شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: گرەو سەبارەت: (١٩٩٢/٣/١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هاوین بوو، هاوینی کوردستان هەیوەشەو، ساماڵ بوو لەسەر گازی پشت بووین، ڕایەخ گیای لاپاڵ بوو ئاسمان پڕ ئەستێرە سەر کەیلی خەیاڵ بوو. لەناکاو پرسێک بە بیرمدا هات: (ئەرێ ئەستێرەی ئێرە و هەندەران هەمان ئەستێرەن؟ من دەڵێم جودان! گەرنا چۆن هاوکات لەوێن و لێرەن! ؟ ) هەموویان گوتیان: (نەخێر جودا نین هی ئێرە و ئەوێ هەمان پەنگر و ژیلەی پڕژاوی لە خۆر جێماون، دەنکی بڵاوی هەمان تەسبێحی دەزووبچڕاون) گرەومان کرد و کەوتینە سۆراخ: چووینە بەر شنەی دەم و نەفەسی شێخ و مەلایان خێوەتمان هەڵدا لە بەر تریفەی هزری زانایان لێرەمان پرسی، لەوێمان پرسی... هەموویان گوتیان: (ئەوانەی لەوێن، ئەمانەی لێرەن شکی تیا نییە هەمان ئەستێرەن! )... لە هەنگیڕا عومرێک بەسەر ئەو شەوەدا تێپەڕیوە... . دیسان لەسەر گازی پشتم، چاوم لە ئاسمان بڕیوە. گومانی ئەوسام، ئێستا یەقینە: ئەستێرەناسی هەموو جیهانیش بە گژمدا چن، ئەستێرەکانی دنیای هەندەران قەت لە ئەستێرەی کوردستان ناچن! ++++++++++++++++++++++