شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: بۆ هادی عەلەوی سەبارەت: (١٩٩٠/١٢/٢ - مۆسکۆ - ستارەمینسکایا) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تۆ، لە سەردەمی کورتەباڵایان باڵای بەرزی خۆت لە کوێ هێناوە؟ تۆ، لە سەردەمی قاتی و نەهاتا وەرزی سەوزی خۆت لە کوێ هێناوە؟ لەبەر خرینگەی شیر و... . زرینگەی ئاڵتوونی قورەیش چۆن گوێت لە ناڵە و نرکەی عەلی بوو؟ چۆن لەبەر ژاوەی ئایشە و حەفسان گوێت لە سکاڵای ماریەی قیبتی بوو؟ خۆ سەدەکانی ئێمە هەموویان لکی درەختی چاخی جاهیلین: کڵێسە و مزگەوت شوورا و پەرلەمان بارەگا و دیوان هەموو بازاڕی گەرمی عوکازن... نابیغەکانیش هەمان نابیغەن: خودایان ورگە... نەوەی بەرازن، لەملا بەرزگی شای غەساسینە باوەشێن دەکەن لەولا بۆ بنپێی شای مەنازیرە وەک بەردەبازن. لە ڕۆژهەڵاتی ڕۆژ لەبن پێدا، لە ڕۆژهەڵاتی دەستنوێژ هەڵگرتن بە خوێن و پێترۆل، لە ڕۆژهەڵاتی مارەبەجاش و ڕشک و ئەسپێدا، لەو ڕۆژهەڵاتەی نامووس فیرارە و پەنابەرێکە لەناو دەرپێدا: سەرم سوڕماوە چۆن توانیت گەورەم! بێدەنگی قانگ دەی؟ تۆ چۆن زاتت کرد ئەو کوولەکەیە بدەی به عەردا و پڕ بە دەنگ بانگ دەی! ئەی ڕۆژهەڵاتی کورتەباڵایان، ئەم باڵا بەرزەت سەدجار پیرۆز بێ. ئەی چاخی قاتی و ساڵانی نەهات، ئەم وەرزە سەوزەت سەدجار پیرۆز بێ! فەرهەنگۆک: هادی عەلەوی: بیرمەندێکی عیراقییە و یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی عەرەب، کە لە هەژمەتی شەهیدکردنی هەڵەبجە حاشای لە ناسنامەی عەرەبایەتیی خۆی کرد و سەربەخۆیی کوردستانی بە ڕەوا زانی. ئایشە: کچی ئەبوبەکر، خێزانی پێغەمبەر (د). حەفسە: کچی عومەری خەتتاب، خێزانی پێغەمبەر (د). مارییەی قیبتی: کچێکی کۆیلە بوو، لە میسرەوە بە دیاری بۆ پێغەمبەر هات و کردییە هاوسەری خۆی. عوکاز: بازاڕێکی عەرەبان بوو، سەکۆیەکیش بوو بۆ پێشبڕکێی شاعیران. نابیغەی زوبیانی: شاعیرێکی عەرەبی سەردەمی جاهیلی بوو، کێ زێتری دابا، بەویدا هەڵدەگوت. لە نێوان شای مەنازیرە و شای غەساسینەدا، کە دوژمن بوون، لە هاتووچۆدا بوو. ڕەمزی شاعیری خوێڕی و فرە ئاخوڕە. ++++++++++++++++++++++