شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی پرێسکەی عاشقێکی زگماک سەرناو: شایی سەبارەت: (١٩٨١/٧/١١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کاتێ شایی دادەبەستین یەک چەپکین و دەست لە دەستین شلکەبەژن، ئەڵقە ئەڵقە شەپۆل دەدەن و شاخ دەکەن شان دەبێتە داڵدەی شان و پێ پێکەوە ڕمبەیان دێ و خاک داخ دەکەن ئەی تێناگەم بۆ لە شایی و زەماوەندی ئازادیدا هەر چاوێک و خەمی سۆمای خۆی دەپێوێ هەر دەستێک و دەهۆڵی خۆی دەئەنگێوێ هەر پێیەک و نیشتمانی دێتە بەرچاو بە پێڵاوێ هەر سمێڵێک فیرعەونێکە و لەعەڕشی خوای کەمتر ناوێ! * یەکەمجار لە حوزێرانی ١٩٩٢دا لە هەولێر خوێندراوەتەوە و لە 'یەکگرتن'دا بڵاو کراوەتەوە. دەسکاریم کردووە. فەرهەنگۆک: شلک: ناسک، نەرموشل ڕمبە: ڕممە ئەنگاوتن: هنگافتن، پێکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەربردەی شیعر سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew شیعر، شاخێکی ئەستەمە داوێنەکەی ئاپۆرەیە جەنگەڵ و بێشەی قەڵەمە کە دەگەیتە قەدپاڵەکەی پەنگانەوەی حەشاماتە ڕاکەڕاکەی ڕەوەئاسکی بەردەم گورگە ئەمان دەستیان لەسەر دڵە و ئەوان دەستیان لەسەر ورگە که هەورازتر هەڵدەڕوانیت تاکوتەرا لێرە و لەوێ چەند بەژنێکی خاچئاسایی دەشنێنەوە سەرتاپێیان شەڵاڵی خوێن هەنگاویان پڕ هێمای خەمە هەر ئەمانەن هەورازبەزێن هەر ئەو چەندەن ڕێی لووتکەیان لە بەردەمە. * یەکەمجار لە بەهاری ١٩٩٤دا لە هەولێر خوێندراوەتەوە. فەرهەنگۆک: ئاپۆرە: قەرەباڵغی، هەزارەزیلە، کەڕەسیسەی خەڵک شەڵاڵ: سەراپا تەڕ(شەڵاڵی خوێن و ئارەقە و... هتد) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر سەرسپیبوون نیشانەی خەم با سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گەر سەرسپیبوون نیشانەی خەم با نیشانەی دیلی و لاتی و ستەم با هاوڕێ! دەبوایە، کە لە دایک بووم ئەوەی داوەمووی ڕەشە من نەمبا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماچەکانی بەهاری ١٩٩١ سەبارەت: (١٩٩٣/١/١٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ساڵەهای ساڵ لە زیندانێکی تاردا بووین شەشدەری قورقوشم و پۆڵا گەڵایەک بووین دەچووین بە گژ ڕەشەبادا جۆگەیەک بووین هەڵدەشاخاین بە دەریادا. لە پڕ زیندان کونی تێبوو دیوار قەڵشی، سەوزەڵانێک چەکەرەی کرد لەبن پێدا... دنیا بۆمان گوێچکەی هەڵخست ئێمەش... بە ماچ... پڕ بە دنیا جڕتمان لێدا! * مەبەست لە ماچەکانی سەرانی بەرەی کوردستانییە. فەرهەنگۆک: قورقوشم: جۆرە کانێکە وەک زیو بەڵام ئەم نەرم و کەم نرخە چەکەرە: چەقەرە، چووزەرە، نێرتکی تازەدەرچووی ڕوەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵگێڕانەوەی سروشت سەبارەت: (٢٠٠٢/٢/١٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئازیزەکەم! دڵتەنگ مەبە گەر جاروبار بووم بە هەنگ و فڕیم بەرەو چڵێکی تر چ دەبێ گەر کەمۆکەیەک ڕازی جوانیت بسرتێنمە١ گوێی تامەزرۆی گوڵێکی تر! ١. سریواندن: جریواندن، زریواندن، درەوشانەوە، شنەشنکردنی ئەستێرە و چرا و شتی تر، جریواندنی تیروتوار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەندیخانە سەبارەت: (٢٠٠٢/٣/٣٠ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew باڵدارێک بووم، بەسەر دەریای فێدارەوە سەوڵی باڵم لێ دەدان و سەرانسەرم بریندار بوو، ئەنگێورا بوو. ئەوەندەی چاو هەتەر بکا سروشت هەمووی لەسەر پاشوو، دەریا خجڵی کودەتا بوو. لە پڕێکا دامڕوانی و تۆم بەدی کرد... شاگەشکە بووم! هەر وام زانی دوڕگەیەکی بچکۆلانەی، بۆ ئارامی و فەرامۆشیم داڵدە و لانەی. کە نیشتمەوە تێگەیشتم: تۆ داڵدە نیت، شیرینترین بەندیخانەی! فەرهەنگۆک: خجڵ: خەریک، سەرقاڵ، سەرگەرم، لەزک، لەگژ شاگەشکە: بوورانەوە لە خۆشییان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جاڕدانی مەرگ سەبارەت: (٢٠٠٢/٤/٢٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew عەیامێکە قەڵەمەکەم خۆڵەمێشە و ئاگرێکم نەنووسیوە. عەیامێکە لەسەر بەفر... ڕانەکشاوم، لەبەر باران... جوانێکم ڕانەمووسیوە! ئەوە منم چیدی نەچمە بەرمەمکان و بەرەو جێژوانان پێ نەگرم؟ ئەوە منم کانی سیحر لە گەردنێک هەڵقوڵێت و گوێی لێ نەگرم؟ ! *** ئەو ئاگرەی لەگەڵ بوونما هەڵایسا و ساتێک هێور نەدەبۆوە چۆن دامرکا؟ کەی کوژاوە؟ ئەگەرشێتی و ئەڤین تەواو... ئەدی بۆچی بێدەنگم و مەرگی خۆمم جاڕ نەداوە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆڕی شیعر سەبارەت: (تشرینی دووەمی٢٠٠٢ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە هۆڵێکدا سەدان ڕووبار قەتیس مابوون، شەپۆل مات بوو بژ و یاڵی... ئەوەی هەبوو، دەنگی بەنداوڕمێنم بوو کۆتی لە پێی شەپۆلەکان دادەماڵێ. ئێوارە بوو، سەدان ئاسمان ڕەهندە لەسەر هەست بوون بۆ ترووکەی ترووسکەیەک، بۆ بازرەقەی لە ناکاوی تیرەماری برووسکەیەک، ئەوەی هەبوو، ئەستێوبەردی دەنگی من بوو ئەستێرەکانی پێ دەکرد، پەیتاپەیتا سیسەکانی فێری باڵەفڕکێ دەکرد! *** لەو کۆڕەدا پرێسکەیێکم کردەوە، کەوا ڕۆژگار عەیامێک بوو گرێی دابوو: پڕاوپڕ بوو لە زەنگیانەی ئەو ژوانانەی هەر ماچێکیان کودەتا بوو. هۆنراوەکە گێڕامیەوە بۆ ئەوینێ کە چیدی خۆر لە پشکەگۆشتێکی دڵدا تین و تەزووی وا نابینێ! دەمخوێندەوە و لەبەر چاوم، دنیا دەبوو بە مێرگێکی تریفەجاڕ. تاوناتاویش ئەستێرەکان ڕادەچڵەکین لەبەر هاڕە و خوڕەی ڕووبار! *** کۆڕ تەواو بوو... ئادگارێکی بە گیان ئاشنا، لێ ساڵەهای ساڵ دوورەدەست، لە مەملەکەتی خەونەوە بۆ بەردەمم بازرەقەی بەست دەستی گوشیم، بە دەنگێکیش، کە سەردەمێ شەوێک نەبوو نێتە خەوم، هەر هێندەی گوت: 'شێوەم ناکەی؟ کچی ئەوم! ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و پنجێک گیا سەبارەت: (٢٠٠٣/٨/٣١ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هه‌موو جارێ، که به‌هار دێ، به‌ دیار پنجێک گیای سه‌وزەوە بە ئه‌سپایی هه‌ڵدەتروشکێم. سه‌رنج دەدەم گه‌ڵاکانی پاراوترن له ساڵی‌ پار. دەحه‌پە‌سێم! چما منیش پنجێک گیا نیم؟ ئه‌دی بۆچی ساڵه و ساڵ، به‌هارە و به‌هار، سه‌وزاییه‌که‌م دادەمرکێ‌ و زێتر دەکشێم به‌رەو که‌نار؟ فەرهەنگۆک: هەڵتروشکان: چیچکە کردن و خۆ کزۆڵە کردن پاراو: شتی تەڕ و تێراو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ ئه‌وەی نامه‌بارانی کردم سەبارەت: (٢٠٠٣/١١/٢٢ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گیانی په‌روازەی من و تۆ دوو کۆلارەی١ سه‌راسیمه‌ن به هه‌واوە. دەزووله‌یه‌ک له ڕۆشنایی به یه‌که‌وە گرێی داون. پێکیش نه‌گه‌ن، لەناو فه‌زای ئه‌ڵقه‌یه‌کدا، به ته‌مای ژوان، چه‌رخه دەدەن هه‌تا ماون! ١. کۆلارە: شتێکه منداڵان له قاقه‌زی ڕەنگاوڕەنگ دروستی دەکه‌ن و هه‌ڵی دەدەن به ئاسماندا به دەزوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی شه‌وێکی زستانی ١٩٧٣-١٩٧٤ سەبارەت: (٢٠٠٣/١١/٢٦ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بیستووته به‌فر ئاگر به‌رداته شه‌وێکی خامۆش، کراسی له گوڵ بۆ شه‌و بدوورێ، بۆن و به‌رامه‌ی خوێن بێنێته جۆش؟ ! بەسه‌رهاتێکی ئاوام له یادە: شه‌وێکی ساردی چله‌ی زستان بوو، له که‌نارێکدا، که ڕایه‌خ١ زەوی و بنمیچ ئاسمان بوو ـ به داگیرسانی دەماری جووتێک جه‌سته‌ی تێکئاڵاو به‌فری نیوەشه‌و ببوو به مێرگ و مه‌فته‌نی٢ هه‌تاو! ١. ڕایه‌خ: زیرئه‌نداز، ئه‌و شته‌ی ڕایدەخه‌ن لەسه‌ری دادەنیشن ٢. مه‌فته‌ن: زێد، نیشتمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: په‌راوێزێک بۆ مێژوو سەبارەت: (١٩٩٨/٣/١٨ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بۆ عه‌زیز محه‌ممه‌د ئه‌وەی هه‌ور پە‌ڕه دەکا و دەیتارێنێ قۆناغ قۆناغ، ئاقار ئاقار: هه‌ر خۆمانین! ئه‌وەی که‌وە و که‌و ڕاو دەنێ ڕەوەز ڕەوەز، زنار زنار: هه‌ر خۆمانین! هه‌ر تابووتێک بۆمان دەکرێ ته‌خته و چه‌کوچ، مێخ و بزمار: هه‌ر خۆمانین هه‌ر شارێکمان دوگمه‌ی یه‌خه‌ی دەترازێنرێ دەسته‌دز و پاشه‌دز و حه‌سحه‌سی شار: هه‌ر خۆمانین! له هه‌ر باخێک گڕ له باڵی دارێک به‌ربێ، له هه‌ر شاخێک تاشه‌به‌ردێک بڕمێته خوار: هه‌ر خۆمانین! هه‌ر ڕۆژێکمان، هه‌ر مانگێکمان، هه‌ر ساڵێکمان هه‌ڵدەواسرێ، سێداره و په‌ت: هه‌ر خۆمانین! دوو له‌ت بین و چوار له‌ت بین و هه‌زار له‌ت بین تیخی نه‌فرەت: هه‌ر خۆمانین! پشت و قامچی، باڵدار و داو: هه‌ر خۆمانین پێ و به‌رپێنه، ئاگر و ئاو: هه‌ر خۆمانین! با که‌س چیدی تف هه‌ڵناوێ بۆ ئه‌وانه‌ی مێژووی مردوون، با که‌س چیدی سووچ نه‌خاته ئه‌ستۆی دەریا و قیسمه‌تی خوا و که‌چ گه‌ڕانی چه‌رخی گه‌ردوون. گشت سه‌حراکان... بنارێکیان پێ ناگیرێ، ئێمه خۆمان لووتکه‌کانمان پێشکه‌ش کردوون! فەرهەنگۆک: په‌راوێز: حاشیه، زێوار، گه‌ڤه‌ر، که‌نارە ئاقار: دەورووبه‌ر، عاستی شت زنار: به‌ردی گه‌ورە حه‌سحه‌س: که‌سێکه به شه‌و ئێشکی ئاوایی بگرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆپانێ سەبارەت: (٢٠٠٤/٣/١٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کوردستانم بە گۆڕەپان دێتە بەرچاو سەربەخۆییش بە تۆپێکی باش فوودرا. لەوەتی هەین ڕاکەڕاکە قەدەرمانە، چارەنووسه قەت نەسرەوین. تۆپ باڵ بگرێ و ئێمەش بەلەز وەدووی کەوین! هەر جارێکیش تۆپەکەمان دێتە بەرپێ، لێی دەبینە دوژمنێکی شێت و دڵڕەق، هەتا هێزمان لەبەردایە دەیدەینە بەر پێلەقە و شەق! فەرهەنگۆک: گۆڕەپان: مەیدانێکی گەورە لە زەوی بەلەز: بەپەلە، ئازا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر دیسان سەبارەت: (٢٠٠٤ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەگەر دیسان خوا لاویمان بداتەوە وەک خەڵاتێکی ئاسمانی، ئەگەر سروشت پڕاوپڕمان بکاتەوە لە کڵپە و گڕ، شێتی و جوانی: ئەمجارەیان، لە پێناوتا کام بەر حەرامە ئەو دەخۆم، کامە یاسا ئاسمانییە، ئەو دەشکێنم. ئەمجارەیان لم و لیتەی بنی دەریاش حەشارت دا وەک مرواری دەرت دێنم. خۆم ڕادەستی قەدەر ناکەم دنیاش دەستم لێ بەربدا، هەرگیز دەستت لێ بەرنادەم... ئەمجارەیان، نیوەشەوێک، کە تاریکی تیخ نەیبڕێ و سروشت هەمووی بەپێوە بێ، بەفر تا چۆکان کەوتبێ، با و بۆران و کڕێوە بێ، بە هەسپێکی برووسکەیی هەڵت دەگرم. کەژ بە کەژ و یاڵ بە یاڵ و نەوال نەوال دەتفڕێنم. هەر شەوێک و لە کونجێکا قۆناخ دەگرین، تا وڵاتێک بۆ خۆم و خۆت دەئەفرێنم. لەوێندەرێ قەت ناهێڵم شوێنێک هەبێ لە لانەکەی ئێمە کڕتر، قەت ناهێڵم کەسێک هەبێ لە تۆ شاد و تەڕوبڕتر لە من شێت و ئەڤیندار و بەرزەفڕتر. هەموو ڕۆژێ بە لوێچی دەست، شیلەی هەورت لە دەم دەکەم، شیعر لەسەر قەدی داران دەنەخشێنم، هەر برووسکێک چەخماخە دا، ڕێی لێ دەگرم گڕی پەتیی لێ دەستێنم. هەزار خۆزگە دیسان لاوی ئارایشتی دەداینەوە وەک خەڵاتێکی ئاسمانی، هەزار بریا دیسان تژی دەبووینەوە لە کڵپە و گڕ، شێتی و جوانی... فەرهەنگۆک: هەسپ: ئەسپ نەوال: نەواڵ، نوهاڵ، دۆڵ، شیڤ، دەرەی ناو شاخوداخان قۆناخ: قۆناغ لوێچ: پڕ لەپی دەست ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەشقێکی درەنگوەخت سەبارەت: (٢٠٠٤/٤/١٠ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew وا دانی پێدا دەنێم: چەند هەنگاوێکم مابوو خۆم بدەم بە دەستەوە، لە هەورازان داگەڕێم لە کونجێکا هەڵکورمێم بە زامی شکستەوە. سوپاست دەکەم ئازیز، کە وەک ئایەتی پیرۆز، لەپڕ هاتی بە هانای ئەم دڵە پێخوستەوە، لە ڕەشترین ڕۆژگاردا چەتری نوورت بۆم هەڵدا، لە جەنگەی خەزەڵوەردا پیریت لێم دوور خستەوە! فەرهەنگۆک: هەوراز: شوێنی سەر بەرەوژووری سەخت هەڵکورمان: خۆ گڕمۆڵە کردن، خۆ گڵۆڵە کردن جەنگە: ناوەڕاست و گەرمەی شت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاشقی زگماک سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆ من سەنگم هەمان سەنگە، لەشیشم هەر هەمان لەشە. ئەی بۆ هەردەم وا هەست دەکەم، ئافرەتێکم لە باوەشە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ خاک سەبارەت: (٢٠٠٤/١٢/١٥ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هاکا دیتت پێکگەیشتین هاکا دیتت ئاوێتە بووین وەک تانوپۆ ئەوسا هەموو زمانەکان لە بیر دەکەم لەگەڵ تۆدا هەر بێدەنگی دەهێنمە گۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵبژاردن سەبارەت: (٢٠٠٥/١١/١٢ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەرپشک بە و هەڵبژێرە: دەوڵەمەندێک گەنجینەت بخاتە بەر پێ شازادەیەک چیت مەرام بێ، دەم و دەست بۆت جێبەجێ کا جەنگاوەرێک لە پێناوتا شاران بگرێ، سەران ژێ١ کا یا شاعیرێک بە یەک وشە نێرگز لە بەژنت بپێچێ و ئاگری گۆی مەمکت پێ کا! ١. ژێ: ژەهـ (زە کمان)، تەل، وەتەری ئامێری موزیک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێکدانه‌وەیه‌ک له بناری سه‌فین سەبارەت: (زستانی ٢٠٠٥ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئه‌ی به‌ردەنووسی عیشقی به‌سه‌رچووم، پاسه‌وانه‌که‌ی هه‌زاران هه‌زار داستانی جاران: که من لێت دوور بووم، چ زۆرتر باری: ئاگر و ئاسن، یا به‌فر و باران؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەهبەر سەبارەت: (١٩٩٨/٤/٤ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بۆ هاوڕێی هونەرمەندم ڕەهبەر جەلال کۆیی (١) ــــ ماندووم... . دەمەوێ بنووم بنوو، هاوڕێم! بنوو، ئەی ئەو سوارە عەگیدەی هەسپت: ڕەشەبا... زینت: گەواڵە... . ڕکێفت: ئەستێوبەرد بوو. بنوو، هاوڕێم! کێ دەڵێ تۆ لە سەرەمەرگای؟ ! هەیبەت سوڵتان بێنە بەرچاوی خۆت... ئەوا پێیدا هەڵدەگەڕێین. سەر هەڵبڕە! زۆرمان نەماوە... چەند هەنگاوێک! ئەوا سەرکەوتین... ئیدی لەوێ، لە نەرمانی نیسارێک لە پەنا ڕەوەزێک، وچانێک دەدەین... پاشان، دەست لە دەست و نەرمە نەرمە، بەرەو چنارۆک شۆڕ دەبینەوە... بنوو، هاوڕێم لە هیچ مەپرسە ڕەشانگ و تاپۆیەکانی ئەودیو پەنجەرە ئەو دار و درەختانەن کە حاجی قادر لە سێبەریان سەرخەوی دەشکاند. ئەو ژاوەژاوە و دەنگەدەنگانەش ئارێبابەی فەقێیەکانی مەلای گەورەن. بنوو، هاوڕێم! ئۆباڵت بە ئەستۆم ئەگەر کەس گەواهی نەدا من گەواهی دەدەم دوای ئەو هەموو مەیدانخوازی و زەنگۆڵێدان و هەڵمەتانە برینەکانت سەختن برینەکانت بە سوێن ئۆباڵت بە ئەستۆم ئێستا نووستن هەقی خۆتە، ئارامی شایانی ڕوخساری زەعفەرانیتە فەرهەنگۆک: عەگیدە: بوێری گەو: ئەڵقە، بازنە ئەستێوبەرد: بەردی چەخماخ و پوشو نیسارێک: شوێنێک کە بەردەوام سێبەرە و خۆر نایگرێ ڕەشانگ: تاپۆ، تارمایی، سامۆتک ئارێبابە: زیکری مورید بۆ شێخەکەی ئۆباڵ: گوناهـ * ڕەهبەری هونەرمەند، هاوڕێی ساڵانی دوایی غوربەتم بوو. مەرگی ئەو کۆستێکی گەورە بوو. ڕەهبەر عاشقێکی گەورەی کوردستان بوو، هەر ئەو عەشقەش کوشتی. ئەم پەخشانە شیعرە لە سەرەمەرگی ڕەهبەردا، لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی شاری هێلسنکیدا نووسرا و لەسەر تەرمەکەی خوێنرایەوە. نەمویست هیچ دەسکارییەکی بکەم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەهبەر ٢ سەبارەت: (١٩٩٨/٤/٤ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (٢) ئێستا تێدەگەم: ئەوەی تۆ دەتزانی، من نەمدەزانی ئەوەی تۆ دەتبینی، من نەمدەبینی. ئەوەی تۆ دەتبیست، من نەمدەبیست. تۆ دەتزانی، زوو تاریکیت بەسەردا دێ. بە چاوی خۆت دەتبینی تا دێ کڕێوە و با و بۆران هەر دژوارتر دەبن. هاشەهاشی باڵی سیسارک و قەلەڕەشکەکانت دەبیست، کە بە سەرتەوە لەنگەریان گرتبوو. ئێستا تێدەگەم... ئێستا دەزانم، چارەنووس بوو... تۆ دەبوایە، وەک برووسکەیەکی ئاتەشی، بازرەقە ببەستی و شۆپێک جێبهێڵی و خێرا بە ناو تاریکیدا ڕەت بی. برام، وریا بە ئەو دیوارە دیواری چینە. ناڕمێ، پەلە مەکە! -(پەنجەکانم برووسکاوێژن: دەیڕووخێنم. ) برام، وریا بە! تەوژمی ئەو ڕووبارە لە هیچ ناپرینگێتەوە. دەترسم بتبا، پەلە مەکە! -(خەونم بەنداوە، دەیوەستێنم! ) فەرهەنگۆک: شۆپ: شوێنی پێ ناپرینگێتەوە: سڵ ناکات، ناترسێت(سڵ کردن و ترسان لە شتێک) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەهبەر ٣ سەبارەت: (١٩٩٨/٤/٤ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (٣) تۆ پەلەت بوو، تۆ هەمیشە پەلەت بوو، تۆ دەتزانی مەودا کورتە و پێ ڕاناگەی، بۆیێ حەجمانت نەبوو. وەک بازێکی زەردەشتی، شەو و ڕۆژ باڵە بڵێسەکانی خۆت لێک دەدا دڕت بە ماوە و مەودا دەدا. بنوو هاوڕێم، ئۆباڵت بە ئەستۆم... ئێستا نووستن هەقی خۆتە، ئارامی شایانی ڕوخساری زەعفەرانیتە. سەعات سێ، چوار، پێنجی بەیانی... زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی دەدا. هەر زوو دەمزانی خۆیەتی. دەمزانی ئەوە! دیسان نێرییە تخووب بەزێنکەیە، شوورە شاخەوانەکەیە مناڵە چاو ڕەشە خەوزڕاوەکەیە. (پەشێوچیک١ لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە ڕەوە باڵندەیەکی لانەواز و کەسیرە٢ دەبینم... . سایەقە و زریان لە پەلوپۆی خستوون... هاوارە! من دەمەوێ... هەر ئەمشەو... دەمەوێ... ) ناتوانیت، ڕیبەکەم٣... ناتوانیت ئەو باڵندە شەکەتانە نووح تووکی لێکردوون. پڕپۆڵەیان، تا تۆفانێکی تر، هەر مێشک و دڵی یەکتر دەبێ و کۆ نابنەوە. نا، ڕیبەکەم، نا! تا تۆفانێکی تر، کۆ نابنەوە تۆش، تا ئەوسا پشوو بدە... بنوو، هاوڕێم! ١. (چیک) باشگرێکە، لە زمانی ڕووسیدا بۆ کەسێکی نێزیک بەکار دێ. ڕەهبەر وای بانگ دەکردم. ٢. کەسیرە: کرژ هەڵاتن لە سەرماندا ٣. ڕیبە: لە ڕووسیدا واتە ماسی. ڕەهبەرم وا بانگ دەکرد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەولێر لە یەکی شوباتا ١ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆ دەزانم کەزی و بسکت زۆر لە پەمۆ سپیترە و لۆچەکانی ڕووی نوورانیت شیرمژەیی گاتاکانیان هەر لە بیرە. خۆ دەزانم کە ئاورینگی چاوی زەردەشت تا ئێستاش لێت نابێتەوە تا هەنووکەش لە میحراب و نزرگەکان شەوگاران دەبریسکێتەوە. خۆ دەزانم کە هەزاران شاری دنیا بە ڕەوڕەوەی قەڵاکەی تۆ پێڕەوکە بوون. ئەدی ناڵێم گەردنبەرزیت هی سەفینە و بەخشندەییشت هی قەراج؟ ! ئەدی ناڵێم، وەتی تۆ هەی، هەر تاجبەخشی و بۆ جارێکیش خۆت نەبوویتە خاوەنی تاج؟ ! لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆکە دێم، ئاوێزانی بەژنت دەبم، نەرمە نەرمە دەست بە قژی خوێناویتا دەهێنم و بە هەنسکی گریانەوە کەعبەی نێوان هەردوو چاوت ماچ دەکەم و بەئاستەم دەسرتێنمە گوێت: جگەرگۆشەکەم! *** لەبەر چاومە و دەزانم بە چ دەردەسەرییەک تۆ تەعجیلت فرچک دا. بە چ شەونخوونییەک قەیسەریت لە خەم ڕەخساند. لەبەر چاومە و دەزانم چۆن شەوێک، دوای خەوزڕان، شانی منارەی چۆلیت بە ئاستەم ڕاتەکاند و لە شەکرەخەوت هەڵساند. پاشانیش، بە ئاسپایی، بە ترووکەیەکی چاو، هێمات بۆ عەنکاوە کرد. هەر ئەوەندە و هیچی تر... ئیدی ئەوا چەند ساڵە، چەند عەیامە لەوساوە منارە نۆبەرەکەت، بە بەرۆکی واڵاوە، گاردی خاچ و مەسیحە، ڕووەو باڕەش وەستاوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆکە دێم، ئاوێزانی بەژنت دەبم نەرمە نەرمە دەست بە قژی خوێناویتا دەهێنم و بە هەنسیکی گریانەوە کەعبەی نێوان هەردوو چاوت ماچ دەکەم و بە ئاستەم دەسرتێنمە گوێت: جگەرگۆشەم! *** لەو پیاسە دووقۆڵییانەدا، کە من و تۆ بە ئاقاری ڕۆژگاراندا کردوومانن، کوا چی ماوە بۆم باس نەکەی؟ ! نازانم لەبیرتە یا نا؟ ئێوارەیەک، لای گردەکەی قالیچاغا، ڕاتگرتم و دەستت لەسەر شانم دانا... سەیرم کردی و سام گرتمی. سەیرم کردی و لەو ساتەدا هەموو مێژوو لە نیگاتا، وەک دەریایەک، لەسەر گازی پشت ڕاکشا. چاوت بڕیە چاوەکانم و به زمانێک، پڕ لە بۆنی هەزار ڕەنگی تووتنی ناو قەلنەکەی مەم، باسی جەنگی دەستەویەخەی ئیسکەندەر و دارات بۆم کرد، باسی خاکێک چۆن لە لانەی گزنگەوە بوو بە خانەی کۆیلەیی و خەم... سەیرم کردی و لەسەر شاشەی ناوچەوانت شتێک نەما بەدیی نەکەم: جێبرینی شیروتیری عەفلەقە سەر قانگەکانی سەدەی حەفتەم، ئاین و ئۆینی خۆشکەکانی (إن) و (کان)، تریاکی موعەللەقات و بەنگی ئیعرابی (لن) و (لم)، نا هیچ نەما لەو ساتەدا بەدیی نەکەم: ئەنفالەکانی هۆلاکۆ، جێسمی هەسپی تیموورلەنگ، سەفەربەرلکی سۆڵتان، چنگۆڕکی سووری شای عەجەم... چوونە غەزای بێهاتنەوە، جارێک بۆ ئەو جاڕێک بۆ ئەم... فەرهەنگۆک: گاتا: بریتییە لە سروودی زەردەشت، کە بە شیعر دانراوە. گاتاکان بەشکێن لە یەسنا (کە بەشێکی ئاڤێستایە) ئاورینگ: ئاورنگ، چریسک، پڕیشکی وردی ئاگر. قانگدان: دەرپەڕاندنی گیاندار بە دووکەڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەولێر لە یەکی شوباتا ٢ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نا، هیچ نەما لەو ساتەدا لەسەر شاشەی ناوچەوانت بەدی نەکەم لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆکە دێم، ئاوێزانی بەژنت دەبم نەرمە نەرمە دەست بە قژی خوێناویتا دەهێنم و بە هەنیسکی گریانەوە کەعبەی نێوان هەر دوو چاوت ماچ دەکەم و بەئاستەم دەسرتێنمە گوێت: جگەرگۆشەم! * * * لە بەدگومانیم ببوورە، بەڵام هەرگیز باوەڕ ناکەم ئەربائیللۆ ناوی تۆ بێت نەخێر نابێ، نەخێر ناشێ تۆ بارەگای نووری عەرشی چوار خودا بیت کەی ئەو هەموو برینانە، جگەرگۆشەی شیرینی من! بۆ بەدەنی شارێک دەشێن کە چوار خودا چاودێری بن؟ ! نا، سەدجار، نا! ئەوەندەی من بە منارەی مێژووی تۆدا هەڵدەڕوانم، ئەوەندەی من کتێبی زەرد و پەڕپووتی حوجرەکانت دەخوێنمەوە، دەبینم تۆ، لەوەتی هەی، یەک خوات هەبووە خوایەک و بەس ئەو خودایەش بەر لە ئەوەی شوورەی بەرلین لە دێگەڵە هەڵبچنرێ، بەر لە ئەوەی لەسەر کەپکی حەمەداغا زینا لەگەڵ خاکدا بکرێ، ئەو خودایە، هەموو ساڵێک، فریشتەیەکی ڕادەسپارد دابەزێت و شەوان ئێشکی تیتلەوبیبلەکانت بگرێ هەموو ساڵێک، لەگەڵ یەکەم هەورەتریشقەی بەهاریدا، لەپڕ ئاسمان دادەقڵیشا، فریشتەیەک، وەک پارچەیەک نووری پەتی، دادەپەڕییە سەر منارەکەی خانەقا و دنیای هەموو لە گەرمایی و ڕەنگ و سەدا هەڵدەکێشا جاروباریش، کە تارماییی نسکۆیەکی بەدی دەکرد، کە پێشبینیی سیل و سن و بەعس و تاعوون یا لاڕەشە و ئەنفالێکی تازەی دەکرد، هەرکە پەی بە هەڵکشانی بیابان و داکشانی زۆزان دەبرد، لە هەژمەتان هەندێ جاران جەزبەی دەگرت، هەندێ جاریش، کڕ و بێدەنگ، سەری لە بن باڵی دەنا و عەیامێک خەڵوەتی دەکێشا یا بە قیتی، لەسەر قاچێک لە حوزووری باری تەعالا دەوەستا لە ساڵانی قاتوقڕی و نەهاتیشدا، بە دەنووکە درێژکۆڵە نوورانییەکەی گەواڵ گەواڵ، ڕانەهەوری بەرەو دەشتە بەدەن شەقارشەقارەکان لێدەخوڕی لە قاپی خوا دەپاڕاوە سەری پیرمەم قەت بێ بەفر و کەندێناوە بێ بارانی سەربەکڵاوە و گوپن نەبێ ئەو فریشتە نوورانییە، جگەرگۆشەم، بۆ هەر جێیەک بچووبایە ئاخیرەکەی بەرەو هەوار دەهاتەوە هەرگیز ڕێگەی ون نەدەکرد بێ خانەقا بێ سەدای بانگ بێ جریوەی مناڵانت دەژاکا، دەبنێسا، دەمرد تا ڕۆژێکیان هەر ئەوانەی لە دێگەڵە شوورەی بەرلینیان هەڵدەچنی هەر ئەوانەی لەسەر کەپکی حەمەداغا زینایان لەگەڵ خاک دەکرد، تامی بەری حەرامترین داریان دەڕنی هەر ئەوانە، جگەرگۆشەم! لە ساتێکی کەڕ و کوێرا ئەو فریشتە لەسەر یەک پێ وەستاوەیان وەک مانگ پێکا پێکایان و هەڵیاندێرا لەوساکەوە، جگەرگۆشەم کەسێک نییە هەڵکشانی بیابان و داکشانی زۆزانەکان سۆسە بکا کەسێک نییە لە پێدزەی لمی سەحرا بەئاگا بێ لەوساکەوە کەس بارانی سەربەکڵاوە دەنگ نادات و کەس ئێشکچیی تیتیلەوبیبلەکانت نابێ * * * فەرهەنگۆک: پەڕپووت: شڕ و شپڕێو، چرمسی و زەردهەڵگەڕاو زۆزان: کوێستان، لەیلاخ هەژمەت: سوێ، داخ، حەسرەت سەربەکڵاوە: سەربەقەپووچکه، بارانی پشک درشت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەولێر لە یەکی شوباتا ٣ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دەبا هەر پێت بڵێن پایتەخت! تۆ بۆ من جگەرگۆشەیت و هەر بەو ناوەش بانگت دەکەم. ئەرێ بەڕاست، تۆ پایتەختی؟ ئەدی بۆچی قەت پاشایەک، شازادەیەک، کەیبانوویەک، سەرکردەیەک، سکرتێرێک... یا سوڵتانێ خاک و خۆڵت بە شایانی کەوشەکانی و بنئەستێرەت بە شایانی تەخت و تاجی خۆی نازانێ؟ ! ئەرێ بەڕاست، جگەرگۆشەم، تۆ پایتەختی؟ چما پایتەختی بێ تەخت و شانشینی بێ تاج هەیه؟ گەر هەبێ تۆی تۆی: ئەو پایتەختەی تاریک و ڕوونی بەیانیت بە شەڕەمنارە و پاشیوت بە تەنەکەلێدان و دێموکراسیت بە سەنگەری ناو شیراتۆن و دیپلۆماسیت بە هێنانی PMF١ دەس پێ دەکا؛ ئەی ئەو پایتەختەی بازاڕی ئازادت بە ئاڕئاڕی بێخمە و سۆشیالیزمت بە مەزرەعەی فیرعەونە دۆخینبەدەستەکان و ئازادی ڕادەربڕینت بە خوتبەی ڕشکنی کفنپۆشان و کۆمەڵگەی مەدەنیت بە تیزابڕێژکردنی پێ و بەلەکی پیرۆزی خانزادەکانی سۆران دەست پێ دەکا. *** ئەی پایتەختی خەمی دنیا، ئەی بازاڕی نانی لەنگە و ئاوی لەنگە و هەوای لەنگ و شیعری لەنگە و حیزبی لەنگە: من نازانم، چ لەو هەموو مەرەکەب و میکرۆفۆن و شاشە و منارانە بکەم، کە بە دۆلار ئاوس بن و دەم واز نەکەن؟ چ لە داری سایەداری دارستان و پارکت بکەم، کە دوو دڵدار، دوو کارمامز، لە بنا ڕاز و نیاز نەکەن؟ *** دە پێم بڵێ، جگەرگۆشەم، چیت بۆ بکەم، تا نەهێڵم بتکەن بە گەراجی ئۆتۆمبێلێکی چەپرەکی دووسوکانی بێ شۆفێر؟ چیت بۆ بکەم، تا نەهێڵم بتکەن بە ئاخوڕی وڵاغێکی قۆتڕی دووهەوساری بێ سوار؟ چیت بۆ بکەم تا نەهێڵم نابیناکان تاریکاییت بخوێننەوە؟ تێرنەخۆرە پارووی دەمت کۆنترۆڵ بکەن، مێردەزمە٢ خەونەکانت داگیرسێنن و بکوژێننەوە؟ دە پێم بڵی، جگەرگۆشەم، چیت بۆ بکەم، تا نەهێڵم چیتر کەوا و بنکراسی مێژووت ڕەش بێ؟ چیت بۆ بکەم تا نەهێڵم هەر ڕۆژێکی ساڵەکانت سی و یەکی ئاب، هەر ساڵێکی سەدەکانت شەست و شەش بێ؟ ! ١. pmf: هێزێکی سەربازیی تورکیا بوو، لە کاتی شەڕی کوردکوژیدا، حیزبەکان بانگهێشتی باشووری کوردستانیان کرد بۆ ناوبژیکردن. ٢. مێردەزمە: مۆتە، مێردەزمووکە، دێوەزمە، مۆتەکە، کابووس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەولێر لە یەکی شوباتا ٤ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بیرەوەری هەموو گیانی داگیر کردووم بیرەوەری، لە بنپێوە تا تەوقیسەر دایپۆشیوم بیرەوەری جەنگەڵێکە و لە جەرگەیدا وەکوو کارگ هەڵتۆقیوم بیرەوەری، جگەرگۆشەم، بیرەوەری... ئەرێ بەڕاست، تۆ لە بیرت ماوە یا نا؟ سۆڵەی سەرمای شەست و سێ بوو... شەوێکی تاریک و پڕ سام، لوورەی بەعس و تاسەی نان و تەنیاباڵی هەڵیانپێچام وەکوو کۆترەباریکەیەک نە عەرد دەیهێشت بنیشمەوە نە ئاسمانیش بۆ هەڵفڕین بواری دەدام سەری گێژ و سەراسیمەم لار کردەوە ڕوومەتی خۆم بە کۆشت کرد، هەنیسکم دا و بێدەنگ گریام تۆش سنگ و بەرۆکت ڕووت بوو... دەندەکانت زەق زەق دیار بوون... بەئاسانی دەمخوێندنەوە بەئاسانی دەمژماردن: سێتاقان، سەیداوە، کووران... تۆپخانە، باداوە، تەکیە... دەمخوێندنەوە و دەمژماردن... تۆش دەستە لاوازەکانت هێدی هێدی بەسەری مندا دەهێنان، دەتگوت: 'مەگری، مەگری بەرخم، ئارام بگرە کوڕیژگەکەم، شەوی بەعس بەسەر دەچێ بەعس چییە؟ ! عەگالێکە و دزداشەیەک! هاکا دیتت پێکایان و مرداریان کرد، دایانپەڕاند وەک واشەیەک! ' نازانم بۆ، جگەرگۆشەکەم، لەو ساتەدا، لە بیرم چوو لێت بپرسم: ئەدی چبکەم، دە پێم بڵێ، ئەدی چبکەم ئەگەر بەعس، لە پڕێکا دزداشەکەی خۆی داکەند و عەگالەکەی تووڕ فڕێ دا؟ ئەدی چبکەم، ئەگەر بەعس ڕانکوچۆغەی کردە بەر و وەک داڵ چاوی هەڵکۆڵیم و وەک تەنافباز تەقڵەی لێدا؟ ! * * * نازانم، بەم بەیانییە، ئەو پۆلە قاز و قورینگە نوورپژێنە بۆ کوێ دەچن؟ بۆچی گەردن و شاباڵیان هێندە سوورە؟ لەوەتی هەم قەت لە سەرەتای شوباتا قەتارەی وا ڕەنگاوڕەنگم نەبینیوە تەماشاکە، جگەرگۆشەم، تەماشاکە تۆ پیتۆڵ و دنیادیتەی، کلیلی ڕاز و نهێنی ئەو پۆلە قاز و قورینگە هەبێ و نەبێ هەر لای تۆیە... کەوابێ، توخوا، پێم ناڵێی ئەوان هێما بۆ چی دەکەن کە دەخزێنە بن شاپەڕی یەکترەوە و وەک قۆزاخەپەمۆی تەقیو، کەروێشکە دەکەن و دەشنێنەوە؟ ئەی ڕاسپێری چییان پێیە کاتێ بە دەوری یەکتردا لەپڕ خەرمانە دەدەن و وەک پوولەکەی ڕەنگاوڕەنگی چلچرایەک، بە بنمیچی ئاسمانەوە دادەلکێن و دووراودوور دەبریسکێنەوە؟ فەرهەنگۆک: کارگ: کوارگ، قارچک سۆڵە: سەرمای بەتین کوڕیژگە: کوڕی بچکۆلە تەقڵە: خۆھەڵگێڕانەوە بە سەردا قورینگ: قوڵنگ، باڵندەیەکی قازئاسای گەرمێن و کوێستانکەرە پیتۆڵ: زیرەک، وریا قۆزاخە: پیلەی کرمی هەورێشم قۆزاخەپەمۆ: پەمۆی ئامادەی ڕێسان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەولێر لە یەکی شوباتا ٥ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تۆ گوێت لێیە؟ گوێت لێیە، جگەرگۆشەکەم؟ ! دەنگ و سەدای ئەو پۆلە قاز و قورینگە هەر ساتە و لە شتێک دەچێ: دەمێک لە خرینگەی بازن و بەربازنی چەتیمەحەیرانی ڕەسووڵ، وچانێک لە هانکەهانکی کارمامزی ئەنگاوتەی قۆریاتی مشکۆ، تاوێکی تر لە تریشقە و نرکە و گۆڵەی برایمەفەندی چرکەساتێک لە زەمزەمەی فەقێیانی حەوشی مزگەوت تۆزێکی تر لە ئاهەنگی سەدای زەنگی کڵێسەکانی عەنکاوە * * * ئاڤێستا لێم دەپرسێ: 'بابە، کەسیان دەناسی؟ ' لە پڕمەی گریان دەدم: یەک بە یەکیان دەناسم، کچی خۆم، یەک بە یەکیان... هەموویان، وەک دەنگی تۆ وەکوو بۆن و بەرامەی باخی ناولەپی دایکت، وەک جێی هەر کتێبێکی ژوورەکەی خۆم دەناسم جا کێ هەیە مژێکی لە هەوای هەولێر دابێ، یا بەیانییەک چاوی.. بە قەڵاکەی هەڵێنا بێ، کزەی جەرگی من نەبێ؟ کچی خۆم، چما نازانیت تا هەنووکەش، من هەر بەوێ بێدەنگیم لێوڕێژی دەنگە و بۆشاییم مووی پێوە ناچێ و دیوەخانی گۆشەگیریم هەر جمەی دێ؟ ! خۆ من و خەم لێک ناترازێین، من کەسێکم، لەگەڵ خەمدا لە دایک بووم، لەگەڵ خەمدا فراژی بووم، سەرمام بووبێ، ئاگردانم هەر خەم بووە برسیم بووبێ، هەر خەم سفرەی بۆ ڕاخستووم هەر جارێکیش چووبمە ژوانی خۆشەویستێک، خەم بۆ جێژوان دەستی گرتووم بە پاسپۆرتە سێکندهاندە شەرمنۆکە قەڵپەکانم گەر ویستبم بۆ پەنایەک سەرهەڵگرم، گەر ویستبم، بۆ هەر سووچ و کەنارێکی دنیا بفڕم، قەت لە یادم نەکردووە لەگەڵ بیلێتەکەی خۆمدا، بیلێتێکیش بۆ خەم ببڕم هەموو عومر بە یەک جەنتای شەقوشڕی سەرشانەوە، بە یەک کەشتی، بە یەک قیتار، بە یەک باس و یەک فڕۆکە پێکڕا سەفەرمان کردووە بەڵام، کچم ئەمجارە خەم تامێکی تر ڕەنگێکی تر بۆنێکی تر باڵایەکی تری هەیە بە خەمی وا تا سەفینیش قەڵەمی دەست و پێی دەشکێ، قەرەچووخیش سەنگینیی خۆی لە بیر دەکا ئەم خەمەی من خەمی تیری ئیقلیمگیری لەشکرێکە، بە یەک چرکە، سەنگەرەکانی پێشەوەی پێخوست بکرێن بە یەک چرکە، یەک چرکە و بەس ئەم خەمە خەمی شاخێکە، بەیانییەک، بە یەک چرکە، یەک چرکە و بەس پولێک ئاسکی گوڵبژێری بکەوێتە بنپێی هەرەس بە یەک چرکە، یەک چرکە و بەس فەرهەنگۆک: خرینگە: خرنگە، زرینگە و زڕەی پێککەوتنی کانزا بەربازن: بازنێکی باریکی بچووکە لە دوای بازنەکانی ترەوە لە دەست دەکرێ بۆ ئەوەی دانەماڵرێن. گۆڵە: گرمەگرم فراژی: بەخۆداهاتن و گەشەکردن قەرەچووخ: ناوی چیایەکە لە کوردستان ++++++++++++++++++++++