شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: ڕامان سەبارەت: (١٩٩٢/٧/١٣ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەرەتا بوو شەبەق گڕی لە شاقەلی ئاسمان بەردا، کونچەکانی گیانمی پڕ کرد لە گرفەگرف و نێڵەنێڵ... بە گزنگی نۆبەرەیدا تۆشەی بۆم نارد، پەنجەی ڕاداشت بۆ ڕێیەکی چەوت و چەوێڵ هەنووکانەش... ئێوارەیە و ماندووی ڕێگەم، تیشکی ساردی زەردەی بنێس خۆی هەڵدەسوێ لە تەوێڵم! ترپەترپی پێی ئەستێران دەگاتە گوێم، نوقمی ئارەقە و بوڵیڵم! هەورازێکم ماوە و لەودیو تەمێکی چڕ دایپۆشیوە دوا کەوێڵم... هەورازێکە و هەڵگەڕانێک... نشێوێکە و داگەڕانێک... لێ... چۆن بڕۆم؟ نە تۆشەکەی شەبەق ماوە، نە هاڵاو و نێڵەنێڵم زەویش هەردوو لینگی گرتووم، دیاریی دەوێ! خوایە، چبکەم؟ چ بۆ زەوی جێبهێڵم! ++++++++++++++++++++++