شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: مۆنۆلۆگ سەبارەت: (١٩٩٣/١٠/٨ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کازێوەیە سەرینی تۆ باسکی منە، سەری منیش لەسەر باڵی کڕێوەیە کازێوەیه پۆلێک پرسیار بەڕێ دەکەم، پۆلێکی تر بەڕێوەیە کازێوەیە گا ئازیزێک، کە زیندووە، لەناو تابووت ڕاکشاوە و شەڵاڵی زەردەچێوەیە گا هاوڕێیەک، کە نێژراوە چاوی زەق زەق تێم بڕیوە و بەپێوەیە! *** هەنووکانە چاو لێک دەنێم... ئەو دەلاقەیە دادەخەم کە ڕابردووی لێوە دیارە، شاباڵی ئەو بازەش دەکەم کە لە فەزای ئایندەدا سەرگەرمی ڕاو و شکارە *** من تێدەگەم ئەوەی ڕابرد، وەگیر نایێ، ئەوەی دادێ، هەر مردنە... هێندەم بەسە، کە تۆ... ئێستا... سەرت لەسەر باسکی منە *** دەڵێم، گەر دایەحەوا گوێڕایەڵی خودا با، بەری حەرامی دیبا و... قەپاڵی لێ نەدابا... کوا، کێ دەڵێ من و تۆ لەوێش من و تۆ دەبووین؟ کێ دەڵێ گەمیەی بازووم سەرتی لەسەر پێلی شەو ڕادەژەنی هەنووکە؟ کێ دەڵێ لەو بەهەشتا بەهشتۆکەیەک دەبوو، هەر من و تۆی تێدا بێ، وەک ئەم لانە بچووکە؟ ! ++++++++++++++++++++++