شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: بەرجەستەکردن سەبارەت: (٢٠٠٠/١٢/٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پێش بوونی من ملیۆنەها ئافرەت هەبوون بە لەشولار، بە ڕەنگوڕوو، جیاجیا به سەراپای پڕ هێما و کۆد، بە گەرمایی و تامی تەزوو، جیاجیا دوای کشانی ئەستێرەشم ملیۆنەها نازداری تر دێنە دنیا *** سەفەرێکی زۆر درێژم لەبەردایە، شپرزەم و بێ‌تۆشەم و دڵم بۆتە مەکۆی خەمان... چ حەسرەتە! من نە بەوان ڕاگەیشتم، نە دەستم دەگاتە ئەمان... *** وەتی هەم سەرمابردەڵەم، دە دامپۆشە بە هەناسەی پیرۆزی خۆت، داگیرم کە و گەرمم کەوە، ئەی گیانی من! بەڵکوو بشێ ئاوێتە بین وەک تخووبی ژین و مردن من کێم هەیە؟ ! تەنیا هەر تۆی بۆم خەفە کەی گڕی هەزار خۆزگە و بریا دە بۆم ببە بەو شۆخانەی هەبوون و هەن، بەوانەی پاش ماڵاواییم دێنە دنیا! ++++++++++++++++++++++