەو باسە بڕۆم، چونکە مەسەلەیەکی زۆر گرینگە و زۆر لە پیاو عاقڵان قسەیان لێ کردووە. با باسی خۆم بکەم باشترە: بابم تەبعی مەوزوون بوو؛ دەیتوانی شیعر بڵێ؛ بەڵام زۆری ڕق لە شاعیری هەڵدەستا و لای وا بوو هەر کەس لە کوردەواریدا دەبێتە شاعیر، خوا نان و دۆی دەبڕێ و بە سواڵکەری دەژی و بە سواڵکەری دەمرێ. میسالیشی بە حەریق و مەلا مارفی کۆکی دەهێناوە کە ئەو دوانەی لە نزیکەوە ناسیبوون. حەریق کە مردووە نانی شەوی نەبووە. مەلا مارفیش هەتا مرد سواڵنامەی بۆ هەرە پیاوی خوێڕیش دەنووسی و ئیوا هەبوو پارەی دە نانی بۆ نەدەنارد. کە دەڵێم بابم تەبعی شیعری هەبوو، جاروبارە تاکە بەیتی دەنووسی. جارێکیش فەقێ نامەیان بە شیعر لێ نووسیبوو کە هێندێک قەند و چایان بۆ بنێرێ و بابم هەر لە سەر وەزن و قافیەی شیعرەکانی ئەوان جوابی دابوونەوە: عەزیزم شیعر و بەیتی تۆ گوتووتە هەمووی سواڵ و زەلیلی و هات و هووتە شبێکی زیادە قەند و چا، برالە نە پۆشاکە، نە پێڵاوە، نە قووتە لە باتی سواڵی ئەسپابی زیادی وەرە تەرکی کە! مایەی ئابڕووتە ئەوا ناردم دەزانم تەرکی ناکەی کە خووی بەد دوژمنە و دایم لە دووتە ڕەنگە شیعری چاک نەبن؛ بەڵام زۆر لەوەزن و قافیەدا ڕێکوپێکن و ئەگەر حولی دابا دەیتوانی شاعیر بێ. مامێکی دایکیشم کە ناوی «سەید حەمە سەعیدی نوورانی» و یەکێک لە نزیکانی شێخی بورهان و مەلایەکی بەناوبانگ بووە، شیعری زۆرن و زۆریش شیعری چاکی هەن؛ بە تایبەتی قەسیدەیەکی کوردی هەیە کە لەتە بەیتی سەرەتاکەی «پەرگەمای قەلبم، بە ڕشتەی میهری مەولا ڕوو نرا»یە. زۆر بە تەڕدەستی پەسندی شێخی خۆی لە ناو چوارچێوەی سنعاتی کڵاش چنیندا جێ کردۆتەوە. بەو بەیتە دوایی دێنێ و دەڵێ: با حەواڵەی پاشی مونکێر بێ سەری نووکی کەڵاش چونکە عەف عەف وا لەدەوری پادشاهی دین دەکا جا ئەگەر تەبعی مەوزوون لە باوکەوە یان لە بنەماڵەی دایکەوە بە مناڵ بگا، یان هەر کەسە بە تەنیا بەشی خۆی وەرگرێ، من هەر زۆر بە منداڵی تەبعم مەوزوون بوو. زۆر زوو هەستم دەکرد فڵان شیعر لەنگە و فڵانە ڕاست و بێ زەدەیە. تازە کوێرە سیواتێکم هەبوو، بابم دیوانێکی تورکی پێ دەخوێندمەوە. شاعیرەکە «میرعەلی شیری نەوایی» بووە. مەن و تورکی؟ خوای تۆ دەزانێ وەک کەڕ لە داوەتدا بێ وا بوو. قەت یەک کەلیمەشم مانا نەدەزانی. جار جار لە خوێندنەوەدا گرێم دەکرد، ڕادەوەستام. دەیگوت بۆ نایخوێنیەوە؟ دەمگوت وابزانم تەواو نییە. تووڕە دەبوو: هەتیو تۆ ترکی نازانی، چووزانی ناتەواوی و تەواوی شیعرەکە چییە؟ ! بەڵام کە خۆی تماشای دەکرد دەیگوت: بەڵێ لەنگە، فڵان کەلیمەی لێ دەرچووە. مەڵێ ناتەواوە، بێ لەنگە! هەر زۆر بە منداڵی لە تریس شەڕەشیعر –نەوەک بدۆڕێنم- زۆر زۆرم شیعر لەبەر کردبوو. وام لێهاتبوو کەم کەس بۆڕی دەدام. تەنانەت جارێک لە گوندێک ویستیان بۆ شەڕەشیعر بە گژ کوڕە مەلایەکم داکەن. وەک گرێوە ئەسپ هەر کەسە لە سەر هەڵبژاردەی خۆی دەبڕی. سۆفی عەلی ناوێک گوتی: ئەگەر کوڕی مەلای دێ بردیەوە، مەڕێک دەدەم، ئەگەر ئەم کوڕەش بردیەوە مەڕێکم دەنێ: زۆر زوو سۆفی عەلی مەڕێکی بردەوە... شەوێکیش دەگەڵ چەند فەقێدا چووینە گوندێک بە ناوی «خورنج». ئاغا ڕووی خۆ نەبوو؛ دەیەویست جوابمان کا. بۆ بەهانە گوتی: - ئەگەر بە شەڕەشیعر کوڕی من بۆڕ دەن ڕاتان دەگرم و زۆر بەخێر هاتن. هەر چەند من لەوانی تر منداڵأتر بووم، سینگم دەرپەڕاند و گوتم: - من ئامادەم بە شیعری فارسی، یان هەر بە شیعری عەرەبی، یان هەر بە شیعری کوردی شەڕەشیعری دەگەڵ بکەم؛ با بۆ خۆی هەڵبژێرێ! قسەی خۆمان بێ درۆم دەکرد؛ شیعری عەرەبیم هەر لەبەر نەبوو. بەڵام هەتیوی ئاغا زۆر ترسا. وەک دەڵێن «بە پەتیش نەیدەکرد»، فسی خوارد. نازانم گەلانی تر چۆنن؛ بەڵام هەر بەچکە کوردێکی دوو پیت و لەتێکی خوێند، تووشی گرانەتای شاعیر بوون دەبێ و لای وایە ئەگەر شیعر نەڵێ هیچکارە نییە. دەتوانین بڵێین ئەو کوردانەی کە دەرسیان خوێندووە، سەدی نەوەدی خریکی شیعر دانانن! منیش هەر زۆر زوو تووشی ئەو نەخۆشیەی بووم. ملم نابوو لە شیعر، یان باشتر وایە بڵێم «میعر» هۆنینەوە. باڕۆکە بووم و لاسای قازم دەکردەوە. قەڵەم و دەفتەر بێنەو ڕەشی کەوە ناوی شیعری لێ بنێ. بەڵام شیعر چ شیعر؟ یاخوا بە نسیبی دوژمنانت بێ! نەشمدەوێرا نیشانی کەسی بدەم نەوەک بمکەنە گاڵتەجاڕی خۆیان. بە ڕاستی قسەی قۆڕ و بنشڕ بوون و خۆم پێم وابوو زۆر باشن؛ بەڵام خۆشم جیاوازیم لە نێوان دادەنان. هێندیکیانم پێ شاکار و هەڵبژاردەتر بوو. بابم بیستبوویەوە کە خەریکی شیعرم، جا وەرە جوێنم بۆ دابارێ و بە سوێندی درۆوە ڕەش ببمەوە کە من گوناهی وام نەکردووە. جارێکیان بە شیعر جوابی نامەی ئاغایەکم نووسیبوو. جگە لەوە کە کابرا زۆری تاریف کرد و ئافەریمی لێ کردم، بۆ خۆشم لەخۆشیان دەتگوت فڕیم. پێم وابوو هیچ مریشکێک هێلکەی وا دووزەردێنەی نەکردووە! ڕۆژێک لە سابڵاغ لە سەر تاتەکانی مزگەوتی شادەروێش لە لای مەلا مارفی کۆکی دانیشتبووم و داوای شیعری تازەیم دەکرد کە لەبەری کەم؛ چونکە هەموو شیعرەکانیم لەبەر بوو. وەک دابی عەرەبی پێشوو من ببوومە ڕاویەی مەلا مارف. بە مینگە و سەرخوراندنەوە گوتم: - مامۆستا! من شیعرێکم گوتووە؛ بۆتی دەخوێنمەوە. تکایە لەبەر خاتری من مەفەرموو باشە. ئەگەر پێت باش نەبوو، پێم بڵێ. پێکەنی، گوتی: شیعریش، ئەو سنعاتە ڕەزیلە خاتر و ماتری دەوێ؟ ! دەی بزانم! شیعرە هەرە باشەکەم –کە جوابنامەکە بوو- بۆ خوێندەوە. کە لێی بوومەوە گوتی: - ڕۆڵەم! ئەمە میعریش نەبوو؛ زۆر منداڵانەیە. هەر ئێستا بیدڕێنە و خۆتی لێ نامۆ کە. شیعرم دڕاند و فڕێم دا. پاش تاوێک گوتی: ڕاستی بڵێ! هەمووی هی خۆت بوون یا لە خەڵکیشت دزیبوو؟ گوتم: هەمووی هی خۆم بوون. گوتی: ئەگەر ڕاست بکەی، دوو بەیتیان شاعیرانە و ڕێکوپێک بوون. ئەگەر وەک ئەوانە بڵێی، بە هومێدم ڕۆژێک وەک خۆم لە برسان بمری! جا ئەگەر خانم ئاوا بێ، قەرەواش چۆن سەگێک بن؟ ئەوە شاکارەکەمە دەبێ بیدڕێنم، گووکاریەکانم چۆن؟ ! بێ سێ و دوو کردن دەفتەرەکانی دیوانە جوانەکەم ئاگر تێ بەردان و خۆم لە شیعر و شاعیری تەرە کرد و ببڕای ببڕای ئاوڕم وە سەر نەدایەوە. ئەو ڕۆژگارەی لە وشتەپە فەقێ بووم، ڕۆژێک کاکە ڕەحمانی حاجی بایزاغا هاتە حوجرە. تەرجیعبەندێکی لە شیعری کوردی و کوردایەتی خوێندەوە کە زۆرم لە لا خۆش هات. زۆرم حەول دا کە بیڵێ و بینووسمەوە، گوتی خاوەنیان کە خاڵەمینە سوێندی داوم وا نەکەم وە دەست کەس کەوێ. کە لەو ناهومێد بووم، بۆ خۆم کەوتمە گارەگا و تەرجیعبەندێکم دروست کرد. کە ئەویش هەر لە لای خۆم مایەوە و بۆ کەسم نەخوێندەوە، چونکە لام وا بوو ڕووی مەجلیسانی نییە. ئاخری ئەویشم لە ناو برد. لە بیرمە لەو زەمانەدا کە شیعرم دەگوت، ڕۆژێک دەگەڵ فەقێیەک بە ڕێدا دەڕۆیشتین. فەقێ دەمی لە شیعر وەردەدا و هەر باسی شیعری باش و شاعیرانی ناوبەدەرەوەی دەکرد؛ منیش فرسەتم هێنا و غەزەڵێکم لە شیعری خۆم بۆ خوێندەوە. گوتی: بە خوا شیعری چاکە، ئەوە هی کێیە؟ گوتم: شیعری مستەفا بەگی کوردییە. گوتی: هەی هەزاراه ئافەریم! توخوا ئەوجاریشی بخوێنەوە. دیسان زۆری لا خۆ هات. گوتم: سا وەڵڵە شیعری خۆمە. گوتی: دادەی ئەمجاریشی بخوێنەوە. ئەمجار کە خوێندمەوە، تفوویەکی کرد و گوتی: مردووت مرێ، ئەمە شیعرە؟ ئەمە قسەی قۆڕە! بەڵام لە دواییدا کە ببوومە ئەندامی کۆمەڵی «ژێ-کاف» و دیتم کۆمەڵە بە ئاواتەوەیە شاعیری هەبن و هێندێک شیعری پەسند کراویانم دیت و لام وابوو منیش هەرچۆنێک بێت دەتوانم وەک ئەوانە بهۆنمەوە، لە خۆشەویستی کۆمەڵە، بامدایەوە سەر شیعر گوتن و بوومەوە بە شاعیری ناچاری و لەو ساوە نازناری شاعیریم بە سەردا سەپا. بەرە بەری زستان بوو؛ چووبوومە شار و سەرم لە کۆبوونەوەی برادەرانی حیزبی دا. تێگەیتم کە کاک هێمن هێندێک سروود و شیعری بۆ نووسیون. چەند شیعرێکی شاعیرانی عێراقیشیان پەیدا کردبوو. گوتیان زۆرمان نیاز بە شاعیر هەیە کە لە ئینتشاراتی خۆماندا بەرهەمیان شاندەین و زۆر گرینگە. من هیچ دەنگم نەکرد. کە هاتمەوە دێ، بیری خۆم هەڵکووشی و توانیم قەسیدەی «عەقڵ و بەخت» درووس کەم؛ بەڵام زۆر دڵکرمێ بووم کە ئاخۆ بە کار دێت یان نا؟ شەوێک کە لە بۆکان دەگەڕامەوە و میوانی کاکە ڕەحمانی حاجی بایزاغای ئاغای شێخلەر بووم، سەید کامیلیش لەوێ میوان بوو. باسی شیعر و شاعیرانی کورد دامەزرا. گوتم: برادەرێکم شیعرێکی داناوە، سوێندی داوم کە ناوی نەبەم و نوسخەی بە کەس نەدەم، بەڵام هێندێکم لەبەرە، باوەڕیش ناکەم بە کار بێت. هێندێکم لە عەقڵ و بەخت خوێندەوە. سبەینێ کاڵە و پیتاوم هەڵپێچا و ماڵاواییم کرد. کاکە ڕەحمان دەگەڵم هاتە دەر، دوو ئەسپ و سوارێک لە درگا بوون. گوتی: سواری ئەسپ بە! ئەم پیاوە دەگەڵتا دێ، گوتوومە تا نوسخەی ئەو شیعرانەی پێدا نەنێری نەیەتەوە. دەشزانم تۆ تاقەتی میوانی وات نییە کە چەند مانگ بە خێوی کەی! هەر چی حەولم دا ڕزگار نەبوو. ناچار هاتمەوە نوسخەم نووسییەوە و ناردم. بەڵام نەزانیم کردبوو، لە جوابی کەکە ڕەحماندا نووسیبووم: بە کوردی پێت دەڵێم لێم مەگرە ئیراد دیاری شوانە وێڵە، ئاڵەکۆکە بەو تاکە بەیتە تێگەیشتبوو کە ئەو شیعرانە ئی خۆمن. شیعرەکانی لە بەر کردبوون. جارێک بۆ قازی محەممەدی خوێندبۆوە؛ بەڵام نەیگوتبوو هی کێن. قازی گوتبووی بمدەیە ڕۆژی جومعە لە سەر مینبەر بۆ خەڵکی دەخوێنمەوە؛ نەیدابوویە. دەمەو بەهار کە چوومەوە شار و سەرم لە حیزب هەڵێنا، تماشام کرد وا شیعرەکانی منیان لە تایپ داوە و بڵاوی دەکەنەوە. کاتێ گوتم شیعری منە و ئەوا نوسخەم بۆ هێننان. گوتیان دەسا دەبێ زۆرمان شیعر بۆ بنووسی؛ بەڵام چونکە بە ناوی نەناسراوی «هەژار» نووسرابوون، زۆر کەس بە ئی خاڵەمینیان دەزانی و زۆر درەنگ تێگەیشتن کە ئەو ئاگای لێ نەبووە. بۆ ژمارە دووی گۆڤاری «نیشتمان» دەمەتەقەیەکم دانا و نیشانی زەبیحیم دا کە چۆنە چاپی بکەین؟ وەریگرت و فڕێی دا، گوتی: ئەوە هەر زۆر عەیبە و شیعر نییە و ڕێی ناکەوێ لە گۆڤاردا بێ! بۆ کاکە ڕەحمانم خوێندەوە، بە زەبیحی گوت: من ئەو دەمەتەقەم بەلاوە زۆر باشە. زەبیحی گوتی: بە ڕاستی شتی چاکە و چاپی دەکەین! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ترسان و وێران منیش وەک زۆربەی منداڵانی دیکەی کورد، هەر لە بێشکەوە بە شەو لە بان و جندۆکە و غوولی بایان و ئەو شتانەی کە هەر نین و قەت نەبوون، ترسێندرابووم. جا چونکە ئەو بەڵا و موجزاتانە هەر لە شەودا داگەڕێن، لە شەودا دەترسام و نەخوازە لە تاریکەشەودا دەترسام هەر دەرکەوم. بەڵام ترسێک کە من هەمبوو ڕەنگە وەک ترسی کەس نەبێ. باوەڕ ناکەم هیچ منداڵێک لە خۆم ترسەنۆکتر بووبێت. جارێک لە خانەقای شێخی بوهان، جەنگەی چێشتەنگاو چووبووم لە سەر مەرقەری شێخ قورعانم دەخوێند. ژەنگە سوورەیەک بەلای سەرووی بەر هەیوانی مەرقەددا وزەوەز دەگەڕا. ئەوەندەی لێ ترسام وەخت بوو گیانم دەرچێ. نەمکرا قورعانەکە لێک نێم، بەجێم هێشت و هەڵاتم، بەڵام هەڵاتن! ئێوارێ دەگەڵ زیارەتکەران هاتمەوە، قورعان لە سەر کورسییە قورعان بە ئاواڵەیی بەجێ مابوو؛ هێنامەوە. شەوانە هەموو پنجک و دارێکم لێ دەبوو بە جندۆکە و عیفریت. بە تایبەتی کە زۆرم چیرۆکی خێوی ئاوان (خوای کانی) بیستبوو، بە تەنیا نەمدەوێرا بچمە سەر کانی و چۆماوان. نازانم چۆن بوو بڕیارم دا کە ئەو ترسە لە کۆڵ خۆم کەمەوە. وردە وردە غیرەتم وە بەر خۆم دانا. شەو دەردەکەوتم، تۆزێک دەگەڕام. جارێک لە گوندێک کە نزیکەی سەعاتە ڕێیەک لە خانەقا دوور بوو، وەختی خەوتنان گوتم دەچمە خانەقا. لە دێ دەرکەوتم. هاشەی گەڵای داران بە دەم باوە، خوڕەی ئاوی چەم و خڕان، هاڕەی ئاشان، ترسێکی زۆری وە بەر نام. لە ترسان دەستم کرد بە گۆرانی گوتن. لەپڕ بە سەر قەبرستانێکدا کەوتم کە ڕێگە بە ناویدا دەڕۆیشت. من و گۆڕستان و شەو؟ «ڕووح لە جێیەکی سەختە و دەرناچێ». هەر هێندە دەزانم چاوم قونجاند و هەڵاتم. دە هەڵاتنەکەمدا هاڕە لە گوێمەوە دەهات. نەمدەوێرا ئاوڕ دەمەوە. لە دەنگی سەگانی دێیەکی سەر ڕێم وشیار بوومەوە. چونکە ترس لە سەگانیش زۆر بە هێز بوو. ڕێگام لە دێ لا دا و لەو لاوە هاتمەوە سەر ڕێ و لە سەگ ڕزگار بووم. توزێک دەم و چاوم لە جۆگە ششت و پشووم تەواو هاتەوە سەر خۆ؛ ملی ڕێگەم گرت. هاتم تا خانەقا و چراکانیم لە دوورەوە دەدیت. بەڵام لەپڕ و نەکاو چی ببینم؟ یەک جندۆکەی پیرێژن لە تەنیشت ڕێ هەڵترووشکاوە؛ دەستی دە بەر چەنەی ناوە، زەق زەق تەماشام دەکا! چۆن عەرز قووتی نەدام و عاسمان هەڵینەکێشام؟ قاچم سست بوون؛ تق لە دەممدا و شک بوو. باوەڕ دەکەی یان ناکەی، دستم بۆ کڵاوەکەم برد، مووی سەرم وا گرژ ببوو، وەک دەرزی لە کڵاوەکەمەوە دەرچووبوون. نازانم چۆن شێت نەبووم. هێندێک ئایەت و دوعام دەزانی کە بۆ دەمی وا بە کار بێ، بەڵام کێ لە وەختی وادا دوعا و موعای لە بی دەمێنێ؟ ! هەڵێم، هێزی قاچم نییە. خۆ ئەگەر سەعاتێکیش هەڵێم، جندۆکە بە دوو شەقاو دەمگاتێ. دیارە ئەجەلم هاتووە. بە بیرمدا هات کە ئەگەر لە بەرانبەری دوژمنی کافردا پیاو دەست نەکاتەوە ئیمانێ نابا. ناعیلاج بە دەستی لەرزۆکەوە، بە دارووکەیەکەوە کە بە دەستمەوە بوو، خۆم بە سەر جندۆکەی مەلعوون دادا. دەست و چاوم هەمووی بە نووکی دڕوو بریندار بوو. چونکە جندۆکە پۆلە شیلانێک بوو لە دەم ڕێگە. جا وەرە لەو دەشتە بە تەنیا خۆم بە خۆم پێ بکەنم! ئیدی لەوساوە ئیمانم بەو هەموو چیرۆکانە نەما کە باسی جندۆکە و غوول دیتنیان بۆ کردبووم. زانیم ئەو کەسانەش هەر پنچکێک منچکێکیان دیوە و هەڵاتوون و بۆ ئێمەیان وەک چیرۆکی جندۆکە دیتن گێڕاوەتەوە. ترسی تاریکە شەوم نەما و لێکم دەداوە کە بۆچی لە ژووری دیوار سپی ناترسم و ئەگەر ڕەشیان هەڵگێڕا لێی بترسم؟ سپیایی ڕۆژ و ڕەشایی شەو فەرقی چییە؟ ... شەوێکی باران بە ڕێگەدا دەڕۆیشتم؛ ماندوو ببووم. تووشی قەبرستانێک هاتم کە قەبرەکان بە بەردی لووس هەڵنرابوون. ویستم وچانێک ببینم. بەردەگەورەیەک لە دامێنی شاخی تەرەغە هەیە، بە ئامان و زامان دەیانگوت هەر کەس بە شەو بە لایدا بڕوا، جندۆکە دەستی لێ دەوەشێنن و ناوی چەند کەسیان دەگوت کە لەوێ شێت کراون. شەوێک کە وردە بارانی بەهاری دەباری، بۆ چوونەوە ماڵ بە ئانقەست ڕێگەم خستە ئەوێ، چوومە ناو هڵۆڵایی بەردەکە و چاوەنۆڕ بووم. خشپەی گەڵایەک، هاشەی بایەک، خرمەی وردە بارانێک دەهات، دە دڵی خۆمدا دەمگوت ئەوا هاتن؛ بزانم چۆنم دەنگێون؛ هەر دەبێ جندۆکە ببینم. لە سەرمان کەسیرە بووم و کەس نەهات. بە ناهومێدی دەر کەوتم و ملی ڕێم گرت. شەوە ڕەشی بەهار و کوێرەڕێ بوو؛ کەمتر ڕێگەم بەدی دەکرد. لەپڕ دیتم شتێکی ڕەشی زەلام لە بەر چاوم قوت بۆتەوە. ئەها بەخوا فیشقاندی و دەرپەڕی و بەرەو گوند پەل بوو. جاشکێکی یەکپڕ بوو؛ لە گاڕان بە جێ مابوو. بە شوێنی ئەودا ڕێگەم دیتەوە و پێکەوە گەیشتینەوە گوند. کە تازەش چووبوومە ناو فەقێیان لە سەگ زۆر دەترسام؛ فەقێ گاڵتەیان پێ دەکردم. لەوەش ڕاهاتم؛ ئەگەر سەگم بۆ دەهات دادەهاتمەوە بۆ بەرد و ئەو ڕایدەکرد. دە پێشدا لە بەر مارمێلکیش هەڵدەهاتم؛ وەمدەزانی مارە؛ بەڵام کە دەمدی منداڵی وەک خۆم بە دار یان بەرد مار دەکوژن، منیش وەردە وردە غیرەتم وە بەر خۆم دەناو فێر بووم لە بەر مار هەڵنەیەم و بتوانم بیکوژم. «سەید محێدینە شێتە» هەبوو، پوورزای دایکم و پێم دەگوت خاڵە. پیاوێک بوو زۆر بە ئازا و شەڕکەر مەشهوور بوو. هەمیشە پێی دەگوتم ئەگەر تۆ کوڕێکی ترسەنۆک بی، دیارە خزمی من نیت. جارێک من و خاڵۆزایەکم کە هەردووکمان لە سایەی وڵات تێکچوونی شەهریوەری بیست و پاشەگەردانی تازە سەرو تفەنگمان پەیدا کردبوو، پاش نیوەڕۆیەک ویستمان لە شاری سابڵاغ دەر کەوین. گوتیان ڕێگە خەتەرە و چەتە هەیە؛ گوێمان پێ نەدا. سێبەر شۆڕ ببوون تووشی کابرایەکی سواڵکەری گەڕیدە بووین. گوتی: کوڕینە! لە ڕاهی خودا بگەڕێنەوە، چەتەتان لە سەر ڕێگەیە و ئێستا لە بەر چاوی من کاروانێکیان بەر گوللە دا و ڕوتیان کرد. لەو خەبەرە ترسام؛ ڕووم کردە خاڵۆزاکەم گوتم: ئێمە تا ئێستا لێمان نەقەوماوە و دیارە تووشی شەڕە تفەنگ دەبین. تۆ دەڵێی چی؟ کابرایەکی خاوەن قاوەخانەی سەرجادەمان دەگەڵ بوو کە بە تەمای ئێمە هاتبوو، گوتی: بگەڕێنەوە، شەو مخاریجتان لە سەر من. حەمەدەمینی خاڵۆزام گوتی: هەرچی تۆ بڵێی وا دەکەم. لەپڕ خاڵە محێدینم هاتە بیر، گوتم: ڕەنگە بڕۆین بکوژرێین؛ ئەگەر بگەڕێینەوە لەوانەیە خاڵە محێدینم بزانێ؛ ئەوسا ئابرووی بە هەزار ساڵمان دەچێ. حەمەدەمین گوتی: تۆش بگەڕێیتەوە من هەر دەڕۆم. لە بن هەورازی جێگەی خەتەر ئەسپەکانمان بە کابرای قاوەچی ئەسپارد، کە بە ڕێگادا بڕوا. خۆشمان هەر یەکە بە لایەکی چیادا دەست لە سەر پەلەپیتکە و لە سەر ەەست سەرکەوتین. بەڵام بە سەلامەت گوزەرا و تووشی چەتە و شەڕ نەبووین. لەو ساوە کەوتە دڵمەوە کە ئەگەر قومابا شەڕم دەکرد و بۆم هەڵکەوتایە چەتەم دەکوشت. یانێ منیش خۆم بە پیاو زانی و دەخۆم زادەدیت کە لە کابرای دەستدرێژکەر کەمتر نەبم. هەردووکمان هەر خوێنمان لە لەس دێت؛ بۆ دوژمن بوێرێ هێرش بکا و من نەوێرم بەربەرەکانی بکەم؟ ماینێکم هەبوو، زینێکی کۆنی ئینگلیسیم لێ دەکرد. بە لای مەوە زۆر شتێکی باش و ئاسایی بوو. لە سابڵاغ میوانی ماڵی سەعید ناوێک بووم. تکای لێ کردم بە سواری ماینەکەم تا قونقەڵا بچێ. ئێوارە کە هاتمەوە سەعید دەناڵێنێ و لە جێدا کەوتووە: - ئەی ماڵت ئاوەدان بێ! زینەکە هەموو قنگمی داماڵیوە! چوومە لای حەکیم، مەڵحەم و دەرزی بۆ نووسیوم. تازە چووم سەیری زینەکەم کرد، ئەوەندەی باران و تاو لێ دابوو، وەک بەردی قرنج قرنجی لێ هاتبوو؛ بەڵام دیارە قوونی سەعید لە هی من ناسکتر بوو، من فێری ببووم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردایەتی وەک مەعلوومە لە سەرەتای ئیسلامەوە هەمیشە گەلی کورد ژێردەستەی بێگانە بووە و هەرگیز ڕۆژێک -وەک لازمە- ئازادی کورد و کوردستان خۆی نەنواندووە. جا ئەگەر لە چنگ ئەمەوی و عەبباسیانیش دەرهێنراوە، چۆتە ژێر باری تورک و ئێرانەوە. وڵاتێکی سەخت و شاخاوی و گەلێکی زۆر لە شەڕ ئازا؛ زەوی و زاری بە بەر و بووم؛ کراوەتە مەیدانی شەڕی تورک و ئیران و هەر کامەیان ویستوویانە کورد بە کوژ بدەن و بیکەنە بەڵاگەردانی خۆیان. نەخوازەڵا لە دەورانی سەفەویەکاندا، لە پاش ئەوەی کوردێکی ژەنگاوی خۆی کردۆتە شێخی سەربەماڵ و لە ئێراندا پەرەی ساندووە و مریدی زۆری پێکەوە ناوە و بە ناوی «شێخ سەفی ئەردەوێڵی» ناسراوە و زمانی تورکی کردۆتە زمانی ئەهلی تەریقەتەکەی خۆی، کوڕانی ئەو ویستوویانە بەهرەی سیاسی لەو تەریقەتە وەرگرن، بوونەتە شیعەی زۆر دڵگەرم تا بتوانن بە چالاکی بەربەرەکانێ زۆربەی سوننی مەزەبەکان بکەن و ئێران بۆ خۆیان ساغ کەنەوە. سوڵتانانی عوسمانیش خۆیان کردۆتە پارێزەری سوننی مەزەبان و هەمیشە ئەو دوو هێزە بە گژ یەکدا چوون و کوردی تێدا ماڵوێران بووە. ئەم باسە زۆر قووڵە و زۆری لە سەر دواون؛ نایەوێ بە درێژی لێرەدا باسی بکرێ. بەڵام ئەوەندە هەیە کە سەدان ساڵە هیچ کوردێکی ئێران نەبووە کە ڕکی زۆری لە دەستەڵاتدارانی شیعە مەزەب و بە گفتی خۆیان لە عەجەم نەبووبێ. هەر بەچکە کوردێک لە هەوەڵ چاوکردنەوە و زمان گرتنەوە، بە ئاواتە لە چنگ عەجەم ڕزگاری بێت. عەجەم واتە ئێرانی دەسەڵاتدار؛ بەڵام چونکە کوردی موکریان هەر کاربەدەست و پۆلیسی ترکزمانیان ناردوونە سەر و جەزرەبە و ئازاریان لەوان دیوە، ناوی عەجەم بۆ ترک زمانەکانی جیرانیان بەکار دەبەن. منیش وەک هەموو منداڵە کوردێک هەر زمانم پشکوتووە و هاتوومە ڕیزی منداڵان، بوغزی عەجەمم دەگەڵ شیر مشتووە و بە دڵ ناخۆشم ویستوو. گوتم لە حەو ساڵانیمدا گوێزم پێکدا دەدا و ئەوی بشکایە دەمگوت عەجەم شکا. زۆر جار لە بەر خودا دەپاڕامەوە پادشایەکی کوردی چکۆلە و جوانم بە نسیب بکا. لە گەمەی شەوانەی گەڕەکدا دەبووینە دوو دەستەی عەجەم و کورد؛ دەبوایە شەڕ بکەین، عەجەم بشکێن و کورد سەرکەون. بابم لە تورکیە مەلا سەعیدی بەدیعوززەمانی دیبوو؛ زۆر بە ممبارەکی دەزانی. کە بیستبوویەوە لە لایەن سوڵتانی ڕۆمەوە کوژراوە، جگە لە ناخۆشەویستی عەجەم، جنێوی بە تورکی عوسمانیش دەدا و بە کافری دەژماردن. دەربارەی کورد ئازاد بوون و لە دەست دوژمنی کافر ڕزگار بوون، لای هێندێک لە میوان و هاموشۆکەرانی باسی دەکرد. چەند لاوێکی سابڵاغی حەزیان لە قسەکانی دەکرد و زۆر جار دەهاتنە لای کە گوێی لێ بگرن. من و زەبیحی منداڵ بووین و لە بەر خۆمانەوە بە ئەندازەی عەقڵی منداڵی، کەیفمان بە کورد دەهات. زەمان زەمانی ڕەزاخانی پهلەوی بوو. کەس نەیدەوێرا بیریش لە کوردی نووسین بکاتەوە و ناوی کوردی خوێندونەوەی وای لێهاتبوو، ئەگەر کەسێک باسی بکردایە، سەرەڕای جنێو، دەکەوتە بەر تیز و بەشەر و شەڕ و دەبوو بە گاڵتەجاڕ. لە بیرمە ڕۆژێک زەبیحی لێم پەیدا بوو؛ ئیشارەتی بۆ باخەڵی کرد. گوتم چییە؟ گوتی با بڕۆین دەزانی. لە شار دەرچووین؛ نزیک پردی سوورگڕە بەردێک هەبوو، بنی هڵۆڵ بوو. خۆمان لە بەر چاوان ون کرد و کتێبی دەرێنا: «ئەنجومەنی ئەدیبانی کورد» کە هی پیاوێکە بە ناوی «ئەمین فەیزی بەگ» و لە ساڵی ١٣٣٩ک (١٩٢٠ز) لە ئەستەمبووڵ چاپ کراوە. پڕ بوو لە شیعری شاعیران. جا وەرە و بتوانە ساغی کەوە! هەر چۆنێک بوو تەقە تەقێکمان لێ دەکرد و بەشی خۆمان -ئەویش بە حاڵی سەگ- لێ هەڵدەکڕاند. چەند ڕۆژێک ئەو کارەمان کرد. ڕۆژێک تووشی شیعرێکی شێخ ڕەزا بووین و دە قوڕ گیراین: خزمینە مەدەن پەنجە لەگەڵ عەشرەتی جافا مێروولە نەچێ چاکە بە گژ قوللەی قافا دەمانخوێند: «مێروو، لە پخێ چاکە بە کەپور قوللەی قافا!»، من دەمگوت لەنگە، دەیگوت ئاخر یانی چی لەنگە؟ دەمگوت نازانم، بەڵام دەزانم نەمانزانیوە. فکر، فکر، خوایە چی بکەین و لە کێ پرسین؟ گوتم: هەر چەند دەزانم ڕەنگە لێدانێکیش بخۆم، بەڵام لە بابم دەپرسم. شەو کە بابم خەریکی متاڵا بوو، تۆزێک مینگەم کرد و سەرم خوراند و گوتمک - بابە! سەری هەڵێنا: - ها چییە؟ بێدەنگ بووم؛ قرتەم نەهات. دیسان پاش تاوێک گوتم: - بابە؟ - بەڵێ، دەڵێی چی؟ دیسان پەشیمان بوومەوە. ئەوجار هەستام چوومە لای درگا کە ڕێگەی هەڵاتن بە دی بکەم. - بابە! - ئەی سندان! ناوم لێ دەنێی؟ دە بڵێ بزانم چت دەوێ؟ - ئاخر لێم نادەی؟ - نا بۆچی لێت دەدەم؟ - شیعرێک هەیە من و زەبیحی نایزانین، پێمان بڵێ. گوتی: زۆر باشە، کوانێ؟ ئەنجومەنە بۆرم لە باخەڵ دەرێنا و شیعرەکەم شاندا. گوتی؟ چۆنتان خوێندۆتەوە؟ کە بۆم گوت، لە قاقای پێکەنینی دا، گوتی: جا ئەگەر ئێوە کوردی دەخوێننەوە من زۆرم هەیە. هەستاین چووینە حەساری ماڵ؛ گڵی لادا، سندووقە فیشەکێکی ڕووسی داپۆشیبوو کە پڕی بوو لە دیوانە شیعری چاپ کارو و بە خەت نووسراو. ئیتر خودا وەتحەسێنێ، دیوانی نالی، کوردی، شێخ ڕەزا، سالم، حەریق و نازانم چەندی تر، یەکە یەکە وەرماندەگرت و غەڵەتمان دەپرسییەوە. سدیق حەیدەری و سەعید حەمەقالە ناویش کە لە ئێمە بە تەمەنأتر بوون دەچوونە ڕەواندز و لە هاتنەوەدا چاپکراوی کوردییان لە لای حوزنی موکریانییەوە دەهێنا و دەیانداینێ. تا زۆر باش خۆمان لە کوردی خوێندنەوە ڕاهێنا و بەرە بەرە دەممان لە باسی ئازادی کوردستان و ئاواتخوازی ڕزگاری کوردەوە وەردەدا. نازانم چۆناوچۆن بوو کە چەند کەسێکی تریش ببوونە ئاودەنگیمان و شەریکی بیر کردنەوەمان بوون. لە سابڵاغ «حوسێنی زێڕنگەران» کە پاشان بە «فرووهەر» دەناسرا، «عەزیزی کاکاغا» کە ئەفسەرێکی پۆلیس بوو، «منیەی شەرەفی»، «عەبدوڕەحمانی کەیانی»، لە لادێ «کاکە ڕەحمانی بایزاغا»، «مەلا ڕەحمانی حاجی مەلای عەزیزکەند» و ڕەنگە هی تریش کە لە بیرم نەماون، واتا حیزبێک بووین و بێ بەرنامە و تەنزیم. کارمان هەر ئەوەندە بوو کە دەگەیشتینە یەکتر دڵی خۆمان بەئاواتەکەمان خۆش دەکرد. جارێک زەبیحی دەگەڵ خۆی بردمیە ماڵی پیاوێک بە ناوی «خاڵە مەلا». پێم وایە جگە لە ئێمە دە کەسی تریش لەوێ بوون. گوتیان ئێمە دەبینە حیزب و دەبێ ئاگامان لە یەکتر بێ و سوێند بخۆین کە خیانەت بە یەکتر نەکەین. ئەم کۆبوونەوە زۆر مایەی دڵخۆشی بوو؛ کوردایەتیمان پتەو بوو. دوو سێ کورتە باسم لە بارەی ئەو هاوکاریەوە لە بیر ماوە: دەگەڵ عەزیز و حوسێن چووبووینە قاوەخانەی حیکایەتخوان. حیکایەتی ئەسکەندەرنامەی دەگوت. هەر دەیگوت: «تۆز لە بیابان هەستا، بای ڕەحمەت تۆزی لادا، دە ئاڵا نیشانەی سەد هەزار چەکداری فڵان پاڵەوان دەرکەوت و دیسان تۆز و ئاڵا و فڵان پاڵەوان...» و هەروا درێژەی دەدا. عەزیز -کە تۆزێک سەرخۆش بوو- بانگی کرد: «سەگباب ئەری کوا ئالای کوردستان؟» و دەمانچەی دەرێنا. خەڵکی قاوەخانە بە جارێک تاسان، حیکایەتخوان سپی هەڵگەڕا و لەرزی و ملی لێ نا کە: «تۆز هات و ڕابرد و سەد ئاڵای نیشانەی یەک ملیۆن لەشکری سەلاحەددینی ئەییوبی دەرکەوت...» حوسێن عەزیزی لە چاخانە وە دەر نا و من شوێنیان کەوتم. دەمانچەکەیان دا بە من کە من منداڵ و بێ شکم، نەوەک بیانگرن. گوتیان ئەفسەرێکی دژبان سەر و بنی قسەی، جنێو بە ڕەگەز و دینی کور دانە و ناو و نیشانەشی فڵانە. عەزیز خەتی بۆ کێشا کە تەمبێی بکا. شەوێک زستان و بەفر لە عەرزی بوو. چووینە دەوروبەری دژبان قەدەممان لێدا تا کابرا هاتە دەر. عەزیز بە هەوای سەرخۆشی یەخەی گرت و بەربووە لێدانی، حوسێن و منیش بە ناوی ناوبژیکەر چووینە یاریەی و بگرە کوێندەرێت دێشێ، شل و کوتمان کرد. دژبان هاتن، ناوبژیکەر هەڵاتن و عەزیز گیرا. وەک خۆی گوتبووی بە تەلەفۆن خەبەر بە فەرماندەری لەشکری سابڵاغ درا و فەرمانی دا عەزیزیان بۆ برد کە خۆی تۆڵەی لێ بکاتەوە. هەمووی شەوێ پێکەوە ئارەقیان خواردەوە و قوماریان کردوە و سبەی عەزیز هاتەوە و ئازاد کرابوو. کوڕێکی سابڵاغی بە ناوی حەمیدی سوڵتانی -کە مەئمووری دەوڵەت بوو- بە سێ ئەمنییەوە هاتە تەرەغە و داوای مازاد گەنمی لێ کردم. گوتم هیچم نییە و هێشتا دروێنە نەکراوە و بۆ خۆم جۆم قەرز کردووە و نانی جۆ دەخۆین. قسەمان تێک پەڕی و گوتی مەلابازی دەرمەهێنە. هەر چەند کەس ئەو ڕۆژە نەیدەوێرا بە پیاوی دەوڵەت بڵێ پشتی چاوت برۆیە، من زۆرم ڕک هەستا. کابرام بە سێ تمەن لە پۆلیسەکان کڕی؛ دوو کەسم بانگ کرد و خۆم، بەربوویتە گیانی، «چت خواردووە ترش و چەوەندەر؟». هەر چی هاواری کرد پۆلیس خۆیان کەڕ کرد. وای لێهات لە سەر پشتی بارگین دایانبەست و بەرەو شار بوونەوە. منیش بە ڕێیەکی سەربڕدا خۆم گەیاندە شار و هاوارم بۆ عەزیز و حوسێن برد کە لە شکایەت دەترسم. هەردووک لە حەمید خەفتابوون. هەر لە ماڵ دەرچووبوو وەریگەڕابوونێ و سوێندیان دابوو کە شکایەتم لێ ناکا. لەو ساوە مەئمووری تریش کە هەموو گیانیان تەشقەڵە بە خەڵک کردن بوو ترسابوون و لە بەرانبەر من پڕکێشیان کەمتر دەکرد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چۆن فێرە قومار بووم؟ قسە، قسە دێنێ: ئەو دەمانەی کە لە تەرەغە دەژیاین، بە دەست ئەمنییە و مەئمووری دەوڵەتەوە ژیانمان جەحەندەم بوو. ڕۆژ نەبوو دەستەیەکمان لێ پەیدا نەبن و تەشقەڵەیەکمان پێ نەکەن و بەرتیلمان لێ نەستێنن. جلکی کوردی، تووتن و پەڕی ناو قوتوو، کەم خزمەتی خۆیان و ئەسپیان بە گوناهی گەورە دەژمێران. هیچ نەبا فیشەکیان دەخستە ماڵان و دەیانگوت چەکت هەیە. ئێمە فەقیر بووین و بەرتیلمان بۆ هەڵنەدەسووڕا، تەواو لە پەڕوپۆ ببووینەوە. لە بەر چاوی من ئەوەندەیان لە قامچی لە فەقیرێک دا کە وەزکی دا و دوای دوو ڕۆژ مرد. گوناهی هەر ئەوە بوو کە زۆر زوو جڵەوی ئەسپی ئەمنییەی نەگرتووە... سەرباری بەهانەی تووتن لە ماڵێ بوون و تۆمەتی قاچاغچییەتی و بڕوبیانووی بێ پسانەوە، ساڵێک کەوتنە گیانمان کە گەنم بە دەوڵەت بفرۆشین و «نیمە» قبووڵ نییە. هەموو چارمان لەوەدا دی کە ئێمەی وردەماڵێک، لە شاری سابڵاغ خۆ بشارینەوە و لە لادێ بەردەستی مەئموور نەکەوین. جەند کەسێک لە تەرەغە و قەرەڵی ڕێک کەوتین، چووینە شار و لە خانێکی کەران دامەزراین و وەتاغێکمان بە کرێ گرت. ڕۆژانە لە ترسی مەئموور تا ئێوارە دەرکەمان لە سەر خۆ دەداخست؛ شەوانەش تا لای ڕۆژ قوماری پەڕمان دەکرد. بەڵام چۆن قومارێک؟ شەو تا بەیانی کەس لە قڕانێک و دوان پتری نەدەدۆڕاند و نەیدەبردەوە. ژنی کابرای خانچیمان فێر کردبوو، ئەگەر مەئمووری دەدی، هەرای دەکرد: «کش کش هەڵۆ هات»، دەگەمان گاڵە دەدا و هەستمان لە خۆمان دەبڕی تا هەڵۆ نەدەما. خانچیە دوو ژنی بوون، یەکیان پیش و پیر، ئەوی تریان لووس و جوان و منداڵکار. شوانە کە قومارمان دەکرد، حەقی پێ چرای قومار -کە دە یەکی براوە بوو- بە جوانەکە دەگەیشت. جا چونکە منی بە لەبار و جوان دەزانی و کەیفی بە من دەهات، ئاخری شەو پاچراکەی بە دزیەوە دەخستەوە گیرفانی من. واتا هەمیشە نەدۆڕاو بووم. هەقی کەر و ئێستر و بارگین، شەوانە قڕانێک بوو؛ هەقی پیاوان دوو قڕان. یانێ هەر پیاوێک بە دوو کەر دادەنرا! شوێکی زۆر سارد، یەکێک لە ئێمە لە سەر دراوی کەر، دەگەڵ پیرێژنەکە ببوە شەڕیان؛ هەموومانیان دەکرد. سیپاڵ دەبن هەنگڵدا، بە سەر سەهۆڵدا خرمەخرم بە کۆڵانی شاردا بەرهەڵدا، لە جێ خەوی شەو دەگەڕاین و سێ کەس بووین. ژوورێکمان پەیدا کرد، بێ ئاگر، بێ دەرگا، پەتوویەکی لە جێگای دەرگا پێیداکرابوو. خانەخوێشمان کابرایەکی چارداوەڕوو بوو. هێندێک ڕەژیمان لە مقەڵیەکدا گەشاندەوە و لە بەر چرای نەوت ملمان لە قومار نا. خانەخوێکەمان خۆی کردە پای قومار. هەقی ئەو شەوە و شەش حەو قڕانی خۆمانی لێ بردەوە. بە دزی ژنەکەوە قەند و چا و ئیستیکان و چەکوچ و تەنانەت مقەڵی و ماشەکەمان قەبڵاند و لێمان بردەوە. بەیانی ژن بە گژی داهات و زیقاندی. لای ئێمە گریا، تا شتەکانمان داوە و ڕۆیشتین و هاتینەوە گوند. ئەو فێرەقومار بوونە، هەر چەند لە هیچەوە و بۆ گاڵتە دەستی پێکرد، لێم بوو بە نەخۆشییەکی گرانو لە لادێ هەر دەگەڵ ئەو لات و لووتە وردەمالیکانە دەمکرد و زۆر جاران زۆرم دەدۆڕاند. شەوێک لە بۆکان تووشی قومار بووم، چل تمەنێکم پێ بوو کەلوپەلی ماڵی پێ بکڕم هەمووم دۆڕاند. بۆ ئەوە حەقی جێ خەوم پێ نەمابوو، نیوەشەو چوومە حەمام. لە حەمام کابرایەکی ئاشنام دیت، داوای قەرزم لێ کرد، بە هەموو هێزی خۆی پێنج قڕانی دامێ! بە دەستی بەتاڵ و هەناسەی سارد هاتمەوە تەرەغە. قوماربازییەکەم لێ ببوو بە خوو؛ دەستم لێ بەرنەدەدا. شەوێک ئەو ڕەفیقە ساڵحانەم تەنانەت ماینەکەشمیان لێ بردمەوە. دوایی بەزەیان پێمدا هاتەوە و لێیان نەستاندم. نازانم چۆن بوو کە دڵم بە جارێک لە قومار هەڵەنگوت و بە بێ سوێند خواردن تەرکم کرد و لە بیر خۆم بردەوە. دوای چەند ساڵێک کە «هێمن» ژنی هێنا و من برازاوا بووم، شەو لێفە بۆ میوانان -کە یەکجار زۆر بوون و حیسابی ئەو هەموانە نەکرابوو- زۆر کەم بوو. بابی هێمن گوتی: بەو شەوە چارەی نوێن چۆن بکەین؟ گوتم: ئێجازە بدە من دەیکەم؛ تۆ بچۆرەوە ماڵ. پەڕی قومارم هێناو خەڵکم لە قومارەوە سەرگەرم کرد. تا بەیانی کەس لێفەی نەویست و نەنوست. خۆم شتێکم دۆڕاندبوو؛ بەڵام زۆر نەبوو. جگە لەو جارە، تازە هەرگیز دەستم بۆ پەڕی قومار نەبردەوە و لەو بەڵا گەورەیە خۆم ڕزگار کرد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەتمێکی قورعان بە بەرتیل هەر ئەو سەروبەندە، کۆنە ئاغایەکی کورد -کە مەحمووداغای سەگەنێریان پێ دەگوت- بە مەئموورییەتی دەوڵەت هاتە سەرمان و ئەویش وەک هەموو مەئمووری تر لە بەرتیل دەگەڕا. من هیچم نەبوو بیدەمێ، ئەویش سوور بوو کە هەر لێم بستێنێ، دەنا کڵاوێکم بۆ دروست دەکا. لە ئاغا! مەرحوومی بابت لە خانەقا نێژراوە. پووڵم نییە؛ بەڵام لە باتی ئەو بەرتیلە خەتمێکی قورعان بۆ ڕووحی بابت دەخوێنم! زۆری خۆش هات و پێک هاتین؛ بەڵام ئێستاش ئەو بەرتیلە قەرزدارم! هەر ئەم چیرۆکەم بۆ قزڵجی گێڕاوە، ئەویش بە تێکدانەوە کردوویەتە کورتە چیرۆکێک لە «پێکەنینی گەدا»دا. ژیانی تەرەغەم جگە لە متاڵا و ترسی مەئموور، بە خۆڕایی دەگوزەرا. پاییز کە کاسبی دەشت نەدەما، ئێواران لە سەربانان دەگەڵ پیرەپیاوان و لەبەر دەرکان دەگەڵ کۆنە پیرێژنان شەوانە بە گۆرەوێ بازی و گوێ کرتن لە بەند و باو حیکایەتی قەدیم و لە بەفرباریندا بە تەپکەنانەوە و ڕاوی کەروێشکمان ڕادەبوارد. حیزبی خاڵە مەلا -کە هیچ ناویشی لێ نەبرابوو- سەربەخۆ پووچابۆوە و لە پەیوەندی دۆستانەی ئاسایی تێنەپەڕی. هەر کە بە هاتنی ڕووسان، شیرازەی دەوڵەت لە موکریان هەڵوەشا، «عەزیز زەندی» ناوێک کە بە «عەزیز ئەڵمانی» دەناسرا و پیاوێکی زۆر زانا و دەمپاراو بوو، چەند کەسێکی بانگ کردوە ماڵە خۆی کە من و زەبیحیش دەگەڵدا بووین؛ گوتی بە سەرۆکی خۆم «حیزبی ئازادیخوای کورد» دروست دەکەم. بێ لام و جووم قبووڵمان کرد. زۆر کەسی تریش هاتنە ناو حیزبەکەی. عەزیز زەندی بۆ تەبلیغاتی حیزب، گەشتێکی کرد. شێخ محەممەدی خانەقا، خەلیفە مەلا عەلی زەنبیلی و زۆر ئاغای تری کردبووە دۆستی خۆی و بەڵێنی هاوکاری لێ ساندبوون. هەتا سەقز هات و گەڕایەوە. چووبووە تەورێز؛ زۆر ئەرمەنی تەورێزیشی کردبووە پەیڕەوی خۆی. بە تەنتەنە و سەنتەنەیەکەوە دەگەڕا، چەندین کێشکچی ئەرمەنی لە دوایەوە دەڕۆیشتن. پاشان -ڕاست یان درۆ- گوتیان لە هەمان کاتدا پیاوی دەولەتی ئێران بووە و پووڵی لێ ساندوون کە نەهێڵێ بیری ئازادیخوازی پەرە بستێنێ. بە ناشکوری ناڵێم ئەویشمان لێ پووچەڵ بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆمەڵی «ژێ-کاف» جارێک کە چووبوومە شار، وەک هەموو جار بەر لە هەموو شت زەبیحیم دیتەوە؛ گوتی وەرە! بردمیە مزگەوتی قازی. گوتی بە قورعان سوێند بخۆ کە ئەوی پێتی دەڵێم لای کەس نایڵێی. بۆ جاری دووهەم سوێندم خوارد، گوتی شەو پێت دەڵێم چییە. پاش نوێژی شەوانێکی درەنگ، منی وە شوێن خۆی دا و بە کۆڵانێکدا ڕۆیشتین. لە سەری کۆڵان یەکێکم دی ڕاوەستابوو؛ دەستی دە بەر پشتێندی بوو. دیار بوو دەمانچەی پێیە. زەبیحی شتێکی پێ گوت. چووینە ماڵێک. تەرزی لە دەرگادان جۆرێکی نائاسایی بوو. زۆر زوو یەکێک -کە نەمناسی- بردمیە ژوورێک. مێزێک پشتە ماڵێکی بە سەر هەڵکێشراوە، قورعانێک بە ئاواڵەیی پاڵی بە دیوارەوە دراوە و لە سەر مێزەکە چەقاوە، ئاڵایەکی بە دروشمی ڕۆژەوە لە دیوار دراوە، خەنجەرێکی ڕووت بە قورعانەکەوە هەڵپەسێراوە، پەڕە کاغەزێک بە نووسراوی لە سەر کەناری مێزەکەیە. کابرا گوتی «ئەوە بخوێنەوە و هەموو جار دەست بە قورعانەکەدا بدە، ئەگەر لەو سوێندنامەیە لادەی خوێنت بەو خەجەرە دەڕژێ.» لە سام و عەیبەتی ئەو دیمەنە دەلەرزیم؛ زۆریش شانازیم بە خۆم دکرد کە شیاوی ئەم باوەڕەم. سوێندنامەکە حەوت بەند بوو. بە داخەوە بە تەواوی لە بیرم نەماوە؛ بەڵام تێیدابوو کە: «بە قورعان و ئاڵای کوردستان و شەرەفم سوێند دەخۆم لەمڕۆوە بە دڵ و گیان بۆ ئازادی کوردستان تێدەکۆشم و تا مردن قوسوور ناکەم؛ هیچ بەرژەوەندییەک وە پێش بەرژەوەندی خزمەت بە وڵاتەکەم ناخەم؛ برای حیزبیم بە قەد خۆم خۆش دەوێ؛ هەتا مردن بە زمان، بە قەڵەم، بە ئیشارە و بە هیچ جۆرێ خەیانەت بە حیزب ناکەم و ڕاستی لێ ناڵێم و ناوی نهێنی ئەندامان لای کەس نادرکێنم» و شتی وا. لە دوای سوێند خواردن، دەستی نایە دەستم و بردمیە ژوورێکی تر، کە لەوێ پتر لە دە کەس لاوی کورد دانیشتبوون. گوتیان ناوێکی نهێنی بۆ خۆت هەڵبژێرە و ژمارەی ئەندامەتیت بیستە. ئەی خودا چەند خۆشە! چۆن ئێمە بووینە بیست کەس؟ قەت باوەڕ ناکەم! خوا شوکر زۆر بە هێزین. «هەژار»م بەناوی نهێنی بۆ خۆم هەڵبژارد. زۆر شەوان لە خۆشیان خەوم لێ نەدەکەوت. من تا ئەوسا لە بارەی ئاڵۆزبوونی وڵاتەوە هەر ئەوەندەم دەزانی کە ڕۆژێک تەیارەیەک بە سەر گوندەکەماندا فڕی و کاغەزی لێ بەربوونەوە. دوو بەیان بوو ڕووسان بڵاویان کردبوونەوە کە: «خەڵکی ئێران! خاترجەم بن. ئێمە لە گورگانی هیتلەری ڕزگارمان کردوون. دەوڵەتی شاهەنشاەی ئێران کە هەواڵی نازی بوون، لە بەر یەک هەڵوەشاوە و سەربازەکانی تەسلیم بوون». بوو بە خۆشی خۆشیمان کە خوا شوکر لە چنگ ئەمنیە و شڵتاغی مەئموور ڕزگار بووین. سەر و بنی قسەمان سڵاوەت لە دیداری عرووس و تەیارە ڕەش بوو. هەر کەس لە شارەوە دەهات دەنگ و باسمان دەپرسی. هەر یەک جۆرێکی دەگێڕاوە. یەکێک گوتی: کاکە لێم ڕوونە تێک چووە؛ چونکە گوێم لێ بوو بەقاڵێک بە موشتەریەکی دەگوت: «پەهلەویش گووی وای نەخواردووە!». کوێخا سجیلێکمان هەبوو دەترسا بەراتەکەی نەدەینێ؛ لە شار هاتەوە و گوتی: درۆیە، دەوڵەت هەر وەک خۆیە و کاربەدەستانی ئەمنیەم دیون زۆر بەکەیفن. دڵمان ساردەوە بوو. شەوێک دوو میوانی نەناسیوم هاتن؛ بەڵام چۆن میوانێک؟ ڕووت و قووت و تیتۆڵ شڕ. کەسم هێندە ڕووت و پەریشان نەدیوە. گوتیان: ئێمە سەربازی لە ورمێ بووین، بە تفەنگەوە دەهاتینەوە بەرەو وڵات. شکاکان ئێمەیان وەک سەدان و هەزاران سەرباز و ئەفسەری تر ڕووت کردووە و ئەو جلانەیان داوینێ. هێندێک کۆنە جلکم دانێ. تێگەیشتین کە کوێخا ڕاستی نەگوتووە. تەواو کردمانە خۆشی و شادی. بە ڕاستی ڕزگار بوون لەو جەهەننەمەی پەهلەوی -کە بۆ خەڵکی موکریانی نێڵ دابوو- هیچ خۆشیەکی نەدەگەیشتێ. ئەمنیە دەهاتنە دێ، هەر قەبرێکی تازەیان بدیبا، خەڵکیان دەخستە داری داری سەماواتێ: «ئەو کابرایەتان بۆ کوشتووە؟» جا وەرە لێدان و بەرتیل وەرگرتن کار بکا. لە بیرمە شەوێکی مانگەشەو درەنگێک، لە ماڵ دەر کەوتم کە تۆزێک بچمە دەشت. ڕوانیم کەلاکێک لە بەر هەیوانی مزگەوتە، خنەخنی دێت! پیرەمێردێک بوو خەریک بوو دەمرد. چووم کوێخای دێم خەبەر کردەوە. ئەسپی هێنا و کەلاکی نەناسی برد و لە پەنا نزیکترین گوند فڕێی دا؛ کە نەوەک ئەمنیە بزانن و ماڵوێرانمان کەن. هەر ئەو شەوە کەلاک دێ بە دێ ڕۆیبوو تا گەیبووە «دەروێشان» کە ماڵی کچی کابرای لێ بوو. مەعلووم بوو لە «کەڵبەڕەزاخان»ەوە بە نەخۆشی ئاوا گۆڕ بە گۆڕ کراوە! خوا نەخواستە مەئموورێکی دەوڵەت لە گوندێک یان لە مەزرای گوندێک بە سەکتە بمردایە، ئیتر واوەیلا بوو. سەتان کەس دەکەوتنە بەڵاو و لە سووچی ڕەشچاڵان توند دەکران. ئەگەر تەنیا ئەو دەردی کە تاقە گوندێک لە موکریان لە دەست پیاوی دەوڵەتی ڕەزاخانییەوە دیوە کۆ بکرایەتەوە، کتێبێکی گەورەی دەویست. بیستمانەوە کە چۆن لەشکری ئێران -کە سەر تا پا لە چەکی ئەڵماندا خنکابوو- بەبێ شەڕ کردن لە بەر یەک بڵاو بووە و سەری بێ کڵاو ماوەتەوە. سەرباز تفەنگیان داوە بە نانێک و لە کۆڵ خۆیان کردۆتەوە. بەوپەڕی ڕەزیلی، دەوڵەت لەبەر یەک چووە. پاش کۆکردنەوەی خەلە و خەرمان، هاتمە شار؛ دیتم هەوای سیاسی خۆشە. ئەوسا بوو کە چوومە سوێند خواردن و دوایی بۆیان گێڕامەوە کە حاڵ و باڵ چ بووە و چۆن ئەو حیزبە پێکەوە نراوە. نابەجێ نازانم بەر لە گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە، شتێک دەربارەی باسی کورد و ئازادی لە کوردستانی ئێراندا -وەک بیستوومە یا خوێندوومەتەوە- بگێرمەوە: تاریخ پێمان دەڵێ کە «خان ئەحمەدخان» لە حەسەناباتی سنە تانجی لە سەر ناوە و پێنج ساڵان پادشایەتی سنە و سابڵاغ و وڵاتی بەردەستی ئێستای عێراقی تا موسڵ بە دەستەوە بووە. لە ساڵی ١٢٩٦. ک (١٨٧٨. زدا) «شێخ عوبەیدیللای نەهری» داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و تا میاندواو و بناویشی گرتووە. لە ساڵی ١٩٠٦ و ١٩٠٧ی زایینی، «شێخ بابای غەوسابات» بە بریکاری «حەمە حوسێن خان» و «سەیفەدین خانی سەقز» و «حەمەخانی بانە»، هاتوچۆی ڕووسانی کردووە کە بۆ ئازادی کوردستان یاریدەیان بدەن. لە جەنگەی شەڕی یەکەمی گەورەدا، ئەفسەرێک بە ناوی «مستەفا پاشای نەمروود» بە بەرگی گۆڕاو هاتبووە بە کوردستانی موکریدا گەڕاوە و داوای کردووە کە کورد ئازادیخواز بن. دەڵێن شەوێک لە سابڵاغ چۆتە قاوەخانەی حیکایەتخوان، گوێی لە باسی ڕۆستەم و دێوی سپی بووە. لەپڕ گوتوویە: «الفاتیحە!»، خەڵک فاتیحایان خوێندووە. نەمروود دەستی هەڵێناوە و گوتوویە: «خێری ئەو فاتیحایە بۆ ڕووحانەتی ڕۆستەم و دێوی سپی! برام ئەوان مردوون. ئێوە کە زیندوون فکرێک بۆ حاڵی خۆتان بکەنەوە...». هەر چەند ئەو باس و ڕووداوانە لە بیر خەڵک چوونەوە و کەمتر وە بیر هاتوونەوە، بەڵام ڕەنگە شوێنەوارێکیان لە بن خۆڵەمێشی ئەو چەند ساڵانەدا مابێ و گەرمایی بە یەکجاری نەفەوتابێ. لە پاش قەومانی شەهریوەر و هاتنی ڕووس بۆ مەڵبەندی موکریان، ئەفسەرێک لە لایەن کۆمەڵی هیوای کوردستانی بەردەستی عێراقەوە هاتۆتەوە سابڵاغ و دەیەوێ کەسێک پەیدا کا کە گوێ لە ئامۆژگاری بگرێ. چەند ڕۆژێک لەم و لەو پرسیار دەکا، پێی دەڵێن زەبیحی دەم لەو مەسەلانە وەردەدا. زەبیحی حوسێنی پێ دەناسێنێ و چەند کەسیش ساز دەدەن کە گوێ لەو ئەفسەرە -کە ناوی «میرحاجە»- بگرن. یازدە کەس لە باغی سیسەی سابڵاغ دەگەڵ میرحاج کۆ دەبنەوە. لە سەر ئامۆژگاری ئەو، حیزبی «ژێ-کاف» دادەمەزرێنن؛ سوێندنامەکەی دەنووسنەوە. پڕوگرامی حیزبی هیوا بە تۆزێک دەسکارییەوە، دەکەنە پڕۆگرامی «ژێ-کاف». حوسێن فروهەر، زەبیحی، تەوحیدی مەلانەجمە، ئێمامی، محەممەدی نانەوا، قادری مودەرڕیسی، محەممەدی یاهوو، شاپەسەندی، محەممەدی سەلیمی، قاسم قادری و خاڵە مەلای داودی، یازدە کەسی بناغەدانەر بوون. جا کە زەبیحی منی بردە سوێنددان، بە منەوە بووینە بیست ئەندام. حوسێن ئەندامی ژمارە یەک و زەبیحی ژمارە دوو بوو و حسێن سەرۆکی کۆمەڵی «ژێ-کاف» بوو. تازە ببوینە «ژێ-کاف»، وام لەبیرە سێهەمین کۆبوونەوەمان بوو: حسێن فرووهەر گوتی: - من پێشنهاد دەکەم هەژار دەرکەین، چونکە هیچ کارێکی لە دەست نایە. ڕەنگم زەرد هەڵگەڕا، تف لە زارمدا وشک بوو، بە نووزەیەکەوە گوتم: - نا توخوا دەرم مەکەن! کارم پێ بسپێرن. ئاخر من ماڵم لە لادێیە و ئەنگۆش تا ئێستا لە لادێ کارتان نەبووە. فرمێسکم هاتنە خوار... بەزەیان پێمدا هات و گوتیان قەیناکا؛ ڕاستە زۆر دەستەوستانی، بەڵام هەر لە کۆمەڵدا بمێنە! لە درێژایی تەمەنمدا -کە ئێستا لە پلەی حەوتەم و لە شێست و سێ ساڵیدا دەژیم- زۆرم حیزب لە نزیکەوە دیتوون؛ باسی ڕەفتار و ڕابردووی زۆریانم خوێندۆتەوە. زۆر چەتوونە هیچ کۆمەڵێک وەک ئەندامانی «ژێ-کاف» ئاوا فیداکار و دڵگەرم و یەکتر خۆشەویست بووبن. دەربارەی ئەسحابی پێغەمبەر زۆر باسی یەکدڵی و فیداکاری هەیە، وەختە بڵێم ئەندامانی ئەو حیزبەش شتێکی وابوون. خۆدزینەوە لە فەرمان، درۆ، خۆخوازی و فێڵبازی بە جارێک تەرە ببوو؛ لە حەوت کێوان ئاوا ببوو. ماڵی دنیا هەر بۆیە مایەی دڵخۆشی بوو کە کۆمەڵە پێی لازم بێ. جارێک لە تەرەغەوە هاتمە شار، بیست تمەنم پاشەکەوت کردبوو کە جلک بۆ منداڵان بکڕم و نەخوازە کە دیتم خوشکم کولووجەی پینە کردووە، زۆری دڵتەنگ کردبووم. هەر گەیشتمە شار، ئێوارە بوو. دەچوومە قاوەخانەیەکی دەم چەم کە هەواڵان ببینم. لە سەر پردی داوێنی چۆم تووشی یەکیان هاتم؛ گوتی: فڵانی تۆ پووڵت نییە؟ هێندێک پووڵمان پێ لازمە دەبی کۆی کەینەوە. دەست بەجێ بیست تمەنەکەم دایە و هەر لەوێوە گەڕامەوە و لە شار دەرکەوتم و هاتمەوە ماڵ؛ چونکە مخارجی شەوێکم بۆ خۆم نەگێڕاوە. کە هاتمەوە خوشکم پرسی: - جلکت کڕی؟ گوتم: بە داخەوە بە تەڵەی قوماری سێ خاڵەوە بووم و هەموو پووڵەکەم دۆڕاند. گوتی: دەزانم نەتدۆڕاندووە؛ بەڵام خەم مەخۆ! ئێمە هەر چۆنێک بێ ڕایدەبوێرین. هەرچەند زۆر زوو زۆرتر ببووین و ئەندامان لە سەد و دووسەدیان تێپەڕاندبوو، بەڵام هەموو ڕووت و نەدار بووین و پووڵمان بۆ هەڵنەدوسووڕا کە پەرە بە ڕاگەیاندنی حیزبی بدەین. دەمانویست گۆڤارێک دەرکەین بە ناوی «نیشتمان». حیسابمان بۆ کردبوو، دەرینەدەهێنا. برادەرێکمان چووبوو بە ناوێ خۆی سەد و پەنجا تمەنی لە حاجیەک قەرز کردبوو کە بە مانگێک دەیداتەوە. زەبیحی کە دەبوو بە کاری گۆڤارەکە ڕابگا و کەسیش پێ نەزانێ، چووبوو دەگەڵ خەلیفەگەری هەرمەنیان لە تەورێز ڕێک کەوتبوو کە لە چاپخانەی کلیسا بۆی چاپ کەن. مانگ تێ وەرسووڕا و گۆڤار دواکەوت. کابرا حاجی قەرزی خۆی دەوێ و دەبێ مۆڵەتی لێ بخوازن. ئاخری حاجی دەیگوت: ئەو قەرزە وەک قەرزی دی ناچێ، بابە هەر پێم بڵێ بۆچیت لێ قەرز کردووم، نامەوێ بمدەنەوە! ئاخری گۆڤار دەرکەوت و زۆر زوو بڵاو کرایەوە دەسمایەی ژمارەی دووهەمی قازانج کرد و ئیتر نەپسایەوە و زۆری دەنگ دایەوە. تەنانەت ڕۆزنامەکانی ژوور و لاوەی ئێرانیش کەوتبوونە باس کردنی. لە بیرمە جارێک بیرمان لەوە دەکردەوە کە چاپخانەیەکی دەستی پچووک بکڕین و بیکەینە چەند بەشێکی پچووک و هەرکەسە بە پێی توانا بەشەکانی بکڕێ. کاکە ڕەحمان -کە ئەوسا ببوە ئەندام و دەوڵەمەند بوو- گوتی من هەمووی دەکڕم. باوەڕ کە زۆرمان فرمێسکمان دەچاو گەڕا، کە لەو خۆشیە ناهومێد بووین و لە کڕینی چاپخانە بەشدار نابین. کە لە خۆشی کۆمەڵەوە خۆم کردەوە شاعیر. جگە لە شیعری کوردایەتی، شیعری تریشم دەنووسین. جێژنە پیرۆزە بۆ ئەحمەداغا، گاڵتە و گەپ، گوڵستانی سەعدیم وەردەگێڕایە سەر باری گاڵتە، شیعری حافزم بە باری گاڵتە و گەپدا وەردەگێڕا. ئەندازەیەکی زۆرم لەو شیعر و نووسراوانە ڕێک خستبوو کە ئێستا هیچیانم نەماون و بە یەکجاری لەناو چوون. لە بیرمە بەر لە گۆڤاری نیشتمان، تەنیا دوو بەیتی من لە سەر کاغەزێک چاپ کرابوو. بۆ یەکەم جار کە دیتم، ئەوەندەم کەیف پێ ساز بوو، بە «شا»م دەگوت هەتیوە! ئای کە چەندم شایی بە خۆم بوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوڕێک بۆ دواوە گوتم لە سەرەتای حوجرە و دەرسی گوڵستانەوە، دەگەڵ زەبیحی بوومە ئاشنا. جا چونکە بابی ئەو دەگەڵ بابم هەردووک مریدی بورهان بوون، نێوانیان خۆش بوو؛ ئێمەش پێکەوە هۆگرمان گرتبوو. هەرچەند ئەویان بردبووە مەدرەسەی دەوڵەتی و من فەقێلەی مزگەوت بووم. بەڵام لە کاتی بەرهەڵداییدا پێکەوە دەگەڕاین. هەروا تۆزێک لە خوێندنەوە ڕاهاتین، ملمان لە کۆنەکتێبان نا و نوشتە و جادووی کۆنەکتێبان زۆری سەرنج ڕاکێشاین: چۆن مس بکەینە زێڕ! چۆن سکە لێ دەین! چۆن وا پکەین خەون بە خەزێنەوە ببینین... لە بەزمی سکەلێداندا دوو شتی سەیرم دێتە بیر: قاڵبێکی سکەلێدانمان لە کتێبێکەوە شکڵ کێشا و چووینە لای پیرەمێردێکی تەنەکەساز کە بۆمان دروست کا. کابرا پرسی بۆ چیتانە؟ گوتمان: بۆخۆمان گاڵتەی پێ دەکەین. گوتی: ڕۆڵە گیان دەزانم بۆ چیتانە، وەرم مامی خۆتان بکەنە شەریک! پەنجا ساڵە حەولی لە دوو دەدەم، بۆتان دروست دەکەم و خزمەتیشتان دەکەم! هەر دردە دردە گەرمتر دادەهات، کەوتبووە پەلە و لرفەوە، ئارەقی دەردابوو: - مامتان بە قوربانتان، بمکەنە شەریک! هەر هێندەمان بۆ کرا ڕاکەین و واز لە کارەکە بێنین! جارێکی تر لە کتێبە پەڕپووتێکدا ناوی دەریچە و بۆتە و گڵەبۆتەمان بەرچاو هات کە بۆ سکەلێدان دەشێ و زێڕینگەر هەیانە. پیرە جوولەکەیەکی زێڕینگەری بۆری چڵکنمان لە گۆشەی دوکانێکی تاریکی تەریکدا پەیدا کرد. هەر گوتمان گڵەبۆتە، دەستی کرد بە پاڕانەوە، گوتی: - ئێوە مەششاقی دەکەن؛ من خزمەتکارم. چیتان دەوێ بۆتان دەکەم؛ بمکەنە شەریک! های بە کلکی خێوی! خۆ هێشتا نەڕێسراوە و نەپێچراوە شەققەی دێ! زۆر زوو لە چنگی ئەویش هەڵاتین و تازە نەمانوێرا باسی بکەینەوە. بۆ خۆمان بە دزیەوە هەرچۆنێک بوو قاڵبێکی وەک بەرگە شەمچەمان لێکدا و پڕمان کرد لە قوڕی خۆڵەمێش و دوو قڕانیەکی زیومان تێدا جێ کردوەوە. قەڵاییمان لە سەر مقەڵی پۆلوو بە فوو -کە هەموو شەویلکمان گۆڕابوو- تواندەوە بە سەرماندا کرد. خوا بە سەرتی نەهێنێ، قەڵایی بە دوو قڕانیەوە نووسا و ئێستا و ئێستاش بەری نەدا و لە باتی قازانج زەرەرمان کرد! بە گەورەیی بیرم لەوە دەکردەوە: باشە ئەوا ئێمە منداڵ و کاڵ بووین، ئاخر ئەو دوو پیرەمێردە بۆ دەبێ هێندە کەر بن کە لەبەر دوو منداڵۆکە بپاڕێنەوە ئەو شتەی خۆیان نایزانن فێری ئەوانی کەن؟ ! دوعایەکم دەس کەوت؛ نووسرابوو: «شەوێک جەغزێک لە سەر خۆڵ بکێشە، چل جار سوورەتی «یا اَیُّەَا الْمُزَّمِّلْ» لە بەر و زۆر لە ڕەوانی بخوێنێ، لە مابەینی هەر جارێک خوێندنی سوورەتدا ئەم دوعایە لەبەر بخوێنە، جندۆکە دەیانەوێ بتترسینن، کێوێک بە موویێک هەڵواسراوە لە سەر سەرت ڕادەگرن. خۆیان دەکەنە شێر، هێرشت بۆ دێنن. نەکەی بترسی. هەر یەک حەرفت لێ غەڵەت بێ واوەیلایە؛ دەمری و گوناحی خۆت لە سەر خۆت. ئەگەر لەو ئەزموونە سەرکەوتی و چل جارەکەت تەواو کرد، جندۆکەیەک دەبێتە نۆکەرت، هەرچی بڵێی پێکی دێنێت...». ئای کە چەند شتی چاکە! شەرتە پێی دەڵێم کچی قاقانی چینێم بۆ بێنێ! خۆ زێڕ زیو هەر باسی ناکرێ! نەمەویست زبیحی بکەمە شەریک، پێم نەگوت. چەند ڕۆژان سوورەت و دوعام وەک ئاو لەبەر کرد. شەو لە پاش ماڵ نوستنان بە دزیەوە چوومە وەتاغێکی لای درگامان کە ژووری میوانان بوو. بەڕە و حەسیرم لابرد، جەغزم کێشا و بەرەو قیبلە ملم نا لە ورتە ورت. خوێندن لە بیست جار تێپەڕی و دەنگی پێ هات. چاوم کە چووقاندبوو هەڵمنەهێنا و گوتم با جندۆکە بێن منەتیان نەبێ؛ من ناترسم. تەقەی پێ نزیکەوە بوو، دەنگی کوتانی گۆچانیش دەهات. گوێم لە هەناسەیەک بوو. نەخێر بخوێنەوە و ڕامەوەستە. لەپڕ زۆر بەقەو گۆچانێکم وەپشت مل کەوت و جنێوی بابمی بەدوو دا: مەلعوون ئەوە خەریکی سیحری؟ ! هەر لە پەنجەرەوە خۆم هاویشت و هەڵێ ئەمما هەڵێ! بابم لە دەرگای حەوشەوە بانگی کرد: - جارێکی تر نەتبینمەوە! بە هەزاران گریان و پاڕانەوە ڕاگیرامەوە و ئیتر وازم لە جندۆکە و کچی قاقانی چینیش هێنا! کورتی ببڕمەوە: پەڕە شڕەیەکم دەدیت و شتێکی لەم بابەتی سیحر و جادوانە تێدابوو، لام وابوو ڕاستە. بەڵام خاوەنەکانیان ئەوەندە بە سەگیەتی نووسیبوویان کە مەپرسە: «مێشکی مێشوولە و هێلکەی مێروولە تێکەڵ کە و چاوتی پێ بڕێژە؛ جندۆکە دەبینی». «کیسەڵ دە خوێنی پەپووسێمانەدە بکوڵێنە، ئێسکێک سەر ئاو دەکەوێ، ودمی هەیە و بەختەوەر دەبی». لە خانەقا حاجی عەبدوڵڵای کوڕی گەورەی شێخی بورهان -بە پیری- وەک منی منداڵ بیری دەکردەوە. بڕیاری دابوو ئەگەر لە سایەی نوشتەوە خەزێنە پەیدا کا، بەشم بدا. ڕۆژ نەبوو بۆ پەیداکردنی شتی لە عەقڵ بە دوور نەمخاتە بێگارەوە؛ تەواو وەرەزی کردبوو. ڕۆژێک گوتی: بچۆ پێستی لە بەر تاو سپی بووی کیسەڵ مردووم بۆ پەیدا کە؛ ئاوی «هەندەبا»شم بۆ بێنە؛ دوعای لێ دەنووسم. دە ملی کەڵەبابێکی ڕەنگ شینی بێ خاڵی دەکەم و ڕۆژی جومعە بەری دەدەم؛ لەکوێ نیشتەوە خەزێنەی تێدایە. گوتم: هەندەبا چییە؟ گوتی: پێم وایە ترۆزییە! گوتم: قوران! ئەگەر سیحرەکە لە کیری کەر لە پشتی کیسەڵی بنووسی باشترە! ئیتر خۆی لێ تووڕە کردم و لە خەزێنەش بێبەش کرام؛ کە ئەویش هەر وەک من دەم لە پووش ما. دەگەڵ زەبیحی دووبەدوو زمانێکمان دروست کردبوو کە تێک دەگەیشتین و کەس تێمان نەدەگەیشت. ڕۆژێک کە بەو زمانە قسمەمان دەکرد، کابرایەک گوێی لێ بوو؛ ڕووی کردە کابرایەکی دی و گوتی: ئاخر بۆچی ئاخر زەمان نییە؟ ئەو سەگبابانە بە زمانی جوولەکان قسە دەکەن، دەبڵێ لە کوێی فێر بوون؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەئموورییەت لە «ژێ-کاف»دا مانگی جۆزەردان بوو، دروێنەی جۆ لە دەوری بۆکان دەستی پێکردبوو، حیزب ناردی چوومە سابڵاغ، دەگەڵ میرزا قاسمی قادری و زەبیحی -کە دەبووینە سێ کەس- گوتیان دەبێ بچنە «دزەی مەرگەوەڕ» دەگەڵ نوێنەرانی حیزبی هیوای کوردستانی عێراق گفتوگۆ بکەن و هەر قەرارێک ئێوە بیدەن ئێمە پێی ڕازین. بە سواری ترومبێل بەرەو ورمێ کەوتینە ڕێ کە لەوێوە فایتوون هەیە و دەمانباتە مەرگەوەڕ. گەیشتینە گوندی «باڵانیش»، شەڕ و هەرایەک بوو سەگ ساحێبی خۆی نەدەناسی. زێڕۆ ئاغای هەرکی و دەوڵەت شەڕیان بوو. پۆستی ئەمنیە سووتابوو؛ هەشت کەلاک درێژ کرابوو. هەر وا کورد بوون لە ورمێوە هەڵاتبوون و دەهاتن. بە پەلە ترومبێلمان بەجێ هێشت و بەرەو چیا ڕەوین. چووینە گوندی «کوکێ» کە ماڵە زێڕۆی لێ بوو؛ ویستمان میوانی بین. کابرایەکی گەرمیانی -کە کۆنە ئاشنای زەبیحی بوو- لە دەرگا گێڕاینەوە. گوتی: زێڕۆ دوژمنی شێخ عەبدوڵڵای دزەیە. لەوانەیە ڕووتتان بکا؛ چونکە دەچنە ماڵی ئەو. لەوێش بێدەنگ خۆمان ڕزگار کرد و چووینە گوندی «قاسملوو» لە دۆڵی قاسمولوو لە بن چیای دمدم؛ کە ئێستاش شوێنەواری خانی لەپزێڕینی لێ دیارە. شەو لە ماڵی مستەفاغا ناو میوان بووین. کابرا دەیەویست ڕووتمان کا؛ بەڵام کە زانی دەمانچەمان پێیە وازی هێنا. بەیان وڵاغمان لە سۆفی شێرە ناوێک بە کرێ گرت و چووینع دۆڵی دزە. بۆ نیوەڕۆ لای عەبدولقادری کوڕی شێخ عەبدوڵڵا لە «گردوان» بووین و ئێوارە چووینە ڕەشماڵی ماڵی شێخ لە دزە. نوێنەرانی هیوا: «شێخ عوبەیدیللای زینوێ»، «سەید عەزیزی شەمزینی» کە ئەفسەرێکی عێراق بوو، «سەعیدی کانی مارانی» ناوێکیش -کە تازە لاوێک و خوارزای شێخ عوبەیدیللا بوو- دەگەڵیان هاتبوو. چەندین کۆبوونەوەمان پێکەوە کرد و لە سەر دوازدە نوختە پێک هاتین کە هەردووک حیزب پێکەوە هاوکاری بکەن و مەعلوومات پێک بگۆڕنەوە. جا چونکە لەو شوێنەی کە پێک هاتین بناری «داڵانپەڕ» و لایەکی شەمزینان و ئەم لایەی ئێران بوو؛ ناومان ناک «پەیمانی سێ سنوور». بڕیار درا هەردووکمان بێ خۆگرتن -هەر کەسە لای خۆی- بەیانەکە بڵاو کاتەوە. دوای حەوت شەو لە دزە بە ڕێگەی شنۆدا گەڕاینەوە. لە شنۆوە بە پێ هاتینە نەغەدە و لە نەغەدەوە بە سواری ترومبیلێکی سینمایی ئینگلیسیان -کە دەهاتە سابڵاغ- هاتینەوە. ئێمە دەست بە جێ نوسخە بەیانی خۆمان لە نیشتماندا چاپ کرد. هێشتا بڵاومان نەکردبۆوە، خەبەران داینێ کە حیزبی هیوا بەو پێکهاتنە ڕازی نەبووە و چاپی مەکەن. ڕووپەڕە چاپ کراوەکەی پێک هاتنەکەمان لە گۆڤارەکە دڕی. خۆش ئەوە بوو کە لە بەندێک لە پێکهاتنەکەدا دەڵێ: «ئەگەر ئینگلیس لە عێراق بەشێ بدەن بە کورد، نابێ کوردی دەرەرەی عێراق هەڵاوێرێ؛ چونکە کوردستان یەکپارچەیە. با بڵێن ئێمە بەشی کورد بە حەق دەزانین و بە پێی توانا یاریدەی هەموو کوردیک دەدەین. کە دێمەش دەگەڵ ڕووسان هەر ئەو حولە دەدەین و موکریان لە کوردی تورکیان و عێراق و بە جیا نازانین». حیزبی هیوا کە بە سەرۆکایەتی مامۆستا ڕەفیق حیلمی بوو، لە مەسلەحەتی نەزانیبوو کە هیچ ناوێک لە ڕووس و کوردی ئێران و تورکیە هەبێ. باسی ئەو ڕێککەوتننامە مێژووییە تا ئێستا لە زۆر چاپەمەنی ناوخۆیی و لاوەکیدا کراوە؛ بەڵام سەیر لەوەدایە کە ناوی «هەژار» لە هەمواندا فڕێ دراوە و نووسیویانە: «زەبیحی» و «میرزا قاسم» لە ئێران و «شێخ عوبەیدیللا» و «سەید عەزیز» لە عێراق و «قازی خدر» (یان قازی مەلا خالید، جاری واش هەیە گوتوویانە قازی عەبدولوەهاب) لە لایەن کوردی تورکیاوە ئەم پەیمانی سێ سنوورەیان پەسند کرد. هومێدەوارم ئەم گۆڕانی ڕاستییە لە ڕووی هیچ غەرەزێکەوە نەبووبێ و هەڵەیەک بێ لە دڵپاکییەوە ڕووی دابێ. لە بۆکان دەگەڵ هەواڵانی «ژێ-کاف» کە ناخوا زۆر ببوون، هاوکاریم دەکرد و بە بەریشەوە کاسبی گەنم و تووتن فرۆشیم دەکاردا بوو. زۆر کەس لایان وایە کە حیزبی «ژێ-کاف» ڕووسان دروستیان کردووە؛ کە خوا هەڵناگرێ ڕاستی بۆ نەچوون. کاتێ کە حیزب بۆ هەوەڵ جار لە سابڵاغ دامەزرا، ڕووس هیچ ئاگایان لێ نەبوو. دەمانەویست کە بە ڕەسمی بمانناسن و یارمەتیمان بکەن؛ بەڵام هەرچی کۆششمان کرد جوابیان نەداینەوە. لە ئاخریدا کە دیتیان هێز و پێزێکمان پێکەوە ناوە، ئەوانیش لەشکری زۆریان لە وڵاتەکەدا بوو، نەیاندەویست وڵاتەکە ئەمین نەبێ و نەوەکا ئینگلیس بەهرەمان لێ وەرگرێ، گوتیان حیزبەکەتان ڕەوایە و ئێمە مانعتان نابین و ئێوەش لە نووسراوەی خۆتاندا هەواڵەتی ئێمە بکەن. «کوێرە! چت دەوێ؟ دوو چاوی ساغ». کورد لە هەموو شوێنان، زۆر ئازادپەرست و ئازا خۆشەویستە. کاتێ کە هیتلەر لە سەر بوو، دەگەڵ ڕووسیا شەڕی دەکرد، هەموو کەس چەپڵەی بۆ لێدەدا و تاریفیان دەکرد کە ئازایە و ڕووس خوێڕین؛ ئەگەرچی هیتلەر یاریدەی دەوڵەتی ئێرانیشی دەکرد و دەوڵەتی ئێرانیش لە بەر چاومان لە شەیتان خوێنتاڵتر و دزێوتر بوو. لەبەر ئەوەش کە لە شەڕی یەکەمدا کوردی موکریان یاریدەی دەوڵەتی تورکی موسوڵمانیان کردبوو، ڕووس زۆری کوشتوون و زۆری بە یەخسیر بردبوو. تەنانەت چل و هەشت سەعات قەتڵوعامی شاری سابڵاغیان کردبوو، عورووسی کافر زۆر ناخۆشەویست بوو؛ بەڵام کە ئەمجار لە حوکمی کمونیستیدا هاتبوونە ئێران، بیری خەڵکیان گۆڕی. چوونە هەر شارێک -بەر لە هەر شت- دەرکی زیندانیان کردەوە و زیندانی سیاسی و ئاساییان هەموو بەرەڵا کردن. مەلایەکی شکاک دەیگوت: «ئەز حەفسێدا بووم. م دی ڕۆژەک مەلائیکەتەکە سۆری چاڤشین دەری ڤەکر و گۆت: ئیدی سودا. ئەم هەمی قوتار بوون». چەکداری ڕووس زوڵمیان لە کەس نەدەکرد؛ هەموو کەس خۆشی دەویستن. خۆ نەخوازا ئێمەی نیشتمانپەرست کە ڕووسمان بە فریشتەی ئازادی کوردستان دەزانی، بە قەد گلێنەی چاوی خۆمان ڕێزمان لێدەگرتن. لە خوامان دەویست ئێمەش بکەوینە بەر قانوونی ئەوانەوە. ڕاستت دەوێ ناوی کموونیستمان نەدەزانی؛ پێمان دەگوتن باڵشەویک. وا تێگەیبووین کە وڵاتی ڕووس هەمووی زۆر ئاوەدانە؛ لە هەر گەڕەکە ماڵەی، لە مەنجەڵێکدا چێشت لێ دەنێن؛ هەموو کەس قاپی خۆی دەبا و لەو چێشتە بۆی تێ دەکەن. ئیتر کەس لە هیچ بارێکدا جیاوازی نییە. هەموو کارێکیش بە دەست پیاوێکە؛ ناوی ستالینە. نازانم خەڵکی تر چەندەیان لەم بارەوە دەزانی؛ بەڵام لەو کاتەدا نەمدی کەس لەمە پتری لێ بزانێ و زۆریش بەوە ڕازی و ئاواتەخواز بووین و لامان وابوو هەر ئەوان ئازادمان دەکەن و دەمانکەنە دەوڵەت. جا ئەوەندی لە توانادا بوو، بە پەخشان و شیعر بە ڕووس و باڵشەویکیمان هەڵدەگوت. بەزم بەزمی من و هێمن بوو کە سەر و بنی قسەمان سڵاوەت لە دیداری ستالین و دوعای بەخێر بۆ سەرکەوتنی ڕووسان بوو. ئەو دەمانە کە لە تەرەغە بووم و تازە دەوڵەت تێک چووبوو، لەشکرێکی دەهەزار کەسی بە سەرکردایەتی «سەرهەنگ پزشکیان» ناوێک لە سەردەشت هەر ما و حوکمی خۆی دەکرد. گوتیان وا عەشایری کورد دەچنە جەستەیان. زۆرم حەول دا کە چەند هەواڵێکم دەگەڵ بێ بەڵکو لەو تاڵانە تفەنگمان دەسکەوێ، کەس نەهات. تەنانەت بە گاڵتە دەمگوت: ئەگەر هیچیشمان دەس نەکەوێ، خۆ تووشی پیاوی وا دەبین ڕووتمان کا؛ با بێکار دانەنیشین! ئەو سەفەرەم بە نسیب نەبوو. عەبدولکەریم کوڕە گەورەی شێخ محەممەدی خانەقا خەبەری بۆ ناردبووم کە بەرەو خەلیفانی مەنگوڕان بچێ منیش دەیگەمێ؛ سەرەخۆشی لە ماڵی عەلیخان دەکەم. وا دیار بوو کەسی لە من باشتر دەست نەدەکەوت کە ڕاوێژکاری سیاسی بم. لە ڕێگەدا -کە تەنیا بووم- تووشی دەستە سوارێک هاتم. ڕێگەمان لێکی دەدایەوە. سوارێک تاق بۆوە و بەرەو من هات. گورجێ دابەزیم و تفەنگم هێنایە سەرپێ و گوتم: مەیە پێش دەتکوژم! گوتی: بابە نەهاتوومە شەڕ، ئەوا من لە خزمەت سەید کامیلی کوڕی سەیدی زەنبیلدام و دەچینە «خەڵیفان». لەو ڕۆژەوە دەگەڵ سەید کامیل بوومە ئاشنا و چەند ساڵان زۆر دۆستی نزیک بووین. عەبدولکەریم و سەید کامیل هەردووک ڕاسپێرابوون کە مەنگوڕان ساز کەن بچنە یاریدەی حەمەڕەشید خان لە سەقز. عەلی خان و مەنگوڕ نەهاتن. دەگەڕانەوەدا عەبدولکەریم سەری لە «قالوێ» دا و سەید کامیلیش هەر هاتە ئەوێ. من دەستم لە عەبدولکەریم بەردا و دەگەڵ سەید کامیل چوومە سەقز؛ کە بابەشێخی مامی سەید کامیل هەمەکارەی حەمەڕەشید خان و لە سەقز بوو. حەمەڕەشیدخانی بانەیی -کە ئاغای «وێنە» و «دارۆخان»ی بەشی کوردستانی عێراق بوو- عەشیرعتی بانەیی دوای خۆی دابوو؛ بانە و سەردەشتی لە دەست عەجەم دەرهێنابوو. پاش زۆر شەڕی پاڵەوانانە و بەناوبانگ، بە یارمەتی بەگزادەی فەیزوڵڵابەگی سەقزیشی گرتبوو؛ چەک و چۆڵی زۆری لە دەوڵەت ساندبوو. بەیتی شەڕی حەمەڕەشید خان، گوند بە گوند و ماڵ بە ماڵ دەگەڕا. میوان لە ماڵان دامەزران. سەید کامیل و دەست و پێوەندی -کە منیش یەکێک لەوان بووم- لە ماڵی حاجی عەلی ئەکبەر ناوێک دامەزراین. نان و خوان و خەو لە سەر حاجی. هێشتان زۆر شوکرانەبژێر بوو کە بانەیی تەشقەڵەباز نەهاتوونە ماڵی و بە نیوەشەو داوای کەبابی بازاڕی لێ ناکەن! کاری ڕۆژانەی سەید کامیل هەر ئەوە بوو لادێیی هاواریان بۆ دێنا کەریان لێ ساندوون، ڕووتیان کردوون؛ تکای بۆ دەنووسین. خان حاشای دەکرد و دەیخستە ملی پیاوی سەلیم خانی کێوڕۆ؛ سەلیم خان دەیخستە ملی پیاوی خان. لە دەرگای ژوورەکەمانی نووسیبوو: کەر دزینی سەقزییەکان بە مەسال هەر بینا دیت ببێتە ئیستقلال! بێنە شیکوا، لێیان بکەن حاشا زوو مووەفەق دەبێ ڕەشید پاشا بانەیی دەیانخوێندەوە و پێدەکەنین. دوو مانگێک لە سەقز مامەوە. زاراوەی سەقزیان فێر بووم؛ فەرقم پێ نەدەکرا. لەو ماوەیەدا خان هێرشی بردە سەر هێزی عەجەم لە «دیواندەرە»؛ عەشایری دەوروبەری سەقز و ئەحمەداغای حاجی بایزاغاشی دەگەڵ بوون. عەشیرەتی گەڵباخی بوونە پیاوی دەوڵەت. لەو شەڕەدا لەشکەری خان زۆر پیس شکا و چەند کوژڕاو و ئەسیری دا. ئەویش دوو ئاغای گەڵباخی بە دیل گرتبوو؛ لە سەقز کوشتنی. «نافیع مەزهەر»ی شاعیر قەسیدەیەکی بەو هۆیە گوتبوو کە زۆر قەسیدەیەکی چاک بوو. چەند بەیتێک نەبێ لە بیرم نەماوە. دەربارەی کوردە خاینەکانەوە دەڵێ: دزی خانەگی! واجبە کوشتنت لەبۆ عیبرەتی غەیرە، خوێن ڕشتنت یان دەڵێ: چ خۆشە کە یەک سانیە بیتە شێر نەوەک دوو هەزار ساڵە بتنێنە ژێر چ شیرینە شاعیر! کە ئەنجامی کار لە سەر پاسی ئەو قەومە بتدەن لە دار تفەنگەکەم پێنج تیریکی زۆر خراپ بوو. زۆڕ بە ئاوات بووم تفەنگی بڕنۆم هەبێ؛ بەڵام دەست نەدەڕۆیی بیکڕم. شیعرێکم بۆ حەمەڕەشیدخان نووسی، گوتم جایزە تفەنگەم دەداتێ؛ بەڵام کەس هەر نەیخوێندەوە. لەو ماوەیەدا سەید کامیل ڕۆیشت کە سەری ماڵ بداتەوە لە «گەردیگلان» و من بە تەمای هاتنەوەی لە سەقز مامەوە؛ بەڵام کە ئەو زۆری پێچوو نەهاتەوە. لە ماڵەکە گوێستمەوە بۆ خانێکی کەران. شەوێ دەگەڵ کابرایەک قەرارمان دا کە پێکەوە بڕۆینەوە وڵات. ئێوارە سێبەر شۆڕ ببون بە شار دەرچووین. کابرا سێ خزمی خۆی دەگەڵ بوو. زوو تێگەیشتم کە تووشی بەڵایەک دەبم و ئەوانە کاریان دزی و خەڵک ڕووت کردنە. زۆر بە خۆپارێزی لە دواوە دەڕۆیشتم و تفەنگم لە سەر پێ و ئامادەی ڕووداو بووم. نوێژی شەوانێکی درەنگ لە دەوری گوندی قارەوای سەقز هێندێک ڕەشەولاغ و کەری بە جلەوە دەلەوەڕان. هاوڕێکەم دەگەڵ خزمەکانی درگای کۆنە قاوەخانەیەکیان لە سەر کەرەکان دابەست و گوێلک و پانێرەکانیان پێش خۆ دا و دزیان. زۆر دوور نەکەوتبووین، خەڵکی دێ کەوتنە شوێنمان و چەند تفەنگیان هاویشت. من کە دەمەویست لە چنگ ئەو پیاوخراپانە ڕزگار بم، گوتم ئێوە بڕۆن من لێرە پێش بە هاوارچییانە دەگرم. ئەوسا ڕۆیشتن و منیان بەجێ هێشت. هاوارچییەکان دوای چەند گوللە تەقاندن گەڕانەوە. ئەوسا سوار بووم و بێ ڕێگە ملم لێنا. تووشی جۆگە ئاوێکی زل بووم؛ ویستم باز دەم، هەیم لە ماینەکە کرد؛ بازی دا؛ بەڵام تەنگەی زین پسا و کەوتمە ناوەڕاستی قوڕ و لیتەی جۆگە. هەر چۆنێک بوو هاتمە دەر و چرایەکم لە دوور بەدی کرد و هاوارم کرد. دیار بوو خەڵکی دی دەترسان. ئاخری دوو کەس بە تفەنگەوە هاتن. کە زانیان جێی ترس نیم، من و زینی قوڕاوی و ماینیان ڕاکێشا و بردمیانە ماڵێک. خۆم ششتەوە. کابرا چای بۆ لێنام و حەسامەوە. کە باسی خۆم بۆ گێڕایەوە، بە لایەوە سەیر بوو. گوتی: - ئەو هاوڕێیەت کە ناوی حەمەکەریمی مەجیدی بوو، بۆ دوو قڕان پیاوێکی کوشتووە؛ سەیرە تۆ نەجاتت بووە. ڕەنگە لە ترسی سەید کامیل نەیوێرابێ بتکوژێ و ماین و تفەنگت بەرێ. پتر لە سی ساڵ بە سەر ئەو ڕووداوەدا ڕابردبوو، ڕۆژێک چوومە خزمەت بارزانی. سۆفی عەلی ناوێک زۆر بە گەرمی ئەحواڵی دەپرسیم. بارزانی فەرمووی: لەکەنگێوە هەژار دەناسێ؟ گوتی: قوربان لەو ساوە کە ئەو کەری لە دەوری سەقز دەدزی! چیرۆکەکەم بۆ بارزانی گێڕاوە؛ فەرمووی: نەمزانیبوو کەریشت دزیوە! کۆمەڵی «ژێ-کاف» دەیەویست خەڵکی شار بترسێنێ؛ شەو تەقەیان لە حاکمێکی ئێرانی کرد کە وەبەر نەهات؛ بەڵام لە شار هەڵات. «عیسازادە» ناوێک -کە زەمانی پەهلەوی شەیتانی لە خەڵک دەکرد و زەبیحی و فاروقی بە گرتن دا و خەبەری لە من و مەلا حەمەدەمینی حەدادی دابوو، لە دەست دەوڵەت هەڵاتبووبن و خۆمان شاردبۆوە -بە ئەمری حیزب کتێبخانەیکەی تاڵان کرا. ترس و لەرزێکی زۆر کەوتبووە ناو خەڵکی شار و لە دوژمنی نادیاری دەترسان. وردە وردە هەر دوژمن کەم دەبوون و دۆست زۆر. تا وای لێ هات کە دەستەڵاتی کۆمەڵە لە شاری سابڵاغدا تەواو پەرەی سەندبوو؛ ئەوی خۆشیشی نەدەویست لێی دەترسا. جارێک خەبەریان دا کە دەوڵەمەندی شاری، حیزبی خۆیان لە دژی ئێمە دروست دەکەن و فڵانە شەو لە مزگەوتی سەید نیزام کۆ دەبنەوە. قەرار درا لێیان تێک دەین؛ بەڵام نەشدەبوو بناسرێین. حوسێنی سەرۆکمان -پاش کێشە و هەرای زۆر- ئەو ئەرکەی خستە سەر شانی خۆی کە وا نەکا بیناسن و لێشیان تێک دا. بە جلێکی گۆڕاو، دەم هەڵپێچراو، لە مزگەوت چووبووە ژوور و دەمانچەی دەرهێنابوو، کە: وا وا لێکراوینە! ڕووح بە کوێ دەبەن؟ ... ئەو هەموو دەوڵەمەندە قەڵەوانە -وەک جندۆکەی بیسمیللا لێکراو- هەر ئەوەندەیان بۆ کرابوو کە لە پەنجەرەوە باز دەن و خۆ دەرباز کەن. پتر لە دووسەد جووتە کەوشی زۆر باش لەوێ بەجێ مابوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قازی محەممەد ماڵە قازیان زۆر لە مێژەوە قازی و دەستەڵاتداری شار و بەناوبانگ بوون. قازی فەتاحێکیان هەبووە کە لە ئازایەتی و بە جەرگیدا ناوبانگی دەر کردووە و لە شەڕی عرووسان کوژراوە. قازی عەلیش -کە قازی سابڵاغ بووە- لە پیاوە هەرە بەڕێزەکانی وڵات ژمێردراوە. دوو کوڕی لە پاش بەجی ماوە: میرزا محەممەد، کە پیاوێکی زۆر خوێندەوار بووە و لە زەمانی باوکیدا چەندین ئەرکی بێ حقووقی وەک مدیر مەعارف و سەرپەرشتی شێروخورشیدی سووری گرتۆتە ئەستۆ و زۆر خۆشەویستی خەڵکی وڵات بووە و لە پاش باوکی کراوەتە قازی سابڵاغ. دووهەمیان میرزا قاسم، کە بە «سەدرولئیسلام» ناو براوە و لە دەسگیرۆیی داماوان و تکا بۆ زیندانیانی بێچارەدا زۆری کۆشش کردووە و بە پیاوی چاک ناسراوە و لە زەمانی کۆمەڵەدا بۆتە نایب لە تاران. دەگەڵ تێکچوونی دەسەڵاتی دەوڵەت لە موکریان، قازی بۆ پاراستنی شار لە تاڵان و بڕۆی عەشایری دەوروبەر، خەڵکی سابڵاغی سار دابوو کە تفەنگ بکڕن و شەوانە کێشکی شار بگرن. زۆر جاریش ڕۆژانە کۆی دەکردنەوە و ئامۆژگاری دەرکردن؛ دەسەڵاتی سابڵاغی تەواو لە دەستا بوو. پێمان خۆش بوو قازی ببێتە هاوکارمان؛ بەڵام ئەو ئێمەی بە هێچ نەدەزانی و بە لایەوە کەمایەسی بوو دەگەڵ چەند ڕەش و ڕووتێکی بێ ناو نیشان زرمە زلیتانێ بکا. ئێمەش هەستمان دەکرد کە عەشایر و خەڵکی دیکەی سەرناس، چەتوونە هەتا نەزانن سەرۆکمان پیاوێکی زل و شیاوی حورمەت گرتنە، بێن لەگەڵمان و هیچ کەسی پایەبەرز بە حوسێن ڕازی نەدەبوو. بەڵام قازی چۆن چار بکەین؟ ڕاماندەسپارد ئەندامان و لاگرانمان کە لە کۆبوونەوە بۆ وتاری قازی بتەکنەوە. تا وای لێهات کە قازی خۆی هەستی بەوە کردبوو حیزب بە هێزە و گاڵتەی پێ ناکرێ. ئەوسا داوامان لێکرد کە بێتە حیزبەوە؛ قبووڵی کرد و زۆر زوو بڕیار درا قازی سەرۆکی کۆمەڵە بێ. ئیتر زۆر ئاغا و پیاوماقووڵان -کە پچووکی قازییان پێ شەرم نەبوو- هاتنە یاریمان و هاتنە ناو حیزبەوە. قازی کە ماڵەکەی قۆناغی میوانانی ڕووس بوو، توانی نێوانی حیزب و ڕووسان خۆشتر کا و دەمانتوانی بە ڕاشکاویتر کار بکەین. دەوڵەتی ئێران -کە لە موکریان پاشەکشەی پێ کرابوو- ئیدارەی موکریانی لە میاندواو دانابوو؛ بە هەموو توانا حەولی دەدا ئاغایانی وڵات لە خۆی دڵخۆش بکا. شەکر و قەندی زۆری دەدانێ، پلەی حاکمەتی شاری بە عەشیرەتان دەسپارد. دوژمنی سەرسەختی ئەو ڕۆژگارەمان «قەرەنیاغای مامەش» و «عەلیاغای ئێلخانی» بوون. قەرەنیاغا زەبیحی گرت و هەڕەشەی کوشتنی لێ کرد ڕووس بەریان دا و هەڕەشەیان لە قەرەنیاغا کرد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باسی عەلیاغا و پیاوەکەی (بابەکری سەلیم ئاغا) دنیا عەشایری بوو. حیزب و کۆمەڵەیەک نەبوو. بۆ سەردانی حەمەدەمین حەدادی چووبوومە «کانیەڕەش»؛ چوومە دەسنوێژ گرتن. لە کونی دیواری ئاودەستەوە دیتم عەلیاغای ئێلخانی دەگەڵ کابرایەک هاتن و پاڵیان دا بەو دیوارەوە کە من لەودیوی گوێم لە قسەیان دەبوو. عەلیاغا گوتی: زۆر سەلام لە بابەکری سەلیماغا بکە! بڵێ: عەلی دەیگوت نەکا دەغیلی بم، فریوی هەتیو مەتیوان بخوا و کوردایەتی و شتی وا بکا. ئەگەر ئێمە ئەو کارە بکەین ئاغایەتیمان لە دەست دەچێ... جارێک ڕووسان زۆر پیاوماقووڵی وڵاتیان بۆ باکۆیە بانگ کرد کە عەلیاغا و قەرەنیاغا و حاجی بابەشێخ و زۆر ئاغای تریش لەو بانگ کراوانە بوون. کە هاتنەوە بیستمان باغرۆفی سەرۆکی وەزیری ئازەربایجانی ڕووسیا گوتبووی چتان دەوێ بۆتان پێک بێنین. یەک دەڵێ شەکر، یەک دەڵێ زینی عرووسی، دەمانچە... من دەمەتەقەیەکم لە سەر نووسین و لە «نیشتمان»دا چاپ کرا. تێرم گاڵتە بە عەقڵیان کردبوو. عەلیاغا هەڕەشەی کردبوو کە ئەو شاعیرە هەر دەکوژم. ماوەیەکی زۆر نەمدەوێرا بە گوندی ئەودا بڕۆم و ڕێگەم بۆ شاری سابڵاغ گۆڕیبوو. ڕووسان چەکداریان کردین و هێزی پێشمەرگە پێک هات و مەشق بە پێشمەرگە دەکرا و تەواو بووژاینەوە. جارێک دەگەڵ مەلا ڕەسووڵ ناوێکدا ناردرام کە مەلا خەلیلی گۆڕۆمەر بکەینە لاگری شۆرش؛ بەڵام هەرچی شێر و ڕێویمان بۆ هێنایەوە ملی نەدا دەیگوت سوێند بە ئاڵا خواردن پیاو کافر دەکا و بیستوومە کچان لە سەر خەیابان ڕێژە دەڕۆن! پاش چەققە و سوێندی زۆر! ڕازیمان کرد بە قورعان سوێندی بۆ خواردین کە یاریدەمان بکا و هەرگیز خەیانەتمان پێ نەکا. بەڵام زۆر زوو خەیانەتی پێ کردین و سوێندەکەی وەبەر پێ دا. بە شاعیر ناوم زڕابوو. لە سەر داوای ڕەوابیتی فەرهەنگی ئێران و ڕووس بە خۆ و شیعرەکانمەوە چوومە تەورێز. قەرار درا بۆشم چاپ بکەن و تەرجەمەشی بە زمانی ئازەربایجانی بکەن. گوتیان لە ئوتێلێکی خۆش دەتدەمەزرێنین و چاوەدێرت دەبین کە پیاوی ئێران زیانێک پێ نەگەیەنن؛ قبووڵم نەکرد. چوومەوە ئولێلەکەی کە لە سایەی دەنگخۆشی هەمزەوە ببومە هەواڵی خاوەنەکەی. ژوورێکی بە تەنیا دامێ و ڕۆژێ سەعات هەشت دەچوومە لای «جەعفەر خەندان» شاعیری مەشهووری ئازەربایجانی و تەرجەمەی شیعرەکانم بە فارسی بۆ دەبرد و ئەویش دەیکردنە شیعری ئازەری. ئاڵەکۆکیان بە کوردی لە چاپ دا. تەرجەمەشی بە ناوی لایلایی دەرکەوت. ویستیان پارەی ئەو شیعراتەم بدەنێ، نەمەویست و گوتم دیاری من بێ بۆ ڕووسیا! چەند شتێکی سەرنج ڕاکێشم لەو سەفەرەدا لە بیر ماوە: لە تەرجەمەی شیعرەکانم کە گەیمە ئەو بەیتەی دەڵێم: بە هەزار وەزنی هەزار شیعری دەگوت گەیبووە ڕیزی هەژار و پووشکین جەعفەر خەندان پرسی: پووشکین دەناسی؟ گوتم: هەر ئەوەندە دەزانم شاعیرێک بووە. گوتی: کوڕم! تۆ ەێشتا منداڵی؛ شانازیش بە شیعری خۆت دەکەی. لەکوردیەکەدا بۆت چاپ دەکەین؛ بەڵام تەرجەمەی ناکەین. پووشکین زۆر لەو پایەبەرزترە کە من و تۆ خۆمانی بێنینە ڕیزی. زۆر بە خۆدا شکامەوە... ڕۆژێک عەکسێکی منیان بە تەرجەمەی شیعرێکەوە لە ڕۆژنامەی «وەتەن یۆڵندە»دا چاپ کردبوو. ئەوەندەم کەیف ساز بوو هەر نەبێتەوە. پتر لە سەد ژمارەی ڕۆژنامەکەم کڕی و ناردمەوە بۆکان و سابڵاغ. لە تەورێز جگە لە تەرجەمەی شیعرەکانم ڕۆژانە دەچووم دەستە کچێکم فێری سروودی کوردی دەکرد. ئەو سروودەی کە جارجار لە «ئێرەوان» دەڵێن: «خاکی گەوهەرە، ئاوی کەوسەرە...» یەک لەوانە بوو. جگە لە «وەتەن یۆڵندە»، عەکس و تەرجەمەی شیعرم لە کۆمەڵە نووسراوێک بە ناوی «کۆڕی شاعیران»دا چاپ کرابوو. ئیتر بە کلک گوێزم دەشکاند. هەر کیژێکی لەوانەی سەر بە ئێدارەی فەرهەنگی ڕووسان بوون، کە لێی دەپرسیم تۆ کێی؟ گورجێ عەکس و شیعری چاپ کراوم دەنا بەردەمی! لە بیرمە ڕۆژێک جەعفەرۆف ناوێک لە ڕەوابیتی فەرهەنگی گوتی: - بەزم و کۆبوونەوەیە. خۆت کە هیچ، کارتی دۆستانیشت وەرگرە بانگیان کە. - کارتێکم بۆ قاسماغا دەیە. -ئاغا؟ ! - زۆر پیاوی چاکە و دەگەڵ خۆمانە. - کوڕم! مار مارە، سپی و بۆر و زەرد و سووری نییە! لە ڕۆژگاری کۆمەڵەدا زۆر شیعرم نووسیون کە هێندێکیان لە ئاڵەکۆکدا کۆ کراونەوە. پتر لە دوو هەزار بەیتی بە خەت مایەوە و ڕووناکاییان نەدیت! بۆ جاری دووهەم قازی دەگەڵ چەند کەسێکدا چوونە باکۆ. لێیان پرسیبوو: چۆنە شاعیرەکانتان دەگەڵ خۆت نەهێناوە؟ ئێمە زۆرمان ڕێزی شاعیران لەبەرە. ئەمەش زۆر بووە مایەی دڵخۆشی من و هێمن و قازیش نازناوی [شاعیری] میللی لە هەردووکمان نا. تا حیزب بە ناوی «ژێ-کاف» بوو، ئەندامانی نهێنی و کەس نەناس بوون، هموو کەس بە چاوێکی زۆر بەقەدرەوە لێی دەڕوانی. وای لێهاتبوو هیچ لاوێک هەرزەکارییەوە لە هیچ کیژێکی نەدەڕوانی. دزی و درۆ و دەستبڕین بە یەکجاری باری کردبوو. لە لادێ ئەگەر زیانیەک بکرایە، ئەگەر گوریس و ئامرازێک ون بوایە، قەت کێشەی لەسەر هەڵنەدایسا و گومبوویان دەداوە بە خاوەنی. خەڵک لە سەر خەرمانان نەدەنوستن کە دەیانزانی کەس دزیین لێ ناکا. کیژ و لاو چەند شەوان پێکەوە شەو بە کێو دەبوون، بۆ ڕێواس با چرێش، کەس دڵپیسی لە کەس نەدەکرد. جارێک لە زەنبیل میوان بووم و خەریک بووم بڕۆم؛ لەو دەمەدا دەستەیەک مرید هاتن. سەید گوتی ڕاوەستە قسەم هەیە. سۆفیەکی پیر دەستی ماچ کرد. سەید لێی پرسی: سۆفی تۆش بوویە کۆمەڵە؟ گوتی: قوربان خوا بە نسیبمان کا. بە خوا من دەستی باپیرتم گڵاو کردووە، بوومە مریدی بابت، ئێستاش مریدی تۆم، قەتم دەست لە حراپەکاری و دزی بەرنەداوە. بەڵام لە سایەی کۆمەڵەوە هەموو خراپەیەکم وە لا ناوە. زەمان زەمانی محەممەدی مەهدییە... خۆم لاوێک بووم لە تەمەنی بیست و دوو ساڵیدا. دەگەڵ برادەرێکی حیزبی بە ناوی «عەبدولقادر دەباغی» ڕامدەبوارد. زۆر جار دەچوومە ماڵیان و دەگەڵ عەبدولقادر و خوشکەکانی بێتەقیە گەمەمان دەکرد. ڕۆژێک یەکێک پێی گوتم: خۆشی لە خۆت! دەگەڵ ئەو خوشکە جوانانەی دەباغیدا کەیف دەکەی. باوەڕ کە تا وای نەگوت نەمزانی خوشکەکانی جوانن یا ناشیرین. لەو ساوە تەرکی ماڵە دەباغیم کرد و هەرچی کردیان نەچوومەوە؛ نەوەک بە چاوی خەیانەت بڕوانمە خوشکی برای حیزبیم. حیزبی توودە -کە سەر بە ڕووسان و لە ئێراندا زۆر بەهێز بوو- نەیتوانیبوو لە موکریان خۆس دیار بدا. ڕۆژێک قازی لە تەورێز گەڕاوە و کۆی کردینەوە و گوتی: قولیۆف گوتویە ئێمە جگە لە توودە هیچ حیزبێک قبووڵ ناکەین؛ دەبی خۆتان حەل کەن و ببنە توودە؛ دەنا ناچارین بتانکوژین. ئێوە دەڵێن چی؟ زۆر زوو جوابمان داوە کە ئێمە بۆ خۆمان ئەم ڕێگەمان هەڵبژاردووە؛ ڕووس ئاگان لێ نەبووە. ئێستاش هەر لە سەری دەڕۆین و چییان لە دەست دێ منەتیان نەبێ. قازی گوتی: خوا شوکور لاوی کورد وەک میشک وان؛ تا بیانسوویەوە بۆنیان خۆشتر دەبێ. جوابەکەی بردەوە بۆ تەورێز و گەڕاوە گوتی: لەو جوابە ترساون و «قولیۆف» گوتوویە: توودە چ گووێک دەخوا؟ ئێوە هەر وەک خۆتان بن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حیزبی دیموکراتی کوردستان قازی و هەواڵانی کە لە دووهەم سەفەری باکۆ گەڕانەوە، ڕایانگەیاند: ڕووس لە ناوی «ژێ-کاف» ڕازی نین؛ چونکە حیزبێکە بۆ ئازادی هەموو کوردستان تێدەکۆشێ و ئینگلیس و تورکان تووڕە دەکا. دەبێ ناوی خۆمان بنێین «حیزبی دیموکراتی کوردستان» و داوای خودموختاری لە ئێران بکەین. زۆرمان ئەو خەبەرە لەبەر گران هات؛ بەڵام چار چییە، قبووڵ کرا. من ئێستاش نەمتوانی ناوی «ژێ-کاف» لەخۆم دوور کەمەوە و کارتی حیزبایەتی دیموکراتم هەر وەرنەگرت؛ بەڵام لە چالاکی ناو حیزب کورتم نەهێنا. حیزبی دیموکرات لە سەر دار و پەردووی «ژێ-کاف» دامەزرایەوە؛ بەڵام ئەوجار بە ئەشکرا کاری دەکرد. ئیتر ئەو هەیبەت و ناوی پاکەی کە لە «ژێ-کاف»دا هەبوو -چونکە نهێنی بوو- زۆری لە کورتی دا. ئەندامانی فێڵباز و بەرژەوەندی خوازی زۆری تێهات. زۆری نەبرد زانیمان کە مقاسماغای ئێلخانی» کە برایەکی حیزبی زۆر خۆشەویست بوو، لە پاش گەڕانەوەی لە باکۆ، چۆتە باشگای ئەفسەرانی تەورێز و بۆیان بۆتە جاسووس بەسەر حیزبەوە. ئەوە یەکەمین داوی خەیانەت بوو کە دە ناوماندا قەوما. ئیتر شیرازەی تەنزیم و تەکوزی پێشوو هەڵوەشا و خزمایەتی و ئاشنایەتی و خۆبەخۆیایەتی کەوتە ناومان و هەی لە وەی زرینگ بێ و خۆی وە پێش خا. لە گوناهی خەیانەت خۆش بوون و نەمانی زەبر و زەنگی زەمانی ترساندنی «ژێ-کاف»، زۆر کەسی شیلگیر کرد کە خەیانەتیش بکەن و هەر لە ناوماندا بمێننوە. ئێران و غەیرە ئێران دەیانتوانی نۆکەرانی خۆیانمان دە ناو خزێنن. بە جارێک دەرگای حیزب کرابۆوە و هەر کەس دەهات -بێ لێکۆڵینەوە- قبووڵ دەکرا. قاسم ئاغا هەر بە برا مایەوە و زۆر ئاغایانی دیش هاتنەوە ناومان و بە دڵ لەگەڵ دوژمنان بوون. ڕۆژێک پێشەوا قازی محەممەد لە مەجلیسێکدا گوتی: زۆرم پێ سەیرە، زۆر باسی نهێنی هەیە کە مخابەراتی ئینگلیس دسبەجێ دەیانزانی. سەرم بردە بن گوێی، گوتم: شێخ مەعسووم خەبەریان پێدەدا. گوتی: ڕاست دەکەی، من هەموو قسەی خۆم لای ئەو دەڵێم. بەڵام شێخ زۆری لاگیر لە ناو شارستان و لادێدا پەیدا کردووە؛ چۆنی دەست بۆ بەرم؟ گوتم: شێخ لە مزگەوتی بازاڕ دەیخوێند و مامی لە تاڵش بوو. ئامۆزایەکی بە ناوی نەسرەدین لە لا بوو. شێخ لە سابڵاغ خوێندنی تەواو کرد؛ ڕۆیشتەوە بیارە. دیسان گەڕایەوە سابڵاغ و دەستی بە خوێندن کردەوە. من بە خەیاڵ لام وا بوو پیاوی ئینگلیسانە و کاریان پێ سپاردووە؛ بەڵام دیسان تەواو لێم ڕوون نەبوو. زۆر ساڵ کەوتە نێوانەوە. لە بەغدا دوکاندار بووم، بەکێک هاتە لام گوتی: من لە زیندانی بەغدا دەگەڵ نەسدەدین ناوێک گیرابووم کە تۆی دەناسی و دەیگوت زۆر کوڕێکی ساویلکە و ئەحمەقە. بابم لە تاڵش و شێخ مەعسوومی ئامۆزام لە سابڵاغ جگە لە شێخایەتی و فەقێیەتی، کاری گرینگتریان لە سەر بوو. ئەمنیش گرووبان بووم لە لەشکری لیڤی ئیگلیسەکان. بۆ ماوەیەک مەئمووریەتیان دامێ چوومە سابڵاغ و سەقز و دەگەڵ بابیشم پەیوەندیم هەبوو. خۆم کردبووە فەقێیەکی زۆر بەدین؛ هەژار لای وابوو مەلائیکەتم! ئەوسا زانیم کەر لە کوێ کەوتووە و کوندە لە کوێ دڕاوە. نەسرەدین بە گرووبانی لە «دانکەرک» بە دیل گیرا و دەگەڵ دیلی ئەڵمانی ئاڵ و گۆڕ کرا. لە پاش هەڵوەشانی لەشکری لیڤی، قەدەرێک لە ئێران لە تەرحی چواری ئەمریکایی کاری کرد و لەسەر ژن، پیاوێکی لە بیارە کوشت و لە زیندانی بەغداوە باسی ئەو ئەحمەقیەی منی کردبوو. شێخ مەعسووم لە سابڵاغ هەر مایەوە و دەوڵەمەند بووەوە. ژنی لە سابڵاغ بە سەر ژنی هێنا و بوو بە پیاوی ساواک و خاوەن زەوی و زار و زۆر بە دەستەڵات. بەڵام دیسان زۆر لە لاوانی دڵگەرم و پاک هەبوون کە ئاخیان بۆ ڕۆژگاری «ژێ-کاف» هەڵدەکێشا و بەوپەڕی دڵپاکییەوە حەولی گەشەکردنی شۆرشیان دەدا و هیچ سارد نەببوونەوە. ڕۆژێک لە میاندواو لەبەر قاوەخانە لە سەر کورسیەک دانیشتبووم. کابرایەکی ئەرمەنی بە ناوی «ئارام کوردیان» هات بە تەنیشتم دانیشت. بەبێ ئەوە ڕوو بکاتە من لە بەر خۆیەوە گوتی: من ناتناسم؛ بەڵام ئەگەر ئۆ هەژاری، هڵێ! سێ برادەرت: زەبیحی، قاسمی قادری و دڵشاد و لە باڵانیش گیراون و ئێستا دەیانەوێ تۆ بگرن. وای گوت و ڕۆیشت. جا وەرە هەڵێ! بە پێ تا تەویلە و میانە یەک بین ڕام کرد. دەستم لە کامیوونێک هەڵێنا، گوتیان بچۆ سەر باری گێچ. بایەکی زۆر توند گێچی بە سەر و چاومدا دەدا. لە ڕێ ببوومە هەیکەلێ لە گێچ؛ هیچ کوێم بە دەرەوە نەما. جارێک تۆزێک خۆم تەکاند و چاوم هەڵێنا، ڕۆژ لە ئاوابووندا بوو، وەمزانی مانگە! دە ڕۆژیش هەرگێچم لە بووت و گەروو پاک دەکردەوە. تاریخی ئەو ڕۆژە -کە سەرتیپ زەنگەنە نووسیویە «اوایل آبانماه ١٣٢٤»- سەرەتای گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی هەتاویە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بارزانی دەمانبیستەوە کە لە کوردستانی عێراق مەلا مستەفا بارزانی شۆرشی کردووە و دەگەڵ عێراق و ئینگلیس شەڕیەتی. دوعای بەخێرمان دەکرد و بە دڵ دەگەڵی بووین. میرحاجی دامەزرێنەری «ژێ-کاف» و ئەفسەرێکی تر کە ناوی «مستەفا خۆشناو» بوو، لە سوپای عێراق دەرچووبوون و چووبوونە لای بارزانی و لەوێوە بۆ پەیوەندی دەگەڵ ئێمە هاتبوونە سابڵاغ و تەواو دەگەڵیان مابەینم خۆش بوو. بەکورتی باسی شەڕەکەی بارزانی و ئینگلیس و عێراقم لە دوای چاپی دووهەمی شەرەفنامەدا نووسیوە. پاییز بوو؛ باران دەباری. گوتیان بارزانییەکانی ئاوارە هاتوونە گوندی «قونقەڵا» لە نزیک سابڵاغ. بە پەلە دەگەڵ «حەمە مەولوودە چرچ»دا بوو ترومبێلی باریمان خواستەوە و چرپی بڕاومان لە مێشەیەک لێ بار کرد و بۆ بارزانیمان برد. زۆری نەبرد بارزانی بارزانی هاتنە شارەوە. خەڵکی سابڵاغ -ورد و درشت- بۆ پێشوازییان دەر کەوتن. خۆراک و جلک و پێڵاو، لە هەموو ماڵانەوە باربوو دەهات. خۆم دیتم منداڵێک کە کۆمای جلکانی دیت، کەوشەکانی خۆی فڕێ دا و بە پێخاوسی ڕایکردەوە ماڵ. بارزانی، ئەوی چەکدار بوو لە سەربازخانە دامەزران، ماڵ و منداڵ و پاتاڵیش لە دێهات جێگەیان دانێ. بۆ یەکەم جار کە چاوم بە بارزانی کەوت زۆرم دەگەڵ ڕووخۆش و بە ئیلتیفات بوو. ئیتر ئەو خۆشەویستییە دەوامی کرد تا بارزانی چوونە وڵاتی ڕووسان و کە هاتیشنەوە عێراقێ، تا بارزانی وەفاتی کرد هەر زۆر لوتفی دەگەڵما بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەڕی کۆمەڵە و دەوڵەت کۆمەڵە و دەوڵەت لە دەوری سەردەشت شەڕیان بوو. لەسەر داوای خۆم ناردمیان کە لەو شەڕەدا بەشدار بم. دەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی خۆماڵی وەڕێ کەوتین. ڕێ بەفر بوو؛ دنیا کڕێوەی دەکرد. شەوێک لە گوندی «قۆزلوێ» لە ماڵی ئاغا ماینەوە. یەکێک بە گوێیدا سرکاندم: کابرایەک لەم دێیە دەیەوێ بتبینێ و ناوێرێ بێتە ماڵی ئاغا. خۆم چووم. ماڵێک ڕووت و قووت و شەدار و تاریک. پیاوێکی ڕدێن سپی دانیشتبوو. خۆم پێ ناساند و گوتی: تۆ شاعیری، منیش شاعیرم. دەمەوێ شیعرێکی خۆمت بۆ بڵێم. دەستی پێ کرد نزیکەی دە دەقیقە بەیتێکی گوت کە لە سەر شۆرشی کورد و قازی دانابوو. بەیتی بە بڕ پێدا و لێی پرسیم: پێت چۆن بوو؟ گوتم: زۆر خراپ بوو! مامە تۆ زۆرت وشەی عارەبی مەلایانە بە کار هێناوە، تا بڵێن وەک خوێندەوارانت گوتووە. خۆزگە بە زمانی شوانانت بگوتایە و عارەبی تێدا نەبوایە. من کە شیعر دەڵێم هەر ناڕەحەتی ئەوەم کوردی باش نازانم و ناچارم وشەی بێگانە بە کار بێنم. گوتی: دەسا وەڵڵا من خۆم شوانم. گوێ بگرە! لە سەرڕا دەستی پێ کردوەوە، بە بێ ڕامان بەیتەکەی تەواو گۆڕی. بە ڕاستی سەرم سووڕ ما: خودایە چەند هەزارانی وا بلیمەتمان لێ هەڵکەوتووە و وەک بەفری پار تواونەوە و خەبەرمان نەزانیبوون و کەس قەدری نەگرتوون؟ ! نامەیەکم بۆ نووسی و گوتن بیبە سابڵاغ. ئەگەر منیش نەبم تۆ لەوێ کارت دەدەنێ و بەخێوت دەکەن. بەڵام بیستمەوە کە مانگێک دوای ئەو دیدارە پیرە مردبوو؛ نەیکرابوو نامە بەرێتە سابڵاغ. پێشمەرگە ئابڵۆقەی گوندی قوڵتەی دابوو کە پێنجسەد کەسێ سوپای ئێرانی لێ بوو. شەڕکەرانی ئێمە جگە لە بیست پێشمەرگەیەک، چەکداری گەورکی دیوی سەردەشت و سوێسنی بوون. زۆری نەبرد مستەفا خۆشناویش هاتە لامان. ڕۆژێک دەگەڵ «دڵشادی ڕەسووڵی» کە لاوێکی ئەدیبی کورد بوو، بە سواری بە ملەی کێوێکدا دەڕۆیشتن؛ عەجەم بە تۆپ دایانگرتین. ئەوە یەکەمجار بوو کە تۆپم پێوەنێنو ببینم گوللە تۆپ لە نزیکەوە دەکەوێ. وابزانم من لە شەرمی دڵشاد و دڵشاد لە شەرمی من دانمان بە جەرگی خۆمان ڕۆگرت و هەڵنەهاتین و تۆپیشمان وێ نەکەوت. چەند جارێک لە شەڕی ناو سەنگەردا بەشدار بووم. جارێک خەبەریان دا کە لەشکرێکی سێسەد و پەنجا کەسی لە بانەوە دێن بۆ ڕزگار کردنی قوڵتە. شەو چووین خۆمان لێ داگرتن. بەرەبەیانی گەینە بەرەوە و تەقە دامەزرا. زۆری نەبرد لەشکرەکە خۆیان دا بە دەستەوە و بە دلمان گرتن. چەک و فیشەکمان دا بە عەشایەر و کەلوپەلی وردەمان گێڕاوە. کە دیتمان دوو شووشەی تێدایە، وامزانی ئارەقە. دڵشاد و یەکێ تر کردیانە هەرا کە خۆیان بیخۆنەوە. بەڵام شووشە بە ئاولیمۆ دەرچوون و کردمانە چێشتەوە. نانمان هەبوو، پارەشمان هەبوو؛ بەڵام قاتی و قڕی پێخۆر بوو. زۆربەی کات بە نان وشک و چا ڕاماندەبوارد. چووینە سەر گوندی «بیزێلا»، ئاغەکەمان دەرکرد؛ کە جاشی دەوڵەت بوو. بۆ بەیانی تەیارەمان هاتە سەر و زۆری شێستتیر لێ ڕشاندین؛ بەڵام کەسمان لێ بریندار نەبوو. ئەوەش هەوەڵ جار بوو کە تەیارە ببینم شەڕ دەکا. هەوەڵ شەوی کە چوومە گوندی «شینوێ» چەند پێشمەرگەیەک نۆرەیان بوو ببنە کێشکچی لە سەنگەری دەوری قوڵتێدا. یەکیان ناوی موەستا برایمی بەننا» بوو؛ دەنگی زۆر خۆش بوو؛ قەتاری زۆر خۆشی گوت. گوتم ئەمشەو تۆ مەچۆ؛ سبەی شەو پێکەوە دەچین. گوتی سبەی شەویش دەگەڵ تۆدا دێمەوە سەنگەر. بەیانی ئەو ڕۆژە وەستا برایم شەهید کرا. دوو پێشمەرگە بە ناوی «شەریف شکاک» و ڕەحمان چەتە»، چوون بە ئێستر لاشەکەیان هێنایەوە. قەبر هەڵدەقەندرا، بانگی مەلایەکم کرد کە لە سەر قەبرەکەی باسی شەهید بکا و بڵێ ئەمە شەهیدە و نامرێ. مەلا گوتی: چۆن قسەی وا دەکەم؟ قەت ئەوە شەهید نییە؛ خۆ نەچۆتە شەڕی دینی ئیسلام! بانگم کرد: دوو قەبر هەڵقەنن؛ یەکیان بۆ ئەو مەلا سەگبابە! مەلا زەرد هەڵگەڕا و بێهۆش تخێڵ بوو. ئاویان بە سەر و چاویدا کرد؛ وە هۆشیان هێناوە. ملی نا وەک بلبل؛ کارێکی کرد کە وەستا برایمی وەک ئیمامی هەمزە و ئیمام حوسێن حیساب کرد! ڕۆژێک باران دەباری. کابرایەک لە شەودا بانگی لە کەڵەکەوان کردبوو بیپەڕێنێتەوە. کابرامان گرت: - چ کارەی؟ - فەقیرم و لە خێر دەگەڕێم. برادەران کەوتنە تەحقیقات و نووسین. زۆریان گوت فایدەی نەبوو. شەو بە دەنگێکی وا کە گوێی لێ بێ گوتم: - ئەرێ بە شەو کێ دەتوانێ بە پێنج گوللە نیشان بپێکێ؟ ئەو کابرایە بێنن، دایکەین، بزانین کێ دەستی ڕاستە! کابرا کردیە هاوار: - باوکم مەمکوژن! بە خوا من جاسووسی عەجەمانم. کۆتری نامەبەر دە باخەڵم دەنێم، خەبەریان بۆ بە کۆتردا دەنێرمەوە. ناردوویانم بزانم ئێوە چەند کەسن و لە کام خانوودا دەژین. کابرامان ناردە سابڵاغ. ڕۆژێ کە تەیارەمان هاتە سەر و دایگرتین؛ ئێمەش بە تفەنگ لە خوارەوە تەقەمان لێ دەکرد. من لە بن دار توێکەوە لە حەوشەدا تفەنگم داویشت. «عەوڵا شکاک» ناوێک -کە پێشمەرگەیەکی سابڵاغی بوو- لە سەر سەربانەوە تەقەی لێ دەکرد. چەند جار هاوارم لێ کرد وەرە خوار! لەوێ خەتەرە! جوابی نەدامەوە؛ گوێی گران بوو. دەورەی هەموولە گوللە دابێژرا بەڵام خۆی بەرنەکەوت. دوایە خۆم لێ تووڕە کرد کە بۆ لە سەربان نەهاتۆتە خوار و خۆی پەنا نەداوە؟ حیکایەتێکی گێڕاوە کە جارێک شێخولیسلامی باوکی هێمن لە ڕاو بووە، کەروێشکێک بە تەماڵ دۆزراوەتەوە. نۆکەرێکی گوتوویە توخوا تاژی تێبەرمەدەن! من بە تفەنگ دەیکوژم؛ کەچی نەیهەنگاوتووە. ئاغا لێی تووڕە بووە کە بۆچی کەروێشکت لە کیس داین؟ گوتوویە: - بەڵێ ئاغا نەمهەنگاوت، بەڵام وام ترساند کە تازە ڕوو ناکەتەوە ئەم گردە! دوای دەر کردنی مام حەسەنی بیزیڵا، لامان وابوو تەیارەمان دێتە سەر. بۆ ئیحتیات پێش تاو کەوتن هەموو خەڵکی دێی وەتماناوێمان وەدەر نا. لە تاو گەرمبووندا پیرێژنێکم دی بەرەو ماڵان دێت. دەنگم دا کە نەیە. پاڕاوە کە کارێکی زەروورم هەیە. لام وابوو پرێسکەی پووڵی لە بیر چووە بیبا؛ گوتم: ئەمما زوو بڕۆ تەیارە دێ. دوای تاوێکی دی دیتم دیسان بەرەو ماڵان دێتەوە. گوتم: ئەمجار ڕێت نادەم. گوتی: بە قوربان! خاڵ سەعیدی پێشمەرگە دەڵێ تەیارە دوژمنی قەستەسەری خورییە؛ هێندێکم خوری لە دیزەیەک دایە دەچم دەریدێنم! عەجەم قوللەیان هەبوو؛ تۆپمان نەبوو کە دژی قوللە بێ. ڕۆژێک کابرایەکیان هێنا، ڕەش چەتەوڵ، گوتی من ئامادەم چەند نارنجۆک لێک ببەستم و بچم لە بن قوللەوە بیهاوێمە سەرێ. - ئەو خەتەرە بۆ دەکەی؟ - کاکە من بە سەد ساڵ حەبس مەحکووم بووم. نۆ ساڵم کێشا؛ نەوەد و یەک ساڵم مابوو، ڕووس بەریاندام؛ لە سەر زیادی مامەوە. ئەگەر بە سەلامەت هاتمەوە تفەنگێکم دەیە. - نا کاکە، ئەو کارە مەکە. پێشمەرگە بە و تفەنگیشت دەدەمێ. «عەلەگاور» کابرایەکی در و چەتەی مەشهوور بوو لەو ناوە؛ هات بوو بە پێشمەرگە. پیاوی وا ئازام زۆر کەم دیوە. شەوێک کە ئێمە دەچووینە پێش هێزی ئێران -کە بەرەو قولتە دەهات- لەشکرمان بە سەر کردەوە و عەلە دیار نەبوو؛ بێ ئەو ڕۆیشتین. زۆر دوور نەکەوتبووینەوە، لە لای قولتێوە بوو بە تەق و هۆڕێک هەر مەپرسە! بە هەزاران گوللە دەتەقێنرا؛ شەڕ بوو ئەمما شەڕ. خوایە ئەمە چییە؟ ئێمە نەچووینە سەر دوژمن، ئەو برێشکە تەقاندنە چییە؟ ئێمە لە شەڕی هەورازەوە سەرکەوتین و سەربازمان بە یەخسیر گرتن. کە هاتینەوە عەلە لە بنکە دانیشتبوو، تەواو وەک گۆلی قوڕاوی. هەموو گیان قوڕاوی؛ تەنیا پێنج فیشەکی پێمابوو. - عەلە لە کوێ بووی؟ - کاکە ئەنگۆ باری شەڕ نازانن. ئەگەر قولتێ بە هاواری هەواڵانی خۆیەوە هاتبا، دەکەوتنە نێو دوو ئاگرانەوە و دەرنەدەچوون. ئەمن خۆم گەیاندە کانیە ژنان لە قولتێ، تەقەم لە بورجەکان کرد. هەر من فیشەکێکم داویشت، ئەوان هەزاریان دەتەقاند. لە بیرم بردنەوە کە دەبێ بێنە جەستەی ئێوە! بە ڕاستی تاقە کەسێک هەزار کەس مەشغووڵ کا، هەر لە چنگ عەلەی دەهات. دوای نەمانی «جمهووری»، دەوڵەتی ئێران پووڵێکی دابوو بە سەلیماغای بایزی، ئەویش ناردبووی عەلەگاور و سەمەد ناوێک -کە ئەویش زۆر بە ئازا مەشهوور بوو، هەواڵیش بوون- بێنە لای کە بیانکاتە نۆکەر و چەتەی خۆی. هەردووک چووبوون. لە ناو دیوەخانی خۆیدا خۆیان بە سەردا دابوون و پەتیان خستبووە ملیان و لە گۆمدا خنکاندبوویان. لێ بڕابووین کە هێرشێکی بەڕپان بکەینە سەردەشت و قولتێ و دوژمنیان لێ دەر کەین. بڕیار درا شەو سوێسنی هێرش بەرنە سەردەشت و گەورگ خۆ دەگوندی قولتە هاوێن. ڕۆژێک لە کازیبەی بەیانەوە تا ڕۆژئاوا بە کەڵەک چەکدارمان لە «کەڵوێ» پەڕاندەوە. دەپاش نوێژی شەواندا فەرمان هات کە دەبێ لە دەوری سەردەشت بکشێنەوە. ڕادیۆ لەندەن گوتوویە کودەکان سەردەشتیان گرتووە. ڕووسەکان لەو خەبەرە نیگەرانن؛ نایانەوێ ئینگلیسیان تووڕە کەن. گوتم: من ئەم ئەمرە گوێ نادەمێ و دەست لە هجووم هەڵناگرم. پاشان حاڵیان کردم کە فەرمان لە عەرزێ نادرێ. لە داخان گریانم. ئەو شەوە بە دزیەوە لەشکرمان بەجێ هێشت کە نەوەکا لە ڕقان بمانکوژن. لە ڕێی گەڕانەوەدا لە دۆڵێکدا، زۆر دوور ورچێکمان دی. تفەنگێکم لێ تەقاند. سوور دەمزانی نەمهەنگاوت؛ بەڵام هێندێک لە هەواڵان گوتیان کوشتت. بە ڕاستی خاتری منیان گرت و درۆیان دەکرد. کە هاتینەوە سابڵاغ، حەمەحوسێن خانی فەرماندەی سوپا بۆ ئەو دەستڕاستییەم -کە هیچ ڕاستی تێدا نەبوو! - دەمانچەیەکی خەڵات کردم و هەرچەند گوتم ڕاست نەبووە، باوەڕی نەکرد. ماوەیەک شەڕ و هەرا مات ببوو. منیان ناردە سەرای لای سەقز کە مابەین بم و ئاگادار بم عەشایر ئاڵۆزی نەنێنەوە؛ نامەی نێوان دوژمن و دۆست پێک بگۆڕینەوە. جارێک خەبەرم وەرگرت کە سەربازانی دەوڵەت مەڕی گوندێکیان دزیوە. گوندەکە دەبوایە عەمەرخانی شکاک بیپارێزێ. نامەیەکم بۆ نووسی کە چۆن ئاگادار نەبووی و مەڕیان لە بەر پێی تۆ بردووە. بۆی نووسیبوومەوە: ئەو سەربازانە گەنمیان زۆرە، پێخۆریان کەمە؛ منیش گۆشتم بۆ ناردن! جارێک «سەرتیپ هومایونی» نامەیەکی نووسیبوو ناوی پێشەوای «آقای محمد قازی» نووسیبوو. لە جوابیدا لە باتی تیمسار و تەڕەماش بۆم نووسییەوە: «آقای حاجی عەلی»! کە بەوە زۆر تووڕە ببوو. لە «سەرا» لەپڕ نەخۆش کەوتم. ئەو ڕۆژە بارزانی هاتبوو؛ هەڵیگرتم و بردمیە سابڵاغ و لەوێوە ڕەوانەی بیمارستانی ڕووسیە لە تەورێز کرام. مانگێک پتر مامەوە. حەمەڕەشیدخان لە شەڕی پێشوویدا شکا و گەڕاوە، بانەی سووتاند و گەییە عێراق. دەوڵەتی عێراق بردیە جەنووب. لە شاری «ڕەمادیە» دەژیا. لە جەنگەی شۆرشی ئێمەدا لە پڕ هاتەوە مەڵبەندی سەقز؛ دوو لاوی عێراقیشی دەگەڵ بوون بە ناوی «یەحیا چروستانی» و «حەمەدەمین مەنگووڕی» کە یەکیان مەلا و یەکیان شاعیر بوو. پێشەوا منی دەگەڵ میرحاج ناردە لای کە بچینە سابڵاغ. لە گوندی «تورکمان» دیتمان و بە تەنیا ڕاسپێریەکەم پێ گەیاند. خان زۆر شڵەژا؛ گوتی: نازانی بۆچیم بانگ دەرکەن؟ - نە! کە هاتبوو ڕووسەکان دوانبوویان، ڕاستی گوتبوو کە ئینگلیسان ناردوویانم کارتان لێ تێک دەم؛ بەڵام قەول دەدەم بە قسەیان نەکەم و خزمەتکاری شۆرش بم. دەستان لێ بەردا و لە «سەرا» بە ناوی ژنڕاڵ مایەوە. دەوڵەتۆکەی ئازەربایجان بە سەرکردایەتب پیشەوەری ملی لە ئاغا کوشتن نابوو. تەمای کردبووە ئاغاوەتی کوردستانیش. هاشمی خوسرەوی ناوێک لە لایەن سابڵاغەوە حوکمی بۆکانی دەکرد. پیاوی پیشەوەری، هاشمییان ساز کردبوو کە شەوێک بێن و ماڵە مەحمووداغا و عەلیاغا و حاجی بایزاغا قەتڵوعام کەن. زۆر لام گران هات. بێگانە بێ و کورد بە دەستی شۆرش بکوژێ. لە بۆکانەوە بە هەڵەداوان خۆم گەیاندە پێشەوا. فەورەن ڕۆیی بۆ تەورێز و لەو کارەی پەشیمان کردنەوە. هاشمیشیان لە بۆکان لابرد و دارکاریەکی باشیان کرد. ماڵە ئێلخانی کە بەو کەین و بەینەیان زانیبوو، بە سوپاسەوە دەیانگوت تۆ نەبوایەی ئێمە دەنەماین. ڕۆژێک برادەرێک -کە نۆکەری ماڵە ئێلخانی بوو- گوتی: - ئاغایان کۆبوونەوەیان کردبوو؛ منیان دانابوو ئاگام لە درگا بێ و کەس نەزانێ دەڵێن چی. من لە پشت درگاوە گوێم گرت: بیست ڕۆژی تر لەشکەری سەقز دێن و هجووم دەکەنە سابڵاغ. ئێمە دە پێشدا لە بەریان دەڕۆین و دوایە ڕەگەڵیان دەکەوین. ئەو خەبەرەم گەیاندە پێشەوا. لە نامەیەکی بە خەتی خۆیدا نوسیبووی: «هەژار! هەزار مامری شامیت بە قوربان بێ؛ مەترسە! هەموو کار بە کەیفی تۆ دەبێ». لەشکرێکی هەزار کەسی هات و پێشمەرگە لە «قەرەموسالیان» پێشی لێ گرتو شکاندی. ئاغایان ڕەوی بوون؛ بەڵام فریای ڕەگەڵ کەوتن نەکەوتبوون. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕادیۆ لە تەورێز ڕادیۆی پێشەوەری هەبوو. بڕیار درابوو ڕۆژێ نیو سەعات ئێمەش قسەی لە سەر بکەین و بەرنامەی تایبەتی خۆمان هەبێ. من بۆ ئەو کارە چوومە تەورێز. وەتاغێکم لە ماڵی شازدە خانمی میرپەنج بە کرێ گرت. شەوانە تا نیوەشەو، ڕۆژانە هەر لە بەیانەوە تا نوێژی شێوان بە تەنیا خەریکی بەرنامە نیو سەعاتییەکەم دەبووم و دەچووم دەمخوێندەوە. پازدە ڕۆژ ئەو کارەم کرد. ڕۆژێک هاتن بە ترومبیلێکەوە و بردیانمە ئالێ قاپوو (نشیمەنی پیشەوەری). کە چووم پیشەوەری لەوێ بوو. پیشەوەری گوتی: ئێمە نازانین تۆ چ دەخوێنیتەوە؛ پێویستە بەرنامەکەت تەرجەمە بکەی و ئێمە بیبینین. گوتم: من وەمزانی بەرنامەی خۆمانە؛ ئەگەر بەرنامەی ئێوە بێ من کاری لێ ناکەم. گوتی: ئاخر نازانی هەر چارەگە سەعاتەی سی تمەن حقووقی گوویەندەیە؟ ! گوتم: من لە موعامەلەی خۆم زۆر پەیدا دەکەم؛ ئەو کارە بە کەسێکی تر بسپێرن. ئیتر تازە نەچوومە ڕادیۆ تەورێز. هەر لەو سەر و بەندەدا نومایشنامەی «ئارشین ماڵاڵان»م کردە کوردی و شازدە خانم -کە تورکی باش دەزانی- یاریدەی کردم. بەڵام فەوتا و نەچووە سەر شانۆ. بۆ دووهەم جار پیشەوەریم دیت. مانۆڕی هێزی ئازەربایجان لە نزیک تەورێز بوو؛ پێشەوا منیشی دەگەڵ خۆی برد. لەدەمی نیوەڕۆژە خواردندا، من شیعرێکم دەربارەی برایەتی کورد و ئازەربایجانی خوێندەوە. کە بۆ پێشەوەریان تەرجەمە دەکرد، بە لایەوە خۆ هات؛ لیوانێک ئابجۆی بە دەستی خۆی بۆ هێنام؛ وەرم نەگرت؛ کە عادەتم بە مەشرووب نییە. حەمەحوسێن خان لێم تووڕە بوو کە چۆن لە دەستی پیشەوەری وەرناگرێ؟ بەڵام فایدەی نەبوو، وەرمنەگرت. «حەمەحوسێن خان» کوڕی «سەیفی قازی» و ئامۆزای پێشەوا بوو. پیاوێکی سووهولی زۆر زەلامی چاوزەق و بەهەیبەت بوو. تا خوا حەز کا کوردێکی دڵسۆز بوو. کرابووە فەرماندەی هێزی چەکداری کۆمەڵە. بە ڕاستی لە هیچ شتێ نەدەترسا. ڕۆژێک لە تەورێز خۆنواندنی لەشکری فیدائیانی پیشەوەری بوو. پیشەوەری پرسیبووی: «پێت چۆنە؟»، گوتبووی: وەک کۆمەڵە ژنێکی حیزم دێنە بەرچاو کە بەرموریان تفەنگی بڕنۆیە. بەرگەی دە کەس کوردی چەکدار ناگرن! ئەم قسە هەرایەکی نەیەوە و پیشەوەری زۆر تووڕە کردبوو. کە دەگەڵ پێشەواش ئیعدام کرا، تەنانەت ڕۆژنامەی لەشکری دوژمن (ێتش) نوسیبووی: پیاوی وا نەترس هەر نابێتەوە، دوو جار پەتی سێدارە پچڕا؛ بەڵام ئەو بە دەنگی بەرز هەر دەینەڕاند: بژی کورد و کوردستان! کوردستان هەر ئازاد دەکرێ» و لەو قسە بێ مانایانەی دەکرد... لە نەخۆشخانەی سابڵاغ کەوتبووم. کە هاتمە دەر گوتیان کراویە بەرپرسی تەبلیغات. سەرپەرشتی ڕۆژنامەی «کوردستان» و ڕادیۆ چکۆلەکەمانم دەکرد. دوو یاریدەم بۆ دیاری کرابوو. منداڵێکی تورکی خۆیی کە تەمەنی پازدە و شازدە دەبوو، ژووری کاری بۆ خاوێن دەکردینەوە. من کە لادێیییەک بووم هەمیشە لە خەڵکی شارستان و نەخوازە ئاوانەی کە زۆر کۆک و پۆشتە بوون و عەینەکیان بە فیز لەچاو دەکرد شەرم دەیگرتم و زۆر لە خۆم بە زیاتر دەزانین؛ کە یەکێک لە یاریدەکانم بە ناوی «عەلی خوسرەوی» لەوانە بوو. ڕۆژێک مەقالێکم نوسیبوو، گوتم: کاکە عەلی زەحمەت نەبێ پاکنویسی کە! تماشای کرد و گوتی: نایزانم! گوتم: هەر شکڵ نووسی بکە بەسە. گوتی: ناتوانم! بە منداڵە تورکەکەم گوت: تۆ چۆنی؟ گوتی: خەتم خۆشە؛ کوردی نازانم؛ وات بۆ شکڵ نووس دەکەم بە نوختە فەرقی نەبێ. ڕاستی کرد. ئیتر هەیبەت و سامی جلی تازە و فشوفۆڵم لە بەر چاو نەما. لەو کارەمدا نامەیەکم لە تەورێزەوە بۆ هات، کە دەبێ لە هەموو ئازەربایجاندا ئاوا تەبلیغات بکرێ. لە داخان لە سەر پاکەتەکەم تووسیەوە: «ترکی نازانم» و بۆم ناردنەوە. دوای چەند ڕۆژێک پێشەوا لۆمەی کردم. فەمووی: بەو کارە منداڵانەیەت کێشەیەکت بۆ ساز کردووین. گوتم: من خۆم بە کوردستانی دەزانم و لام وا نییە کلکی ئازەربایجانین. پێشەوا گوتی وام نەزانیبوو. ئەویش گازندە نامەیەکی نووسی. ئەوان عوزریان لێ خواستینەوە کە سەهویان کردووە! بڕیار درا کە ئێمە و ئازەربایجانی لەگەڵ دەوڵەتدا بکەوینە وتووێژی پێک هاتن. «حاجی بابا شێخ»، «مەنافی کەریمی» و منیان ناردە سەقز. نوێنەری ئازەربایجانیش هاتن کە دەگەڵ «ڕەزمارا» قسە بکەین. زەبیحی و سەدرولئیسلامیش دوایە هاتنە لامان. پێک هاتن کە دەوڵەت بانە و سەردەشت و تکاب چۆڵ بکا، پیشەوەریش زەنگان بە جێ بێڵێ. تا ئەو کارەش دەکرێ ڕێگە بدرێ کە ئازووقە بۆ لەشکری بانە بنێرن و کورد ڕێگەی لێ نەگرن. کاروانی ئازووقە دەبوایە بە ئاگاداری من و دەگەڵ من بچێ و من و زەبیحی چاومان لە بارکردنی بێ؛ نەوەکو چەکی شەڕی تێدابێ. بەیانب گوتیان وا بار حازرە، وەرە بڕۆ. کە دیتمان ترۆمبیل بار کراون و نیشانمان نەدراون. زەبیحی و من پێمان داگرت کە تا ناوەرۆکی بار نەبینین قبووڵ ناکەین. پاش چەققەی زۆر، سەدرولئیسلام کە برای پێشەوا و سەرۆکی وتووێژکەران بوو، گوتی: بار چییان تێدا نییە جگە لە ئازووقەی خواردەمەنی و من ئەمر دەکەم کە نەیپشکنین. ناچار بۆ ئەمر ملم دانەواند. دەگەڵ باران چوومە بانە و لە ماڵی ئەفسەرێک بە ناوی «ستوان ڕەنجبەرن دامەزرێندرام. من خەوتبووم تەلەفۆن لە ستوان دەکرا، لە جوابێکدا گوتی: بەڵێ تانکێکیان دە ناو باراندا هێناوە. زانیم خەیانەتێکی گەورە بە دەستی من پێک هاتووە و خەتا لە سەدرولئیسلام بووە. داخی ئەوەم دەخوارد کە بۆچی لە ڕێگە دەم کاروانەم بە پێشمەرگە بە ڕووت کردن نەداوە و دەشمتوانی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وتووێژ لەگەڵ دەوڵەت بە فەرمانی پێشەوا ماڵم لە بۆکانەوە هاتە سابڵاغ. کوڕێکم هەبوو بە ناوی «شێرکۆ»، تەمەنی چوار مانگ بوو؛ کە دیسان دەگەڵ سەدرولئیسلام و زەبیحی و حاجی حەمەداغای شێخاڵی بەڕێ کرام بۆ سەقز و گفتگۆ کردن. سەدرولئیسلام دوای دوو ڕۆژ گەڕایەوە. بردیانینە ماڵێک لە سەقز و پاسەوانێکیان لە دەرگا دانابووین. ئەمجار دەبوایە یەک لە من و زەبیحی ڕەگەڵ کاروانی ئازووقە بچینە بانە. گوتم: زەبیحی تۆ زۆر جار حەبس کراوی. لێرە دەمانگرن. لە ڕێگەوە خۆت دەرباز کە و حەولێک بۆ ئێمە بدە تا نەگیراوین. زەبیحی لە ڕێ ڕایکردبوو. لە سابڵاغەوە هێندێک دراویان بە «کاکاغا» ناوێک و ڕانندەیەکی ئەرمەنیدا بۆ ناردبووین. گۆز و گومبەت هاتنە سەرمان و داوای چەک دانانیان لێ کردین. من کە لاوێک خوێنگەرم و بێ تەجرەبە بووم لام وابوو چەک لێ ساندن زۆر شەرمە، دەمانچەی خۆم نەدا و بە ئەفسەرەکەم گوت: دەبێ بکوژرێم و دەمانچەم لە قەدی بکەنەوە. ئەفسەرێکە گوتی: باشە لە تۆ ناستێنم. دە ئێوارێدا هاتەوە لامان، گوتی: تۆ حەز دەکەی بچیە ناو شار، وەرە پێکەوە بڕۆین. چووینە قراغ چەمی سەقز. زۆر بە نەرمی گوتی: برام من کوردی کرماشانیم؛ تۆشم زۆر وە بەر دڵ کەوتووە کە بۆ ئازادی گەلی کورد حەول دەدەی؛ بەڵام هێشتا زۆر کاڵی. لێم ڕوونە من پڕکێشیم بکردایە بە دەمانچە دەتکوشتم. دەوروبەری شار پتر لە چوار هەزار سەربازی تێدایە. دەرچوونت محاڵ بوو؛ دەیانکوشتیەوە. ئەو جار دەوڵەت هەزاران ئەفسەری لە من زلتریشی هەیە کە بە کوشتیان دەدا و گوێش ناداتێ. تکایە لەوە عاقڵتر بە! حەیفە لە دەست بچی. چاوەنۆڕی فرسەت بەو دەنگ مەکە. هەر ئەمڕۆ حەبستان دەکەن... ئەوەندەی بۆم بکرێ یاریدەتان دەدەم. خولاسە خاو بوومەوە. پێکەوە چووینە بازاڕ کە کتێبی داستان بە کرێ بگرم و لە زینداندا خۆمی پێ بخافڵێنم. ئەفسەرەکە ناوی وابزانم «ناسرپوور» بوو؛ بردمیە دوکانی کتێبفرۆشێک بە ناوی «کولاهی». کابرا گوتی: هەر کتێبەی شەوێ بە دوو قڕان بە ئەمانەت دەدەم. خۆی لێ تووڕە کرد: بێ ئینساف ئیجارەی کتێب شەوی چوار شاییە؛ بەڵام ناچار قبووڵم کرد و چەند چیرۆکێکم وەرگرت. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیران لە سەقزدا هەر ئەو شەوە حاجی حەمەداغا و کاکاغا و میناسی شۆفیر و منیان گرت و لە ماڵێکی نزیک چەمی سەقزدا حەبسیان کردین و شازدە سەربازیان لە سەر داناین کە ئاگادارمان بن. پووڵەکەشیان کە بۆ ناردبووین نەداینێ. ئەفسەرە کوردەکە دوای چەند ڕۆژێک هاتە لامان و گوتی: وابزانم شکەنجەتان دەکەن چونکە منیان لە سەرپەرشتی ئێوە گۆڕیوە. ئەفسەرێکی تر هاتە سەرمان بە ناوی «نەسیرزادە»؛ ئازەربایجانی بوو. دیار بوو دە دڵدا لاگیری پیشەوەری بوو. زۆر کوڕێکی باش بوو. ئەویش زۆری نەبرد کە نەماندیتەوە. ئەفسەرێک بە ناوی «سەروان بیداربەخت» هاتوچۆی دەکردین؛ کە هەمو گیانی گاڵتە و گەپ بوو. هەر چەند بەندی بووین و شەوانە هەموو دوو سەعات خەبەریان دەکردینەوە و دەیانبژاردین، بەڵام خواردنمان زۆر پادشایانە بوو. بەیانی هەنگوین و کەرە و نەهار و شام گۆشت و برینج بوو. پێنج ڕۆژی هەوەڵی، زۆرم حەبس لە بەر گران دەهات؛ بەڵام عادەتم پێ گرت و پشووم هاتەوە سەرخۆ. قەسیدەی بوردیەم لەبەر دەکرد. ڕۆژانە هەمووی بە گاڵتە و قسەی قۆڕم ڕادەبوارد. لەو سەربازە پاسدارانە یەکێک چێشتلێنەر بوو؛ یەکیان لوڕی سوڵتاناباد بوو؛ کە دەیگوت من بوومەتە کۆمەڵە. هەر خەبەر و باسێک لە شاردا بوایە پێ دەگوتین. کتێبی بۆ دەگۆڕیمەوە؛ ڕۆژنامەی بۆ دەهێناین. شازدە سەربازیان لە حەبسخانەدا -کە خانوویێک بوو- لە سەر دانابووین و سەرگرووهبانێکی لوڕ گەورەیان بوو. گاڵتەی خۆشم بەو سەرگروهبانە لوڕە بوو. جارێ گوتی: هەر کەس هەر چی بە سەر دێ لە ناو چاوانی نووسراوە. گوتم: نەخێر نەنووسراوە. دە کوا بیخوێنەوە من چم بە سەر دێ. لە ناو چاوی تۆش هیچ نەنووسراوە. لەو سوێند کە نووسراوە و لە من ئینکار. لە داخان دەستی خۆی دەگەست! بۆی گێڕامەوە کە جارێک عیزراییل چۆتە دوکانی تاجرێک. تاجر بردوویەتە ماڵە خۆی. عیزراییل دەمی لە نان و چێشت نەداوە. کابرا سوێندی داوە کە دەبێ نمەکی بکا. عیزراییلی کەر! فریوی خوارد و قامکێکی تەڕی لە خوێ دا و نمەکی کرد. ڕۆژێک خوا گوتی: بڕۆ گیانی ئەو کابرایە بکێشە. کبرا گوتی: تۆ نمەکی منت کردووە؛ شەرم بکە! هیچ نەبێ مۆڵەتێکم بدە. عیزراییل خۆی گەیاندە لای خودا، نەقڵی فریوخواردنەکەی بۆ گێڕاوە. خوا گوتی: باشە چل ساڵ مۆڵەتی بدە. بەڵام جارێکی تر ئەو کەریەتییە مەکە! ڕۆژێک ئاودەستەکەمان سەری لێ ڕیابوون؛ پیسایی گەیبووە بڵندایی دیواری پشتەوە. سەروان بیداربەخت هات بۆ دیدەنیمان. گوتم ئێوە چۆن مەشقی ئەنگێوەیی بە سەربازان دەکەن؟ -دەبێ لە دووهەزار میتر خاڵی ڕەشی ناو هەدەف بپێکێ. - ئەو سەربازانە مەشقیان کردووە یان تازە هاتوون؟ - هیچیان لە جوار ساڵ کەمتر نییە کە لێرەن؛ لەبەر شەڕی ئێوە هێشتووماننەوە. - دە وەرە با بچینە سەیری ئاودەست. کونی ئاودەست تا قوونی سەرباز بستێکە؛ زۆریش لەخاڵی هەدەف گەورەترە. سەربازێک نەتوانی ئەو کونە گەورە بپێکێ، مەشقی چی و فێربوونی چی؟ ! زۆر پێکەنی و بانگی سەرگروهبانی کرد، گوتی: فڵان فڵان شودە! ئەلعان دەبێ دوو تەنەکە ئاو بێنی لە چۆم ڕا و بیشۆیەوە؛ یان دەبێ بیلێسیەوە! ئاخری سەرگروهبان لە چۆم ئاوی هێنا و شتیەوە. زانیمان کە شەڕ لە نێوان دەوڵەت و پێشەوەری هەڵگیرساوە. بیستمان کە تەورێز شکاوە. ڕۆژێک هاتن و بردیانمە لای حاکمی نیزامی کە «سەرهەنگ غەفاری» بوو. چوار سەرباز لە پێشمەوە بە تفەنگەوە و چوار لە پشتمەوە بە کەلەپچە کراوی بردیانم و نێزەکانیان لە سەر قوونم ڕاگرتبوو. بە کۆڵانێکدا هاتین. چەند منداڵێکی سەقزی دڕیان دا و چوونە بەریکی کۆڵانەکە و ئامادەباش ڕاوەستان. لام وابوو جڕتم بۆ دەکێشن و گاڵتەم پێ دەکەن؛ چاوم داخستبوو. هەر گەیشتمە لایان، هەموویان کڵاویان داگرت و سڵاوێکی گەرمیان لێ کردم. سەرباز تێیان خوڕین و هەڵاتن. ئەو قەدر گرتنەی مناڵان زۆر دڵگەرمی کردم. چوومە لای سەرهەنگ؛ حەمەداغای سەرای لە لا بوو. گورجێ دەسبەندیان کردمەوە و لە بەرم هەستا و جێگەی نیشاندام و ناردی چایان بۆ هێنام. حەمەداغا باسی خۆی کرد کە چۆن موڵک و ماڵی چووە و چۆن لە شاپەرستی لای نەداوە. سەرهەنگ گوتی: تۆ دەزانی ئازەربایجانمان گرتووە؛ قازیش یەک دوو ڕۆژی تر تەسلیم دەبێ. شتێک بۆ ڕۆژنامەی «اطلاعات» بنووسە کە قازی بە زۆر تۆی کردۆتە کۆمەڵە؛ بەڵکوو لە مردن ڕزگارت بێ. دوو بەستە ئەسکیناسیشی لە سەر مێزەکە دانا، گوتی: وابزانم پووڵت نییە؛ ئەمەش بۆ تۆ. گوتم: جەنابی سەرهەنگ! قازی بە زۆر نەیکردوومە کۆمەڵە؛ بەر لەئەو کۆمەڵە بووم. حەمەداغا لە باسی خۆیدا دەرسێکی دادام. لە کوردپەرستی پەشیمان نیم و پەشیمان نابمەوە. گوناهی منیش بە تۆ و بە «اطلاعات» و بە «قوام السلطنە»ش نابەخشدرێ. گوڕاندی: «وەرن بیبەن!» نەیهێشت چایەکەم بخۆمەوە؛ تێری جنێوی زۆر پێس پێدام و هەڕەشەی کرد. دەسبەند لە دەست هاتمەوە حبسەخانەکەم. ڕۆژێک لە سەر داوای خۆم بردیانمەحەمام. دیسان هەشت سەرباز بردیانم و لە دەرکی حەمام دەستیان کردمەوە و لە درگا ڕاوەستان کە دوای چارەگێک بیمە دەر. ڕیشم زۆر هاتبوو، تیخی ڕیش تاشین مەمنووع بوو. کابرایەکم دی لە حەمام، ناسیمەوە کە ڕۆژێک لە بۆکان پێکەوە ئاشنا بووین. ئەو خۆی لێ گێل کردم و تماشای نەکردم. گوتم: برا با گیراویش بم، بۆ نامدوێنی؟ سوێندی خوارد کە ناتناسم. کە پێم گوت تۆ لە بۆکان بووی، گوتی: خوا ئەیزانێ ئەوە برام بووە و من ئەفسەری ئەرتەشیم! بۆ خۆی ڕیشی تاشیم و زۆر عوزرخوایی کرد. کە هاتمە دەر لە حەمام، کابرایەکی سیسکەی کورتەباڵا گوتی: هەژار! من نافیع مەزهەری شاعیرم؛ هاتووم لە حەمام بتبینم. ئیتر سەرباز نەیانهێشت بیدوێنم و ئەو حەسرەتەم ئێستاش هەر لە دڵ ماوە. لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی عێراق -کە دادگا بە دەست مایانە بووە- دەڵێن نافیع مەزهەر لە هەڵەبجە فەقێیەتی کردووە. «من بۆچی قورعان بە شیعری کوردی تەرجەمە نەکەم؟ ...» لە سوورەی «القارعە» دەست پێدەکا: «ئەلکوتێنەر، وەلکوتێنەر، نازانی چییە ئەلکوتێنەر؟ ڕۆژێ کە خەڵک ئەبن بە پوولەی سەر لێشێواو وە کێوان ئەبن بە خوری پشەوەکراو. ئەو کەسەی قورس بێ تەرازووی، وا لە عەیش و خۆشییە. ئەو کەسەی سووک بێ تەرازووی، دایکی ئەوە هاویە. تۆ نازانی ئەوە چییە؟ ئاگرێکە گەرم...» قڕ دەیگرن. مەلای حاکم دوو مانگی حەبس دەکا! ئەمجار شیعرێک لەسەر هەژاری و چارەڕەشی فەقێ دەڵێ و تیایا «سەرگونی خۆی شین نەکرد جبریل» هاتووە. دەیبەنەوە بەردەستی حاکم: - هەتیو بۆ کفرت کردووە؟ - بۆچی قوربان جبریل گونی هەیە؟ ! - وست! بێ ئەدەب! گونی کوا؟ -دەسا گوتوومە هیچی شین نەکرد! بە تکا و ڕەجای خەڵک وازی لێ دێنن. دوو مانگ بوو حەبس کرابووین. سەروان بیداربەخت ڕۆژێک هات؛ زۆر کز و کەنەفت دیاری دەدا. گوتی: خەبەری زۆر ناخۆشم پێیە؛ زۆر خەمبارم بۆ ئێوە. گوتم: ئاخر یا لێرە دەمانکوژن یان دەماننێرنە تاران، دەبڵێ چییە؟ گوتی: ئێوە ئەمڕۆ ئازادن و نانی نیوەڕۆتان نادەینێ. بۆیەش کزم کە تازە مەجلیسی گەپ و گاڵتەی دەگەڵ ئێوەم نامێنێ! باوەڕمان نەکرد. گوتم: دەچمە لای غەفاری. ئیجازە درام. غەفاری گوتم: بەڵێ ئازادن. گوتم: کە وا بێ دەتوانم بچمە ساڵحاوا؟ حزمم لەوێ هەن. - نا، دەبێ ئێمە بە حورمەت بەڕێتان کەینەوە. تێگەیشتم کە بەردانی ڕاستی نییە و هەر دەمگرنەوە. چوومە مەنزڵی حەمەدەمیناغا و قاسماغا لە سەقز؛ کە هەردوکیان برای حیزبی بوون. بۆیان گێڕامەوە کە لە پاش شکانی ئازەربایجان، پیشەوەری و زۆر لە دارودەستەی هەڵاتوون بۆ ڕووسیە. قازیش هاتۆتە حەمامیان و بێ شەرت خۆی تەسلیمی دەوڵەت کردووە. ئەو داوای لە سەرتیپ هومایوونی کردووە کە ئێوە بەربدەن. بە کۆتری نامەبەردا فەرمانی ئازادی هاتووە. گوتیان زەبیحیش پەنای بە کونسوولگەری ڕووس لە ورمێ بردووە؛ ڕایاننەگرتووە. دەگەڵ سەید ئەحمەدی سەید تەها و دڵشاد بە ماشێنێکی حیزبی ڕایکردووە بۆ عێراق و ڕادیۆ لەندەن خەبەری داوە. گوتم: ئێوە ناترسن؟ حەمەدەمین دەستی بو سۆپە ڕاداشت، گوتی: هەموو ڕۆژێ گوزارشێکم نووسیووە، ڕەنگە پڕ بەو سۆپە ببن. من هەواڵی دەوڵەت بووم! قاسم ئاغا گوتی: ئەگەر قازی نەفەوتابا ئێمە هەموومان دەفەوتاین. بە ڕاستی خەبەر و باسێکی دڵتەزێن بوو... لەو حەپسەدا زۆرم قەرزی ئیجارەی کتێب کەوتبووە سەر. چوومە دوکانی کولاهی: - کوا حیسابت چەندە؟ گریا، گوتی: بریا مردبام و ئەو ڕۆژەم نەدیبا. یەک شایی پووڵم ناوێ. ئەو ڕۆژەش لە ترسی ئەفسەرەکە داوای ئەو پووڵە زیادییەم کرد. پاش نیوەڕۆ کە دەبوو سەفەر بکەین و چاوەنۆڕی ترۆمبیل بووین، سەرتیپ هومایوونی هات و ئەحواڵێکی پرسیم. گوتم: من دەمانچەکەم لێ سێندراوە، حەز دەکەم بمدەنەوە. گوتی: جا بۆ چیتە؟ خۆ ئێمە زۆر زوو چەک لە هەموو کوردێک دەستێنین. گوتم: بەڵێ ئەودەم قەیدی نییە، بەڵام ئێستا بۆ من شەرمە بە تەنیا لە چەک کرابم. گوتی: دەمانچەکەی بدەنەوە! دایانمەوە. هومایوونی گوتی: من سواری ترۆمبیلی عەوڵاغای ئێلخانی دەبم. قاسماغا و حەمەدەمیناغا و هەژار سواری ماشێنی من ببن و لە بۆکان یەکتر دەبینین. جگە لە ئێمە سیان، سەربازێکی ڕانندە و ئەفسەرێکی سەرڕشتەداری لە سەقزەوە بەرەو بۆکان ەاتین. لە ڕێگە تووشی پۆل پۆلی سەتی و دووسەتی لە فیدائیانی پیشەوەری دەبووین کە کورد تفەنگیان لێ ساندبوون و بە کۆمەڵ زۆر زۆر دەگریان و یاحوسێنیان دەگوت. ئەفسەری سەرڕشتەداری دەیگوت من شاعیرم. ئاغایان گوتیان ئەوەش شاعیرە. هەڵیپێچام کە نموونەیەک لە شیعری خۆمی بۆ بخوێنمەوە و تەرجەمەی بکەم. ئەوەم بۆ خوێندەوە کە دەڵێم: ڕۆڵە! نامووست وەک خزمەکانت نەدەی بە شەکر، دەستم دامانت شەرەف گەوهەرە، قیمەتی نایە دەویت ڕووڕەشی هەردووک دنیایە ئەو کەسە پیاوە، بۆ خاک و ئاوی ڕۆح دانێ و بە چاک بمێنێ ناوی نەتبیستووە واتەی زانای سەرزەمین مەردانە مردن نەک حیزانە ژین بۆم تەرجەمە کرد؛ ئافەریمی لێ کردم. منیش مەبەستم لەو دوو ئاغایە بوو کە بە بێ شەرم شانازی بە خەیانەت بە گەلی خۆیان دەکەن. نوێژی شێوان لە بۆکان تووشی سەرتیپ هومایوونی بووینەوە. گوتی: با هەژار لە ماڵی قاسماغا بێ، سبەی هەموومان دەچینە مەهاباد. چوومە مەنزڵی قاسماغا کە لە ماڵە عەبدوڵڵای بارامی بوو. کاک هەمزەی کۆنە هەواڵم هات. گوتی: وەرە لە ماڵی من بخەوەو گوتم: وا بزانم قاسماغا ڕێ نادا. چونکە وا دیارە منی پێ سپێراوە بە هیچ کوێدا نەچم. هەمزە داوای لە قاسماغا کرد کە من بەرێتە ماڵە خۆی. قاسماغا گوتی: لێرەش نوێن هەیە؛ بۆ بێت؟ هەمزە گوتی: من بەڵێن دەدەم کە سبەی بیهێنمەوە لای تۆ و ئەگەر وا نەبوو، با من ئیعدام کەن. قاسماغا گوتی قەیدی نییە با بێت. هەر چووینەوە، هەمزە هەڵیپێچام کە ڕاکە و خۆت خەلاس کە! زۆری حەول دا؛ گوتم: چونکە تۆ بوویە زامنم هەرگیز ڕاناکەم. با بزانین چۆن دەبێ... بە خەیاڵی خۆم وام دانابوو کە لە میاندواو ئیجازە وەرگرم و بچم بە پێ و شوێنی عەبدوڵڵای برام؛ کە لە تەورێز دەیخوێند. ئەوسا لە تەورێز خۆم بشارمەوە؛ کە شارێکی گەورەیە و نامدۆزنەوە. بەیانی دەگەڵ هەمزە هاتینەوە لای قاسماغا. شەیپووری سەفەر لێدەدرا و لەشکر بەرەو سابڵاغ دەرچوو. عەشایریشیان دەگەڵ دەچوون. لە قاسماغام پرسی: کوا کاکە ڕەحمان؟ گوتی: نەخۆشە و لە گوندی شێخلەرە. گوتم: ناتوانم بیبینم؟ لە پاش تاوێک بێ جواب مانەوە گوتی: من وام پێ باشە بچیە لای کاکە ڕەحمان و پێی بڵێی بتنێرێتە قەرەگوێز لای ئەحمەداغا و هەرگا بە مەسڵەحەتمان زانی؛ دەتوانی بێیە سابڵاغ. ئەمڕۆ دەگەڵ لەشکر مەیە! هەر ئەو وای گوت، ئەو پیاوەی کە وەختی خۆی خەبەری خەیانەتی دێبۆکریانی دابوومێ، گورجێ لە ئەسپ دابەزی و ئاوزەنگی گرت و گوتی: وەرە سوار بە و بچۆ شێخلەر! لە بن لێوانەوە گوتی: من ئەم ئەسپەم ناوێتەوە؛ ئیتر خۆت دەزانی. سوار بووم و هەر لە کۆڵانی حەمامەوە کردمە غار. لە شار دەرچووم و تەقڵەکوت ڕووم کردە شێخلەر. لە ڕێگە وام حەل کرد کە ئەحمەداغای قەرەگوێز زۆری خراپە دەگەڵ دەوڵەت کردووە؛ منیشی خۆش ناوێ. قاسماغا دەیەوێ من ببمە دیاریەکی دەست و ئەحمەداغا بمگرێ و گوناهی بە هۆی منەوە ببەخشرێ. بە هومێدم ئەم خەیاڵەم ڕاست نەبووبێ، بەڵام وای بۆ چووبووم... گەیمە بەر دیوەخانی شێخلەر. کاکە ڕەحمان و چەند کەسێک ڕاوەستابوون. دابەزیم و گوتم: «حوللە مەرەسێ، هاتینەوە سەر سێ» ڕیسەکانمان بۆوە خوری! کاکەڕەحمان وەک نەیبیستبێ وابوو. ڕەنگی بزرکابوو؛ لێوی دەلەرزین؛ دیار بوو زۆر ترسابوو. چووینە وەتاغ، تاوێکی پێچوو، کەس چای بۆ نەهێنام. گوتم: مردن مردنە، لینگە فرتەکەی چییە؟ کاکە چایەکم بدەنێ! شیعرێکم لە باخەڵم دەرێنا، گوتم: لە حەبسدا ئەم شیعرەم گوتووە؛ زۆر بەزم و گاڵتەیە. باسی چۆنیەتی حەبسخانەیە، با بۆتان بخوێنمەوە. کاکە ڕەحمان لە دەستی ڕفاندم و دە ناو کوورەی هاویشت و سووتاندی. حەیفێ ئەو شیعرەشم چوو کە وێنەیەکی تەواو لە ژیانی حەبسەخانەم بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چۆن هەڵاتم ڕاسپێری قاسماغام ڕاگەیاند کە ئەسپێکم بدەنێ و بچمە قەرەگوێز. کاکە ڕەحمان گوتی: نە ئەسپت دەدەمێ، نە لاشم وایە مەسڵەحەتە بچیە لای ئەحمەداغا. بۆ خۆت یا بچۆ خانەقا یان دەرەغە. گوتم: بەڵێ خۆم دەگۆڕم و دەچمە لای تەرەغە. جلکی تازە و باشی خۆم بە جلکی پیس و خراپی فەقێیانەی مەلا عەبدوڵڵای حەساری گۆڕیەوە. کتێبی جامی و هێندێک قاقەز و قەڵەمم خستە بوخچێکەوە و بوومەوە بە فەقێ. داوام لە مەلا عەوڵا کرد کە سێ هەزار تمەنت لە لایە ئەگەر دەکرێ بمدەوە. گوتی: هیچم نییە. میرزا عەوڵای بارامی گوتی: من پێنج سەد تمەنت دەدەمێ و لە مەلا عەوڵای دەستێنمەوە. دەمانچەکەم دا بە کاکە ڕەحمان کە ئەگەر توانی بیفرۆشێ، پووڵەکەی بدا بە منداڵ و براکانم. هەر ئەو ڕۆژە بەر لە نیوەڕۆ بە بیانووی چوونە تەرەغە دەرکەوتم و بەرەو مەحمووداوا ڕۆیشتم تا لە دێی شێخلەر نەدیوو بووم. دامقەڵاشتە خوارێ و هاتمە ناو مێشەی مەحمووداغا و ڕوو بە جەنووب بە مێشەدا ڕۆیشتم. لە مێشە نەهاتمە دەر تا لە گوندی قاقڵاوا تاوم لێ ئاوا بوو؛ لام دا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند کورتە باسێک جا با لێرە وچانێک بدەین و چەند کورتەباسێک بکەینە شەوچەرە: لە سەرەتای کۆمەڵەوە تا بڕانەوەی، هێمن و من بەناوی دوو شاعیری میللی، گوێ بە گوێوە و زۆر برایانە و هەمیشە پێکەوە شاعیری هەموو مناسەباتی خۆش بووین. لە کوێ جێژنی نیشتمانی گیرابا، یاد و بیرەوەری پیرۆز کرابا، ئێمە دەبوو شیعر ئامادە کەین و بیخوێنینەوە. ئەوەندەش لێک نزیک بووین کە زۆر کەس ناوی هەر کامێکیان نابووین: «هەژار-هێمن». لە مناسبەی هەوەڵ ئاڵا هەڵکردنی جمهوورییەت لە سابڵاغ، لە ئاڵا بردنە بۆکان و زۆر جێگەی تر، وێڕای شاعیرانی تر شیعرمان دەخوێندەوە. پێکەوە دەژیاین و لە برا لێک نزیکتر بووین. لە سەرەتای کۆمەڵی ««ژێ-کاف»، چاپخانەیەکی دەستی چکۆڵەی هەرزانمان کڕیبوو. ڕووسان بە ناوی یارمەتی فەرهەنگی، چاپخانەیەکی گەورەیان داینێ کە ڕۆژنامەی پێ چاپ بکەین و بۆ هەر کارێ دە کاری بێنین. چاپخانە چکۆڵەکە درا بە بۆکان. دەگەڵ کاک حەسەنی قزڵجی چەند نەشرە و نووسراومان پێ چاپ کرد و گۆڤاری هەڵاڵەمان دەرخست. هەوەڵ ژمارەمان بۆ پێشەوا برد. تۆنێک کاغەزی خەڵات کردین. کە هاتیشمەوە سابڵاغ، قزڵجی دەگەڵ کۆنە مامۆستاکەم (سەید محەممەدی حەمیدی) کە سەرنووسەری ڕۆژنامە بوو، هاوکاری دەکرد. هەڵاڵە چوار ژمارەی دەرچوو. ناوی مەشایخی نەخشەبەندیم بە شیعر هۆنیبۆوە، لە بۆکان چاپمان کرد. هەزار نوسخەی بە دوو سێ ڕۆژ فڕۆشرا؛ لام وابوو شیعرەکانیان پەسند کردووە. دوایی دەرکەوت وەک نوشتە کڕیویانە و دە بەرگیان گرتووە و بە کڵاویانەوە درووە! شەوانە لە بۆکان لە بن دیواری قاوەخانەیەک، بەرانبەر بە حەوز، دەگەڵ قازی کاکە حەمە، حەسەنی قزڵجی، مەلا ئەمجەدی قەڵایە و مەلا عەوڵا حەساری تا نیوەشەو مەجلیسمان دەگرت کە زۆر یادگارێکی خۆشە و لە بیر ناکرێ. لە تەرەغە زۆرم حافز خۆش دەویستن؛ نەمدەهێشت بچنە مزگەوت و دەمهێنانە ماڵە خۆم. چونکە چاویان نییە، شەرمە حزووری نایانگرێ؛ گەڕیدەش زۆر قسەی خۆش فێر دەبن. لە بۆکانیش هەر چەند دەوڵەمەند ببووم، نەمتوانی ببمە هەواڵی پووڵدران. خۆشیم بە حوجرەی فەقێ و حافزان دەهات. شەوی وا بوو دە و دوازدە حافزم لە خۆم کۆ دەکردەوە. خوشکم دەیگوت: لەوەتا سازی، بوویەتە چاوساغی حافزان! جگە لە قسە خۆشەکانیان، حافز دەچوونە هەر دێیەک، ملیان لە تاریفم دەنا و زۆر کەس دوور بە دوور خۆشیان دەویستم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرەو کوردستانی بەردەستی عێراق کە لە بۆکان بەرەو شێخلەر هەڵدەهاتم، سەد عەوڵا شێتە -کە لە باسی وشتەپەدا ناوم هێنا- ببوە جاسووسی حکوومەت؛ دیتبوومی کە دەڕۆم، خەبەری بە حاکمی نیزامی (سەروان خاکسار) -کەکوردێکی سنەیی بوو- دابوو کە بنێرن هەژار بگرن. خاکسار بە ناوی ئەوە سووکایەتی بە سەر ئەفسەر هێناوە، زۆر باشی دارکاری کردبوو! کاتێ لە ڕێی هەڵاتنا بەناو مێشەی مەحمووداغا دەچووم، مامۆستاکەی وشتەپەم (مەلا حەمەدەمین) -کە ئەوسا لە قەرەگوێز بوو- دەگەڵ چەند فەقێیەک بەڕێدا دەڕۆیشتن و گوێم لە قسەیان هەڵخست. بە هەڵکەوت مامۆستا لەو دەمەدا پرسی: ئاخۆ دەبێ هەژار چی بە سەر هاتبێ؟ فەقێیەک گوتی: دەڵێن لە حەبسی سەقز دەستیان پەڕاندووە؛ لەوانەشە کوشتبێتیان. مامۆستا گوتی: ئەو ڕەحمانەی من دەیناسم ئەوەندە سەگە ئەگەر دەکونی قفڵدا ڕاکا، هەڵدێ. هەتیو تۆ چۆن، نایناسی؟ ئەدی چۆن تۆی بە هەوای زەکاتی ئاڵووباڵوو ناردە وەتەمیش؟ ! مێشە و مێشە بۆ ئێوارە خۆم گەیاندە «قاقڵاوا». لەوێ چوومە ماڵێک. خاوەن ماڵ دوای نان خواردن بردمیە مزگەوت و نوێنی دامێ کە لەوێ بنووم. جحێڵ جۆرابیان دەکرد. هەتیوێکی زیتەکە چەند سرتەیەکی کرد؛ ڕوویان تێکردم گوتیان: فەقێ گیان ئەو کوڕە دەڵێ ئەوە شاعیری قازییە، دە توخوا هێندێک شیعرمان بۆ بڵێ! گوتم: ها، ئەو کوڕە وەدەزانێ من مەلا ڕەحمانی تەرەغەم؛ چونکە زۆر کەس لێی دەگۆڕێین؛ ئەویش وەک من دەچێ. من ناوم مەلا محەممەدە! شیعریش نازانم. بریا بمزانیبا و بۆم گوتبان. کوڕەکە گوتی: بە خودا وەمزانی هەوی؛ بمبەخشە! بەیانی نان و چام خوارد و بە کابرام گوت: دەچمە عێراق. گوتی: لە گوندی «مووسێ» بچۆ ماڵە سۆفی سدێق، بڵێ خەجێ ناردوومی. بەفر باریبوو، توابۆوە؛ قوڕێکی زۆر پیس بوو. کەوشم پاژنەدار بوو. بەڵام ترس ئەوە نازانێ، تا ئێوارە گەیشتمە «مووسێ»؛ کە بارگینێک ئەوەندە بڕ ناکا. لە ڕێگە تووشی مێوژفرۆشێک بووم؛ چنگێک مێوژێ دامێ؛ بە ڕێوە خواردم و قەت دەقیقەیەک وچانم نەدا و هەر بە غار دەڕۆیشتم. چوومە ماڵە سۆفی سدێق، جوابی سەلامی نەستاندمەوە. پرسیم مزگەوت هەیە، گوتیان نییە. چوومە سەر کانی دەسنوێژم گرت کە نوێژ بکەم. سۆفی سدێق چاوی لە دەسنوێژ گرتنەکەم بوو، پێی سەیر بوو. گوتی: تۆ مەلای؟ - ئەی چۆن! - دەی فەرموو با بچینە ماڵەوە. بردمیەوە ماڵ، وەتاغێکی زۆر گەورەی هەبوو. سەماوەری هێنا و خورما لە جیاتی قەند. لەتێ خورمام نا گوپمەوە، وابزانم بیست و چەند چام خواردەوە. سۆفی گوتی: بۆ دەست بۆ خورما نابەی؟ لەتە خورمام لەگوپم دەرێنا، وەک سوێنکە سابوون لووس ببوو! دیسان نامەوە گوپم. قاورمەشمان خوارد. شەو سۆفی -کە دەیگوت مریدی خەلیفە خەلیلم و مەڕێکی بۆ دەبەم- گوتی قاقەزێکم بۆ بنووسە بۆ کابرایەکی سەردەشتی؛ کە: فڵان کەس! پاش ماچ کردنی دەستی تۆ و چاوی منداڵانت، چۆن فەرمووتە جوانوو ئەسپەکەم ئەگەر بەخێو ناکرێ بنێرەوە؟ حەیفت نەکرد؟ من براتم؛ ماڵی من ماڵی تۆیە. جا ئێستاش دوو تەورێزی قەند، دوو گەروانکە چایی، قوماشی کراس و دەرپێ -بە خوا ئەسپەکەت وەک گوڵ بەخێو دەکەم- هەشت نۆ کیسە برینج -چونکە بابە غەڵیفەم میوان دەبێ- بە سەرت قەسەم وەڵاغی خۆم بمرن لەبەر بێ تفاوتیب ئەسپی تۆ هەر بەخێو دەکرێ. هێندێکیش سابوون بنێرە. لەماڵەوەش داوای خەنە دەکەن. ئەسپی تۆ ئەسپی خۆمە. دیسان چاوتان ماچ دەکەم. باسی پووڵ نەکەی بە خودا دڵم دێشێ. ئەسپی تۆ لە ماڵاتی خۆم فەرزترە. سەرماش سەختە؛ تفاقیش گرانە؛ بەڵام ئەتۆ برای منی! ... بیرم لێ دەکردەوە: ئەو سۆفیە دەسبڕە قیمەتی جوانوو ئەسپەکەی پتر داوا دەکرد تا بۆ کابرای بەخێو کا! بۆم نووسی. بەیانی لە خەودا بووم، گوێم لێ بوو سۆفی دەیگوت: هەر کەس ئەمڕۆ لە کوێستان بدا بە هیلاک دەچێ، سەری کەکی کۆزاد بەتەمە. سۆفی هاتەوە ژوور. لێم پرسی دەتوانم سەفەر بکەم؟ - بەڵێ هەوای زۆر خۆشە، سەیر کە تاو هەڵاتووە! گوتم: نەشارەزام، کەس هەیە دەگەڵمدا بێ؟ گوتی: سێ تمەن بدە. کابرایەکی ڕەگەڵ خستم کە تا سەری کوێستانی گڵەزەردەم بەرێ. هەوا تاو بوو. هەر گەیشتینە بناری کوێستانێ، بوو بە تەم و کڕێوەیەک چاو چاوی نەدەدی. بەڵەدەکە گوتی: دەست دەقایشی پشتێندی من گرە و شوێنم کەوە. بەفر یەکجار زۆر بوو؛ دنیا زۆر تاریک ببوو. ئەو کابرایە شارەزایەکی سەیر بوو: ئێرە قوڵکەیە، ئێرە بەردە... کەچی دنیا لووس و پڕ لە بەبر بوو، چۆنی دەزانی، نازانم! لە نێوەڕاستی چیا ڕاوەستا. گوتی: تۆ چت دێتە بەر گوێ؟ - هیچ. - دەسا تۆ لە شوێنی خۆت بچەقە، نەبزووی، من دەچم ئێستا دێمەوە. پاش تاوێک هاتەوە. گوتی: خێراکە بڕۆین تۆ ڕزگار کەم بگەڕێمەوە. سەد تفەنگچی بانەیی لە بەفردا قەتیس ماون و ڕێ دەرناکەن؛ نەیانگەمێ هەموو قڕ دەکەن. منی گەیاندە لای بەڕۆژی کوێستانێ؛ دنیایەکە ڕەشانگ و دارستان. گوتی: دەچیە «سووتوو» میوانی ماڵە سەید عەوڵا بە و گەڕایەوە. بە غار دامقەڵاشتە خوار، کڵاوەکەم بە پەلێکەوە چوو؛ ئاوڕم نەداوە. گوتم ئەوەش بۆ تۆ! گەییمە سووتوو، چوومە ماڵەکە. پڕ بوو لە ژنی جوان و بێ پیاو. گوتیان پیاومان چوونە گەرمێن بۆ ماڵی قاچاغ؛ فەرموو میوان بە! گوتم دەڕۆم. گوتیان ئەو ڕێگەیە بگرە و بچۆ «سەرتەزێن». تووشی جادەی بانە سەردەشت بووم؛ ترۆمبیلێکی پڕ لە سەرباز لەوێوە ڕابرد. زۆر ترسام؛ بەڵام بەخێر ڕابرد. لە گوندێک دەنگی گۆرانی داوەت دەهات. لەوێوە چوومە ناو دۆڵێک و پرسیم، گوتیان سەرتەزێنە و ماڵی حاجی شێخەی لێیە و میوان ڕادەگرێ. چوومە ژوورێک دوو کەسی لێ بوو؛ دیار بوو میوانن. ژن سەماوەریان وە ژوورێ نا کە خۆمان چای بخۆینەوە. پاش نوێژی شێوان حاجی چەند کوڕێکی هاتنەوە. لە داوەتەکە ببوون. حاجی هەر دەیگوت: شەرت بێ دەستی دە پیرێژنانم کوشیوە، بەخێری هێناین؛ جلەکانی لێ ساندین و ناردی تیان وەشاند. زۆر پیاوێکی نان بدە و مەشرەف خۆش بوو. بەیانی گوێم لێ بوو گوتی: - مەلای هەڵمەستێنن با بخەوێ؛ بە خودای مەلای بە بێگارە و لە نوێژی سبەینان بێزارە! پاش نان و چایی، حاجی جووتێک کاڵەی هەڵبەستراوی بە گۆریە و پەڕۆوە هێنا؛ گوتی: مەلا تۆ دنیات کەم دیوە! بە کەوشی شارانی پاشنەدار، لە بەفر و قوڕدا سەفەر ناکرێ. کاڵەکانی دە پێ کردم. بەکابرایەکی سپاردم، گوتی: تا دەگاتە «سیاوما» هەرچی بە سەری بێ لە تۆی دەزانم؛ من حاجی شێخەم و دەمناسی. لە ڕێ بەفرێکی زۆر گەورە دایدا. تا گەیشتینە گوند، بەفر لە ئەژنۆی دەدا. ماڵی کابرا هاوڕێم تەڕ و تاریک و تەنگ بوو، زۆریش سارد بوو. چوومە مزگەوت؛ مزگەوتی زۆر خۆشی قەدیمی بە خشتی سوور. خڵکێکی زۆر لە دەوری سۆپەی زەلامی نێڵدراو دانیشتبوون. - کاکە تۆ مەلای؟ - بەڵێ. - سەرچاوان. دە ئەمڕۆ پێشنوێژیمان بکە. پێشنوێژیم کرد و دوعای زۆرم لە پاش نوێژ خوێند. شەو کابرایەک بردمیەوە ماڵ بۆ شیو خواردن. هاتینەوە و لە مزگەوت خەوتم. بەیانی کە چاوم کردەوە، دەوراندەوری مزگەوت دانیشتبوون. کابرایەک هاتە قسە: - مەلا گیان بۆ دەچیتە ئەو خوارە؟ چ دەکەی؟ - دەخوێنم. - پاشان دەبی بە چی؟ - دەبمە مەلای چاک. - ئەو دەم چ دەکەی؟ دەبمە مەلا لە گوندێک. - دەسا کاکی خۆم ئێمە تۆمان بە دڵەوە نووساوە؛ هەر لە ئێستاوە پێت ڕازین. - ئاخر... ؟ - ئاخری ناوێ. جارێ با قسەکانم تەواو کەم: ماڵ و بزنەزاوت دەدەینێ. دۆی بخۆ، کارەکەشی بۆ خۆت. زەکاتیشت لە دەغڵ و دانەوێڵە دەدەینێ. ها! دەزانم دەڵێی منی بێ ژن چۆن ماڵ بە خێو کەم؟ حەوت ڕۆژان بچۆ سەر ڕێی کانی، هەر کچێکت کەیف گرتی لێت مارە دەکەین. بە خودای دەزانم کچی من هەڵدەبژێری. چونکوو لە هەموو کچان جوانترە. من ناوم برایماغایە. - ئاغا بە ڕاستی ئەوی گوتت لە سەری من زیادە. بەڵام برایەکم لە عێراقە؛ دایکمان زۆری پەرۆشە؛ دەچم دەیبینمەوە! بە هەزار زمان لە کۆڵ خۆم کردنەوە. بەفر وێستابوو. ڕێگەم پرسی و لە سەر بەفری مۆر ڕووم کردە «بڵەسەن» کە نیشانیان دابووم. تا ڕچەی کوتراوی حەیوانان بوو خەمم نەبوو، لەوە بەولاوە دە بەفر دەکەوتم و ناو لینگم لە سەر دادەنا. لە بەیانییەوە تا ئێوارە دە بەفردا تلامەوە؛ با بەفری دە سەر و چاوی دەکردم؛ هێزم لێ بڕابوو. تا لە پڕ تووشی شوێنی سەگان بووم و شوێنم هەڵگرت. لە سەر گردێکی بڵندەوە گوندی بڵەسەنم دیت. بە خشکە خۆم بە سەر بەفردا خلۆر کردەوە و چوومە نزیکترین ماڵ. چوومە وەتاغێک لینگم درێژ کرد و پاڵم بە دیوارەوە دا. نەخۆشێک لەوێ دەیناڵاند. وا هاتە بەر چاوم کە گرانەتای بێت. ژنێک لە درگاوە دیتمی و ڕۆیشت. چوار پێنج ژنی دی دەگەڵی هاتنەوە و لێمیان دەڕوانی و دیار بوو سەیر ماون. گوتم: خوشکم بۆ تماشام دەکەن؟ - ئۆ خوا شوکور خۆ تۆ ساغی؟ برا بە خوا وەمانزانی مردووی؛ ڕەنگت لە مردوو دەکا. ڕەنگە برسی بی. - نەخێر برسیم نییە، سەرمامە. گوجێ سۆپەیان پێکرد و ژنێک قەپە شیرێکی بۆ هێنام. گوتی: پیاو لە بەفردا گیر بخوا، لە برسان دەکەوێ و هەست بە برسییەتی ناکا. دوای شیرەکە نان و پەنیری هێنا. ئەوەندەم خوارد زکم هەڵازنا. کاڵەکانم کە لە پێیان داکەندبووم، دە پێ کردەوە و هەرچی خوڵقیان کردم چوومە مزگەوت و لە بەر سۆپەی مزگەوت خۆم وشک کردەوە. خاوەن ماڵەکە -کە ناوی کوێخا حەسەن بوو- کە زانیبووی میوانی چۆتە مزگەوت، ناردبووی بچمەوە؛ نەچوومەوە. مەلای دێ بردمیەوە ماڵ و دانووی گەنمی دامێ. خواوڕاستان مەلا لە من کۆلکەمەلاتر بوو؛ زۆری من بە لاوە عالم بووم. شەو لە مزگەوت پرسیم: کەس هەیە بچێتە ئەو خوارە؟ دوو کەسیان گوت کە چۆدارن و بزنان دەبەنەوە «کەناروێ»؛ دەگەڵیان کەوتم. بەڵام بزن لە بەفر دەرنەدەچوون؛ دەبوایە ڕێگەیان بۆ بشکێنین و زۆر بە ئەسپیایی بڕۆین. هەستم کرد نینۆکی پێم ژانی دەکرد. گوتیان تۆ بگە «ئەنجینە» و جێ بگرە تا ئێمەش دەتگەینێ. - ئەنجینە لە کوێیە؟ - هەر لەو پێچە ئاوا بی، دێ دیارە. لە پێچ پێچم خوارد، سەربانی ڕەشی دێیەکم دیت کە لە خوار هەزار بە هەزارێک بوو، هیچ ڕێشی بۆ نەدەچوو. دامقەڵاشتە خوار، گەییمە پارچە ڕەشانگێک، قوڕێکی هێندە شل بوو هەڵخلیسکام و لە سەر بەردێکی پان گیرسامەوە. ڕوانیمە خوار چ ببینم؟ تیشە بەردێکە بە قەد خانویێکی سێ قاتی بڵندە، گورگیش ناتوانێ لێی باز دا. بە ڕەشانگدا بە چنگەکڕکێ سەرکەوتمەوە. دیسان خزیمەوە سەر بەردەکە. هومێدم بڕا. سەرماش گەڵەی دەکرد. گوتم حەی ئەڵڵا! خۆم هەڵدەدێرم. بوخچە کتێب وگۆچانەکەم هەڵداشت. خۆشم چاوم قونجاند و بە خشکە چوومە سەر لێواری بەرد و خۆم هەڵداشت. لام وا بوو هەپروون بە هەپروون دەبم. کەوتم؛ جاوم هەڵێنا، بە حاڵ عاسمانم لە کولانکەیەکەوە دیت؛ هیچ کوێشم نەدێشا. تۆمەز کەوتوومە سەر بەفرێکی باپەستاوتەی زۆر ئەستوور. بە چنگ بەرم لە خۆم لادا؛ لە کونێک هاتمە دەر. جێگە بوخچەکەشم بەرچاو هات کە دە بەفر قوپابوو. گۆچانەکەشم چەقابوو. لە سەر بەرزاییەکەوە لە بەفری مۆرم ڕوانی، شوێنێکی درێژی قوپاوم بە دی کرد. زانیم جۆگەیە و ئەوسەری دەگاتە ئاوایی. بەشوێن قوپاودا هاتم؛ زۆری نەبرد دوازدە سەگی زەلام لە گردێکەوە پەلاماریان دام. دەستم گۆی نەدەکرد کە بە گۆچان لە خۆمیان دەرکەم. ناچار دانیشتم (سەگ کاری بە دانیشتە و ژن نییە). سەگەل هاتن لە چوار دەورم ئاڵقەیان بەست و چمبۆڵەیان دادا. دەتگوت هاتوون دەرس لای مەلا بخوێنن! کابرایەک بە بێڵێکەوە لە گردەوە هات و هەرای کرد: هاتوومە یاریدەت. ئەو بە بێڵەوە لە پێشەوە و من بە گۆچان -قوون بە قوونی کابراوە- گەینە ناو دێ. چوومە ماڵی؛ ژنەکەی کاڵە و پیتاوی بەگەسک ماڵیم و دامکەندن و پەلاماری ئاگری نێو گۆڕکم دا. کابرا گوتی: لە ئاگر بە دوور بە! نەوەک لاقت وەژان کەوێ. تۆ سەر پەنجەت شین هەڵگەڕاوە، سەرما بردوویە. - ئەرێ کاکە ئێرە ئەنجێنەیە؟ - بەڵێ؛ ئەمما ئەنجێنەی سەختە. ئەو ئەنجێنەی تۆ دەڵێی لەو دیو ئەو کێوەیە. ئەو شوێنەی تۆی پێدا هاتووی پڕە لە ورچ و گورگ. بەڵام بەفر هێندە زۆرە کە دڕەندەش دەرناکەون. لە حەسانەوەدا بووم، کچێکی دە دوازدە ساڵی کراس جاوی سوور، وە ژوور کەوت؛ گوتی: وەستا هاوێنە و بریقەت پێیە؟ (بە جوولەکەی وردەواڵە فرۆشی دەزانیم)! کابرا گوتی: های ڕە زگت نێم! ئەوە جوولەکەیە یان مەلایە؟ ! لە پاش نان خواردن و حەسانەوە، کابرا دەگەڵما هات تا خستمیە سەر ڕێ. گەییمە سەر کانی ئەنجینە. منداڵێک وڵاغی ئاو دەدان؛ گوتی: مامە دەبیە میوانی ئێمە؟ هەر کە گوتم ئا، وڵاخی بەجی هێشت و بە غار ڕوو بە ماڵان بۆوە و گوتی شوێنم کەوە! لە درگاوە بانگی کرد: - دایە میوانێکم بۆ هێنای، مێوژم دەیە! - ئەی بەخێرێی؛ وەرە چنگە مێوژی خۆت وەرگرە! سەرسوڕ مام: خوایە لەو کوردەدا ئیوا هەیە بەرتیل دەدا بە منداڵی کە میوانی بۆ بەرێ؛ «حاتەمی تەی» چ گووێکی خواردووە؟ ... ماڵی خەلیفە ساڵح بوو. تا ئێوارە هەشت میوانی تریش هاتن کە دوویان هەواڵە چۆدارەکانم بوون. جلکیان بۆ تێوەشاندین. بۆ نوێژی شێوان دەگەڵیا چووینە مزگەوت. دوای نوێژ لە هەموو ماڵانەوە نان هات و میوان و خەڵکی گوند لە هەموو خواردنەکاندا شەریک بوون. مەجلیسی مزگەوت گەرم بوو، یەکێ گوتی: فەقێ تۆ سبەینێ مەڕۆ! پیاوی شێخ لەتیف کە لەو ناوە دەگەڵ پژدەری شەڕیانە؛ ڕووتت دەکەن و سەعاتەکەت لێ دەستێنن. گوتم: ئەو دەم دەچمە کن شێخ لەتیف دەڵێم سەعاتەکەم لە تۆ دەوێتەوە. کابرایەکی سۆفیلکەی کزوولکە گوتی: تۆ فەقێ نیت؛ تۆ ڕەنگە پیاوێکی گەورە بی. فەقێ ناوێرێ بڵێ دەچم و شێخ لەتیف دەدوێنم. زانیم غەڵەتێکم کردووە؛ بەڵام خەلیفەی خانەخوێم قۆزتیەوە. گوتی: سۆفی تۆ کەم فامی؛ فەقێ کە قورعان لە سنگن دیارە پیاوی گەورەن! خەلیفە چوار کوڕی گەورەی هەبوون کە بۆ ئاڵووێر، گەرمێن کوێستانیان دەکرد. بەیانی کە خواحافیزیمان کرد بە کوڕێکیانم بە دزیەوە گوت: دەوڵەت سابڵاغی گرتۆتەوە. تفەنگ لە لادێ زۆرە و لە ترسان هەرزانی دەدەن. بگەیە و تفەنگ بکڕە! کە بەرەو چەمی ئەنجینە دەچووین، سۆفیلکەی شەوم دیتەوە دانگەی بزنانی دەدا. گوتی: فەقێ ئەوا ڕۆیشتی؛ بەڵام دەزانم تۆ فەقێ نەبووی. نازانم دەتبینمەوە تا بزانی ڕاستم بیر لێ کردوویەوە. خوا حافیرت بێ. بە بزنەگەلەوە هاتینە سەر چۆم؛ بەستبووی. بە بەرد سەهۆڵمان شکاند و ڕچەی بزنانمان پەیدا کرد. خۆمان هەڵکرد. شاخی هەوەڵ بزنم گرت و پەڕاندمەوە. کە چوومە ئەوبەر لە خۆم ڕوانی دەتگوت چەکمەی سوورم دە پێدایە، لە ئەژنۆمەوە تا قولەقاپە خوێن دەهاتە خوار. سەهۆڵ و ساردی ئاو بڕیبووی. هەواڵەکانم بانگیان کرد: ئێمە بە کاڵە و گۆریەوە دەپەڕینەوە؛ تۆ ئاگرێکمان بۆ هەڵکە. هێندێک وشکەڵ و پووشم لە قسنێک هێنا و ئاگرم دا. قاچی نیوە سەرمابردووی سێ بەش قەڵاشتوو، جا وەرە ژان بکا... کەوتینە ڕێ. لەبەر بەفر ڕێ دیار نییە. بە شوێن بەڕازاندا چووین؛ بە سەر کۆخێکدا کەوتین، تەنیا ماڵە بە بەندەنێکەوە. خوشک و برایەکی لێ دەژیا. زۆریان بەخێر هێناین؛ مێوژ و گوێز و هەنجیریان دەپێش کردین. کوڕەکە دەیگوت: خەونم دیتبوو ترێ سپیلکەم دەخوارد؛ زانیم ئەو بەفرە قورسە دەبارێ. ئەگەر دەخەودا ترێ ڕەشکە بخۆم، باران دەبارێ. هەموو ژیانیان ڕەزێک بوو لە بناری گوندی «ورچەک» ولە دنیا تەریک ببوون. بەیانی ئاوا بووینە دیوی عێراق. نەفەسێکی ئاسوودەم هەڵکێشا: ئۆخەی لەبەر حوکمی عەجەم خەلاس بووم... پاش نوێژی شێوانێک، بە بزنەگەلەوە ڕوومان کردە گوندێک «بێورە» یان «بێوران»یان پێدەگوت. حەشر و حەلەلا بوو؛ دیار بوو شێواوە. ژنێک گوتی: زوو بڕۆن لێرە مەمێنن! هاواری سەر و ماڵە. تازە بۆ کوێ بچین؟ بزنمان کردنەحەسارێک و چووینە مزگەوت. مزگەوت لە خەڵکی گوند جمەی دەهات. مەلایەکیش بەناوی مەلا عەزیز بە دنگی بەرز دەیگوت: من ماڵی خۆم ڕاگوێزتووە. ئێوەش هەڵێن هەتا نەکوژراون و تاڵان نەکراون و خانووەکانتان نەسووتێنراوە. کەس هۆشی ئەوەی نەبوو جوابی سڵاومان بستێنێتەوە. مەسەلە چییە؟ پرسیمان، گوتیان شێخ لەتیف دەگەڵ پژدەری شەڕیەتی؛ گوندی تمتمانی سووتاندووە. ئەم گوندە سەر بە شێخ لەتیفە؛ ئەمشەو پژدەری لە تۆڵەدا دەیسووتێنن و تاڵانی دەکەن. جارجار تڕ و تۆپ بە کار دێ. دەمزانی ئەگەر ئەوان بە قسەی مەلا بکەن، ئێمە سەرمان بێ کڵاو دەمێنێ. قسەم لە دەمی مەلا قۆزتەوە، گوتم: برا بۆ شکایەتی پۆلیس نەکەن؟ گوتیان شکاتمان کردووە، ناوێرن بە شەو بێنە هاوارمان. - بۆ خۆتان چەکتان هەیە؟ کەوتنە بژاردن: بەڵێ سێزدە تفەنگ وچوارسەد فیشەکمان هەیە. - برام! کەس نەڕوا. بچن دوو ئاگر لە دەوری دێ بکەنەوە و خۆتان لە بەری دامەنیشن. دەستە دەستە کێشک لە دێ بگرن و تا سەرماتان بوو وەرنە بەر ئاگری مزگەوت و دەستە بگۆڕن. هەتا هێرشبەر نەیەتە بەر سێرەی تفەنگ، تەقەیان لێ مەکەن. ئەمشەو بە چوارسەد فیشەکە دەتوانن خۆ بپارێزن. ئەگەر تەنگانەشتان بۆ هات. ئەوا من حازرم سەد پشدەریتان بۆ بکوژم! بوو بە هەرا: - مەلا عەزیزی خوێڕی! تۆ کێوە دەچی بچۆ. ئەم کوڕە جحێڵە گەورەمان بی و بە قسەی ئەو دەکەین! سەرت نەیەشێنم، تەواوی شەو لە ناو لێفەی زۆری مزگەوتا خەوتین و کەس نەهات بۆ پشدەری کوشتن بانگم کا! بەیانی کابرایەک بردینیە ماڵە خۆی. ژنان شانیان ماچ دەکردم. کە ئەگەر تۆی وا ئازا و ڕەشید! نەبای ماڵوێران دەبووین. بۆ یەکەمجار پڵاوساوارێکم خوارد کە تا ئێستاش تامی لە بن ددانم دایە. هاوارچی لەشکری شێخ لەتیف گەینە گوند و بەجێمان هێشت و بۆ ئێوارە گەینە «کەناروێ»؛ کە ماڵی هەر دووک هەواڵەکەم لەوێ بوون. شەو لە ماڵی هەواڵێکی چۆدارم میوان بووم. خەسوویەکی پیری زۆر ناحەزی هەبوو. لێی پرسیم: - کاکە مەلا! ڕاستە دەڵێن کەسێک دڵی جیرانان بێشێنێ، لە قەبرا دەبێتە مەیموون؟ گوتم: نا دایە گیان، خودا دوو جار کەس ناکەتە مەیموون! ژنی کابرا جحێڵ و جوان بوو. نازانم لە خۆشی هاتنەوەی مێردەکەی بوو، یان کەیفی بە من دەهات، تەواو دڕدۆنگی کردم. هەر چەند جێگەش هەبوو، لێفەم برد و چوومە مزگەوت کە لە بەڵا بە دوور بم. سبەی ئەو ڕۆژە بە تەنیا ملی ڕێم داگرت. لە ڕێگە تووشم بوو بە تووشی دوو پۆلیسی کوردی عێراقییەوە. دەمەویست خۆم وەک خەڵکی وڵات نیشان دەم؛ گوتم: مانگوو نەبن! لێیان پرسیم: کوێندەری؟ - خەڵکی کەناروێم. پۆلیسێکیان پێکەنی، گوتی: دیارە خەڵکی ئێرانی. بڕۆ کارمان پێت نییە؛ بەڵام مەڵێ مانگوو نەبی؛ سەیری دەڵێی! گەیشتمە قاوەخانەی ئەزمر؛ شەش چام لە سەر یەک خواردەوە. کابرایەکی قوڵەخڕەی میوان، لێی پرسیم: چکارەی؟ قاوەچی شانی گرت و فڕێیدا دەرێ؛ گوتی: حەقت چییە لە موشتەری من دەپرسی؟ پووڵی ئێرانیم بۆ دەڕێنا، پێنج قڕانیەکی هەڵگرت. لە گوێژە سەرکەوتم. تووشی کاروانێک بووم دەچوونە سلێمانی. لە نێو قساندا تاریفی ئەسپەڕەشی شێخ لەتیف بوو، کە زۆریان موبالەغە تێدا کرد. پیاوی سادە و دەشتەکی، دەسەڵاتداران زۆر لەوە زیاتر دەبینن کە هەن. تەنانەت باس گەیشتە ئەوە کە تاژیەکانی شێخ لەتیف نیوەڕۆژ و شێویان هەر پڵاو و گۆشتە. هێندێک دەیانگوت بریا تاژی شێخ بووینایە! ئێوارە درەنگ گەییمە ناو شار. لە دڵدا بڕیارم دابوو بچمە حوجرەی مزگەوتی گەورە و ببمەوە فەقێ؛ بەڵام دەمزانی لەوێ ئیستراحەت ناکەم. زۆر ماندوو بووم؛ نۆ ڕۆژ بوو بەو هەموو دەردەوە بەڕێوە بووم و لە حەپسیشەوە هەڵاتبووم. با ئەمشەو بچمە مسافرخانە. لە کابرایەکم پرسی: مسافرخانە لە کوێیە؟ بانگی کردمە لاوە گوتی: بڵێ هوتێل؛ مسافرخانە قاچاغە. بردمی و لە دوور هوتێلێکی نیشاندام. بردیانمە وەتاغیکی دوو تەختی؛ کەسی تریش نەبوو. سەرما بوو؛ گوتم ئاگر. گوتیان نیمانە؛ ئەگەر خۆت خەڵووز بکڕی بۆت دەگەشێنینەوە. بە خەڵووز خۆم گەرم کردەوە. شەو میوانێکی تر بۆ تەختی دووهەم هات؛ لاوێکی بێ مووی جوانچاکی شازدە و حەڤدە ساڵە، بە تفەنگ و فیشەکدانەوە. هەر کە زانی مەلام، هەڵیپێچام نوشتەی بۆ بنووسم کیژێک حەزی لێ بکا. تێمگەیاند کە من لەو مەلایانە نیم. شەو دە تمەنێکی ئێرانیم دا بە خاوەنی هوتێل، چوار پەنجایی دامێ و چوومە قاوەخانە. هەر پەنجاییەکانم هەڵگێڕ وەرگێڕ دەکرد و دەمخوێندنەوە و زۆرم پێ سەیر بوو. نەشمدەزانی بەرانبەر بە چەند پووڵی ئێرانە. خەیاڵات بردبوومیەوە. هەیاران لە بۆکان بیستمان کە شاری پێنجوین بە بوومەلەرزە وێران بووە. کابرایەکی شاعیری پێنجوینی بە ناوی «موفتی» کە جارێک لە بۆکان لە کاتی نەخۆشیمدا سەری داوم. تۆ بڵێی لێرە نەبێ؟ دەی سا چۆن بوێرم و لە کێ بپرسم؟ دوو کەس لە نزیک من تەختیان دەکرد. بە نووزەیەک لە یەکیانم پرسی: تۆ موفتی تووتنچی دەناسی؟ - نا نایناسم. ئەوی تر گوتی: کوڕە ئەو کابرایەی لە جادەی تازە دوکانی هەیە؛ بۆ چیتە؟ - بۆ هیچ هەر پرسیم. دەڵێن خنکاو پەلاماری پووشیش دەدا. من کە ئاوارەیەکم لەم شارەدا کەس ناناسم، ئەمەش هەر باشە. دەیدۆزمەوە. شەو هەواڵەکەی هاووەتاغم گوتی: سبەی سەعات پێنج دەچمە حەمام، تۆ نایەی؟ - ئای دەخیلت بم بەجێم مەهێڵە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موفتی تووتنچی بەیانی هەر تاریکان بوو چووینە حەمام. لاوەکە دەیگوت کوڕە ئاغام لە بازیان. گوتی: مەلا وەرە پشتم بشۆ! گوتم: تۆش پشتی من دەشۆی؟ گوتی: نا! چ حەددت هەیە؟ گوتم: من ڕعیەتی بازیان نیم؛ هەر کەسە کوڕی بابی خۆی. بەچکە ئاغا دیار بوو دڵی ئێشابوو، بەر لە من لە حەمام دەرچووبوو. تاو هەڵنەهاتبوو لە حەمام دەرچووم. لە سەر دوکانێکم خوێندەوە: «گەلاوێژ». لە چاخانە مامەوە تا دوکان کرانەوە. چوومە گەلاوێژ پرسیم: - دوکانی موفتی تووتنچی لە کوێیە؟ کابرا بە ترسێکەوە دەستی بە دەمیەوە گرت، یانێ دەنگ مەکە. تەواو ترسام. مشتەرییەک لەوێ بوو دەرچوو. خاوەن دوکان گوتی: وەرە! زۆر لە دوورەوە وتی: ئەوە جادەی تازەیە و گەڕایەوە. پێداچووم تووشی «موفتی» بووم کە ناوی چکۆڵەی «مەلا کەریم» بوو. لە سەر دوکانێکی ڕووتەکە دانیشتبوو. هەر سڵاوم کرد بە گەرمی بەخێرهاتنی کردم: - دەی چۆنی؟ چاکی شوکر؟ ماڵ و منداڵ چۆنن؟ - هەموو لا بە کەیفن. - فرۆشتت؟ شوکور خێرت کرد؟ دەی سەر چاوم هاتی! زۆری ڕست. گوتم: وا دیارە ئەو کڵیشەی دوکاندارە؛ بۆ هەموو مشتەریەکی دەڵێن. - دەزانم نامناسبی. گوتی: ڕاست دەکەی. دەتۆ کێی؟ - من هەژارم. دەستی کردە گریان و فرمێسکی دابارین. - بریا کوێر بام و نەمدیبا شۆرش تێکچووە. - ئەم گریانەی پێ ناوێ. ئێستا من چ بکەم؟ چۆن کەس نەمناسێ؟ گوتی: من ماڵ وێرانی بوومەلەرزەم. دوو مناڵم هەن سەروپێچکە. ژنەکەم شەش ساڵە ئیفلیجە و بە دەست ئەودیو ئەمدیوی پێ دەکەین. تاقە ژوورێکی بن عەرزی تاریک و شەدارم بە کرێ گرتووە. ڕۆژانە بە هەزار زەحمەت نانی وشک و چایی لەم دوکانەم پەیا دەکەم. لە مێروولەش بێ دەسەڵاتترم. من ناتوانم بتحاوێنمەوە. لێمگەڕێ باسی تۆ بۆ برادەرێک بکەم. - ئای نەکەی! نامەوێ کەسی دیکە بزانێ. دەوڵەت پێم دەزانێ و دەمداتەوە بە ئێران. - نا خاترجەم بە! ئەو برادەرە سەد جار تواوەتەوە و ساف کراوە تا تەواو بۆتە کوردێکی تەواو عەیار و بێ عەیب. وای کرد کە ملم دا بەو بڵێ. موفتی شاعیر ڕۆیشت و زوو هاتەوە. زۆری پێ نەچوو کابرایەکی درێژی ڕانک و چۆغە پڕپینەی عەینەکی ئەستوور لە چاوی ڕیش و سمێڵ تاشراوی تەمەن بە ناوداچوو، پەیدا بوو. نە سەلام و نە کەلام هەر لە ڕێوە پێی گوتم: - ئای ئای لەو پشتێندە گرێ چنە! مەلا دەڵێن هەر گڕێیەکی شەیتانێکی تێدایە. ئەو مێزەرە سپییە ڕیشوودارە چییە؟ تێی ڕیم! گوتم بە خوا ئەو کابرایە شێتە. دانیشت گوتی: - هەژار نایەوێ خۆت کز کەی! من چەند جارم وەک تۆ بەسەر هات؛ دروستمان کرد و لێمان ڕووخایەوە. ئێستاش ناهومێد و دڵسارد نیم... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میرزا ڕەحمانی بانەیی موفتی لە پێشدا پێی گوتم ناوی «میرزا ڕەحمانی بانەیی»یە و بە مام میرزا دەیدواند. گوتی هەستە با بڕۆین. لە ڕێگە لێی ڕوانیم گوتی: ڕەنگت زەردە، وا دیارە برسیت؟ - نەخێر برسی نیم. - دەی درۆ مەکە، زۆرت برسییە. بردمیە کەبابخانە تێری کردم. - شەو لە کوێ بووی؟ چییان لێ ساندی؟ چووینە هوتێلەکە. بە گژ خاوەن هوتێلدا هات کە: - تۆ چۆن دەسبڕێکی، چوار پەنجایی لە باتی دە تمەن دەدەی؟ لە حیسابدا دەرکەوت کە بەچکە ئاغا پووڵی نەداوە و لە سەر من حیساب کراوە. کاتێ لە دەفتەرمان ڕوانی، من خەڵکی کەناروێ و ئەو بازیانی نووسرابوو. پووڵی ئەویان لە من نەگێڕاوە و زانیان کڵاویان لە سەر نراوە! میرزا بردمیە دوکانی دەلاکێک. گوتی: وەستا ئەم کوڕە هەم دەروێشە هەم سۆفی؛ من پەشیمانم کردۆتەوە. چونکە خزمەتی پرچ و ڕیشەکەی بۆ ناکرێ، تکایە بۆی بتاشە! دەلاک تماشایەکی سەری کردم، گوتی: مام میرزا ئەمە کاکۆڵی هەبووە پرچی نەبووە؛ گاڵتەی خۆتم پێ مەکە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ماڵی میرزا پاش سەر و ڕیش چا کردن هێنامیەوە ماڵە خۆی. حەوزێکی هەبوو، گوتی: ئەم قاچە پیسەت بشۆ با بۆگەنت نەیە! چووینە وەتاغێک کە بۆ میوان و تەریک لە وەتاغی ناو ماڵ بوو. پاش تاوێک بە شەرمەوە گوتم: تینوومە. گوتی: من نۆکەری بابت نیم، تینووتە بە جەهەننەم! بچۆ لە ماڵ داوای ئاو بکە! وست بووم. دیسان تینوەتی زۆری هێنا. ناچاری کردم بچمە بانگ لە ماڵەوەی بکەم کە ئاوم دەنێ. خێزانی ئاوی بۆ هێنام. هەموو نیازی میرزا ئەوە بوو شەرم نەکەم و خۆم بە پاژێک لە خەڵکی ماڵ بزانم. شەو نوێنی دامێ و بە جێی هێشتم کە بخەوم. سەعاتێک بە دیوارەوە بوو. هەموو سەری سەعاتێک بە گرم و هۆڕی ڕادەپەڕیم. خوایە چ بکەم؟ هەستام بە پشتێندەکەم کلکی سەعاتم بەستەوە بە بزمارێکدا و هەستم لێ بڕی. بەیانی میرزا هات و دیتی؛ گوتی: های شەیتان! هەر دەمگوت دەبێ دەگەڵ سەعاتەکە چۆنی ڕابوێری! زۆر زوو بوومە کوڕی ماڵ و شەرمی میوانەتیم نەما. کەوتمە لێکۆڵینەوەی مام میرزا. پیاوێکی زۆر سەیرم دی. بە دڵ و داو هەواڵی لێقەوماوان بوو. لە کاسبیدا شەریکە دوکانی یەکێ تر بوو کە خۆی هیچ کاری نەدەکرد. زۆر زانایەکی خاوەن مەعلوومات بوو. بە سەتان کتێبی لە هەموو بابەتێکەوە متاڵا کردبوو. هەرچی خوێندبوویەوە لە بەری بوو. دژی شێخ و دەروێش و مەلای نەزان و مێشکوشک بوو. هیچ مەلایەکیش لە کێشەدا دەگەڵی دەرنەدەبرد. زۆریان بەکافریان دەزانی و بە بێ ئەوە بزانن «بابی» چییە، دەیانگوت میرزا بۆتە بابی. خۆی نەزری خزمەت بە داماوانی کورد کردبوو؛ لە کوردایەتیدا سووتابوو. شەوێک چیرۆکی ژیانب خۆی بۆ گێڕامەوە. گوتی: ماڵمان لە بانە بوو. منداڵێک بووم. بابم مرد و قەرزوقۆڵەیەکی زۆری لە سەر بوو. بە ڕووتی و پێخواسی هاتمەشاری سولەیمانی و حەماڵی بازاڕم کرد. پاش چەند ساڵ هەوای چوونە بەغدام کرد. لەبەر کاروانچیان پاڕامەوە دەگەڵ خۆیانم بەرن؛ خزمەتی وڵاخ و باران دەکەم. گوتیان: تۆ پێخواسی و دە ڕۆژە ڕێ دەرنابەی. ئێوارەیەک لەکاتی جەماعەت چوومە مزگەوتێک جووتە کەوشێکی تازەی ڕەگ زەردم دزی. تا قەراغ شاری بەغدا دەگەڵ کاروان بووم و جیا بوومەوە. شەو لە حەوشی بارەگای غەوس -وەک سەتان ڕووتی بێ جێ- خەوتم. وا دیار بوو غەوس دەیزانی من عاقیدەم پێی نابێ، بۆیە کاربەدەستی غەوس -زیاد لە هەموان- منی دەرکرد. گوتی: تۆ لەوانەیە دز بی! لە کۆڵانێک خەوتم. بەیانی جوولەکەیەک خەبەری کردمەوە، کە ئەگەر شتێک دەکڕم لە خۆی بکڕم. سەرگەردان دەخولامەوە، لە شوێنێکی دەم دەجلە چوومە قاوەخانەیەک. چایان بۆ هێنام نەمخواردەوە. گوتم: پارەم نییە؛ هەر لێم گەڕێن دانیشم. نیمەڕۆ و شەو هێشتیان لەسەر نیمکەتێ بنووم. بەیانی دیسان نانیان دامێ، نەمخوارد؛ گوتم: تا کار نەکەم و نانی ڕەنجی شان پەیا نەکەم، هیچ ناخۆم. دەباغچی بەوێدا ڕادەبردن. قاوەچی گوتی: ئەم کوڕەش بەرن چەرمتان بۆ بشوا. ڕەگەڵیان کەوتم. زۆر زوو دەریانکردم؛ گوتیان کار نازانی. هاتمەوە قاوەخانە. ئەو شەوەشم بە برسیاتی ڕابوارد. بەیانی ئەو ڕۆژە یەکێک هاتە قاوەخانە و بە قاوەچی گوت: لاوێکمان دەوێ لە بەر دەستی ئاشپەز کار بکا و ئەمین بێت. قاوەچی منی نیشان دا؛ گوتی: خزمی خۆمە، من زامن؛ بیبەن. هاتمە دانشکەدەی علوومی عەرەبی و درامە دەست ئاشپەز. هەر ئاشپەز چاوی پێکەوتم وا زەرد و لاواز و بێ تین، پاڵێکی پێوە نام و بەرەو دەرگای ڕەتاندم. وەختا بوو ملم بشکێ. - بڕۆ دەرەوە تۆ بە کار نایەی. گریام گوتم: برسیمە بۆیە بێ هێزم. بەزەی پێمدا هاتەوە. نان و چێشتێکی دامێ و ملم لە پیواز پاک کردن نا. وەک ئاگری بەڵام قودرەتێ کارم دەکرد؛ دامەزرام. وردە وردە خۆم خۆشەویست کرد. زۆربەی کاری ئاشپەزخانەم گرتبووە ئەستۆی خۆم. گەییمە پلەیەک کە کڕینی کەرستەی بازاڕیان بە من دەسپارد و دەستیان پێ لەکاری ناو ئاشپەزخانە بەردام و حەسامەوە. خوێندکارەکان کە زانیان نەخوێندەوارم، دەرسیان پێ دەگوتم. کەم کەم وام لێهات کە ببمە یەک لە خوێندکارەکان و بە ڕەسمی ناوم بنووسن. توانیم لە ئەزمووندا سەر کەوم و پلە پلە بەرەو ژوور چووم تا دانشکەدەکەم تەواو کرد. لە دەورانی خوێندنمدا -کە عەرەبیم باش دەزانی و لە سارد و سەودای ناو بازاڕ شارەزا ببووم- بازرگانی کوردی سولەیمانی زۆریان خۆیان کردبووە ئاشنام و ماڵم بۆ دەکڕین. دەگەڵ ئەوەشا خۆم شتم پێدا دەناردنەوە بۆیان دەفرۆشتم. تەواو ببوومە خاوەن پارە. تەنیا شتێک کە بە لامەوە گران بوو، تکای میوانانی سولەیمانی بوو کە دەبوو بیانبەم زیارەتی شێخ و مشایخی بەغدایان نیشاندەم کە زۆر وەختی دەگرتم. فێڵێکم دۆزیەوە: هەش نۆ حاجی و ماجیم وەدوو خۆ دەدا، هەر لە دەوری دانشکەدە تووشی هەر کولێک دەبووین، دەمگوت: ئەلفاتیحا، دوعا بکەن! لە جوابی پرسیاراندا دەمگوت: ئێرە ئاشپەزخانەی هاروونەڕڕەشیدە، ئەوە ئاودەستی ئەلقادروبیللایە! فڵانە جێ خەوی ئەعووزەن بیللا بووە و هەروەها... هێندەم ئاودەستی خولەفای عەباسی پیشان دەدان تا ماندوو دەبوون و دەمیان لە دوعا کردن وەڕەز دەبوو؛ دەیانگوت: میرزا با ئەو جار بەس بێ، بۆ جارێ تر! لە پاش تەواو بوونی دانشکەدە، جووتێ کەوشی زەردی زۆر باش و عەبایەکم کڕی و چوومەوە سلێمانی. دەوڵەمەند دۆستی زۆرە. لەبەر دەعوەت کردن سەری خۆم پێ نەدەخورا. هەر جەمەی لە ماڵێک بووم. ڕۆژێک لە میوانی حاجیەکە بووم کە کەوشم لێ دزیبوو. حاجی هەر داخی کەوشەکەی لە دڵدا مابوو. بە ئانقەست باسی کەوش دزانم کرد. گوتی: میرزا گیان! ساڵێک نازانم چ سەگبابێک جووتێ کەوشی لە مزگەوت لێ دزیم؛ ئێستاش لە بیرم ناچێ! کەوش و عەبام لە پێش دانا؛ گوتم: من دزەکە بووم. ئەم عەبایەش سووتی کەوشەکەت. چوومەوە بانە قەرزەکانی باوکم دایەوە و لە سلێمانی ملم لە بازرگانی نا. هەر لە زەمانی عوسمانیەوە تا بڕانەوەی شۆرشەکانی شێخ مەحموود، لە هەر کوێ داوای ئازادی کوردستان کراوە، بەشداریم کردووە. تەنانەت هاتمەوە سەقز بۆ یارمەتی حەمەڕەشید خان و کە دیتم بەرهەڵداییە، بە جێم هێشت. ئەوا ئێستاش کە پیر بووم و داراییم زۆری لە کزی داوە، دڵم بەوە خۆشە کە بتوانم یارمەتی داماوان بکەم... ئێرانی کە بە قاچاغ دەهاتن بچنە حەج، میرزا دەرک و دیوانی بۆ دەکردن و پاسپۆرتی بۆ سار دەرکدن. لە بیرمە ڕۆژێک دەگەڵ میرزا لە دوکانێک بووین. کابرایەک هات لە تەپڵی سەریەوە کەسک بوو تا سەر کەوشەکەی. سەید بوو ئەمما سەید! بە زاراوەی مەریوانی گوتی: سڵام، میرزاوڕەمان کامەیە؟ - ها کاکە چت دەوێ؟ - دەچمە حەج، وتیان بێمە لای تۆ. - باشە کاکە! دوو عەکسی خۆت بێنە بەڵکوو کارێکت بۆ بکەم. - میرزا نابێ مەحتەلم کەی، من ئەمشەو دەبێ بچمە بەغدا. سەید گوتی: سەد لاچۆ خۆت لادە! ماڵوێران ئێستا کەرێک بتبینێ قەپاڵت لێ دەدا وادەزانێ بارە وێنجەی! کوڕە ئەگەر بە بیست ڕۆژ بۆت جێبەجێ کەم دەبێ شوکری خوا بکەی. ئەرمەنیەکی ئارەقفرۆش جارێک بە شەرمەوە و لە بن لێوانەوە گوتی: مام میرزا! تۆ دەڵێن پیاوێکی لە پرسیار تووڕە نابی. ئێوە دەڵێن دینی ئیسلام هەقە و دینی گاوران بەتاڵە. کەچی ئێمەی گاورەکان نە شەڕ دەکەین؛ نە ژن هەڵدەگرین؛ نە دزی و چەتەیی دەکەین. ئەو کارانە هەمووی لە موسڵمانان ڕوو دەدا؛ چۆن وا دەبێ؟ میرزا چاوەکان کز کرد و گوتی: - کەسپەڕ! هەر نانێکت دەس کەوت لەتێکی بکە بە خێری مەسیح کە بە سەڵتی مرد! ئەگەر مەسیح ژنی هێنابا و سێ چوار جاشەکەری بەجێ هێشتبا، ئێستا هەزار خۆزگەتان بە موسڵمانان دەخواست. هەتیو کێیە کاری خراپ دەکا؟ دە بڕوانە هەموویان عەولاد ڕەسووڵەکانن و سەیدی بەرزەنجەن، کام کرمانج خراپە دەکا؟ ! جارێک مەلا شێخ نووری ناوێکی زگزلی بە گیر هێنابوو، پرسیاری لێ دەکرد: - مامۆستا شێخ نووری! چۆنە خوای تەبارەک و تەعالا دەربارەی ژن عەداڵەتی بە خرج نەداوە؟ جگە لەوەی کە لە شایەتی و میراتدا دوو ژن بە پیاوێکە، دەڵێن پیاوی بەهەشتی حەفتا حۆری دەدەنێ و ژنەکەی سەر دنیاشی دەدەنەوە. واتا ئەگەر ژنێکی زۆر خوداپەرستی وەک ڕابیعەی عەدەوی -کە بە ئەولیا حیسابە- لە پاش مردن بچیتە بەهەشت، حەفتا هەوێی زۆر جوانی هەیە کە لە سەر دنیا دەگەڵ هەوێیەک نەدەحەواوە؟ ! مەلا گوتی: ژن لە بەهەشت زۆر کەیفیان سازە؛ ئەم پەنیرە لەزیزەی بەهەشت دەخۆن؛ خەمی چیانە؟ ! - واتا مامۆستای بەڕێز! کچی من کە شوو دەکا هەر بۆ پەنیرە! خۆ لە ماڵیش پەنیری هەیە! لەمەوە باسی بەهەشت و جەهەننەم دامەزرا. شێخ نووری گوتی: بەو قورعانەی لە سەر ڕانی ڕاستم داناوە شتێکم دیوە ڕەنگە ئەگەر بیگێڕمەوە بڕوام پێ نەکەن. - بەڵێ بیفەرموو، کێیە بڕوا نەکا. شێخ نووری دیسان سێ چوار سوێندی خەستی خوارد و گوتی: لە گوندی سیتەک، شەوێک چووبوومە سەر ئاو. دیتم زنجیرێکی ئاگرین هەر ورشەی دەهات لە عاسمانەوە داهێڵرا، خرایە ملی مارێکی زەلامی بە قەد هەژدیها. مارە دەیزیڕاند. هەڵیان کێشا و بەرەو ژووریان برد تا لە بەر چاوم ون بوو. سەیرم دەکرد؛ دیارە بردیانە ویزەی جەهەننەمیەکان. مام میرزا گوتی: باوەڕت پێ دەکەم؛ تۆ درۆ ناکەی. بەڵام پێم بڵێ جەهەننەم لە کوێ و بەهەشت لە کوێیە؟ - میرزا تۆ خۆت دەیزانی کە بەهەشت لە ژووری عاسمانان و جەهەننەم لە ژێر حەو تەبەقەی زەویدایە. - دەسا مامۆستا گیان، بەو قورعانەی تۆ سوێندت پێ خوارد ئەو مارەیان بردۆتەوە بەهەشت بۆ گیانی بەهەشتیەکان! ئەگەر بۆ جەهەننەم با، دەبوایە عەرزی بۆ هەڵکۆڵن و کونی کەن و مارەکەی تێخەن. بە خوا مام میرزا قسەکەت جێگەی فیکر لێ کردنەوەیە! «سەید عەلی بیسمیلا» ناوێک هەبوو، بەرزەنجەیی؛ تا خوا حەز کا ناشیرین و خوێناڵ و زمانپیس و شەڕفرۆش بوو. ڕۆژێک میرزا لێی پرسی: دوو ئیشکالم هەیە بۆم حەل کە! یەکەم: دەڵێن ئەگەر مزگەوت ڕووخاوە میحرابی ماوە. دەڵێن پێغەمبەر زۆر جوان بووە، تۆ کوێت وەک ئەو باپیرەت دەچێ؟ ! دووهەم: دەڵێن موسڵمان چواد سەد ملیۆنن. ئایا بە تۆوە حیساب کراوە یان بە تۆڕا چوارسەد ملیۆن و دانەیەکن؟ ! دیارە جوابی سەد عەلی هەزار جنێوی سەر بە کوڵکە بوو! میرزا لە تاریخ، سیاسەت، ئەدەبیاتی کوردی و فارسی و عەرەبیدا بەحرێک بوو بێ بن. هەر خۆش بوو ئەو قسە بکا و گوێی لێ بگرێ. بە ڕاستی ئەو کابرایە مامۆستایەکی زۆر گەورە بوو بۆ من و زۆر شتی لێ فێر بووم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لای شێخ لەتیف میرزا لە نەورۆزدا بردمیە بەغدا. ڕۆژێک گوتی: دەترسم لە ماڵە من بتگرن؛ دەسەڵاتم نییە ڕزگارت کەم و ئابڕووم دەچێ. با بتکەمە پەنابەری شێخ لەتیف و واش ناکەم بزانێ تۆ لە لامی؛ تا نەزانم قبووڵت دەکا. شەو ڕۆیشت و زوو هاتەوە. پاش تاوێک شێخ لەتیف بە تەنیا بە ترۆمبیلێکەوە هات و بردمیە ماڵە خۆی. با ئەوەش بڵێم: وەک دەڵێن «ناوی گەورە و شاری وێران». منێکی وا نەزان و دنیا نەدیتوو، ناوەکەم وەک شاعیری شۆرشی کوردە وە پێش خۆم کەوتبوو، دەوروبەر دەیانناسیم. شەوێک میرزا پرسی: تۆ جحێڵی، شێخ نەجمەدینێک هەیە دەڵێ هەژار ئاواڵ فەقێم بووە؛ کە ئەو زۆر پیرە. تۆ دەیناسی؟ - نە بە خوا. - باشە گاڵتەیەک دەکەین! سبەی شەو شێخ و چەند برادەرێکی بانگ کردبوو. کە دەیانپرسی: ئەمە کێیە؟ دەیگوت: سۆفیەکی جاهیلە و من ڕیش و پرچم پێ تاشیوە! لە ناو قساندا لە شێخ نەجمەدینی پرسی: هەژاری ئاواڵت لە کوێیە؟ گوتی: دەڵێن لە بیارەیە. بریا بهاتایەتە ئێرە، ئای چەند بۆی بەتاسەوەم! دەستی کرد بە حیکایەت گێڕانەوەی هەواڵەتی گەرمی خۆی و من کە چەند ساڵ پێکەوەمان خوێندووە. میرزا گوتی: سوێند بخۆ کە درۆ ناکەی! شێخ قوت بوو؛ تماشایەکی منی کرد؛ گوتی: ناکا ئەوە هەو بێ؟ بەخوا نەمدیوە، بەڵام خۆشم دەوێ. شێخ لەتیفیش هەر بە ناوەکەم خۆشی دەویستم. لە ماڵی ئەو دامەزرام. لەوێشەوە چەند کەسێکی وەک «ڕەفیق چالاک»، «مەحموود ئەحمەد»ی موعەللیم و زۆر کەسی دیم بوونە ئاشنا. چاوم بە «برایم ئەحمەد» کەوت کە ئەویش ئەندامی کۆمەڵە بوو. شێخ لەتیف لێی پرسیم: برایمت چۆن دیت؟ گوتم: پیاوێکی زرینگ و زانایە و زۆریش کوردە، بەو شەرتەی خۆی بکەنە سەرۆکی کوردستان! کاتێ ملامستەفا لە سابڵاغ بوو، «هەمزە عەبدوڵڵا» ناوێکی ڕاسپاردبوو کە حیزبێک بۆ کورد لە عێراق دەمەزرێنێ و کاغەزی دابوویە. شەوێک گوتیان مامۆستا دێت. هەمزە عەبدوڵڵا پەیدا بوو. پیاوێک زۆر بووتبەرزی قوڕەدەماغم هاتەبەرچاو. گێڕایەوە کە لە سابڵاغ -وەک پێویستە- قەدری نەگیراوە و قسەی وای کرد کە هەر شەللاتیەک پێی شەرمە بیڵێ. دەربارەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ڕۆژاوەوە فەرمووی: هیچ جێگەی نیگەرانی نین؛ کارگەران لە جیاتی بارووت خۆڵ دەکەنە ناو بۆمباکانەوە و سەرکەوتن هەر بۆ دەوڵەتی سۆڤیاتی خۆمانە! دیارە قسەی مامۆستا زۆر بە ئێحتوبارە و کەس ناکرێ بڵێ وا نییە. هەر چی دەمدی و دوو پیت و لەتێکی خوێندبوو، کوموونیستی دوو ئاتەشە بوو. سەر و بنی قسەیان سڵاوەت لەدیداری ستالین بوو. من کە هیچم دە باراندا نەبوو، هەرگیز لە کومۆنیستیش تێنەگەیبووم، جارێک ویستم گلە بکەم کە ڕووس ئێمەیان بە جێ هێشت و شەرتیان نەبردە سەر، زۆر بە توندی بە گژمدا هاتنەوە و بە هەزار و یەک دەلیل حاڵییان کردم کە ڕووسیا لە مەسڵەحەتی کورد ئەو کارەی کرد. ئەمریکا دەیەویست یاریدەی ئێران بکا و کوردستانیان وێران دەکرد. ڕووس بە ئامانەت خۆی کێشاوەتەوە؛ ڕۆژێکی نە دوور دیتەوە و ئازادمان دەکا! ئیتر ئەو جار منیش عوزرم بۆ ڕووسیا دیناوە و دەمەویست ئەو خۆ لە کوردستان بێ خاوەن کردنەی بە سەد باردا پینە بکەم! تا نەڵێن ڕیجعی و نەزانە! لە بیرمە یەک لە دەلیلە باشەکان ئەوە بوو: مەسەلێ کوردی ئێران و هەرای یۆنان هەبوو. چینی شەشسەد ملیۆنیش هەبوو. ڕووسیا بۆ ئەوە چین بکاتە هەواڵی خۆی و تاقەتی ئەو هەمووە جەبهەی نەبوو -چونکە لە شەڕی ئاڵمان زۆر زیانبار و لاواز بوو- دەستی لە قازی و مارکۆس هەڵگرت و چینی بردەوە. دوو دەسرەی سووتا و قەیسەریەکی وەگیر کەوت. پیاو قەیسەری هەبێ دەسرەش پەیدا دەکاتەوە. ڕووس و چین ئامریکا دەخنکێنن و ئێمەش لە چنگ ئێران و تورک دەردێنن. کێ بێ ئەو قسە خۆشەی وە بەر دڵ نەکەوێ؟ ! بەڵام کەی؟ ستالین دەزانێ! ها، ڕاست دەکەن. منیش لە شیعرێکمدا لە تەورێز گوتبووم: ستالین دەزانێ چییە حاڵمان. کاک هێمنیش گوتبووی: ستالین گوتوویە: «یەمان پریسکی کوردیسکی خەرەشوێ». ئەمما ئێمە مانای قسەی خۆمان نەدەزانی، ئەوانە زانان و دەزانن دەڵێن چی! خولاسە منی ئاوارەی ماڵ وێران و کڵۆڵی پاشەکشەی ڕووسان لە ئێران، خواخوام بوو بە ڕیجعیم نەزانن و بە کومۆنیستم لە قەڵەم دەن و لە گەل هەڵمناوێرن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە «بیبیجەک» بۆ شوێنەونی ناردرامە گوندێک بە ناوی «بیبیجەک»» ماڵی «مەحموود بەگ» ناوێک کە پیاوی شێخ لەتیف بوو. زۆری نەبرد «عەبدولقادر ئەحمەد» و «باقی بامەڕنی» هاتنە ئەوێ و یەکترمان ناسیەوە. باقی ناوی «مام غەفوور» و عەبدولقادر «کاخدر» بوو؛ تا نەناسرێن. مەلامستەفا لە شنۆوە ناردبوونیە عێراق؛ نامەیان بۆ چەند کەسێک هێنابوو. کە دەگەڕانەوە، گوتم: منیش دێمە لای مەلامستەفا. گوتیان تا پرسی پێ نەکەین ناتوانین بتبەین. نامەم بۆ بارزانی نووسی، نامەم بۆ ماڵی خۆمان نووسی کە ساغم و حەق و حیسابی قەرز و قۆڵەم بۆ ڕوون کردنەوە. مام غەفوور هاتەوە و خەبەری دا کە کاخدر لە دەوری شنۆ لە بەفردا گیری کردووە و لە برسان کەوتووە و خۆی داوەتە دەست دەوڵەت و بەرەو تارانیان بردووە. مەلامستەفاش ڕووی کردۆتە وڵاتی ڕووس و لەو ناوە نەماوە. ئەویش لە ناچاری هاتۆتەوە عێراق. جوابی ماڵەوەشی بۆ هێنابوومەوە: کاکە ڕەحمان گوتبووی دەمانچەکەی ئەویان لێ ساندم. قاسماغا -کە نوسیبووم سێسەد و پەنجا تمەنی لایە- تووڕە ببوو: حەددی چییە قەرزی لای من بێ؟ ! مەلاعەوڵا گوتبووی: سێ هەزار تمەنم لا نییە؛ سوێند دەخۆم. دیار بوو پیاو هەرچی بێ، تا لەبەر چاوانە لەبەر دڵانە. تەنیا برایەک کە لە بیری نەچووبووم کاک هێمن بوو؛ لە جەنگەی سەرباز و عەشایر ڕژانە ناو شاردا، ماڵ و منداڵەکەمی بردبووە گوندی شیلاناوێ و لە خەتەر پاراستبوونی. کە دوای ئێمە ئاغایانی کوردیان بردبوونە تاران، شا پرسیبووی: ئەو هەژارەکە چی لێهات؟ حاجی بایزاغا گوتبووی: قوربان! ئێمە کوشتمان... دوای هەڵاتنەکەم لە بۆکان، عەوڵاغای مەحمووداغا جنێوی بە کوێخاکەی دابوو کە: دڵی پێنج قڕانی فیشەکێکتان نەهات هەژار بکوژن... چوبوومە سولەیمانی لە وەتاغێکی تاریکی دیوەخاندا دەژیام؛ بۆ ئەوە کەس پێم نەزانێ. کە مام غەفوور هاتەوە و بوو بە ئاودەنگیم، ڕۆژێک درگا کرایەوە، «عوسمان دانیش» کە لە سابڵاغ دەمانناسی و دەرسی کوردی بە منداڵان دەگوت، وە ژوور کەوت؛ کە ئەویش تازە گەڕابۆوە. - کاک عوسمان ماندوو نەبی. - عەفوو بکەن من ناوم مەلا کەریمە، عوسمان نیم. ها! من ئێوە دەناسم: تۆ باقی! تۆ هەژاری! باقی گوتی: ئاخر عوسمان گامووش! مانگێکە یەکترمان نەدیوە؛ بۆ تۆ دەمانناسی و ئێمە ناتناسین؟ ! ڕۆژێک دیتم کابرایەکی ملپانی، پاڵتۆیەکی بەرگنە وشتری هەشتەڕۆیانە لە بەردا و کەوشێکی پاش پانیەدرێژی قەتارەچیانە دە پێدا هاتە ژوور. پاش تاوێک ناسیمەوە حەسەن قزڵجینە و ماوەیەک لە بیارە سۆفی بووە و ئێستا هاتووە. پێک شاد و شوکور بووین. ناو بە ناو کاک هەمزەی کۆنە شەریکم و مەلا عەوڵای حەساریش بوونە پەنابەر. ڕۆژێکی تر سەر لە بەیانی، کەشیدە بە سەرێک -کە دەتگوت زەردەچێوی پێدا ڕژاوە- هاتە لای شێخ کە چارێک بکا. حاجی عەلیم دەناسی لە بۆکان، ئەرزیابی تووتن بوو. ژنێکی شۆخی خەلیفەی هەبوو. زۆر دەوڵەمەند و وەجاخکوێر بوون ماڵیان چووبۆوە سەقز. - حاجی گیان! تۆ و ئێرە چی؟ - ئای قوروان! حەقایەت من دوورە: خانم هەڵیپێچام، وتی هەوەڵ؛ مامۆستا و ئاخر شام. ئێمە کە حەشرمان لە شام ئەکریە، بۆ ئێسە نەچین؟ گش ماڵەکەمان فرۆشت؛ فەڕشمان هێشتەوە و بارمان کرد و چووینە قەسر شیرین. قاڵیەکانمان دا وە قاچاخچی، کە خۆشمان و فەرشەکانیش بەرنە ئەودیو. قەرار دریا سەعات دوانزەی نیمەشەو بیانبینم. قوروان خۆت ئەزانی ئەسڵەحەی موسوڵمان چییە؟ دەستنوێژە! دەسنوێژم گرت. چوومە سەر کۆڵان هاوارم کرد: عەبدولقادر! تومەز کاورایەکی پۆلیسی شەو ناوی عەبدولقادرە! بە غار هات و منی دیت و کەلەمچەی کردە دەستمەوە. وە هەزار نارعەلی، وە سەد تمەن بەری دام. بێ ئەدەبییە لەخزمەتتا، قاڵیەکانیش لە خانەقین گیران و گومرگیان لێ ساندین. گەیینە بەغدا وتم لای عەبدولقادر گیان دائەبەزم. فەرش و خانم و من لە بن دیواری غەوس لە پەنا جادە ماینەوە. لە زوان کەس تێنەدەگەیشتین. ئێوارە وەختە، کاورایەک وە کوردی وتی: ئێوە چین و بۆ لێرەن؟ کە تێگەیشت، بانگ حەماڵی کرد و قاڵی و ئێمەی بردە ماڵ خۆی. وتی: لە ئێرانەوە قاچاغ هاتگن؛ نایەژم ئەو ئەیوت: «حەشری چە و مەشری چە؟» تۆبە ئەستەخفیڕوڵڵا! لە سەر قسەی ئەو گەڕاینەوە سولەیمانی و ئێستا هاتگمە لای شێخ فکرێ بکاتەوە چی بکەم. ئەو بەینە زۆر بە تاسە بووم «شێخ مەحموود» ببینم؛ بەڵام تا داوام دەکرد، شێخ لەتیف بەهانەیێکی ئەدۆزیەوە و دەیگوت جارێ! شێخ لەتیف بۆ خۆی شاعیر بوو؛ بەڵام باوەڕ ناکەم شیعری کەسی خوێندبێتەوە. تەنانەت ئەو کاغەزانەی لێقەوماوان بۆیان دەنووسی، قەت یەکی نەدەخوێندەوە و وە بن دۆشەگی بن قوونی دەدان. کە لە «بیبیجەک» بووم، سوارێک بە غار هات و نامەی شێخ لەتیفی دامێ کە: زۆرم تاریفی تۆ لای شێخ مەحموود کردووە؛ پێی خۆشە نموونەی شیعرت ببینێ. تکایە شیعرێک بووسە با بۆی بخوێنمەوە. من کە دەمزانی حاڵی چۆنە، کاغەزێکی سپیم خستە ناو پاکەتەوە و ناردم. کە شێخ لەتیفم دیتەوە گوتم: ها؟ شیعرەکەم چۆن بوو؟ فەرمووی: زۆر خۆش بوو؛ شێخ مەحموودیش زۆری پەسند کرد! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە «سیتەک» بەرەبەری نەورۆز قزڵجی و مام غەفوور و من و هەمزە چووینە گوندی «سیتەک»؛ لە ژوورێک دایانکەردین. لایەکی چەپەرێکی شەق و شڕ، کە دیتمان تاژیەک لەوێوە خۆی کرد بە ژوورا. دنیا تەڕی و قوڕی بوو. خۆمان بە قوڕی حەوشە، چەپەرمان کونبڕ کرد. داری تەڕی سۆپەمان بە بەرەوە هەڵچنی. ڕایەخمان لباد و پڕ لە ئەسپێ بوو؛ هێندەمان «دێ. دێ. تێ» پێوە کرد، پێت لێدەنا تۆز هەڵدەستا. پاش دوو ڕۆژ میرزا ڕەحمان یەک باری کوتەکی کتێبی بۆ ناردین کە وەڕەز نەبین. کتێبی چۆن؟ هەر لە تالیفاتی مارکس و ئینگلسەوە تا «خەباتی من»ی هێتلەر، لە حەدیس و شەرعەوە تا تەرجەمەی کتێبی بێ شەرمانەی بازاڕی «سان دۆنی» پاریسی، تا کەراماتی شێخ حیسامەدین! خولاسە ئەوەندەی دژ لێک کۆ کردبۆوە کە باسی نەکرێ. ڕۆژانە من و هەمزە بە تفەنگێکی تاپڕی شێخەوە دەچووینە ڕاو، سوێسکە و کۆتر و کەومان ڕاو دەکرد. قزڵجی لە ماڵەوە کتێبی دەخوێندەوە. شەو حاسڵی ڕاومان دەخوارد و گوێمان لە قزڵجی دەگرت کە وەک حیکایەتخوانی لە زەبر، چی خوێندبۆوە دەیگێڕاوە. شەوێک قزڵجی لە مەلا عەوڵای پرسی: - ئەگەر کەرێک زۆریش تێر بێ، وێنجەی تەڕی بۆ بەرن نایخوا؟ - جا ئەوە پرسیاری دەوێ؟ - دە بڕوانە لەم کتێبانەدا دەڵێ: شێخ حیسامەدین چوبووە باغێک، کەرێک لەوێ بەسترابۆوە. فەرمووی ئەو کەرە دەڵێ برسیمە. وێنجەیان بۆ برد خواردی! گوتی: چ سەگبابێک نووسیویە؟ - خەلیفە مەحموود. - جنێو بە خەلیفە نادەم، بەڵام قسێکی بێتامە! ڕۆژێک دەگەڵ هەمزە لە سەر گردێکەوە بەرازێکمان لە قامیشەڵانێکدا بەدی کرد. تاپڕمان پێ بوو. وتم: با بۆی بچین! - بەراز خەتەرە! - نەخێر، دەیکوژین. پاش مقۆمقۆیەکی زۆر، پێک هاتین. هەمزە بە قریوە و هەرا و من بە تاپڕ ڕیسکمان کرد و پەلامارمان برد. کەچی بەراز بە کۆلکە سووتاوێک دەرچوو! ڕۆژێک کە نەدەچووینە ڕاو، لە سەربانی مزگەوت ڕاوێچکەمان دەکرد و گوێمان لە خەڵکی گوند دەگرت. «کوێخا تەوفیق» عاقڵمەندی دێ بوو؛ چەکداری عوسمانی کردبوو؛ لە شەڕی «بەسرا» بەشدار ببوو. ڕێی بە نوون دەگوت. باسی شەڕی دەگێڕاوە کە بە سەرنێزە کراوە، دەیگوت: سوڵتان عەبدولحەمید! خوا غەنیقی نەحمەتت کا! تۆ ئەگەن بەغدات هەبوو، بەسنات بۆچبوو؟ ئەو هەموو گەنجەت بە سونگی تاق بە کوشتن دا! جارێک قاو داکەوت خەلیفەی شێخ حەسەنی قەرەچێوانی بەڕێوەیە. لای وێڵەدەر ڕێویەک بەرەوپیری هاتووە، دەورێش خرێک بوون بۆی بچن بیگرن، خەلیفە فەرموویە لێیگەڕێن. ڕێوی ئاوزەنگی خەلیفەی ماچ کردووە و سەری پێدا ساویوە! خەلیفە دەستی بە سەریدا هێناوە و فەرموویە: «ئەوا کردمی بە خەلیفەی ڕێوی ئەو ناوە، تۆ تۆبەیان دادە!» و بەرەڵای کردووە. بوو بە قریوە: ئای لەو پیاوە ممبارەکە! ئای خۆزگە بەو ڕێویە بەهەشتییە! زۆر گەرم داهاتبوون و کوێخا تەوفیق لە گشتیان زیاتر. «حاجی قادری کۆیی» دەڵێ: سۆفی وەک تەشنە بوو لە زیکری هەتاو هەموو دینی دەدا بە کاسێک ئاو شیعە وەک تەشنە بوو لە سینە زەدەن بە دوو قەترەی دەدا حوسێن و حەسەن خەڵکی سیتەک هەموو بژیوی ساڵیان لە سەر دار فرۆشتن و ڕاوە ڕێوی بوو. لە تەنیشت مام کوێخاوە دانیشتم: - خەبەر چییە؟ چۆن تۆ باسی خەلیفە و خەلیفە ڕێوی نابیسی؟ بە خوا ئەبێ خۆمان ساز کەین خزمەتێکی باشی ئەم خەلیفە و دەروێشانە بکەین. - کوێخا گیان! تا ئێستا خەلیفە ڕێوی هەموو ڕێویەکانی شارباژێری کردۆتە دەروێش. بە خوا هەرچی ڕێوی بکوژێ، ئەچێتە جەحەندەم. بەم خەڵکە بفەرموو لە ڕاوە ڕێوی دەس هەڵگرن. کوێخا تاسێکی بردەوە، بانگی کرد: - کوڕە وەرن، هەی بکەم بە کنگی باوە خەلیفەوە! خۆ نابێ ڕاوەڕێوی بکەین! - دیسان غەڵبە غەڵب دامەزرایەوە. بە کۆمەڵ دوای خۆم دان بۆ لای شێخ لەتیف کە ئەوسا لە سیتەک بوو: - یا شێخ! خۆت دەزانی ئەم شارباژێرە پاوانی تەریقەتی کاک ئەحمەدی شێخە. خەلیفەی گەرمیانی حەقی چییە ئاسۆگ بپەڕێنێ و مرید لە ئێوە داگیر کرا؟ شێخ گەرم داهات: - دادەی سوار! سوار بن ئەم باوەحیزە بەرەو شارەزوور بڕەتێنن! مەلا شێخ نووری - کەباسی کرا - تیتووڵە شاڵێکی سەدانەی بە دەوری وەرگیدا هێنابوو؛ دەتگوت کەمبەری دەوری دەهۆڵە. لاقی کورت، سەر درێژۆکە، لیچشۆڕ، هەر مشەی دەهات. ژنێکی زۆر لەبار و قەدباریک و بەناز و نووزی - مارە بە جاش - لە خۆی مارە کردبوو؛ تەڵاقی نەدابۆوە. ژن شارستانی و خوێندەوار و تووشی ببوو بەو عەلامەتەوە و لە سیتەک دەژیا. خواخوای بوو مەلای تووڕە کا و تەڵاق بدرێ. خەڵکی دێ کە دەیانگوت بڵح و سووکە، مەلا دەیفەرموو: قوربان! ئەم ژنەی منە خۆنگەوارەیە! قورعان لە سینگەیە! چونکە مەلا بوو، تێی نیشانەی مێوینەی عارەبی دەخستە سەر وشەی کوردیش! ڕۆژێک زۆر بە شپرزەیی هات و گوتی: - مەلا محەممەد، مەلاژن نەخۆشە و تۆی دەوێ کە دەرمانی کەی! - مامۆستا من حەکیم نیم. - بە خوا ئەڵێ ئەبێ هەر بێ. مەلاژن لە سەر جێگە کەوتبوو؛ سنگ بەرەڵا. دەستی گرتم و لەسەر مەمکی دانا. زانیم داوە و بۆ منی ناوەتەوە. هاتمەوە و دوو بنێشتی ڕەوانیم بۆ نارد. مەلاژن لە سایەی من ساغ بۆوە و ناوم لە دێدا بە حەکیم زڕا. جا وەرە و سوێند بخۆ کە حەکیم نیم. «ئەی بۆچی مەلاژنت چا کردەوە؟» تا خۆم لە مەلاژن و سیتەکیان ڕزگار کرد، شەیتان گوتی چەق! جارێ شێخ لەتیف هەڵیپێچا کە ئەم ژنە تەڵاق بدا؛ بۆ ئەو نابێ. لە وەراما دەیگوت: قوربان! من تەڵاقی بەم و بچێ شوو بە نامەحرەمێ بکا؟ ئەمە چۆن ئەبێ؟ ! پێم گوت: مامۆستا ئەو ورگ و گیپاڵەی تۆ بۆ خەلیفەتی دەناڵێ. گوتی: خۆ ئە. گەوادیەشم کردووە! شەش مانگ خەلیفەی سەید بووم. من شەشسەد تمەنم بۆ کۆ کردنەوە؛ ئەو سێ تمەنی دامێ، وازم لێ هێنا! نانمان هەبوو؛ پێخۆرمان کەم بوو؛ ماست هەر دەست نەدەکەوت. ڕۆژێک دەگەڵ قزڵجی لە سەر مانای شیعرێک کێشەمان بوو، قزڵجی گوتی: بە ماست، بە مریشک سوێند ئەخۆم قسەی من ڕاستە! - یانی چی؟ - ئاخر ئەگەر ئەوانە موقەددەس نین، بۆ کەس نایانخوا؟ ! شێخ لەتیف حەفتا گوندی دەخوارد؛ بەڵام هەمیشە قەرزدار، نێو ماڵ ڕووت و بێ فەڕش و لێفە، لە پێخۆردا ناساز، تا خواش حەز دەکا دڵاوا و میوان دۆست، تا خواش حەز بکا بێ سەلیقە و لە کار نەزان. زۆر جار فزوولی دنەی دەدام و لۆمەم دەکرد: - ئاخر یا شێخ! تۆ ئەو هەموو خەڵکە دەڕووتێنییەوە، هەموو داهاتت چەند نۆکەرێکی شەلاتی دەیدزن. تۆ نابێ پێودانێک بۆ خۆت دانێی؟ دەیگوت: ئێمە بەرەی کاک ئەحمەد پێمانەوە نایە ڕێکوپێک بین؛ ماڵی شێخ مەحموودیش وەک ماڵی من وایە! زۆر بە ناشکوری ناڵێم، لەم کوردستانەی ئێمەدا گەورەیی بە میراتە نەک بە هونەر و جەوهەر. عەولادی کاک ئەحمەدی شێخ تا دنیا دنیایە لە خەڵکی تر پایەبەرزترن؛ نابێ گوێ بدرێتە زانین و هونەریان. جا چونکە کوڕی گەورەماڵان لەلە و نۆکەر بەخێویان دەکەن، بە ئارەزووی خۆیان ڕایاندێنن کە قازانجی ئەوانی تێدابێ. زۆربەی لەلە و نۆکەرەکانیش لە ئاکاردا پاک نین. زۆر بە دەگمەن هەڵدەکەوێ کوڕی پیاوی گەورە نالەبار هەڵنەکەون. ماڵە سەید تەها، عەولادی شێخی بورهان دوو نموونەن. هونەری شێخ لەتیف هەر ئەوە بوو کوڕی سابڵاغ مەحموودە و بەس! هەر لە سیتەک، قازی کاکە حەمەی بۆکانیشمان هاتە لا و لە ئێران ڕایکردبوو؛ تەواو پێی حەساینەوە. زۆر زانا، زۆر قسەخۆش و ڕووخۆش، تا خواش حەز کا ترسەنۆک. بەگشتی بەرەی ماڵە قزڵجی هەر سەریان لە هێلکە جووڵایەوە عالمن. هەموویان زیرەکی بێ هاوتان. بەڵام هەموویان ترسەنۆکێک خوڵقاون کە ناوێرن تەنانەت هونەر و جەوهەری خۆیان دەرخەن. «تورجانیزادە»، «محەممەدی قزڵجی»، «قازی کاکە حەمە»، «حەسەنی قزڵجی» نموونەی ئەو ترسەلە ڕادە بەدەرەن. هەر کەسی تر دە یەکی ئەوان زانا با، ناوبانگی دەنگی دەداوە؛ بەڵام ترسی وا بە تەوەژم ڕێگەی خۆدەرخستنی لێ بڕیون. جارێک شێخ لەتیف هاتبووە سەردانمان لە سیتەک. کاتێ سوار ببوو، دەڕۆیشت و ئێمە بەڕێمان دەکرد. «قازی کاکە حەمە» لە ڕیز دەرکەوت و چۆکی دادا و دەستی بە ئەژنۆی ئەسپی شێخ گرت. شێخ لەتیف بە سەرسوڕمانەوە پرسی: - مامۆستا چیت لێ قەوماوە؟ - یا شێخ دەترسم دوای تۆ سی پۆلیس بێن بمگرن! - جا بۆ سی؟ بۆ بیست و هەشت یان سی و دوو نەبن؟ - قوربان لێرە دەترسم؛ بمنێرە لای شێخ مەحموود. قازی بە جێی هێشتین و ئێمە لە خەتەردا ماینەوە! - قزڵجی و من و لە بیرم نەماوە کێی تریش - پێم وایە هەمزەی سڵەماناغا بوو - ناوی خۆمان گۆڕی. قزڵجی ناوی «سەعید ڕەحیم» و من «عەزیز قادر»م هەڵبژارد و شێخ لە «چوارتا» پێناسی عێراقی بۆ وەرگرتین و بووینە عێراقی و ترس و لەرزمان لە گرتن بە سەر چوو. لە سایەی ڕاوی هەموو ڕۆگەوە دەگەڵ هەمزە، ببووینە پیادەیەکی وا قۆچاغ تاژیمان نەدەگەیشتێ. جارێ بە غاری بێ وچان لە سیتەکەوە بە هەورازی «هەرووتە»دا سەرکەوتین. ڕۆژێک سەر لە ئێوارە لە قەدی چیای «کورەکاژاو» حەیوانە کێویەکمان بەدی کرد. دامەزراین کە بیکوژین؛ کەچی مەعلووم بوو کە ئەویش ڕاوکەرێکی کوڵەباڵ لە بەرە و ئێمەی بە حەیوان زانیوە و لێمان دامەزراوە. دەڵێن جارێک چەند مەلایەک لە دم چوومی «کەڵوێ» چوونە سەر پێشاو کە دەسنوێژ بگرن؛ کابرایەک لای وابووە پۆلە کەڵکن و تفەنگی پێوە ناون. ئێمەش وامان بە سەر هات. لە بەهارا شێخ بە حەلاوی کارەکەریەوە - بۆ ڕاوە کەو - هاتە سیتەک. کەیفمان ساز بوو. دەگەڵ شێخدا شەو بە کێو لە ڕاو بووین. کاتێ لە بەغدا دەگیام دەگەڵ قزڵجی - کە لە سولەیمانی بوو - دوو پارچە شیعرمان پێک گۆڕیەوە، کە زۆر بە وردی ژیانی ئەو ڕۆژانەی شارباژێریان وێنە دەکیشا. بە داخەوە نەمماون و هەر ئەوەندەم لە بیر ماوە کە نووسیومە. عەوڵا ناوێک لە سیتەک بوو، جگە لە ناوی ئاغا هیچ عەشتەبای شک نەدەبرد. هەمیشە دەست لە کەلەکەدا و بە فیزەوە دەیگوت: من جگە لەوە کە ئاغام، ڕەعیسولعوزەرای شێخ لەتیفم! نەوسن و چەورەیەک بوو هەر مەپرسە. قادراغا ناوێک بۆی دانابوو: ئەگەر نایناسن، ئاغا هەرووتە لە تەقەی کەوگیر گوێی وەک کەر جووتە ڕۆژێ بە فیزێکەوە دەگەڵ مەحموود بەگەکەی «بیبیجەک» هاتنە لام؛ گوتیان: ئاغا گەورەترە یان بەگ؟ گوتم: نازانم. «محێدین چنارەیی» درێژی لاواز، نۆکەری شێخ دەهات؛ عەوڵاغا بانگی کرد: محە ڕەق! تۆ خۆنگەواری. ئاغا گەورەترە یان بەگ؟ - بە خوا ئەمانە وەک سەگ و تاژی وان، فەرقێکیان ناکەم! مەحموود بەگ گوتی: ساوەڵڵا دەڵێن تاژی بەگزادەی سەگانە؛ من نەجیبترم! کابرایەکی وێڵی بێ ماڵی ڕووتەکە هەبوو، پەستەکێکی سەد پینەی درێژی تا سەر ئەژنۆس دەبەردا بوو. سەر و بنی قسەشی«زالیکە» بوو، خۆی بە پێغەمبەر دەزانی؛ شێخ گاڵتەی پێ دەکرد. گوتی: زالیکەی ماکەر! تۆ چۆن پێغەمبەرێکی؟ گوتی: پێغەمبەری کەرانم و خوا ناردوومیەتە سەر ئێوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند ئاشنای ئەو سەردەمە لەو ڕۆژگارەدا باو باوی «خولەپیزە» بوو. ئازایەتیەکەی ببوە دڵخۆشکەرەی داخ لە دڵان و بێچاران. لە ترسی سەربازی ڕایکردبوو؛ لە دەوڵەتی عێراق یاغی بوو. خەڵکی شارباژێر بە دزیەوە یاریدەیان دەدا. عەلیاغا ناوێک هەبوو لە گوندی «ئەحمەداوا» زۆر زمانلووس و بە چاپ و گوپ؛ دەشیگوت دێبۆکریم. لە سولەیمانی پێنجسەد دیناری لە ئەستاندار ئەستاندبوو کە خولەپیزەی بۆ بکوژێ. عەلیاغا بە شات و شووت ئەو قسەی درکاندبوو. بەیانیەک خەبەریان هێنا کە شەو لە جێدا سەری ئاغا بڕاوە و کەس تا بەیانی درەنگ نەیزانیوە. خولەپیزە لەو یاخی بوونەیدا دووسەدوهەشتا پۆلیس و پتر لە سەد جاشی دەوڵەتی کوشت. لە ئاخریدا بە دەستی هاوکارێکی خۆفرۆش لە خەودا کوژرا. ئێستاش باسی ئازایەتی ئەو، چیرۆکی شەوانەی شارباژێریانە و بۆتە زاپاتایەک. لەگەڵ شێخ هاتینەوە شار و ئاشناکانمان بە سەر کردنەوە و زۆریش دۆست و ئاشنای تازەمان بۆ پەیدا بوون. جگە لە میرزاوڕەحمان، ئەو کەسانەی ببوونە ناسیاومان و شیاوی باسن ئەمانەن: ١- ڕەفیق چالاک: ڕەفیق چالاک موعەللیم، ئاهەنگساز، دەنگخۆش، ئەدیب، هەنەرپیشە و نومایشنامەنووس بوو. زۆر خۆمان دەگەڵ ڕادەبوارد. لە ئاخریدا لە حیزبی کومۆنیست پلەی بەرز بۆوە و کرا بە ڕەئیسی حیزب و گیرا و بوو بە جاسووسی دەوڵەت و لە شۆرشی بارزانیدا هاتە شۆرش و لە ڕادیۆ کاری دەکرد و بە نەخۆشی دڵ مرد. ٢- مەحموود ئەحمەد: مەحموود ئەحمەد موعەللیم و هەمەکارەی شێخ لەتیف و خۆشەویستی شێخ مەحموود بوو. لە لایەن شێخ لەتیفەوە ناردرابووە باکۆیە؛ هاتبووە سابڵاغ. دەگەڵ حەمەحوسێن خان قسەی تێک گیرابوو؛ دەرکرابو. هاتبۆوە سولەیمانی و گیرابوو. دایکی شێخ لەتیف (ئایشەخان) چووبووە تکایە کە بەری دەن و سوێندی خواردبوو کە مەحموود لە عێراق دەرنەکەوتووە و لە سەر موڵکی ئێمە بووە. ئەستاندار گوتبووی: خانم فەرمایشتت لە سەر سەران؛ بەڵام مەحموود دوو شاهدی وا عادڵی دەگەڵ خۆی هێناوە کە ڕەد ناکرێتەوە. - ئەیڕۆ شایەتی چی؟ بە خوا درۆ دەکەن. جووتێک چەکمەی لبادی فشوفۆڵی ساڵداتی ڕووسان و کڵاوێکی کەوڵە بەرفی بە ئەستێرەی سوورەوە هێنابووە بەردەمی کە: بابە! ئەگەر ئەوە نیشانەی چوونە ڕووسیا نەبن لە کوێ دەس دەکەون؟ ! بەو حاڵەش بەریان دابوو. ٣- قانیع: هەر لە بۆکان بووم کە قانیع هاتبووە موکریان و بۆ یەکەم جار لە «قەرەگوێز» چاوم پێی کەوت. ماوەیەک پێکەوە بووین؛ گەڕاوە عێراق. لە زەمانی دەسەڵاتی کۆمەڵەدا هاتەوە سابڵاغ و دەگەڵ عەبدولقادر دەباغی ژووریکیان لە کاروانسەرای سەید عەلی گرتبوو. حەولی کاری دەدا و جوابیان دەکردەوە. چوومە لای پێشەوا، داوای کارم بۆ قانیع کرد. فەرمووی: دەڵێن جاسووسی ئینگلیسە. گوتم: ئەم کابرایە پتر لە شێست ساڵی عومرە، کەس نەیبیستووە تێری زگی نانی خواردبێ. ئاخر ئەو بەخششی جاسووسییە بۆ کەنگێیە؟ ! بابە! من دەبمە زامن. ئەگەر خەیانەتی کرد من ئیعدام کەن. پێشەوا فەرمووی تۆ ڕاست دەکەی؛ بەڵام ها بخوێنەوە: پتر لە سەد گوزارشی عێراقییەکانی ناو شۆرش هاتبوو کە قانیع پیاو خراپە! فەرمووی: خۆیان پێکەوە خراپن... ڕۆژێک نامەیەکی شاندام کە بۆ «عەلی مەدهۆش» ناوێکی، هەم خەیات و هەم شاعیری نوسیبوو: کاکە! ئێرە زۆر خۆشە، لایەکی ڕیشت لە سولەیمانی تاشیبێ لایەکی بێنە سابڵاغ. چاوەڕێتم. - قانیع ئەوە یانی چی؟ - ئەو حیزبانە هاتە بن کڵیشەوەمەوە، وتی بۆ بچۆ؛ ئەگەر خۆشت لێگوزەرا خەبەر بنێرە منیش دێم. دەمەوێ ئەویش ڕە دەردی من بچێ و کاری دەس نەکەوێ! ئێوارەیەک دەگەڵ قانیع چوومە مەنزڵەکەی. لە دوورەوە بانگی کرد: - عەولقادر ژوورەکە چاکەت دە. - یانی چی؟ - گزکمان نییە بە چاکەت ئەیماڵین! قانیع کرا بە موعەللیم لە «باڵانیش»؛ پاشان لە «کەلبەڕەزاخان». کە لێیان دەپرسی چ کارەی؟ دەیگوت: هام لە «سەگی پێشەوا»! ئەم گوندە ناوی کەلبەڕەزاخان بووە، «کەلب» سەگە و ڕەزاخانیش نەماوە. ماڵ و منداڵیشی هێنا و ماوەیەک لە بۆکان ژیا. لەگەڵ تێکچوونی شۆرش بەرەو عێراق ڕایکردبوو. کوڕێکی لە ڕێگە لێ ون ببوو، پاش ماوەیەک بۆیان هێنابۆوە. لەم بەینەدا کە لە ئێران بوو، دیوانی شیعری - کە ناوی ڕاستی «دایکی کتێب» و ناوی ڕواڵەتی «باڵەکۆلارە» بوو - لای من دانابوو؛ کە مردووە لە فەقێیەتییەوە هێناویانەتەوە لە جێگەی باوکیان داناوە کە هیچ زەوقی لە سەر نەبووە. شەوانە، شێخانە زیکر و تالیلەی بۆ مریدان دامەزراندووە و هەر کە چاویان نووقاندووە بێ هەست بە جێی هێشتوون و چۆتەوە ماڵ و بە ئەقڵی دەروێشەکانی پێکەنیوە. دەروێش بەمەیان زانیوە و دەریانکردووە. لەکار گەڕاوە، بۆتە پۆلیس، بۆتە جەنگەڵبان، کراوەتە موعەللیمی دیانەت. زەمانێک لەماڵی شێخ مەحموود ژیاوە و کاربەدەست بووە. هەرگیز لە عومریدا نان و دۆی نەگەیونە یەک و هەمیشە شڕ و وڕ ژیاوە. بەڵام ئەوەندەی ئەو گاڵتەی بە خەڵک کردووە و ئەوەندەی ئەو لە عومری خۆیدا پێکەوەنیوە، بەڵام ئەوەندەی ئەو گاڵتەی بە خەڵک کردووە و ئەوەندەی ئەو لە عومری خۆیدا پێکەنیوە، باوەڕ ناکەم بۆ هیچ شازادەیەکی بێکار ئەوە لوابێ. مەجلیسی لە شیعری خۆشتر بوو. شیعریشی - زۆر بە زمانێکی سادە و شارەزووریانە بوو - یەکجاری کاری کردبووە سەر چینی نەخوێندەوار و پتر لە هەر شاعیرێک کوردایەتی بڵاو کردۆتەوە. شیعرەکانی زۆربەیان خەمبارانە و داخ و ئاخ بۆ حاڵی بندەستی و پەرێشانی کوردستانە؛ بەڵام قسەکانی ئەوەندە قدیلکەدار بوون مردوویان دەخستە پێکەنین. شێخ و مەلا، ئاغا و خان، دەسەڵاتدار و دەولەمەند لای ئەو گاڵتەجاڕ بوون و زمانەکەی لێ ببوە بەڵا و لە هیچ کوێ دانەدەمەزرا. نەویستانی بە کافریان دەزانی و بەم تۆمەتەش پێکەنینی دەهات. چەند نوکتەیەک لە قانیع دەگێڕمەوە کە دەزانم لە دیوانەکەی چاپ ناکرێن: * شێخ مەحموود لە سیتەک میوانی شێخ لەتیفە. زۆر کەس بە بەغدا و شارەکانی ترەوە هاتوونە لای. شەو دەبێ بە فڕان - فڕانی لێفە و زۆردار لە دەست بێ زۆری دەڕفێنێ. ئەفەندیەکی زۆر بە شەرم و حەیا کە لای شێخ دانیشتووە و دەبینێ قانیع هەڵدەسووڕێ، بە سرتە دەڵێ: - شێخ قانیع دەستم دامانت. منت لە بیر نەچێ. - ئەفەندی ڕازیت تۆش وەک خۆم بی؟ - زۆرت مەمنوونم. شەو درەنگێک لە کەلێنی درگاوە بە قامک ئیشارەتی بۆ دەکا. دەچنە بەر هەیوانی مزگەوت. دوو حەسیری بوریای درێژی لێیە، قانیع لە سەر یەکیان ڕادەکشێ. - دەی ئەفەندی لوولم دە! ئەفەندی لوولی دەدا تا ئەو سەر، لاق و ملی بە دەرەوە و حەسیر دە زگ پێچراوە. - تۆش ڕاوەستە بەڵکو یەکێک بێتە میز کردن، بێژە لوولت بدات! * جەنگەڵ بانە؛ گوتوویانە هەر کەس گوێ بەرازێک بەرێ بۆ دەوڵەت دووسەد فلسی دەدەنێ. قانیع شەش بەراز دەکوژێ، دوازدە گوێ دەباتە ئیدارەی فەرمانداری لە چوارتا. - قوربان بفەرموو دوو دینار و چوارسەد فلسم بەنێ. - کاورا هەروا گۆترەیە؟ بە چیت کوشتوون؟ کوا پاسی تفەنگەکەت؟ فیشەکت لە کوێ هێنا؟ - قوران! مودیربەگ! کوشتی چی و تفەنگی چی و پاسی چی؟ من مەلادێم و ئەم گوێ بەرازانەیان بە زەکات و سەرفیترە داومەتێ. خوا خێریان بنووسێ! پۆلیسێک بە سەرا دێت و دەڵێ: شێخ قانیع ماندوو نەبی. مودیر دەڵێ: تۆ کە قانیعی بۆ دەنگ ناکەی؟ - جەنابی مودیر خەریک بووی گوێبەرازەکانم بخۆی! * کاورایەک هاوار بۆ شێخ مەحموود دێنێ: قوربان! مار وە کوڕمیەوە داوە؛ نان بجاوە با خاسی کاتەوە. قانیع هەڵدەداتێ: باوەحیز! نوشتەی ماری ئەوێ و نانی خۆشی نەهاوردووە شێخ بۆی بجاوێ؛ ئەشێ لە نانی خۆی کەم کاتەوە! * ڕۆژێک شێخ مەحموود لای ئاغاوەتی میوانی باسی تاژیەک دەکا کە نازانم دەشگاتە کەروێشک، بۆچی نایگرێ. قانیع دەڵێ: قوربان! ئەمر بکە کەروێشکێکی ساغت بۆ بێنن. نانێکی لە پشت بەستە؛ ئەو تاژیەی بەردە. بە هەوای نان دەیگرێ و ئیتر هەر کەروێشکێکی دیت وادەزانێ نانی بە سەر پشتەوەیە و ڕزگاری ناکا! شێخ لە سەر ئەوە دەریدەکا. * قانیع و فەقێیەک لە مزگەوتی دێیەکن. حاجییەک تۆپێک خام بۆ بەرماڵی مزگەوت دەکڕێ. قانیع دەرفەت دێنێ و بە فەقێ دەڵێ: ئەم مزگەوتە چەند ساڵە بنیات نراوە؟ - سەد ساڵ. - چەند ساڵە ڕووخاوە و بە مردوو حەساوە؟ - چووزانم، پەنجا ساڵە. - خاسە، پازدە ساڵ مناڵ و ناباڵغ بووە، ئەمێنێتەوە سی و پەنج ساڵ، خۆ ئێسقاتی بۆ نەکراوە! بەرماڵ دەپێچێتەوە و سی و پێنج جار دەڵێ: ئەم بەرماڵەم دا بە تۆ لە کفارەتی ئەو تڕ و تسانە و درۆیانەی لادێی لەم مزگەوتەدا کەندوویانە و کردوویانە. بڵێ قبووڵم کرد و دامەوە بە خۆت! بەرماڵ لەت دەکەن و دەیکەنە کراس و دەرپێ. لە سەر ئەمەش لە دێ دەری دەکەن. * مامۆستای دینە لە گوندێک، بە مناڵان دەڵێ: کوڕم، ئەگەر بازڕەس هات و باسی دروست بوونی خەڵکی سەرزەوی پرسی، بڵێن ئادەم لە قوڕ دروست کراوە، دارە سیواکێکی لە کوونگی خراوە تا کونەکەی وێک نەکەوێتەوە. کاتێ وشک بۆتەوە داریان ڕاکێشاوە، دار گیر نەبووە چۆتە لای خودا بۆ شکایەت: خوایە بۆ کردووتمە گاڵتەجاڕی داران؟ خوا فەرموویە: خەم مەخۆ، وا دەکەم موسلمانان ڕۆژی پێنج جار بتخەنە دەمیانەوە! بازڕەس کە گوێی لەم جوابە دەبێ دەڵێ: - ئەوە لە کام کتێب دایە؟ قانیع دەڵێ: قوربان «قصص الانبیاء» نووسیویە. - کە وابێ گاڵتە بە دەوڵەت دەکەی؛ یاڵڵا بۆ دەرەوە! * کە لە سابڵاغ گەڕابۆوە؛ کابرایەک نیوە ئاشێکی دابوویە؛ ببوە ئاشەوان. لە سەر جادەی گشتی تابلۆی نوسیبوو: بۆ ئاشی قانیع. تابلۆی بە داری دەوری ئاشدا چەسپاندبوو: ئاشێر لێرە دادەنیشن؟ کەرەکان لەم بن دارە مۆڵ دەخۆن. شێخ حەمەدەمینی خاوەن ئاش ڕۆژێک دەچێتە سەردانی قانیع و چاوەنۆڕە بیبینێ. قانیع لە ئاش دێتە دەر و لە قاقا دەدا. - بۆ پێدەکەنی؟ - یا شێخ خۆ تۆ خوێندەواری، لە جێی کەران مۆڵت خواردووە! - بە خوا کەسێک هەواڵی قانیع بێ هەر مۆڵگەی کەری ڕەوایە! نیوەئاشی لێ سێندرایەوە! * شۆرشی کوردی عێراق دەستی پێ کردبوو. ڕۆژێک قانیع دەچێتە سەری خۆپیشاندانێکی گەورە لە سولەیمانی. وتاربێژێک دەنەڕێنێ: - با شانازییەوە ئەم شۆرشە لە سەر شانی ڕانندە و کۆمەگ ڕانندە پێک هاتووە. قانیع دەست بڵیند دەکا: - مامۆستا کە وا بێ مەکتەبی سیاسی ها لە گاراجی عەبدە! لە سەر ئەوە برایم ئەحمەد لە عێراقی دەرکرد و لە مەریوان گرتیان و بردیانە تاران و تا درەنگ نەهاتەوە عێراق. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادێکی پیرەمێرد و فایەق بێکەس ئێستاش هەر بە داخەوەم کە نەیانهێشت «پیرەمێرد» و «فایق بێکەس» ببینم. دەیانگوت فایق سەرخۆشی زمانشڕە و ڕاستت لێ دەڵێ. پیرەمێردیش خۆ دیارە جاسووسە! پیرەمێرد ڕۆژنامەی ژینی دەنووسی. بۆ یەکەم جار لە دنیادا و بۆ ئاخر جاریش ڕۆژنامەیەک لە ڕۆژگارێکدا چوار ژمارەی لێ چاپ دەکرا. چونکە ئیعلانی چوار ئێدارانی بڵاو دەکردەوە. نە کەس دەیکڕی، نە کەس دەیوێرا بیفرۆشێ. گوناهیشی هەر ئەوە بوو کە دەیگوت با بە دڵ کورد بین و کومۆنیست نەبین. جێژنی نەورۆزیشی دەگرت کە بە لای کومۆنیستانەوە کفر بوو. فایق بێکەسی شاعیر زەلامێکی ورگن بوو؛ ملی نەبوو. شەوانە نەیدەتوانی بە ڕاکشانەوە بخەوێ. هەر تاکە لێفەیەکیشیان هەبوو. یان دەبوو فایق لە سەر کورسی دانیشێ و بە شانیدا بدا، یان دەبوو ژن و منداڵی پێ بخەون. هەموو شەو چەند لاوێکی ڕێکوپێک دەچوونە بەر ماڵی فایق تا گوێ لە شەڕەجنێوی فایق و ژنەکەی بگرن لە یەر لێفە... جارێک شێخ لەتیف دەگەڵ خوێدا بردمیە گوندێک بە ناوێ «چوارتاق». ئاویان بە کوندە لە عەرەبەتەوە دەهێنا بۆ خواردنەوە و مەشکە. حیسابم کردبوو کاروانەئاوێک لە سەعاتێکی پتر دەخەیاند. شێخ هەڵیپێچان کە سەد دینار پووشانەم بدەنێ. هەر چەند ژن گریان و پیاو هاواریان کرد کە نە پووڵمان بۆ هەڵدەسووڕێ، نە پووشانەکەس ئەوەندە دەکا، قامچی نەکەران وەکار کەوت و سەد دینار کۆ کرایەوە و شەو گۆشتی مەڕی برژاو خورا و هاتینەوە. - یا شێخ ئەو سەد دینارەت چۆن وا بە پەلە و بۆچی ئەستاند؟ - کاکە! عەلی کەماڵ بەگی بەغدایی هاتۆتە سولەیمانی و دەعوەتی دەکەم! زۆر کەسی دەگەڵ عەلی کەماڵ بانگ کردبوو. فایق بێکەس هات، هەر لە درگا بوو گوتیان ئەو سەگبابە مەجلیسەکە پیس دەکا. من لە پشت درگاوە لە مەجلیسەکەم دەڕوانی کە نەبینرێم. داوای شیعریان لە فایق کرد. لایلایەکەی خۆی خوێندەوە. لەپڕ دەگەڵ ڕەفیق چالاک کێشەیان لێ پەیدا بوو؛ ملیان لە شەڕەجوێن نا. ئەو هەموو مامۆستا و ئەفەندیە ماقووڵانە لە سەر چالاکیان دەکردەوە، کە جلکی جوانتر و بە دیمەن ڕێکوپێکتر بوو. نۆکەران فایقیان بە پاڵەپەستۆ وەدەر نا. وەک دەشزانین لە مەرگی فایق بێکەسدا هەر ئەوانەی دەستیان نەدەچووە گیرفانیان کە لێفەیەکی بۆ بکڕن، بە هەزاران دیناریان لە سەرەخۆشیەکەیدا خەرج کرد. پیرەمێردیش هەروەتر. ئێستاش هەر بۆی دەنووسن: «پیرەمێردی نەمر». جارێک لە مەجەللەی «هەولێر»دا مەقالێکم نووسی کە: لە دوکانێکی بەغدا چەقەڵێکی موومیایی کراوم دیت؛ لە بنی نووسرابوو نرخی بیست و پێنج دینارە. مات مام: خوایە دەبێ ئەو چەقەڵە شاعیر بووبێ یان خزمەتی دەگەڵ شاعیر هەبێ؟ ! پەنجا چەقەڵ بە زیندوویی کەس بە فلسێکی ناکڕێ، بە مردوویی نرخی بیست و پێنج هەزار فلسە! مرادیشم هەر شاعیرانی کوردستان، وەک مەلا مارف و قانیع و فایق و پیرەمێرد و جگە لەوان بوو. پیرەمێرد چاپخانەی خۆی هەبوو؛ لە ماڵی دنیاش ناساز نەبوو. هەموو ساڵان جێژنی نەورۆزی لە گردی مامەیارە دەگرت و لاوی کۆ دەکردنەوە و شیعر و وتاری تێدا دەگوترا و داوەتی جێژنە دەگیرا. کە کومۆنیستی پرەی ساند نەیانهێشت نەورۆز بگرێ. مەقالێکی زۆر جوانی نووسیبوو؛ ئەوەم لە بیر ماوە کە لە پاش باسێکی جوانی نەورۆز نووسیبووی: بەڵام ئەمساڵ لە سایێ حیزبی حیزبانەوە نەورۆزەکەمان لێ تاڵ بوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرەو بەغدا زۆر کەس بە دایمی هاتوچۆی ماڵی شێخیان دەکرد. لەوانە دوو لاوی برا و زۆر نۆجوان و جوانچالاک بوون کە شێخ زۆری خۆشدەویستن و بە گفتی سەعدی: «سەر و سیڕێکی» دەگەڵیان هەبوو. زۆر شتی تری پشتی پەردەشمان دەبیستەوە کە باسیان شیاوی گێڕانەوە نییە... قزڵجی و من هەردووکمان لەو ژیانە پەنابەریە وەڕەز ببووین؛ بڕیارم دا دوایی پێ بێنم. شێخ گوتی: مەڕۆ! من دوو گوندت تەسلیم دەکەم، بە سەریان ڕابگە. - یا شێخ تۆ دەفەرمووی من دزی بکەم؟ بۆیە نەگەیوومە ئیرە. دەچمە بەغدا و کار دەکەم. نامەیەکی بۆ عەلی کەماڵ بەگ نووسی کە ملیۆنیڕێک بوو. نووسی کارم بداتێ. قزڵجیش بەو هەوایە کە مام و ئامۆزای لە بەغدان، ملی دا و چووینە بەغدا. لە پێنج سەد تمەنەکە - کە دینار دوازدە تمەن بوو - شازدە دینارم مابوو. قزڵجیش بیست دینارێکی هەبوو. عارەبیمان نەدەزانی؛ بەڵام لە ترسان چووینە ئوتێلێک کە هیچ کوردی لێ نەبێ. شەو دەمانەویست شیو بخۆین، کابرای خاوەن ئوتێل - کە خۆی جەرگی برژاوی دەخوارد - حاڵی کردین کە ئێمەش وەک ئەو بکەین. جەرگیان بۆ هێناین. پاش تاوێک منداڵێکی چڵکنی بۆرەلۆکە، دەتگوت مشکی چەورە و دە خاکە ڕەژیدا گەوزاوە، هات گوتی: کوا قاپەکان؟ - قاپی کێ؟ (خاوەن ئوتێل پرسی) - قاپی ئێرانییەکان! وشەی «ئێرانی» لە قزڵجی بوو بە عیزرایل: ئەوە جاسووسە و بە گرتمان دەدا! - کاکە! هەر کەس عەرەب نەبێ بە ئێرانی ناوی دەبەم ئەم هەتیوە پیسە چووزانێ جاسووس ماسووس چییە؟ ! هەر چی کردی دەگەڵی نەڕۆیشتم کە جێگە بگۆڕین و ئەو شەوە خەوی لێ نەکەوت. لە زەمانی ڕەزاخاندا کەچەند هاودڵێکی کورد بوون و دڵی خۆمان دەداوە، باس باسی عەلی کەماڵ بوو کە دەمانبیست شەوانە سەر لە ئوتێلی بەغدا دەدا، هەر کوردێکی دەسکەوێ یاریدەی دەدا و هێندەهێندە کوردپەروەرە. بە دڵی خۆشەوە نامەی شێخمان هەڵگرت و دەفتەری کەماڵ بەگ بگرە و هاتم! زەلامێکی چاو هەڵپزاوی سوورە زرتە بوو. نامەی وەرگرت؛ بەر لەوە بیخوێنێتەوە بە تاڵییەوە گوتی: دەستم لێ هەڵناگرن! بابە من پووڵم لە کوێ بوو بیدەم بەو خەڵکە؟ بۆ ناڕۆنە سولەیمانی؟ ! گوتم: جەنابت نامەکەت نەخوێندۆتەوە؛ ئێمە سواڵکەر نین. نووسراوە کارمان پێ بسپێری. خوێندیەوە، گوتی: ناوێرم کارتان بدەمێ؛ ئێوە خەتەرن. بۆ خۆتان کار پەیدا کەن! من دەتوانم سێ دینارتان بدەمێ! - جەناب! سێ دیناریش مەدە و خوداحافیز... بەڵام نابێ جوانان بشکێنین: عەلی کەماڵ کۆنە ئەفسەری عوسمانی، مودیری ئەمنیەتی عێراق بووە. دەستی کردووە بە تیجارەت؛ بۆتە ملیۆنێر. زۆری یاریدەی حیزب و کۆمەڵانی ئازیدیخوازی کورد کردووە. پووڵی بۆ شۆرشی مەلامستەفا ناردووە و زۆر دۆستی بووە. لە هەموو دەورانی پەرلەمانی عێراقدا وەکیلی سولەیمانیە بووە. موڵکی زۆری لە دەوری شاری «کووت» دەبەر دەستا بوو. هەموو ساڵێک منداڵی فەقیری سولەیمانی بە جلک و کاغەز و قەڵەمی عەلی کەماڵ خوێندوویانە. منداڵی فەقیری شاری کووتیش - ئەگەرچی کورد نەبوون - هەروەتر. ئەمما هەولێر و کۆ و کەرکووک و شارەکانی کوردنشینی عێراق لەو خێراتە بێبەش بوون. پیاوێک بوو دەیزانی دەوڵەمەند دەبێ چ بکا و عەرەب گوتەنی: «لە کوێوە شان دەخورێ». لە سولەیمانیە هەڵیدەبژێرن؛ لە کووت لە کێشەی موڵکدا یاریدەی دەدەن و قازانجی دوو سەرەیە. مانگی دە دیناری داوە گۆڤاری «گەلاوێژ» بەو شەرتەی هەموو ژمارەیەک شتێکی دەربارەی پیاوەتی عەلی کەماڵ تێدابێ. بەڵام دوو ڕووتەی لێقەوماوی شۆرشی فەوتاوی قازی محەممەد و بارزانی (قزڵجی و من) هەرچی دەگەڵیان دکرێ، بە فیڕۆ دەڕوا و هەرگیز خێر ناداتەوە. بەڵام دیسان ئیدارە تەبلیغاتەکەی بڵاویان کردبۆوە کە دوو کوردی ئێرانی لێقەوماو هاتنە لای کەماڵ بەگ؛ بڕیاری دا هەر مانگێ یەکێ پێنج دیناریان بداتێ. پیاوەتی ئاوا دەبێ!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەدووی کارێکدا پەنامان بە مام و ئامۆزای قزڵجی برد. ئامۆزاکەی جەمەنانێکی داینێ؛ مامیشی نسحەتی کردین ببینە واکسی لە بەغدا ئیتر نەماندیتنەوە. با بۆ خۆمان حەولی کار بدەین. ئوتێل دەری نەدەهێنا؛ بەجێمان هێشت. کۆنە خانێک هەبوو بە ناوی «منزل السرور»، چەند وەتاغێکی شڕ و شەوێفی تێدابوو؛ وەتاغێکمان مانگی بە دینارێک گرت. دوو تەختی هەرزانی نووستن، مەنجەڵێکی ئەڵمونیۆم، دوو قاپ و کەوچکێک، کەتری و چادان و ئیستیکان، تاوەیەکی قوڕکێشی بۆ جلشوتنمان کڕی؛ دامەزراین. وەتاغەکنی تەنیشتمان هەر یەکەی یەکی لە ئێمە بەدبەختتری تێدابوو. من کەرستەم لە بازاڕ دەکڕی و قزڵجی ئاشپەز و چاپەز بوو. سەر و حەسیر و پەتووشمان هەبوو. بە قەوڵی قزڵجی «سیرمان دەخوارد و زوڕنامان لێ دەدا». چێشتی هەرە خۆمان یارەڵماسی و پیوازاو بوو. هەر لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ، لە پاش نیوەڕۆ تا ئێوارە، سەر لە بەری جادە و بازاڕم دەپێوا؛ بە بەر هەموو دوکانانەوە ڕادەوەستام؛ بە ملکەچییەوە دەمپرسی: شوغڵ ماکو؟ (کارت نییە؟ ). بۆ کابرایەکی کەس نەناسی زماننەزان کار کوا؟ بە ناهومێدی دەگەڕامەوە و تێرم گلەیی لە زەمانە دەکرد و لە خەمخانەدا کزوولە کزوولە دەنووستین. وەتاغەکەمان دیوارەکانی زۆریان قەڵش تێدابوو کە پڕ بوون لە مارمێلکەی ماڵی؛ کە بەغدایی پێیان دەڵێن: «باڵداری سولەیمان». هاتوچۆی مارمێلکە بەدیواراندا ببوە ئاودەنگی خەمڕەوێنمان. جیرانێکی دیوار بە دیوار بوو بە ناو «ساڵح ئەفەندی» پیرەمێدێکی بێکەس بوو؛ خۆی بە خودا دەزانی. ئەوەشمان بەوەدا بۆ دەرکەوت کە هەمیشە قورعانی دەخوێند؛ جار جار سەرێکی بۆ بادەدا، لیچی لێ هەڵدەقرچاند، لەبەر خۆیەوە بە بۆڵە دەیگوت: با وابێ! دەمانپرسی: ها! ساڵح دەفەندی؟ دەیگوت: لە بیرم نییە من وام گوتبێ؛ بە غەڵەتیان نووسیوە؛ بەڵام دەسەڵات چییە؟ ! خانەکە هەر ئەو چەند وەتاغە شرە نەبوو. شەوانە پتر لە سەد کەس پیاوی بێ جێگە، دەحەسارەکەیدا دەنووستن؛ شەوی بە بیست فلس. ئاویش لە بۆشکە دەکرا و بە دەستندە دەماندرایە. دوکانێکی کابرایەکی جوولەکەی «منەشێ» ناویان نیشاندام کە خزمەتکار بۆ ماڵان دەگرێ. پەنام پێ برد. گوتی: نە دەتناسم، نە زمان دەزانی. ئەگەر هەر بتزانیبا قاوەی تاڵیش دروس کەی شتێک بوو. کاری تۆم نییە. بەیانییە بە قرپ و هۆڕی پێکەنینی قزڵجی وەخەبەر هاتم: - خێرە؟ - خونم دیوە؛ کابرایەک لە خەوما گوتی: بۆ ناچنە مەرقەدی غەوس بۆ کار بپاڕێنەوە؟ قزڵجیەک کە بە عومری خۆی عەقیدەی بەو شتانە نەبوو، لەو ناچارییەدا تەواو دڵگەرمی خەونەکەی بوو. چووینە زیارەتی غەوس و پاراینەوە؛ بەهرەی نەدا. چەند ڕۆژێکی پێ چوو؛ خەونێکی دیکەی دیبوو: - کابرایەک لە خەوما گوتی: غەوس چکارەیە؟ بۆ ناچینە زیارەتی ئیمام مووسا کازم؟ ناچاری هەموو کار بە پیاو دەکا. چووینە کازمین و داوای کارمان کرد؛ بەڵام لە گەڕانەوەدا بیست فلسی ئوتووبووسمان نەبوو. بە پیادەیی گەڕاینەوە بەغدا. ئیمامیش وەک غەوس گووی بە کڵاوی نەپێواین. گوتیان: «حەمە سەعید کانی ماران» لە بەغدا دەخوێنێ. ئۆخەی! برادەرێکم پەیدا کرد کە لە سەفەری مەرگەوەڕ دەگەڵی بوومە ئاشنا و مانگێک لە سابڵاغ میوانم بووە. بەپرسباران دۆزیمەوە. دیتمی گریا... قەولی دا کارمان بۆ پەیدا کا. جارێک گوتی: ئاسنگەرێک دەناسم، تکام لێ کردووە؛ قەولی داوە بتکاتە شاگرد؛ بەڵام تا شەش مانگ هیچت ناداتێ. - برا گیان وا بکە ڕۆژێ دوو نانی وشکم بداتێ قبووڵمە. - نانت داتێ؟ ! بۆ خۆی کوڕە دەوڵەمەندێکی زۆر زل بوو؛ ئەوەندەی دەخۆ ڕانەدەدی بڵێ من دوو نانەکە دابین دەکەم. ئەو کارەشم بە نەسیب نەبوو. زۆر لە مێژ بوو شتێکی چەورمان نەخواردبوو. شەوێک کە بە خەیاباندا دەگەڕاین، دیتمان قاشە باینجانی ڕەش سوور دەکەنەوە؛ هێندێکامان کڕی و دە کاغەزمانەوە پێچا و هاتینەوە ماڵ کە چاشی بۆ لێنێین و ئەمشەو جەژنی بکەین! بەڵام داخەکەم باینجان تاڵێک بوو لە قوزەڵقورت تاڵتر. قزڵجی و من دوو کراسمان دە بەردا بوو کە هەردووکیان یەخەیان لە پشتەوە زۆر شڕ ببوو. نەشماندەتوانی کراسە کۆنیش بکڕین. گوتمان با بچینە لای خەیاتێک یەخەکەمان بۆ وەرگێڕێ؛ بەڵام سەودای دەگەڵ دەکەین، نابێ لە دە فلس زیاتر بدەین. هەر خەیاتێک چووین، بێ سەودا کردن دەریدەکردین: ئەوە کاری من نییە! کاکە با خەیاتێکی خوێڕیلەی بێکاری برسی پەیدا کەین. بە کۆڵاناندا دەگەڕاین، عەرەبێکی عەگاڵ بە سەر لە پشت ماشینێکی خەیاتییەوە دانیشتبوو. بە ملکزی و مینگە مینگ گوتمان: برا ئەو کراسەمان بۆ وەرگێڕە. گوتی: بدەن! - ئاخر چەندمان لێ دەستێنی؟ - ئێوە بێنن، دوایی پێتان دەڵێم. - نا بە خوا پووڵمان نییە. ئێستا بڵێ چەندەت دەوێ؟ - دە فلس بۆ هەر یەکیان. - هەی ماڵت ئاوا! یەخەی کراسی وەرگێڕا. دڕاوی لای ژوورەوەشی پینە کرد. دە برمان کردەوە. بیست فلسمان دەرێنا. گوتی: هیچم ناوێ، بەو شەرتەی هەر کەرێکی واتان هەبوو بێنەوە لام. من عەکسی جوانی خۆم لە ئێوەدا دیت. - چۆن؟ لە نەجەف هاتمە بەغدا کار بکەم. دورمانی بە دەستم دەزانی. یەک فلسم دە گیرفاندا نەبوو. خودایە! لە کوێ بنووم؟ نان چۆن پەیدا کەم؟ پاش نوێژ بوو، بە بازاڕی ئەحمەدیدا بە خەیاتانەوە دەگەڕام. بە دوگمە و دڕاو دروونەوە بیست فلسم پەیدا کرد. چوومە مزگەوتی ئەحمەدی، لە سەر حەسیری بەر هەیوان بەردەمۆرەم دانا نوێژ بکەم، مجێور هات بەردەمۆرەیکەی فڕێ دا و بە پاڵەپەستۆ دەریکرد. مەلای مزگەوت بەزەی پێمدا هات، خۆی لە مجێور تووڕە کرد؛ گوتی: کوڕم! بڕۆ نوێژی خۆت بکە. ئەگەر جێگەی خەویشت نییە شەوانە لە حەساری مزگەوت بخەوە. ڕۆژانە دەچوومە کار پەیدا کردن و پاش عەسر دەهاتمەوە حەوشی مزگەوت. پاش عەسر کە مزگەوت چۆڵ دەبوو، چارەگە قالبێکم سەهۆڵ بە بیست و پێنج فلس دەکڕی و دەمخستە کووپەی ئاوخواردنەوە و کەس نەیدەزانی منم. ڕۆژێ سەهۆڵم خستە ناو کووپە، مەلا خۆی لێ گرتبووم، دیتی من ئەو کارە دەکەم. لە پاش جەماعەتی نوێژێ شێوان گوتی: ئێوە چەند ساڵە لەم مزگەوتە نوێژ دەکەن قەت دەستتان بۆ گیرفانتان نەچووە سەهۆڵ بکرن. ئەم کابرا غەریبە نەجەفییە کە لە حەسار دەنوێ، سەهۆڵاوی بۆ ئێوە ساز کردووە... ئیتر لەو ساوە لە بەر هەیوانی مزگەوت لە سەر حەسیر دەنوستم. جا دێستا ڕەنگە ئێوە بە فەقیرم بزانن. نەخێر ئەم دوکانەم هەیە؛ خانووبەرەشم لە شارۆکەی وەششاش کڕیوە؛ ژن و منداڵیشم هەیەو زۆر سازم. بەڵام ئێوە ئەو ڕۆژانەتان بیر خستمەوە. ئیتر لەو ساوە تەواو ببوە دۆستمان و ئەگەر لە هەفتەدا جارێک سەرمان نەدابا، گلەی لێ دەکردین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەرقەدی غەوس و مام حوسێنی کەڕەناچی جارێکی تر حەمە سەعید گوتی: ئەگەر «عەنباری» دەکەن کارم بۆ دیتوونەوە. دیارە عەنباری یانێ «عەنبارداری» و زۆر کەرێکی چاکە. بەڵێ زۆر مەمنوونین. بردینە لای تاجرێک. تاجر تەلەفۆنی کرد و ئادرێسێکی داینێ کە بچن لای «ڕەشید جەودەت» عەمباری بکەن. چەند ئوتووبووسمان گۆڕێ و نزیکەی چوار کیلۆمیتر بە جادەی خاکیدا بە پیادە ڕۆیشتین. گەیشتینە کارخانەیەکی سەهۆڵ و خۆمان ناساند کە ئێمەین تەلەفۆنمان بۆ کراوە. ڕەشیدی خاوەنی کارگە کوردێک بوو؛ قەدەرێک ڕوانیە سەر و سووکتمان و سەرێکی ڕەوەشاند و گوتی: برا عەنباڵی سەهۆڵ بار کردن کاری ئێوە نییە؛ وەرن! بردینیە سەیری حەمباڵەکان، لە ناو قوڕ و تەڕیدا تلیسابوونەوە، هەموو زەردی ڕەنگ توڵخی بە کۆخەکۆخ. گوتی: هەر سەعاتەی دەبێ کامیۆنێک بار کەن. شەو و ڕۆژ هیچیان لە بیست دەقیقە پتر ئیستراحەت ناکەن. هیچ کارگەرێک دوو مانگ بەرگەی ناگرێ و دەمرێ و ئیدیکە پەیدا دەکەم. من دڵم بڕوا نادا ئێوە بکوژم. من حیرس گرتمی، گوتم: هەر چەند عەنبارم بە عەنبارداری دەزانی بەڵام ئەو حەماڵییەش دەکەم. کابرا قبووڵی نەکرد و بەو ڕێگە دووڕەدا هەناسەسارد گەڕاینەوە. گوتیان جولەکەیەکی سابڵاغی دەڵاڵی بازاڕە و لە خانێکە. چوومە لای و دەردی بێکاریم لە لا هەڵڕشت. - سابڵاغیت؟ - بەڵێ. دە بچۆ لای «منەشێ» بڵێ «یەرمیا لاوی» ناردوومی. - چوومە لای منەشێ، جوابی کردم. - ئەو جاریش بچۆ... «منەشێ» کە زانی «یەرمیا» ڕایسپاردووم، گوتی: ئەمڕۆ بیست و سێە؛ سەری مانگ وەرە کارت بۆ پەیدا دەکەم. خەبەرەکەم بۆ یەرمیا هێنایەوە. - باشە ڕاوەستە. - کوڕە چۆن حەوت ڕۆژ ڕاوەستم؟ هەر ئێستا ئەوە لە برسان قۆڕەی زگمە، چوار فلس شک نابەم بیدەم بە نانێک. - من خواردنت دەدەمێ. - خوا بتهێڵێ؛ بەڵام بڕیارم داوە ڕەنجی شانی خۆم نەبێ نانی کەس نەخۆم. هەرچی کردی و کڕاندی فایدەی نەبو. پووڵی دەرێنا بمداتێ نەمویست، گوتی: - دەسا بچۆ مەرقەدی غەوس، حوسێنی کەڕەناچی ببینە و بڵێ یەرمیا ناردوومی؛ کارم بدەیە. کابرایەکی ڕیش سپی، لیباسی عارەبی، لە حەساری دیوەخانی نەقیبی غەوس لە سەر کورسییەک بەرانبەر بە قاوەجاخ قلیان ئاوی دەکێشا و لینگی لەسەر لینگی دانابوو. ئەسپاردەی یەرمیام پێگوت. گوتی دانیشە. - چای بۆ بێنن! - دەی مامە کارت هەیە بیکەم؟ - بەڵێ، من چیم کرد و چیم خوارد، تۆش وەک من. هەستە با حەسار ئاوپرژێن کەین. نیوەڕۆ گۆشت و پڵاو بە پێی فیلان بوو؛ زۆرمان لە بەر مایەوە. بە شەرمێکەوە گوتم: هەواڵێکم هەیە، دەتوانم تۆزێکی بۆ بەرم؟ - چۆن ناتوانی؟ هەموو ڕۆژ بۆی بەرە. بە پڵاوی ماڵە نەقیبەوە مژدەی کارم بۆ قزڵجی هێنا و گەڕامەوە سەر کار. هەر دڵەتەپەشم بوو کە نەوەکا ناهومێدەم کەن و دەربکرێم. نانی نیوەڕۆ و شەوم دابین بوو؛ بەڵام بەرچیی باسی نەبوو؛ پووڵیش نەبوو؛ نەشمدەکرا تا نیوەڕۆ هیچ نەخۆم. فکرێکم کردەوە: بەیانیان چوار فلسم دەدا بە خورما، هەم نان و هەم چا؛ تا نیوەڕۆ هەر دەمبەم دەهات. چابوو شوکور ئەودەمە جگەرەم تەرک کردبوو؛ دەنا مەخسەرەی سەگم بە سەر دەهات. مام حوسێن کۆنە سابڵاغی بوو. زۆر لەمێژ ساڵ بوو لە زەمانی عوسمانیدا بووە جەندەرمە؛ ببوە قاوەچی. پاش هەڵگێڕ وەرگێڕ کردنێکی زۆر جۆرە کاسبی، کەوتبووە ماڵی نەقیبان و ببوە سفرەچی. جا چونکە زۆر کاردارێکی لە مێژینەیان بوو، حورمەتێکی زۆری دەگیرا. بە نەقیبی غەوسی گوتبوو - کە ئەو دەم سەید عاسم بوو - ئەو کوڕە خزممە و زامنی دەکەم. ئەمینە با دەگەڵ من کار بکا. ژنەکەشی بێوەژنی ئەحمەداغا ناوێک و کچی فاتمە سووری دەفەزەنی سابڵاغی بوو. کوڕێکی ئەحمەد ئاغاشی پێ بوو. منیشی وەک کوڕی خۆی تماشا دەکرد. ڕۆژانە دەگەڵ مام حوسێن وەتاغمان دەماڵی و کاشیمان بە گونیەی تەڕ دەستڕێوە و حەسامان گەسک دەدا و ئاوپڕژێنمان دەکرد. بۆ دانان و هەڵگرتنی چێشت و نانی زۆر بەرماو دەمایەوە؛ مام حوسێن لە نێوان قاوەچی و خۆیدا بەشی دەکرد. کابرای قاوەچی ئەوی لە خۆی و ماڵی زیاد بوایە دەیفرۆشت. مام حوسێن بەشی زیادی خۆی دەدا بە فەقیران. لەو چێشتەز و حەڵاڵ و زەڵاڵەی کە بەرهەمی ئەرکدانم بوو، بەشی قزڵجیشم دەبر کە هەر لەخانەکە مابوو. شەوانە هەر لە دوەخانی نەقیب لە سەر نیمکەت دەنووستم. زۆر ماندوو دەبووم؛ بەڵام تەواو دڵم ڕەحەت بوو؛ کارم دەست کەوتبوو. نەقیبی غەوس ئامۆزایەکی قزڵجی شیرەشوانەی هێناوبۆوە! دوکانۆکێکی پەیدا کردبوو کە قزڵجی شەرتەبی تێدا بفرۆشێ. بەختی قزڵجی، لە تەنیشت ئەو ئوتێلێک دروست دەکرا کە پێشی دوکانەکەی ئەو گیرابوو؛ کەسی پێدا ڕانەدەبرد. شەربەت گەرم دادەهات و سەهۆڵی تێ دەخرایەوە و بە نەفرۆشراوی دەمایەوە. ئەویش چی لێ پەیدا نەبوو. ڕۆژێک لە چێشتەنگاودا چوومە لای قزڵجی، بۆ هەوەڵجار دیتم گریابوو. - خەبەر چییە؟ - کاکە ئەوە ژیان نییە؛ وەرە با بچینەوە سولەیمانی. هیچ نەبێ کوردستانە و ئاشنا و ڕۆشنایەکمان هەیە. - تۆ خۆت دەزانی، بەڵام هەر گا بیستتەوە کەلاکێکی لە برسان مردوویان لە کۆڵانی بەغدا دیتۆتەوە، ئەوە بزانە منم. یان کار پەیدا دەکەم یان بە ناهومێدی سەر دەنێمەوە. - ئێستا پووڵی قەتارم هەبا دەچوومە کوردستان. دەست بەجێ چوومە هەڕاجەبازاڕ، تەختە تێلەکانی نووستنمان بە چوار دینار لە کابرایەک کڕیبوو، پێم گوت: بە چەندی لێم دەکڕیەوە؟ - سێ دینار، حەمباڵیش لە سەر خۆم. پووڵم لێ ساند و شووتیەکم کڕی و دەگەڵ حەماڵ هاتمەوە و تەختەکانی برد. قزڵجی بڵیتی کڕی و ئێوارە لێم دوور کەوتەوە. وردە کەلوپەلم هێنا ماڵی مام حوسێن و بە تەنیا مامەوە. ڕۆژێک گوتیان وەرە نەقیب بانگت دەکا. سەیرە فیرعەونێک بانگی مارمێلکەیەک بکا. چوومە خزمەتی. ڕاوەستابوو. دوازدە سەر حاجی کورد نیودایرە دەورەیان دابوو. نەقیب پرسی: ئەمەیە؟ حاجی یەک یەک تماشایان کردم؛ گوتیان: نەخێر هەو نییە! مام حوسێن کە لە پشت نەقیبەوە بوو، دەمدی زەرد هەڵگەڕاوە و زۆر پرێشانە، ڕەنگی هاتەوە بەر و نەڕاندی: - مامە نەقیب لە پاش سەید عەبدوڕەحمان پیاویان لێ پەیدا نەبووە. هیچ شەرم نەیگرتی کوڕێکی کە من بوومە زامن و گوتوومە خزمی خۆمە بە دز بزانی؟ بە ڕاستی نەقیبێکی نامەردی! نەقیب زۆری دەنەواند و عوزرخوایی لێ کرد و دڵی دایەوە تا خاوی کردەوە. - مام حوسێن مەسەلە چییە؟ - کوڕە هەر خوا پاراستمی. ئەم دوازدە گوێرەکەیە دەچنە حەج. لە حەساری غەوس لە ژوورێکدا بوون. یەکێک چووە خزمەتی کردوون؛ شتی لە بازاڕ بۆ کڕیبوون. گوتووشیە من ناوم عەزیزە و خزمەتکار دیوەخانی نەقیبم. پێی گوتوون: حاجی! خاولی ئیحرام لێرە بە پێنج دینارە و لە مەکە بە بیستی نادەن. سەر و پێنج دینار بدەن تا بۆتان بکڕم. ئێستاش ئەوە دەیکڕێ! شکایەتیان لە نەقیب کردووە. تۆش کە ناوت عەزیزە کەوتوویە بەر تۆمەت. دەمگوت کە من نەمناسیوە، چۆن گوتوومە خزممە و زامنی دەبم؟ بەڵام کە تۆ بێ تاوان دەرچووی، کوڵ و کۆی خۆم بە نەقیبی ماکەر ڕژاند! دوایی ڕوونمان کردەوە ئەو عەزیزەی منی لە باتیان بانگ کردبوو؛ عەزیز ناوێکی قەد بڵیندی شنۆییە بەناوی کەلانتەر؛ گیرفانبڕێک بوو لە بەغدادا ناوی دەرکردبوو. با بزانین نەقیب چییە؟ بە عارەبی «نەقیب» یانێ سەردەستە؛ «شەریف» یانێ سەید و عولادی پێغەمبەر. بنەماڵەیەک لە بەغدا بە سەید سەردەستەی سەیدان ناسراون و بە گەورەیان دەڵێن «نەقیب الاشراف» واتا سەردەستەی سەیدان. ئەمانە دەڵێن ئێمە لە ئەولادی غەوسین. ئەگەرچی لە ڕاستیدا غەوس سەید نەبووە؛ بەڵام تاریخی دوای خۆی بە سەیدی حەسەنی داناوە. مەوقووفەجاتی بارەگای غەوس - لە مەزرا و دوکان و خانوو - لە ڕادە بەدەرە. هەر چەند زۆریشیان وەچە لێ کەوتۆتەوە، هەموویان زۆر دەوڵەمەندی قورسن. جگە لە دارایی خۆیان، پووڵی نەزر و ناو شباکی مەرقەد و خێری هیندی و کورد و عەرەبیان بە لێشاو. لەو نەقیبانەی ئەم چەرخە «سەید عەبدوڕەحمان» و «سەید مەحموود» و «سەید ئەحمەد»یان بەناوبانگ بوون. ئەوسا کە من نۆکەری دیوەخانیان بووم، نەقیب «سەید عاسم» بوو. پیاوێکی زۆر جوان و بەسەروسیما و تەڕپۆش بوو. دەیانگوت نوێژ ناکا؛ بەڵام هەموو ڕۆژی جومعان دەچووە نوێژی جومعە و هەژ نۆ مەلای زگزلی فشوفۆڵی دەگەڵ خۆی دەهێناوە بۆ نەهار خواردن. دەشیانگوت هەموو شەو ئارەق دەخواتەوە و دەیانگوت و دەیانگوت... بەڵام من ئەمانەم پێوە نەدییوو. هێندە دەزانم کچ و کوڕیان لە هەموو کەس بێشەرمتر بوون. کچ نیوەڕووت و کوڕ کاکۆڵ لە فڕداو، هەرچی پاکی و خۆپارێزی بوو ڕووی تێ نەکردبوون. تەنانەت جاریکیان کە لە بن مێزی نان خواردن نوستبووم، دیتم دوو لە کوڕە جحێڵەکان خەریکن پێکەوە بنووسێن؛ بەڵام یەکیان گوتی: با لێرە بڕۆین نەوەک ئەو کوڕە بەخەبەر بێ... سەید عەلی ناوێکیان هەبوو؛ چل ساڵێک عومری دەبوو. بەرگی شباکی غەوس - کە ماهووتی بە زێڕ چندراو بوو - ساڵەو ساڵ هێندوستانی دەیانگۆڕی؛ کۆنەکەشی بەشی سەید عەلی بوو کە پاچەی باریکی بە حاجی و زیارەتکەران بوو منفەرک دەفرۆشرا. ژنەکەی دڵپیسی لە سەید عەلی دەکرد. ئەو ساڵە شباک گووم ببوو. ڕۆژێک ژنەتیو ژنێکی بانگ کردبووە ماڵە خۆی کاری پێ سپاردبوو، بۆ خۆی چووبووە ماڵەکەی، پڕ و پێسکەی گەڕابوو. شباک کرابووە کراسی ژنەکە؛ کە ناوی «نووریە» بوو؛ باشیشیان نەدەگوت. بوو بە چەققە و شیڕە شیڕێک، دەتگوت کاسەی قەرەچی ئاو بردوویە. سەید عەلی سیلی هەبوو؛ مرد. لە وەتاغێکی بارەگادا ناشتیان و شباکێکیان لە سەر قو کردەوە و هەر زیرەتکەرێک دەهاتە زیارەتی بارەگای غەوس، زیارەتی سەید عەلیشیان پێ دەکرد و زیرەتانەیەکیان لێ وەردەگرت. خۆم سەید عاسمی ملیۆنێڕم دیت کە سەربازانی هێندی لە لەشکری ئینگلیس دەوریان لێدابوو، پووڵیان دەدایە. ئیوا هەبوو چوار فلسی دەدایە. تەشەکورێکی لێ دەکرد و دەریدەگرت. لە موکربان بیستبووم کە ئەگەر گۆشت بە بن سێبەری غەوسدا بڕوا ئاگر کاری لێ ناکا؛ بۆیە مردووان بەر لە ناشتن دەبەنە بەر سێبەری بارەگا تا ئاگری جەهەندە نەتوانێ بیانسووتێنێ. تەنانەت جارێک دەگەڵ «تورجانیزادە» چوومە بەخێرهێنانەوەی «حاجی عەبدوڵڵای تۆکمەچی» لە سابڵاغ کە لە حەج دەهاتەوە. گوتی: لە بەغدا من و حاجی فڵان چووین لە دوکانێک بۆرەکی زێڕتواندنەوەمان کڕی. هاتینەوە سابڵاغ. بۆرەکی من کاری نەکرد، لام وابوو دەستمان بڕاوە. چوومە لای هەواڵەکانم. گوتیان بۆرەکی ئێمە زۆر باشە. خۆ هی تۆش هەر لە قوتووەکەی ئێمە تێکرا. ئای دڵی خافڵ! وە بیرم هاتەوە کە لە زیارەتی غەوس دەرمانەکە دەبەر پشتێندم دابووە! لەسەر ئەو باوەڕانە ڕۆژێک لە چاوشی شێخ! واتا کاربەدەستی بارەگام پرسی: ئایا ڕاستە گۆشت بکەوێتە بەر سێبەری مەرقەد ئاگر کاری لێ ناکا؟ زڕتێکی زۆر زەلامی بۆ کێشام: کەرە! ڕۆژێ سی کیلۆ گۆشن دەکڕین و لە بەر سێبەری بارەگاوە دێتە ژوور و دەکرێتە شۆرباو و دەکوڵێندرێ! ئیتر نەموێرا باسی بۆرەکی حاجی عەوڵا بپرسم! وە بیرم دەهاتەوە کە بەچکە خەلیفەیەکی باب مردوو، سەفەرێکی دە ڕۆژەی کرد و گوتی چوومە لای نەقیبی بەغدا کردمیە خەلیفە. مانگی ڕەمەزان تێپەڕی و جێژن هات. مام حوسێن زۆر بە تووڕەیی هاتە لام گوتی: - کوڕە ئەو دەوڵەمەندە زەلامە! کوردستان ئەو کوڕەمان دوو مانگە لە لاتە. تۆ بۆ حقووقێکی نادەیەی؟ چارەگە دینارێکی دامێ کە بە جێژنانە بتدەمێ و گوتی: حقووق نییە؛ نان دەخوا بەسە! چاڕەگە دینارم تووڕ هەڵدا و گوتم: لە لات نابێ. - مام حوسێن من بە نانەزگ ڕازیم کار بکەم. - نا، مەترسە! کارت هەر بۆ پەیدا دەکەم. کاری ئەو خوێڕییە مەکە! لەو بەینەدا کە نۆکەری دیوەخان بووم، یەکێک هات گوتی: خوزنی موکریانی بیستوویە هەژار لێرەیە. حوزنی بە جاسووسی ئینگلیس ناوی زڕابوو؛ نەعووزوبیللا! مام حوسێن گوتی: شتی وا لێرە نییە. ڕۆژێکی دی - سەر لە ئێوارە - سەیدێکی ڕیشسپی تەنک، دەستەباڵای لاوازە هاتە حەوشەی دیوەخان و قسەی دەگەڵ مام حوسێن کرد. مام حوسێن هات گوتی: ئەوە سەید حوسێن حوزنییە؛ دەیەوێ بتبینێ. چار نەمابوو. تەلەفۆنێکم لە دوکتور «جەعفەر محەممەد کەریم» کرد کە دەمناسی و ناوێ زۆر چاکی هەبوو. گوتی: سەید حوزنی پیاوی چاکە و دیتنی زیانێکی نییە. دەگەڵ حوزنی بوومە ئاشنا. ئێستاش لە بیرم ناچێ کە دیتمی، فرمێسک بە ڕیشەسپیە جوانەکەیدا هاتنە خوار... ئادرێسی ڕۆژنامەی «دەنگی گیتی تازە»ی دامێ کە خۆی سەرمودیر و هاوکارێکی بە ناوی «حەمە عەلی بەگ» خەڵکی سولەیمانی، سەرهەنگی بازنشستە هەبوو. جارجارە ئێجازەم لە مام حوسێن وەردەگرت دەچوومە لای. ئەو کابرا پیرە موحتەرەمە یەکپێ لە بەرم ڕاست دەبۆوە؛ دەیگوت: تۆ یادگاری جمهوری کوردستانی. حوزنی لە گوندی «نیچکە»ی نزیک «بوغدەکەندی» سەر بە بۆکان هاتۆتە دنیاوە؛ کە ئێستا نیچکە نەماوە و زەمانی من شوێنەواری دێیەکە مابوو. باوکی لەو سەیدەکانی بوغدەکەندی و ناوی «سەید لەتیف» بووە و زوو مردووە و دایکی (خات سەلما) مێردی کردۆتەوە بە کابرایەکی ورمزیار کە «گیوی موکریانی» دەبێتە دایک برای حوزنی. هەر لە منداڵیەوە حوزنی پەەڕەوازەی وڵاتان بووە: لە تەستەمبووڵ فێری مۆرهەڵکەنی کراوە و بەو پیشەوە گەڕاوە. بۆتە سەیاح لە کوردستاندا. سەری لەکوردەکانی تورکیا و ئەرمەنستان و عێراق داوە و لە زەمانی فەرمانداری «سەید تەها» لە ڕەواندز دامەزراوە. بە سەلیقەی خۆی کەتە چاپخانەیەکی لێک ناوە. کڵیشەی لە دار ەەڵکەندووە و بۆ یەکەمجار لە کوردستانی عێراقدا نووسراوی بە کوردی بڵاو کردۆتەوە. لە زەمانی ڕەئیس ستادی «قایق کاکەمین»دا - کە کوردێک بووە - لە عێراق دەرکراوە. چۆتە شاری حەڵەب؛ لەوێش چاپخانەیەکی چکۆلەی دەست و پا کردووە و ملی لە کاری کوردایەتی ناوە. لە حەڵەبیش ئاویان دەبن کردووە و بێ دەرەتان ماوەتەوە. لە سەرەتای شەڕی ئاڵمان - کە فەڕانسە لە سووریە لە ڕێگەی گۆڤاری ڕووناهیەوە دڵی کوردیان خۆش دەکرد - ئینگلیس لە بەغدا بۆ کوردیزمانی خوێندەوار گەڕان و داوایان لە حوزنی کردووە بێتەوە بەغدا و گۆڤاری «دەنگی گیتی تازە»یان بۆ بەڕێوە بەرێ. حوزنی لە «ڕەوابیتی فەرهەنگی ئێران و عێراق» بە ناوی «عەلاقاتی عاممە» دەست بە کار بووە. لە ڕووپەڕێک و دواندا خەبەری شەڕ و لە پتر لە پتر لە حەفتا ڕووپەڕدا فۆلکلۆری کۆنی کوردی زیندوو کردۆتەوە؛ شیعری شاعیرە باشەکانی لە چاپ داوە. ئێستاش هەر کەس هەموو ژمارەکانی لابێ، زۆر بختیارە و زۆر مەعلووماتی باشی لێ دەست دەکەوێ. حوزنی لە کوردایەتیدا سووتابوو. دین و ئێمانی کوردستان و ئازادی کورد بوو. جسنی عارەبی زۆر ناخۆش دەوسیت. لاشی وابوو هەر بەڵایەک لە دنیادا هەیە تاوانی ئینگلیسە. تەنانەت دەیگوت: بە دووری نازانم ستالین کاربەدەستی ئینگلیس بێ. جارێ گوتم: تۆ سەیدی؛ دەبێ ڕەسەن عەرەب بێ. پێکەنی، گوتی: بیستم کە ئاڵمان لەخوێنەوە ڕەسەنی گەلان دەناسن. خوێنی خۆم نارد و جوابم بۆ هاتەوە کە تۆ ئاریاییت. شوکور ئە. سەی سەیەم لە کۆڵ بۆوە! جارێ گوتی: کوڕە سەیری کەریەتی من کە! لە گەشت و گوزادەکەم لە ناو کوردستانی ترکیەدا، شەوێک لە گوندێکی حەنەفی مەزەب لەسەر ئێمامی شافیعی - کە گوتم باشە - ئەوەندەیان دارکاری کردم، دوو ڕۆژ وەهۆش نەهاتمەوە. کەس نەیگوت بۆ کوردێکی، چت لە شافیعی داوە؟ ! ئەوەندە گفت و لفت خۆش و ئاگادار بوو، پیاو حەزی دەکرد هەر گوێی بۆ ڕادێرێ. ڕۆژێک گوتی: بە داخەوە کورد چونکە هەمیشە ژێر چەپۆکە بوون، شاعیر و نووسەری گاڵتەچیمان لێ هەڵنەکەوتوون؛ کە گەپ و گاڵتەش بەشێکی گرینگە لە ئەدەبیاتدا. من باسی «مەلا حەسەنی دزڵی»م بۆ کرد کە زۆر گاڵتەچی بووە و بە داخەوە لە برسان مردووە. نموونەی کردەی ئەو پیاوەی لێ خواستم. شیعرێکم بۆ خوێندەوە کە لە مەریوانەوە بۆ فەقێیەکی برادەری خۆی بە ناوی «حەمەدەمین هەمەوەندی» بۆ شاری سابڵاغی نووسیوە. من - وەک عادەتمە - لە خوێندنەوەی شیعری لەبەردا، چاو لە سەر یەک دادەنێم. لەو ناوەدا چاوم هەڵێنا: ئەو پیرە ڕیشسپییە بە دەست و پێ سەمای دەکرد. گوتی: پیاوێک دەنێرم کە بە دوو نووسراوی ئەو پیاوەدا بگەڕێ و لە ڕۆژنامەی دەنگی گیتی تازەدا بڵاوی دەکەمەوە؛ کە بە داخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا. ئەمەش بڵێم کە لە پاش نەمانی شەڕ، گۆڤارەکە هەڵگیرا و ئێمتیازەکەیان دابوو بە حوزنی؛ بە ڕۆژنامەیەکی چوار لاپەڕی دەری دەکرد و ئەدەبیاتی کوردی تێدا دەنووسی. شیرەکان ئەوەندی لە بیرم ماون ئەمانەن: ای عازم ساوجبلاغ! عرض سلام این حزین برخوان برای آنکە نامش در دهانم انگبین چابک هموندی کە او، در وقت غارت بارها برکندە بزها پوست را، درویشها را پوستین از نام او پرسی اگر، احمد امین اسمش بود اول محمد آمدە، آخر نقیض لا امین باری اگر مرسولەای ننوشت سوی این طرف منعش نباشد زان مکان، گر غافل است از ما چنین شهر سیه چشمان وی همچون غزالان ختن تعطیر ناف دلبرش چون نافه‌ی آهوی چین پیکان مژگان سیه بر سینەی هر کس زنند فواره‌اش بالا رود، تا آسمان هفتمین بەرخۆلةٌ، دوو شحمةٌ، تاقانةٌ فی بلدة قتالەٌ بالغمزەٌ، با آن دو چشم نرگسین آتش بە جانها افگنند، وقتی کە چون کبک دری آیند بیرون از حمام با آن خدود آتشین پشمینە پوش اطلسی، زنگاریان طاوسی جنبیدن دسمالشان گە بر یسار و گە یمین لو عانق الانسان بالبنت التی من قربکم صادر شود بی اختیار، از وی ریاح فا و سین (فس) درویشهای کوڵکنین، ڕیش نێری و زوڕنا کەپۆ سەرچۆلەکەی، گون کوولەکە، مانند جامووس بطین بینند چون آن لعبتان، چون دیوشان دربر کشند با بۆڵەبۆڵ و فشەفیش، با لرفە لرف و ئاخنین ڕەنگە چەند بەیتێکم لە بیر نەمابێ. لە خۆشەویستی موکریان و تایبەتی سابڵاغدا لە ڕادەی تیپەڕاندبوو. ڕۆژێک کە منی دەدواند و زۆر باسی سابڵاغی کرد، محەممەد عەلیەکەی یاریدەری پرسی: مامۆستا وا دیارە تۆ خەڵکی سابڵاغت زۆر خۆش دەوێ؟ گوتی: بەڵێ، سەگێکی سابڵاغم لە کاکەحمەدی شێخ خۆشتر دەوێ! گوتم: کاکە حوزنی! چونکە کاری ئینگلیسانت کردووە، هەموو کەس بە جاسووس و خەتەرت ناو دەبا و منیش لام وابوو تووشم بی، دەمخۆی! - خوا دەیزانێ، بەڵام لە عێراق دەرکرام پەنام بە عەلی کەماڵ برد کە زۆر دەستی دەڕۆیشت. لەگەرمای نیوەڕۆی چل و هەشت دەرەجەدا لە دەرگام دا، هاتە دەر: - مامۆستا خێرە؟ - لە عێراق دەرم دەکەن. - ڕاوەستە ئێستا دێم. تاوێک لە بەر درگا وێستام. درگا کرایەوە. هەر نووسراوێکی بە دیاریم بۆ ناردبوو دە باوەشیدا بوو، لەبەر درگا هەڵیڕشت و دەرگای لە ڕوو پێوەدام. زۆر کەسی تری وەک ئەو، وەک ئەویان لەگەڵ کردم. کە بە ناوی کارمەندی ئینگلیسیان هاتوومەوە، ئێستا نە شەرم و نە حەیا، هەموو ئەو پیاوە زلە کوردانە فەخر دەکەن کە قسەیان لەگەڵ بکەم. بەدناویم لە ناو لاوە کوردەکانیش هەر ئەوەندەیە دەڵێم زگئێشەی بە تەنێتان نەبێ. ئێوە عاشقی ڕووس و ستالینن و مەعشووقە تفیشتان پێدا نادا. با بۆ بەرژەوەندی کوردستان خەبات بکەین و لە ڕێگەی ئازادیدا دەگەڵ شەیتانیش ببینە دۆست. با جگە لە ئازادی کورد کەس نەپەرستین... لە ئاکاری شێخ مەحموود زۆر ناڕەحەت بوو، کە ئینگلیس کردیانە فەرمانڕەوای کوردستان؛ کەچی بە هەوای دین و دنەدانی تورکان، دەگەڵ ئینگلیس بە شەڕ دەهات؛ دەنا هەر وەک یاریدەی فیسەڵیان دا و دەوڵەتی عێراقیان بۆ دامەزراند، ئەویشیان - کە جێگەی متمانە بوایە - دەکردە دەوڵەتۆکێک و لە مەسڵەحەتیان بوو. دەیگوت: کاتێ خەبەری تێکچوونی کوردستانی موکریم بیست، زۆر بە تاڵی گلەم لە سەفیری ئینگلیس کرد. گوتی: حوزنی! ڕەفیقانی ئێران ڕاستین کرد و ڕەفیقانی کورد درۆزن دەرچوون... مەحموود ئەحمەد گوتی: خریکن بمگرن و حقووقم ببڕن. دەگەڵم وەرە؛ حوزنی دەڵێن تۆی خۆش دەوێ. مەحموود وەک هەموو کوردێکی دیکە، جووتێک سمێڵی ستالینی و کراواتێکی سووری نیشانەس کومۆنیستی پێوە بوو. حوزنی زۆری بە خێراتن کرد و کە باسەکەم پێ گوت گوتی: باشە هەرچی لە دەستم بێ قوسوور ناکەم؛ بەڵام کام مەحموود تۆ دەزانی عەرەب عەقڵیان لە چاودایە و لە مێشکدا نییە. ئەگەر دەکرێ تۆزێک سمێڵەکانت سووک بکە تا بتبەمە لای کاربەدەستان. مەحموود خۆی لێ تووڕە کرد: جەناب تۆ جاهێلی! نازانی کومۆنیست چییە! من فەخر دەکەم کە بە کومۆنیستم بزانن! حوزنی زۆر بە نەرمی گوتی: ڕاستە جاهیلم. تۆ دەتوانی بە زمانێکی سادە پێم بڵێی کومۆنیستی چی زۆر باشە؟ - تۆ نازانی لە ڕووسیە هەموو کەس نان و کاری دەدرێتێ؟ - کاکە مەحموود گیان! خۆ زیندانی بەغدایش نان و کاری تەواویان هەیە! کاری مەحموودی هاسان جێبەجێ کرد و زۆری مەمنوونی خۆی کرد. جارێک باسی بەدفەڕی هێندێک نەجیمزادان بوو؛ حوزنی گوتی: من لە ئیدارە گۆڤار بووم قەت نەچووبوومە سەفارەتی بریتانیا. تەلەفۆن کرا کە سەفیر دەیەوێ بتبینێ. بردمیە پەنایەک و بە سرتە گوتی: کوردێکی زۆر گرینگی ڕووسیەمان لە لایە؛ تۆ بیدوێنە و دڵخۆشی بدەوە. لە ژوورێکی تایبەتی کوردەکەم دیت. خوایە من وەک ئەو کابرایە بناسم وایە. - کاکە! ناوت بەخێر؟ - مامۆستا حوزنی! نامناسی؟ من عەمەراغام، نۆکەری حاجی سەید عەوڵا؛ چەندم چایی بۆ داناوی؟ ئۆ و ئێرە چی؟ - بەدبەختی. سەید پۆشۆی سەید تەها هەڵیفریواندم: وەرە دەتکەمە کوردی ڕووسیە و دەتبەم بۆ سەفیری بریتانیا و پووڵێکی باشت دەست دەکەوێ. وا لیرە وەک حەپسی وام و ئەوا لە ترسانیش زراوم چووە. دەخیلە ڕزگارم کە! سەفیر لە دەرێ دەهات و دەچوو؛ چاوەنۆڕی خەبەری خۆش بوو. نووک و بەدەم بۆ گێڕایەوە. وەک بیست کەس قدیلکەی بدەن ملی لە پێکەنین نا: ئەو پۆشۆیە پتر لە بیست جاران دەستی بڕیوم؛ بەڵام دیسان فایدەی لێ دەبینم! پووڵێکم بۆ عەمەراغا ساند و ناردمەوە سنووری ئێران. هەر حوزنی گێڕایەوە کە: لە هەولێر بوو. دەچوومە دیدەنی حاکمی ئینگلیس، مەلایەکی لەباری کەڵەگەتم دیت لە دەرگای حاکم کز وێستابوو. گوتی: سەید توخوا وا بکە حاکم ببینم؛ چەد ڕۆژە ڕێم نادا. حاکم لە جوابما گوتی: ئەوە مەلا خەلیلی گۆڕۆمەرە؛ ئەوی پێمان سپاردبوو، باشی پێک نەهێنا؛ ئێستا داوای پووڵ دەکا! پێی بڵێ ئەگەر خۆی نەشارێتەوە پۆلیسی عێراق دەیگرن. ئەوسا تێگەیشتم کە ئەو پیاوە ممبارەکەی ئەو هەموو مەنگوڕەی بە کوژ دا ماڵوێران کرد، کێ ناردوویە و ڕەسووڵ ناجی کە ئێمە لە سابڵاغ گرتمان و دەرکەوت جاسووسێکی گەورەی بریتانیایە و دامانە دەست ڕووسان، لە خەزای مەلا خەلیلدا ڕاوێژکەری هەرە نزیکی بووە. «توفیق وەهبی» وەزیری کار و ڕێ و بان بوو؛ لە ئەدیبە بەناوبانگەکانیشە. ڕۆژێک شیعری «لێفە شڕە»ی من بۆ حوزنی دەخوێنێتەوە و دەڵێ: کەمتر شیعری وا باشم دیوە؛ خۆزگە ئەو شاعیرەم بدیبا. حوزنی دەڵێ: ئەوە لە بەغدایە و پێخواس و ڕووت و برسییە؛ بیکە بە کارگەرێکی سادە. - ئەوە دەغیلە خوزنی! پێی بڵێ خۆی بشارێتەوە نەوەک بیگرن! حوزنی ئیمتیازی مەجەللەی «زاری کرمانجی» - کە لە ڕواندز دەینووسی و لێی هەڵواشێنرابوو - وەرگرتەوە. بڕیاری دا کە بیداتە دەست من. بەیانییەک برادەرێک هات، گوتی: حوزنی کوتوپڕ مردووە؛ با بچینە سەر قەبران. چەند دیمەنێکی دڵتەزێن بوو: جەنازەکەی لە سەر خاک درێژ کرابوو تا قەبری تەواو دەبێ، جگە لە من و برادەرەکە هیچ کەسی لە لا نەبوو. بیرم لە قەدرنەزانی کوردان دەکردەوە، گریانێکی زۆر بە کوڵ گرتمی و پێم وایە تەنیا کەسێک کە بۆ مەرگی گریابێ من بووم. حوزنی کە بە جاسووس و هەمەکارەی ئینگلیسیان دەزانی، زۆر بە فەقیری مرد. جگە لە کتێبخانەکەی، هەموو ناماڵی، یەک دوو بەڕە و چوار نیمکەتی دار بوو. مناڵی نەبوو. ژنەکەی کوردی توکیە بوو. «گیو» کتێبەکانی برد؛ ناوماڵ بۆ ژن ما و کارەکەری ماڵانی دەکرد. لە کاتی شەڕدا ئینگلیسیان ڕادیۆیەکیان لە شاری «حێفا» خستبووە کار کە «مامۆستا گۆران»، «ڕەفیق چالاک» و «شێخ حەسە» ناوێک، ڕۆژانە دوو سەعات بەرنامەی کوردییان لەوێوە بەڕێوە دەبرد. لە بیرمە بۆ یەکم جار لە «گەردیلان» گوێم لێ گرت. ڕەفیق چالاک وتارێکی لەسەر چارەڕەشی کورد خوێندەوە؛ کوڵ هەڵیگرتم و تێر گریام. ئەویش دوای شەڕ هەڵگیرا. تووشی هەر کوردێکی سەرناس بام، داوای کارم لێ دەکرد. دوکتو جەعفەر حەولی دا ببمە فەڕاشی مەدرەسەی فەیلی؛ نەکرام. مامۆستا قادر قەزازێک هەوو زۆری کار بە دەست بوو؛ دەشیناسیم کێم. لە باتی کار، پەنجا فلسییەکی بۆ ڕاداشتم! بێدەنگ بە جێم هێشت. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گارسۆنی ڕستوورانی خەییام شەوێک برادەرێک هات و گوتی: حیزبی پارتی ڕایسپاردووم، کارێکم لە ڕستوورانێک بۆ دیتوویەوە؛ مانگی بە چوار دینار و نان و پێخۆر. ئای لەو خۆشییە! ڕستوورانێکی زۆر گەورە بە ناوی «خەییام»، دوو کورد بە ناوی «ئەحمەد خواجا» و «ڕوشدی بەگ» دەگەڵ عەرەبێکدا کردبوویانەوە. ئەحمەد خواجا لە هەواڵانی شێخ مەحموود بووە؛ مێژوویەکی بە ناوی «چیم دی؟» نووسیوە. ڕوشدی کوردێکی حەڵەبی بوو. کاری من ئەوە بوو قاپی بەتاڵ لەبەر خەڵک هەڵگرمەوە؛ وڵات بماڵم و کاشی بستڕمەوە؛ یاریدەی قاپشۆر بکەم. ئێوارانە بیست و دوو مێز و هەشتا و هەشت کورسی ئاسن بەرمە سەربان؛ سەعات یەکی پاش نیوەشەو بیانهێنمەوە خوار. سەعات دووی پاش نیوەشەو لە سەربان خۆ درێژ کەم و سەری سەعات پێنچ دیسان مل لێ نێمەوە. لە سەعات دوازدەی نیوەڕۆ بۆ سەعات و نیوێک وچان و ئیستراحەت بێ. چەند کەسێکی تری هاوکاری تێدابوو کە یەکیان کوردێکی سابڵاغی بە ناوی «محەممەدی ڕەشادی» بوو کە ئێستا زێڕینگەرێکی زۆر دەوڵەمەندە. چەند کوڕێکی خەڵکی سولەیمانیش هەبوون؛ کەباب و شەربەتی مێوژیان دروست دەکرد. ئارەقیش لەوێ دەفرۆشرا. ڕۆژانە تێکڕا بیست سەعات پتر ماندوو دەبووم و سەری خۆم پێ نەدەخورا. نیوەڕۆ و شەو نەفرۆشراویان دەداینێ. بەیانیان سەموونێکی ڕەقهەڵاتووی لە کەڵکی خوران کەوتوویان بە چایەکەوە - کە بە حەبی سوکەرین [ساکارین] شیرن دەکرا - جیرەمان بوو. ئەو دەم سێ دەسک کەرەوز بە فلسێک بوو. ڕۆژێک دەستم برد دەسکە کەرەوزێکم هێنا کە بیخەمە ناو سەموونەکەم، دوژمنی ڕای ئیمانت بێ، خاوەن ڕستووران لە دەستیان دەرهێنام و فەزیحەتی سەگیان پێ کرردم. شەڵوارێکی زۆر ئەستووری پینەکراو، کراسێکی شڕ و بێ قۆڵ، جل و بەرگم بوو. پێخواس بووم. لە گەرمای هاوینی بەغدا لەشمان هەمیشە لە بەر ئارەقە جڵقەی دەهات؛ تەنانەت نەیاندەهێشت نیوەڕۆیان لە بەر دووشی ئاودەستخانەش ئاو بە خۆدا کەین؛ نەیاندەهێشت لە بەر سێبەر خۆ درێژ کەین. لە بیرمە ڕۆژێک ناردیانمە شوێنێکی دوور کە قاڵبە سەهۆڵیان بۆ بێنم. پێخواس بووم؛ عەرزی خەیابان لاقی دەسووتاندم. لە تاوان هەر غارم دەدا کە نەمدەوێرا زۆر پێم وەعەرز کەوێ؛ زوو هاتمەوە. خاوەن ڕستووران گوتی: ئافەریم زوو هاتیوە؛ ئەوجار هەر تۆ دەنێرم! سەر لە هەوەڵەوە لەو شاگرد گارسۆنییە زۆر بە خۆمدا دەشکامەوە؛ بە شەرمەوە ئامان و دەفرم لە پێش موشتەری لادەبرد؛ بەزەشم بە خۆمدا دەهات. بەیتێکی مستەفابەگی کوردیم هاتەوە بیر کە دەڵێ: سەبا! یارانی مەجلیس گەر دەپرسن حاڵی زارم لێت بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچووە عەییارێک بێچووە عەییاری ئەو شاعیرە، بەچکە ئاغایەکی لووسکەڵە بوو. بێچووە عەییاری من، کوردستان و چەندین ملیۆن کوردی لێ قەوماوە؛ بۆشی بچمە سووچی مەیخانە و لەوەش ڕەزیلتر بم جێی شانازیمە. ئیتر بە ڕاستی ئەم بەیتە شیعرە، شەرم و تەقیەی لابردم و زۆر بە ڕاشکاوی کاری خۆم دەکرد. شەوێک میوانی بووکهێنان بوو؛ زۆر شلووغ بوو. ئەحمەد خواجا گوتی: دەزانی بنووسی؟ - بەڵێ. - ورە لە بەر سندووق ڕاوەستە! هەر شێوێک دەچێتە دەر بینووسە! کابرای خاوەن میوانیش دەینووسی. کە هاتینە حیساب کردن، حیسابی کابرا لە هی من پتر بوو. ئەحمەد خواجا دەیگوت هی ئەو ڕاستە؛ لە من تووڕە بوو کە سەهوم کردووە. چەققە پەیدا بوو. کاتێ لە ئەشپەزیان پرسی حیسابی من ڕاست بوو. خاوەن میوانی نیو دیناری بە خەڵات دامێ؛ ئەحمەد خواجا دە دەستم نووسا، لێی ساندم! ڕۆژنامە بە دە فلس بوو؛ نەمدەتوانی بیکڕم. جارجارە لە خەڵک بەجێ دەما، دەمبرد و تماشام دەکرد. ڕۆژێک دوو پۆلیس بە باوشە کتێبەوە هاتن، بە کابرای خاوەن ڕستوورانیان گوت یەکیان بکڕە. هەر چەند زیقاندی کە ناکڕم، چارەگە دینارێکیان لێ ساند و کتێبێکیان بۆ دانا و ڕۆیشتن. کابرا لە کتێب نەوی و تا هێزی تێدابوو فڕێی دا و چەند جوێنێکی حەواڵەی دەوڵەت کرد. چووم کتێبم لە ناو خۆڵ هەڵگرتەوە؛ داستانێک بوو بە عارەبی جڵفەی ناو بەغدا نووسرابوو. کەیف پێ هات کە زۆر وشەی بەغداییانەم فێر دەکا. ڕەنگە بیست جارم خوێندبێتەوە. ڕۆژێک کابرایەکی زۆر بە سەر و سیما هاتە ڕستووران. من کە چووم قاپە بەتاڵەکانی بەردەمی هەڵگرم، بە بێ ئەوە چاو لە من کا بە سرتەوە گوتی: تۆ هەژاری؟ - بەڵێ. - من ئەمین ڕەواندزی ئەفسەری مەشهوورم. ویستم حەولت بۆ بدەم لە سەحرا سەعەمەلەییت بدەنێ؛ بەڵام لام وا باشە بچیوە ئێران. دەڵێن عافواتی شا دەرچووە. - قوربان! هیچ زەحمەت مەکێشە! ناچمەوە ئێران؛ ناشچمە سەحرات. لێرە هیچ نەبێ سێبەر هەیە؛ نانیش هەیە. زۆر سوپاست دەکەم. ڕۆژنامە نووسیبووی: مستەفا خۆشناو»، «محەممەد مەحموود قودسی»، «خەیروڵڵا» و «عیززەت عەبدولعەزیز» - کە ئەفسەر بوون و چوونە یاریدەی بارزانی - حوکمی ئیعدامیان دراوە. ئیتر ڕستووران هەر جمەی دەهات. کوردی بەغدا و سولەیمانی بۆ نەجاتیان تێدەکۆشین و لەوێ کۆ دبوونەوە. لە پەناوە گوێم هەڵدەخست کە بزانم خەبەر چییە؟ ئاخری ئیعدام هەر کران و لاشەکانیان بردەوە شوێنی لە دایک بوونیان. منیش هەر ئەوەندە بوو لە پەنایەکەوە چەند فرمێسکێکم هەڵوەراند. جاری وا بوو خواردنم لە ڕستوورانەوە دەبردە توتێلان. جارێک کەبابم برد بۆ شێخ عەرەبێک ناوی عەبدوڵڵا یاسین بوو؛ لە شێخە هەرە زلەکانی نێوان کووت و عەمارە. کەبابی سولەیمانی زۆر لێ خۆش هات. ڕۆژی دواییش داوای کردبوو؛ بۆم برد. هێشتا لە بەر دەمیم دانەنابوو، قاچم تێک هاڵا و کەوتم و قاپ شکا و کەباب پەرژ و بڵاو بوونەوە. لە ترسان و لە حیرسان فرمێسکم پەڕیە چاو. گوتی: گوێ مەدەیە. تەلەفۆنی کرد کە من قاپەکەم شکاند. دوو دیناری بۆ ناردن؛ نیو دیناریشی بەخشش دا بە خۆم. گوتی: ئەگەر دەبیە خزمەتکارم و دەتوانی لە سەحرا بژی، ژنت بۆ دێنم، ڕەشماڵت دەدەمێ، مانگێ دە دیناریش حقووق. - چۆن نایەم؟ دەستیشت ماچ دەکەم؛ ژنیشم ناوێ. خوا ڕاوەستاوت کا. - دەجا سبەی سەعات شەش وەرە بەر ئوتێل. شەو لە خۆشیان نەمزانی خەو چییە. شڕە و پەتووم پێچایەوە. لە جەنگەی گەسکدانی بەیانیدا، کۆڵەپشت لە سەر شان، لە بەر دەرکی ئوتێل «شط العرب» وێستام و نیو سەعات هەڵلەرزیم تا شێخ تەشریفی هاتە دەر تێلەکەیان لە سەر ماشێن دابەست. - خۆ دەزانی کەبابم بۆ دروست کەی؟ - نا بە داخەوە، بەڵام هەموو کارێک دەکەم. - شڕەی بۆ فڕێ دەنەوە! وەمزانی کەبابی سولەیمانی دەزانی. بە هەناسەساردی هاتمەوە جەهەننەمەکەی خۆم و نەمدەزانی جوابی پرسیارکەران چی بدەمەوە. ماڵی مام حوسێن لە ڕستوورانەوە چارەگە سەعاتێک ڕێ بوو. نیوەڕۆیان ناچار دەچوومەوە ئەوێ ئاوم بە خۆدا دەکرد و بڕێک ڕادەکشام. ڕۆژێک لەم ڕێگەیەدا تووشی مغازەیەکی کتێبفرۆشی بووم کە هەموو کتێبەکان باسی ئایینی خاچپەرستی بوو. تابلۆیەک بە پەنجەرەکەوە درابوو: «ڕۆژنامە خوێندنەوە بە خۆڕایی». بە خوا باشە! با بچم. کابرایەکی پیر، هەشتا نەوەد ساڵە، لووت کورتی سوور، گوێ پان، لە سەر کورسییەک قووت ببۆوە، جێگەی نیشاندام. دوولاوی عارەبیشی لێ بوو. پڕم بە ڕۆژنامەدا گرت و بە خۆشیەوە لێم دەڕوانی. گوتم ئیستراحەتی نیوەڕۆم لێرە دەگوزەرێنم. چەند تابلۆیەک بە دیوارەوە بوو، نووسرابوون: «ئەگەر مجادەلەی دینی دەکەم هەرگیز تووڕە مەبن! بە زمانی نەرم و خۆش یەکتر بدوێنن». کابرا کە بۆ بەخێراتن دواندمی گوتی: بە لەهجەتدا وادیارە عەرەب نیت. وتم کوردم. بە کوردی گوتی: زۆر باشتر، من سی ساڵ لە سابڵاغ و دە ساڵ لە تەورێز ژیاوم. تەبلیغاتی دینی مەسیحیم کردووە. ئێستاش ئەوا تەرجەمەی کتێبێکم بە دەستەوەیە کە بە فارسی بڵاوم کردۆتەوە و دەیکەم بە عارەبی. خۆ فارسیش دەزانی؟ - بۆچی، کەم تا کورتێک. - با بڕێکت بۆ بخوێنمەوە. - بە خوا من هاتووم ڕۆژنامە بخوێنمەوە. - نا، دەبێ هەر گوێم لێ بگرێ، زۆر بە فایدەیە. ملێکم لار کردەوە: - بەڵێ بفەرموو! - ڕۆژێک لە ڕۆژانی بەهار کەربەلایی زینەلعابدین و یووسفی هاواکیان چووبوونە سەیران لە شاگوڵی. یووسف خەریکی چا لێنان بوو؛ کەربەلایی نوێژێ دەکرد. لە دەمی نان خواردنا یووسف پرسی: - چەند ساڵە نوێژ دەکەی؟ - چل و پێنج ساڵ. - چەند نوێژت کردووە؟ چەند ڕکاتی تێدا بووە؟ - نازانم. - من حیسابم کردووە، دەکاتە ئەوەندە هەزار ڕکات. ئەو هەموو موسوڵمانە لە دنیادا لە هەموو ڕکاتێکدا لە بەر خودا پاڕاونەوە: بمانخەنە سەر ڕێگەی ڕاست، ئەدی خودا کەی دوعایان لێ قبووڵ دەکا؟ ! گوتم: بەسمە، تگەیشتم. جەناب! فاتیحا قسەی خودایە. فەرمانی داوە موسوڵمان لە ڕکاتە نوێژدا بیڵێن، وەک ئەوەیە کە ئێواران سەربازان فێر کراون بڵێن بژی مەلیک. فەرمانە؛ دوعا نییە. ڕەنگە تۆ قورعان بە قسەی خودا نەزانی؟ - شتی وا مەڵێ! قورعان زۆر گەورەیە. لە چەند جی بە ئاشکرا باسی مەسیحی تێدایە کە لە فووی خودایە. - بەه بەه! چەند مبارەکە! لات وایە هیچ قسەی پێغەمبەری تێدا نییە؟ - بەڵێ، ئەوانە «قول»یان تێدایە، واتا: «بڵێ» بێ شک فەرمایشتی خودایە. - کە وابێ محەممەد «قول»ەکانی بۆ خۆی لێ زیاد کردووە کە قورعان دەڵێ: «هەر کەس جگە لە ئیسلام دینێکی دیکە هەڵبژێرێ لێی قبووڵ ناکرێ» قسەی خودا نییە؟ ! - من ئەوە ناڵێم... - تۆ بڵێ! شەرم و تەقیەی پێ ناوێ. وەرە هەردووکمان بڵێین محەممەد بە ناوی خوداوە ئایەتی خستوونە ناو قورعان و دزی کردووە. کەسێک دز و بوختانکەر بێ بۆ پێغەمبەر نابێ. ئەوسا وەرە پێم بسەلمێنە کە مریەم لە فووی خودا ئاوس بووە و ئەو کچە جوولەکە جوانە کەس لاقەی نەکردووە! - کوڕە تۆ دەڵێی چی؟ ! قورعان ئاشکرا دەڵێ. - گوتمان قورعان بڕوای پێ ناکرێ چونکە خاوەنەکەی بە زمانی خواوە هەڵیبەستووە. - جا دەڵێی چی؟ - دەڵێم ئەو هەموو موسوڵمانە دەربارەی پاکی مریەم و عیساوە بە هۆی قورعانەوە دەمیان بەستراوە. ئیوە حەول بدەن قورعان زۆر چاۆ بکەن با موسوڵمان هەموو بزانن کە مەسیح زۆڵ نەبووە. چارتان هەر ئەوەیە. - تۆ ناوت چییە؟ - عەزیز. - عەزیز هەستە بڕۆ! جارێکی دیکە نەیەوە ئەم دوکانە! کلک لە گەڵۆزدا دەرکەوتم و پەکی ڕۆژنامەی بە خۆڕاییم کەوت. حوزنیم وە بیر هاتەوە کە لە سەر شافیعی تێهەڵدانی خواردبوو! دوو مانگ لەوپەڕی چەوسانەوە کارم کرد. مانگی یەکەم گوتیان دوایە حقووقت دەدەینێ؛ مانگی دووهەم گوتیان نیمانە و نایدەین! حەمەی ڕەشادیش وەک من هەشت دیناری دوو مانگەیان نەدایە. گوتی با شکایەت بکەین؛ گوتم من نایکەم. ئەو چوو دوو پۆلیس و دەرەجەدارێکی لەگەڵ خۆی هێنا. گوتیان: حەقی ئەو فەقیرە بۆ نادەن. خاوەن ڕستووران گوتی: جارێ فەرموون ئیستراحەتێک بکەن! بوتڵێ ئارەق و کەبابیان بۆ بردن. تێریان خوارد و حەمەیان وەبەر شەق و زللە دا: نامەردی لات! ئەو پیاوە نەجیبانە چۆن هەقی تۆ دەخۆن؟ ! من هەر ئەوەندەم بۆ کرا حەسیر و پەبووەکەم لە سەر شان دانێم و بێمەوە لای مام حوسێن. لە ڕستوورانەکەدا مامەم بۆ کڕێکارەکان دەنووسی ئەوانیش تیغی ڕیشتاشین و سابوونیان دۆ دابین دەکردم: پەکم لە سەر ئەو دوانە نەدەکەوت. ڕۆژێک کرێکارێک کە چەند جار نامەم بۆ نووسیبوو گوتی: وەرە لە سەر حیسابی من بچۆ لای قەحبەیەک! گوتم: چەدی تێ دەچێ؟ گوتی: نیو دینار گوتم: کاکە چارەگە دینارێکم دەیە و ناچم. گوتی: سا بە خوا نەچی فلسێکت نادەمێ! پێم سەیر بوو؛ چۆنە بۆ کاری خراپە وا دڵاوان و بۆ خێرێک وا دڵکوێرن؟ ! زۆربەی خەڵکی تریشم وا دیوە. نازانم سوڕ چییە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەمباڵی بەر ئوتێلان دەستم کرد بە حەمباڵی کردن؛ بەڵام حەمباڵیەکی لۆکس. دەچووم لەبەر ئوتێلی گەورە ڕادەوەستام. گارسۆن بانگیان دەکردم، چەمەدانی میوانان - کە دەڕۆیشتن- بەرمە دەر و بۆیان بار کەم. خۆیان و خودایان شتێکیان دەخستە مشتمەوە. شەوانەش لە بەر هەیوانی دیوەخانی نەقیب لێی وەردەکەوتم. سەید عاسم مرد؛ ئامۆزایەکی پیری ئەویان کە ناوی سەید برایم بوو کەردە نەقیبی غەوس. مام حوسێن لای نەقیبی تازە بە نۆکەری دایمەزراندم کە مانگی چوار دینار و نان و پێخۆرم بداتێ. گەسک لێدان و کاشی ماڵینم نەما. حاجی حەسەبێکی ئەفغانی، حاجی کەرامەت ناوێکی پاکستانی و ئەحمەد ناوێکی هیندی کارە گرانەکەیان دەکرد. کاری من ئەوە بوو نەهار و شام سینی بۆ سەید برایم بەرم و لە ماستاو دروست کردنی من زۆر کەیفی دەهات. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نۆکەریی سەیید برایمی نەقیب سەید برایم پێنجسەد خانووبەرەی عەرەسەی گەڕەکی ئەرمەنیانی هەبوو؛ پتر لە دووسەد دوکان و خانووی تری لە بەغدا بە کرێ دابوو. دەیانگوت پێنج ملیۆن دیناری لە بانکدایە؛ بەڵام دیسان چاوی لە فلس و دوو فلسی زیارەتکەرانی هیندی و کورد بوو. جینگنێک بوو هەمیشە دەتگوت دڕووی وە بن کلکی دراوە. بە ڕاستی شێتێکی تەواو بوو. باغێکی خورمای هەبوو، بە دوازدە هەزار دینار بە ئیجارە چووبوو. شەوێک دەگەڵ ئیجارەداری باغەکەی لە سەر ناوی جۆرە خورمایان بوو بە هەرایان. دایە بە جنێودان و وەهای دەنەڕاند کە هەموو نووستووی حەساری غەوسی لە خەو ڕاپەڕاند: - سەگباب چۆن من دەڵێم ئەو خورمایە ناوی سوورە کێویلەیە و تۆ دەڵێی نەخێر قامکی بووکە؟ ! ڕۆژێک دیتی ڕۆژنامە دەخوێنمەوە، کردیە هەرا: - مەمنووعە ڕۆژنامە بخوێنیەوە؛ مێشکت تێک دەدا. تۆ نۆکەری منی؛ نابێ کاری وا خراپ بکەی! بۆ نەگبەتی خۆی لای وابوو فارسی دەزانێ؛ شتهایەکی کاوێژ دەکرد نەمدەزانی چ زمانێکە. ڕۆژێک وێرام بڵێم: ئەفەندی ئەوە فارسی نییە؛ من شتێک لە فارسی دەزانم. سەیر بوو کە تووڕە نەبوو؛ گوتی: باشە فێرم کە! نازیرەکێک بوو لام وابوو خوا مێشکی نەخستۆتە سەریەوە. خولاسە ببوومە ئاجوودانی نەقیب. دەگەڵی دەچوومە باغەکەی. خانووێکی خۆشی لێ دروست کردبوو. جارێک ئیجارەداری باغ بە من و شۆفێرەکەی گوت: سەر و دەسرەم بدەنێ خورماتان بۆ تێ دەکەم؛ بەڵام ئەفەندی نەزانێ. هەرچەند من ئیجارەدارم و ئەو حەقی بەسەر بەریەوە نییە و من لە ماڵی خۆم بەشی ماڵەوەێ دەدەم و دبێتە میوانم؛ بەڵام بیبینێ من خورما بە ئێوە دەبەخۆشم، هەر دووک چاوی کوێر دەبێ لە خەسیسیان. ژنی نەبوو؛ کوڕێکی هەبوو بە ناوی «شەمسەددین». لە قەسرێکی دووردا دەژیا. کابانی ماڵی ئەو نووریە بوو کە باسی کرا. سفرەچیش من بووم. ئەفەندی زۆر موسڵمانێکی بە نوێژ و ڕۆژوو بوو؛ هەمیشە ورتەی دەهات؛ دوعای دەخوێند. زەکاتی پووڵ و خورمای نەدەدا؛ بەڵام ڕۆژانی جومعە دووسەد تاق فلسی دەکردە کیسەیەکەوە، بە سواڵکەرانی بەر دەرگای بارەگای غەوسەوە دەگەڕا، فلسێک و دوو فلسی بە هەر یەکێکیان دەدا. ناوبانگی بە خێرەومەند ڕۆیشتبوو. لەو خێر بەخشینەوەدا مەلایەکی بە ناوی غەززالی لە دواوە دەڕۆیشت. ڕۆژێکی جومعە پەنجا فلسیەکی دامێ، گوتی: بچۆ بیدە بە فەقیران و بڵێ هی فڵان کەسە. لە بەر دەرگا ژنێکی کوێرم دیت پەنجا فلسییەکەم دایە و گوتم سەید برایم ناردوویە و گورجێ هاتمەوە خزمەتی. سرتەیەکی دەگەڵ مەلا کرد. مەلا گوتی: پووڵەکەت چ لێ کرد؟ - بردمە لای ژنە کوێرەکە. لێی پرسی: کەس پەنجا فلسی داویەی؟ ژنەکە - پووڵەکەی هەر لە دەستیدابوو - نیشانی دا، گوتی: سەید برایم بۆی ناردم. ئەفەندی کە دڵی خاترجەم بوو نەمدزیوە، گوتی: تۆ کوڕێکی ئەمینی؛ بەڵام دەبوایە بیدەی بە پەنجا سواڵکەر! - ئەفەندی جاڕێکی تر من خێری تۆ نابخشمەوە؛ با مەلا ئەو کارە بکا. شەوێک لە خزمەتیدا دەچوومەوە ماڵ، لە پلەکان فەرمووی وەپێشم کەوە. لە سەرکەوتنا دووپشکێکم دیت؛ پێم ڕێ خست. گوتی: ئەوە چ بوو؟ - دووپشک بوو کوشتم. بە پلەکانێکی دیکەدا سەرکەوت و ئێستاش نەیوێرا لەو پلەکانەوە سەرکەوێ. لە لای هەموو میوانانی تاریف، تاریفی پاڵەوانەتی و نەترسانی من بوو کە توانیومە دووپشک بە پێلەقە بکوژم! ڕۆژێک لە حەوشەی دیوەخان گوێم لە زیقە و هەرای ژنان بوو؛ ڕامکرد، دیتم توولەمارێکی باریکیان دیوە. کلکی مارم گرت و لە کون دەرمکێشا و بۆم کوشتن. ئیدی کار لەوەدا نەما. هەموو ڕۆژ دەیانگوت ئەفەندی تۆی دەوێ. نیشانی میوانانی دەدام: بڕوانن! ئەو کوردەیە کە ماریش لە کون دەردێنێ و دووپشکیش دەکوژێ! ئاخری وای وەڕەز کردم. دەینارد لە دووم نەدەچووم. «حاجی کەرامەت» چل و پێنج ساڵ بوو لە بەغدا دەژیا؛ قەتچوار کەلیمەی عەرەبی بە باشی فێر نەببوو. باشی لە بیر بوو کە ساڵێک ڕووس هاتوونە خانەقین و چونکە وەک شوومن، قاتی و گرانیان بە پێوە هاتووە و هەر نانی وشکی بە ئاو خواردووە و شوکری خوای کردووە. ڕۆژێک بەیانی چووبوو نانی گەرم بکڕێ، گووم بوو نەهاتەوە. ئەفەندی شێوا؛ تەلەفۆنی بۆ هەموو پۆست و بیمارستانان کرد، سۆراغ نەبوو. دەستمان لێ شوشت. پاش یازدە ڕۆژ، بەیانی بە باوەشێک نانی گەرمەوە لێمان وە ژوور کەوت. - حاجی چت بە سەر هات؟ - وەڵڵا گوێم لێ بوو شۆفیران بە گۆرانی دەیانگوت: هەر چی نەچێتە زیارەتی سەلمان، عومری بە زایە چووە. وە بیرم هاتەوە زۆر لە مێژە نەچوومە ئەو زیارەتە. بە پێ ملم لێ نا. بە دوو ڕۆژ گەییمە سەلمان پاک. حەو ڕۆژ لەوێ بووم و بە پێ هاتمەوە و نانم کڕی! جا وەرە زاری ئەفەندی بکرێتەوە و جنێو داببارن! ئەفەندی نەخۆش کەوت. ئەحمەدی هیندی و من بووینە دەکەوان کە هەر کەس دێتە لای، بێ پرسی ئەو ڕێگە نەدەین. لەو بێکاری دەرکەوانیەدا مرخم خۆش کرد عارەبی کتێب فێر بم. مونجدێکی چکۆڵەی دانشجویان - کە فەرهەنگی عەرەبی بە عەرەبی و هاسانە- پەیدا کرد. ژمارەیەکی مەجللەی هیلالی میسری - کە دەربارەی ئەحمەد شەوقی بوو - دەستم کەوت. هەر وشەیەکی نایزانم لە فەرهەنگ دەیدۆزمەوە و بە میداد دە بن وشەکەی دەدەم. وا دیار بوو هیچم هەر لێ نەزانیبوو؛ چونکە مەجەللەکە وەک سەر و بەر تەرجەمە کرابێ وابوو، بە میدادی من سەر تا پای بۆر هەڵگەڕابوو. لەو زەحمەتکێشانە بێ وچانەمدا - کە هەمیشە جگە لە وەختب کار دەمخوێندەوە - تا ئەندازەیەکی باش خۆم لە عارەبی ڕاهێنا. ڕۆژێک دەروێشێکی کوردی سەیدی پارسانی هات؛ گوتمان ڕێت نییە بیبینی. - کوڕە ئەوە دەڵێن چی؟ دێو دەتوانێ پێشم پێ بگرێ؟ ! بڕۆن پێی بێژن من چوومە گەیلان زیارەتی مووسا جەنگی دۆستی باوکی غەوسم کردووە؛ سڵاوی ئەو بۆ غەوسی کوڕی هێناوە. بە خوا تا مخارجی گەڕانەوەم پێ نەدا لەگرە نابزووم و چاویشی دەرتێرم! چوومە ژوور بۆ ئەفەندیم گێڕاوە. زۆری جنێو دا، ئەوەندەشی گوت: ئەوە کوردە و خزمی خۆتە بۆیەت ڕێ داوە. - جا دەفەرمووی چی؟ لێی دەم؟ - نا نا دوعام لێ دەکا دەمرم! بچۆ ڕازی بکە؛ بەڵام تا دەتوانی کەمی بدەیە! بە هەزار چەق و تەف دەروێش بە نیو دینار ڕازی کرا و شڵتاغی بە ئەفەندی نەما. ئەفەندی تا دوو ڕۆژان جنێوی بە مووسا جەنگی باپیری دا، بۆ دیارییەکی بۆی ناردووە! کاری من و ئەحمەدی هیندی جگە لە تەشریفاتی بەر دەرگا، دەبوایە ئەگەر ئەفەندی کاری ئاودەستی بوایە، بە چوار دەستان بە تەختەوە هەڵیگرین و لە بەر دەرکی ئاودەستی دانێین و پاشان ئاوا بیهێنینەوە شوێنەکەی خۆی، کە لە حەسار بوو. لای مام حوسێن درکاندم کە خواردنەکەمان تێرمان ناکا، چی بکەین؟ چووبوو گوتبووی فڵان کەس لە لات دەڕوا. تووڕە ببوو: چۆن دەڕوا؟ ئەدی کێ ماستاوم بۆ دروست کا؟ ! بە پۆلیس دەڵێم بیگرن؛ سەربازی نەکردووە. حوسێن بە گژیدا هاتبوو؛ شەش دیناری لێ ساندبوو. گوتی: نابێ لای ئەو خوێڕیە بی. نانێکم ەەر دەبێ تۆ بیخۆی. بۆ کاریش خوا کەریمە. هەر لەو دەرکەوەنیەدا جارێک «جەلال تاڵەبانی» - کە تازە خەتی سمێڵی دەدا - هاتە لام و بوو بە ئاشنام. کوڕێکیش بە ناوی «عوسمان مەجیدی کۆیی» دیتمی و گوتی: - حەز دەکەی لە فەلسەفەی مارکسی شارەزا بی؟ - چۆن حەز ناکەم؟ چەند نامیلکەیەکی دامێ؛ بیخوێنەوە! ... جارێکی تر هات گوتی: مامۆستایەکمان بۆ دیاری کردووی زۆر زانایە؛ بچۆ لە فڵان قاوەخانە بیبینە! باشت فێر دەکا. لاوێکی سمێڵزەردی، سەر چکۆڵەی، چاوشین و عارەب، بەر لەوە دەرسێک بڵێ فەرمووی: - کارت چییە؟ نۆکەری کابرایەکی عەرەبی دەوڵەمەندم. - مەڵێ عەرەب، ئەوە بیری شۆڤینییە! - کابرایەکی بەغدایی؟ - مەڵێ بەغدایی، ئەوە سیاسەتی ئیقلیمییە! - عێراقییە و بە زمانی من قسە ناکا. - ئەوەش مەڵێ، دنیا یەکێکە و ئیستعمار کردوویەتە چەند بەش! خولاسە وەک بەیتی مێشوولەی لێ هات: هەر من بڵێم، ئەو بڵێ مەڵێ! وەختی دەرس بە سەر چوو؛ بەجێم هێشت و هەر لە بەر خۆمەوە دەمگوت: مەڵێ! مەڵێ! عوسمانم دیتەوە: - ها؟ مامۆستاکەت چۆن بوو؟ - چ لەوە باشتر دەبێ؟ مڵێ «مامۆستا» ئەوە سیاسەتی تەبەقییە! کە بۆم گێڕاوە لە قاقای پێکەنینی دا: بە خوا نەمدەزانی کەری ئاواش هەیە! ڕۆژی دوایی هاتەوە. کومۆنیستەکانی باڵا زۆر لەو سمێڵزەردە تووڕە بوون: - قەرارە مامۆستایەکی زۆر زانا لە خۆیان بنێرن؛ ئێوارە دێتە لات. مامۆستای نوێ ناوی «ئەحمەد بانی خێلانی» بوو. چووینە قاوەخانەیەک، گوتی: - ئیتر نامیلکە و مامیلکەت پێ ناوێ، هەرچی مارکسیەتە وا لە سینگمدا؛ هەمووت لە بەر پێ دەڵێم! ملی نا لە باسی کومۆنیستی بنیادەمی بەر لە تاریخ کە لە نامیلکۆکێکدا خوێندبوومەوە. بەر لە قسە کردنیش گوتی: - دەزانی دیالەکتیک چییە؟ - نەخێر. - مانای وەرام و پرسیاری دەم بە دەمە؛ تا گرێ کوێرە نەمێنێ. لە سەر قسەکانی ڕۆیشت: - لە ژیانی سەرەتاییدا هێندێک فێڵبازی تەنبەڵ پەیدا بوون، گوتوویانە ئێمە ڕاسپاردەی خوداین و عاسمان ئێمەی کردۆتە گەورەتان. بەو فێڵە چەوساندوویاننەوە و بۆ خۆیان خۆش ژیاون. - مامۆستا ئیجازە هەیە قسە بکەم؟ - ئەی دیالەکتیک بۆ چییە؟ بڵێ! - لەم بارەوە ئەوا گوتمان مووسا خۆی کردۆتە سەرۆکی جوولەکە و محەممەد دەوڵەتی بۆ عەرەب دامەزراندووە؛ بەڵام بۆ مەسیح دەڵێی چی کە هەتا کوژراوە نانی شەوی نەبووە و بە پێخواسی و بە سواری کەر گەڕاوە؟ چەوساندنەوەی خەڵکی لە کوێدایە؟ ! گوتی: ها کابرایەک تماشامان دەکا؛ نەوەکا جاسووس بێ. با بڕۆین دوایە جوابت دەدەمەوە! ئێستا و ئێستاش مامۆستا نەهاتەوە! عوسمان گوتی گوزارشی داوە کە ئەم کوڕە لە دەردی کۆنەپەریستیدا خنکاوە و چارەی بە کەس نایە! پاش چەند ساڵێک دەگەڵ چەند هەواڵێک تووشمان بوو بە تووشیەوە، گوتی: دڵخۆشم کە من مامۆستات بووم؛ لە بیرتە؟ - بەڵێ، بەڵام ئێستاش پرسیارەکەم بێ جوابە! ئێستێ کە ئەم باسە دەنووسم، ئەم پیاوە لە مامۆستا هەر پایەبەرزەکانی حیزبی کومۆنیستی عێراقە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نۆکەریی عەبوود شالچی وەکیل پاش ماوەیەک مام حوسێن گوتی ئاشنایەکی عەکاسم هەیە دەڵێ کارم بۆ دۆزیوەتەوە. عەکاس بردمیە لای وەکیلێکی دادگوستەری، بە حەوت دینار و نیو دامەزرام کە ڕۆژانە دەفتەرەکەی خاوێن کەمەوە و ئێواران لە پشت دەرکە دانیشم، چا و نووشابە بۆ میوانانی بێنم. شەویش لە دەفتەر بخەوم. نیوەڕۆیان دەیناردمە ماڵێ خواردنم بۆ دەهێنا و بەشی منیشی دەکرد. ماڵەکەی زۆر دوور بوو؛ دەبوایە دوو توتووبووس بگۆڕم و زۆریش بە پێ بڕۆم. زۆر ماندوو دەبووم؛ بەڵام نانی نیوەڕۆکەم کە دەدەچوو ڕازی بووم. ئاغاکەم ناوی «عەبود شاڵچی» بوو. وەکیلێکی زۆر پڕکار بوو و زۆر دەوڵەمەند و ئەشرافی و لە ئازادیخوازانی حیزبی چادرچی بوو. کتێبی زۆری لە دەفتەرەکەی هەبوو. کەتریەکی بەرقی هەبوو شەوانە چام لێدەنا و کتێبم دەخوێندەوە. یەک لەو کتێبانەی خوێندمەوە و زۆرم خۆش لێ هات، نووسراوێکی «ئەدگار سنو» بوو کە لە سەر ژیانی منداڵی و لاوەتی مائوتسێتونگی نووسیبوو؛ ناوی نابوو: «پیاوی ئاسیا». ئاغاکەم زۆر هۆگری متاڵا کردن بوو؛ تەنانەت کە دەچووە سەر پێشاویش شتێکی دەبرد لەوێ بیخوێنێتەوە. ڕۆژێک گوتی: وەرە بەندی کەوشەکانم توند کەوە! کردم؛ بەڵام هەستی کرد کە زۆرم بە لاوە گران بوو. ئیتر وازی لەم کارە هێنا. دوکتور ناجی مراد ناوێک هەر لەو ئاپارتمانەدا بوو. فەڕاشەکەی ڕۆژانە کە لە بیمارستان دەگەڵی بوو. ئێواران ئەویش دەگەڵ من لە پێشخانە دادەنیشت و ببووینە ئاشنا. بۆی گێڕامەوە کە ڕۆژێک دوکتور بە عارەبی دەشتەکی گوتووە: - خروجت بێنە. - خروج چییە؟ - گووت بێنە معایەنەی بکرێ. سبەی کابرا بوخچەیەکی گرانی پێ بوو، شەش کیلۆ دەبوو، گووی لە ڕۆژنامەیەکدا نابووە بوخچەوە: - فەرموو دوکتور! دوکتور بانگی کرد: - سەلمان وەرە مامت دیاری بۆ هێناوین، لێی وەرگرە! - دوکتور بیبەمەوە ماڵە خۆتان؟ ! - نەخێر بیبە ماڵە بابە سەگبابەکەت! ئاغام ڕۆژانی جومعە لە بەیانەوە دەهاتە دەفتەر؛ کوڕێکی عارەبی دەگەڵ خۆی دێنا کە لە ئیدارە دایمەزراندبوو. دەیگوت بۆ بڕۆ تەعتیل بە و تا ئێوارە مەیەوە. هەستم دەکرد کە ئەو کوڕە دەچێ ژنی بێگەنەی بۆ دێنێتە دەفتەر و ئاغای وەکیل خەیانەت بە ژنی خۆی دەکا و حەزیش ناکا من بزانم. لەو ڕۆژانەدا بەغدا لەپڕ وەک گۆمی خوێنی لێ هات. خۆپیشاندانی خەڵک دژی پەیمانی «پۆرتسمۆس» و ساڵح جەبری سەرەکوەزیری لەوپەڕی تەوژمیدا بوو. ڕۆژ نەبوو چەند کوڕ و کچێک لە سەر جادە نەکوژرێن. نیوەڕۆ بوو، لە بازاڕ بووم تەقە قەوما. بە غار هاتم بگەمەوە دەفتەر، تفەنگیان تەقاند و کابرایەکیان لە نزیک منەوە کوشت. خوێنی لە بەر دەچوو، غارم دایە سەری کە بەڵکو خوێنەکەی ببەستم، لەپڕ قۆنداغە تفەنگێکیان بە پشتمدا کێشا؛ هەر ئەوەندە بوو نەمرد. بە کۆمە کۆمە ڕامکرد و خۆم دە دەفتەر هاویشتەوە. شاڵچی زانی لە خۆپێشانداندا وام بە سەر هاتووە، گوتی: وا دیارە تۆش سەرت لەو کارانە دەخورێ. لەو ساوە زۆر بە هێدیتر دەیدواندم. ڕۆژێک کابرایەکی ڕەشی سوودانی دەگەڵ خۆی هێنا و گوتی یادیدەت دەکا. تێگەیشتم کە ڕەشەی پێ لە من چاترە و دەفتەر دوو کەسی ناوێ. داوای حیسابەکەم کرد و خواحافیزیم لێکرد. خڕ هاتمەوە ماڵی مام حوسێن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرعەمەلەیی لە کووت و... بە هۆی دژایەتی دەوڵەت و خۆپێشاندانی ساڵی ١٩٤٨، گوتیان دەبێ شیعە و سوننی ببنە برا. کامیۆنێکی زۆر لە بەر بارەگای غەوس ڕاگیرابوو. هەرایان دەکرد: کێ دێتە نەجەف؟ هەزار ڕووتە و پووتە و لات خۆیان تێ دەخزاند و دەیانگوت پڵاو دەخۆین. سەرکردە مەلا تەها ناوێک بوو؛ گوتم: حەز دەکەم بێم؛ لای شۆفێر دەگەڵ خۆی سواری کردم. خۆم لە پڵاو دزیەوە؛ چوومە ئوتێل، چوومە زیارەتی ئیمام عەلی. کە کابرای خاوەن ئوتێلم پرسی: لە وڵاتی ئێمە دەڵێن ئیمام لە سەرەمەرگدا فەرموویە مەمنێژن تا دێن دەمبەن. عارەبێک بە وشترێکی سپی چاوڕەشەوە هاتووە تەرمی بردووە و کەس نازانێ قەبری لە کوێیە. کابرا پێکەنی گوتی: ببەخشە دیارە لە وڵاتی کەرانەوە هاتووی! ئیمام لە کووفە مردووە، هێناویانەتە ئەو تەپکە سێڵاو نەیگرێتەوە نەجەف یانی تەپکۆڵکە. مەحموود ئەحمەدی ئاشناکەی سولەیمانیم نەقڵ کرابووە بەغدا و لە ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشدا دەفتردار بوو. گوتی: نامەیەکت بۆ دەنووسم بچۆ کووت؛ لەوێ کارت دەدەنێ. نامەم دا بە موهەندسێکی کورد کەناوی نووری بوو؛ ناوی بابیشم لە بیر نەماوە. شایانی باسە کە لە بەغداوە گەیشتمە کووت و لە گاراژ دابەزیم، کەلوپەلەکەم دزرا. زۆری بۆ گەڕاین دیتمانەوە؛ بەڵام کەتری چا لێنانم هەر فەوتا و زۆرم خە بۆ خوارد. موهەندیس گوتی: ئەمشەو دەگەڵ باغچەوانەکە بە! دوو ماسییان دابوو بە باغچەوان بیبرژێنێ. ماسی لەسەر ئاگر بوون، باغچەوان گوتی: نوێژ دەکەم ئاگات لێ بن چەقەڵ نەیانبا. لە نوێژ خەلاس بوو، بەجێم هێشت. کردیە هەرا: ئای چەقەڵ بردی! پێم سەیر بوو لە ناو شاردا چەقەڵ ماسی بەرێ. بەیانی موهەندیس ناردمیە لای چەند کارمەندێک کە دەگەڵیان بژیم. ماوەیەک مامەوە. کووت ئەوسا شارێکی زۆر پێس و پۆخڵ بوو؛ لە شار نەدەچوو. تەنیا کابرایەک ڕۆژنامەی بەغدای دێنا و لە قاوەخانە بەکرێی دەدا؛ تەواو چوار خەتت نەدەخوێندەوە دەیساندەوە و دەیدا بە یەکی تر. لە کوێ نان بخۆم؟ کارمەندەکان بردمیانە ناو بازاڕ چێشتخانەیەکیان نیشاندام کە: ئێمە ئابوونەین، مانگی چوار دینار دەدەین و هەرچی بمانەوێ و کابرا هەیبێ دوو جەمە دەخۆین. بوومە ئابونە! سینەماش هەبوو، هەر بە دوو ڕۆژ فیلم دەگۆڕا. ڕۆژانە بێکار و وەڕەز دەبووم، دەچوومە سەر سەدی «غەڕاف» سەیری ماسیان و قوڵکەی ماسیگریم دەکرد و پێی دەخافڵام. ڕۆژێک چاوم لێ بوو عەرەبێک بەرەو کووت دەهات؛ بوخچەیەکی دە بن هەنگڵدا بوو. گەیشتە سەر پردی سەد، دانیشت جووتێ کەوشی لە بوخچە دەرێنا، خاوێنی کردەوە و کردیە پای و هەستا. وەک ژنە لادێییەک کە تازە پاژنە بەرز دە پێ دەکا، هەر تلاوتلی بوو. کردی و نەیکرد نەیتوانی بڕوا. دانیشت و دایکەند و نایەوە ناو بوخچە و بە پێخواسی ڕووی لە شار نا. خۆپیشاندان دژی ساڵح جەبری لە کووتیش بەردەوام بوو. دەڕۆین و بە تێکڕایی دەیانگوت: «بکەوێ! بکەوێ!» عارەبێکی ڕووتی پێخواس کە لە کەنارەوە وێستابوو چەند جار هاواری کرد: «یا خوا بکەوێ! دە با بکەوێ!». پرسیم: مامە چی بکەوێ؟ - دینار بکەوێ و من هەڵیگرمەوە! لە کووت دەگەڵ کودێکی کۆیی و عارەبێکی کوردیزانی باش بوومە ئاشنا و خۆشم لێ دەهاتن. کوردەکە ناوی ئەحمەد حەوێزی و عارەبەکە ناوی خالید بوو. ڕۆژێک موهەندیس گوتی دەتنێرمە «بەدەر» یان «جەسان» کارمان هەیە. باغچەوانەکە تێیگەیاندم کە ئەو دوو شارە ئاویان سوێرە و هەوایان زۆر پیسە، گوتم ناچم. - دەچیە نوعمانیە؟ کابرا چاوی لێ داگرتم، گوتم بەڵێ دەچم. دەگەڵ بەننایەک و دارتاشێکدا چوومە نوعمانیە کە ئیدارەی پۆلیس تەعمیر کەینەوە و من سەرعەمەلە بم. بیست فەعلەیەکی عەرەبی دەشتەکیم تەسلیم کرا و دەسمان بە کار کرد. بە قانوون دەبوایە کرێکار ڕۆژانە لە چارەگە دینارێک کەمتر نەبێ و هەشت سەعات کار بکا. بەڵام عارەب گوتەنی: «کێ دەبیە و کێ دەخوێنێتەوە؟» فەعلە دوازدە سەعات کاری پێ دەکرا و کرێیان ڕۆژانە سێ پەنجایی بوو. هەر وا دوای یەک دوو ڕۆژ هەستم کرد کرێکارەکان سرتە دەکەن و لە من دەڕوانن. - برا ئەوە دەڵێن چی؟ - دەڵێن ئەو کابرایە هیچ لە سەرعەمەلەیی نازانێ. ئەوانی پێش تۆ قسەی خۆشیان «سەگی کوڕی سەگ» و «قاحبە دایک» بوو. تۆ هیچ جنێومان پێ نادەی؛ جگە لە کاری دەوڵەت کاری خۆتمان پێ ناکەی! پێمان سەیرە... من و بەننا و دارتاش لە وەتاغێکی چکۆڵەدا دەژیاین؛ کرێکاریش لە ژوورێکی زۆر بەرفرەواندا - کە عەنباری گێچ و سیمانیش بوو - دەنووستن. هەر لە بەرەبەیانەوە تا تاریکان دە ناو تۆز و خۆڵدا هەڵدەسووڕاین. نیوەڕۆیان سەعاتێک وچانی فاعلان بوو. دارووجانی ناو برنج لە بار لە کووت دەفرۆشرا. فاعلەکان داروجانیان دەکڕی و بە بەرد دەیانکوتا و لە سەر تەنەکەیەکی ڕەش بە ئاگری کۆنەقامیش دەیانکردە سەوڵە و دەیانخوارد؛ کە وەک زەهری مار تاڵ بوو. ڕۆژێک بەخشداری شار هات گوتی: ئەگەر هێندێک ماڵەکەم تەعمیر کەنەوە مەمنوون دەبم. گوتم: باشە وەختێکت بۆ دەدزم. پیاوێکی زۆر ناسک و هێمن و خەڵکی نەجەف بوو. ویستی نەجابەت بنوێنێ، بە عەمەلەیەکی گوت: تۆزێک لەو نانەی خۆتم دەیە! گوتم مەخۆ! نەخێر، وەریگرت و نایە دەمی؛ دەسبەجێ تفی کردەوە و گوتی: تاڵە، ناخورێ. چاوم لێ بوو فرمێسکی دە چاو تزا، ملی نا لە جوێندان بەو دەوڵەتە دەوڵەمەندەی خاوەن نەوت و داهاتەی عێراق، کە هێشتا زۆربەی دەشتەکەی عێراقی ناتوانن هیچ نانی جۆ بخۆن و پەنا بە دارووجان دەبەن. سبەی ئەو ڕۆژە کرێکارم بردە ماڵەکەی. بۆ نیوەڕۆ گۆشت قەلەموون و خۆرشت و پڵاوی زۆری داینێ. گوتم: جەناب! بەدبەختت کردن؛ تا چەند ڕڕ تام لە دارووجانەکەیان ناکەن و تازە تا مردنیش جەمێکی وا مەگەر دە خەون ببینن. ڕۆژێک دیتم بۆ کرێکارێکی پیری کۆڵکێش خیزی زۆر تێ دەکەن. گوتم: خاتری ئەو پیرە بگرن! باری زۆر گران مەکەن! لەو ڕۆژەوە بوومە موقەددەسیان و زۆر بە دڵ کاریان دەکرد کە لێیان نەڕەنجێم و ڕۆژێ بیست جار باسی ڕوحم کردنەکەمیان بۆ یەکتر دەگێڕاوە. ڕۆژێک کرێکارەکان گوتیان کارمان بە قەبەڵ بۆ دانێ، زووتر مەرەخسمان کە کە جێژنە دەکەین. کاری خۆیان بە زیادەوە کرد و سەعات چوار گوتم بچن. پاش تاوێک گەڕامەوە خورمای زەهدییان لە پێش بوو. گوتم: خورمای زەهدی کیلۆی بەچوار فلس، بۆ جێژن کردن نابێ؛ ئێوە فریوتان داوم. یەکیانگ چۆن نابێ؟ بە ئیمام حوسێن سوندە کە ساڵێکە دمم لێ نەداوە. سەد و پەنجا فلس بۆ ژن و ماڵم خەرج کەم یان خورما بکڕم؟ ! شەوێک باران بوو، دەگەڵ دارتاش و بەننا بە چراگاز چووینە شەوارەی کۆتران، لە تەویلە کۆنێکی ئیدارەی پۆلیس؛ چوار کۆترمان گرت. دارتاش گوتی: کرێکار دێنم پێی چا دەکەم. - دوو کۆتری بدەیە! - کۆتری چی؟ من ڕازی نیم بێگار بکەن. - برا تۆ ناتەوێ زۆر ڕازی بن و کەیفیان ساز بێ؟ دە بڕوانە! «بەدر» ناوێکی لە کرێکارەکان هێنا، پاکی کردن. لە نرخی ماندووبوونی، سەر و پێ و ڕیخۆڵەی کۆترەکانی برد و هەر هەڵدەپەڕی. چووم لە کونێکەوە خۆم لێ گرت، یەک دەیگوت: کۆنە قامیش بسووتێنین سەرکارگەر تووڕە دەبێ. ئەوانی تر دەیانگوت: پیاوی چاکە دەمانبەخشێ. گوتم: بسووتێنن بزانم چ دەکەن؟ لاقە کۆتریان کەوڵ کردبوو، سەرەکانیان پاک کردبوون، ڕیخۆڵەیان شوشتبۆوە، خستبوویانە سەر تەنەکەیەک و نابوویانە سەر ئاگر و هەر بیستیان وێکڕا لە خۆشیان گۆرانیان دەگوت و چەپڵەیان لێ دەدا. مندڵێکی شازدە ساڵە دەگەڵ کرێکاران بوو. ئێوارەیەک باوکی هات و دەگریا و کوڕەکەش گریا: چۆن پێتان نەگوتووم؟ برای چکۆڵەی مردبوو؛ ناشتبوویان تازە خەبەریان دەدایە. کە من لۆمەی بابیم کرد، گوتی: دەترسام تۆ ئیجازەی نەدەی و کارەکەی لە دەست بچێ. ڕۆژێک وەک هەموو ڕۆژان پاش کار چوومە مزگەوتی سوننی کە نزیکمان بوو دەم و چاو بشۆم. ئەو ماڵە چوار ماڵ سوننی و مەلایەکی لێ بوو، کاروباری موڵکی پادشایان بەڕێوە دەبرد. لەو دەمەدا یەکێک لە مەلاکەی پرسی: مامۆستا شیعەش وەک ئێمە موسڵمانن؟ - بەڵێ کوڕم ئەویش وەک ئێمەن گوتم: ئوستاد مەفەرموو وەک ئێمەن، بفەرموو ئەوانیش دینێکیان هەیە! مەلا کە یەکێکی دم و چاو ئاوڵاوی کورتەباڵا بوو پرسی: خەڵکی کوێی؟ - کوردستان. - ها کەرکووک! - بەڵێ وەک کەرکووک! - لە کوێ دەنووی؟ - لە ئیدارەی پۆلیس دەگەڵ دوو کەسان مەلا و ئەوانی تر گوتیان نابێ لەوێ بی؛ وەرە حوجرەی مەلا. حاجی عەبدوڕەحمانیش - کە مجێورە - نان و چات بۆ ساز دەکا. هەر ئێوارە، مەنجەڵ و قاپ و قاچاغ و برینج و ڕۆن و زۆر شتی پێداویست گەیشتە مزگەوت. حاجی کەتەی لێنا. حاجی چ حاجی؟ ڕیشێکی درێژی دوفلیقانەی ماش و برینج، بڵندباڵا، بێسەواد، قەت دەمی ڕانەدەوەستا، لە سەر یەک قسەی دەکرد، تێنەدەگەیشتم دەڵێ چی، بۆ خۆشی نەیدەزانی چی دەڵێ! قسەکانی دەتگوت دێوجامەی کەوگرتنە؛ هەر پینەی لە ڕەنگێک و لێکی دەدان و دەیڕست تا خەو بە لایدا دەبردمەوە. مەسەلەن دەیگوت: بەسرا دوورە، شبلی پیاوی خوا بوو، لە بەغدایە گەرمایە، ماستی گامێش شلە، جەواهیرول قەلاید، بایەزیدی بەستامی، سەدەی عەراف، عەبدولقادر فادخلی جەننەتی... ئیتر لەو قەبیلە قوماشە لە دووی دەدا. منیش هەر بۆ سبەی شەو دەفتەر و میدادم ئامادە کرد هەرچی دەیفەرموو، دەمنووسی. بەزمێکی سەیری لێ دەرچووبوو. بە داخەوە فەوتا. ڕۆژانە حاجی کڵاوێکی لۆتی چەقۆیانەی لەسەر دەنا؛ هەژ نۆ ئاوێنە و لیزگە مووری پێوە کردبوو. سواری داریک دەبوو بە کۆڵاناندا ڕمبازێنی دەکرد. دەیگوت هەتکی نەفسە و ئەولیا وایان کردووە. سەد منداڵی وە دوو کەوت و دەیانکردە قریوە. بەڕاستی حاجی لە کن سوننی و شیعەی شار بە ئەولیا ناسرابوو. شۆفیران هەزار سوێندیان دەخوارد کە حاجی بە پێ و ئەوان بە ترومبیل ڕۆیشتوون، حاجی دەپێشدا گەیوەتە بەغدا! حاجی نامەی لە بەغداوە بۆ دەهاتن؛ من بۆم دەخوێندەوە. ژنە وەزیر و جێ گەورە داوای نوشتەیان لێ دەکرد؛ دەعوەتیان دەکرد کە بە سەریان کەتەوە. دیار بوو لە بەغداش بە ئەولیای دەزانن. نوشتەکانیشی هەر خۆم بۆم دەنووسی کە دە پێشدا مەلا بۆی نووسیبوو. ڕۆژێک لە پاش کار و چاوشوتن، بە جادەدا دەچووم، تووشی کتێبخانەی شار بووم. هەر چوومە ژوور کابرای کتێبدار یەک پێ ڕاستەوە بوو؛ بە غار ئاوی سارد و چای بۆ هێنام؛ لە پەیتا کتێبی دینا و قوربان قوربانی بوو! زۆر لە خۆم دڕدۆنگ بووم: ئەم کابرایە کە نامناسێ، ئەو کلکەسووتەی لە چییە؟ بە زمانێکی زۆر لووس گوتی: خێرە لێرەی؟ ! - سەرعەمەلەم و کار دەکەم. - قوربان! من تۆم لە «شوعبەی خاسە» دیوە؛ هەرچی دەفەرمووی دە بەر ئەمرت دام! کابرام بۆ کەر بووە بۆ دەنگ بکەم؟ ! زۆر درەنگ زانیم «شوعبەی خاسە» بە ئیدارەی پۆلیسی سیڕڕی دەڵێن. ئەو کەرە منی لێ گۆڕابوو؛ خراپیش نەبوو! شەوانە دەچوومە قاوەخانە؛ تەویلەیەکی زۆر درێژ و پان، پڕ بە نیمکەتی ڕەقی درێژ، عەکسی جوچک و مریشیکی ئینگلیسی، جۆوج و ئەلیزابت، کچی کافرۆش و هەزار جینجڕ فینجڕی دی بە دیواراندا کرابوو. نیمکەت هەموو پڕ دەبوونەوە و دەبووە هەرا و چەققەیەک مەگین خوا بزانێ. من کە هیچ کەسم نەدەناسی، دەفتەر و میدادێک و خۆم کردبووە خەبەرنیگاری خۆم! کەچەڵەکان، یەک چاوەکان، زگ زلەکان و لووت خوارەکانم دەبژاردن. ئەو جار قسەم دەنووسینەوە: چەند ماسیت گرت؟ گامێشت کڕی؟ تازە لە بەغدا هاتمەوە، چوومە زیارەتی کەربەلا... هەرچی دەیانگوت دەمنووسیەوە. شەوێک پەیمانکار هات کە بە کرێکارەکان بڵێ: بارە گێچ و خشتی بەتاڵ کەن. چووم پێم گوتن: نەچن بە بێ پووڵ بیکەن! داوای دە دینار بکەن. گوتیان: هەر بە خۆڕاییمان کردووە! - هەتیو ڕۆژی دوازدە سەعات کار دەکەن؛ شەو هی خۆتانە! کارگەر ئیعتسابیان کرد و کابرا ناچار گوتی شەش دینار دەدەم. فەورەن گوتیان باشە! ڕانەوەستان بۆیان زیاد کرێ. پەیمانکار زۆری ڕق لە من هەڵگرتبوو. ڕۆژێک ڕیزە خشتم دەبژارد، گوتم: چەندن؟ - دوازدە هەزار. - نەخێر ئەوەندە نین. قیڕاندی: تۆ دوژمنایەتیم دەگەڵ دەکەی! پووڵێکی نا گیرفانمەوە. پووڵەکەم دایەوە، گوتم: شازدە هەزارە و چوار هەزارت لە بیر چووە. بەرتیلم مەدەیە و هەقی کارگەرانیش مەخۆ! کارمان تەواو کرد؛ موهەندیس هات گوتی: لە حیسابێ کە من کردوومە، حەوت هەزار دینار لە پێشین؛ چونکە نەتهێشتووە دزیم لێ بکرێ. تا ئێستا حقووقت مانگێ دوازدە دینار بووە، بچۆ بەغدا چەند وەرەقێک وەرگرە تا بتوانم بۆت بکەمە هەژدە دینار. کەچی بەو حاڵەش دەرچوو کە لە ئیدارەی تەلەفۆنات چل گفتگۆی نێوان نوعمانیە و کووتیان زیاد لە سەر حیساب کردووین! لە بەغدا کارەکانک کرد؛ وەرەقەی عەدەمە مەحکوومیەتم مابوو، شەش ڕۆژ هەر دەچووم، کۆمەڵێک ئەفسەری دەرەجەداری گەورە دیانگوت سبەی وەرە! ڕۆژی شەشەم پۆلیسێک لە درگا پرسی: چ بوو؟ - کاکە چارەگە دینارێکم دەیە! گورجێ ڕۆیشت و وەرەقەی بۆ هێنام. سوێندی خوارد کە تەنیا سەد فلسی بەو گەیوە و سێ پەنجایی داوە بە ئەفسەرە زەلامەکان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاوماڵیی مەحموود ئەحمەد لە بەغدا تا هاتمەوە کووت، موهەندیس تەسادوفی کردبوو؛ بردبوویانە بەغدا. هاتمەوە بەغدا؛ دەگەڵ مەحموود ئەحمەد بوومە هاومەنزڵ؛ کە ماوەیەک لە بەغدا ماڵ و منداڵی دەگەڵ بووە و خەرجی دەرنەبردووە؛ ناردوونیە سولەیمانی و ژوورێکی لە خانوویێکی هەشت ماڵیدا گرتبوو؛ بە تەنیا دەژیا. مەحموود نیوەی ژیانی لە زینداندا گوزەراندبوو؛ سەری زۆر لە گونگەڵ دەخورا. لە پەرژ و بڵاویشدا وەک من کۆڵەوار بوو. شەوانە ئارەقی هەرە گرانی بە لیوانێکی لێو قرنجاوی شکاو دەخواردەوە؛ بە جووتەش چامان پێ دەخواردەوە. دەبوو لێو بگێڕین خۆ لە قرنجاو لا دەین؛ نەوەک بریندارمان کا! لیوانمان دەکڕی دەیشکاند کە من وام پێخۆشە بەو لیوانە ڕایبوێرم! جارجارە دەعوەتی گۆڕانیبێژ و موسیقادانی دەکرد؛ بەڵام لیوان هەر نەدەگۆڕا! شەوانە جلی کوردی دەبەر دەکرد و دەردەچوو. دەچووە قەحبەخانە، یەکێکی بانگ دەکرد: پووڵەکەت دەدەمێ و کارم هەر ئەوەندە پێتە بۆم بگێڕیەوە چۆن گەیشتوویە ئێرە و سەرگوزەشتەت چییە؟ ... چەند جارێک لە لایەن گەوادانەوە دارکاری کرابوو. ترسابوون قەحبەکانیان لێ بفڕێنێ. ئەو چیرۆکانەی کۆ کردەوە و لە چاپی دا بە ناوی «لە سایەی دەرەبەگیدا». هەر فۆرمەیەکی دەردەچوو دووسەد دانەم پێ دەهێناوە ماڵێ. کتێب لە چاپ دەرچوو، گیرا و مەحموودیان گرت. پاش بیست ڕۆژ بەردرا. کتێب نرخی بیست و پێنج فلس نووسرابوو. کە لاوان بیستیانەوە خاوەنی گیراوە و نووسراوە سووتێنراوە، بۆی دەگەڕان. هەر نوسخەم بە دووسەد فلس دەفرۆشت و کە هاتە دەر، بارێکم پارە بۆ وە سەر یەک نابوو. بۆی گێڕامەوە کە ئەو دەم هێشتا ماڵ و ژنی لە بەغدا بووە و بۆ چیرۆک چۆتە قەحبەخانە، نیوەڕۆیەکی گەرما، ژنێک خۆی بە ماڵا کرد. یەک لەو ژنانە بوو کە مەحموودی ناسیبوو: کاکە مەحموود هەڵاتووم؛ بیکە بە خاتری پیاوەتیت ڕزگارم کە! هەر ئەو دەمە ترۆمبیلێکی گرتووە و بردوویە تا قەراغ شاری سولەیمانی و گەڕاوەتەوە. پاش چەند مانگێک ڕێگەی کەوتۆتە شێخە دێیەک، لە حەسار یتەکیە سۆفیەک پێی گوتووە: وەرە دایە خانمی حەرەمی شێخ بانگت دەکا. کە دەچێ، دایەخانم هەمان ژنە. خانم شانی ماچ دەکا: - کاکە مەحموود! قەت لە منەتت دەرناچم. - دایکم! بە غەڵەت چووی؛ بە خوا نە دەتناسم، نە ناوم مەحموودە؛ لێت گۆڕاوە. خانم دەگری و دەڵێ: بە ڕاستی پیاوی... نا نا، دایکم! بە خوا ناتناسم، خوداحافیز. لە سۆفی و مۆفیانم پرسی: دایەخانم چۆن ژنێکە؟ ئەوەندەیان تاریفی خێرەومەندی و ئیمانداری و بەزەیی گێڕایەوە کە باس ناکرێ. مەحموود بە عاقیدە چەپی بوو؛ بەڵام لە حیزبی کومۆنیست و پارتیدا ئەندام نەبوو؛ هەردووک لاش خۆشیان دەویست. زۆر دڵاوا بوو. جارێک لە بەر دوکانەکەم کابرایەک سرتەی دەگەڵ کرد؛ مەحموود ڕۆیشت و زوو هاتەوە، سێ دیناری دا بە کابرا. کابرا ڕۆیشت. - مەحموود ئەو سێ دینارەت لە کوێ هێنا؟ - کاکە ئەو پیاوە گوت پووڵی سەلەرم پێ نییە. چوومە هەڕاجە بازاڕ کۆتەکەم بۆ فرۆشت! زۆر کاری سەیرترم لە مەحموود دیوە؛ بەڵام پێویست ناکا زۆرتری لە سەر بڕۆم. دوای هاوماڵیم دەگەڵ مەحموود ڕۆژێک لە ڕۆژان خانووەکەیان تێکداین کە تازەی کەنەوە. مەحموودیش خۆی نەقڵ کردە سولەیمانی و ناچار سیپاڵم بردەوە ماڵی مام حوسێن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کتێبفرۆشی تووشی برادەرێک بووم گوتی: وەرە من هەشتا دینارم هەیە. دوکان بە شەریکی دەکەینەوە؛ مایە لە من و کاریش لە هەردووکمان. دوکان نەبوو، دەبێ بڵێم تاقەیەکی پەل بوو لە دیواردا. هێندێک وردەواڵە و کتێبمان لێ دانا. لە بەیانی زووەوە تا نیوەشەو بە نۆرە لە دوکان دەوبووین. خواردنمان سەموون و شەربەت بوو. زۆر ماندوو دەبووین و کەممان دەست دەکەوت. کتێبفرۆشێکی شیرازی لە بازاڕی کتێبفرۆشان خۆی کردە ئاشنامان؛ بە دەمیش زۆر کومۆنیستی غەلیز بوو. چەند کتێبی داینێ، گوتی مەمنووعە بەڵام زۆر خێر دەکەن. نازانم چۆن بوو کتێبمان نەهێنابووە دوکان، لەپڕ پۆلیس هاتن دوکانیان پشکنی و سەلامەت دەرچووین. دیار بوو کاکی شیرازی وەک قڕژاڵ بە دوو سەر دەڕوا. دوو مانگی نەکێشا شەریکەکەم وازی لە دوکانداری هێنا. حیسابێکی کرد گوتی: دوازدە دینارمان زەرەر کردووە، بدە شەش دینار! - کاکە خۆت دەزانی شەش ئەسپێ شک نابەم! هەر چۆنێک بوو بەخشیمی و یەک فلسم دەست نەکەوت. لەو دوکانە ڕۆژێک منداڵێکی دە دوازدە ساڵە هات پرسی: ماڵی ئیمامی لە کوێیە؟ من خەڵکی سابڵاغم، ناوم عەزیزە و لە ماڵی نانەوام. ئیمامی مێردی خوشکم لە بەغدایە و سۆراغی ناکەم. دەگەڵیا چوومە ماڵی براگەورەی ئیمامی کە ناوی محەممەد بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یارمەتیی یەرمیای جوولەکە و وردەواڵەفرۆشی پاش دوکان فرۆشتن بێکار مامەوە. یەرمیای جوولەکە دیسان وەک فریشتە دە هاوارمەوە هات. دوکانێکی چکۆڵەی بەتاڵی بێ بەرقی پەیدا کرد لە سەر خەیابانی ڕەشید؛ لە لای حەیدەرخانە. هێندێ قەفەسە و جامەکی بۆ کڕی و شتومتی وردەوپردەی تێ خست؛ گوتی: سەد و پەنجا دینارم پێ قەرزداری. ئەگەر بووت بمدەوە؛ دەنا گەردنت ئازاد بێ. مەشترسە! من هەموو ڕۆژ پاش نوێژان دێمە لات و فێرە کاسبیت دەکەم. بەرق بە نۆرە بوو؛ دوکان و ماڵی وا هەبوو بە سێ ساڵ نۆرەی نەدەهات. یەرمیا جوولەکەیەکی کارمەندی بەرقی ساز دابوو کە بە سی و پێنج دینار بەرتیل، بەرقی بۆ بدزێ. نوێژی شێوانێک دوو کرێکار بە ناردیوانەوە و کابرای کارمەند هاتن و بووینە خاوەن بەرق. ڕووی کردە یەرمیا: - دە بدە سی و پێنج دینار. - هەی جوولەکەی سەگ دین! تۆ دزی لە دەوڵەت دەکەی؟ دەبێ لە زینداندا بتڕزێنن. کابرا تۆقی؛ خواخوای بوو هەڵێ. بە تکای من کە خوا هەڵناگرێ، پێنج دیناری دایە. لە دوکان زۆر نەزان بووم. ئەو هموو وردە شتە چۆن بناسمەوە؟ لە سەری هەموو قوتووەکانم نووسیبوو. ماوەیەکی زۆری ویست تا شارەزایی تەواوم پەیدا کرد. یەرمیا ڕازی نەبوو کتێب بفرۆشم بەڵام بە قسەم نەکرد. بە بەر کتێب فرۆشتنەوە، مەجەللە و ڕۆژنامەشم دادەنا. دەبوایە سەعات چواری بەیانی - کە هێشتان تاریکان بوو - بچمە دەفتەری ڕۆژنامە دابەش کردن. پتر لە سێسەد منداڵ و جوان و پیری لێ بوو؛ هەرا بوو. لە هەر ڕۆژنامەیەک - کە ئەوسا نزیکەی دوازدە ڕۆژنامەی دەردەچوو - چەند ژمارەیەک وەرگرم. لە دە فلس دوو فلس بۆ خۆم. ڕۆژی دوایی نەفرۆشراو بەمەوە و تازەم دەنێ. ناوی دوکانەکەم نابوو «مەخزەن شوهەدا» بە یادی ئەوانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا کوژراون. بڵاوکراوەکانی حیزبی شەعبم دەفرۆشت کە «عەزیز شەریف» و «ڕەحیم شەری» دەریاندەکردن و دەستەچەپی بوون. «حیزبی ئیستقلال» دروست ببوو؛ دژی دەستەچەپیان بوو. هەموو ئەندامەکانی، وەک هەموو عەرەبی تر، لات و چەقۆکێش بوون و هەر ترساندنیان دەزانی. شەوێک هاتنە سەرم، ملسان لە شکاندنی جامخانە و دڕاندنی کتێبان نا، کە «بۆچی ناوی دوکانت شوهەدایە؟». «ڕەحیم شەریف» بەیانی ناردی کە قەرەبووی زیانم بکاتەوە و شکایەتم بۆ بکا، گوتم لێم خراپتر مەکەن و هیچم ناوێ. ڕۆژێکی تر پۆلیس هات و دووسەد کتێبۆکەی چەپی لێ زەوت کردم. ئیتر یەرمیا نەیهێشت چیتر کتێب و ڕۆژنامە بفرۆشم. دوکان بە پتەوی کرا بە خەڕازی؛ ناویشمان کردە «موختار». یەرمیا دەگەڵ خۆی بردمیە بازاڕ. بە جوولەکەکانی گەڕاین کە عومدەفرۆش بوون و هەموویان دەیانناسی و لە کاری فرۆشتنا زۆریان ئیحتیاج بە دەڵاڵی بازاڕ بوو. دەیگوت: ئەم کوڕە ئامۆزامە و بابی موسڵمان بووە؛ هەرچی دەیەوێ بیدەنێ و من زامن. بە قەولی شێخ ڕەزا: «من کە یەک پارەی جڵقم لە ئەزەل شک نەدەبرد»، هەمیشە بایی سێسەد تا چوارسەد دینارم ئامانەتی جوولەکان لە دوکاندا هەبوو. هەموو پێنج شەموان داخڵەم حیساب دەکرد؛ بۆ هەر عومدەفرۆشە شتێکم دەبرد و شتی تازەم وەردەگرت. ئێواران یەرمیان دەهاتە لام و دەرسی کاسبی فێر دەکردم. لە هەواڵەتی و ڕێ شاندانی ئەوڕا زۆر باش ڕوون بوومەوە کە جوولەکە چەند لە موسڵمان و عەرەب و مەمانان زیرەکترن. دەمدی کە هەموو ئابووری عێراق و بازاڕی بەغدا سەری بە جوولەکەوە بەندە و هەموو هاوردەیەک لە دەستی ئەوانەوە بە عەرەب و بازرگانی عێراق دەگا. لەوانەی کە خۆم لێم دیون چەند نموونەیەک دەگێڕمەوە: ڕۆژێک یەرمیا دەگەڵم هات عەتر بکڕین. زۆر جۆرە عەتری بە مارکی فەڕانسە و ئەڵمان و ئسپانیا و کوێ و کوێ هەبوو. یەرمیا گوتی: غەزەبتان لێ بارێ! هەمووی لێرە دروست کراوە! توخوا ئەگەر هەتانە عەترێکی ٧٧٧م بدەنێ بۆ خۆم، کە عەسڵە. شووشەیەکیان بۆ هێنا؛ بۆنی کرد گوتی: بەڵێ ئەوەم دەگوت کە خاریجییە. کابرا جڕتێکی بۆ کێشا: مردووت مرێ بۆ کەریەتیت! سی ساڵیشە هیچ عەترێکی خارجی نەهاتۆتە بەغدا، هەمووی دەسکردی خۆمانە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زیرەکیی جوو لە کەسب و کاردا بەرەجێژنان بوو، چووینە بازاڕی «شۆریجە». تاوێک بە داڵانێکی تاریکدا ڕۆیشتین. بە گاڵتە گوتم: یەرمیا دەڵێن جوولەکە بۆ جێژنە فەتیرە، محەممەد ناوێک دەتەلیس دەنێن و شووژن ئاژنی دەکەن؛ کوڕە من باوکم ناوی محەممەد بووە، بۆ کوێم دەبەی؟ ! پێکەنی. سەرمان لە عەنبارێک دەرهێنا. مەنجەڵێکی یەکجار زەلامی تێدا دەکوڵی. دەگەڵ چەند کەسێک بە جوولەکانە کردیانە قلی و بلی. - بچین مارک هەڵبژێرین. دەسکاری ئاڵمان، بریتانیا، ئیتالیا و... وەک تەمری پۆستە، شووشە لە کۆما هەڵگرین. چکۆڵە، ناونجی، بە گرنج، ساف، بوتڵی ئاسایی. نرخی شووشە و مارک بڕا و ڕۆن بە خۆڕایی. ڕۆنی سەرمان بۆ هات، یەرمیا نرخی بۆ دانان. بوتڵی پڕ شێست فلس، شووشەی هەرە چکۆڵە چوارسەد، ناونجی و بەدەرەجە لە سەتەوە تا سێسەد و دیاریشە ئەڵمانی لەوانی تر بەنرخترە! لە جێژنەدا هەموو شووشە ڕۆنەکانی سەر فرۆشران جگە لە بوتڵە سادەکان، کە هەمووشیان یەک ڕۆن بوون و لە یەک مەنجەڵ تێکرابوون! کوڕێکی چکۆڵەی حەوت ساڵەی هەبوو. ڕۆژێک هاتە بەر دوکان. گوتم: گورجی! ئەو دوو دەستە گۆرەویە بۆ بات بەرە بیگۆڕێتەوە، نافرۆشرێن. - مامە ئەوە نرخیان چەندە؟ - تۆ جت بەو قسانە داوە؟ - جا بۆ پێم ناڵێی؟ - جووتی بە حەفتا فلس کڕاوە. دوای دوو سەعات یەرمیا هات. ڕەنگی پەڕیبوو: - گورجی کوڕم گوم بووە، کەس نازانێ چی بە سەر هاتووە. - من دیتوومە و بۆم گێڕاوە. بە ڕاکردن ڕۆیشت. گوێی گورجی گرتبوو بە گریان هێنای: - ئەم هەتیوە لە سەر پرد گۆڕەویەکانی دەفرۆشت! تاقە دوو جووتی ماوە و هەمووی بە نەوەد و سەد فرۆشتووە! بەڵێ، بێچووی مشک هەنبانە دەبڕێ... نیحەتی دەکردم دەیگوت: ئەگەر تۆ لە سەر ئەم خیابانە قەوغایە دەسڕەیەک ڕاخەی، لە سەد کەس دەکێک چوار فلسی بخاتە سەر تا ئێوارە زۆرە. دەسا ئەگەر مشتەری بە نرخی تۆ ڕازی نەبوو، چەنەی لێدا، ئەگەر ماڵەکە سەری یەکیش خێر بکا، بیدە؛ با نەچێتە جێگەی تر. بازاڕ نزیکە و دەیکڕیەوە. موسڵمان و جوولەکەیەک لە دەم بازاڕی شۆریجە شەمچەیان دەفرۆشت. مایەی قوتووە شەمجە چوار فلس بوو. موسڵمانەکە دەبوو بە پێنج فلسی بدا تا فلسێک خێر بکا؛ جوولەکە دەیدا بە چوار فلس. جووە ڕۆژێ پێنج سندووقی دەفرۆشت و موسڵمان بە حاڵ نیو سندووق. ڕۆژێ بە جنێودان جووەی داگرت و ملی گرت کە: تۆ بۆ کەسادی من ئەوە دەکەی! جووە گوتی: نا برا، من هەموو ڕۆژ دوو دیناری سندووقە بەتاڵەکان خێر دەکەم! جوولەکەیەک هاتە دوکان. تێری چاک و خۆشی دەگەڵ یەرمیا کرد. گوتی کراسێکم دەیە. کراس مایەی دینار و سەد فلس بوو. یەرمیا گوتی: نۆسەد فلس. من لێم هەڵقورینجاند کە زەرەرمانە. لێم مۆڕ بۆوە. مشتەری نەیکڕی و گوتی گرانە و ڕۆیشت. یەرمیا گوتی: دەزانم مایەی چەندە. ئەم جوولەکەیەش دەناسم قیرسیچمەیە. ڕاوەستە تەپکەم بۆ ناوەتەوە. سبەی ئەو ڕۆژە ئێوارێ هاتەوە. جگە لەو کراسە، یەکجار زۆر شتی ماڵەوەی کڕی و چەقەی نەکرد. کە حیسابم کرد حەوت دیناری زیاد لێ ساندبوو! دەیگوت: ئەگەر ژن مشتەری بوو، سوێند بە چاویان، بە سەری منداڵیان بخۆ! دەنا بە خودا و قورعان بەهرە نادا. ئەگەر مشتەری شووشە عەتر یان شتێکیان کڕی و گوتیان ئەگەر خڕاپ بێ دەیهێنینەوە، قبووڵ بکە! موسڵمان زۆر تەنبەڵن؛ لە سەتی یەکی حەوسەڵەی نییە بۆت بێنێتەوە. هەمیشە شتێک کەمتر لە نرخی بازاڕ بفڕۆشە. لەوانەی لێت نزیکن و زۆریان دەبینی قەت زیاد مەستێنە. ناوی فرۆشیاری ڕاست، سەرمایەیەکی گەورەیە. خولاسە لە سایەی ئەو مامۆستایەوە زۆر شارەزای ئاڵوگۆڕی دوکانداری بووم. کارەکەم بە گوێرەی دەسمایە کەمەکەم، یان بڵێم دەسمایە قەرزەکەم باش بەڕێوە دەچوو. جێ خەویشم هەر لای مام حوسێن و دیوەخانی نەقیب بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەزیزی نانەوا و ئیمامی شووخوشکی ڕۆژێک «عەزیزی نانەوا» (منداڵەکەی باسم کرد) هاتە بەر دوکان، زۆر کز بوو. گوتم: وابزانم بێ پووڵی. من چەندێکت بە قەرز دەدەمێ، دوایە بمدەوە. لەپڕ گریا؛ دەردی دڵی کرد کە لە ماڵە ئیمامی و خوشکی ناڕازییە و نایەوێ دەگەڵیان بژی. کوردە؛ سابڵاغییە؛ منداڵە؛ بەغدا لە پڕە لە سەگ و گورگ؛ چۆن بێڵم هەڵوەدا بێ؟ ڕازیم کرد کە پێکەوە بژین. وازم لە ماڵە مام حوسێن هێنا. ژوورێکم لە ماڵێکی نیزیک دوکان لە ژنێکی کۆنە ئەرمەنی تازە موسڵمان بە کرێ گرت. ناوماڵێکی قشپیلەم کڕی و دەگەڵ عەزیز تیا ژیاین. حەولی کارم بۆ دا. حەمە عەلیەکەی هاوکاری حوزنی، کاری لە چاپخانەیەک بۆ پەیدا کرد؛ ڕۆژی بە چارەگە دینارێک تا فێرەکار دەبێ. قەرار درا حقووقەکەی کۆ کاتەوە بۆ ڕۆژی خۆی و داهاتی من بەشی هەردووکمانی دەکرد. ڕۆژێک کە هاتمەوە ماڵ، بۆی گێڕامەوە کە ئیمامی گوتوویە: لای هەژار بی و نەیەوە لام، وا دەکەم، وابچێ! وا بزانم پووڵی لێم دەوێ. ڕاستی کرد؛ بە شەش دینار سەرانە، هەرا داکوژا و پارەکەم دا. ڕۆژانە من لە دوکان و عەزیز دوای کاری چاپخانە پێویستی ماڵی دەکڕی. ئیمامی لە هەواڵانی «ژێ-کاف» بوو؛ هەڵاتبوو. ماوەیەک لە سولەیمانی دەگەڵ قزڵجی و سەمەدی - کە ئەویش هەر هەواڵێکی سابڵاغی و ئاوارە بوو- لە ماڵی شێخ لەتیف ژیابوو. ناردبووی ژنی بۆ هاتبوو. لای موهەندسێک لە بەغدا بە سەرعەمەلە دامەزرابوو. تەنیا عەیبێک کە لەو ئاوارەییەدا لێی پەیدا ببوو، خۆهەڵکێشانێکی بێتام و درۆی زل بوو. لای من دەیگوت: سەرعەمەلە نیم، هاوکاری موهەندیسم! سەعات هەشتی بەیانی، شوفێرێک بە ماشێنی ئاخر مۆدیلەوە دێ لە دوام و دەمباتە سەر کار و ئێوارەش دەمهێنێتەوە! بە هەڵکەوت دوو دینارم کەوتبووە سەر کرێکارێک، گوتیان لە مەدینەی مەنسوورە. بەیانیەکی زۆر سارد، سەعات چوار، سواری خەت بووم کە بچمە قەرز ساندنەوە. کابرایەک لە سووچێکەوە لە سەرمان هەڵدەلەرزی، کە دنیا ڕووناک بوو دەبینم ئیمامییە! ناچار بەو بەرەبەیانە ساردە، بە ئوتووبووسی شەق و شڕی تایبەتی دەرەوەی بەغدا بچێتە سەر کار! ڕۆژێک بە بۆڵەبۆڵ هاتە لام: «بڕوانە ئەو قزڵجی و سەمەدیە سەگبابانە چییان بۆ نووسیوم؛ شەرت بێ بیانبینم بەر شەقیان دەم!». لە نامەکەدا نووسرابوو: کاکە نامەکەتمان خوێندەوە. زۆر شادین کە سازی. نووسیبووت من لە بەغدا ڕۆژێ دوو پاکەت دەخۆم. نەتنووسیبوو دوو پاکەت چ دەخۆی، تەواو نیگەرانین! لەسەر شات و شووتی - کە لە سابڵاغ وابووە و واچووە - پۆلیس گرتی و ڕەوانەی ئێران کرایەوە. ڕۆژێک لەپڕ زەبیحم دیتەوە کە لە ناسرییەوە ڕایکردبوو. پێک شاد و شوکور بووینەوە. ڕۆژی دوایی بەرەو سولەیمانی ڕۆیشت. دوایە بۆی گێڕامەوە کە لە سولەیمانی خۆی کردووە بە دوکانی عەلی مەدهۆشی خەیاتی شاعیردا، دوور و درێژ چیرۆکی هەڵاتنی بۆ گێڕاونەتەوە و بێری باسی کەساسی خۆی بۆ کردووە. گوتی لە جوابما هەر هێندەی گوت: «گوایە ئێستا داماوی!». ++++++++++++++++++++++ سەرناو: براییم نادری «برایم نادری» - کە دەیگوت کرماشانیم و خانەقینی بوو - لە مەهاباد بەرپرسیاری فەرهەنگ بوو. حکوومەت گرتی؛ دوای چوار ساڵ بەرەڵا کرا. هاتە دوکانەکەم لە بەغدا؛ گوتی دەچم دەبمە سەربازی لوژیۆنی فەڕانسی لە ئەفریقا. لە سووریە گیرساوە و پێناسێکی بە ناوی ئەحمەد حەمدی پەیدا کرد و هاتە شام. عەرەبی و ئینگلیزی باش دەزانی؛ لە ئیدارەی لوولە نەفتی عێراق سووریە بە موتەرجیم دامەزرا. سووریا ئەفسەری بێگانەشی دەویستن کە مەشق بە لەشکر بکەن. دەورەی ئەفسەری لە تاران دیبوو. سەنەدی نیشان دا و بە وادەی ساڵێک بە ڕوتبەی سەروان وەرگیرا. ساڵەودوا بۆی تازە نەکرایەوە. عەرەبستانی سوعوودی ئەفسەری سووری دەویستن کە لە «تایف» دەرس بڵێن. «شیشەکلی» برایمیشی وێڕای ئەفسەران نارد. لە تایفەوە کرا بە حاکمی نیزامی لە «دەممام». پووڵێکی زۆر باشی پێکەوە نا و هاتەوە شام و ژنێکی دەوڵەمەندی هێنا کە خانووی هەبوو. عیمارەتێکیشی کڕی. قەرار بوو ببێتە مدیری بانکی عەرەبی، فەرعی قامیشلی؛ لە ڕێگە، دە تەییارەدا سووتا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند شتی سەرنجڕاکێش لە ماوەی دووکانداریدا یەرمیا کەس و کارم بوو؛ بەڵام دایکی بە خۆی بەڕوحمتر بوو. ئەوەندە تاسفی سابڵاغیگەریەتی هەبوو باس ناکری. هەر چێشتێکی سابڵاغیانەی لێنابا، ئەگەر من لێم نەخواردایە، دمی لێ نەدەدا. قەت پیرێژنی هێندە نوورانی و دڵسۆز بە کوردم نەدیوە. لە ماوەی دوکانداریمدا زۆر شتی سەرنج ڕاکێشم دەدیت و بە لامەوە سەیر بوون، بەڵام کەمم لە بیر ماون: لە دوکانەکە ڕووبەندی ڕەشی ژنانە زۆر دەفرۆشرا؛ بەڵام هەر لە ئێوارانی نیزیک نوێژی شەواندا موشتەریم بۆ دەهات و ئەویش هەموو جار پیاوی تازە لاو بوون. بە لامەوە زۆر پێچەوانە بوو. بۆ پیاو دەکڕن و ژن ناکڕن؟ بۆ هەر لە تاریکی تەنگی نوێژی شەواندا دەیکڕن؟ تێگەیشتم کچ یان ژنی بۆ ڕووپۆش کە دەیانەویست بە دزی کەس و کاریان دەگەڵ عاشقیان دەرکەون و بچنە سینەما و جێگەی نادیاری، چارشێویان بە خۆدا دەدا، بۆ ئەوە دوکاندار نەیانبینێ. کوڕەکەیان دەنارد پەچەشیان بۆ بکڕێ و لە ڕێگە نەناسڕێنەوە و کەیفی خۆیان بکەن. شیعرەکانی ئیرەج میرزام هاتەوە بی کە دەربارەی حیجابەوە گوتبووی... جارێک شێخ عارەبێکی زۆر بە کەش و فش و سمێڵ بابڕ لە ماشێنی کاریلاک دابەزی و هات. گوتی: سوبغت هەیە؟ (سوبغ واتا ڕەنگ بۆ کەوش و دیوار و هەرچی). - بەڵێ هەمە. و گورجی دوو قوتووی ڕەنگی کەوشم بۆ هێنا. - بە مۆڕێکەوە تماشای کردم: - تۆ کوردی؟ - بەڵێ. - لە مێژە دوکانداری؟ - نەخێر تازەم. - وا دیارە زۆر ناشارەزای. ئەگەر وا نەبا دارکاریەکی باشم دەکردی! ڕەنگی کەوشانم بۆ دێنی کە سمێڵی پێ ڕەش کەمەوە؟ ! باوەڕ کە تازە زانیم کە سمێڵ و تووکە سەریش ڕەش دەکرێنەوە و دەرمانی تایبەتی خۆیان هەیە! ڕۆژێک پێش جێژنی کریسمیس، ژنێکی زۆر بە سەر و سیما چەند پارچە جلێکی جێژنی لێ کڕیم. دیتم لێوی خۆی گەزت. چوا جووت گۆرەوی منداڵانەی دامەوە، گوتی پووڵەکەم دەری ناهێنێ. جێژن و منداڵ بێ گۆرەوی؟ زۆر ناخۆشە. - خوشکم گۆرەویەکان هەر دەبێ بەری. وا دەزانم لەو سەودایەت قازانجم نەکردووە. هەرچی گوتی نابێ، بە زۆر ڕازیم کرد بیبا. دوای دوو ڕۆژ پیاوێک هات: - بۆچی گۆرەویت دا بە ژنێک و پووڵت نەستاند؟ - پێم خۆش نەبوو منداڵ لە جێژنەدا بێ گۆرەوی بن. - برام تۆ دەبوو شاعیر بی؛ بۆ دوکاندار نابی. جارێکی تر کاری وا مەکە. پووڵەکەشی دامێ. ژنێکی زۆر بە دیمەن موحتەرەم، کاغەز و پاکەتێکی کڕی. گوتی: قەڵەمت پێیە؟ - بەڵێ. - ئیجازە هەیە لە سەر جامخانەکەت نامەیەک بنووسم؟ - فەرموو. نامەی بۆ مێردی نووسی کە ئەفسەرە و لە جەبهەی فەلەستینە. سوپاسی کرد و ڕۆیشت. خانمی موحتەرەم دە ڕۆیشتندا شووشەیەکی گەورەی پڕ لە شوکولاتی دابووە بن چارشێوەکەی و لێی دزیبووم! مەلایەکی پیری پشت کۆڕی لەرزۆکی ڕیش دوفلیقانە و تەنک، لێی پرسیم: هەل عیندەکە جەوەرەبوون؟ (گۆرەویت هەیە؟ ). پێم فەقیر بوو؛ ویستم قازانجی لێ نەکەم. گوتم: نرخی سەت و بیست فلسە. - وەڵڵاهی چونکە کوردی لە تۆ ناکڕم؛ دەستم دەبڕی! پاش نیو سەعاتێک هاتەوە، جنێوی دەدا: - ئەو بەغداییە سەگبابە عەرەبی نازانن؛ کەچی گاڵتە بە من دەکەن! - مامۆستا گیان! تۆی کە چاردە قەرن بەجێ ماوی. ئەو عەرەبیەی تۆ زۆر لە مێژە بە ڕەحمەت چووە! - دەسا گۆڕەویەکەم دەیە! ئەمجار سەت و سی فلسم لێ ساند! دێتە بیرم کە تازە دەگەڵ قزڵجی لەخانەکەی بەغدا بووین، چووم برینج بکڕم، بەقاڵ گوتی: «شگەت؟». بە غار هاتمەوە لە قزڵجیم پرسی، نەیزانی. خۆم گەیاندە مام حوسێن، گوتی: یانی: چەند؟ بە قزڵجیم گوت: ئەوە عەرەبی نییە؛ گووخواردنە! گوتی: برام! ئێمە ئیحتیاجمان بەو گووخواردنە هەیە! دەگەڵ زۆر لە دانشجوویانی شەریعەت ببوومە دۆست. شەوانە کە بچوونایەنە سینەما، فینەی سوور و جبەکانیان لە لای من دادەنا تا دەهاتمەوە. شەوێک فەقێیەکی مزگەوتێک کە ناوی عەزیز شێخانی بوو هەمان کاری کرد. نازانم چۆن بوو بەر لەوە بێتەوە، دوکان هەڵگرت و دەگەڵ برادەرێک چوومە گەڕان. سەعات دوازدەی شەو بیرم هاتەوە. گوتیان یەکێک چەند جار ەات لە تۆی دەپرسی. فەقێ عەزیز کە بێ جبە و کڵاوە، ناوێری لە درگای مزگەوت بدا و مجێور بیبینێ. وەک دز بە دیوار هەڵدەگەڕێ و لە ئاخرین خشتی دیوارەوە بەردەبێتەوە. بە خرمەکەی مجێور دەکە دەکاتەوە. جگە لە خەجاڵەتی، دە ڕۆژ لەسەر جێگە کەوت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مزگێنیی ڕەفێق چالاک! ڕەفیق چالاک ببوە یەکێک لە زەلامەکانی حیزبی کومۆنیست و بەرپرسی بەشی بەغدا بوو. ڕۆژێک هاتە دوکان گوتی: - مزگێنەکەم دەیە! - خێرە؟ - تۆ دەزانی حیزبی کومۆنیست دوو دەرەجەیە، ئەندام تا دوو ساڵ دەچێتە حیزبی «تەحەڕڕوڕی وەتەنی»، لە ژێر چاوەدێریدا دەبێ. ئەگەر لە ئەزموون دەرچوو، ئەودەم دکرێتە کاندید بۆ حیزبی کومۆنیست! - بەڵێ بیستوومە. - جا کاکی خۆم! تە کە پیاوێکی باشی و نەشەراتی ئێمەت بۆ دێ و دەیکڕی و ڕێگەی پۆلیس و گوزارشدان نازانی، سەرانی حیزب بە گشتی تۆیان بە ئەندام قبووڵ کردووە و دوو ساڵەی پێشەکەیان لە سەر هەڵگرتووی. دەستت بێنە، تەبریکت دەکەم! - کاکە ڕەفیق! زۆر شانازی دەکەم کە ئێوە باوەڕتان بە من هەیە و بە پاکم دەزانن؛ بەڵام بڕیارم داوە پاش «ژێ-کاف» نەچمە هیچ حیزبێکەوە. ئەگەر بە بێ بوونە ئەندامی ڕەسمی پێم ڕازین باشە؛ ڕازیش نەبن من هەر ئەو هەژارەم کە ناسیوتم... هەرچی حەولی دەگەڵ دام، نەهاتمە ڕەدایە و بەجێی هێشتم. بە هۆی مەحموود ئەحمەدەوە بوومە ئاشنای جوبرایل ناوێکی ئەرمەنی؛ زۆر هاتوچۆی دەکردم و نێوانمان زۆر خۆش بوو. لە داروخانەیەک بە ناو «سەعادەت» کاری دەکرد. ڕۆژێک لێی پرسیم: تۆ لە ئێران ئەفسەرێکی شۆڕەویت دەناسی بە ناوی یەعقووب؟ - بەڵێ لە بۆکان بوومە ئاشنای؛ دەرەجەی سەروان بوو. لە ناسینی وڵاتی کورد و عەشایرەکانیدا پسپۆڕێکی بێهاوتا بوو. جا تۆ بۆ دەیناسی؟ - کوڕە ئەوە دوو ساڵ بوو بە ناوی عەجەمێکی باغەوانی ئێرانی، لە «قصرالظهور»ی ماڵێ پادشادا باغچەوان بوو. تا بیدیبام ئەحواڵی تۆی لێ دەپرسیم. من لە مەحموودم دەپرسی و جوابم بۆ دەبرد. ئەو ڕۆژانە ڕۆیشتەوە؛ گوتی سەلامی منی لێ بکە و پێی بڵێ من یاقووبەکەم کە لە بۆکان دەیناسیم. پاش ماوەیەک جوبرائیلیش هەڵات و دەرچوو؛ کە دارووخانەکە موڵکی حیزبی کومۆنیستی عێراق بووە. ++++++++++++++++++++++