شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: بۆ شاعیرانی میربەد سەبارەت: (١٩٩٠/١/١١ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەر هەڵبڕە، تەماشاکە! تۆ تەماشای ئەو خەلیفە پاشەڵدڕاوەی بەغدا کە لێرانەوە من دەیبینم، چرووتەکەی لالغاوی _ بۆڕیی نەوتە، هەروا مژی لێدەدات و... تاوناتاوێ مەمکدانی سوورەگوڵێ، پزووی دەرپێ... قەفی سمێڵ... گۆشتی خاوی سەربڕاوێ بەرەو نووسکە و لوورەلووری میربەد داوێ خێراتەکە، پێش ئەوەی بگاتە زەوی، هەر شاعیرە و تێی ڕوو دەبێ، کلک بەرز و ئەستۆ نەوی! ٭ میربەد: شوێنێکە لە پارێزگەی بەسرە، لە دێر زەمانەوە پێشبڕکێی شیعر خوێندنەوەی تێدا دەکرێ. لە حەفتاکانەوە بۆتە دەڵاڵخانەی قەڵەمفرۆش و جاشکەشاعیر و بەعسی و مەعسییان. ++++++++++++++++++++++