شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: هەڵەبجه سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) پێم سەیر نییە، گەر لێرە و لەوێ چاوم بە هەندێک بنیادەم کەوێ، لەباتی ددان_کەڵبەیان هەبێ لەباتی نینۆک ڕنۆکیان هەبێ. ئەوەی پێم سەیرە، وەک موعجیزەی خوا هەڵەبجەخنکێن دوو چاوی هەبێ و بە دوو پێ بڕوا! (١٩٨٩/٤/١٤ - تەرابلوس) (٢) لە سوێی هەزاران زیڕە و چریکەی لە هەوکا قەتیس، لە سوێی هەزاران پرسی باڵگرتوو بەرەو عەرشی خوا، کە دادوەرین و خنکان لە ڕێدا شەو و ڕۆژ ئۆقرەم لێ هەڵگیراوە، سوکناییم نایێ، چ بە بێداری، چ لەناو جێدا، دەپرسم، دەڵێم، لەعنەت لە کێ کەم: شەیتان یا ئەوەی فیکەکەی لێدا؟ (١٩٩٣/٩/١٨ - مۆسکۆ) ++++++++++++++++++++++