شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: پایز سەبارەت: (هاوینی ١٩٩٥ - کۆرسۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پێش ئەوەی وەکوو دەنکێک زەردەلووی تەنیاجێماوی چڵۆپکی دارێ، بای پایز لێم دا، لەپڕ ترپەم بێ و بکەومە خوارێ ڕەخشی خەیاڵی مەودابەزێنم، وەک با، تاو دەدەم، سەر لە لانەی باز، لە لووتکەی قیتی بەر هەتاو دەدەم، ڕێ لە زریان و برووسکە دەگرم، دەچمە بەر ڕێژنە و شۆڕابەی نەوی لێیان دەپرسم: ئاخۆ لە کوێ بم، کاتێ ترپەم دێ و دەکەومە زەوی! فەرهەنگۆک: زەردەلوو: قەیسی چڵۆپک: ترۆپک، چڵەپۆپە، بڵندترین چڵی دار ڕەخش: هەسپە بەناوبانگەکەی ڕۆستەمی زاڵ ڕێژنە: لێشاوی باران، ڕەگباری باران شۆڕابە: ئاوی باران کە لە بانی ماڵ و بەرزاییەکانەوە دەڕژێتە خوار ++++++++++++++++++++++