شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: هەڵچوون سەبارەت: (٨؍١؍٢٠٠٠ هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ساردیت دەمکوژێ. دنیا پایزە و بەدەنی منیش ڕووتترین خاکە هاوینی تینوو لە ناخمدایە، نمەی خوناوکە لێوم تەڕ ناکا. دە بتریشقێنە، هەوری شاقەلشۆڕ! دە ببرووسکێنە... . ببارە... . داکە. هێڵی سنووری نێوان من و تۆ تراویلکەیە، وەهمی تریاکە گوارە و گەردانە فڕێدە لاوە، بسکت بەردە، کەزیت ڕەها کە ئەوەی گرێیە بیکەرەوە بۆم، بە دوڕگەی ئەودیو تەمم ئاشنا کە سنگت بەندەن و دشتی مەفتەنە، ڕێی ڕەوەئاسکی پەنجەم واڵا کە. لەشێک دەماری گڕی تیا نەبێ کۆتەرەدارە... داوەڵە... . لاکە گەمارۆی ناوێ، پەلامارم دە! سەنگەر و قەڵام تەفروتونا کە ڕنۆکت گیر کە لە شان و باسکم، ئێسقان و پێستم هەلاهەلا کە. لێوم کافرە، خوێنی حەڵاڵە، گۆی مەمک و لێوت فێری غەزا کە. لە ئاسوودەیی بەهەشت تۆقیوم هەناسەت گڕ دە، دۆزەخ ئاوا کە بێدەنگی بەزمی گۆڕنشینانە، دنیا پڕ نرکە و زیڕە و زەنا کە هەڵبە، گڕ بگرە، نێڵە و لرفەت بێ، تەزوو بچێنە، شۆڕش بەرپا کە گیا بە ـــ بشنێوە، دەریا بە ــ پێل دە، چاو لە بوولەرزە، لە ڕەشەبا کە. پایزی لەشە و هاوینی ڕۆحە، لە ترسی خەزان دڵم خەمناکە. دابارە سەرم! هەوری شاقەلشۆڕ، نمەی خوناوکە لێوم تەڕ ناکا! فەرهەنگۆک: خوناوکە: نەرمەبارانی پشک ورد شاقەل: داوێن، دامەن، پەراوێزی خوارەوەی کراس و کەوا و شتی تر شاقەلشۆڕ: داوێنشۆڕ مەفتەن: زێد، نیشتمان کۆتەرە: کۆلکەدار، قەدی دارێکی بڕاوە داوەڵ: داهۆڵ ڕنۆک: چنگوڕک، چنگی دڕندە و باڵندە پێل: شەپۆل ++++++++++++++++++++++