شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: هۆنراوەیەکی ناتەواو سەبارەت: (‌٢٠؍١٢؍١٩٩٩ - یوتوبوری) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەر بە وشە نیگارێکی ئازیزەکەی خۆم کێشاوە. سەیری دەکەم: دەق خۆیەتی! هەر بۆ گوێیە تەنکەکانی گوارە ماوە. * * * فەرهەنگەکان با بە خۆیان هەر بنازن، با بڕسکێن، با بخەمڵێن بە هەزاران وشەی بەدەو. بە چی دەچن، کە پەیڤێکیان تێدا نەبێ، بشێ ببێ بە گوارەی ئەو! * * * من ئەییووبم بەئاسانی پشتی ئومێدم ناچەمێ. وشەیەکە و عەوداڵیمە، زوو یا درەنگ هەر دەیگەمێ ــ لەسەر باڵی سیمرخیش بێت، ئاسمان بست بست دەپشکنم. بە زەویشدا بچێتە خوار، بنزەویگەڕ هەبێ منم. وشەیەکە و دەیدۆزمەوە، ئەگەر بنپێی خەیاڵیشم شەقشەق و پارەپارە بێ! گەر هەر نەبوو، دایدەتاشم! ناهێڵم گوێی ئازیزەکەم بێ گوارە بێ! خەمڵاندن: ڕازاندنەوە، جوانکردن بنزەویگەڕ: ئەوەی لەبن عەرد بە دوای شتێکدا دەگەڕێ ++++++++++++++++++++++