شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: داگەڕان سەبارەت: (١٩٩٦/١٠/١٤ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئێوارەوەختە، تا چاو بڕ دەکا دەورم ڕووتە لەم دنیایەدا من تەنیا خەونی ژوانی تۆم ماوە... خەونی ژوانی تۆ بۆ من سەرابی شینکە و قۆپەنە، گڵۆڵەتیشکی سەربەرەوخوارە، بەری ئاوداری بڕکی تەمەنە لێ گەڕێ، گیانە! دەبا ئەم خەونە هەر بجریوێنێ و بچریسکێتەوە دەستی لێ مەدە، مەیشڵەقێنە، با هەر درێژ بێ، با هەر درێژ بێ و قەت نەبڕێتەوە *** مەرگی ئەم خەونە ڕەنگان ناهێڵێ و دنیا پڕ لوورە و شەختە و ڕم دەکا خۆر لە گۆی زەوی دەشارێتەوە، ئەستێران نوقمی تەپونم دەکا *** ئەدرەسی خۆمت دەدەمێ بەڵام ڕچە قەت نەشکێنیت ڕێگەی جێژوان گوڵڕێژ دەکەم بەڵام نەکەی بێیتە ژوانم بەیداخی سپی هەڵدەکەم! دڵت بەرد بێ! گوێ نەدەیتە چۆکدادانم گرمەم دێ و چەخماخە دەدەم خۆت نەبان کە... لە ڕهێڵەم... لە زریانم ئەگەر زۆر زۆر بیرت کردم، جار جار وەرە بن ساباتی خەونەکانم! ++++++++++++++++++++++