شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بەرەو زەردەپەڕ سەرناو: ساردبوونەوە سەبارەت: (١٩٩١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بەڵێ، گوتم: 'لەگەڵ تۆدا شەپۆلێکی بێ کەنارم، پەڵەهەورێکی بێ ئۆقرەم، لەسەر بارینم و نابارم! ' شێتییەک بوو هات و ڕۆیشت. بەڵام تۆ چۆن بڕوات پێم کرد؟ بۆچی هێندە بە ئاسانی داگیرسایت و پشتت تێم کرد؟ چما نەتدی، کە ئەمەم گوت، چۆن ڕەنگم هەڵبزڕکابوو؟ چۆن گلێنەی دامرکاوم فرمێسکی تیا قەتیس مابوو؟ چما نەتدی، لە هەژمەتان... چۆن زمانم هەڵدەلەرزی وەک چۆلەکەی بەر کڕێوەی لانەوێران؟ ! ئەی نەتبینی، پەیڤەکانم، کارمامزی پێکراو ئاسا، نووچیان دەدا و هەڵدەدێران؟ ! *** با گەورەییم هی دەریاش بێ، دەریا هەیە بێ گەرداو و پێلی لێوە؟ با سەنگینیم هی چیاش بێ، چیا هەیە بێ هەرەس و بێ کڕێوە؟ *** من نازانم، شیرینەکەم، دڵێک شۆر و سەودای تیا بێ، دڵێک چاوگەی نەرمەپێلی نوورەی خوا بێ چۆن وا کەڕ و مجرۆ دەبێ؟ چۆن لە نیگا حاڵی نابێ و گوێلەمستی زمانێکی بەدگۆ دەبێ؟ ! ++++++++++++++++++++++