شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: کۆنتراکت سەبارەت: (٢٠٠٠/٥/١٨ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیازم وایە شەو و ڕۆژێکم تەنیا هی تۆ بێ بڕیارم داوە سەفەرەکانی سەرم ڕاگرم، شەپۆلان سڕ کەم. تەنیا ورینگەی تۆی تیابێ ماڵم، دەرگە و پەنجەرە و بابوێر کونبڕ کەم! خانومانەکەم! تۆش، تەنیا جارێ، خۆت تاقی کەوە... با شەو و ڕۆژێک، هەمووت هی من بێ! هەرچی نەریتە، با دەقی بشکێ، هەرچی یاسایە، با سەروبن بێ! خۆت لە دەوروبەر، لە کەس و کار و ئاشنا بدزەوە، لە ئەستێرە و مانگ... لە هەور و ساماڵ... لە بێنەوبەرە و خەمیژگەی دنیا خۆت ڕاپسکێنە، تەماشای میلی کاتژمێر مەکە، وەک ڕۆژانی تر، خۆت مەخەمڵێنە: خۆ پیرەدنیا ژێر و ژوور نابێ، تەنیا هەر جارێک، بۆ شەو و ڕۆژێک، نیوەژن بکوژە و ژنێکی ژن بە! من شەو و ڕۆژێک، دەبم بە هی تۆ، تۆش شەو و ڕۆژێک، تەنیا هی من بــە! فەرهەنگۆک کۆنتراکت: قۆنتەرات ورینگە: زەمزەمە، گۆرانیی سەبرۆکەی لەبەرخۆوە بابوێر: کونەبا، لۆنکە، بادرز، دەرزێک بای لێوە بێ کونبڕکردن: نەفەسبڕکردنی دەرودیوار، گرتنی کون و کەلەبەری جێیەک نەریت: شتێکە کە تازە داهێنرابێ کرابێ بە باو و تۆ حەزی لێ نەکەیت ساماڵ: سایەقە خەمیژگە: سووکەخەم، وردەخەم، تەنکەخەم ++++++++++++++++++++++