شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: فاتیحە (١) وە ناو خودا، کە دەھەندە و دلۆڤانە. (٢) سوپاس بۆ خوا، کە ڕاھێنەری جیھانە. (٣) دەھەندەیە و دلۆڤانە. (٤) خاوەنی ڕۆژی پەسڵانە. (٥) ئێمە ھەر تۆ دەپەرستین؛ پشتن ھەر بە تۆ دەبەستین. (٦) لە ڕاستەڕێ شارەزان کە. (٧) ڕێی ئەوانەی کە خۆت چاکەت دەگەڵ کردوون؛ نەک ئەوانەی کە وەبەر تووڕەیی کەوتوون؛ نە ئەوانەش کە لاڕێ بوون. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەقەرە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم. (٢) ئەم کتێبە ھیچ گومانی تێدا نییە؛ بۆ ئەوانەی پارێزگارن، ڕێ شاندەرە: (٣) ئەو کەسانەی بڕوایان بە نەدیار ھەیە و نوێژ دەکەن و لەو بژیوەش کە ئێمە پێمان داون، دەبەخشن. (٤) ئەوانەش کە بەو کتێبەی لەمەڕا بۆ تۆ ھاتووە و بەوانەش بۆ پێغەمبەرانی بەر لە تۆ بەڕێ کراوە، بەبڕوان و لە ھاتنی ڕۆژی پەسڵانێ، گومانێکیان نییە. (٥) ئەوانە پەروەرندەیان ڕێبەریانە و دیارە گرۆی ڕزگارانن. (٦) گەلی خودا نەناسانیش بترسێنی، یان ترسیان وەبەر نەھێنی، وەکوو یەکە؛ ئەوان لە باوەڕی ھێنان خۆ دەبوێرن. (٧) لە خوداوە دڵ و گوێیان مۆر کراوە و پەردەیەکیش بە بەر چاویاندا کشاوە و بەشیان ئازاری بەژانە. (٨) لەم خەڵکەدا ئی وا ھەیە، ئێژن: باوەرمان بە خودا و ڕۆژی سەڵا ھێناوە؛ کەچی باوەڕیشیان نییە. (٩) ئەوان خودا و باوەڕداران فریو دەدەن؛ کە ھەر خۆیان فریو داوە و پێش ناحەسن. (١٠) دڵیان دەغەزێکی ھەیە و خوا دەغەزی پتر کردوون؛ لەسەر ئەم درۆ کردنە، بەشیان ئازاری بەژانە. (١١) ئەگەر کەسێ پێیان بێژێ: لەم ھەردە بەدفەڕی مەکەن! ئێژن: ئێمە چاکەکارین. (١٢) باش بزانن، کە خراپەکار ئەوانن؛ بەڵام بۆ خۆیان نازانن. (١٣) ھەرگاش یەکێ پێیان بێژێ: ئێوەش سایری ئەم خەڵکە بڕوا بێنن، ئێژن: جا چۆن ئێمە وەک نەفامان بڕوا بێنین؟ با بزانن، کە خۆیان نەفامەکانن؛ بەڵام بەخۆیان نازانن. (١٤) ھەر وەختایەک دەگەنە خاوەن باوەڕان، دەڵێن: ئێمەش وەک ئێوە خاوەن باوەڕین. ھەرگاش چوونە لای شەیتانەکانی خۆیان، ئێژن: ئێمە وەل خۆتانین؛ ھەر گەمە بەمانە دەکەین. (١٥) خودا گاڵتە بەوان دەکا و بەریان بۆ بەرھەڵدا دەکا، تا لە ئەو سەرکێشییەدا سەرگەردان بن. (١٦) ئەوانە ڕاستەڕێیان دا بە گومڕایی و لە سەودادا تێشکاون و ڕێگەی ڕاستیان بەدی نەکرد. (١٧) ئەمانە ڕاست بە مەرەدی کەسانێ چوون، کە خەریکی پێکردنی ئاگرێک بوون؛ ھەر کە ڕۆشنایی ئاگر دەوروبەری ڕۆشن کردن؛ خودا ڕووناکییەکەی بردن و لە تاریکێکی وادا وێڵی کردن، ھیچ ئاشتەبایان نەدەدیت. (١٨) کەڕن، کوێرن، لاڵ و پاڵن؛ ناتوانن بشگەڕێنەوە. (١٩) یانە [ھەر وەکوو کەسانێ کە] بارانی بەلووزەویان دەگەڵ ھەور و چەخماخەدان لەو حەوایە بۆ ببارێ و بکەونە ناو تاریکایی؛ لە ترسی ھەورەتریشقە، تلی لە گوێیان ڕابکەن، نەکا بمرن. خودا دەوری لەم خوا نەناسانە داوە. (٢٠) لەوانەیە برووسکەی ھەور کوێریان بکا. ھەر شریخەی چەخماخە ھات، دەکەونە ڕێ و ھەرگا لێیان تاریک داھات؛ ڕادەوەستن. خۆ ئەگەر خوا بیویستایە، گوێ و چاوی لە کار دەخستن؛ خوا ھەموو شتێکی پێ دەکرێ. (٢١) ئەی خەڵکینە! ھەر ئەو خوایە بپەرستن کە ئێوە و زۆری تریشی پێش ئێوە وەدی ھێناوە. بەشکوو خۆتان بپارێزن. (٢٢) ئەو خودایە، ھەردی بۆ کردوون بە ڕایەخ، ئاسمانی بەرز کردەوە و ئاوێکی لەو حەوایەوە بۆ باراندن؛ ھەموو جۆرە بەروبووی – بەھۆی ئەو ئاوە – بۆ ڕوواندن. دەیسا کە ئەوەو زانیوە، چۆن شەریکان بۆ ئەو خوایە پەیدا دەکەن؟ (٢٣) ئەگەر لەمەی کە ئێمە بۆ عەبدی خۆمان ناردۆتە خوار بەگومانن و پێشتان وایە ڕاستی بۆ چوون، دەسا ئێوە وێڕای ھاوباوەڕەکانتان بە گەلەکۆمەکی یەکتر – جگە لە خوا – سوورەتێکی وەک ئەو بێژن. (٢٤) ئەگەر نەوکرد – کە ھەرگیز بۆشتان ناکرێ – سا بترسن لەو ئاگرەی دەستەچیلەی تەوەن و لەشی مرۆیە و ھەر بۆ خودانەناسەکان ھەڵکراوە. (٢٥) بەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، موژدە بدە: باغاتێکی وایان دەبێ، جۆباریان بە بەردا دەڕوا و لە ھەر میوەیەک بچێژن، ئێژن بەرێ ئەمە کرابووە بەشی مە و ئێستا وێنەیان ھێناوە. ژنەکانیان لەوێ زۆر پاک و خاوێنن؛ تاھەتایەش ھەر لە بەھەشتا دەمێنن. (٢٦) خودا لەوە شەرم ناکا مێشوولە و لە پێشکەش کەمتر بە نموونە بێنێتەوە. جا ئەوانەی بەباوەڕن، ڕوون دەزانن ئەمە ڕاستە و لە پەروەرندەیانڕایە. ئەوانەی خودا نەناسن ئێژن: خودا لەم نموونە ھێنانەوە چی گەرەک بوو؟ زۆرانی پێ گومڕا دەکا و فرەشیان شارەزا دەکا. ھەر ئەوانە پێی تووشی گومڕایی دەبن کە لە ڕێگایە لادەدەن. (٢٧) ئەو کەسانەی پەیمان دەگەڵ خوا دەبەستن و دەیشکێنن؛ ئەو شتەی خودا ویستوویە ھەر بە ساغی بیھێڵنەوە، دەپسێنن و لە عەردا بەدفەڕی دەکەن، ھەر خۆیان زیانبار دەبن. (٢٨) چۆن لەو خوایە حاشا دەکەن کە لە نەبوو، ژیانی داوە بە ئێوە و لە پاشان دەتانمرێنێ و دیسان زیندوو دەکاتەوە و ئەوسا گشتوو بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوە. (٢٩) ھەر خۆیەتی ھەرچی لە زەمیندا ھەیە، بۆ ئێوەی بەرھەم ھێناوە و ئەوسا پەرژایە بەرزایی و حەوت نھۆمی لێ دروست کرد. ھەر ئەویشە ئاگای لە ھەموو شت ھەیە. (٣٠) ئەو کاتەی پەروەرندەی تۆ بە فریشتانی ڕاگەیاند: من دەمەوێ بریکارێک لەسەر زەمین دیاری بکەم؛ گوتیان: تۆ کەسێ وا دێنی لەوێدا خراپە بکا و خوێن بڕێژێ، کەچی ئێمە ھەر شوکرانەی تۆ دەکەین و پەسنی پیرۆزیی تۆ دەدەین؟ گوتی: ئەوەی من دەیزانم، ئێوە ئاگاتان لێ نییە. (٣١) خودا ھەموو ناوێکی فێری ئادەم کرد. ئەوسا ھەموو شتەکانی لەبەر فریشتەکان ڕانا و گوتی: ئەگەر ڕاستی بۆ چوون ناوی ئەوانەم بۆ ھەڵدەن. (٣٢) گوتیان: ھەر تۆی لە کەمایەتی بە دووری؛ ئێمە بەدەر لەوەی کە تۆ فێرت کردووین، ھیچ نازانین. ھەر بۆ خۆت زانای کارزانی. (٣٣) گوتی ئەی ئادەم! دەسا تۆ ناوی ھەموو ئەوانەیان بۆ ھەڵبدە. وەختێ ئادەم ھەموو ناوێکی بۆ ھەڵدان، گوتی من بە ئێوەم نەوت کە ھەر خۆمم ھەر نھێنی لە عاسمانان و زەمیندان و ھەرچی ئێوە وەیشێرن و بیدرکێنن، دەیانزانم؟ (٣٤) فەرمانمان بە فریشتان دا، کڕنۆش لە بەر ئادەم بەرن. غەیرەز ئیبلیس ھەموویان سوژدەیان بۆ برد؛ ئەو کە خۆی بە زلتر دەزانی، سوژدەی نەبرد و سپڵە بوو. (٣٥) گوتمان: ئادەم! خۆت و ژنت، لە بەھەشت نیشتەجێ بن و ھەرچی لە ھەر شوێنێ دەخۆن، نۆشی گیانوو؛ ھەر تخونی ئەو دار [ی ھانا] مەکەون؛ چون [بەم کارە] لە ناھەقییکاران دەبن. (٣٦) شەیتان ھەڵیخەڵەتاندن و لە بەھەشت دەریپەڕاندن. گوتمان: داوەزنە خوارەوە، خۆتان دوژمنی خۆتانن؛ تا ماوەیێ دیاری کراو، لەسەر زەمین ڕایببوێرن. (٣٧) ئادەم لە پەروەرندەیڕا چەند وشەیەکی پێ گەییشت. ئەوسا تۆبەکەی قبووڵ کرد. ھەر خۆیەتی لە پەژیوانان دەبوورێ و دلۆڤانە. (٣٨) گوتمان: گشتوو لە بەھەشت بڕۆنە خوارێ؛ ئەوسا ئەگەر لای منەوە ڕێنوێنیێکتان بۆ ھات، ئەوانەی بکەونە شوێنی ڕێنوێنیم، نە لە ھیچ شتێ دەترسن نە خەم دەخۆن. (٣٩) ھەر کەسانیش خۆیان تووشی ھەڵە کەن و لە نیشانەکانی من حاشایە بکەن؛ دەبن بە یاری ئاگر و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن. (٤٠) ئەی زار و زیچی ئیسرائیل! لە بیروو بێ چەندەم چاکە دەگەڵ کردوون. پەیمانی من بەجێ بێنن؛ منیش پەیمانێ پێم داون، پێک دێنم و ھەر تەنیا لە خۆم بترسن. (٤١) بڕواو ھەبێ بەوەی کە ناردوومەتە خوار، کە ئەمەش بە ڕاست دەزانێ وا ئێستا لە لای ئێوەیە. مەبنە پێشەنگی ئەوانەی حاشا لەم کتێبە دەکەن؛ ناشێ نیشانەکانی من بە نرخێکی کەم بفرۆشن. سا ھەر لە خۆم ترسوو ھەبێ. (٤٢) ڕاستی ڕەوا بە ناڕەوا دامەپۆشن. حاشاو لەو ڕاستییە نەبێ، کە بۆ خۆتان ناسیوتانە. (٤٣) نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ دەگەڵ کڕنۆشبەرەکاندا کڕنۆش بەرن. (٤٤) ئاخۆ ئێوە کە فەرمان بەو مەردمە دەدەن چاکەی بکەن، خۆتانی لێ هەڵداوێرن و هەر خۆشوو کتێب خوێنەوەن؟ دەسا چیتانە تێ ناگەن؟ (٤٥) بۆ خۆڕاگری و بۆ نوێژان ھانا بەرن؛ کە ئەم کارە زۆر دژوارە؛ مەگین ھەر بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان بە زل نازانن؛ (٤٦) ئەو کەسانەی سوور دەزانن تووشی پەروەرێنیان دەبن و دەگەڕێنەوە بۆ لای خۆی. (٤٧) ئەی زار و زیچی ئیسرائیل! بیر لەو چاکە بکەنەوە کە من دەربارەتانم کرد؛ لە چاو خەڵکی ھەموو دنیا پتر ڕێزم لە ئێوە نا. (٤٨) خۆش بپارێزن لەو ڕۆژەی کە کەس تاوانی ناچێتە سەر کەسی تر؛ نە بارمتەی تێدا ھەیە و نە ھیچ خۆ کڕینەوەیەک؛ کەسیش دە ھانای کەس نایە. (٤٩) ئەوسا کە ڕزگارم کردن لە فیرعەون و دارودەستەی، کە سەرەڕای جزیا دانوو، کوڕانی لێ سەر دەبڕین و ژنەکانی ساغ دەهێشتن؛ کە لەمەدا ئەزموونی زۆر مەزن هەبوو لە پەروەرندەتانەوە. (٥٠) ئەوساش کە ئێمە دەریامان بۆ قەڵاشتن و نەجاتن دان و ئەوانەی وەل فیرعەون بوون، ھەموومان بە خنکاندن دا و ئێوە تماشاو دەکردن. (٥١) ئەوساکەش کە دەگەڵ مووسا، ژوانی چل شەومان دانا، ئێوە ئەو ناھەقییەتان کرد: پاش ئەو گوێرەکەتان پەرست. (٥٢) لە پاش ئەمەش لێتان خۆش بووین؛ بەشکوو شوکرانەبژێر بن. (٥٣) ئەوساش کە ئێمە بە مووسا کتێب و ھۆی بژاردن دا؛ بەشکوو ئێوە شارەزا بن. (٥٤) ئەوساش مووسا بە ھۆزەکەی خۆی ڕاگەیاند: گەلۆ! بە گۆلک پەرەستیو ناھەقیتان لە خۆتان کرد؛ پەژیوانی لە لای بەدیھێنەرتانەوە دەربڕن؛ سا وەرن یەکتر بکووژن؛ لای بەدی ھێنەرتانەوە ئەم کارە بۆتان چاترە. کە تۆبەی لێ قبووڵ کردن؛ ھەر ئەویشە لە پەژیوانان خۆش دەبێ و دلۆڤانە. (٥٥) ئەوساش کە بە مووساتان گوت : ئێمە بڕوات پێ ناهێنین تا ئاشکرا خوا نەبینین؛ کە هەر لەبەر چاوی خۆتان برووسکەتان بەسەردا هات. (٥٦) لە پاش ئەوەی کە مردبوون سەرلەنوێ زیندوو کردنەوە، شایەت شوکرانەبژێر بن. (٥٧) ھەوریشمان کردە سەیوانوو؛ گەزۆ و مەلی شێلاقەشمان بۆ ھەناردن: بخۆن لەو بژیوە پاکەی بەشمان داون. ئەوان ناحەقیێکیان لە ئێمە نەکرد؛ دەربارەی خۆیان ناحەق بوون. (٥٨) ئەوساش پێمان ڕاگەیاندن: بڕۆنە ناو شارەکەوە؛ ھەر شتێکی دەخۆن و چی دەخۆنەوە، بە ئارەزووی خۆتان بکەن. ھەر لە دەرگا چوونە ئەودیو، سوژدە بەرن و بێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەرکی گرانمان مەخە سەر. ئەوسا مە لە گوناھانوو خۆش دەبین و پاداشمان لەمەڕ کارچاکان پتر دەبێ. (٥٩) ئیتر لە ڕێ لادەرەکان – ھەرچی بەوان سپێرابوو – بەراوەژوو ڕەفتاریان کرد؛ ئەوسا ئێمەش لە تۆڵەی ئەو بەدفەڕیەدا، بەڵایەکمان لە عاسمانەوە بۆ ناردن. (٦٠) ئەو ھەڕەتەش کە وا مووسا ئاوی بۆ پەیڕەوانی خواست. گوتمان بە دار عاساکەی خۆت لەو بەردە دە! دوازدە کانی لێ ھەڵقوڵی؛ ھەر تیرەیەک جێی وەخواردنی خۆی زانی. سا لەو بەشەی خودا داویە بخۆن، وەخۆن، لە عەرزا بەدفەڕی مەکەن. (٦١) ئەو دەمەشتان لە بیر بێ کە گوتتان: مووسا! ئێمە بە یەک جۆرە خۆراک ھەدا نادەین؛ لە پەروەرندەت بخوازە لەوەی زەوی دەیڕوێنێ، وەک سەوزەوات و خەیار و نیسک و سیر و پیواز، بۆمان بەرھەم بێنێ. گوتی: ئێوە خراپ بە چاک دەگۆڕنەوە؟ سەربەرەژێر بچنە شارێک دڵخوازی ئێوە لەوێە. بەڵام چونکە لە نیشانانی خودا حاشایان دەکرد، ھەر لە ناھەق پێغەمبەرەکانیان دەکوشت، یاغی بوون و ملیان لە دەس درێژی دەنا، وەبەر غەزەبی خوا کەوتن و چارەڕەشی و زەبوونییان بۆ بڕیار درا. (٦٢) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئەو کەسانەش کە جوولەکە و فەلە و سایبی مەزەب بوون، ئەگەر بە خوا و رۆژی پەسڵان باوەڕیان بێ و ئاکارچاک بن، لە لای پەروەرندەیانڕا پاداشی خۆیان پێ دەگا و نە ھیچ ترسێکیان لە سەرە، نە خەم دەخۆن. (٦٣) ئەوساش کە ئێمە بەڵێنمان لێ وەرگرتن و کێوی توورمان بە سەرتانەوە بڵند کرد؛ گوتمان: ھەرچی پێمان داون توندی بگرن، چی تێدا لە بیری مەکەن. شایەتا خۆ بپارێزن. (٦٤) لە پاش ئەوە خۆتان لێ بوارد. ئەگەر چاکە و بەزەیی خوا دەھاناتان نەھاتایە، ئێوە لە زیانباران بوون. (٦٥) لە حاڵی ئەو کەسانەشتان خەبەردار بوون کە وا لە ڕۆژی شەممەدا لە ڕادەی خۆیان دەرکەوتن، پێمان گوتن: مەیموونی تڕۆکراو بن. (٦٦) بە پەندێکی وامان بردن، ھاوچەرخان و دوای ئەوانیش، چاوترسێن کا و دەرسێک بێ بۆ پارێزگاران. (٦٧) بیر لەو جارەش بکەنەوە کە مووسا بە ھۆزەکەی گوت: خودا فەرمانوو پێ دەدا کە ئێوە چێڵێک سەرژێ کەن. گوتیان: ئاخۆ دەتەوێ گاڵتەن پێ بدەی؟ گوتی: پەنا دەبەم بە خوا کە لە ڕێزەی نەزانان بم. (٦٨) گوتیان لە پەروەرندەی خۆت پرسیار بکە، چۆن چێڵێکە؟ گوتی: ئێژێ ئەو چێڵەیە کە نە پیری پەک کەوتەیە و نە کەم تەمەن؛ ناوەنجییە. بە چیتان فەرمان پێدراوە دەبێ بیکەن. (٦٩) گوتیان لە پەروەرندەی خۆت پرسێ بکە پێمان بێژێ چ ڕەنگێکە؟ گوتی: ئێژێ چێڵێکی ھێندە ڕەنگ زەردە، تواشاچی دڵخۆش دەکا. (٧٠) گوتیان: دیسان لە پەروەرندەت بپرسە با پێن بڵێ چۆن چۆنییە؟ مانگا سەری لێ تێک داوین؛ ئەگەر خودا خۆی حەز بکا دەتوانین شارەزا بین. (٧١) گوتی: ئێژێ نە چێڵێکی ھەڤووتییە، جووتی بکا و نە ئاو دەکێشێ بۆ زەوی، ھیچ پەڵەشی تێدا نییە. گوتیان ئێستا ڕاستەکەت بۆ خستینە ڕوو. ئیتر ئەوسا سەریان ژێ کرد؛ وەختیش بوو ئەم کارە نەکەن. (٧٢) ئەوسا یەکێکیان کوشتبوو، [ لە سەر گوژەر ]یەکتری تان تێوەدەدا، کە خودا بۆی وەدەرخستن ئەوەی کە دەتانشاردەوە. (٧٣) ئەوسا گوتمان: پاژێک لە لاشی چێڵەکە لە لاکی کوژراوەکە دەن، خودا ئاوا مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئاوا نیشانەکانی خۆی نیشان دەدا، بەشکوو بتوانن تێبگەن. (٧٤) لە پاش ئەمەش بوونە دڵڕەقێکی وەھا لە چەشنی بەرد؛ بگرە ڕەقتریش بوو لە بەرد؛ چونکە تەختەبەردی وا ھەن چەند جۆباری لە بەر دەڕۆن؛ ھەیشە ترەک ترەک دەبێ و ئاوی لێوە فیچقە دەکا؛ ھی واش ھەیە لە ترسی خوا جاڵە دەبێ. خوا لە ھەر کارێکی دەیکەن ئاگادارە. (٧٥) ئاخۆ ئێوە بەو ھیوایەن کە باوەڕیتان پێ بێنین، کەچی دەستەیەک ھەر لەوان وتاری خوایان دەبیست و لە پاش ئەوە تێی دەگەیین، دەیانگۆڕی و دەشیانزانی کە دەیگۆڕن؟ (٧٦) ھەرگایەکیش تووشی باوەڕداران دەبن، ئێژن: باوەڕمان ھێناوە، ھەرگا دەگەنە یەکتری، پێیان ئێژن: ئاخۆ ئێوە ئەو زانستەی خوا پێداون لای ئەوانی دەدرکێنن، تا بیکەنە بەڵگەی خۆیان لجەم پەروەرندەی ئێوە؟ دەئاخر تا کەی تێناگەن! ؟ (٧٧) بۆچی ئەمانە نازانن ھەرچی نھێنی دڵیانە و ھەرچی بە ئاشکرا دەیڵێن، خوا دەیزانێ؟ (٧٨) لەوانیشدا ئی وا ھەن کە نەخوێندەن و بێژگە ئارەزوو، لە کتێب سەر دەرناکەن؛ ئەمانە ھەر لە خەیاڵات و گوماندان. (٧٩) سا ھاوارە بۆ ئەوانە بە دەستی خۆ کتێبەکە دەنووسن و پاشان ئێژن: ئەمە لە خواوە ھاتووە، تا بە نرخی کەم بیفرۆشن. ھاوار لەوان لەوەی بە دەس نووسیویانە و ھاوار لەوان بۆ نرخێ گیریان کەوتووە. (٨٠) دەشڵێن: ئاگر تووشمان نابێ؛ مەگین چەند ڕۆژێ، ئەویش کەم. بێژە: ئاخۆ خودا بەڵێنی پێ داون – کە خودا لە بەڵێنی خۆی پاشگەز نابێ – یان ھەر لە نەزانیەوە قسە لەسەر خودا دەکەن؟ (٨١) دیارە ھەر کەس خۆی تووشی خراپە بکا و خراپەکەی دەوری دابێ، ئەوانە یاری ئاگرن و تا ھەتا ھەر تێیدا دەبن. (٨٢) ئەوانەش کە باوەڕدار و ئاکارچاک بوون، بەھەشتین و ھەر لەوێدا دەمێننەوە. (٨٣) ئەو سەردەمەش کە پەیمانن لە بەرەی ئیسرائیل وەرگرت: غەیرەز خودا نەپەرستن و چاکە دەگەڵ داک و باب و نزیکان و ھەتیو و ھەژاران کەن و بۆ مەردم قسەی باش بکەن؛ نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ لە دوای ئەوە – کەمێک نەبێ – پشتوو تێکرد و خۆو لە پەیمانەکە بوارد. (٨٤) پەیمانیشمان لێتان ئەستاند کە: ھوونی یەکتر مەڕێژن و خۆتان ھەر لە زێدی خۆتان وەدەر مەنێن. پاشان بۆ ئەو پەیمانەشتان بڕیاروو دا و بۆ خۆشتان شایەتی دەدەن. (٨٥) لە دوای ئەوەش ھەر خۆتان بوون کوشتاروو لە یەکتر دەکرد؛ بە پشتیوانی خەڵکی تر – بە تاوان و دەسدرێژی – ھێندێ کە ھەر لە خۆتانن، لە وڵاتیان وەدەر دەنێن. کە لێشوو بە دیل دەگیرێ، ھەمووتان خوێنەکەی دەدەن؛ کە ھیچ بۆشتان ڕەوا نییە دەریان بکەن. ئاخۆ ئێوە بە ھێندێ لە ناوەرۆکی کتێبەکەو بڕوا دەکەن، لە ھێندێکی حاشا دەکەن؟ ھەر کەس لەنگۆ ئەوە بکا دیارە لە ژیانی دنیادا ڕیسوا دەبێ و لەو دنیاشا زۆر بە توندی ئازار دەدرێ. خودا لە ھەموو کارێکتان ئاگادارە. (٨٦) ئەو کەسانە ژینی دنیایان کڕیوە و قیامەتیان لە نرخی داوە، ئیتر نە باری ئازاریان سووک دەکرێ و نە کەس یاریدەیان دەدا. (٨٧) ئێمە خۆمان کتێبمان داوە بە مووسا و چەند پێغەمبەری تریشمان لە دوای ئەو نارد. چەند بەڵگەی زۆر ئاشکراشمان دا بە عیسا کوڕی مەریەم، لە گیانی پیرۆزی خۆشمان یاریدەن دا. ھەتا ئێستا ھەر پێغەمبەرێکوو بۆ ھات و شتێ وای گوت کە ئێوە لێتان خۆش نەھات، خۆتان لەو بە زلتر زانی و بە ھێندێکتان گوت درۆزن و ھێندێکیشیانوو ھەر کوشتوون. (٨٨) گوتیان: دڵمان سەرپۆشی پێدا دراوە. نەخێر، ئەوان بەھۆی لە خودا لادانیان، بەر نەحلەتی خودا کەوتوون و بە دەگمەن بڕوا دەکەن. (٨٩) ھەر کاتێکی کتێبێکیان لەلایەن خوداوە بۆ دێ و ئەم کتێبەش دەسەلمێنێ کە ئێستا لە لای ئەوانە و لە پێشووشدا گەرەکیان بوو بەسەر خودانەناساندا زاڵیان بکا، کەچی وەختێ ھات و ناسییان، بە گژیدا دێن. دەسا کەسانێ دژ بەون، بەر نەحلەتی خوا کەون. (٩٠) ئای کە خۆیان بە نرخێکی خراپ فرۆشت! ھەر چونکە خوا لە ھەر عەبدێ لە عەبدانی وا حەز بکا بە چاکەی بخوێنێتەوە و فەرمانی خۆی بەو بسپێرێ، ئێرەیی بەو دەردەی بردن کە لێی بکەونە حاشایە؛ بەم کارەیان دوو جار وەبەر غەزەب کەوتن؛ ئەو چاوچنۆکانە ئازارێکی ئابڕووبەریان دەبێ. (٩١) ئەگەر بێتوو پێیان بێژن: بەو کتێبەی خودا ناردوویەتە خوارێ، بڕواو ھەبێ، ئێژن: ئێمە ھەر بەو کتێبەی کە بۆ خۆن ھاتۆتە خوار، بڕوا دەکەین؛ کتێبی تر – با بڕواشی بە کتێبەکەی ئێمە ھەبێ – ئێمە بەڕاستی نازانین. بێژە: ئەگەر بڕواو ھەیە، ئەدی بۆچی لە پێشوودا پێغەمبەرەکانی خودا و [لە خوتوخۆڕایی] دەکوشت؟ (٩٢) کاتێ مووساش بە چەندین نیشانەی پتەو ھاتە لاتان، کەچی دوای ئەو گوێرەکەیەکتان پەیدا کرد، دەتانپەرست. (٩٣) لەو کاتەشدا کە پەیمانن دەگەڵ بەستن و کێوی توورمان لە سەر بەرز کردەوە و پێمان گوتن: ھەرچی لە ئێمەوڕا بۆ دێ توندی بگرن و بیبیسن؛ گوتیان: بەڵێ، بیستمان و گوێ نادەینێ. ئەوینی گۆلک پەرستی وەھایان دەدڵ چەقیبوو باوەڕی لە بیر بردنەوە. بێژە ئەگەر بڕوادارن، بڕواکەتان تووشی کاری گەلێ نالەباری کردوون. (٩٤) بێژە: ئەگەر بە ڕاستانە و پێتان وایە لە خوداوە ماڵی ئەولا بۆ ئێوە تەرخان کراوە و بەشی کەسی تێدا نییە، دەسا داوا بکەن بمرن. (٩٥) ھەرگیز ئەو داوایە ناکەن، چون دەزانن چییان کردووە؛ خوداش ناھەقان دەناسێ. (٩٦) بێ گومانە دەیانبینی لە ھەموو کەس لە دنیادا بۆ ژیانێ پاپاترن؛ تەنانەتی لەو کەسانەش کە شەریک بۆ خوا دەناسن. ھەرکام لەوان پێ خۆشە ھەزار ساڵ بژی. خۆ تەمەنی ھەزار ساڵەش لە ئازار دووری ناخاتەو. خودا ھەموو کردەیانی لە بەر چاوە. (٩٧) بێژە ھەر کەس کە دوژمنی جوبرائیلە[ با بزانێ: ] ھەر ئەوە کە ئەم قورئانەی – بە ئیزنی خوا – حەواڵەی دڵی تۆ دەکا و بە کتێبەکانی دیکەی ئاسمانیش باوەڕ دەکا و ڕێشاندەر و مژدە دەرە بۆ ئەوانەی باوەڕدارن. (٩٨) ھەرکێ دژی خودا و پێغەمبەرەکانی و فریشتانی و جوبرائیل و میکایل بێ، خوداش دژ خوانەناسانە. (٩٩) دیارە ئێمە نیشانانی ئاشکران بۆ تۆ ناردووە؛ ئەوانەی حاشای لێدەکەن، ھەر لە ڕێ لادەرەکانن. (١٠٠) ئەدی بۆچی ھەر جارێکی پەیمان دەگەڵ خوا دەبەستن، ھێندێک ھەر لە ناو ئەواندا دێن ھەڵیدەوەشێننەوە. زۆرینەشیان ھەر باوەڕی پێ ناھێنن. (١٠١) دوای ئەمەی ئەم پێغەمبەرە خودا ناردوویەتە ناویان، بڕوای بەو کتێبەش ھەیە کە لایانە؛ دیسان ھێندێک لەوانەی ئەھلی کتێبن، لە کتێبی خوا خۆ دەبوێرن و ڕووی تێناکەن. ھەر ئێژی نەشیان زانیوە. (١٠٢) کەوتوونە شوێن ئەو شتانەی شایەتینی لە زەمانی سولەیماندا بە ورتە دەیانخوێندەوە. سولەیمان خوانەناس نەبوو؛ شایەتینی خوانەناس بوون؛ خەڵکیان فێرە جادوو دەکرد. ئەو زانستەش کە ھاتبووە سەر ھارووت و مارووتی جووتە فرشتە لە بابلدا، ھەر کەسێکیان فێری جادوو بکردایە، پێشەکی تێیان دەگەیاند: ئێمە ھەر بۆ جەڕباندنین، نەکەی خودات لە بیر بچێ؛ ھەر ھێندەشیان لێ فێر دەبوون ژن و شوو لێک جیاوە کەن؛ کە توانای ئەوەیان نەبوو – بێ ئیزنی خوا – زیان لە ھیچ کەسێ بدەن. ھەر شتێکی وا فێر دەبوون کە زیان لە خەڵک بدا و بۆ خۆیان سوودێکی نەبێ؛ دەشیانزانی کڕیارانی جادووگەری لەو دنیا ھیچ بەشیان نییە. ئای ئەگەر تێگەیشتبان دەیانزانی چۆن خۆیان خراپ دەفرۆشن. (١٠٣) ئەمان ئەگەر بڕوایان بە خودا ھەبا و پارێزگار بان، دەیانزانی کە پاداشی چاکتر وا لە لای خودایە. (١٠٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە مەبێژن «ڕاعِنا»؛ بێژن: «تماشامان بکە» و گوێ بدەنێ. بۆ ئەو خودانەناسانە جەزرەبەی زۆر بەژان ھەیە. (١٠٥) ئەوانەی ئەھلی کتێبن و دینی خۆیان لە دەس داوە و ئەوانەی خوا بە خاوەن شەریک دەزانن، حەز ناکەن ھیچ شتێکی چاکتان لە پەروەرندەوڕا بۆ بێ. خوداش بە مەیلی خۆیەتی، لە ھەر کەسێ خۆی حەز بکا – بەتایبەتی – بە چاکە دەیخوێنێتەوە. خودا خێوی چاکە و بەزەیی ھەرە زۆر و زەوەندەیە. (١٠٦) ھەر ئایەتێک لە کار بخەین یان لە بیری ببەینەوە، ئایەتێکی لەو باشتر یان ھەر وەک ئەوی ئەخەینە جێ. مەگەر نەتزانیوە خودا ھەموو کارێکی پێ دەکرێ. (١٠٧) نەتزانیوە کە ئەم عەرز و عاسمانانە ھەر موڵکی خوان، غەیرەز خوداش دۆست و ھاریکارتان نییە؟ (١٠٨) ئاخۆ ئێوە دەتانەوێ لە پێغەمبەرتان بپرسن، وەکوو پێشوو لە مووسا پرسیار کرابوو؟ ھەر کەسێکیش بێ خودایی بە باوەڕ بگۆڕێتەوە، بە بێ گومان ڕێگەی ڕاسی لێ ون بووە. (١٠٩) زۆر کەس لە خاوەن کتێبان – چونکە ئێرەییو پێ دەبەن – حەزێ دەکەن لە پاش باوەڕی ھێنانوو – کە لە لاشیان ئاشکرایە ڕاست کامەیە – پەژیوانوو بکەنەوە. ئێوە چاویان لێ بپۆشن و لە ھەڵەکانیان ببوورن، تا فەرمانی خودا دەگا؛ خوا ھەموو کاری پێ دەکرێ. (١١٠) نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ ھەر چاکەیەک بکەنە پێش باری خۆتان، لای خودا پێو دەگاتەوە؛ ھەرچی بیکەن خوا دەیبینێ. (١١١) گوتیان: ھەر تەنیا مووسایی یان عیسایی دەچنە بەھەشت؛ ئەمە ئاواتی خۆیانە. بێژە: دەسا بەڵگەی خۆتانن نیشان دەن! ئەگەر پێو وایە ڕاست دەکەن. (١١٢) بەڵێ، ھەر کەس – بە بێ خەوش – ھەمیشە ڕووی لە خودا بێ و ئاکارچاک بێ، پاداشی خۆی لە پەروەرندەی وەردەگرێ و ئەم کەسانە نە ھیچ ترسێکیان دێتە سەر، نە خەم دەخۆن. (١١٣) جھوو گوتیان: فەلەکان ھیچ کارەیەک نین. فەلەش کوتیان: جوولەکەکان لەسەر ھیچن؛ کە ھەر دوو لاش کتێب خوێنن. نەزانیش ھەر ئەوەی دەڵێن کە ئەمانە پێیان ئێژن. ئەوسا خودا ڕۆژی قیامەت بەو کارەیانە ڕادەگا کە کێشەیان لەسەری بوو. (١١٤) کێ ناھەقترە لەو کەسەی ڕێگە نەدا ناوی خودا لە مزگەوتەکانی خوادا بھێندرێ و ھەوڵیش بدا وێران ببن؟ نەدەبوایە ئەمانە ھەر بچنە ناویان مەگین بە ترس و لەرزەوە. بەشیان لە دنیا سووکییە و لە قیامەتیش ئازاری دژواریان ھەیە. (١١٥) خۆرھەڵات و خۆرئاوا – ھەرتک – ھی خودان؛ ڕوو بکەنە ھەر لایەکی، خوا لەوێیە؛ زانستی خوا بەربڵاوە و ئاگادارە. (١١٦) گوتیان: خوا بۆ خۆی فرزەندی ھەڵبژیوە. خودا لەو شتانە پاکە؛ بەڵکوو ھەرچی لە ئاسمانان و زەمینە، گش بۆ ئەوە و گشتی بە فەرمانی ئەون. (١١٧) داھێنەری عاسمانەکان و زەمینە و ھەر کە ویستی کارێ پێک بێ، فەرمان دەدا: ببە! دەبێ. (١١٨) لە ھیچ نەزانەکان گوتیان: بۆچی خوا ئێمە نادوێنێ، یان بەڵگەیەکمان بۆ نایە؟ بەر لەوانیش ھەر ئەم قسانەیان ھەبووە. دیارە دڵیان لێکتر دەکەن. ئێمە بەڵگەکانی خۆمان نیشانی ئەوانە داوە کە ئامادەن بیسەلمێنن. (١١٩) ئێمە تۆمان بە تێڕادیوی ناردووە کە مزگێنیش بدەی و بیشیان ترسێنی؛ دەربارەی دۆژەھییەکانیش بەرپرس نیت. (١٢٠) ئەم جوولەکانە و فەلانە، تا نەچیە سەر دینی ئەوان، ھەرگیز خۆشیان لە تۆ نایە. بێژە: ڕێی ڕاس ھەر ڕێی خوداس. ئەگەر تۆ پاش ئەو زانستەی بۆت ھاتووە، شوێن ئارەزووی ئەوان کەوی، ئیتر خودا دۆستایەتیت ناکا و تازە نایەتە یاریدەتەوە. (١٢١) ئەو کەسانەی کە کتێبمان پیان داوە و وەک پێویستە دەیخوێننەوە و دیارە بڕوایان پێی ھەیە، ئەوی بڕواشی پێ نەکەن لە ڕێزەی زیانبارانن. (١٢٢) ئەی بەرەی سەر بە ئیسرائیل! لە بیر مەکەن چەندەم چاکە دەگەڵ کردن، لە چاو خەڵکی ھەموو دنیا، پتر ڕێزم لە ئێوە نا. (١٢٣) ئەشێ بشترسن لەو ڕۆژەی کە ڕۆژی ھەر کەس ھەر کەسە و کڕینەوە لەو ڕۆژەدا باوی نییە و تکاکاری بەھرە نادا و کەسیش دەھانای کەس نایە. (١٢٤) ئەوسا خودا بە چەند وشە ئەزموونی ئیبراھیمی کرد؛ پێکی ھێنان. گوتی: دەتکەم بە ڕێبەری خەڵکی دنیا. گوتی: ئەدی تۆرەمەکەم؟ گوتی: ناھەقییکاران وەبەر بەڵێنم ناکەون. (١٢٥) لەو کاتەشا بڕیارن دا ماڵی کابە مەکۆیەکی مەردم بێ بە دڵنیایی و جێی ئیبراھیم بکەن بە نوێژگەی خۆتان و ئیبراھیم و ئیسماعیلیشمان ڕاسپارد کە ماڵەکەم بۆ ئەوانەی لە دەوری دەسووڕێنەوە و بۆ ئەوەی ھەر لەوێ دەبن و بۆ ئەوانەی کڕنۆش و سوژدەم بۆ دەبەن، پاکژ بکەن. (١٢٦) ئیبراھیم بە پاڕانەوە گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەم شارە بێ وەی بھێڵە؛ خەڵکەکەشی ھەرکێ بە خوا و ڕۆژی سەڵا بڕوای ھێنا، لە بەروبوو تەسەلیان کە. گوتی: ھەرکێش حاشا بکا، وا دەکەم سەردەمێکی کەم ڕای ببوێرێ، ئەوسا بەرەو ئازاری تینی ئاگر و چارەڕەشی بەڕێی دەکەم. ئای چ ئەنجامێ خراپە! (١٢٧) لەو دەمەشدا کە ئیبراھیم و ئیسماعیل بناغەی ماڵەکەی خۆیان بڵند دەکرد، دەیانگوت: پەروەرندەمان! لێن قبووڵ کەی، تۆ ھەر بۆ خۆت زۆر بیسەر و فرە زانای. (١٢٨) پەروەرێنمان! خۆت وا بکەی ھەتا سەر بەر فەرمانت بین؛ تۆرەمەشن وا ڕابێنە کۆمەڵێک بن لە فەرمانی تۆ دەرنەچن و ڕێوشوێنی تۆ پەرستیمان نیشان دە و تۆبەمان لێ قبووڵ بکە. تۆی تۆبە قبووڵ دەکەی و دلۆڤانی. (١٢٩) پەروەرێنمان! پێغەمبەرێکی ھەر لەوان بەڕێ بکە، تا نیشانەکانی تۆیان بە سەردا بخوێنێتەوە و لە کتێب و کارزانیدا ڕایان بێنێ و لە ھەڵە بێ پەڵەیان کا. دەستەڵات داری لە کارزان، ھەر بۆ خۆتی. (١٣٠) کێی وا ھەیە کە ئایینی ئیبراھیم بنێتە لاوە؟ جا مەگین ھەر خۆی گەوج بکا. ئێمە ئەومان لەم دنیا ھەڵبژاردووە و لەو دنیاشا وا لە ڕێزی پیاوچاکانا. (١٣١) وەختێ پەروەرندەی پێی گوت: وەرە خۆ بە من بسپێرە، ڕگوتی وا خۆم دایە دەستی ڕاھێنەری ھەموو دنیا. (١٣٢) ئیبراھیم بۆ کوڕەکانی و یەعقووبیشی قەوینتی کرد: فرزەندانم! خوا ئەم دینەی بۆ ئێوە ھەڵبژاردووە؛ ئەگەر وایە، غەیر بە موسوڵمانی مەمرن. (١٣٣) ئاخۆ ئێوە ئاگاو لێ بوو کە لە گیانەڵادا یەعقووب بە ڕۆڵەکانی خۆی دەگوت: لە دوای من چی دەپەرستن؟ گوتیان: چی تۆ پەرەستووتە دەیپەرستین کە باب و باپیرانی تۆ، ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاقیش ھەر ئەویان پەرست؛ کە خودای تاک و تەنیایە و ئێمەش خۆمان بەو دەسپێرین. (١٣٤) ئەوانە کۆمەڵانێک بوون کە ڕابوردوون، کردەوەیان بۆ خۆیانە. ئێوەش و کردەوەی خۆتان؛ کەس بۆ کرداری ئەوانوو لێ ناپرسێ. (١٣٥) گوتیان: ببنە جوو، یان فەلە، تاکوو ڕێگا پەیدا بکەن. بێژە: ئێمە لەسەر دینی ئیبراھیمین کە ناھەقی بەجێ ھێشت و بەرەو ھەق ھات؛ شەریکیشی بۆ خودایە نەدەناسی. (١٣٦) ئێوە بێژن: ئێمە بە خوا و بەو شتانەی کە بۆمان ھاتۆتە خوار و بەوانەی کە ناردراون بۆ ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەتەوەکانی و ئەوی بۆ مووساش و عیساش ناردراوە و ئەو شتانەی کە بە پێغەمبەران درا لە لای پەروەرێنیانەوە، باوەڕمان کرد. ئێمە جیاوازی ناخەینە نێوان ھیچ کامێک لەمانە و خۆمان ھەر بەو سپاردووە. (١٣٧) گەر ئەوانیش بەوەی کە ئێوە بڕواتان پێ ھێناوە بڕوا بێنن، ئەوە کەوتوونەتە سەر ڕێ؛ بەڵام ئەگەر خۆ ببوێرن، ئەوان دژایەتیو دەکەن؛ خودا لە ئازاری ئەوان ئەتپارێزێ و زۆر بیسەر و فرە زانا ھەر خۆیەتی. (١٣٨) ڕەنگێکە خودا ڕشتوویە و کێ ھەیە لە خودا چاکتر ڕەنگ بڕێژێ؟ ئێمەش ھەر ئەو دەپەرستین. (١٣٩) بێژە: ئێوە لەمەڕ خودا دەگەڵمان دەکەونە کێشە؛ کە پەروەرندەی ئێمەش و ئێوەش ئەوە؟ کردەی خۆمان بۆ خۆمان و کرداری خۆتان بۆ خۆتان؛ ئێمە بە دڵ دەیپەرستین؟ (١٤٠) یا ئێژن کە: ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەوەی جوولەکە، یان مەسیحی بوون؟ بێژە: خودا چاکتر دەزانێ یان ئێوە؟ کێ لەو کەسە ناھەقترە، شایەتێکی لە لا ھەبێ و لە خودای بشارێتەوە؟ خوداش لە ھەموو ئاکاروو ئاگادارە. (١٤١) ئەوانە کۆمەڵانێک بوون ئێستا لە بەینا نەماون، چییان کردبێ بۆ خۆیان کرد؛ ئێوەش کار بۆ خۆتان دەکەن. ھەرچی ئەوان کردوویانە ئێوەی لێ بەرپرس نابن. (١٤٢) لەم مەردمە، بێ ئاوەزەکانیان ئێژن: چی ئەوانی وەرگێڕا لەو ڕووگەیانە کە بەرێ ڕوویان تێدەکرد؟ بێژە: خاوەر و خۆرنشین موڵکی خودان؛ خوا ھەرکێ خۆی مەیلی لێ بێ، دەیخاتە سەر ڕاستە ڕێیە. (١٤٣) بەو ئاوایە ئێمە ئێوەمان کردۆتە ئۆمەتێکی ھەڵبژاردە؛ تا ئاگاو لە مەردم ھەبێ و پێغەمبەریش چاوەدێریتان لێ بکا. ئەو ڕووگەیەی پێشوو بەرەو ئەم دەوەستای، ئێمە ھەر بۆیەمان گۆڕی تا بزانین کێ دوای پێغەمبەر دەکەوێ و کێھە پاشگەز دەبێتەوە. ھەر چەند کارێکی دژوار بوو؛ مەگین بۆ کەسانێکی وا کە خودا شارەزای کردن. خودا ئەو بڕوای ھەتانە تێکی نادا. خودا بەرانبەر بە مەردم زۆر دڵسۆز و دلۆڤانە. (١٤٤) دیتوومانی کە بەرەو حەوا دەڕوانی؛ ئێمە ڕووت بەرەو ڕووگەیەک وەردەگێڕین پەسەندت بێ. سا ڕووت بەرەو «مسجدالحرام» وەرگێڕە و لە ھەر کوێش بن، ھەر ڕوو بکەنە ئەوێوە. ئەوانەی ئەھلی کتێبن دەزانن کە ئەمە ڕاستە و لە پەروەرندەیان ڕایە. خوداش لە ھەر کارێ بیکەن ئاگادارە. (١٤٥) ئەھلی کتێب ھەر نیشانێکیان شان بدەی ڕوو دە ڕووگەکەی تۆ ناکەن؛ ئەتۆش ئیتر ڕوو ناکەیتە ڕووگەی ئەوان. ھەر بەم جۆرە ھیچ کامیشیان ڕوو ناکەنە ڕووگەی یەکتر؛ ئەتۆش لە پاش ئەو زانستەی بۆت ھاتووە، ئەگەر بە شوێن ئارەزووی ئەواندا بڕۆی، لە ناھەقیکاران دەبی. (١٤٦) ئەھلی کتێب – وەک کوڕانی خۆ دەناسن – ئەم پێغەمبەرە دەناسن. دەسەیکیشیان ھەر چەند دەزانن ھەق چییە، دەیشارنەوە. (١٤٧) ئەمە ڕاستەو لە پەروەرندەی تۆڕایە و ھەرگیز لە دوودڵان مەبە. (١٤٨) ھەر لایە شوێنێکیان ھەیە ڕووی تێدەکەن. دەسا ئێوە بۆ چاکە کێ بەرکێ بکەن. لە ھەر کوێ بن، خوا لێکوو کۆ دەکاتەوە. خودا توانای بەسەر ھەموو شتدا ھەیە. (١٤٩) لە ھەر ئاقارێک دەرکەوتی، ڕوو بکە «مسجدالحرام»؛ ئەمە ڕاستەو لە پەروەرندەی تۆڕایە. ھەر کارێکیش ئێوە بیکەن خوا دەیزانێ. (١٥٠) لە ھەر شوێنێکەوە دەرچووی، ھەر کابە بکە بە ڕووگە. لە ھەر جێ بوون با ڕووتان ھەر دەوێوە بێ، تا ھیچ بەڵگەی دژی ئێوە بە دەس مەردمەوە نەبێ؛ جا مەگین ئەوی لاسارن و ھەر حەز لە لاساری دەکەن. من دەمەوێ تەواو چاکەو دەگەڵ بکەم و دەمەوێ شارەزا ببن. ئێوە ھیچ لەوان مەترسن؛ گەرەکە لە خۆم بترسن. (١٥١) وەکوو ئەمەی پێغەمبەرێکمان لە خۆتان ناردە لاتان، نیشانەکانی ئێمەتان بەسەردا دەخوێنێتەوە و بۆ پاکی ڕاتان دەھێنێ و فێرتان دەکا لە کتێب و کارامەیی سەرتان دەرچێ و گەلێک شتی واو فێر دەکا کە لە پێشدا نەودەزانین. (١٥٢) سا ئێوە یادی من بکەن، تا منیش لە بیرتان نەکەم. ھەر شوکرانەی من ببێژن و لە چاکەی من حاشا مەکەن. (١٥٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! پەنا بەرنە بەر نوێژان و خۆڕاگر بن؛ خوا دەگەڵ خۆڕاگرانە. (١٥٤) بەو کەسانەی لە ڕاھی خدا دەکوژرێن، مەڵێن مردوون؛ بەڵکە زیندوون، بەڵام ئێوە پێ نازانن. (١٥٥) دیارە ئێمە جاروبارە بە ھێندێک ترس و برچی بوون و لە ناوچوون و کەم بوونەوەی ماڵی دنیا و بەروبووتان، دەتان ئەزمووین. مژدە بدە بەو کەسانەی خۆڕاگرن. (١٥٦) ئەو کەسانەی کە تووشی چۆرتمێک دەبن ئێژن: ئێمەش ھەر ئی خواین و ھەر بۆ لای ئەو دەچینەوە. (١٥٧) خێروبێر و بەزەیی پەروەرندەیان بۆ دەبارێ و شارەزا لە ڕێ ئەوانن. (١٥٨) سەفا و مەروە دوو کێلەکی خواپەرستین. ھەرکێ دەچێتە زیارەتی ماڵی خودا، یان عەمرە بەجێ دەھێنێ، گەر تەوافی ئەو دووانەش بکا گوناھێکی نییە. ھەر کەسێکیش ھەر بە ویستی دڵی خۆی ئەو خێرە بکا، خوا پێ زانە و لە کارەکەی ئاگادارە. (١٥٩) ئەو کەسانەی ئەو شتانەی لەو کتێبەدا ھەیە و بۆ شارەزایی مەردمە، لە پاش ئەوەی ناردوومانەتە خوارەوە، لە مەردمی دەشێرنەوە، وەبەر نەحلەتی خودا و ھەموو نەفرین بێژان بکەون؛ (١٦٠) جیا لەوانەی پاشان پەژیوان بوونەوە و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد و وەشارتوویان ئاشکرا کرد. لە پەژیوانان خۆش دەبم و ھەر منیشم لە پەژیوانان دەبوورم و دلۆڤانم. (١٦١) ئەوانە بوونە کافر و بە کافری لە دنیا چوون، دەکەونە بەر نەحلەتی خوا و فریشتانوو ھەموو خەڵکی. (١٦٢) تاھەتا ھەر گرفتاری ئەو نەحلەتەن؛ ئازاریان ھیچ سووک ناکرێ و وچانیشیان پێ نادرێ. (١٦٣) خودای ئێوە ھەر خودای تاک و تەنیایە. بەغەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ ھەر بۆ خۆشی دھەندەیە و دلۆڤانە. (١٦٤) لە سازدانی ئاسمانان و زەمین و ھاتوچۆی شەو و ڕۆژان و لەو گەمیانەی لە دەریادا گەردش دەکەن و بەھرەیان بۆ مەردم ھەیە و لە تەڤگەڕی بایەکان و ئەو ھەورانەی لە دوڕ عەرزو عاسماندا ڕاگیراون و لەو ئاوەی خوا لە حەواوە دەیبارێنێ – کە بەھۆی ئەو زەمینی لە پاش مردنێ بووژاندەوە و ھەموو جۆرە زیندەوەری تێدا بڵاو کردۆتەوە – بەڵگەی زۆر ھەن بۆ ئەوانەی کە تێدەگەن. (١٦٥) لەم مەردمە ئی وا ھەیە ھاوبەش بۆ خوا پەیدا دەکەن و بەقەد خوا خۆشیان دەوێن. ئەوانەی خاوەن بڕواشن خودایان لە ھەموو شتێک خۆشتر دەوێ. ئەو کەسانەی خودا بە ڕاستی ناناسن، وەختێ چاویان بە جەزرەبەدان دەکەوێ، ئەوسا بۆیان دەردەکەوێ: ھێز و توان ھەموو ھی خوایە و ئازارێ خوا دەیدا توندو تیژە. (١٦٦) لەو دەمەدا کە ئازار و جەزرەبەیان دێتە بەرچاو، ڕێبەرەکان لە پەیڕەوەکانی خۆیان حاشا دەکەن و پەیوەندییان لێک پچڕاوە. (١٦٧) پەیڕەوەکان ئەوسا ئێژن: ئای خۆزگە ھەر جارێکی تر دەگەڕاینەوە سەر دنیا، ھەتا وەک ڕێبەرەکانمان لێن بە حاشان، ئێمەش حاشان لێ دەکردن. خودا ئاوا کردەی خۆیان لێ دەکاتە کوڵ و کەسەر؛ بۆ ھەمیشەش ھەر لە ناو ئاگردا دەبن. (١٦٨) ئەی خەڵکینە! لەو بەروبووی سەر زەمینە، کامی ڕەوا و پاکە بخۆن؛ بەشوێن شەیتانیشا مەڕۆن؛ کە ئەو بۆتان دژمنێکی ئاشکرایە. (١٦٩) ئەو ھەر فەرمانوو پێ دەدا: کاری پیس و زۆر نالەبار ڕەچاو کەن و شتانی وا دەربارەی خودا ببێژن کە ھەر ئاگاشووو لێ نییە. (١٧٠) ئەگەر بەوانە دەبێژن: ھەر بەشوێن ئەوەدا بڕۆن کە لە خواوە ناردراوە، ئێژن: نەخێر، ئێمە ھەر ئەو کارە دەکەین کە باب و باپیرەکانمان ڕەچاویان کرد. جا با بابوباپیریشیان ھیچیان لە ھیچ نەزانیبێ و ڕاستەڕێشیان ھەر نەدیبێ! (١٧١) نەقڵی ئەو خوانەناسانە وەک نەقڵی ئەو ئاژاڵەیە کە دەنگ دەدرێ؛ جیا لە خوڕین و چڕینێ ھیچ نابیسن. کەڕن، لاڵن، چاویان کوێرە و لە تڵپاتی تەڕیش ناگەن. (١٧٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو بژیوەی پێمان داون، کامی پاکە ئەوە بخۆن؛ شوکری خوداش بەجێ بێنن، ئەگەر ھەر ئەو دەپەرەستن. (١٧٣) تەنیا ھەر لاکی مردار و گۆشت بەراز و خوێن و ئەوەی بۆ سەر بڕین ناوی غەیرەز خوای لێ دێنن، لە سەرتان حەرام کراوە. بەڵام ھەرکێ لە ناچاری و بێ ئارەزوو، ھەر بەشی تێر بوونی بخوا، ھیچ گوناھێکی ناگاتێ؛ خودا لە گوناھان خۆش دەبێ و دلۆڤانە. (١٧٤) ئەو کەسانەی ناوەرۆکی کتێبێ کە خودا ناردوویە، دەشێرنەوە و بە نرخی کەم دەیفرۆشن، ورگیان لە ئاگر داخنن؛ خودا لە رۆژی سەڵادا نایان دوێنێ و گونایان پاک ناکاتەوە و بەشیان ئازاری بەژانە. (١٧٥) ئەو کەسانە ڕێگەی ڕاسیان بە گومڕایی و بەخشینی خوایان بە جزیا گۆڕیگەسەو، دەبێ چەندە لەسەر ئاگر خۆڕاگرن؟ ! (١٧٦) ئەو[ ئازارەش [ بۆ ئەوەیە کە خوا بە حەق ئەم کتێبەی ھەناردگە. ئەوانەش وا لەسەر باسی ئەم کتێبە کێشە دەکەن، گێرەوکێشەی دوور و درێژیان تووش دەبێ. (١٧٧) کاری چاک ھەر ئەوە نییە ڕوو دە ڕۆژھەڵاتێ بکەن یان ڕۆژاوا. چاک ئەمەیە باوەڕیتان بە خوا و ڕۆژی سەڵایە و فرشتان و کتێب و پێغەمبەرانی خودا ھەبێ و لەو سامانەی – ھەرچەند زۆریشوو خۆش دەوێ – بەشێ بدەن بە خزمان و ھەتیوان و ھەژاران و ڕێونگان و پارسەکان و عەبدانی پێ بکڕنەوە و نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ ھەرگاش پەیمانێک دەبەستن نەیشکێنن؛ لە نەداری گرفتاری و تەنگانەدا خۆڕاگر بن. مرۆی بەڕاستی ئەوانەن و دیارە لە خودا دەترسن. (١٧٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەمەڕ ئەوانەی کوژراون تۆڵەمان بۆ بڕیار داون: ڕزگار لە تۆڵەی ڕزگار و کۆیلە لە تۆڵەی کۆیلەدا و مێوینە لە بری مێوینە؛ ھەرکێش لە برای ھاودینی خۆی دەس لە خوێنگری ھەڵگرێ، ئەبێ بە پێی دابی ڕۆژ بجووڵێتەوە و بە خۆشی خۆی مەسڵەت بکا. ئەم بڕیارە لە پەروەرندەی ئێوەڕا سووک بارییە و بەزەیە دەرھەق بە ئێوە، ھەرکێ لەمە خۆ ببوێرێ، بەشی جەزرەبەی بەژانە. (١٧٩) ئەی خاوەن دڵانی وشیار! ژیانوو بە تۆڵەوە بەندە؛ بەشکوو خۆتان بپارێزن. (١٨٠) بۆو نووسراوە: ھەرگا کەسێک لەنگۆ ھاتە سەر مردن و ماڵێکی لە پاش دەمێنێ، بە تەرزێکی خوداپەسند وەسیەت بکا کە باب و دایک و خزمانی، ھەر کەسێ بەشی خۆی پێ بگا. پارێزگاران پێویستە ئەم کارە بکەن. (١٨١) ئیتر ھەر کەس پاش بیستنی وەسیەتەکە دەسکاری بکا و بیگۆڕێ، ئەو کەسانەی کە دەیگۆڕن، تاوانبارن. خودا بیسەر و زانایە. (١٨٢) ھەرگا کەسێ ھەستی پێکرد کە وەسیەتکار لەو وەسیەتەی کردوویەتی ناھەق بووە و خۆی تووشی گوناھ کردووە، تێبکۆشێ میراتگرانی پێک بێنێ، گوناح نییە. خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٨٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆو نووسراوە: ڕۆژوو بگرن – ھەر وەک لەسەر پێشینەکانیشوو نووسرا – شایەت لە خودا بترسن. (١٨٤) چەند ڕۆژێکن [نە زۆر زێدە]، ھەرکێ لەنگۆ لەش بەبارە یان ڕێبوارە با چەند ڕۆژی تر پێ ببێ. ئەو کەسانەش وا زۆر بە سەختی ڕۆژوویان پێ ئەگیرێ، بەجێ ڕۆژوو «فیدیە» یان لەسەرە و دەبێ خۆراکی ھەژارێک بدەن. ئەر کەسێکیش خۆی حەز بکا خۆراکی زۆرتر ببەخشێ، بۆی باشترە. گەر ئێوە بتانزانیبا بەڕۆژوو بوون بۆ ئێوە گەلێ چاترە. (١٨٥) مانگی ڕەمەزان مانگێکە قورئان لەودا کل کراوە؛ کە ڕێ بە مەردم نیشان دا و زۆر نیشانەی شارەزایی و ھۆی لێکتر ھەڵوەژاردنی پاک و ناپاکی تێدایە. جا ھەر کەسێ مانگی ڕەمەزان دەبینێ، لەسەریەتی بەڕۆژوو بێ؛ ھەر کەسێکیش لەش بەبارە یان ڕێبوارە، ئەو ژمارە لە ڕۆژانی دیکە پێ بێ. خوا سانایی ئێوەی دەوێ و نایەوێ ئەرکوو گران بێ. ڕۆژەکانی – تەواو – پێ بن و یادی خودا بکەنەوە؛ کە ئەو ڕێگەی نیشان داون و پێویستە شوکرانەی بکەن. (١٨٦) ھەرگایەکی عەبدەکانم لەمەڕ من لە تۆ دەپرسن، من نزیکم؛ ھەر کەس ھانام وەبەر بێنێ، بێ وەرامی ناھێڵمەوە. با ئەوانیش لە فەرمانی من دەرنەچن، بڕوای تەواویان بە من بێ؛ بەشکوو ڕێی ڕاست بەدی بکەن. (١٨٧) سەرجێیی ژنان کردنوو، لە شەوانی ڕەمەزان، بۆتان ڕەوایە؛ ئەوان کەل پەلی ئێوەن و ئێوە پۆشەنی ئەوانن. خودا لەوە ئاگادارە ئێوە بەرێ دەرھەق بە خۆتان غەیان بوون؛ بەو پەژیوان بوونەوەتان عافووی کردن و بەخشیونی. ھەر لە ئێستاوە دەتوانن دەستیان دەگەڵ تێکەڵ کەن و ھەرچی خودا لە چارەتانی نووسیوە شوێنی کەون و بخۆن، وەخۆن تا ئەو دەمەی دەمەو بەیان ھەودای لە ھەودای ڕەش دەناسنەوە. پاشان ڕۆژووتان تەواو کەن ھەتا شەوێ. ھەر وەختێکی لە مزگەوتاندا مات دەبن، تخوون ژنانتان مەکەون. ئەمانە سنووری خودان نەچن تخوونیان بکەون. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ مەردم ئاشکرا دەکا، شایەتا خۆ بپارێزن. (١٨٨) لە خواردنی ماڵی یەکتر – بە ناڕەوا – دوور کەونەوە؛ مەشی دەن بە کاربەدەستان تا ڕێو ھەبێ بە ناڕەوا ماڵی مەردمی تر بخۆن. بۆ خۆتان ئەمە دەزانن. (١٨٩) دەربارەی مانگ نوێ بوونەوەش لێت دەپرسن. بێژە: بۆ زانینی وەخت و چوونە حەجی مەردم بەھرە دەگەیێنێ. واش چاک نییە لە پشتەوە ناوماڵی خەڵکەوە؛ چاک ئەوەیە بپرینگێنەوە و لە درگاوە بچنە ناو ماڵانەوە. ترسیشوو لە خودا ھەبێ؛ بەشکوو بتوانن ڕزگار بن. (١٩٠) ئێوە دەگەڵ ئەوانەدا کە شەڕ بە ئێوە دەفرۆشن، لە ڕاھی خودا بجەنگن. نابێ دەسدرێژی بکەن؛ خودا لە دەسدرێژی کەران خۆشی نایە. (١٩١) لە ھەر شوێنێ دەستوو کەوتن بیانکوژن. لەو شوێنەشیان وەدەر بنێن کە ئێوەیان لێ وەدەر نا. سۆدرەییش زۆر لە کوشتنێ خراترە. لە دەوروبەری «مسجدالحرام» یشا نابێ شەڕیان دەگەڵ بکەن؛ مەگین ئەوان لەوێ شەڕتان پێ بفرۆشن؛ ئەگەر لەوێش شەڕیان بۆ ئێوە ھەڵگیرساند، لە کوشتنیان ڕامەوەستن؛ پاداشی خوانەناسان ھەر ئەمەیە. (١٩٢) ئەگەر دەس بەرداریشتان بوون، خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٩٣) لە کوشتنیان وچان مەدەن تا ئاژاوە لە دنیا بنەبڕ دەبێ و دین ھەر دینی خودا دەبێ؛ ئەگەر ئەوان دەسبەردار بوون، دەست درێژی ھەر لە دژی ناھەقە. (١٩٤) مانگی شەڕبەس بەرانبەر بە مانگی شەڕبەس؛ شکاندنی ھەر ڕێزێکیش تۆڵەی ھەیە. سا ھەر کەسێ دەسدرێژی لە ئێوە کرد، ئێوەش ھەر بە ئەندازەی ئەو دەسدرێژی بکەنەوە و لە خودا ترستان ھەبێ؛ خوا دەگەڵ خۆپارێزانە. (١٩٥) ماڵی خۆتان تا دەتوانن لە ڕاھی خودا ببەخشن؛ خۆشتان بە فەتەڕات مەدەن بە دەستی خۆ. چاکە بکەن، خوا ئاکارچاکی خۆش دەوێن. (١٩٦) حەج و عەمرە ھەر بۆ خودا بە تەواوی بەجێ بێنن. ئەگەر ھەر ڕێگەشیان نەدان، ئەوسا چەندی بۆتان دەلوێ ئاژەڵ بکەنە قوربانی. ھەتا ئاژەڵی قوربانی نەگاتە جێی دیاری کراو سەر مەتاشن. کێش لە ئێوە لەش بەبارە یان ئازارێکی لە سەردا، لە بارتەقای بەڕۆژوو بێ یان خێرێک ببەشێتەوە، یان ئاژەڵێک بکاتە خێر ھەر لەوێدا. ھەرکاتیش ترسێکوو نەما، ھەرکێ ویستی بەھرە ببا، لە عەمرە تا کاتی حەجێ، ھەر چەندێکی لە دەستی دێ، حەیوان بکاتە قوربانی. ئەگەر دەستیشی نەڕۆییشت، سێ ڕۆژ لە حەج بەڕۆژوو بێ؛ وەختێ گەڕاشنەوە حەو ڕۆژ؛ کە تێکڕایی دەبێتە دە ڕۆژی تەواو. ئەم بەھرە بردنەش ھەر بۆ کەسێکە خۆی ماڵی لە مەککەدا نەبێ. ئەبێ لە خودا بترسن، خوا لە تۆڵەساندنا توندوتیژە. (١٩٧) ھەڕەتی حەج چەند مانگی دیاری کراون. ھەر کەسێکی لەوانەدا فەرزی حەجێ بەجێ بێنێ، تخوونی ژنان کەوتن و نێوونرتکە لێک ھەڵدان و لە ڕێگەی خودا لادان و قسە بە زۆرانێدان و شەڕ و ھەرا – ببڕای ببڕای – لە حەجدا نین، ھەر کارێکی چاکیش بکەن، خودا دەیزانێ. زەوادی ڕێگەشوو پێ بێ؛ چاکترین تۆشە بۆ ئێوە، خۆ لە گوناح پارازتنە. گەرەک لە من ترسوو ھەبێ ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان! (١٩٨) ئەگەر لە ماوەی حەجیشدا ڕۆزی لە خوا داوا بکەن، ھیچ گوناھوو لەسەر نییە. گەر لە «عرفات» داگەڕان، لە پەنا «مشعرالحرام» یادی ناوی خودا بکەن؛ کە دوای ئەوەی ھیچ شارەزاییتان نەبوو، خستنیە سەر ڕاستەڕێیە. (١٩٩) لە ھەر کوێشدا خەڵک داگەڕان، ئێوەش لەوێ داگەڕێن و لە خودا بپاڕێنەوە بتانبەخشێ؛ خودا لە تاوان دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢٠٠) ھەرگا ئێوە ڕێوشوێنی پێداویستوو بەجێ ھێنا، وەک یادی باب و باپیری خۆتان دەکەن – ھەر ئاواو لەوە پتریش – یاد لە خودا بکەنەوە. لەو خەڵکەدا ئی وا ھەیە ھەر دەڵێ: پەروەرندەمان! لە دنیا کامڕەوامان کە. ئەوانە لە ڕۆژی سەڵا بەشیان نییە. (٢٠١) ئی واش ھەیە ئێژێ: ئەی پەروەرندەمان! ھەم لە دنیا و ھەم لە سەڵا تووشی خێر و خۆشیمان کە و لە ئازاری ئاگریش بمانپارێزە. (٢٠٢) جا ئەوان بە پێی کردەیان بەشیان دەبێ. خوا بە پەلە بە کاروباران ڕادەگا. (٢٠٣) لە ڕۆژانی دیاری کراو ناوی خوداو لە بیر نەچێ، ھەر کەس دوو ڕۆژی پێش بخا گوناھێکی نایەتە سەر. ھەر کەسێکیش خۆپارێزە و ترسی خودای لە دڵدایە – ئەگەر ھێندێکیش دوا کەوت – گوناھێکی لەسەر نییە. بیشیزانن کە ھەمووتان لای خواوە خڕ دەکرێنەوە. (٢٠٤) لەم خەڵکەدا ئی وا ھەیە قسە و گفتی سەبارەت بە ژیانی دنیا بۆ تۆ سەیر و سەرسووڕێنە و لەسەر ئەوەی لە دڵیایە خوا بە شایەت دێنێتەوە؛ کەچی ھەر ئەو لە دوژمناتی کردنا زۆر سەرسەختە. (٢٠٥) ھەر کە لە تۆ دوور کەوتەوە، مل لە بەدفەڕی دەنێت و لە عەرزا خراپە دەکا و کێڵگە و ڕەسەن لە بەین ئەبا. خودا ھەرگیز لە بەدفەڕان خۆشی نایە. (٢٠٦) کە پێی وترا: ئەشێ ترست ھەبێ لە خوا، دەمارزلی پتر بەرەو گوناھ دەیبا. با جەھەندەمی لێ پڕ بێ، جێ حەسانەوەیەکی زۆر خراپیشە. (٢٠٧) ھی واش لە ناو مەردم ھەیە بۆ ڕەزای خوا گیان دەبەخشن. خودا دەگەڵ عەبدانی خۆی دلۆڤانە. (٢٠٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەموو لاتان ئامادەی فەرمانبەری بن. پێ مەنێنە جێ پای شەیتان؛ ئاشکراھ کە شەیتان پێتان دوژمنە. (٢٠٩) پاش ئەوەی ئەو بەڵگە ئاشکرایانەتان بۆ ھاتووە، ئەگەر بێتوو ھەڵخلیسکێن، دەبێ ئەوەندە بزانن کە خوا توانا و لەکارزانە. (٢١٠) ئاخۆ ئەوان چاوەنۆڕن خوا و فریشتەکانی خودا لە ناو سەیوانی ھەوراندا بێنە لایان و کارەکە کۆتایی پێ بێت؟ ھەموو کارێک ھەر بەرەو خودا دێتەوە. (٢١١) لە بەرەی ئیسرائیل بپرسە! چەند نیشانەی ئاشکرامان داوە بەوان؟ ھەر کەس چاکەی دەگەڵ بکەین و پێ نەزانێ، با بزانێ خوا لە سزای پێ نەزانان توندوتیژە. (٢١٢) ژینی دنیا بۆ ئەوانەی خوانەناسن خەمڵیوە و ڕازاوەتەوە و گەمەی خۆیان بە خاوەن باوەڕان دەکەن؛ کەچی لە خودا ترسەکان ڕۆژی سەڵا وان لە سەری ئەوانەوە. خودا بۆ هەر کەسێ حەز کا، بێ ژمارە ڕۆزی دەنێرێ. (٢١٣) بەرێ، مەردم هەمووی چین و بەرەیەک بوون. خودا پێغەمبەری ناردن مژدەدەر و ترسێنەر بن، کتێبی ڕاست و ڕەواشی ڕەگەڵ خستن تا ئەو شتەی بوونە بنەمای کێشەیان، بۆیان یەکاڵا کەنەوە و پێکیان بێنن. هەر ئەوانەش بۆ یەکتریان نەدەسەلماند کە دەپێشدا کتێب بۆ ئەوان هاتبوو، بەڵگەی ئاشکراشیان لابوو؛ بەڵام ئێرەیی ناو خۆیان کارێکی وای کرد، پێک نەیەن. ئیتر خودا بە ئیزنی خۆی ڕێگەی ڕاستی نیشانی باوەڕداران دا و تێی گەیاندن ئەو کێشە لەبەرچی کرا. خودا بۆ هەر کەس حەز بکا شارەزای ڕاستەڕێی دەکا. (٢١٤) ئاخۆ ئێوە لاتان وایە[ بە هاسانی ] دەچنە بەهەشت؟ کەچی هێشتا ئەوەی بە سەر پێشینانتانا هاتووە، بە سەر ئێوا نەهاتووە. ئەوان تووشی گەلێ تەنگانە و ئازار و نەداری و چەوسانەوە بوون؛ زۆر بە توندی تەکان دران، تەنانەت پێغەمبەریش و یارانی باوەڕداریشی دەیانگوت کە: کەی خودا دەهانامان دێ؟ تۆ بزانە کە یاریدەی خوا نزیکە. (٢١٥) لێت دەپرسن: چێ ببەخشن؟ پییان بێژە: هەر شتی چاک کە دەیبەخشن بیدەن بە دای و بابان و خزمانی نزیکتان و هەتیوان و هەژاران و ئەوانەی لە ڕێدا ماون. هەر چاکەیێ ئێوە بیکەن، دیارە خودا پێ دەزانێ. (٢١٦) خەزاتان لە سەر نووسراوە، هەرچەندە خۆشتان لێی نایە. ڕەنگە لە شتێک حەز نەکەن بەڵام بۆتان وەخێر گەڕێ، ڕەنگیش هەیە ئاوات بۆ شتێ وا بخوازن کە ئاکامەکەی باش نەبێ؛ خوا دەزانێ و ئێوە سەری لێ دەرناکەن. (٢١٧) لێت دەپرسن: تووشی شەڕ بوون لە مانگی شەڕبەسا چۆنە؟ بێژە: شەڕ لە هەیڤی وادا گوناهێکی زۆر گەورەیە و ڕێگەی بەرەو خوا بەستن و حاشا لە خودا کردن و ماڵی خوا بەڕێز نەگرتن، لێ وەدەرنانی خەڵکەکەی – لە لای خودا – تاوانی هەرە مەزنە؛ ئاژاوەش بۆ شەڕ نانەوە لە کوشتنێ خراپترە. ئەوان دەستوو لێ بەرنادەن، هەر دەگەڵ ئێوە بەشەڕ دێن هەتا – ئەگەر بۆیان بلوێ – ئێوە لە دینەکەی خۆتان وەربگێڕن. هەر کەسیش لە دین وەرگەڕێ و بە خودانەناسی بمرێ، ڕەنج خەساری دنیاش و قیامەتیش دەبن و دەکەونە ناو دۆزەقەوە و تاهەتا هەر تیا دەبن. (٢١٨) ئەوانەی لە ڕێگەی خودا دەربەدەرن و باوەڕیان بە خودا هەیە و لە ڕای خودا چوونە خەزا، بە هومێدن خوا بە چاکە وەیان خوێنێ، خودا لەوانە دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢١٩) لەمەڕ شەراب و قوماریش لێت دەپرسن؛ بێژە: تاوانیان گەورەیە و بۆ خەڵکیش بەهرەیان هەیە؛ تاوانەکە لە بەهرەکەیان زۆرترە. پرسی ئەوەشت پێدەکەن، چی لە ڕێی خوادا بەخت کەن؟ بێژە: زێدە لە پێویستوو. ئا بەم جۆرە خوا نیشانەکانی خۆیتان نیشان دەدا، شایەت ئێوە بتوانن بیر بکەنەوە؛ (٢٢٠) هەم لە دنیا و هەم لە سەڵا. لێت دەپرسن: دەربارەی هەتیوان چۆن بین؟ بێژە: ئەگەر بە دڵسۆزی ئاگاو لێ بن کاری چاکە. ئەگەر دەگەڵ ئێوە دەژین، وەک برا و خوشکی خۆتان بن. خوا دەزانێ کێ بەدفەڕە و کێ کارچاکە؛ ئەگەر خودا مەیلی لێ با ئەرکی لێ گران دەکردن؛ خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢٢١) خواستن و شوو پێ کردنی بتپەرستان بۆ مێر و ژنی باوەڕدار ڕەوا نییە، با زۆریشیان حەز لێ بکەن؛ هەتا نەبنە خاوەن باوەڕ ناشێ بیانکەنە هاوسەرتان. کەنیز و بەندەی باوەڕدار بۆ هاوجووتی، لە مێر و ژنی ئازادی خودانەناس هێژاترن. ئەوان گەرەکیانە ئێوە بەرەو جەهەندەم ڕاکێشن؛ خواش گەرەکیە بە ئیزنی خۆی لە گوناهانتان ببوورێ و بتانگەیێنێتە بەهەشت. خودا ئەم نیشانانەی خۆی بۆ مەردم ڕوون دەکاتەوە. (٢٢٢) لە مەڕ عوزری ژنانەوەش لێت دەپرسن، بێژە: ئەویش ئازارێکە؛ ئەو چەند ڕۆژەی خوێنیان هەیە، سەر جێیی ژنانوو مەکەن؛ ڕاوەستن تا پاک دەبنەوە. هەرگا لە خوێن پا بوونەوە، لەو جێیەوە کە خوا فەرمانی پێداون بۆیان وەرن. خوا لەو کەسانە خۆشی دێ کە لە گوناح پەژیوانن و دەیانەوێ بە پاک و خاوێنی بژین. (٢٢٣) ژنانوو کێڵگەی خۆتانن؛ لە هەر کوێوە دەتانەوێ، بچنە کێڵگەی خۆتانەوە؛ تۆشەیەکیش وەپێش خۆ خەن. دەبێ لە خوداش بترسن، بیشیزانن دەگەڵ خوا ڕووبەڕوو دەبن. مژدەش بدە بەوانەی خاوەن باوەڕن. (٢٢٤) خودای مەکەن بە کەرستەی سوێندی خۆتان؛ کە ڕێگەی چاکەو لێ ببڕێ و پارێزگاریو پێ نەهێڵێ و بە کاری مەردم ڕانەگەن؛ خودا ئەژنەوێ و زانایە. (٢٢٥) خوا بۆ سوێندی سەرزارەکی گوناهوو لەسەر نانووسێ؛ بەڵام ئەگەر لە تەهی دڵتانەوە بێ، خودا لێو دەپرسێتەوە. خودا لە هەڵە دەبوورێ و لەسەرخۆیە. (٢٢٦) ئەو کەسانەی سوێندێ لە ژنەکانیان دەخۆن کە ئیتر دەگەڵیان نەنوون، دەبێ چوار مانگ چاوەنۆڕ بن؛ ئەگەر گەڕاشنەوە لایان، ئەوسا خودا گوناهـ بەخش و دلۆڤانە. (٢٢٧) ئەگەر هەر لەسەر تەڵاقیش بڕیاریان دا، ئەوسا خودا دەبیسێ و ئاگاداریشە. (٢٢٨) تەڵاق دریا و لەسەریانە هەتا سێ جار لە بێ نوێژی پاک دەبنەوە چاوەنۆڕ بن. ئەگەر بڕوایان بە خودا و ڕۆژی هەستانەوە هەیە، ڕەوا نییە ئەو تۆلەی خوا خستوویەتە زگیانەوە بیشارنەوە. لەم بەینەدا ئەگەر بیانەوێ ڕێک کەون، بۆ دیسان هێنانەوەیان، مێردەکانیان شیاوترن. هەروەک ئەرکی ژنانەیان لەسەر شانە، ژنەکانیش مافی ڕەوای خۆیان هەیە. پیاویش لە ژنان پلەیەک بەرە ژوورترن، خوداش خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢٢٩) تەڵاقی ژن دوو کەڕەتە، ئەوسا یان ڕاگرتنی باش و خوداپەسند، یان بە خۆشی و بێ هەرا، دەس لێک بەردانە. لەو ماڵەی کە پێتان داون ڕەوا نییە هیچیان لێ وەربگرنەوە؛ مەگین ترسیان لەوە هەبێ کە نەتوانن سنووری فەرمانی خودا بپارێزن. ئەگەر ترستان لەوە هەبوو کە هەردووکیان سنووری خودا ناپارێزن، هیچ گوناهی تێدا نییە ژنەکە خۆی بکڕێتەوە. ئەمانەن سنووری خودا، لە سنووری خودا دەرمەچن؛ ئەو کەسانەی لە سنووری خودا دەردەچن ئەوانەن کە غەدرێ دەکەن. (٢٣٠) ئەگەر لە پاش ئەم دوو جارەش تەڵاقی دا، ژنەکەی بۆحەڵال نییە تا ژنەکە دەچێ مێردێکی تر دەکا؛ ئەگەر لەو مێردەی کردووشیە تەڵاق درا، ئەوساکە هیچ گوناهێکیان لەسەر نییە دووبارە بگەڕێنەوە بۆ لای یەکتر؛ بەو مەرجە کە وابزانن هەر دووکیان بە تەرزێ ڕەوا - وەک خودا فەرمانی داوە - وێک هەڵدەکەن. ئەمانە سنووری خودان، ڕوونیان دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانە وا حاڵی دەبن. (٢٣١) ئەگەر ژنوو تەڵاق دان و ماوەی چاوەنۆڕیەکەیان بڕوایە، یان بە تەرزێ خوداپەسند ڕایانگرن، یان بەرانبەر بە یاسای دین ئازادیان کەن. نەکا بە قەس ئازاردانیان، ڕایانگرن و لە هەق لادەن. هەر کەسێ وا ڕەفتار بکا ناهەقی لە خۆی کردووە. ئەوانە نیشانەی خودان، ناشێ بە گەمەی بزانن. با لە بیروو بێ کە خودا چەندی چاکە دەگەڵ کردن. لە بیر مەکەن خوا ئەو کتێبەی بۆ ناردوون کە لەوێدا لە کارزانی سەرڕاست دەبن و بەو ئامۆژگاریتان دەکا. ئەشێ بترسن لە خودا و باش بزانن خودا هەموو شت دەزانێ. (٢٣٢) هەرگا ژنانتان تەڵاق دا و کاتی حەیەیان بەسەر چوو - ئەگەر بە تەرزێکی ڕەوا وەل ئاوجووتی پێشوویانا ڕێک کەوتن - ئێوە مەبنە بەرهەڵستی شوو کردنیان. کێ لە ئێوە بڕوای بە خوا و ڕۆژی قیامەتێ هەبێ، ئەم ئامۆژگاریە پێک دێنێ؛ ئەمە بە سوودی ئێوەیە و بەهرەی بۆ پاکیتان هەیە. خوا دەیزانێ و ئێوە سەری لێ دەرناکەن. (٢٣٣) دایکان دەبێ بە منداڵیان دوو ساڵی ڕەبەق شیر بدەن. بۆ کەسێکی کە بییەوێ بە تەواوی شیرێ بدا، لەم ماوەدا جلک و بژیوی دایکەکە - لەسەر دابی موسوڵمانانی ئەو شوێنە - لەسەر باوکە. کەسیش لە توانا بەدەری لەسەر نییە. هیچ دایک و بابێ نابێ لەبەر ساوایان زیان بە یەکتر بگەینن. ئەگەر منداڵ بابی نەبوو، میراتگران لەسەریانە جلک و بژیوی دایکەکەی فەراهەم کەن. جا ئەگەر داک و باب بە خۆشی و ڕاوێژ ویستیان[ زووتر] منداڵ لە شیر ببڕنەوە، هیچ گوناهێکیان ناگاتێ. خۆ ئەگەر گەرەکیشتان بێ کەسێکی تر شیر بداتە منداڵانتان - بەو مەرجە بە پێ دابی ڕۆژ، کرێی تەواوی بدەنێ - هیچ گوناهتان نایەتە سەر. دەبێ لە خوداش ترسوو بێ. ئەوەندەش دەبێ بزانن هەر کارێکی ئێوە دەیکەن، خودا دەیبینێ. (٢٣٤) ئەوانەی لێتان دەمرن و ژنیان لێ بەجێ دەمێنێ، ژنەکانیان هەتا چوار مانگ و دە ڕۆژان چاوەنۆڕ بن؛ لەوە بەولا خۆیان هەر کارێکی دەیکەن - هەر هێندە ناڕەوا نەبێ - بێڵن بیکەن؛ ئێوە گوناحتان ناگاتێ؛ خوداش لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٢٣٥) هیچ گوناهیشتان ناگاتێ کە خواستنی ژنەکانی شوو مردووتان ئارەزوو بێ و ناڕاستەوخۆ پێیان بێژن، یان هەر لە دڵی خۆتاندا بڕیار بدەن دەیانخوازن خوا دەزانێ کە باسیان هەر ئەدرکێنن. بەڵام نەکەن بە نهێنی بچنە ژووانێ؛ مەگین لەوێش خواپەسندانە بیان دوێنن. تا ماوەکە بەسەر نەچێ باسی مارە کردن مەکەن. دەبێ ئەوەندەش بزانن خوا دەزانێ ئێوە چیتان لە دڵدایە؛ لێی بترسن و بیشیزانن خودا لە گوناهـ دەبوورێ و لەسەرخۆیە. (٢٣٦) ئەگەر ژنوو تەڵاق دەدەن، بەر لەوە دەگەڵیان بنوون و مارەییتان هێشتا بۆ دیاری نەکردوون، چییان ناکەوێ و ئێوە گوناهتان ناگاتێ. بەڵام وا چاکە شتێکیان لە ماڵی خۆتان بدەنێ؛ دارا لە ئەندازەی خۆی و هەژاریش بە ئەندازەی خۆی؛ وا چاکە بۆ چاکەکاران. (٢٣٧) خۆ ئەگەر مارەییەکەتان بڕیبۆوە و هێشتا دەگەڵیان نەخەوتوون، تەڵاقتان دان، نیوەی مارەییان دەکەوێ، مەگین خۆیان پێو ببەخشن یان ئەو کەسە پێو ببەخشێ کە مارەبڕین بە دەست ئەوە؛ پێ بەخشینیش لە ئاکاری پارێزگاری نزیکترە. لە بیر مەکەن چاکە دەگەڵ یەکتر بکەن، خودا لە هەر کارێ دەیکەن چاوەدێرە. (٢٣٨) لە نوێژان و بەتایبەتی ئەو نوێژەی لە نێواندایە، ئاگادار بن؛ ئەشێ بۆ فەرمانی خودا ڕابووەستن. (٢٣٩) ئەگەر ترسێکوو لەسەر بوو - بە پیادەیی یان بە سواری - هەرگا ترسیشوو بەسەر چوو - چۆنی خودا فێری کردوون - یادی بکەن کە لە پێشدا نەودەزانی. (٢٤٠) ئەوانەی لەنگۆ دەمرن و ژنەکانیان بەجێ دێڵن، ڕابسپێرن: هەتا ساڵێک مایەی گوزەرانەکەی دابین بکەن و دەری نەکەن؛ ئەگەر هەر بە خواستی خۆیان چوونە دەرێ - بۆ کارێکی خوداپەسند - ئێوە گوناهتان ناگاتێ. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢٤١) ژنانێ کە تەڵاق ئەدرێن، بەشی ڕەوای خۆیان هەیە؛ کە پێک هێنانی ئەم کارە، بڕیارە بۆ خوداترسان. (٢٤٢) هەر بەو پێیەش خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە؛ شایەتا ئێوە تێبگەن. (٢٤٣) ئەدی تۆ ئەوانەت نەدی بە هەزاران لەو کەسانەی ترسی مردن وای لێکردن زێدی خۆیان بەجێ بێڵن؟ خوا فەرمانی پێدان: بمرن! لە پاشان زیندووی کردنەوە. خودا سەبارەت بە مەردم چاکە دەکا، بەڵام بەشی زۆری مەردم لە شوکرانە خۆ دەبوێرن. (٢٤٤) لە ڕای خودا بچنە خەزا و بزانن کە خوا بیسەر و ئاگادارە. (٢٤٥) کێ ماڵی خۆی بە دەستەواو دەدا بە خوا، هەتا ئەویش چەند ئەوەندەی بداتەوە؟ کەم بژیوی و فەرحانیش هەر بە دەس ئەوە و هەمووش هەر دێنەوە لای ئەو. (٢٤٦) نەت زانیوە چەند کەس لە نەجیم زادەکان - کە تۆرەمەی ئیسرائیل بوون - لە پاش مووسا، بە پێغەمبەرەکەی خۆیان وت: شایەکمان بۆ دیاری بکە تا لە ڕای خوا خەزا بکەین. گوتی: ئەگەر فەرمانی خەزاو بۆ دەرچی، پێو وانییە خۆ دەبوێرن؟ گوتیان: جا چۆن لە خەزایە- لە ڕای خوا بێ- خۆ دەبوێرین، کە دەشبینی ئێمەیان لە زێدی خۆمان وەدەرناوە و لە عەولادی خۆمانیان دوور خستووینەوە؟ کە بڕیاریان بۆ دەرکەوت بچنە خەزا، پشتیان تێکرد و ڕایان کرد؛ هەر کەمێکیان مابوونەوە. خوا ناهەقان باش دەناسێ. (٢٤٧) پێغەمبەریان پێانی وت: خودا بۆ پاشایەتیتان تالووتی دیاری کردووە. گوتیان: کوا ئەو شایانی ئەم فەرمانەیە؟ کە ئێمە زۆر لەو شیاوتر و بە داراییش زێدەترین. گوتی: خودا ئەوی لەسەر کردوونەتە فەرماندە؛ زانست و قەڵافەتیشی لە ئێوە پتر پێداوە. خوا حەز بکا پاشایەتی بە هەر کەسێ بدا دەیدا؛ زانستی خوا بەربڵاوە و لە هەموو شت ئاگادارە. (٢٤٨) پێغەمبەرەکەیان وتی: درۆشمی پاشایەتی ئەو لەلایەن پەروەرندەوڕا، تابووتێکە دڵنیا بوونی تێدایە؛ دەگەڵ هێندێک کەلەپۆڕی خانەدانی مووسا و هاروون، فریشتە هەڵیان گرتووە. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئێوە ئەگەر بڕواو بە خوا هەیە. (٢٤٩) وەختێ تالووت لەشکەرەکەی خستە سەر ڕێ، گوتی: خودا بە جۆبارێک گەرەکیە تاقیو کاتەوە، هەر کەسێ لێی بخواتەوە لە من نییە؛ هەرکێش چی لێ نەخواتەوە سەر بە منە؛ مەگین کەسێ هەر بە لاوێچ لێی هەڵێنجێ. کەمێک نەبێ هەموویان لێیان خواردەوە. ئەوسا خۆی و باوەڕدارانی یارانی لە جۆیەکە پەڕینەوە. گوتیان: ئەمڕۆ لە وزەی ئێمەدا نییە کە دەروەستی جالووت و لەشکرەکەی بێین. ئەو کەسانەی بە هیوا بوون بە دیداری خودا بگەن، گوتیان زۆر جار کۆمەڵێ کەم - بە ئیزنی خوا - بە سەر کۆمەڵێکی زۆردا وەسەر کەوتوون. خوا یاری خۆڕاگرانە. (٢٥٠) لە کاتێکا دەگەڵ جالووت و لەشکری تووشی یەک بوون، گوتیان: ئەی پەروەرندەمان! وابکە خۆڕاگر بین و لە مەیدانێدا بچەقین و لە کەسانی خوانەناس وەسەرمان بخە. (٢٥١) ئیتر - مەیلی خودای لە سەر - دوژمنەکانیان ڕەتاند و جالووت بە دەستی داوود چوو. خودا پاشایەتی و لەکارزانی پێدا و هەرچی بۆ خۆی پێویستی پێ بوو، فێری کرد. ئەگەر خودا هێندێکانی لەو ئاپۆرە بە هێندێکان تەرت و توونا کردایە، ئەم زەمینە خرا ببوو؛ بەڵام خودا چاکەی لەسەر هەموو خەڵکی دنیا هەیە. (٢٥٢) ئەمانە نیشانەی خودان کە بەڕاستی هەر بۆ تۆی دەخوێنینەوە، کە بێ گومان یەکێک لە پێغەمبەرانی. (٢٥٣) ئێمە لە ناو پێغەمبەرانی خۆماندا هێندێکیانمان لە هێندێکان بەڕێزتر گرت؛ جا لەواندا ئی وا هەبووە کە خوا ئەوی دواندووە؛ پلەوپایەی بڕێکیشی بردۆتە سەر. چەند نیشانەن دا بە عیسای کوڕی مەریەم؛ بە گیانی پیرۆزی خۆشمان یاریدەن دا. ئەم خەڵکانە لە دوای ئەمەی ئەو گش پێغەمبەرە هاتن، سەرەڕای ئەو نیشانانەی بۆ ئەوان هات - ئەگەر خودا مەیلی لێ با - شەڕی یەکتریان نەدەکرد؛ بەڵام ئەوان لە ناو خۆدا پێک نەهاتن؛ بازێک بوونە خاوەن باوەڕ، بازێکی تر کەوتنە سەر بار خوانەناسی. ئەگەر خوا مەیلی لێ با، نەیدەهێشت دەگژ یەک ڕاچن؛ بەڵام خودا بە خواستی خۆی کاران دەکا. (٢٥٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو بژیوەی کە پێم داون بەخت بکەن، پێش ئەوەی ڕۆژەکە دابێ؛ کە ئەو ڕۆژە نە سەودا کردن دەمێنێ و نە تکا و نە دۆستایەتی؛ خوانەناسان ناهەقی لە خۆیان دەکەن. (٢٥٥) غەیرەز خودا هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ. هەر ئەو هەمیشە زیندووە و بەسەر هەموو شت ڕادەگا. نە خەونووچکە دەیباتەوە نە ڕادەزێ. هەرچی هەبێ لە ئاسمانان و زەمیندا هەر بۆ ئەوە. کێی وا هەیە هەتا - بۆ خۆی ئیزنی نەدا - بتوانێ تکای لا بکا؟ لەوەی ئێستا هەیە و دیارە، لەوەش پێش ئەمانیش بووگە و بەرپێوارە، ئاگادارە. ناشتوانن بە هیچێک لە زانستی ڕاگەن؛ جا مەگین خۆی مەیلی لێ بێ. زانستی ئەو، عاسمانەکان و زەمینی داگرتووە و پاراستنیان بۆ ئەو ئەرکێ گران نییە. هەرە پایەبەرز و مەزن، هەر خۆیەتی. (٢٥٦) لەم دینەدا بە زۆر داسەپاندن نییە. شارەزایی لە گومڕایی هاوێر کرا. هەرکێ لە تاغووت نەبانە و بڕوای بە خودا بهێنێ، هەنگڵێکی هێندە توندی بە دەستەوە، هەرگیز پسانی بۆ نییە. خوداش بیسەر و زانایە. (٢٥٧) خودا یاری گەلی خاوەن باوەڕانە و لە ناو تاریکستانەوە دەیانبا بەرەو ڕووناکی. دۆستی خودانەناسانیش هەر تاغووتە؛ لە ڕۆشنی دەریان دەخەن؛ بەرەو ڕووی تاریکستانیان بەڕێ دەکەن. دەبێ بچنە ناو ئاگر و هەتا سەر هەر دەوێدا بن. (٢٥٨) تۆ ئەو کابرایەت نەدیبوو کە چۆن خودا هێز و دەستەڵاتی پێ دا، جوابەجەنگی دەگەڵ ئیبراهیمدا دەکرد، سەبارەت بە پەروەرندەی؟ ئەو دەمە ئیبراهیم گوتی: پەروەرندەی من کەسێکە ژینێ دەدا و دەشمرێنێ. گوتی: منیش زیندوو دێڵمەوە و دەمرێنم. ئیبراهیم وات: پەروەرندەم خۆر لە خۆرهەڵات ڕادێنی، [دادەی] ئەتۆ لە خۆرنشینەوەی بێنە. کاورای خوانەناس حەپەسا. خوا دەستەی ناهەقییکاران لە ڕێگە شارەزا ناکا. (٢٥٩) یان ئەو کەسەی بە لای گوندێکا ڕادەبرد کە بە سەریەکدا تەپیبوو. گوتی: کەی خودا دەتوانێ ئەمە زیندوو بکاتەوە پاش مردنێ؟ ئەوسا خودا بۆ ماوەی سەد ساڵ مراندی و لە پاشان زیندووی کردەوە. لێی پرسی: تۆ چەندت پێ چوو؟ گوتی: ڕۆژێک یا خۆ کەمتریش لە ڕۆژێک. گوتی: نەخێر، ئەوا تۆ سەد ساڵە مردووی؛ دەبڕوانە خواردەمەنی و خواردنەوەت نەگۆڕاوە؛ تماشای کەرەکەشت کە! گەرەکمانە بتکەینە پەندێک بۆ مەردم. لەم ئێسقانانە بڕوانە چلۆن تێکیان دەخەینەوە و دەناو گۆشتیان هەڵدەکێشین. کاتێ ئەمەی بۆ دەرکەوت، گوتی: وا ئێستا دەزانم خوا هەموو کاری پێدەکرێ. (٢٦٠) ئەوساش کە ئیبراهیم گوتی: پەروەرندەم! ئەتۆ مریان چلۆن زیندوو دەکەیتەوە؟ نیشانم دە. گوتی: ئاخۆ تۆ هێشتا باوەڕت نییە؟! گوتی: بەڵێ، بەڵام من گەرەکمە ئیتر بە تەواوی دڵنیا بم. گوتی: دەسا چوار مەل بگرە و پەل پەلیان کە و بیانکە چوار کوت؛ هەر کوتێکیان بە سەر کەژێکەوە دانێ و بانگیان بکە، بە فڕکە دێنەوە بۆ لات. بشزانە خوا چەندە خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٢٦١) بەسەرهاتی ئەو کەسانەی ماڵیان لە ڕاهی خودادا بەخت دەکەن، وەک بەسەرهاتی دەنکێکە حەوت گوڵ دەدا و هەر گوڵەی سەد دانەی تێدا. خودا چەند ئەوەندە پاداش دەدا بە هەر کەس بییەوێ. خودا چاکەی یەکجار زۆرە و زۆر زانایە. (٢٦٢) ئەو کەسانەی ماڵ لە ڕای خوا دەبەخشن و بە چاویاندا نادەنەوە و تووشی ئازارێکیان ناکەن، خوا تێی هەڵدێنێتەوە و نە هیچ ترسێکیان لەسەرە و نە خەم دەخۆن. (٢٦٣) دواندنی نەرمونیان و چاو لێ پۆشین، لەو خێر کردنە چاکترە کە ئازاری بە شوێنا بێ. خودا ئاتاجی کەس نییە و [لە کاردا] بە کاوەخۆیە. (٢٦٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خێرەکانوو بە منەت لە سەر کردن و ئازاردان، بەفیڕۆ مەدەن. نەچن وەک ئەو کەسانە بن کە باوەڕیان بە خوا و ڕۆژی سەڵا نییە و بۆ ڕووبینی لە ماڵی خۆیان دەبەخشن؛ ئەم کارەیان لەوە دەکا کە تاتەبەردێکی زۆر لووس هێندێ خۆڵی لە سەر بارە و بارانی توندی وێ دەکەوێ و بیشواتەوە و هەر تاتێکی ڕووت وەمێنێ. هیچ بەهرەیان لەو بەخشینە دەسگیر نابێ و خودا گرۆی خوانەناسان لە ڕێگە شارەزا ناکا. (٢٦٥) ئەو کەسانەش کە لە چاکە دەگەڵ هەژاران کردن دا، بە هومێدن خودا لە خۆ ڕازی کەن و دڵیان بەبڕوا پتەو بێ، خێرەکەیان وەک باغێکە لە سەر گردێک و بارانی پەڵەی لێ بدا و بەروبووی دوو ئەوەندە بێ؛ ئەگەر پەڵەشی لێ نەدا، نمە باران تێراوی کا. هەر کارێ کە ئێوە دەیکەن خوا دەیبینێ. (٢٦٦) کێو حەز دەکا ببێتە خاوەنی باغێک لە گش جۆرە خورما و ڕەزێک، شەقەجۆی بە ناودا بڕوا و هەمووشیان هاتبنە بەروپیریش بڕستی بڕیبێ و زارۆی سەروپێچکەی هەبن؛ لە ناخافڵ گڕەبایەکی لێ هەڵکا و بیسووتێنێ؟ خودا ئاوا نیشانەکانی نیشانی ئێوە دەدا، شایەت بیری لێ بکەنەوە. (٢٦٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو شتانەی کە لە زەمین پێمان داون و پەیدای دەکەن، بەخت بکەن؛ نەک لە شتێ هێندە چرووک کە بۆخۆشتان ئەگەر چاوپۆشی لێ نەکەن، ناتانەوێ. بیشیزانن خودا ئاتاجی کەس نییە و هەر دەبێ تاریفی بکرێ. (٢٦٨) شەیتان ئێوە لە نەداری دەترسێنێ و بۆ خراپە هانوو دەدا. خواش بەڵێنی لێ خۆش بوون و خۆشی ژیانوو پێ دەدا. فەرحانی وا لای خودایە و خۆی زانایە. (٢٦٩) لەکارزانی دەدا بە هەر کەس بییەوێ. بە هەر کەسیش لەکارزانی بدرێ، ئەوە خێری زۆری پێدراوە. ئامۆژگاریش بەهرە نادا مەگین بۆ خاوەن ئاوەزان. (٢٧٠) هەرماڵێکی دەیکەنە خێر، یان دەقەبەڵ خودای دەکەن، خوا دەیزانێ و ئەوانەی خودانەناسن هیچ یاریدەدەریان نییە. (٢٧١) گەر بە ئاشکرا خێر بکەن کارێ خاسە؛ خۆ ئەگەر بە نهێنیش بێ و دەستی نەداری پێ بگرن، باشتریشە و گوناهتان لە سەر لادەبا. خودا لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٢٧٢) ئەرکی سەرشانی تۆ نییە ئەمانە بخەیە سەر ڕێ؛ بەڵام هەر کەس خودا بۆخۆی مەیلی لێ بێ شارەزای ڕاستەڕێی دەکا. هەرچی بە خێر دەیبەشنەوە بۆ خۆتانە و دیارە ئێوە هەر بۆ ڕەزامەندی خودا خێرێ دەکەن. هەر شتێ بە خێری دەدەن تەواوی پێو دەدرێتەوە و هیچ ناهەقیو لێ ناکرێ. (٢٧٣) ئەوانە خێریان پێ دەشێ کە لە خوداپەرەستیدا بێ دەرەتان ماونەتەوە و هێزی دەرکەوتنیان نییە کە بۆ خۆیان هەوڵێ بدەن؛ ئەوی ئاگایان لێ نییە، وادەزانن هیچ ئاتاج نین؛ چونکە حەیایان بە خۆیە. لە بیچمیان دەیان ناسنەوە؛ دەنا هەرگیز وەکوو پارسەکی دیکە نین گێرە بکەن. ئێوە هەرچی بە خێر لەو بارە بەخت کەن، خوا دەیزانێ. (٢٧٤) ئەوانەی بە شەو یان بە ڕۆژ، بە نهێنی و بە ئاشکرا لە ڕێگەی خودا خێر دەکەن، لای خودا پاداشیان هەیە و نە هیچ ترسێکیان لەسەرە و نە خەم دەخۆن. (٢٧٥) ئەو کەسانەی نزوول دەخۆن، ڕاستبوونەوەیان لەو دنیا، وەک ڕاپەڕینی کەسێکی شەیتان دەستی لێ وەشاندبێ، وەهایە. هەر چونکە ئەمانە ئێژن: مامەڵەش هەر وەک نزوولە. خودا سەودای ڕەوا دیوە و نزوولی پێ ناڕەوایە. سا هەر کەسێ ئامۆژگاری خودا دەبیە و دەس هەڵ دەگرێ، لەو شتانەی لەمەوبەر دەستی داوەتێ دەبەخشرێ و خودا بە کاری ڕادەگا هەر کەسێکیش دیسان بچێتەوە سەری، دەبن بە یاری ئاگر و تاهەتا هەر تیا دەبن. (٢٧٦) خودا پیتی نزوول هەر کەم دەکاتەوە و پیتی خێرات پتر دەکا. خودا ئەوانەی خۆش ناوێ پێ نەزان و گونابارن. (٢٧٧) ئەو کەسانەی بڕوایان بە خوا هێناوە و کاری چاک ڕەچاو دەکەن و لە نوێژ کردن و زەکات دان سستی ناکەن، پاداشیان وا لای خودایە و نەهیچ ترسیان دێتە بەرێ و نە خەم دەخۆن. (٢٧٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەبێ لە خودا بترسن، ئەگەر بەڕاست باوەڕدارن، ئەو سووتی هێشتا ماوتانە نەتانەوێ. (٢٧٩) ئەگەر دەستی لێ هەڵنەگرن، سا بزانن ئێوە دەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەیدا شەڕێ دەکەن. ئەگەر دەستی لێ هەڵگرن، دەسمایەی خۆو بستێننەوە؛ ئیتر ئەوسا نە ئێوە ناهەقی دەکەن نە ناهەقیتان لێ دەکرێ. (٢٨٠) ئەگەر قەرزاریش نەدار بوو، ماوەی بدەن هەتا دەیبێ. ئەر بشزانن، پێ بەخشینی بۆو چاترە. (٢٨١) ترسیشوو لەو رۆژە هەبێ کە دەوهێننەوە لای خودا؛ ئەوێ ڕۆژێ هەر کەس هەرچی کردوویەتی - بە تەواوی- دێتەوە ڕێی و ناهەقی لە کەس ناکرێ. (٢٨٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەرگا بۆ ماوەیێ دیاری، قەرزی دەگەڵ یەکتر دەکەن، بینووسن و با نووسەرێ خوداپەسند بۆتان بخاتە ناو قاقەز. ناشێ نووسەر لەم کارە تەنەخی بکا؛ با بنووسێ وەک خوا فەرمانی پێداوە. هەرچی قەرزدار بۆی دەڵێ، ئەو بینووسێ و ئەبێ ترسی خودای هەبێ و ئەولاوئەملای تێدا نەکا. ئەگەر ئەو کەسەی قەردارە، کەم ئاوەزە، یان بێ هێزە، یان ناتوانێ ئەوەی پێویستە بنووسرێ دەری ببڕێ، با سەرپەرستی ڕەوای ئەو لەباتی ئەو بیدرکێنێ و دوو پیاو لە خۆتان شایەت بن. ئەگەر دوو پیاو پەیدا نەبوون، با پیاوێک و دوو ژنی وا کە ئێوەش لێیان ڕازی بن، لە کار ئاگادار بکرێن؛ تا ئەگەر یەکێ لەم دووانە لە بیری چوو، ئەوی تر بیری خاتەوە. هەر وەختێکی بۆ شایەتی دان بان کران، ڕەوا نییە خۆ ببوێرن. لە نووسینی ماوەی قەرز - کەم بێ یان زۆر - نابێ لەشگرانی بکەن و هەر بینووسن و مەوداکەشی دیاری بکەن. لە لای خودا ڕەواترە و بۆ شایەتی لەسەردانێ لەبارترە و لە دوودڵی نەهێشتنێ نزیکترە؛ مەگین وەختێ ئاڵوگۆڕتان دەست بەدەست و بە نەغد بێ؛ ئەوسا ئەگەر نەشی نووسن قەیدێ ناکا. بەڵام دیسان لە وەختی دادوستەددا شایەت هەبن. ناشێ نە شایەتەکانتان نە نووسەر زیانێ بکەن؛ گەر وانەکەن تاوان لە ملی خۆتانە و ئەشێ لە خودا بترسن. خودا فێری کارتان دەکا و هەر خودایە لە هەموو شت ئاگادارە. (٢٨٣) ئەگەر لەسەر سەفەر بوون و نووسەرتان بۆ پەیدا نەبوو، ئەشێ بارمتە وەرگرن؛ جا مەگین لێک خاترجەم بن کە ئەوسا بارمتەی ناوێ. با قەرزدار ترسی خودای لە دڵدا بێ و قەرزەکەی خۆی بداتەوە. ئەو کەسانەی شایەتیشن خۆ لە شایەتی نەبوێرن. هەر کەسێکی لە شایەتی خۆ ببوێرێ، بە دڵ خۆی تووش گوناح دەکا و خوا بە گش کارتان دەزانێ. (٢٨٤) سەر بە خوایە هەرچی لە ئاسمانەکان و زەمیندایە. ئەوی لە ناو دڵتاندایە - چ دەری خەن، چ وەیشارن - خوا لەو بارە لە ئێوە دەپرسێتەوە. هەرکێ بۆ خۆی مەیلی لێ بێ، لێی دەبوورێ و هەر کەسێکیش خۆی حەز بکا، جزیای دەدا. هەر خودایە لەسەر هەموو شت توانایە. (٢٨٥) ئەم پێغەمبەرە و ئەوانەی وەل ئەو باوەڕەیان هێناوە، لێیان ڕوونە کە ئەو شتە لەلایەن پەروەرندەیان هاتۆتە خوارێ بۆ لایان؛ بڕوا دەکەن بە خودا و فرشتەکانی و کتێبانی و سەرلەبەر پێغەمبەرانی و ئێژن: ئێمە بۆ هیچ لا لە پێغەمبەرانی فەرق و جیاوازی دانانێین؛ فەرموودەی خودامان بیست و پێکمان هێنا، ئەی پەروەرندەی هەموومان! بمان بەخشە و هەر دەگەڕێینەوە لای تۆ. (٢٨٦) خوا ئەرکی لە توانا بەدەر، بە سەر کەسدا ناسەپێنێ؛ چاکەی بکا بۆ خۆیەتی و خراپەشی دژی خۆیە. ئەی پەروەرندەی گلامان! ئەگەر شتێکمان لە بیر چوو، یان تیا بە هەڵە چووین، لێمان مەگرە. ئەی پەروەرندەی هەموومان! ئەرکی ئەوەندە گرانمان مەخە سەرشان وەک ئەوانەی بەر لە ئێمە لەسەریان بوو. ئەی خودانی هەموو لامان! ئەرکی وامان پێ مەسپێرە کە لە توانامان بەدەر بێ. تۆ هەر خۆت لێمان ببوورە و بەر بەزەیی خۆتمان بخە و بمانبەخشە. هەموو کاروبارێکی مە بە دەس تۆیە و سەریشمانخەی لەسەر ئەوانەی ناتناسن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئالی عیمران وە ناو خوا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم. (٢) غەیرەز خودا ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ ھەر زیندووە و بەسەر ھەموو شت ڕادەگا. (٣) ئەم کتێبەی - بەڕاست - کە بۆ تۆ ناردووە. باوەڕ بەو کتێبانەش دەکا کە بەرلەوی لە خواوە بەڕێ کراون؛ تەورات و ئینجیلیشی لە بەرا ھەنارد؛ (٤) تا ڕێنیشاندەر بن بۆ خەڵک. فورقانیشی [لەوەودوا] نارد. ئەوانەی کە لە نیشانەکانی خودا حاشایان کرد، جەزرەبەیان زۆر بەژانە و خودا خاوەن دەستەڵاتی تۆڵەستێنە. (٥) ھەر شتێکی لە زەمین یان لە ئاسمانان بێ، لە خودا وەشێراو نابێ. (٦) ھەر ئەوە ھەرچۆنێ حەز کا - ھەر لە تۆلی دایکانوودا - بیچمتان بۆ دیاری دەکا و بە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ؛ دەستەڵاتداری لەکارزانە. (٧) ھەر ئەویشە ئەم کتێبەی بۆ تۆ بە خەڵات ناردووە، کە لەوێدا ئایەتگەلێکی پتەو ھەن کە ماکن بۆ کتێبەکە؛ تێشیدایە وەک یەک دەچن و مانای جۆراوجۆر ھەڵدەگرن. ئەو کەسانەی دڵی دەغەزداریان ھەیە، ھەر ئەوانە حەز لێ دەکەن کە خەڵکی پێ ھەڵ دەخەڵەتێ و ھەرچۆنی دڵیان دەیەوێ مانایان لێک دەدەنەوە کە غەیرەز خوا نایانزانن. ئەو کەسانەش کە زۆر زانان، ئەڵێن: بڕوامان پێ ھەیە و ئەمانە گش لە پەروەرندەمانڕایە و غەیرەز ئەو دڵ وشیارانە، بە وردی بیر ناکەنەوە. (٨) ئەی پەروەرندەی گ لامان! لە پاش ئەوەی ڕێگەی ڕاستت نیشان داوین، دڵمان لە ڕێی خۆت لا مەدە و وەبەر بەزەیی خۆتمان بخە. بەخشندەی ھەرە مەزن تۆی. (٩) پەروەرێنمان! ھەر تۆی مەردم لەو رۆژەدا - کە گومانی تێدا نییە - لە یەکتر کۆ دەکەیتەوە و بێ سۆ خوا پەیمان ناشکێنێ. (١٠) ئەوێ ڕۆژێ ماڵ و عەولاد، دە ھانای ئەوانە نایە کە خودایان نەناسیوە و چاری ناچار دەبنە دەستەچیلەی ئاگر؛ (١١) وەک دارودەستەی فیرعەون و ئەوانەی بەر لەوانیش بوون؛ کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ زانیی و خوا لە سزای تاوانی خۆیان گرتنی. خودا لە تۆڵەساندنا زۆر دژوارە. (١٢) بەو خوانەناسانە بێژە: بەم زووانە ژێر دەکەون و ھەربینا ڕەپێچەک دران بۆ جەھەندەم؛ کە جێ خەوێکی خراپە! (١٣) ئەمە بۆ ئێوە دەرسێک بوو کە دوو دەستە لە خۆتان دەگژیەک ڕاچوون؛ دەستەیەکتان بۆ خودا بەشەڕ دەھاتن و دەستەکەی تر لەدژی خودا دەجەنگین و زەق دەیاندی کە خواناسەکان دوو ھێندەی ئەمانەن. دیارە خودا بە مەیلی خۆی ھەر کەسێکی خۆی حەز بکا، سەری دەخا؛ ئەمەش پەندە بۆ ئەوانەی خاوەن فامن. (١٤) ئارەزووی ژنان کردن و کوڕی زۆر پەیدا کردن و دەسکەوتنی کۆمای زلی زێو و زێڕان و ڕەوەئەسپی بە درۆشم و وڵسات و زەوی کێڵانێ، بۆ مەردم ڕازاوەتەوە و لە ژیانی دنیایەدا مایەی خۆشین؛ بەڵام وەختێ دێنەوە بەردەستی خوا، پێدەزانن کە زۆر لەوە باشتر ھەیە. (١٥) بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە پێتان بێژم لەمە باشترە کە چۆنە؟ بۆ ئەوانەی لە ھەڵە خۆدەپارێزن، لە لای پەروەرێنیانەوە باغاتێکی وایان دەبێ، جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن و چەند ژنی پاک و بێ گەرد و سەرەڕای ئەو ھەموو خۆشییەش، ڕەزای خودایان پێدەگا. خودا چاوی لە عەبدەکانی خۆی ھەیە. (١٦) ئەوانەی کە دەڵێن: ئەی پەروەرندەمان! ئێمە بڕوامان پێت ھەیە؛ سا تۆ لە گوناھن ببوورە و لە جزیادانمان - بە ئاگر - بپارێزە. (١٧) ئەو کەسانەی خۆڕاگرن و بەڕاستیانە و ئامادەی ھەر فەرمانێکن و ماڵی خۆیان لە ڕای خوا بەخت دەکەن و ھەموو ڕۆژێ - سەرلەبەیان - لە خودا دەپاڕێنەوە لێیان خۆش بێ. (١٨) خودا بۆ خۆی ئاگادارە و فرشتەکانی ئەویش و زانایانی بە ئینسافیش باش دەزانن کە ھیچ کەسێ غەیرەز خودا، شیاوی پەرستنێ نییە و ھەر خۆیەتی بە دەستەڵاتی لەکارزان. (١٩) لە لای خودا دین ئیسلامە و ئەوانەی ئەھلی کتێبن لەو ڕاستەقینە دەزانن؛ بەڵام ھەر لەبەر ئێرەیی - کە لە ناو خۆیاندا ھەیە - پێک نەھاتوون. ھەر کەسێکیش - بەھەر جۆرێ - لە نیشانەکانی خودا حاشا بکا، با تێبگەن کە خوا لە لێ پرسینەوە زۆر بەلەزە و پێ ڕادەگا. (٢٠) ئەگەر کێشەت دەگەڵ دەکەن، تۆ ھەر بێژە: من دەگەڵ پەیڕەوەکانم بە دڵی پاک ڕوومان کردۆتە خوداوە. بەو کەسانەش کە بوونە ئەھلی کتێب و بەو کەسانەش کە نەزانن، بێژە: ئاخۆ ئێوەش وەک مە خۆتان ھەر بە خوا سپاردووە؟ جا ئەر خۆیان سپاردبوو، ئەوا کەوتوونە سەر ڕێگا. ئەگەر ڕوویان لێ وەرگێڕای، تۆ ھەر ئەوەندەت لەسەرە ڕابگەیێنی و خوداش بۆ خۆی لە عەبدانی شارەزایە. (٢١) ئەو کەسانەی لە نیشانەکانی خوایان حاشا کرد و پێغەمبەرەکانی خوایان - لە خوت و خۆڕایی - دەکوشت و ئەوانەیان لە ناو دەبرد کە فەرمانی چاکەیان بە مەردم دەدا، با بزانن کە جەزرەبەدانی بەژان بەشیان دەبێ. (٢٢) لە دنیا و قیامەتیشا ھەر کارێ بیکەن فیڕۆیە و ھیچ کەس دەھانایان نایە. (٢٣) خۆ تۆ دیتت، ئەو کەسانە کە لە کتێبی ئێمەدا بەشێکیان پێ گەیشتبوو، خۆیان گوتیان: بە ھەر حوکمێ خودا بیدا ئێمە ڕازین. کەچی ھێندێک لەوانە پێی ڕازی نەبوون. (٢٤) ھەر چونکە ئەمان دەیانگوت: ئێمە ئەگەر بشمانخەنە دۆژەھەوە، چەند ڕۆژێک پتر پێ ناچێ، ڕزگار دەبین؛ بەو درۆیە بۆ دینی خۆیان ھەڵیان بەست، خۆیان پێ ھەڵخەڵەتاندەوە. (٢٥) سا ئەو رۆژە دەبێ لە چ بارێکدا بن، کە بێ گومان ھەر وەدی دێ و ھەموویان کۆدەکەینەوە و ھەر کەس ھەرچی کردوویەتی دێتەوە ڕێی و ناھەقی لە کەس ناکرێ. (٢٦) بێژە: خوایە! ئەی خاوەن ھێز و دەستەڵات! ھەر کەس بۆ خۆت مەیلت لێ بێ دەستەڵاتی پێ دەدەی و کێش تۆ حەز کەی دەستەڵاتی لێ دەستێنی؛ ھەر کەسێکی وەقەدر خەی و ھەر کەسێ زەبوونی بکەی، خۆت دەیزانی؛ چاکە ھەر بەدەستە خۆتە و تۆ لەسەر ھەموو شت توانای. (٢٧) شەو دەناو ڕۆژ ھەڵدەکێشی، ڕۆژ دەخەیە ناو شەوەوە؛ زیندوو لە مردوو دەردەخەی، مردوو لە زیندوو دەردێنی؛ ھەر کەسێ خۆت مەیلت لێ بێ، بێ ھەژمار بژیوی دەدەی. (٢٨) باوەڕداران، با جگە لە باوەڕداران نەگرن بە دۆست. ھەر کەس لەم فەرمانە دەرچێ، ھیچ بەشی بە خواوە نییە. جا مەگین لێیان بترسن و لە ناچاری پێیان بڵێن: دۆستی ئێوەین. خودا دەیەوێ ھەر بەڕاستی لەو بترسن و پاشەرۆژتان ھەر لای ئەوە. (٢٩) بێژە: ئەوەی وا لە دڵتانایە ئەگەر بیشارنەوە یا دەریخەن، خوا دەیزانێ و لە ھیچێکیش لە ئاسمانان و زەوینداس، ئاگادارە و لەسەر ھەرشت توانایە. (٣٠) لەو ڕۆژەدا کە ھەموو کەس کردەوەی چاک و خراپی لەبەر چاوی خۆی دەبینێ، ئاوات خوازە کە لە نێوان خۆی و کردەوەکانیدا مەودایەکی دوور ببووایە. ھەر بۆ خودا دەبێ خۆتان بپارێزن؛ خوا ھەمیشە بەرانبەر بە عەبدانی خۆی دلۆڤانە. (٣١) بێژە ئێوە ئەگەر خوداتان خۆش دەوێ، شوێن من کەون ھەتا خوداش خۆشی بوێن و لە گوناھانیشوو ببوورێ. دیارە خودا خەتابەخش و دلۆڤانە. (٣٢) بێژە: دەبێ بە فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بن. جا ئەگەر لە فەرمان دەرچوون، ئیتر خودا لە خوانەناسان حەز ناکا. (٣٣) ئادەم و نووح و نەتەوەی ئیبراھیم و بەرەی عیمران، لە خوداوە لە ناو خەڵکی ھەموو جیھان ھەڵبژاردەن؛ خوا پتر ڕێزی لەوان نا. (٣٤) ھەموو لا ھەر سەر بە یەکن و خوا بیسەر و ئاگادارە. (٣٥) کاتێ کەیوانووەکەی عیمران گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەو مناڵەی کەوتۆتە تۆلی منەوە، من دەقەبەڵی تۆی دەکەم. بەھیوام لێم قبووڵ بکەی، بیسەر و ئاگادار ھەر تۆی. (٣٦) ئەوسا کە بارەکەی دانا، گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەوا من مێوینەم دیوە - خوداش چاتر خەوەر دارە لەوەی دیویە - دیارە کچیش وەک کوڕ نییە. من ناوم لێ ناوە مریەم، ئەوا ئەویش و بەریشیم بە تۆ سپارد؛ کە لە شەیتانی نەحلەتی بیانپارێزی. (٣٧) پەروەرندەی، ئەو پێشکەشەی گەلێ بەباشی لێ وەرگرت؛ کیژەکەی باش بە خودان کرد و زەکەرییای بۆ سەرپەرشتی وێ دانا. ھەر جارێکی زەکەرییا لە میعراودا سەری دەدا، دەیدی بژیوی لە لایە. گوتی: مریەم! تۆ ئەم بژیوەت لە کوێ بوو؟ گوتی: لەلایەن خوداوە بۆم ھاتووە؛ خودا حەز کا بۆ ھەر کەسێ بێ ھەژمار دەنێرێ. (٣٨) ھەر لەوەیڕا زەکەرییا گازی لە پەروەرندەی کرد: ئەی خودانم! زارۆیەکی چاک و پاکم پێ ببەخشە؛ دەزانم تۆ پاڕانەوەی من دەبیسی. (٣٩) لە کاتێکا کە لە ناو میحرابەکەدا نوێژی دەکرد، فریشتەی ئێمە بانگی کرد: خودا مزگێنیت پێ دەدا، کوڕێکی ناو «یەحیا» ت دەبێ، کە ھەموو فەرموودەی خودا دەسەلمێنێ و مرۆڤێکی گەورە و خۆڕاگر [لەژن] و، یەکێک لە پێغەمبەرە چاکەکان دەبێ. (٤٠) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! جاچۆن ئەمن کوڕم دەبێ، منی وا پیر و زورھان و ژنیشم لە زگ وێستاوە؟ گوتی: خودا، چی ئارەزوو بێ وادەکا. (٤١) گوتی: ئەی پەروەرێنی من! خۆت نیشانەم بۆ دیاری کە. گوتی: نیشان بەو نیشانەی ھەتا سێ ڕۆژ ناتوانی مەردم بدوێنی؛ مەگین بەھیما و ئاشیرەت. لە ئێوارە و بەیانان دا، یادی پەروەرندەت بکە و لە پەسندانی مەوێستە. (٤٢) لەو کاتەشدا فریشتە بە مەریەمی گوت: خودا تۆی ھەڵبژاردووە و پاک و خاوێنی ڕاگرتووی؛ تۆی لە چاو ژنانی دنیا بەرێزتر گرت. (٤٣) ئەی مەریەم! تۆ لە فەرمانی پەروەرندەی خۆت دەرمەچۆ؛ بۆی بچۆرە سەر سوژدە و تۆش دەگەڵ کڕنۆش بەراندا کڕنۆش بەرە. (٤٤) ئەمە لەو دەنگ و باسەیە کە تۆ ئاگات لێ نەبوون و ئێمە دەیخەینە دڵتەوە. ھەروەھا تۆ لەوێ نەبووی کە قەڵەمیان تووڕھەڵدەدان کێ سەرپەرشتی مەریەم بێ؛ ئەو کاتەش لە ناو خۆیاندا کێشەیان دەکرد، تۆ لە ناو ئەواندا نەبووی. (٤٥) لەو کاتەدا فرشتەکان گوتیان: مریەم! خودا مژدەی بەڵێنێکی خۆت پێدەدا، کوڕت دەبێ و بە ناو مەسیحی کوڕ مەریەم ناو دەردەکا و لە دنیاش و لە قیامەتیش قەدری ھەیە و یەکێک دەبێ لە نزیکانی خودا. (٤٦) لە بێشکەدا و بە گەورەییش، قسە دەگەڵ مەردم دەکا و یەکێک لە پیاوچاکان دەبێ. (٤٧) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! جا چلۆن کوڕم دەبێ، ھیچ مرۆیەک تا وێستا تخوونم نەبووە؟ ! گوتی: خودا ھەرچی حەز کا بەدی دێنێ؛ ھەرکە ویستی کارێک ببێ، ھەر پێی ئێژێ: ببە! دەبێ. (٤٨) ھەر بۆ خۆشی فێری کتێب وەخوێندن و لەکارزانی و تەورات و ئینجیلی دەکا. (٤٩) دەشیکا بە پێغەمبەرێک بۆ سەر نەتەوەی ئیسرائیل. [پێیان ئێژێ: ] ئەوا من لە پەروەرندەوڕا نیشانەم بۆ ھێناون. ھەر لە حەڕی شکلی مەلێک ساز دەکەم و بە ئیزنی خوا فووی تێدەکەم، دەبێتە باڵداری ڕاست و جگە لەوەش زگماگ کوێر و پێست بەڵەکان چار دەکەم و بە ئیزنی خودا مردوو زیندوو دەکەمەوە و ھەرچی لە ماڵوودا دەیخۆن، ھەچی تێشیدا ڕادەگرن پێتان دەڵێم. ئەمانە بەڵگە و نیشانەن بۆتان، ئەگەر بڕوادار بن. (٥٠) بەو تەوراتەی - کە لە لامە - بە باوەڕم و بە ئەرکی خۆمی دەزانم ھێندێک شتوو بۆ حەڵاڵ کەم کە لێتان حەرام کراوە. من نیشانەم لە پەروەرندەی ئێوەڕا بۆ ھێناون؛ دەسا ئێوە لە فەرمانی من دەرمەچن و لە خودا ترستان ھەبێ. (٥١) پەروەرێنی من و ئێوە ھەر خودایە؛ دەسا ھەر ئەو بپەرستن؛ ئەمە ڕێگەیەکی سەرڕاسە. (٥٢) عیسا پاش ئەوەی تێگەییشت کە باوەڕی پێ ناھێنن، گوتی: کێ بێ لە ڕای خودا یاریم بکا؟ حەوارییەکان جوابیان داوە، کە: خۆمانین لە ڕای خودا یاریدەرین. بڕوایان بە خودا ھێنا و تۆش شایەت بە، ئێمە خۆمان بەو دەسپێرین. (٥٣) ئەی پەروەرندەی گ لامان! بەوشتەی تۆ بۆ ئێمەت نارد، بڕوامان کرد و کەوتووینە شوێن پێغەمبەرت؛ تۆ دەگەڵ شایەتەکاندا بمان نووسە. (٥٤) ئەمان فێڵی خۆیان کرد و خوداش فێڵی خۆی لێکردن؛ فێڵی خودا بە سەر ھەموو فێڵێکدایە. (٥٥) ئەوسا خوا گوتی: ئەی عیسا! من بۆ خۆمت دەبەمەوە و لە لای خۆم جێ بەرز دەبی و لەوانەت پاک دەکەمەوە کە باوەڕیان نەھێناوە و ئەوانەش کە پەیڕەوی تۆن، ھەتا قیامەت زاڵیان دەکەم بە سەر بێ باوەڕەکاندا. لە پاش ئەوە گشتوو دێنەوە لای خۆم و بەو کێش ەو گێرە ڕادەگەم کە لە نێوانتاندا ڕووی دا. (٥٦) بەڵام ئەوانەی باوەڕیان پێ نەھێنای، لە دنیاش و لە قیامەتیش بە توندی سزایان دەدەم؛ کەسیش دەھانایان نایە. (٥٧) ئەو کەسانەش کە بڕوای تەواویان ھەبووە و ئاکارچاک بوون، خودا ھەموو پاداشی خۆیان پێ دەدا و خوا، ستەمکاری خۆش ناوێن. (٥٨) ئەو شتانەی کە بۆ تۆمان خوێندۆتەوە، لە نیشانانی خودان و ڕێشاندەر ن بۆ کارزانی. (٥٩) نەقڵی عیساش - لە لای خودا - لە چەشنی نەقڵی ئادەمە؛ ھەر لەگڵ دروستی کرد و پاشان پێی گوت: ببە بە ئادەم! ئەویش بوو. (٦٠) ھەق لە پەروەرندەتڕایە و خۆت لە ڕێزی دڵ بەگومانان دەراوێ. (٦١) ھەر کەسێکی پاش ئەو زانستەی بۆ تۆ ھات، ویستی کێشەت دەگەڵ بکا، بێژە: وەرن با کوڕانمان و ژنانمان و یەکترین بان کەین و ئەوسا دەس کەینە لاڵە و نزا و نەفرینی خوا بنێرین بۆ ئەوانەی وا درۆزنن. (٦٢) ھیچ گومانت تێدا نەبێ، ئەوانەی بۆت باس کراون، ھەموو ڕاستن. ھیچ شتێکیش غەیرەز خودا نابێ ھیچ کەس بیپەرستێ؛ ھەر خودایە کە خاوەنی دەستەڵاتە و لەکارزانە. (٦٣) ئەگەر ھەر خۆیان لێ بواردی، خودا بۆ خۆی خراپەکاران دەناسێ. (٦٤) بێژە: ئێوەی ئەھلی کتێب! دەسا وەرن ئێمە و ئێوە لەسەر ئەو قسەیە سوور بین، کە بۆ ھەموومان وەک یەکە: غەیرەز خوا نەپەرستین، ھاوکاری بۆ پەیدا نەکەین، نەچین ھێندێکمان ھێندێکان - جیا لە خوا - بۆ پەرستن ھەڵبژێرین. جا ئەگەر ھەر خۆیان لێ بوارد، پێیان بێژە: ئێوە بە شایەتی دەگرم، کەوا ئێمە خۆمان بە خودا دەسپێرین. (٦٥) ئەھلی کتێب! ئێوە بۆچی دەربارەی ئیبراھیمەوە کێشە دەکەن؟ کە دەشزانن تەورات و ئینجیلیش - ھەر دووک - لە پاش زەمانی ئیبراھیم ھاتوونە خوار. دە ئاخر بۆچی تێناگەن؟ ! (٦٦) وامان دانا کە دەتوانن ئێوە لە سەر ئەو شتانە کێشە بکەن کە دەزانن. دەیسا چۆنە کێشە لە سەر شتێ دەکەن کە ھیچی لێ حاڵی نەبوون؟ ھەر خودایە زانایە بە ھەموو شت و ئێوەش ھیچی لێ نازانن. (٦٧) ئیبراھیم نە مووسایی بوو نە مەسیحی؛ بەڵام یەکتاپەرەستێک بوو خۆی بە خودا سپاردبوو؛ ھیچ ھاوکاری بۆ خودا پەیدا نەدەکرد. (٦٨) ئەو کەسانەی لە ھەموو کەس لە ئیبراھیم نزیکترن، ئەوانەن کە ئەوسا شوێنی ئەو کەوتن و ئەم پێغەمبەرە و ئەوانەش کە بڕوایان پێ ھێناوە. خوداش یاری ھەموو خاوەن باوەڕانە. (٦٩) ھێندێک لە خاوەن کتێبان بەتەما بوون ئێوە لە ڕێ کلا بکەن؛ کەچی ئەمانە نازانن کە ھەر ڕێ لە خۆ دەگۆڕن. (٧٠) ئەھلی کتێب! بۆچی ئێوە حاشا لە نیشانەکانی خودا دەکەن؟ ھەرچەندە دەشزانن ڕاستن. (٧١) ئێوە کە خاوەن کتێبن! چۆن ڕەوایە بە ناڕەوا دادەپۆشن و ڕاست و ڕەوا دەشێرنەوە و دەشزانن چ کارێک دەکەن؟ (٧٢) لەوانەی ئەھلی کتێبن ھێندێک بە ھێندێکان دەڵێن: ئێوە لە دانی بەیانی بڵێن بڕوامان ھێناوە بەوەی کە خودایە بۆ ئێوەی ناردووە؛ سەرلەنگۆرێ لێیان پەشیمان ببنەوە؛ بەشکوو ئەوانیش وەگەڕێن. (٧٣) پێشیان وتوون: باوەڕ ھەر بەوانە بکەن کە لە سەر دینی خۆتانن. بێژە: ھەر خوا ڕێگەی ڕاستن نیشان دەدا و ئەو دەتوانێ - وەک پێشوو شارەزای کردن - کەسێکی تریش وەک ئێوە شارەزا کا. ئەگەر وتیان: کێشەکەمان دەبەینە لای پەروەرندەتان؛ بێژە: چاکە بە دەس خوایە، کێی حەز بکا بە چاکە دەیخوێنەتەوە و خاوەن چاکەی ھەرە زانا ھەر خودایە. (٧٤) ھەر کەسێکی ئەو بخوازێ وەبەر بەزەیی خۆی دەخا و خودا چاکەی فرە و گرینگی لە لایە. (٧٥) ھەر لە ناو ئەھلی کتێبدا ئی وا ھەیە، کلوورێکی لە لا دانێ، بە دەسپاکی دەتداتەوە؛ ئی واش ھەیە دینارێکی پێ بسپێرە، ناتداتەوە؛ جا مەگین بەجێی نەھێڵی و ھەڵیپێچی. بەھانەکەشیان ئەمەیە: زیان گەیاندن بەو نەخوێندەوارانە، بۆ مە گوناھێکی نییە. درۆ بۆ خواش ھەڵدەبەستن، دەشزانن درۆیە دەکەن. (٧٦) دیارە ھەر کەس ترسێکی لە خودا ھەبێ و بەڵێنی بەرێتە سەرێ، خوا پارێزگاری خۆش دەوێن. (٧٧) ئەوانەی پەیمانەکەیان دەگەڵ خودا و سوێندی خۆیان بە نرخێکی کەم دەفرۆشن، لەو دنیا ھیچ بەشیان نییە و خوداش لە ڕۆژی قیامەتا نایان دوێنێ و نایان دێنێ و گونایان پاک ناکاتەوە و بەشیان جەزرەبەی بەژانە. (٧٨) ھەر لەواندا ھی واش ھەیە، جۆرێک زمانیان دەگەڕێ گۆیا لە کتێبی خودا دەخوێننەوە، کە لە کتێبەکەشدا نییە. دەڵێن: ئەمە خوا گوتوویە؛ کەچی خوداش نەیگوتووە. بۆ خۆشیان ئەوە دەزانن کە درۆیە و بە دەم خواوەی ھەڵدەبەستن. (٧٩) ھیچ مرۆیەک ئەمەی دەخۆڕا نەدیوە، کە خوا کتێبی دابێتێ و فێری کارزانی کردبێ و کردبێتی بە پێغەمبەر، پاشان چووبێ و ب ەخەڵکی ڕاگەیاندبێ کە: ئێوە لەباتی خودا ھەر عەبدایەتی من بکەن. ئەوانە ھەر گوتویانە: ئێوە کە فێری کتێب و خوێندنەوەی بوون، لەسەرتانە ھەر پەروەرندەو بناسن. (٨٠) فەرمانی بەوە نەداوە کە فرشتە و پێغەمبەران بپەرستن. ئاخر چۆن دەبێ وەختێکی دینی خوداو سەلماندبێ، پێتان بڵێن: گەرەکە لە دین وەرگەڕێن؟ (٨١) [بێنەوە بیر] ئەو کاتە خوا پەیمانی بەست دەگەڵ پێغەمبەرەکانا: ئەر من کتێب و زانستی لەکارزانیم بە ئێوە دا و پاشانە کە پێغەمبەرێک ھاتە ناوتان کە ئەوانەی لە لای ئێوەی بەڕاست زانی، دەبێ بڕوای پێ بێنن و یاریدەی دەن. ئەوسا گوتی: بەڵێ، ئەوا وەعۆدەی خۆمان گرت. گوتی: دەسا بە شایەت بن؛ ئەوا منیش دەگەڵتانم. (٨٢) کەسانێ لەمە بەولاوە لە پەیمان پاشگەز ببنەوە، دیارە لە ڕێ لادەرن. (٨٣) ئاخۆ دینێک بێژگە دینی خوایان دەوێ؟ کەچی ھەرچی لە ئاسمانان و زەویدا - چار و ناچار - ملکەچی فەرمانی وین و دەشگەڕێنەوە بۆ لای ئەو. (٨٤) بێژە: باوەڕمان ھێناوە بە خوا و بەوەی کە لەوڕا بۆمان ھاتووە و بەو شتانەش کە لە لای پەروەرندەوە بۆ ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب ھاتبوو؛ بۆ نەتەوەکەش ھەروەتر؛ بەو شتانەش کە بۆعیسا و مووسا و گش پێغەمبەرانی دی ھات. ئێمە بەرانبەر بە کەسیان فەرق و جوداییمان نییە و خۆمان بە خودا دەسپێرین. (٨٥) ھەر کەسێ بەدەر لە ئیسلام، ھەر دینێکی دیکەی ھەبێ، قبووڵ نییە و لە دواڕۆژا لە ڕێزەی زیانبارانە. (٨٦) جا چۆن خودا ئەو کەسانە دەخاتە سەر ڕاستەڕێگە کە پاش باوەڕی ھێنان و شایەتی دان کە: «ئەم پێغەمبەرە ڕاستە» و چەندین نیشانەشیان دیوە، سەر لەنوێ حاشای لێ دەکەن؟ خودا قەت ناھەقیکاران ڕزگار ناکا. (٨٧) جەزای ئەمانە نەفرینە لە خوداوە و لە فرشتانی خوداوە و لە ھەموو خەڵکی دنیاوە؛ (٨٨) تا ھەتایە لەم نەفرینا دەمێننەوە و ئازاریان لە سەر سووک نابێ و ماوە پێدانیشیان نییە؛ (٨٩) مەگین ئەوانەی لە دوو جار - بۆ خۆ - پەژیوان دەبنەوە و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکەن؛ ئەوسا خودا گوناھ بەخشە و دلۆڤانە. (٩٠) ئەو کەسانەی دوای بڕواھێنان وەرگەڕان و ھەر وا مان و پێوە چوون، پەژیوانی تازە بەھرەیان بۆ نادا و چوونەتە ناو گومڕاھییەوە. (٩١) ئەوانەی خوانەناس بوون و ھەر بە خوانەناسی مردوون، ھەرکامێکیان ئەگەر پڕی ئەم زەمینە زێڕیش بە بارمتە بدا، ھەرگیز بەھرەی پێ ناگەینێ؛ ئەوانە ئازاری بەژانیان دەبێت و کەسیشیان دەھانا نایە. (٩٢) تا لەو شتەی کە ئێوە خۆشتان گەرەکە، نەبەخشن لەڕێی خودادا، ھەرگیز ھیچ خێروو پێ ناگا. ھەرشتێکیش بە خێر بیدەن لە ڕای خودادا، خوا دەیزانێ. (٩٣) ھەموو جۆرێ خواردەمەنی بۆ نەتەوەی ئیسرائیل ڕەوا کراوە، مەگین ئەوەی کە ئیسرائیل بەر لەمە تەوراتی بووبێ، خۆی پارێزی لێ کردووە. بێژە: ئەگەر ئێوە ڕاستن، تەورات بێنن بیخوێننەوە. (٩٤) سا کەسانێ لەمە بەولا درۆ بە دەم خواوە بکەن، ئەوانە ناھەقیکارن. (٩٥) بێژە: ھەرچی خودا گوتوویە، ئەو ڕاستە؛ ئیتر ئێوە شوێن دینی ئیبراھیم کەون؛ کە خوای تاقانەی پەرست و ھیچ ھاوکاری بۆ نەناسی. (٩٦) یەکەمین ماڵ کە بۆ مەردم ساز کراوە، ھەر ئەوەیە وا لە مەککە؛ کە زۆر بە پیت و پیرۆزە و نیشانگەی خوداناسینە بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. (٩٧) بەڵگەی دیاریدەر لەوێدا شوێنەواری ئیبراھیمە و ھەر کەسێ پەنای پێ بەرێ، ناشێ لە ھیچ شت بترسێ. خودا حەجی بڕیار داوە بۆ ھەر کەسێ کە بۆی بلوێ. ھەر کەسێکیش حاشا بکا، خوا لە ھەموو خەڵکی دنیا بێ نیازە. (٩٨) بێژە: ئێوەی ئەھلی کتێب! بۆچی لەنیشانانی خوا حاشا دەکەن؟ خودا لە کردەوەی ئێوە ئاگادارە. (٩٩) بێژە: ئێوەی ئەھلی کتێب! لەبەرچی باوەڕدارەکان لە ڕێگەی خوا لادەدەن و گەرەکتانە ئەم ڕێگایە لار و ناڕێک نیشان بدەن؟ ! خۆشتان باش ئاگاتان لێیە و خوداش لەوەی ئێوە دەیکەن، خافڵ نییە. (١٠٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر بەقسەی ھێندێک لەوانەی ئەھلی کتێبن، دەسخەرۆ بن، لە پاش باوەڕی ھێنانتان دەتانکەنەوە خوانەناس. (١٠١) جا چۆن ئێوە حاشا دەکەن! کەچی ئایەتانی خواتان بە سەردا دەخوێنرێتەوە و پێغەمبەرتان لە ناو دایە؟ ھەر کەس پشت بە خوا ببەستێ، کەوتۆتە سەر ڕاستەڕێگە. (١٠٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! چۆن پێویستە، ئاوا لە خوا بترسن و ھەر بە موسوڵمانی بمرن. (١٠٣) ھەموو لاتان دەس دە ڕشتەی پەیمانی خوا وەرێنن و بڵاو مەبن. بیر لەو چاکە بکەنەوە کە خودا دەربارەی کردن: کە ئێوە دژ بە یەکتر بوون، بەدڵ کردوونی بە ھۆگر؛ لە سایەی چاکەی ئەمەوە، ئێستا لێکتر بوونە برا و لە سەر لێواری ئاگر بوون؛ ھەر ئەو بوو ڕزگاری کردن. خوا ئاوا نیشانانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە؛ بەڵکوو ڕێگا بدۆزنەوە. (١٠٤) دەبێ لە نێو ئێوەدا کۆمەڵێک ببن، فەرمان بە چاکە بدەن و ڕێ لە خراپە ببەستن؛ ھەر ئەوانەش ڕزگار دەبن. (١٠٥) نەکا وەک ئەوانە بکەن کە لێکتر جیابوونەوە و لە دوای ئەوەی نیشانەی ئاشکرایان دیت، ئەوسا کێشەیان تێکەوت. بۆ ئەوانە ئازارێکی گەورە ھەیە. (١٠٦) لەو ڕۆژەدا کە ھێندێک ڕوویان چەرمگە و ھێندێک تر ڕەش داگەڕاون، ئەو کەسانەی ڕووڕەشی ڕۆژی قیامەتن، پێیان ئێژن: ئێوە دوای باوەڕی ھێنان چۆن ببوونەوە خوانەناس؟ سا لەو حاشاکردنەتان جەزرەبە گۆڕی گیانوو بێ. (١٠٧) ئەوانەش کە ڕوو چەرمووگن، بۆ ھەمیشە بەزەیی خودایان ھەیە و تا ھەتا ھەر دەگەڵیانە. (١٠٨) ئەمانە نیشانەی خودان، بەڕاستن و ئێمە بۆتی وەدەخوێنین. ھیچ گا خودا ناھەقی لە ھیچ کەس ناکا. (١٠٩) ھەرچێ لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە - گش لە گشتی - سەر بە خوایە؛ سەرلەبەری کاروباریش ھەر بۆ خودا دەگەڕێتەوە. (١١٠) ئێوە چاکترین کۆمەڵن لە ناو مەردمی دنیادا سەروو ھەڵدا؛ فەرمان بە چاکە دەدەن و ڕێ لە ناڕەوا دەبەستن. باوەڕیشتان بە خوا ھەیە. خۆ ئەگەر ئەھلی کتێبیش بڕوایان بھێنابا، بۆیان چاکتر بوو. ئەوانیش ئی وایان تێدا کە بەبڕوان؛ بەشی زۆریش لە ڕێی خودا لایان داوە. (١١١) ئەوانیش - مەگین ھەر بە دەم - دەنا ھەرگیز ناتوانن بۆتان بەزەڕ بن. ئەگەر دەگژیشوو ڕابچن، زۆر زوو پشتوو تێ دەکەن. ڕا دەکەن و کەسیش دەھانایان نایە. (١١٢) لە ھەر جێش بن، ھەر ژێر چەپۆکی و زەبوونی بۆتە بەشیان؛ جا مەگین ھەر پەیمان دەگەڵ خودا و خەڵکا بگاتە فریایانەوە. تووشی تووڕەیی خوا بوون و مۆری زەبوونییان بە سەردا نراوە؛ لەبەر ئەوە لە نیشانەکانی خودا بە حاشا بوون و بە ناھەق پێغەمبەرانیان دەکوشت و ھەر نافەرمانی و دەس درێژیان دەکرد. (١١٣) ئەھلی کتێب گش وەک یەک نین؛ کۆمەڵی وایان تێدایە کە ڕوو بە خوا دەوێستن و بە شەوا ئایەتانی خوا دەخوێننەوە و سەر دەخەنە سەر سوژدەوە؛ (١١٤) بڕوایان ھەیە بە خودا و ڕۆژی سەڵا و فەرمان بە چاکە دەدەن و ڕێگە لە خەراپە دەبڕن و بۆ خێر کردن ملە دەکەن؛ ئەوانە لە پیاوچاکانن. (١١٥) ھەر کارێکی چاک ڕەچاو کەن، بێ بەھرە نامێنێتەوە و خوا ئەوانەی لێی دەترسن، باش دەناسێ. (١١٦) ئەوانەی خودا نەناسن دارایی و ماڵ و مناڵیان ھیچ دەردێکیان دەرمان ناکا و لە لای خودا بەھرە نادا؛ جێگەیان ھەر جەحەندەمە و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن. (١١٧) ھەرچی ئەوان بەڕووبینی لە ژیاندا لە ماڵی خۆیان دەبەخشن، ھەر وەکوو ئەوشەختە وایە کە بۆ کێڵگەی ئەو کەسانەی ناھەقی لە خۆیان دەکەن، وەیشوومەیە. خوا ناھەقی لێ نەکردوون؛ بەڵام ئەوان ناھەقی لە خۆیان دەکەن. (١١٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بێژگە خۆتان دەگەڵ کەسا مەبنە ھامڕاز. ئەوان لە کار لێ تێکدانوو درێغ ناکەن؛ ھەر حەز دەکەن تووشی ناڕەحەتیتان کەن. جگە لەوەی کە دژایەتی ئێوەیان بە دەمدا دێت، غەرەزێکی لە دڵی ئەوان دایە فرەترە. ئەر تێبگەن، زۆر نیشانەمان بۆ ئێوە دەرخستووە. (١١٩) ئاگادار بن! ئێوە ئەوانتان خۆش دەوێ و ئەوان خۆشیان لە ئێوە نای. ئێوە بڕواشتان بەو کتێبە - گشتی - ھەس. ھەر وەختێکیش پێتان دەگەن، ئێژن: بڕوامان ھێناوە؛ بەڵام ھەر لێوو تەکینەوە - لە کینەیێ کە ھەیانە - سەرپەنجەی خۆیان دەگەزن. بێژە: دەک لە ڕکان بمرن! خوا بەوەی وا لە دڵدایە باش دەزانێ. (١٢٠) تا چاکەیەکتان بێتە ڕێ، خەمێ دەخۆن. ئەگەر تووشی ناخۆشی بن، کەیفێ دەکەن. ئەگەر ئێوە خۆڕاگر و پارێزگار بن، گزی و فێڵیان ھیچ زیان لە ئێوە نادا. خوا بە کردەیان دەزانێ. (١٢١) ئەوسا کە تۆ - سەرلەبەیان - کەس و کاری خۆت جێ ھێشت و جێگەت بۆ خاوەن باوەڕان لە شەڕگەدا دیاری دەکرد، خودا دەیبیست و دەیزانی. (١٢٢) لەو کاتەشدا کە دوو دەستە ھەر لە خۆتان خەریکی ورەبەردان بوون، ھەر خودا دەھانایان ھات. باوەڕداران کاروباریان دەبێ ھەر بە خوا بسپێرن. (١٢٣) وا دیتیشوو کە خودا لە شەڕی بەدرا سەری خستن؛ ھەرچەند کەم و بێ ھێزیش بوون. سا ھەر لە خودا ترسوو بێ؛ بەشکەم شوکری بەجێ بێنن. (١٢٤) ئەوسا کە تۆ بە خاوەن باوەڕەکانت ڕاگەیاند: ئەگەر خودا سێ ھەزار لە فریشتەکانی بۆ ئێوە بنێرێتە خوار، بێنە یاریو، بەستان نییە؟ (١٢٥) بەڵێ ئەگەر خۆڕاگرن و ترستان لە خودا ھەبێ، لە جەنگەی پەلاماردانی دوژمنوودا، پەروەرندەو پێنج ھەزار لە فرشتانی، بەدرۆشم و بەکۆمەکەوە دەنێرێ. (١٢٦) خودا ھەر بۆ ئەوە مزگێنێک بە ئێوە بدات و ھەر بۆ ئەوە دڵنیا بن، ئەو کارەی کرد. سەرکەوتنیش ھەر بە دەستی خودای خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (١٢٧) خوا دەیەویست لەو ڕۆژەدا ھێندێک لە خوانەناسەکان دەخوێنی خۆیان بگەوزن و ئەوی ماشن دەمکوت بن و بە ناھومێدی وەگەڕێن. (١٢٨) ئیتر لە شەڕ دۆڕاوەکان - چ لەو کارەی کردوویانە پەژیوان بن و خوا بیان بوورێ، یان لە سەر ناھەقییەکەیان ئازاریان بۆ بڕیار بدا - تۆ کارێکت بە کاری ئەواندا نییە. (١٢٩) ھەرچی لە ناو ئاسمانان و زەویدایە، بۆ خودایە. کێ حەز بکا لێی دەبوورێ و کێش حەز کا ئازاری بدا، خۆی دەزانێ. خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٣٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە سووت خواردن بتەکنەوە و چین لە سەر چین وەری مەگرن. لە خودا ترستان ھەبێ، بەشکوو بگەنە ڕزگاری. (١٣١) خۆشتان دوورەپەرێز بگرن لەو ئاگرەی نێڵ دراوە بۆ ئەوانەی خوانەناسن. (١٣٢) بەر فەرمانی خودا و ئەم پێغەمبەرەش بن، بەشکوو بەر بەزەیی کەون. (١٣٣) پەلە بکەن بۆ گەیشتن بە بەخشینی پەروەرێنتان و بەھەشتێ کە ھەراوی بە ئەندازەی ئاسمانەکان و زەوینە و ساز کراوە بۆ ئەوانەی لە خواترسن. (١٣٤) ئەو کەسانەی لە تەنگانە و فەرحانیدا، ماڵی خۆیان لە ڕێی خودا دەبەخشن و ڕکی خۆیان دەخۆنەوە و لە مەردم چاوپۆشی دەکەن؛ خوا چاکەکاری خۆش دەوێن. (١٣٥) ئەو کەسانەی ھەرگا کاری خراپ دەکەن، یان ناحەقی لە خۆ دەکەن خودا لە بیر نابەنەوە و لەبەری دەپاڕێنەوە: لە خەتاکانیان ببوورێ؛ بێژگە خوداش کێ لە گوناھان دەبوورێ؟ جا ئەوانە لە سەر کارێ کە زانیویانە ھەڵەیە، پێ داگر نین. (١٣٦) ئەوانە پاداشیان لە لای پەروەرێنیان لێ بووردنە و باغاتێکە کە جۆباران بە بەریاندا دەڕۆن و ھەر لەو باغاتە دەمێننەوە. بەە! چەندە جوانە پاداشی ئاکارچاکان. (١٣٧) بەر لە ئێوە زۆر ڕێگا و شوێن تێپەڕیون. جا ئێوە لەم سەرزەمینە گەشتێ بکەن و سەرنج بدەن کە ئاخری کاری ھەق بەدرۆزانان بە کوێ گەیشت؟ (١٣٨) ئەمە پەندی بۆ ھەموو خەڵک تێدایە و نیشانەیە لە خوداوە و بۆ ئەوانەی دەیانەوێ خۆپارێز بن، ڕێشاندەرە. (١٣٩) با سستی ڕووتان تێ نەکا و خەمیش مەخۆن. ھەر ئێوەن کە سەردەکەون، ئەگەر بڕواو بە خوا ھەیە. (١٤٠) ئەگەر ئێوە بریندار بوون، دوژمنیشتان وەک ئێوە بریندار بووە. ئێمە ئاوا لە ناو خەڵکا زەمانە دەستاودەس دەکەین، ھەتا خودا خاوەن باوەڕان بناسێ و کەسانێکیش بۆ شایەتی لە بەینتانا ھەڵبژێرێ. خودا خۆشی لە ناھەقیکاران نایە. (١٤١) ھەتا خودا باوەڕداران ھەڵاوێرێ و بێ باوەڕان لە ناو بەرێ. (١٤٢) ئاخۆ ئێوە لاتان وایە ھەر سەربەخۆ دەچنە بەھەشت؟ کەچی ھێشتا خودا خەباتکاران و خۆڕاگرانی ئێوەی دیاری نەکردووە. (١٤٣) بەر لەوە تووشی مردن بن، ئارەزووی مردنوو دەکرد. سا ئەوا مەرگە ھاتووە و ئێوە زەق تماشای دەکەن. (١٤٤) موحەممەد پێغەمبەرێکە و چیتر نییە؛ لە پێش ئەویش زۆر پێغەمبەر ھاتوون و چوون. ئەگەر بمرێ یان بکوژرێ، لە ئیسلام پاشگەز دەبنەوە؟ ھەرکەس پاشگەز ببێتەوە، زیانێک بە خودا ناگەینێ. خودا پاداشی سوپاسگوزارانی دەدا. (١٤٥) ھیچ کەسێکیش بە بێ ئیزنی خودا نامرێ. کە مردنی ھەر کەسێکیش وەختەکەی بۆ دانراوە و لە لای خوداوە نووسراوە. کێش ھەر خۆشی لە دنیادا ئارەزوو بێ، خوا دەیداتێ؛ ھەر کەسێکیش خۆشی ئەو دنیای گەرەک بێ، خودا ئارەزووی پێکدێنێ. ئەوانەش وا شوکر دەکەن، زوو جەزایان دەدەینەوە. (١٤٦) بەشی زۆر لە پێغەمبەران دەگەڵ گەلی خواپەرستانی ھەڤاڵیان چوونە خەزا، ھەرچەند بەڵای لە ڕێی خودا تووشی ھاتن، نە ھیچیانی سستەوە کرد نە زەبوونی ڕووی تێکردن. لەوانەی کە خۆڕاگرن، خوا خۆشی دێ. (١٤٧) ھەر ئەوەندەیان درکاند، دەیانگوت: ئەی پەروەرێنمان! تۆ لە گوناھان و لە ئەندازە لادانمان ببوورە و جێ ھەنگاومان پتەوتر کە و بە سەر خودانەناساندا زاڵمان بکە. (١٤٨) ئەوسا خودا پاداشی ئەم دنیا و چاکەپاداشی ئەو دنیای پێدان. خوا کارچاکانی خۆش دەوێ. (١٤٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر ئێوە وەشوێن خوانەناسان کەون، بەرەو پاشوو دەگەڕێنەوە و تووشی زیانباری دەبن. (١٥٠) بزانن کە گەورەی ئێوە ھەر خودایە و ئەو چاکتر یاریدەرە. (١٥١) ئەوانەش کە خوانەناسن، چونکە بێ ئەوە بەڵگەیان لە حەواوە بۆ ھاتبێ ھاوکار بۆ خودا دەناسن، ترسێ داوێژینە دڵیان؛ ئەنوایان لە ناو ئاگرە و جێی ناھەقان خراپترین جێگە دەبێ. (١٥٢) خوا بەڵێنی بە ئێوە دا و بەجێی ھێنا: ئەوسا کە بە دەستووری خوا دەتان کوشتن، تا ئەو کاتەی ئەو تاڵانەی بە تەمای بوون ھاتە بەرچاو، ئیتر کێشەو لە ناو خۆتان لێ پەیدا بوو؛ لە فەرمان سەرپێچیتان کرد. ئی وا ھەبوو حەزی لە ماڵی دنیا بوو، ئی واش ھەبوون خۆشی ئەو دنیایان دەویست. پاشان ھەر تا بتان ئەزموێ، لە شەڕیانی گێڕانەوە. وا ئەو ھەلەش لێتان خۆش بوو. خودا خاوەنی چاکەیە لە سەر خاوەن باوەڕەکان. (١٥٣) ئەو کاتەی کە ڕاتان دەکرد و ئاوڕتان وەسەر ھیچکەس نەدەداوە، پێغەمبەریش لە دواوە گازی دەکردن؛ جا خوا جەزای خەمی ھەر بە خەم دانەوە. نەکا لە بەر ئەوەی وا لە دەستان چووە و ئەوەی کەوا تووشتان بووە خەفەت بخۆن. خودا لەو کارانەی دەیکەن ئاگادارە. (١٥٤) پاش ئەو خەمە ئارامییەکی ناردە سەرتان، کە بریەتی لە ئۆقرەی خەو لێ کەوتن بوو، بە سەر ھێندێکانوو داھات؛ ھێندێکیشتان ھەر تەنیا خۆتان لە بیر بوو. ئێوەش ھەر وەک خوانەناسەکانی پێشین بیروو لە خوا دەکردەوە، دەیانگوت: ئاخۆ لەم کارە چن بۆ دەکرێ؟ بێژە: گش کار بە دەس خودان. ئەوانە نھێنی دڵیان لە لای تۆ ئاشکرا ناکەن؛ ئێژن: ئەگەر بە دەستە خۆمان بووایە، ئێمە لێرە نەدەکوژراین. بێژە: ئێوە ئەگەر لە ماڵی خۆشتان بان، ئەو کەسانەی کوشتنیان لە سەر نووسراوە، دەھاتنەوە جێی تخێڵ بوونی جەندەکەیان. خوا دەیەوێ دڵتان تاقی بکاتەوە و ھەرچی لە دڵتاندا ھەیە دەری ھاوێ. خوا لە ڕازی دڵەکانتان ئاگادارە. (١٥٥) ئەوانتانە وا ڕایان کرد - لەو ڕۆژەدا کە دوو کۆمەڵ گەیشتنە یەک - شەیتان ھەڵیخلیسکاندن، لە بەر کارێ کە کردوویان؛ خوایش بەخشینی. ھەر خودایە کە لە گوناھان دەبوورێ و لە سەر خۆیە. (١٥٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە وەک ئەوانە مەبن کە خودایان نەدەناسی و سەبارەت بە براکانیان - کە لە سەفەر، یان لە شەڕی دوژمنان بوون - دەیانگوت: ئەگەر ئەوانە لامان مابان، نەدەمردن، نەدەکوژران. ھەر بۆیە بوو خودا بیکا بە ئاخ و داخی سەر دڵیان. خودایە کە ژینێ دەدا و دەشمرێنێ و ھەر کارێکی ئێوە دەیکەن، خوا دەیبینێ. (١٥٧) ئەگەر لە ڕێی خودا بمرن، یان لە ڕای خودا بە کوشت چن، دیارە لێ خۆشبوونی خودا و بەزەیی ئەو زۆر چاکترە لەو شتەی کۆی دەکەنەوە. (١٥٨) چ بمرن و چ بکوژرێن، بێ گومانە کە لای خوا کۆدەکرێنەوە. (١٥٩) لە بەزەیی خوداڕایە کە تۆ ھێندە نەرم ونیانی دەگەڵیان؛ ئەگەر یەکێ دڵڕەق و توند و تۆسن بای، بڵاوەیان لێ دەکردی. تۆ بیان بوورە و لە لای خودا داوای بووردنیان بۆ بکە و لە کار تەگبیریان پێ بکە. وەختێ لێ بڕای کارێ بکەی، ھەر بە تەمای خوا تێکەوە؛ خودا ئەوانەی خۆش دەوێ کە خۆیان ھەر بەو دەسپێرن. (١٦٠) ئەگەر خودا و دەھانا بێ، کەس بەسەرتاندا زاڵ نابێ؛ ئەگەر وازیشتان لێ بێرێ، کێیە پاشان پێی دەکرێ یاریدەو بکا؟ با ھانای خاوەن باوەڕان ھەر خودا بێ و خۆیان بە وی بسپێرن. (١٦١) بۆ ھیچ پێغەمبەرێ ناشێ دەگەڵ خەڵک، فێڵ و فەرەجان بنوێنێ؛ ھەر کەسێکیش فێڵبازی و دەسبڕی بکا - بەو تەشقەڵەوە کە دەیکا - ڕۆژی قیامەت دەبیندرێ و ئەوسا ھەر کەس لە بارتەقای کردەوەی خۆی سزا دەدرێ و ھیچ ناھەقیان لێ ناکرێ. (١٦٢) ئاخۆ کەسێ ھەر بۆ ڕەزای خوا کۆشیوە، وەک ئەوەیە کە خودای لەخۆی تووڕەکرد؟ کە ئەنوای ئەم جەھەندەمەو چارەنووسی خراپی ھەس. (١٦٣) بۆ ھەموو ئەو دووجوونانە خودا چەند پلەی داناوە و ھەر خۆی لە ھەموو کردەیان چاوەدێرە. (١٦٤) باوەڕداران بەر منەتی چاکەی خودان؛ کە یەکێک ھەر لە خۆیانی ناردووە پێغەمبەریان بێ؛ نیشانەکانی خودایان بەسەردا دەخوێنێتەوە و بە پاکژی ڕایان دەگرێ و لە کتێب و کارزانیدا ڕایان دێنێ؛ کە دەپێشدا ھیچیان لە ھیچ نەدەزانی. (١٦٥) ئاخۆ کاتێ زیانوو لە دوژمن پێگەیشت - کە جارێکیش دوو ئەوەندەو زیان لێدان - ھیچ پرسیتان: زیانەکەمان لە چی بوو؟ بێژە: لە خۆتانەوە بوو، خوا بە ھەموو شت توانایە. (١٦٦) ھەرچی ئەو ڕۆژە تووشوو ھات - وا دوو کۆمەڵ بەیەک گەیین - [گشتی] بە ئیزنی خودا بوو، ھەتا خاوەن باوەڕەکان نیشان بدا؛ (١٦٧) تا دووڕووگەلیش بناسێ؛ پێن وترا: ئێوەش وەرن لە ڕێی خودا خەزا بکەن، یان ببنە ھێزی بەرگری. گوتیان: ئەگەر بنزانیبا شەڕوو بەسەردا سەپاوە، دیارە وەدووتان دەکەوتین. ئەوێ ڕۆژێ لە بێ دینی نزیکتر بوون تا لە باوەڕی بە خودا. ئەو شتانەی بە دەم دەیڵێن، ئەوە نییە کە ڕازە و لە دڵیاندایە؛ خوا لەوەی دەیشارنەوە ئاگادارترە. (١٦٨) ئەوانەی کە خۆیان نەچووبوونە خەزا، لەمەڕ ھاوەڵانیان دەگوت: ئەگەر بە قسەیان کردباین نەدەکوژران. بێژە: سا ئەگەر ڕاست دەکەن، خۆ لە مردن بپارێزن. (١٦٩) ئەو کەسانەی لە ڕێی خودادا کوژراون، ھەرگیز نابێ بەمردوویان حیساب بکەن؛ ھەر زیندوون و خودا بژیویان دەداتێ؛ (١٧٠) دڵیان خۆشە بەو چاکەیە کە خودا دەربارەی کردوون. شادن بەوەش کە ئەوانەی وا نەگەیشتوونە ئەمان و بە جێ ماون، ھیچ ترسێکیان لە سەر نابێ و ھیچ خەمێکیان لە بەر نابێ. (١٧١) دڵیان خۆشە بە نیعمەتی خودا و زیادە بە شانەی ئەو. بەوەش کە خوا پاداشی باوەڕدارەکان وندا ناکا. (١٧٢) ئەو کەسانەی کە لە پاش بریندار بوونیش فەرمانی خوا و پێغەمبەریان بەجێ ھێنا، بۆ ئەوانیانە وا کاری چاکیان کرد و لە خوا ترسان، پاداشێکی گەورە ھەیە. (١٧٣) ئەو کەسانەی پێیان وتن: گەلە کۆمەگیو لێ کراوە و بەپانەوە دێنە سەرتان، ئەشێ ترسوو لێیان ھەبێ؛ باوەڕیان بەھێزتر بووە و گوتیان: ئێمە ھەر خودامان بێ بەسمانە و چاکترین پشت و پەنامان تەنیا ئەوە. (١٧٤) ھاوڕێ دەگەڵ نیعمەت و چاکەی خودادا - بێ ئەوەی تووشی زیان بن - گەڕانەوە و ھەڵوەدای ڕەزای خودا بوون؛ ھەر خوداشە چاکەی گرینگی بە دەستە. (١٧٥) لە ڕاستیدا ئەوە شەیتانەڤو [گەرەکیە ئێوە] لە ھاودەستانی خۆی بترسێنێ. ئێوە لەوان ترسوو نەبێ و ئەگەر بڕوادارن دەبێ ھەر تەنیا لە من بترسن. (١٧٦) بەوانە نیگەران مەبە کە بە پەلە لە دژی دین تێ دەکۆشن؛ ناتوانن ھیچ زیانێکی لە خوا بدەن. خوا دەیەوێ کە ئەوانە لەو دنیا بەشێکیان نەبێ و تووشی ئازاری دژوار بن. (١٧٧) ئەو کەسانەی لەباتی بڕوا بە خودا، بێ بڕوایی ھەڵدەبژێرن، ھیچ زیان لە خوا نادەن و جەزرەبەی بەژانیان دەبێ. (١٧٨) با ئەوانەی خوانەناسن وا بیر نەبەن ئەو مۆڵەتەی دەیاندەینێ چاکە بۆیان؛ ھەر بۆیە مۆڵەتیان دەدەین تا تاوانیان فرەوە بێ. ئازارێکی ئاوڕووبەریش بەشیان دەبێ. (١٧٩) خوا ھیچ کاتێ باوەڕدارانی لە بارودۆخێکا - وا ئێوە ھەن - نەھێشتۆتەوە؛ مەگەر لە بەر ئەوەی ناپاکان لە پاکان ھەڵاوێرێ. خودا ئێوە لە پێوار ئاگادار ناکا؛ بەڵام خودا لە ناو پێغەمبەرانیدا، کێی بووێ ھەڵی دەبژێرێ. دەبێ ئێوە بڕواو بە خوا و بە پێغەمبەرەکانی بێ و ئەگەر ئەو باوەڕەو ھێنا و خۆشتان پاراست، پاداشێکی یەکجار گڕینگوو پێ دەدرێ. (١٨٠) ئەوانەی چنۆکی دەکەن لەو بەشەی خودا پێی داون، خەیال نەکەن ئەم کارە بۆ وان قازانجە؛ بەڵکوو بۆ خۆیان خراپە. ڕۆژی قیامەت دەبێتە تۆق دەملیاندا و [با بزانن کە] ئاسمانان و زەمینیش ھەر بۆ خودا دەمێنێتەوە و خودا لە ھەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە. (١٨١) خودا وتەی ئەوانەی بیست کە دەیان گوت: خوا ھەژارە و ئێمە داراین. وا ئێمە ئەم گفتەیان و بە ناحەق کوشتنی پێغەمبەرانیان بۆ تۆمار دەکەین و پێیان ئێژین: سا بچێژن دەردی بە ئاگر سووتانێ؛ (١٨٢) چونکە ئێوە ئەو جۆرە کارانەو دەکرد؛ خودا ھەرگیز غەدر لە عەبدی خۆی ناکا. (١٨٣) ئەوی گوتیان: «لە خواوە پێن سپێراوە کە باوەڕی بە ھیچ پێغەمبەرێک نەکەین، مەگین ئەوەی بە حەیوانێ قوربانییەوە بێتە لامان، ئاگر بیخوا»، بێژە: ئەگەر قسەو ڕاستە، ئەدی بۆچی پێغەمبەرەکانی پێش من چەند نیشانەی ئاشکراشیان بۆ ھێنان و ئەوەی ئێستاش ئێوە داوای دەکەن کردیان، کەچی ئێوە کوشتووتانن؟ (١٨٤) ھەروەک بڕوا بە تۆ ناکەن، لە پێغەمبەرانی پێش تۆش حاشایان کرد. ھەرچەند بە بەڵگەی ئاشکرا و نوسراوگەل و کتێبی دیاری دەرەوە ھاتنە لایان. (١٨٥) ھەموو کەسێک تامی مردنێ دەچێژێ؛ ڕۆژی سەڵاش ھەقی خۆتان دەنێنە مشت. کێ لە ئاگر کلاکرێ و ببرێتەوە نێو بەھەشتەوە، دەیباتەوە و بەختەوەرە. ئەم ژیانەی سەر دنیا بنەمای فریوە. (١٨٦) ئێوە لە گیان و دارایی بەر تاقیکاری دەکەون و لەوانەی ئەھلی کتێبن و لەو کەسانەی شەریک بۆ خودا دادەنێن، زۆر قسەی ناخۆش دەبیسن و ئازاری زۆریشتان دەدەن. جا ئەگەر خۆڕاگر بن و لە ناڕەوا بە پارێز بن، کارێ جامێرانە دەکەن. (١٨٧) ئەوسا خودا بەڵێنی لەو کەسان ساند کە کتێبیان بۆ ھاتووە، بە مەردمی ڕاگەیێنن و نەیشارنەوە؛ کەچی ئەوان لە پەیمان پاشگەز بوونەوە و بە نرخێکی کەمیان فرۆت؛ ئای کە سەودای خراپیان کرد. (١٨٨) قەت وا مەزانە ئەوانەی دڵ خۆش ئەکەن بە کارێ کردوویانە و پێیان خۆشە بۆ کارێ کە نەیانکردووە تاریف بکرێن، لە جەزرەبە ڕزگار دەبن؛ جەزرەبەی بەژان بۆ وانە. (١٨٩) لە عاسمانەکان و زەمیندا فەرمان، فەرمانی خودایە و خودا بە سەر ھەموو شتدا توانای ھەیە. (١٩٠) لە ئافراندنی ئاسمانان و لە زەمیندا و ئاڵوگۆڕی شەو و ڕۆژان، زۆر نیشانەی پتەو ھەیە بۆ ئەوانەی کە خێوی دڵی وشیارن. (١٩١) ئەوانەی - چ بە وێستاوی و چ لەجێوە، بە دانیشتن، چ لە سەر تەنیشت ڕادەزێن - ھەر یادی خودا دەکەن و لە سازدانی ئەم عاسمانان و زەمینە ڕادەمێنن، دەڵێن: ئەی پەروەرندەمان! تۆ ئەم دەزگایەت بە فیڕۆ ساز نەداوە، پاکی و بێ عەیبی بۆ تۆیە؛ ھەر بۆ خۆشت لە ئازاری بە ئاگرمان بپارێزە. (١٩٢) پەروەرێنمان! ھەر کەس تۆ بیخەیتە ئاگر، تووشی شوورەییت کردووە. ئەوانەی ناھەقیکارن، ھیچ کەس دەھانایان نایە. (١٩٣) پەروەرێنمان! ئێمە بیستمان بانگ ڕایەڵێک گازی دەکرد کە باوەڕی بە پەروەرندەتان بێنین. ئێمەش باوەڕیمان ھێنا؛ سا بۆ خۆت ئەی پەروەرێنمان! لە گوناھانمان خۆش ببە و ھەر خراپەی کردوومانە، وەیکوژێنە و دەگەڵ ئەوانەی پیاوچاکن بن مرێنە. (١٩٤) پەروەرێنمان! ئەو شتانەش بە ئێمە ڕەوا ببینە کە لە زوان پێغەمبەرانتەوە بەڵێنت پێمان داوە؛ شەرمەزاری ڕۆژی قیامەتمان مەکە. تۆ لە ھەر پەیمانێ بیدەی لاریت نییە. (١٩٥) پەروەرێنیان ئاوا بە دەنگیانەوە ھات، کە: من کردەی ھیچ مرۆیەک - لە نێر و مێ - بە بێ پاداش ناھێڵمەوە؛ گشتوو لە لای من چون یەکن. ئەو کەسانەی لە زێدی خۆ دەرکراون و لە ڕای من ئازاریان دیوە و چوونە خەزا و دژی منیان کوشتبێ یان بە کوشت چووبن، بێ گومانە گوناھیان دەکوژێنمەوە و لە پاداشی کردەوەیان دەیانخەمە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا؛ کە ئەمە چاکەی خودایە دەربارەیان؛ کە پاداشی ھەرەباشیش وا لای خوایە. (١٩٦) ھات و چوون و گڕوفڕی خوانەناسان لە وڵاتان، نەچێ ھەڵت خەڵەتێنێ. (١٩٧) ڕابواردنێکی ھندکە و پاشان شوێنیان جەحەندەمە و جێیان گەلێک بێ زەلەتە. (١٩٨) بەڵام ئەوانەی وا ترسیان لە پەروەرندەی خۆیانە، باغاتێکیان دەبێ جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا سەر تیا دەبن و میوانداری لای خودایە. ئەوەی کە لە خواوە دەدرێ ھەر بۆ پیاوچاکان ڕەوایە. (١٩٩) لە ناو ئەھلی کتێبیش کەسانی وا ھەن کە بڕوای بە خودا ھەیە و بەو قورئانەی کە بۆ ئێوە ھاتەخوار و بەو کتێبەی کە بۆ خۆیان ناردراوە، خاکەڕان لە ھەمبەر خودا و بەڵگە و نیشانەکانی خوا بە نرخی کەم سەودا ناکەن؛ ئەوانە پەروەرندەیان پاداشی کاریان دەداتێ. خودا زۆر زوو بە کاری ھەر کەس ڕادەگا. (٢٠٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خۆڕاگر بن، لە خۆڕاگریشا ھەر لە پێشەوە بن. بۆ پاراستنی سنوورگەل ھەمیشە ساز و تەیار بن. لە خواش ترسوو ھەبێ، بەشکەم ڕزگار ببن.   ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیساء وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی خەڵکینە! لە پەروەرندەکەی خۆتان ترسوو ھەبێ، کە ھەر ئەوە ئێوەی ھەر لە یەک کەسەوە خستۆتەوە و جووتەکەشی ھەر لەو کەسە خستۆتەوە و لەو دووانەوە پیاوی زۆر و ژنی زۆری وەدی ھێنا. لەو خودایە ترسوو ھەبێ؛ بە ناوی ئەو، ئێوە یەکتری سوێند دەدەن؛ ئاگاو لە خزمانیش ھەبێ. خوا ھەمیشە چاوێرە بەسەرتانەوە. (٢) ماڵی ھەتیو بدەنەوە بە ھەتیوان. ناپاک بە پاک مەگۆڕنەوە و ماڵی ئەوان تێکەڵ ماڵی خۆتان مەکەن؛ کە تاوانێکی مەزنە. (٣) ئەگەر لەمەڕ کیژە ھەتیوەکانەوە، لەوە ترسان کە نەتوانن بە تەرزێکی حەق و ڕەوا دەگەڵیان بجووڵێنەوە، دەتوانن وازیان لێ بێنن و ژنانی تر - چەندی خۆتان پێتان باشە و پێتان دەشێن - مارە بکەن؛ دووان بن یان سییان پێکەوە، یا چواریش بن ھەر ڕەوایە. ئەگەر ترسان کە نەتوانن ژنەکانتان وەکوو یەک تماشا بکەن، با یەکێک بێ وەل ئەوانە ڕابووێرن کە بوونەتە موڵکی خۆتان. بۆ خۆ لە غەدر پاراستن، ئەمە کارێ پەسندە. (٤) وەک پێشکەشێک مارەییی ژنەکان بدەن. ئەگەر ئەوان ھەر بۆ خۆیان شتێکیان لە مارەیییەکە بەنگۆ بەخشی، بیخۆن و نۆشی گیانوو بێ. (٥) ماڵی خۆتان - کە خوا کردوویەتە مایەی گوزەرانتان - مەدەنە دەست کەمئاوەزان؛ [بەڵام] جلک و بژیویان لە ماڵی خۆتان دابین کەن و بە ڕووی خۆشەوە بیاندوێنن. (٦) ھەتیوان تاقی کەنەوە تا دەبنە گەنجێ ڕەسیدە؛ جا ئەر دیتان خاس و خراپ لە یەکتر جوێ دەکەنەوە، ئەوسا ماڵیان بدەنەوە. لە ترسی ئەوەشدا نەوا گەورە ببن - بەدەر لە ئەندازە و بەلەز - ماڵیان مەخۆن. کێ زەنگینە خۆ پارێزێ، کێش نەدارە، ھەر ئەوەندەی کە پێویستیی ژیانیەتی - بە دابی ڕۆژ - لێی ھەڵگرێ. ھەرکاتێکیش ماڵەکەیان دەدەنەوە، با شایەت ئاگایان لێ بێ. بۆ لێ پرسینەوەش ھەر خودا بەسە. (٧) لە کەلەپووری دای و باب و خزمی نزیک - کەم بێ یان زۆر - نێرینە بەشی خۆی ھەیە و مێوینەش تیا بەشدارە و بەشیان بۆ بڕیار دراوە. (٨) گەر لە وەختی دابەشینی کەلەپووردا، کەسوکار و ھەتیوان و بێنەوایان لەوێ ھەبوون، لەو ماڵە شتێکیان دەنێ و بە ڕووی خۆشەوە بیاندوێنن. (٩) ئەو کەسانەی لەپاش خۆیان منداڵانی سەروپێچکەی بێدەستەڵات بەجێ دێڵن، با لە وەسیەت کردنێدا، ترسی خوایان لە دڵدا بێ و شتێکی وا لەپاش خۆیان ڕاسپێرن، ھیچ ناھەقیی تێدا نەبێ. (١٠) ئەو کەسانەی بە ناڕەوا داراییی ھەتیوان دەخۆن با بزانن کە ئاگرێ دەخەنە ھەناویانەوە و تووشی ئاگرێکی بە ھەڵپە و گڕ دەبن. (١١) خودا پێو ڕادەگەیێنێ: کەلەپوورتان با بۆ نێرینە دوو بەش و بۆ مێوینە نیوەی بەشی نێرینە بێ. گەر ژمارەی مێوینە لە دووان پتر بوون، دوو بەش لە سێ بەشی میراتەکە ئەبەن. ئەگەر مێوینە یەکێ بوو، نیوەی کەلەپوور بۆ ئەمە. ئەگەر مردوو عەولادی لەپاش بەجێ ما، دای و بابی، ھەرکامێکیان شەش یەکیان لەو ماڵە ھەیە. ئەگەر ھیچ فرزەندی نییە و دای و بابی دەبێ میراتەکە بگرن، لە سێ کوت، کوتێک بۆ دایکە. ئەگەر مردوو برا و خوشکی بەجێ ھێشتوون، پاش دانەوەی قەرزوقۆڵە و پێکھێنانی وەسیەتەکە، دایک شەش یەکی پێ دەبڕێ. ئێوە نازانن لە بابان و فرزەندانوو کامیان بۆ بەھرە پێدانوو نزیکترن. بڕیارێکە لە خواوە بۆو داندراوە. خودا زانای لەکارزانە. (١٢) لەو میراتەی لە ژنانوو بەجێ دەمێنێ - ئەگەر ھیچ فرزەندیان نەبوو - لە دوو بەش بەشێکتان ھەیە. ئەگەر عەولادیشیان ھەبوو، ئێوە چوار یەکوو پێ دەبڕێ؛ پاش دانەوەی قەرزوقۆڵە و وەسیەتێ کە کردوویانە. ئەگەر ئێوە مردن و عەولادوو نەبوو، ژنەکانوو چوار یەکی میراتوو دەگرن. ئەگەر عەولادیشتان ھەبوو، ژنتان ھەشت یەکیان پێ دەبڕێ؛ پاش پێکھێنانی وەسیەتتان و دانەوەی قەرزوقۆڵە. ئەگەر پیاوێ یاکوو ژنێ مرد و باب و فرزەندی لێ بەجێ نەما و برایەک یا خوشکێکی بوو، ھەریەک لەوان شەش یەکی کەلەپووری ھەس. ئەگەر لە یەکێک پتر بوون، بە ھەموویان سێ یەکی کەلەپوور دەگا؛ پاش پێکھێنانی وەسیەت و دانەوەی قەرز. ناشێ وەسیەت بە جۆرێک بێ کە بە ئانقەست بە زەرەری کەلەپوورگران تەواو بێ. ئەم بڕیارە لە خوداوەیە و خوداش بۆ خۆی ئاگادار و لەسەرخۆیە. (١٣) ئەم دەستوورانە سنوورن، خوا دایناوە. ھەرکەسێکی بە فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بێ، دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن و لەوپەڕی بەختەوەریدان. (١٤) ھەر کەسێکیش لە فەرمانی خوا و پێغەمبەرەکەی دەرچێ و سنووری خوا بە ھیچ بگرێ، دەیخاتە دووڕ ئاگرەوە و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبێ و بەوپەڕی سووکایەتییەوە ئازار دەدرێ. (١٥) ھەر ژنێکتان کە ھەستوو کرد نامۆیان بە خۆ فێر دەکەن، چوار کەسی خاوەن باوەڕیان بەرنە سەرێ - لەو عانەدا کە لێک جووت بوون - وەختێ ئەوان ھاتن شایەتییان لەسەر دان، ھەر لە ماڵدا قەتیسیان کەن تا بە مردن لەناو دەچن، یان تا خودا دەرەتانیان نیشان دەدا. (١٦) ئەو جووتەی لە ئێوە ئەو کارە دەکەن، ئازاریان دەن. ئەگەر پەشیمان بوونەوە و دەستیان ھەڵگرت و ڕێی چاکەیان گرتە بەر، ئێوە دەستیان لێ ھەڵگرن. خوا لە پەژیوان دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٧) خودا تۆبە ھەر لەوانە قبووڵ دەکا کە لە ڕووی نەزانینەوە خراپەیان لێ ڕوو دەدا و گورجێ پەژیوان دەبنەوە. خودا زانای لەکارزانە. (١٨) ئیتر پەژیوان بوونەوەی ئەوانە ھیچ بەھرەی نییە کە لە وەختی گیانەڵاودا دەڵێن: ئێمە پەژیوانین. پەژیوانیی ئەوانەشی قبووڵ نییە کە بە خوانەناسی دەمرن. ئێمە بۆ وان ئازارێکی زۆر بەژانمان ساز کردووە. (١٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆتان ڕەوا نییە ژنان بە زۆرداری بکەنە ماڵی میراتی. نابێ زۆریشیان بۆ بێنن بڕێک لەوەی پێتان داون دیسان لێیان بستێننەوە؛ جا مەگین ھەر بە ئاشکرا کاری بێناموسی بکەن. بە تەرزێکی جوان و ڕەوا، دەگەڵیانا بجووڵنەوە. ئەگەر خۆشتان نەھات لێیان، شتی وا ھەن حەزی لێ نەکەن و چاکەی زۆری لە خواوە بۆنگۆ تێدا بێ. (٢٠) ئەگەر ویستوو ژنی خۆتان بە ژنێکی دیکە وەگۆڕن، ئەگەر بە ژنەکەی پێشووتان کلوورێک دراوتان دابێ، نابێ لێیان بستێننەوە. گەرەکتانە بە بوختان و بە خۆ تووشی گوناحی ئاشکرا کردن بیستێننەوە! ؟ (٢١) جا چۆنیان لێ دەستێننەوە، کە ئێوە بەیەکەوە بوون و ھەر لە جێوبانێکدا خەوتوون؛ خۆشیتان لە یەکتر دیوە و ئەوان پەیمانی پتەویان دەگەڵ ئێوەدا بەستووە! ؟ (٢٢) ژنانێک مەخوازن کە باوانی ئێوە خواستوویانن، مەگەر ئەوەی کە بووریوە. چونکە سەرجێی ئەمانە بە داوێنپیسی دادەندرێ و زۆر شوورەیییە و ڕێبازێکی زۆر خراپە. (٢٣) ئەو ژنانەی پێو ناشێن و لەسەرتان حەرام کراون، بریەتین لە: دایک و کچ و خوشک و پلک و خاڵتیک و کچی برا و کچی خوشک و ئەو ژنانەی بە ساوایی شیری ئەمانوو خواردووە و ئەو کیژەی ھاوشیرتان بووە و خەسووتان و ئەو کیژانەی خۆتان بە خودانوو کردوون و لەو ژنانەن کە ئێوە دەگەڵیان خەوتوون؛ ئەگەر دەگەڵیان نەخەوتوون قەیدی نییە. ھەروەھا ژنی کوڕیشتان؛ کە بە ڕاستی ئەو کوڕە ھەر لە خۆتان بێ؛ دوو خوشکیش پێکەوە ھێنان ڕەوا نییە؛ جا مەگین ھەر لە پێشوودا ئەم کارەو بەسەر ھاتبێ. کە خوا لە ھەڵە دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢٤) ژنی بەشووتان پێ ناشێ؛ مەگین ئەوانەی بوونەتە ماڵی خۆتان. لە خوداوە ئەم بڕیارەو بۆ نووسراوە. جیا لەمە ڕێو دراوە بە دراوی خۆتان ژن بێنن؛ بەڵام بە پاکی بێ، نە بە داوێنپیسی. لە بەرانبەر ئەو لەزەتەی لە ژنەکانی دەبینن، ئەو ماڵەی خودا بۆیانی بڕیار داوە و کرای خۆیانە لەسەرتان، ئێوە بیدەن. ئەگەر لەپاش دیاریکردنی مارەیی، لە نێو خۆتاندا پێک ھاتن، ھیچ گوناھێکوو ناگاتێ و خودا زانای لەکارزانە. (٢٥) کێش دەستەنگە و ئەو ماڵەی بۆ ھەڵناسووڕێ کە ژنی خاوەن باوەڕی ئازاد بێنێ، با لەو کیژە باوەڕدارانە وا بوونەتە ئی خۆتان، مارە بکا. خوداش لە ھەر کەس زیاتر لە بڕواتان ئاگادارە. ھەمووتان تیرەی یەکترن؛ بە دەستووری خاوەنیان مارەیان بکەن. چۆن باوە لە ناو خۆتاندا مارەیییان بۆ ببڕنەوە. ئەوانیش با کەنیزانێ داوێنپاک بن، نە داوێنتەر؛ لە ژێرەوە دۆستی نێرینەیان نەبێ. بەڵام ئەگەر لەپاش ئەوەی ھاتنە بەر ڕکێفی ئێوە، دەستیان دەگەڵ پیاوی نامەحرەم تێکەڵ کرد، ئازاردانیان نیوەی ئەو ژنانە دەبێ کە شوویان ھەیە و ئازادن. ئەمە بۆ ئەو کەسانەیە ڕەبەنی ئازاریان دەدا. ئەگەر ئێوە خۆڕاگر بن، بێگومان بۆتان باشترە. خودا لە ھەڵە دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢٦) خوا گەرەکیە ڕێتان بۆ ڕوون بکاتەوە و لە ڕێوشوێنی پێشینییانیش شارەزاو کا و پەژیوانیو لێ قبووڵ کا. خودا زانای لەکارزانە. (٢٧) خودا دەیەوێ تۆبەتان لێ قبووڵ کا. ئەوانەش وا ئەکەونە شوێن ھەوا و ھەوەس، دەیانەوێ - بە تەواوی - ئێوە لە ڕێگە لا بدەن. (٢٨) خوا گەرەکیە ئەرکتان لەسەر سووک بکا و مرۆش بێ ھێز و پێزی دروست بووە. (٢٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ماڵ و داراییی یەکتری - لە خوتوخۆڕایی - مەخۆن؛ مەگین بە سەودا و مامڵە و بە ڕازی بوون لە ناو خۆتان؛ کە ئەوسا پێتان ڕەوایە. بەھەق نەبێ، نابێ یەکتریش بکوژن. خودا دەربارەی ھەمووتان دلۆڤانە. (٣٠) ھەرکەسێکیش لە ناھەق و ھەر بە نیازی دەسدرێژی ئەم جۆرە کارانە بکا، گرفتاری ئاری دەکەین. ئەم کارە لەلایەن خودا زۆر ھاسانە. (٣١) ئەگەر ئێوە ئەو تاوانە زەلامانەی پێمان ڕاگەیاندوون نەیکەن و خۆتان دوورەپەرێز بگرن، ھەڵە و پەڵەی دیکەتان لەسەر لا دەبەین و دەتانبەینە شوێنێکی بەقەدر و عیزەت. (٣٢) نابێ ئاوات بەو شتانە بخوازن کە خودا بەوانە ھێندێک لەنگۆی بەرانبەر بە ھێندێکی تر سەر خستووە. پیاوان بەپێی کردەوە و کۆششی خۆیان، ژنەکانیش بەرانبەر بە کردەوەیان [ھەر کام] بەشی خۆیان ھەیە. ئێوە دەبێ ھەر لەبەر خودا وەپاڕێن، چاکەتان دەربارە بکا. خودا بۆ خۆی لە ھەموو شت ئاگادارە. (٣٣) دای و باب و خزمە زۆر نزیکەکان و ئەو کەسانەی پەیمانوو دەگەڵ گرێ دان، ھەرگا مردن و ماڵێکیان لە دووا مابوو، با بەشی خۆیان پێ بگا. خودا لەسەر ھەموو شتی ئاگادارە. (٣٤) پیاوان بەسەر ژناندا دەستەڵاتیان ھەس، کە خوا ھێندێکی لە ھێندێ ھێژاتر بەدی ھێناوە. دیارە پیاوان ئەرکی بەڕێچوونی ماڵیان لەسەر شانە. جا ژنانی باش ئەوانەن کە گوێبیسن و - وەک خودا فەرمانی داوە - دوور لە شوویان شەرمی خۆیان دەپارێزن و ئاگایان لە ماڵێ دەبێ. ئەو ژنانەش لە ئەشقی بوونیان دەترسن، نسحەت کەن و جێگەیان لێ جیا کەنەوە؛ ئەگەر لێشیان بدەن، دەبێ. ئەگەر دێنەوە بەر فەرمان، ئێوە بیانووی ئازاردانیان مەدۆزنەوە. خوا جێ بەرز و زانایە. (٣٥) ئەگەر ترسان کە ژن و شوو لێک دوودڵن و وێک ھەڵناکەن، کەیخودایەک لە کەسوکاری پیاوەکە و کەسوکارێکی ژنەکە بڵا ببنە ناوبژیکەر؛ ھەرگا ھەردووک لا ڕازی بوون پێک بێنەوە، خوا پێکیان دێنێتەوە، خودا زانا و ئاگادارە. (٣٦) عەبدایەتیی خوا بکەن و ھیچ شت مەکەن بە شەریکی. دەربارەی دای و بابتان و خزمەکان و ھەتیوان و ھەژاران و ھاوسای دیوار بە دیوار و ھاوسای دوور و ھەواڵی ھەمیشەییتان، ئەوانەی لە ڕێدا ماون و ئەوانەی بوونەتە موڵکتان، تا دەتوانن چاکە بکەن. ئەو کەسانەی لووت بڵند و خۆپەسندن، خودا ھیچکامی خۆش ناوێن. (٣٧) ئەو کەسانەی چکووسی دەکەنە پیشە و خەڵکیش بۆ ڕژدی ھان دەدەن، ئەو بەشەی خودا پێی داون دەیشێرنەوە. [با بزانن کە] ئێمە بۆ پێنەزانان ئازاری ئابڕووبەرمان ئامادەیە. (٣٨) ئەو کەسانەش کە بۆ ڕووبینی لە مەردم، ماڵی خۆ بەخت دەکەن و باوەڕیشیان بە خوا و ڕۆژی قیامەت نییە، [ھەواڵەتیی شەیتان دەکەن]؛ ھەر کەسیش شەیتان یاری بێ، خراپترین یاری ھەیە. (٣٩) چییان لێدەھات ئەمانە، باوەڕیان بە خودا و ڕۆژی سەڵا و ئەوسا لەو ماڵەی کە خودا بەشی داون، بیانبەخشیبا؟ خوا بە کاروباری ئەوان باش دەزانێ. (٤٠) خوا بە سەنگی مێروولەی زەردی وردیلەش ناھەقی لە ھیچکەس ناکا؛ بەڵام ھەمبەر بە ھەر چاکەیەکی بیکەن، دوو ئەوەندە پاداش دەدا و سەرەڕای ئەو پاداش دانەش خەڵاتی گرینگیان ھەیە. (٤١) دەبێ چۆن بێ ئەگەر ئێمە لە ھەر کۆمەڵێ ھاوئایین یەکێکمان لێ ھەڵبژاردن کە ببنە شایەت لەسەریان؟ تۆشمان کردە شایەتێک لەسەر ئەمانە. (٤٢) ئەوێ ڕۆژێ ئەو کەسانەی لە ڕێی خودا کلا بوون و بە قسەی پێغەمبەریان نەکرد، حەزێ دەکەن ڕێکی ڕووکاری زەوی بان؛ ناشتوانن ھیچ قسەیێک لە خودا وەشێرن. (٤٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەسەرخۆشی لە نوێژێ نزیک مەبنەوە، ھەتا تێبگەن دەڵێن چی. بە لەشپیسیش نوێژێ مەکەن - مەگین وەختێ ڕاگوزەر بن - تا کاتێ کە خۆ دەشۆرن ن ئەگەر - دنیابوو - نەخۆش بوون یان ڕێبوار بوون یان یەکێکتان لە سەر پێشاوێ ھاتەوە یان تخونی ژنان کەوتن و دەستوو بە ئاو ڕانەگەیشت، خۆڵێکی پاک پەیدا کەن و ڕووخسار و دەستەکانتانی پێ بھەنوون. خودا چاوپۆشیو لێدەکا و لێو دەبوورێ. (٤٤) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە کە بەشێک لە کتێبی خودایان پێدراوە، چۆن ڕێ لە خۆ ھەڵە دەکەن، دەشیانەوێ ئێوەش لە ڕێگە لا بدەن؟ (٤٥) خودا دوژمنانی ئێوە لە خۆتان باشتر دەناسێ، ئێوە ھەر خودا یاریدەرتان بێ، بەسە. (٤٦) ھێندێ کەس لە جوولەکەکان، وتاری خوا دەگۆڕن و قسەی تری دەخەنە جێ. بە تۆش دەڵێن: بیستمان و گوێمان نەدا؛ تۆش ببیسە: دەک قەت گوێت لە ئێمە نەبێ! زمانیان دەلالچ دەگرن و تانە لە دینت دەدەن و بە تەشەر ئێژن: «ڕاعنا». ئەگەر ئەمان بیانگوتایە: بیستمان و بە قسەت دەکەین و لێمان بیستی و دەبێ چاوێکت لێمان بێ، بۆیان چاکتر و ڕاستتر بوو. بەڵام خودا لە سەر ئەو ڕێ گۆڕینەیان نەفرینی خۆی لێ کردوون و لەوانە - کەمێکیان نەبێ - نایانەوێ بڕوا بێنن. (٤٧) ئەی ئەوانەی لە پێشوودا کتێبی خوداو بۆ ھاتبوو! بڕوا بێنن بەمەی ئێمە ناردوومانەتە خوارەوە؛ کە بڕوای بەوانەش ھەیە وان لە کتێبەکەی ئێوەدا. بەر لەوەی دەموچاوگەلێ ساف بکەین و وەکی پشتی سەریان لێ کەین، ئێوەش ھەروەک ئەوانەی شەمۆیان شکاند، بەر نەحلەتی ئێمە کەون و خوا بە ھەرچی فەرمان بدا ھەر وەدی دێ. (٤٨) خودا لەوانە خۆش نابێ کە بێژن ھاوکاری ھەیە. لەمە بەدەر ھەرکێ خودا مەیلی لێ بێ، لێی دەبوورێ. ئەو کەسانەی دەڵێن: خوا ھاوکاری ھەیە، بوختانێکی گەورەیان لە دەم دەردەچێ و تاوانێکی مەزن دەکەن. (٤٩) تۆ لەوانەت نەڕوانیوە کە ھەر خۆیان پاکانە بۆ خۆیان دەکەن؟ نازانن پاکانەی ھەر کەس بە خودایە و ھەر خودایە کە بە قەد ھەودای باریکی ناوکەخورماش ناھەقی لە ھیچ کەس ناکا. (٥٠) دەبڕوانە درۆی چلۆن بە دەم خواوە ھەڵدەبەستن؛ تاوان لەمە ئاشکراتر [نەبووە و] نابێ. (٥١) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە، کە وا بەشێک لە کتێبیان پێدراوە و بە بت و تاغووتێ بڕوایان ھێناوە؟ ئێژن: ڕێ خوانەناسەکان لە ڕێگەی بڕوادارەکان سەرڕاستترە! ؟ (٥٢) ئەوانە وەبەر نەحلەتی خودا کەوتوون؛ ھەرکێ خوا نەحلەتی لێ بکا، ھیچ کەسێ دەھانای نایە. (٥٣) ئاخۆ ئەمان بەشیان بەو موڵکەوە ھەیە؟ ئەگەر بیشیانبێ، ئەوەندەی تێکوڵی دەنکە خورمایەک بەھرەیان بۆ مەردم نییە. (٥٤) یان ئەوانە ئێرەیی بەمانە دەبەن کە خوا چاکەی دەگەڵ کردوون؟ خۆ دیاریشە ئێمە بە بەرەی ئیبراھیم کتێب و کارزانیمان داو دەستەڵاتێکی گەورەشمان پێ سپاردن. (٥٥) بڕێک بڕوایان پێ ھێنا و بڕێکتر ڕوویان وەرگێڕا؛ کە ئەوانە کڵی جەھەندەم [بەشیانە] بەسیشیانە. (٥٦) ئەو کەسانەی لە نیشانەکانی ئێمە حاشادەکەن، لە دواڕۆژدا بە ئاگر دەیان سووتێنین ھەتا پێستیان داپلۆخا، پێستی تریان بۆ دەگۆڕین تا ئازار پتر بچێژن. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٥٧) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەنی بڕوا و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکەن، دەیانبەینە باغاتی وا جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن؛ ژنانی پاک لە گش عەیب و سێبەری پڕیان دەدەینێ. (٥٨) خودا فەرمانوو پێدەدا، ھەرچی ماڵی ئامانەتە بیاندەنەوە بە خاوەنیان؛ ھەرگایەکیش بەکاری مەردم ڕادەگەن، بێ لاگری و بە یەکسانی پێ ڕابگەن. خودا زۆر باش ئامۆژگاریتان بۆ دەکا. خودا ھەموو شتێک دەبیسێ و ھەموو شتێکیش دەبینێ. (٥٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بە فەرمانی خودا و پێغەمبەری خودا و کاربەدەستانی خۆتان بن. ھەرکاتێکیش لە سەر شتێ لە نێو خۆدا پێک نەھاتن، ئەگەر بڕواتان بەخودا و بەڕۆژی قیامەتێ ھەیە، کێشەی خۆتان حەواڵەی خوا و پێغەمبەری خودا بکەن. ئەم کارە بۆتان باشترە و ئاکامی چاکتری ھەیە. (٦٠) ئەدی ئەوانەت نەدیوە، وا خۆیان ھەڵخستۆتەوە، بەو قورعانەی بۆ تۆ ھاتۆتە خوارەوە و بەو کتێبەش کە بەر لە تۆ ناردراوە، بڕوا دەکەن؛ دەشیانەوێ کێشەیان بەرنە لای تاغووت؛ فەرمانیشیان پێدراوە: حاشای لێکەن. دیارە شەیتان وای گەرەکە بە یەکجاری لە ڕێگەیان ھەڵە بکا. (٦١) ئەگەر بێتوو پێتان بڵێن: وەرنە لای ئەم قورعانەوە کە خوا ناردوویەتە خوارێ و وەرنە لای ئەم پێغەمبەرە، دووڕازەکان دەبینی کە زۆر بەتوندی ڕوویان لە تۆ وەردەگێڕن. (٦٢) ئەدی چۆنە ئەوانە لە سەر کارێ خۆیان دەیکەن، ھەرگا تووشی بەڵایەک بوون، دێنە لات و بە خوا سوێن دەخۆن کە: ئێمە بە نیازی چاکە کردن و نێوان خۆشی ئەو ئاکارەمان ڕەچاو کرد؟ (٦٣) خوا دەزانێ ئەوانە چییان لە دڵدایە. ئەتۆ ھەر وازیان لێ بێنە و نسحەتیان کە و تەرزێکی وایان بدوێنە، دڵیان بەرەو خۆت ڕاکێشی. (٦٤) ھەر کەسێکمان بە پێغەمبەری ناردووە، بۆیە بووە کە بەخەڵک ڕابگەیێنێ، بە ئیزنی خوا دەبێ فەرمانی قبووڵ کەن. جا ئەمانەش لەپاش ئەوەی کە ئەو غەدرەیان لە خۆ کرد، گەر بھاتبانەوە لای تۆ و داوای خودا لێ خۆشبوونیان بکردایە؛ تۆیەکیش کە پێغەمبەری، داوای لە گوناھ بووردنت بۆ ئەوانە بکردبا، بێ گومان ئەوسا دەیاندی کە خوا پەژیوانیەکەیان قبووڵ دەکا و دلۆڤانە. (٦٥) بەڵام نەخێر، سوێندەکە بە پەروەرندەی تۆ ئەمانە نابنە خاوەنی بڕوا مەگین وەختێ کە لە کێشە و ھەرای نێوان خۆیانا بتکەنە قازی و لە دڵەوە بەھەر فەرمانێ تۆ بیدەی ڕەدایان بێ و بەتەواوی ملکەچی بن. (٦٦) ئەگەر ئێمە بۆ ئەمانەمان نووسیبا، کوشتاری خۆبەخۆ بکەن یان لە وڵاتوو دەرکەون - کەمیان نەبێ - نەیاندەکرد. کەچی ئەگەر وەکوو نەسیحەتیان دەکرا کردبایان، بۆ ئەوان چاکی دەھێنا و باوەڕیشیان بە خودا پتەوتر دەبوو. (٦٧) ئەوسا ئێمەش لە لایەنی خۆمانەوە پاداشێکی مەزنمان بەوان دەبەخشی. (٦٨) واشمان دەکرد کە لە ڕێگەی ڕاستی ئێمەش شارەزابن. (٦٩) ھەر کەسێکی بە فەرمانی خودا و ئەم پێغەمبەرە بێ، دەبێتە ھاوڕێی ئەوانەی خودا چاکەی دەگەڵ کردوون؛ لە ڕێزەی پێغەمبەران و خوداپەرستانی ڕاستی و شەھیدان و پیاوچاکەکان؛ چ ھاوڕێیانێکی چاکیشن ئەمانە! (٧٠) ئەم چاکەیە خودا دەربارەیان دەکا و خوایان بەسە کە بەکردەیان دەزانێ. (٧١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەمیشە ھۆشی خۆو ھەبێ و ئامادە بن دەستە دەستە، یان پێکەوە و بە تێکڕایی، بچنە خەزا. (٧٢) ھێندێکی واتان دەناو دان کە لە ئانقەست خۆ وەدوا دەدا و ناگاتێ. ئەگەر ئەوسا ئێوە تووشی چۆرتمێک بن، ئێژێ: خودا منی بەچاکە خوێندەوە کە من دەگەڵیاندا نەبووم. (٧٣) ئەگەر ئێوە لە سایەی چاکەی خوداوە دەسکەوتێ باشوو دەس کەوت، وەک کەسێکی کە دەپێشدا ھەر یەکتروو نەناسیبێ و دۆستایەتییتان نەبووبێ، ئێژێ: خۆزی منیش ڕەگەڵیان کەوتبام؛ ئەوسا منیش لەو خێروبێرە گەورەیە بەشدار دەبووم. (٧٤) با ئەوانەی بۆ قیامەتێ دەس لە دنیایە ھەڵدەگرن، بچنە خەزا لە ڕای خوادا. ئەوەش کە دەچێتە خەزا لە ڕێی خودا، چ بکوژرێ و چ سەرکەوێ لەو دنیا پاداشێکی گەورەی دەدەینێ. (٧٥) بۆچی ئێوە ناچنە خەزا لەڕای خودا و لە بەر ھێز لێ گیراوەکان؟ لە بەر پیاوان و ژنان و منداڵانێ کە دەڵێن: ئەی پەروەرێنمان! لەم شارە وا خەڵکەکەی ناھەقیکارن، ڕزگارن کەو لە لای خۆتەوە یار و یاوەرێکما بۆ دیاری بکە! (٧٦) ئەوانەی خاوەن باوەڕن، خەزا لەڕای خودا دەکەن. ئەوانەش کە خوانەناسن لە ڕێگەی تاغووت شەڕ دەکەن. دەسا ئێوە بچنە شەڕی ئەوانەی دۆستی شەیتانن، فێڵی شەیتان زەبوون و بێ ھێز و پێزە. (٧٧) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە، پێیان گوترا: ھەتا لە مەککەن شەڕ مەکەن؛ نوێژ بکەن و زەکات بدەن. کاتێ بیستیان خەزایان لە سەر نووسراوە و زانیان دەبێ بچنە شەڕێ، ئەوەندەیان لەو خەڵکەی کەدەچنە گژیان ترس ڕێ نیشت، کە لە خوداش ھەر ئەوەندە ترساون و بگرە پتریش دەترسان؟ دەیانگوت: ئەی پەروەرێنمان! بۆچی خەزات بۆ نووسیوین، چی دەبوو تا ماوەیەکی تر دوات خستبان؟ بێژە: ژیانی دنیایە کەم و کورتە و بۆ ئەوانەی کە ترسیان لە خودا ھەیە، ژیانی ئەولا زۆر باشترە و بەقەد داوی زراوی ناو دەنکە خورما، کەس ناھەقی لێ ناکرێ. (٧٨) لە ھەر کوێ بن تەنانەت ئەگەر لە قەڵای زۆر قایمیش [خۆ وەشێرن]، مردن دەتاندۆزێتەوە. ھەرگا چاکەیان دێتە ڕێ، ئێژن: ئەمە لە خواوەیە. ئەگەر تووشی ناخۆشیش بوون، ئێژن: ئەمە لە تۆڕا بوو. بێژە: خۆشی و ناخۆشی ھەر بە دەس خوایە. ئەرێ ئەم مەردمە چییانە؟ وەکوو دەھیچ قسەیەک تێنەگەن وایە! (٧٩) تووشی ھەر چاکەیەک ببی، لە خواوەیە. نا لەباریشت بێتەڕێ، بزانە کە لە خۆت ڕایە. تۆمان کل کرد کە بە سەر ئەو مەردمەوە پێغەمبەر بێ. ھێندەت بەسە کە خودا ئاگای لێت ھەیە. (٨٠) ھەر کەسێکی بەر فەرمانی پێغەمبەرە، دیارە بەر فەرمانی خوایە؛ ھەر کەسیش خۆی لێ ببوێرێ، ئێمە بۆیەمان تۆ نەنارد کە لەسەریان چاوەدێر بی. (٨١) [لە ناویاندا کەسانێ ھەن] ئێژن: ئێمە لە فەرمانی تۆ دەرناچین؛ بەڵام کە لێت دوور دەکەون - پێچەوانەی فەرمانی تۆ - شەوانە ڕاوێژێ دەکەن. ھەر خەیاڵێ کە لەشەودا بەدڵیاندا ڕادەبوورێ، خوا دەینووسێ. تۆ ئەشێ وازیان لێ بێنی و خۆت ھەر بە خودا بسپێری و کارسازت خودا بێ بەستە. (٨٢) ئاخۆ ئەمانە لە قورئان وردنابنەوە و [سەرنجی ڕانەکێشاون]؟ ئەگەر قورئان کاری کەسێکی تر بووایە غەیرەز خودا، دیارە مەبەستی ناڕێک و دژیەکتریان فرە تێدا پەیدا دەکرد. (٨٣) ھەرگایەکی سەبارەت بە ھێمنایەتی، یان مەترسی، دەنگ و باسێکیان پێدەگا، سەربەخۆ لە لای ھەموو کەس دەیکەنە قاو. گەر ھەر لە لای پێغەمبەر و کاربەدەستەکانی خۆیان بیانگوتایە، دەیانزانی ڕاستەقینەکەی کامەیە و ئەو جۆرە دەنگوباسانە لە کوێوە سەریان ھەڵداوە. ئەگەر چاکە و بەزەیی خواتان نەبووایە، - کەمتان نەبێ - دەبوونە پەیڕەوی شەیتان. (٨٤) تۆ لەسەرتە لە ڕای خودا بچیە خەزا و تۆ ھەر ئەرکی خۆت لەسەرە. دنەو ھانەی باوەڕدارەکانیش بدە، شایەت خوا لە بەدفەڕی و زەبروزەنگی خوانەناسان بووپارێزێ. خودا لەوان بەگوڕتر و ئازاترە و لە بەڵا بەسەرھێنانیش لەوان بەدەست و بردترە. (٨٥) ھەرکێ بێتە تکاکار و تکای بۆ کاری چاکە بێ، خۆیشی بەشی تێدا ھەیە. ھەر کەسێکیش تکا بۆ خراپە بکا، ئەویش بەشی لە خراپەکە پێدەگا. خودا لە سەر ھەموو شتێ توانایە. (٨٦) ھەر کەسێکی چاک و خۆشیتان لێدەکا، ئێوە چاکتر چاک و خۆشی دەگەڵ بکەن؛ یان وەکوو ئەو پرسڤەکەی بدەنەوە. خوا بە ھەموو شت ڕادەگا. (٨٧) غەیرەز خودا ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. لە ڕۆژی ھەستانەوەدا - کە ھاتنی بێ گومانە - لێکتروو کۆ دەکاتەوە. جا قسەی کێ لە قسەی خوا ڕاسترە؟ (٨٨) ئێوە چیتانە دەربارەی ئەو دووڕووانە، خۆتان کردۆتە دوو تاقم؟ لە بەر کارێ کردوویانە، بەراوەژووی کردوونەوە و [بە خوانەناسی داناون]. ئاخۆ ئێوە گەرەکتانە کەسێ خوا ڕێگەی لێ گوم کا، بیخەنەوە سەر ڕاستەڕێ؟ ھەر کەسێ کە خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، تۆ ناتوانی ڕێگایەکی بۆ پەیدا کەی. (٨٩) ئەو دووڕووانە - ھەروەک خۆیان بێدینن - گەرەکیانە ئێوەش لە دینوو وەرگێڕن؛ ئەوسا وەکوو یەکتان لێ بێ. جا تا ئەوان لە ڕای خودا خۆیان دەربەدەر نەکەن و وەلتان نەیێنە خەزایە، ئێوە دۆستایەتییان مەکەن. ئەگەر ئەم کارەشیان نەکرد، ئێوە لە ھەر کوێ تووشیان بوون، ڕێی ھەڵاتنیان مەدەنێ و فەراقی ڕەشیان لێ ببڕن. دەگەڵ ھیچ کامیش لەوانە دۆستایەتیتان ھەر نەبێ و یار و یاوەر لە نێویانا ھەڵمەبژێرن. (٩٠) مەگین ئەوانەی پەیمانیان دەگەڵ کەسانێکدا ھەیە، کە ئەوانیش بوونە ھاوپەیمانی ئێوە؛ یان ئەوانەی لە ناچاری ھاتوونە بەر داڵدەی ئێوە و لەو ناوەدا دوودڵ ماون بە گژ ئێوەدا بچن یا تووشی خزم کوشتن بن. ئەگەر خودا مەیلی لێ با، ھێندەی دەستەڵات پێدەدان کە بە گژتاندا بچنەوە و سەریش کەون. ئەگەر خۆیان لە ئێوە دوور خستۆتەوە و بە گژتاندا نەھاتوون و دەیانەوێ شەڕتان لە ناودا نەمێنێ، خودا ڕێگەی پێ نەداون کە ئێوە دەستیان بۆ بەرن. (٩١) دەگەڵ گرۆیەکی تریشا ئێوە ڕووبەڕوو دەبن کە دەیانەوێ ھەم لە ئێوە و ھەم لەخزم و کەس و کاریان ئارخەیان بن؛ ھەر وەختێکی ئەوان لێیان بگێڕنەوە، بێ سێ و دوو کردن دەچنە ناو خزمەکانیان. جا ئەوانە ئەگەر لێتان نەتەکنەوە و دەس لە بەدفەڕی ھەڵنەگرن، لە ھەر کوێ بەگیروو ھێنان بیان کوژن و مەھێڵن لە دەستوو ڕاکەن. ئەوا ئێمە لە سەر ئەوان دەستەڵاتی تەواومان داوە بە ئێوە. (٩٢) ھیچ باوەڕدارێ بۆی نییە باوەڕدارێکی تر بکوژێ، جا مەگین بە ھەڵە چووبێ. ھەر کەسێکیش باوەڕدارە و، باوەڕداری بەھەڵە بەدەست کوژراوە، دەبێ لە بری ئەو کوشتنە کۆیلەیەکی خاوەن باوەڕ ئازاد بکا و خوێنباییشی بدا بە کەس و کارەکەی. جا مەگین پیاوەتی بکەن و پێی ببەخشن. ئەگەر کوشتە باوەڕدارە و سەر بە ھۆزی دوژمنتانە، ئەوی بەدەستی کوژراوە لەسەریەتی کۆیلەیەکی باوەڕدار ئازاد بکات و [لە خوێنبایی وازبھێنن]. ئەگەر کوشتە لە ھۆزێکی خوانەناسە و دەگەڵ ئێوەدا سوێندخۆرن، دەبێ خوێنباییەکەی بدرێ و بەندەیەکی باوەڕداریش ئازاد بکا. ئەو کەسێکی ئەو کارەی لەدەس قەومیوە و ناتوانێ بەندە ئازاد کا، لەسەریەتی دوو مانگی ڕەبەق لەسەریەک بە ڕۆژوو بێ. ھەتا خودا پەژیوانی لێ قبووڵ کا. خودا زانای لەکارزانە. (٩٣) ھەر کەسێکیش ھەرلە ئانقەست خاوەن باوەڕێک بکوژێ، لە بری ئەوە تا ھەتایە ھەر لە ناو جەحەندەم دایە و خودا لێی بە ڕکدا چووە و وەبەر نەحلەتی خستووە و ئازاردانێکی دژواری بۆ داناوە. (٩٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە وەختێ بۆ خەزا بە ڕێدا دەڕۆن، ھەموو شتێک لێکدەنەوە. نەکەن لە بەر ژیانی دنیا، بەوەی کەفەرمانبەری خۆی دەربڕیوە، بێژن: تۆ خاوەن باوەڕ نیت. ئێوە ئەگەر ماڵی دنیاتان گەرەکە، دەسکەوتی زۆر وا لای خودا. ئێوەش بەرێ ھەر وابوون و باوەڕیتان بە خوا نەبوو؛ خودا ئێوەی بە بەزەیی خۆی خوێندەوە. سا بە وردی لە کاری خۆ خوردبنەوە؛ خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٩٥) ئەو بڕوادارانەی کە ھەر لەماڵی خۆیان دەمێنن - جیا لەوانەی نوقوستانن - دەگەڵ ئەوانەی دەچنە جەنگ لە ڕای خودا و ماڵ و گیانیان ل ەڕێی ئەودا بەخت دەکەن، وەکوو یەک نین. خودا خەزاکارانی بەرامبەر بە خانەنشینان - بە پلەیەک - سەرخستووە. خوا بەڵێنی بە ھەموو لایەکیان داوە کە چاکەیان دەگەڵ دەکا؛ بەڵام ئەوی لە مەیدانی خەزادا بن، لە چاو خانەنشینانەکان پاداشێکی ھەرە مەزنیان دەداتێ؛ (٩٦) پلە و پایەگەلێکی زۆر - لە لای خواوە - ھاوڕێ دەگەڵ لێخۆشبوون و میھرەوانی. خوا بەخشەندە و دلۆڤانە. (٩٧) ئەو کەسانەی ھەر لە جێی خۆیان مانەوە و ئەو غەدرەیان لە خۆیان کرد، کاتێ فریشتەی گیان کێشان پێیان دەڵێ: ئێوە لەچ بارێکدا بوون؟ دەڵێن ئێمە لە زەمیندا ھێز و وزەلێگیراو بووین. پێیان دەڵێن: مەگەر سەرزەوینی خودا ھەراو نەبوو تا لە زێدی خۆ کۆچ کەن و بڕۆنە جێگایەکی تر؟ ئەمانە دوژەە دەبێتە ئەنوایان و دواڕۆژی خراپیان ھەس. (٩٨) جا مەگین ئەو مێرو ژن و زارۆ ھێزلێگیراوانەی ھیچ دەرەتانیان نەبووبێ و بە ڕێگەشیان نەزانیبێ؛ (٩٩) ھیچ دوور نییە خودا ئەمانە ببەخشێ. خودا چاوپۆشی لە لایە و بەخشەندەیە. (١٠٠) ھەر کەسێکی لە ڕای خودا ل ەماڵی خۆی ھەڵوەدا بێ، لەم زەمینە گەلێ شوێنی حاوانەوە و فەرحانی بۆ پەیدا دەبێ. ھەر کەسێکیش لە زێدی خۆی دەربکەوێ و لە ڕێی خودا و پێغەمبەری خودادا دەربەدەر بووبێ و لە ئاوارەییدا بمرێ، خودا بۆ خۆی دەستەبەری پاداشیەتی و خوا لە گوناھان دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٠١) ئەر چوونە سەفەر و ترسان لەوە کە خوانەناسەکان تووشی تەشقەڵەتان بکەن، ھیچ گوناھێکوو ناگاتێ نمێژتان ھەڵبقرچێنن. بە ڕاستی خوانەناسەکان بە ئاشکرا دوژمنتانن. (١٠٢) ئەگەر تۆش دەگەڵیان [دەسەفەردا بووی] بۆ خۆت نوێژت بۆ دابەستن، با ھێندێکیان بە چەکەوە نوێژ لە دوای تۆوە دابەستن؛ ئەگەر لە سوژدە بوونەوە بچنە دواوە و لە پشتەوە بووپارێزن. ئەمجار ئەوانەی لە نوێژدا بەشدار نەبوون، بێنە پێش و نوێژێ دەگەڵ تۆ دابەستن و لە سەر ھۆش بن لە چەکەکان و لە خۆیان. خوانەناسان بە ئارەزوون ئێوە ئاگا و لە چەک و ئەسبابتان ببڕێ و لەپڕ پەلامارتان بدەن. ئەگەر باران تووشی سەغڵەتیتان دەکا، یان نەخۆشن، ئەگەر چەکەکانوو دانێن ھیچ گوناھێکوو ناگاتێ؛ بەڵام ھەر دەبێ وشیار بن. دیارە خودا بۆ ئەوانەی دین دوژمنن، ئازاردانی ئابڕووبەری ساز کردووە. (١٠٣) ھەرگا لە نوێژێ بوونەوە، بەپێوە و بە دانیشتن و کە لە سەر لایەک ڕادەکشێن، یادی خودا و لە بیر نەچێ. لە وەختی خاترجەمیشدا - کە ھیچ ترستان نەماوە - بە ئاسایی نوێژەکانی خۆتان بکەن. نوێژ لە سەر خاوەن باوەڕان نووسراوێکە، وەختی بۆ دیاری کراوە. (١٠٤) لە دانەپەی دوژمنا ھیچ سستی مەکەن. ئەگەر ئێوە لەوان تووشی ئازار دەبن، ئەوانیش - ھەروەکوو ئێوە - لە ئێوە ئازار دەبینن. ئێوە ھومێدوو خودایە، ئەوان ئەمەشیان لا نییە. خودا زانای لەکارزانە. (١٠٥) ئەم قورعانەمان بۆ لای تۆ ناردۆتە خوار، کە ھەرچی تێیدایە ڕاستە. سا تۆ بە ھۆی ئەم قورعانە - وەک خودا ڕێی نیشان داوی - بەکاری مەردم ڕابگە، خۆشت مەکە بە لاگری گزیکاران. (١٠٦) لە بەر خودا بپاڕێوە کە لێت خۆش بێ، خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٠٧) گێرە و کێشە لەسەر ئەو کەسانە مەکە کە دەگەڵ خۆیان غەیانن. خوا حەز ناکا لەو کەسانەی زۆر غەیان و گوناھبارن. (١٠٨) شت لە خەڵک دەشارنەوە، خۆ ناتوانن لە خودا ھیچ بشێرنەوە؛ خوداش دەگەڵیانە کاتێ کە شەوانە قسەگەلێ دەکەن کە پێ قادێ نییە. ھەر کارێکی ئەوان دەیکەن، دیارە خودا ئاگای لێیە. (١٠٩) وا گریمان تا لە سەر دنیا ژیاون، توانیت لاگیریان لێ بکەی و لە سەر ئەوانە بە جواب بی؛ ئەدی کێ لە ڕۆژی سەڵا توانای ھەیە - کە لە بەرانبەر خوداوە - لە سەر ئەوان بکاتەوە، یان کێ ھەیە کارەکەیان وەستۆ بگرێ؟ (١١٠) ھەر کەسێکیش کاری نالەبار بکا، یان غەدرێکی لە خۆی بکا، پاشان لە خودا بخوازێ کە بیبەخشێ، دەبینێ کە خوا لێی بوور و دلۆڤانە. (١١١) ھەر کەس گوناحێ بکا، گوناھەکەی زیان بە خۆی دەگەیێنێ و خودا زانای لەکارزانە. (١١٢) ھەرکێ بە ھەڵە یان بەقەست، تاوانێکی لێ ڕووبدا و بیخاتە سەر بێگوناھێک، ئاشکرایە باری تاوانی، بوختانی لە سەر شانە. (١١٣) ئەگەر چاکە و بەزەیی خوا دەھانای تۆ نەھاتایە، ھێندێ لەوان قورمی خۆیان خۆش کردبوو ڕێت لێ ون کەن. ھەر خۆیانن کە ڕێگە لەخۆ گوم دەکەن؛ ئەو ناتانن ھیچ زیانێک لە تۆ بدەن. خوا کتێبی بۆ ناردووی و لەکارزانی فێر کردووی؛ زۆر شتی وای فێری تۆ کرد کە تۆ پێشوو نەت دەزانین. چاکەی زۆر ھێژا و گرینگت لە خواوە دەگەڵ کراوە. (١١٤) زۆربەی سرتە و چپەکەیان بەھرەی نییە، جا مەگین باسی خێرات و کاری ڕەوا و پێک ھێنانەوەی مەردم بێ. ھەر کەس مەحزی ڕەزای خودا چپە بکا، لە دواڕۆژدا پاداشی گەورەی دەدەینێ. (١١٥) ھەر کەسێکی لە پاش ڕاستی بۆ دەرکەوتن و شارەزا بوونی لەم دینە، پێچەوانەی پێغەمبەر بجووڵێتەوە و ڕچەیەک بگرێتە بەرێ کە ڕێی باوەڕداران نییە، ئێمە بەو ڕێیەیدا دەبەین کە خۆی ھەڵیبژاردووە. تا دەیخەینە جەھەندەم و دواڕۆژی زۆر ناخۆش دەبێ. (١١٦) خودا لەوانە نابوورێ کە شەریکی بۆ بناسن. لەوە پێوە لەھەر کەسێ بۆ خۆی حەز کا، عافووی دەکا. ھەر کەسێکی شەریک بۆ خودا دابنێ لە ڕادەبەدەر گومڕایە. (١١٧) ئەوانە لەجیاتی خودا ھانا دەبەنە بەر بەرد و کڕەکی وا کە زۆربەیان ناوی مێوینەیان ھەیە و دیارە ھاوار دەبەنە بەر ئەو شەیتانەی سەربزێوی کردووە و دەرکراوە؛ (١١٨) خودا بە نەحلەتی کردووە و ئەویش لە جوابا گوتوویە: شەرتە لە عەبدەکانی تۆ بەشێک بۆ خۆم گل دەمەوە؛ (١١٩) دیاریشە لە ڕاستە ڕێ یان دەردەخەم و دڵیان پر دەکەم لە ئاوات و بۆ خۆم فەرمانیان پێدەدەم گوێچکەی وڵساتیان دادڕن و فەرمانیشیان بۆ دەردەخەم تەرح و بیچمی ئەو شتانەی خوا کردوویە، تێکی بدەن و بیگۆڕن. جا ھەر کەسێ خودای نەوێ و دەگەڵ شەیتان ببێتە دۆست، دیارە چەند زیانمەند دەبێ. (١٢٠) بەڵێ بەڵێنیان پێدەدا و دەیانخاتە سەر ئارەزوو. ئەو بەڵێنی کە شەیتان بەوانی دەدا، فریو نەبێ چیتر نییە. (١٢١) جێی ئەوانە جەحەندەمە و دەرەتانی تریان نییە. (١٢٢) ئەوانە کە بە بڕوان و ئاکار چاکن، دەیانبەینە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن. دیارە وادەی خودا ھەقە و کێ لە خودا ڕاسگۆترە؟ (١٢٣) نە بە ئاواتی ئێوەیە و نە بەھەوا و ئارەزووی ئەو کەسانەیە بە ئەھلی کتێب حەسێبن. ھەر مرۆیەک کارێکی نالەبار بکا، بەو کارەی خۆی جزیا دەدرێ و جیا لە خوا ھیچ کەسی بۆ پەیدا نابێ دۆستی بێ و دەھاواری بێ. (١٢٤) ھەر مرۆیەک – نێر بێ یان مێ – ھەر ھێندە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بێ، دەچنە بەھەشتەوە و بە ئەندازەی تڵیشی وردیلەی ناوکەخورمایەش ناھەقیان لێ ناکرێ. (١٢٥) چ دیندارێک دینی لەو کەسە چاترە کە خۆی بە خوا سپاردووە و چاکەکارە و کەوتۆتە شوێنی ئایینی ئیبراھیمی لە ناڕەوا لادەر و بەرەو ھەق ھاتوو؟ ئەو ئیبڕاھیمەی کە خودا ببووە دۆستی. (١٢٦) ھەر شتێک لە ئاسمانان و زەمیندایە، ھی خودایە و ھەر خوایە لە ھەموو شت ئاگادارە. (١٢٧) دەربارەی ژنەکانەوە لێت دەپرسن؛ بێژە: بە ھۆی ئەم کتێبە - کە بۆتان دەخوێنرێتەوە - خودا جوابی ئەو پرسیارە و دەداتەوە. ئەو کیژانەی کە بە ھەتیوی ماونەوە و ئەو ماڵەی کە دەیانکەوێ، نایاندەنێ و گەرەکتانە لە خۆتانیان مارە بکەن، ھەروەھا ئەو مناڵانەی زەبوون و بێ دەرەتانن، لەسەرتانە دەگەڵ ھەموو ھەتیواندا بە یەکسانی ڕەفتار کەن و ئێوە ھەرکارێ چاک بکەن، لێتان ڕوون بێ کە خودا لێی ئاگادارە. (١٢٨) ئەگەر ژنێک ھەستی بەوە کرد مێردەکەی ئەشقی بووە یا نە ڕووی لێ وەردەگێڕێ، قەیدێ ناکا ھەوڵی لە ھەڤ ھاتن بدەن؛ ئاشت بوونەوە لەو دڕدۆنگیە باشترە. خۆشەویستی ماڵی دنیاش لە لای ھەموو کەسێ ھەیە. جا ئەگەر چاکەی بکەن و خۆ لە ھەڵە بپارێزن، خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (١٢٩) ئێوە ھەرچەند ھەوڵیش بدەن، قەت ناتوانن لەگەڵ ژنانی خۆتاندا بێ جیاوازی ڕەفتار بکەن. سا ئەوەندە لە خۆیان دوور مەخەنەوە کە ھەڵپەساردە و تەخسیریان کەن. ئەگەر دەگەڵیان پێک بێن و خۆ لە گونا بپارێزن، خودا بووردنی لە لایە و دلۆڤانە. (١٣٠) خۆ ئەگەر ھەر بە یەکجاریش دەس لێک بەردەن، خودا فەرحانی لە لایە و ھەر دووکیان بێ نیاز دەکا و بەزەیی خودا ھەراوە و ھەر بۆ خۆشی لەکارزانە. (١٣١) بۆ خودایە ھەر شتێک لە عاسمانان و زەمیندایە. ئەو کەسانەی لە پێشوودا کتێبی ئێمەیان بۆ ھات، ئێوەشمان ڕاسپاردووە کە دەبێ لە خوا بترسن. خۆ ئەگەر حاشاشی لێ بکەن، دیسان ھەرچی کە لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە بۆ خودایە و خوا ھەمیشە ھەر لە گش کەس بێ نیازە و ھەر دەبێ پەسندی بدرێ. (١٣٢) ئارێ ھەرچی کە لە ناو عاسمانەکان و زەویدایە، سەر بە خوایە. ھەر خودا کارساز بێ بەسە. (١٣٣) ئەی مەردم! ئەگەر خوا حەز کا، گشتوو تەرت و تونا دەکا و غەیری ئێوە لە جێگەو دادەمەزرێنێ و خودا ئەو کارەی لە دەس دێ. (١٣٤) کێ لە ئێوە گەرەکیەتی لە دنیا خۆشی ڕابوێرێ، با تێبگا کە خۆشی دنیا و قیامەتیش وا لای خودا و خوداش بیسەر و بینەرە. (١٣٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بە یەکسانی و بێ جیاوازی [بە کاری مەردم ڕابگەن] و بۆ خوداش شایەتی بدەن؛ ھەرچەندە شایەتی دانوو بە زیانی خۆتان و دایک و بابتان و خزمانیشوو بێ. [ئەر شایەتی بۆدراوان] دارا بن یاخۆ ھەژار بن، خوا بۆ ئەوان دڵسۆزترە؛ مەکەونە شوێن ئارەزووتان، نەوا لە ڕێگە لا بدەن. ئەگەر زمان بخەنە لا، یا خۆتان لە شایەتی دان بدزنەوە، لە ھەر کارێ ئێوە دەیکەن، خوا ھەمیشە ئاگادارە. (١٣٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! وێڕای ئەوەی بڕواتان بە خوا ھێناوە، ئەشێ بڕواو بە پێغەمبەرەکەی ھەبێ و بڕواو بەو قورعانە ھەبێ بۆ پێغەمبەری ناردووە و بڕواتان بەو کتێبەش بێ کە بەر لە قورئان ناردوویە. ھەر کەسێکیش لە خودا و فرشتەکانی و کتێبانی و پێغەمبەرەکانی خودا و ڕۆژی سەڵا حاشا بکا، لە ڕادەبەدەر گومڕایە. (١٣٧) ئەو کەسانەی ھەوەڵجار بڕوایان ھێنا و پاشان پەشیمان بوونەوە؛ دووبارە بڕوایان ھێنا و بە شوێنیا حاشایان لێ کرد، ئەوسا خودانەناسیان پتەوتر بوو، ھەرگیز خودا نایان بەخشێ و ڕێگایەکیان نیشان نادا. (١٣٨) مزگێنی بە بەدووڕازان کە ئازارێکی زۆر بەژان وا لە ڕێیان. (١٣٩) ئەو کەسانەی دەبنە دۆستی خوانەناسان و لە کۆمەڵ باوەڕداران دەتەکنەوە، ئاخۆ بە تەمان کە لای وان قەدر و حورمەتیان دەس کەوێ؟ با بزانن کە قەدر و ڕێز ھەر لای خوا ھەیە و ھیچی تر. (١٤٠) لەم قورعانا بە ئێوەی ڕاگەیاندووە: ھەرگایەکی پێتان زانی کەسانێک ھەن لە وەختی قورئان خوێندنا دەس دەکەن بە گاڵتەو گەپ و بە درۆی ھەڵبەستەی دەزانن، ئێوە نابێ - ھەتا ئەو باسە نەگۆڕن - لە گەڵیاندا دابنیشن؛ دەنا ئێوەش ئەوسا وەکوو ئەوان دەبن. دیارە خودا گش ئەو کەسانەی دووڕوو بن، وێڕای گەلی خوانەناسان لە دوژەە کۆ دەکاتەوە. (١٤١) ئەوانە لێتان دەخەڤتێن: سا ھەرگا خوا ئێوەی سەرخست، ئێژن: ئێمەش ھەر دەگەڵ ئێوەدا نەبووین؟ خۆ ئەگەر خوانەناسانیش لە بەشێکدا باو خۆشتر بوون، پێیان ئێژن: ھونەر ھونەری ئێمە بوو؛ ئێمە بە دڵ دەگەڵتان بووین؛ ئێمە نەنھێشت باوەڕداران بتانگەنێ و دەرۆستوو بێن. خودا دوایی و ڕۆژی سەڵا بە کاروبارتان ڕادەگا. خودا ھەرگیز ھیچ ڕێگایەک نادا بە خودانەناسان کە دژی باوەڕداران بێ. (١٤٢) بە دڵ دەغەڵانی دووڕوو دەیانەوێ خوا فریو دەن، کەچی خوا دەیانخەڵەتنێ. ئەگەر دەچن نوێژ دابەستن، بە تەوەزەلی ھەڵدەستن؛ ڕووبینی لە خەڵک دەکەن؛ کەمیان نەبێ کەمتر ناوی خوداش دێنن؛ (١٤٣) وازوازین لەم نێوانەدا؛ دوودڵن بچنە لای ئەمان، یان خۆبدەنە لای ئەوان. کەسێ خوا ڕێی لێ بگۆڕێ، تۆ ناتوانی ھیچ ڕێگەیەکی نیشان دەی. (١٤٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەدەر لە خاوەن باوەڕان مەبنە دۆستی خوانەناسان. ئاخۆ ئێوە دەتانەوێ بەڵگەیەکی بە ئاشکرای دژی خۆتان بدەن بە خوا؟ ! (١٤٥) دیارە ئەو کەسانەی دووڕوون، وان لە قاتی ھەرەبەرەژێری دوژەە. تۆ ناتوانی یاریدەریان بۆ پەیدا کەی. (١٤٦) مەگین ئەو کەسانەی دووڕوون دەست لە دووڕوویی ھەڵگرن و تەواو پەشیمان ببنەوە و ڕێگەی چاکە بگرنە بەر و خۆیان بە خودا بسپێرن و بە دڵی پاک ببنە دینداری بە ڕاستی. ئەوسا ئەویش وێڕای باوەڕداران دەبن و لە دواڕۆژدا خودا بەباوەڕدارەکان پاداشی زۆر گرینگ دەدا. (١٤٧) ئەگەر ئێوە بڕواتان بە خودا ھەبێ و چاکەی ئەوتان دەچاودا بێ، خوا چ کاری بە ئازاری ئێوە داوە؟ خودا سوپاسی پێزانان قبووڵ دەکا و لە ھەموو شت ئاگادارە. (١٤٨) خودا پێی خۆش نە ھیچ کەس بە دەنگی بەرز قسەی ناحەز بدرکێنێ؛ مەگین غەدری لێکرا بێ. خودا بیسەر و زانایە. (١٤٩) ئەگر ئێوە چاکە بکەن - ئەو چاکەیە و ئاشکرا بێ یان نھێنی - یان لە کارێکی نالەبار چاوبپۆشن، خوا ھەمیشە توانایە بۆ عافوو کردن. (١٥٠) ئەو کەسانەی دڵیان دژی خوا و پێغەمبەرەکانیەتی و دیارە دەیانەوێ لە نێوان خوا و پێغەمبەرەکانی فەرقێ دانێن، ئێژن: ئێمە باوەڕ بەھێندێکیان دەکەین، ھێندێکیشیان بە جێگەی باوەڕ نازانین؛ گەرەکیانە لەم نێوانە ڕێگەیەک بۆ خۆ پەیدا کەن. (١٥١) بە ڕاستی کە ئەمانە خودانەناسن و ئێمە بۆ ئەو خوانەناسانە ئازاری ئابڕووبەرمان ئامادەس. (١٥٢) ئەوانەش کە باوەڕیان ھەس بە خوا و پێغەمبەرەکانی و لە ناویانا فەرق و جیاوازی دانانێن، لە دواڕۆژدا خودا پاداشیان دەداتێ و لە گوناھانیان دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٥٣) ئەوانەی ئەھلی کتێبن، لێت دەخوازن کتێبێکیان [بە تایبەتی] لە ئاسمانەوە بۆ بێنی. ھەر ئەوانە ئەوی لە مووسایان دەویست، زۆر لەم کارەش گرینگتر بوو. گوتیان: خوامان بە ئاشکرا پێ نیشان دە! لە سزای ئەم بەدفەڕیەدا بەر ھەورەتریشقە کەوتن. جارێکی تر - پاش دیتنی گەلێک بەڵگەی بە ئاشکرا - چون بوونە گوێرەکە پەرست. چاوپۆشیمان لەوەشیان کرد؛ بەڵگەی دەستەڵات داریمان دا بە مووسا. (١٥٤) بە ھۆی پەیمانێ کە دایان، چیای توورن لە سەر وان لە بەرزی ڕاگرت؛ پێمان وتن: بە سوژدەوە لەو دەرکەوە بچنە ژوورێ و پێشمان وتن نابێ لە ڕۆژی شەممەدا دەست درێژیو لێ ڕوو بدا؛ پەیمانێکی پتەویشمان لێ ستاندن. (١٥٥) ئەوسا لە سەر پەیمان شکاندنیان و خۆبواردنیان لە نیشانەکانی خوا و ھەر لە ناھەق کوشتنی پێغەمبەرانیان و گوتنیان: «ئێمە دڵمان داخراوە»؛ [بەر نفرینی خۆمان خستن. ] ھەر خودا خۆی دڵی بە مۆر داخستبوون. ئیتر بەشی کەمیان نەبێ، لە باوەڕ ھێنان بێ بەشن. (١٥٦) لە بەر لە ڕێ خوا لادان و ئەو بوختانە گەورە بۆ مەریەمیان ھەڵبەست؛ (١٥٧) لە بەر ئەوەش کە دەیانگوت: ئێمە عیسای کوڕی مەریەمن لە ناو برد - کە پێغەمبەری خودا بوو - کەچی نە ئەوان کوشتیان، نە توانیان لە قەنارەی دەن؛ بەڵام سەریان لێ تێک چووبوو، نەیانناسی و ئەو کەسانەی دەربارەی ئەم لە ناو خۆدا کێشەیانە، لە ڕایەکەیان دوودڵن لەو بارەوە و ھەر پەیڕەوانی گومانن و بێگومان نەیانکوشتووە؛ (١٥٨) بەڵکوو خوا بەرەو خۆی ھەڵکێشایەوە. خوا ھەمیشە خاوەنی دەستەڵات بووە و لەکارزانە. (١٥٩) لەوانەی ئەھلی کتێبن، ھەر کەسێکیان - بەر لە مەرگی - بڕوای بە عیسا دەھێنێ، دیارە [عیساش] ڕۆژی قیامەت دەبێتە شایەت لە سەریان. (١٦٠) بەو ناھەقیەی کە لە جوولەکان دەرکەوت و زۆر کەسیان لە ڕێگەی خودایە وەرگەڕان، لەو شتانەی بۆیان ڕەوا کرابوو، بێ بەشمان کردن. (١٦١) ھەروا بە ھۆی سووت خواردنیان، کە پێیان گوترابوو مەیخۆن و بە فێڕۆ دارایی مەردمیان دەخوارد؛ ئێمەش بۆ ئەو پێ نەزانانن و سپڵانە ئازارێکی گەلێ بەژانمان ساز داوە. (١٦٢) بەڵام زۆر زاناکانیان و بڕواداران - بە تایبەت ئەو کەسانە وا نوێژ بە باشی بەجێ دێنن - ھەروەھا زەکات دەران و ئەوانەی کە بە خوا و بەرۆژی سەڵا خاوەن بڕوان و بەوەی بۆ تۆ ناردراوەتە خوارەوە و بەوەش وا پێش تۆ ناردراوە، باوەڕیان ھەس؛ بە ئەوانە بەم زووانە پاداشێکی گرینگ دەدەین. (١٦٣) ئێمە فەرمانی خۆمانمان خستە دڵت، ھەر وەک نووح و پێغەمبەرانی دوای ویشمان واتێگەیاند. خستیشمانە دڵی پاکی ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەوەکان و عیسا و ئەییوب و یونس و ھاروون و سولەیمان؛ زەبووریشماندا بە داوود. (١٦٤) پێغەمبەرانی دیکەشمان بەڕێ کردن؛ چ ئەوانەی کە دەپێشدا بوون و چوون و سەربھوردیانمان بۆ گوتووی و چ ئەوانەی دەربارەیان نەمدواندووی. خوداش بۆ خۆی - ڕاستەوخۆ - مووسای دواندوووە. (١٦٥) گش لە گشتیان پێغەمبەری مژدەدەر و ترسێنەر بوون. ھەتا لە پاش پێغەمبەران ئەو خەڵکە ھیچ بەڵگەیەکیان لە لا نەبێ بۆ لای خودا. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (١٦٦) خودا بۆ خۆی ئاگای لێیە و فرشتەکانیش ھەموویان ئاگادارن، کە خودا بە زانستی خۆی ئەمەی بۆ تۆ ناردۆتە خوار. ئاگادار بوونی خوا بەسە. (١٦٧) ئەوانەی لە دین دەرچوون و ڕێگەی خوداناسان دەبڕن، ڕێ لێ گوم بووی لە ڕادەبەدەر ئەوانن. (١٦٨) ئەوانە لە ڕێگەی خودا لایاندا و ناھەقیان کرد؛ خودا نە لێیان خۆش دەبێ، نە ڕێگەیەکیان نیشان دەدا؛ (١٦٩) مەگەر تەنیا ڕێی جەحەندەم، کە ھەر تیا دەمێننەوە و ئەمەش لای خودا ھاسانە. (١٧٠) ئەی خەڵکینە! ئەم پێغەمبەرە بەرھەقە و لەلایەن پەروەرندەتانڕا ھاتووە. دەسا باوەڕی پێ بێنن قازانجتانە. ئەگەر لە قسەی خوداش دەرچن، باش بزانن ھەر شتێک لە ئاسمانان و زەمیندایە، بۆ خودایە و خودا زانای لەکارزانە. (١٧١) ئەی کەسانی ئەھلی کتێب! ھەڵەڕۆیی لە دینی خۆتاندا مەکەن؛ جگە لە ڕاست دەربارەی خودا مەبێژن. ئاشکرایە کە مەسیحی کوڕی مریەم پێغەمبەری خودا بووە. خودا بە فەرمانی خۆی و ھەر لە نەفەسی پیرۆزی خۆی ھاویتیە ناو تۆلی مەریەم. دەسا ئێوە باوەڕتان بە خودا ھەبێ و بە پێغەمبەرانی ئەویش بڕوا بێنن و مەبێژن سێن. واز لەم قسانە بھێنن؛ کە بۆ ئێوە وا چاکترە. دیارە ھەر خوایەکتان ھەیە و ئەویش لەو تۆمەتە دوورە کە ھیچ فرزەندێکی ھەبێ. ھەرچی لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە، ھەر بۆ ئەوە. بۆ پێک ھێنانی کاروبار ھەر خۆی بەسە. (١٧٢) مەسیح ھەرگیز لەوە حاشای نەکردووە کە بەندەیەکی خودایە؛ فرشتانی نزیک بە خوداش، ھەر وەتر. ھەر کەسێکی بە کوێلایەتی خودا ڕازی نەبێت و بادی ھەوایی بنوێنێ، ھەر بینا خوا ھەموو لایەک لە لای خۆی کۆکاتەوە. (١٧٣) ئەوسا ئەوی خاوەن باوەڕ و کارچاکن، سەرباری پاداشی خۆیان خودا پتر چاکەیان دەربارە دەکا. ئەو کەسانەش کە لە خودا لایانداوە و پیشەیان لووت بەرزی بووە، خودا تووشی جەزرەبەی بەژانیان دەکا و لە خوا پێوە ھیچ دۆست ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مائیدە وە ناو خوا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەر بەڵێنێکی کە دەیدەن، پێکی بێنن. خواردنی گۆشتی وڵساتوو بۆ ڕەوایە، مەگین ئەوەی کە پێتان ئێژن دەریاوێن. ھەتا لە وەختی ئیحرامدان، ڕاوێ بە ڕەوا مەزانن. خودا چۆنی خۆی بییەوێ فەرمان دەدا. (٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو ڕێوشوێنەی خودا بۆ ئێوەی داناوە، کلا مەبن. شەڕ لە حەرامەمانگاندا ڕەوا نییە. ھەر ئاژەڵێ ناوی قوربانی لە سەرە، یان قەڵادەی لە ملدا، دەستی بۆ مەبەن. ئەو کەسانەش ئازار مەدەن کە بەتەمان لە ماڵی خوا ڕۆزی و ڕەزای خوا دەس بخەن. ھەرگا لە ئیحرام دەرکەوتن، ڕاوکردنوو بۆ ڕەوایە. ڕکی کۆنیش ھەڵتان نەنێ، کە نەیانھێشت بە زیارەتی کابەی ماڵی خودا بگەن. لە سەر چاکە و پارێزگاری یارمەتی یەکتری بدەن؛ نەک لە سەر تاوان و غەدر. ئەشێ لە خودا بترسن، چونکە خودا نافەرمانان زۆر بە توندی تەمێ دەکا. (٣) لەسەرتان حەرام کراوە مردار و خوێن و گۆشتی بەراز و ھەر ئاژەڵێ کە لە وەختی سەرژێ کردندا ناوی غەیرەز خوای لێ بێنن و خەندقاو و بەلێدانێ تۆپێنراو و ھەڵدێراو و بە شەقۆن تێھەڵدراو و ھەرچی لاور دڕیویەتی، مەگین بەر لە گیان دەرچوونی فریای کەون و ھەرچی لە سەر کێلەکە بەرداندا دادەنرێ و سەرژێ دەکرێ و ھەرچی لە سەر قوماری تیر دابەش دەکرێ؛ کە ھەرچی ئەمانە بکا، نافەرمانی خودا دەکا. ئەوا ئەمڕۆ ئەوانەی خودا ناناسن لە زیان گەیاندن بە دینەکەی ئێوە، ناھومێد بووگن؛ لە خۆم بترسن نەک لە وان. وا لەمڕۆوە دینەکەتانم تەواو کرد و بە بێ کورتی و کەمایەسی چاکەم دەربارەی ئێوە کرد؛ ئیسلامیشم بۆ دینی ئێوە ھەڵبژارد. کێش لە برسان چاری نەبێ و نەیەوێ تووشی گوناح بێ، ئەوسا خودا خەتاپۆشە و دلۆڤانە. (٤) لێت دەپرسن: کامەیە ڕەوایە بۆیان؟ بێژە: ھەر شتێ کە پاکە و ھەر نچیرێ کە جانەوری ڕاوکەرتان - کە فێری ڕاوتان کردبێ وەک لە خوداوە فێری بوون - بۆتان بگرن؛ لە گۆشتەکەیان بخۆن و ناوی خودای لە سەر بێنن و ترستان لە خودا ھەبێ. خودا بە پەلە بە کاروباران ڕادەگا. (٥) وا لەمڕۆڕا ھەموو شتێکی خاوێنتان بۆ ڕەوایە ئەو شتانەش کە وا ئەھلی کتێب دەیخۆن پێو ڕەوایە. ھەروەک خواردەمەنی ئێوەش بۆ ئەھلی کتێب ڕەوایە. ژنانی خاوەن باوەڕ و ئازاد و داوێنپاکیشتان بۆ ڕەوایە و ئەو ژنە داوێنپاکانەش کە بەرلە ئێوە کتێبیان پێدراوە؛ بەو مەرجە کە مارەییەکانیان بدەنێ. خۆشتان دەبێ داوێن پاک بن نە داوێن پیس. دۆستی مێوینەشتان لە ژێرەوە نەبێ ھەرکەش لە باوەڕی ھێنان حاشا بکا، کردەوەی بە فێڕۆ چووە و ڕۆژی سەڵاش یەکێکە لە زیانباران. (٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر دێنە سەر ئەو بڕیارەی نوێژ بکەن، دەموچاو و دەستەکان و ھەتا سەر ئانیشکان بشۆن؛ دەستوو بە تەڕی بماڵن بەسەرتاندا و پاکانیشتان تا ھەر دوو گوێزینگ بشۆرن. ئەگەر تووشی لەشپیسی بوون، خۆتان خاوێن بکەنەوە. ئەگەر نەخۆش یان ڕێبوار بوون یان یەکێکتان لە سەر پێشاوێ دێتەوە یان دەگەڵ ژنان وێک کەوتن و دەستوو بە ئاو ڕانەگەیشت، بە تۆزی پاکی سەرزەوی دەم و چاو و دەستەکانی خۆو بھەنوون. خوا نایھەوێ بتانخاتە تەنگانەوە؛ بەڵام گەرەکیە خاوێنتان بکاتەوە و بە تەواوی چاکەتان دەربارە بکا؛ بەشکوو شوکرانەبژێر بن. (٧) ئەو چاکەیە لە بیر مەکەن کە خوا دەربارەی کردوون و ئەو پەیمانەتان لە بیر بێ کە دەگەڵ خواتان بەستووە و گوتووتانە: بیستمان و بەر فەرمانین. ترسیشتان ھەر لە خودا بێ؛ دیارە خودا ھەرچی بە ناو دڵیشوودا بێ دەیزانێ. (٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆ خوا ڕاست و بێ خەش بن و بە ھەقانەت شایەتی دەن. دوژمنی و قینی دەستەیێک ھەڵتان نەنێ بە ھەقانەت ڕەفتار نەکەن. بە یەکسانی و بێ جیاوازی لەگەڵ خەڵکا ڕەفتار کردن دەبێتە ھۆی پتر نزیکەوە بوون بە پارێزگاری. لە خواش ترسوو ھەبێ چونکوو لە ھەر کارێ ئێوە دەیکەن ئاگادارە. (٩) ئەو کەسانەی باوەڕدار و ئاکارچاکن، خودا بەڵێنی پێداون کە لە گوناھیان دەبوورێ و پاداشێکی زۆر گرینگیان پێ دەبەخشێ. (١٠) ئەوانەش کە بوونە خودانەناس و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی، گشتیان ھەواڵی ئاگرن. (١١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەو چاکەیە و لە بیر نەچێ کەخودا دەربارەی کردن، کە ئەو جارە کۆمەڵێک لە دوژمنانوو گەرەکیان بوو دەسدرێژیتان بۆ بکەن، خودا وای کرد کە ئەوان دەستیان نەوگاتێ. سا ھەر لە خودا ترسوو ھەبێ و ئەشێ ھەر کەس باوەڕی بە خودا ھەیە، خۆی ھەر بە خودا بسپێرێ. (١٢) خودا دەگەڵ بەرەی ئیسڕائیل پەیمانی بەست. ھەر لە خۆیان دوازدە کەسمان بۆ کوێخایەتی ھەڵبژارد و خوا گوتی: بە ڕاستی من دەگەڵ ئێوەم. ئەگەر ئێوە لە سەر نوێژ و زەکات دان ھەمیشە سوور بن، بە پێغەمبەرەکانیشم باوەڕتان بێ و قەدریان لای ئێوە ھەبێ و ماڵی خۆتان بە دەستەواو بدەن بە خوا، ئەوا منیش کارە نالەبارەکانتان پاک و خاوێن دەکەمەوە و دەتانبەمە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. ھەر کەسیشتان لەمەولا ڕێ خوانەناسی بگرێتە بەر [با بزانێ] کە لە ڕاستەڕێ لای داوە. (١٣) ئەوسا لە بەر پەیمان بەرپێدانیان، وەبەر نفرینی خۆمان خستن و ئەوەندەمان دڵڕەش کردن، قسەکانی ناوەرۆکی پەیمانیان لە جێی خۆ نەھێشت؛ خۆیان شتیان لە جێ دانا و زۆر لەوانەی کە فێری ئەوان کرابوو، لە بیرە خۆیان بردەوە. ھەتا ئێستاش - وەک دەبینی - خەیانەتکاریان ھەر ھەیە؛ مەگین کەمێک لە ناویاندا. سا تۆ چاویان لێ بپۆشە و بیانبەخشە. خوا چاکەکاری خۆش دەوێن. (١٤) پەیمانمان لەو کەسانەش ساند کە گوتیان: ئێمە مەسیحین. لەو بڕیارەی کە دەگەڵ ئەوانمان دابوو، خۆیان لە چەند بەشێکی بووارد. ئیتر ئێمەش کارێکمان کرد، شەڕ و ئاژاوە لە ناویان بەردەوام بێ ھەتا قیامەت؛ لە جەزای ئەو کردەوانەی ئەوان کردیان. بەم زووانەش خودا ئاگاداریان دەکا لەو کارانەی وا دەیانکرد. (١٥) ئەی ئەھلی کتێب! بزانن کە ئەوەی ھاتۆتە لاتان پێغەمبەرێکی ئێمەیە؛ زۆر لەو مەبەست و باس و خواسەی کە ئێوە لە کتێبی خۆ حاشاروو دا، ئەو بۆتانی دەردەخات و لێتانی ئاشکرا دەکا و لە زۆرانیشی واز دێنێ. لە لای خواوە ڕووناکی و کتێبێکی دیاری دەرتان بۆ ھاتووە. (١٦) بەو قورعانە، خوا ئەوانەی شوێنی ڕەزای ئەو دەکەون، دەخاتە سەر ڕێ ھێمنی و بە ئیزنی خۆی لە تاریکی دەریان دەخا و بەرەو ڕووناکییان دەبا و ڕێگەی ڕاستیان نیشان دەدا. (١٧) ئەو کەسانەی گوتوویانە: ھەر خودا خۆی مەسیحی کوڕی مەریەمە، دیارە لە دین وەرگەڕاون. بێژە: ئەر خوا مەیلی لێ با مەسیح و دایکی مەسیح و ھەرچی لە زەمیندا ھەیە لە ناو بەرێ، کێ دەستی وەبەر دەھێنا؟ موڵکایەتی ئەم عاسمانان و زەمینە سەر بە خوایە و چی پێ خۆش بێ وەدی دێنێ و ھەر خودایە لە سەر ھەموو شت توانایە. (١٨) جوولەکەکان و فەلەکان گوتیان: ئێمە عەولاد و دۆستانی خوداین. بێژە: ئەدی چۆن لە سەر گوناھتان ئازارتان دەدا؟ نەخێر، ئێوەش ھەر مرۆن، وەکوو خەڵکی دی کە خودا دروستی کردوون. ھەر کەسێ خۆی کەیفی لێ بێ، لێی دەبوورێ و کێش بخوازێ جەزرەبەی بۆ قەرار دەدا و ھەر بۆ خوایە موڵکایەتی ئەم ئاسمانانە و زەمینە و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە و گەڕانەوەی ھەمووش ھەر بەرەو لای ئەوە. (١٩) ئەی ئەھلی کتێب! پاش ماوەیەک کە پێغەمبەران نەھاتوون، ئەوا پێغەمبەری ئێمەو ھاتۆتە لا، ناھەقتان بۆ ڕوون کاتەوە. نەکا بێژن: لە خوداوە موژدەدەر و ترسێنەرمان بۆ نەھاتوون؛ دەسا ئەوا موژدەدەر و ترسێنەرتان ھاتۆتە لا و خوا بۆ ھەموو شت توانایە. (٢٠) ئەو دەمانەش کە مووسا بە ھۆزی خۆی گوت: گەلۆ! دەبێ ھەرگیز ئێوە ئەو چاکەیەی لە بیر نەکەن کە خودا دەربارەی کردوون، کە ئەو ھەموو پێغەمبەرەی ھەر لە ناو خۆتان بۆ ناردوون، چەندین پادشای لە خۆتان پەیدا کردووە و ئەو شتەی بە ئێوەی داوە، بەھیچ کەسی لەم دنیایە نەداوە. (٢١) گەلۆ! بچنە ئەو سەرزەمینە پیرۆزەی خوا بۆ ئێوەی بڕیار داوە و بۆو نووسراوە و بەرەو پاش مەگەڕێنەوە. گەر لە پەیمان خۆ ببوێرن، بە زیانتان تەواو دەبێ. (٢٢) گوتیان: مووسا! گرۆیەکی زۆردار و ملھوڕ لەوێدان. تا ئەوانەی لێ دەرنەچن، ئێمە ناچینە ناویەوە. ئەگەر ئەوان لەو شوێنانە بچنە دەرێ، ئەوساکە دەچینە ناوی. (٢٣) دوو پیاو لەوانە وا لە خوا دەترسان و بەر چاکەی خودا کەوتبوون، پێیان گوتن: لە دەروازەی شار بچنە ژوورەوە و ھێرشیان بۆ بەرن؛ ھەرگا پاتان خستە ئەو دیو، سەرکەوتن بەشی ئێوەیە. ئەگەر ئێوە بڕواتان بە خودا ھەیە، خۆتان بە خودا بسپێرن. (٢٤) گوتیان: مووسا! ھەتا ئەوان لەو شوێنە بن، ئێمە ھەرگیز زات ناکەین بچینە ئەوێ. ئەوا خۆت و پەروەرندەت بچن دەگژیان ڕابچن و چاریان بکەن؛ ئەوا ئێمە لێرە نیشتووین چاوەنۆڕین. (٢٥) مووسا گوتی: پەروەرندەم! تۆ دەزانی کە من دەستم ھەر بە سەر خۆم و برایەکەمدا ڕادەگا [و ئەوانە بەقسەی من ناکەن] سا تۆ من و ئەو ھۆزە نافەرمانە [ی من] لە یەکتری جیاکەوە. (٢٦) گوتی: ئەوا ماوەی چل ساڵ بەشیان لەم وڵاتە بڕا و لە زەمیندا وێلان وسەرگەردان دەبن. بۆ ئەم ھۆزە نافەرمان و لە ڕێ دەرچووگە خەم مەخۆ. (٢٧) ھەروەھا تۆ دەنگ و باسی ڕاستی ڕووداوی نێوانی ھەر دووک کوڕانی ئادەمیان بۆ وەخوێنە؛ ھەرکام قوربانییەکیان کرد، لە یەکێکیان قبووڵ کرا و لەوی تریان وەرنەگیرا [ئەوی کە لێی وەرنەگیرا، ھەڕەشەی لەوەکەی تر کرد] گوتی: من دەبێ بت کوژم. گوتی: خودا ھەر لەو کەسەی قبووڵ دەکا کە ترسی لە خودا ھەیە. (٢٨) گوتی: ئەگەر تۆش دەستم بۆ دڕێژ بکەی کە بمکوژی، من دەستەوەکەری ناکەم تۆ بکوژم. من لە خودا - کە ڕاھێنەری دنیایە - ترسم ھەیە. (٢٩) من دەمەوێ تاوانی کوشتنی من و تاوانی خۆت بێتە ملت؛ ئەوسا تۆ دەچییە دۆزەق و تاوانی ناھەق ئەمەیە. (٣٠) ئیتر دڵی ھەڵینا کە براکەی خۆی بکوژێ. کوشتی و کەوتە ناو ڕێزەی زیانبارەکان. (٣١) خوا قەلەڕەشەیەکی نارد، خەریک بوو زەوی دەکۆڵی بۆ ئەمەی پێی نیشان بدا کە چۆن جەندەکی براکەی لە خاکا بشارێتەوە. گوتی: ئەی لە خۆم نەگبەتێ! چۆن نەمزانی وەک قاڵاو بجووڵێمەوە و لاشەی برای خۆم وەشێرم. [بەم کردەوەی] ھاتە ڕێزەی پەشیمانان. (٣٢) ھۆی ئەم کارە فەرمانێکمان بۆ سەر بەرەی ئیسڕائیل نارد، کە ھەر کەسێ بێ تاوانێکی بکوژێ - کە نە گوناھی کردبێ و نە خراپەی لە زەویندا لێ ڕوو دابێ - وەک ئەمەیە کە گش خەڵکی سەرزەوی لە ناو بردبێ و ھەر کەسێکیش بێ تاوانێک ڕزگار بکا، وەک ئەمەیە کە ھەموو خەڵکی سەرزەوی لە مردن ڕزگار کردووە. پەیغەمبەرانیشمان گەلێ بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایان بردە لایان؛ بەڵام زۆریان - دوای ئەم گشتە - ھەڵەڕۆ و سنوورپەڕێن بوون. (٣٣) گۆڕی گیانی ئەو کەسانەی دژایەتی خودا و پێغەمبەری دەکەن، لە عەرزا دەبنە خراپکار، کوژرانە یان لە دار دانە یان بڕینی دەست و قاچە پێچەوانە، یان لە وڵات دوور خرانە؛ کە ئەم سزایە بۆ ئەوان ڕیسوا بوونە لە دنیادا و بەشیان لە رۆژی سەڵادا جەزرەبەدانی بەژانە. (٣٤) مەگین ئەوانەی بەر لەوە گیرتان کەون، لە کار پەژیوان ببنەوە و تۆبە بکەن. ئێوەش پێویستە بزانن کە لە پاش پەژیوان بوونیان خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (٣٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەشێ لە خوا ترسوو ھەبێ و ڕێ نزیکەو بوون بە خواوە پەیدا کەن و لە ڕای ئەوا بچنە خەزا؛ بەشکە تووشی ڕزگاری بن. (٣٦) ئەو کەسانەی خوانەناس بوون، ئەگەر ھەرچی لە زەمیندا ھەیە و ماڵە و ھێندەی تریشی ڕەگەڵ خەن و بە ھیوا بن لە جەزرەبەی ڕۆژی سەڵا ڕزگاریان کا و خۆیانی پێ بکڕنەوە، جێگە ناگرێ و بە ھیچ ناچێ و ئازاری گەلێک بەژانیان ھەر تووش دەبێ. (٣٧) کۆشش دەکەن کە لە ناو ئاگر دەربچن، بەڵام ھەرچی ھەوڵ بدەن بێ بەھرەیە و ھەرگیز ناتانن دەرکەون و ئازارێکی بێ بڕانەوەیان دەبێ. (٣٨) ھەر کەسێکی دزی بکا - نێر بێ یان مێ فەرقی نییە - لە سزای دزی کردنی دەبێ ھەر دوو دەستیان ببڕن؛ کە ئەمە تەنبێ کردنە لە خواوە. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٣٩) ھەرکەش دوای ناھەقیکردن پەژیوان ببێتەوە و ڕێگای چاکە بگرێتە بەر، خودا تۆبەی قبووڵ دەکا و خوا لێبوور و دلۆڤانە. (٤٠) ئەدی تۆ خۆت نەتزانیوە ئەم ئاسمانان و زەمینە موڵکی خودان؟ ھەر کەسێ خۆی مەیلی لێ بێ لێی دەبوورێ و ھەر کەسیش خۆی حەز کا ئازاری دەدا؟ خودا لە سەر ھەموو شتێک توانای ھەیە. (٤١) ئەی پێغەمبەر! خۆت بەوانە دڵتەنگ مەکە کە بۆ لە دین وەرگەڕانێ پەلەیانە و دێنە لات و بە دەم دەڵێن: بڕوامان بە تۆ ھێناوە و دڵیان بڕوای نەھێناوە. ھەروەھا لەو جوولەکانەش خۆت تووشی خەمباری مەکە، کە گوێ بۆ درۆ ھەڵدەخەن، فێر بوون قسە لە خەڵکی تر دەبیسن و دەی قۆزنەوە، کە ئەوانەش ھەرگیز نەھاتوونە لای تۆ، جێ گۆڕکێ بە قسەکان دەکەن؛ دەڵێن: ئەگەر فڵان قسەیان بۆ گوتن، وەری گرن، دەنا خۆی لێ بپارێزن. ھەر کەسێکیش خودا ویستی جەزرەبەی بۆ ببڕێتەوە، تۆ ناتوانی لە خودای بێ نیاز بکەی و ھیچ کارێکی بۆ ڕێک بخەی. ئەمانە خودا نایەوێ دڵیان لە گوناھ و پیسی بسڕێتەوە؛ بەشیان لە دنیا سووکییە و لە قیامەتیش جەزرەبەیان دژوار دەبێ. (٤٢) بۆ درۆ، گوێ ھەڵدەخەن و بە حەرام خواردنێ فێرن. جا ئەگەر جارێ دێنە لات، تۆ، بە نێوانیان ڕابگە یان خۆیان تێ مەگەیێنە. ئەگەر وازیشیان لێ بێنی، ھیچ زیانێک لە تۆ نادەن. خۆ ئەگەر تۆ بە نێوانیشیان ڕابگەی، کێشەکەیان بێ لاگری و بە یەکسانی بۆ پێک بێنە. خودا پیاوی بێ دەغەز و ڕاست و ڕەوای خۆش گەرەکن. (٤٣) جا چۆن ئەوانە دێنە لات کە بە کێشەیان ڕابگەی، کە لای ئەمان تەورات ھەیە و فەرمانی خودا دەوێدان، کەچی پاشان لە پێ ڕاگەیشتنەکەی تۆ خۆ دەبوێرن؟ خۆ ئەوانە بڕوادار نین. (٤٤) ئێمە کە ئەم تەوراتەمان ناردۆتە خوار، ڕووناکایی و ڕێ نیشاندانی تێدایە. ھەموو ئەو پێغەمبەرانەی کە بە فەرمانی خوا بوون، ھەر بە ھۆی ئەم بە سەر ھەموو کاروباری ئەوانەی کە مووسایی بوون ڕاگەیشتوون. خواناسانی بە ڕاستی و زانا بلیمەتەکانیان گەلێک شتیان ھەر لە کتێبی خوا لە بەر بوو؛ بە تەواویش ئاگادار بوون کە ئەمە کتێبی خوایە و خودا لەوێدا پێی گوتوون: نابێ لە خەڵک بترسن؛ ئەشێ ھەر ترسوو لە خۆم بێ و نەچن بەڵگە و نیشانەی من بە نرخێکی کەم بفرۆشن. ھەر کەسێکی پێچەوانەی فەرمانی خوا فەرمان بدا، دژی خودا ڕاوێستاوە و لە دینی ڕاست وەرگەڕاوە. (٤٥) لە تەوراتدا بۆ ئەوانە بڕیارماندا، کە گیانێک لە باتی گیانێک، چاو بە چاو و کەپۆ بەکەپۆ، گوێ بەگوێ و ددان لە باتی ددانە و زەخمەکانیش تۆڵەیەکیان ھەس؛ کێ لە تۆڵە - بە خێری خۆی - وازبھێنێ، گوناھی پێ ھەڵدەوەرێ. ئەو کەسانەی پێچەوانەی ئەو فەرمانە - کە لە خوداوە ھاتووە - فەرمان بدەن، غەدرێ دەکەن و ناھەقن. (٤٦) لە شوێن ئەوان عیسای کوڕی مریەممان نارد؛ کە باوەڕی بوو بەو تەوراتەی وا بەرلە ئەو ھاتبوو. ئینجیلیشمان دا بە عیسا؛ کە ڕێ نیشاندان و ڕووناکی تێدایە و بڕوای بە تەوراتیشە کە بەر لەم ھاتبووە خوارێ و بۆ ئەوانەی لە خوداترسن، پڕیەتی لە ئامۆژگاری و ڕێگەی ڕاستیان نیشان دەدا. (٤٧) دەبێ ئەوانەی وا ئینجیلیان لە لایە، بە پێی ناوەرۆکی ئینجیل - وەک خودا ناردوویەتە خوار - فەرمان بدەن. ئەو کەسانەی لەو فەرمانانەی کە خودا ناردوویەتە خوار لا بدەن، دیارە لە ڕێ لایانداوە. (٤٨) ئەم قورئانەشمان بە خەڵات بۆ تۆ ناردۆتە خوارەوە، کە ھەرچی تێیدایە ڕاستە؛ بە کتێبە بەرینەکان بڕوای ھەیە و چاودێریانە. ئیتر تۆ بە پێ ئەوەی خوا ھەناردوویەتە خوارەوە، بە کاروباریان ڕابگە و بە لادان لەو ھەقەی کە وا بۆت ھاتووە، مەکەوە شوێن ئاوات و ئارەزووی ئەوان. بۆ ھەر کۆمەڵێک لە ئێوە ڕێ و شوێنێکمان داناوە؛ ئەگەر خودا مەیلی لێ با، ھەمووی دەکردنە یەک ئۆمەت. بەڵام ویستی خودا وابوو لەو شتانەی کە پێی داون بە تاقیتان بکاتەوە؛ دەسا ئێوەش لە کاری چاک پێکەوە کێ بەر کێ بکەن. ھەموو لاتان دەگەڕێنەوە لای خودا و ئەوسا ئاگادارتان دەکا، کە لە سەر چی کێشەو لە ناو پەیدا ببوو. (٤٩) تۆش بە پێی ئەو فەرمانانەی لە خوداوە بۆت ھاتۆتە خوارەوە، بە کاروباریان ڕابگە و دوای ئارەزوویان مەکەوە. خۆتیشیان لێ بپارێزە، نەوەکا فریوت دەن و لە ھێندێک لەو فەرمانانەی کە لە ئێمەوە بۆ تۆ ھات، ھەڵەت بکەن. ئەگەر ھەر ڕوویان وەرگێڕا، سا بزانە کە خودا نیازی وایە لە بەرانبەر بازێک لە گوناھەکانیان تۆڵەیان لێ بکاتەوە، زۆربەی زۆریش لەو مەردمە لە ڕێ دەرچوون. (٥٠) ئاخۆ ئەوان گەرەکیانە دابی زەمانی نەزانی بەر لە ئیسلام بژیەننەوە! دەیسا لە لای ئەو کەسانەی وا لە بڕوای خۆیانا ھیچ شک و گومانێکیان نییە، کامە فەرمان لە فەرمانی خوا چاترە؟ (٥١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەبنە دۆستی ئەم مووسایی و مەسیحییانە؛ با ئەوان دۆستی یەکتر بن. ھەر کەسێکیش لە ئێوە ببێتە دۆستیان، ئەویش لەوان دەژمێردرێ. ئەوانەی لە سەر ناھەقین، خودا ڕێیان نیشان نادا. (٥٢) ئەو کەسانەی نەخۆشی لە دڵیاندایە، دەبینی کە بەلەزن بۆ چوونە لایان؛ دەڵێن: ئێمە دەترسین تووشی بەڵا بین [بۆیە دۆستایەتیتان دەکەین]. ھیچ دوور نییە خودا ڕۆژێ سەرتان بخا، یا خۆ کارێکی تر بکا. ئەوسا ئەوان لەو ڕازەی دەدڵیاندایە، تووشی خوسار و زیان بوون. (٥٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەر کەس لە دینی خۆی پاشگەز ببێتەوە، خوا لەمەولا کۆمەڵێ وا دەخاتەڕوو، خۆشی بوێن؛ ئەوانیش خوایان خۆش بوێ و لە حاندی خاوەن باوەڕان نەرم و نیان دەبزوونەوە و لە بەرانبەر دین دوژمنان، سەربڵند و توند و تیژن؛ خەزا لە ڕای خوا دەکەن و لە تەشەری سەرکۆنەکەران ناترسن. ئەمە زێدە خەڵاتێکە لە خوداوە بە ھەر کەسێ خۆی حەز بکا پێی دەبەخشێ. خوا زانایە و [لە بەخشین] زۆر دەس گوشادە. (٥٥) دۆستی ئێوە ھەر خودا و پێغەمبەریەتی و ئەو دەستەی باوەڕداران کە نوێژکەر و زەکات دەرن و بەرەو خودا لە کڕنۆشدان. (٥٦) ھەر کەسێکیش دۆستایەتی وەل خودا و پێغەمبەری خوا و ئەوانە بێ کە بوونەتە خاوەن باوەڕ، سەربە خوان و ھەر گرۆیە سەربە خوا بن، سەردەکەون. (٥٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە دەگەڵ ئەو کەسانەی گاڵتە بە دینتان دەکەن و لە ئەھلی کتێب حسێبن - کە پێشوو بۆیان ھاتووە - و ئەو کەسانەی خوانەناسن، ھەرگیز دۆستایەتی مەکەن. ئەگەر ئێوە بە ڕاستی خاوەن باوەڕن، ئەشێ لە خودا بترسن. (٥٨) ھەرگا ئێوە بۆ نوێژ کردنێ بانگ ئەدەن، ئەمانە گاڵتەی پێ دەکەن؛ چونکە ئەمان کۆمەڵێکی بێ ئاوەزن و دەھیچ ناگەن. (٥٩) تۆ بەوانەی کە ئەھلی کتێبن بێژە: ئاخۆ ھەر چونکە بڕوامان بە خوا ھەیە و بڕوامان بەو قورعانەیە کە بۆ ئێمە ناردراوە و بڕوامان بەوانەش ھەیە کە پێش قورئان لە خوداوە ناردراون، ئێوە ڕکتان لە ئێمەیە؟ ئێوەش خۆتان بەشی زۆرتان نافەرمانن. (٦٠) بێژە: ئاخۆ دەتانەوەێ لەوانەو ئاگادار بکەم کە سزایان لە لای خواوە لە سزای وان خراپترە؟ کەسانێکن بەر نەحلەتی خوا کەوتن و خودا غەزەبی لێ گرتن وھێندێکیانی کردە مەیموون؛ ھێندێکیانی کردە بەراز؛ کە ئەوانە عەبدایەتی بتیان دەکرد. شوێنی ئەوان لە گش جێیان خراپترە و لە ھەموو لە ڕێ لادەرێک گومڕاتر بوون. (٦١) کاتێ دێن لاتان دەڵێن: مە باوەڕیمان ھێناوە؛ کەچی ئەوان دڵ بە حاشا ھاتنە ژوور و بە بێ بڕوا وەدەرکەوتن. خوداش لەو شتانەی دەیانشاردەوە ئاگادارترە. (٦٢) زۆرێک لەوان دەبینی کە بۆ تاوان و دەستدرێژی و حەرام خۆری پێشەبڕکەی یەکتر دەدەن؛ ئاکاریان زۆر ناپەسەندە. (٦٣) ئەدی بۆچی خواناسان و زاناکانیان، لە تاوان و حەرامخۆری ھیچ دەستیان وەبەر ناھێنن؟ دەسکردیان زۆر ناپەسەندە! (٦٤) جھو گوتیان: خودا دەستی بەستراوە. دەک دەسیان لە زەنجیر خرێ و بە نەحلەت بن، بۆ ئەوەی لە دەمیان دەرچوو. [با بزانن] دەستی خودا زۆر گوشادن؛ چۆنی خۆی ئارەزوو بکا بەخت دەکا. ئاشکرایە ئەوەی لای پەروەرێنتەوە بۆت ھاتووە، لە ئەندازە لادان و خودانەناسی زۆرێک لەوانە پتر دەکا. ئێمەش ئەوا ھەتا ڕۆژی ھەستانەوە، ڕکەبەری و دوژمنیمان خستە ناویان. ھەر کاتێ کە ئاگری شەڕیان ھەڵگرساند، خودا بۆ خۆی کوژاندیەوە. تا لە ھەردن، ھەر بەدفەڕی پیشەیانە و دەیانەوێ خراپە بەڕێوە بەرن و خودا لە خراپەکاران خۆشی نایە. (٦٥) ئەوانەی ئەھلی کتێبن، ئەگەر باوەڕیان ھێنابا و دڵیان لە خودا ترسابا، ھەر گوناھێ کردبوویان ئێمە لێمان دەسڕینەوە و دەن بردنە ناو باغاتێک پڕ لە خۆشی و بەختەوەری. (٦٦) ئەگەر ئەوان تەورات و ئینجیل و ئەوەی لە پەروەرێنیانەوە بۆیان ھاتووە، تەواو دەکاریان ھێنابا، بێ سۆ لە لای سەریانەوە و لە [زەمینی] ژێر پایانڕا خواردنیان بۆ دابین دەکرا. ئەوانە کۆمەڵانێکن، ھێندێکیان مامناونجین و زۆرینەیان بەدکردارن. (٦٧) ئەی پێغەمبەر! ھەر شتێکی لە لایان پەروەرندەتڕا بۆت ھاتووە، ڕای گەیێنە؛ گەر وانەکەی ڕاسپێریت پێک نەھێناوە. خوا لەو خەڵکەت، کۆمەڵی خودانەناسان شارەزای ڕاستەڕێ ناکا. (٦٨) بێژە: ئەھلی کتێب! ئەنگۆ ھەتا بە پێی تەورات و ئینجیل و ھەرچی لە پەروەرندەتانەوە بۆتان ھاتۆتە خوارەوە، نەبزوونەوە، ئێوە لە سەر ھیچ [دینێک] نین. ئاشکرایە ئەوەی لای پەروەرێنتەوە بۆت ھاتووە، لە ئەندازە لادان و خودانەناسی زۆرێک لەوان، پتر دەکا. تۆ لە بەر ئەو خوانەناسانە، خەم مەخۆ. (٦٩) ئەوانە بڕوایان ھێنا و ئەوانەش بوونە جوولەکە، سوببییان و فەلەکانیش، ھەرکامێکیان باوەڕی ھەبێ بە خودا و ڕۆژی سەڵا و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا، نەھیچ ترسیان لە سەر ھەیە و نە خەم دەخۆن. (٧٠) ئێمە لە بەرەی ئیسڕائیل بەڵێنمان ساند و زۆر پێغەمبەرمان بۆ ناردن. ھەر کەس لەو پێغەمبەرانە پێچەوانەی دڵخوازی وان شتێکی بۆ بھێنابان، ھێندێکانیان بە درۆزن حسێب دەکرد؛ ھێندێکیشیان ھەر بە کوشتن لە بەین دەبرد. (٧١) لایان وابوو ئیتر بەڵایان تووش نابێ؛ کوێر و کەڕ بوون نە دەیاندی و نە دەیانبیست. پاشان پەشیمان بوونەوە؛ خودا ئەو پەشیمانیەشی قبووڵ کردن. دیسانەوە گەلێک لەوان کوێر و کەڕ بوون خوداش ئاکاری دەدیتن. (٧٢) ئەو کەسانەی دەڵێن: خودا خۆی مەسیح کوڕی مەریەمە، دیارە لە دین وەرگەڕاون. کەچی مەسیح گوتوویەتی: ئێوە ئەی بەرەی ئیسڕائیل! ئەو خودایەی بپەرستن کە منی پەروەردە کرد و ئێوەش ئەو پەروەراندوویە؛ ھەر کەسێکی شەریک بۆ خودا پەیدا بکا، خوا بەشی لە بەھەشت دەبڕێ و جێی ئاگرە و ھەر کەسێ ناھەقی بکا، ھیچ کەسی دەھانا نایە. (٧٣) ئەوانەی کە گوتیان: خودا سێھەمینە لە سێ کەسان، بێ سۆ لە دین لایانداوە. جگە لە خودای تاقانە، ھیچ کەس بۆ پەرستن ناشێ. ئەگەر بێتوو دەس ھەڵنەگرن لەو قسانە - ئەوانیانە کە وا لە دین لایانداوە - گرفتاری ئازارێکی بەژان دەبن. (٧٤) بۆچ ئەوانە پەشیمانی نابەنە بەر قاپی خودا و داوای بەخشینی لێ ناکەن؟ کە خوا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (٧٥) مەسیحی فرزەندی مەریەم لە پێغەمبەرێک بەو لاوە چی تر نییە، کە بەر لەویش فرەیەک پێغەمبەری تر ھاتوون و چوون. دایکی ئەویش ژنێکی ڕاست و دروست بوو؛ ھەردووکیان خۆراکیان دەخوارد. دەبڕوانە چەند نیشانەی ئاشکرایان نیشان دەدەین. دیسان تۆ لەوە ڕامێنە، چۆنین لە ھەقێ لادەدرێن؟ (٧٦) بێژە: ئاخۆ غەیرەز خودا ئێوە دەچن شتانی وا دەپەرستن کە نە دەتوانێ زیانوو پێ بگەیەنێ و نە پێی دەکرێ بەھرەی بۆ ئێوە تێدابێ؟ زۆر بیسەر و فرەزاناش ھەر خودایە. (٧٧) بەو کەسانەی کە ئەھلی کتێبن، بێژە: بە ناڕەوا ھەڵەڕۆیی لە دینی خۆتاندا مەکەن؛ مەکەونە شوێنی ئارەزووی ئەوانەش کە بەر لە ئێستە گومڕا بوون و زۆرێکیشیان گومڕا کرد و خۆشیان لە ڕێی ڕاس کلا بوون. (٧٨) ئەو دەستە لە بەرەی ئیسرائیلێ کە لە دین لایان دا، لە سەر زمانی داود و عیسای فرزەندی مەریەمڕا نەحلەت کران، چونکوو فەرمانی خوایان بەجێ نەھێنا و پیشەیان دەسدرێژی بوو. (٧٩) لەو ڕەفتارە نالەبارە وا دەیانکرد، بەرگرییان لە یەک نەکرد. ئای کە چەند خراپەیان کرد! (٨٠) تۆ زۆر لەوانە دەبینی دەبنە دۆستی خوانەناسان. چەن خراپە ئەو تۆشەی پێشی خۆیان خست: تۆشەی تووڕە بوونی خودا و ھەر مانەوە لە ئازاردا. (٨١) گەر ئەوانە بە خودا و بە پێغەمبەر و ھەرچی بۆ ئەو ھاتۆتە خوار، بە دڵ باوەڕیان ھەبایە، دۆستی ئەمانە نەدەبوون. بەڵام زۆر کەس لە ناو ئەوان بەفەرمانی خودا ناکەن. (٨٢) بێ گومانە جووەکان و شەریک دانەران بۆ خودا، لە دوشمنی دەگەڵ بڕوادارەکانا سەرسەخت ترن. ئەو کەسانەش کە گوتیان: «ئێمە مەسێحین»، پتر بڕوادارەکانیان خۆش گەرەکە. چون بڕێکیان ڕەبەن و کەشەن و خۆبەزل نازانن. (٨٣) ھەرگا گوێ دەگرن لەوانەی کە لە خواوە بۆ پێغەمبەر ناردراون، دەیانبینی ئەسرین لە چاویان دەوەرێ و چونکە لە ڕاستییەکە دەگەن، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەوا باوەڕیمان ھێنا، سا تۆش ناومان وەل شایەتاندا بنووسە. (٨٤) ئێژن: جا چۆن باوەڕ بە خوا ناھێنین و باوەڕ بەم ڕاستیە نەکەین کە ئێستا بە ئێمە گەیشت؟ کەچی ھیوامان ئەمەیە، پەروەرندەی ھەموو لامان بمانخاتە ناو گرۆی پیاوچاکانەوە! (٨٥) لە ھەمبەر ئەو قسانەدا ئەوان وتیان: خوا دەیانباتە باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن. پاداشی ئاکارباشەکان ھەروا دەبێ. (٨٦) ئەو کەسانەش کە دژ بە دین وەستانەوە و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی، دیارە جەحەندەم جێیانە. (٨٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەو شتانەی خوا بە ئێوەی ڕەوا دیوە و پاک و باشن، خۆتانی لێ بێ بەش مەکەن؛ لە ئەندازەش پتر مەچن، خودا ئەوانەی خۆش ناوێ کە لە ئەندازە دەردەچن. (٨٨) دەسا ئێوە لەو بژیوەی خوا بۆتانی داناوە، لەوەی وا پاک و ڕەوایە، بخۆن و نۆشی گیانوو بێ؛ ترسیشوو لەو خودایە بێ کە باوەڕیتان پێ ھەیە. (٨٩) خودا بە سوێندی سەر زارەکی و دوور لە مەبەست بە گوناھبارتان دانانێ؛ بەڵام سوێندی لە ناخی دڵتانەوە بێ و نەیبەنە سەر، بە گوناھبارتان دادەنێ و دەبێ لە بارتەقای ئەودا خواردن بدەن بە دە ھەژار؛ لەو خواردنەی بە ئاسایی دەیدەن بە خێزانی خۆتان. یان دەبێ جلکی دە ھەژار باربوو بدەن. یان کۆلەیەک ڕزگار بکەن؛ کەسێ کە ئەمانەی نەبوو، با سێ ڕۆژان بە ڕۆژوو بێ. ئەمە قەرەبووی سوێنتانە کە بە ئانقەست خواردبێتوو. سوێندی خۆتان بپارێزن و بە جێی بێنن. ئاوا خوا نیشانەکانی خۆی بۆتان ڕوون دەکاتەوە، کە ئێوە شوکرانەی بکەن. (٩٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! شەراب خۆری و قوماربازی و کێل پەرستی و گرێ و لە سەر تیران کردن، لە کارەکانی شەیتانن؛ خۆتانی لێ بپارێزن، بەشکەم تووشی ڕزگاری بن. (٩١) شەیتان مەبەستی ئەمەیە، بە شەراب خواردن و قومار ئاژاوەتان بخاتە ناو، لە نمێژ و یادی خودا وەتان گێڕێ. ئاخۆ ئێوە دەس لەو کارانە بەردەدەن؟ (٩٢) بەر فەرمانی خودا بن و بەر فەرمانی پێغەمبەر بن [لە سەرپێچیش] خۆ پارێزن. ئەگەر لە فەرمان دەربچن، دەبێ ئەوەندە بزانن کە پێغەمبەر جگە لە پێ ڕاگەیاندن ھیچی تری لە سەر نییە. (٩٣) بۆ ئەوانەی بوونەتە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، لەسەر ئەمەی کە لە پێشدا خواردوویانە گوناھیان نایەتە سەرێ. ئەگەر ئێستا خۆ پارێز بن و بڕوایان بە خودا ھەبێ و ئاکاری چاک ڕەچاو بکەن، لە دواڕۆژیش خۆ لە گوناھ بپارێزن و لە سەر باوەڕیان بمێنن و چاکەی بکەن، خوا چاکەکاری خۆش دەوێن. (٩٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خودا دەربارەی ئەو نچیرەی کە بەدەستان یان بەنێزە ڕاوی دەکەن، بەتاقیتان دەکاتەوە؛ ھەتا وەکوو بزانێ کێ بە نھێنی لێی دەترسێ. ھەر کەسێکی لەو سنوورەی کە بۆتان دیاری کراوە پتر بچێ، بەشی ئازاری بەژانە. (٩٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەتا ئێوە لە ئیحرامدان، نابێ ھیچ نچیرێ بوگژن. کێ لە ئێوە بە ئانقەست نچیرێ بکوژێ لە ئیحرامدا، لەسەریەتی ئاژەڵێکی - کە بارتەقای ئەو نچیرەی ئەو بێتەوە و دوو مرۆی عادڵ لە خۆتان بارتەقایی بسەلمێنێ - بھێنێتە ماڵی کابە و لەوێ بیکاتە قوربانی؛ یان بارتەقای ئەو نچیرە، خواردن بدا بە ھەژاران؛ یان بەرانبەر بە قەرسانی ئەو نچیرە چەند ڕۆژ دانێن بە ڕۆژوو بێ؛ ھەتا سزای ئەم کردەوەی خۆی بچێژێ. خودا لە کاری ڕابردوو چاو دەپۆشێ. ھەر کەسیش تێھەڵچێتەوە، خوا تۆڵەی لێ دەکاتەوە. خودا خاوەن دەستەڵات و تۆڵەسێنە. (٩٦) ڕاو و خواردەمەنی زرێ بۆ ئێوە ڕەوا کراوە. ئێوە و ڕێبواران دەتوانن بیانکەنە بژیوی خۆتان. ڕاوی بەژیش ھەتا لە ئیحرامدا دەبن، ڕێو نییە دەستی بۆ بەرن. لەو خودایە ترسوو ھەبێ کە لای ئەو کۆ دەکرێنەوە. (٩٧) خودا ماڵی کابە [یانێ] «بیت الحرام» ی کردۆتە ھۆی پێکھێنانی کاری خەلک؛ ھەروەھا حەرامەمانگ و قوربانییە بێ نیشان و قەڵادە دەملەکانیش. ئەمە [ھەمووی] بۆ ئەوەیە تا بزانن ھەرچی لە ناو ئاسمانەکان و زەویدان، خودا دەیزانێ و خودا لە ھەموو شتێکی ئاگادارە. (٩٨) دەبێ ئەوەندەش بزانن کە خودا لە سزاداندا توند و تیژە و ھەر خوداشە کە لە گوناھان دەبوورێ و دلۆڤانە. (٩٩) ئەرکێ لە سەر پێغەمبەرە ھەر ھێندەیە فەرمانی خوا ڕابگەرێنێ. خودا بۆ خۆی لەو شتانەی کە ئێوە ئاشکرای دەکەن، لەو شتانەش دەیشێرنەوە، ئاگادارە. (١٠٠) بێژە: پیس و پاک وەک یەک نین؛ با زۆرایی پیسەکەش بۆت سەر سووڕێن بێ. کە وابوو ئەی دڵ وشیاران! ھەر لە خودا ترسوو ھەبێ، ئەگەر بە ھیوای ڕزگارین. (١٠١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو شتانەش پرسیار مەکەن ئەگەر بۆتان ڕوون کەنەوە، پێی تووشی دڵمەندی دەبن. ئەگەر پرسەکەو ھەڵگرن بۆ ئەو کاتەی کە قورئان دێتە خوارەوە، وەرامەکەو دەدرێتەوە. خوا لەو پرسیارە نابەجێگانەی ئێوە چاوی پۆشی؛ خودا لە گوناھ دەبوورێ و لەسەرخۆیە. (١٠٢) کەسانێک لە پێش ئێوەشدا ئەم جۆرە پرسانەیان کرد و ھەر لە بەر ئەو پرسانە، لە ڕێگەی خودا لایاندا. (١٠٣) خودا سەبارەت بە «بەحیـرە» و «سائ-یبـە» و دەربارەی «حام» و «وەڵیـلە» ھیچ بڕیارێکی نەداوە؛ بەڵام خودانەناسەکان - کە زۆربەیان بێ ئاوەزن - درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستن. (١٠٤) ئەگەر پێیان بگوترێ کە: بێن بەرەولای ئەوەی خودا ھەناردوویەتە خوارەوە و بێن بەرەولای پێغەمبەرێ، ئێژن: ئێمە ھەر ئەو ئایینەمان بەسە کە باب و باپیرەکانمان لەسەری بوون؛ کە باب و باپیرانیشیان ھیچ شتێکیان نەدەزانی و ڕێگەی ڕاستیان بەدی نەکرد! (١٠٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھۆشتان بە خۆتانەوە بێ ئەگەر ئێوە بە ڕاستی دەگەڵی خوا بن و شارەزا بن، لە ڕێ لادەر زیانوو پێ نەگەیێنن. ھەموو لاشوو دێنەوە بەر قاپی خودا؛ ئەوسا ئاگاداروو دەکا کە ئاکارتان چلۆن بووە. (١٠٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا یەکێ لە ئێوە تووشی مەرگ دێ و دەیەوێ وەسیەتێ بکا، با لە خۆتان دوو کەس - کە جێگەی بڕوا بن - بێن و لێی ئاگادار ببن. ئەر ل ەسەفەریشدا بوون و تووشی بەڵای مەرگ ھاتن، دوو کەسی تر لە وەسیەت ئاگادار بکەن. ئەگەر لەو دوو شایەتانە بە گومان بوون، ھەتا دوای نوێژ ڕایان گرن و ئەوسا دەبێ سوێندێ بخۆن کە: بە خودا ئێمە دینمان بە ماڵی دنیا نافرۆشین و شایەتیەکی کە دەبێ بۆ خودا بیدەین، نامانەوێ نەیدرکێنین؛ با قازانجی ئەو ڕاستی نەدرکانەشمان بەخزمانی خۆمان بگا. ئەگەر ئێمە لە درکاندنی بە ڕاستی وەسیەتەکە - کە دەبێ بۆ خودای بێژین - خۆ ببوێرین، ئێمە پێی تاوانبار ببین. (١٠٧) ئەگەر دەرچوو کە دوو شایەتەکەی پێشوو خۆیان تاوانبار کردووە، ئەوساکە دوشایەتی تر - کە لەو دووانە نزیکتر لە مردووەکە بن - بێنە پێش و سوێندێ بخۆن کە: بە خودا ئەو شایەتی ئێمە دەیدەین، لە شایەتی دووەکانی پێشوو ڕاستترە و ئەگەر لە ڕاستی لا بدەین، ئێمە لە ناھەق کارانین. (١٠٨) ئەم شێوەیە بۆ باش دەرکەوتنی ڕاستی نزیکترە؛ کە شایەتەکان دەترسن بەسوێندی ئەوانی دیکە، ئەو سوێندەی کە خواردوویانە بەسەریاندا بدرێتەوە و لێیان ھەڵوەشێنێتەوە. ئەشێ لە خوا ترسوو ھەبێ و چی دەیبیسن بیگرنە گوێ. خودا لە فەرمان خۆ بوێران شارەزای ڕاستەڕێ ناکا. (١٠٩) ڕۆژێ کە خوا گش پێغەمبەرەکانی خۆی کۆوە دەکا و ئێژێ: بێژن چۆنتان بە دەنگەوە ھاتن؟ ئێژن: ئێمە ھیچ ئاگاداریمان نییە، ھەر تۆ لە ھەموو نەدیاران ئاگاداری. (١١٠) [ئەو دەمەشتان با لە بیر بێ کە] خوا گوتی: ئەی عیسای فرزەندی مەریەم! وەبیر خۆتی بێنەوە چەندەم چاکە دەربارەی خۆت و دایکت کرد؟ من گیانی ھەرە پیرۆزم ناردە یاریت، لە سەر بێشکە و بەگەورەییش دەت توانی خەڵک بدوێنی. من لە لایەنی خۆمەوە فێری کتێب و کارزانی و تەوڕات و ئینجیلم کردی. ئەوساکەشت ھەر لە بیربێ کە لە حەڕی بە ئیزنی من شێوەی مەلێکت چێ کرد و فووت تێکرد و بە ئیزنی من بوو بە باڵدارێک و دەفڕی. دیسان ھەر بە ئیزنی من بوو تۆ کوێرەکانی زگماگ و نەخۆشینی بەڵەکیت خۆش دەکردەوە و بە ئیزنی من مردووشت زیندوو کردەوە. ئەو دەمانەش کە پاش ئەو ھەموو نیشانە ئاشکرایەی کە پێم دابووی، ھاتییە ناو بەرەی ئیسڕائیل، نەمھێشت زیانت لێبدەن. ئەو کەسانەی کە بڕوایان پێت نەھێنا، دەیانگوت: ئەو نیشانانە ھەموو جادووی ئاشکرانوو ھیچی تر نین. (١١١) ئەو کاتەش من - ھەر بە ھیمای تایبەتی خۆم - حەوارییەکانم تێگەیاند: دەبێ بڕواو بە من ھەبێ و بە پێغەمبەرەکەی منیش باوەڕ بکەن. گوتیان: خوایە! تۆ شایەت بە کە بڕوامان پێ ھێنای و ھەر ملکەچی فەرمانی تۆین. (١١٢) کاتێ حەوارییەکان گوتیان: ئەی عیسای فرزەندی مەریەم! ئەرێ پەروەرندەکەی تۆ لە دەستی دێ خوانێکمان لە حەواوە بۆ بنێرێ؟ گوتی: ئەگەر باوەڕیتان بە خوا ھەیە لێ بترسن. (١١٣) گوتیان: ئێمە گەرەکمانە لە خوانی ئاوا بخۆین و دڵنیا بین و باوەڕ کەین کە ھەرچی پێت گوتین ڕاستە؛ ئێمەش بێینە پاڵ ئەوانەی کە شایەتی بۆ تۆ دەدەن. (١١٤) عیسای کوڕی مەریەم گوتی: ئەی خودای پەروەرندەمان! لەو حەوایەوە تۆ خوانێکمان بۆ بەڕێ کە، کە بۆ ھەوەڵ و دواییمان جێژنەیەک بێ و نیشانەیەک بێ لە تۆڕا و لە رۆزی بێ بەشمان مەکە. تۆ چاکترین ڕۆزی دەری. (١١٥) خودا گوتی: من بۆ ئێوەی بە ڕێ دەکەم؛ ھەر کەس دوایە لە ئێوە حاشایە بکا، جەزرەبەیەکی وای دەدەم کە تا ئێستا لە ناو خەڵکی دنیایەدا ھیچ کەسێکم ئاوا جەزرەبە نەدابێ. (١١٦) ئەو کاتەش کە خودا گوتی: ئەرێ عیسای کوڕی مەریەم! تۆ گوتووتە بەو مەردمە - غەیرەز خودا - دەبێ ئێوە من و دایکم وەک دوو خودا بپەرستن؟ گوتی: پاکی بێ عەیبی ھەر شیاوی تۆیە، من ڕێم ناکەوێ ھیچ شتێ بێجگە لە ڕاستی ببێژم. ئەگەر ئەو قسەم بکردبا خۆت دەتزانی. ھەرچییەکیشم بە ناخی دڵدا ببوورێ، تۆ دەیزانی؛ تەنیا منم کە دەربارەت ھیچ نازانم؛ ھەر تۆ لە ھەموو نەدیاران ئاگاداری. (١١٧) تۆ چۆنت فەرمان بە من دا، منیش ھەر ئەوەم ڕاگەیاند. گوتم: خودا بپەرستن کە ئەمنیش و ئێوەشی پەروەراندووە. ھەتا لە ناو ئەوانیش بووم، ئاگادار و چاوەنۆڕی باوەڕیان بووم؛ لەوساشەوە کە منت بۆ خۆت بردەوە، بۆ خۆت ھەر ئاگاداریان بووی. دیاریشە خۆت لە ھەموو شت ئاگاداری. (١١٨) گەر بتەوێ ئازاریان دەی، عەبدی خۆتن؛ گەر بشتەوێ لێیان خۆش بێ، خۆت دەزانی و ھەر بۆ خۆتی کە دەستەڵاتت بە دەستە و لەکارزانی. (١١٩) خودا گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکە ڕاستەکان ڕاستیەکەیان بەھرەیان پێ دەگەیێنێ. ئەوان باغاتێکیان دەبێ جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن. (١٢٠) عاسمانەکان و زەمین و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە - گش لە گش - موڵکی خودایە و ھەر خودایە لە سەر ھەموو شت توانایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەنعام وە ناو خودا کە دەھەندە و دلۆڤانە (١) پەسن و سوپاس بۆ خودایێ کە ئاسمانان و زەمینی چێ کردووە و تاریکایی و ڕووناکاییش ئەو پەیدای کرد. ئەو کەسانەش کە حاشایان لە پەروەرندەیان ھەیە، دێن لە پاشان شەریکی بۆ پەیدا دەکەن. (٢) ئەو خودایەی کە ئێوەی لە قوڕ چێ کرد و ماوەی ژینی بۆ داناون. ئەو کاتەشی بڕیار داوە و ناوی ناوە [کە لە ژیان بێ بەش دەبن]. کەچی ئێوە دیسانەکە ھەر دوودڵن. (٣) لە ئاسمانان و زەمیندا خوا ھەر ئەوە و لە نھێنی و ئاشکراتان ئاگادارە و ھەر کارێک بیکەن دەیزانێ. (٤) ھەر نیشانەیەک لە لایەن خوای پەروەرێنیانەوە بێ و بێتە لایان، ئیللا ھەر حاشای لێ دەکەن و خۆیانی لێ دەبوێرن. (٥) ئەوا وەختێ ئەم ڕاستەشیان بۆھات، بڕوایان پێ نەکرد. لەدواڕۆژدا ئەوانە ئاگادار دەبن لەوشتانەی ئێستا گەپی خۆی پێ دەدەن. (٦) ئاخۆ ئەمەندە نازانن کە ئێمە لە پێش ئەواندا چەندین بەرەمان قڕ کردن؟ ئەو دەستەڵاتەش لەم زەمینە بەوانمان دابوو، بەمانمان نەداوە. لە حەواوە کەیکەم و شەستەڕەھێڵە بارانەمان بۆ باراندن و وامان کرد کە لە سەر ڕووبارەکان دەژیان. کەچی ھێند نافەرمانیان کرد قڕمان کردن و لە پاش ئەوان - لە جێی ئەوان - بەرەی ترمان دامەزراندن. (٧) ئەگەر ئێمە لە سەر کاغەز نامەیەکمان بۆ تۆ ناردبایە خوارەوە و بەدەست ھەڵیان گڵۆفیبا، ئەوانەی خودانەناسن ھەر دەیانگوت: ببێ و نەبێ جادوو نەبێ چی تر نییە. (٨) ئەوا دەشڵێن: ئەدی بۆچی خوا فرشتەی بۆ ئەو نەناردە خوارەوە؟ ئەگەر ئێمە فرشتەشمان بناردایە، بێ سۆ کار لە کار دەترازا و ھیچ مۆڵەتیان پێ نەدەدرا. (٩) خۆ ئەگەر ڕاسپاردەمان فرشتەش با، ھەر دەبوو جلکی پیاوێکی دەبەر بکەین و ئەو جلەی ئەوان دەیپۆشن ئەو پۆشیبای. (١٠) بە گەلێک لە پێغەمبەرانی بەرلە تۆ، ڕشخەن کرا و ڕشخەنکەران تووشی کارەکەی خۆیان بوون. (١١) بێژە: ئێوە لەم زەمینە گەشتێ بکەن، تا بزانن دواڕۆژی بێ باوەڕەکان بە کوێ گەیشت. (١٢) بێژە: ھەرچی لە ناوی عاسمانەکان و زەمیندایە، ماڵی کێیە؟ بێژە: ھەموو بۆ خودایە. خودا لە سەر خۆی نووسیوە کە دەبێ خاوەن بەزە بێ. دیاریشە لە ڕۆژی قیامەت - کە بێگومانە ھاتنی - گشتوو لێک کۆ دەکاتەوە و ئەو کەسانەی گیانی خۆیان دۆڕاندووە ئەوانن بڕواناھێنن. (١٣) بۆ ئەویشە ھەر شتێکی لە شەوگاڕ و لە ڕۆژێدا، ھەدا دەدا و ھەر خۆی بیسەر و زانایە. (١٤) بێژە: ئاخۆ دەتانەوێ غەیرەز خودا ھیچ کەسی تر بە سەروەری خۆ بزانم، کە ئاسمانان و زەمینی داھێناوە و ڕۆزی بە زیندەوەر دەدا و خۆی لە بژیو بێ نیازە؟ بێژە: فەرمان بە من درا کە یەکەمین بەرفەرمان بم. سا تۆ قەت لەوانە مەبە شەریک بۆ خودا پەیدا کەی. (١٥) بێژە: ئەگەر نافەرمانی خودای پەروەرێنم بکەم، لە ئازاری ڕۆژە ھەرەدژوارەکەی پڕ مەترسی، ترسم ھەیە. (١٦) ئەوێ ڕۆژێ خوا لە ھەر کەسێ وازبێنێ، ئەوە دیارە وەبەر بەزەیی خستووە؛ ئەم کارەش ڕزگارییەکی ئاشکرایە. (١٧) ئەگەر خودا بەڵایەکت بە سەر بێنێ، بە غەیرەز خۆی کەس لە سەرتی وەلا نابا. گەر بەچاکەشت وەخوێنێ، ھەر خۆیەتی ھەموو کارێکی پێ دەکرێ. (١٨) ھەرخوداشە لە سەر ھەموو عەبدەکانی دەستی دەڕوا و ھەر بۆ خۆیەتی کارزانە و ئاگادارە. (١٩) بێژە: شایەتی دانی کێ لە ھەموو شایەتی دانێک گرینگترە؟ بێژە: خودا شایەتە لە نێوانماندا؛ ئەو بە خەڵات بۆ منی ناردە خوارەوە، تا بە ھۆی ئەو ترس وەبەر ئێوە بێنم و ھەر کەسێکیش کە پێ دەگا. ئێوە شایەتی دەدەن کە وەل خودا چەند خودایەکی تریش ھەیە؟ بێژە: من شایەتی نادەم. بێژە: خودا ھەر یەکێکە و من لە شەریک بۆ خوادانانی ئێوە دوور و بێزارم. (٢٠) ئەھلی کتێب ھەر وەک کوڕەکانی خۆیان باش دەناسن، پێغەمبەریش وا دەناسن. ئەوانەی خۆیان تووشی خوسار کردووە، بڕوا ناکەن. (٢١) کێی وا ھەیە لەو کەسانە ناھەقتر بێ کە درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستن یا بە نیشانەکانی خوا باوەڕ ناکەن؟ دیاریشە ھەر کێ ناھەق بێ، ڕزگار نابێ. (٢٢) ڕۆژی قیامەت کە گشتیان کۆ دەکەینەوە، بەو کەسانەی کە شەریکیان بۆ خودا پەیدا کردبوو، ئێژین: کوانێ بە خەیاڵ دەوگوت شەریکن دەگەڵ خودا؟ دە بیانھێنن. (٢٣) جا ئەو کاتە ھیچ عوزرێکیان نابێ غەیرەز ئەوە بێژن: سوێند بە خودا کە ئێمەی پەروەراندوە؛ ئێمە ھەرگیز ھیچ شتێکمان نەکردۆتە شەریکی ئەو. (٢٤) بڕوانە چۆن درۆ لە سەر خۆشیان دەکەن! ئەو شتانەش کە ئەوان بە درۆ دەیانگوت، لە بەین چوون. (٢٥) ئی وایان لە ناودا ھەیە گوێت پێ دەدا. بەڵام ئێمە پەردەیەکمان بە سەر دڵیان ھەڵکێشاوە کە تێت نەگەن، گراناییشمان خستۆتە ناو گوێچکەیان کە [نەبیسن] و ھەر نیشانەیەک ببینن باوەڕ ناکەن. ئی واش ھەیە کە دێنە لات جوابەجەنگیت دەگەڵ دەکەن؛ ئەو کەسانەی خوانەناسن ئێژن: ئەمە چیرۆکی پێشینەکانە و چیتر نییە. (٢٦) ھەر ئەوانە ناھێڵن خەڵک بێنە لای و بۆ خۆشیان خۆی لێ دوور دەگرن. ئەم کەسانە بە بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن ھەر بۆ خۆیان لە بەین دەبەن. (٢٧) ئەگەر ئەوسا بیانبینی کە لە سەر لێواری ئاگر ڕاگیراون، ئێژن: خۆزی دیسان دەیانگێڕاینەوە، ئەوسا بە نیشانەکانی پەروەرندەن بڕوامان دەکرد و ئێمەش لە ڕێزی باوەڕداران بووین. (٢٨) ڕاستیش ناکەن، تەنیا ھەر ئەوەیان بۆ ئاشکرا بووە کە لە پێشا لە دڵدا حاشاریان دابوو. ئەگەر بشگەڕابانەوە، ئەو کارانەی کە پێیان دەگوتورا مەیکەن، ھەر دەیانکرد. ئەمانە ھەر درۆزنن. (٢٩) گوتیشیان: جگە لەم ژینەی سەر دنیامان چیتر نییە و ئێمە زیندوو نابینەوە. (٣٠) گەر بیان دوونی لەو کاتەدا کە لە ھەمبەر پەروەرێنیان ڕاگیراون، پێیان ئێژێ: ئاخۆ ئەمەو پێ ڕاست نەبوو؟ ئێژن: بەڵێ، سوێندەکە بە پەروەرەندەن ڕاستی ڕاستە. ئێژێ: دە ئازار بچێژن بۆ ئەو حاشایەی دەتانکرد. (٣١) ئەو کەسانە زیانمەند بوون کە ھیچ باوەڕیان نەدەکرد، دێنە بەر بارەگای خودا. تا ئەو ساتەی لە پڕ سەڵایان لێ ڕابوو. ئیتر ئەوسا لە حاڵێکدا کۆڵەپشتی باری گرانی گوناھیان لە سەر پشتە، ھەر ئاخ و داخ و پەکیانە؛ ئێژن: حەیفێ ئێمە چەندن درێغی کرد. سا بزانە چەند بارەکەیان گران و نالەبارە. (٣٢) ژینی دنیا جگە لە گاڵتە و گەپ نییە و ماڵی ئەولا بۆ ئەوانەی لە خواترس و خۆپارێزن زۆر چاکترە. دەسا بۆ دەبێ تێ نەگەن؟ ! (٣٣) ئێمە دەزانین ئەو قسەی ئەوان دەیکەن بۆت دەبێتە ھۆی دڵتەنگی. خۆ ئەوانە تۆ وەدرۆ ناخەنەوە؛ لە ڕاستیدا ئەو ناھەقیکارانە لە نیشانەکانی خودایە حاشا دەکەن. (٣٤) فرە لە پێغەمبەرانی بەر لە تۆش - ھەر وەک ئێستەی تۆ - بە درۆزن ژمێراون. وێڕای باوەڕ پێ نەکران و ئازاردانیش، ھەروا خۆڕاگر مانەوە؛ ھەتاکوو یارمەتی ئێمەیان پێ گەییشت. سۆزی خوداش بە ھیچ کەسێک ناگۆڕدرێ و دیاریشە تۆ دەنگوباسی پێغەمبەرانت زانیوە. (٣٥) ئەگەر تۆ لە لات گران دێ کە بە دەنگتەوە نەھاتوون، سا ئەگەر لە تواناتدایە، ڕەھۆڵێکی لەم زەمینەدا بکۆڵە، یان پەیژەیەک کە پێی ھەڵچی بۆ ئاسمان و بەڵگەیەکی پتەو بۆ ئەمانە بێنە [بڕوات پێ بکەن]. ئەگەر خوا خۆی مەیلی لێ با، ھەموویانی شارەزای ڕاستەڕێ دەکرد. ئیتر ناشێ تۆ لە ڕێزەی نەزانان بی. (٣٦) ھەر ئەوانە گوێت لێ دەگرن کە دەبیسن. مردووەکانیش خوا زیندوویان دەکاتەوە و پاشان گشتیان بۆ لای خۆی دەگەڕێنەوە. (٣٧) ئێژن: بۆچی نیشانێکی لە لایەن پەروەرندەیڕا بۆ نەھاتۆتە خوارەوە؟ بێژە: خودا توانای ھەیە ھەر بەڵگەیەک [خۆی حەز بکا] بە ڕێی بکا؛ بەڵام ئەوانە زۆربەیان لێ نەزانن. (٣٨) ھەر زیندەوەرێ لە عەرزا تەڤگەڕیەتی و ھەر مەلێ بە باڵان دەفڕێ، ھەموویان کۆمەڵانێکن وەکوو ئێوە. ئێمە لە ناو ئەم کتێبە ھیچ شتمان ھەڵ نەبواردووە؛ لە دواڕۆژیش گش ئەمانە لە لای پەروەرندەی خۆیان کۆوە ئەکرێن. (٣٩) ئەو کەسانەی کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ زانی، کەڕ و لاڵن و لە تاریکیدا خول دەخۆن. خودا بەکەیفی خۆی دەکا، لە ھێندێکان ڕێ دەگۆڕێ و ھێندێکانیش دەخاتە سەر ڕاستەڕێیە. (٤٠) بێژە: ئەگەر خوا بەڵایەکوو بۆ بنێرێ یان ڕۆژی سەڵا و لێ ڕابێ، ئاخۆ ئەوسا غەیرەز خودا ھانا بۆ کەسی تر دەبەن؟ ئەگەر ڕاستن، ڕاستی بڵێن. (٤١) نەخێر، ئەوسا ھەر ھانا بۆ خودا دەبەن. ئەگەر خودا خۆی حەز بکا، بەڵاتان لە سەر لا دەبا و ئەو شتانەتان لە بیر دەچێتەوە کە [ئێستا] بە شەریکی خودایان دەزانن. (٤٢) ئێمە بۆ سەر گەلێک لە گەلانی پێش تۆش [پێغەمبەرمان] بە ڕێ کردوون. [ئەو کەسانەی یاغی دەبوون] تووشی بەڵا و نسیبەتانمان دەکردن، تا بەشکێکوو لە بەرمان بلاڵێنەوە. (٤٣) دەیسا بۆچی کە بەڵاشمان بە سەر ھێنان، لە بەرمان نەپاڕانەوە؟ بەڵام ئەمان دڵڕەش بوون و، شەیتانیش کارەکانیانی وا لە بەر ڕازاندبوونەوە [کە ھەر لە سەر حاشایە مان]. (٤٤) جا وەختێ ئەو ھەموو ئامۆژگاریانەیان - کە کرابوون - لە بیرەو چوو، ھەموو دەرگای بەختەوەرین بۆ کردنەوە ھەتا کەوتنە خۆشی و شادی؛ ئەوسا لەپڕ و نەکاوێک بەر تووڕەیی خۆمان خستن و ھەموو ناھومێد مانەوە. (٤٥) ئیتر ئەوسا ئەو کەسانەی پیشەیان ھەر ناھەقی بوو، دوابڕاو بوون و سپاس بۆ خوای ڕاھێنەری ھەموو دنیا. (٤٦) بێژە: بە من بێژن ئەگەر خوا ھەستی گوێ و سۆمای چاوتان لێ بستێنێ و لە سەر دڵگەلیشتانەوە مۆر دابنێ، کێ دەتوانێ - بەدەر لە خوا - بووداتەوە؟ دەبڕوانە ئێمە چلۆن نیشانەکان بۆ ئەوان شی دەکەینەوە؛ ھێشتا ھەر خۆی لێ دەبوێرن. (٤٧) بێژە: بە من بێژن ئەگەر بەڵای خودا لە پڕێک و بەنھێنی یان بە تەرزێکی ئاشکرا، تووشتان ببێ، جیا لەوانەی غەدرێ دەکەن کێ قڕ دەبێ و تێدا دەچێ؟ (٤٨) ھەر پێغەمبەرێک دەنێرین پێی دەسپێرین مژدەدەر و ترسێنەر بێ؛ سا ھەر کەسێ بڕوای ھێنا و ئاکاری چاکی ڕەچاو کرد، نە ھیچ ترسی لە سەر ھەیە و نە ھیچ خەمێکیان دێتەبەر. (٤٩) ئەوانە وا نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ ئەژمارد، لە سزای ئەم نافەرمانییە، گرفتاری ئازار دەبن. (٥٠) بێژە: من بە ئێوەم نەگوت: کلیل داری گەنجینەکانی خوا منم؛ نەشم گوتووە: لە نادیاران ئاگادارم؛ پێشم نەگوتوون: فریشتەم. تەنھا من ھەر ئەوە دەکەم کە خودا پێی ڕاگەیاندووم. بێژە: ئاخۆ کوێر و چاوساغ وەکوو یەکن؟ دەیسا بۆ بیر ناکەنەوە؟ (٥١) بەم قورئانە تۆ ئەوانە بترسێنە، کە لە ڕۆژی کۆ بوونەوە لە قاپی پەروەرندەیان نیگەرانن؛ کە لەو بەدەر نە ھیچ دۆستیان گیر دەکەوێ و نە تکاکار، بەشکوو لە خودا بترسن. (٥٢) ئەو کەسانە مەتۆرێنە و دەریان مەکە کە گش شەوەکی و ئێواران ھانا دەبەنە بەر خوای پەروەرێنیان و بۆ ڕەزای ئەو کۆشش دەکەن. تۆ ھیچ کارت بە کاری ئەوان نەدابێ؛ ئەوانیش ھیچ کاریان بە سەر تۆوە نییە. سا ئەگەر ئەمانە دەرکەی، غەدرێکە لە خۆتی دەکەی. (٥٣) ئێمە ئاوا گەرەکمانە ھێندێ لەوان بە ھێندێکان تاقی وەکەن، ھەتا بێژن: چلۆن خودا لە ناوماندا ھەر ئەمانەی وەبەر چاکەی خۆی خستووە؟ ئاخۆ خودا لەوان باشتر شوکربژێران ناناسێ؟ (٥٤) ھەرگا ئەوانە دێنەلات کە بە نیشانانی ئێمە بڕوادارن، پیان بێژە: دڵنیابن پەروەرێنتان ھەر خۆی لە سەر خۆی نووسیوە بەر بەزەیی خۆیتان بخا؛ دیارە خودا ھەر کەسێکی لە ئێوە - لە نەزانی خۆی - کاری خراپی لێ ڕوودا و پاشان پەشیمان بێتەوە و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا، لە گوناحەکانی دەبوورێ و دلۆڤانە. (٥٥) ئێمە ئاوا نیشانەکانی خۆمانیان تەواو بۆ شی دەکەینەوە و دەمانەوێ ڕێبازی تاوانباران ڕوون ببێتەوە. (٥٦) بێژە: من ڕێم پێ نەدراوە کە لە خودا بتکەمەوە و ئەو شتانە بپەرستم کە ئێوە دەیانپەرستن. بێژە: قەت من بە ئارەزووی ئێوە ناکەم. ئەگەر بێتوو شوێن ئارەزووی ئێوە کەوم، دیارە ڕێگەم گوم کردووە و لە ڕاستەڕێ وەدەر کەوتووم. (٥٧) بێژە: وا من لە لایەن پەروەرێنمەوە، بەڵگەی پتەوم لە لایە؛ کەچی ئەوەی لای منتان بە درۆ دانا. ئەوەش ئێوەی بۆ بەلەزن، ھیچی لە دەس مندا نییە. فەرمان ھەر فەرمانی خوایە و ھەر خۆی ڕاستیو بۆ باس دەکا. چاکتر لێک جوداکەرەوەش ھەر خۆیەتی. (٥٨) بێژە: ئەگەر ئەو شتەی داوای دەکەن و بۆی بە پەلەن بە دەس من با، کاری نێوان من و ئێوە ھەر لە زوودا دوایی دەھات. ھەر خوا باشتر ناھەقیکاران دەناسێ. (٥٩) ھەموو کلیلی نھێنی و بەرپیواران وا لای ئەوە؛ لە خۆی بەدەر ھیچ کەسێ ئاگای لێ نییە و ھەرچی لە زریا و بەژدایە باش دەیزانێ؛ ھیچ گەڵایەک لە ھیچ شوێنێ بێ زانینی ئەو ناوەرێ. ھەرچی دەنکە و لە تاریکایی زەویدا و ھەرچی تەڕە، یان زوھایە، گشتی لە ناو دەفتەرێکی ئاشکرایە. (٦٠) ھەر خۆیەتی بە شەو ھەستوو لێ دەستێنێ و لە ناو ڕۆژا چیتان کردووە. جا بە ڕۆژ ڕاو دەپەڕێنێ، ھەتا ماوەی دیاری کراو بە سەر دەچێ. لە پاشان دەچنەوە لای خۆی؛ ئەوسا ئاگادارتان دەکا کە لە پێشدا چوو کردووە. (٦١) ھەر خۆیە دەستەڵاتدار بە سەر عەبدانیا. پاسەوانانێکیشتان بۆ بەڕێ دەکا. ھەرگا وەختی مردنوو دێ، پێمێردی خوا لە پێک ھێنانی فەرمانی درێغ ناکا. (٦٢) پاشان دەیانگەڕێننەوە بۆ لای خودا، کە سەروەری ڕاستەقینەی ھەموویانە. با بزانن فەرمان ھەر بە دەستی ئەوە و زووتر لە ھەر حیسابگەرێ بە حیسابی گش ڕادەگا. (٦٣) بێژە: کێ ڕزگارتان دەکا لە تاریکی بەژ و دەریا؟ کە ئەوساکە بە نھێنی و بە ئاشکرا لە بەری دەپاڕێنەوە: ئەگەر خودا ئەمجارەش ڕزگارمان بکا، ھەر شوکرانەی ئەو دەبژێرین. (٦٤) بێژە: خوا ڕزگاروو دەکا لەو تەنگانە و لە ھەموو بەڵایەکی دیش؛ کەچی ئێوە شەریکی بۆ پەیدا دەکەن. (٦٥) بێژە: خودا توانای ھەیە کە لە لای سەرووتانەوە یان لە لای ژێرپاتانەوە ئازارتان بۆ بەڕێ بکا؛ یان بتانکاتە چەند دەستەو تێکتان بەردا و ئازار لە یەکتر بچێژن. دە بڕوانە چۆن ئێمە نیشانەکانمان - جۆرە جۆرە - بەو مەردمە نیشان دەدەین، بەشکوو ئەوانە تێبگەن. (٦٦) ھۆزەکەی تۆ ئەم قورعانی وا ڕاستیشیان پێ درۆیە. بێژە: خۆ من نەبوومە ھەمەکارەتان. (٦٧) زۆر بە زوو ئاگادار دەبن کە ھەر باس و خەبەرێک جێگەی خۆی ھەیە. (٦٨) ھەرگا ئەوانە دەبینی دەربارەی نیشانەکانمان خراپ دەدوێن، تۆ ڕوویان لێ وەربگێڕە تا باری قسە دەگۆڕن و قسە لە شتێکی تر دەکەن. گەر وا ڕوویدا شەیتان لە بیری بردیەوە، ھەرگا وەبیرت ھاتەوە ئیتر وەل ناھەقیکاران ڕۆمەنیشە. (٦٩) ئەوانەی خودێ ترسن و خۆپارێزن، ھیچ ئوباڵی ئەوانەیان لەستۆ نییە. بەڵام دەبێ ئامۆژگاری [بۆ نالەبارەکان] بکەن، بەشکوو لە خودا بترسن. (٧٠) تۆ وازبھێنە لەوانەی دینەکەیان بە گەمە و گاڵتە گرتووە و ژینی دنیا تەواوێک لە خشتەی بردوون. بەم قورئانە بیریان خەوە کە ھەر کەسێک بکەوێتە زیندانی بێ دەرەتانی کردەوەی خۆی - لە خوابەدەر - ھیچ کەسی دەھانای نایە و ھیچ کەسیش تکای بۆ ناکا. ھەرچی ماڵی دنیاش ھەبێ و لە لای ئەوبێ لە قەرەبووی خۆیدا بیدا، قبووڵ ناکرێ. ئەوان لەسۆنگەی ئەو کارەی کردوویانە و بڕوایان بە خودا نەبووە، لە دوژەھێ دەرناکەون و ئاوی کوڵیو دەخۆنەوە و جەزرەبەی بەژانیان ھەیە. (٧١) بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە - لە خوا بەدەر - ھاوار بۆ شتانێک بەرین نە زەرەرێکمان لێ دەدەن، نە بەھرەیان بۆمان ھەیە و لە پاش ئەوەی شارەزای ڕاستەڕێگە بووین، سەرلە نوێ پاشگەز بینەوە؟ ھەر وەک ئەوەمان بە سەردێ کە شەیتان خەڵەتاندوویە و لە سەر زەوی سەرگەردانە. ھێندێک ھەواڵی وای ھەیە کە پێی ئێژن: وەرە لامان لە ڕێگەت شارەزا دەکەین. بێژە: ڕێی ڕاست ھەر ڕێگەی ڕووبە خودایە و فەرمان بە ئێمە دراوە خۆ بدەینە دەس ڕاھێنەڕی دنیایە. (٧٢) فەرمووشیە دەبێ نوێژ بکەن؛ ترسیشوو لە خودا ھەبێ؛ کە ھەموو لاتان لای ئەو خڕ دەکرێنەوە. (٧٣) ھەر خۆیەتی بۆ ڕاستی، ئەم ئاسمانانە و زەمینەی بەرھەم ھێناوە. ھەر ڕۆژێکی بۆ دروست بوونی ھەر شتێ فەرمان بدا: ببە! دەبێ. قسەی ڕاستە و لاری نییە و ئەوێ ڕۆژێ فوو بە کەڵەشاخدا دەکرێ، تەنیا خۆی دەستەڵات دارە و دیار و بەرپیوار دەزانێ و ھەر خۆیەتی لەکارزان و ئاگادارە. (٧٤) بیر لەو کاتەش بکەرەوە کە ئیبراھیم بە ئازەری ئاپی خۆی گوت: ئەتۆ بۆچی ئەو بتانە دەپەرستی؟ ئەمن تۆشوو گەلەکەشت دەبینم لە ڕێ لاو داوە. (٧٥) [ھەر ئەو دەمەش بوو کە] ئێمە نیشانی ئیبراھیمندا دام و دەزگای ئەم عاسمانان و زەمینە سەر بە کێیە، تا لە ڕێزی باوەڕدارە ڕاستەکان بێ. (٧٦) کە شەوی بە سەرداھات و تاریک داھات، ئەستێرەیەکی بەدی کرد. گوتی: ئەمە پەروەرێنمە. ھەرکە لە بەر چاو ئاوا بوو، گوتی: ھەرچی ئاوا ببێ خۆشم ناوێ. (٧٧) وەختێ کە دیتی مانگ ھەڵات، گوتی: ئەمە پەروەرێنمە. کە ئەویش لە بەر چاو نەما، گوتی: ئەگەر پەروەرێنی ڕاستەقانیم خۆی شارەزاییم پێ نەڵێ، منیش لە گومڕایان دەبم. (٧٨) کاتێ دیتی وا خۆر لە کەل سەر دەکەوێ، گوتی: ئەمە لەوانی تر مەزنترە، ڕەنگە پەروەرندەکەی من ھەر ئەمە بێ. کە خۆریش کەوتە خۆرنشین، گوتی: گەلۆ! من لەو کارە و کە شەریکان بۆ خودانی من دەناسن، تەکیمەوە. (٧٩) وامن - بە دڵپاکی - ڕووم کردە ئەو کەسە کە ئاسمانان و زەمینی داھێناوە و لەوانە نیم شەریکی بۆ پەیدا دەکەن. (٨٠) ھۆزەکەی لە سەر ئەم باسە شەڕ و کێشەیان پێ فرۆشت. گوتی: ئێوە چۆن دەگەڵ من دەربارەی خودایێکەوە کێشە دەکەن کە خۆی شارەزای کردووم و ھیچ ترسێکم لەوانە نییە کە ئێوە دەیانکەنە شەریکی ئەو. ھەر شتێکی پەروەرندەم حەزێ بکا ھەروا دەبێ و زانستی پەروەرێنی من ھەموو شتی داگرتووە. ئاخۆ ئێوە ڕانامێنن؟ (٨١) جا چۆن دەبێ لەو بتانەی - کە ئێوە دەیانپەرستن - ترسم ھەبێ؟ کەچی ئێوە ترسوو نییە و ئەو بتانە بە شەریکی خودا دەزانن و ھیچ بەڵگەیەکی پتەوتان بۆ نەھاتۆتە خوارەوە. ئەگەر ئێوە لە زانین ھیچ بەشتان ھەبا، دەتانزانی لە من و لەنگۆ کامەلامان پتر شیاوی نەترسانە. (٨٢) ئەو کەسانەی بڕوایان بە خودا ھێناوە بڕواکەیان تێکەڵی ناحەقی نەکرد، دڵنیایی بۆ ئەوانە و شارەزای ڕای خودا ئەون. (٨٣) ئەمانە چەند بەڵگەیەک بوون کە دابوومانە ئیبراھیم، کە بەرانبەر بە ھۆزی خۆی ڕابووەستێ. ھەر کەسێ ئێمە حەز بکەین پلەی ڕێزی باڵا دەبەین؛ بێ گومانە پەروەرندەت لەکارزان و ئاگادارە. (٨٤) ئێمە ئیسحاق و یەعقووبمان ھەر بەو بەخشی و ھەموو لامان شارەزای ڕای خۆمان کردوو، لە پێش ئەواندا نووحیشمان بەرەو خۆمان ڕێ نیشاندا و لە ناو زاروزێچی ئەودا داود و سولەیمانیش و ئەییوب و یوسف و مووسا و ھاڕوونمان خستە سەر ڕێگا. ئێمە ئاوا پاداشی باش بە کارچاکان دەدەینەوە. (٨٥) ھەروەھا زەکەرییاش و یەحیا و عیسا، وێڕای ئەلیاس؛ ھەموویان لە مێرخاسان بوون. (٨٦) ئیسماعیل و ئەلیەسەع و یوونس و لووتیش ھەروەھا؛ سەر لەبەریانمان لە خەڵکی سەر زەمینێ، زێدەتر قەدر لێناوە. (٨٧) لە باب و کاڵ و عەولاد و برایانیان، بڕێکیانمان سەرخستن و شارەزای ڕای ڕاسمان کردن؛ (٨٨) ئەم شارەزایی کردنە لە لای خودایە. لە ھەر کەسێ لە عەبدانی مەیلی لێ بێ، بەرەو خۆی ڕێی نیشان دەدا. خۆ ئەگەر شەریکیان بۆ خوا پەیدا کربا، کردەوەیان سەرپاکی بە فێڕۆ دەچوو. (٨٩) ئەوانە کەسانێک بوون کە کتێبی خۆمان پێداون و لە کارزانیمان ڕاھێنان و کردمانن بە پێغەمبەر؛ گەر ئەمانە لێیان بکەونە حاشایە، ئێمە ئەو کارە دەدەینە کۆمەڵێ وا کە بڕوایان پێیان ھەبێ و ھیچگا حاشایان لێ نەکەن. (٩٠) ئەوانە کەسانێک بوون کە خودا ڕێنموونی کردن؛ تۆش ھەر لە شوێن ئەوان بڕۆ! بێژە: خۆ من ھیچ پاداشێکم لێو ناوێ، ئەم قورئانە ھەر تەنیا ئامۆژگارییەکە بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. (٩١) ئەو دەمەی وا گوتیان: خودا ھیچ شتێکی بۆ ھیچ کەسێک نەناردووە، وەک پێویستە خوا بناسرێ، نەیانناسی. بێژە: ئەی کێ ئەو کتێبەی ناردووە کە مووسا ھێنای و ڕووناکی و شارەزایی بوو بۆ مەردم؟ کتێبێ کە پەڕەپەڕەی دەکەنەوە و بەشی کەمی نیشانی خەڵکی دەدەن و بەشی زۆری دەشارنەوە! بەو کتێبە شتگەلێکتان پێ فێر کرا کە نە خۆ نە باب و کاڵتان نەو دەزانین. بێژە: ھەرخودا ناردوویە. تۆ ئیتر وازیان لێ بێنە با بە گاڵتە کردنەوە خۆ خەریک کەن. (٩٢) ئەم قورعانەشمان بە خەڵات بۆ تۆ نارد و مەمبارەکە و ئەوانەیشی لە لا ڕاستە کە دەپێشدا ناردراون؛ تا تۆ بە ھۆی ئەم قورئانە خەڵکی مەککە و دەوروبەری بترسێنی و ئەو کەسانەی بڕوایان بە قیامەت ھەیە، دیارە باوەڕی پێ دێنن و ھۆشیان بە نوێژەکانیشیانەوە ھەیە. (٩٣) کێ لەو کەسە ناھەقترە درۆ بە دەم خواوە بکا؟ یا بێژێ من لە خوداوە فەرمانم پێ ڕاگەیەنراوە؛ کە ھەرگیز ھیچ فەرمانیشی لە خواوە بۆ نەھاتووە؛ یان بێژێ منیش لە وێنەی ئەوانەی خودا ناردوویە، دەتوانم بۆتان بنێرم؟ بریا وەختی ئاویلکەدان تۆ ناھەقیکارەکانت بدیبا کە فریشتە لێیان ڕاساوە، کە: گیانوو لە قاڵب دەرخەن؛ وا ئەمڕۆ لە تۆڵەی ئەوە کە درۆتان بە دەم خوداوە ھەڵدەبەست و لە نیشانەکانی خودا حاشاو دەکرد، ئێوە بە سووکایەتییەوە ئازار دەدرێن. (٩٤) ھەر وەک تاک تاکە و بە تەنیا لە پێشوودا، ئێوەمان وەدی ھێناوە، ھەرواش ھاتوونەوە لامان. ھەرچیش ئێمە پێمان دابوون، لە دواتانەوە بەجێ ما. ئەو کەسانەش نابینن کە لاتان وابوو تکاکارن و بە شەریکی خواتان دەزانین. دیارە ئێستا لە یەکتری جیا بوونەوە و چی بە خەیاڵ سازوو دابوو، ھەمووتان لێ بە ھیچێ چوو. (٩٥) خودا دانە و دەنکی میوە دەقەڵێشێ. ھەر ئەویشە زیندوو لە مردوو دەردەخا و مردوو لە زیندوو دەردێنێ. ئەمە خوایە، دەسا ئێوە چۆن [لە ڕێگا] کلا دەکرێن؟ (٩٦) تێکوڵی شەوگار لا دەدا و سپێدە و بۆ دەخاتە ڕوو. شەوی بۆ ئۆقرە گرتن و خۆر و ھەیڤی بۆ ژمارەی ئێوە سازدا. خودای خاوەن دەستەڵاتی زانا ئەم کارەی کردووە. (٩٧) ھەر ئەویشە ئەستێرەی بۆ خستوونە ڕوو؛ تا بەوانە - لە تاریکی بەژ و زریا - ڕێ پەیدا کەن. ئێمە بۆ کەسانێ زانان، نیشانانمان بە ڕوونی شی کردۆتەوە. (٩٨) ھەر ئەویشە ھەموو ئێوەی لە تاقەکەسێک خستەوە؛ لە دوای ئەوە لە شوێنێک کۆی کردنەوە و دای مەزراندوون. بۆ ئەو کەسانەی تێ دەگەن، نیشانانمان بە ڕوونی شی کردۆتەوە. (٩٩) ھەر خۆیەتی لە حەواوە ئاوێکی بۆ ئێوە باراند، ھەموو ڕووەکمان پێ ڕوواند، ھەتا لە سەوزە گیاکەوە دەنک و کەلووی سواری یەک و لە کڵوکی دارخورماوە ھێشووی پڕ و شۆڕەوە بۆ دەگەڵ باغاتێک لە ڕەز و زەیتوون و بنەھەناری ھاووێنە و لە یەک جیامان بەرھەم ھێنا. وەختێ میوەیان پێدەگا سەیری بکەن، کە لەواندا گەلێک نیشانەی خودا ھەن بۆ کەسانێ کە بڕوایان بە خوا ھەیە. (١٠٠) لە جنۆکان شەریکیان بۆ خوا پەیدا کرد؛ کە بۆ خۆی دروستی کردوون. لەو نەزانی کە ھەیانە، خەیاڵ دەکەن دەبێ کۆڕ و کیژی ھەبن. خودا پاک و بەرزترە لەو باسانەی ئەوان دەیکەن. (١٠١) داھێنەری ئاسمانەکان و زەمینە؛ چۆن دەبێ عەولادی ھەبێ؟ کە ھیچ ژنی نەھێناوە و ھەرچی ھەیە ھەموو دەسکردی خۆیەتی و ئاگای لە ھەموو شت ھەیە. (١٠٢) ھەر خودایە ئێوەی پەروەردە کردووە و بەغەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ؛ ھەموو شتیش ئەو کردوویە. لە سەرتانە عەبدایەتی ئەو بکەن و سەرپەرستی ھەموو شت ھەر بە خۆیەتی. (١٠٣) ئەو نایەتە بەر چاوان و ھەموو بینەرێک دەبینێ و کارناسک و ئاگادارە. (١٠٤) ئێوە لە پەروەرندەوڕا چاوی دڵتان پێدراوە. ھەر کەسێکی بە چاوی دڵ شت ببینێ، بە قازانجی تەواو دەبێ. ھەر کەسێکیش چاوی دڵی نابینایە، زیانبارە و من کێشک گری ئێوە نیم. (١٠٥) ئێمە نیشانەکان ئاوا جۆراوجۆر شی دەکەینەوە؛ ھەتا لە ئاکاما نەیژن خوەنەواری! ھەتا ڕوونیشیان کەینەوە بۆ ئەوانەی کە تێدەگەن. (١٠٦) ھەر فەرمانێ لە پەروەرندەوڕا بۆت دێ، پێکی بێنە؛ بە غەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ ناشێ. تۆ وازت لەوانە بێنە شەریک بۆ خوا پەیدا دەکەن. (١٠٧) ئەگەر خودا مەیلی لێ با، شەریکیان پەیدا نەدەکرد. ئێمە تۆمان نەکردۆتە پاسەوان بەسەریانەوە و نەبوویتە ھەمەکارەیان. (١٠٨) قسەی خراپ دەربارەی ئەوانە مەکەن کە داوا [ی یارمەتی] لە غەیرەز خوا دەکەن؛ چونکە ئەوانەی نەزانن، لەوانەیە لەبەر دژایەتی خۆیان، خراپ لە مەڕ خودا بدوێن. ئاکاری ھەر دەستەیەکمان لە بەرچاو ڕازاندوونەوە و لە ئاکامدا ھەر دێنەوە بەر دەستی پەروەرندەیان؛ ئەوسا ئاگاداریان دەکا کە چییان دەکرد. (١٠٩) بە سوێندەوە ڕەش بوونەوە کە بە خودا ھەر تاکە نیشانەیەکیان لە خواوە بۆ بێتە خوارێ، بڕوا دێنن. بووش نیشانان ھەر لای خودان؛ کوو دەزانن؟ [من دەزانم] ئەگەر نیشانەشیان بۆ بێ، باوەڕ ناکەن. (١١٠) ھەر ئەوان جاری یەکەم باوەڕیان بە قورئان نەکرد، [ئێمەش] دڵ و دیدەی ئەوان لە کار دەخەین. ھەر وەک ھەن وازیان لێ دێنین کە ھەر بە نافەرمانییەوە سەرگەردان بن. (١١١) فرشتەشمان بناردایە و مردییەکانیش قسەیان دەگەڵ کردبان و ھەموو شتمان لە ڕووبەڕووی ئەوانەوە خڕ کردباوە، ھێمان باوەڕیان نەدێنا؛ جا مەگین خوا مەیلی لێ با. بەڵام زۆربەیان نەزان بوون. (١١٢) ئێمە بۆ ھەر پێغەمبەرێک دوژمنێکمان - لە نێو شەیتانەکانی بنیادەم و جندۆکە - دانا. ھێندێک لەوان - بۆ فریودان - قسەی ڕازاوە و درۆیان بە ھێندێک تر ڕادەگەیاند. پەروەرندەت ئەگەر حەزی بکردایە، ئەو کارەیان بۆ نەدەکرا. لێیان گەڕێ با ھەر درۆیان ھەڵبەستن. (١١٣) با ئەوانەی بڕوایان بەو دنیا نییە، بە دڵ گوێ بۆ ڕاگرن و پەسندی کەن و ھەر کارێ دەیکەن با بیکەن. (١١٤) ئاخۆ ڕەوایە غەیرەزخوا داوەرێکی پەیدا بکەم؟ ھەر ئەویشە ئەم کتێبەی دوور لە ھەموو کەمایەسی بۆ ئێوە ناردە خوارەوە. ئەوانەی کتێبمان پێدان، سوور دەزانن کە خەڵاتە و لە پەروەرندەی تۆڕایە و گشتی ڕاستە. کە وایە تۆ ھەرگیز لە دوودڵان مەبە. (١١٥) قسەکانی پەروەرندەت - لە بێ لایەنگری و ڕاستیدا - تەواو و بێ کەم و کووڕین؛ کەس ناتوانێ بیانگۆڕێ. زۆر بیسەر و ھەرە زاناش ھەر خۆیەتی. (١١٦) ئەگەر کەوتییە شوێنی قسەی زۆربەی ئەوانە وا لەم سەرزەوینەدان، لە ڕێگەی خودا لات دەدەن؛ چونکە ھەموو بە شوێن خەیاڵدا دەڕۆن و ھەر لە پڕوپووچ خەریکن. (١١٧) پەروەرندەت زۆر لە خۆت باشتر دەزانێ کێن ئەوانەی لە ڕێی خودا لایانداوە و باشتریش لە تۆ دەزانێ کێ ڕێگەی ڕاستی لەبەرە. (١١٨) دەسا ئێوە ئەگەر بڕواو بە خودا ھەیە و نیشانەکانی خوداتان لە لا ڕاستە، لە گۆشتی ئاژەڵێ بخۆن کە دەمی سەر ژێ کردنێ، ناوی خوای لە سەر ھاتووە. (١١٩) بۆچی ئێوە خۆتان لە گۆشتی ئەوانە دەپارێزن کە ناوی خوایان لە سەر دێ؟ کە ھەر خوداش بە تەواوی باسی ئەمانەی بۆ کردوون کە خواردنیان ناڕەوایە، - مەگین لە ڕووی ناچاریەوە - زۆر لەوانە ھەر بە ئارەزووی خۆیان و لە نەزانی، مەردم لە ڕێگە لا دەدەن. خودا خۆی ئاگادارترە لەو کەسانەی لە ئەندازە دەردەکەون. (١٢٠) لە تاوانی بە ئاشکرا و نھێنی خۆ بپارێزن؛ ئەوانەوا خۆیان تووشی تاوان دەکەن، سزای تاوانیان دەبینن. (١٢١) ھەر ئاژەڵێ لە کاتی سەر ژێ کردنێ ناوی خودای لە سەر نەیە، نابێ لە گۆشتەکەی بخۆن؛ ئەمە لە ڕێگە لادانە. شەیتانەکان دنەی دۆستانی خۆدەدەن، تا کێشەتان دەگەڵ بکەن. جا ئەگەر بە گوێیان کردن، بێ گومان شەریکتان بۆ خودا داناوە. (١٢٢) ئاخۆ کەسێ کە مردوو بوو، ئێمە زیندوومان کردەوە و ڕووناکییەکمان خستە پێشی، بە سەربەستی لە ناو خەڵکا بوخلێتەوە، وەک کەسێکە کە لە ناو تاریکیدایە و ھیچ دەرەتانێکی نییە؟ ئەو کەسانەی خوانەناسن کارەکانیان لە بەر چاوی خۆیان جوانە. (١٢٣) ھەر وا تاوانکارانی ھەر کۆمەڵێکمان کردووتە خاوەن دەستەڵات، تا لەوێدا خەڵک فریودەن. لە ڕاستیشا ھەر فێڵ لە خۆیان دەکەن و ھەست پێ ناکەن. (١٢٤) ھەرگا بەڵگەیەکیان بۆ بێ، ئێژن: ئێمەش تا وەک پێغەمبەرانی خوا، ئەو بەڵگانەمان بۆ نەیە، نامانکرێ بڕوا بێنین. خودا خۆی باشتر دەزانێ چ کەسێ بۆ پێغەمبەری ھەڵبژێرێ. زۆری پێ ناچێ ئەوانەی تاوانباربون - لە بەر فێڵبازی و دەغەڵیان - لە لای خواوە سوکی و ئازارێکی دژواریان تووش دەبێ. (١٢٥) ھەر کەسێ خودا حەزبکا، بۆخۆی ڕێگەی نیشان دەداو بۆبڕوا بە ئیسلامەتی دڵی گوشادی دەداتێ. کێش حەزبکا گومڕای بکا، ھێندە نەفەس تەنگی دەکا، وەک بەرەوحەوا سەرکەوێ. خودا ئاوا ئەو کەسانەی بڕوا ناھێنن تووشی ڕسوایی دەکا. (١٢٦) ئەمە ڕێکەڕێگەی پەروەرندەی تۆیە. بۆ ئەوانەی لە نسیحەت بەھرە دەبەن، نیشانانمان بە باشی ڕوونکردۆتەوە. (١٢٧) ئەو کەسانە لە پەروەرندەی خۆیانڕا شوێنەکەیان ئەنوای ھێمنایەتی دەبێ و لە بەرانبەر کارەکەیان دۆستایەتی ئەویان ھەیە. (١٢٨) لەو ڕۆژەدا کە ھەمووان کۆ دەکاتەوە؛ ئەی دەستەوگرۆی جندۆکان! ئێوە زۆرینەی مرۆتان کردبووە پەیڕەوی خۆتان. دۆستەکانیان لە نێوان بەرەی مرۆدا ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! بڕێکمان لە بڕێکی تر بەھرەی برد تا گەییشتینە ئەو مۆڵەتەی کە بۆمانت دیاری کرد. گوتی: دەسا جێگەی ھەتاھەتاییتان جەھەندەمە؛ مەگین خودا - بە کەیفی خۆی - بۆو بگۆڕێ. پەروەرندەت لەکارزان و ئاگادارە. (١٢٩) ئاوەھاینە بڕێک لە ناھەقیکاران - لە سۆنگەی ئاکارێ دەیکەن - دەخەینە ژێر دەستەڵاتی بڕێکتریان. (١٣٠) ئەی گەلی جنۆکە و مرۆ! مەگەر پەیغەمبەرانێکتان ھەر لە خۆتان بۆ نەھاتن، کە لە نیشانەکانی من بە سەر ئێوەدا وەخوێنن و لەم ڕۆژەتان بترسێنن؟ گوتیان: بەڵێ، شایەتی لە خۆمان دەدەین. ژینی دنیا فریوی دان شایەتیان لە سەر خۆیان دا، کە خودایان نەناسیوە. (١٣١) بۆیە ئەمەمان ڕاگەیاند کە بزانن پەروەرندەت لە ناھەقی ھیچ شارێکی قڕ نەکردووە و خەڵکەکەی بێ ئاگا بووبێ. (١٣٢) بۆ ھەر کەسێ - بەرانبەر بە ئاکاری خۆی - پلەوپایەگەلێک ھەیە و پەروەرێنت لەوەی دەیکەن خافڵ نییە. (١٣٣) پەروەرندەت بێ نیاز و دلۆڤانە. ئەگەر خۆی ئارەزوو بکا، ناتانھێڵێ و حەزێ بکا، لە پاش ئێوە چینێکی تر لە شوێنی ئێوە دادەنێ؛ ھەروەک ئێوەی لە تۆرەمەی کەسانی تر خستۆتەوە. (١٣٤) ھەر بڕیارێ بۆتان درا، شک نییە ھەر ئەوە دەبێ و بەسەروو دێ و ناتوانن خوا بێ ھێز و دەستەڵات بکەن. (١٣٥) بێژە: گەلۆ! ھەرچی لە دەستی ئێوە دێ، درێغ مەکەن؛ وا منیش ھەروا خەریکی کاری خۆمم. لە ئاکامدا تێ دەگەن کە ئەنجامی [باشی] ئەو دنیا بۆ کێ دەبێ. ھەر چۆنێک بێ، خوا ناھەقان ڕزگار ناکا. (١٣٦) لە [بەروبووی ئەو] کێڵگە و وڵساتەی کە خودا بەدی ھێناوە، بەشێکیان بۆ خۆی دانا. جا بە خەیاڵ گوتیان: ئەمە بەشی خوایە و ئەمەش ھی بتەکانمانە. خۆ بەھرەی بتەکانیشیان، نەدەکەوتە لای بەھرەی خوا؛ بەڵام بەھرەی خوا دەچووە لای بتەکانیان! ناشیرین داوەری دەکەن. (١٣٧) بتەوانانی شەریک دانەر بۆ خودا، وایانکرد کە زۆرێک لە ھاوبیرەکانیان، کوشتنی فرزەندی خۆیان بەلاوە جوان و ڕەوا بێ؛ تاکوو لە بەینیان ببەن و دینەکەیان لێ تێکەڵ و پێکەڵ بکەن. ئەگەر خودا کەیفی لێ با، ئەوان ئاوایان نەدەکرد. لێیان گەڕێ ھەر بوختانێ دەیکەن بیکەن. (١٣٨) ھەر بە خەیاڵ دەیانگوت کە: ئەم ماڵات و کێڵگە قاخەن. بێ ئیزنی مە ھیچکەس نابێ تامیان بکا. ئەم ماڵاتەش کەس نابێ سواری پشتیان بێ. ھێندێک ماڵاتیشیان ھەیە، لە وەختی سەر ژێ کردندا ناوی خوای لەسەر ناھێنن و درۆ بە دەم خواوە دەکەن. خودا لەسەر ئەو درۆ ھەڵبەستنەیان تووشی جەزرەبەیان دەکا. (١٣٩) دەشیانگوت کە: چی لە پژدانی ئەو ئاژەڵانەدایە، بۆ نێرینەی فرزەندی ئێمە ڕەوایە و بۆ ژنانمان ناڕەوایە! ئەگەر مردارەوەبووش بێ، ھەمووان تێدا شەریک دەبن. بەم زووانە خوا سزای ئەم قسانەیان دەداتەوە. خودا ھەر خۆی لەکارزان و زۆر دانایە. (١٤٠) ئەو کەسانە - وا لەبەر گەوجی و نەزانی - فرزەندانی خۆیانیان کوشت، زیانبار بوون و بە بوختان کردن بۆ خوا، ئەو بژیوەی کە پێدا بوون، حەرامیان کرد؛ دیارە ڕێیان لێ تێک چووە و شارەزا نین. (١٤١) ھەر ئەویشە باغاتی وەدی ھێناوە. ھێندێک داربەستیان گەرەکە و ھێندێکیان داربەستی ناوێ. داری خورما و مەزرا و کێڵگەی بەدی ھێنا، کە لە خواردنا لێک جیان. زەیتوون و دارھەناریشی چێ کردووە؛ کە بە ڕواڵەت وەک یەک و لە تام و ڕەنگا جیاوازن. ھەرگا میوەیان پێ دەگا، لێی بخۆن و لە ڕۆژی میوەچنیندا، بەشی خوداش جوێ کەنەوە بۆ ھەژاران. کارێک مەکەن کە لە ئەندازە بەدەر بێ؛ خودا ئەوانەی خۆش ناوێ کە لە ئەندازە دەردەچن. (١٤٢) لە ماڵاتیش بڕێکی بۆ بارلێنان و بڕێکی بۆ کوڵکە و خوری، بەدی ھێنا. لەوەی وا خودا کردوویەتە ڕۆزی بۆتان، بخۆن و ڕێ و شوێنی شەیتان مەگرنەبەر؛ چونکە شەیتان بە ئاشکرا دوژمنتانە. (١٤٣) ھەشت سەر ماڵاتی نێر و مێ چێ کردووە: مەڕ و بەران، نێری و بزن. بێژە: ئاخۆ خوا نێرینەکانی حەرام کردووە؟ یان مێوینەکان؟ یان ئەوی وا لە پزدانی مێیەکاندا؟ ! بەڵگەم نیشان دەن، ئەگەر ئێوە ڕاس ئێژن! (١٤٤) [چواری دیکەش بریەتین لە: ] لۆک و سایە و چێڵ و مانگا. بێژە: ئاخۆ خوا نێرینەکانی حەرام کردووە؟ یان مێوینەکان؟ یان ئەوی وا لە پزدانی مێیەکاندا؟ یان بۆ خۆتان ئاگادار بوون کە خودا وای ڕاسپاردوون؟ سا کێ لەوە ناھەقترە درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستێ؛ کە بێ ئەوەی بۆ خۆی زانستێکی ھەبێ، تێ بکۆشێ خەڵکی دیکەش گومڕا بکا؟ خودا دەستەی ستەمکاران شارەزای ڕێگەی خۆی ناکا. (١٤٥) بێژە: لە ناو ئەوانەدا کە وا پێم ڕاگەیێنراوە، شتێکی وا پەیدا ناکەم کە خواردنی لە کەسێک حەرام کرابێ، بێژگە لە مردارەوەبوویان خوێنی ڕژێنداراو یان گۆشتی بەراز - کە پیسە - یان ئاژەڵێ کە بە ناوی غەیرەز خودا سەر بڕاوە. ھەر کەسێکیش - بە ناچاری بە بێ مەیلی - لەو ناڕەوایانە بخوا و لە ئەندازەی تێربوونی خۆی پتر نەخوا، بێگومان خوا بەخشەندەیە و دلۆڤانە. (١٤٦) ئێمە ھەموو زیندەوەری ناخۆن دار و پیوی گا و پەزمان، لەوانەی بوونە مووسایی، حەرام کرد؛ مەگین پیوێ کە لە سەر پشتی ئەو دووانە جێی گرتووە؛ یان ئەو پیوەی دەگەڵ ڕیخۆڵەکانیانە؛ یان ئەو پیوەی تێکەڵاوی پێشە بووە. بۆیەشمان ئەو سزایە دان، ناھەق بوون و لە ڕێگەی ئێمە دەردەچوون. دیاریشە ئێمە ڕاست ئێژین. (١٤٧) ئەگەر وتیان: تۆ ئەم قسانەت ڕاست نییە، بێژە: پەروەرندەی ئێوە خێوی دلۆڤانیێکی بەربڵاوە و تاوانباریش لە سزای لانادرێن. (١٤٨) ئەو کەسانەی شەریک بۆ خودا دەناسن، ئێژن: خودا مەیلی لێ با، ئێمە و باب و باپیرانمان، بت پەرستیمان نەدەکرد؛ ھیچ شتیشمان لە خۆمان حەرام نەدەکرد. ئەوی بەرلەوانیش ھەبوون، ھەر بڕوایان بە پێغەمبەران نەھێنا، تا ئەو کاتەی کە جەزرەبەی ئێمەیان چەشت. بێژە: ئەگەر لە زانین شتێک شک دەبەن، بۆمان دەرخەن! بەڵام ئێوە ھەر وەشوێن گومان دەکەون و ھەر لەخۆوە قسە دەکەن. (١٤٩) بێژە: بەڵگەی بە قەوەت ھەر ھی خودایە؛ ئەگەر بۆ خۆی مەیلی لێ با ھەمووتانی دەخستە سەر ڕاستەڕێیە. (١٥٠) بێژە ئەو شایەتانەتان بێنن وا شایەتی دەدەن: خوا ئەمەی حەرام کردووە. ئەگەر ئەو شایەتییەشیان دا، تۆ وەلیان شایەتی مەدە و مەچۆرە سەر ئارەزووی ئەو کەسانەی وا بە نیشانەکانی ئێمە بێ بڕوان و قیامەتیان لە لا درۆیە و ھاوتا بۆ پەروەرندەیان پەیدا دەکەن. (١٥١) بێژە: وەرن ئەو شتانەی پەروەرندەو لێی بە ناڕەوا زانیون، من بۆتانی بخوێنمەوە، کە ھیچ شتێک بە شەریکی خوا مەزانن. دەگەڵ دای و بابی خۆشتان چاکە بکەن. لە ترسی لە برسان مردن، فرزەندی خۆتان مەکوژن؛ ئێمە بژیو بە ئێوە و بەوانیش دەدەین. بە ئاشکرا و بە نھێنی خۆ تووشی خراپە مەکەن. کەسیش مەکوژن کە خودا کوشتنی حەرام کردووە؛ مەگین لە ڕووی ھەقەوە بێ. خوا ئەمانەی بە ئێوە ڕاسپاردووە، شایەتا ئێوە تێ بگەن. (١٥٢) مەچنە قەرەی ماڵ و دارایی ھەتیوان؛ مەگین بە چەشنێ کە باشتر [بپارێزرێ]؛ تا کاتێ کە خۆی پێ دەگا. با پێوانە و تەرازووشتان بەرامبەر بێ و کەم وکووڕی تێدا نەبێ. ئێمە لە توانایی بەدەر ھیچ ئەرکێ ناخەینە سەر کەس. کاتێ [بۆ ناوبژی یان بۆ شایەتی دان] قسە دەکەن، عەداڵەتتان لەبەر چاو بێ؛ جا با دژی خزمی نزیکی خۆشتان بێ. پەیمانی خواش - بە تەواوی - بە جێ بێنن. خوا ئەمانەی بە ئێوە ڕاسپاردووە، شایەتا ھەر لە بیرتان بێ. (١٥٣) ئەمەیە ڕێگەی ڕاستی من؛ ئێوە ھەر بەو ڕێگا بچن و مەچنە سەر ڕێگایانی تر، نەوا لە ڕێگای ئەو دوورتان بخەنەوە. خوا ئەوانەی بە ئێوە ڕاسپاردووە، بەشکوو خۆتان بپارێزن. (١٥٤) کتێبیشمان دا بە مووسا، ھەتا چاکەمان بەرانبەر بەو کەسە وا ڕێگای چاکەی گرتۆتە پێش، بێ کەم و کوڕی و تەواو بێ؛ تا باسی ھەموو شتێکیشمان کردبێ و ببێتە ھۆی ڕێ شاندان و بەزەیی خوا. شایەتا بە دیداری پەروەرندەیان بڕوا بکەن. (١٥٥) ئەم کتێبە پیرۆز و پڕ لە پیتەشمان ناردۆتە خوار. گشتوو پەیڕەوی لەو بکەن و ترسیشتان لە خودا ھەبێ، بەشکوو بەزەیی پێودا بێ. (١٥٦) نەچن بێژن کتێب ھەر بۆ دوو کۆمەڵی بەر لە ئێمە ھاتۆتە خوارەوە و ئێمە ھیچ ئاگامان لە زانستی ئەوان نەبووە. (١٥٧) یاخۆ بێژن: ئەگەر ئێمەش وەکوو ئەوان کتێبمان بۆ بھاتایە، دیارە شارەزاییمان پتر لەوان بوو. ئەوا ئێستا لە لایەن پەروەرندەوڕا بەڵگەیەکی زۆر ئاشکرا و شارەزایی و بەزەییتان بۆ ھاتووە. ئەمجار دەبێ کێ لەو کەسە ناھەقتر بێ کە بە نیشانەکانی خوا بڕوا نەکا و لە فەرمانی خۆ ببوێرێ؟ ئەو کەسانەی لەم کتێبە خۆ دەبوێرن و بە نیشانەکانی ئێمە باوەڕ ناکەن، زۆر پێ ناچێ بە توندی سزایان دەدەین. (١٥٨) ئاخۆ ئەوان چاوەنۆڕی چ شتێک دەکەن بێژگە ئەوە کە فریشتەیان بێتە لا، یان پەروەرێنی تۆ [بۆ خۆی] بێتە لایان، یان بڕێ لە نیشانانی پەروەرندەی تۆیان بۆ بێ؟ ئەوێ ڕۆژێ کە ئەم جۆرە نیشانانە بێتە لایان، ھەر کەسێکی بەرێ بڕوای نەھێنا بێ و ئاکاری چاکی نەبوو بێ، بڕواھێنان تازە بەھرەیان بۆ نادا. بێژە: ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین. (١٥٩) ئەو کەسانەی دینەکەیان پەرژوبڵاو کردۆتەوە و دەستەی لێکتر جیاوازیان پێک ھێناوە، پێویستە تۆ لەوان نەبی. خودا بە کاریان ڕادەگا و لە دواییدا ئاگاداریان دەکاتەوە لەو کردەوەی کردوویانە. (١٦٠) ھەر کەسێ چاکەیەک بکا، دە ئەوەندەی چاکە دەگەڵ دەکرێتەوە. کەسێکیش خراپە بکا، بە ئەندازەی خراپەکەی سزادەدرێ و کەس ناھەقی لێ ناکرێ. (١٦١) تۆ بێژە: پەروەرندەی من، خستوومیە سەر ڕاستەڕێگە؛ سەر دینێ کە پایەدارە: دینی ئەو ئیبراھیمە وا لە ناحەق لایداوە و ھەرگیز ھیچ شەریکێکی بۆ خوا بڕیار نەداوە. (١٦٢) بێژە: من نمێژکردنم و پێک ھێنانی ڕێ و شوێنی حەج کردنم و ژین و مەرگم، بۆ خودایە؛ کە ڕاھێنەری دنیایە ھەر خۆیەتی. (١٦٣) خودا ھیچ شەریکی نییە. فەرمان وا بە من دراوە و من لەڕێزەی موسوڵمانان یەکەمینم. (١٦٤) بێژە: جاچۆن لە خوا بەدەر کەسێکی تر بە پەروەرندە بزانم؟ کە ھەر ئەوە ڕاھێنەری ھەموو شتێ. ھەر کەسێکیش ھەر کارێکی خراپ بکا، ھەر بۆ خۆی سزای دەبینێ. ھیچ کەس باری گرانی ھیچ کەسێکی تر ناگرێتە کۆڵ. جێی گەڕانەوەی ھەمووتان وا لای پەروەرندەتانە و ئەوسا ئاگادارتان دەکا کە لەسەر چی پێکەوە پێک نەدەھاتن. (١٦٥) ھەر بۆ خۆشی ئێوەی کردە جێنشینانی زەوین و ھێندێکانی بەرانبەر بە ھێندێکی تر، چەن پلە بردە سەرەوە تا لەو شتانەی پێی داون بە تاقیتان بکاتەوە. پەروەرندەت بە پەلە تۆڵە دەستێنێ و ھەر ئەویشە کە لە گوناھان دەبوورێ و دلۆڤانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەعراف وە ناو خودا کە دھەندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم، ڵاد. (٢) کتێبێکە بۆ تۆ ھاتۆتە خوارەوە، تا بە ھۆی ئەو ترس وەبەر مەردم بنێی و خۆت تووشی دڵتەنگی مەکە لەو بارەوە؛ ئەم کتێبە نسحەتیشە بۆ وانەی بڕوای پێ دێنن. (٣) ھەرچی لە پەروەرندەتانەوە بۆتان ناردراوەتە خوارەوە، شوێنی کەون و بە غەیرەز ئەو مەکەونە شوێنی سەرپەرستانی دیکە. ئێوە زۆر کەم عیبرەت دەگرن. (٤) ئێمە خەڵکی چەندین شارمان قڕ تێ خستن. وەختێ نیشانەی غەزەبی ئێمەیان بە سەردا دەھات - لە شەودا بوو، یان نیوەڕۆ - دەسانەوە. (٥) کە دەیاندی ئێمە غەزەبمان لێ گرتوون، ھەر ئەوەندەیان بۆ دەما بێژن: ئێمەین ناھەقیمان لە خۆمان کرد. (٦) ئێمە بێ سۆ پرسیار دەکەین، ھەم لەوانەی پێغەمبەرمان بۆ ناردوون و ھەم لەوانەش بە پێغەمبەریی ناردنمان. (٧) ئەوسا ئێمە - کە دەزانین - نووک و بەدی بۆ ھەموو لا باس دەکەین و قەت لێیان بێ ئاگا نەبووین. (٨) ھەڵسەنگاندنی بە ڕاستی، ئەوێ ڕۆژێ دێتە گۆڕێ. ئەو کەسانەی تای تەرازوویان گران بێ، ئەوانە ڕزگارەکانن. (٩) ئەو کەسانەش کردەوەیان لە ھەڵکێشانێدا سووک بێ، زەرەریان لە خۆیان داوە و بە نیشانانی مە غەدریان کردووە. (١٠) ئێمە ئێوەمان لەم ھەردە جێ کردەوە؛ ھەر لەوێشدا بژیومان بۆ بڕیونەوە. کەمتان شوکرانەبژێرن. (١١) ئێمەین ئێوەمان ساز داوە و لە پاشانا بەو شکڵەمان دەرێناون؛ پاشان بە فریشتانمان گوت: سەر بۆ ئادەم نەوی بکەن. ھەموویان سەریان دانەواند ئیبلیس نەبێ؛ ئەو لە کۆڕی کڕنۆش بەران خۆی ھەڵاوارد. (١٢) گوتی: کە فەرمانم پێ دای، لە بەر چی تۆ سوژدەت نەبرد؟ گوتی: من لەو ھێژاترم؛ منت لە ئاگر دروس کرد، ئەوت لە حەڕی ساز داوە. (١٣) گوتی: لێرەوە داگەڕێ؛ لەم شوێنەدا ڕێت ناکەوێ بە سەر کەسدا فیز بنوێنی. سا لەم شوێنەدا مەمێنە، تۆ لە سووک و چرووکانی. (١٤) گوتی: تا سەڵا ڕادەبێ، ماوەم بدە. (١٥) گوتی: وا تۆ لە ماوە دراوەکانی. (١٦) گوتی: چونکە لە ڕێت لا دام، منیش بۆیان ڕۆدەنیشم، ڕاستە ڕێی تۆیان لێ دەگرم. (١٧) ئەوسا لە پێش و پاشەوە بۆیان دەچم، ڕاست و چەپیشیان لێ دەگرم؛ جا دەبینی زۆرینەیان شوکر ناکەن. (١٨) گوتی: لێرە بڕۆ دەرێ! ناوزڕاوی تڕۆ کراو! دەبێ وێڕای ئەوانەی شوێن تۆ دەکەون، جەھەندەمتان لێ پڕ بکەم. (١٩) ئەی ئادەم! تۆش وێڕای ژنت لە بەھەشت بحاوێنەوە، لە ھەر کوێدا ھەرچی دەخۆن بە ئارەزووی خۆتان بکەن؛ ھەر تخونی ئەو داری ھانا مەکەون، دەنا ئێوە لە ناھەقیکاران دەبن. (٢٠) شەیتان کەوتە کڵیشەیان تا ئەو ئەندامەیان - کە پۆشرا بوو - بێنێتە بەرچاویان. گوتی: خودا کە نەیدەھێشت لەو دارە نزیک ببنەوە، ھەر بۆیە بوو کە ئێوە نەبنە فرشتە؛ یان ھەمیشە ھەر لە بەھەشتا بمێنن. (٢١) سوێندی بۆ ھەر دووکانیش خوارد کە: من بە دڵ ئامۆژگاریتان بۆ دەکەم. (٢٢) بە فریوان ئەوانی خستە تەماوە. لە دوای ئەوەی لە بەری دارەکەیان چەشت، عەیب و عاریان کەوتە دەشت و کۆششیان کرد بە گەڵای بەھەشت دایپۆشن. پەروەرندە گازی کردن: ئاخر من بە ئێوەم نەگوت توخنی ئەم دارە مەکەون؟ پێشم ڕانەگەیاندبوون بە ئاشکرا شەیتان دوژمنی ئێوەیە؟ (٢٣) گوتیان: ئەی پەروەرندەمان! ناھەقیمان لە خۆمان کرد. ئەگەر تۆ لێمان نەبووری و بەزەییت پێماندا نەیە، بێ شک لە زیانبارانین. (٢٤) گوتی: داگەڕێنە خوارێ، ئێوە دوژمنی یەکترین. تا ماوەیەک جێگا و مایەی ژیانتان لە زەوی دەبێ. (٢٥) گوتی: دەوێدا دەژین و لەوێش دەمرن؛ ھەر لەوێش دەوھێننەوە دەر. (٢٦) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! ئێمە جلکی وامان داونێ کە عەیب و عارتان داپۆشێ و جوانیشتان کا؛ چاکتر لەویش پۆشاکی خۆپارازتنە. ئەمەش یەکێ لە نیشانەکانی خوایە شایەتا بیربکەنەوە. (٢٧) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! شەیتان نەتانخەڵەتێنێ، ھەر وەک باوک و دایکتانی لە بەھەشت بە دەرکردن دا و جل و بەرگی لێ داڕنین تا شەرمی خۆیانیان پێیان نیشان بدا. شەیتان و دەستە و بەستەکەی لە لایەکەوە دەتانبینن کە ئێوە ئەوان نابینن. ئێمە شایەتینییەکانمان کردۆتە دۆستی ئەوانەی بڕوایان بە خودا نییە. (٢٨) ھەرگا کارێ خراپی ئابڕووبەریان لێ ڕوو دەدا، ئێژن: ئێمە باوباپیری خۆمان دیوە کە ھەر ئاوایان کردووە و خودا فەرمانی پێ داوین ئاوا بکەین. بێژە: خودا بۆ کاری پیس فەرمان نادا. ئاخۆ ئێوە بە زمانی خوداوە شتێک ھەڵدەبەستن کە نایزانن؟ ! (٢٩) تۆ بێژە: پەروەرندەم فەرمان بە بەرامبەری دەدا. لە ھەر مزگەوتێکا ڕووتان بەرەو خودا بکەن و بە دڵێکی پاک لە بەری بپاڕێنەوە. وەک بەرێ ئێوەی دروست کرد، گشتوو بۆ لای ئەو دەچنەوە. (٣٠) ھێندێکانی شارەزای ڕێگە کردووە و دەستەیێکیش ھەر شیاوی گومڕا بوونن، کە ئەوانە لە بری خودا دەگەڵ شەیاتین بوونە دۆست؛ لایان وایە شارەزا ھەر بۆ خۆیانن. (٣١) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! ھەرگا دەچن بۆ نوێژ کردن، جلکی جوان دەبەر بکەن؛ خواردنێ بخۆن و وەخۆن و لە ئەندازە دەرمەچن. خوا لەوانە خۆشی نایە لە ئەندازە دەردەکەون. (٣٢) بێژە: کێیە، جلکی جوان و خشڵ و بژیوی پاکژێ - کە خوا بە عەبدەکانی خۆی ڕەوا دیوە - لای وایە کە ناڕەوایە؟ بێژە: ئەمانە شایانی ئەو کەسانەن کە لە ژیانی دنیادا بڕوایان بە خوا ھێناوە و ڕۆژی سەڵاش ھەر تایبەتی بە خۆیانە. ئێمە ئاوا نیشانەکان بۆ ئەوانەی کە زانا بن ڕۆشن دەکەین. (٣٣) بێژە: پەروەرندەم تەنیا ئەمانەی ناڕەوا دیوە: کاری خراپ بە ئاشکرا و بە نھێنی، بە ناھەق لە ڕێگە لادان، بێ ھیچ بەڵگەیەک شەریک دانان بۆ خودا و ئاخافتن دەربارەی خودا، بە بێ زانین. (٣٤) ل بۆ مەرگی ھەر ئۆمەتێ، وەختێ ھەیە؛ ئەگەر وەختی مردنیان ھات، نە تاوێک دەکرێ پێش کەون، نە تاوێکیش دوا دەکەون. (٣٥) ئەی فرزەندەکانی ئادەم! ھەر کاتێ کە پێغەمبەرانێ لە خۆتان دێنەلاتان تا نیشانەکانی منتان بۆ باس بکەن، ئەوانتانە خۆپارێزن و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکەن، نە ترسێکیان لە سەر ھەیە و نە خەم دەخۆن. (٣٦) کەسانێکیش نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا و بە بادیھەوایی ڕوویان لێ وەرگێڕا، ئەوانە یاری ئاگرن و لێی دەرناچن. (٣٧) کێ لەوانە ناھەقترە کە درۆ بە دەم خوداوە ھەڵدەبەستن؛ یاخۆ بە نیشانەکانی بڕوا ناکەن؟ ئەوانە چی لە چارەیانا نووسرا بێ، دێتە ڕێیان؛ تا ئەو کاتەی کە فریشتە لە ئێمەوە دێتە لایان بۆ گیان کێشان و دەپرسن: کوان ئەوانەی غەیرەز خودا ھاناتان وەبەر دەھێنان؟ ئێژن: خۆیان لێ گوم کردین. ئەوسا ھەر خۆیان شایەتی لە خۆ دەدەن کە خودایان نەناسیوە. (٣٨) ئێژێ: وێڕای ئۆمەتگەلێ وا بەر لە ئەنگۆ لە بەین چوون - لە مرۆڤ و لە جندۆکە - بڕۆنە ناو ئاگرەوە. ھەر ئۆمەتێک دەچێتە ناو، تووک و نەفرین لە ھاو ڕەوشتانی دەکا. وەختێ ھەموویان لەوێدا کۆ بوونەوە، پەیڕەوانیان سەبارەت بە ڕێبەرانیان ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەوان سەریان لێ شێواندین؛ دوو ئەوەندە لە ئاگردا ئازاریان دە! ئێژێ: بۆ گشت دوو چەندانە، بەڵام ئێوە پێ نازانن. (٣٩) ڕێبەرەکان بە پەیڕەوەکانیان ئێژن: ئێوە ھیچتان لە ئێمە زیاتر نییە؛ دەبچێژن ئازاری ئەو کارانەی وا کردووتانە! (٤٠) ئەوانە وا نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا و بە فیزەوە لەوانە ڕوویان وەرگێڕا، دەروازەکانی ئەزمێنیان بۆ ناکرێتەوە و ناچنە ناو بەھەشتەوە ھەتا وشتر بە کونی دەرزیدا نەچێ! ئێمە ئاوا سزای تاوانباران دەدەین. (٤١) ڕایەخەکەیان ئاگرە و ھەر ھاڵاویش دای پۆشیون. ئەوانەی ناھەقی دەکەن، ئاوایان جەزرەبە دەدەین. (٤٢) ئەوانەی بڕوایان ھێنا و کارگەلی چاکیان ڕەچاو کرد - کە ھیچ کەسیش ئەرکی لە وزەبەدەری ناخەینە سەر - دەیانبەینە بەھەشتەوە و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن. (٤٣) کینەمان لە سینەیانان، داماڵیوە و لە بەھەشتا جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ئێژن: سوپاس بۆ خودایێ کە ئێمەی ھێنایە ئێرە؛ ئەگەر خودا نەیھێناباین ئێمە کوا ڕێمان دەر دەکرد؛ بێ گومان پێغەمبەرانی پەروەرێنمان بە ھەق ھاتن. [لەم کاتەدا] گازی دەکرێن: ئەو بەھەشتە پێو دراوە، پاداشی کارێکە کەوا کردووتانە. (٤٤) بەھەشتییەکان گازی جەھەندەمیان دەکەن: ئەوا ئێمە ئەو بەڵێنەی پەروەرندەمان پێی داوین جێ بەجێ بوو؛ ئاخۆ ئێوەش - وەک ھەڕەشەو لێکرا بوو - ھەروا دەرچوو؟ ئێژن: بەڵێ، بە سەرمان ھات. ئەوسا یەکێ لەو ناوەدا بانگ ڕادێڵێ: دەک ھەرچی ناھەقیکارە بەر نەحلەتی خودا کەوێ؛ (٤٥) ئەو کەسانەی لە ڕای خودا لا دەدەن و وای نیشان دەدەن کە خوارەو بە ڕۆی سەڵا بێ باوەڕن. (٤٦) پەردەیەکیشیان لە ناودا. پیاوانێک ھەن لە سەر ئەعراف ڕاوەستاون، ھەموو کەسێ بە تەرح و بیچم دەناسن؛ دەنگ لەو بەھەشتییانە دەکەن - کە ھێشتا نەچوونەتە نێو بەھەشتەوە، بەڵام بە تەمان بیچنێ - سڵاوتان لێ بێ. (٤٧) ھەرگا ئاوڕ لەو کەسانە دەدەنەوە کە دۆژەھین، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! لە گرۆی ناھەقیکاران دوورمان بگرە. (٤٨) ئەوانەی لە سەر ئەعرافن لەو پیاوانە - وا بە بیچم دەیانناسن - بانگ دەکەن: گردەوە کۆیی و فیز و لە خۆبایی بوونتان بەھرەی نەدان. (٤٩) ھەر ئەوانە نین کە ئێوە سوێندوو دەخوارد: بەر بەزەیی خودا ناکەون؟ دەسا بڕۆنە بەھەشت و نە ھیچ ترسوو لە سەر ھەیە نە خەم دەخۆن. (٥٠) جەھەندەمی لە بەھەشتییەکان دەخوازن: لەو ئاوە یا لەو ڕۆزیە خوا پێداون شتێکیش بەشی مە بدەن. ئێژن: خودا ئەم شتانەی بەشی بێ دینان نەداوە. (٥١) ئەو کەسانەی دینەکەیان ھەر بە گاڵتە و گەپ دەزانی و ژیانی دنیا فریوی دان، ھەر ئەوانە تووش ھاتنی ئەمڕۆیان لە بیر بردەوە و لە نیشانەکانی ئێمە حاشایان کرد؛ ئێمەش ئەمڕۆ ئەوان لە بیر دەبەینەوە. (٥٢) ئێمە بۆ وان کتێبێکمان ھاوردووە، کە بە زانستەوە ڕوونمان کردۆتەوە و ڕێنموونی و بەزەییە بۆ کۆمەڵێ کە بڕوا بێنن. (٥٣) ئاخۆ ئەمان ھەر بۆ ئەو ڕۆژە دەڕوانن کە ھەرچی لەم کتێبەدا، بە چاوی خۆیان بیبینن؟ ئەوێ ڕۆژێ کە ئاکام ڕوون دەبێتەوە، ئەو کەسانە وا لە پێشا ئەم ڕۆژەیان لە بیرەخۆ بردبووەوە، ئێژن: دیارە ھەرچی پێغەمبەرەکانی خودا گوتیان، وەڕاست گەڕا؛ ئاخۆ ئێستە کەس دەبێتە تکاکارمان؟ یاخۆ دیسان بگەڕێینەوە سەر دنیا، خدەی خۆمان بگۆڕین و ئاکاری باشتر ڕەچاو کەین؟ ئەمان خۆیان دۆڕاندووە و ئەو درۆی کە ھەڵیان دەبەست - سەر لە بەری - بە فێڕۆ چوو. (٥٤) ڕاھێنەرتان خودایێکە ئاسمانەکان و زەمینی لە شەش ڕۆژاندا درووس کرد. ئەو جارەکە لە سەر تەختی فەرمانڕەوایی دامەزرا. ڕۆژێ بە شەوێ دەپۆشێ و ڕۆژیش بەلەز دەکەوێتەوە شوێنی شەوێ. خۆر و مانگ و ئەستێرانی بەدی ھێنا و ھەر دەژێر فەرمانی ئەودان. ئافراندن و ڕاگەییشتن ھەر بۆ ئەوە. زۆر و زەبەندەیە و دمی خودایێ کە ڕاھێنەری گش جیھانە. (٥٥) بە نھێنی و بە سەرکزی ھەر پەروەرندەو لە بیر بێ و لە بەری بپاڕێنەوە. خودا ئەوانەی خۆش ناوێ کە لە ڕێگەی ئەو لا دەدەن. (٥٦) خراپەش مەکەن لەم زەمینە دوای باش بوونی. بە ترسەوە و بە ھیوای تووشی چاکە بوون لە بەر خودا بپاڕێنەوە. ئەو کەسانەی چاکە کارن، لە بەزەیی خودا نزیکن. (٥٧) ھەر خۆیەتی پێش بارانە - کە بەزەیێکە لە خواوە - بایەکانوو بە مزگێنی بۆ ھەڵ دەکا؛ کاتێ ئەو بایانە ھەوری بارگرانیان بەرزەوە کرد، بەرەو وڵاتێکی مردوو دەیخەینە ڕێ و ئەوسا ئاوی پێ دەنێرینە خوارەوە و بە ئاوەکەی ھەموو جۆرە بەروبووی زەمین دەڕوێنین. ھەر بەم جۆرەش مردوو زیندوو دەکەینەوە؛ شایەت ئێوە بیر لەوانە بکەنەوە. (٥٨) زەمینی باش - بە ئیزنی ڕاھێنەری خۆی - ڕووەک بە باشی دەڕوێنێ. زەوی خراپ ھەر دڕک و داڵی بێکارەی لێ شین دەبێ. بەم تەرزە نیشانەکانمان بۆ ئەو کەسانە باس دەکەین سپاسکارن. (٥٩) ئێمە نووحن ڕاسپاردە لای ھۆزەکەی. گوتی: گەلۆ! دەبێ ئێوە عەبدایەتی خودا بکەن؛ کە غەیرەز ئەم ئێوە خودایەکتان نییە. من لەو ڕۆژەو لێ دەترسم کە ئازار دانی دژواری تێدا ھەیە. (٦٠) پیاوماقووڵانی گەلەکەی [لە پەرسڤی ئەودا] گوتیان: ھیچ گومانێکمان نییە تۆ تووشی گومڕایێکی ئاشکرا بووگی. (٦١) گوتی: گەلۆ! من گومڕا نیم؛ ڕاسپاردەی ڕاھێنەری ھەموو دنیام. (٦٢) ڕاسپاردەکانی پەروەرندەم بە ئێوە ڕادەگەینم و ئامۆژگاریتان دەکەم و ئەوی سەبارەت بە خودا من دەیزانم، ئێوە ئاگاتان لێ نییە. (٦٣) ئاخۆ ئێوە پێتان سەیر بوو کە پەندێک لە لای پەروەرندەتانەوە ھات بۆ پیاوێک ھەر لە خۆتان؛ ھەتا بتانترسێنێت و خۆپارێزن؛ بەشکەم بکەونە بەر بەزە؟ (٦٤) چی وتی بە درۆیان دانا و ئەوسا ئێمە خۆی و ئەوانەی وێڕای ئەو چووبوونە ناو گەمیەکەوە، ڕزگار کرد و ئەوانەشمان لە ئاودا بە خنکاندن دا، کە نیشانانی ئێمەیان پێ درۆ بوو. ئەوانە لە دڵدا کوێر بوون. (٦٥) ھوودیشمان کردە پێغەمبەر بۆ ھۆزی عادی ھاوتیرەی. گوتی: گەلۆ! عەبدایەتی خودا بکەن؛ بە غەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە. چیتانە لە خوا ناترسن؟ (٦٦) پیاوماقووڵانی ھۆزەکەی - کە خودایان نەدەناسی - گوتیان: ئێمە تۆ بە نەفام دەزانین و پێمان وایە تۆ لە درۆزنەکانی. (٦٧) گوتی: گەلۆ! نەفام نیم، پێغەمبەرێکم؛ پەروەرندەی ھەموو دنیا ڕای سپاردووم. (٦٨) پەیامگەلی پەروەرێنم بە ئێوە ڕادەگەیێنم. من بۆ ئێوە ئامۆچیارێ درووسکارم. (٦٩) ئاخۆ ئێوە پێتان سەیر بوو کە پەندێک لە لای پەروەرندەتانەوە ھات بۆ پیاوێک ھەر لە خۆتان، ھەتا وەکوو بووترسێنێ؟ لە بیرتان بێ، پاش ھۆزی نووح ئێوەی لە جێ دامەزراندن و قەڵافەتی زۆرتریشی پێتان بەخشی. دەسا ئێوە نابێ ئەو ھەموو چاکەیەی خودا دەربارەتانی کرد، لە بیر بکەن؛ بەشکوو بگەنە ڕزگاری. (٧٠) گوتیان: ھاتووی [پێمان بێژی] تەنیا خوا بپەرستین و لەو خودایانە واز بێنین کە باب وباپیرەکانمان پەرستیانن؟ ئەگەر تۆ لە ڕاست بێژانی، بە ھەرچیمان دەترسێنی پێکی بێنە. (٧١) گوتی: بێ سۆ ئێوە تووشی ئازار و تووڕەیی پەروەرێنتان بووگن. جا چۆن ئێوە بۆ چەند شتێ کە خۆتان و باوانتان ناوتان لێ ناون و ھیچ بەڵگەیەکی پتەوتان لە خواوە بۆ نەھاتووە، جوابەجەنگیم دەگەڵ دەکەن؟ چاوەنۆڕ بن؛ ئەوا منیش دەگەڵ ئێوە چاوەنۆڕم. (٧٢) ئێمە لە چاکە و بەزەیی خۆمانەوە ھوود و ھاوڕێکانی ھوودمان ڕزگار کرد و ئەو کەسانەش کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ دانا و بێ بڕوا بوون، یەک جێ بنەبڕمان کردن. (٧٣) بۆ لای سەموودیش ساڵحی برای خۆیانمان بە ڕێ کرد. گوتی: گەلۆ! عەبدایەتی خودا بکەن، بە غەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە. ئەوا لە پەروەرندەوڕا ئەم وشترەو بە نیشانە بۆ ھاتووە؛ لێ گەڕێن با لە زەوی خوادا بچەرێ، ھیچ زیانێکوو بۆی نەبێ؛ دەنا تووشی ئازاری زۆر بەژان دەبن. (٧٤) لە بیرتان بێ پاش ھۆزی عاد ئێوەی کردە جێنشین و لە سەر زەمین دای مەزراندن؛ لە پێ دەشتان کۆشکانتان بەرز کردەوە و لە کێوەکانیشدا خانووتان دەتاشی. نیعمەتی خواتان لە بیر بێ و پێ دامەگرن لە سەر بەدفەڕی لە ھەردا. (٧٥) سەرگەورەکانی ھۆزەکەی - ئەوانەی لە خۆ بایی بوون - لای کەم دەست و ھەژارەکان و ئەوانەی بڕوایان ھێنا بوو گوتیان: داخۆ ئێوە پێتان وایە ساڵەح لای پەروەرێنیەوە ڕاسپێراوە؟ گوتیان: ئێمە باوەڕیمان پێ ھێناوە. (٧٦) خۆ بە زل زانەکان گوتیان: ئێمە لەوەی کە بڕواتان پێ ھێناوە، حاشا دەکەین. (٧٧) لە فەرمانی خودای خۆیان وازیان ھێنا و وشترەکەیان پەل پەل کرد. گوتیان: ساڵح! ئەگەر ڕاستە پێغەمبەری، چۆنت ھەڕەشە لێ کردین بە جێی بێنە. (٧٨) زۆر بە توندی بوومەلەرزەیەکیان بۆ ھات؛ ھەر لە ناو ماڵەکانیاندا ھەموو مردن. (٧٩) ساڵح لەوان دوور کەوتەوە، گوتی: گەلۆ! من پەیامەکانی خودام پێ گەیاندن، زۆریشم نسێحەت کردن؛ بەڵام ئێوە ئامۆچیارانتان خۆش ناوێ. (٨٠) لووتیشمان نارد. ئەوسا بە ھۆزەکەی خۆی گوت: ئێوە کاری ئەوەندە شوورەیی دەکەن، بەر لە ئێوە کەس لە دنیا نەیکردووە؟ (٨١) ئێوە بۆ خۆ ڕەحەت کردن - لە بری ژنان - پەلاماری پیاوان دەدەن. ڕاستی ئێوە بۆ بەدفەڕی لە ئەندازەو دەرکردووە. (٨٢) ھۆزەکەی لووت وەرامیان ھەر ئەوەندە بوو: لە شاری خۆتان دەریان کەن؛ ئەمانە کەسگەلێکن کە دەیانەوێ بە پاک و خاوێنی بژین! (٨٣) ئیتر خۆی و کەس وکاریمان ڕزگار کرد؛ ھەر تەنیا ژنەکەی نەبێ، کە کەوتە تەک بە جێماوان. (٨٤) بارانێکمان بۆ باراندن ئەمما باران! دە بڕوانە پاشە ڕۆژی ئەو تاوانبارانە چۆن بوو! (٨٥) بۆ «مەدیەن» یش شوعەیبن نارد، کە ئەویش ھەر لە خۆیان بوو. گوتی: گەلۆ! عەبدایەتی خودا بکەن، بە غەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە. نیشانەیەکی ئاشکراتان لای پەروەرندەتانەوە بۆ ھاتووە. با پێوانە و تەرازووتان بەرانبەر بێ و لە ماڵی خەڵک مەدزنەوە. لە ھەردیشا - دوای ئاوەدان کردنی - بەدفەڕی مەکەن. ئەگر بڕواو بە خوا ھەبێ ئەمە بۆ ئێوە باشترە. (٨٦) لە سەر ھەموو ڕێگایەکا دامەنیشن بۆ ترس وەبەرھێنانی ئەو کەسانە وا بڕوایان بە خودا ھێناوە؛ بۆ ئەوە کە لە ڕێگەی ئەو لایاندەن و ڕێگای ئەویان بە لار و چەفت نیشان بدەن. لە بیرتان بێ ئێوە کەم بوون، زۆری کردن؛ لێ بڕوانن پاشە ڕۆژی بەدفەڕەکان بە کوێ گەییشت. (٨٧) ئەگەر ھێندێک لە ئێوە بڕوای ھێناوە بەو شتانەی کە منی پێ ڕاسپێراوە و ھێندێکیشتان بڕوایان نەھێناوە، خۆ ڕابگرن ھەتا خودا بۆ خۆی لە بەینی ئێمەدا داوەری کا. خۆشی چاترین داوەرە. (٨٨) گرەگرەکانی ھۆزی - کە لە خۆیان بایی بوو بوون - گوتیان: شوعەیب! ئێمە تۆش و ئەو کەسانەش وەل تۆ باوەڕیان ھێناوە، لە شاری خۆمان دەردەکەین؛ یان دێنەوە سەر دینی مە. گوتی: ئەگەر حەزیش نەکەین؟ (٨٩) گوتی: ئەگەر بێینەوە سەر دینی ئێوە، لە پاش ئەوە کە خودا لێی ڕزگار کردین، درۆمان بە دەم خوداوە ھەڵبەستووە. ڕەوا نییە ئیتر بگەڕینەوە سەر ئەو ئایینە؛ جا مەگین پەروەرندەمان مەیلی لێ بێ؛ زانستی ئەو ھەموو شتی داگرتۆتەوە؛ خۆمان بە خوا سپاردووە. ئەی خودای پەروەرندەمان! تۆ لە نێوان ئێمە و ھۆزەکەماندا داوەری بکە؛ چاکترین داوەر ھەر خۆتی. (٩٠) سەرزلەکانی ھۆزەکەی - کە وا لە دین لایان دابوو - گوتیان: ئەگەر پەیڕەوی شوعەیبێ بکەن، بێ سۆ تووشی زەرەر دەبن. (٩١) ئیتر ئەوسا بوومەلەرزەی وا بە تەوژم دای گرتن، کە ھەموو لە ماڵی خۆیاندا لە بەین چوون. (٩٢) ئەو کەسانەی قسەکانی شوعەیبیان بە درۆ دانا، [وا لە بەین چوون] دەتگوت ھەر لەوێدا نەبوون. ئەوانە وا قسەکانی شوعەیبیان بە درۆ دانا، ھەر بۆ خۆیان زیانبار بوون. (٩٣) ئەوسا شوعەیب ڕووی لێ وەرگێڕان و گوتی: گەلۆ! من پەیامەکانی پەروەرندەم بە ئێوە ڕاگەیاندووە و ئامۆژگاریشم لێکردن. دەسا چلۆن بۆ ئەوانەی خوانەناس بوون، خەمێ دەخۆم؟ (٩٤) ئێمە ھەر پێغەمبەرێکمان بۆ ھەر کۆمەڵێک ناردووە، بە نەخۆشی و ناگوزووری بە تاقیمان کردوونەوە؛ شایەتا بپاڕێنەوە. (٩٥) جاری دوایی ناخۆشیمان بە خۆشی بۆ گۆڕیونەوە، تا ھەموو شتیان زێدە بوو. گوتیان: باب و باپیریشمان تووشی خۆشی و ناخۆشیان بوون. ئیتر لە پڕ - بەبێ ئەوەی ھەست پێ بکەن - گرتمانن. (٩٦) نیشتەجێی ئەو باژێڕانە ئەگەر خوایان بناسیبا و خۆپارێز بان، دەروازەی بەرەکەتانمان لە ئاسمان و زەمینەوە بە ڕوویاندا دەکردەوە. بەڵام ئەوان نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی؛ لە سزای ئەم ئاکارەیان گرتمانن. (٩٧) ئاخۆ خەڵکی ئەو شارانە نەترسا بوون کە لە شەودا، بەڵای ئێمەیان تووش ببێ و ئەوان لە جەنگەی خەودا بن؟ (٩٨) ئەو شارنشینانە داخۆ نەترسا بوون کە لە دەمی چێشتەنگاودا و لە جەنگەی گەمە کردندا، ئێمە تووشی بەڵایان کەین؟ (٩٩) ئاخۆ لەوە دڵنیا بوون لە مەکری خودا ڕزگارن؟ خۆ بە غەیر لە زیانباران، کەس لە مەکری خوا ھەستی ھێمنی ناکا. (١٠٠) ئەو کەسانەی ئەم عەرزەیان - پاش نەمانی خەڵکەکەی - بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، بەوەندەیان نەزانیوە ئەگەر حەز کەین - بە گوناھانێ کە دەیکەن - تۆڵەیان لێ دەکەینەوە و مۆریان لە سەر دڵ دادەنێین؛ کەھەر نەتوانن ببیسن؟ (١٠١) ئێمە بڕێک لە نەقڵی ئەو باژێڕانەت بۆ باس دەکەین؛ ڕاست ئەوەیە پێغەمبەریان بە نیشانەی ئاشکراوە ھاتەلایان؛ وەک لەپێشدا بڕوایان بە خودا نەبوو، ھەروا بێ باوەڕ مانەوە. ئاوا خودا مۆر دەخاتە سەر دڵی لە دین لادەران. (١٠٢) زۆربەی ئەوانەمان نەدی کە پەیمانی خۆ پێک بێنن؛ زۆرینەشیان لە ڕێزەی نافەرمانان بوون. (١٠٣) پاش ئەوان بە چەند نیشانەی ئاشکرا مووسامان ناردە سەر فیرعەون و سەرزلەکانی ھۆزەکەی، دژیان وێستان. سا بڕوانە پاشە ڕۆژی ئەو بەدفەڕانە چلۆن بوو. (١٠٤) مووسا گوتی: ئەی فیرعەون! من ڕاسپاردەی ئەو کەسەم کە ڕاھێنەری گشت دنیایە. (١٠٥) وا ڕەوایە لە ڕاست پێوە، دەربارەی خودا ھیچ نەڵێم. لە پەروەرندەی ئێوەڕا نیشانەم بۆتان ھێناوە. تۆ گەرەکە فرزەندانی ئیسڕائیل وێڕای من کل کەی. (١٠٦) گوتی: ئەگەر بە ڕاستیتە و ھیچ نیشانەت دەگەڵ خۆتا ھێناوە، نیشانی بدە. (١٠٧) مووسا عاساکەی فڕێ دا؛ کەچی لە پڕ بوو بە مارێک بە ئاشکرا. (١٠٨) دەستی خۆشی لە باخەڵیەوە وەدەرخست؛ لە بەر چاوی چاوەدێران سپیەکی بێ خەوش دەرکەوت. (١٠٩) سەرزلانی ھۆزی فیرعەون گوتیان: ئەمە جادوگەرێکی زۆر زانە. (١١٠) وای گەرەکە گشتوو لەم وڵاتە دەرکا، خۆتان بە چی فەرمان دەدەن؟ (١١١) گوتیان: تۆ خۆی و براکەی گل بدەوە؛ دەستەیەکی کۆکەرەوەش بەڕێ بکە بۆ شارەکان. (١١٢) تا جادووگەرانی زۆر زان بێنن بۆ لات. (١١٣) جادووگەرەکان لە فیرعەون کۆ بوونەوە. گوتیان: گەر ئێمە سەرکەوتین، تۆ دەبێ خەڵاتمان بکەی. (١١٤) گوتی: بەڵێ، ئێوە بێ سۆ لە نزیکانی خۆم دەبن. (١١٥) گوتیان: مووسا! تۆ داوێژی یان ئێمە پێش تۆ بھاوێین؟ (١١٦) گوتی: ئێوە بھاوێژن. ئەوانەی ئەوان ھاویتیان، چاوی حەشامەتەکەیان پێ خەڵەتا و لێیان ترسان و جادووی زۆر عاجباتیان کرد. (١١٧) خستمانە دڵی مووساوە، کە: عاساکەت بھاوێژە. ھەر لە جێوە ھەموو جادووکارییەکانی ئەوانی ماشی و ھەڵ لووشی. (١١٨) ئیتر کە ڕاستی ھاتە ڕوو، پڕوپووچی کردەوەیان چرووک دەرچوو. (١١٩) ھەر لەوێدا تێشکان و بە کزی و زەبوونی دامان. (١٢٠) ھەرچەندی جادوگەر ھەبوون، کڕنۆشیان کرد. (١٢١) گوتیان: وا بڕوامان ھێنا بە ڕاھێنەری گش دنیا؛ (١٢٢) ڕاھێنەری مووسا و ھاروون. (١٢٣) فیرعەون وتی: بەر لەوە من ئیزنوو بدەم، ئێوە چۆن بڕواو پێ ھێنا؟ ئێوەی فێڵباز ویستووتانە لەم شارەدا فێڵێک بکەن تا خەڵکەکەی لێ وەدەرنێن. سا لە دواییدا دەزانن. (١٢٤) پێچەوانە دەست و پێیەکانوو دەبڕم. لێشتان ڕوون بێ گشتوو لە قەنارە دەدەم. (١٢٥) گوتیان: ئێمە دەچینەوە بۆ لای پەروەرندەی خۆمان. (١٢٦) ھەر بۆیە ڕکت لە ئێمە ھەستاوەو سزامان دەدەی، چون کاتێ نیشانەکانی پەروەرندەی خۆمان ھاتن، تەواو بڕوامان پێ ھێنان. ئەی خودای پەروەرندەمان! خۆڕاگریمان بدەیە و بە باوەڕی پاکەوە بمان مرێنە. (١٢٧) سەرگەورەکانی ھۆزەکەی فیرعەون گوتیان: چۆن تۆ لە مووسا و ھۆزەکەی واز دەھێنی، وڵاتت لێ بشێوێنن و دەس لە خۆت و پەرستووەکانی تۆ بەردەن؟ گوتی: بەم زوو کوڕەکانیان دەکوژین و ژنانیشیان [بۆ ڕاژە] دەھێڵینەوە. ئێمە لە سەر ئەوان زاڵین. (١٢٨) مووسا بە ھۆزەکەی خۆی گوت: ھەر پشت بە خوا ببەستن و خۆڕاگر بن؛ ئەم زەمینە ھی خودایە؛ بە ھەر کەسێ لە عەبدانی خۆی حەز بکا، پێی دەبەخشێ و دواڕۆژیش بۆ ئەوانەیە کە لە خودا ترسیان ھەیە. (١٢٩) گوتیان: بەر لەوە کە تۆ بێی، چەوساینەوە؛ کە تۆش ھاتووی، ھەروا دەمان چەوسێننەوە. گوتی: دوور نییە ئەو ڕۆژەی پەروەرندەو دوژمنتان لە بەین بەرێ و ئێوە بکاتە جێنشین لەم عەرزەدا و بڕوانێ ئێوە چۆن دەکەن. (١٣٠) کارێکمان کرد کە لاگیرەکانی فیرعەون بکەونە قاتی و قڕییەوە و داھاتیان کەمتر دەس کەوێ، بەشکە بیر لە خۆ بکەنەوە. (١٣١) ئەگەر تووشی خۆشی دەبوون، دەیانگوت: کاری خۆمانە. ئەگەر تووشی بەڵا و چورتمیش دەھاتن، دەیانگوت: ئەمە شوومی مووسا و یارانی مووسایە. خۆ دیاریشە ئەگەر چاکە و خراپەیە، لە خواوەیە. بەڵام زۆربەیان نەزان بوون. (١٣٢) دەیانگوت: ھەر نیشانێکمان بە نیازی جادوو لێکردن نیشان بدەی، ئێمە بڕوات پێ ناھێنین. (١٣٣) ئەو جار ئێمە چەند نیشانەی ئاشکرامان ناردە سەریان کە بریەتی لە لافاو و کوللە و ئەسپێ و خوێن و بەق بوو. بەڵام ئەوان دەمارزلیان نوان دو گرۆیەکی تاوانبار بوون. (١٣٤) لە پاش ئەوە کە ئەو بەڵایانەیان دی، گوتیان: مووسا! لە پەروەرندەت وەپاڕێ - وەک پەیمانی بە تۆ داوە - ئەگەر بێتوو بەڵامان لە سەر لابەرێ، شەرتە باوەڕیت پێ بکەین و تۆرەمەی ئیسڕائیلیشت ڕەگەڵ بخەین. (١٣٥) بەڵام کاتێ بەڵامان لە سەر لا بردن - تا ئەو ماوە دیاری کراوە تێپەڕیان کرد - جارێ تر پەیمانەکەیان وەبەر پێ دا. (١٣٦) جا تۆڵەمان لێکردنەوە و لە دەریادا قوممان کردن. چونکە ئەوان نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا؛ ھەر بە لاشیانەوە نەچوون. (١٣٧) ئەوسا ئێمە خۆرھەڵات و خۆرئاوای ئەو وڵاتەمان - کە بەرەکەتمان پێ دابوو - کردە بەشی ئەوانەی چەوسابوونەوە. بەڵێنی ھەرە پیرۆزی پەروەرندەت - بێ کەم و کوڕی - دەربارەی بەرەی ئیسڕائیل ھاتە جێ؛ لە باتی خۆڕاگرتنیان. ھەرچی فیرعەون و یارانی دایان ناو بەرزیان کردەوە، ھەموومان لێ تێک و پێک دان. (١٣٨) بەرەبابی ئیسڕائیلمان لە دەریایە پەڕاندەوە. ئەوسا تووشی ھۆزێک ھاتن، ھەر خەریکی پەرستنی بتگەلیان بوون. گوتیان: مووسا! خودایەکمان وەکوو خوداکانی ئەوان بۆ پەیداکە! گوتی: ئێوە ھۆزێکن کە ھیچ نازانن. (١٣٩) ئەو ئاکارەی ئەوان دەیکەن، بێ بەھرەیە و ھەرچی دەیکەن بە فیڕۆیە. (١٤٠) ئاخۆ ئێوە دەتانەوێ - غەیرەز خودا - پەرستوێکوو بۆ پەیدا کەم! کە ھەر بۆ خۆی لە چاو خەڵکی ئەم دنیایە، ئێوەی بەڕێزتر کردووە؟ (١٤١) لە بیر مەکەن کە ئێمە ڕزگارمان کردن لە فیرعەون و دەستەوبەستەی، کە ئێوەیان زۆر بە سەختی سزا دەدان؛ نێرینەکانیان دەکوشت و ژنەکانیان [بە یەخسیری] دەھێشتەوە. ئەو بەڵایە و لە لایەن پەروەرندەوڕا ئەزموونەکی پڕ مەزن بوو. (١٤٢) دەگەڵ مووسا ژوانی سێ شەوەمان دانا؛ دەی دیکەشمان بۆ خستە سەر. بەم چەشنە ماوەی ژوانی پەروەرندەی، بوو بە چل شەو. بە ھاڕوونی برای خۆی گوت: تۆ لە ناو ھۆزەکەمدا بە و لە جێی من بەو ھەر کاری چاک ڕەچاو بکە و لە دووی خراپکاران مەچۆ. (١٤٣) کە مووسا گەیشتە ژوانگە بۆ لای ئێمە و پەروەرندەی دەگەڵی کەوتە ئاخافتن، گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئارەزوومە تۆ ببینم. گوتی: ناتوانی بم بینی؛ بەڵام لەم کەژە بڕوانە؛ ئەگەر لە شوێنی خۆی نەبزووت، ئەوسا دەتوانی بم بینی. کە خۆی بۆ کەژەکە دەرخست، ھەر بە جارێ کەژەکەی پریش پریش کرد. مووسا بە بێ ھۆشی کەوت. وەختێ ھاتەوە سەر خۆ، گوتی: پاکی ھەر بۆ تۆیە، پەژیوانم؛ من لە خاوەن باوەڕاندا یەکەمینم. (١٤٤) گوتی: مووسا من تۆم - بە پەیامەکانم و ئاخافتنم - بەرانبەر بە خەڵکی دنیا، خستۆتە سەر؛ چم پێداوی، وەری بگرە و لە شوکرانەبژێران بە. (١٤٥) دەربارەی ھەموو کارێک و ئامۆژگاری بۆ گەلەکەی، ھەموو شتمان - بێ کەم و کوڕی - بۆ نووسی و بۆمان خستە سەر تەتەڵان. مووسا! ئاگات لەوانە بێ و توندیان بگرە و فەرمان بە ھۆزەکەت بدە با ھەرەچاکیان وەرگرن. من زوو پێتان نیشان دەدەم جێگە و ڕێگەی ئەوانەی سەرپێچی بکەن بەرەو کوێیە. (١٤٦) بەم زووانە ڕووی ئەوانە وا بە ناحەق لە سەر زەمین فیز دەنوێنن، لە نیشانەکانی خۆم وەردەسووڕێنم؛ بە چەشنێک کە ھەر نیشانەیەک بیبینن، نەیسەلمێنن؛ یا ئەگەر ڕێی ڕاست ببینن پێیدا نەچن؛ بەڵام ئەگەر ڕێگای گومڕایی ببینن، بیگرنە بەر. چون ئەوانە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا و ھەرگیز سەرنجیان نەدانێ. (١٤٧) ئەو کەسانە نیشانەکانی ئێمە و ڕۆژی پەسڵانیان بە درۆ دانا، کارەکانیان ب ەفێڕۆ چوو. ئاخۆ جگە لە بارتەقای کردەی خۆیان سزا دەدرێن؟ (١٤٨) لە پاش مووسا ھۆزەکەی ئەو - لە خشڵ و زەنبەری خۆیان - کۆتەڵی گوێرەکەیەکیان درووس کرد کە ھەر دەیبۆڕاند! مەر نەیاندی ئەو گوێرەکە قسەیان دەگەڵا ناکا و ڕێگایان پێ نیشان نادا؟ بەڵێ کەوتنە [پەرستنی و] ستەمکار بوون. (١٤٩) کاتێ تەواو پەژیوانی دایگرتن و دیتیان سەریان لێ شێواوە، گوتیان: ئەگەر پەروەرێنمان بەر بەزەیی خۆیمان نەخا و لە گوناھانمان نەبوورێ، ئێمە لە زیانبارانین. (١٥٠) مووسا وەختێ گەڕایەوە ناو ھۆزەکەی، بە تووڕەیی و بە دڵ پڕی تێی ڕاخوڕین کە: لە دوای من چەند جێنشینی خراپ بوون؛ ئاخر بۆچی ڕانەوەستان تا فەرمانی پەروەرندەتان پێ دەگا؟ تەتەڵەکانی تووڕھەڵدا و قژی برایەکەی کێشا و بەرەو خۆی برد. گوتی: ئەی دایک براکەم! ھۆزەکەم ھێزیان لێ سەندم؛ لەوانەش بوو بشم کوژن! دژمنان بە من خۆش مەکە و منیش دەگەڵ ناھەقکارەکان دامەنێ. (١٥١) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لە خۆم و برام ببوورە و بەر بەزەیی خۆتمان بخە. تۆ لە گش خاوەن بەزەییان دڵسۆزتری. (١٥٢) ئەو کەسانەی کە بوونە گوێرەکەپەرست، بەر غەزەبی پەروەرندەیان دەکەون و لە ژیانی دنیایە زەلیل دەبن. ھەر کەس درۆیان ھەڵبەستێ، ئێمە وایان سزا دەدەین. (١٥٣) ئەو کەسانەش کە ئاکاریان خراپ بووە، پاشان پەژیوان ببنەوە و بڕوا بێنن، پەروەرندەت لە گوناھانیان دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٥٤) کاتێ مووسا لە تووڕەیی ھێدی بووە، تەتەڵەکانی چنیەوە؛ کە تێیاندا ڕێ شاندان و بەزەیی بوو بۆ ئەوانەی خودێ ترسن. (١٥٥) ئەوسا مووسا حەفتا کەسی لە ھۆزکەی دەس نیشان کرد کە بێنە دیدەنی ئێمە. کاتێ بوو لەرزە دایگرتن، گوتی: ئەی پەروەرندەکەم! ئەگەر مەیلت لە سەر بایە ھەر لە پێشدا دەت مراندین. ئاخۆ دەتەوێ بەو کارەی کە بێ ئاوەزان لە ئێمە کردوویانە، تۆ ھەموومان لە ناو بەری؟ ئەمەش ھەر ئەزموونی خۆتە؛ بە مەیلی خۆت کەسانێ گومڕا دەکەیت و ھێندێکانیش بەرەو خۆت شارەزا دەکەی. گەورەمان تۆی، بمان بوورە و بەزەت پێماندا بێتەوە. باشترین بەخشێنەر ھەرتۆی. (١٥٦) لە دنیایە و لە قیامەتیش بە چاکە بمانخوێنەوە؛ ئێمە ھاتووینەوە لای تۆ. گوتی: ھەرکێ ئازار بدەم کەیفی خۆمە. بەزەییشم ھەموو شتی داگرتووە. چاکەی ئەوانە دەنووسم لە خراپە خۆپارێزن و زەکات دەدەن؛ ئەو کەسانەش کە بڕوایان بە خوا ھەیە؛ (١٥٧) ئەوانەوا دەکەونە شوێن ئەم پێغەمبەرەی کە ڕاسپاردەی خوایە و نەیخوێندووە و لە تەورات و ئینجیلیش ناوی نووسراوە و ھانەی چاکەیان دەدات و ناھێڵێ خراپە بکەن؛ پاکژ بە ڕەوا دەزانێ و گەماری پێ ناڕەوایە و گرانایی زنجیریان لە سەر لا دەبا؛ کە بەوانیان شەتەک دابوون. ئەوانەی بڕوای پێ دەکەن، بە قەدرەوە لێی دەڕوانن؛ لە یاریدەی دانامێنن و لە دووی ئەو ڕووناکیە دەچن کە وێڕای ئەو ناردراوە؛ ئەوانە ڕزگارەکانن. (١٥٨) بێژە: خەڵکینە! بزانن ئەمن خودا ڕای سپاردوومە لای ئێوە، گش لە گشتوو. ئەو خودایەی موڵکایەتی ئاسمانەکان و ئەم ھەردەش ھەر بۆ ئەوە؛ لە خۆی بەدەر ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. گیان دەبەخشێ و گیان دەستێنێ. دەسا ئێوە بە خودا و بە پێغەمبەری نەخوێندەوار بڕوا بکەن؛ کە ئەویش خۆی باوەڕی بە خودا ھەیە و بە ھەرچی خودا گوتوویە بڕوا دەکا. پەیڕەوی بن، شایەت شارەزای ڕێگە بن. (١٥٩) دەستەیەکیش لە ھۆژی مووسادا ھەنە، بە ڕاستی ڕێ دەنوێنن و بە ڕاستیش داوەری دەکەن. (١٦٠) ئەوانەمان بە دوازدە دەستە (دوازدە ئۆمەت) بەش بەش کرد و ئەو کاتەش ھۆزەکەی مووسا داوای ئاوی وەخواردنیان لە مووسا کرد، ئێمە مووسامان تێگەیاند کە: بە دارعاساکەی دەستت لەو بەردە دە. دوازدە کانی لە بەردەکەوە ھەڵقوڵین؛ ھەر دەستەیەی دەراوی خۆی ناسیەوە. ھەوریشمان لە لای سەروویان کردە سەیوان؛ گەزۆشمان دەگەڵ شێلاقە بۆ ھەناردن: بخۆن لەو شتە پاکانەی کردوومانەتە ڕۆزیتان. ھیچ غەدرێکیان لێمان نەکرد؛ بەڵام غەدریان لە خۆیان دەکرد. (١٦١) [لە بیروو بێ] ئەو کاتەش کە پیان گوترا: لەو شارە نیشتەجێ بن و لە ھەر لایەک ھەرچی دەتانەوێ بیخۆن. نزا بکەن گوناھوو لێ ھەڵبوەرێ و لە دەرگاوە کە دەچنە ژوور، سوژدە بەرن؛ ھەر ھەڵەیێ کردووتانە دەتانبەخشین. بۆ ئەوانەی ئاکارچاکن، پاداشی زیاتریش دەدەین. (١٦٢) ئەوسا ناھەقیکارانیان ئەو قسانەی پێیان وترا بوو، گۆڕیانە بارێکی دیکە. ئێمەش لە سەر ئەو ناھەقی کردنەیان، بەڵایەکمان لە ئاسمانەوە بۆ ناردن. (١٦٣) دەربارەی ئەوباژێڕەی وا کەوتبوە قەراخی دەریا لێیان پرسە، کە بە شەممە نافەرمانی خوایان دەکرد. چونکە لە ڕۆژی شەممەدا ماسی گەل سەراو دەکەوتن و ڕۆژێ کە شەممە نەبووایە، دیاریان نەبوو. ئەو کەسانەی لە ڕێگەی خودا لا دەدەن، ئێمە ئاوا دەیان ئەزمووین. (١٦٤) کە دەستەیەکیش لە خۆیان گوتیان: بۆچی ئێوە دەربارەی کەسانێ خودا گەرەکیە قڕیان کا یان بە توندی ئازاریان دا، بە ئامۆژگاری خەریکن؟ گوتیان: تا لای پەروەرندەتانەوە تووشی شەرمەزاری نەبین و شایەت ئەوانیش بترسن. (١٦٥) کە ئامۆژگاری کردنیان بەھرەی نەدا، ئەو کەسانەمان ڕزگار کرد کە دژی خراپە وێستان؛ زۆر بە توندی ئازاری ئەوانەشماندا کە ناھەقی پیشە بوون و فەرمانیان بەجێ نەھێنا. (١٦٦) کاتێ ھەر ئەو کارەیان کرد کە پیان گوترا بوو مەیکەن، گوتمان: ببنە مەیموون گەلی تڕۆ کراو! (١٦٧) ئەو کاتەشوو لە بیر بێ کە پەروەرێنی تۆ ڕایگەیاند: دەیانکەمە بەر فەرمانی کەسانی وا کە تا قیامەت - بە توندی - ئازاریان دەن. پەروەرندەت بە پەلە تۆڵە دەستێنێ و ھەر بۆ خۆشی لە گوناھکاران دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٦٨) لە زەمیندا کردمانن بە چەندین دەستەی لێکتر جیا. ھێندێ لەوان بەچاک دەرچوون؛ ھێندێ تر وەک ئەوان نەبوون؛ بە خۆشیان و بە ناخۆشیانیشمان ئەزموون، سا بەشکوو بگەڕێنەوە. (١٦٩) ئەوسا جێ نشینانێکی بەدفەڕ ھاتنە جێگایان و، کتێبەکە لای ئەوان بە کەلەپوور ما؛ کە ھەر بۆ تەماحی دنیا تێ دەکۆشان. دەشیانگوت: ئێمە ھەر زۆر زوو عافوو دەکرێین. ئەگەر دیسانیش لە شتێک دەستیان گیر با، وەریان دەگرت. مەر لەو کتێبەدا لەوان پەیمان وەرنەگیرا، لە ڕاستی بەو لاوە دەربارەی خودا نەخێون؟ کە ھەرچی تێشیدا ھەبوو خوێندبوویان. ماڵی ئەولا بۆ ئەوانەی خۆپارێزن زۆر باشترە، ھێشتا ئێوە تێ ناگەیەن؟ (١٧٠) ئەو کەسانەی کە بەرانبەر بە کتێب ڕەفتار دەکەن و نوێژیش دەکەن، ئێمە پاداشی ئەوانەی ئاکارچاکن وندا ناکەین. (١٧١) ئەو کاتە کە کێوەکەمان وێنەی سەیوان بە سەریاندا ڕاھەنگاوت و لایان وابوو ھەر بە سەریاندا دەڕووخێ [وتمان]: ئەوی داومانە پێتان پەیت بیگرن؛ چی تێدایە لە بیرتان بێ؛ دەشقەم خۆتان بپارێزن. (١٧٢) ئەوساش کە پەروەرندەی تۆ لە پشتی عەولادی ئادەم زاروزیچی بەرھەم ھێنا، لە سەر خۆیان شایەتی ھەر بە خۆیان دا. گوتی: من پەروەرێنتان نیم؟ گوتیان: بەڵێ، ئێمە لەوە ئاگادارین. نەکا ڕۆژی سەڵا بێژن: نەمانزانی. (١٧٣) یان نەبێژن: ئەو کەسانە وا لە پێشدا شەریکیان [بۆ خودا] دانا، باب و باپیرانمان بوون و ئێمە بەرەی دوای ئەوانین؛ ئاخۆ ئێستا تۆ گەرەکتە لە سەر ئاکاری ناحەقان ئێمە قڕکەی؟ (١٧٤) نیشانەکان ئاوا ڕۆشن دەکەینەوە، شایەتا بگەڕێنەوە. (١٧٥) دەنگوباسی ئەو کەسەشیان بۆ وەخوێنە کە نیشانەکانی خۆمان پێ بەخشی بوو، خۆی لێ بوواردن؛ ئەوسا شەیتان وەدووی خۆی دا و کەوتە ناو ڕێزی گومڕایان. (١٧٦) ئێمە گەر بمان ویستایە لەمانەڕا پایەبەرزیمان دەدایە؛ بەڵام ئەو ھەر خۆی بە عەرزەوە چەسپاند و پەیڕەوی ئارەزووی خۆی بوو. نەزیلەی ئەو وەکوو نەزیلەی سەگێکە بۆی بچی زمان دەردێنێ و لێشی گەڕێی زوان دەکێشێ. ئەم چیرۆکە بەسەرھاتی ئەوانەیە کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ دانا. تۆ لەو تەرزە باسانەیان بۆ وەگێڕە، شایەتا بیر بکەنەوە. (١٧٧) چەن خراپە سەرگوروشتەی ئەو کەسانە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی و لە خۆیان ناھەقیان کرد. (١٧٨) ھەر کەسێکی خودا خۆی شارەزای بکا، ڕێگەی ڕاست دەگرێتە بەرێ و ھەر کەسێکیش گومڕا بکا، لە ڕێزەی زیانبارانە. (١٧٩) ئێمە گەلێک لە جنۆکە و لە مرۆمان بۆ جەھەندەم وەدی ھێنا: دڵیان ھەیە و پێی تێناگەن؛ چاویان ھەیە و پێی نابینن؛ گوێیان ھەیە و پێی نابیسن؛ ئەوانە وەکوو ئاژەڵن؛ بگرە لەوان گومڕاترن؛ ئاگایان لە ھیچ شت نییە. (١٨٠) ناوی خودا، ھەموویان ڕند و لەبارن؛ ھەر بەو ناوانە بانگی کەن. گوێ مەدەنە ئەو کەسانەی ناوەکانی ھەر بە ئانقەست بۆ دەگۆڕن. ئەمانە بۆ ئەو کارەیان سزا دەدرێن. (١٨١) لەوانەدا کە ئێمە دروستن کردوون، دەستەیەک ھەن بەرەو لای ھەق ڕێشاندەرن و بە ھەقیش داوەری دەکەن. (١٨٢) ئەوانەش کە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ دانا، وردەوردە - بێ ئەوەی بە خۆ بزانن - بەرەو تێدا چوونیان دەبەین. (١٨٣) ماوەیەک مۆڵەتیان دەدەین، چونکە تەگبیرم پتەوە. (١٨٤) ئاخۆ بە بیریاندا نەھات ھاوڕێکەیان تووشی شێت بوون نەھاتووە؟ ئاشکرایە ئەو لە ترس وەبەرھێنەرێک بەدەر نییە. (١٨٥) ئاخۆ ئەوان لە دام ودەزگای پڕ شکۆی عاسمانەکان و زەمین ھەرچی خوا دروستی کردوون، ڕا نەماون؟ وێش دەچێ بەم نزیکانە بە ئاکامی مەرگ بگەن. دەیسا لە پاش ئەم قورعانە بە کام قسە بڕوا دەکەن؟ (١٨٦) خوا ڕێ لە ھەر کەس بگۆڕێ، ھیچ ڕێبەری دەس ناکەوێ. وازیان لێ دێنێ با ھەر وا لە سەر بزێوی خۆیاندا سەرگەردان بن. (١٨٧) دەربارەی ڕۆژی سەڵاوە لێت دەپرسن: کەی وەدی دێ؟ بێژە: زانینی ھەر تەنیا لە لای پەروەرێنی منە؛ بۆ خۆی نەبێ کەس ناتوانێ وەختەکەی ئاشکرا بکا؛ ھەڵێنانی بۆ ئەوانەی لە ئاسمانان و زەمیندان، زۆر گرانە و لە نەکاوێک ئەو ڕۆژە ڕووتان تێ دەکا. جۆرێک پرسیارت لێ دەکەن وەک تۆ دەربارەی بزانی. بێژە: تەنیا ھەر خودا بۆ خۆی دەیزانێ؛ بەڵام زۆربەی ئەم خەڵکە ئەمە نازانن. (١٨٨) بێژە: ئەمن خاوەنی سوود و زیانی خودی خۆم نیم؛ جا مەگین خودا حەز بکا. گەر نادیارم زانیبان بەھرەی فرەم گیر دەکەوت و زیانێکم تووش نەدەھات. من تەنیا ھەر ترسێنەر و مژدەدەرم بۆ کەسانێ بڕوا دەکەن. (١٨٩) ھەر ئەو ئێوەی لە یەک کەس وەدی ھێناوە؛ ژنەکەشی ھەر لە ماکی ئەو پێک ھێنا، کە لەوڕا بحەسێتەوە. وەختێ [ئادەم] وەل [دایکەوا] سەر جێی کرد، باردار بوو بە بارێکی سووک. ماوەیەک پێەوە گەڕا. کە ھەستی بە قورس بوون کرد، ھەرتک لە پەروەرندەیان پاڕانەوە: ئەگەر زارۆیێ ھێژامان پێ ببەخشی، لە شوکرانەبژێران دەبین. (١٩٠) کە زارۆی ھێژای پێ بەخشین، لەوەی کە خوا پێدا بوون، چەند شەریکیان بۆ پەیدا کرد؛ کە خودا زۆر بەرزترە لەوەی کە شەریکی ھەبن. (١٩١) چۆن ئەوانە دەکەن بە شەریکی خودا کە ناتوانن ھیچ شتێ درووست بکەن و خۆیان دەبێ درووست بکرێن. (١٩٢) توانایان نییە یارمەتی ئەوان بدەن و یاریدەی خۆشیان پێ نادرێ. (١٩٣) ئەگەر ئێوەش بانگیان بکەن کە بێنە سەر ڕاھی خودا، دواو ناکەون. بانگیان بکەن یان دەنگ نەکەن، بۆ ئێوە ھەر وەکوو یەکە. (١٩٤) ئەوانەی کە - بە جێ خودا - ئێوە ھانایان پێ دەبەن، عەبدگەلێکن وەک خوەتان. دەسا ئەگەر ئێوە ڕاستن، بانگیان بکەن با وەرامتان بدەنەوە. (١٩٥) ئاخۆ ئەوان دەتوانن لە سەر پا بڕۆن، یان دەستی ڕاسانیان ھەیە، یان چاوی دیتنیان ھەیە، یان گوێی بیستنیان پێوەیە؟ بێژە: بانگی ئەو ھاوبەشانەتان بکەن، ئەوسا داوی فێڵانم بۆ بێنەوە و ماوەم مەدەن. (١٩٦) گەورەی من ھەر خودایە کە ئەم کتێبەی ناردۆتە خوار؛ ھەر بۆ خۆشی سەرپەرستی چاکان دەکا. (١٩٧) ئەو کەسانەی - بە غەیرەز ئەو - ئێوە ھانایان پێ دەبەن، ناشیەن یاریدەتان دەن و یاریدەی خۆشیان پێ نادرێ. (١٩٨) ئەگەر ئێوە بەرەو ڕێی ڕاستیان بانگ بکەن، لێو نابیستن؛ دەبینی تواشات دەکەن و نەشیان دیتوووی. (١٩٩) چاو بپۆشە و فەرمان بە کاری چاک بدە و لەو نەزانانە واز بێنە. (٢٠٠) ھەرگایەکیش خەیاڵاتێکی خراپت لە شەیتان بە دڵدا بووری، ھەر پەنا بە خودا بەرە؛ کە خۆی بیسەر و زانایە. (٢٠١) ئەو کەسانەی پارێزگارن، ھەرگا خەیاڵی خراپیان لە شەیتانەوە تووش دەبێ، گورجێ یادی خوا دەکەن و بەرچاویان ڕوون دەبێتەوە. (٢٠٢) براکانیشیان بۆ ئەوەی ھەر گومڕا بن، تێ دەکۆشن و لە تەقالادانەکەیان کۆتا نایەن. (٢٠٣) ھەرگا ھیچ نیشانەیەکیان نیشان نادەی، ئێژن: تۆ بۆ لە خۆتەوە ڕێکی ناخەی؟ بێژە: من ھەر لەوانە پەیڕەوی دەکەم کە لە لای پەروەرندەمڕا پێم دەگا. ئەمانە چاوڕۆشن کەرن لە پەروەرندەی ئێوەڕا و ڕێشاندەرن و بەزەیین بۆ ئەو کەسانەی بە باوەڕن. (٢٠٤) ھەرگا قورئان دەخوێندرێ، کڕ بن و گوێ لێ بدێرن؛ شایەت بەر بەزەیی خوا کەون. (٢٠٥) ھەموو بەیانی و ئێواران، بە پاڕانەوە و ترسەوە - بە بێ ئەوە دەنگ ھەڵێنی - یادی پەروەرندەت بکە و ھەرگیز تۆ لەوانە مەبە کە بە بیریشیاندا نایە. (٢٠٦) ئەو کەسانەی لای پەروەرندەت پەسندن، بێ فیزن لە پەرستنی و پەسنی پاکی ئەو دەدەن و ھەر بەرەو ئەو سوژدە دەبەن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەنفال وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) لەمەڕ دەسکەوتی جەنگەوە لێت دەپرسن، بێژە: تاڵانی دوژمنان بۆ خودا و بۆ پێغەمبەرە. ئەگەر بڕواتان ھێناوە، ئێوە ترسوو لە خودا بێ و لە ناو خۆتاندا پێک وەرن و بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بن. (٢) خاوەن بڕوا ئەو کەسانەن ھەر کە ناوی خودا برا، دڵیان ترسی ڕێ دەنیشێ و کەنیشانەکانی ئەویان بۆ وەخوێنن، بڕوایان بە ھێزتر دەبێ و دەربەست خۆیان بە پەروەرێنیان دەسپێرن. (٣) ئەوانەن کە نوێژ دەکەن و لەو بژیوەی بەشمان داون بەشی ھەژارانیش دەدەن. (٤) باوەڕداری بێ کەمایەسی ئەمانەن کە لە پەروەرێنیانەوە پلە و پایە و لێ خۆشبوون و بژیوی پەسندیان ھەیە. (٥) ھەروەک ئەوەی پەروەرندەت - بە ھەقانەت - تۆی لە ماڵی خۆت ھێنادەر؛ ھێندێکیش لە باوەڕدارەکان ناڕازی بوون. (٦) لە پاش ڕاستی ڕوون بوونەوەش، ئەوان کێشەت دەگەڵ دەکەن؛ وەک بە ئاشکرا ببینن کە بەرەو مردنیان داژۆن. (٧) ئەوسا کە خوا سۆزی پێدان کە یەکێک لەو دوو کۆمەڵە بۆ ئێوەیە، ئێوە ھەر ئارەزووتان بوو دەستە بێ دەستەڵاتەکە بۆ ئێوە بن. خوداش ویستی ھەر چۆنێ خۆی گوتوویەتی وەڕاست گەڕێ و خوانەناسان بنەبڕ کا. (٨) تا ڕاستی سەقام گیر بکا و پووچ و چرووک لە ناو بەرێ؛ ھەرچەند تاوانبارەکان حەزی لێ نەکەن. (٩) لەو کاتەشدا کە ھاناتان بۆ پەروەرندەتان دەبرد، گوتی: ئەوا بە شوێن یەکدا ھەزار فریشتە دەنێرم بۆ یاریتان. (١٠) خودا ئەو بەڵێنەشی ھەر بۆیە پێدان، ھەتاکوو موژدەیەک بێتوو دڵگەلتان پێ ئۆقرە بگرێ. یاریدەش ھەر لە خواوەیە. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (١١) ئەو دەمەشتان ھەر لە بیر بێ وا ئەو سووکەخەوەی لە لای خۆیەوە بۆ ھەناردن و بوو بە ھۆی دڵنیاییتان. بارانیشی لە حەواوە بۆ باراندن تا خاوێنتان بکاتەوە و خەیاڵاتی شەیتانوو لێ دوورخاتەوە و دڵگەرمتان کا و مەیدانێ بە جێ نەھێڵن. (١٢) خوا فریشتەی تێگەیاندن کە: خۆشم دەگەڵ ئێوەدام، غیرەت وەبەر خاوەن باوەڕەکان بێنن، منیش ترس وەبەر خوانەناسان دەنێم. سا ئێوە لە ملیان دەن و ھەموو ئەنتگوستەکانیشیان بپەڕێنن. (١٣) چونکە ئەوان بەرھەڵستی خودا و پێغەمبەری وێستان. ھەر کەسانێک دژی خودا و پێغەمبەر بن، خوا بە توندی سزا دەدا. (١٤) با بیچێژن! خوانەناسان بە ئاگریش ئازار دەدرێن. (١٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەر تووشی خوانەناسان بوون - با زۆریش بن - ئێوە لە بەریان ھەڵ مەیەن. (١٦) ھەر کەس لە ڕۆژێکی وادا خۆ لە شەڕێ بدزێتەوە - مەگین بۆ شەڕ کردن لە شوێنێکی کەوە، یان بۆ یاریدەی یارانی - خودا لە خۆ تووڕە دەکا و جێگەی لە جەھەندەم دەبێ و چارەنووسی زۆر خراپە. (١٧) ئەوان ئێوە نەتان کوشتن؛ خوا کوشتنی. کە ھاویشتت، ھاوێژەرەکە تۆ نەبووی؛ خوا ھاویشتی. ئەو دەیەویست باوەڕداران بە باشی تاقی کاتەوە. خودا بیسەر و زانایە. (١٨) بەڵێ، ئاوا خودا فێڵی دین دوژمنان پووچەڵ دەکا. (١٩) گەر دەتانەویست سەرکەون، وا سەرکەوتن؛ ئەگەر لە شەڕ بەسیش بکەن، قازانجتانە؛ ئەگەریش تێ ھەڵ بچنەوە، ئێمەش تێ ھەڵ دەچینەوە و با دەستەوبەستەتان زۆر بن، ھیچ بەھرە بۆ ئێوە نادا. خودا وەل باوەڕدارانە. (٢٠) ئەی گرۆی خاوەن باوەڕان! بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەری بن و لە ھەر شتێ ئەو پێتان ئێژێ و دەیبیسن، خۆ مەبوێرن. (٢١) ئێوە وەک ئەوانە مەبن، گوتوویانە: گوێمان لێیە، کە چی ھەر نەشیان بیستووە. (٢٢) خراترین زیندەوەران لە لای خودا، ئەو کەڕ و ڵاڵانەن کەوا ھیچ تێ ناگەن. (٢٣) ئەگەر خودا بیزانیبا خێرێکیان دەباراندایە، کارێکی دەکرد ببیسن. خۆ ئەگەر گوێ بیستنیشی پێ بدابان، ھەر ڕوویان لێ وەردەگێڕا و خۆیان دەبوارد. (٢٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا خودا و پێغەمبەر لێو داوا دەکەن کارێ بکەن ئێوەی پێ بژووژێنەوە، گورجێ بیکەن؛ ئێوەی پێ دەبووژێنەوە. بشزانن خوا دەبێتە لەمپەر لە نێوان مرۆ و دڵی؛ ھەموو لاشتان لە لای ئەو کۆ دەکرێنەوە. (٢٥) لەو بەڵایەش خۆ پارێزن کە تایبەتی ناحەقیکارانتان نییە. بشزانن کە تۆڵەی خودا توند و تیژە. (٢٦) بیر لەو دەمە بکەنەوە کە ئێوە لەم وڵاتەدا کەمێکی بێ دەستەڵات بوون؛ ترسوو ھەبوو خەڵکی تر دەرتان بکەن و بێ جێ و ڕێ بمێننەوە. پەنای دان و یاریدەی دان و سەرکەوتن و ڕۆزی پاک و ڕەوای پێ دان؛ بەشکە شوکرانەبژێر بن. (٢٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! دەگەڵ خودا و پێغەمبەر دەغەڵی مەکەن. ئەو شتانەش کە دەزانن ئامانەتن، غەیانەتی تێدا مەکەن. (٢٨) بشزانن ماڵ و منداڵتان ھۆی ئەزموونن؛ پاداشی زۆر لای خودایە. (٢٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر لە خودا بترسن، ئامێری جیا کردنەوەی پاک و پیستان پێ دەدات و لە خراپەتان دەبوورێ. خودا زۆر چاکەی لە لایە. (٣٠) بێتە بیرت ئەوسا خودانەناسەکان ویستیان فێڵێکت لێ بکەن، یان بەندت کەن، یان بتکوژن، یان دەرت کەن. ئەوان فێڵەکەی خۆیان کرد؛ خواش فێڵی کرد. خواش چاترین فێڵەزانە. (٣١) ھەرگا نیشانەی ئێمەیان بۆ وەخوێنن، ئێژن: بیسمان؛ ئەگەر حەزمان بکردایە، ئێمەش وەک ئەمەمان ئەوت؛ لە چەند چیرۆکی کەونارا بەدەر نییە. (٣٢) ئەوساش گوتیان: ئەی خودایە! ئەگەر بە ڕاستیە و لە لایەن تۆوە ھاتووە، لە حەواوە وەبەر تەوەن بارانمان دە، یان ئازارێکی بەژانمان بۆ بنێرە. (٣٣) ھەتا تۆیان لە ناودا بێ، خودا جەزرەبەیان نادا. ھەتا داوای بووردن لە گوناھیش بکەن، خودا ھەر ئازاریان نادا. (٣٤) خودا چۆن ئازاریان نەدا، کە ئەوانە ڕێگەی «مسجدالحرام» یان لە زیارەت کەران گرتووە و ھەڵیش ناگرن خاوەنی بن؟ خاوەنانی ھەر دەبێ ئەو کەسانە بن کە ترسی خودایان ھەیە؛ بەڵام زۆربەیان نەزانن. (٣٥) نوێژیان لە ماڵی خودادا ھەر بریەتی لە چەپڵە و فیتووکێشانە. سا لە سزای ئەو بڕوا نەھێنانەدا، ئەشێ تووشی ئازار ببن. (٣٦) ئەوانەی خودانەناسن، ماڵی خۆیان خەرج دەکەن ڕێگەی بەرەو خودا بگرن. ئەو ماڵ بەخت کردنەیان دەبێتە کەسەرێک بۆیان و پاشان ھەر ژێر دەکەون. خڕوپڕی خوانەناسان لە دۆژەە کۆ دەکرێنەوە. (٣٧) ھەتا خودا پاک و پیس لێک ھەڵاوێرێ و پیسەکان لە سەر یەک دانێ و بەتێکڕایی کۆگایان دا و بیانخاتە دۆژەھەوە؛ ھەر خۆیان زیانبار بووگن. (٣٨) بە خوانەناسەکان بێژە: ئێستاش ئەگەر دەس ھەڵگرن، ھەرچی پێشوو کردووتانە عافوو دەکرێ. ئەگەریش تێ ھەڵ بچنەوە بەسەرھاتی پێشینەکان دیارە چ بوو. (٣٩) وەلیان شەڕ کەن ھەتا ئاژاوە نامێنێ و دین گشتی دینی خوا دەبێ. سا ئەگەر تەمێ گرتوو بوون ئەوسا ھەر کارێکی بیکەن خوا دەیبینێ. (٤٠) ئەگەریش ڕوویان وەرگێڕا، با بزانن کە گەورەتان ھەر خودایە؛ گەورەی ھەرە باشتان ھەیە و چاکترین یاریدەرتانە. (٤١) ئەگەر باوەڕتان بە خودا و باوەڕیتان بەوەش ھەیە کە ڕۆژی لێک ھەڵاواردن بۆ عەبدی خۆمان ناردەخوار، ئەوێ ڕۆژێ کە دوو کۆمەڵ تووشی یەک بوون؛ دەبێ ئەوەندەش تێ بگەن ھەر تاڵانێکوو دەس کەوت، پێنج یەکێکی بەشی خودا و پێغەمبەرە و بۆ خزمان و ھەتیوان و ھەژاران و ڕێبوارانە. خودا توانای بە سەر ھەموو شتدا ھەیە. (٤٢) وەختێ ئێوە لە داوێنەی نزیکتر و ئەوان لە داوێنەی دوورتر دامەزرا بوون، کاروانیش لە خوار ئێوە بوو، ئەگەر کاتی پێک گەیشتنوو دانابا، بێ سۆ لە سەر ژوانگە تووشی کێشە دەبوون؛ بەڵام دەوبو ھەرچی خوا بڕیاری دابوو ھەر ڕوو بدا. تا مردن و ژینی ھەر کەس، بە بەڵگەی ئاشکراوە بێ. خوا دەبیسێ و ئاگادارە. (٤٣) لە خەوتندا خودا ژمارەی ئەوانی کەم نیشان دای؛ ئەگەر زۆرایی ئەوانی نیشان دابان، لە ترسان زراوتان دەچوو؛ لە ناو خۆدا کێشەتان لێ پەیدا دەبوو. بەڵام خودا ئێوەی پاراست، خۆی لە نھێنی دڵانیش ئاگادارە. (٤٤) ئەوساش کە تووشی یەک ھاتن، لە بەر چاوتان ئەوانی کەمتر نیشان دا و ئێوەشی کەمتر ھێنایە بەر چاوی ئەوان. دەبوو خودا کارێ کە بڕیاری درابوو بێنێتە جێ. کاریش ھەر دەچنەوە لای ئەو. (٤٥) ئەی گرۆی خاوەن باوەڕان! ئەگەر دەگەڵ دوژمنان ڕووبەڕوو دەبن، خۆ بگرن و گەلێک یادی خودا بکەن، شایەتا ئێوە سەرکەون. (٤٦) لە فەرمانی خودا و پێغەمبەر دەرمەچن. نەچن کێشە و لێ پەیدا بێ و سست ببنەوە و ھەموو ھێز و لە بەین بچێ. خۆڕاگر بن؛ خوا دەگەڵ خۆڕاگرانە. (٤٧) ئێوە وەک ئەوانە مەبن، بۆ خۆبینی و بۆ ڕووبینی لە ناو مەردم لە زێدەکەیان دەرکەوتن؛ دەیانەویست ڕێگەی خودا بەربەست بکەن. خودا لە ھەموو کارێکیان ئاگادارە. (٤٨) شەیتان ئاکاری ئەوانی ئەو کاتە لە بەر جوان کردن، گوتی: ئەمڕۆ ھیچ ھێزێک دەرۆستوونایە، منیش جێگەی ھاناتانم. لە کاتێکا ھەر دووک لا لێک وەدەرکەوتن، پێ دزەی کرد و بۆی دەرچوو، گوتی: ئەمن وەل ئێوە نیم؛ من شتی وام دێتە بەرچاو کە بۆ ئێوە نادیارە؛ من لە خودا ترسم ھەیە؛ تۆڵەی خودا زۆر دژوارە. (٤٩) دووڕووان و ئەو کەسانەی دڵی دەغەزداریان ھەیە، ئەوسا وتیان: ئەوانە بە دینەکەیان خەڵەتاون. ھەر کەسێکی ھەر خۆ بە خودا بسپێرێ، خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٥٠) گەر ببینی ئەوسا خودانەناسەکان فریشتە دەیان مرێنن و دیم و پشتیان دەکوتنەوە [پێیان ئێژن]: دەیسا دەردی بە ئاگر سواتان بچێژن. (٥١) ئەمە سزای ئەو کارانەی کە دەتانکرد؛ خودا ھەرگیز غەدر لە عەبدی خۆی ناکا. (٥٢) [ئاکاریان ھەر] وەک ئاکاری دارودەستەی فیرعەون و ئەو کەسانەیە بەرلەوان بوون؛ کە لە نیشانەکانی خوا حاشایان کرد. خواش لە سزای گوناھانیان وەبەر غەزەبی خۆی خستن. خودا بە ھێز و توانایە و تۆڵەی ئەو گەلێ دژوارە. (٥٣) چونکە خودا دەرووی چاکەی لە ھەر گەلێ وەکردبێ، ھەتا ئەوان بیری خۆیان نەگۆڕیبێ، قەت خودا لێی نەگۆڕیون. خوا بیسەر و زۆر زانایە. (٥٤) جا ئەوانە - وەک دارودەستەی فیرعەون و پێشینیانیان - بەو دەردە چوون: بە نیشانەی خودای خۆیان باوەڕ نەکرد؛ لە سۆنگەی گوناھەکانیان قڕمان کردن. ھەرچی سەر بە فیرعەونیش بوون، بڕیارماندا کە لە ئاوێدا بخنکێن؛ کە سەر لە بەریان ناھەق بوون. (٥٥) خراترین زیندەوەران لە لای خودا ئەو کەسانەن کە خودایان نەناسیوە و ئیتریش بڕوا ناھێنن. (٥٦) ئەو کەسانەی پەیمانت دەگەڵ بەستن و لە پاشانا ھەموو جاران پەیمانیان ھەڵدەوەشێنن و ھیچ ترسی خودایان نییە، (٥٧) جا ئەوانەت کە لە شەڕدا بە گیر ھێنان، وێڕای ئەوانەش کە ھاتوون پشتیان بگرن، بڕەتێنە؛ بەشکوو تەمێ گرتوو ببن. (٥٨) گەر ھەستت کرد کۆمەڵێ لەو سوێندخۆرانە غەیان دەرچوون، تۆش وەک ئەوان سوێندیان بە سەردا بدەوە. خودا غەیانی خۆش ناوێن. (٥٩) خوانەناسان وا بیر نەبەن وەپێش کەوتوون؛ ئەوان ئێمە نابەزێنن. (٦٠) تا بۆو دەکرێ چەک و جبەخانەی شەڕ و ئەسپی سواری پەیدا بکەن؛ دوژمنی پێ بترسێنن؛ کە دوژمنانی خوداشن. غەیری وانیش دوژمنوو ھەن نایان ناسن، بەڵام خودا دەیان ناسێ. ھەر ماڵێکی لە ڕاھی خودای بەخت کەن، خودا دەیبژێرێتەوە و ھیچ ناھەقیو لێ ناکرێ. (٦١) ئەگەر داوای شەڕبەسیان کرد، قبوڵی کە و ھەر خۆت بە خودا بسپێرە؛ ھەر خۆی گوێدێر و زانایە. (٦٢) گەر ویستیشیان فریوت دەن، بەستە کە خودات دەگەڵە. ھەر ئەویش ھاتە ھاواری خۆت و خاوەن باوەڕان و یاریدەی دان. (٦٣) بە دڵ وانی کردە ھۆگری یەکتری. ئەگەر ھەرچی لەم سەرزەمینەدا ھەیە، ھەمووت بەخت بکردایە، نەت دەتوانی وا لێکیان کۆ بکەیتەوە؛ بەڵام خودا وا لێکی کردوون بە ھۆگر؛ ھەر خۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٦٤) ئەی پێغەمبەر! بۆ تۆ و بۆ باوەڕدارانێ شوێنت کەوتوون، خودا بەسە. (٦٥) ئەی پێغەمبەر! ھانەی باوەڕداران بدە بچنە خەزا؛ ئەگەر ئێوە بیست کەس بن و خۆڕاگر بن، ھێزتان بە دوو سەد کەس دەشکێ؛ گەر سەد کەستان خۆڕاگر بن، - بە ئیزنی خوا - دوو ھەزار کەس لە خوانەناسان ڕادەنێن؛ چونکە ئەوان کەسانێکی بێ ئاوەزن. (٦٦) ئێستا خودا کە دەزانێ ورە و تواناتان کەم بووە، کاری بۆ ھاسانتر کردن. ئەگەر ئێوە سەد کەس بن و خۆڕاگر بن - بە ئیزنی خوا - دەرۆستی دوو ھەزاریان دێن. خوا دەگەڵ خۆڕاگرانە. (٦٧) بۆ ھیچ پێغەمبەرێک نەبووە دیلی ھەبن؛ مەگەر وەختێ لە سەر زەمین بە تەواوی بووبێتە خاوەن دەستەڵات. دەتانەوێ ماڵی دنیاتان دەس کەوێ، خوداش پاشە ڕۆژی دەوێ. خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٦٨) ئەگەر خودا ئەم ڕووداوەی پێشووتر نەنووسیبایە، لەمەی کە وەدەستوو کەوت ئازاری زۆروو تووش دەھات. (٦٩) ئەو تاڵانەی گرتووتانە، حەڵاڵ و زەڵاڵە بیخۆن؛ ترسیشتان لە خودا ھەبێ. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٧٠) ئەی پێغەمبەر! تۆ بەو یەخسیرانە بێژە کە دەبەر دەستی ئێوەدان: ئەگەر خودا ئاگای لێ بێ چاکەیەکتان لە دڵدایە، چاکتر لەوەی لێو سەنراوە، دەوداتەوە و لێو خۆش دەبێ. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٧١) خۆ ئەگەر بە ونیازەش بن کە درۆ دەگەڵ تۆ بکەن، زوو وەل خوداش ناڕاست بوون و ئەتۆی زاڵ کرد بە سەریانا. خودا زانای لەکارزانە. (٧٢) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و زێدی خۆیان جێ ھێشتووە و لە ڕای خودا بە گیان و ماڵ خەزایان کرد، ئەو کەسانەش کە ئەمانیان حاواندەوە و ئاریکار بوون، بوونە کەس و کاری یەکتر. ئەو گرۆی باوەڕدارانەش کە ھەر لە شوێنەکەی خۆیان ماونەتەوە و نەھاتنە دەر، ھەتا ئەوانیش دەرنەچن، نابێ دۆستایەتییان بکەن. بەڵام گەر ئەوان دەربارەی دینەکەیان یاریدە لەنگۆ بخوازن، لە سەرتانە کە ئێوە کۆمەگیان بکەن؛ مەگین لە دژی ئەوانەی دەگەڵ ئێوە ھاوپەیمانن. ھەرچی بیکەن خوا دەیبینێ. (٧٣) بەرەی خودانەناسانیش دۆستی نزیکی یەکترین. گەر ئێوە - وەک من پێم گوتوون - ڕەفتار نەکەن، بشێوێنی و خراپەی زۆر لەم سەرزەمینە ڕوو دەدا. (٧٤) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و لە وڵات ئاوارە بوون و لە ڕای خودا خەزایان کرد، ئەوانەش پەنایان دان و کۆمەگیان کرد، خاوەن باوەڕی بە ڕاستن. خودا لەوانە خۆش بووە و بژیوی باش بۆ ئەوانە. (٧٥) ئەو کەسانەش کە پاشان بڕوایان ھێنا و بە ئاوارەیی دەرکەوتن و وێڕای ئێوە خەزایان کرد، لە خۆتانن. بە گوێرەی کتێبی خودا، خزم بۆ خزم لە نامۆ نزیکترە. خودا لە ھەر شت ئاگادارە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەوبە (دەربڕینی بێزارییە لە خودا و پێغەمبەریەوە، لەو شەریک دانەرانە وا ئێوە بوونە ھاوپەیمانیان. ) (٢) ھەتا چوار مانگ ڕێتان ھەیە لەم زەمینەدا بگەڕێن؛ دەبێ ئەوەندەش بزانن کە ناتوانن خۆتان لە خودا ڕزگار کەن. خوا ھەموو دوژمنانی دین ڕیسوا دەکا. (٣) خودا و پێغەمبەری خودا لە ڕۆژی حەجی مەزندا، بە مەردم ڕادەگەیەنن کە خودا و پێغەمبەری خوا لە بتپەرستان بێزارن. ئەگەر پەشیمان ببنەوە، قازانجتانە؛ ئەگەریش قبووڵی نەکەن، لێتان ڕوون بێ کە لە دەس خودا دەرناچن. مژدەش بدە بەوانەی خودانەناسن، بەشیان ئازاری بەژانە. (٤) غەیرەز بتپەرستانێ کە پەیمانوو دەگەڵ بەستوون و لە سەر پەیمانەکەیان لانەکەوتوون و دژی ئێوە یاریدەی کەسیان نەداوە، ھەتا ماوەی پەیمانەکە بەسەر دەچێ، ئێوە پەیمانتان مەشکێنن. خوا پارێزگاری خۆش دەوێن. (٥) ھەرکە مانگەحەرامەکان بڕانەوە، ئەو بتپەرستانەو لە کوێ وەدەس کەوێ، لە گرتن و بەند کردن و کوشتنیان دەس مەپارێزن و بۆسەیان بۆ بنێنەوە. ئەگەر پەژیوان بوونەوە و بوونە نوێژکەر و زەکات دەر، ئەوسا دەستیان لێ ھەڵگرن. خودا لە گونا خۆش دەبێ و دلۆڤانە. (٦) ھەرگا یەکێک لەو کەسانەی بتپەرستن خۆی خستە بەر داڵدەی تۆوە، پەنای بدە؛ با گوتەی خودا ببیسێ. ئەوسا کە بینێرە شوێنێ کە نەترسێ؛ چونکە ئەوانە نەزانن. (٧) کوا ئەوانەی بتپەرستن، ئەو پەیمانەی بە خوا و پێغەمبەری دەدەن بە جێی دێنن؟ ھەر ئەوانە ھێشتا لە سەر پەیمان ماون، کە پێکەوە لە پەنا «مسجدالحرام» پەیمانوو بەست؛ تا لە سەر پەیمانەکەمان، ئێوە پەیمان شکێن مەبن. خوا پارێزگاری خۆش دەوێن. (٨) چۆن پەیمانێک! ئەوان ھەر کاتێ بزانن پێو دەوێرن، بە بێ ئەوەی گوێ بدەنە سوێندخۆری یان خزمایەتی، بە گژوودا دێن؟ ھەر بە دەم دڵخۆشتان دەکەن، بەڵام نیازی خراپیان لە دڵدایە؛ زۆربەیان تووش و بەدفەڕن. (٩) نیشانەکانی خودایان بە نرخێکی ھندک فرۆت؛ ئەوسا ڕێگەی خودایان بەست. ئاکاری زۆر خراپ دەکەن. (١٠) لەمەڕ ھیچ خاوەن باوەڕێک، ھاوپەیمانی و خزمایەتی ڕەچاو ناکەن؛ ئەمانە ھەر دەستدرێژی پیشەیانە. (١١) سا ئەگەر لە بتپەرستی وازیان ھێنا و نوێژیان کرد و زەکاتیان دا، ئیتر برای دینی ئێوەن. ئێمە ئەم نیشانانەمان بۆ خەڵکێ ڕوون دەکەینەوە کە زانا بن. (١٢) ئەگەر لە دوای پەیمان بەستن سوێندەکەیان ھەڵوەشاند و تەوسیان دەدینەکەتان گرت، ئێوە لەیەل گەورەکانی خوانەناسان بە شەڕ وەرن؛ ئەوانن کە بێ پەیمانن، بەشکوو دەستوو لێ ھەڵگرن. (١٣) ئاخۆ ئێوە بە گژ ئەوانەدا ناچن کە لە سوێند پاشگەز بوونەوە و نیازیان وابوو پێغەمبەر لە ناو خۆ دەرکەن؛ دەس پێشکەریش [لە شەڕێدا] ئەوان کردیان؟ بۆ ئێوە لەوان دەترسن، ئەگەر باوەڕوو ھێناوە؟ بۆ لێ ترسان، خودا لەوان ھێژاترە. (١٤) ئێوە دەگژیان ڕابچن؛ خودا ھەر بە دەستی ئێوە ئەوان تووشی ئازار دەکا و ژێریان دەخاو سەروو دەخا بە سەریاندا و کارێک دەکا کوڵی دڵی باوەڕداران دابمرکێ. (١٥) ڕکی دڵیان دادەماڵێ و خودا حەز کا، ھەر کەسێکی لە گوناھان دەس ھەڵگرێ، لێی وەردەگرێ. خودا زانای لەکارزانە. (١٦) پێتان وایە کەس خۆتان تێ ناگەیەنێ و خواش لەوانەی لە ئێوە چوونە خەزایە و غەیرەز خودا و پێغەمبەر و باوەڕداران ھیچ کەسێ ڕازداریان نەبووە، بێ ئاگایە؟ خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (١٧) نوێژگەی خودا ئاوا کردن بۆ بتپەرستان نەشیاوە. خۆیان ئێژن: خوا ناناسین؛ ھەرچی دەیکەن بە فیڕۆ دەچێ و ھەتا سەر لە دۆژەە دەبن. (١٨) ھەر ئەوانە بۆیان ھەیە نوێژگەی خودا ئاوا بکەن، کە باوەڕیان بە خوا و ڕۆژی سەڵا ھەیە و نوێژ درووست و زەکات دەرن و - لە خوا نەبێ - ترسیان لە ھیچ کەسێ نییە. لەوانەیە ئەمانە ڕێ زانەکان بن. (١٩) ئاو لە حەجاج بە شینەوە و سەرپەرشتی ماڵی کابە، پێتان وایە دەگەڵ کاری ئەو کەسانەی بۆ خودا چوونە خەزایە و بڕوایان ھەیە بە خودا و ڕۆژی سەڵا، وەکوو یەکە؟ لجەم خودا وەکوو یەک نین. خوا گرۆی ناھەقیکاران ناخاتە سەر ڕاستەڕێگە. (٢٠) ئەوی بڕوایان ھێناوە و تووشی ئاوارەیی بوون و بۆ خودا چوونە خەزایە و دەستیان لە ماڵ و گیانی خۆ ھەڵگرتووە، لای خودا زۆر لە پێشترن و بە ئاواتی خۆیان دەگەن. (٢١) پەروەرێنیان مژدەی بەزە و ڕەزای [خۆی و] باغاتی وایان پێدەدا کە دەوێدا خۆشی پایەداریان دەبێ. (٢٢) ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن. خودا پاداشی زۆر گەورەی لە لا ھەیە. (٢٣) ئەی گرۆی خاوەن باوەڕان! ئەگەر باب و برای ئێوە لایان وابوو ناباوەڕی لە باوەڕھێنان باشترە، ئێوە تخونیان مەکەون و خۆشتان نەوێن؛ ھەر کەس لەنگۆ خۆشی بوێن، دیارە ناھەقیکارە. (٢٤) بێژە: ئەگەر باب و کوڕ و برا و ژن و خزمەکانوو ئەو ماڵەی پەیداو کردووە و کەل و پەلی بازرگانی - کە دەترسن لە برەو کەوێ - و خانووبەرەی ڕند و دڵخۆشکەرەی خۆتان، پێ لە خودا و پێغەمبەر و خەزا کردن لە ڕێی خوادا گرینگترە؛ چاوەنۆڕبن تا فەرمان لە خوداوە دێ. ئەوانەی لە ڕێ لادەرن، خودا شارەزایان ناکا. (٢٥) خودا لەگەلێک شوێناندا دەھاناو ھات؛ ڕۆژی حونەینیش ھەروەھا؛ کە ھەرچەندە بە زۆری خۆتان دەنازین، کە چی ھیچ بەھرەی بۆ نەدان؛ ئەم زەمینە گوشادەتان لێ تەنگ ھەڵات. لە دواییدا ھەموو پاشەکشەتان کرد و بەرەو دووا گەڕانەوە. (٢٦) پاشان خودا دڵنیایی بۆ پێغەمبەرەکەی خۆی و بڕواداران بە ڕێ کرد و زۆر پێشمەرگەشی دابەزاند کە نەودەدین. خوانەناسانی سزا دا و سزای خودانەناسەکان ھەر ئەمەیە. (٢٧) لە دوای ئەوەش ھەرکێ خودا مەیلی لێ بێ پەژیوانی قبووڵ دەکا و خوا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەو کەسانەی شەریک بۆ خودا دەناسن ناپاکن، نابێ - پاش ئەمساڵ - لە «مسجدالحرام» خۆ نزیک کەنەوە. ئەگەر لە ئاتاجیش ترسان، خوا بخوازێ لە چاکەی خۆی ھەمووتان بێ نیاز دەکا. خودا زانای لەکارزانە. (٢٩) وەل ئەوانەدا بجەنگەن کە بە خودا و ڕۆژی سەڵا بێ باوەڕن و ھەرچی خوا و پێغەمبەری خوا بە ناڕەوایان زانیوە، ئەمان بە ڕەوای دەزانن و نایەنە سەر دینی ڕاستیش، تا ئەو کاتەی بە زەلیلی و بە دەستی خۆ، سەرانەی خۆ بەنگۆ دەدەن. (٣٠) جوولەکەکان گوتیان: عوزەیر کوڕی خوایە. فەلەش گوتیان: مەسیح فرزەندی خودایە. ئەو قسانەی دەمی ئەوان ئەیدرکێنێ، وێنەی قسەی خودانەناسانی پێشوون. خوا بیان کوژێ، چۆنین لە حەقێ لادەدرێن؟ (٣١) لە بری خودا، مەلاکان و ڕەبەنەکانی خۆیان و مەسیحی فرزەندی مەریەمیان کردە خوا؛ فەرمانیشیان پێدرا بوو بێژگە لە خوای تاک وتەنیا نەپەرستن. لە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ. خودا بێ عەیبە و بە دوورە لەو شتانەی بە ھاوتای ئەوی دەزانن. (٣٢) دەیانەوێ بە فووی دەمیان، تیشکی ڕۆشنیایی خودا وەکوژێنن؛ خوداش خۆی بڕیاری داوە کە ئەم تیشکەی ھەر سەرکەوێ، جا با خودانەناسەکانیش حەز نەکەن. (٣٣) خودا بۆ ڕێ نیشاندان و ڕاگەیاندنی دینی ڕاست، پێغەمبەری خۆی ناردووە؛ تا گش دینەکانی دیکە بەرخۆی بدا؛ ھەرچەند ئەوانەش حەز نەکەن کە شەریک بۆ خودا دادەنێن. (٣٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەلاچاک و ڕەبەنەکانی ئەوانە، بەشی زۆریان - لە ھەوانتە - ماڵی ئەو خەڵکە دەخۆن و ڕێی خوداشیان نیشان نادەن. ئەو کەسانەی زێڕ و زێو کۆ دەکەنەوە و لە ڕای خودا بەختی ناکەن، تۆ لەو ئازارە بەژانەی تووشی دێن ئاگاداریان کە. (٣٥) ڕۆژێ کە ئەم زێڕ و زێوە بە ئاگری جەھەندەم سوور دەکرێنەوە، توێڵ و کەلەکە و پشتیانی پێ داغ دەکرێ: دەردی ئەو شتانە بچێژن کە بۆ خۆتان سەریەکوونان. (٣٦) لەو ڕۆژەوە خوا ئاسمانان و زەمینی داھێناوە، نووسیویەتی ژمارەی مانگەکان دوازدەن؛ لە چواریاندا شەڕ دەوەستێ. ئەمە ڕەوشتێکی ڕاستە، لەمانەدا ناھەقی لە خۆتان مەکەن. ئەگەر ئەم بتپەرستانە بە تێکڕایی بە گژوودا دێن، ئێوەش بە گەلەکۆمەگی بە گژ ئەواندا بچنەوە؛ بیشی زانن خوا دەگەڵ خۆپارێزانە. (٣٧) ڕاگوێزان و ئاڵوگۆڕی ئەو مانگانە، دەبێتە ھۆی زێدە بوونی خوانەناسی و خوانەناسەکانی پێ گومڕا دەبن. لە ساڵێکا شەڕ بە ڕەوا دەزانن و لە ساڵێکا بە ناڕەوا؛ تا ژمارەی مانگە ڕەوا و ناڕەواکان ئەوسا بەرانبەر بێنەوە و لە ئاکاما، ئەوەی خودا ڕەوای نەدیوە، ڕەوای کەن. دیارە شەیتان ئەو کردەوە نالەبارەی بۆ جوان کردوون. خوا ئەوانەی دژی دینن، شارەزای ڕاستەڕێ ناکا. (٣٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! چیتانە کە پێتان ئێژن: وەدەرکەون بۆ خەزا لە ڕای خودادا، تەمەڵن و لە جێی خۆ نابزوون؟ ئاخۆ ژیانی دنیاتان لە قیامەتێ پێ خۆشترە؟ ! گوزەرانی سەر دنیایە بەرانبەر بە گوزەرانی ئەو دنیاتان شتێکی زۆر کەم بایەخە. (٣٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە خواوە تووشی جەزرەبەی بەژان دێن و دەستەیەکی تازە بابەت دەخاتە شوێنەکەی ئێوە و لەم بارەوە ھیچ زیانێکی پێ ناگەیەنن. خوا بۆ ھەموو شت توانایە. (٤٠) ئەر ئێوە یاریدەی نادەن، خودا بۆ خۆی دەھانای ھات: وەختێ خودانەناسەکان ئەویان دەرکرد، ئەو دەمەش کە لە ئەشکەوتەکەدا بوون و ھەر یەکێک بوو لە دوو کەسان، ئەوێ کاتیش بە ھەواڵەکەی خۆی دەگوت: خەمت نەبێ! ئێمە خودامان دەگەڵە؛ ئۆقرەی لە خوداوە بۆ ھات و چەندین پێشمەرگەشی بۆ نارد یاری بکەن؛ کە ئێوە نەتان دەدیتن. قسەی خودانەناسەکان وەبن کەوت و ھەر قسەی خودا لە سەرە. خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٤١) سووکباربن یان گرانبار بن، بۆ خەزایە ڕێ دابگرن و لە گیان و ماڵ بەخت کردن درێغ مەکەن. گەر بزانن ھەر بە قازانجی خۆتانە. (٤٢) ئەگەر دەسکەوتێ بێ ڕەنج و سەفەری سانا لە ڕێ با، ھاسان بە دووتدا دەھاتن؛ بەڵام مەودای دوور و سەختیان، لا گران ھات. دێن سوێندێ بە خودا دەخۆن کە: ئەگەر بمان توانیبا، ئێمەش دەگەڵتان دەھاتین. [بەو سوێندە] خۆ لە بەین دەبەن. خواش دەزانێ کە ئەمانە درۆ دەکەن. (٤٣) خوا بت بەخشێ، بۆچ ئیزنت دان؟ ڕاوەستا بای ھەتا بۆت ڕۆشن بباوە، کام ڕاستن و درۆزنەکانیش بناسی. (٤٤) ئەوانەی بڕوایان ھەیە بە خودا و بە ڕۆژی سەڵا، نایەن ئیزنت لێ بخوازن تا بە ماڵ و گیان لە ڕێی خوا خەزا بکەن. خوا خۆپارێزان دەناسێ. (٤٥) ھەر ئەوانە دێن کە ئیزنت لێ بخوازن، کە بڕوایان بە خوا و ڕۆژی دوایی نییە و لەو ناوەدا دوودڵ ماون و لە گومانی خۆیاندا ھاتوچۆیانە. (٤٦) ئەگەر بیان ویستایە دەرچن، خۆیان بۆ ئامادە دەکرد؛ بەڵام خودا ھاتنیانی پێ خۆش نەبوو؛ ورەی لە دڵیان بردە دەر. پێیان گوتن: ئێوەش وێڕای بە جێ ماوان بە جێ مێنن. (٤٧) گەر وێڕای ئێوەش ھاتبان بۆ خەزایە، کاریان لە ئێوە تێک دەدا و کێشەیان بۆ دەنانەوە و ئاژاوەیان بەرپا دەکرد. ھێندێکیشتان لە ناودا بوون قسەکانیان لێ دەبیستن. خودا لە ناھەقیکاران بە ئاگایە. (٤٨) بەرێش پشێوییان نایەوە و کاری تۆیان بەراوەژوو نیشان دەدا. ھەتا کارەکە ڕاست ھات و بە کوێرایی چاوی ئەوان فەرمانی خودا ھاتە جێ. (٤٩) ھەر لەوانەدا ئی وا ھەن، دێن پێت ئێژن: ئیزنمان بدە با نەیەین؛ نەوەک تووشی گوناھان بین. با بزانن کە ھەر ئێستا کەوتوونەتە ناو گوناھەوە. ئەوانەی خودانەناسن، دۆژەە دەورەیان لێ دەدا. (٥٠) ئەگەر چاکەت بێتە ڕێگە، ئەوانە پێیان ناخۆشە؛ ئەگەر تووشی بەڵایەش بی، ئێژن: ئێمە ھەر لە پێشدا مشووری خۆمان خواردووە و بە دڵخۆشی خۆت لێ دوورەپەرێز دەگرن. (٥١) بێژە: بێژگە ئەوەی خودا بۆی نووسیبین تووشمان نایە؛ ھەر ئەو سەروەری ئێمەیە و گەرەکە خاوەن باوەڕان ھەر خۆ بە خودا بسپێرن. (٥٢) بێژە: ئاخۆ چاوەنۆڕن جگە لە یەکێ لەو دووانەی - کە ھەر دووکیان باشەکانن - شتێکی ترمان تووش ببێ؟ ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین خودا ھەر خۆی، یان بە ھۆی ئێمە جەزرەبەو بۆ بنێرێ. دەسا ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین. (٥٣) بێژە: بە خۆشی خۆتان بێ یان بە زۆری ماڵ بەخت کەن، خودا لێتان قبووڵ ناکا؛ چونکە ئێوە کۆمەڵێ لە ڕێ لادەر بوون. (٥٤) بۆیەش ھەرچی بەختی بکەن، خودا لێتان قبووڵ ناکا، چونکە ئەوان حاشایان کرد لە خودا و پێغەمبەرەکەی، نوێژەکانیان بە تەنبەڵی بە جێ دێنن و ئەو ماڵەش کەوا دەیبەخشن، زۆر بە نابەدڵی دەیدەن. (٥٥) سەیرت نەیە لە دارایی و زاروزیچێ کە ھەیانە؛ خوا دەیەوێ لە دنیادا بەمانە ئازاریان دا و ھەر بە خوانەناسی بمرن. (٥٦) بە سوێندەوە ڕەش دەبنەوە، دەڵێن: ئێمەش لە خۆتانین؛ درۆش دەکەن لە ئێوە نین؛ بەڵام ئەوان گرۆیەکی ترسەنۆکن. (٥٧) گەر ئەنوایەک یان ڕەھۆڵێک یان ئەشکەوتێکیان شک بربا، بە ھەڵەداوان بۆی دەچوون. (٥٨) ھێندێک لەوان لە سەدەقە بەشینەوەت بە گازندەن؛ ئەگەر بەشی خۆیان بدرێ، ڕازی دەبن؛ ئەگەر بەشیان بەر نەکەوێ، تووڕە دەبن و بۆڵە دەکەن. (٥٩) ئەگەر ئەوان بەو بەشە ڕازی بوونایە کە خودا و پێغەمبەری خوا دەیانداتێ و بیانگوتا: ئێمە ھەر خودامان بەسە و بەم زووانە خودا و پێغەمبەری خوا لە چاکەی خۆ بەشمان دەدەن، چ دەقەوما؟ (٦٠) زەکات ھەر دەبێ بدرێتە ھەژاران و کەم دەستان و ئەو کەسانەی پێ ڕادەگەن؛ بەختیش بکرێ بۆ ھۆگری نەیاران و ڕزگار کردنی کۆیلان و قەرزداران لە ڕای خودا و لە ڕێگا بە جێ ماواندا. بڕیارێکە لە خوداوە؛ خودا زانا و لەکارزانە. (٦١) لەوانەدا ئی واش ھەیە پێغەمبەر ناڕەحەت دەکەن؛ ئێژن: ھەموو شت دەبیسێ. بێژە: گوێ لە چاکە دەگرێ کە بە قازانجی ئێوەیە؛ باوەڕی بە خودا ھەیە؛ بە باوەڕدارانی تریش بڕوای ھەیە و بەزەییشە بۆ ئەوانەی لە ئێوە بڕواو ھێناوە. ئەو کەسانەش کە پێغەمبەر عەزیەت دەدەن، تووشی ئازاری بەژان دێن. (٦٢) سوێندوو بە خودا بۆ دەخۆن، کە ئێوەیان لێ ڕازی بن. با ئەگەر خاوەن باوەڕن، کارێ بکەن خوا و پێغەمبەری خودایان لێ ڕازی بن. (٦٣) بۆ دەبێ نەیانزانیبێ ھەر کەسێکی دژی خودا و پێغەمبەری خوا بووەستێ، تا ھەتایە لە ئاگری دۆژەھدایە؛ کە ڕیسوا بوونی گەورەیە؟ (٦٤) ئەوانەی دووڕوون دەترسن سەبارەت بەوان سووڕەتێک بێتە خوارێ، ھەرچی لە دڵیاندا ھەیە ئاشکرای کا. بێژە: ئێوە گاڵتە بکەن، ئەوەی خۆی لێ دەپارێزن خودا ھەر ئاشکرای دەکا. (٦٥) خۆ ئەگەر لێشیان بپرسی: خەریکی چن؟ دەڵێن: ئێمە خەریکی گەپ و گاڵتە بووین. بێژە: ئاخۆ گاڵتەو بە خوا و پێغەمبەری خودا دەکرد؟ (٦٦) داوای لێ بووردنێ مەکەن؛ ئێوە لە پاش بڕواھێنان بوونە دژی ئیسلامەتی؛ ئەگەر ئێمە لە ھێندێکانوو خۆش ببین، دەبێ ھێندێک ئازار بدرێن؛ لە بەر ئەوەی تاوانبار بوون. (٦٧) نێر و مێ لەم دووڕووانە وەکوو یەکن؛ فەرمان بە خراپە دەدەن و ڕێگە لە بەر چاکە دەگرن؛ دەستی خۆشیان لە خێرکردن دەقووچێنن؛ خودایان لە بیر بردەوە و خوداش ئەوانی لە بیر کرد. ئەوانەی دووڕوویی دەکەن، ھەموویان لە ڕێ لادەرن. (٦٨) بڕیاری خودا ھەر وەک بۆ خودانەناسەکان ھەیە، دووڕووانی ژن و پیاویش دەگرێتەوە؛ بە تێکڕایی دەیانخاتە جەھەندەم و تا ھەتا ھەر تیا دەبن؛ کە ئەمە بۆ ئەوان بەسە؛ بەر نەفرینی خواش کەوتوون و ئازاردانیان بنەی نایە. (٦٩) وەک ئەوانەی پێش ئێوە بوون، زۆر لە ئێوە بە ھێزتر بوون؛ ماڵ و منداڵیشیان پتر. ئەوان لەو بەشەی کە بوویان کەڵکیان وەرگرت؛ ئێوەش وەتر؛ ھەر وا ئەوانەی پێش ئێوەش، لەب ەشی خۆ کەڵکیان وەرگرت. ئەنگۆ تووشی پڕوپووچ بوون؛ ھەروەک ئەوانە تووشی بوون. ئەوان لە دنیا و سەڵادا کردەوەیان بە فێڕۆ چوو؛ ھەر بۆ خۆشیان زیانبار بوون. (٧٠) ئاخۆ دەنگ و باسی نووح و عادو سەموودو خەڵکی مەدیەن و موئتەفیکەو ھاوچەرخانی ئیبڕاھیمیان پێ نەگەیوە، کە لە پێش واندا ژیاون؛ کە پێغەمبەرانی ئەوان بە چەند بەڵگەی ئاشکراوە چوونە ناویان؟ خوا ناھەقی لێ نەکردن؛ ھەر بۆ خۆیان ناھەقیان لە خۆیان کرد. (٧١) ژن و پیاوی باوەڕدار دۆستی یەکترین؛ فەرمان بە چاکە دەدەن و بەر لە کاری کرێت دەگرن و نوێژ دەکەن و زەکات دەدەن و بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەری خودان. خوا ئەمانە وەبەر بەزەیی خۆی دەخا. خودا خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٧٢) خودا بەڵێنی بە پیاوان و ژنانی بە باوەڕ داوە، باغاتێکیان خەڵات دەکا، جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەر دەوێدا دەمێننەوە. چەندین خانووی ھەرە باشی لە ناو باغاتی عەدندا بۆ داناون. ڕەزای خوداش، کە لە گشتی ھێژاترە؛ دەسکەوتی مەزن ئەمەیە. (٧٣) ئەی پێغەمبەر! دەگەڵ خودانەناسان و ئەوانەی دووڕوویی دەکەن، بە شەڕ وەرە و بە توند و تیژی ڕەفتاریان دەگەڵ بکە. ئەنوای ئەوان جەھەندەمە و دواڕۆژی دژواریان ھەیە. (٧٤) سوێندێ دەخۆن کە بە خودا ئەوەیان نەدرکاندووە؛ کەچی قسەی خودانەناسانەیان کرد. دیارە لە پاش موسوڵمان بوون لە دین پەشیوان بوونەوە؛ خەیاڵیان دابووە سەر شتێ، بۆیان نەلوا پێکی بێنن. ھەر بۆیەش ڕکیان بۆتەوە کە خودا و پێغەمبەری خوا بەو چاکەی دەگەڵی کردوون، ناگوزووری بۆ نەھێشتوون. ئەگەر پەشیمان ببنەوە، ھەر بە قازانجی خۆیانە و ئەگەر ھەر ڕوویان وەرگێڕا، خودا لەم دنیا و لەو دنیا، ئازاری بەژانیان دەدا و لەم ھەردەدا، نە کەس دۆستایەتییان دەکا، نە یاوەریان دەس دەکەوێ. (٧٥) ھێندێک لە ناو ئەوانەدا پەیمانیان دەگەڵ خودا بەست کە: شەرتە ئەگەر خودا لە چاکەی خۆی بەشمان بداتێ، ئێمەش خێر و خێرات دەکەین و دەچینە ڕێزەی پیاوچاکانەوە. (٧٦) کە خوا کردی و لە چاکەی خۆی زێدەی دانێ، ڕژدایەتییان لە سەر کرد و دیسان پشتیان ھەڵکرد و ڕوویان وەرگێڕا. (٧٧) چونکە ئەوان پەیمانی خوایان شکاند و درۆیان لەیەل خودا کرد، دووڕوویی ھەر لە دڵیاندا ھێشتۆتەوە، تا ئەو ڕۆژەی دێنە بەر بارەگای خودا. (٧٨) بۆ نازانن خودا بە ڕازیان دەزانێ و ئاگای لە سرتەشیان ھەیە و خۆی لە ھەرچی نادیارە، ئاگادارە. (٧٩) ئەو کەسانە تەوس دەگرنە بڕوادارانێ کە زێدە لە زەکات، خێراتێ دەکەن؛ تانەش دەدەن لەوانە وا ھەر ئەوەندەیان دەس دەڕوا کە دەیبەخشن؛ ئەوسا گاڵتەشیان پێ دەکەن. خودا گاڵتە بەمان دەکا و ئازاری بەژانیان دەبێ. (٨٠) لێ خۆشبوونیان بۆ داوا بکەی یان نەکەی، بێ بەھرەیە. ئەگەر تۆ حەفتا کەڕەتیش نزای بەخشینیان بۆ بکەی، خوا ھەرگیز لێیان خۆش نابێ؛ چون ئەوانە لە خودا و پێغەمبەرەکەی حاشا دەکەن؛ خواش گرۆی لە ڕێ لادەران ناخاتە سەر ڕاستەڕێیە. (٨١) ئەوانەی بەوە دڵخۆشن کە لە ماڵەخۆیان مان و لە ھاوڕێ بوون دەگەڵ خودا و پێغەمبەری خۆیان بوارد و نەیانویست کە ماڵ و گیانیان لە ڕاھی خودا بەخت کەن و دەیانگوت: لەم گەرمایەدا دەرمەکەون. بێژە: ئەگەر تێگەیشتنیان ھەبوایە، خۆ ئاگری جەحەندەم زۆر گەرمترە. (٨٢) با کەم بخەنن و زۆر بگرین لە سزای ئەو کارانەدا کە دەیانکرد. (٨٣) ئەر خوا تۆی لە خەزا گەڕاندەوە بۆ لای ھێندێک لەوان و لە تۆیان داوا کرد ئیزنیان بدەی بچنە خەزا؛ بێژە: ھەرگیز ناشێ دەگەڵمان دەرکەون قەت دەگەڵ من ناچنە شەڕی ھیچ دوژمنێک. ئێوە ھەر سەر لە ھەوەڵێ خانەنشینیتان نەقاند؛ ئێستاش ھەر خانەنشین بن؛ وێڕای ئەوانەی مانەوە. (٨٤) ھەر کەسێکیشیان لێ بمرێ، نابێ نوێژی لە سەر بکەی و لە سەر گۆڕی ڕامەوەستە. ئەوان لە خوا و پێغەمبەر حاشایان کرد و کە مردن لە ڕێ لادەر بوون. (٨٥) داھات و عەولادی زۆریان بەلاتەوە گرینگ نەبێ. خوا دەیەوێ ھەر بەمانە لە دنیا جەزرەبەیان دا و بە بێ دینی گیانیان دەرچێ. (٨٦) ھەرگا سووڕەتێک دێتەخوار کە باوەڕ بە خوا بھێنن و لە تەک پێغەمبەرەکەیدا بچنە خەزا، خاوەن دەستەڵاتەکانیان دێن ئیزن لە تۆ دەخوازن و ئێژن: واز لە ئێمە بێنە، با ئێمەش لە ماڵ بمێنین؛ وەک خانەنشینانی تر. (٨٧) بەوە ڕازی بوون وەل بە جێ ماوەکان بن؛ مۆریان بە سەر دڵەوەیە و ھیچ تێ ناگەن. (٨٨) بەڵام پێغەمبەری خودا و ئەوانەی دەگەڵ ئەودان و باوەڕدارن، بە ماڵ و گیان چوونە خەزا؛ خۆشی و چاکی بۆ ئەوانە و ڕزگارەکانیش ئەوانن. (٨٩) خوا باغاتێکی بۆوان ساز داوە کە جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا ھەتایەی تێدا دەبن. ئەمەیە دەسکەوتی گەورە. (٩٠) عارەبی دەشتەکی ھاتوون، بڕوبەھانە دەتاشن ئیزنیان بدەی [نەچنە خەزا]. ئەو کەسانەش حاشایان لە خوا و پێغەمبەری ھەیە، لە ماڵە خۆیان ڕۆنیشتوون. ئەوانە بوونە خوانەناس - بەم زووانە - تووشی ئازاری تووش دەبن. (٩١) لە سەر ئەوانەی بێ ھێز و لەش بە بار و ئەوانەی ھێندە شک نابەن خێرات بکەن، سووچێک نییە، ئەگەر ئەوان بۆ خودا و پێغەمبەرەکەی ئامۆژگاری مەردم بکەن. ھیچ گلەیەک لە سەر چاکەکاران نییە. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٩٢) ھیچ گلەش لەوانە ناکرێ کە ھاتنە لات ھەڵیانگری و گوتت: چارەوای وام نییە ھەڵتانگرێ. لە خەمباری فرمێسکیان دەچاوان تزا و گەڕانەوە؛ چونکە ھیچی وایان نەبوو بەختی بکەن. (٩٣) ڕێی گازندە ھەر لە سەر ئەو کەسانەیە کە بوودەن و مەرەخەسیت لێ دەخوازن؛ بەمە ڕازین دەگەڵ بە جێ ماوەکان بن؛ خودا مۆری بە سەر دڵیانەوە ناوە و ھیچ تێ ناگەن. (٩٤) کاتێ ئێوە دەگەڕێنەوە بۆ لایان، عوزرخواییتان لێ دەکەن. بێژە: ھیچ عوزری پێ ناوێ، ئێمە بڕواتان پێ ناکەین؛ لەمەڕ ئێوە خودا خەبەری پێ داوین. خودا و پێغەمبەری خودا کردەوەکانتان دەبینن و لە ئاکاما دەبرێنەوە بۆ لای ئەوەی کە لە خویا و بەربێواران ئاگادارە؛ ئەوسا خەبەردارتان دەکا کە چۆن کارێکتان کردووە. (٩٥) ھەرگا ئێوە دەگەڕێنەوە بۆ لایان، دێن و بە خواتان سوێند دەدەن کە خۆیان تێنەگەیەنن. ئێوە واز لەوانە بێنن، چونکە ئەوانە گەمارن و لە سزای کردەوەکانیان جەھەندەمە جێگایان. (٩٦) ملتان بۆ لە سوێندان دەنێن کە ئێوە لەخۆڕازی کەن؛ گەر ئێوەش لێیان ڕازی بن، خوا لە گرۆی لە ڕێ لادەر ڕازی نابێ. (٩٧) عارەبەکانی دەشتەکی لەمەڕ خودانەناسین و دووڕوویی، بێ ڕەزاترن و بۆ سنوور پێ نەزانینی ھەرچی خودا بۆ پێغەمبەری ناردووە، کۆڵی ترن. خودا زانای لەکارزانە. (٩٨) ھێندێک ھەر لەو دەشتەکیانە، ھەرچی بیدەن وای دەزانن کە خاوەیان لێ سەنراوە؛ لێو دەخەفتێن کە بەڵایەکتان بە سەر بێ؛ بەڵا ھەر بە سەر خۆیان بێ. خودا بیسەر و زانایە. (٩٩) ھەر لە ناو ئەو دەشتەکیانەش ئی وا ھەیە بڕوای بە خوا و بە ڕۆژی قیامەتێ ھەیە و ھەرچی لەم ڕێیەدا دەیدا، بۆ نزیکی لە خودایە و بۆ ئەمەیە کە پێغەمبەر بە نزا لە بیریان نەکا با بزانن کە ھەربینا نزیک دەبنەوە لە خودا و دەیانخاتە بەر بەزەیی خۆی. خودا دیارە گوناھ بەخش و دلۆڤانە. (١٠٠) خوا لەوانەی ھەر پێشوو ئاوارە بوون و لەوانەش کە یاریدەر بوون، لەوانەش کە لە چاکەدا دایانە سەر شۆپی ئەوان، ڕازی بووە و ئەوانیش لە خوا ڕازین و باغاتێکی بۆ ساز داون جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا ھەتایە تێدا دەبن و ئەمەیە دەسکەوتی گرینگ. (١٠١) لەو عەرەبە دەشتەکیانەی - کە لە دەوروبەری ئێوەن - ھێندێکیان و ھێندێکیش لە خەڵکی مەدینە دووڕوون و ھەر بۆ دووڕوویی ڕاھاتوون؛ ئەتۆ ئەوانە ناناسی، ئێمە زۆر باشیان دەناسین. دوو جار ئازاریان دەدەین و لە دواییدا دەیانخەینە بەر جەزرەبەی ھەرە دژوار. (١٠٢) ھی تریش ھەن دانیان ناوە بە گوناھەکانی خۆیاندا، کارێ باش و یەکێ خراپیان تێکەڵ کرد؛ شایەت خودا تۆبەیان لێ قبووڵ بکا. خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٠٣) لە داراییەکی ھەیانە سەدەقەیان لێ وەرگرە، تا بەوە پاک و خاوێنیان بکەیتەوە. نزای باشیان دەرھەق بکە، نزای تۆ ئۆقرەیە بۆ وان. خودا بیسەر و زانایە. (١٠٤) چۆن دەبێ نەیانزانیبێ خودا تۆبە لە عەبدی خۆی قبووڵ دەکا و سەدەقەشیان لێ وەردەگرێ و خودا تۆبە قبووڵ کار و دلۆڤانە؟ (١٠٥) بێژە: دەسا وەکار کەون، کاری ئێوە بە زوویەکی زوو لە لای خودا و پێغەمبەری خاوەن باوەڕان دیار ئەدا و بەو زووانە دەبرێنەوە بۆ لای زانا بە نادیاری و دیاران؛ ئەوسا ئاگاداروو دەکا کە چۆن کارێکتان کردووە. (١٠٦) ھێندێکیشیان چاوەڕێی فەرمانی خودان. جا یان جەزرەبەیان دەدا، یان تۆبەیان لێ وەردەگرێ. خودا زانای لەکارزانە. (١٠٧) ئەوانەش وا مزگەوتێکیان چێ کردووە تا ھۆی زیان و خوانەناسی و پژگ و بڵاوی نێوان باوەڕدارەکان بێ و تا ڕوانگە بێ بۆ ئەوانەی لە پێشوودا دژی خودا و پێغەمبەری ڕاوەستا بوون، سوێندیش دەخۆن کە: جگە لە چاکە کردن نیازێکی ترمان نەبووگە؛ خوا شایەتە کە ئەوانە درۆزنن. (١٠٨) ھەرگیز لەوێدا نوێژ مەکە. ئەو مزگەوتەی ڕۆژی بەرێ لە سەر ھەستی خوداترسی دامەزرا بێ، ھێژاترە کە تۆ نوێژی تێدا بکەی. لەوێندەرێ پیاوی وا ھەن حەز دەکەن بە پاکی بژین؛ خوداش لە پاکان خۆشی دێ. (١٠٩) ئاخۆ کەسێ کە ھیمی مزگەوتەکەی خۆی لە سەر ھەستی خواپەرستی و ڕەزای خودا داڕشتبێ ھێژاترە، یان ئەو کەسەی کە بناغەی مزگەوتەکەی لە سەر لێواری کەنداڵی فشەڵە و ڕووخەک داناوە و دەگەڵ ئەودا دەکەوێتە ناو ئاگر و کڵپەی دۆژەە؟ خودا دەستەی ستەمکاران شارەزای ڕاستەڕێ ناکا. (١١٠) ئەو خانووەی سازیان داوە، ھەر مایەی دڵخورتیانە؛ جا مەگین ئەو دڵانەیان کوت کوت ببێ. خوداش زانای لەکارزانە. (١١١) خودا گیان و سامانی باوەڕدارانی کڕیوە و لە باتیاندا دەیانخاتە بەھەشتەوە. باوەڕدارانیش ئەوانەن کە لە ڕای خوا شەڕ دەکەن و دەکوژن و دەشیانکوژن. لە تەوڕات و لە ئینجیل و قورئانیشدا بەڵێنی وەھا دراوە. سا کێ لە خوا بۆ پێک ھێنانی بەڵێنی درووسترە؟ دەسا ئێوە بەو سەودایەو مزگێنی بە یەکتر بدەن، کە دەسکەوتێکی زۆر گەورەو دەس کەوتووە. (١١٢) تۆبەکاران، خواپەرستن، ھەر پەسندی خودا دەدەن؛ ڕۆژووگرن، بە کڕنۆش و سوژدەبەرن، ھانەی کاری چاک دەدەن و بەر لە ناڕەوا دەگرن و سنووری خوا دەپارێزن. مژدە بدە بەوانەی خاوەن باوەڕن. (١١٣) ڕەوا نییە بۆ پێغەمبەر و ئەوانەی باوەڕدارن، داوای بوووردن بۆ بتپەرستەکان بکەن - جا با خزمی نزیکیش بن - لە پاش ئەوەی سوور دەزانن کە جەحەندەم جێگەیانە. (١١٤) کە ئیبراھیم داوای عافوو کردنی بۆ ئاپی خۆی کرد، تەنیا بۆ بەجێ ھێنانی بەڵێنێک بوو کە پێی دابوو. بەڵام کاتێ کە سوور زانی دژی خوایە، ئیتر خۆی تێ نەگەیاند. بێ گومان ئیبڕاھیم گەلێک لە خواترس و لەسەرخۆ بوو. (١١٥) پاش ئەوەی خوا کۆمەڵێکی خستە سەر ڕێ، ئیتر ھەتا دیاری نەکا دەبێ لە چی بەپارێز بن، لە ڕاستەڕێیان دەرناخا. خودا ھەموو شت دەزانێ. (١١٦) خاوەن موڵکی عاسمانەکان و زەمینێ ھەر خودایە. گیان وەبەر دێنێ و دەمرێنێ و جیا لە خودا، دۆست و یاریدەرتان نییە. (١١٧) خودا لە پێغەمبەر و ئەوانەی دەربەدەرن و ئەوانەی یاریدەدەرن و لە جەنگەی تەنگانەدا ھەر پەیڕەوی ئەو بوون، خۆش بووە. لە پاش ئەوەی ھێندێک لەوان وەختا بوو دڵیان گومڕا بێ، دیسان خوا عافووی کردن. خودا دڵسۆزی ئەوانە و دەگەڵیانا میھرەوانە. (١١٨) دەربارەی ئەو سێ کەسانەش خۆیان لە خەزا دزیەوە، تا وای لێھات ئەم زەمینە ھەراوەیان لێ وەتەنگ ھات؛ خۆشیان تەنگانەیان ھاتێ و تێگەییشتن ھیچ پەنایەکیان نەماوە، مەگین ھەر پەنا بەو بەرن. پاشان ئەوانیشی بەخشی کە بەرەو خودا وەگەڕێن. خودا تۆبە قبووڵ دەکا و دلۆڤانە. (١١٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! با ترسوو لە خودا ھەبێ و لە ڕێزی ڕاستاندا بژین. (١٢٠) مەدینەیی و ئە وعارەبە دەشتەکیانەی لە دەوریانن، نەدەبووایە پێغەمبەری خودایان وەلا بنایە و خۆیان لەو ھەڵاواردایە؛ چونکوو ھەرچی لە تینگی و لە مانگی و لە برسییەتی - کە لە ڕای خودا تووشیان دێ - و ھەر ھەنگاوێکی دەیھاوێن، خوانەناسان تووڕە دەکا و ھەر زەربەتێ لە دوژمنی دەوەشێنن، گشتی خودا بە چاکەیان بۆ دەنووسێ. خوا پاداشی چاکەکاران وندا ناکا. (١٢١) ھەرچەندە ماڵ بەخت دەکەن، کەم و زۆری و لە ھەرگەڵیەک دەرباز دەبن، خودا بۆیانی دەنووسێ، تا پاداشی لەوە چاکتریان بداتێ. (١٢٢) نە پێویستە باوەڕداران ھەموو تێکڕا وەدەرکەون؛ با لە ناو ھەر کۆمەڵگایەک دەستەیەکیان بچنە دەرێ، تا لە دین شارەزا دەبن و کە گەڕانەوە ناو ھۆزیان بیانترسێنن. بەشکوو خۆیان بپارێزن. (١٢٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! دەگەڵ ئەو خوانەناسانەی ھاوساتانن بەشەڕ وەرن؛ با زەبر و زەنگوو ببینن. بیشیزانن خوا دەگەڵ خۆپارێزانە. (١٢٤) ئی وایان دەناودا ھەیە، تا سووڕەتێک دێتە خوارێ، ئێژێ: کێتان بڕوای پێ پتەوتر بووە؟ جا ئەوانەی بڕوایان بە خوا ھێناوە باوەڕیان بەھێزتر دەبێ و کەیفێ دەکەن. (١٢٥) ئەوی دڵیشیان ساغ نییە، حاشا دێتە سەر حاشایان و بە خوانەناسی دەمرن. (١٢٦) ئاخۆ ئەمانە نابینن کە ساڵانە کەڕەتێک یان دوو کەڕەتان دەکەونە بەر تاقیکاری؟ لە ئاکامدا نە تووشی پەژیوانی دێن نە پێی تەمێ گرتوو دەبن. (١٢٧) ھەرگا سووڕەتێک دێتە خوار، ھێندێک دەڕواننە ھێندێکان: ئاخۆ کەس ئێوە دەبینێ؟ لە پاشان دەگەڕێنەوە. خوا دڵیانی وەرگێڕاوە؛ چونکە ئەمان لە دەستەی بێ ئاوەزانن. (١٢٨) پێغەمبەرێک ھاتە لاتان، لە خۆتانە؛ ھەر بەڵایە بە سەرتان بێ، لای گرانە؛ زۆری دڵ لە سەر ئێوەیە؛ دڵسۆزی باوەڕدارانە و دلۆڤانە. (١٢٩) ئەگەر ھەر ڕوویان وەرگێڕا، بێژە: من ھەر خودام بەسە، بە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ کاری خۆم داوەتە دەست ئەو، ھەر ئەویشە خودانی تەختی مەزنە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یوونوس وە ناوخودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، ڕا، ئەمە چەند نیشانەیەکن لە کتێبی لەکارزانی و دوور لە گۆڕان. (٢) ئاخۆ مەردم سەیر ماون، پیاوێکمان ھەر لە ناو خۆیان ڕاسپاردووە کە: ترسێ وەبەر مەردم نێ و مژدە بدا بەوانەی خاوەن باوەڕن: پلەی بەرزیان لە لای پەروەرێنیان ھەیە؟ خودانەناسەکان گوتیان: ئەم کابرایە ئاشکرایە جادووگەرە. (٣) پەروەرێنتان خودایەکە بە شەش ڕۆژان ئەم ئاسمانانە و زەمینەی چێ کردووە و ئەوسا لە سەر تەختی فەرمانڕەوایی خۆی دامەزراوە و بەکاروباری ڕادەگا. کێ دەتوانێ لای ئەو ببێتە تکاکار، مەگین بۆ خۆی ئیزنی بدا؟ ھەر ئەو خودایە پەروەرندەی ئێوەیە؛ دەسا عەبدایەتی بکەن. ئاخۆ ئێوە ھیچ بیری لێ ناکەنەوە؟ (٤) بەڵێنی خودا دروستە، ئێوە گشتوو بەرەو ئەو دەگەڕێنەوە. ئەو لە پێشدا دەئافرێنێ و پاشان دەیگەڕێنێتەوە؛ تا ئەوانەی باوەڕدارن و کردەوەی ڕەوایان بووە - بێ جیاوازی - پاداشی خۆیان بداتێ؛ ئەوانەش کە خودانەناس بوون - لە سزای ناسوپاسیدا - ئاوی زۆر گەرم وەخۆن و جەزرەبەی بەژانیان دەبێ. (٥) ئەو خۆیەتی خۆری کردە تیشکدەر و ھەیڤی کردە تریفەدار و چەند قۆناغی بۆ دیاری کرد؛ تا ھەژماری ساڵەکان و حیسابتانی پێ بزانن. خوا بەڕاستی ئەمانەی وەدی ھێناوە. بەڵگەکان شی دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە زانان. (٦) لە ھاموشۆی شەو و ڕۆژ و ئەوەی کە لەم عاسمانان و زەمینەدا ئافراندوونی، زۆر بەڵگە ھەن بۆ ئەوانەی لە خواترسن. (٧) ئەو کەسانەی دیداری ئێمەیان ناوێ و بە ژینی دنیا ڕازین و لەو بارەوە خاترجەمن، ئەوانەش لە بەڵگەکانمان ھایان نییە، (٨) لە سوێنگەی کردەوەکانیان ئاگر دەبێتە جێگەیان. (٩) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، بە باوەڕەی کە ھەیانە خوا ڕێگەیان نیشان دەدا و دەیانباتە ناو باغاتێک پڕ لە خۆشی و جۆباریان بە بەردا دەڕوا. (١٠) نزایان لە بەھەشتێدا ھەر ئەمەیە: خودایە! پاکی بۆ تۆیە و خۆش و بێشیان ھەر سڵاوە. دوامین نزایان ھەر ئەمەس: سپاس بۆ خوای ڕاھێنەری گش دنیایە. (١١) ئەگەر ھەر وەک مەردم لە خۆشی بەلەزن، خوداش بۆ زیان لێدانیان بەلەز بایە، دیارە دەمێک بوو نەدەمان. ئێمە لەوانە واز دێنین کە حەز بە دیدارمان ناکەن؛ با ھەر لە سەرکێشی خۆیاندا سەرگەردان بمێننەوە. (١٢) مرۆ ئەگەر بەڵایەک پێسیری دەگرێ - لە سەر تەنیشت یا بە ڕاکشان یان بە پێوە - لەبەرمان دەپاڕێتەوە. کاتێ بەڵان لەسەر لادان، وەھا دەڕوا ھەر وەک ھیچ لەبەرمان نەپاڕابێتەوە، بۆ بەڵایەک تووشی بووە! ئا بەم جۆرە کردەوەمان بۆ ئەوانەی ھەڵەڕۆن، ڕازاندۆتەوە. (١٣) گەلێک بەرەمان - لە پێشوودا - لەبەین برد؛ کاتێ کە ناھەقیان کرد. پێغەمبەران بە نیشانانی دیارییەوە ھاتنە لایان، ھەر باوەڕیان پێ نەھێنان. ئێمە ئاوا تاوانباران سزا دەدەین. (١٤) لە پاش ئەوان ئێوەمان لەم سەرزەمینە جێنشین کرد؛ کە ببینین کردەوەی ئێوە چۆن دەبێ. (١٥) کاتێ بەڵگە ئاشکراکانی ئێمەیان بەسەردا دەخوێنرێتەوە، ئەو کەسانەی بە ئاواتی چاوپێکەوتنی ئێمە نین، دەڵێن: قورئانێکی ترمان - بەغەیرەز ئەمە - بۆ بێرە، یان بیگۆڕە. بێژە: لە وزەمدا نییە کە لە خۆمەوە بیگۆڕم. من ھەرچی لە خواوە بۆم بێ، ھەر لەوە پەیڕەوی دەکەم؛ ئەگەر ئەمن لە فەرمانی پەروەرندەی خۆم دەربچم ترسم ھەیە لە جەزرەبەی ڕۆژا مەزن. (١٦) بێژە: گەر خوا بیویستایە، بۆتانم نەدەخوێندەوە و ھەر فێریشی نەدەکردن. من بەرلەوەش تەمەنێکم لە ناو ئێوەدا ڕابوارد، دەی سا چۆنە کە تێناگەن؟ (١٧) کێ لەوە ناھەقترە درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستێ، یان نیشانەکانی خودای بە درۆ زانی؟ بێگومانە تاوانباران ڕزگار نابن. (١٨) غەیرەز خودا شتانێ وا دەپەرستن، نە زیانێکیان لێ دەدەن نە بەھرەیان بۆیان ھەیە؛ دەشڵێن ئەمانە لای خودا بۆمان دەبن بە تکاکار. بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە خوا لە شتێک ئاگادار بکەن کە لە ناو ئاسمانەکان و زەمیندا پێی نەزانیون؟ خودا پاکە و بەرزترە لەو شتانەی ئەوان دەیکەن بە شەریکی. (١٩) ھەموو مرۆ، یەک تیرە بوون؛ پاشان لێک جیابوونەوە. گەر لە پێشدا گفتی پەروەرندەت نەبا، ئەوەی کە مایەی کێشەیە لە ناویاندا، ئێستە یەکاڵا کرابوو. (٢٠) دەشڵێن: بۆچی پەرجوێکی لە لای پەروەرندەیەوە بۆ نەھاتۆتە خوارەوە؟ بێژە: زانستی نەدیاری بۆ خودایە. دەسا ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا منیش دەگەڵ ئێوە لە رێزەی چاوەنواڕانم. (٢١) ھەرگا لە پاش زیان دیتن - کە ئەو مەردمە تووشی دێن - لە ئێمەوە تامی بەزەیی دەچێژن، بەلای ئەوان لە نیشانانی ئێمەدا گزی ھەیە. بێژە: خودا لەسەر گزی بەلەزترە و ھەر گزەیەکی ئێوە دەیکەن، ئەسپاردەکانمان دەینووسن. (٢٢) ھەر خۆیەتی لە ناو دەریا و لەسەر بەژا دەتانگێڕێ. ھەرگا لە ناو کەشتی دان و بە بای لەبەر تەڤگەڕیانە، پێی دڵخۆشن؛ تا بای زۆر بەتوند ھەڵدەکا و لە گش لاوە پێلیان بۆ دێ و باش دەزانن کە ھەموو دەوریان گیراوە؛ بەوپەڕی بڕوای پاکەوە لە خودا دەپاڕێنەوە: گەر تۆ لەمەمان ڕزگار کەی، لە سپاسگوزاران دەبین. (٢٣) ھەرگا خودا نەجاتی دان - بە ناھەقی - لەسەر زەوی یاغی دەبن. خەڵکینە! ئەم ناھەقییانە ھەر زیانی بۆ خۆتانە و بۆ خۆشی ژیان لە دنیایە؛ پاشان دێنەوە لای ئێمە و ئەوسا ئاگادارتان دەکەین کە چوو دەکەرد. (٢٤) ھەڵبەت ژیانی ئەو دنیایە ھەر وەکوو ئەو ئاوە وایە کە لە حەوا دەیبارێنین و ڕووەکی جوراوجۆری ئەم سەرزەمینەی پێ دەڕوێ؛ ئەو شتانەی کە مرۆڤ و ئاژەڵ دەیخۆن. تا ئەو کاتەی زەمین ڕەنگاوڕەنگ دەبێت و خۆ جوان دەکا و خێوی زەوی لایان وایە لە دەستەڵاتی واندایە. ھەتا کاتێ فەرمانی ئێمەی دێتە سەر - جا بە شەو یان لە ڕۆژێدا - ئاوا وەکوو درەوکراوی لێ دەکەین، ھەر وەک دوێنێ ھەر نەبووبێ! ئێمە ئاوا نیشانان شی دەکەینەوە بۆ وانەی بیر دەکەنەوە. (٢٥) خودا بۆ ماڵی ھێمنی گازی دەکا و ھەر کەسێ ئەو خۆی حەز بکا، ڕێگەی ڕاستی نیشان دەدا. (٢٦) بۆ ئەوانەی چاکە دەکەن، چاکەی دەکەین و زیاتریش؛ تۆزی ڕەش و سووکایەتی نانیشێتە سەر ڕوخساریان. ئەوانە بەھەشتییەکانن؛ تاھەتایە تیا دەبن. (٢٧) ئەو کەسانەش کاری خراپیان کردووە، سزایان خراپەیەکی وەکوو ئەوە و سووکایەتییش سەرباریانە و کەس لە خوایان ناپارێزێ؛ ئێژی ڕوویان چەند بەتڵێک لەتاریکەشەو دایپۆشیون. ئەمانە یاری ئاگرن؛ تا ھەتایە تیادەبن. (٢٨) لەو ڕۆژەدا کە ھەمووان کۆ دەکەینەوە، پاشان بەو کەسانە ئێژین کە، شەریکیان بۆ خوا زانی: ئێوە دەگەڵ شەریکانوو لە جێ مەبزوون! ئەوسا لێکیان ھەڵداوێرین. شەریکەکان دەیاندوێنن: ئێوە ھەرگیز ئێمەتان نەپەرستووە. (٢٩) لە نێوان ئێمە و ئێوەدا خودامان شایەت بێ بەسە؛ ئێمە ھیچ ئاگان لێ نەبووە کە ئێوە پەرستووتانین. (٣٠) ھەر لەو جێیە ھەموو کەسێک بە ئەزموونا تێدەپەڕێ؛ ھەر کارێکی کە لە پێشدا کردوویەتی دێتەوە ڕوو. دەیانبەینەوە لای خودای گەورەی بەڕاستی ھەموویان؛ ھەر درۆی ھەڵیان بەستبوو بەفیڕۆ چوو. (٣١) بێژە: کێیە لە ئاسمان و زەمینەوە ڕۆزیو دەدا؟ یان خاوەنی ئەم گوێ و چاوانەتان کێیە؟ چ کەسێکیش زیندوو لە مردوو دەردەخا. مردوو لە زیندوو دەردێنێ و کێیە بە کاران ڕادەگا؟ زوو ئێژن: خوا. بێژە: دەی بۆ لێی ناترسن؟ (٣٢) بەڵێ، ھەر خوا پەروەرندەی ڕاستیتانە؛ لە پاش ڕاستی چ ھەیە غەیرەز گومڕایی؟ دەی چۆن لە ڕاستی لادەدرێن؟ ! (٣٣) ئا بەم جۆرە وتاری پەروەرندەی تۆ لە سەر لەڕێ لادەرەکان وەڕاست گەڕا؛ کە ئەوان بڕوا ناھێنن. (٣٤) بێژە: ئاخۆ لە ناو ئەو شەریکانەودا ئی وا ھەیە کە لە نوێ شتێک چێ بکا و لە پاشان زیندووی کاتەوە؟ بێژە: خودا پێشوو بوونەوەر چێ دەکا و دوایەش زیندووی دەکاتەوە. دەی چۆن لە ڕاستی لادەدرێن؟ (٣٥) بێژە: ئاخۆ لە ناو ئەو شەریکانەودا ئی وا ھەیە، کە ڕێبەری ڕاستەڕێ بێ؟ بێژە: خودا بەرەو ڕاست شارەزا دەکا. دەسا کەسێک کە ڕێبەری ڕاستەڕێیە، ھێژاترە شوێنی کەون، یان کەسێکی بۆ خۆی بە ڕێگە نازانێ، مەگین ڕێگەی پێ نیشان دەن؟ چیتانە، چۆن پێ ڕادەگەن؟ (٣٦) زۆرینەیان ھەر لە شوێن خەیاڵ وێڵ دەبن؛ خۆ خەیاڵیش لە حاند ڕاستی چ ناھێنێ. خودا لە ئاکارەکانیان ئاگادارە. (٣٧) ناگونجێ ئەم قورئانە ھی خودا نەبێ و ھەڵبەسترابێ. ئەم قورئانە باوەڕ دەکا بەو کتێبەی کەوا لە پێشدا ھاتووە و ئێستا لەبەردەستی دایە و ڕۆشنیشی دەکاتەوە؛ ھیچ گومانی تێدا نییە لەلایەن پەروەرێنی گش جیھان ڕایە. (٣٨) یا ئێژن: خۆی ھەڵیبەستووە. بێژە: گەر بەڕاستیتانە خۆتان و ھەر کەسێکی تر - کە دەتوانن غەیرەز خودا گازی بکەن - تاقە سووڕەتێکی وەک ئەم وەدی بێنن. (٣٩) نەخێر ئەوان شتێک بە درۆ دەزانن، کە ھیچی لێ تێنەگەیون و بۆشیان لێک نەدراوەتەوە. ئەوانەی پێش ئەمانەش بوون، بەو دەردە چوون. سا بڕوانە دواڕۆژی ناھەقیکاران بە کوێ گەیشت. (٤٠) لەوانیشدا ئی وا ھەیە بڕوای پێیە و ھەشیانە بڕوای پێ نییە و پەروەرندەت بەدفەڕان باشتر دەناسێ. (٤١) ئەگەر ئێژن: تۆ درۆیان دەکەی، بێژە: ئاکاری من سەربەمنە و کردەی ئێوە سەربەخۆتان؛ ئێوە لە کارم تەریکن و منیش تەریکم لەو کارەی ئێوە دەیکەن. (٤٢) لە ناویاندا ئی واش ھەیە گوێت لێدەگرن؛ ئاخۆ ئەگەر ھیچ تێنەگەن، تۆ دەتوانی گوێ نەبیستان تێبگەیەنی؟ (٤٣) تێشیاندایە لێت دەڕوانێ؛ ئاخۆ تۆ گەرەکتە - کوێران کە چاوی دیتنیان نییە - شارەزاکەی؟ (٤٤) دیارە خودا - بە ھیچ ئاوا - ناھەقی لە مەردم ناکا؛ بەڵام مەردم ناھەقی لە خۆیان دەکەن. (٤٥) ڕۆژێ کۆیان دەکاتەوە - ھەر وەک تاوێک لە ڕۆژێکا مابێتنەوە - خۆ بەیەکتر دەناسێنن. بێ گومانە زیانبارن ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە دیداری خودا نەبووە و شارەزای ڕێگەش نەبووگن. (٤٦) ئەر ئێمە ھێندێک لەمانەی بەڵێنمان پێیان داوە، شانت بدەین، یان بۆ خۆشت ببەینەوە، ئەوان ھەر دێنەوە لامان؛ ئەوسا خودا شایەتە لە سەر ئاکاریان. (٤٧) ھەر تیرەیەک لە بنیادەم پێغەمبەری خۆیان ھەبوو. کاتێ پێغەمبەرەکەیان ھاتە ناویان، بێ جیاوازی کاریان بۆ بەڕێوەچووە و ھیچ ناھەقیان لێ نەکراوە. (٤٨) دەڵێن: ئەگەر قسەو ڕاستن، کەی ئەم بەڵێنە بە جێ دێ؟ (٤٩) بێژە: مەگین خودا حەز کا، دەنا من خۆم لە قازانج و زیانی خۆشم نازانم. ھەر کەسێ لە ھەر تیرەیەک مەودایەکی دیاردەی بۆ دیاری کراوە؛ ئەگەر مەودایان تێپەڕێ، بۆ ساتێکیش دوا ناکەفن و پێش ناکەون. (٥٠) بێژە: ئەگەر لە شەوێک یان ڕۆژێکدا بەڵاو لە خوداوە بۆ بێ، تاوانکار پەلەی چی دەکەن؟ (٥١) ئەگەر دواجار دەناو بەڵای خودا کەوتن - کە زۆر پەلەتان بۆ دەکرد - ئەوسا بڕوا بە خودا دێنن؟ (٥٢) ئەوسا بەوانە دەبێژن کە بەناھەق جووڵانەوە: دە بچێژن ئازاری لەبنەنەھاتوو؛ ئاخۆ جیا بۆ کارانێکی دەتانکرد، سزا دەدرێن؟ (٥٣) لێت دەپرسن: داخۆ ڕاستە؟ بێژە: بەڵێ، سوێند بە پەروەرندەکەم تەواو ڕاستە و ناتوانن لەبەری ڕاکەن. (٥٤) ھەرکێ ناھەقی کردبێ، گەر ھەرچی لە زەمیندایە ماڵی ئەوبا، لە بارتەقای خۆیا دەیدا. کاتێک چاویان بە ئازار کەوت، پۆشمانی خۆیان وەشێرن. بە یەکسانی بە ناویاندا ڕادەگەن و ھیچ ناھەقییان لێ ناکرێ. (٥٥) باش بزانن ھەرچی لە ناو عاسمانەکان و زەویدان، گش ھی خودان. لێشتان ڕوون بێ کە بەڵێنی خودا ڕاستە؛ بەڵام زۆربەیان نازانن. (٥٦) خۆی ژین دەدا و گیان دەستێنێ و ھەر بەرەو خۆی دەوگێڕنەوە. (٥٧) ئەی خەڵکینە! لەلایەن پەروەرندەوڕا ئامۆژگاریەکوو بۆ گەیشت؛ چارەی دەردی دڵانیشە و ڕێشاندەرە و بەزەییە بۆ باوەڕداران. (٥٨) بێژە: لەو چاکە و بەزەییە - کە خوا دەربارەی ئێوەی کرد - کەیف خۆش بن؛ کە ئەمە لە ھەر شتێکی وەکۆی دەکەن ھێژاترە. (٥٩) بێژە: ئاخۆ لەو بژیوەی کە خودا بۆی بەڕێ کردوون، نۆڕیوتانە؟ کە بەڕەوا و ناڕەوا دابەشووکردن؟ بێژە: خودا ئیزنی پێدان یان بۆ خودای ھەڵدەبەستن؟ (٦٠) ئەو کەسانەی درۆ بۆ خودا ھەڵدەبەستن، بە گومانیان دەبێ ڕۆژی قیامەت چۆن بێ؟ دیارە خودا خاوەن چاکەیە بۆ مەردم؛ بەڵام بەشی ھەرە زۆریان ناسوپاسن. (٦١) ئەتۆ لە ھەر بارێکدا بی و ھەرچی لە قورئان بخوێنی و ھەر کارێکی ئێوە بیکەن، ئێمە لێتان ئاگادارین، کاتێ خەریکی ئەو کارەن. ھەرچی ھەیە لە زەمین و لە عاسمانا - با لە سەنگی مێروولەی ھەرە وردیلەش یان ورتر یان درشتتر بێ - ھیچیان لە پەروەرێنی تۆ پێوار نابێ و وا لە کتێبی دیاری دەردا. (٦٢) با تێبگەن کە ئەوانەی دۆستی خودان، ھیچ ترسێکیان لەسەر نییە و خەمیش ناخۆن. (٦٣) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و خۆ لەگواناھ دەپارێزن، (٦٤) مژدە بۆ وان کە لە دنیا و لە قیامەتێ گفتی خودا گۆڕانی بەسەردا نایە؛ ئەمەیە دەسکەوتی مەزن. (٦٥) قسەیان خەمگینت نەکا؛ ھەموو دەستەڵات بە خوایە و ھەر خۆی بیسەر و زانایە. (٦٦) با بزانن ھەرکێ لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە، بۆ خودایە. کەسانێکیش کە ھانایان- جگە لە خوا - دەبەنە بەر شەریکانی، وەدووی ئەوانە نەکەوتوون؛ وەدووی خەیاڵی خاو کەوتوون و لە گومان نەترازاون. (٦٧) ھەر خۆیەتی، شەوی بۆ ئێوە ھێناوە کە تێیدا بحەسێنەوە و ڕووناکیشی دا بە ڕۆژێ؛ کە لەمەدا بەڵگە زۆرن بۆ ئەو کەسانەی ئەژنەون. (٦٨) گوتیان: خودا فرزەندی ھەڵبژاردووە! خوا لەو تۆمەتانە پاکە و بێ نیازە. ھی خۆیەتی ھەرچی لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە و ئێوە ھیچ بەڵگەتان بۆ ئەم قسە نییە؛ چۆن شتێکی کە نایزانن دەربارەی خودا دەبێژن؟ (٦٩) بڵێ: ئەوی درۆ بۆ خوا ھەڵدەبستن، ڕزگار نابن. (٧٠) ڕابواردنێکی ھندکە لە دنیایە؛ لە دواییدا دەگەڕێنەوە بۆ لامان لە پاش ئەوە، لە سزای حاشاکردنیان بەتوندی ئازاریان دەدەین. (٧١) تۆ بەسەرھاتەکەی نووحیان بۆ وەخوێنە، کە وا بە ھۆزەکەی خۆی گوت: گەلۆ! ئەگەر مانەوەم و بیر ھێنانی نیشانانی خوا لە منڕا لاو گران دێ، من خۆم بە خودا سپارد و ئێوەش دەگەڵ شەریکانوو کاری خۆتان بکەنە یەک و کارسازییەکی وەھا بکەن ھیچ دوودڵی تێدا نەبێ. ئەوسا پەلامارم دەن و ماوەم مەدەن. (٧٢) ئەگەر نەشھاتنە ڕەدایە، من داوای ھیچ پاداشتێکم لێ نەکردوون؛ پاداشم لە خوداڕایە. من فەرمانم پێدراوە ملکەچی بەر بارەگای بم. (٧٣) ھەر بە درۆزنیان دەرێنا، ئەوسا خۆی و ئەوانەی کە دەگەڵیا بوون - لە گەمیەدا - نەجاتمان دان و کردمانن بە جێنشین لەسەر زەمین. ئەوانەشمان وەژێر ئاو خست کە نیشانانی ئێمەیان باوەڕ نەکرد. دە بڕوانە ئەوانەی ترسێندرا بوون، چییان بەسەرھات. (٧٤) لە پاش ئەویش فریەمان لە پێغەمبەران بە نیشانانی دیاریەوە ناردە لای گەلانی خۆیان؛ بەڵام نەھاتنە سەر بڕوا بەو شتانەی کە لە کۆندا بڕوایان پێ نەھێنابوو. ئێمە ئاوا مۆر دەخەینە سەردڵی دەسدرێژکەران. (٧٥) لە پاش ئەوان مووسا و ھاڕوونمان بەڕێ کرد وێڕای نیشانانی خۆمان، بۆ فیرعەون و سەرزلەکانی دیوانی. خۆیان گەلێک بەزل زانی و تاوانکار بوون. (٧٦) کاتێ ڕاستیان لە لای ئێمەوە پێ گەیشت، گوتیان: ئەمە ھەر بە ئاشکرا جادووە. (٧٧) مووسا گوتی: وەختێ ئەم ڕاستە و پێگەیوە، ئاخۆ بەمە ئێژن جادوو؟ کە جادووگەر ڕزگار نابن. (٧٨) گوتیان: ئاخۆ ھەر بۆ ئەوە ھاتییە لامان، کە لەوانەی باب و کاڵمان لەسەری بوون، وەرمان گێڕی و ئاغایەتی ئەم زەمینە بۆ ئێوە بێ؟ بەڵام ئێمە باوەڕیمان پێتان نییە. (٧٩) فیرعەون گوتی: ھەموو جادووگەرەکانی فرەزانم لێ کۆوەکەن. (٨٠) کە جادووگەرەکان ھاتن، مووسا گوتی: چیتان گەرەکە باوێژن، بیھاوێژن. (٨١) کە ئاویتیان، مووسا گوتی: ھەرچی ئێوە ھاوردووتانە جادووە و خوا لێتانی پووچەڵ دەکا. خودا کاری خراپکاران ڕاست ناھێنێ. (٨٢) خودا ھەر وەڕاست گەڕانی بەڵێنەکانی شان دەدا؛ جا با تاوانباریش حەزی لێ نەکەن. (٨٣) بەغەیرەز چەند تازەلاوێک لە ھۆزەکەی، ھیچ کەسی تر- لە ترسی ڕک لێ ھەستانی فیرعەون و پایەبەرزانی دیوانی ئەو- نەیانوێرا بڕوایە بە مووسا بێنن. فیرعەون لەو سەرزەمینەدا جێ بەرزێک و لە ڕێزی ھەڵەڕۆیان بوو. (٨٤) مووسا بە ھۆزەکەی خۆی گوت: گەلۆ! ئەگەر باوەڕیتان بە خوا ھەیە و ملکەچی فەرمانی ئەون، سا پشتوو ھەر بەو بسپێرن. (٨٥) گوتیان: خۆمان بە خوا سپارد. ئەی پەروەرندەی ھەموومان! مەمانخەرە بەر ئازار و بێگاری ناھەقییکاران. (٨٦) لە سۆنگەی بەزەیی خۆتڕا، ڕزگارمان کە، لە کۆمەڵی خوانەناسان. (٨٧) مووساو برایمان تێگەیاند، کە: ئێوە بۆ ھۆزی خۆتان - لە میسردا - چەند ماڵێک بکەن بە ئەنوا و ماڵانتان بکەن بە ڕوگە و نوێژ بکەن و مژدە دە بە باوەڕداران. (٨٨) مووسا گوتی: ئەی پەروەرندەی گلامان! تۆ لە ژینی دنیایەدا مایەی خەمڵ و ماڵی دنیاتدا بە فیرعەون و پیاوانی دیوەخانی. خودانێ مە! ھەر تا ڕێگەی تۆ وندا کەن. خودانێ مە! ماڵیان لێ تەرت و توونا کە و دڵیان پتر ڕەق و ڕەش کە بڵا باوەڕی نەھێنن؛ ھەتا جەزرەبەی بەژان بە چاوی خۆیان دەبینن. (٨٩) گوتی: نزاتان قبووڵ بوو، ئێوە لە مەیدان دەرمەچن و مەکەونە شوێن ئەو کەسانەی کە نەزانن. (٩٠) وەچەو بەرەی ئیسڕائیلمان لە دەریایە پەڕاندەوە. فیرعەون و لەشکرەکەشی - بۆ ناھەقی و دەستدرێژی - شوێنیان کەوتن؛ تا ئەوسا کە ھات بخێنکێ، گوتی: من باوەڕیم ھێنا؛ ھیچ کەس بۆ پەرستن ناشێ، مەگین ئەوەی کە تۆرەمەی ئیسڕائیل باوەڕیان پێیە؛ منیش لە تەسلیم بووگانم. (٩١) جا تازە؟ تۆیەک لە پێشدا یاغی بووی و لە ڕێزەی خراپکاران بووی؟ (٩٢) ئەمڕۆ لاشت - بە زرێتەوە - ڕزگار دەکەین، تا بۆ وانەی لە پاشە تۆ دێن، پەندێک بێ؛ چونکە زۆری ئەم مەردمە لە نیشانەکانی ئێمە ئاگادار نین. (٩٣) ئیتر ئەوسا ئێمە بەرەی ئیسڕائیلمان لە شوێنێک خۆش دامەزراند و ڕۆزی پاک و چاکمان دانێ. ھەتا زانستیان ھاتە لا، کێشەیان لێ پەیدا نەبوو؛ خودانی تۆ ڕۆژی سەڵا پێ ڕادەگا کە لەسەرچی کێشەیان بوو. (٩٤) گەر تۆ لەوەی بۆمان ناردوویەتە خوارێ بەگومانی، سا بپرسە لەو کەسانەی بەرلە تۆ کتێبیان دەخوێند. ھەرچی لە پەروەرندەتڕا بۆت ھاتووە، بێ شک ڕاستە و لە ڕێزەی دوودڵان مەبە. (٩٥) ھەرگیز ناشێ لەوانەش بی کە نیشانانی خودایان بە درۆ دانا، ئەوساکە تۆش دەچییە ڕێزی زیانباران. (٩٦) ئەو کەسانەی گفتی پەروەرندەی تۆیان لێ ھاتە دی، ئیتر باوەڕی ناھێنن. (٩٧) جا با ھەموو نیشانەیەکیشیان بۆ بێ، ھەتاکوو ئازاری بەژان بە چاوی خۆیان دەبینن. (٩٨) بۆچی ھیچ شارێک نەبوو کە خەڵکەکەی بڕوا بێنن تا ئەو دەمەی کە بڕواکەیان بەھرەیان پێ بگەیێنێ، بێژگە لە ھۆزەکەی یوونوس؟ کە کاتێ بڕوایان ھێنا، ئازاری ئابڕووبەرەمان، لەسەر دنیا لێ لادان و وان کرد کە ھەتا ماوەیەک خۆش ڕابوێرن. (٩٩) ئەگەر خودا کەیفی لێ با، دیارە ھەرکێ لەم زەمینەن، تێکڕا باوەڕیان دەھێنا. ئاخۆ تۆ دەتەوێ بە زۆر ئەم مەردمە بڕوا بێنن؟ (١٠٠) ھیچ کەس نەبووە بڕوا بێنێ، مەگین ھەر بە ئیزنی خودا. خوا کرێتی بۆ ئەوانە بڕیار داوە کە تێ ناگەن. (١٠١) بێژە: بەری خۆ بدەنێ لە ئاسمانان و زەمیندا چھا ھەیە؛ کەچی ئەم ھەموو نیشانە و ترساندنە کار ناکاتە سەر گرۆی بڕوا نەھێنان. (١٠٢) ئاخۆ نە ھەر چاوەنۆڕی ڕۆژانێکن ھەر وەک ڕۆژانی ئەوانە کە بەر لەوان بوون و نەمان؟ بێژە: دەسا چاوەنۆڕ بن، ئەوا منیش وێڕای ئێوە چاوەنۆڕم. (١٠٣) پاشان پێغەمبەرانمان و ئەوانەی بڕوایان ھەیە، ڕزگار دەکەین؛ چون ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە باوەڕداران ڕزگار کەین. (١٠٤) بێژە: خەڵکینە! گەر ئێوە لە دینی من بە گومانن، من ئەوانەی غەیرەز خودان و ئێوە دەیانپەرستن، ناپەرستم. بەڵام ئەمن ئەو خودایەی دەپەرستم، دەومرێنێ و فەرمانیش بە من دراوە لە ڕێزەی باوەڕداران بم. (١٠٥) ڕووش ھەر کە ڕەوشتی خوداپەرستی و ھەرگیز نەکەی لە ڕێزی بتپەرستان بێ. (١٠٦) جگە لە خوا ھانا بۆ شتێ وا مەبە کە نە بەھرەی بۆ تۆ ھەیە و نە زیانی لێ دەبینی. ئەگەر کردت، ئەوساکە لە ناھەقانی. (١٠٧) خوداش ئەگەر تووشی زیانێکت بکا - بێژگە لە خۆی - ھیچ کەسێ نییە لای بدا. ئەگەر چاکەشتی گەرەک بێ، کەس پێش بە چاکەی ناگرێ و ھەر عەبدێکی ئەو حەز بکا، تووشی دەکا. ھەر خۆی لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٠٨) بێژە: خەڵکینە! وا ڕاستیو لەلایەن پەروەرندەتانەوە بۆ ھات. ھەرکێ ڕێگەی ڕاست بەدی کا، شارەزا بوون بۆ خۆیەسی؛ ھەر کەسێکیش گومڕا ببێ، گومڕایی دژی خۆیەسی. من بریکاری کەستان نیم. (١٠٩) ھەر فەرمانێ بۆت دەنێرین، شوێنی کەوە و خۆڕابگرە، ھەتا خودا پێ ڕادەگا و خودا باشترین داوەرە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھوود وە ناو خودا کە دەهەندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، ڕا. کتێبێکە بەڵگەکانی پتەو کراون و لە پاشان لەلایەن کارزانی زانا شی کراون. (٢) کە نابێ ھیچ بپەرستن غەیرەز خودا؛ من لە خوداوە بۆ ئێوە ترسێنەر و موژدەدەرم. (٣) لە پەروەرندەی خۆتانیش داوا بکەن، لێو ببوورێ و بشگەڕێنەوە بۆ لای ئەو، تا ماوەیەکی ناونراو ژیانی خۆشتان بۆ دابین کا و دەگەڵ خاوەن ھەر چاکەیەک چاکەی بکا. ئەگەر پشتیشوو ھەڵ بکەن، ترسم ھەیە ڕۆژا مەزن سزاو بدرێ. (٤) بەرەو خودا دەگەڕێنەوە و خۆی ھەموو شتی پێ دەکرێ. (٥) تۆ بزانە ئەوانە سنگی خۆ خوار دەکەنەوە تا لە خوداوە دیار نەبن؛ تۆ بزانە لەو کاتەدا خۆ بە جلکیان دادەپۆشن، ئەو دەزانێ چیپە لەمەڕچی دەکەن و چی بە ئاشکرا دەبێژن؛ خۆی لە ڕازی ھەموو دڵان ئاگادارە. (٦) لەم زەمینە ھەر شتێ دەجووڵێتەوە گشتی ڕۆزی لەسەر خوایە؛ دەزانێ بنکەی لە کوێیە و لە کوێدا خۆی حەشار دەدا؛ سەرلەبەری لە نووسراوی دیاریدایە. (٧) ھەر ئەویشە کە ئاسمانان و زەمینی لە شەش ڕۆژا دروست کرد و تەختی فەرمانڕەوایی ئەو لە سەر ئاو بوو؛ تا بەتاقیتان کاتەوە، کاموو ئاکاروو چاکترە. گەر وتیشت: لە پاش مردن ئێوە زیندوو دەکرێنەوە، دیارە خودانەناسەکان ئێژن: ئەمە ھەر بە ئاشکرا جادووە. (٨) ئەگەر بۆ ماوەیێ کەمیش ئازاریان لێ وەدوا بخەین، ئێژن: چی ڕێ پێ نەداوە؟ بزانن ڕۆژێ ئازاریان بگاتە لا، ئیتر لێان ناوەگەڕێ، ئەوی گەمەیان پێدەھات دەوریان دەدا. (٩) گەر تامی خۆشییمان بە مرۆ چێژاند و پاشان لێمان ئەستاندەوە، بێ گومان لە ناھومێدی مل لە ناسوپاسی دەنێ. (١٠) ئەگەر پاشی لێ قەومانیش شادمانیمان پێ تاماند، ھەڵبەت ئێژێ: قۆرتەکانم لێ ڕەویون. بە کەیفە و بە خۆی ھەڵدەڵێ. (١١) مەگین ئەوی خۆڕاگر و ئاکارچاک بوون؛ بەشی ئەوان بووردن و پاداشی ھەرە مەزن دەبێ. (١٢) وێدەچێ لە ھێندێ فەرمان - کە بۆ تۆ دێ - خۆ ببوێری و ببێتە مایەی دڵتەنگیت، کە پێت ئێژن: چما گەنجێ لە باڵاوە بۆی نەھاتۆتە خوارەوە؛ یان لانی کەم، فرشتێکی دەگەڵ نەھات؟ تۆ تەنیا ترسێنەرێکی و ھەر خودایە کە چاودێری ھەموو شتە. (١٣) یان ئێژن: ھەڵیبەستگە. بێژە: ئەگەر قسەو ڕاستە، دەسا ئێوە بەیارمەتی ھەر کەسێ دەستوو دەکەوێ - غەیرەز خودا - دەسووڕەتی ھەڵبەستە ھەر وەک ئەم بێنن. (١٤) ئەگەر لە پەرسڤتان دامان، سا بزانن قورعان لە زانستی خواوە ناردراوەتە خوارەوە؛ کە ھیچ شتیش شیاوی پەرستنێ نییە، مەگین ھەر خۆی. ئاخۆ ئێوە دەیسەلمێنن؟ (١٥) ھەرکێ ژینی ئەم دنیایە و زەرق و بەرقی ئەوی دەوێ، ئێمە مزەی کردەوەیان - بە تەواوی ھەر لەم دنیایە دەدەینێ و چیشیان لێ کەمەوە ناکرێ. (١٦) ئەوانە ھەر ئەو کەسانەن ڕۆژی سەڵا، غەیرەز ئاگر، بەشیان نییە و ھەرچی لە زەمین کردیان بەفێڕۆ چوو. (١٧) ئاخۆ کەسێ لە پەروەرندەی خۆیەوە بەڵگەی ڕوونی پێدراوە و شایەتێکیش لە خواوە بە شوێنیا ھاتووە و کتێبی مووساش - کە بەرلەو پێشەوا و جێ بەزەیی بوو - باسی دەکا، [وەل ئەوانەی کە بێ بەڵگەن وەکوو یەکن؟ ئەوانە بەڵگەیان ھەیە] بەو قورئانە بڕوا دەکەن. ھەر کەسیش لەو کۆمەڵانە حاشای لێ بکا، جێی لە ئاگر خۆش کراوە. سا تۆ لێی بەگومان مەبە، ئەمە ڕاستە و لە پەروەرندەی تۆڕایە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە باوەڕ ناکەن. (١٨) کێ لەو کەسە ناھەقترە درۆ بۆ خوا ھەڵ ببەبەستێ؟ گش ئەمانە لە بەرانبەر پەروەرێنیان ڕادەنێن و شایەتان شایەتی دەدەن کە ئەمانە بە دەم پەروەرندەی خۆیان ئەو درۆیانەیان ھەڵبەست. دەبا ناھەقیکارەکان بەر نەحلەتی خودا کەون. (١٩) ھەر ئەمانەن ڕێی بەرەو خوا دەبەستن و مەردمی پێ لاڕێ دەکەن و خۆشیان بە ڕۆژی قیامەتێ بێ بڕوان. (٢٠) ئەمانە لەم سەرزەمینە ناتوانن لە خودا ڕاکەن؛ لە خوداش پێوە کەسیان بۆ دۆست دەست ناکەوێ. ئەو کەسانە دووسەرە ئازاریان ھەیە و نە توانیویانە ببیسن، نە توانیویانە ببینن. (٢١) ئەوانەن کە خۆیان دۆڕاند؛ ھەر درۆیەکیش ھەڵیان بەست، بەفێڕۆ چوو. (٢٢) ھیچ گومان لەوەدا نییە کە لەو دنیا لە ھەموو کەس دۆڕاوترن. (٢٣) ئەوانەی خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوون و دڵیان بە پەروەرێنیان داسەکناوە، ئەوانەن دەچنە بەھەشت و تاھەتایەی تێدا دەبن. (٢٤) نەزیلەی ئەم دوو تاقمە وەک نەزیلەی کوێر و کەڕ و چاوساغ و ژنەوەندەیە؛ ئاخۆ ئەمانە چون یەکن؟ دەی بۆچی پەند وەرناگرن؟ (٢٥) نووحمان شاندە لای ھۆزەکەی، کە: من بۆتان ترسێنەرێکی ئاشکرام. (٢٦) جگە لە خوا مەپەرستن؛ نیگەرانم نەوەک ڕۆژێ ئازاری بەژانوو تووش بێ. (٢٧) گرەگرەی ھۆزەکەی - کە خوانەناس بوون - گوتیان: وەک ئێمە دەت بینین، تۆش مرۆیەکی وەک خۆمان؛ ئەمانەش کە شوێن تۆ کەوتوون، ڕووتەوپووتەی بێ ئاوەزن؛ نەشمان دیوە شتێکتان لەمە زیاتر بێ؛ بەڵکوو ئێمە پێمان وایە درۆ دەکەن. (٢٨) گوتی: گەلۆ! ئەگەر بێژم پەروەرندەم بەزەیی بە مندا ھات و خوێندومیەوە و نیشانەی ئەوم لەلایە و ئێوە ئاگاتان لێ نییە، چۆن دەبینن؟ ئاخۆ گەر خۆتان حەز نەکەن، دەکرێ ئێمە بەسەرتاندا بسەپێنین؟ (٢٩) گەلۆ! ئەوەندەش بزانن ھیچ مزم لە ئێوە ناوێ؛ پاداشی من لەسەر خوایە و ئەوانەی خاوەن باوەڕن دەریان ناکەم؛ بێ سۆ ئەوان دەگەڵ پەروەرێنی خۆیان دیدار دەکەن. بەڵام من دەبینم ئێوە کۆمەڵێکی بێ ئاوەزن. (٣٠) گەلۆ! ئەگەر من لەلای خۆمیان دەربکەم، کێ لە خوا ڕزگارم دەکا؟ ئاخۆ ھیچ بیر ناکەنەوە؟ (٣١) پێشوو ناڵێم من گەنجینەداری خودام؛ بە پیوارانیش نازانم؛ ناش بێژم فرشتەیێکم؛ ناشڵێم ئەوانەی کە ئێوە بە سووکی لێیان دەڕوانن، خوا چاکەیان دەگەڵ ناکا. خوا چاکتر دەزانێ چییان لە دڵدایە. ئەگەر وابم، ئەوسا یەک لە ناھەقانم. (٣٢) گوتیان: ئەی نووح! دەم بەدەمەت وەل کردین و جوابەجەنگیت فرەی خایاند؛ گەر ڕاست ئەکەی، ھەرچی ئێژی بەسەرتان دێ، پێن بنوێنە. (٣٣) گوتی: خودا ئەگەر حەز کا، پێو دەنوێنێ و ناکرێ لەبەری بڕەون. (٣٤) ھەر ئامۆژگاریەکتان بکەم بەھرە نادا؛ ئەگەر خودا بڕیار بدا گومڕاو بکا. خۆی خودانی ھەمووتانە و ھەر بۆ لای ئەویش دەچنەوە. (٣٥) یان دەبێژن: خۆی ھەڵیبەست. بێژە: ئەر ھەڵمبەستووە، تاوانەکەی لەسەر خۆمە؛ منیش لە تاوانی ئێوە بەرکەنارم. (٣٦) بە نووح ڕاگەیاندرابوو، کە: لە ناو ھۆزەکەی تۆدا، جگە لەوانەی تا ئێستا باوەڕیان بە خوا ھێناوە، کەسی تر بڕواناھێنێ و لەو ئاکارەی کە ھەیانە غەمگین مەبە. (٣٧) لە ژێر چاوەدێری ئێمە و ھانای ئێمە، گەمیە ساز کە و لەمەڕ ئەوانە مەمدوێنە کە ناھەق بوون، ئەوان دەبێ ژێر ئاو کەون. (٣٨) خەریکی گەمیە سازکردن بوو؛ ھەر چەند خاوەن پایە و مایە لە ھۆزەکەی بەلایدا ڕاببردنایە، حەنەکی خۆیان پێدەکرد. گوتی: ئەگەر ئێوە گاڵتەمان پێ دەکەن، بەم زووانە ھەر وەک ئێوە گاڵتە دەکەن، ئێمەش گاڵتەتان پێ دەکەین. (٣٩) لەمە بەو لاوە تێ دەگەن، کێ تووشی ئازاری وا دێ ئابڕووی بچێ و جەزرەبەی لە بنەنەھاتووی بەسەردا بێ. (٤٠) تا ئەو کاتەی کە فەرمانی ئێمە گەیی و تەندوور بە نھێم زایەوە؛ گوتمان: لە گش نێر و مێوێ دووان ھەڵگرە؛ دەگەڵ کەس و کارەکەت و ھەرکێ باوەڕی ھێناوە؛ مەگین ئەوی بەرێ بڕیاری بۆ دراوە؛ کە ھەموویان بێ باوەڕ بوون، مەگین کەمیان. (٤١) گوتی: لە ناویدا سوار بن! ڕەوانەبوونی و لەنگەری، بە ناو خوایە؛ خودانی من بەبوورینە و دلۆڤانە. (٤٢) گەمیەکە ئەوانی دەبرد، بە ناو پێلی وادا دەچوو وەک چیایان. نووح گاسی کردە کوڕێ خۆ - کە لە شوێنێکی چەپەک بوو -: کوڕیژگەکەم! وەل ئێمەدا سوار ببە و دەگەڵ خوانەناسان مەبە. (٤٣) گوتی: ئەمن پەنا بە چیایەک دەبەم کە لە ئاوم دەپارێزێ. گوتی: ئەمڕۆ ھیچ پارازتن لە فەرمانی خودا نییە؛ مەگین کەسێ خۆی بەزەیی پێدا بێتەوە. شەپۆل کەوتە نێوانیان و خرایە ڕێزی خنکاوان. (٤٤) ئەوجا گوترا: زەمین! ئاوت ھەڵقوڕێنە؛ بەرزایی! بەس ببارێنە. ئاو ڕۆچوو بە ناخی ئاخا و کار سەری گرت؛ لەسەر جوودی لەنگەری گرت. وترا: تارن، ئەوانەی ناھەقیکارن. (٤٥) نووحیش لەبەر پەروەرندەی پاڕایەوە، گوتی: ئەی پەروەرێنی من! کوڕم کەسوکاری منە؛ بەڵێنی تۆش ھەر دێتە جێ و تۆ لە گش فەرمانڕەوایەک لێزانتری. (٤٦) گوتی: ئەی نووح ئەم کوڕەت کەسی تۆ نییە؛ ئاکاری ناپەسندی ھەس؛ ھەر شتێ چی لێ نەزانی، داوا مەکە؛ من ئامۆژگاریت لێدەکەم کە نەچییە ڕێزەی نەزانان. (٤٧) گوتی: ئەی پەروەرندەکەم! ھەر خۆ بە تۆ دەپارێزم؛ داوای شتێکت لێ بکەم کە نایزانم؛ ئەگەر بەزەت پێمدا نەیە و لێم نەبووری، یەکێکم لە زیانباران. (٤٨) وترا: ئەی نووح! بە سڵامەتی و بەو پیتەوە - کە داومانە بە تۆ و بە ھاوسەفەرانت - دابووەزە؛ چین و بەرەکانی دوایەش، تا ماوەیەک مەودای ژیانیان ئەدەینێ و پاشان تووشی ئازاری بەژانیان دەکەین. (٤٩) ئەمانە لەو ھەواڵانەی بەرپێوارن - کە بە تۆی ڕادەگەیەنین - لەمەوبەر نە تۆ دەت زانین نە ھۆزەکەت. خۆڕاگر بە، دواڕۆژ بۆ خودێ ترسانە. (٥٠) بۆ لای عادیش ھوودمان نارد - کە برایان بوو - گوتی: گەلۆ! پەرستندەی خودای تاک بن؛ بەغەیرەز ئەو ئێوە خودایەکتان نییە؛ ئێوە تەنیا ھەر درۆیان دەنەخشێنن. (٥١) گەلۆ! بۆ ئەم کارە مزێکم لێو ناوێ؛ پاداشی من لەسەر داھێنەری منە. ئاخۆ بۆ دەبێ تێنەگەن؟ (٥٢) گەلۆ! داوای لێ بووردنیش ھەر لەو بکەن و بەرەو ئەو بگەڕێنەوە؛ کە لەو بەرزەوە بە ڕێژنە بارانتان بۆ بنێرێ و پێزێ تر بدا بە ھێزتان. ھەروا بە تاوانباری ڕوو وەرمەگێڕن. (٥٣) گوتیان: ئەی ھوود! تۆ ھیچ بەڵگەت لە خوداوە بۆ نەھێناین؛ ھەر بە قسەی تۆش، مە لە پەرستیوەکانمان دەس بەرنادەین؛ بڕوایەش بە تۆ ناھێنین. (٥٤) ئێمە ھەر ئەوەندە ئێژین: ڕەنگە ھێندێک لەوانەی دەیانپەرستین، تووشی تووشیەکیان کردبی. گوتی: خوا بە شایەت دەگرم، ئێوەش ھەروەھا شایەت بن لەوی ئێوە دەیپەرستن بەرکەنارم؛ (٥٥) لە غەیرەز خوا. سا ھەمووتان فێڵانم لێ بدۆزنەوە و مەودام مەدەن. (٥٦) من خۆم سپارد بەو خودایە کە منی پەروەراندووە و پەروەرندەی ئێوەش ئەوە. ھەر شتێ دەجووڵێتەوە، ژی و ژیاری لەسەر ئەوە و دیارە ڕێگەی پەروەرندەم ڕاستەڕێیە. (٥٧) ئەگەر نەیێنە ڕەدایەش، من بە ھەرچی ڕاسپێراوم پێم گەیاندن؛ خودانی من مەردمێ تر لە شوێنی ئێوە دادەنێ و ھیچ زیانیشی لێ نادەن. پەروەرندەم چاوەدێری ھەموو شتە. (٥٨) کاتێ فەرمانی ئێمە ھات - لە بەزەیی خۆمانەوە - ھوود و ئەوانەی دەگەڵ ئەو ھاوباوەڕ بوون، لە جەزرەبەی ھەرە سەخت نەجاتمان دان. (٥٩) ئەوەش عاشیرەتی عاد بوو، کە سەبارەت بە نیشانەی پەروەرێنیان حاشایان کرد و لە فەرمانی پێغەمبەرەکانی خۆیان لایاندا. ھەر کەسێکی بلەوەز و لاسار بوو شوێنی دەکەوتن. (٦٠) لەم دنیایە و لە ڕۆژی ھەستانەوەشدا، نەفرینیان ھەر بە شوێنەوە. ئاگادار بن کە ھۆزی عاد لەمەڕ پەروەرندەی خۆیان بە حاشا بوون. با بتارێن عادەکان کە ھۆزی ھوود بوون. (٦١) بۆ لای سەموودیش برایان ساڵحمان نارد. گوتی: گەلۆ! ھەر خودای تاک بپەرستن؛ ئێوە بەغەیری ئەو خودایەکتان نییە؛ ئەو لەم خاکەی وەدی ھێنان و ویستی ئاوەدانی بکەن؛ لێبووردنی لێ بخوازن؛ پاشان بەرەو خۆی وەگەڕێن. پەروەرندەی من نزیکە و دەفریاودێ. (٦٢) گوتیان: ساڵح! بەرلە ئێستێ جێگەی ھومێدی ئێمە بووی؛ ئاخۆ ڕێ نادەی ئەوانەی باب و کاڵمان دەیانپەرست، بیانپەرستین؟ ئێمە لەوەی کە تۆ ئێمەی بۆ بانگ دەکەی، بەگومانین و دوودڵین. (٦٣) گوتی: گەلۆ! ئەر من لە پەروەرندەمڕا بەڵگەی ئاشکرام ھێنابێ و وەبەر بەزەیی ئەو کەوتبم، ئەگەر لە فەرمانی دەرچم، کێ ھەیە بە فریام بگا؟ لەنگۆش ھیچم نایەتەبەر غەیرەز زەرەر. (٦٤) گەلۆ! ئەمە وشتر خوایە و نیشانەیەکە بۆ ئێوە؛ بەڕەڵدای کەن لە زەوی خودا بچەرێ و بە خراپ دەستی بۆ مەبەن؛ دەنا ئازارێکی نزیک دەتانگرێ. (٦٥) کەچی لەت و پەتیشیان کرد. گوتی: سێ ڕۆژ لە ماڵ خۆتانا ڕایبوێرن؛ ئەمە بەڵێنی [خودایە و] بێ درۆیە. (٦٦) ھەر کە فەرمانی ئێمە ھات، لە بەزەیی خۆمانەوە ساڵح و ئەو چەند کەسانەی دەگەڵ ئەوا ھاوباوەڕ بوون، لە ڕیسوا بوونی ئەو ڕۆژە نەجاتمان دان. پەروەرندەت خێوی ھێز و دەستەڵاتە. (٦٧) ئەوانەش کە ناھەقییان کرد، نارەتەیێ وایان بۆ ھات، لە ناو ماڵانی خۆیاندا دەمەوڕوو ھەستیان لێ بڕا؛ (٦٨) دەتگوت ھەر لەوێ نەژیاون. بزانن کە ھۆزی سەموود لە پەروەرندەی [مەزنیان] حاشایان کرد؛ ھەی لەوەش بەولاوەتر چن. (٦٩) ڕاسپاردەکانی ئێمەش مژدەیان دا بە ئیبڕاھیم؛ گوتیان: سەلام. وتی: سەلام. زۆر پێ نەچوو گۆلکێکی بریانی ھاورد. (٧٠) وەختێ دیتی دەستیانی بۆ درێژ ناکەن، کارەکەیانی پێ بەڵاجەوی ھات و ترسی ڕێ نیشت. گوتیان: تۆ ئەندێشت نەبێ؛ ئێمە بۆ لای ھۆزی لووت بەڕێ کراوین. (٧١) ژنەکەی - کە ھەڵوێستابوو - کەنی ھاتێ. ئەوسا مزگێنیمان پێ دا بە ئیسحاق و سەرەڕای ئیسحاق بە یەعقووب. (٧٢) ژنە گوتی: ھای لە منێ! ئاخۆ منی پیرێژن مناڵم دەبێ و ئەم شووەشم پیرەمێرە؟ بەڕاستی شتێکی سەیرە! (٧٣) گوتیان: ئاخۆ فەرمانی خودات پێ سەیرە؟ خێزانی ئەم ماڵە! بەزە و پیتی خوداتان نسیو بێ. پایەبەرزی و پێ ھەڵگوتن ھەر لە خۆی دەوەشێتەوە. (٧٤) ئیبڕاھیم - کە ترسی شکا و مزگێنییەکەشی پێ گەیشت - لەسەر ھۆزی لووت سکاڵای دەگەڵ کردین. (٧٥) کە ئیبڕاھیم لە سەرەخۆ و دڵنەرم و بەرەو خودا بوو. (٧٦) ئیبڕاھیم لەمە واز بێنە، فەرمانی خودات ھاتگە و بێ گومانە بەڵایەکی بێ گەڕانەوەیان بۆ دێ. (٧٧) کاتێ ڕاسپاردەکانمان گەینە لای لووت، بە گەیشتنیان دژداما و پێیان کەوتە تەنگانەوە و گوتی: ئەمڕۆ کار دژوارە. (٧٨) ھۆزەکەی بە ھەڵەداوان لێی وەکۆ بوون؛ دەپێشیشدا ھەر کاریان بێ نامووسی بوو. گوتی: گەلۆ! ئەم کیژانەم بۆ ئێوە بن، پاکژترن؛ ترستان لە خودا ھەبێ و شەرمەزاری میوانەکانی خۆم مەکەن. ئاخۆ پیاگێ ئاکارباشتان تێدا نییە؟ (٧٩) گوتیان: خۆت ئەمەت زانیوە، ھیچ کارێکمان بە کیژەکانی تۆ نییە؛ دیارە بۆ خۆشت دەزانی چیمان دەوێ؟ (٨٠) گوتی: بریا ھێزم بە ئێوە بشکایە؛ یاخۆ پەنام ببردایە بە جێ پەنایەکی حەستەم. (٨١) گوتیان: ئەی لووت! ئێمە ڕاسپاردەی خوداتین؛ دەستی ئەمانەت پێ ناگا. تۆ دەگەڵ ماڵ و خێزانت - لە چەند بەتڵێکی شەوێدا - بکەونە ڕێ؛ کەستان ئاوڕ نەداتەوە؛ غەیری ژنت، کە ھەرچی تووشی ئەوان بێ، تووشی ویش دێ. ژوانیشیان بەری بەیانە؛ ئاخۆ بەیان نزیک نییە؟ (٨٢) کە فەرمانی ئێمە گەییشت، ئەو جێمان سەرەونخوون کرد. گزموولەقوڕی بەرداسان بە بێ ناوبڕ بۆ باراندن. (٨٣) بە دروشمی پەروەرندەت ھەموو نیشانە کرابوون. بەڵای ئاوا دەربارەی ناھەقیکاران ھیچ دوور نییە. (٨٤) بۆ مەدیەنیش شوعەیبی برایانمان [نارد]. گوتی: گەلۆ! خودای تەنیا بپەرستن؛ لە غەیری ئەو ھیچ پەرستوویەکتان نییە. لە کێشان و پێوانەدا گزی مەکەن. خۆش گوزەرانوو دەبینم و من لەو ڕۆژە ترسم ھەیە ئازاری داگرتان بۆ بێ. (٨٥) گەلۆ! کێشانە و پێوانە و بەرانبەر بێ؛ شتیش کەم مەدەن بە خەڵک و لە دنیا لەسەر بەدفەڕی، پێ دامەگرن. (٨٦) ئەگەر بڕواتان بە خوا بێ، ھەرچی ئەو بۆو بێڵێتەوە بۆتان چاکە و چاوەدێریو بە من نییە. (٨٧) گوتیان: شوعەیب! مەر نوێژەکەت ھانەت دەدا ئێمە واز لەو شتە بێنین کە باب و باپیرانی مە دەیانپەرست، یان وەک خۆمان دەمانەوێ لە دارایی خۆماندا دەسکاری نەکەین؟ بەڕاستی کە تۆ پیاوێکی لەسەرەخۆ و بە سەلیقەی. (٨٨) گوتی: گەلۆ! ئەگەر بێژم بەڵگەیەکی بەھێزم لە پەروەرندەڕا لەلایە و ھەر ئەویشە بژیوی باشی پێداوم، چۆن دەبینن؟ ئەگەر دژوو دەوێستم و ئێژم فڵان کارە مەکەن، خۆ نیازم ئەوە نییە کە خۆم بیکەم. نیازی من ھەر ئەوەیە - تا دەتوانم- [کاروبارتان] سامان بدەم. بە ئاوات گەیشتنیشم ھەر بە خوایە و ژینی خۆم بەو سپاردووە و بەرەو خۆی دەگەڕێمەوە. (٨٩) گەلۆ! دژوێستانی ئێوە لە حاندی من تووشی تاوانێکتان نەکا کە ئەو بەڵای ھۆزی نووح و ھۆزی ھوود و ھۆزی ساڵح بەسەریان ھات، بەسەروو بێ. بەسەرھاتی ھۆزی لووتیش لەمێژ نییە. (٩٠) ئێوە لە پەروەرندەتان داوا بکەن، لێو ببوورێ؛ پاشان بەرەو خۆی وەگەڕێن. پەروەرندەم دلۆڤان و میھرەوانە. (٩١) وتیان: شوعەیب! زۆر لەو شتانە تێناگەین کە تۆ ئێژی؛ لە ناو خۆمان بێ دەستەڵاتت دەبینین. ئەگەر لەبەر خاتری خزمانت نەبا، بەردەبارانمان دەکردی؛ تۆ دەرۆستی ئێمە نایەی. (٩٢) گوتی: گەلۆ! ئاخۆ خزمەکانی منتان پێ لە خودا گرینگترە، کە خوداتان خستۆتە پشت گوێتانەوە؟ ھەر کارێکی ئێوە دەیکەن، پەروەرندەم دەورەی داوە. (٩٣) گەلۆ! ئێوە ئەوەی لە دەستوو دێ بیکەن؛ منیش وا خەریکی کارم. لەوە بەولاوە دەزانن کێ ئازاری ئابڕووبەرەی دێتە سەر و کێ بە درۆزن دەردەچێ. چاوەنۆڕ بن؛ ئەوا منیش دەگەڵ ئێوە چاوەنۆڕم. (٩٤) کە فەرمانی ئێمە گەییشت، لە بەزەیی خۆمانەوە شوعەیب و ھەواڵەکانی باوەڕداریمان نەجات دا؛ ناھەقیکارانیش نەعرەتێک وای تاساندن کە ھەموویان دەمەوڕوو پشوویان بڕا؛ (٩٥) دەتگوت ھەر لەوێشدا نەبوون. با بتارێن خەڵکی مەدیەن؛ وەکوو ھۆزی سەموود تاران. (٩٦) ھەروا ئێمە مووسامان بە چەندین نیشانەی خۆمان و بەڵگەیەکی ئاشکرا نارد، (٩٧) بەرەو فیرعەون و پیاوانی دیوانی. ئەویش ھەر گوێ بەفەرمانی فیرعەون بوون؛ کە فەرمانی فیرعەونیش دژی ڕاستی بوو. (٩٨) ڕۆژی سەڵا وەپێش دەستەی خۆی دەکەوێ و ھەمووان دەباتە ناو ئاگر. چەند خراپە ئەو جێی ئەوانە دەیچنێ! (٩٩) لەم دنیا و لە ڕۆژی دواییش، نەحلەتیان بە شوێنەوەیە. ئای لەو خەڵاتە دزێوە! (١٠٠) ئەمانە چەند ھەواڵێک بوون لەو شارانە کە بۆ تۆی دەگێڕینەوە؛ ھێندێک لەوانە ھەر ھەن و ھێندێکیشیان لەبەین چووگن. (١٠١) ناھەقییمان لێ نەکردن؛ بەڵام ئەوان ناھەقییان دەربارەی خۆ کرد. کاتێ فەرمان لە پەروەرندەی تۆڕا ھات، ئەوانەی پەرستیویان بوون - جگە لە خوا - ھیچ کارێکیان بۆ نەکردن و - جیا لە زیان - ھیچ شتیان بۆ زیاد نەکردن. (١٠٢) ئاواینەیە غەزەبی پەروەرندەی تۆ، کاتێ شارانێ دادەگرێ کە خەڵکەکەیان ناحەقن. ئەو ئازارەی خودا دەیدا، زۆر بەژان و زۆر دژوارە. (١٠٣) لەمانەدا بۆ ئەوانەی لە ئازاری ڕۆژی پەسڵانێ بترسن، پەندێ ھەیە؛ کە ڕۆژێکە ھەموو مەردم گش لەوێ کۆ دەکرێنەوە؛ ڕۆژێکی دیار و بەرچاوە. (١٠٤) ئەو ڕۆژە وەدرەنگی ناخەین، مەگین بۆ ماوەیەکی کەم. (١٠٥) ڕۆژێ کە دێ، ھیچ کەس بە بێ ئیزنی خودا متەق ناکا؛ لە ناویاندا قەرەبەخت و بەختەوەر ھەن. (١٠٦) سا ئەوانەی قەرەبەختن، لە ئاگران بە ئاخ و ھەنیسک دانن. (١٠٧) ھەر دەوێدا دەمێننەوە، ھەتاکوو ئەم عاسمانانە و زەمینە ھەن؛ جا مەگین پەروەردگارت مەیلی لێ بێ. پەروەرندەت ھەرچی خۆی بیەوێ دەیکا. (١٠٨) ئەوانەش کە بەختەوەرن، ھەر لە بەھەشتێدا دەبن، ھەتا ئەم ئاسمانانە و ئەم زەمینە ھەن؛ مەگین ئەوەی پەروەرندەت مەیلی لێ بێ. بەخششێکە نابڕێتەوە. (١٠٩) سا تۆ سەبارەت بەوەی وان دەیپەرستن، دڕدۆنگ مەبە. ھەر ئەوانە دەپەرستن کە باب و کاڵی پێشوویان پەرستیانن. ئێمەش بە بێ کەمایەسی بەشی خۆیانیان دەدەینێ. (١١٠) مە کتێبمان دا بە مووسا و کێشەی لەسەر ھەڵاییسا. خۆ ئەگەر پەروەرندەی تۆ ئەوسا بڕیاری نەدابا، زوو کێشەیان دەبڕایەوە؛ کە ئێستاش سەبارەت بەم، ھەر دوودڵ و بەگومانن. (١١١) بێگومانە پەروەرندەت قەرەبووی کردەی ھەموویان بە تەواوی دەداتەوە و ھەر خۆی لە ھەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە. (١١٢) وەک فەرمانت پێدراوە، خۆڕاگرە! ئەوانەش کە لەتەک تۆدا بەرەو خودا وەگەڕاون، با ھەروا بن؛ سەرپێچیش لە فەرمان مەکەن! ھەرچی بیکەن خودا دەیبینێ. (١١٣) ڕموودەی ئەوانە مەبن غەدرێ دەکەن! دەنا بە ئاگر دەسووتێن. غەیرەز خوداش ھیچ کەس دۆستایەتیو ناکا و ئیتر کەسیش پاشان یاریدەتان نادا. (١١٤) لە ھەر دووک ئالی ڕۆژێدا و چەن بەتڵی سەرەتای شەوێ، نۆژێ بکە؛ چونکە چاکە خراپەیە لەبەین دەبەن. ئەمە پەندە بۆ ئەوانەی پەندگر بن. (١١٥) ھەر خۆبگرە؛ بێسۆ خودا پاداشی چاکەکارەکان وندا ناکا. (١١٦) ئەم ھەموو بەرەو چینانەی بەرلە ئێوە ھاتن و چوون، چۆنە کەسێ وایان نەبوون، ڕێگا نەدەن لە زەمیندا خراپە بەڕێوە بچێ؟ مەگین کەمێک لەوانەی ڕزگارمان کردن لە نێویانا. ناھەقییکارەکانیش ھەر کەوتنە شوێنی خۆشگوزەرانی خۆیان و تاوانبار بوون. (١١٧) پەروەرندەت - بە ناھەقی - چ جار قڕانی نەخستە ئەو شارانەی ئاکارچاک بوون. (١١٨) پەروەرندەت ئەگەر حەزی بکردایە، خەڵکی دنیای گشتی دەکردە یەک ئاین؛ بەڵام بە ناتەبایی ھەر دەمێننەوە؛ (١١٩) [جا] مەگین پەروەرندەی تۆ بەزەیی پێیاندابێتەوە؛ کە ھەر بۆیەی دروس کردوون. بڕیاری پەروەرندەشت ھەر دێتە جێ، کە: جەھەندەم، لە جندۆکە و بنیادەم - ھەموو - پڕ دەکەم. (١٢٠) ئەم حەمکە دەنگوباسانەی پێغەمبەرانت بۆ دەکەین، کە دڵداریت بدەینەوە. ھەرچی لەمەدا بۆ تۆ ھات، ڕاستی ڕستە و بۆ گەلی خاوەن باوەڕان ئامۆژگاری و بیرەوەری تێدا ھەیە. (١٢١) بەو کەسانەش کە باوەڕیان نییە، بێژە: ھەرچی لە دەستوو دێ بیکەن؛ وا ئێمەش کاری خۆ دەکەین. (١٢٢) چەمەڕاش بن، ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین. (١٢٣) ھەر شتێکی بەرپێوارە - لە ئاسمانان و زەمیندا - گش بۆ خودان؛ ھەموو کارێک ھەر سەربەوە. سا تۆ ھەر ئەو بپەرستە و چارەنووست بەو بسپێرە. ھەر کارێ کە ئێوە دەیکەن، پەروەرندەت لە ھیچی بێ ئاگا نییە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یووسوف وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، ڕا. ئەمانە چەندین نیشانەن لە کتێبی دیاری دەرەوە. (٢) قورئانێکە بە عارەبی ئێمە ناردمانە خوارەوە، شایەتا ئێوە تێبگەن. (٣) ئێمە وێڕای ئەم قورعانەی کە بەتۆن ڕاگەیاندووە، شیرین ترین چیرۆکت بۆ وەدەگێڕین؛ کە دەپێشدا تۆ ھەر ئاگاشت لێ نەبووە. (٤) وەختێ یووسف بە باوکی گوت: بابۆ! من یازدە ئەستێرە و خۆر و ھەیڤم بە خەو دیتن، کە سەر بۆ من دەچەمێنن. (٥) گوتی: ئەی کوڕێژگەکەی خۆم! ئەو خەونەت لە لای براکانت مەگێڕەوە، نەوەک گەڕێکت پێ بکەن؛ چونکە شەیتان بۆبنیادەم دوژمنێکی ئاشکرایە. (٦) ئەمە دیارە پەروەرندەت ویستوویە ھەڵت بژێرێ و فێرت بکا مانای خەونان لێک دەیەوە و دەربارەی تۆ و ھەموو خانەدانی یەعقووب، چاکەی بێ کەمایەسی بکا؛ وەک ئەو چاکەی سەبارەت بە ئیبڕاھیم و ئیسحاقی باوانی تۆی کرد. دیارە پەروەرندەی تۆ ھەرە زانای لەکارزانە. (٧) لە ڕابوردەی ناو یووسف و برایانی، پەندی زۆر ھەن بۆ ئەو کەسانەی دەپرسن. (٨) کاتێ گوتیان: دیارە یووسف و براکەی لای باوەمان لە ئێمە خۆشەویستترن؛ خۆ ئێمەش دەستەپیاوێکین. بێ گومانە بابی ئێمە بە ئاشکرا گومڕا بووە. (٩) یووسف بوگژن، یان لە شوێنێکا فڕێی دەن؛ ھەتا باوک ببێتە تایبەت بە خۆتان. لە پاش ئەویش ئێوە ببن بە کۆمەڵێکی بەرکەتی. (١٠) یەکێ لەوان ھەڵیدایە: ئەگەر کارەکەی ھەر دەکەن؛ لە یووسف کوشتن گەڕێن و بیخەنە بن بیرەکەوە؛ کاروانچی ھەڵیگرنەوە. (١١) گوتیان: بابۆ! چۆنە کە تۆ لەمەڕ یووسف لە ئێمە ئارخەیان نابی؟ خۆ ئێمە خۆشمان گەرەکە. (١٢) سوو دەگەڵ ئێمەی بنێرە، گەشت بکات و گەپ بدات و خۆمان پارێزگاری دەبین. (١٣) گوتی: ئەگەر بیبەنە دەر، تووشی کوڵ و کەسەر دەبم؛ ترسیشم ھەس گورگ بیخوا و ئێوە ئاگاتان لێ نەبێ. (١٤) گوتیان: ئەگەر گورگ خواردی – کە دە خۆرتین و پێکەوەین - دیارە ئێمە زیانبارین. (١٥) کاتێ کە بردیانە دەرێ و بە گەلەکۆمەگی ویستیان بیخەنە بن بیرەکەوە، [ئیتر کاریان تەواو کرد و] ئێمەش ئەومان تێگەیاند کە: تۆ لەم کارە ئاگاداریان دەکەیەوە؛ کە خۆیان ھەستی پێ ناکەن. (١٦) ئێوارێ لە تاریکاندا، بۆ لای بابیان - بە گریانەوە - وەگەڕان. (١٧) گوتیان: بابۆ! چووبووین غارغارێنێ بکەین و یووسفیشمان لای کەل و پەلمان بە جێھێشت؛ گورگ خواردی. ھەر چەند ڕاستیشت پێ دەڵێین، بڕوایە بە ئێمە ناکەی. (١٨) کراسەکەشیان ھێنابوو؛ خوێنە درۆزنەی پێوە بوو. گوتی: دیارە دڵی خۆتان کارێکی لەبەر خەمڵاندوون. خۆڕاگری بێ ناشوکری [چاری منە]؛ لەمەڕ ئەوانەش کە ئێژن، خودا دەھانامەوە دێ. (١٩) کاروانێ ھات، ئاوکێشیان نارد، دۆڵچەی داھێشت: مژدە ئەمە کوڕیژگەیە. وەکوو کاڵا تاقەتیان کرد؛ خوا لە کاریان بە ئاگا بوو. (٢٠) بە نرخێ کەم، بە چەند درەم فرۆتیان و نەشیان دەویست. (٢١) ئەو کەسەی لە میسر سەندی، بە ژنێ خۆی وت: قەدری بگرە بەشکوو قازانجی لێ بکەین؛ یان بیکەینە زارۆی خۆمان. بەم ئاوایە لەو ھەردەدا یووسفمان زۆر باش دامەزراند؛ تا ئێمە فێریشی بکەین چۆن خەونان لێک بداتەوە. خوا لەسەر کاری خۆی زاڵە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە لێ نەزانن. (٢٢) وەختێ بوو بە پیاوی تەواو، سەلیقە و زانستمان پێدا. ئێمە ئاوا پاداش بە کارچاکان ئەدەین. (٢٣) ئەو ژنە وا یووسف لە ماڵی ئەوا بوو، تەمای تێکرد. دەرگاکانی لێ گاڵە دا و گوتی: بەلەز ئامادەیە. گوتی: ئەی پەنا بە خودا؛ ئەو ئاغامە، قەدری گرتووم، [بێ ئەمەگانی داوێنپیس] کە ناھەقن، ناخەلەسێن. (٢٤) وێ پەلاماری ئەمی دا و ئەمیش گەر بەڵگەی پەروەرندەی نەدیبا، ئاوقای دەبوو. بۆ ئەمە بوو کە خراپە و شوورەیی لێ وەپرینگێنین؛ ئەم یەکێ بوو لە عەبدە دڵپاکەکانمان. (٢٥) بە کێبەرکێ ھەر دوو گەینە لای دەرگاکە؛ گجی یووسفی لای پشتەوە دادڕی و لە بەردەری، تووشی سەروەری وێ ھاتن. گوتی: سزای کەسێ چییە دەگەڵ ماڵ و خێزانی تۆ، تەماداری شوورەیی بێ؛ غەیر لە زینان یا جەزرەبەیەکی بەژان؟ (٢٦) پەرسڤی دا: وێ تەمای دەمن کردبوو. یەکێ لە خزمەکانی وێ ھەڵیدایە: گەر گجی ئەم لە لای پێشەوە دڕاوە، وێ ڕاست ئەکا و ئەم ڤڕۆیە؛ (٢٧) گەر گجیشی لە پشتەوە دادڕاوە، وێ درۆی کرد، ئەو ڕاست دەکا. (٢٨) وەختێ دیتی کراسەکەی لە پشتەوە دادڕاوە، وتی: ئەمە لە ھێندێک فێڵی ئێوەیە؛ فێڵی ئێوەش زۆر گەورەیە. (٢٩) یووسف! واز لەم باسە بێنە. حورمێ! تۆش بووردن لە خەتات داوا بکە؛ کە تۆ لە خەتاکارانی. (٣٠) ژنانی شار قاویان داخست: ژنا عەزیز حەز لە خوڵامێ خۆ دەکا؛ لە دڵداریدا سووتاوە؛ وا دیارە تەواو لە ڕێگە دەرچووە. (٣١) لە پاش ئەوەی تیزوتانەی ئەوانی بیست، لە دووی ناردن؛ گەلێ باڵگە و [خواردەمەنی] لا دانان و ھەر یەکەی چەقۆیەکیشی پێ سپاردن. گوتی: بۆیان وەرە دەرێ. ھەر کە دیتیان حەپەسان و دەستەکانی خۆیان بڕی و گوتیان: ئەی نامەخوا! ئەمە مرۆ نییە و بێ سۆ فرشتەیێ خۆشەویستە. (٣٢) وێ گوت: ئەمە ئەو کەسەیە کە لەسەر ئەو سەردەنشی منتان دەکرد؛ ویستم ببێتە دۆستم و دەستم دەگەڵ تێکەڵ بکا، خۆی ڕاگرت و بۆم تاو نەکرا؛ ئەگەر ئەوەی لەوم دەوێ بیکا، نەیکا، دەبێ بچێتە زیندانێ و وەک ئێسیرانی ڕابوێرێ. (٣٣) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! زیندانەکەم پێ خۆشترە لەوەی ئەوان لێم دەخوازن؛ ئەگەر تۆ گەڕی ئەوانەم لێ لا نەدەی، دڵم دەچێ بۆ لایان و یەکێک دەبم لە نەزانان. (٣٤) خودا نزای قبووڵ کرد و گەڕی ئەوانی لێ لا دا، کە خۆی بیسەر و زانایە. (٣٥) پاشان وایان بە باش زانی - دوای ئەو ھەموو نیشانانەش - تا ماوەیەک زیندانی بێ. (٣٦) دوو خوڵامیش دەگەڵ ئەو چوونە زیندانێ. یەکیان گوتی: من خەونم دیت ترێ دەوشم. ئەو دی گوتی: من لە خەوما نانم بەسەر سەرەوەیە، مەل لێی دەخۆن. خەونەکەمان بۆ لێکدەوە؛ ئێمە دەتۆ ڕادەبینین کە لە خێرەومەندەکان بی. (٣٧) گوتی: بەرلە ژەمە نانێ کە بۆتان دێ و پێش خواردنی، مانای خەونەکەو پێدەڵێم؛ کە ئەمەش لەو بەھرانەیە پەروەرندەم فێری کردووم. من ئاینی ئەو کەسانەم وەلانایە، کە نە بڕوایان بە خوایە و لاشیان وایە قیامەت نایە. (٣٨) من شوێن دینی باوانی خۆم، ئیبڕاھیم و ئیسحاق و یەعقووب کەفتگم؛ بەڕەوامان نەزانیگە ھیچ شتێکی بە شەریکی خوا بزانین. ئەمەش لە چاکەی خواوەیە کە دەربارەی ئێمە و مەردمی کردگە؛ بەڵام بەشی زۆر لە مەردم ھەر ناشکورن. (٣٩) ئەرێ ئێوەی دوو ھاوبەندم! ئاخۆ چەندین پەروەرندەو پێ باشترە، یا خۆ خودای تاک و تەنیای زاڵ بەسەر ھەموو شتێکا؟ (٤٠) ئەوانەی دەیانپەرستن، چەند شتێکی غەیرەز خودان، کە خۆتان و باب و کاڵتان - سەربەخۆ - ناوتان لێ ناون؛ ھیچ بەڵگەیەکی پتەوتان لە خواوە لە دەستا نییە. فەرمانیش ھەر ھی خودایە و ھەر ئەویش فەرمانی داوە کە غەیرەز ئەو مەپەرستن. دینێ کە ڕاست و دروستە ھەر ئەمەیە، بەڵام زۆربەی خەڵکی دنیایە نازانن. (٤١) ئەی ھەر دووی ھاوبەندیخانەم! یەک لە ئێوە دەبێتە مەیگێڕی خێوی؛ ئەوەکەی تر لە دار دەدرێ، ئەوسا مەلان چینەی لە سەریدا دەکەن. کارێکی کە دەتانەویست لە ئەنجامەکەی بپرسن، وا زاندرا و ھەر وەدیش دێ. (٤٢) بە یەکێک لەو دوو کەسانەی بۆی دانابوو ڕزگار دەبێ، وتی: کە دەچیە لای ئاغات، باسم بکە. شەیتان نەیھێشت لە بیری بێ، لە لای ئاغای باسی بکا؛ تا چەند ساڵێک لە گرتووخانە مایەوە. (٤٣) شا گوتی: لە خەوما دیتم، حەو گای قەڵەو حەو چێڵی لەڕ دەیانخواردن؛ حەو گوڵەدەخڵی شینیش و حەوتی دیکەی وشکەڵاتوو. ئەی دیوەخان نشینەکان! ئەم خەونەم بۆ لێکدەنەوە، ئەگەر لێکدەرەوەی خەونن. (٤٤) گوتیان: ھەر خەونە درۆزنەن؛ ئێمە لەم تەرزە خەونانە سەر دەرناکەین. (٤٥) لەو دوو کەسە ئەوەی کە ڕزگار کرابوو - بە دێروژوان - تازە وەبیری ھاتەوە، گوتی: ئەمن بۆتانی لێکدەدەمەوە؛ سا بمنێرن. (٤٦) یووسف! مێری ھەمیشە ڕاست! حەو گای قەڵەو حەو چێڵی لەجەر ئەیانخۆن، حەوت وشووی ھێشتا ھەر شین و حەوتی دیکەش وشکەڵاتوون. ئەم خەونەمان بۆ لێکدەوە؛ کە من دەچمەوە لای مەردم، بەشکوو ئەوانیش تێبگەن. (٤٧) وتی: حەو ساڵ لە کشت وکاڵ وچان نادەن؛ ھەرچییەکی درووتانەوە - کەمێک نەبێ کە لێی دەخۆن - لە وشووی خۆیا بێڵنەوە. (٤٨) لە پاش ئەمە حەوتی قاتی و قڕی دادێ؛ ھەرچی پێشوو بۆ ئەمانەتان ھێشتۆتەوە، ھەمووی دەخۆن؛ مەگین کەمێ لەوەی قایم ھەڵیدەگرن. (٤٩) لە دوای ئەمە ئەمجارە شاڵێکی وا دێ، بۆ ھەموو کەس باران و ڕووەک مشەیە و لەودا مل لە گوشین دەنین. (٥٠) شا گوتی: بۆم بھێنن. کاتێ ڕاسپاردەکە ھات، گوتی: وەگەڕێ لای ئاغات و لێی پرسە، ئەو ژنانەی کە دەستی خۆیانیان بڕی، نیازیان چ بوو؟ پەروەرندەم لە دەھۆیان ئاگادارە. (٥١) وتی: بۆچی گەرەکتان بوو یووسف بۆ خۆو دەستەمۆکەن؟ گوتیان: خوا بەو ڕۆژە نەکا، ئێمە کاری شوورەییمان لێ نەدیوە. ژنا عەزیز ھەڵیدایە: ئێستە ڕاستی ئاشکرا بوو؛ من تەماحم دەو کردبوو؛ ھەرچی ئەو گوتوویە ڕاستە. (٥٢) [یووسف گوتی: ] ئەمەش بۆیە بوو بزانی، پاشەملەش غەیانەتم پێ نەکرد و خودا دەھۆی دەغەڵبازان ناخاتە ڕێ. (٥٣) منیش ھەرگیز ھیچ پاکانە بۆ خۆم ناکەم. نەوس ھەموو خراپەیەک بە پیاو دەکا؛ مەگین ئەوی پەروەرندەم بەزەیی پێدا بێتەوە. پەروەرندەم خەتابەخش و دلۆڤانە. (٥٤) شا گوتی: بیھێننە لای من، وا دەکەم ھەر سەر بە من بێ. کاتێ دواندی، گوتی: تۆ ھەر لەمڕۆکەوە لە لای ئێمە بەڕێزی و جێگای باوەڕی. (٥٥) گوتی: بمکە بە سەرکاری نەغدینە و بەروبووی وڵات؛ چاوەدێری لێدەکەم و لێزانیشم. (٥٦) ئا بەم جۆرە یووسفمان لەم سەرزەمینە [بە ڕێزەوە] جێ کردەوە؛ [خۆش نشینێک بوو] لە ھەر جێ خۆی ویستبای لەوێ دەژیا. ھەرکێ ئێمە بمانەوێ بەر بەزەییمانی دەخەین؛ پاداشی چاکەکارانیش وندا ناکەین. (٥٧) خۆ دیارە پاداشی ئەو لاش ھێژاترە بۆ ئەوانەی باوەڕدار و خۆپارێزن. (٥٨) برایانی یووسف ھاتن؛ بۆ دیتنی وەژوور کەوتن؛ ناسینیەوە، ئەوان ئەمیان نەدەناسی. (٥٩) دوای ئەمە باری بارکردن، گوتی: ئێوە برایەکی باوکیتان ھەس، بۆمی بێرن؛ ئەی نەتاندی من خانەخوێی چاکم و پێوانەکەشم تەواوە؟ (٦٠) ئەگەر ئەوم بۆ نەھێنن، پێوانەو لەلای من نییە و لێشم نزیک مەکەونەوە. (٦١) گوتیان: بە فێڵ ئەو لە بابی دەستێنین و بێ خەم بە، ئەم کارە دەکەین. (٦٢) خوڵامانی خۆی تێگەیاند: ئەو دراوەی کە داویانە، بیخەنە ناوبارەکانیان؛ شایەت ئەگەر گەڕانەوە ماڵی خۆیان، بیناسنەوە؛ بەشکوو ئەمجارەش بێنەوە. (٦٣) کە چوونەوە لای باوەیان، گوتیان: باڤۆ! لە پێوانە بێ بەش کراین؛ سا تۆ بران وێڕای ئێمە ڕەوانەکە؛ دەشپێوین و ئاگاداریشی لێدەکەین. (٦٤) گوتی: ھەروەک جاری پێشوو براکەیم پێتان سپارد، ئەویش بسپێرم بە ئێوە؟ چاکتر پارێزەر خودایە و ھەر خۆی لە ھەموو دڵسۆزان دڵسۆزترە. (٦٥) کە بارەکانیان کردەوە، دراڤەکەیان دەسکەوتەوە کە بۆیان ناردرابۆوە. گوتیان: باڤۆ! چمان دەوی؟ ئەمە دەزمایەکەمانە کە بۆمان ناردراوەتەوە. بژیوی خێزانمان دێنین؛ براکەشمان دەپارێزین؛ پێوانەی پشت وشترێکیش زێدە دێنین؛ ئەم پێوانەیە ھندکە. (٦٦) گوتی: ڕەگەڵتانی ناخەم تا پەیمانم بە ناوی خودا نەدەنێ، کە ھەر دەبێ بۆم بێننەوە؛ مەگین گش دەرەتانێکوو لێگیرا بێ. کاتێ کە پەیمانیان دایە، گوتی: خودا لەم بنارە ئاگادارە. (٦٧) گوتی: ئەی فرزەندەکانم! لە یەک درگاوە مەچنە ناو، لە دەروازەی جیاجیاوە بچنە ژوور؛ ئەمن ناتوانم ھیچ شتێک لە قەزای خوا لە ئێوە دوور بخەمەوە؛ فەرمان ھەر بۆ خودایە و بەس؛ خۆم ھەر بە وی دەسپێرم و کەسانێکیش کە ئەو بە کارساز دەزانن، با خۆیان ھەر بەو بسپێرن. (٦٨) کاتێ لەو جێی - کە بابیان ڕای سپاردبوون - چوونە ژوورێ، ئەم کارەیان ھیچ شتێکی لە ئەوان دوور نەخستەوە، تەنیا ھەر بۆ نیازێک بوو کە لە دڵی یاقووبدا بوو پێکی ھێنا؛ ئەویش بۆ خۆی لەو شتانەی کە فێرمان کرد زانایەک بوو؛ بەڵام زۆربەی زۆری مەردم لێی نازانن. (٦٩) کاتێ لە ماڵەکەی یووسف چوونە ھوندور، براکەی خستە لای خۆی و گوتی: من برایەکەی تۆم؛ لەوەی کە ئەوان وایان کرد خەمگین مەبە. (٧٠) گاڤا باری بۆ بار کردن؛ زەرکا ئاوێی خستە دوڕباری برکەی؛ پاشان جاڕچیک جاڕی ڕاھێشت: کاروانینە! ئێوە دزیتان کردووە. (٧١) ڕوویان تێکردن و گوتیان: ئێوە چیتان لێ گوم بووە؟ (٧٢) گوتیان: شەربەی ئاوی شامان لێ گوم بووە و ھەر کەسێ بی ھێنێتەوە، بارە حوشترێکی ھەیە؛ منیش دەستەبەری دەبم. (٧٣) گوتیان: سوێندەکە بە خودا - خۆو دەزانن - ئێمە بۆیە نەھاتگین لەم ھەردە بەدفەڕی بکەین و دزی لە مە ڕووی نەداوە. (٧٤) گوتیان: ئەگەر درۆو لە سەر سوورەوە بوو، سزاو چییە؟ (٧٥) وتیان: ھەرکێ لە باریدا پەیدا کرا، ھەر بۆ خۆی سزای خۆیەتی، کە سزادانی ناھەقان ھەر ئەمەیە. (٧٦) ئەوسا پێش باری براکەی باری ئەوانی پشکنی؛ پاشان لە باری براکەی ھێنایەدەر. ئاوا فێڵمان بۆ یووسف کرد. لە یاسای ئەو پادشایەدا نەدەبووایە براکەی گل بدرایەوە؛ مەگین خودا وا حەز بکا. ھەر کەسێکی ئێمە حەز کەین پلەپلە باڵای دەبەین. لە بان ھەموو زانایێ زاناترێک ھەس. (٧٧) گوتیان: ئەگەر ئەو ئێستاکە دزی دەکا، لە پێشووشدا برایەکی ئەو دزی کرد. یووسف ئەوەی دەدڵ گرت و لەوانی ئاشکرا نەکرد. گوتی: حاڵی ئێوە لەوان خراترە؛ ئەو باسەش کە ئێوە دەکەن، خوا لەنگۆی چاتر دەزانێ. (٧٨) وتیان: ئەی عەزیز! باوکێکی زورھانی ھەس؛ لە جێگەی ئەو یەکێ لە ئێمە گل دەوە؛ تۆ دەبینین لە ڕێزەی خێرەومەندانی. (٧٩) گوتی: ئەی پەنا بە خودا ئەگەر ئێمە غەیرەز کەسێ کاڵای خۆمان لە لای ئەو دۆزیوەتەوە، گل دەینەوە. گەر وەبکەین، ئەوسا لە ناھەقییکارانین. (٨٠) کاتێ کە لێی ناھومێد بوون، بۆسرتە چوونە کەنارێک. گەورەکەیان ھەڵیدایە: بۆ ئێوە نەتانزانیوە کە باوکتان پەیمانێکی بە ناوی خودا لێ ساندن؛ لەوە پێشیش خراپەو لە ڕادەبەدەر دەربارەی یووسف کردووە؟ سا لەم ھەردە دەرناکەوم ھەتا بابم ئیزنم دەدا، یان خوا بڕیارم بۆ دەدا؛ ئەو خۆی چاکتر لە ھەر کەسێ پێ ڕادەگا. (٨١) ئێوە بچنە لای بابتان؛ بێژن: بابۆ! کوڕەکەت دزی کردووە؛ شایەتیشمان نەدا مەگەر لەسەر ئەوەی کە زانیمان؛ ئاگاشمان لە نەدیار نەبوو. (٨٢) لە مەردمی ئەو شارە کە ئێمەی لێ بووین لەو کاروانەش کە دەگەڵیان ھاتینەوە، پرسیار بکە؛ ئێمە بێسۆ ڕاست دەبێژین. (٨٣) گوتی: نەخێر، ھەوای دڵتان کارەکەی لە بەر خەمڵاندوون. [دیسانەکە] خۆڕاگری بێ ناشکوری؛ ئەوە خوایە بەشکوو گشتیان بھێنێتەوە بۆ لای من. خودا بۆ خۆی ئاگادار و لەکارزانە. (٨٤) ئیتر ڕووی لەوان وەرگێڕا و گوتی: ئەی داخم بۆ یووسف و لە سۆی یانی تانە پەڕیە سەرچاوانی و ھەروا پیشی دەخواردەوە. (٨٥) گوتیان: بە خودا سوێندەکە، تۆ قەت یووسف لە بیر ناکەی؛ لەوانەیە نەخۆشت خا یان بتکوژێ. (٨٦) گوتی: گازندە و دڵمەندیم ھەر بۆ خودا ئەدرکێنم و من لە خواوە گەلێ شتی وا دەزانم کە ئێوە لێی ئاگادار نین. (٨٧) ڕۆڵەکانم! بڕۆن، بەڵکە سۆراغێکی یووسف و براکەی بکەن؛ ناھومێدیش مەبن لە بەزەیی خودا؛ ھەر ئەوانەی خوانەناسن، لە بەزەیی خوا ناھومێدن. (٨٨) لە دوای ئەوەی گەیشتنە لای، گوتیان: ئەی عەزیز! ھەم خۆمان ھەم خێزانمان لە بێ بژیوی کەلەلاین؛ کەمێکمان دراو ھێناوە، بیکە سەدەقەی سەری خۆت، پێوانەی تەواومان دەیە؛ خوا پاداشی خێرەومەندان لە بیر ناکا. (٨٩) گوتی: ئاخۆ پێو زانیوە چیتان بە سەر یووسف و براکەی ھێنا؟ ئێوە بەڕاستی نەزان بوون. (٩٠) گوتیان: ئا تو خوا بەڕاستە! یووسف خۆتی؟ وتی: بەڵێ، خۆم یووسفم و براکەشم ئەوەتانێ. خودا بەر منەتی کردین؛ چونکوو ھەرکێ خۆپارێز و خۆڕاگر بێ، دیارە خودا پاداشی ئاکار پەسندان وندا ناکا. (٩١) گوتیان: وەخودا سوێندەکە، خوا تۆی - بەرانبەر بە ئێمە – سەرخستووە و ئێمە لە خەتاکاران بووین. (٩٢) گوتی: ئەمڕۆ گازندە و لەسەر نەماوە؛ خودا خەتاتان دەپۆشێ و ھەر خۆی لە گش بە بەزەییەک دڵسۆزترە. (٩٣) ئەم کراسەی من بەرنەوە، بیخەنە سەر دیمی بابەم؛ چاوەکانی چا دەبنەوە. ھەموو کەس و کارێکیشتانم بۆ بێنن. (٩٤) وەختێ کاروان ڕەوانە بوو، بابیان گوتی: ئەگەر نەیژن ھاتەران پاتەرانی وت، من بۆنی یووسفم بۆ دێ. (٩٥) گوتیان: بە خوا، تۆ ھەر لەسەر ڕێ نەزانینی پێشووتی. (٩٦) کە مزگێنیدەر ھاتە بەر، ھاویتیە سەر دەموچاوی؛ چاوەکانی چاک بوونەوە. گوتی: من نەواتم پێتان، ئەوی من لە خوای دەزانم، لە زانستی ئێوە دوورە؟ (٩٧) وتیان: باڤۆ! ئێمە لە ڕێ لامان داوە، لە پەروەرێنت داوا کە لێمان خۆش بێ. (٩٨) گوتی: ھەر زوو داوا لە پەروەرێنی خۆم دەکەم کە عافووتان بکا و ھەر خۆی لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (٩٩) وەختێ گەھانە جەم یووسف، داک و بابی بردە نک خۆو گوتی: ئێوە وەرنە میسر و - خودا یار بێ - ھیچ ناڕەحەتیو تووش نابێ. (١٠٠) دای و بابی وەبان تەختەوە نیشاند و ھەموویان کڕنۆشیان بۆ کرد. گوتی: باڤۆ! ئەمە خەونەکەی پێشوومە؛ پەروەرێنم ئاکامەکەی وەدی ھێنا و لە پاش ئەوەی شەیتان لە نێوانی من و براکانم بەدفەڕی کرد، زۆر چاکەی دەربارە کردووم؛ لە زیندانی دەرھێنام و ھنگۆشی لەو سارایەوە ھاوردەوە. پەروەرێنم، بۆ ھەر کەسێکی خۆی حەز کا دڵاوایە و بۆ خۆی زانای لەکارزانە. (١٠١) ئەی خودانم! لەم وڵاتە تۆ دەستەڵاتت پێداوم و فێرت کردم چلۆن خەونان لێکدەمەوە. وەدی ھێنی ئاسمانەکان و زەمینی! ھەر تۆی لە دنیا و لە قیامەت گەورەی منی. لەسەر بڕوای تەواو بە خۆت، بم مرێنە و بمگەیەنەوە بە پیاوچاکان. (١٠٢) ئەمانە ئەو دەنگوباسانەی نادیارن کە بە تۆی ڕادەگەیێنین؛ ئەوسا ئەوان کاکەوبرالەی خۆیان کرد فێڵێ بکەن، تۆ ھەر ئاگاشت لێ نەبووە. (١٠٣) ھەر چەندە زۆریش پاپابی، ئەم مەردمە زۆربەیان بڕوا ناھێنن. (١٠٤) خۆ تۆ ھەرگیز [بۆ ئەم کارە] پاداشێکت لەوان ناوێ و ئەمە تەنیا پەندێکە بۆ خەڵکی دنیا. (١٠٥) چەندە زەحفن نیشانەگەل لە عاسمانان و زەمیندا؛ بەلایاندا ڕادەبرن و گوێی پێ نادەن. (١٠٦) بەشی زۆریان بڕوا بە خوا ناھێنن و ھەر گەرەکیانە کە شەریکی بۆوەدۆزن. (١٠٧) ئاخۆ ئەوان ئارخەیانن کە جەزرەبەی داپۆشەری خوایان بۆ نایا؟ یان گوزوگوممەت سەڵایان لێ ڕانابێ؛ کە ھەر ھەستیشی پێ نەکەن؟ (١٠٨) بێژە: ئەمە ڕێگای منە؛ ھەم خۆم ھەم ئەو کەسانەش شوێنم کەفتوون - بە بەڵگەوە - بۆ خواناسی، گاسی دەکەم. خواش ھەمیشە پاکە و تاکە و لەوانە نیم کە شەریکی بۆ پەیدا کەم. (١٠٩) پێشتر لە تۆش، ھەر پیاوانێ لە خەڵکی باژێڕەکانمان - لەلایەن خۆمان - تێگەیاند. بۆچی نەچوون لەم زەمینە گەشتێ بکەن، تا ببینن چارەنووسی پێشینەکانیان چۆن بووگە؟ بۆ ئەوانەی خودێ ترسن، ماڵی ئەو دنیا خاسترە. دەی سا بۆچە ھەر تێ ناگەن؟ (١١٠) تا ئەوسا کە پێغەمبەران ناھومێد بوون، مەردمیش وایان دەزانی کە درۆیان دەگەڵ کردوون؛ یارمەتی ئێمەیان بۆ ھات. ئەوانەش وا حەزمان کرد، ڕزگار کران و توند و تیژیشمان لە ھەمبەر تاوانباران ناوەگەڕێ. (١١١) لە سەرگوروشتەی ئەمانە، پەند ھەیە بۆ بەئاوەزان. واتەیەکی ھەڵبەستە نییە؛ بەڵکوو [ڕاستە] باوەڕ دەکا بەوەی لە بەر دەستیدایە و شی کەرەوەی ھەموو شتە و ڕێشاندەرە و بەزەییە بۆ ئەو کەسانەی بەباوەڕن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەعد وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم، ڕا. ئەمانە چەند نیشانێکی ئەم کتێبەن. ئەوەی لە پەروەرێنتەوە بۆ تۆ ھاتۆتە خوارەوە، دیارە ڕاستە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە بڕوا ناکەن. (٢) خودایێکە ئاسمانەکانی بەرزۆ کرد، بێ ھەستوندەک، کە لێو دیارن؛ جا ئەوساکە نیشتە سەر تەخت. خۆر و ھەیڤیشی خستە کار؛ ھەر یەکەیان بۆ ماوەیەکی دیارکراو دێن و دەچن. خۆی بە کاروبار ڕادەگا و نیشانان شی دەکاتەوە؛ بەشکوو ئێوە لە دیداری پەروەرندەو بێ گومان بن. (٣) ھەر ئەمیشە ئەم زەمینەی ڕاخستووە و گەلێ کێوات و ڕووباری لێ ئافراند و ئەوگ ش بەروبووە زۆرەشی - کە ھەمووی کردوونە جووتە - لەوێدا بەدی ھێناوە؛ شەو بەسەر ڕۆژ ھەڵدەکێشێ. ئەمانە گشتی نیشانەن بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن. (٤) لەم ھەردەدا گەلێک پارچە بە پەنا یەکترییەوە ھەن. ھەروەھا باغاتی ڕەز و زەوی و زار و دارخورمای لفی یەکتر و لێک جودا؛ گش لە یەک ئاو پاراو دەبن؛ [بەڵام] تام و چێژەی بڕێکیان بەرانبەر بە بڕێکی تر وەسەر دەخەین. (٥) ئەگەر تۆ سەیر دەمێنی، سەیر وا لە قسەکانیاندا کە دەبێژن: ئاخۆ ئەگەر دەبینە ئاخ، سەرلەنوێ ساز دەکرێینەوە؟ ئا ئەمانەن لە پەروەرندەکەی خۆیان حاشا دەکەن؛ ئەوانە تۆقی ئاسنیان لە ملدایە و ئەوانە یاری ئاگرن و تاھەتایەی تێدا دەبن. (٦) بەر لەوە پاداش و چاکەت لێ بخوازن، بە ھەڵپە و لەز، ئازارت لێ داوا دەکەن. بەرلەوانیش زۆری وا بوون تووشی جەزرەبە کراون؛ گەرچی مەردم ستەمکار بن پەروەرندەت بەخشەندەیە و لە تۆڵەشدا توند و تیژە. (٧) خودانەناسەکان ئێژن: ئەدی بۆچی لە پەروەرندەی خۆیەوە بەڵگەیەکی پتەوی بۆ نەھاتگە؟ تۆ ھەر تەنیا ترسێنەرێکی و ھیچی تر؛ بۆ ھەر گەلێک لە گەلانیش ئەشێ ڕێشاندەرێک ھەبێ. (٨) لە تۆلی ھەر مێچکەیەکدا ھەرچی ھەیە خوا دەیزانێ و دەزانێ چی دێتەسەرێ و چیشی لێ کەم دەبێتەوە. ھەموو شتێک لە لای ئەو ئەندازەی ھەیە. (٩) لە نەدیاران و لە دیاران ئاگادارە و جێ بەرزی ھەرە مەزنە. (١٠) ھەرکێ لەنگۆ پەنامەکی قسە بکا و دەنگ ھەڵبڕێ، یان لە شەودا خۆپەنا دا و لە ناو ڕۆژی ئاشکرادا بێت و بچێ، لای ئەم گشتی وەکوو یەکە. (١١) لە پێشیەوە و لە دوایەوە، فریە پەیجۆری وای ھەیە کە بەپێی فەرمانی خودا دەیپارێزن. خوا لە ھیچ گەلێک ناگۆڕێ، تا ئەوان دڵیان نەگۆڕن. ئەگەر خودا گەرەکی بێ تیرەیەک تووشی بەڵا بن، ھیچ لەمپەری نایەتە بەر و خواش نەبێ، ھیچ کەس دۆستایەتییان ناکا. (١٢) ھەر خۆیەتی - بۆ ترسان و تەماداری - برووسکەتان بەرچاو دێنێ و ھەوری پڕ دادەوەستێنێ. (١٣) ھەورەکان و فرشتەکان - لە سامی ئەم - ھەمیشە ھەر پەسن دەدەن. ھەورەتریشقەش دەنێرێ، کێ حەز بکا تووشی دەکا؛ کەچی ئەوان لەمەڕ خودا کێشەیانە و خوا لە جزیادانا گەلێ توندوتیژە. (١٤) نزای ھەقیش ھەر بۆ ئەوە [تەنھا ھاوار لە خوا بکەن]. ئەو کەسانەی گاسی غەیرەز خودا دەکەن، کەسیان بە دەنگەوە نایە. وەک کەسی وان کە ھەر لە دوور دەستی بۆ ئاو ڕابدێرێ و حەز بکا بێتە دەمیەوە و ناشیگاتێ. نزای خودانەناسەکان گش پووچە و بەفیڕۆ دەچێ. (١٥) ھەرچییەک ھەیە لە نێوانی ئەم عاسمانانە و زەوینە - خوانەخوایی - خۆیان و سێبەرەکانیان ھەموو بەیانی و ئێواران، گشتیان سوژدە بۆ خوا دەبەن. (١٦) بێژە: کێیە ڕاھێنەری ئەم عاسمانان و زەوینە؟ بێژە: خودا. بێژە: ئاخۆ گەورەگەلێکتان بۆ خۆتان نەقاندووە، کە قازانج و زیانی خۆشیان بە دەس نییە؟ بێژە: ئاخۆ کوێر و بینا بەرانبەرن؟ یاخۆ تاریکی و ڕووناکی سەربەسەرن؟ یان ئەوانە شتی وایان بە شەریکی خوا داناوە کە وەکوو ئەو چێکراویان چێ کردووە و، وەک ئەوەیە کە خودا دروستی دەکا و تیا سەریان لێ شێواوە؟ بێژە: ھەر شتێکی ھەیە، گشتی دەسکاری خودایە و ھەر ئەمیش تاک و تەنیایە و بە سەر ھەموو شتدا زاڵە. (١٧) لەو حەوایە ئاوێکی داڕژاندوە، پڕاوپڕی بارستایی نەواڵان دێ؛ لەھی کەفێکی بڵندی ھاتەسەر، ھەروەک ئەو کەفەی بەھۆی ئاگر دەماندنێ، دێتە سەر کەرستەی خشڵ و ئەسپابی تر. ئا بەم تەرزە خوداش باسی ڕاست و دەغەڵ دەخاتە ڕوو. جا کەفەکە لە ناو دەچێ و ھەر ئەو شتەی کە بۆ مەردم بەھرەی ھەس دەمێنێتەوە. خودا ئاوا نموونە دەھێنێتەوە. (١٨) ئەو کەسانەی بە دەنگی خوداوە ھاتوون، چاکەیان دەربارە دەکرێ. ئەو کەسانەش کە بە دەنگیەوە نەھاتوون، ئەگەر ھەرچی لەم ھەردەدا ھی ئەوان بێ و ھێندەی دیش و لەباتی خۆیانی بدەن، زۆر بە سەختی دەکەونە بەر پرسینەوە و ھەر جەھەندەمیان جێگایە؛ کە خراپترین ئەنوایە. (١٩) ئاخۆ کەسێ بڕوای وابێ ئەوەی لە پەروەرێنتەوە بۆ تۆ ھاتۆتە خوارەوە ھەموو ڕاستە، وەک ئەوەیە کە لەم بارە کوت و کوێرە؟ ئەم ڕامانە ھەر بۆ خاوەن ئاوەزانە. (٢٠) ئەو کەسانەی پەیمانی خوا پێک دێنن و تازە لێی پاشگەز نابنەوە؛ (٢١) ئەو کەسانەش کە ھەودای نێوانی خۆیان دەگەڵ خودا - وەک خودا فەرمانی داوە - قوت ناکەن و لە پەروەرێنیان دەترسن و لە حیساب کێشانی دژوار نیگەرانن؛ (٢٢) ئەو کەسانەش کە لە ڕاھی ڕەزای خودا خۆیان گرت و - بە نھێنی بە ئاشکرا - لەو بەشەی ئێمە پێمان دان، خێر دەکەن و بە چاکە خراپەکانیان دەشۆنەوە؛ دواڕۆژی خۆش بۆ ئەوانە. (٢٣) خۆیان و باب و کاڵیان و ژنەکان و تۆرەمەشیان - ئەوانەی خوداپەسند بن - لە باغاتی دوور لە نەمان، دەچنەژوور و فرشتە لە ھەموو لاوە دەچنە لایان. (٢٤) ھەر لەسای ھێمنی دابن، چونکە ئێوە خۆڕاگر بوون؛ پیرۆزتان بێ دواڕۆژی ڕوون. (٢٥) ئەو کەسانە کە پەیمانیان دا بە خودا و لە پاشان پاشگەز بوونەوە و ھەودای نێوان خۆ و خودانی خۆیان پساند - کە خۆی فەرمانی پێدابوون نەیپسێنن - و لە ھەردا بەدفەڕی دەکەن، لە بەھرەی خودا بێ بەشن و دواڕۆژی دژواریان ھەیە. (٢٦) ھەر خودایە - چ زۆر چ کەم - بە ھەر کەسێ خۆی حەز بکا، ڕۆزی دەدا. ئەوان بە ژینی سەردنیا دڵیان خۆشە؛ ژینی دنیاش لەچاو ژیانی ئەو دنیا ڕابواردنێکی ھندکە. (٢٧) ئەوانەی خودانەناسن، ئێژن: بووچە بەڵگەیەکی لە خواوە بۆ نەھاتگە؟ بێژە: خودا ھەر کەسێکی خۆی حەز بکا گومڕای ئەکا و ھەر کەسێکیش بەرەو ئەو بگەڕێتەوە، شارەزای ڕاستەڕێی دەکا. (٢٨) ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە خوا ھەیە و بە یادی خوا دڵیان ئارام دەبێتەوە، باش بزانن کە یادی خوا ئۆقرە و ئارامی دڵانە. (٢٩) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، خۆشی لەوان؛ کە دواڕۆژی باشیان ھەیە. (٣٠) ئاوا تۆمان ڕاسپاردە ناو ئەو گەلە، کە بەرلەوان زۆر گەلی تر ھاتوون و چوون؛ کە ھەر شتێ لە ئێمەوە بە تۆ گەیوە، بۆ ئەوانی بخوێنیەوە؛ کەچی ئەوان لە خوای ڕۆزی دەری خۆیان حاشا دەکەن. بێژە: ئەو پەروەرندەمە و بەغەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ نابێ و من خۆم ھەر بەو سپاردووە و ھەر بۆ لای ئەویش دەچمەوە. (٣١) ئەگەر قورئانێ واش ھەبا کەژی لە جێ لابردبان، یان زەوی پێ لەت کرابا، یان مردووی وەقسە ھێنابان، [ھێمان باوەڕیان نەدێنا. ] ھەموو کار ھەر بە دەس خودان. بۆچی خاوەن باوەڕان ئەوە نازانن، ئەگەر خودا حەزی لێ با، گش مەردمی شارەزای ڕاستەڕێ دەکرد؟ خودانەناسەکانیش ھەر - لەبەر کاروکردەوەیان - گرفتاری بەڵایەکی دژوار دەبن؛ یان ھەر لە پەنا ماڵ خۆیان ئەو بەڵایە دێتەسەریان؛ تا ئەو کاتەی بەڵێنی خودا دێتە جێ. دیارە خوداش بەڵێنی خۆی ناداتە پاش. (٣٢) بە پێغەمبەرانی پێش تۆش گاڵتە کرا. ئەو کەسانەم مۆڵەت دا کە خوانەناس بوون؛ تا لە ئاکاما گرتمن؛ چۆن تۆڵەیەکم لێ ساندن! (٣٣) ئاخۆ ئەوی چاودێری کاروکردەوەی ھەموو کەسە [وەک ئەوەیە کە خەبەری لە ھیچ نییە]؟ شەریک گەلێکیان بۆ خودا بڕیار داوە. بێژە دەسا ناویان ھەڵدەن. یاخۆ ئێوە نیازوو وایە ئەو لە شتێک - لەم زەمینە - ئاگادار کەن، کەنایزانێ؟ ! یا نە ئەمە وتەیەکی پڕوپووچە؟ نەخێر، ئەو خوانەناسانە گزی خۆیان لە لا خەمڵاوە و لە ڕێ ڕاستیش لادراون. ھەرکەش خودا گومڕای بکا، ھیچ کەسێ شارەزای ناکا. (٣٤) ھەتا لەسەر دنیا دەژین، ھەر تووشی ئازارێ دەبن. دیارە جەزرەبەی دواڕۆژیش دژوارترە و کەس ناتوانێ لە خودایان بپارێزێ. (٣٥) ئەو بەھەشتەی بەڵێن وایە بەر خودێ ترسان بکەوێ، جۆباری بە بەردا دەڕۆن، خواردەمەنی دوایی نایە و ھەمیشە سێبەریش ھەیە. ئا ئەمەیە ئاکامی لە خوداترسان؛ پاشەڕۆژی خوانەناسانیش ئاگرە. (٣٦) ئەو کەسانەی ئێمە کتاومان پێداون، بەوەی کە بۆ تۆ ھاتووە، دڵیان خۆشە. بڕێکیشیان بڕوا بە بازێکی ناکەن. بێژە: فەرمانم پێدراوە کە خودا بپەرستم و کەسی لێ نەکەم بە شەریک؛ ھاوار ھەر بە ئەو دەبەم و بەرەو خۆی دەگەڕێمەوە. (٣٧) ئێمە ئەم فەرمانەی خۆمان بە عەرەبی بۆ تۆ ھەنارد. ئەگەر لە دوای ئەو زانستەی بۆت ھاتگە، شوێن ئارەزووی ئەمان کەوی، ئیتر نەخودا یارتە و نە ئەویش پارێزگارتە. (٣٨) ھەڵبەت پێش تۆش پێغەمبەرانمان ھەناردوون؛ ڕێگەشمان دان ژن و نەتەوەشیان ھەبن. ھیچ یەک لەو پێغەمبەرانەش نەیانتوانیوە ھیچ بەڵگەیەک نیشان بدا، مەگین خودا ئیزنی دابێ و بۆ ھەر کارێک وەختێکی تایبەتی ھەیە کە نووسراوە. (٣٩) لە ناودان و ھێڵانەوە، بەستە بە ویستی خودایە و ماکی ھەموو کتێبانیش وا لای ئەوە. (٤٠) یان ھێندێکت لەوەی بۆمان بڕیار داون نیشان دەدەین، یان بۆ خۆنت دەبەینەوە. تۆ ھەر ئەوەندەت لەسەرە ڕاگەیێنی و بە حیساب ڕاگەیشتنیش لە عۆدەی مە. (٤١) چۆن ھێشتا نەیانزانیوە ئێمە دین و ئەم زەمینە - لە گش لا - کەم دەکەینەوە و فەرمانڕەوا ھەر خودایە و کەس ناتوانێ دەس دەکاری خودا بدا و زۆر زوو بە حیساب ڕادەگا؟ (٤٢) ئەوانی بەرلەمانەش بوون، گەلێک فێڵیان دەدیتەوە؛ فێڵیش ھەموو ھی خودایە. خۆی دەزانێ ھەر کەسێ چ کارێک دەکا و ھەر بینا خوانەناسەکان تێگەیشتن کە دواڕۆژ کێ دەیباتەوە. (٤٣) ئەوانەی خودانەناسن، پێت ئێژن: تۆ پێغەمبەر نیت. بێژە: خودا و کەسێ کە زانستی کتاوی لەلایە، بۆ شایەتی نێوان من و ئێوە بەسە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیبراھیم وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، ڕا. کتێبێکە بۆ تۆمان ناردە خوارەوە، ھەتا خەڵکی - بە ئیزنی پەروەرندەیان - لە تاریکی بەرەو ڕووناکی وەگوێزێ؛ ڕێگەی خاوەن دەستەڵاتی شایانی ھەموو پەسنێکیان نیشان بدەی. (٢) ئەو خودایەی ھەرچی لە عاسمانەکان و زەمیندان، گش ھی ئەون. واوەیلا بۆ خوانەناسان لە جەزرەبەی زۆر توندوتیژ. (٣) ئەوانەی ژینی دنیایان لە ھین ئەولا پێ باشترە، دەبنە لەمپەر لە ڕای خودا و گەرەکیانە خواروخێچ بێ؛ ئەوانە لە گومڕاییدا زۆر پێوە چوون. (٤) ھیچ پێغەمبەرێکمان نەنارد، مەگین بە زوان گەلەکەی خۆی؛ تا ھەقیان بۆ ڕوون کاتەوە. خودا ھەر کەسێ حەز بکا گومڕای دەکا و کێشی بوێ شارەزای ڕاستەڕێی دەکا و ھەر خۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٥) مووساشمان وێڕای چەند بەڵگەی لە خۆمانەوە ڕائەسپارد، کە: ھۆزی خۆت لە تاریکایی ڕزگار کە و بەرەو ڕووناکایی بەرە؛ ڕۆژەکانی خودایان وەبیر بێنەوە؛ کە ئەم کارە بۆ ھەموو خۆڕاگرێکی سوپاسگوزار زۆر پەندی باشی تێدایە. (٦) ئەوسا مووسا بە ھۆزەکەی خۆی ڕاگەیاند: ئەو چاکەیەی خودا دەربارەی ئێوەی کرد، لە بیر مەکەن؛ کە لە دەستی فیرعەون و دارودەستەکەی دەری ھێنان؛ زۆر خراپ ئازاریان دەدان، کوڕەکانیان لێ سەر دەبڕین، ژنەکانیان بە زیندوویی دەھێشتەوە و ئەمەش ئەزموونێ گەورە بوو لەلایەن پەروەرندەوڕا. (٧) پەروەرندەتان ڕای گەیاند: ئەگەر شوکرانە بژێربن، بۆو زیاد دەکەم؛ خۆ ئەگەر سەرپێچی بکەن، جەزرەبەم زۆر توندوتیژە. (٨) مووسا گوتی: جا ئەگەر ئێوە و ھەر کەسێ لەم عەردەیە ناسوپاس بن، خوا نیازی بە کەس نییە و ھەر شیاوی تاریف کردنە. (٩) ئاخۆ ئێوە دەنگوباسی ئەوانەتان نەبیستووە کە بەرلە ئێوە ژیاون؟ وەک ھۆزی نووح و ھۆزی عاد و سەموود و ئەوانەی لە دووی ئەوان بوون؛ کە خوا نەبێ، ھیچ کەسی تر نایانزانێ. پێغەمبەرەکانی ئەوان بە بەڵگەی زۆر ئاشکراوە ھاتنە لایان. گشتیان دەسیان خستە ناو دەمی خۆیان و گوتیان: ئێمە بەو شتانەی ڕاسپێراون باوەڕ ناکەین؛ لەوەش ئێمەی بۆ بانگ دەکەن، زۆر بە گومانین. (١٠) پێغەمبەرەکانیان وتیان: ئاخۆ ئێوە لە داھێنی عەرز و عاسمانان بە شکن؟ بانگتان دەکا تا لە گوناحانوو خۆش بێ و تا ماوەیەکی دیارکراو لێو ڕاوەستێ. گوتیان: ئێوە ھەر بنیادەمە خۆمانەن؛ گەرەکتانە لەوانەی کە باب و کاڵمان دەیانپەرست، وەرمانگێڕن؟ سا ھەر بەڵگەیێ پتەوتان لە جانتادا، پێن بنوێنن. (١١) پێغەمبەرەکانیان وتیان: ئارێ ئێمەش بنیادەمێکین وەک ئێوە؛ بەڵام خودا لە ھەر عەبدێکی خۆی حەز کا، بە چاکە دەیخوێنێتەوە؛ بۆ مە ناشێ ھیچ بەڵگەیەکتان بۆ بێنین، مەگین خۆی ئیزنی لەسەر بێ. با ھەرچی خاوەن باوەڕن، خۆیان بدەنە دەس خودا. (١٢) جا چۆن ئێمە خۆمان بە خودا ناسپێرین، کە ھەر بۆ خۆی ڕێگەی ڕاستی نیشان داوین؟ ھەر ئازارێکیشمان بدەن، خۆڕادەگرین. با ئەوانەش خوا بە پشتیوان دەزانن، خۆیان بدەنە دەس خودا. (١٣) ئەوانەی دژی خودا بوون، بە پێغەمبەرەکانیان گوت: ئێمە دیارە لەم سەرزەمینەی خۆمانتان وەدەر دەنێین، یان دێنەوە سەر ئایینەکەی خۆمان. پەروەرێنیان تێیگەیاندن: ئێمە ناھەقییکارەکان گەرەک قڕ کەین. (١٤) لە پاش ئەوان لەم عەرزەدا ئێوەی لێ دادەمەزرێنین؛ ئەمەش لەمەڕ کەسانێکە کە لە پایەبەرزی من و لە ھەڕەشەی من دەترسن. (١٥) داوایان کرد خودا دەروێکیان لێ وەکا. ھەر کەسێکیش کە ملھوڕ و لاسارێک بوو، ناھومێد بوو؛ (١٦) لە دواشیەوە جەھەندەمە و ئەشێ زووخاو بخواتەوە. (١٧) فڕی دەکا بەڵام بە قێز و بێزەوە و لە گش لاوە مەرگی بۆ دێ کە ناشمرێ و جەزرەبەی ھەرە بەژانیش بە دوایەوە. (١٨) ئەوکەسانەی لە پەروەرێنەکەی خۆیان حاشادەکەن، نەقڵیان نەقڵی ئەو بوڵەیە کە لەرۆژی ڕەشەبادا بای لێ ھەڵکا. لەوەش بەدەسیان ھێناوە، ناتوانن بەھرەیەک ببەن. ئەمەیە لە ڕێ لادانێ کە زۆر لە ڕێ وەلا کەوتوون. (١٩) تۆ نابینی خودای مەزن عاسمانەکان و زەمینی ھەر بۆ ڕاستی چێ کردووە؟ ئەگەر خۆی مەیلی لەسەر بێ، ئێوە دەبا و سەرلەنوێ ئی تر چێ دەکا. (٢٠) کە ئەم کارەش لەبەر خودا گران نییە. (٢١) گشت لە گشتیان لە لای خودا کۆ دەبنەوە. کەم دەستەکان بە باغرەکانیان ئێژن: ئێمە پەیڕەوی ئێوە بووین؛ ئاخۆ ئێوە پێتان دەکرێ لە سزادانی خودامان بپارێزن؟ ئێژن: ئەگەر خودا ئێمەی شارەزای ڕێ بکردایە، دیارە ئێمەش ئێوەمان ڕەگەڵ خۆ دەخست. ئێستا بۆ ھەموو لایەکمان - لەسەرخۆ بین یا بیکەین بە دادوھاوار - ھیچ دەرەتانێک نەماوە. (٢٢) لە پاش کارلەکارترازان، شەیتان دەڵێ: خوا بەڵێنی ڕاستی پێدان، منیش بەڵێنی خۆم پێدان؛ بەڵام درۆم دەگەڵ کردن. ھیچ زۆرێکیشم بەسەرتانەوە نەبوو؛ غەیرەز ئەوە گازیم کردن، ئێوە بە دەنگمەوە ھاتن. ئێوە سەرکۆنەی من مەکەن، سەرزەنشتی خۆتان بکەن؛ ناشتوانم دەفریاتان بێم؛ ھەر وەک ئێوە ناتوانن بە فریام بگەن. لەمەش کە لە پێشوودا منتان بە شەریکی خوا زانی، حاشام ھەیە. بێگومانە ئەوانەی ناھەقییکارن، ئازاری بەژانیان دەبێ. (٢٣) ئەو کەسانەش کە بڕوایان بە خوا ھەیە و ئاکارچاک بوون، بە ئیزنی پەروەرندەیان دەبرێنە ناوەند باغاتێک ڕووباریان بە بەردا دەڕوا و تاھەتایە لەوێ دەبن و ھەر بە سەلام، خۆشی و بێشی لێکتر دەکەن. (٢٤) نەودی خودا چلۆن مەسەل دێنێتەوە؟ قسەیەکی بە ڕێ و جێ، بە شەنگەدارێک دەشبھێ، ڕەگی قایم داکوتاوە و لقی لە تەشقی ئاسمانە. (٢٥) بە ئیزنی ڕاھێنەرەکەی خۆی چوار فەسڵە میوەی دەبێ. خوا نەزیلان بۆ ئەوخەڵکە دێنێتەوە، بەشکوو پەندی لێ وەرگرن. (٢٦) نەزیلەی قسەی نابەجێش وەکوو پنجێکی ناجسنە، کە لە زەمین ھەڵکەنرا بێ و ھەر خۆی نەگرێ. (٢٧) خودا لە دنیا و سەڵادا، بە قسەی پتەو بڕواداران توندوقایم دەکاتەوە. ناھەقیکارانیش لە رێگە لا دەدا. خودا چۆنی بوێ دەیکا. (٢٨) ئەدی نەت دی ئەو کەسانەی ناشوکریان لە بەرانبەر چاکەی خودادا کردەوە و گەلی خۆیان بەرەو ھەڵدێری زۆر ھەتەر ڕەتاندووە، (٢٩) لە دۆژەھا ھەڵدەچۆقێن؛ پیسترین بنکەیان ھەیە؟ (٣٠) ھاوتاشیان بۆ خوا بڕیاردا، تا [خەڵکی] لە ڕێی کلا کەن. بێژە: جارێ خۆش ڕابوێرن! چارەنووستان ئاگر دەبێ. (٣١) تۆ بە عەبدە باوەڕدارەکانم بێژە نوێژ بکەن و لەو بژیوەی بەشمان داون - پەنامەکی و بە ئاشکرا - خێرێ بکەن؛ بەرلەوە ئەو ڕۆژە دابێ کە نە کڕین و فرۆشتنێ لە گۆڕێیە و نە دۆستایەتی و ھەواڵێ. (٣٢) ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەمینی داھێناوە و لە حەواوە ئاوێکی داباراندووە، بەروبووی بژیوی ئێوەی پێ دەڕوێنێ؛ گەمیەشی داوەتە دەستوو - کە ھەر بە پێی فەرمانی ئەو - لە زەریادا بێت و بچێ و ئەم ھەموو ڕووبارانەشی بۆ ڕام کردوون. (٣٣) خۆر و ھەیڤی بۆ ئێوە خستۆتە بەرکار؛ وەستان و وچانیان نییە. ئەم شەوگار و ڕۆژگارەشی ھەر بۆ ئێوە دەستەمۆ کرد. (٣٤) ھەرچی لێتان خواستووە، پێی ڕەوا دیون. ئەگەر بێنە سەر ژماری چاکەی خودا، لە ژماردن دادەمێنن. بەڕاستی کە مرۆ گەلێ ناھەقییکار و سپڵەیە. (٣٥) کاتێ کە ئیبڕاھیم گوتی: پەروەرندەم! ھێمنایی بدە بەم شارە و من و زاروڵەکانیشم لە بتپەرستی دوورخەوە. (٣٦) پەروەرندەم! ئەو بتانە خەڵکێ زۆریان لە ڕێ لادا؛ سا ھەر کەسێ شوێن من کەوت، ئەو لە خۆمە؛ ھەر کەسێکیش لێم یاخی بوو، ئەوسا ئەتۆ خەتا بەخشێ دلۆڤانی. (٣٧) پەروەرندەی ھەموو لامان! من لە ناو شیوێکی قاقڕ، لە پەنا ماڵی پیرۆزت، یەکێ لە زارۆڵەکانم جێ کردەوە. پەروەرێنمان! بۆ ئەوە کە نوێژان بکەن. دەسا تۆش کارێ وا بکە خەڵک بە دڵ خۆشی بوێن و لە بژیویش بەشیان بدە؛ شایەتا شوکری تۆ بکەن. (٣٨) پەروەرێنمان! ھەرچی نھێنی و ئاشکرای ئێمە ھەبێ، تۆ دەیزانی و ھەرچییەک ھەیە - چ لە عەرز چ لە عاسمان - ھیچی لە خودا گوم نابێ. (٣٩) شوکرانە بۆ ئەو خودایە کە - بە پیری - ئیسماعیل و ئیسحاقی بە من بەخشیوە. پەروەرندەم نزای نزاکار دەبیسێ. (٤٠) پەروەرندەم! کارێ بکە منیش و فرزەندانیشم سوور بین لە سەر نوێژ خوێندنێ. پەروەرێنمان! دوعایەکەم قبووڵ بکە. (٤١) پەروەرێنمان! ڕۆژی ژمار کە دامەزرا، لە منیش و دای و بابم و ھەموو خاوەن باوەڕانی دیکەش خۆش بە. (٤٢) پێت وانەبێ خودا لە کردەی زاڵمان بێ ئاگایە؛ بەڵام دەیانھێڵێتەوە تا ئەو ڕۆژەی کە لەویدا ھەموو چاو مۆلەق دەوەستن. (٤٣) لە ترسانا بەلەز دەچن؛ سەروگەردنیان ڕەق بووە؛ چاوەکانیان ناترووکێنن و دڵیان بەتاڵ و حەتاڵە. (٤٤) ھەڕەشە لەو خەڵکە بکە، لەو ڕۆژە کە جزیا دەدرێن. ناھەقکاران ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! تۆ ھەر کەمێک مۆڵەتن دە ھەتا بە دەنگتەوە بین و وەشوێن پێغەمبەران کەوین. ئاخر ھەر بۆ خۆتان نەبوون کە لە پێشوو سوێندوو دەخوارد، کە ھەرگیز لە بەین ناچن؟ (٤٥) ھەر چوونە جێگەی ئەوانەش کە ناھەقییان لەخۆ دەکرد و تێش گەیشتن کە چیمان بەسەر وان ھێنا و زۆر نەزیلەشمان بۆ گوتوون. (٤٦) مەکری خۆیان دەکار ھێنا و مەکرەکەشیان لە خواوە بوو؛ ھەر چەند ئەو مەکرەی ئەو کردیان، چیاشیان پێ ھەڵدەتەکان. (٤٧) پێت وانەبێ خوا لەو بەڵێنانەی کە بە پێغەمبەرانی خۆی داوە، ھیچگا پاشگەز دەبێتەوە. خودا خاوەن دەستەڵاتی تۆڵەستێنە. (٤٨) ڕۆژێ زەمین دەگۆڕدرێت و دەبێتە زەمینێکی تر؛ ئاسمانەکانیش ھەروەھا؛ ئەوسا ھەموو دێنە بەر بارەگای خودای تاک و تەنیا و زاڵ بەسەر ھەموو شتێکا. (٤٩) ئەوێ ڕۆژێ تاوانبارەکان دەبینی بە زەنجیر جەلە کراون. (٥٠) پۆشاکیان قەترانی ڕەشە و ڕوویان ئاگر دای پۆشیوە. (٥١) ھەتا خودا ھەر کەسێکی - بە گوێرەی ئاکارێ کردی - جزیا بدا. خودا - بەلەز - بە گش حیسابان ڕادەگا. (٥٢) ئەمە جارێکە بۆ مەردم تا بەو بۆنەوە بترسن و بیشیزانن کە ئەو خوایەکی یەکتایە و تا خاوەن ئاوەزەکانیش ئامۆژگاری لێ وەرگرن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حیجر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، ڕا. ئەمانە بەڵگە و نیشانەی ئەم کتێبەن کە قورئانە و چاک و خراپ نیشان دەدا. (٢) ھیچ دوور نییە ئەوانەی خودانەناسن، ڕۆژێ بێژن: خۆزی موسوڵمان بووینایە. (٣) لێیان گەڕێ بخۆن و خۆش ڕاببوێرن و ئارەزوو سەرگەرمیان بکا؛ زۆر ناخایەنێ دەزانن. (٤) ئێمە خەڵکی ھیچ شارێکمان توونا نەکرد، مەگین پێشان دیاردەیەکیان بۆ نووسرابێ. (٥) ھیچ تیرەیەک بەر لە رۆژی خۆی نامرێ و ھەرگیز وەپاشیش ناخرێ. (٦) وتیشیان: کاورای کە ئەوشی «ئەم قورعانە بۆ من بە خەڵات ھاتووە»، بەڕاستی تۆ پیاوێ لیوەی. (٧) ئەگەر قسەکانت ڕاستن، دەی بۆ فریشتەکان ناھێنی بۆ لامان؟ (٨) ئێمە فریشتە نانێرین مەگین بە ھەق؛ جا ئیتریش قان نادرێن. (٩) مە خۆمان ئەم قورعانەمان ناردۆتە خوار، ھەر ئێمەشین دەیپارێزین. (١٠) بەرلە تۆش پێغەمبەرانمان ناردۆتە ناو کۆمەڵەکانی پێشوونە. (١١) ھیچ پێغەمبەرێک نەھات بۆ لایان مەگەر، دایانە بەر گاڵتە و تەشەر. (١٢) ئەمەش ئێمەین کە دەیخەینە دڵی تاوانبارانەوە. (١٣) بڕوایە بە مە ناھێنن و شێوەی پێشینەکانیشیان ھەر وابووگە. (١٤) تەنانەت ئەگەر دەرکێکیان لەم ئاسمانە بۆ بکەینەوە و خەریکی سەرکەوتنێ بن، (١٥) بێ شک ئێژن: ئێمە چاومان بەستراوە و دیارە جادوومان لێکراوە. (١٦) لەم ئاسمانە چەند برجێکمان ھەڵناوە و خەمڵاندوومانە بۆ ئەوانەی سەیرێ دەکەن. (١٧) ئەوانەشمان لە گش شەیتانێکی تڕۆکراو پاراست. (١٨) مەگین ئەوەی کۆڵە دەکا؛ کە ئاگرێکی ڕووناک ڕاوی دەنێ. (١٩) زەویشمان کردە ڕایەخ و کێواتیشمان ھاویشتە ناو. ھەموو جۆرە ڕووەکێکمان بە تەکووزی تیا ڕوواند. (٢٠) مایەی گوزەرانی ئێوە و بوونەوەرانی جیا لەنگۆ - کە ئێوە بژیویان نادەن - لەوێدا پێکمان ھێناوە. (٢١) گەنجینەی ھەموو شتێکیش لای ئێمەیە و ئەوەشمان ھەر بە ئەندازەی دیاری کراو ناردۆتە خوار. (٢٢) بامان ناردن ئاوس بکەن؛ لەو ھەواشە ئاومان ھەنارد و ئێوەمان پێ تێراو کرد. ناشتوانن ئەو ئاوە لە لای خۆ ڕاگرن. (٢٣) ھەرخۆمانین گیان بەخشین و گیان ئەستێنین؛ ئێمەش میراتبەری ھەمووین. (٢٤) ئاگادارین لەوانەی بەرلە ئێوە بوون. دەشزانین کێن ئەوانی لە دوای ئێوە دێن. (٢٥) پەروەرندەت ھەموویان کۆ دەکاتەوە، ھەر خۆی کارزان و زانایە. (٢٦) ئێمە مرۆمان دروست کرد، لە قوڕە ڕەشەی بۆگەنیوی ڕەق ھەڵاتوو. (٢٧) لەمەوبەریش جنۆکەمان ئافراندووە، لە ئاگرێکی بەھاڵاو. (٢٨) کاتێ پەروەرندەت بە فریشتانی گوت: وا من مرۆم لە قوڕە ڕەشەی بۆگەنیوی وشکەڵاتوو چێ کردووە؛ (٢٩) ھەرگا ڕێک و پێکم کرد و لە گیانی خۆم فووم پێدا کرد، ئێوە بۆ سوژدە بۆ بردن داوەرنەوە و دەمەوڕوو بن. (٣٠) فریشتە گش سوژدەیان برد؛ (٣١) مەگین ئیبلیس، ملی نەدا دەگەڵ سوژدەبەرەکان بێ. (٣٢) گوتی: ئەی ئیبلیس! تۆ چیتە، دەگەڵ ئەم سوژدەبەرانە سوژدە نابەی؟ (٣٣) گوتی: من چۆن سوژدە دەبەم بۆ مرۆیەک، لە قوڕە ڕەشەی بۆگەنیوی ڕەق ھەڵاتووت چێ کردووە؟ (٣٤) گوتی: سا لێرە دەرکەوە، تۆ [لە لای من] دەرکراوی. (٣٥) نفرەی خودا لەسەر تۆیە، تا ڕۆژی پێ ڕاگەیشتن. (٣٦) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! مەودام بدە تا ڕۆژێ زیندوو دەبنەوە. (٣٧) گوتی: بڕۆ، تۆ لە مۆڵەت دراوانی؛ (٣٨) ھەتا وەختی دیاری کراو. (٣٩) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ھەر چونکە تۆ گومڕات کردم، لە ڕووی زەمین خراپەیان وەھا لەبەر دەخەمڵێنم، گشتیان لە ڕێ ھەڵە دەکەم؛ (٤٠) مەگین عەبدە دڵ و دەروون پاکەکانت. (٤١) گوتی: ئەمە ڕێگەی ڕاسی بەرەو منە. (٤٢) عەبدانی من - جیا لەوانەی شوێن تۆ کەوتوون و گومڕا بوون - لەوانە نین تۆ بتوانی دەرۆستیان بێی. (٤٣) جەحەندەمیش جێژوانێکی ھەمووانییەو، (٤٤) حەو درگای ھەس. بۆ ھەر درگایەک لەمانە پاژێکی لێ بەش کراوە. (٤٥) پارێزگاران لە باغات و کانیاوانن. (٤٦) بچنە ژوورە و بە ھێمنی و خاترجەمی. (٤٧) ھەر کینەیەک لە سینەیان بوو، دان ماڵی. دەبنە براو لە بان تەختان ھەموویان ھەمبەر بە یەکن. (٤٨) لەوێدا نەماندوو بوونە و نە ھەرگیز لێی دەردەکەون. (٤٩) خەوەر بدە بە عەبدانم، کە ھەر خۆمم لە گوناھان دەبوورم و دلۆڤانم. (٥٠) جەزرەبەشم زۆر بەژانە. (٥١) باس و خواسی میوانانی ئیبڕاھیمیشیان بۆ بێژە. (٥٢) کاتێ لێی چوونە ژوورەوە و گوتیان: سەلام. گوتی مە لێتان دەترسین. (٥٣) گوتیان: ترست ڕێ نەنیشێ؛ ئێمە مزگێنیت ئەدەینێ تۆ کوڕی زۆر زانت دەبێ. (٥٤) گوتی: منێکی ھێندە پیر، بە چیم مزگێنی دەدەنێ؟ (٥٥) گوتیان: ئەو مژدەی پێماندای، ڕاستە و دەبێ و لە ھەیڤی بڕاوان مەبە. (٥٦) گوتی: کێ لە بەزەیی خودا بێ ھومێدە، مەگین لە ڕێ لادەرەکان؟ (٥٧) گوتی: ئێوە ڕاسپاردەکان! کارتان چییە؟ (٥٨) گوتیان: ئێمە بۆ سەر گەلێکی تاوانبار ناردراوین. (٥٩) مەگین خاوخێزانی لووت، کە ھەمویان ڕزگار دەکەین. (٦٠) غەیرەز ژنی، کە بڕیارمان داوە دەبێ جێ بمێنێ. (٦١) کاتێ کە ڕاسپاردەکان بوونە میوانی ماڵی لووت، (٦٢) گوتی: ئێوە کەسانێکن ناتان ناسین. (٦٣) گوتیان: بەڵام ئێمە شتێکمان ھێناوە، کە ئەوانە لێی دوودڵ بوون. (٦٤) ڕاستیمان بۆ تۆ ھێناوە و ئێمە دیارە درۆ ناکەین. (٦٥) کە چەند بەتڵێک لە شەو بووری، تۆ خاوخێزانت بەرە و، خۆت لە دوایان وەڕێ کەوە. کەسیش ئاوڕ نەداتەوە، بۆ کوێتان ڕێ نیشان دەدرێ، بۆ وێ بچن. (٦٦) نووک و بەدی کارەکەمان لە پێش دانا؛ کە لە دەمی بەیان بەر بوون ئەمانە دوابڕاو دەبن. (٦٧) خەڵکی شاریش - وەھەلھەلە کێشانەوە - پەیایان بوو. (٦٨) گوتی: ئەوانە میوانمن، ڕوو زەردی ئەوانەم مەکەن. (٦٩) ترستان لە خودا ھەبێ و ئابڕووم مەبەن. (٧٠) گوتیان: ئەدی پێن نەوتووی نابێ کەس تخوونت کەوێ؟ (٧١) گوتی: ئەوا کیژەکانم، چیتان دەوێ وەرن دەگەڵ وانی بکەن. (٧٢) دەبەگیانی خۆت سوێندە کە، ئەوانە لەبەر سەرخۆشی، سەرگەردان بوون. (٧٣) دەگەڵ گزینگی ھەتاوێ شریخە و گرمە گرتنی. (٧٤) ھەموومان ژێروڕوو کرد و بارانێکمان لە کەستەکێ - کە ببووە بەرد - لەسەر ئەمانە داباراند. (٧٥) بەراستی لەم ڕووداوەدا زۆر بەڵگە ھەن بۆ ئەوانەی کە وشیارن. (٧٦) ئێستاش شوێنەواری ئەوان لەسەر ڕێکی ئاوەدانە. (٧٧) ئا لەمەدا نیشان زۆرن بۆ ئەوانەی بەباوەڕن. (٧٨) خاوەنانی بێشە و داریش ھەروا لەسەر ناھەقی بوون. (٧٩) تۆڵەن لەوانیش کردەوە؛ کە ھەر دووکیان وان لەسەر کاروانەڕێیە. (٨٠) خەڵکی «حیجر» یش پێغەمبەرەکانی خۆیان بە درۆزن لە قەڵەم دا. (٨١) نیشانەی خۆشمان بۆ ناردن، کە ھیچیان لێ نەسەلماندن. (٨٢) لە کاواندا خانووگەلێکیان دەتاشی، ھەتا لێیان ئارخەیان بن. (٨٣) تا لەبەرە بەیانێکدا شریخە و گرمە گرتنی. (٨٤) ھەرچی پەیدایان کردبوو ھیچ بەھرەیەکی بۆ نەدان. (٨٥) ئاسمانەکان و زەوین و ھەرچی لە ناو ئەو دووانەیە، بۆ ڕاستیمان وەدی ھێنان. ڕۆژی قیامەتیش ھەر دادێ؛ سا تۆ گەرەک چاوپۆشی بکە بە پیشە و چاوپۆشیت بێ گازندە بێ. (٨٦) بێ گومان بە، ھەر پەروەرندەت وەدی ھێنی زانایە. (٨٧) ئێمە حەو نیشانەکانی فاتیحامان داوە بە تۆ و قورئانی گەورەش ھەروەتر. (٨٨) چاوت مەدە سەر ئەو شتەی کە داومانە بە دەستەگەلێ لەوانە و خەمیان مەخۆ؛ تۆ ھەر باوەڕدارەکان بخە ژێر باڵت. (٨٩) بێژە: من ترسێنەری ڕوون کەرەوەم. (٩٠) ھەروەک ئەوەی ھەناردمان بۆ بەشکەرەکان؛ (٩١) ئەو کەسانەی قورئانیان دابەش دابەش کرد. (٩٢) سوێندەکە بە پەروەرندەت، لە ھەمووان دەپرسینەوە. (٩٣) بۆ ئەو کارانەی دەیانکرد. (٩٤) ھەر فەرمانێک بە تۆ دەدرێ، ئاشکرای کە و لە بتپەرستان واز بێنە. (٩٥) ئەو کەسانەی گاڵتەی خۆیان بە تۆ دەکرد، ئێمە لێخەتمان کردنەوە. (٩٦) ئەو کەسانەی - وێڕای خودا - شتی تریش دەپەرستن، لە دواییدا لێی تێدەگەن. (٩٧) ئێمە ئاگامان لێ ھەیە کە تۆ لە گفتی ئەمانە دڵتەنگ دەبی. (٩٨) سا ھەر شوکری پەروەرندەی خۆت لە بیر بێ و لە ڕێزەی سوژدەبەران بە. (٩٩) پەروەرندەت بپەرستە تا ئەو کاتەی کە شتە بێ گومانەکەت لێ ڕوودەدا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەحل وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەوا فەرمانی خودا ھات، پەلەی مەکەن. خودا پاکە و گەلێک لەوە بەرزترە کە بێژن ھاوکاری ھەیە. (٢) فرشتەکان وێڕای وەڵامەکانی ئەو - بەپێی فەرمانێ کە ئەیدا - دەنێڕێتە خوارێ بۆ لای ھەر کەسێ لە عەبدەکانی کە خۆی حەز کا؛ گەفان لە خەڵکەکە بکەن کە: ھیچ شتێ شیاوی پەرستنێ نییە جگە لە خۆم؛ دەبێ ھەر لە خۆم بترسن. (٣) ئەم عاسمانانە و زەوینەی ھەر بۆ ڕاستی داھێناوە. بەرزترە و دوورە لەوەی ئەوان دەیکەن بە شەریکی. (٤) بنیادەمی لە تنۆکێک بەرھەم ھێنا؛ کەچی بۆتە دوژمنێکی بە ئاشکرا. (٥) وڵساتیشی ھەر بۆ ئێوە بەرھەم ھێنا، کە گەرمایی و بەھرەیان بۆ ئێوە تێدا و لێشیان دەخۆن. (٦) لاتان جوان و ڕازاوەن، کاتێک دەیانبەن بۆ لەوەڕ و کاتێکیش دەیانھێننەوە. (٧) گرانبارتان ڕادەگوێزێ بۆجێگەی وا کە بۆ ئێوە زۆر دژوار دەبوو بیگەنێ. پەروەرندەت زۆر دڵسۆز و دلۆڤانە. (٨) ئەسپ و ئێستر و کەریشی، ھەم بۆ سواری ھەم بۆ خۆ بە جوان ڕانانی ئێوە چێ کرد. شتی وەھاش دروس دەکا کە نایزانن. (٩) خودا ھەر ھێندەی لەسەرە ڕێگەی ڕاست دەست نیشان بکا. ڕێگەی خێچ و خواریش ھەیە. ئەگەر بۆ خۆی بیویستبا، ھەمووتانی دەخستە سەر ڕاستەڕێیە. (١٠) ھەر خۆیەسی لەم حەوایە ئاوێکی بۆ داباراندن کە ئێوە لێی ڤەدەخۆن و ڕووەکیشی پێ شین دەبێ و لەو ڕووەکە، وڵساتەکانوو دەچەرن. (١١) ھەر بەو ئاوە چاندەمەنی و زەیتوون و ڕەز و دارخورماو بۆ دەڕوێنێ و گش بەروبۆتان پێدەدا. ئەمە زۆر بەڵگەی تێدایە بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن. (١٢) شەو و ڕۆژی بۆ ڕام کردن؛ ھەیڤ و خۆر و گش ھەسارەش ملکەچی فەرمانی ئەون. لەمەشدا زۆر نیشانە ھەن بۆ کەسانێ کە تێدەگەن. (١٣) لەم زەمینەش گەلێ شتی ڕەنگاوڕەنگی بۆ ئێوە وەدی ھێناوە؛ لەمەدا نیشانە ھەیە بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن. (١٤) ھەر ئەویشە زەریای خستۆتە بەردەستوو کە گۆشتی تازەی لێ بخۆن؛ خشڵیشی لێی بێننە دەرێ و بە خۆتانیەوە ھەڵواسن. ئەوا دەبینی کە گەمیەش سنگی دەریا دەقەڵێشن؛ تا چاکەی ئەوتان دەس کەوێ و بەشکوو شوکرانە بژێر بن. (١٥) کێوە ھەڵەمووتەکانی لەم زەمینە کردە لەنگەر، ھەتا ئێوە نەلەرزێنێ و چۆم و ڕێبازیشی شاندان، تا ئێوە ڕێو بدۆزنەوە. (١٦) نیشانەگەل دیکەش ھەن و بە ئەستێرەش ڕێ دەردەکەن. (١٧) ئاخۆ کەسێ لە چێ کردنێ وەستایە، چلۆن وەک ئەو کەسە وایە، لەو بارە چی لە دەس نایە؟ ئاخۆ ئێوە پەند ناگرن؟ (١٨) ئەگەر ھەرچی چاکەی خودایە بژمێرن، لە ژماردن دواییو نایە. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٩) ھەر شتێکی وەیشێرن و ھەرچی ئاشکراشی بکەن، خودا دەیزانێ. (٢٠) ئەو شتانەش کە ھانایان پێ دەبەن و غەیرەز خودان، لیان نایە ھیچ دروس کەن؛ ھەر بۆ خۆشیان دروس دەکرێن. (٢١) مردووێکن گیانیان بە بەردا نەکراوە؛ ھەستیش ناکەن کەنگێ زیندوو دەکرێنەوە. (٢٢) خودای ئێوە ھەر یەکێکە. ئەو کەسانەی بڕوایان بە دواڕۆژ نییە، دڵەکانیان دژباوەڕن و خۆشیان ھەر بە زل دەزانن. (٢٣) بێ گومانە خوا دەزانێ چی لە خودا دەشارنەوە و چی دەردەخەن. خودا لە خۆبەزل زانان خۆشی نایە. (٢٤) ھەرگایەکی لێیان پرسی: پەروەرێنتان کام مەبەستی ناردۆتە خوار؟ ئێژن: چیرۆکی پێشینان. (٢٥) دەسا با ڕۆژی قیامەت باری تاوانی خۆیان و ئەو کەسانەش ھەڵگرن کە بە بێ زانست، ئەوان لە ڕێان لا دەدەن؛ ئای چەند بارێ نالەبارە! (٢٦) ڕاستت دەوێ ئەوی لە پێش ئەمانەش بوون، دەھۆباز بوون. خودا دام و دەزگایانی لە ھیمەوە ھەڵتەکاند و میچیشیان بەسەردا ڕما و لە شوێنێکەوە ئازاریان بۆ داباری، کە ھەر ھەستیشیان پێ نەکرد. (٢٧) پاشان لە ڕۆژی سەڵاشدا ئابڕویان پێوەناھێڵێ و دەڵێ: لەکوێن ئەو شەریکانەم کە ئێوە کێشەتان لەسەردەکردن؟ ئەوانەی ئەھلی زانستن، ئێژن: ئەمرۆ ئابڕووچوون و بەدبەختی خوانەناسانە. (٢٨) ئەو کەسانەی کە پێ مێردی خودا گیانیان لێ دەستێنێ و ستەمیان لە خۆ کردووە، مل ڕادەکێشن و ئێژن: چی خراپن نەکردووە؛ بەڵێ، خودا خۆی دەزانێ کە ئێوە ئاکاروو چۆن بوو. (٢٩) سا لە دەرگای دۆژەھەوە بچنە ئەودیو، تاھەتایە ھەر لەوێ بن. ئای کە جێی بادی ھەوایان ناھەموارە. (٣٠) لە پارێزگاران دەپرسن: پەروەرندەو چی بە خەڵات ناردە خوارێ؟ ئێژن: ھەرچی ھەرە باشە. بۆ ئەوانەی لە دنیا خاوەن چاکە بوون، چاکە ھەیە و دیارە بارەگای ئەو دنیاش باشترە و ئای کە ماڵی لە خوداترسان چەند خۆشە! (٣١) دەڕۆنە ناو باغاتێکی وا کە ھەرگیز لە بەین ناچێ؛ جۆباریان بەبەردا دەڕوا؛ چی ئارەزوو کەن تیایە. خودا ئاواینە پاداشی خۆپارێزان دەداتەوە. (٣٢) ئەو کەسانەی فرشتە گیانیان دەکێشێ و چاک و پاک لە دنیا دەڕۆن؛ ئێژن: سڵامی خواو لێ بێ و لەباتی کردەوەکانتان دە بچنە ناو بەھەشتەوە. (٣٣) ئاخۆ ئەو خوانەناسانە غەیرەز ئەوە کە فریشتان بێنە لایان، یان فەرمانی پەروەرندەتیان پێ بگا، چاوەنۆڕێکی تریان ھەس؟ پێشینەکانی ئەمانەش ھەر ئەم ئاکارەیان ھەبوو. خوا ناھەقیی لێ نەکردن؛ بەڵام ھەر خۆیان ناھەقییان لە خۆیان کرد. (٣٤) سزای ئاکاری خراپیان ھاتە ڕێیان؛ ئەو شتەی گاڵتەجاریان بوو ئابڵۆقەی دان. (٣٥) ئەو کەسانەی شەریکیان بۆ خوا پەیدا کرد، گوتیان: ئەر خوا مەیلی لێ با، نە ئێمە و نە باب و کاڵمان، غەیرەز خۆی چن نەدەپەرست؛ ھیچمان بێ فەرمانی ئەومان بە ناڕەوا نەدەزانی. ڕابردووەکانی ئەوانەش ھەر ولۆبوون. پێغەمبەران جگە لە ڕاگەیاندنی بە ئاشکرا، چی دیکەیان لەسەر ھەیە؟ (٣٦) بۆ ناو ھەموو کۆمەڵەیەک پێغەمبەرێکمان بەڕێ کرد، کە خودا بپەرستن و لە شەیتان دوورەپەرێز بن. بازێ لەوان خودا خۆی شارەزای کردن؛ ھێندێکیشیان گومڕایی بە بەژنیان بڕا. دە لەسەر ئەرز بگەڕێن و تواشا کەن چارەنووسی پێغەمبەر بە درۆزن زانان بە کوێ گەیشت. (٣٧) ھەرچەندە ھەوڵ بۆ شارەزابوونیان بدەی، گومڕایەکان، خوا ڕێگەیان نیشان نادا و کەسیش دەھانایان نایە. (٣٨) بە سوێندەوە ڕەش بوونەوە، کە: وەخودا، خودا کەسێکی کە دەمرێ، تازە زیندووی ناکاتەوە. ھەر بەڵێنێ خودا بیدا، ھەر دێتە جێ؛ بەڵام زۆربەی ئەو مەردمە دەوەناگەن. (٣٩) تاکوو خودا ئەو شتەی وا ئەوان کێشەیان لەسەر کرد، ئاشکرا کا و با خوانەناسان تێبگەن کەئەوان درۆیان دەکرد. (٤٠) مە ھەرچییەک بمانەوێ پەیدا ببێ، ھەر ھێندەیە کە پێی بێژین: ببە؛ دەبێ. (٤١) ئەو کەسانەی لەبەر زوڵمێ تەرەبوون و ئاوارەی ڕاھی خودا بوون، لەم دنیایە جێگەیێ باشیان ئەدەینێ و ئەگەر بۆ خۆیان بیزانن، پاداشی ئەولاش باشترە. (٤٢) ئەو کەسانەی خۆڕاگر بوون و خۆیان ھەر بە خودا ئەسپارد. (٤٣) لە پێش تۆشدا ھەر کەسێکمان بە پێغەمبەری ناردووە - ئیللان و بیللان - پیاو بووە و بە فرشتەدا فەرمانی خۆمان بۆ ناردوون. ئەگەر ئێوە نەوزانیوە، سا لەو کەسانە بپرسن، کە کتێبیان خوێندۆتەوە. (٤٤) بە بەڵگە و نیشانانەوە و بە پەڕەنووسراوانەوە [ئەوانمان نارد]. وا بۆ تۆش ئەم کتێبەن نارد. تا خەڵکی لێ تێبگەیێنی شایەتا بیر بکەنەوە. (٤٥) ئاخۆ ئەوانەی بە فێڵبازی خەریکی بەدفەڕی بوون، ئارخەیانن کە خوا نوقمی عەرزیان ناکا، یان لە شوێنێکەوە - کە ھەر بیریشی لێ ناکەنەوە - ئازارێکیان بۆ نابارێ؟ (٤٦) یان لە ڕێی ھاتوچۆیاندا دەگیریان خا و نەتوانن خۆیان دەرباز کەن؟ (٤٧) یان کاتێ کە تووشی ترسن، بیانگرێ؟ سا ھەر پەروەرندەی تۆیە وا دڵسۆز و دلۆڤانە. (٤٨) داخوم بە چاو نەیاندیگە، کە ھەرچێ خوا دایھاوردگە، سێوەریان بە ڕاس و چەپا - بە ملکەچی - سوژدە بەرەو خوا ئەوەن؟ (٤٩) ھەرچی لە ناو ئاسمانان و ھەرچی لە ناو زەویندا بزاوی ھەیە و فریشتانیش، سوژدە بۆ خودا دەبەن و باغریش نین. (٥٠) ترسیان ھەیە لە پەروەرندەی بان سەریان؛ ھەر فەرمانێکی بۆیان بێ، بە جێی دێنن. (٥١) خوا وتوویە: با دوو پەرستووتان نەبێ، پەرستوو تەنیا یەکێکە و ئەشێ ھەر لە من بترسن. (٥٢) ھەرچیش لە ئاسمانەکان و زەویندا ھەن، ھەر ھی ئەون و دینی ھەمیشەییش ھەر تایبەتی ئەوە. ئاخۆ دەبێ لە غەیرەز خودا بترسن؟ (٥٣) ھەر بەھرەیەک ڕوو تێدەکا لە خواوەیە؛ پاشان ئەگەر چورتمێکیشتان بەسەر دێ، بەرەو ئەو دەلاڵێنەوە. (٥٤) لە دوای ئەوە بەڵاشی لەسەر لابردن، ھێشتا کۆمەڵێک لە ئێوە شەریک بۆ پەروەرندەی خۆ پەیدا دەکەن. (٥٥) ھەر تا ھەرچی پێمان داون حاشای لێ بکەن. سا ڕای بوێرن، زۆر ناخایەنێ تێدەگەن. (٥٦) لەو بژیوەش کەپێمان دان، بەشێکی دەدەن بەوانەی کە ھیچ قازانج و زیانیان لێ نابینن. سوێند بە خودا، لەسەر درۆ ھەڵبەستنوو لێ پرسینەوەتان دەبێ. (٥٧) کیژان بۆ خودا دادەنێن - کە ئەو لەو شتانە پاکە - بۆ خۆشیان چی ئارەزوو کەن. (٥٨) ھەر کاتێکیش مژدەی کچێ بۆ یەکێک لەمانە بچێ، ڕوخساری ڕەش ھەڵدەگەڕێ و لەبەر خۆی پیش دەخواتەوە. (٥٩) لە مەینەتی ئەو ھەواڵەی پێیدراوە، لە ھۆزی خۆی تەرە دەبێ؛ ئاخۆ بە سووکایەتی بە خێوی بکا، یان دەناخی ئاخی ڕاکا؟ ئای چەند خراپ پێ ڕادەگەن! (٦٠) ئەم کردەوە خراپانە ھی وانەیە، کە باوەڕیان بە ڕۆژی سەڵایە نییە. نموونەی باشترین ئاکار، لای خودایە و ھەر خۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٦١) ئەگەر مەردم لەسەر ناھەقی کردنیان خوداگیر بان، لەم سەرھەدە جووقەواریان لێ بڕا بوو؛ بەڵام دەیانھێڵێتەوە ھەتا ڕۆژی دیاری کراو؛ ئەگەر ئەو دەمەش وەختی ھات، نە تاوێک وەپێشیان دەخا، نە دەشکرێ بمێننەوە. (٦٢) ھەر شتێ پەسندی ناکەن، لایان وایە ھی خودایە؛ زمانی فێرە درۆشیان چاکەی دەداتە پاڵ خۆیان. بێ گومانە بەشی ئەمانە ئاگرە و بۆ لای ئەوەش دەدرێنە بەر. (٦٣) سوێند بە خودا، بەرلە تۆش پێغەمبەرانمان بۆ سەر گەلان بەڕێ کردن. شەیتان کردەوەکانیانی بۆ خەمڵاندن؛ کەوا ئەمرۆش دۆستی نزیکی ئەمانە، ھەر شەیتانە و بەشیان ئازاری بەژانە. (٦٤) ھەر بۆیە ئەم کتێبەمان ئەڕای تۆ ھەناردە بەرۆ، کە بەکێشەی نێوان ئەمانە ڕابگەی و ڕێشاندەر و بەزەیی بێ بۆ کەسانی خاوەن باوەڕ. (٦٥) خوا ئاوی لە حەوایەوە داباراند؛ زەوی مردووی پێ ژیاندەوە. کە لەمەدا بۆ ئەوانەی گوێ بیس دەبن، نیشانەیە. (٦٦) لە وڵساتیشا بۆ ئێوە پەندێک ھەیە: لە ناو سکیان، لە نێوانی ڕیخ و خوێنڕا، شیرێکی پاک و ڕەوانوو دەرخوارد ئەدەین، بۆ ئەوانەی وەخۆرەوەن گۆارایە. (٦٧) لە بەرھەمی دارەخورما و ڕەزەکانیش، سەرخۆش کەرە و بژیوی باش ڕەنێو دێنن. لەمەشدا نیشانە ھەیە بۆ ئەو کەسانەی تێدەگەن. (٦٨) خوا مێشەنگوینی ڕائەسپارد، کە: لە کاوان و داران و ئەو شوێنی ھەڵیدەبەستن، شوێنی ژینی خۆت ھەڵبەستە. (٦٩) پاشان لە گش بەروبوو بژیوت بمژە؛ ئیتر - بە ملکەچی - ڕێگەی ڕاھێنەری خۆت بگرەبەر. لە دەروونی تراوێکی ھەمەڕەنگە دێتە دەرێ؛ مفای بۆ مەردم تێدایە؛ کە لەمەشدا بۆ کەسانێ ڕادەمێنن، نیشانەیە. (٧٠) خودا ئێوەی ھەر لە نەبوو دروس کرد و پاشان گیانوو لێ دەستێنێ. تێتاندایە دەبێتە پیری زەمینگیر، تا لەپاش زانینی زۆر شت ھیچ شتی لە بیر نەمێنێ. خودا زانایە و توانایە. (٧١) خودا ڕۆزی ھێندێکتانی لە ھێندێکان پتر داوە. ئەوی پتریان پێدراوە، بەشی ژێردەستانی خۆیان نادەنەوە؛ کە لەوەشدا وەکوو یەکن. ئاخۆ ئێوە لە بەھرەی خوا حاشا دەکەن؟ (٧٢) خودا ھەر لە جسنی خۆتان جووتەی دانێ؛ لە ھاوجووتان کوڕ و نەوەی پێ بەخشیون و ڕۆزی پەسندی پێداون. چۆن بڕوایان بەو ھیچ و پووچانە ھەیە و لە بەھرەی خوا حاشا دەکەن؟ (٧٣) غەیرەز خودا، شتی وەھا دەپەرستن کە لە ناو عەرز و عاسماندا ھیچ بژیوێ شک نابەن کە بیاندەنێ و ھەر ناشتوانن. (٧٤) ئێوە نەزیلان بۆ خودا مەھێننەوە؛ خودا ھەموو شت دەزانێ و ئێوەن کە ھیچێک نەزانن. (٧٥) خوا نەزیلێک دێنێتەوە: بەنیەک ھەیە ھیچ کارێکی لە دەس نایە؛ کەسێکیش ھەس بژیوی باشمان داوەتێ، بە نھێنی و بە ئاشکرا بەختی دەکا؛ ئاخۆ وەکوو یەک دێنەوە؟ سوپاس ھەر شایانی خوایە؛ بەڵام زۆربەیان نەزانن. (٧٦) ئەمەش بە نەزیلە دێنێ: دوو مرۆ ھەن؛ یەکیان لاڵە و ھیچ کارێکی لە دەس نایە و سەرباری ئاغای خۆیەتی و بۆ ھەر کوێەکی بینێرێ، ھیچ بەھرە ناھێنێتەوە؛ لەل ئەو کەسەی فەرمان بۆ یەکسانی دەدا و خۆیشی لەسەر ڕاستەڕێیە، چۆن چون یەکن؟ (٧٧) ھەر پیوارێ لە ئەرز و ئاسماناندایە، بۆ خودایە. ھاتنی ڕۆژی سەڵایەش وەک چاوترووکانێ وایە؛ یا نزیکتر. خوا ھێزی بەسەر ھەموو شتدا دەشکێ. (٧٨) خودا ئێوەی لە پزدانی دایکتانەوە وەدەرخست؛ کەچی ھیچوو نەدەزانی. چاو و گوێچکە و دڵی دانێ، بەشکوو شوکرانەبژێر بن. (٧٩) ئاخۆ پەلەوەر نابینن، کە لە تەشقی عاسمانێ ڕام کراون؟ غەیرەز خوا کێ ڕایاندەگرێ؟ کە لەمەدا نیشانەن بۆ باوەڕداران. (٨٠) خودا خانووی بۆ چێ کردوون کە تێاندا بسێنەوە. ئەنواشی لە پێستی وڵسات بۆ ساز داون کە لە ڕۆژی کۆچ کردنا و لە کاتی مانەوەشتانا، سووک بێ بۆتان. لە ھریش و لواو موویان، کەل پەلی پێویستی ماڵ و کاڵا ھەیە لە ماوەی گوزەرانوودا. (٨١) خوا لەوەی خوڵقاندوویەتی، نسێ زۆری بۆ ئێوە وەدی ھێناوە و لە کێوانیش پەسیوی بۆ چێ کردوون و جل و بەرگێکیشی بۆتان ساز داوە کە لە کاتی شەڕ و گەرمادا دەوپارێزێ. ئاوا خودا بەھرەگەلی خۆی بۆ ئێوە تەواو دەکا؛ بەڵکوو گوێ بە فەرمانی بن. (٨٢) ئەگەر ھەر ڕوویان وەرچەرخاند، ڕاگەیاندنی ئاشکرا، لەسەر تۆیە و ھیچی تر نا. (٨٣) بە بەھرەی خودا دەزانن؛ کەچی حاشای لێ دەکەن و زۆربەیان ئەمەگ نەناسن. (٨٤) ڕۆژێ کە لە ھەر کۆمەڵێک یەکێ بۆ شایەتی دێنین، ئەوسا ئیزنی [ئاخافتن] بە خودانەناسان نادرێ و عوزریشیان لێ ناپەزێرن. (٨٥) ھەرگا ئەوانەی ناھەق بوون، ئازار و جەزرەوەیان دی؛ نە لێیان سڤکتر ئەکرێ و نە ھیچ وچانیان پێ دەدرێ. (٨٦) ئەو کەسانەی دەیانوت: خوا شەریکی ھەن، ھەرکە چاویان بە ھاوبەشەکانیان کەوت، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەمانەن ھاوبەشەکانمان کە جیا لە تۆ ھانامان ئەبردە بەریان. ئەمانە لە جواویانا ئێژن: ئێوە دەرەوان دەبێژن. (٨٧) ئیتر ھەر لەوێ ڕۆژێدا ناچار دەبن ملکەچی فەرمانی خوا بن. ئەوەش کەوا ھەڵیان دەبەست، ھەموو بەفێڕۆ دەردەچێ. (٨٨) ئەوانەی خوایان نەناسی و ڕێگەی خوایان بەربەست ئەکرد، لە جەزای ئەو بەدفەڕیەدا کە دەیانکرد - قات لەبان قات - ھەر ئازاریان پتر دەکەین. (٨٩) ڕۆژێ کە لە ناو ھەر گەلێ یەک لە خۆیان بە شایەت ڕاست دەکەینەوە، تۆ شایەتی ئێمەی بە سەر ئەمانەوە. ئەم کتێبەشمان بۆ ناردووی، ھەموو شت ڕوون دەکاتەوە و ڕێنوێنی و دلۆڤانی و مژدەیە بۆ موسوڵمانان. (٩٠) خوا بە عەداڵەت و چاکە و بەخشین بە خزم و کەسوکار، فەرمان دەدا و ڕێ نادا بە ئاکاری پیس و خراپە و دەسدرێژی. ئامۆژگاریتان لێدەکا بەشکوو پەندی لێ وەرگرن. (٩١) ئەو پەیمانەش کە دەگەڵ خودای دەبەستن، بە جێ بێنن. سوێندەکانیشوو مەشکێنن؛ پاش ئەوەی کە لێ بڕاون پێکیان بێنن و خوداتان بە چاودێری خۆتان داناوە. دیارە خودا ھای لە کردەوەتان ھەیە. (٩٢) نەچن وەک ژنەکە بکەن، کە ڕیسەکەی - لە پاش کرژی - خاو کردەوە و پس پسی کرد، سوێندەکەتان بکەنە ھۆی فریودانێ؛ بەو بەھانەی فڵانەگەل لە گەلێ تر باوخۆشترن. دیارە خودا بەمە تاقیو دەکاتەوە؛ تا لە ڕۆژی قیامەتیشدا بۆتانی ڕۆشن بکاتەو، لەسەرچی پێک نەدەھاتن. (٩٣) ئەگەر خودا کەیفی لێ با، گش دەیکردن بە ھاو ئایین؛ بەڵام کەسێ خۆی حەز بکا، گومڕای دەکا و لە کێش حەز کا، دەیخاتە سەر ڕاستەڕێیە. دیاریشە لێتان دەپرسن کە ئێوە چیتان کردووە. (٩٤) بە سوێندانوو یەکتری لە خشتە مەبەن؛ نەکا پاتان پاش پتەو بوونی بخلیسکێ و لەبەر ڕێگەی بەرەو خودا بەستنیشتان، تامی بەڵا بچێژن و جەزرەبەی زۆروو لەسەر بێ. (٩٥) پەیمانی خوا بە نرخی ھندک مەفرۆشن؛ گەر تێبگەن، ئەوی لە جەم خوا ھەیە زۆر باشترە. (٩٦) ئەوەی ئێوە لە لاتانە لە بەین دەچێ؛ ئەوی لە لای خودا ھەیە، ھەر دەمێنێ و ئەو کەسانەی خۆڕاگر بوون، لە بەرانبەر کردەوەیان - بە زیادەوە - بۆیان تێھەڵدێنینەوە. (٩٧) ھەر کەسێ کرداری باشە و بەباوەڕە - چ نێر، چ مێ - ھەتا دەژی وادەکەین بە خۆشی بژی؛ دیاریشە باشتر لەوەی وا کردوویانە، ئێمە پاداشیان دەدەینێ. (٩٨) کاتێ قورئانێ دەخوێنی، ھەر پەنا بە خودا بەرە لە شەیتانی تڕۆکراو. (٩٩) ئەو ھیچ زۆرێکی نییە بەسەر وانەوە کە بوونە خاوەن باوەڕ و خۆیان بە پەروەرندەیان ئەسپاردووە. (١٠٠) ئەو ھەر بەسەر ئەوانەدا دەستی دەڕوا، کە خۆیان کردۆتە دۆستی و شەریک بۆ خودا پەیدا دەکەن. (١٠١) ھەرگا ئێمە بەڵگەیەکمان بە بەڵگەیێ تر وەگۆڕی - خوداش خۆی چاکتر دەزانێ چی دەنێرێ - ئێژن: خۆت ھەڵت بەستووە. نا وا نییە! ئەوان زۆربەیان نازانن. (١٠٢) بێژە: گیانە پیرۆزەکە، بەڕاستی لە پەروەرندەتڕا ھێناویە؛ ھەتا خاوەن باوەڕەکان دڵنیا کا و ڕێشاندەر و مژدە بێ بۆ ئەو کەسانەی موسوڵمانن. (١٠٣) ئێمە ئەوە باش دەزانین ئەوان ئێژن: بنیادەمێ فێری دەکا. ئەو کەسەی ئەو نیازیانە لە عارەبیدا کۆڵیە و ئاشکراشە کە زمانی ئەم قورئانە بە عارەبییەکی ڕەوانە. (١٠٤) ئەو کەسانەی بە بەڵگەکانی خودایی باوەڕ ناکەن، خودا شارەزایان ناکا و جەزرەبەی بەژانیان دەبێ. (١٠٥) ھەر ئەوانە درۆ بە دەم خواوە دەکەن، کە بە بەڵگەکانی خودا باوەڕ ناکەن. ھەر بۆ خۆشیان درۆزنن. (١٠٦) ھەر کەس بڕوای بە خودا بووبێ و لە پاشان حاشای لێ بکا، [سزا دەدرێ] مەگین کەسێ ناچار کرێ و لە باوەڕی دڵنیا بێ. بەڵام کەسێ بە حاشاکەی دڵی خۆش بێ، بەر تووڕەیی خوا کەوتوون و ئازاری زۆر دژوار دەدرێن. (١٠٧) چون ئەمانە گوزەرانی سەر دنیایان لە دواڕۆز پتر خۆش دەوێ؛ دیارە خوداش گرۆی خودانەناسان شارەزا ناکا. (١٠٨) ئەمانە ھەر ئەو کەسانەن خودا مۆری بەسەر دڵیانەوە ناوە و چاوی بێ سۆ و گوێی کپ کردوون؛ ئەمانەن بێ ئاگایەکان. (١٠٩) دیاریشە لە قیامەتێدا ھەر ئەوانن زیانبارن. (١١٠) جا ئەوسا کە پەروەرندەت، لەوانە وا پاش ئەو ئەزموونە سەختانە، زێدی خۆیان بە جێھێشت و چوونە خەزا و خۆڕاگر بوون، پەروەرندەت - پاش ئەمانە - دیارە لەوانە دەبوورێ و دلۆڤانە. (١١١) لەو ڕۆژەدا کە ھەر کەسێک ھەر تەنیا کێشەی خۆیەتی و ھەر کەس بە پێی کردەوەی خۆی، پاداشی تەواو وەردەگرێ و ھیچ ناھەقیان لێ ناکرێ. (١١٢) خوا شارێکی نەزیلە ھێناوەتەوە، کە زۆر ھێمن و بێوەی بوون؛ لە ھەموو ئاقارێکەوە فرە بژیویان بۆ دەھات؛ کەچی لەم ھەموو چاکەیەی کە خودا دەربارەی کردن، حاشایان کرد. لە بارتەقای ئەو کردارەی کە دەیانکرد، خودا دەبەرگی برسێتی و ترسی پێچان. (١١٣) پێغەمبەرێک ھەر لە خۆیان ھاتە لایان، ھەموو بە درۆزنیان زانی. جا چونکە ھێندە ناھەق بوون، ھەموو تووشی تووشی ھاتن. (١١٤) لەو بژیوەی خوا پێی داون، بخۆن، حەڵاڵ و زەڵاڵە و ھەر شوکرانە بژێری بەھرەکانی بن؛ ئەگەر ھەر ئەو دەپەرستن. (١١٥) خودا تەنیا ھەر پارێزی بۆ داناون لە مردار و گۆشت بەراز و خوێن و ھەرچی ناوی غەیرەز خوای لێ دێنن. کێش ناچار بوو، ھەر ئەوەندەی تێری بکا و ئیتر دەست درێژی نەکا؛ ئەوسا خودا گونابەخش و دلۆڤانە. (١١٦) بە درۆ زمانوو نەگەڕێ؛ کە ئەم ڕەوا و ئەم ناڕەواس؛ ھەر بۆ ئەوە بە دەم خواوە ڤڕ ھەڵبەستن. ئەو کەسانەی درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستن ڕزگار نابن؛ (١١٧) گوزەرانێکی ھندک و ئازاری بەژانیان ھەیە. (١١٨) بۆ ئەوانەی جوولەکەشن، ئەو پارێزەمان داناوە کە دەپێشدا بە تۆمان گوت. ئێمە ھیچ گا ناھەقییمان لەوان نەکرد؛ ئەوان خۆیان ناھەقی لە خۆیان دەکەن. (١١٩) بۆ ئەوانەی لە نەزانی خراپەیان لێ ڕوو دەدا و لە پاشان دەپرینگێنەوە و دەبنە پیاوچاک، پەروەرندەت - پاش ئەمانە - گونابەخش و دلۆڤانە. (١٢٠) ئیبڕاھیم پێشەوایێکی بەرەو ھەق چووگ و بەرفەرمانی خودا بوو؛ نە لە ڕێزەی ئەوانە بوو شەریک بۆ خودا دەناسن. (١٢١) چاکەی خودا و لە چاودا بوو؛ خواش بۆ خۆی ھەڵیبژارد و شارەزای ڕێگەی ڕاستی کرد. (١٢٢) لە دنیا بەھرەمان دایەو لەو دنیاش لە بەرکەتیانە. (١٢٣) پاشان بە تۆمان ڕاگەیاند، کە: پەیڕەوی ئایینی ئیبڕاھیمی بەرەو ھەق چووگ بە؛ ئەو وێڕای ئەوانە نەبوو کە شەریک بۆ خوا دادەنێن. (١٢٤) ڕێزگرتنی ڕۆژی شەممە بۆ ئەوانە بڕیار درا کە کێشەیان لەسەر دەکرد. پەروەرندەت ڕۆژی سەڵا دیارە بەو کێشە ڕادەگا کە لە ناو ئەواندا ڕووی دا. (١٢٥) بەکارزانی وئامۆژگاری پەسند، مەردم بەرەو ڕێگەی پەروەرندەت گازی بکە و بە چاکترین شێوە لەگەڵیانا بدوێ. پەروەرندەت لەو کەسانەی لە ڕێگەی ئەو لایانداوە - لە گش کەس - ئاگادارترە و ھەر خۆیشی باشتر دەزانێ کێیە لەسەر ڕاستەڕێیە. (١٢٦) ئەگەر تۆڵە دەستێننەوە، داربەدار بێ و پتر نەبێ؛ خۆ ئەگەر خۆڕاگریش بن، دیارە بۆ خۆڕاگرەکان زۆر باشترە. (١٢٧) خۆڕاگر بە! دیارە خۆڕاگرتنیشت ھەر بە خوایە و خەمیان مەخۆ و لەو گزی و فێڵانەش دەیکەن، دڵتەنگ مەبە. (١٢٨) بێ سۆ خودا وێڕای خۆپارێزان و چاکەکارانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیسراء وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) پاکی و بێ عەیبی بۆ کەسێ لە شەوێکدا شەوڕۆیی بە عەبدی خۆی کرد؛ لە «مسجدالحرام»ەوە تا «مسجدالاقصیٰ» (مزگەوتەکەی ئەولاتر)؛ ئەو مزگەوتەی ئێمە پیت و پیرۆزیمان داوە بە دەوروبەرەکەی؛ بەو نیازەی کە ھێندێک بەڵگەی خۆمانی پیشان بدەین. ھەر خۆی بیسەر و بینایە. (٢) کتێبیشمان دا وەمووسا و کردمانە ڕێنوێنێک بۆ بەرە و ھەزی ئیسڕائیل، کە: غەیرەز من با بریکارێکتان نەبێ. (٣) ئەی تۆرەمەی ئەوانەی کە دەگەڵ نووحا ھەڵمان گرتن! بەڕاستی ئەو عەبدێ شوکرانەبژێر بوو. (٤) ھەر لە ناو کتێبەکەدا ئاگاییمان بە تۆرەمەی ئیسرائیل دا، کە: ئێوە لەم سەرزەمینە - لە دوو ھەلدا - مل لە بەدفەڕی دەنێن و زۆر بە توندی بادی ھەوایی دەنوێنن. (٥) ھەرگا ئێکەم لەم دوو ھەلانە ھاتەبەر، چەند عەبدێکی ھەرە ئازای خۆن ناردنە سەر، گش وڵاتیان لێ ئاژنین. ئەم بڕیارەش جێ بەجێ بوو. (٦) لە پاشان کارێ وامان کرد، ئێوە لەوان بەھێزتر بن؛ ھەژماریشتان فرەتر بێ و بە دارایی و زاروزیچیش یارمەتیمان پێ گەیاندن. (٧) ئەگەر ئێوە چاکە بکەن، چاکەی دەگەڵ خۆتان دەکەن؛ ئەگەریش خراپەتان کرد، لە خۆتانە. ھەر کاتێکی بەڵێنی پاشین ھاتە جێ، دیسان دەنێرینە سەرتان، واتان لێکەن پەژارە و خەم لە ڕوخسارتانا دیار بێ و تا بشچنە مزگەوتەوە - وەک جاری پێشووشی چوونێ - و ھەر چێکیشیان دەسکەوێ تەفروتوونای کەن. (٨) بەشکوو پەروەرندەی خۆتان بتانخاتە بەر بەزەیی. ئەگەریش تێھەڵچنەوە، ئێمەش تێھەڵدەچینەوە و، دۆژەھیشمان کردە زیندان بۆ گرۆی خودانەناسان. (٩) بێ گومانە ئەم قورعانە ڕێگایەکی پیشان دەدا لە گش ڕێیان سەرڕاسترە. بەو بڕوادارانەش کە وا ئاکارچاکن، موژدە دەدا: پاداشێکی گەورەیان ھەس. (١٠) ئەو کەسانەش کە باوەڕ بە دواڕۆژ ناکەن، ئازارێکی زۆر بەژانمان بۆ ساز کردوون. (١١) مرۆ چۆن دەبوو بخوازێ چاکی بۆ بێ، ئاواش دەیەوێ خراپی لێ بقەومێ. مرۆ ھەروا بەلەز بووە. (١٢) شەو و ڕۆژمان بە دوو نیشانە نیشاندان: نیشانی شەومان داکوژاند، نیشانی ڕۆژیشمان کردە ھۆی دیتنێ؛ تا بگەڕێن بە شوێن ڕۆزی کە پەروەرندەتان دەیدا و لە ژماری ساڵەکان و ژماردنێ سەروو دەرچێ؛ ھەموو شتمان بە وردی شی کردۆتەوە. (١٣) نامەی ئاکاری ھەر کەسمان - وەک تۆق - لە ئەستۆی کردووە و ڕۆژی سەڵا بە نووسراوی سەرئاواڵە، شانی دەدەین. (١٤) نامەی خۆت بخوێنەرەوە! ئەمرۆ ئیتر ھەر خۆت حەسێوگەری خۆتی. (١٥) کەسێکی شارەزای ڕێ بێ، شارەزایی بۆ خۆیەتی؛ ھەر کەسێکیش لە ڕێ دەرچێ، ھەڵە بو ن لە دژی خۆیە. کەس گرانایی کەسێ تر ناگرێتە مل. تا پێغەمبەریش نەنێرین، جەزرەبە لەمەڕا نییە. (١٦) ھەرکە ویستمان شارێک قڕ کەین، دەوڵەتمەنە خۆشگوزەرانەکانی وان، دنەدەدەین بۆ بەدفەڕی و خراپکاری و لە ئاکاما ئازاریان بۆ واجۆ دەبێ؛ ئەوساکە تێکی دەھاڕین. (١٧) زۆر بەرەشمان لە پاش نووح لەناوبردوە. بۆ تۆ ئەوەندە بەسە کە پەروەرندەت لە گوناحانی عەبدانی ئاگادارە و دەیانبینێ. (١٨) ھەر کەسێکی خۆشی ھەر لە دنیا دەوێ، ئەگەر ئێمە بمانەوێ، ئاواتەکەی زوو پێک دێنین، پاشان بە ئابڕوو نەماوی دەرکراوی دۆژەھێکمان بۆ داناوە، دەیبرژێنێ. (١٩) کێش خۆشی ئەو دنیای دەوێ و - بە پێی توانا - بۆی دەکۆشێ و باوەڕدارە، کۆششیان بەفیڕۆ ناچێ و لە بەرچاوە. (٢٠) ھەموو لایان - چ ئەوان و چ ئەمانە - لە خەڵاتی پەروەرندەت بێ بەش ناکەین. خەڵاتی پەروەرندەی تۆ ھیچ لەمپەری لەبەر نییە. (٢١) دەبڕوانە، چۆن بازێکمان لە چاو بازێک سەرخستووە؛ دیارە کە لە دواڕۆژیشدا پلەوپایە و سەرخستن لەمە زۆرترە. (٢٢) دەگەڵ خودا ھیچ شتێ تر مەپەرستە، دەنا ئەوسا بە وەبەر تەشەر دراوی و دەرکراوی ڕۆدەنیشی. (٢٣) پەروەرێنت فەرمانی دا کە غەیرەز وی مەپەرستن؛ سەبارەت بە دای و بابیش چاکە بکەن. ھەرگا یەکیان یان ھەردووکیان - تا لە لای تۆن - تووشی تەمەنی پیری بوون، ھەرگیز ئۆفیشیان پێ مەڵێ و تێان مەخوڕە و بە زمانی خۆشیان بدوێنە. (٢٤) بە بێ فیزی بیانخە ژێر باڵی بەزەیی و بێژە: ئەی پەروەرندەی من! وەکوو ئەمان منیان بە شلکی پێگەیاند، تۆش وەبەر بەزەیی خۆتیانخە. (٢٥) خودانێ وە، لە خۆتان چێتر دەزانێ چیتان بە دڵدا دەبوورێ؛ ئەگەر کردەوەتان چاک بێ، بۆ ئەوانەی لە گوناھ دەپرینگێنەوە، بە بووردنە. (٢٦) خزمت بەشی خۆی بدەرێ؛ ھەژار و لە ڕێدا ماویش بێ بەش مەکە؛ تەواویش دەس بڵاو مەبە. (٢٧) ئەو کەسانەی ھەڵەخەرجن، دەگەڵ شەیتان دەبنە برا؛ شەیتانیش بۆ پەروەرندەی، بێ ئەمەگ و سپڵە دەرچوو. (٢٨) ئەر نەشتبوو بەشیان دەی و چاوەنۆڕ بووی خودا لە بەزەیی خۆیەوە دەرووێکت لێ بکاتەوە، بە زمانێکی نەرم و نیان بیاندوێنە. (٢٩) دەستەکانت دەگەردنت وەرمەھێنە و تەواویش پانیان مەکەوە، کە بە سەرکۆنەکراوی و عەزرەتەوە دەمێنیەوە. (٣٠) پەروەرندەت بە پانەوە و بە دەستندە ڕۆزی بە ھەر کەسێ بدا بەستە بە مەیلی خۆیەتی؛ ھەر خۆیەتی لە عەبدانی ئاگادارە و دەیانبینێ. (٣١) زارۆی خۆتان لە ترسی لە برسان مردن لە ناو مەبەن. ئێمەین ڕۆزی ئەوانیش و ئێوەش دەدەین. کوشتنی وان، ھەڵە کارییەکی مەزنە. (٣٢) تخونی زیناح مەکەون؛ داوێنپیسی ئاکاری زۆر نالەبارە و ڕێبازێکی ناھەموارە. (٣٣) بنیادەمێ کە کوشتنی بە ناڕەوا زاندراوە، مەکوژن مەگین لەسەر ھەق. ھەر کەسێکی بە ناھەقی بێتە کوشتن، دەسەڵاتمان داوەتە دەس خوێنگرەکەی؛ ناشێ لە تۆڵەساندنا ھەڵەڕۆ بێ و لەو بارەوە ئاریکاری بۆ کراوە. (٣٤) نەچن تخوون ماڵی ھەتیوان بکەون، مەگین جۆرێ کە باشتر بێ؛ ھەتا پێدەگا وتێدەگا. پەیمانیشتان بەرنە سەرێ؛ پەیمان، پرسینەوەی ھەیە. (٣٥) ئەگەر پێوانە دەپێون، با تەکووز بێ. کێشانەشتان بە تەرازوی بەرانبەر بێ؛ وا ھەم بۆ ئێوە باشترە، ھەم ئاکامی پەسندترە. (٣٦) مەکەوە شوێن شتێکی وا کە نازانی چییە و چۆنە، چونکە گوێچکە و چاو و دڵیش، گشتیان پرسیاریان لەسەرە. (٣٧) بە فیزەوە ھەنگاو بەسەر ھەردا مەنێ؛ تۆ ناتانی ئەم زەمینە بقەڵێشی و لە درێژیشدا ھەرگیز ناگەیە بەندەنان. (٣٨) گش ئەمانە - خراوەکانیان - بە لای پەروەرندەی تۆوە ناپەسندن. (٣٩) ئەمانەش بەشێکن لەو کارزانییانە، کە پەروەرندەت بە تۆی ڕاگەیاندووە. وێڕای خودا پەرستووی تر مەپەرستە؛ کە ئەوسا بە لۆمەکراوی و ڕاونراوی تووڕ ئەدرێیتە دوڕ جەھەندەم. (٤٠) ئاخۆ پەروەرندەی ئێوە، بە تایبەتی کوڕی بە ئێوە بەخشیون و فرشتە مێوینەکانیشی بۆ خۆی دانا؟ قسەیەکی زۆر زل دەکەن. (٤١) ئێمە لە ناو ئەم قورئانە زۆر شتمان شی کردۆتەوە ھەتا ئەمان پەند وەرگرن، کەچی ھەر ڕەوینەوەیان پتر دەکا. (٤٢) بێژە: ئەگەر - بەو جۆرە ئەوان دەبێژن - وێڕای خودا خوایانێکی تر ببوونا، ئەوسا پەیجۆر دەبوون کە ڕێی چوونەلای خاوەنی تەختیان وەدۆزیبا. (٤٣) خوا لە کەمایەسییان دوورە و زۆر بەرزترە لەوانەی کە ئەوانە باسی لێدەکەن. (٤٤) حەوت ئاسمانان و زەوین و ھەرچی لە ناو ئەواندایە، ھەر پاکانەی خودا دەکەن. ھەموو شتێک - بە پەسن دانەوە - پاکانەی ئەو دەکا؛ بەڵام ئێوە پاکانەی ئەوان نابیسن. ئەو لەسەر خۆو بە بووردنە. (٤٥) دەمێ کە قورعان دەخوێنی، ئێمە لە نێو تۆو ئەوانەی بە دواڕۆژ بڕوایان نییە، پەردەیەکی داپۆشێنەر ڕادەنگێوین. (٤٦) سەرپۆش گەلێکی وامان نایە بان دڵیان کە تێی نەگەن؛ گوھەکانیشیان کپ دەبن. ھەرگا لە قورئانەکەدا ناوی پەروەرندەی تاکت بە دەمدا دێ، بە قینەوە پشت ھەڵدەکەن. (٤٧) ئێمە باشتر دەزانین گوێ لە چی دەگرن، لەو دەمەدا کە گوێ بۆ تۆ ڕادەدێرن، ئەو کاتەش کە خەریکی سرتە کردنن. کاتێ ناھەقان دەبێژن: ئێوە ھەر دەکەونە شوێنی مێرێکی جادوو لێکراو. (٤٨) دەبڕوانە چۆن مەزموودەت لێ دەخوێنن، ئەوانە وا لە ڕێ کلان، کە تازە ڕێگە دەرناکەن. (٤٩) دەشڵێن: ئاخۆ ئەگەر ئێسک و پرووسکیش بین، ژنۆ دروست دەبینەوە؟ (٥٠) بێژە: کوچک یان ئاسن بن، (٥١) یان چێ بووێک کە لە خەیاڵی ئێوەدا زل دەنوێنێ. ئەوسا ئێژن: کێ زیندوومان دەکاتەوە؟ بێژە: ئەوی یەکەم جار دروستی کردن. ئەوسا سەر دەلەقێنن و ئێژن: کەنگێ؟ بێژە: شایەت بەم زووانە. (٥٢) ڕۆژێ کە بانگوو لێدەکا و ئێوە بە پەسن دانەوە و سوپاسەوە پەرسڤی لێ وەگەڕێنن و وا تێدەگەن - کەمێک نەبێ - لەسەر دنیا نەماونەوە. (٥٣) تۆ بە عەبدانی من بێژە چی باشترە ئەوە بێژن؛ چونکە شەیتان سۆدرەیو لە نێودا دەکا. ئەو شەیتانە بە ئاشکرا دوژمنی جسنی عینسانە. (٥٤) پەروەرندەت بە ئێوە ئاگادارترە. ئەگەر حەز کا بەر بەزەیی خۆیتان دەخا؛ حەزیش بکا تووشی جەزرەبەتان دەکا؛ تۆشمان نەناردۆتە لایان بریکار بی. (٥٥) پەروەرندەت بەو شتانەی لە ئاسمانان و زەمیندان، زاناترە. لە ناو پێغەمبەرەکانیش ھێندێکمان لە ھێندێکی دی بەڕێزتر گرت، زەبووریشمان دا بە داوود. (٥٦) بێژە: ھانا بەرن بۆ ئەو کەسانە وا - بە جێ خودا - بە پەرستووتان دەزانین؛ کە ناتوانن بەڵاو لەسەر لابەرن، پێشیان ناکرێ بۆ یەکی تری بنێرن. (٥٧) ئەو کەسانەی ئەوان ھانایان پێ دەبەن، کامانیانە نزیکترن، بە دووی ھۆدا دەگەڕێن کە بگەن بە پەروەرێنیان و ھیوای بەزەیی ئەویانە و لە جەزرەبەشی دەترسن. جەزرەبەی پەروەرندەی تۆ ھێژایە لێی بەپارێز بن. (٥٨) پێش ھاتنی ڕۆژی قیامەت، ھیچ ئاوەدانی نامێنێ تێکی نەدەین یان خەڵکەکەی تووش ئازار نەکەین؛ کە ھەر ئەمەش لە کتێبەکەدا نووسراوە. (٥٩) ئێمە کە نیشانەکانمان نەدەناردن، ھەر بۆیە بوو پێشینەکان بە درۆیان لە قەڵەم دەدان. ئاروانیشمان بە ئاشکرا دا بە سەموود؛ کەچی ناھەقییان دەگەڵ کرد. ئێمە ھەر بۆ ترس وەبەرنان، نیشانەکان بەڕێ دەکەین. (٦٠) ئەو حەلەش کە بە تۆمان وت: پەروەرێنی تۆ دەورەی لە مەردم داوە؛ خەونێکیش کە پێمان دیتی و ئەو دارە نەحلەتییە کە لە قورعاندا باسی کراوە؛ گش بۆ ئەزموونی مەردم بوو. ئێمە ئەوان دەترسێنین؛ کەچی ئەوان ھەر پتر ملھوڕی دەکەن. (٦١) کاتێ وتمانە فریشتان: سوژدە لەبەر ئادەم بەرن، سوژدەیان برد ئیبلیس نەبێ. گوتی: چۆن من سوژدە دەبەمە بەر کەسێ کە لە حەڕیت چێ کردووە؟ (٦٢) گوتی: بە من بێژە ئەم تەرح و دیدارەت، لە من بەزلتر زانیوە؟ ئەگەر ھەتا ڕۆژی سەڵا بەرم بۆ بەرھەڵا بکەی، تۆرەمەکەی - کەمێک نەبێ - سەرلەبەری، دەبێ بخەمە ژێر چنگم. (٦٣) گوتی: بڕۆ! سا ھەر کەسێ لەوان وەشوێن تو بکەوێ، سزای ھەمووتان دۆژەھە و سزایەکی پڕبەپڕە. (٦٤) ھەر کامێ تۆ پێی دەوێری، بانگی بکە و دنەی بدە و بە سوار و پیادەی خۆتەوە بگە سەری و ببە ھاوبەش لە ماڵ و زارۆڵەکانیان، سۆز بدە وان؛ سۆزی شەیتان تەنیا ھەر خەڵەتاندنە. (٦٥) تۆ بەسەر عەبدانی مندا ھیچ دەستەڵاتێکت نییە؛ پەروەرندەت بریکاریانە، بەسیانە. (٦٦) پەروەرندەو لە حاند ئێوە دلۆڤانە. گەمیەتان لە زەریایەدا دەخاتە گەڕ تا لە سۆنگەی، بژیوی خۆتان دەس کەوێ. (٦٧) ھەرگا لە ناو دەریایەدا تووشی فەرتەنەیەک ھاتن، ھانا بۆ ھەر کەسێک بەرن، بەر پێوارە، بەغەیرەز ئەو. ھەرکە ڕزگاری کردن و چوونە سەر بەژ، ئاوڕیشی لێ نادەنەوە؛ مرۆ زۆر ئەمەگ نەناسە. (٦٨) ئاخۆ لەوە ئارخەیانن کە لە بەژەکە ڕۆناچن یان باھۆزتان لێ ھەڵ ناکا، ئەوسا کەستان گیر نەکەوێ فریاو کەوێ؟ (٦٩) یاخۆ لەوە ئارخەیان بوون جارێکی تر ڕێتان دەوێ ناخاتەوە، ئەوسا بایەکی بەھێزتان لێ ھەڵ بکا و لە تۆڵەی پێ نەزانیتان نوقموو بکا؟ لە پاشانیش ھیچکەستان بۆ پەیدا نەبێ کە لە بەرانبەر ئێمەوە یاریدەو دا؟ (٧٠) ئێمە ڕێزمان لە تۆرەمەی ئادەم گرت و لە وشکانی و لە زەریادا ھەڵمان گرتن؛ ڕۆزی پاکژمان پێداون؛ لە چاو زۆر لە کردەی خۆمان زۆر پتر قەدرمان گرتوون. (٧١) لەو ڕۆژەدا کە ھەر تیرەیەک لە مەردم - وێڕای نامەی کردەوەیان - گاسی دەکەین؛ ھەرکێ نامەی دەدەستی ڕاستی نراوە، ئەمانە نامەکەی خۆیان دەخوێننەوە و بەقەی داوی زراوی ناو ناوکە خورماش هەقیان لێ زەوت ناکرێ. (٧٢) هەرکێش لەم دنیایە کوێرە، لە دواڕۆژیشدا کۆرەیە و پتریش ڕێگەی لێ گوم دەبێ. (٧٣) ھێندەی نەمابوو ئەمانە لەو فەرمانەی - کە ئێمە پێن ڕاگەیاندووی - کلات کەن و شتێکی تریان بۆ بێنی و درۆ بە زاری ئێمەوە ھەڵ ببەستی؛ کە ئەوسا دەبوونە دۆستت. (٧٤) ئەگەر خۆمان تۆمان توند ڕانەگرتایە، لەوانەبوو کەمێک بە لای ئەواندا بێی. (٧٥) ئەگەر واش با، سوور بزانە ھەر لە ژیندا دوو قات جەزرەبەمان دەدای؛ لە مەرگیشدا ئازارەکەت دوو سەرە بوو. ئەوسا کەسی واشت نەبوو - دەسەر مەڕا - بێتە ھانات. (٧٦) ھێندەی نەمابوو ئەوانە لەو سەرزەمینە بتخەنە تەنگانەوە، تاکوو لەوێ وەدەرت نێن. ئەگەر واش با، بە شۆن تۆدا - دەمێک نەبێ - [ئەوانیش] تێدا نەدەمان. (٧٧) پێودانێکە [لە ئێمەوە]، کە بۆ ئەو پێغەمبەرانەی بەرلە تۆش بوون، ناردوومانن؛ یاسای ئێمە گۆڕانی بەسەردا نایە. (٧٨) لەو ماوەی خۆر کلا دەبێ ھەتا تاریکانی شەوێ نوێژ بکە و نوێژ خۆندنی سپێدەشت ھەر لەسەرە. نۆژخۆندنی سپێدە بەھەڕمەیە. (٧٩) لە شەویشدا بۆی ھەستەوە؛ ئەمە زیادە نوێژی تۆ بێ. بەشکێکم پەروەرندەی تۆ بتنێرێتە جێگایەکی پەسند کراو. (٨٠) بشپاڕێوە کە: ئەی پەروەرندەکەی من! ڕێگەم بەرەو ڕاستی بەرەو بەرەوڕاستیم بە ڕێ بکە؛ ھێزێکی ئاریکاریشم بۆدیاری کە. (٨١) بێژە: ئەوا ڕاستی ھات و چرووک نەما؛ دیارە چرووک لە نەمانە. (٨٢) ئێمە وێڕای ئەم قوڕعانە، شتی واو بۆ بەڕێ دەکەین کە مفا و بەزەیی تێدایە بۆ خاوەن باوەڕەکان و ناھەقانیش پتر پێی زیانبار دەبن. (٨٣) مرۆ ھەرگا ئێمە بەھرەیەکی دەدەینێ، پشت تێدەکا و بادی ھەوایی دەنوێنێ؛ ھەرگا بەڵاشی بەسەر ھات، تووشی ناھومێدی دەبێ. (٨٤) بێژە: ڕەفتاری ھەر کەسێ بەپێی ئاکاری خۆیەتی. پەروەرندەت زاناترە، کێ لە ئێوە لە ڕێگە شارەزاترە. (٨٥) لە تۆ دەپرسن: گیان چییە؟ بێژە: گیان ھەر لەوانەیە کە پەروەرندەم دەیزانێ؛ ئێوە کەمێکتان لە زانست پێدراوە. (٨٦) ئەگەر ئێمە کەیفن لێ بێ، ھەرچییەکمان پێ ڕاگەیاندووی دەیبەینەوە؛ کەسیش نییە دژی ئێمە لەمەدا ئاریکارت بێ. (٨٧) جا مەگین پەروەرندەی تۆ بەزەیی پێتا بێتەوە، کە زۆری چاکە لەسەرتە. (٨٨) بێژە: ئەگەر مرۆ و جن، گش وەکۆ بن، وێنەی ئەم قورئانە بێنن، لە شبی ئەو دادەمێنن؛ با ھەمووشیان پشتیوانی یەکتری بن. (٨٩) ئێمە لە ھەر بارێکەوە لە قورئاندا نەزیلەمان بۆ مەردم ھێناوەتەوە، بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە - حاشا نەبێ - ھیچ نازانن. (٩٠) گوتیان: بڕوات پێ ناھێنین تا لەم عەرزە کانییەکمان بۆ ھەڵدەقوڵێنی؛ (٩١) یان باغێکی خورما و ڕەزت ھەبێ و کارێکی وا بکەی کە جۆباران لە ناویانا فڕکەیان بێ؛ (٩٢) یان - وەک خۆت خەیاڵت دەکرد - پاژپاژی ئەم عاسمانەمان بەسەردا دابوەرێنە؛ یا خودا و چەند فرشتەیەک بێنە و ڕووبەڕوومان بکە؛ (٩٣) یان ماڵێکت لە زێڕ ھەبێ؛ یان بە ئاسماندا ھەڵبچی و سەریش کەوی، باوەڕ ناکەین؛ تا کتێبێکمان دەگەڵ خۆت بۆ دێنی و دەیخوێنینەوە. بێژە: پاکی ھەر بۆ پەروەرندەکەمە، ئاخۆ من چیم بل لە مرۆیێ پێغەمبەر؟ (٩٤) تەنیا بیانووی ئەم مەردمە - کە شارەزاییشیان بۆ ھات و بڕوایان پێ نەکرد - ئەمەیە ئێژن: جا چۆن خودا مرۆیەکی بە پێغەمبەر ناودێر دەکا؟ (٩٥) بێژە: ئەگەر فرشتە بە ئارخەیانی لەم ھەردەدا ڕۆیشتبان، دیارە ئێمە لە ئاسمانۆ پێغەمبەرێ فرشتەمان بۆ دەناردن. (٩٦) بێژە: خودا بەسە بۆ شایەت لە نێوان ئێمە و ئێوە؛ ھەر ئەو دەربارەی عەبدانی ئاگادارە و دەیانبینێ. (٩٧) کەسێ خودا ڕێی نیشان دا، شارەزایە؛ گومڕاشی کا، غەیرەز خود ا تۆ دۆستیان بۆ پەیدا ناکەی. ڕۆژی سەڵاش بە دەمەوڕوویی و کۆرەیی و لاڵی و کەڕی، ھەموویان کۆ دەکەینەوە. ئەنوایان جەحەندەم دەبێ. ھەتا ئاگر دێ دامرکێ، کڵەکە پتر نێڵ دەدەین. (٩٨) با ئەمە گۆڕی گیانیان بێ؛ چونکە ئەوان لە نیشانەکانی مە حاشایان کرد و گوتیان: ئاخۆ ئەگەر ئێسک و پرووسکیش بووین، دیسان زیندوو دەکرێینەوە؟ (٩٩) ئاخۆ ئەوەندە نارانن، ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەمینی داھێناوە، دەتوانێ ھی وەک ئەوانیش دروس بکا؛ ماوەیشی بۆ دیاری کردوون کە بێ گومانە ھەر دەگا؟ بەڵام ناھەقییکارەکان ھەر حاشا کردن دەزانن. (١٠٠) بێژە: ئەگەر ئێوە خێوی گەنجینەکانی بەزەیی پەروەرندەی من بوونایە، ھێمان دەس ڕژدیتان دەکرد. مرۆ چکووس و قڕنیسە. (١٠١) نۆ نیشانەی ئاشکرامان دا بە مووسا؛ لە بەرەی ئیسڕائیل پرسە، [ئەو دەزانن. ] کاتێ گەیشتە بەرەو، فیرعەون پێی وت: مووسا! من وا خەیاڵ دەکەم ئەتۆ جادووت لێکراوە. (١٠٢) گوتی: تۆ خۆت سوور دەزانی ئەم شتانە کەوا زەق لەبەر چاوانن، ھەر داھێنەری زەوین و عاسمانەکان ناردوونیە خوار. فیرعەون! منیش لام وایە تۆ تێدا دەچی. (١٠٣) ویستی گەڕیان تێھاڵێنێ و لەو سەرزەمینە دەریان کا، ئێمەش ئەم و خڕ ئەوانەی دەگەڵیا بوون، نوقمن کردن. (١٠٤) لە پاش ئەویش بە بەرەی ئیسڕائیلمان گوت: نیشتەجێ بن لەم وڵاتە و ھەر دەمێکیش سەڵا ڕابوو، ئەوسا گشتوو پێکەوە کۆ دەکەینەوە. (١٠٥) ئەمەمان بەڕاستی نارد و بەڕاستیش ھاتە خوارەوە؛ ئێمە تۆمان ھەر بۆیە نارد مژدەدەر و ترسێنەر بی. (١٠٦) قورئانێکە بە جیاجیا ناردوومانە؛ تا ھێدیکا بۆ مەردمی بخوێنیەوە و بەرانبەر بە پێویستی ڕۆژ بەڕێمان کرد. (١٠٧) بێژە: ئێوە بڕواتان پێ بێ یا نەبێ، ئەو کەسانەی لە پێشوودا [لەمە] ئاگادار کرابوون، ھەرگا بۆیان دەخوێننەوە ئەرزینگ دەخەنە سەر زەوی و سوژدە دەبەن. (١٠٨) ئەشڵێن: پاکی بۆ پەروەرندەی ئێمەیە، بەڵێنی پەروەرندەمان وا وەدی ھات. (١٠٩) دەمەوڕوو خۆ تخێڵ دەکەن و دەگرین و ئەمەش خۆ بەکەم زانینیان پتر دەکا. (١١٠) بێژە: ھاوار لە خوا بکەن یان ھانا بە ڕەحمان بەرن، ھەر یەکێکە؛ ئەو ناوی زۆر پیرۆزی ھەن. لە نۆژتدا مەقڕێنە و مەش ورتێنە! شێوەیەکی ناونجی بۆ خۆت ڕەچاو کە. (١١١) بێژە: سوپاس بۆ خودایێ کە ھیچ فرزەندێکی بۆ خۆی ھەڵنەبژارد و لە موڵکیدا ھیچ برابەشێکی نەبووە و بە ناچاری ھانای بە کەس نەبردووە و تاریفی گەورەیی بکە؛ تاریفێ کە ھێژای ئەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەھف وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) شوکرانە بۆ ئەو خودایەی ئەم کتێبەی بۆ عەبدی خۆی ناردە خوارێ و ھیچ نالەباری تێ نەخست. (٢) [کتێبێکی] زۆر پتەوە، تا لە سزای توندوتیژی - کە بینوێنێ - ترسی وەبەر مەردم بنێ و بە ئەو خاوەن باوەڕانەی ئاکارچاکن مژدە بدا کە پاداشی باشیان دەبێ؛ (٣) پاداشێ ھەتاھەتایی. (٤) ھەتا ئەوانەش بترسێنی کە وتیان: خودا فرزەندی بۆ خۆی ھەڵبژاردووە. (٥) نە خۆیان چییان لێ زانیوە نە باب و باپیرانیشیان؛ قسێکی یەگجار زەلامیان لە دەم دەرچوو. ھەرچی ئێژن لە ڤڕ پێوە، چی تر نییە. (٦) ڕەنگە تۆ بۆ ئەو کەسانەی بڕوا بەم کتێبە ناکەن، خەمێ وا بخوی، تێ بچی. (٧) ھەرچی لەم سەرزەمینەیە ئێمە کردن بە زەنبەری تا بیان ئەزمووین کامەیان کارچاکتر دەبن. (٨) ئێمە ئەوەی وا لە ڕووی ئەم زەمینەیە دەکەینە بیاوانێکی وشکارۆی قاقڕ. (٩) تۆ پێت وابوو کە یارانی غار و ڕەقیم، لە نێوانی نیشانەکانی ئێمەدا سەمەرەیە؟ (١٠) کاتێ لاوەکان پەنایان بۆ غارەکە برد و گوتیان: ئەی پەروەرێنی ھەموومان! تۆ بەر بەزەیی خۆتمان بخە و کارەکەمان بۆ مەیسەرکە. (١١) لەو غارەدا ھەتا چەند ساڵ و زەمانان، گوێی ھەموویانمان ئاخنی و [دەخەوڕا چوون]. (١٢) پاشان وەخەبەرمان ھێنان تا بزانین کام لە دوولا - ھەر بە ھەژمار - ساڵەکانی ئەم مانەوەیان لە بیرە. (١٣) ئێمە سەرگوروشتەی ڕاستی ئەمانت بۆ وەدەگێڕین: چەند خورتێک بوون کە بەڕاستی بەھوەڕیان بە پەروەرندەی خۆیان ھەبوو؛ ئێمەش پتر شارەزاییمان دابوونێ. (١٤) ئازاییشمان خستە دڵیان، کە ڕاپەڕێن. ئەوسا وتیان: پەروەرێنمان، پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەوینە. ئەگەر بێژگە لە ئەو ھانا بۆ ھەر پەرستووێک بەرین، دیارە ئێمە لە ڕاستی گوتن لانداوە. (١٥) ئەوانەی لە ھۆزی ئێمەن، بەغەیرەز ئەو چەند پەرستووی تریشیان ھەس. ئەدی چۆنە بەڵگەیەکی ئاشکرایان بۆ ناھێنن؟ سا کێ لەوە ناھەقترە کە بوختانێ بە خوا دەکا؟ (١٦) ئەگەر ئێوە لەوان و لەو چتگەلەی وا - غەیرەز خوا - دەیانپەرستن، ھەڵبڕاون، سا بەم غارە پەنا بەرن؛ پەروەرێنوو وەبەر بەزەیی خۆیتان دەخا و ھۆیەکی واش دەڕەخسێنێ بە ئاواتوو بگەھێنێ. (١٧) کە خۆر ھەڵدێ، بڕوانی لە ئالی ڕاستی ئەشکەوتەکەیانی داوە؛ لە دەمی زەردەپەڕیشدا، بەرەو چەپ لێان لادەدا و ئەوان لە گۆڕاییەکەدان. ھەر کەس خوا شارەزای بکا، ئەو شارەزا دەبێت و ھەر کەسیش گومڕا بکا، دۆستێکی ڕێنمای بۆ نادۆزرێتەوە. (١٨) تۆ پێت وایە کە بێدارن، کەچی خەوتوون. ئێمە بە ڕاستە و چۆپەدا ھەڵگێڕوەرگێڕیان پێ دەکەین. سەیەکەشیان لە لای ڕێسمەی دەرگاکەوە وەرکەوتبوو. تۆ ئەگەر چووبای بت دیبان، بە قاچاندن بەرەو دووا دەگەڕایەوە و سەرتاپات ترس دای دەگرت. (١٩) ئاواش وەخەبەرمان ھێنان تا لەگەڵ یەکترا بدوێن. یەکیان وتی: چەند مانەوە؟ گوتیان: ڕۆژێک یان پاژە ڕۆژێک ماینەوە. گوتیان: پەروەرندەی ئێوە لە خۆتان چاتر دەزانێ چەند مانەوە. دە یەکێکی بەم دراوە و بنێرنە شار با ببینێ کام خواردەمەنی پاکترە، بژیوێکتان لەو بۆ بێنێ و بەزیتی ببزوێتەوە و ھیچ کەسیش پێتان نەزانێ. (٢٠) چونکوو ئەگەر دەستیان کەون، یا بەردەبارانوو دەکەن، یا دەتانبەنەوە سەر دینی خۆیان و ھەرگیز ڕزگاریتان نایە. (٢١) ھەر بەم جۆرە وامان کرد پێیان بزانن کە بەڵێنی خودا ڕاستە و ڕۆژی سەڵاش بێ گومانە. دەربارەیان لە ناو خۆدا ملیان لە ڕاوێژ کردن نا؛ گوتیان: چاوەخانوێکیان لەسەر دروس کەن، پەروەرێنیان لەنگۆیان چاتر دەناسێ. ئەوانەی دەربارەی ئەمان قسەیان زۆرتر دەڕۆیی، گوتیان: دەبێ مزگەوتێکیان لەسەر بکەین. (٢٢) دبێن: سێن و بە بەشدارەکەوە چارن؛ ئەشڵێن: پەنجن، بە سپڵۆتەکەڕا شەشن. لە نەدیو خەیاڵات دەکەن تەنانەت بازێکیش ئێژن: حەوتن وێڕای سەیەکەیان دەبن بە ھەشت. بێژە پێیان: پەروەرندەم چاتر دەزانێ چقاسن. کەمێکیان نەبێ بۆی نەچوون، تۆ لەو بارە [بنارەکەیان ببیسە و] زۆر لەسەر باسەکە مەڕۆ؛ سەبارەت بەوانیش لە کەسیان مەپرسە. (٢٣) ھەرگیز مەیژە: من سۆزی ئەم کارە ئەکەم؛ (٢٤) مەگین خواحەز کای دەگەڵ بێ. ئەگەر لە بیریشت نەما، یادی پەروەرندەت بکە و بێژە: بەشکوو پەروەرندەم ڕێگایەکی نزیکتر لەمەم نیشان با. (٢٥) سێسەد ساڵان لە ئەشکەوتەکە مانەوە و نۆ ساڵیشیان لێ زێدە کرد. (٢٦) بێژە: خوا باشتر دەزانێ چەند مانەوە؛ بەرپیواری ئەم عاسمانانە و زەمینە لەوڕا دیارە. پەک چ بیسەر و بینایە! بەغەیرەز ئەو کەسیان بە دۆست دەس ناکەوێ و کەس ناکا بە شەریک لە فەرمانی خۆیدا. (٢٧) ئەوەی بۆت ھاتگە خوارە و لە کتێبی پەروەرندەت، بخوێنەوە. ناشێ ھیچ کەس وتاری خودا بگۆڕێ و لەغەیرەز ئەو ھیچ کەسێ دەھانات نایە. (٢٨) تۆ ھەر دەگەڵ ئەوانە بە کە سبەینان و ئێواران بۆ دیداری پەروەرندەیان بە نزان و تەنیا ڕەدای ئەویان دەوێ و چاو لەوانە ھەڵمەبوێرە بۆ ژینی پڕ زەرق و بەرقی ئەم دنیایە و گوێ لە مستی کەسێ مەبە کە نەمانھێشت دڵی یادی ئێمە بکا و ھەر لە شوێن ئارەزووی خۆیە و کاری لە ڕادە دەرچووە. (٢٩) بێژە: ئەمەیە بە ڕاستی لە پەروەرندەتان ڕایە؛ کێ بڕوای پێدەکا، بیکا و کێش بڕوا ناکا ھەر نەیکا. ئێمە بۆ ناھەقییکاران کڵێکی وامان نێڵ داوە، کە بڵێسەی ھەر وەکوو کۆن دەورەی گرتوون؛ تا ھاواری چارە دەکەن ئاوێکیان دەفریا دەخەن وەک مسی تاواوە وایە؛ دەم و چاویان دەبرژێنێ و وەخواردنێکی کرێتە و ژیگەیێ زۆر نالەبارە. (٣٠) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، [با بزانن] ئێمە پاداشی کارچاکان وندا ناکەین. (٣١) بۆ نشیمەن دەیانبەینە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. پارچەی سەوزی تەنک و ستووری ئاوریشم دەبەر دەکەن و لەوێدا بە بازنەی زێڕ دەخەمڵێن و لەسەر تەختان پاڵ ئەکەفن؛ ئای چەند پاداشێکی باشە و شوێنەکەیان چەند لەبارە! (٣٢) تۆ نەزیلەی دوو مرۆڤیان بۆ وەگێڕە: دوو ڕەزمان بە یەکێکیان دا و بە دارخورما دەورەن گرتن و ناویشیانمان کردە مەزرا. (٣٣) ئەو دوو ڕەزە بەری خۆیان بە بێ کەمایەسی دەدا و لە ناو ھەرکان شەقە جۆیەکمان ڕاکێشا. (٣٤) دارایی دیکەشی زۆر بوو؛ کاتێ دەگەڵ ھەواڵەکەیدا خەریکی گفتوگۆی بوو، گوتی: ئەمن لە تۆ دراوم زۆرترە و دەست و پێوەندیشم پتر. (٣٥) بە نێو باغەکەیدا گەڕا و بۆ خۆی ناھەقی لە خۆ کرد. گوتی: ھەرگیز پێم وا نییە ئەمەم لەدەستی دەربچێ. (٣٦) باوەڕ ناکەم سەڵاش ڕا بێ. گەر ھەر براشمەوە بۆ لای پەروەرندەم، دەزانم لەمە چاکترم دەس دەکەوێ. (٣٧) ھەواڵەکەی - کە خەریکی گفتوگۆ بوو دەگەڵ ئەودا - پێگوت: ئەرێ چۆن تۆ حاشات کرد لەو کەسەی تۆی لە ئاخێ دروس کرد و پاشان ھەر لە دڵۆپێک و دوایی کردووتی بە پیاوێ؟ (٣٨) بەڵام من ھەر [دەبێژم] کە ئەو خودایە و پەروەرندەمە و کەس ناکەم بە شەریک بۆ پەروەرندەم. (٣٩) وەختێ چوویە ناو باغەکەت، بۆچی نەتگوت: ئەمە بە مەیلی خودایە؛ تواناییش ھەر بە خودایە؟ ئەگەر ئێستە تۆ دەمبینی کە بە ماڵ و زارۆڵە لە تۆ کەمترم، (٤٠) نابێ بە دووری بزانی، پەروەرندەم لە باغی تۆم باشتریش بۆ بڕەخسێنێ و بەڵایەکیش لە حەواوە بەسەر باغەکەی تۆ بێنێ و لێت ببێتە دەشتێکی بێروونی قاقڕ. (٤١) یان ئاوەکەی بە ناخی ئاخدا ڕۆ بچێ و نەتوانی تازە پەیدای کەی. (٤٢) ھەموو بەروبووی ھەڵوەری و دارەکانی گشتی بەسەریەکا ھاتن؛ کە بەیانی ھاتە ناوی، ھەر دەستی خۆی دەشکاندەوە بۆ ئەو ماڵەی لێی بەخت کرد. دەیگوت: بریا ھیچ کەسێکم بە شەریکی پەروەرندەم نەزانیبا. (٤٣) لە خوا بەدەر، ھیچ دەستەیەکی وا نەبوو بێنە یاری و بە بێ یاریدەدەر مایەوە. (٤٤) لە وێندەرێ یاریدەدەر ھەر خودای ھەقە؛ پاداشی باشتر دەدات و سەرنجامەکەش باشترە. (٤٥) نەزیلەیەکیان لە ژینی سەر دنیایە بۆ بێنەوە؛ وەک ئاوێکە لە حەواوە دامان باراند، ھەموو تەرزە ڕووەکێکی تەڤ لھەڤی بەرھەم ھێنا، سەرەنجامیش بوو بە پووش و با پژگاندی. خوا بەسەر ھەموو شتاندا توانی ھەیە. (٤٦) ماڵ و مناڵ زەنبەری ژینی دنیان و ئەو کارە چاکانەش کەوا دەمێننەوە، پاداشەکەیان لە لای پەروەرێنتەوە ھێژاترە و بێتریش جێگەی ھومێدن. (٤٧) ڕۆژێ کە ژان دەخەینە ڕێ و تەختی بنیان بە ئاشکرایە دەبینی و ھەموویان کۆ دەکەینەوە، بێ ئەوە کەسیان وەمێنێ. (٤٨) لە بەرانبەر پەروەرندەت لە ڕیز دەدرێن؛ وەک یەکەمجارمان چێ کردن، ھەر ئاوا ھاتوونەلامان، لاشتان وابوو لە ژوانێکوو وەکۆ ناکەین. (٤٩) دەفتەرەکە دێتە گۆڕێ؛ دەبینی تاوانبارەکان - لەبەر ئەوەی کە تیایە - ترسی زۆریان ڕێ نیشتووە؛ دەڵێن: ھاوارە لە ئێمە، ئەمە چ تۆدەفتەرێکە! ھەموو شتێک - ورد و درشت - سەرلەبەر تیا نووسراوە. ئەوسا کردەوەی خۆیانی تیا دەبینن. پەروەرندەت ناھەقی لە ھیچ کەس ناکا. (٥٠) ئەوسا بە فریشتەکانمان گوت: سوژدە وەبەر ئادەم بەرن. سوژدەیان برد ئیبلیس نەبێ؛ بنەجن بوو، لە فەرمانی پەروەرێنی سەرپێچی کرد. ئاخۆ ئێوە توخمی شەیتان و تۆرەمەی، بێ من دەکەن بە دۆستی خۆ، کە ئاشکرا دوژمنتانن؟ خوانەناس لەو یاربەیارە پیس تێشکاون. (٥١) ئێمە لە چێ کردنی ئەم ئاسمانان و زەوینەدا، ھیچ پرسێکمان بەوان نەکرد؛ تەنانەت بۆ چێ کردنی خودی خۆشیان. ھەرگیز ئەوی ڕێگە لە مەردم تێک دەدەن، نەم کردوون بە یاریدەرم. (٥٢) ڕۆژێ ئێژێ: دەسا بانگ لەوانە بکەن کە بە خەیاڵ پێتان وابوو شەریک منن؛ بانگیان دەکەن؛ کەنداڵێکی ھەراومان کردە نێوانیان، ھەر جوابیشیان نەدانەوە. (٥٣) تاوانباران ئاگریان بە چاوی خۆ دی؛ زانیان ھەر تێی دەکەون و ھیچ دەرەتانێکیان نییە. (٥٤) ئێمە لە ناو ئەم قورئانە ھەموو جۆرە نەزیلەمان بۆ مەردم ھێناوەتەوە؛ مرۆش لە ھەر شتێ پتر، وازی لە گێرە کردنە. (٥٥) ئەوەی نەیھێشت کە ئەو خەڵکە - پاش ھاتنی ڕێ نیشاندەر - بڕوا بێنن و داوای بووردن لە پەروەرندەیان بکەن، ئەوە بوو کە: [چاوەنۆڕ بوون] یا بە دەردی ئەوانی پێشوویان بچن، یان ڕووبەڕوو جەزرەبە بە گژیاندا بێ. (٥٦) کە پێغەمبەران دەنێرین، ھەر ئەوەندەیان لەسەرە مژدەدەر و ترسێنەر بن. خوانەناسان ھەر بە ناھەق چەقە دەکەن، تا ھەقی پێ لە بەین بەرن. ئەوان نیشانەکانی مە و ئەو کتێبە کەوا ترسی وەبەر ناون، ھەر بە گاڵتە و گەپ دەزانن. (٥٧) کێ لەو کەسە ناھەقترە چەند نیشانەی پەروەرێنی بۆ وەخوێندراو گوێ نەدایە و ئەوەشی لە بیر بردەوە کە دەپێشدا کردوویەتی. ئێمە پەردەن بەسەر دڵیان ھەڵکێشاوە کە تێنەگەن؛ گوێشمان ھێندە گران کردوون کە نەبیسن. چەند بکۆشی شارەزای ڕێگەیان بکەی، ھەرگیز بۆت ناکەونە سەر ڕێ. (٥٨) پەروەرندەت گوناح بەخش و دلۆڤانە. ئەگەر ھەر کێ کاری خراپی کردبا و ئەویش بۆ لێ پرسینەوە بیگرتبا، دەبوایە ھەر گوز و گوممەت سزای دابان. بەڵام خستوویەتە دەمی دیاری کراو؛ کە ئەو دەمەش ھات، ناتوانن خۆ خەلاس کەن. (٥٩) ئەو شارانەش ھەرگا ملیان لە زوڵم نا، قڕمان تێخستن و بۆ لە بەین بردنیان، قەیرانێکمان ل بۆ دانان. (٦٠) جارێ مووسا، بە لاوی بەردەستی خۆی گوت: من لێ بڕاوم سەفەر بکەم تا دەگەمە جەمسەری ھەر دوو دەریاکان؛ یان لەوێش وێوەتر بچم. (٦١) وەختێ گەیینە ئەو جەمسەرە، ماساوەکەیان لە بیر کرد؛ ئەویش بە ھەڵبزۆقینێ خۆی گەیاندەوە دەریاکە. (٦٢) کە دەرباز بوون مووسا بە بەردەستەکەی گوت: لەو سەفەرە زۆر شەکەت بووین، کانێ تاشتیا مە، وەرێنە. (٦٣) گوتی: ئەوسا کە لە پەنا بەردەکەدا دەساینەوە، دیتت چلۆن من ماساوەکەم لە بیر چوو؟ دیارە شەیتان نەیھێشت وەبیرم بێتەوە. ئەمیش وەک شتی سەمەرە ڕێگەی دەریای گرتە بەرێ. (٦٤) گوتی: ئێمەش ھەر شتێکی وامان دەویست. ئیتر بە شۆپی خۆیاندا بە چاوگێڕان، گەڕانەوە. (٦٥) ئەوسا تووشیان ھات بەتووشی عەبدێک لە عەبدانی ئێمە کە بەر بەزەیی خۆن خستبوو زانیاریشمان لە خۆمانەوە پێدابوو. (٦٦) مووسا پێی وت: ئاخۆ دەتوانم دوات کەوم و لەو زانستەی فێر کراوی منیش وەکوو خۆت ڕابێنی؟ (٦٧) گوتی: تۆ ھەرگیز ناتانی دەگەڵ منا دەری بەری. (٦٨) نەمازە گەر ئاگاداری کاریش نەبی، چۆن دەردەبەی؟ (٦٩) گوتی: ئەگەر خودا حەز کا، بە خۆڕاگرم دەبینی و ھیچ نافەرمانییەکت ناکەم. (٧٠) گوتی: ئەگەر شوێنم کەوتی، ھیچ شتێکم لێ مەپرسە ھەتا بۆ خۆم دەربارەی باست بۆ دەکەم. (٧١) سا ڕۆیشتن تا ھەر دوو سواری گەمیە بوون؛ کونی تێکرد. گوتی: ھەر بۆیە کونت کرد خەڵکەکەی لە ئاوا قوم کەی؟ کارێکی ناشیرینت کرد. (٧٢) گوتی: ئاخر بە تۆم نەگوت تۆ ناتوانی لەگەڵ منا خۆڕابگری؟ (٧٣) گوتی: لەمەی لە بیرم چوو لێم ببوورە و گەلێکم سەخت لێ مەگرە. (٧٤) وەڕێ کەوتن، تووشی کوڕیژگەیەک ھاتن، کوشتی. گوتی: چۆن گیانی پاکت زایە کرد کە بێ ئەوەی کەسی کوشتبێ؟ کارێکی زۆر نابەجێت کرد. (٧٥) گوتی: نەمگوت ناتوانی لەگەڵ منا ھەڵکەی؟ (٧٦) گوتی: ئەگەر پاش ئەمجارە ھیچ شتێکم لە تۆ پرسی، ھاوڕێم مەبە و ھیچ گلەییشت لێ ناکەم. (٧٧) دیسان ڕۆیین، ھەتا گەیینە خەڵکی شارێ. زەوادیان لێ داوا کردن؛ ڕازی نەبوون ڕایانگرن. دیوارێکیان لەوێندەرێ چاو پێ کەوت، خەریک بوو بەلادا دەھات؛ ڕاستی کردەوە. گوتی: ئەگەر بتویستبا کرای ئەم کارەت وەردەگرت. (٧٨) گوتی: ئەوا لە یەکتر جیا دەبینەوە؛ وا ئێستەکێ نھێنی ئەو ڕووداوانەت بۆ باس دەکەم، کە نەت دەتوانی خۆ بگری. (٧٩) گەمیەکە بۆ ھەژارانێک بوو، لە دەریا کاریان دەکرد؛ ویستم زەدەداری بکەم، کە لەم لایان پاشایەک بوو ھەموو گەمیەکی زەوت دەکرد. (٨٠) کوڕیژگەکەش دای و بابی باوەڕدار بوون. ترسم بوو ناچاریان بکا لە فەرمانی خوا دەرچن و کافر ببن. (٨١) ئێمە ویستن پەروەرندەی دای و بابی، بە ڕۆڵەیەکی دڵ پاک و بەزەدارتر بۆیان تێھەڵێنێتەوە. (٨٢) دیوارەکەش بۆ دوو کوڕیژگەی سێوی بوو لەم باژێڕە؛ لە ژێریدا گەنجێ ھەبوو سەربەوان بوو. باوکیشیان لە مێرخاسان بوو. پەروەرندەت ویستی ئەم دووانە پێ بگەن و گەنجینەی خۆیان دەرێنن؛ کە بەزەیەک بوو لە لای پەروەرێنتەوە و من ھیچم لە خۆوە نەکرد. ئەمە بوو کە تۆ نەت تانی خۆڕاگر بی تا دەزانی. (٨٣) لێت دەپرسن: ئەدی زیل قەڕنەین چۆن بووە؟ بێژە: وا دەربارەی ئەویش شتێکتان بۆ دەخوێنمەوە. (٨٤) وامان کرد لەم زەمینەدا دەستی بڕوا و گش ھۆیەکیشمان بۆ ڕەخساند. (٨٥) سا بە شوێن مەبەستیدا چوو، (٨٦) تا گەیشتە لای خۆرنشین؛ لای وابوو لە ناو کانییەکی قوڕە ڕەشە ئاوا دەبێ. لەو ئالی تووشی ھەزێک بوو. گوتمان: زیل قەڕنەین! دەتوانی ئازار بدەی و بۆشت ھەیە چاکەیان لەگەڵا بکەی. (٨٧) وتی: بەڵام ھەر کەسێ ناھەقی بکا - لە دواڕۆژا - ئێمە ئازاری دەدەین و پاشانیش دەبرێتەوە لای پەروەرندەی؛ ئەوسا ئەویش بەتوندی ئازاری دەدا. (٨٨) ھەر کەسیش باوەڕی ھێنا و ئاکارچاک بوو، پاداشی چاک بەشی دەبێ و کاری لەسەر ھاسان دەکەین. (٨٩) دیسانیش ڕێگەی گرتەبەر. (٩٠) ھەتا گەیشتە خۆرھەڵات. دیتی تیشکی بەسەر گەلێکدا دەبارێ کە جیا لەو ھیچ ستارێکمان نەدانێ. (٩١) تا بەم جۆرە ھەرچی ئەو بیری بۆی دەچوو، دەمانزانی. (٩٢) دیسانیش ڕێگەی گرتەبەر. (٩٣) تا گەیشتە ناو دوو چیا. لە پەنا دوو کەژەکەدا ھۆزێکی دی، کە لەوانە نەبوون لە ھیچ زمانێکی حاڵی ببن. (٩٤) دواندیان، کە: ئەی زیل قەڕنەین! عاجوج و ماجوج لەم وڵاتەدا بەدفەڕن؛ ئاخۆ باجێکت پێ بدەین کە لە نێوان ئێمە و ئەوان بەربەستێکمان بۆ چێ بکەی؟ (٩٥) گوتی: ئەوەی پەروەرندەم بۆی ڕەخساندووم، ھێژاترە؛ سا ئێوە بە ھێز [ی خۆتان] یاریم بکەن، تا لە نێو ئێوە و ئەوانا بەربەندێکی وەدی بێنم. (٩٦) پاژەئاسنم بۆ بێنن. وەختێ ھەر دوو لاشانەکەی پڕ کردەوە، گوتی: ئێوە بیدەمێنن؛ ھەتاوەکوو کردیە ئاگر. گوتی: ئەمجا پاقری تواوەم بۆ بێنن، تا بەسەریا دابرێژم. (٩٧) ئیتر تازە بۆیان نەلوا سەری کەون و نەشیان دەتوانی کونی کەن. (٩٨) گوتی: ئەمە بەزەییەکە لەلایان پەروەرندەمڕا؛ جا ھەرگا پەروەرندەی من بەڵێنەکەی بە جێگەیشت، گشتی دەکاتە گۆڕایی و بەڵێنی پەروەرندەی من ھەر وەدی دێ. (٩٩) ئەوێ ڕۆژێ وادەکەین لە ناو یەکترا پێل بدەن دەکەڵەشاخ دەمێندرێ و گشتیان لێک کۆ دەکەینەوە. (١٠٠) ھەر ئەو ڕۆژە دۆژەە لە بەر خوانەناسەکان ڕادەنێین؛ چ ڕانانێ! (١٠١) ئەوانەی چاویان لە یادی من قووچاو بوو نەشیان دەتوانی ببیسن. (١٠٢) ئاخۆ خودانەناسەکان پێیان وایە – لەباتی من - عەبدەکانم بکەن بە سەروەری خۆیان [ھیچ قازانجێکیان دەداتێ]؟ ئێمە دۆژەھمان بۆ پەزێرایی لەو خوانەناسانە ساز کردووە. (١٠٣) بێژە: ئاخۆ دەتانەوێ پێتان بڵێم، کێن ئەوانەی لە کردەوەکانی خۆیان زیاتر زیانیان پێدەگا؟ (١٠٤) ئەو کەسانەی تەقالایان لە ژیانی سەر دنیایەدا فێڕۆچووە و لاشیان وایە کارێکی چاکیان کردووە. (١٠٥) ئەوانە کەسگەلێکن کە لە نیشانان و دیداری پەروەرێنیان حاشایان کرد، ئیتر ھەر کارێکی کردیان پووچەڵ بووگە و ڕۆژی سەڵاش ھیچ سەنگێکیان بۆ دانانێین. (١٠٦) بەھۆی ئەو حاشا کردنە و گەمەیان بە پێغەمبەر و نیشانانم جەھەندەم گۆڕی گیانیان بێ. (١٠٧) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوون، جێ پەزێراییان باغاتی فیردەوسە. (١٠٨) ھەمیشە ھەر تیا دەبن و نایانەوێ جێ بگۆڕن. (١٠٩) بێژە: ئەگەر بۆ نووسینی وتاری پەروەرندەی من دەریا ھەموو مەرەکەف بێ، بەرلە دوایی پێ ھێنانی وتاری پەروەرندەی من، بێ شک دەریا ھەڵدەچۆڕێ؛ تەنانەت گەر ھێندەی دیشی دەفریا خەین. (١١٠) بێژە: منیش ھەر مرۆیەکم وەک ئێوە؛ لە خواوە فەرمانم بۆ دێ کە: خودای ئێوە ھەر یەکە. ھەرکێ لەنگۆ بۆ دیداری پەروەرندەی بە ئاواتە، با کاری چاک ڕەچاو بکا و لەغەیرەز پەروەرندەی خۆی ھیچ کەسێکی نەپەرستێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەریەم وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) کاف، ھا، یا، عەین، ساد. (٢) باسی چاکەی پەروەرێنتە سەبارەت بە زەکەریای خوڵامی خۆی. (٣) ئەو کاتە کە ھانای بۆ پەروەرندەی برد بە دەنگێکی نزم و نەوی. (٤) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! من ئەوا پێشەم سیس بوون و سەرم لەبەر [دەردی] پیری ترووسکەی دێ. پەروەرندەم! تا لەبەرت پاڕاومەوە ھەرگیز لێت ناھومێ نەبووم. (٥) من لە پاش خۆم لە خزمەکانم نیگەرانم؛ کەیوانووەکەشم نەزۆکە. سا تۆ لەلایەن خۆتەوە فرزەندێکم پێ ببەخشە؛ (٦) با میراتی من و خانەدانی یاقووب بەر ئەو کەوێ. پەروەرندەم! ھێڤیمە تۆش پەسندی کەی. (٧) ئەی زەکەریا! ئێمە مزگێنی مناڵێک بە تۆ ئەدەین، وە ناو یەحیا؛ کە پێشتر لەم، کەسن نەکردە ھاوناوی. (٨) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! جا کوا من مناڵم دەبێ! لەبەر پیری کەلەلام و خێزانەکەشم نەزۆکە. (٩) گوتی: [فەرمان] ھەر ئەمەیە و پەروەرندەکەی تۆ ئێژێ: ئەمە لەلای من ھاسانە؛ ئاخر تۆشم لە بەرێدا ھەر لە نەبووڕا درووس کرد. (١٠) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! نیشانێکم بۆ دابنێ. گوتی: نیشان بەو نیشانەی تا سێ شەوان - بێ وەی ھیچ وەیێکت ھەبێ - قسەی دەگەڵ مەردم ناکەی. (١١) ئەوسا لە میحرابەکەوە ڕۆویشتە لای ھۆزەکەی و بە ھیمایە تێی گەیاندن کە بەیانیان و ئێواران ھەر پاکانەی خودا بکەن. (١٢) ئەی یەحیا! کتێب توند بگرە. ھەر لە زارۆکایەتیشدا لەکارزانیمان پێ بەخشی. (١٣) دەگەڵ دڵسۆزی و بێ گەردی - لەلایەنی خۆمانەوە - کەسێکی خۆپارێزیش بوو. (١٤) لەیەل دای و بابیشیدا خۆشڕەفتار بوو؛ سەربزێوی و لاساری نەببوە پیشەی. (١٥) سڵامی لێ بێ، ڕۆژێ کە لە دایک بووە و ڕۆژێ دەمرێ و ڕۆژێ زیندوو دەکرێتەوە. (١٦) لەم کتێبە باسی مەریەمیش بێنە گۆڕ؛ کاتێ دوور لە کەسوکاری، شوێنێکی خۆرەڵاتی بۆ خۆی ھەڵبژارد. (١٧) لە نێوان خۆی و ئەماندا پەردەیەکی ڕاھەنگاوت. ئێمە ڕووحی خۆمان بۆ نارد؛ بنیادەمێکی تەواوی ھاتە بەرچاو. (١٨) وێ گوت: ئەمن پەنا دەبەمە بەر خودا لە دەستی تۆ [سا] ئەگەر تۆ خۆپارێزی [لێم مەیە پێش]. (١٩) ئەو گوت: ئەمن لە پەروەرندەی تۆوە ڕاسپێراوم فرزەندێکی پاک و خاوێنت پێ ببەخشم. (٢٠) وێ گوت: چۆن مناڵم دەبێ، کە ھیچ مرۆیەک لە پێشدا منی بە دەست نەگرتووە و ھەرگیز داوێن تەڕیش نەبووم. (٢١) گوتی: فەرمان ھەر ئەمەیە و پەروەرندەی تۆ وتوویە. ئەوە لە لای من ھاسانە و دەمانەوێ چاکەیەک بێ لە ئێمەوە و نیشانەیەک بێ بۆ مەردم. ئەم فەرمانەش ھەر دێتە جێ. (٢٢) دەناو تۆلی وێدا گوورا و بەو زگەوە خۆی گەیاندە شوێنێکی دوور. (٢٣) ژانی زانی، وێ بردە لای دار خورمایێ. گوتی: خۆزیا ھەر بەر لە ئێستا دەمردم و یەک جێ لە بیر دەچوومەوە. (٢٤) لە خوارووی وێڕا بانگی کرد: خەمت نەبێ، پەروەرندەت لە ژێر تۆڕا جۆگە ئاوێکی پێک ھێنا. (٢٥) کۆتەرەی ئەو دارخورمایەش بھەژێنە، خورمای تازە پێ گەیشتووت بەسەردا دادەوەرێنێ. (٢٦) بە چاوی ڕوون بخۆ و وەخۆ؛ ھەر کەسێکیشت لە مرۆ چاو پێ کەوت بێژە پێی: لە خۆم گرتووە لە ڕای خودا لە ئاخافتن بتەکمەوە و ئیتر ئەمڕۆ ھیچ مرۆیەکی نەدوێنم. (٢٧) ھاتەوە ناو کەسوکاری و مناڵێک بە باوەشەوە. گوتیان: مریەم! قەت دەتۆمان وا ڕانەدیت ئەم سەمەرەت لێ ڕوو بدا. (٢٨) خوشکی ھاڕوون! تۆ نە باوکت پیاو خرا بوو، نە دایکیشت داوێن تەڕ بوو. (٢٩) ھیمای بۆ مناڵەکە کرد. وتیان: جا چۆن دەگەڵ ساوای سەر بێشکەدا بئاخێوین. (٣٠) [منداڵەکە] وتی: من خولامی خودام؛ کتێبی بە خەڵات دامێ و منی کردۆتە پێغەمبەر. (٣١) لە ھەر کوێش بم، پێ و قەدەمم پیرۆز دەکا و ڕای سپاردووم - ھەتا زیندووم - نوێژ بکەم و زەکات بدەم. (٣٢) گوێ لە مستی دایکیشم بم؛ نەشیکردووم بە ملھوڕێکی سەربزێو. (٣٣) سڵامم لێ بێ ڕۆژێ کە لە دایک بووم و ئەوێ ڕۆژێ کە دەمرم و ئەوێ ڕۆژێش کە زیندوو ڕادەکرێمەوە. (٣٤) قسەی دروست لەمەڕ عیسای کوڕی مەریەم، ھەر ئەمەیە؛ کە ئەمان تیا دوودڵن. (٣٥) لە خودا ناوەشێتەوە زارۆی ھەبێ؛ پاکی و بێ عەیبی بۆ ئەوە. ھەرگا ویستی کارێک ببێ، ھەر پێی بێژێ: ببە! دەبێ. (٣٦) ھەر خودایە پەروەرندەی من و ئێوە؛ سا ھەر دەبێ بیپەرستن؛ ئەمە ڕاگەیەکی سەرڕاستە. (٣٧) ھێندێ لەو دەستەوبەستانە لە ناو خۆدا، دەستیان کردە کێشە و ھەرا. جا واوەیلا بۆ ئەو خودانەناسە، لە کاتی دیتنی ڕۆژە دژوارەکە. (٣٨) ڕۆژێ کە دێنە لای ئێمە گەلێک چاوزیت و گوێ سووکن؛ بەڵام ئەوڕۆ ناھەقەکان بە ئاشکرا لە ڕێگەی ڕاست لایانداوە. (٣٩) لەو ڕۆژی داخ و کەسەریان بترسێنە؛ کاتێ کار لە کار دەترازێ؛ کەچی ئەوان ھەر بە خۆیان نەزانیوە و خۆیان لە باوەڕ بواردووە. (٤٠) ئەم زەمینە و ھەرچی وا بەسەریەوەیە لە دواجاردا ھەر بۆ ئێمە ئەمێنێت و سەرلەبەریان دەھێننەوە بۆ لای خۆمان. (٤١) لەم کتێبە باسی ئیبراھیمیش بکە، کە [لە کار و وتاریدا] ھەر ڕاست و پێغەمبەریش بوو. (٤٢) ئەو چاخە بە ئاپی خۆی گوت: ئاپۆ! تۆ بۆ شتێکی وا دەپەرستی، نە دەبیسێ و نە دەبینێ و ھیچ بەھرەیەک بە تۆ نادا. (٤٣) ئاپۆ! ئەوەی من دەیزانم تۆ نایزانی؛ شوێنم کەوی، شارەزای ڕاستەڕێت دەکەم. (٤٤) ئاپۆ! شەیتان پەرست مەبە. شەیتان لە فەرمانی خودا سەرپێچی کرد. (٤٥) ئاپۆ! من لەوە دەترسم، لە خواوە تووشی ئازار بی و ببی بە دۆستی شەیتانێ. (٤٦) [گوتی: ] ئاخۆ ئەی ئیبراھیم! تۆ بە بێزی لەوانەی من دەیانپەرستم؟ ئەگەر دەست لەمە ھەڵنەگری، بەردەبارانت دەکەم و تا ماوەیەکی درێژیش لە لام بڕۆ. (٤٧) گوتی: سڵام لەسەر تۆ بێ؛ لە پەروەرێنم دەخوازم لێت ببوورێ و ئەو دەگەڵە من بەڤیانە. (٤٨) من لە ئێوە و لەوانەش بەغەیرەز خودا لەبەریان دەپاڕێنەوە، دوور ئەگرم و گازی پەروەرندەم دەکەم؛ بەشکوو لە گازی کردنی پەروەرندەم، تووشی قەرەبەختی نەبم. (٤٨) جا کە ئەوانەی وەلا نا و وازی لەو شتانە ھێنا کە ئەوان - بەغەیرەز خودا - دەیانپەرست، ئیسحاق و یاقووبمان دایە و گشمان کردن بە پێغەمبەر. (٥٠) وەبەر بەزەیی خۆشمان خستن و واشمان کرد کە زۆر بە چاکە ناویان دەرچێ. (٥١) باسی مووساش ھەر لەم کتێبەدا بکە؛ کە بێ سۆ ھەڵبژاردە و ڕاسپاردەیەکی پێغەمبەر بوو. (٥٢) لە لای ڕاستی چیای تووریش گازیمان کرد، لە خۆشمان نزیک کردەوە کە بە نھێنی حاڵی کەین. (٥٣) ھەر لە چاکەی خۆشمانەوە ھاڕوونی برایمان پێ بەخشی؛ کە ئەویش ھەر پێغەمبەر بوو. (٥٤) لەم کتێبە باسی ئیسماعیلیش بکە؛ ئەو ڕاست بوو لە بەڵێنیدا و پێغەمبەرێ ڕاسپاردە بوو. (٥٥) کەسوکاری بۆ نوێژ کردن و خێرکردن ھەڵدەپێچا و جێگەی ڕەزامەندی پەروەرێنی خۆی بوو. (٥٦) ھەروەھا لەم کتێبەدا لەمەڕ ئیدریسیش باخێوە؛ کە ئەو ھەرە ڕاست بێژێکی پێغەمبەر بوو؛ (٥٧) بە پایەی بەرزیشمان گەیاند. (٥٨) ئەوانە لەو پێغەمبەرانەن کە بەر چاکەی خوا کەوتن؛ لە ڕەگەزی بابەدەم بوون و لەوانەش دەگەڵ نووحا ھەڵن گرتن و لە تۆرەمەی ئیبڕاھیم و ئیسڕائیل و لەو کەسانەی خۆمان شارەزان کردن و بۆ خۆمان ھەڵمان بژاردن. ھەرگا نیشانانی خوایان بەسەردا دەخوێنرایەوە، دەمەوڕوو دەکەوتنە زەوی بۆ سوژدە و بە کوڵ دەگریان. (٥٩) لە دوای ئەوان کەسانێ بوونە جێگریان، بەلای نوێژدا نەچوون و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتن؛ ئەوانە بەم زووانە تووشی ئازار و خوسار دەبن؛ (٦٠) مەگین ئەوی بڕوا بێنێ و لە گوناھ بپرینگێتەوە و ئاکارچاک بێ؛ ئەوانە دەچنە بەھەشت و ھیچ ناھەقییان لێ ناکرێ. (٦١) باغاتێ ھەمیشە خۆشە و لە نەدیتە خوا بەڵێنی بە عەبدەکانی خۆی داوە و بەڵێنی ئەو ھەر دێتە جێ. (٦٢) چەڵتەی لابەلا نابیسن و ھەر سڵاوە و ھەموو بەیانی و ئێواران ژەمیان ھەیە. (٦٣) ئا ئەمەیە ئەو بەھەشتەی کە دەیبەخشین بە عەبدانی خۆپارێزمان. (٦٤) بە فەرمانی پەروەرندەی تۆ نەبێ ئێمە ھەر داناوەزینەخوار، ھەرچی ئێستا لە لامانە و ھەرچی لە دوامانەوەیە و ھەرچی لەم ناوەدا ھەیە ھەر بۆ ئەوە و پەروەرندەی تۆ ھیچ شتی لە بیر نەچووە. (٦٥) ڕاھێنەری عاسمانەکان و زەمینە و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە. سا تۆش ھەر ئەو بپەرستە و دەبێ بۆ پەرستنی ئەو خۆڕاگر بی. ئاخۆ ئاگات لێیە ھاوناوێکی ھەبێ؟ (٦٦) مرۆ ئێژێ: ئەگەر مردم، ئاخۆ وەک زیندوو بووم بەرێ، ھەروا دەم ھێننەوە دەرێ؟ (٦٧) ئەو مرۆیە بۆ ھیچ بیرێک ناکاتەوە، کە سەرەتا ئێمە ئەومان دروس کرد و ھیچیش نەبوو؟ (٦٨) سوێندەکە بە پەروەرێنت، ھەر دەبێ دەگەڵ شەیاتین پێکەوە کۆیان کەینەوە و دەوراندەور لە جەھەندەم چۆک دابدەن. (٦٩) پاشان لە ناو ھەرگرۆیەک، ئەوی پتر دژی خودای ڕەحمان بووگن، ئێمە جوێیان دەکەینەوە. (٧٠) دواجار دیارە ھەر خۆمان باشتر دەزانین کامەیان بۆ چوونە دۆژەە ھێژاترن. (٧١) ھەموو کەستان – ئیللا و بیللا – ھەر دەبێ بچنە جەحەندەم، بڕیارێکە پەروەرندەی تۆ داویەتی و ھەر دەبێ جێ بەجێ ببێ. (٧٢) پاشان لە خوداترسەکان ڕزگار دەکەین. ناھەقانیش – دەستەوئەژنۆ- لە ناویدا دێڵینەوە. (٧٣) ھەر کاتێکی نیشانانی دیاریدەری ئێمەیان بۆ وەخوێندرێ، خوانەناسان بە خاوەن باوەڕان ئێژن: کامەلا ماڵی خۆشترە و دیوەخانی لەبارترە؟ (٧٤) ئای کە چەند بەرەن پێش ئەوان لە ناو بردوون، کە لەوانە کەل پەلی ناوماڵ ڕێکتر و بە دیمەن لەمان جوانتر بوون. (٧٥) بێژە: کەسێ لە گومڕاییدا تل دەدا، با خوا پەتی بۆ شل بکا و وێڵی بکا؛ تا ئەو ساتە کە دەبینن قەیرانێ بۆیان داناون سەر وەختی ھات؛ یان ئازاردانە یان سەڵا. لەوە بەولاوە تێدەگەن کێ ماڵەکەی ناخۆشترە و کێ یاریدەری کەمترە. (٧٦) ئەو کەسانەی خودا شارەزای کردگن پتر شارەزایان دەکا؛ پەروەرندەت بۆ خێرێ دەمێنێتەوە پاداشی باشتری ھەیە و سەرەنجامیشی باشترە. (٧٧) کاوراکەت دی، حاشای ھەبوو لە نیشانانمان و گوتی: لێم ڕوونە ماڵ و مناڵم ھەر دەدەنێ؟ (٧٨) ئاخۆ نھێنی دەزانێ یان لە خواوە بەڵێنێکی پێدراوە؟ (٧٩) نەخێر، ھەرچی ئەو دەیڵێ ئێمە دەینووسین و ماوەی جەزرەبەدانی پتر دەکەین. (٨٠) ھەرچی ئێژێ لە لای ئێمە دەمێنێتەوە و خۆی بە تەنیا دێتە لامان. (٨١) بەدەر لە خوا، ئەوان پەرستیوانێکی تریان دەپرست، تا ببنە ھۆی سەربەرزییان. (٨٢) نەخێر، حاشا لە پەرستنیان دەکەن و لە دژیشیان ڕادەوەستن. (٨٣) تۆ نەتزانی ئێمە شەیاتینیەکانمان ناردۆتە سەر خوانەناسان ختووکە و ھانەیان دەدەن؟ (٨٤) ھیچ پەلەیەکیان لێ مەکە، ئەوا ئێمە بە ژماردن لەسەر ئەوانی دەژمێرین. (٨٥) تاوانبارانیش بۆ دۆزەق [وەکوو گاگەل بۆ سەراو]، دەم تینگ ڕەپێچەک دەدەین. (٨٧) ئەوانە دەستەڵاتی تکایان نییە، مەگین ئەوی لە خوا پەیمانی ساندبێ. (٨٨) وتووشیانە: خودا بویتە خاوەن فرزەند. (٨٩) ئای کە قسەی ڕەقتان بە دەمدا ھاتووە! (٩٠) لەوانەیە لەو [قسەیە] ئاسمانەکان ھەڵتەکێن و زەمین شەق با و کێوەکان لەبەریەک بچن؛ (٩١) لەبەر ئەوە گوتیان خودا فرزەندی ھەس. (٩٢) لە خودا ناوەشێتەوە کە ھیچ فرزەندێکی ھەبێ. (٩٣) ھەرچی لە ناو ئەم عاسمانان و زەمینەن – گش لە گشتی – بە خوڵامەتی دێنە لای خودا. (٩٤) سەر حیسابی ھەموویانە و ھەر بە ھەژمار ژماردوونی. (٩٥) سەرلەبەریان ڕۆژی سەڵا، تاک و تەنیا، دێنە لای ئەو. (٩٦) ئەوانەی باوەڕیان ھەیە و ئاکارچاکن، خودا دەیانکاتە خۆشەویست. (٩٧) ئێمە بۆیە ئەم قورئانەن بە زوانی خۆتی ھێسانی ڕەوانە کرد، تا تۆ بەوی پارێزگاران دڵخۆش کەی و گەلی دوژمنی سەرسەخت، بترسێنی. (٩٨) چەندین بەرەن بەرلەمانەش قڕ تێخستوون؛ ئاخۆ ھەست بە ھیچیان دەکەی، یان نووزەشیان لێ دەبیسی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاھا وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) تا، ھا. (٢) ئەم قورعانەن بۆ نەناردی تووشی چەوسانەوە بی. (٣) تەنھا بیرھێنانەوەیە بۆ کەسێ کە ترسی ھەیە. (٤) لەلایەنی داھێنەری ئەم زەمین و ئاسمانە بڵندانەوە ھاتۆتەخوار. (٥) ئەو خودایەی لەسەر تەختی خۆی دامەزرا. (٦) ھەرچی ھەیە لە ئاسمانان و زەمیندا و ھەرچییەکیان لە نێواندایە، گش بۆ ئەوە و ھەرچی لە ژێر خاکیشدایە. (٧) ئەگەر دەنگیشت ھەڵبڕی، ئەو بە ڕاز و ھێدیکاتریش دەزانێ. (٨) خودایێکە لەغەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ نابێ؛ ناوە ھەرە پیرۆزەکان ھەر بۆ ئەون. (٩) ئاخۆ سەرگوروشتەی مووسات بۆ ھاتووە؟ (١٠) ئەو کاتە ئاگرێکی دی و بە ماڵ و خێزانەکەی گوت: لێرە مەبزوون، من ئاگرێکم بە دی کرد؛ بەشکوو لەوێ خەتیرەیەکتان بۆ بێرم؛ یان کەسێکم - بۆ شارەزا – ھەر لەوێ وەدەس بکەوێ. (١١) دەمێ گەیشتە بەر ئێگر، گاسی لێکرا: ئەی مووسا! (١٢) من، منم پەروەرندەی تۆم. شەکالەکانت باوێژە. تۆ وای لە ناو شیوی پیرۆزی «توا» دا. (١٣) ھەر خۆمم تۆم دەس نیشان کرد؛ سا گوێدێری ڕاسپێری بە. (١٤) ئەمن خوام، جگە لە من خوای تر نییە؛ سا تۆ ھەر من بپەرستە و نوێژێ بکە تا وەبیر خۆتم خەیتەوە. (١٥) ڕۆژی سەڵا ھا لە ڕێدا؛ من دەمەوێ کە جارێ ئاشکرا نەبێ و بیشێرمەوە، تا ھەر کەسێ بەرەی کۆششی دەس کەوێ. (١٦) ئەوی باوەڕی پێی نییە و شوێن ئارەزووی خۆی کەوتووە، نەکا تۆی لێ وەپرینگێنێ و بەڵای بەلاتەت تووش بوێ. (١٧) ئەی مووسا! ئەی ئەمە چییە کە لە دەستی ڕاستت دایە؟ (١٨) گوتی: ئەمە عاساکەمە، وەبەر پشتی خۆ دەدەم و گەڵای پێ دادەوەرێنم بۆ ڕانەکەم، چەند ئیشی دیشی پێدەکەم. (١٩) گوتی: مووسا بیھاوێژە! (٢٠) کە ھاویشتی، لەپڕ دیتی وا مارێکە و دشێڵەھێ. (٢١) گوتی: بیگرە و ترست نەبێ؛ ھەر ئێستاکە دەیخەینەوە تەرحی پێشووی. (٢٢) دەستیشت بخە باخەڵت – بە بێ ئازار – دێتە دەرێ وەک چۆڕی شیر؛ [ئەمیش] نیشانێکی ترە. (٢٣) تا ئێمە لە نیشانانی ھەرە گرینگی خۆمانت نیشان بدەین. (٢٤) ڕێکەوە بۆ لای فیرعەون، یەکجار شووی لێ ھەڵکێشاوە. (٢٥) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! پشوو درێژترم بکە. (٢٦) کاریشم لێ سانا بکە. (٢٧) گیریەکم لە زماندایە، بۆم ڕەھا کە. (٢٨) تا دەئاخافتنم بگەن. (٢٩) لە خزمانم ئاریکارێکم بۆ دانێ. (٣٠) [مەبەست] ھاڕوونی برامە. (٣١) پشتی منی پێ پتەو کە. (٣٢) بیشیکە شەریک لە کارم. (٣٣) تا ئێمە، زێدە پەسنی پاکی تۆ بدەین. (٣٤) گەلێکیش یادی تۆ بکەین. (٣٥) تۆ چاوەدێریت لێ کردووین. (٣٦) گوتی: مووسا! ھەرچی تۆ ویستت پێت درا. (٣٧) جارێ تریش تۆمان وەبەر چاکەی خۆ خست. (٣٨) کاتێ ئەوەی کە پێویست بوو ئاویتمانە دڵی داکت؛ (٣٩) کە: بیخەرە داربەستەوە و بیھاوێژەرە ناو زێوە؛ با زێش بیخاتە کەنارێ و دژێکی من – کە دوژمنێکی ئەویشە – بیگرێتەوە. ڤیانی خۆم خستە سەر تۆ، تا لە ژێر چاوەدێری خۆم بپەروەرێی. (٤٠) کاتێ خوشکت دەچوو دەیگوت: گەرەکتانە کەسێکتان بۆ بدۆزمەوە کە بۆتانی بە خێو بکا؟ تا بەم جۆرە ھێنامانیەوە لای داکت، کە چاوی پێت ڕوون بێتەوە و خەمێ نەخوا. ئەی مووسا! ئەمەش دەزانی یەکیش بە دەستت زایە بوو؛ لەو خەمەش ڕزگارمان کردی، چەند جاری دیش ئەزموومانی. چەند ساڵێکیش لە ناو خەڵکی مەدیەنا مای؛ پاشان لە سەر بڕیاری خۆن ئەوا ھاتی. (٤١) من تۆم کردە تایبەتی خۆم. (٤٢) بە نیشانەگەل منەوە لەل براکەتا ڕێکەوە و لە وەبیر ھێنانەوەی من سستی مەکەن. (٤٣) ھەردووک ھەڕنە نک فیرعەون، ئەو لە ڕادەی دەرکردووە. (٤٤) نەرم و نیانی بدوێنن، شایەتا بیر بکاتەوە، یان بترسێ. (٤٥) وتیان: پەروەرندەی ئێمە! ترسن ھەیە لێن دەرھەڵبێ و یان تەواو لە شۆری دەرکا. (٤٦) گوتی: ھیچ ترسێکوو نەبێ، من لەل ئێوەم. ئەبیەم، چاویشیم تێوەیە. (٤٧) سا بچنە لای و پێی بێژن: ئێمە ھەرتک ڕاسپاردەی پەروەرندەی تۆین؛ تۆ تۆرەمەی ئیسڕائیلمان ڕەگەڵ بخە و [چیتر] مەیان چەوسێنەوە. وا بەڵگەشن لە ئالی پەروەرندەتڕا بۆ ھێناوی؛ دروود لەسەر ئەو کەسانەش بێ، لە راستەڕێ، لانەکەوێ. (٤٨) بە ئێمە ڕاگەیەنراوە کە ھەر کەسێ بڕوا نەکا و پشتی تێکا، ئازار دەرێ. (٤٩) گوتی: مووسا! پەروەرندەی ئێوە کێیە؟ (٥٠) گوتی: پەروەرندەی ئێمە ئەو کەسەیە کە بە ھەموو دەسکردی خۆی ھەموو پێداویستی داوە، پاشانیش ڕێی نیشان داوە. (٥١) گوتی: بەرەو چینەکانی پێشوو چۆن بوون؟ (٥٢) گوتی: لە دەفتەرێکدایە لە لای پەروەرندەمەوە و ئەو دەیزانێ. پەروەرندەم نە ھیچ شتی لێ گوم دەبێ و نە ھیچیشی لە بیر دەچێ. (٥٣) کەسێکە زەوی بۆ کردن بە ڕایەخ و ڕێبازگەلێکی بۆ ئێوە تێھەڵکێشاو، ئاوێکیشی لە حەوایەوە داباراند، کە زۆر جووتەی جۆراوجۆری ڕووەکانمان پێ دەرھێنا. (٥٤) بخۆن و وڵساتەکەشتان بچەرێنن؛ کە لەمەدا زۆر نیشانە بۆ خاوەن ئاوەزان ھەیە. (٥٥) لە زەویمان بەرھەم ھێنان، دیسان دەتانخەینە ناوی و جارێکی تر لەوێتان دەردەخەینەوە. (٥٦) ئێمە ھەموو نیشانەکانمان نیشان دا؛ ئەو ھەر بڕوای پێ نەکرد و گوێی پێ نەدا. (٥٧) گوتی: ئەی مووسا! ئاخۆ تۆ ھاتیە لامان، تا بە جادووت لە عەرزی خۆمان دەرمانکەی؟ (٥٨) مەرجە ئێمەش جادووی وەک ئەمەت بۆ بێنین. سا خۆت بۆ ئێمە و بۆ خۆشتان جێ ژوانێکی لەتەختانێ ڕەچاو بکە؛ نە مە و نە تۆ، ھیچمان تەنەخی لێ نەکەین. (٥٩) گوتی: جێ ژوان لە ڕۆژی ڕازانەوە بێ، لە وەختی چێشتەنگاوێدا کە مەردم خڕ دەکرێنەوە. (٦٠) فیرعەون [جڤاتی] جێھێشت و فێڵی خۆی [گشت] کۆ کردەوە و گەڕایەوە. (٦١) مووسا بە فێڵبازانی گوت: نەچن بە دەم خوداوە درۆ ھەڵبەستن؛ بە جەزرەبە گشتوو تەرت و توونا دەکا. کێ بوختانێ بە خوا بکا، دەم لە پووشە. (٦٢) لێیان بوو بە مقۆمقۆ و ملیان لە سرتەکردن نا. (٦٣) گوتیان: دیارە ئەوانە دوو جادووگەرن، دەیانەوێ بە جادوویان لە ھەردی خۆتان دەرکەن و نەریتە ھەرە باشەکەو لە ناو بەرن. (٦٤) فێڵی خۆتان کۆ کەنەوە و پاشان ھەموو بەڕێز وەرن. ئەمڕۆ ھەر کەسێ سەرکەوێ، ڕزگار دەبێ. (٦٥) گوتیان: ئەی مووسا! یان باوێ، یان ئێمە پێش تۆ داوێژین؟ (٦٦) گوتی: نا ئێوە باوێژن. لەپڕ مووسا – لە جادووی وان – وای گومان برد پەتەکان و عاساکانیان دێن و دەچن. (٦٧) مووسا ئەوسا لە دڵی خۆیا کەمێک ترسا. (٦٨) گوتن: ھیچ ترسێکت نەبێ، تۆ سەرتری. (٦٩) ئەوی لە دەستی ڕاستتدا بیھاوێژە، ھەرچی ئەمان کردوویانە قویتی دەدا. ئەوانەی ئەو کردوویانە، تەڵەکەی جادووگەرانە؛ جادووگەران لە ھەر کوێ بن سەرناکەون. (٧٠) جادووگەر سوژدەیان برد و گوتیان: بڕوان بەوە ھێنا مووسا و ھاڕوونی پەروەراند. (٧١) گوتی: بەر لەوە ڕێو بدەم، ئێوە بڕواتان پێ ھێنا. دەرکەوت ئەو مەزنتانە و درزی جادووگەری دادان. سوور بزانن ھەموو دەست و پایەکانتان بە پێچەوانە دەبڕم و بە کۆتەرەی دارخورمایانوو دادەکەم؛ سا تێدەگەن ئێشاندنی کێ توندتر و پڕ کێشترە. (٧٢) گوتیان: لە دوای ئەو نیشانانەی دیومانە، سوێند بەو کەسەی کە ئێمەی دروس کردووە، ھەرگیز بۆ تۆ دەسمان پێ لەو ھەڵناگیرێ؛ سا ھەرچییەکی لە دەستت دێ دریغ مەکە؛ تۆ ھەر تەنیا لە ژینی ئەم دنیایەدا دەستت دەڕوا. (٧٣) ئێمە بڕوان بە پەروەرندەن ھێناوە؛ ھەتا وەکوو لە ھەڵەکانمان ببوورێ و لەو جادووگەرییەشمان خۆش بێ؛ کە تۆ بەسەرتا سەپاندین. خوا چاترە و ھەر دەشمێنێ. (٧٤) ھەر کەسێ بە تاوانباری بچێتە لای پەروەرندەی، دیارە بەشی جەھەندەمە و – نەمر، نەژی – تیا دەبێ. (٧٥) ھەر کەسیش خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بێ و بچێتە لای، ئەنوای ئەوان وان لە پلە بەرزەکانا. (٧٦) نشیمەنیان باغاتێکە جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تاھەتایە تیا دەبن. ئەمەیە پاداشی پاکان. (٧٧) ئیتر بە مووسان ڕاگەیاند، کە وێڕای عەبدەکانی من بە شەو بڕۆ، ڕێیەکی وشک و برینگیان لە دەریا بۆ ڕەچاو بکە؛ نە نیگەرانی گرتن بەو نە بترسە. (٧٨) فیرعەون بە خۆو لە شکرەوە کەوتە دوویان. پێلی دەریا ھاتە سەریان و دای پۆشین. (٧٩) فیرعەونیش ڕێی لە گەلەکەی ھەڵە کرد و نەیکرا شارەزایان کا. (٨٠) ئەی وەچ و بەرەی ئیسڕائیل! لەبەر چەنگی دوژمنوو ڕزگارن کردن؛ بۆشمان دانان – لەلای ڕاستی چیای توورێ – بگەنە لام؛ گەزۆ و مەلی شێلاقەشمان بۆ ناردنە خوار. (٨١) لەو بژیوە پاکانەی پێمان دان، بخۆن؛ بەڵام ھەڵەڕۆیی مەکەن؛ نەوەکا لێتان تووڕە بم. ھەر کەس تووشی تووڕەییم بێ، ھەڵدێراوە؛ (٨٢) ھەر کەسێکیش تۆبەکار و باوەردار و ئاکارچاک و شارەزای ڕاستەڕێگە بێ، من دەیبەخشم. (٨٣) ئەی مووسا! ئەوە چۆنە لە ھۆزەکەت بەلەزتر بووی؟ (٨٤) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! پەلەم بوو زوو بگەم بە تۆ، ھەتاوەکوو لێم ڕازی بی؛ وا ئەوانیش ھان لە دووی من. (٨٥) گوتی: پاش تۆ ئێمە ھۆزەکەتمان ئەزموو. سامری لە ڕێی دەرکردن. (٨٦) ئەوسا مووسا – بە تووڕەیی و داخ لە دڵی – ھاتەوە بۆ ناو ھۆزەکەی. گوتی: گەلۆ! ئاخۆ پەروەرێنی ئێوە بەڵێنی باشی پێ نەدان؟ بۆچی من زۆرم پێ چووە، یان ھەر ویستوو بەر تووڕەیی پەروەرندەتان بکەون، وا پەیمانی منتان شکاند؟ (٨٧) گوتیان: ئێمە بە خۆشی خۆ پەیمانەکەی تۆمان نەشکاند. چەند بار خشڵی گەلەکەیان لە کۆڵ نابووین، ناچار ئاویتنە ناو بۆتە؛ ھەروا سامریش تێی ھاویشت. (٨٨) ئیتر کۆتەڵی گۆلکێکی بۆ دەرخستن کە ئەیبۆڕاند. ئەوسا وتیان: ئەمەیە خودای ئێوەیە و خوای مووساشە؛ [جا مووسا ئەمە] لە بیر چوو. (٨٩) ئاخۆ ئەمانە نابینن، نە جوابێکیان دەداتەوە و نە زیانێکی بۆیان ھەیە و نە قازانجێ؟ (٩٠) ھاڕوونیش بەرێ پێی وتن: گەلۆ! ھۆن بڤی گۆلکێ خاپێنراون؛ پەروەرێنتان دەھندەکەی ڕۆزیتانە. دەوەرن وەدووی من کەون و فەرمانی من بە جێ بێنن. (٩١) گوتیان: لێی وەلا ناکەوین، ھەتا مووسا دەگەڕێتەوە بۆ لامان. (٩٢) گوتی: ھاڕوون! ئەگەر دیتت ئەوانە لە ڕێ لاکەوتن، چی نەیھێشت تۆ، (٩٣) شوێنم کەوی؟ ئاخۆ تۆش لە فەرمانی من سەرپێچیت کرد؟ (٩٤) گوتی: ئەی دایک براکەم! ڕیشم بەردە و قژم مەگرە. من لەوە ترسام کە بێژی: تۆ جوداییت خستە نێوان من و بەرەی ئیسڕائیل و لەسەر قسەم ڕانەوەستای. (٩٥) گوتی: سامری! ئەم کارە چ بوو کردت؟ (٩٦) گوتی: شتێکم بەدی کرد، کە ئەوانی دی نەیاندی: لە دەوسی ڕاسپاردەکەدا لاوێچەخۆڵێکم ھەڵگرت، ئەویشم ھاویشتە ناوی. ئاوەھاینە نەفسم ئەوەی بۆ خەمڵاندم. (٩٧) گوتی: دەسا بڕۆ گوم بە! ئەشێ ھەتا ژینت ماوە، ھەر بێژی توخنم مەکەون؛ چارەنووسێکیشت ھەیە ھەر دێتە ڕێت. دەبش نۆڕە، ئەو شتەی تۆ دەت پەرست و دەت گوت: قەت بە جێی ناھێڵم، چتۆ ئاگری دەدەین و خۆڵەکەشی لە دەریایە دەپڕژێنین، بە پڕژاندن. (٩٨) پەرستیو ھەر خودایە کە ھەموو شتێک دەزانێ و ھیچ شتی تر – لە غەیرەز ئەو – ھێژای پەرستنێ نییە. (٩٩) ئا بەم جۆرە سەرگوروشتەی پێشینەکانت بۆ ئێژین. ھەروەھا ئەم قوڕعانەشمان لە خۆمانڕا داوە بە تۆ. (١٠٠) ھەر کەسێ خۆی لێ نەبان کا، ڕۆژی سەڵا بارێکی گران ھەڵدەگرێ. (١٠١) ھەرگیز لە ژێری دەرناچی. ئای کە لە ڕۆژی قیامەتا بۆ ئەوانە چەند بارێکی نالەبارە. (١٠٢) ئەو ڕۆژە وا فوو بە کەڵەشاخدا دەکرێ، ئەوێ ڕۆژێ تاوانباران کۆ دەکەینە و؛ کۆرن و شین ھەڵگەڕاون. (١٠٣) ھێدیکا بە یەکتر دەڵێن: دە ڕۆژ نەبێ، نەماونەوە. (١٠٤) لەو شتەی ئەوان لێی دەدوێن، ئێمە پتر ئاگادارین. لە گشتیان ھێژاتر ئێژێ: تەنیا ھەر ڕۆژێک ماونەوە. (١٠٥) لەمەڕ کێوان لێت دەپرسن. بێژە: پەروەرندەکەی من ھەر بە ھاڕین دەیانھاڕێ؛ (١٠٦) دەیانکاتە دەشتێکی کاکی بە کاکی؛ (١٠٧) نە ھیچ کەندی تیا دەبینی و نە ھیچ کۆسپێ. (١٠٨) لەو ڕۆژەدا وەدەنگ کەسێکەوە دەچن، کە بە ھیچ بارا خوار نییە. لەبەر خودا ھەموو دەنگێک نەوی دەبێ؛ چپەچپ نەبێ نابیسی. (١٠٩) ئەوێ ڕۆژێ تکا [بۆ کەس] بەھرە نادا، مەگین کەسێ خودا ئیزنی تکای بدا و قسەکەشی پەسند بکا. (١١٠) ئەو دەزانێ چییان بەسەر ھات یان بەسەر دێ؛ ھەر ئەمانن کە لەمەڕ ئەو ھیچ نازانن. (١١١) ھەموو مەردم لارەملی ئەو کەسەن کە ھەر نامرێ و پایەدارە؛ کێ ناھەقێکی کردووە، ناھومێدە. (١١٢) ھەر کەسیش خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکە، ناترسێ کە پاداشەکەی زەوت کرێ یا کەمتر بێ. (١١٣) ھەر بەم تەرزەش قورئانێ بە عەرەبیمان ناردە خوارێ، گەلێک مایەی ترساندنێن تێخستووە، بەشکوو پێی بپرینگێنەوە یان خۆیان وەبیر بێننەوە. (١١٤) پایەبەرزە ئەو خودایە کە پاوشای ڕاستەقینەیە. تۆش بەرلەوەی ئێمە پێتی ڕاگەیێنین، دبۆ [خوێندنی] ئەم قورئانە پەلەت نەبێ و بێژە: ئەی پەروەرندەی من! گەشە بە زانستم بدە. (١١٥) بەرلە ئێستاش دەگەڵ ئادەم پەیمانن بەست؛ لە بیری کرد و پێی نەکرا پێکی بێنێ. (١١٦) ئەوساش بە فرشتانمان وت: سوژدە لەبەر ئادەم بەرن. ھەموویان سوژدەیان بۆ برد مەگین ئیبلیس؛ ئەو لە فەرمان سەرپێچی کرد. (١١٧) گوتمان: ئادەم! ئەمە ھەم نەیاری تۆیە، ھەم نەیاری ژنەکەتە؛ لەم بەھەشتەتان دەر نەکا و تووشی قەرەبەختی ببی. (١١٨) [ھەتا لێرەی] نە قەت ڕووتی ڕووت تێدەکا، نە برسێتی؛ (١١٩) نە قەت تێیدا توونی دەبی، نە تاوان گاز. (١٢٠) شەیتان دنەی خراپەی دا. گوتی: ئادەم! گەرەکتە داری ھەرمانت پێ بڵێم و ئەوی ھەتە دوایی نەیە؟ (١٢١) ئەوسا ھەر دووک لەبەری دارەکەیان خوارد. شەرمی خۆیان بۆ دەرکەوت؛ خەریک بوون بە گەڵای بەھەشت خۆ داپۆشن. ئادەم لە فەرمانی پەروەرندەی لای دا و، لە ڕێ دەرچوو. (١٢٢) پاشان پەروەرندەی، ئەوی ھەڵبژارد و پەژیوانی قبووڵ کرد و ڕێی نیشان دا. (١٢٣) گوتی: ھەرتکوو سەربەرەژێر داخۆزنە ژێر؛ سەرلەبەر دژی یەکترین؛ ئەر لە منڕا ڕێنوێنیتان ھاتە لا، ئەوسا ھەر کەس ڕێگەی منی گرتەبەرێ، ئیتر نە ڕێ ھەڵە دەکا، نە تووشی نەگبەتی دەبێ. (١٢٤) ھەر کەسێکیش بە ئامۆژگاری من نەکا، ژینی لە تەنگانەدایە و ڕۆژی سەڵاش کۆرە لە گۆڕی دەردەخەین. (١٢٥) ئێژێ: ئەی پەروەرندەی من! بۆچی منت بە کوێری زیندوو کردەوە؟ خۆ من ئەوسا چاوم ساغ بوون. (١٢٦) ئێژێ: ھەروەک تۆ نیشانەگەل ئێمەت بۆھات و لە بیرە خۆتت بردەوە، ئەمڕۆش تۆ لە بیر دەچییەوە. (١٢٧) ھەر کەسێکی بە نیشانەگەل پەروەرندەی بڕوا نەکا و لە ئەندازەی خۆی لابدا، ئەشێ ئەم دەردەی بدەینێ. دیارە جەزرەبەی دواڕۆژیش توندتر و بە مەوداترە. (١٢٨) مەگەر بۆیان دەرنەکەوتووە – بەرلەوان – ھەر لەو شوێنەی ئەوان پیا دێن و دەچن، چەند بەرەمان لە ناو بردن. ھەر لەمەدا بۆ ئەوانەی بە ئاوەزن، زۆر بەڵگە ھەن. (١٢٩) گەر بەڵێنێک بەرلە ئێستا لە پەۆەرندەتڕا نەبا، وەختێکیش دیاری نەکرابا، جەزرەبەیان بەسەر دەھات. (١٣٠) لەسەر ھەرچی ئەوان ئێژن، خۆڕاگر بە. [ھەموو دەمان] – پێش تاوھەڵات، پێش خۆراوا – ھەر پەسنی پاکی ئەو بدە و لە بەتڵەکانی شەوێدا و لە ھەر دوو ئالی ڕۆژێدا سەرگەرمی سوپاسی ئەو بە، بەشکوو بە ئاواتت بگەی. (١٣١) چاوت مەدە سەر ئەو شتەی کە داومانە بە دەستەگەلێ لەوانە، کە ئەمە ھەر خۆشی ژیانی دنیایە و ھەر ویستوومانە بییان ئەزموین. بژیوی پەروەرندەی تۆ چاتر و بەردەوامترە. (١٣٢) بە کەسوکاری خۆت بێژە نوێژان بکەن؛ خۆشت وازی لێ مەھێنە. ئێمە ڕۆزین لە تۆ ناوێ؛ خۆمان بژیو بە تۆ دەدەین. لە دواییشدا پارێزگاری بەھرە دەدا. (١٣٣) وتیان: ئەی بۆچ بەڵگەیەکی پەروەرندەن بۆ ناھێنی؟ ئەدی بەڵگەی ئاشکرایان لە نووسراوانی پێشوودا نەھاتە لا؟ (١٣٤) ئەگەر ئێمە بەرلەم قورئانە ئەوانمان بە ئازارێک لە ناو بردبا، دەیانگوت: ئەی پەروەرێنمان! تۆ بەرلەوە وا بێچارە و ڕیسوا ببین، بۆچی پێغەمبەرێکی خۆت بۆ نەناردین، تا بە گوێرەی نیشانەکانی تۆ بکەین؟ (١٣٥) بێژە: ھەموو چاوەنۆڕن، سا ئێوەش چاوەنۆڕ بن، ھەربینا لێتان حاڵی بوو: کێ ڕێگەی ڕاستی لەبەرە و بۆ شارەزایی لە سەرە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەنبیاء وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) خەڵک ئاگایان لێ نییە، ڕۆژی ژماریان نزیکە و ھەر باوەڕیش ناکەن ھەبێ. (٢) ھەر پەندێکی تازەیان لە پەروەرێنیانەوە بۆ بێ، دەی بیسن و گورجێ دەیکەنە گاڵتەجاڕ؛ (٣) دڵ خافڵن. ئەوانەش ناھەقییان کرد، بە سرتەوە گوتیان: ئاخۆ ئەمەش مرۆیەک وەک خۆتان نییە؟ دەی چۆن ئێوە بە جادوو دەسخەرۆ دەبن کە بە چاوی خۆ دەبینن؟ (٤) گوتی: پەروەرندەکەی من، لە ھەر قسێ لە عەرز و عاسمانان بکرێ، ئاگادارە و ھەر خۆی بیسەر و زانایە. (٥) گوتیان: خەونە درۆزنەیە؛ نەخێر خۆی ھەڵیبەستووە؛ دەشبێ ھەر خۆی شاعیرێک بێ. دەسا با نیشانەیێکمان نیشان بدا، وەک پێغەمبەرانی پێشوو. (٦) بەرلەوانیش ئەو شارانەی قڕمان کردن، ھەر بڕوایان نەھێنا بوو؛ ئاخۆ ئەمان بڕوا دەکەن؟ (٧) ئەو مێرانەی بەرلە تۆش ڕامان سپاردوون – ھەر وەکوو تۆ – ئێمە وڵاممان بۆ ناردن. سا ئەگەر ئێوە نازانن، لە خاوەن کتێبان پرسن. (٨) ھیچ لەشی واشن پێ نەدان کە ھیچ نەخۆن و نەمر بن. (٩) پاشان ھەموو بەڵێنێکی – کە پێن دابوون – بە جێن ھێنا؛ کە ئەوانیش و ھەر کەسیش خۆمان ویستمان نەجاتن دان؛ ھەڵەڕۆشمان قڕان تێخست. (١٠) ئەوا ئێمە کتێبێکمان بۆ ئێوە ناردۆتە خوارێ، باسی ئێوەشی تێدایە. چیتانە کە ھەر تێناگەن؟ (١١) چەند باژێریشمان وێڕان کرد؛ چونکە ئەوانەی تیا بوون، ستەمکار بوون؛ لە پاش ئەوان خەڵکی ترمان لێ دامەزراند. (١٢) ھەر پێ حەسیان کە ئێمە بە گژیان دادێین، لەپڕێکدا لە ئاوایی ڕایان دەکرد. (١٣) ئێوە ڕامەکەن و بگەڕێنەوە سەر خۆشگوزەرانی خۆتان و ماڵەکانتان؛ بەڵکوو پرسیارتان لێ بکرێ. (١٤) وتیان: ھەی ماڵ وێران خۆمان! دیارە کە ئێمە ناھەق بووین. (١٥) ھەر دەربارەی ئەمە دەدوان، تا بە دەردی ساقەتەی دووراومان بردن و دان مرکاندن. (١٦) ئێمە ئاسمان و زەوین و ھەرچی لە ناو ئەوانەدایە بۆ لەیستۆک دروس نەکرد. (١٧) ئەگەر ئێمە گەرەکمان با لەیستۆکێک ھەڵبژێرین، ھەر لای خۆمان ھەڵمان دەبژارد. ئەگەر بمانویستایە ئەو کارە بکەین [ھەر دەمانکرد. ] (١٨) نەخێر، ئێمە گەرەکمانە پڕوپووچ لە بەین بچێت و ڕاستی جێگەی بگرێتەوە. واوەیلا ھەر بۆ ئێوەیە لەو باسی خوداکردنەو. (١٩) ھەرچی لە عاسمانەکان و زەوی دایە، سەربە خوایە؛ ئەوانەش کە لە لای ئەون، لە پەرستنی بە فیز نین؛ فلیش نابن. (٢٠) بە شەو و ڕۆژ ھەر پاکانەی خودا دەکەن؛ سستی نازانن. (٢١) ئاخۆ ئەوان خواگەلێکیان لەم سەر ھەردە دەسکەوتووە، مریان لە گۆڕان وەژیەنێن؟ (٢٢) ئەر لە ئاسمان و زەویدا - بێژگە لە خوا - خواگەلێکی تر بوونایا، بێ شک ھەر دووکیان تێک دەچوون. خودای پەروەرێنی تەخت، زۆر پاکترە لە ھەرچی ئەوان بۆی دەڵێن. (٢٣) چی ئەو بیکا ناشێ پرسیاری لێ بکرێ و ئەوانن کە بەرپرسیارن. (٢٤) ئاخۆ ئەوان - لەغەیرەز خوا - خوداگەلێکیان بۆ خۆیان دیوەتەوە؟ بێژە: بەڵگەی خۆتان بێنن؛ ئەمە پەندە بۆ ئەوانەی دەگەڵ مندان؛ بۆ ئەوانەش کە پێش من بوون. بەڵام ئەوان - زۆربەی زۆریان - لە ڕاستی سەریان دەرناچێ و لێی نەبانن. (٢٥) بەرلە تۆش ئێمە ھەر پێغەمبەرێکمان نارد، ڕامان سپارد، کە: ھیچ پەرستووێک بەغەیرەز من نییە و ھەر تەنیا من بپەرستن. (٢٦) وتیشیان: خودا ڕۆڵەی ھەس. نەخێر؛ ئەوانە عەبدانی ڕێزگیراون، خودا لەو شتانە پاکە. (٢٧) لە قسە پێشی ناکەون و ھەر بە پێ فەرمانی ئەویش دەجوڵنەوە. (٢٨) لەوەی کە ئێستا دەیکەن و لەوەش کەوا کردوویانە، ئاگادارە و ھەر کەسێ خۆی ڕەزای نەبێ، ناتوانن تکای بۆ بکەن؛ وای لێ دەترسن، دەلەرزن. (٢٩) ھەرکێ لەوان بێژێ: منیش خودایەکم بەغەیرەز ئەو؛ سزای ئەو کەسە دۆژەھە و ھەر بەم جۆرەش خوانەناسان سزا دەدەین. (٣٠) ئاخۆ خودانەناسان ئەمە نازانن، کە عاسمانەکان و زەمین یەکپارچە بوون، ئێمە لێکمان ھەڵوەشاندن. ھەر جانەوەرێکیش ھەیە، لە ئاومان بەرھەم ھێناوە؟ ئاخۆ ھێشتا باوەڕ ناکەن؟ (٣١) لەسەر زەویش کەژوکۆمان وەدی ھێنا، نەوەکا وەیان لەرزێنێ و چەند ڕێبازمان لێ پێک ھێنا بەڵکوو ئەوان شارەزا بن. (٣٢) ئاسمانیشمان کردە میچێکی پارێزراو، کەچی ئەوان لەو گش نیشانانەی تێیدان، خۆ دەبوێرن. (٣٣) ھەر خۆیەتی شەو و ڕۆژ و خۆر و ھەیڤی دروست کرد و ھەر یەک لە شوێنی خۆیاندا مەلە دەکەن. (٣٤) وامان نەکرد ھیچ مرۆیەک بەر لە تۆ ھەبێ و نەمر بێ. ئاخر چۆن ئەگەر تۆ بمری، ئەوانە تا سەر دەمێنن؟ (٣٥) ھەموو گیانێک تامی مردن ھەر دەچێژێ. بە خراپە و بە چاکە بێ، بە تاقیتان دەکەینەوە و ھەر دەوھێننەوە لای خۆمان. (٣٦) ھەر کاتێ خوانەناسەکان تۆ دەبینن، گاڵتەی خۆیان بە تۆ دەکەن: ئاخۆ ئەمە باسی بتەکانوو دەکا؟ کەچی خۆشیان لە یادی [خودای] دەھندە حاشا دەکەن. (٣٧) مرۆ لە پەلە چێ بووە. ھەربینا زوو نیشانانی خۆم نیشان دان؛ ئیتر ھیچ پەلەم لێ مەکەن. (٣٨) ئێژن: ئەگەر بە ڕاستانە، دەی کەی ئەم بەڵێنەو پێک دێ؟ (٣٩) ئەگەر ئەو خوانەناسانە ئاگادار بان لەو ڕۆژەی کە قەت ناتوانن ئاگر لەسەر سەروچاویان و لە پشتیان وەلادەن و کەسیش دەھانایان نایە، [ئیتر ئاوایان نەدەکرد]. (٤٠) لەپڕ تێیان ھەڵدەگەڕێ و تووشی واق و وڕمانیان دەکا؛ ناتوانن خۆی لێ لادەن و ھیچ مۆڵەتیشیان پێ نادەن. (٤١) ئەو گاڵتانە بە پێغەمبەرانی بەرلە تۆش ھەر کراوە. جا ئەوسا گاڵتەجاڕەکان، سزای ئەو گاڵتەی دەیانکرد، دەوری گرتن. (٤٢) بێژە: کێیە - بە شەو و ڕۆژ - ئێوە لە [ئازاری] خودا بپارێزێ؟ نەخێر، ئەوان لە یادی پەروەرندەیان خۆ دەبوێرن. (٤٣) یاخۆ ئەوان - غەیرەز ئێمە - خواگەلێکی تریان ھەیە، لە بەڵایان بپارێزن؟ ! [ئەو خواگەلە] یاریدەی خۆشیان پێ نادرێ و ئێمەش پەنایان پێ نادەین. (٤٤) بەڵکوو ئێمە کارێکمان کرد کە ئەوان و باب و باپیرانی وانیش ڕای ببوێرن، ھەتاوەکوو تەمەنی زۆریان بردەسەر. ئەدی ئەوەندە نازانن ئێمە دێین و ئەم زەمینە - لە ھەموو لا - ھەروا لێی کەم دەکەینەوە؟ ئاخۆ ھەر خۆیان لە سەرن؟ (٤٥) بێژە: من ھەر بەو فەرمانەی بۆم ھاتووە، دەوترسێنم. بەڵام بانگ بە گوێی کەڕاندا و ترساندنیان بەھرەی نییە. (٤٦) خۆ ئەگەر ھەر سۆزەیەکیان لە ئازاری پەروەرندەت وەلەش کەوێ، ئێژن: ئەی ھاوار لەمە، ئێمە ھەر لەسەر ناھەق بووین. (٤٧) ڕۆژی قیامەت چەندین تەرازووی بەرانبەر وەکار دەخەین. ئەوسا بە قەد سەنگی تۆمی وردیلەی دانە خەردەلیش دەخەینە ڕوو ناھەقی لە کەس ناکرێ. ئەوسا بەسە کە ھەر خۆمان پێ ڕادەگەین. (٤٨) دیارە ئێمە ھۆی ھەڵاواردنمان دا بە مووسا و ھاڕوون؛ کە ڕۆشنی و بیرەوەری تێدایە بۆ خۆپارێزان. (٤٩) ئەو کەسانەی کە بە نھێنی لە پەروەرندەی خۆیان دەترسن و لە سەڵا ڕابوون دەلەرزن. (٥٠) ئەمەش پەندێکی پیرۆزە کە ناردوومانەتە خوارێ. ئاخۆ ئێوە خۆتانی لێ نەبان دەکەن؟ (٥١) لەمەوبەریش ئیبڕاھیم مان لە کاران شارەزا کرد و ھەمیشە لێی بە ئاگا بووین. (٥٢) لەو دەمەدا کە بە ئاپی و ھۆزەکەی گوت: ئەم کۆتەڵانە چ کارەن کە ئێوە دەیانپەرستن؟ (٥٣) گوتیان: باڤ و کاڵی ئێمەش ھەر ئەمانەیان دەپەرست. (٥٤) گوتی: ئەگەر ڕاستوو دەوێ، دیارە باب و کاڵی ئێوەش ھەر وەکوو خۆتان گومڕا بوون. (٥٥) گوتیان: ئاخۆ ڕاستێکت بۆ ھاوردگین، یان ھەر گاڵتەمان پێ دەکەی؟ (٥٦) گوتی: پەروەرندەی ئێوە، پەروەرندەی ئاسمانەکان و زەمینە؛ کە خۆی دروستی کردوون و منیش وێڕای شایەتانم. (٥٧) سوێند بە خودا، ھەر ئێوە پشت بکەنەوە و لێرە لاچن، دەبێ گەڕێک دەو بتانەو بھاڵێنم. (٥٨) گشتی تیکەتیکە کردن، بتە مەزنەکەیان نەبێ؛ بەشکوو بێنەوە بۆ لای ئەو. (٥٩) گوتیان: ئاخۆ کێ ئەم کارەی بەسەر خواکانمان ھێناوە؟ دیارە لە ناھەقان بووە. (٦٠) گوتیان: ئێمە بیستوومانە لاوێک دەربارەیان دەدوا؛ کە ناویشی ئیبڕاھیمە. (٦١) گوتیان: بیھێنن با خەڵکیش چاویان لێ بێ، شایەت ئەوانیش شایەت بن. (٦٢) گوتیان: ئاخۆ ئەی ئیبڕاھیم! تۆ ئەم کارەت دەربارەی بتەکانمان کرد؟ (٦٣) گوتی: نەخێر، گەورەکەیان ئەو کارەی کرد؛ دە ئەوەتانێ لێی پرسن، ئەگەر دەتوانن پەرسڤتان بدەنەوە. (٦٤) زۆر بە خۆدا شکانەوە و ئەوسا گوتیان: دیارە خۆتان ستەمکارن. (٦٥) پاشان سەری خۆیان داخست: خۆت دەتزانی کە ئەمانە قسە ناکەن. (٦٦) گوتی: ئاخۆ - غەیرەز خودا - ئێوە شتێ دەپەرستن کە نە ھیچ بەھرەو پێ دەدەن، نە زیانیشوو لێ دەدەن؟ (٦٧) بێزم لە ئێوە ھەستاوەو لەوشتانەش کە بەغەیرەزخودان و دەیانپەرستن. بۆ تێناگەن؟ (٦٨) گوتیان: ئەگەر لە دەستوو دێ، بیسووتێنن و خوداکانوو یاری بدەن. (٦٩) گوتمان: ئاگر! دەبێ سارد و بێ زیان بی بۆ ئیبڕاھیم. (٧٠) ویستیان تەشقەڵێکی پێ بکەن، زۆر زیانبارترمان کردن. (٧١) ئێمە ئەویش و «لووت» یشمان بەرەو ئەو عەرزە نەجات دا کە بۆ ھەموو خەڵکی دنیا پیت و پیرۆزیمان پێدا. (٧٢) ئیسحاقیشمان ھەر پێ بەخشی و یەعقووبیش زێدە بەشی بێ و ھەموومان کردن بە مێرخاس. (٧٣) کردیشمانن بە پێشەوا - کە ھەر بە فەرمانی ئێمە - شارەزایی مەردم بکەن و بە ھەمووشیانمان ڕاگەیاند لە کاری چاک نەوێستن و نوێژ بکەن و زەکات بدەن و، گشتیان ئێمەیان دەپەرست. (٧٤) «لووت» یشمان فێری کارزانی و زانستی کرد. ڕزگاریشمان کرد لەو شارەی بێ نامووسی تێدا دەکرا. خەڵکی ئەوێ کۆمەڵێکی خراپی لە ڕێلادەر بوون. (٧٥) وەبەر بەزەیی خۆشمان خست. ئەو یەکێ لە پیاوچاکان بوو. (٧٦) «نووح» یش ھەر وەبیر بێنەوە کە لەوەپێش گازی کردین، ئێمە بە دەنگیەوە ھاتین؛ خۆی و کەسوکارەکەیمان لە بەڵای گەورە نەجات دا. (٧٧) لە بەرانبەر ھۆزەکەیدا - کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ ژمارد - فریای کەوتین. گەلێکی گەلێک بەدفەڕ بوون؛ ھەموومان بە ئاو خنکاندن. (٧٨) لە داوود و سولەیمانیش باسێک بکە، کە بەسەر کێشەی کێڵگەیەک ڕاگەیشتن، ئەوسا کە ئاژەڵی گەلێک - کاتی شەوێ - پێی وەرببوون. ئێمە ئاگان لە پێ ڕاگەینەکەیان بوو. (٧٩) سولەیمانمان تێگەیاند کە دەبێ چ بکا؛ بە ھەر دووکان کارزانی و زانستیمان دا و کێوەکان و مەلانیشمان کەوی کرد کە وێڕای داوود، ھەر پەسندی خودا بدەن؛ ئەم کارەش لە ئێمە ڕابوو. (٨٠) فێریشمان کرد زرێتان بۆ دروس بکا، تا لە شەڕدا بووپارێزێ. ئاخۆ ئێوە شوکرێ دەکەن؟ (٨١) بۆ سولەیمان بای بەھێزمان دەستەمۆ کرد، کە بە فەرمانی بگاتە ئەو زەمینەی ئێمە پیتمان تێخستووە و ئێمە لەمەڕ ھەموو شتێک ئاگادار بووین. (٨٢) لە شایەتینیش بازێکیان بۆ ئەو دەچوونە بن ئاوێ و کاری تریشیان بۆ دەکرد. ھەر ئێمەش دەمانپاراستن. (٨٣) یادێ لە ئەییوبیش بکە؛ کاتێ کە گازی لە پەروەرندەی خۆی کرد، کە: تووشی مەینەتێ ھاتووم، ئەتۆش لە ھەموو دڵسۆزان دڵسۆزتری. (٨٤) نزامان لێ قبووڵ کرد و وەزەنمان لەسەر لابرد و خێزانەکەیمان پێداوە و ھێندەی تریش وێڕای ئەوان. بەزەیی بێ لە ئێمەوە و پەندێکیش بێ بۆ ئەوانەی کە ھەر ئێمە دەپەرستن. (٨٥) [یادیش بکە لە] ئیسماعیل و [لە] ئیدریس و زەلکیفل؛ کە ھەموویان لە دەستەی خۆڕاگران بوون. (٨٦) وەبەر بەزەیی خۆمان خستن، کە ئەوان لە پیاوچاکان بوون. (٨٧) ماخۆی ماسیش بێنەوە بیر؛ ئەوسا بە تووڕەیی ڕۆیی و ھەر پێی وابوو ئێمە دەرۆستی ئەو نایەین؛ تا لە ناو تاریکاییدا ھاواری کرد: لەغەیرەز تۆ ھیچ خودایەکی شک نابەم، پاکی و بێ عەیبی بۆ تۆیە، من لە ڕێزەی ناھەقان بووم. (٨٨) سا دەھانای ئەویش ھاتین، لە خەمەکەمان ڕزگار کرد. ئێمە ئاوا باوەڕداران ڕزگار دەکەین. (٨٩) باسێکی زەکەریاش بکە، کە ھاواری بردە بەر پەروەرندەی خۆی: پەروەرندەم! ھەر بە تەنێم مەھێڵەوە و تۆ باشترین کەسێکی کە ھەر دەمێنی. (٩٠) نزامان لێ قبووڵ کرد و یەحیامان بە بەخشش دایە و ژنەکەیمان چاک کردەوە. ئەمان لە کاری چاکەدا بە ھەڵپە بوون؛ بە ھومێد و بە ترسەوە لەبەرمان دەپاڕانەوە و لە حاند ئێمە لارەمل بوون. (٩١) ئەو پیرەکەش کە وا شەرمی خۆی دەپاراست، ئێمە بەھۆی ڕووحی خۆمان فوومان تێکرد؛ خۆی و کوڕەکەی ئەویشمان کردە نیشانەی ئاشکرا بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. (٩٢) ئەمە ئایینی ئێوەیە و یەک ئایینە. منیش پەروەرندەی ئێوەم، ئەشێ ھەر من بپەرستن. (٩٣) ئەمانە کارەکەی خۆیان لە ناو خۆیاندا بەش بەش کرد. سەرلەبەریشیان بۆ لای مە وەدەگەڕێن. (٩٤) ھەر کەسێکی لە کاری چاکە خەریک بێ و بەباوەڕ بێ، تەقالای بەفیڕۆ ناچێ و دیارە ئێمە بۆی دەنووسین. (٩٥) ھەر شارێ کە قڕمان تێخست، تازە ناشێ بەرەو دووا بگەڕێنەوە. (٩٦) ھەتا ئەوسا درگا لە ئاجووج باجووجان دەکرێتەوە و لە ھەموو شوێنی بەرزەوە دادەگەڕێن. (٩٧) بەڵێنە ڕاستەکەش نزیک ببێتەوە، ئەوسا - لە پڕ - چاوی خودانەناسەکان دەردەپەڕێ و ئێژن: واوەیلا لە خۆمان، ئێمە لەوە بێ ئاگا بووین؛ نەخێر [ئاگاشیان پێ دابووین] بەڵام خۆمان ناھەقییمان لە خۆمان کرد. (٩٨) ئێوە وێڕای ئەوانەی - لەغەیرەز خودا - دەپەرستن، گش ئێزنگی جەھەندەمن و ھەر دەبێ بچنە ناویەوە. (٩٩) ئەگەر ئەو پەرستیوانە [وەک خۆیان ئێژن] خوا بوونا، دیارە نەدەچوونە ناوی. ئێستا ھەموو - تاھەتایە - ھەر لەوێدان. (١٠٠) لەوێ ھەنیسکان دەدەن و ھیچ نابیسن. (١٠١) ئەو کەسانەی لە پێشوودا بڕیارن دا کە چاکەیان دەگەڵ دەکەین، ئەوان لەدۆژەه بەدوورن. (١٠٢) کڵپەی کڵی جەھەندەمیان گوێ لێ نابێ و ھەرچی ئارەزووی دڵیانە - ھەتاھەتا - ھەر ھەیانە. (١٠٣) ترسە ھەرە گەورەکە خەمباریان ناکا. فرشتانیش تووشیان دەبن: ئەوا ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بەڵێنتان پێدرابوو. (١٠٤) ڕۆژێ کە ئێمە ئاسمانێ لە چەشنی تۆماری قاقەز بۆ نووسینێ، ھەڵدەپێچین. ھەر وەک پێشوو دروسمان کرد، دیسان سازی دەکەینەوە. بەڵێنێکە لە ئێمەوە و ھەر دەشی کەین. (١٠٥) لە زەبووردا، - کە لە پاش تەوڕات بوو - نووسین: ئەم زەمینە ھەر بۆ عەبدە ھێژاکانی مە دەمێنێ. (١٠٦) دیارە لەمانەدا بانگەوازێک ھەیە بۆ گەلی خوداپەرستان. (١٠٧) ئێمە ھەر بۆیە تۆمان نارد کە بەزەیی و چاکەیەک بی بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. (١٠٨) بێژە: من ھەر پێم ڕادەگەینرێ بێژم خواتان یەکە. ئاخۆ ئێوە دەی سەلمێنن. (١٠٩) ئەگەر ڕوویان لێ وەرگێڕای، بێژە: وا من بە گشتانم ڕاگەیاند، بە بێ جیاوازی؛ ناشیزانم ئەوی بەڵێنوو پێدراوە، زوو دێتە جێ یان ماوەیەک دەخایەنێ. (١١٠) ھەر قسێکی بە ئاشکرا بیدرکێنن یا وەیشێرن، ئەو دەیزانێ. (١١١) ناشیزانم، شایەت ئەمە لەمەڕ ئێوە ئەزموونێک بێ و ھەتا ماوەی دیاری کراو ڕای ببوێرن. (١١٢) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! تۆ چۆن ڕاستە [بە کاری ئێمە] ڕابگە و، پەروەرێنمان خودای ڕۆزی دەھندەیە و دەربارەی وتاری ئێوەش ھەر لەو یارمەتی دەخوازین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەج وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی خەڵکینە لە پەروەرندەو بترسن، بوومەلەرزەی ڕۆژی سەڵا ڕووداوێکی زۆر گرینگە. (٢) ڕۆژێ چاوتان پێ دەکەوێ، گ شیردەرێک شیرەخۆرەی لە بیر دەچێ و ھەرچی تۆلی لە زگدایە بەرداوێژێ. وادەزانن ھەموو ئەو خەڵکە سەرخۆشن؛ خۆ مەستیش نین، بەڵام ئازار لە خوداوە زۆر دژوارە. (٣) ھێندێ کەس ھەن، بە بێ ئەوە ھیچ تێگەیبن کێشەی لەمەڕ خوا دەکەون و دەکەونە دووی ھەموو شەیتانێکی بەدفەڕ. (٤) بۆ شەیتان بڕیار دراوە و بۆی نووسراوە، کە ھەر کەس ببێتە دۆستی، دیارە ئەو لە ڕێ لای دەدا و بەرەو ئازاری ئاگری بەڕێ دەکا. (٥) ئەی خەڵکینە! ئەگەر لە زیندووبونەوە بەگومانن، سا بزانن ئێمە ئێوەمان دروس کرد، ھەوەڵ لە ئاخ، پاشان لە تنۆکەیەک و پاشان لە جەڵتەخوێنێک و پاشان لە پلە گۆشتێکی بیچم پێدراو، یان پێ نەدراو، تا پێتانی بسەلمێنن. چیمان بوێ تا ماوەیەک دەخەینە ناو پزدانەوە و پاشان بە ساوایی دەوھێنینە دەرێ؛ ئەوسا [ماوەتان پێدەدەین] ھەتا دەگەنە توانایی. ھێندێ لە ئێوە دەمرن و ھێندێکتان دەخرێنە پیری و کەلەلایی، ھەتا ھەرچی دەیزانێ لە بیری بکا. ئەم زەمینەش دەبینی - بێ ھەست و خوستە - ھەرگا بارانمان لێ باراند، بە خۆدا دێ و گەشە دەکا و ھەموو جووتێکی دیمەن جوان، ڕووەک لە خۆیدا دەڕوێنێ. (٦) ئەمە بەڵگەس کە بەڕاستی خودا ھەقە و ئەمیشە مریان زیندوو دەکاتەوە و ھەر ئەویشە لەسەر ھەر شتێ توانایە. (٧) ڕۆژی قیامەتیش بێ گومان ھەر وەدی دێ و ھەر خودا خۆی ئەو کەسانەی لەگڵکۆدان - ھەموویان - دەردەخاتەوە. (٨) لە ناو خەڵکا ھی واھەیە، لەمەڕ خودا کێشە دەکا، بێ ئەوەی چی لێ بزانێ؛ نە ھیچ شارەزایی ھەیە و نە کتێبێ کە بۆی ڕۆشن بکاتەوە. (٩) بە فیز مل بەلاوە دەنێ، تا خەڵکی لە ڕێگەی خودا کلا بکا. لە دنیادا بەشی ھەر سووکایەتییە و ڕۆژی سەڵاش لە ئێمەوە ژانی سووتانێ دەچێژێ. (١٠) ئەمە سزای ئاکار و کردارەکەتە؛ خوداش ھەرگیز ناھەقی لە عەبدان ناکا. (١١) ھەر لەم خەڵکەدا ئی واھەن، بە دوودڵی خواپەرستە؛ ئەگەر چاکەیەکی تووش ھات، بەوە لە خوا دڵنیایە؛ ئەگەر بەڵاشی بەسەر دێ، بەرەو پاش دەگەڕێتەوە. دنیاش و قیامەتیشی چوو، دووسەرە زەرەر ئەمەیە. (١٢) لەغەیرەز خوا، ھانا بۆ شتێ وا دەبا، کە نە زیانی لێ دەدا نە قازانجیشی پێ دەدا. ئەوەیە لە ڕێ ھەتڵە بوون. (١٣) ھانا بۆ کەسێ وادەبا، زیانەکەی لە قازانجی نزیکترە. ئای چ یارێکی بەدکارە و چ ھاودەمێ نالەبارە. (١٤) ئەوانەی خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، خوا دەیانباتە باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. دیارە خودا ھەرچۆنێکی بوێ دەیکا. (١٥) کێ پێی وایە کە خوا لە دنیا و قیامەتیش دەھانای [پێغەمبەر] نایە، با بە پەتێک خۆی ھەڵواسێ تا دەخنکێ؛ دەبا بزانێ بەم فێڵە ئۆخەی دڵی دێ؟ (١٦) بەو ئاوایەش ئەو قورئانەمان ناردە خوار، کە نیشانەگەلێکی ڕۆشن کەرەوەن. ھەر کەسێکیش خوا بیەوێ، شارەزای بەرەو خۆی دەکا. (١٧) ئەوانەی بڕوایان ھێنا و ئەوانەی بوونە جوولەکە و سوببی و مەسیحی و مەجووسی و ئەو کەسانەش شەریک بۆ خودا دەناسن، دیارە خودا ڕۆژی سەڵا بە کاری ھەمووان ڕادەگا. دیارە خودا لە ھەموو شت ئاگادارە. (١٨) تۆ نابینی ئەو کەسانەی وا لە ناو عاسمانەکان و ئەوانەی لە زەمیندان و خۆر و ھەیڤ و ئەستێرەکان و کۆسار و درەختان و جانەوەر و زۆر لە مەردم سوژدە ھەر بۆ خودا دەبەن؟ زۆرێکیش ئازاریان بۆ بڕیاردراوە. خودا ھەرکێ تووشی سووکایەتی بکا، تازە کەس ڕێزی لێ نانێ. دیارە خودا ھەرچی ئارەزووی بێ دەیکا. (١٩) ئەم دووانە لەسەر پەروەرندەی خۆیان کێشەیانە: ئەوانەی بوونە خوانەناس، کراسێکی ئاگریان بە بەژنی بڕا؛ ئاوی گەرمی داتوڵێنیان لەسەرڕا بەسەردا دەکرێ. (٢٠) ھەر بەو ئاوە قژکوڵاوە، ھەناویان بە پێستیانەوە دادەبەڵۆخێ. (٢١) بەر گورزی ئاسنیش دەدرێن. (٢٢) تا گەرەکیان بێ لە مەینەت ڕزگار ببن، ھەس دەدرێنەوە بۆ ناوی: دەی ژانی ئاگر بچێژن! (٢٣) ئەوەی باوەڕیان ھێناوە و ئاکارچاکن، خوا دەیانباتە باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا. خشڵیان بازنەی لە زێڕ و مروارییە و بەرگی بەریان ھەورەمیشە. (٢٤) بەرەو وتاری پاکژ و بەرەو ڕێگەی خوداپەسند، ڕێگەیان دراوە. (٢٥) ئەوانەی خودانەناسن و دەبنە لەمپەر لە ڕای خودا و ئەو «مسجدالحرام» ەی کە کردوومانەتە [پەرسگە] بۆ ھەموو خەڵک - چ نیشتەجێ و چ غەوارە - [تووشی سزای دژوار دەبن]. ھەر کەسێکیش لەوێ دەسدرێژی بکاو لە ڕێ لادا، ئازارێکی زۆر بەژانی پێ دەچێژین. (٢٦) ئەوحانە کە ئیبڕاھیم مان لە جێ ئەم ماڵە ئەنوادا، کە: نەکەی کەس بکەی بە شەریکی من و ماڵی من خاوێن کەرەوە، بۆ دەورەدەر و وێستاو و کڕنۆشکەر و سوژدەبەران. (٢٧) بانگەوازی خەڵک بکە بێنە زیارەت؛ با بە پیادەیی و بە سواری، تەنانەت لەسەر چارەوێی لە جەریشڕا، لە ڕێی دوور و درێژیشڕا، بە تۆ بگەن. (٢٨) با بێنە بەھرە بردنێ بۆ خۆیان و لە چەند ڕۆژی دیاری کراو، لەسەر وڵساتێ پێی داون، یادی ناوی خودا بکەن. خۆتان لە گۆشتیان بخۆن و با ئەو کەسانەش لێی بخۆن کە تامەزرۆن و ھەژارن. (٢٩) لە پاش ئەوە گەمار لە خۆ دوورخەنەوە و نەدرەکانیان پێک بێنن و با خول بخۆن بە دەوری ماڵی کەونارا. (٣٠) ئا بەم جۆرە و ھەر کەس دەستووراتی خودا بەڕێز بگرێ، لە لای پەروەرندەیەوە بۆی چاترە. پاتاڵیشتان بۆ ڕەوایە؛ مەگین ئەوی کە پێتان ڕادەگەیەنرێ. لە گەماری بتەکان دوورەپەرێز بن؛ لە درۆش خۆبپارێزن. (٣١) بە دڵی پاک بۆ خودا بن؛ شەریکی بۆ پەیدا مەکەن؛ ھەر کەسێکی شەریک بۆ خودا بناسێ، وەک ئەوەیە لە حەواوە ھەڵدێراوە و مەل تێی ڕۆبێن، یان بایەک ھەڵیداشتبێ بۆ شوێنێکی دووری چەپەک. (٣٢) دیارە ھەر کەس ئەو پێودانەی خوا دایناوە ڕێز لێ بگرێ، نیشانەیە، کە بە دڵ لە خودا دەترسێ. (٣٣) تا ماوەیێ ناودێر کراو بەھرەی وڵساتوو پێدەگا، ئەوسا جێی سەرژێ کردنیان لای ماڵە کەوناراکەیە. (٣٤) بۆ ھەموو خاوەن ئاینان یاسای قوربانی کردنمان دیاری کرد؛ تاوەکوو لەسەر وڵساتێ کە بۆ ڕۆزی پێمان داون، ئەوان ناوی خودا بێنن. خوای ئێوە تاک و تەنیایە؛ خۆتان بدەنە دەست ئەم و مژدە بەو کەسانە بدە کە خۆیان بە کەم دەزانن. (٣٥) ئەو کەسانەی ھەتا ناوی خودا دەبیەن، دڵیان ترسی ڕێ دەنیشێ و ھەرگا بەڵایان بەسەر دێ، خۆڕاگرن و نوێژ دەکەن و لەو ڕۆزی ئێمە پێن داون، لە ڕای خودای بەخت دەکەن. (٣٦) بۆمان دانان، کە وشتری قوربانی لەوانەیە کە بەر یاسای خودا دەکەوێ؛ ئێوەش بەھرەیان لێ دەبەن. تا بە پێوەن، ناوی خوایان لەسەر بێنن. ھەرگا لەسەر تەنیشت کەوتن و سەرژێ کران، لێیان بخۆن؛ تامەزرۆی شەرمێونیش و پارسەکی لێ بێ بەش مەکەن. ئێمە ئەوانەن بۆ ئێوە دەستەمۆکرد، بەشکوو شوکرانەبژێر بن. (٣٧) گۆشت و خوێنی ئەوانە بۆ خودا ناچێ؛ تەنیا ھەستی ترسوو لە خوایە بەو دەگا. ئەوانەی ئاوەھاینە بۆ ئێوە ڕام کرد؛ ھەتا باسی مەزنایەتی و سوپاسی خودای خۆ بکەن؛ کە ئەم ڕێگەی نیشان داون. مژدەش بە کارچاکان بدە. (٣٨) خودا لەسەر ئەو کەسانە دەکاتەوە کە باوەڕیان پێ ھێناوە؛ چونکە خودا گش خەیانی پێ نەزانی ناخۆش دەوێن. (٣٩) ئەو کەسانەی شەڕیان بەسەردا سەپاندوون، چونکە ناھەقییان لێکراوە، دەتوانن تۆڵەی خۆوەکەن. خوداش دەتوانێ سەریان خا. (٤٠) ئەوانەی ھەر لە ناھەقی لە زێدی خۆیان دەرکران، گوناھیان ھەر ئەوەندە بوو کە دەیان وت: خودا پەروەرندەمانە. ئەگەر خودا ھێندێکانی بە ھێندێکان ڕاو نەنابا، دێر و کلیسا و کەنشت و مزگەوتەکان - کە لەواندا فرە ناوی خودا دەبرێ - وێران دەکران. خوا دەھانای ئەوانە دێ کە یاریدەی خودا دەدەن؛ دیاریشە خوا زۆر بەھێز و دەستەڵاتە. (٤١) ئەوانەی وا ئەگەر لەم زەوینەدا دایانمەزرێنین، نمێژکەر و زەکات دەرن و فەرمان بە چاکە دەدەن و بەر لە کاری خراپ دەگرن. سەرئەنجامی ھەموو کاریش ھەر بۆ خوایە. (٤٢) گەر ئەمانە ئەتۆ بە درۆزن دەزانن، پێش ئەمانەش ھۆزی نووح و عاد و سەموود، ھەر ئەمە پیشەیان بووە. (٤٣) دیسان ھۆزی ئیبڕاھیم و ھۆزی لووتیش. (٤٤) خەڵکی مەدیەنیش ھەروەھا. مووساش بە درۆزن زاندرا. ئەوسا تا ماوەیەک وازمان لەو خوانەناسانە ھێنا، پاشان غەزەبم لێ گرتن، بەڵام چۆن غەزەب گرتنێک! (٤٥) ئای کە قڕمان دەچەند شاری ناھەقان خست؛ داریان بەسەر بەردا درا؛ دەوری چاڵاویان چۆڵ کرا؛ کۆشکی پتەویان تێک درا. (٤٦) ئاخۆ ھێشتا بە زەویدا نەگەڕاون، تا ببنە خاوەن دڵان و گوێچکەگەلێ کە پێ تێبگەن و ببیسن؟ لە ڕاستیدا چاو کۆر نابن؛ ئەو دڵانە کوێر دەبن کە جێیان لە ناو سێنەکانە. (٤٧) بۆ ئازارێت لێ بە پەلەن؛ خوداش ھەرگیز لە بەڵێنی پاشگەز نابێ. تاقە ڕۆژێک لە کن پەروەرندەت، بە قەد ھەزار ساڵە کە ئێوە حیسابی دەکەن. (٤٨) بە زۆر شاران - کە ناھەق بوون - مۆڵەتم دا و لە پاشانا وەبەر تووڕەیی خۆم خستن. (٤٩) بێژە: مەردم! ئەمن بۆ ئێوە تەنیا ھەر ترسێنەرێکی ئاشکرام. (٥٠) ئەوانەی بڕوایان ھێنا و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد، لێ خۆش بوون و بژیوێکی باشیان دەبێ. (٥١) ئەو کەسانەش کۆششیان کرد کە نیشانەکانی ئێمە گەشە نەکەن، پێشیان وابوو کە دەتوانن دەستەڵاتمان لێ بستێنن، ئەوانە یاری دۆژەھن. (٥٢) لە پێش تۆشدا ئێمە ھەرچەند پێغەمبەر و ڕاسپاردەمان ناردووە و لە نیشانەکانی ئێمەی بە مەردم ڕاگەیاندووە - ئیللان و بیللان - شەیتان [بە ھەلی زانیوە و لە خۆیەوە] شتێکی دەپاڵ ئاخنیوە. ئەوسا خودا فەند و فێڵەکەی شەیتانی پووچ کردەوە و؛ لە دوا جاردا نیشانەکانی خۆی پتەو کردۆتەوە. خودا زانای لەکارزانە. (٥٣) ھەتا وەبکا ئەوەی شەیتان ھاویشتوویەتە ناویەوە، ببتە مێمڵ بۆ ئەوانەی دڵی دەغەزداریان ھەیە و دڵیان ڕەقە. ناھەقان بۆ دژایەتی زۆر چوونەپێش. (٥٤) تا زاناکانیش بزانن، ئەمە ڕاستە [و] لە پەروەرندەی تۆڕایە؛ ئیتر بڕوای پێ بکەن و دڵیشیان پێ دابمەزرێ. ھەرکێ باوەڕیان پێی ھەیە، بێ سۆ خودا شارەزای ڕاستەڕێی کردوون. (٥٥) ئەوانەی خودانەناسن ھەتا ئێستاش لێ دوودڵن، تا - گوز و گوممەت - سەڵایان لێ ڕادەبێ؛ یان بە ڕۆژێکی ھومێدبڕ دەکەونە ناو ئازارەوە. (٥٦) ئەوێ ڕۆژێ ھەر خودا فەرمانڕەوایە و بە کاری گشتان ڕادەگا. ئەوسا ئەوی خاوەن بڕوا و ئاکارچاک بوون، لە باغاتی پڕ خێروبێر دادەمەزرێن. (٥٧) ئەوانەی خوانەناس بوون و نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی، بەشیان جەزرەبەدانێکی ئاوڕووبەرە. (٥٨) ئەو کەسانەش لە ڕای خودا ئاوارە بوون، پاشان کوژراون یان مردوون، خودێ ڕۆزیکە گەلەک ڕند دەداتە وان. دیارە خودا دڵاواتر لە ھەموو ڕۆزی دەرێکە. (٥٩) ھەر دەیانباتە ئەو شوێنەی کە خۆیان حەزی لێ کەن. خودا زانای لە سەرخۆیە. (٦٠) ئەگەر ناھەقی لێکراوێک بۆ تۆڵەی خۆی دەس ببزێوێ و دیسان ناھەقی لێ بکرێ، بێ گومانە خودا کۆمەکی پێدەکا. خوا لێبوردە و گونا بەخشە. (٦١) چونکە خودا شەو دەڕۆژێ ھەڵدەکێشێ و ڕۆژیش دەخاتە ناو شەوێ و ھەر خۆی ئەبینێ و ئەژنەوێ. (٦٢) چونکوو ھەر خودایە ڕاستە و، ھەر شتێکی بەدەر لەو ھانای بۆ دەبەن، لە پڕوپووچ بەدەر نییە و باڵادەستی ھەرە مەزن ھەر خودایە. (٦٣) ئەی نەت دیوە خوا بارانی لەو حەوایەوە باراند و زەوی پێ کەسک ھەڵگێڕا؟ دیارە خودا لە ھەموو وردەکارییەک ئاگادارە. (٦٤) ھەرچی لەو عاسمانانەیە و ھەرچی لە زەمیندا ھەیە، ماڵی ئەوە و خودا بۆ خۆی بێ نیازە و ھەر دەبێ تاریفی بکرێ. (٦٥) ئەی نەت دیوە، ھەرچی لە زەمیندا ھەیە بۆ ئێوەی کەوی کردووە و گەمیەش ھەر بە فەرمانی ئەو [لە دوڕ] دەریادا ڕەوانە و، ئەم عاسمانەی ڕاگرتووە کە بەسەر عەرزا نەکەوێ، مەگین خۆی ئیزنی لەسەر بێ؟ بێ سۆ خودا بۆ ئەم خەڵکە، زۆر دڵسۆز و دلۆڤانە. (٦٦) ھەر ئەویشە ژی پێدان و لە پاشان دەتانمرێنێ، پاشان ژیو پێدەداتەوە. ڕاستی مرۆ ناسپاسە. (٦٧) ھەر کۆمەڵێک ڕێوشوێنێکمان بۆ داناوە، کە ھەر بەو پێودانە بڕوا. سا نابێ لەسەر ئەم کارە ئەوان کێشەت دەگەڵ بکەن. تۆ ھەر بەرەو پەروەرندەت گازی بکە و سوور بزانە کە تۆ لەسەر ڕێگەی ڕاستی. (٦٨) ئەگەر کێشەشیان پێکردی، بێژە: خودا ئاگادارترە لەو کارەی ئێوە دەیکەن. (٦٩) خودا لە ڕۆژی قیامەتا، ئەو شتانەو بۆ یەکاڵا دەکاتەوە کە لەسەریان کێشەتان بوو. (٧٠) مەرتۆ نەت زانیوە ھەرچی لە ئاسمان و زەویدایە خوا دەیزانێ؟ ئەمە گش لە دەفتەردایە و ئەم کارە بۆ خوا ھاسانە. (٧١) شتی وەھای غەیرەز خودا دەپەرستن کە بەڵگەیەکی پتەوی بۆ نەناردۆتەخوارەوە و، خۆشیان ھیچی لێ نازانن و ناھەقانیش ھیچ یاریدەدەریان نییە. (٧٢) کاتێ نیشانە ئاشکراکانی مەشیان بە سەردا دەخوێنرێتەوە، لە چڕوچاوی خودانەناسەکاندا، نیشانەی حاشا دەبینی و لەوانەیە ھێرش بەرنە سەر ئەوانەی کە نیشانانی ئێمەیان بە سەردا دەخوێننەوە. بێژە: ئاخۆ پێتان بێژم کەچی لەمە خراترە؟ ئەو ئاورەی کە خوا بەڵێنی داوە بە بێ باوەڕان؛ پەک لەو ئاکامە خراوە! (٧٣) ھۆ خەڵکنۆ! مەسەلێک ھێنراوەتەوە گوێ بۆ بگرن: لە خوابەدەر، ئەوانەی ھانای پێ دەبەن، ئەگەر ھەموویان وەکۆ بن، ناتانن مێشێ ساز بدەن. ئەگەر مێشیش شتێکیان لێ بقاپێنێ، ناتوانن لێی بستێننەوە. داواکار و داواکراو چەند زەبوونن. (٧٤) خوایان - وەک ھێژای ناسین بێ - نەناسیوە. خودا یەکجار تواناو بەدەستەڵاتە. (٧٥) خودا لە ناو فرشتەکان پەیام نێری ھەڵدەبژێرێ و لە نێو مرۆشدا ھەروەتر. خودا بیسەر و بینایە. (٧٦) لەوەی کە ئێستا دەیکەن و لەوەش کەوا کردوویانە، ئاگادارە و ھەموو کاریش ھەر دەچنەوە بەردەستی خوا. (٧٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! پەروەرندەو بپەرستن، کڕنۆش و سوژدەی بۆ بەرن، چاکەش بکەن؛ لەوانەیە ڕزگار ببن. (٧٨) بە دڵ و داو - وەک پێویستە - لە ڕای خودا بچنە خەزا. ئەو ھەر خۆی ئێوەی ھەڵبژارد؛ لەم دینەشدا تووشی زەحمەتی نەکردوون؛ ھەر ئاینی ئیبڕاھیمی باوەتانە؛ لە پێشدا و لەم قورئانەشدا، ھەر ئەو ناوی نان موسوڵمان؛ تا پێغەمبەر بە شایەت بێ لەسەر ئێوە و ئێوەش شایەت بن لەسەر خەڵک. سا نوێژ کەن و زەکات دەن و پشتوو ھەر بە خودا ببەستن؛ ئای چەن گەورە و یاریدەرێکی ھێژایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موئمینوون وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بێ گومانە باوەڕداران، ڕزگارانن. (٢) ئەو کەسانەی لە نوێژاندا خۆیان بەگەورە نازانن؛ (٣) ئەوانەش کە لە قسەی پووچ دووری دەکەن؛ (٤) ئەوانەش کە زەکات دەدەن؛ (٥) ھەر ئەوانەش کە شەرمی خۆ دەپارێزن؛ (٦) مەگین لە ھاوسەری خۆیان، یان ئەوی مڵکی خۆیانن؛ کە نابێ سەرکۆ نەبکرێن. (٧) ھەرکێش جیا لەمانەی بووێ، ئەو لە ئەندازە لادەرە. (٨) ئەوانەش [لە ڕزگارانن] کە ئامانەت و بەڵێنیان دەپارێزن؛ (٩) ئەوانەش کە لەسەر نۆژخۆندنێ سوورن؛ (١٠) ئەمانە گشتیان بەشبەرن. (١١) ئەو کەسانەی کە بەشبەری بەھەشتن و تاھەتا ھەر تیا دەبن. (١٢) ئێمەین مرۆن لە قوڕێکی خۆشکراو دروست کردووە. (١٣) ئەوسا کردمانە تنۆکێک، لە بنکەیەکی پتەودا. (١٤) پاشان ھەر لەو تنۆکەوە، خوێنی پندرمان پێک ھێنا و لەو خوێنەوە پلە گۆشتێکمان ساز کرد و ئەوسا لە پلە گۆشتەکە ھەستین چێ کرد؛ ھەستییەکەشمان خستە ناو پۆشەنێ لە گۆشت. لە پاشانا کرمانە چێ کراوێکی تر. دەسڕەنگینی ھەر بۆ خوایە؛ کە ھیچ وەستایە پێی ناگا. (١٥) لە ئاکامدا تووشی مردن دەبن. (١٦) ڕۆژی سەڵاش سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە. (١٧) ئێمەین کە ئەم حەوت نھۆمەن لە ژوور ئێوەڕا پێک ھێنا و لە ھەرچی دروستی دەکەین ئاگادارین. (١٨) لەو حەوایە بە ئەندازە ئاومان [بۆتان] داباراند و جێگەمان لە زەمین پێدا و ھەر ئێمەشین کە دەتوانین لە بەین بەرین. (١٩) سا بەو ئاوە ھەر بۆ ئێوە باغاتێکمان لە دارخورما و لە ڕەزان بەرھەم ھێناوە، زۆر میوەجاتوو دەداتێ و لێیان دەخۆن. (٢٠) دارێکیش ھەر [لە سۆنگەی ئەو] لە تووری سینایە دەڕوێ، کە ڕۆنێ بەرھەم دێنێت و پێخۆریشە بۆ خۆرایان. (٢١) دیارە وڵساتیش بۆ ئێوە ھەر دەرسێکە: لەوەی کە وا لە دەرونیاندایە، پێتان دەنۆشێنین. لێان دەخۆن و زۆریش بەھرەیان بۆوھەیە. (٢٢) لەسەریان و لەسەر گەمی ھەڵدەگیرێن. (٢٣) ھەروەھا نووحیشمان ناردە لای ھۆزەکەی. گوتی: گەلۆ! تەنیا خودا بپەرستن؛ بەغەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ دەسا بۆ ھیچ ترسوو نییە؟ (٢٤) گرەگرەی ھۆزەکەی ئەو - کە خودایان نەدەناسی - گوتیان: ئەمە ھەر بنیادەمە خۆمانەس؛ نیازی وایە خۆتان بەسەردا زاڵ بکا. گەر خودا مەیلی لێ بووایە، فرشتێکی دەناردە خوار؛ ئێمە لە باب و کاڵانیش شتی وامان نەبیستووە. (٢٥) ئەم پیاوە دیارە لێوەیە، تا ماوەیەک وا باشە چاوێری بکرێ. (٢٦) گوتی: ئەی پەروەرندەی خۆم! وا بە درۆزنم دەزانن، ھەر بۆ خۆت دەھانام وەرە. (٢٧) ئیتر خۆمان تێمان گەیاند، کە: لە ژێر چاوەدێری و فەرمانی ئێمە، گەمیە ساز دە. جا کاتێ فەرمانمان ھات و ئاو لە تەندووردا زایەوە؛ لە ھەر جسنەی جووتەیەکی بخە ناوی. وێڕای خێزانەکەی خۆشت؛ مەگین ئەوی بڕیاری لەسەر دراوە و لەمەڕ ئەوانەم مەدوێنە کە ناھەقییان کردووە؛ چونکە لە خنکاوەکانن. (٢٨) ھەرگا خۆت و ھاوڕێکانت لەسەر گەمیەکە جێتان گرت، بێژە: سوپاس بۆ خودایێ کە لە کێشەی ناھەقان ڕزگاری کردین. (٢٩) بشڵێ: ئەی پەروەرندەی خۆم! لە شوێنێکی بە پیتم داببەزێنە و؛ تۆ لە ھەموو میوانداران باشتر میوان بەخێو دەکەی. (٣٠) لەمەشدا چەند نیشانە بوون. دیارە ئێمەش ویستمان بە تاقی کەینەوە. (٣١) لە پاش ئەوان چینێ ترمان بەدی ھێنا. (٣٢) ھەر لە خۆیان پێغەمبەرێکمان بۆ ناردن، کە: تەنیا خوا بپەرستن؛ کەسی تری واتان نییە کە بۆ پەرستن ھێژا بێ. مەر ناترسن؟ (٣٣) پیاوماقووڵانی ھۆزەکەی - کە خودایان نەدەناسی و دیداری ڕۆژی سەڵایان پێ درۆ بوو؛ لە ژینی سەر دنیایەشدا خۆشگوزەرانین پێدا بوون - گوتیان: ئەمە مرۆیەکی لە خۆتانە و بۆ وەخواردن و خواردنیش وەک خۆتانە. (٣٤) ئەگەر وەشوێن مرۆیێ وەک خۆتان کەون، لێتان ڕوون بێ زیانبارن. (٣٥) چۆن دەتوانێ بەڵێن بدا، ھەرگا مردن و لاشەتان بوو بە خۆڵ و چەند پێشەیەک، سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە؟ (٣٦) با واش بڵێ چۆن ئاوەز قبووڵی دەکا؟ (٣٧) ژین لەوە پتر نییە، لەسەر دنیایە ھەمانە. ئێمە ھەر دەمرین و دەژین؛ [ھەر کە مردین] تازە زیندوو نابینەوە. (٣٨) ئەم کاورایە پەیدا بووە درۆ بە ناو خواوە دەکا؛ ئێمەش باوەڕی پێ ناکەین. (٣٩) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! وا بە درۆزنم دەزانن، ھەر بۆ خۆت دەھانام وەرە. (٤٠) گوتی: ھەر زۆر بەزووێکی زوو، یانە پەشیمان دەبنەوە. (٤١) ئەوسا - وەک ھێژای خۆیان بوو - نارەتە دایانی گرت و وەکوو ئاوماڵکن لێکردن. ناھەقان تەرت و تونا بن! (٤٢) لە پاش ئەوان چەند بەرەی ترمان پێک ھێنا. (٤٣) ھەر کۆمەڵێ لە بنیادەم - کە دێتە وەختی مردنیان - نە وەپێش دەخرێن نە وەپاش. (٤٤) بۆ ھەر کۆمەڵێک لەوانە پێغەمبەرمان بەڕێ کردوون، کە باوەڕیان پێ نەکردوون؛ بە شوێن یەکا بە دەردێکی وامان بردوون کە بە چیرۆک بیانگێڕنەوە. با دوورکەون ئەوانەی بڕوا ناھێنن. (٤٥) لە پاش ئەوان، مووسا و ھاڕوونی برایمان وێڕای نیشانەکانمان و بەڵگەیەکی ئاشکرا نارد، (٤٦) بۆ لای فیرعەون و سەرزلانی ھۆزەکەی؛ [بەڵام] خۆیان بە زل زانی و کۆمەڵێکی بە دەعیە بوون. (٤٧) گوتیان: جا چۆن بە دوو مرۆی وەکە خۆن بڕوا دەکەین و ھۆزەکەیان [بە گشتی] کۆیلەی خۆمانن؟ (٤٨) ھەر بە درۆزنیان زانین و بوو بە مایەی لە ناو چوونیان. (٤٩) کتێبیشمان دا بە مووسا، بەشکێکم شارەزا ببن. (٥٠) کوڕی مریەم و دایکیشی لە ئێمەوە کران بە نیشانەیەک و لای گردێک دامان مەزراندن؛ کە جێ حەسانەوە و کانیاوێکی لێ بوو. (٥١) ئەی کۆمەڵی پێغەمبەران! بژیوی پاکژ بخۆن و ئاکارچاک بن؛ لە ھەر کارێ ئێوە دەیکەن ئاگادارم. (٥٢) دیارە ئەمە دینی وەیە و ھەر دینێکی یەکپارچەیە و ئەمن پەروەرێنی ئێوەم؛ سا ھەر لە خۆم ترسوو ھەبێ. (٥٣) دینەکەیان لە ناو خۆدا لەتوپار کرد. ھەر کۆمەڵێکیش لەوانە، بەو پشکەی ئێستا ھەیانە، دڵی خۆشە. (٥٤) لێیان گەڕێ تا ماوەیەک لە زەلکاوی نەزانی خۆدا ڕۆبچن. (٥٥) ئاخۆ ئەوان پێیان وایە کە ئێمە بە ماڵ و کوڕان یارمەتییان دەدەین، ھەر بۆ ئەوەیە کە: (٥٦) پەلەمانە لە چاکە دەگەڵ کردنیان؟ نەخێر، ئەمانە نەزانن. (٥٧) ئەوانە کە لە ترسی پەروەرندەیان تووشی لێوەلەرزێ دەبن، (٥٨) ئەوانەش کە بە ھەموو نیشانەکانی پەروەرێنیان باوەڕ دەکەن، (٥٩) ئەوانەش کە ھیچ شەریکێ پەیدا ناکەن بۆ پەروەرندەکەی خۆیان، (٦٠) ئەوانەش کە ھەچی لە ڕای خودا داویانە، ھەر دەیدەن؛ کەچی لە سامی گەڕانەوەیان بۆ لای پەروەرێنیان، دڵەکوتەیان تووش دەبێ؛ (٦١) ئەوانەن کە لە چاکەدا لەز دەکەن و بۆ ئاکاری چاک لە پێشن. (٦٢) ئەرکی پتر لە توانا ناخەینە سەر کەس. کتێبێکیشمان لەلایە، ھەرچی دەوێدایە ڕاستە و ھیچ ناھەقییان لێ ناکرێ. (٦٣) بەڵام ئەمان دڵیان ئاگای لەمە نییە و خجڵی کارگەلی ترن. (٦٤) تا ئەو دەمەی کە خۆشگوزەرانەکانیان گرفتاری ئازار دەکەین؛ لەپڕ دەست دەکەن بە ھاوار. (٦٥) ئەمڕۆ ئیتر ھاوار و دادی پێ ناوێ؛ ئێمە دەفریاتان نایەین. (٦٦) نیشانەکانی ئێمەتان بەسەردا دەخوێندرایەوە، ھەمووتان پێ دزەتان بوو. (٦٧) خۆتان زۆر بەزل دەزانی و لەشەونشینی خۆتاندا، ھاتەران پاتەرانتان بوو. (٦٨) ئاخۆ ئەوان لەم وتەیە ڕانەماون، یان ئەوی بۆ وان ھاتووە، بۆ باب و کاڵی پێشوویان نەھاتبوو. (٦٩) یان پێغەمبەرەکەی خۆیان نەناسیبوو، کە وا حاشایان لێدەکرد؟ (٧٠) یان دەبێژن: جن دەستی لێ وەشاندووە. نەخێر، کە ئەو ڕاستی بۆ ئەوان ھێناوە؛ کەچی زۆربەیان خۆشیان لە ڕاستی نایە. (٧١) ئەگەر ڕاستی شوێن ئارەزووی وان کەوتبا، بێ گومانە ئاسمانەکان و زەمین و ھەرچی دەناو ئەواندایە، خرا دەبوون. بەڵکوو ئێمە ئامۆژگاریمان بۆ ناردن؛ ئەوان لە ئامۆژگاری خۆ دەتەکنەوە. (٧٢) یان تۆ مزت لەوان دەوێ؟ خۆ مزی پەروەرندەی خۆت زۆر باشترە و باشترین ڕۆزی دەر ئەوە. (٧٣) تۆ ھەر گەرەکتە بیانخەیە سەر ڕاستەڕێ. (٧٤) ئەو کەسانەش کە باوەڕیان بە ڕۆژی سەڵایە نییە، ھەر لە ڕاستەڕێ لا دەدەن. (٧٥) ئەگەر بەر بەزەیی خۆشمان بخستنایە و ئەو بەڵایەشمان لادایە کە بەسەریاندا ھاتووە، ئەوانە ھەر بە لاساری و سەرگەردانی دەمانەوە. (٧٦) تووشی ئازاریشمان کردن؛ کەچی لە حاند پەروەرێنیان نە لە فیز داوەزین و نە ملیان لە پاڕانەوە نا. (٧٧) تا ئەو کاتەی بە توندی جەزرەبەمان دان؛ ئەوسا زانیان ھومێد نەما. (٧٨) ئەو کەسێکە چاو و دڵ و گوێی بۆ ئێوە قەرار داوە. کەم شوکرانەبژێری دەکن. (٧٩) ھەر ئەویشە کە ئێوەی لەم زەمینەدا چێ کردووە و ھەر لای ئەو کۆ دەکرێنەوە. (٨٠) ھەر ئەویشە ژین دەبەخشێ و دەشمرێنێ؛ ئاڵوگۆڕی شەو و ڕۆژیش بە دەس ئەوە. دەی ئاخر تا کەی تێناگەن؟ (٨١) نەخێر، ئەویش وەک ئەمانەی پێشوو ئێژن. (٨٢) ئێژن: ئاخۆ ئەر مردین و بووینە ئاخ و ئێسک و پرووسکێک، دیسان زیندوو دەبینەوە. (٨٣) ئێمە و باب و کاڵمان - بەرێ - ئەم بەڵێنەمان پێدرا؛ ئەم قسانە گش چیرۆکی پێشوونانن. (٨٤) بێژە: ئەگەر ھیچ دەزانن، ئەم زەمینەو ھەرچی لە ناویدا ھەیە، سەر بە کێیە؟ (٨٥) ھەموو دەڵێن: سەر بە خوایە. بێژە: ھیچ بیر ناکەنەوە؟ (٨٦) بێژە: ڕاھێنەری حەو عاسمانەکان و ڕاھێنەری تەختی ھەرە مەزن کێیە؟ (٨٧) ئێژن: گش دەسکاری خوایە. بێژە: بۆ ھیچ ترسوو نییە؟ (٨٨) بێژە: دەستەڵاتی ھەر شت بە دەس کێیە و ئەر دەزانن کێیە، پەنای پەنابەرە و دژی ئەو پەنا نادرێ؟ (٨٩) ئێژن: ئەمە ھەر خودایە. بێژە: دەی چۆن دەخەڵەتێن؟ (٩٠) بەڵکوو ئێمەین کە ڕاستیمان بۆ ھێناون و دیارە ئەوان درۆزنن. (٩١) خوا ھەرگیز ڕۆڵەی بۆ خۆ پەیدا نەکرد و ھیچ خێویشی دەگەڵ نییە. دەنا ئەوسا ھەر خێوێ ھەرچی خۆی دروستی دەکرد، بۆ خۆی دەبرد و ھێندێک بە سەر ھێندێکانیاندا زاڵ دەبوون. ئەو بە دوورە لەو شتانەی ئەوان ئێژن. (٩٢) ئەو لە پیوار و ئاشکرا ئاگادارە؛ بەرزترە لەوەی دەیکەنە شەریکی. (٩٣) بێژە: ئەی پەروەرێنی من! ئەگەر ئەوەی کەوا بڕیاریان پێ دەدرێ ھەر نیشانی منی دەدەی، (٩٤) پەروەرندەم! ڕەگەڵ ناھەقانم مەخە. (٩٥) ئێمە ھەرچی بۆ ئەوانی بڕیار دەدەین، دەتوانین نیشانتی بدەین. (٩٦) تۆ وەرامی خراپە بە چاکە بدە؛ ئێمە باشتر دەزانین ئەوان چ ئێژن. (٩٧) تۆ بێژە: ئەی پەروەرندەم! ھانام بە تۆ، لە دنەدانی شەیتانان. (٩٨) ھەر ھاناش دەبەمە بەر تۆ؛ کە ئەوان دێن بەلامەوە. (٩٩) [ئەوان ھەروان] تا کاتێ کە مردن دێتە سەر یەکێکیان، ئەوسا دەڵێ: ئەی پەروەرندەم! وەم گێڕە. (١٠٠) بەشکوو ئەو ئاکارە چاکەی لێی نەبان بووم ئەوجار بیکەم. نەخێر، قسە بۆ خۆی دەکا؛ تازە تا ڕۆژی قیامەتێ لەمپەرێکی زۆر گەورەیان لە پێشدایە و [گەڕانەوەیان بۆ نییە]. (١٠١) ھەرگایەکیش دەکەڵەشاخ دەمێندرا، نە خزمایەتی لە نێوانیان دەمێنێ و نە کەسیان لە کەس دەپرسێ. (١٠٢) ھەر کەسێکی کێشانەی گرانتری بێ، ئەو دیارە لە ڕێزی ڕزگارەکانە. (١٠٣) ھەر کەسێکیش لە کێشانە کەمی ھێنا، ئەوانە دۆڕاوەکانن و لە دۆژەھدا دەمێننەوە. (١٠٤) دەم و چاویان بە ئاگر ھەڵدەپرووزێت و لێوەکانیان ھەڵدەچرچێ. (١٠٥) مەر نیشانانی مەتان بەسەردا نەدەخوێنرایەوە و ھەر بە درۆتان دەژماردن؟ (١٠٦) ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! نەگبەت بڕستی بڕین و ئێمە خەڵکێکی گومڕا بووین. (١٠٧) ئەی پەروەرندەی گلامان! لێرەمان بھێنە دەرێ؛ ئەگەر ئەمجاریش ھەر وابووین، دیارە لە ناھەقان دەبین. (١٠٨) ئێژێ: ناشێ من بدوێنن، تا لەوێشدان نابێ ھەر فزەتان لێ بێ. (١٠٩) ھێندێکیش لە عەبدەکانم ھەر دەیانگوت: پەروەرێنمان! ئێمە باوەڕیمان ھێنا، تۆش بەزەییت پێماندا بێ و لە گوناھەکانمان ببوورە؛ تۆ لە گش کەس دڵسۆزتری. (١١٠) ئێوە ھەر گاڵتەو پێ دەکرد؛ ھەتا ئەوان یادی منیان لە بیری ئێوە بردەوە و ئێوە بەوان پێ دەکەنین. (١١١) وا من ئەمڕۆ پاداش ئەو خۆڕاگرتنەم پێ بەخشیون؛ کە ھەر ئەوان ڕزگار دەبن. (١١٢) پێیان ئێژێ: چەند ساڵ لە زەمین مانەوە؟ (١١٣) ئێژن: ئێمە ھەر ڕۆژێک یان ھێندێک لە ڕۆژێ ماینەوە؛ لە حیسابگەران بپرسە. (١١٤) ئێژێ: ئەگەر بووزانیبا، کەمێک نەبێ نەمانەوە. (١١٥) ئاخۆ ئێوە پێتان وابوو بە گەمە دروستن کردوون، ناشووھێننەوە لای خۆمان؟ (١١٦) پایەبەرزی بۆ خودایە، کە پاشای ڕاستەقینەیە؛ ھیچ پەرستیوێکیش بێژگە لە ئەو نییە؛ ھەر خۆیەتی پەروەرێنی تەختی ھێژا. (١١٧) ھەر کەسێکیش - وێڕای خودا - ھانا بۆ کەسێ تر بەرێ و بەڵگەشی لە دەستا نەبێ، پەروەرندەی دەیکێشێتە پای حەساب و ئەو پێ نەزانانە ھەرگیز ڕزگار نابن. (١١٨) بێژە: ئەی پەروەرندەکەم! تۆ بم بەخشە و بەزەییت پێمدا بێتەوە، تۆ چاکترین دلۆڤانی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نوور وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سووڕەتێکە ناردوومانەتە خوارەوە و [مەبەستەکانمان] کردۆتە ئەرکی پێویست؛ چەن نیشانەی ئاشکراشمان تێدا ناردۆتە خوارەوە، بەشکێکوو پەند [ی پێ] بگرن. (٢) ئەگەر ئێوە باوەڕیتان بە خوا و ڕۆژی سەڵا ھەیە، داوێنپیسانی مێر و ژن - ھەریەکەیان - بە لێدانی سەد تازیانە تەمێ کەن. لە ئایینی سەر بە خودا، بەزەیی ھاتن بێ جێیە. با چەند کەسیش لەوانەی خاوەن باوەڕن، لەو لێدانە ئاگادار بن. (٣) مێری داوێنپیس ھەر دەبێ ژنی داوێن تەڕ بخوازێ؛ یان ژنی بتپەرست بێ. ژنی داوێن تەڕیش ھەروا: یان مێرد بە داوێنپیس بکا، یان مێری بتپەرست بێ و لە بۆ خاوەن باوەڕانیش ئەم کارە بەربەست کراوە. (٤) ئەو کەسانەش کە بوختانێ بۆ ژنی داوێن پاک دەکەن، چوار شایەتیش ناھێنن، ھەشتا شەلاقیان لێ بدەن. ھەرگیز نابێ بە شایەتییان قبووڵ بکەن؛ ئەوانەن کە لە ڕێی خودا لایان داوە. (٥) مەگین ئەوی پاش ئەم کارە پەژیوانی دەردەبڕن و ئاکاری خۆیان چاک دەکەن. دیاریشە کە خوا لێ بوردەی دلۆڤانە. (٦) ئەو کەسانەش کە بوختانی داوێنتەڕی بە ژنانی خۆ دەکەن و غەیری خۆیان چەن شایەتی [تریان] نییە، ھەر کامێکیان دەبێ چوار جار خودای لێ بە شایەت بگرێ کە لەم بارە درۆ ناکا. (٧) با بۆ جاری پێنجەم بێژێ: ئەگەر ئەم قسەم درۆیە، بەر نەفرینی خودا کەوم. (٨) ژنەکەش لە ئازار دانێ ڕزگار دەبێ، کە ئەویش ھەتا چوار کەڕەت خوا بە شایەت بێنێتەوە کە مێردەکەی درۆ دەکا. (٩) با بۆ جاری پێنجەمین بێژێ: ئەگەر قسەی کابرا ڕاست بێ، بەر غەزەبی خودا کەوم. (١٠) ئەگەر چاکە و دلۆڤانی و لەکارزانی و تۆبەپەزێری خوداتان نەبووبایە، [ئێوە چتان بەسەر دەھات؟ ]. (١١) ئەوانەی ئەو بوختانەیان ھەڵبەستبوو، دەستەیەک ھەر لە خۆتان بوون. پێتان وانەبێ بۆ ئێوە خراپ دەبێ، بەڵکوو قازانجە بۆ ئێوە و ھەرکێش لەوان چەند لەم تاوانە بەشدارە، تاوانی لە سەر نووسراوە. ئەو کەسەش کە بەشی زۆری ئەو گوناھەی وەئەستۆ گرت، جەزرەبەی دژواری ھەیە. (١٢) ژن و پیاگی خاوەن باوەڕ، بۆچی ھەرگا ئەم دەنگۆیە و بە گوێ گەیشت، بە چاکیان لێک نەدایەوە بۆ خۆیان و نەیانگوت کە ئاشکرایە ئەمە درۆی ھەڵبەستەیە. (١٣) ئەدی بۆچی چوارشایەتیان بۆ نەھێنا؟ کە ھەر شایەتیان نەھێنان؛ ئەوانە بەلای خوداوە درۆزنن. (١٤) ئەگەر خودا بەزەیی پێتاندا نەھاتبا و چاکەی دەربارە نەکردبان، ئێوە لە دنیا و قیامەتێ لەسەر درۆیە سازتان کرد - سوور بزانن - ئازارێکی یەکجار گەورەتان تووش دەبوو. (١٥) کاتێ لە یەکتان دەبیست و ھیچیشوو لێ نەدەزانی، ھەر بەدەموودا دەھات و بە زمانوو دەتانقۆزتەوە و لاتان وابوو زۆر ھاسانە؛ کە ئەم کارە لجەم خودا زۆر گەورە بوو. (١٦) بۆچی وەختێ ئەوەتان بیست، نەتانگوت کە: ئێمە چیمان بەسەر ئەم قسانە داوە؛ پاکی وبێ عەیبی بۆ تۆیە؛ ئەمە تۆمەتی گەورەیە. (١٧) خودا نسیحەتوو دەکا؛ ئەگەر بڕواتان پێی ھەیە، جارێکی تر بوختانی وا ھەڵنەبەستن. (١٨) خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە؛ خودا زانای لەکارزانە. (١٩) ئەو کەسانەی حەزێ دەکەن باسی کاری بێ نامووسی لە ناو باوەڕدارەکاندا ببێتە قاو، لە دنیا و لە قیامەتیشا جەزرەبەی بەژانیان دەبێ و خوا دەیزانێ و ئێوە ئاگاتان لێ نییە. (٢٠) ئەگەر چاکە و بەزەیی خودا و میھرەوانی و دلۆڤانی ئەوتان نەبا، [دیارە تووشی ئازار دەبوون]. (٢١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەدەنە سەر شۆپی شەیتان. ھەر کەسێ گاڤ لەجێ گاڤی شەیتان دانێ، با بزانێ شەیتان ھەر فەرمان بە کاری ناشیرین و کرێت دەدا. ئەگەر چاکە و بەزەیی خوداو لەسەر نەبا، ھیچ کەسێکتان ھەرگیز پاک نەدەبوونەوە؛ بەڵام خودا - لە ھەر کەسێکی حەز بکا - گەماری لەسەر لادەبا و خودا بیسەر و زانایە. (٢٢) با ئەوانەی لە ناوتاندا دەوڵەمەندن، سوێندێ نەخۆن کە خزمان و ھەژاران و ئاوارەکانی ڕای خودا بێ بەش دەکەن. بڵا چاویان لێ بپۆشن و لە ھەڵەکانیان ببوورن؛ مەگەر ئێوە حەز ناکەن خوا لە گوناھانوو ببوورێ؟ خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢٣) ئەو کەسانەی بۆ ژنانی باوەڕداری داوێنپاکی دوورە ئاگا [سەربەخۆ] بوختان ڕێک دەخەن، لە دنیاش و لە سەڵاشا، بەر نەحلەتن؛ جەزرەبەشیان زۆر دژوارە. (٢٤) ڕۆژێ دەبێ کە زمان و دەست و پایان، لەسەر ھەر کارێ دەیانکرد دەبنە شایەت. (٢٥) ئەوێ ڕۆژێ چی لیان دەوەشێتەوە، خودا دەگەڵیانی دەکا. سا دەزانن خودا ھەقی ئاشکرایە. (٢٦) کێ ناپاکن بۆ ناپاکان. یا پاکیشن بۆ پاکانن. ئەمانە دوورن لەوانەی قسەیان بۆ ھەڵببەستن؛ [خودا] ئەوانەی بەخشیوە و بژیوی باشیان دەداتێ. (٢٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! جیا لەوە ماڵی خۆتان بێ، سەر بە ھیچ ماڵاندا مەکەن ھەتا ئیزنێ نەخوازن و سڵاو بۆ خەڵکەکەی دانەخەن. ئەمە بۆ ئێوە باشترە و شایەت پەندی لێ وەربگرن. (٢٨) ئەگەر کەسوو تێدا نەدیت، مەچنە ژوورێ تا خاوەنی ئیزنوو دەدا. ئەگەر گوتیشیان: وەگەڕێن، پێویستە بگەڕێنەوە. ئەمە بۆ ئێوە باشترە. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٢٩) ھیچ سەرکۆنەو لەسەر نییە بچنە ماڵێک کە ھیچ کەسی تێدا نییە و کەل پەلی ئێوەی تێدایە. ھەرچی ئێوە دەیشێرنەوە و خۆیای دەکەن خوا دەیزانێ. (٣٠) تۆ بە باوەڕداران بێژە؛ چاو داخەن و شوورەیی خۆ بپارێزن. ئەمە بۆ ئەوان باشترە و خوداش ئاگای لە ھەموو ئاکاریان ھەیە. (٣١) بە ژنانی باوەڕداریش بێژە با چاویان داخەن و شەرمی خۆیان بپارێزن و خشڵی خۆیان وەدەر نەخەن؛ مەگین ئەوانەی لە دەرێن. با سەرپۆشیان تا سەر پێسیر دابپۆشێ و خەمڵی خۆیان نیشان نەدەن، مەگین بە مێرد، یان بابۆیان، یا خەزوریان، یان فرزەندی نێری خۆیان، یان زڕکوڕیان، یان برا، یان برازایان، یان کوڕانی خوشکەکانیان، یان ژنانی ھاوباوەڕیان، یان ئەو نێری خوڵامیانن، یان ئەو پیاوی سەربەوانن و ھەر نیازیان بە ژن نییە، یان منداڵانی نەگەیونە ئەو تەمەنەی وازیان بچێتە مێوینە. پاشیان بە زەویدا نەدەن، کە بزانرێ چۆن خشڵێکیان وەشاردووە. ھەموو لاتان بگەڕێنەوە لای خودا، ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەشکوو گشتوو ڕزگار ببن. (٣٢) مێوینەی بێ مێردی خۆتان بە شوو بدەن. عەبد و کەنیزی ھێژاشتان بزەوجێنن. ئەگەر لە ھەژارانیش بن، خودا بە دڵاوایی خۆی ھەموو لا بێ نیاز دەکا. بەخشینی خودا ھەراوە و ئاگادارە. (٣٣) با ئەوانەی توانای زەماوەندیان نییە، خۆڕا بگرن ھەتا خودا - لە چاکەی خۆی - دەرووێکیان لێ دەکاتەوە [و کارەکەیان مەیسەر دەکا]. ئەوانەش ماڵی ئێوەن و دەیانەوێ پسوولەیان بۆ بنووسرێ، ئەگەر خێرێکتان تێدا دین، با پسوولەو لە ناودا بێ و شتێکیشیان لەو ماڵەی خودا پێی داون، پێ ببەخشن. نەچن کەنیزەکانیشتان - کە گەرەکیانە پاک بژین - ناچار بکەن خۆ بفرۆشن؛ ھەر ھەتا ماڵی دنیاتان وەدەس کەوێ. ھەر کەسیش ناچاریان کا، خودا پاش ناچار کردنیان، گونابەخش و دلۆڤانە. (٣٤) ئەوا ئێمە چەند نیشانەی نیشاندەرمان بۆ ئێوە نارد، وێڕای چەندین سەرگوڕوشتەی ڕابردووەکانی پێش ئێوە و پەندێکیش بۆ پارێزگاران. (٣٥) خوا ڕووناکی ئاسمانەکان و زەمینە. ڕووناکی ئەو وەک تاقێکە چرای تێدا ھەڵکرا بێ، چراکە لە جامێکدا بێ، جامەکە وەک ئەستێرەیەک ترووسکەی بێ و ماکی چرا لە زەیتوونێکی ممبارەک دەس کەوتبێ؛ کە دارەکەی نە ھەمیشە بەرەو ڕۆژە و نە ھەمیشە لە نزارە. تۆ ئێژی ڕۆنی چراکە - بە بێ ئاگر تخوون کەوتن - تیشک دەدا؛ ڕووناکی لە بان ڕووناکی. خودا ھەر کەسێ حەز بکا، ڕووناکی خۆی نیشان دەدا. خودا بۆ مەردم نەزیلان دێنێتەوە. خوا بە ھەموو شت دەزانێ. (٣٦) لە ناو ماڵانێکدا خودا ئیزنی داوە، کە دەستی ڕێزیان لەسەر بێ و ناوی ئەویان تیا ببرێ، ھەموو بەیانی و ئێواران ھەر پەسنی پاکی ئەو دەدەن: (٣٧) پیاوانێ کە نە بازرگانی نە سەودا، یادی خودا و نوێژ کردن و زەکات دانیان، لە بیر نابا؛ ترسی ئەو ڕۆژەیان ھەیە، کە لەوێدا دڵ و چاو گش وەردەچەرخێن. (٣٨) بۆ ئەوەی خوا لە بارتەقای کردەوەیان باشتر پاداشیان بداتێ و بە چاکەی خۆی لێشیان زیاد کا. خودا ھەر کەسێ حەز بکا، بە بێ ھەژمار ڕۆزی دەدا. (٣٩) ئەوانەی خودانەناس بوون، کردەوەیان وەک ئەو تراویلکە وایە کە لە بیاواندا ھەیە. تینوو وا دەزانێ ئاوە و کە دەیگاتێ، ئەوسا دەزانێ ھیچ نییە. بەڵام خودا لە نزیکی خۆی دەبینێ و حیسابی ئەنێتە مستی. خوا زوو بە حیساب ڕادەگا. (٤٠) یان وەک لە تاریکستانێ، لە زەریایەکی بێ پەیدا، پێل لەسەر پێل دای پۆشن و لە لای ژوورووشی ھەور بێ؛ تاریکایی و ھەرگا دەستی خۆی دەربخا، لەوانەیە ھەر نەیبینێ. ھەر کەسێکی خوا ڕووناکی نیان نەدا، ھیچ ڕووناکایی شک نابا. (٤١) تۆ نەت دیوە کە ھەر شتێ لە ئاسمانان و زەمیندان، ئەو مەلانەش کە لە حەوا لەنگەر دەگرن، پەسنی پاکی خودا دەدەن؟ گشتیان نزا و پەسنی خۆیان دەزانن و خوا لە کاریان ئاگادارە. (٤٢) موڵکایەتی عاسمانان و زەمینیش ھەر ھی خودایە و گەڕانەوەش بۆ لای خوداس. (٤٣) ئەتۆ نەت دیوە خودا ھەورێک لە سەرەخۆ دەئاژوێ؛ پاشان چەند پارچەی لێک دەدا و دەیانکا بە ھەورێکی پڕ؟ ئەوسا تۆ دەبینی دڵۆپەی بارانی لێ دێتە دەر؛ [ھەر خوداشە] لەو حەوایە و لەو کێوانە - کە لەوێدان - تەیرۆکان دادەبارێنێ؛ ھەر کەسێ ئەو مەیلی لێ بێ، بەری دەدا و کێش حەز کا بەری ناکەوێ؛ برووسکەکەی لەوانەیە سۆما لە چاوان بڕفێنێ. (٤٤) ئاڵوگۆڕی شەو و ڕۆژان خودا دەیکا. کە لەمەشدا پەندێک ھەیە بۆ ھەر کێ خاوەن ئاوەزە. (٤٥) خودا ھەموو جانەوەری ھەر لە ئاو بەرھەم ھێناوە. ھەیە زگەخشکێ دەکا و، ھەیە لەسەر دوو پێ دەڕوا و ھەیە لەسەر چوار پەلانە. خوا ھەر شتێ حەزێ بکا سازی ئەدا. خودا بەسەر ھەموو شتدا توانای ھەیە. (٤٦) دیارە ئێمە چەن نیشانەی نیشاندەرمان ناردە خوارێ. خودا ھەر کەسێکی حەز کا، شارەزای ڕاستەڕێی دەکا. (٤٧) ئەشڵێن: ئێمە باوەڕیمان بە خوا و پێغەمبەر ھێناوە و بەر فەرمانین. لە دوای ئەمەش بڕێکیان ڕۆ وەردەگێڕن؛ ئەوانە ھەر بڕوادار نین. (٤٨) ھەرگایەکیش بەرەو خودا و ڕاسپاردەی بانگیان دەکەن، کە خۆی بە کاریان ڕابگا؛ کەچی دەستەیەکیان ھەر خۆی لێ دەبوێرن. (٤٩) ئەگەر لە قازانجی وان بێ، دێنە لای و دەی سەلمێنن. (٥٠) ئاخۆ ئەمانە دەغەزیان لە دڵدایە، یان دەترسن خودا و پێغەمبەری خودا ناھەقییەکیان لێ بکەن؟ نا، ئەوان خۆیان ناھەقن. (٥١) بەڵام ئەوی باوەڕدارن، ھەر کاتێ بانگ دەکرێن کە بێن بەرەو خودا و ڕاسپاردەی، ھەتا بە کاریان ڕابگا؛ گورجێ دەڵێن: بیستمان و بەر فەرمانین. ئەوانە دیارە ڕزگارن. (٥٢) ھەر کەسێکی بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بێ و ترس و شەرمی لە خوا ھەبێ، ئەوان بردوویانەتەوە. (٥٣) بە سوێندان ڕەش بوونەتەوە، کە: بە خودا، ھەرگا فەرمانیان پێ بدەی بچنە خەزا، خۆ ناگرن. بێژە: ھیچ سوێندی پێ ناوێ؛ فەرمانبەردارێکی خاس بن. ھەر کارێکی ئێوە دەیکەن، خوا دەیزانێ. (٥٤) بێژە: بەر فەرمانی خودا و بەر فەرمانی پێغەمبەر بن. جا کە ھەر خۆشیان وەپاش دا، ئەو ھەر ئەرکی خۆی لەسەرەو ئێوەش ئەرکی خۆتان ھەیە. خۆ ئەگەر بە قسەی ئەو بکەن، شارەزاییەکە بۆ خۆتان. پێغەمبەریش لە ڕاگەیاندن بەولاوە ھیچی تری لەسەر نییە. (٥٥) خوا بەوانەی لە ئێوە بڕوایان ھەیە و ئاکارچاکن، بەڵێنی دا: لەم زەمینە دەیانکاتە جێگەنشین؛ ھەر وەکوو چۆن ئەوانەی بەر لەوانی کردە جێنشین. دینەکەشیان - کە خۆی پەسندی کردووە - ھەر بۆیان دادەمەزرێنێ و ترسەکەشیان بۆ دەکاتە دڵنیایی [تا] تەنیا من بپەرستن؛ ھیچ شتێکیش بە شەریکی من نەزانن. ھەر کەسێکیش لەمە بەولا سپڵەیی بکاتە پیشە، لە ڕێزەی سەر چەوتەکانە. (٥٦) نوێژەکەتانیش بخوێنن و زەکات بەن و بەرفەرمانی پێغەمبەربن؛ بەشکوو بەر بەزەی خواکەون. (٥٧) وامەزانن ئەوکەسانەی خوانەناسان، دەتوانن لەم زەمینە لەدەستن ڕاکەن؛ جێگەی ئەوانە ئاگرەو سەرئەنجامیان زۆرخراپە. (٥٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! با ئەوانەی خوڵام و کەنیزی ئێوەن، ئەو کەسانەش لە ئێوە کە بلووق نەبوون، سێ جار ئیزنوو لێ بخوازن: لە پێش نوێژی بەیانی و نیمەڕۆیان، کاتێ شمەکان دادەنێن و لە پاش نوێژی خەوتنانیش؛ کە ئەم سێ کاتە وەختی تەنیایی ئێوەس. لە پاش ئەوە، نە بۆ ئێوە قەیدێ دەکا، نە بۆ ئەوان، کە بە دەوروبەرتاندا بێن؛ ئێوە پێکەوە تێکەڵن. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ئاشکرا دەکا. خودا زانای لەکارزانە. (٥٩) ھەر کاتێ منداڵەکانوو بلووقیان بوو - ئەویش وەک ئەوانی بەرێ - گەرەکە ئیزن بخوازن. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ئاشکرا دەکا. خودا زانای لەکارزانە. (٦٠) ئەو ژنانەی وەختی شوویان بەسەر چووە، ھیچ تاوانیان لەسەر نییە کە سەرپۆش لەسەر فڕێ دەن؛ بەڵام نابێ خشڵی خۆیان نیشان بدەن. بۆ ئەوان وەھا باشترە پاک و شەرمێون بمێنن. خودا ئەژنەوێ و زانایە. (٦١) شەل و کوێران، لەش بەبار و بناوبوێران، خودی خۆشتان، ھیچ تاوانوو لەسەر نییە لە ماڵ خۆتان یان باوکانتان، یان دایکانتان، یان لە ماڵی برایانتان، یان ماڵی سەربە خوشکانوو، یا ماڵی ئاپ و پلکانوو، یان لە ماڵانی خاڵانوو، یان میمانوو، یان ئەو ماڵەی کلیلەکەی لای ئێوەیە، یان لە ماڵی دۆستی چاکوو، خواردن بخۆن. ھیچ گوناھیشتان ناگاتێ ھەمووتان پێکەوە بخۆن؛ یان ھەر کەس بە تەنیا بخوا. ھەرگاش دەچنە ماڵانەوە، سڵامی یەکتری بکەن؛ سڵامێکی پاک و پیرۆز لە لای خواوە. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە، شایەتا ئێوە تێبگەن. (٦٢) باوەڕدار ھەر ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بە خوا و پێغەمبەری ھێنا و ھەر کاتێکی بۆ کارێکی بە کۆمەڵ ڕەگەڵی کەون، لا ناکەون، ھەتا ئیزنی لێ دەخوازن. ئەو کەسانە لێت دەخوازن ئیزنیان بدەی، ئەو کەسانەن کە باوەڕیان بە خودا و پێغەمبەرەکەی ھاوردووە. ھەرگا بۆ کارێکی خۆیان ھاتن ئیزنت لێ بخوازن، ھەر کامێکیان ئیزن دەدەی، کەیفی خۆتە و بۆیان لە خوا داوای لێ بووردنێ بکە. کە خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٦٣) گازی لە پێغەمبەر کردن وەک گازی کردن لە خۆتان حەسێب مەکەن. ھەر کەسیش خۆی پەنا دەدا و پێ دزەی دەرباز بوونیەتی، خوا دەیزانێ. با ئەوانەی کە خۆیان لە فەرمانی ئەو دەدزنەوە، ترسیان ھەبێ کە بەڵایەکیان بەسەر بێ؛ یان وەبەر جەزرەبەیەکی بەژان کەون. (٦٤) باش بزانن، ھەرچی لە ناو عاسمانان و زەویدایە، بۆ خودایە. خودا ھەم لە ئێستەی ئێوە و ھەم لەو ڕۆژەش کە دەبرێنەوە بۆ لای ئەو، ئاگادارە. ئەوساش ئاگاداریان دەکا لەو شتەی واکردوویانە و خودا ھەموو شت دەزانێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فوڕقان وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) مەزنایەتی بۆ خودایێ ئەم فوڕقانەی بۆ عەبدی خۆی ناردە خوارێ، تا ببێتە ھۆی ترسانێ بۆ ھەموو خەڵکی جیھانێ. (٢) ئەو خودایەی فەرمانڕەوای ئاسمانەکان و زەمینە و کەسی نەکردە ڕۆڵەی خۆی؛ لە فەرمانڕەواییشدا شەریکی نەبووە و ھەموو شتی لە ڕادەی خۆی دروست کرد و ئەندازەی گرت. (٣) بە جێگەی چتگەلێکیان کردە خودا، کە ناتوانن شتێک چێ کەن؛ بۆ خۆشیان ھەر چێ کراون. تەنانەتی قازانج و زەرەری خۆشیان بە دەس نییە؛ نە مردنیشیان بە دەستە و نە ژیان و نە ژینەوەی لە پاش مردن. (٤) خودانەناسەکان وتیان: ئەمە ھەمووی درۆی ھەڵبەستەی خۆیەسی و کەسانێ تر لەمەدا یارییان داوە. ئاشکرایە ھەرچی وتیان درۆیە و ناھەقی دەکەن. (٥) گوتیان: ئەمانە چیرۆکی پێشینانن؛ ھەموو بەیانی و ئێواران بۆی دەڵێن و لە بەری دەنووسێتەوە. (٦) بێژە: کەسێکە ناردوویە، لە نھێنی عاسمانەکان و زەمینێ ئاگادارە؛ ئەویش لە گوناح دەبوورێ و دلۆڤانە. (٧) گوتووشیانە: ئەمە چۆن پێغەمبەرێکە خۆراک دەخوا و بە بازاڕاندا دەگەڕێ؟ ئەدی چۆنە فرشتێکی دەگەڵ نەھات، کە وێڕای ئەو ترس وەبەر مەردم بێنێ؟ (٨) یان گەنجێکی بۆ ھاویژرابایە خوارێ، یان باغێکی ھەبووایە لێی بخواردایە. ناھەقیکارانیش گوتیان: ئێوە ھەر شوێن پیاوێ کەوتوون سیعر و جادووی لێکراوە. (٩) دەبڕوانە چلۆن نەزیلەیان بۆ تۆ ھێناوە و لە ڕێی لایاندا و ھەرچی دەکەن ڕێ دەرناکەن. (١٠) مەزنایەتی ھەر بۆ کەسێ ئەگەر حەز کا لەوە چاترت دەداتێ. باغاتێکت پێ دەبەخشێ جۆباریان بە بەردا دەڕوا و چەند کۆشکیشت بۆ دادەنێ. (١١) دیارە ئەوان قیامەتیان بە درۆ ژمارد؛ ئێمەش کڵی جەھەندەممان ساز داوە بۆ ھەر کەسێ کە قیامەت بە درۆ دەزانێ؛ (١٢) کە لە شوێنێکی دوورەوە دەیانبینێ، لرفە و نێڵەی کڵی ئاگریان دێتە گوێ. (١٣) ھەرگایەکیش شەتەک درا و داوێژرێنە ناو جێگەی تەنگەبەرایی دۆژەھەوە، منە بۆ مردنێ دەکەن. (١٤) ئەمڕۆ ئیتر ھەر مردنێ داوا مەکەن؛ داوای گەلێ مردن بکەن. (١٥) بێژە: ئاخۆ ئەمە باشە، یان بەھەشتی ھەمیشەیی؛ کە بەڵێنی بە خودێ ترسان دراوە، کە: پاداش و دواڕۆژیانە؟ (١٦) چی بخوازن لەوێ ھەیە و ھەروھەر تێدا دەمێنن. ئەم بەڵێنە لە پەروەرندەی تۆڕایە و ھەر دێتەجێ. (١٧) لەو ڕۆژەدا کەئەمانە و ئەوانەی - لە غەیرەز خودا - دەیانپەرست، لە جێیەک کۆ دەکاتەوە، دەپرسێ: ئاخۆ ئێوە بوون ئەم عەبدانەموو لاڕێ کرد، یان خۆیان لە ڕێ کلا بوون؟ (١٨) ئێژن: پاکانەی تۆ دەکەین؛ ئێمە کەی ڕێمان دەکەوێ - بەدەرلە تۆ - کەسێ بکەینە دۆستی خۆ؛ بەڵام ھەر خۆت بۆ ئەوان و باب و کاڵانی ئەوانیش ئەوەندەت بەر بەرەڵدا کرد، کە یادی تۆیان لە بیر چوو، بوونە گەلێکی وا بێ خێر. (١٩) ئەوانە بۆ ئەو قسانەتان، ئێوەیان وەدرۆ خستەوە. خۆ ئێستا ئیتر ناتانن [ئازار لە خۆتان] لابدەن؛ یان ھانادەرێ پەیاکەن؛ ھەر کامیشتان ناھەقی کا، ئێمە ئازاردانی گەورەی پێ دەچێژین. (٢٠) لە پێش تۆشا ھەر کەسێکمان بۆ پێغەمبەری ناردووە، ھەموو خواردنیان خواردووە و لە ناو بازاڕان گەڕاون؛ ھێندێکیشتانمان کردۆتە مایەی ئەزموونی ھێندێ تر. ئاخۆ ئێوە خۆ ڕادەگرن؟ وا پەروەرندەت دەبینێ. (٢١) ئەوانەی کە بە ھیوا نین بە دیداری ئێمە بگەن، گوتیان: بۆچی فرشتەمان نەھاتە لا؟ یان پەروەرندەی خۆن نەدی؟ ئەوانە لە پاڵ خۆیاندا خۆیان بە زل دەزانن و سەربزێوی و فیزێکیان لێ پەیدا بووە کە ئەو سەری دیاری نەبێ. (٢٢) ئەو ڕۆژەی ئەوان فرشتان بە چاوی خۆیان دەبینن، کە فرشتە دەنگیان دەدەن: ھەیدێ گوم بن! ھیچ مژدەیەکمان لانییە کە بیدەین بە تاوانباران؛ پێشیان دەڵێن: مژدە لە ئێوە حەرامە. (٢٣) ھەر کارێکی کردوویانە ڕای دەنێن و ھەروەکوو تۆزی بابردەڵەی پێدەکەین. (٢٤) ئەوێ ڕۆژێ ئەنوا و جێگەی حەسانەوەی بەھەشتییەکان باشترینە. (٢٥) ئەوێ ڕۆژێش ئەزمان بە ھەور دەقەڵشێ و فریشتەکان - بە ھەڕەمە - بەرەو زەمین بەڕێ دەکرێن. (٢٦) ئەوێ ڕۆژێ فەرمانڕەوایی بەڕاستی بۆ خودایە و، بۆ گەلی خودانەناسان ڕۆژێکی پڕ تەنگانەیە. (٢٧) لەو ڕۆژەشدا کە ناھەقکار بە دەستی خۆیدا دەنووسێ و ئێژێ: ئەی کاشکایە منیش وەل پێغەمبەر چووبامە ڕێ. (٢٨) ئەی مخابن، خۆزی ھەرگیز نەبووبام بە دۆستی فڵان. (٢٩) لە پاش ئەوەی کە ئەم قوڕعانەم پێ گەیشت، ھەر ئەو منی لێ کلا کرد؛ شەیتان ھەمیشە مرۆ بەرەڵا دەکا. (٣٠) پێغەمبەریش ئێژێ: ئەی پەروەرندەکەم! ھۆزەکەم ئەم قوڕئانەیان وەپشت گوێ خست. (٣١) ھەرواش بووە؛ ئێمە بۆ ھەر پێغەمبەرێک دژمنێکمان - لە تاوانباران - بۆ دانان. پەروەرندەت بۆ شارەزایی کردن و ھاریکاری بەسی تۆیە. (٣٢) خوانەناسەکان دبێژن: بۆچی خودا بە تێکڕایی ئەم قوڕئانەی بۆ نەناردۆتە خوارەوە؟ ھەر بۆ ئەمە بوو کە ئێمە دڵتی پێ دامەزرێنین و بەتەکووزی و ھێدیکا بۆتی وەخوێنین. (٣٣) ئەگەر ئەوان نەزیلانت بۆ دێننەوە، ئێمە ڕاستیت بۆ دێنین و [نەزیلەیەکی] پڕ ماناتر لە ئی ئەوان. (٣٤) کەسگەلێ کە دەمەوڕوو ڕادەکێشرێن بۆ جەھەندەم و ھەر لەوێ کۆ دەکرێنەوە، خراپترین جێیان ھەیە و بە تەواوی لە ڕێ کلان. (٣٥) کتێبیشمان دا بە مووسا و ھاڕوونی براشیمان کرد بە وەزیری. (٣٦) ئەوسا گوتمان: بڕۆن بۆ لای ئەو ھۆزە کە نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ ژمارد؛ ڤێگاڤێ تێکمان شکاندن. (٣٧) ھۆزی نووحیش - کاتی بە پێغەمبەران باوەڕیان نەکرد - نوقمی بناومان کردن و کردمانن بە نیشانە بۆ مەردم و ئازارێکی بەژانیشمان ساز داوە بۆ ناھەقەکان. (٣٨) عاد و سەموود و خاوەنی چاڵاوەکانیش و گەلی بەرەوچینی نێوانیان [ھەر بەو دەردە چوون]. (٣٩) بۆ ھەمووانیان چەند نەزیلەمان ھێناوە و لە ئاکامدا ونجڕبەونجڕمان کردن. (٤٠) خۆ ئەوانە بەو شارەدا ڕابردوون کە بارانەی بەڵامان بۆ باراندن؛ مەگەر بە چاوی خۆیان ئەوەیان نەدی؟ بەڵام بە ھیوای زیندوو بوونەوە نەبوون. (٤١) ھەر کەتۆیان چاو پێ کەوت، دەتکەنە گەپجاڕی خۆیان: ھەر ئەمەیە کە خودا ڕای سپاردووە؟ ! (٤٢) لەوانە بوو لە پەرستیوەکانی خۆن لامان بدا، ئەگەر خۆمان لەسەریان ڕانەگرتایە. دواجار - کە ئازار دەبینن - پێدەزانن کە کێ پتر لە ڕێگەی ڕاست ھەڵە بووە. (٤٣) تۆ ئەو کەسەت دی کە ھەرچی خۆی حەز بکا دەیکاتە پەرستیوی خۆی؟ ئاخۆ ئەتۆ بۆ ئەمیش ھەر دەستەبەری؟ (٤٤) یان پێت وایە کە زۆربەیان گوێ شل دەکەن و تێدەگەن؟ ئەوانە وێنەی وڵساتن، بگرە لەویش گومڕاترن. (٤٥) بۆ نەت دیوە پەروەرندەت درێژە بە سێبەر دەدا؟ ئەگەر خۆی حەزی کردبا، وای دەکرد لە جێ نەبزووێ. خۆریشمان کردۆتە بەڵگەی. (٤٦) لە ئاکامدا - کەمەکەمە - بەرەو خوونی دەبەینەوە. (٤٧) ھەر خۆیەتی کە بۆ ئێوە شەوی کردۆتە پۆشاک و خەوی بۆ سانەوە [تان] و ڕۆژیشی بۆ ھەڵسانەوە [تان] داناوە. (٤٨) ھەر ئەویشە باکانی نارد، کە مزگێنی بەزەیی ئەوتان بۆ بێنن؛ جا ئەوسا لە حەوایەوە بارانێکی پاک و خاوێنمان ناردە خوار؛ (٤٩) تا زەمینی ھێز لێ بڕاو - بە ھۆی ئەم - زیندوو کەینەوە و وڵسات و زۆر لەو خەڵکانەی - کەخۆمان دروستن کردوون - تێراو بکەین. (٥٠) ئەوەشمان ھەر جۆرەجۆرە لە نێوانیانا دابەش کرد، تا پەند بگرن؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە ھەر فێرن ناشکوری بکەن. (٥١) ئەگەر بۆ خۆن کەیفن لێ با بۆ ھەر شارێ کەسێکی وامان ڕادەسپارد بیان ترسێنێ. (٥٢) سا تۆ ھەرگیز بە قسەی خوانەناسان مەکە و بە ھەموو ھێز و تواناوە ھەر بە گژیاندا وەرەوە. (٥٣) خوا کەسێکە کە دوو زەریای بەیەک گەیاند؛ یەکێ شیرن، یەکێ شۆری ئاماڵ تاڵە و لەمپەرێک و بەرگرێگی زۆر ئەستووری لە نێوانیان بەدی ھێنا [کە تخوونی یەکتر نەبن]. (٥٤) ھەر خۆیەتی لە [تنۆکێ] ئاو، مرۆیەکی وەدی ھێنا و کردیە ماکی تۆرەمە و خزم پەیدا بوون. پەروەرندەت ھەموو کارێکی پێدەکرێ. (٥٥) غەیرەز خودا شتی وەھا دەپەرستن کە نە بەھرەیان پێدەدا، نە زیانیشیان لێدەدا. خوانەناسان خۆ دەکەنە پشتیوانی دژی پەروەرندەی خۆیان. (٥٦) ئێمە تۆمان تەنیا بۆ ئەوە ناردووە، مژدەدەر و ترسێنەر بی. (٥٧) بێژە: من بۆ ئەو کارە ھیچ پاداشێکم لەنگۆ ناوێ، غەیرەز ئەوە: کێ پێ خۆش بێ، بەرەو لای پەروەرندەی خۆی ڕێ دەربکا. (٥٨) سا تۆ خۆت بدە دەس کەسێ کە ھەر زیندووە و نامرێ و بۆ شوکرانەی، پێی ھەڵبڵێ و ھەر ئەو بەسە کە لە گوناھی عەبدانی ئاگادارە. (٥٩) ئەو خودایەی عاسمانانەکان و زەمین و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە، بە شەش ڕۆژی داھێناوە. پاشان لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی خۆی دامەزراوە؛ ھەر ئەویشە خودای ڕەحمان. سا تۆ لەوانەش بپرسە کە چازانن. (٦٠) ھەرگا پێیان بوترێ کە: بەرەو ڕەحمان سوژدە بەرن، ئێژن: ڕەحمان چ کەسێکە؟ دەتەوێ ھەرکێ تۆ بێژی، ئێمە کڕنۆشی بۆ بەرین؟ سڵ بوونیشیان پتر دەکا. (٦١) سەروەری بۆ ئەو کەسەیە چەند قۆناغی لە عاسمانا دامەزراند و لە ناو ئەمدا چرایەک و ھەیڤێکی تریفەداری جێ کردەوە. (٦٢) ھەر ئەویشە نۆرە بە شەو و ڕۆژ دەکا، ھەتا کەسێ گەرەکی بێ بیر کاتەوە یان بیەوێ سوپاسکار بێ. (٦٣) عەبدە ڕاستەکانی ڕەحمان ئەو کەسانەن کە بێ دەعیە دەچنە ڕێوە و ھەر کاتێکیش نەزانەکان بیاندوێنن، پەرسڤی نەرم و نیانیان دەدەنەوە. (٦٤) ئەوانەشن کە شەو تا ڕۆژ، ڕووەو پەروەرندەی خۆیان سوژدە دەبەن و وێستاون. (٦٥) ئەوانەشن کەوا ئێژن: ئەی پەروەرندەی ھەموومان! جەزرەبەدانی دۆزەخمان لێ دوورخەوە؛ چونکە جەزرەبەی جەھەندەم دوایی نایە. (٦٦) کە بەڕاستی زۆر شوێنێکی نالەبار و زۆر ئەنوایەکی خراپە. (٦٧) ئەوانەشن کە لە کاتی ماڵ بەخشینا، نە یەکجاری دەس بڵاون، نە تەواویش دەس قووچاون؛ ھەر لەو ناوەندەدا، ماون. (٦٨) ئەوانەشن کە وێڕای خوا، ھیچ شتی تر ناپەرستن؛ کەسێکیش ناگوژن کە خوا ڕژتنی خوێنی بە ناڕەوا زانیوە؛ مەگین بە ھەق؛ تووشی داوێنپیسیش نابن. ھەرکێ ئەم کارانە بکا، تاوانی خۆی دێتەوە ڕێی. (٦٩) ڕۆژی سەڵا دوو چەندانە ئازار دەدرێ و بە سووکایەتی ھەر لەوێدا دەمێنێ؛ (٧٠) مەگین ئەوی تۆبە دەکا و باوەڕ دێنێ و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکا؛ کە خودا خراپەکانیان بە چاکە بۆ وەدەگۆڕێ و خوا لێبووردەی دلۆڤانە. (٧١) ھەر کەسێکی تۆبە بکا و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا، بەڕاستی دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا. (٧٢) ئەوانەشن کە بە درۆ، شایەتی نادەن و ھەرگا بە لای کاری نالەباردا ڕادەبوورن، مەردانە خۆی لێ لا دەدەن. (٧٣) ئەوانەشن کە ھەرکاتێ نیشانەکانی پەروەرندەیان وەبیر دەخرێتەوە، وەک کەڕ و کوێر ناوێستن [و گوێ پێدەدەن]. (٧٤) ئەوانەشن کە ئێژن: ئەی پەۆوەرێنمان! ژن و مناڵانی وامان پێ ببەخشە، ببنە مایەی چاوڕونیمان؛ بشمانکە پێشەوا بۆخۆپارێزەکان. (٧٥) جا ئەوانە لە پاداشی خۆڕاگرتنیان، ئۆدە [کانی بەھەشت] یان پێ دەدرێت و لەوێدا ھەر بە دروود و سەلامەوە تەکیانا ڕووبەڕوو دەبن. (٧٦) ھەر لەوێدا دەمێننەوە؛ کە زۆر بنکەیەکی باشە و زۆر نشیمەنێکی خۆشە. (٧٧) ئەتۆ بێژە: پەروەرندەم ھیچ ھەواڵتان لێ ناپرسێ، ئەر لە بری نەپاڕێنەوە و نەیپەرستن. ئەوا ئێوەش باوەڕیتان بەو نەھێنا و بەم زووانە گرفتاری سزا دەبن و ھەر لێتان جوێ نابێتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوعەراء وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) تا، سین، میم. (٢) ئەمانە نیشانەکانی ئەم کتێبە دیاری دەرەن. (٣) لەوانەیە بەو خەمە خۆت لە بەین بەری، کە ئەوانە نایانەوێ بڕوا بێنن. (٤) ئەگەر ئێمە حەزێ بکەین نیشانێکیان لە حەواوە بۆ دەنێرین، کە ملیانی لەبەر کەچ کەن. (٥) ھەر قسێکی تازە بابەت لە ڕەحمانەوە بۆیان دێ، ڕوویانی لێ وەردەگێڕن. (٦) [ئەوان] باوەڕیان نەھێنا؛ بەم زووانەش ھەر دەنگوباسی ئەوەیان پێدەگەیێ، کە گاڵتە و گەپیان پێدەکرد. (٧) ئاخۆ زەمینیان نەدیوە، کە چەند جووتەی ڕووەکی پڕ لە بەھرەمان تێدا ڕوواند. (٨) لەمەدا دەرسێ [باش] ھەیە؛ بەڵام بەشی ھەرە زۆریان بەبڕوا نین. (٩) خۆ دیارە پەروەرندەت ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (١٠) [بێنەوە بیر] ئەو کاتە کە پەروەرندەت بانگاوازی لە مووسا کرد، کە: بچۆ لای کۆمەڵەی ناھەقییکاران؛ (١١) بۆ لای دارودەستەی فیرعەون. ئاخۆ ئەوانە ناترسن؟ (١٢) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ترسم ھەیە کە بە ڤڕ بێژم بزانن. (١٣) دڵم تەنگ دەبێت و زمانم گۆ ناکا؛ ڕاسپێرە بۆ لای ھاڕوون. (١٤) ئەوانە تاوانێکیان لەسەر من ھەیە، دەترسم ھەر بشم کوژن. (١٥) گوتی: نەخێر، قەت وا نییە. سا ئێوە نیشانەکانی ئێمە بەرن؛ ئێمەش دەگەڵ ئێوەدا ھەین و دەبیسین. (١٦) سا بگەنە نک فیرعەون و بێژن: ئێمە پێغەمبەری پەروەرندەی گش جیھانین. (١٧) تۆرەمەی ئیسڕائیلێمان ڕەگەڵ بخە. (١٨) [فیرعەون] گوتی: تۆ ھەر منداڵەکە نەبووی کە ئێمە پەروەردەن کردی و چەند ساڵێکیش لە ناومان مای؟ (١٩) ئەوک ارەشت کرد کە کردت؛ دیارە ئەتۆ لە ڕێزەی ناسوپاسانی. (٢٠) گوتی: ئەوەم لە دەس قەوم و ئەوسا کە لە گومڕایان بووم. (٢١) لە ترسی ئێوە بازم دا؛ دوایە پەروەرندەی من، لەکارزانی پێ بەخشیم و منی خستە ڕێزەی پێغەمبەرانەوە. (٢٢) تۆ منەتی ئەو چاکەیەم لەسەر دەنێی، کە تۆرەمەی ئیسرائیلت - ھەموو - کردۆتە عەبدی خۆت؟ ! (٢٣) فیرعەون گوتی: پەروەرندەی ھەموو جیھان وەچەئێژن؟ (٢٤) گوتی: ئەگەر بیسەلمێنن، ڕاھێنەری ئاسمانەکان و زەمینە و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە. (٢٥) لە دەوروبەری خۆی پرسی: گوێتان لێیە؟ (٢٦) گوتی: پەروەرندەی ئێوە و پەروەرندەی باب و کاڵی پێشووتانە. (٢٧) گوتی: دیارە پێغەمبەرێ کە بۆ ئێوە ناردراوە، جن دەستی لێ وەشاندووە. (٢٨) گوتی: گەر ئاوەزتان ھەبێ، ڕاھێنەری خۆرھەڵات و خۆراوا و نێوانی وانە. (٢٩) گوتی: ئەگەر بەدەر لە من بپەرستی، خاترجەم دەبەندێت دەکەم. (٣٠) گوتی: ئەگەر نیشانێکی بە ئاشکرام بۆ ھێنابی؟ (٣١) گوتی: ئەگەر لە ڕاستانی، کوا؟ بیھێنە. (٣٢) عاساکەی دەستی فڕێدا؛ ئاشکرا بوو بە حەزیایەک. (٣٣) دەستیشی دەرخست، بۆ وانەی لێیان ڕووانی سپی دەچوو. (٣٤) بەسەر گەورەکانی دەوروبەر خۆی گوت: دیارە ئەمە جادووگەرێکی زانایە. (٣٥) گەرەکیەتی بە جادووی خۆی، لە زێدی خۆتان دەرتان کا؛ ئێوە لەو بارە دەڵێن چی؟ (٣٦) گوتیان: خۆی و براکەی لێرە بمێنن؛ تۆ بنێرە لە شاران خەڵکی وەکۆ کەن. (٣٧) ھەم جادووگەری زانات بھێننە لا. (٣٨) ئەوساکە جادووگەرەکان لە ڕۆژێکی دیاری کراو کۆ کرانەوە. (٣٩) بە مەردمیشیان ڕاگەیاند: ئاخۆ ئێوەش کۆ دەبنەوە؟ (٤٠) ئەگەر ئەم جادووگەرانە بیبەنەوە، لەوانەیە ئێمەش وەشوێن ئەوان کەوین. (٤١) جادووگەران - کە ھاتن - بە فیرعەونیان گوت: ئەگەر ئێمە بیبەینەوە چین دەدەیەی؟ (٤٢) گوتی: دیارە ئەوسا ئێوە لە نزیکانی خۆم دەبن. (٤٣) مووسا بەوانی ڕاگەیاند: چیتان ئامادە کردووە بۆ ھاویشتن، بیھاوێژن. (٤٤) جا ئەوساکە پەت و داردەستەکانیان فڕێ دا و گوتیان: سوێندا بە گەورەیی فیرعەون، ھەر بۆ خۆمان دەیبەینەوە. (٤٥) ئەوسا مووساش داردەستەکەی خۆی فڕێ دا. گوزوگوممەت، ھەموو فێڵی جادووگەرانی چنیەوە. (٤٦) جادووگەران [بە پانەوە] کڕنۆشیان برد. (٤٧) گوتیان: ئێمە بڕوامان کرد بە پەروەرندەی جیھانێ. (٤٨) پەروەرندەی مووسا و ھاڕوون. (٤٩) گوتی: بەر لەوە ڕێو بدەم، ئێوە بڕاواتان پێ ھێنا؟ دیارە ھەر ئەو گەورەتانە و خۆی فێری جادووی کردگن. دوایی تێتان دەگەیەنم؛ دەستولاقوو بە پێچەوانە دەبڕم و سەرلەبەروو لە دار دەدەم. (٥٠) گوتیان: منەتت بە پووشێک؛ ئەوسا بەرەو پەروەرێنمان دەچینەوە. (٥١) ھیوان وایە پەروەرندەن لە گوناھەکانن ببوورێ؛ کە بەرلە گش ئێمە باوەڕیمان ھێنا. (٥٢) ئێمە مووسامان تێگەیاند: عەبدەکانم لە شەوێدا وەڕێ بخە، کە دیارە بە دووتاندا دێن. (٥٣) فیرعەون وەکۆکەرانی نارد بۆ شارەکان. (٥٤) [وتی: ] ئەوان کۆمەڵەیەکی ھێندکن. (٥٥) بەڕاستی کە ئێمەیان تووڕە کردووە. (٥٦) ئێمە ھەموو وریایانین. (٥٧) ئیتر باغات و کانیاون پێ جێھێشتن. (٥٨) وێڕای ھەموو گەنجینە و خانووە خۆشەکان. (٥٩) ھەر بەو جۆرە ئەم ھەمووەشمان دا بە تۆرەمەی ئیسڕائیل. (٦٠) ھەر گزینگ لە سەرانی دا، دوایان کەوتن. (٦١) ئەو کاتە کە ھەر دوو کۆمەڵ یەکتریان دی؛ ھاوڕێیانی مووسا گوتیان: پیس پێوە بووین. (٦٢) گوتی: نابێ لە ھیچ بترسن، چون پەروەرندەم دەگەڵە و بەم زووانە دەروێکم لێ دەکاتەوە. (٦٣) ئەوسا مووسامان تێگەیاند: بە عاساکەت لە زەریا دە؛ زەریا قەڵشی و ھەر لایەکی وەک چیایەکی مەزن بوو. (٦٤) وامان کرد ئەوانی تریش ھەر لەوێ نزیک بنەوە. (٦٥) مووسا و ھەرکێ دەگەڵی بوون، نەجاتن دان. (٦٦) پاشان ئەوانی دیکەمان بە خنکان دا. (٦٧) ئەم ڕووداوە بەڵگەیەک بوو؛ زۆربەی زۆریش ھێشتا باوەڕیان نەھێنا. (٦٨) خۆ دیاریشە پەروەرندەت ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (٦٩) ڕووداوی ئیبڕاھیمیشیان بۆ وەخوێنە. (٧٠) ئەو سەردەمەی کە بە ئاپ و ھۆزی خۆی گوت: ئەمە چییە دەیپەرستن؟ (٧١) گوتیان: ئێمە بتانێک دەپەرستین و ھەر وازیشیان لێ ناھێنین. (٧٢) گوتی: ئاخۆ ئەگەر ھانایان بۆ دەبەن، لێو دەبیسن؟ (٧٣) یاخۆ ھیچ بەھرەو پێ دەدەن؟ یان ھیچ زیانوو لێدەدەن؟ (٧٤) گوتیان: نەخێر، بەڵکوو باب و کاڵی ئێمەش ھەر ئەمانەیان دەپەرست. (٧٥) گوتی: ئاخۆ زانیوتانە چیو دەپەرست؟ (٧٦) خۆتان وێڕای باب و کاڵانی پێشووتان؟ (٧٧) ھەموویان دوژمنی منن؛ جگە لە ڕاھێنەری حەموو دنیایە. (٧٨) ئەوی منی دروس کرد و ھەر ئەویش شارەزام دەکا. (٧٩) ھەر ئەویشە خواردەمەنیم پێدەدات و ئاویشم دەفریا دەخا. (٨٠) ئەگەر تووشی نەساغیش بم، ھەر خۆی چاکم دەکاتەوە. (٨١) ھەر ئەویشە دەم مرێنێ و پاشان زیندووم دەکاتەوە. (٨٢) ئەو کەسەیە کە بە ھیوام ڕۆژی سەڵا لە ھەڵەکانم ببوورێ. (٨٣) پەروەرندەم! خۆت فێری کارزانیم بکە و بمگەینە بە پیاوچاکان. (٨٤) وەبکە لە ناو چینە دوایینەکانیشا ناوم بە چاکە دەربچێ. (٨٥) وابکە من لە بەشبەرانی بەھەشتی پڕ لە خۆشی بم. (٨٦) لە ئاپی منیش ببوورە؛ کە ڕێگەی ھەڵە کردبوو. (٨٧) لە ڕۆژی زیندووبونەوەش ڕیسوام مەکە. (٨٨) ئەو ڕۆژە کە ماڵ و مناڵ بە کار نایە. (٨٩) مەگین ئەوەی وەل دڵی پاک، بچێتە بارەگای خودا. (٩٠) کە بەھەشتیش بۆ خۆپارێزان نزیکە. (٩١) جەھەندەمیش دەخرێتە ڕوو بۆ گومڕایان. (٩٢) [کە ئەو ڕۆژە] پێیان ئێژن: لە کوێن ئەوی دەوپەرستن، (٩٣) لەغەیرەز خوا؟ ئاخۆ ئەو دێنە ھاناتان، یان ئەوان ھانا دەخوازن؟ (٩٤) سا دەمەوڕوو ئەوانیش و گومڕاکانیش دەوێ دەخرێن. (٩٥) لەشکرەکانی شەیتانیش - بە تێکڕایی - (٩٦) ھەر لەوێدا - بە کێشە - دێن و دبێژن: (٩٧) سوێند بە خودا ئێمە ئاشکرا لاڕێ بووین؛ (٩٨) کە ئێوەمان دەگەڵ داھێنەری جیھان بەرانبەر کرد؛ (٩٩) تاوانبارانیش ئێمەیان لە ڕێ لادا؛ (١٠٠) ئێستاش نە تکاکارمان ھەن، (١٠١) نە ھەواڵێکی دڵسۆزیش. (١٠٢) خۆزی جارێ وەگەڕاباین، ئەوسا باوەڕیمان دێنا. (١٠٣) ئا لەمەدا نیشانێکی [بەھێز] ھەیە و بەشی زۆریان بێ باوەڕ بوون. (١٠٤) دیاریشە پەروەرندەی تۆ ھەر خۆی خاوەن دەستەڵاتە و دلۆڤانە. (١٠٥) ھۆزی نووحیش بە وتەی پێغەمبەرانیان بڕوا نەکرد. (١٠٦) کاتێ نووحی برای خۆیان گوتی: ئێوە مەر ناترسن؟ (١٠٧) من بۆتان پێغەمبەرێکی جێ باوەڕم. (١٠٨) دەسا لە خوا بترسن و بە فەرمانی منیش بکەن. (١٠٩) پاداشێکم - بۆ ئەم کارە - لێتان ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی جیھان دەیدا، (١١٠) ئیتر ھەر ترسوو لە خوا بێ و بە گوێم بکەن. (١١١) گوتیان: چۆن بڕوات پێدەکەین؟ تۆ ھەر ڕووتەوپووتەت لە دوون! (١١٢) گوتی: ئەمن چووزانم کە ئەوان بەرێ چییان دەکرد؟ (١١٣) ئەر تێبگەن، پەروەرێنم دەبێ بە کاریان ڕابگا. (١١٤) لەوانە نیم - بە ھیچ ئاوا - باوەڕداران وەدەربنێم. (١١٥) من ھەر تەنیا ترسێنەرێکی ئاشکرام. (١١٦) گوتیان: ئەی نووح! ئەگەر لەم کارەت بەس نەکەی، ئەشێ سەنگەسارت بکەین. (١١٧) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ھۆزەکەی من ھەر بڕوایان پێ نەکردم. (١١٨) سا تۆ لە نێو من و ئەوان ڕێگەیەکمان بۆ بکەوە و من و ئەو باوەڕدارانەی دەگەڵ منن، ڕزگار بکە. (١١٩) ئەوسا خۆی و ئەو کەسانەی دەگەڵی بوون، لە کەشتییە تژی کەدا نەجاتن دا. (١٢٠) ئەوانی تریش لە پاشان ئاوەوئاو چوون و توونا بوون. (١٢١) لەمەشدا بەڵگەیەک ھەیە؛ [بەڵام] زۆربەیان ھەر بڕوایان نەھێنا. (١٢٢) پەروەرندەت ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (١٢٣) ھۆزی عادیش بە پێغەمبەرەکان بڕوایان نەھێنا. (١٢٤) کاتێ کە ھوودی برایان پێیانی گوت: چۆنە ھیچ ترسێکونیە؟ (١٢٥) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم. (١٢٦) ترسوو لە خودا ھەبێت و لە فەرمانی من دەرمەچن. (١٢٧) [بۆ ئەم کارە] من ھیچ پاداشم لێو ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی جیھان دەیدا. (١٢٨) ئاخۆ ئێوە لە ھەر جێگایەکی بەرز، کۆشکی تەرز دروس دەکەن، کە ھەر خەریکی کارگەلی پڕوپووچ بن؟ (١٢٩) کۆشک و قەڵای زۆر پتەویش دادەڕێژن، لاتان وایە ھەر دەمێنن؟ (١٣٠) ھەرگا پەلاماریش دەدەن، ملھوڕانە ھێرش دەبەن. (١٣١) سا لە خودا بترسن و بە گوێم بکەن. (١٣٢) با ترسوو لەو کەسە بێ کە لەو شتانەی دەیزانن، یاری کردوون. (١٣٣) وڵسات و کوڕگەلی داونێ. (١٣٤) دەگەڵ باغات و کانیاویش. (١٣٥) ئەمن ھەر لێو نیگەرانم، بۆ ئازاری ڕۆژی مەزن. (١٣٦) گوتیان: ئەگەر ئامۆژگاریمان بکەی و ھیچ ئامۆژگاریشمان نەکەی، لای ئێمە ھەر وەکوو یەکە. (١٣٧) ئەمانە گش پڕوپووچی پێشینییانە. (١٣٨) کەس ئازاری ئێمە نادا. (١٣٩) ئەو ھەر بڕوایان پێ نەکرد؛ ئەوسا ئێمەش قڕمان کردن. لەمەشدا بەڵگەیەک ھەبوو؛ [بەڵام] زۆری ئەوانە بڕوایان نەبوو. (١٤٠) پەروەرندەت ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (١٤١) ھۆزی سەموود بڕوایان بە پێغەمبەرەکان نەھێنا. (١٤٢) وەختێ ساڵحی برایان پێیانی گوت: چۆنە ھیچ ترسێکتان نییە؟ (١٤٣) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم. (١٤٤) سا لە خودا بترسن و بە گوێم بکەن. (١٤٥) من پاداشی کاری خۆم لە ئێوە ناوێ؛ پەروەرندەی ھەموو جیھان، بۆ خۆی پاداشی من دەدا. (١٤٦) ئاخۆ ھەروا لێو دەگەڕێن، ھەر لێرە دڵنیا بژین؟ (١٤٧) لە باغات و لە کانیاوان؟ (١٤٨) کێڵگەکان و دارەخورمای خاوەن شکۆفەی نەرم و نۆڵ؟ (١٤٩) ھەر بە خۆشی و شادمانی ماڵان لە کاوان دەتاشن. (١٥٠) سا لە خودا بترسن و بە گوێم بکەن. (١٥١) گوێش مەدەنە فەرمانی ھەڵەڕۆیەکان؛ (١٥٢) ئەوانەی لەم زەمینەدا ھەر خەریکی خراپەن و کاری چاکیان لە دەس نایە. (١٥٣) گوتیان: ببێ و نەبێ، جادووت لێکراوە. (١٥٤) تۆش ھەر مرۆی وەکوو خۆمان. سا ئەگەر تۆ بە ڕاستیتە، دە نیشانێکمان نیشان دە. (١٥٥) گوتی: ئەمە وشترێکە، کە نۆرەئاوێکی ھەیە و ئێوەش نۆرەئاوێکتان ھەس؛ لە ڕۆژێکی دیاری کراوا. (١٥٦) ھیچ وەزەنیشتان بۆی نەبێ، دەنا تووشی جەزرەبەی ڕۆژی مەزن دێن. (١٥٧) پەیان کرد و سەریان بڕی و دوایە پەشیمان بوونەوە. (١٥٨) ئازار ھەموو لای لێ گرتن. لەمەدا نیشانە ھەبوو؛ کەچی زۆریان بێ باوەڕ بوون. (١٥٩) پەروەرندەت خۆی خاوەنی دەستەڵاتە و دلۆڤانە. (١٦٠) ھۆزی لووتیش قسەی پێغەمبەرەکانیان، بە درۆ ژمارد. (١٦١) کاتێ کە لووتی برایان پێیانی گوت: ئێوە بۆ ھیچ ترسوو نییە؟ (١٦٢) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم. (١٦٣) سا ترسوو لە خودا ھەبێ و بە گوێم بکەن. (١٦٤) بۆ ئەم کارە من ھیچ پاداشم لێو ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی جیھان دەیدا. (١٦٥) ئێوە بۆچی لە ناو ھەموو خەڵکی دنیا پەلاماری نێران دەدەن؟ (١٦٦) لە ژنەکانیشوو واز دێنن، کە خوا بۆ ئێوەی چێ کردوون؟ ئێوە ھۆزێکی لە ئەندازە لادەرن. (١٦٧) گوتیان: ئەی لووت! گەر لەم قسانە بەس نەکەی، سوور بزانە دەرت دەکەین. (١٦٨) گوتی: لەو ئاکارەی ئێوە یەکجار قەڵسم. (١٦٩) پەروەرندەم! لەو کارانەی ئەوان دەیکەن، من و خێزانم ڕزگار کە. (١٧٠) سا ئەویش و ھەموو خاووخێزانیشیمان ڕزگار کرد. (١٧١) مەگین تاقە پیرێژنێک لە ناو ئەوانا مایەوە. (١٧٢) پاشان ئەوەکانی ترمان قڕان تێخست. (١٧٣) بارانێکی [بەڵا] مان بۆ داباراندن. چەند بە زەڕ بوو بارانی ترسێنراوەکان. (١٧٤) ئا لەمەشدا بەڵگە ھەبوو؛ کەچی زۆریان بێ باوەڕ بوون. (١٧٥) پەروەرندەت ھەر خاوەنی دەستەڵاتە و دلۆڤانە. (١٧٦) خاوەن دەحلان قسەی پێغەمبەرەکانیان بە درۆ ژمارد. (١٧٧) کاتێ شوعەیب پێیانی گوت: چۆنە ھیچ ترسێکوو نییە؟ (١٧٨) سا لە خودا ترسوو ھەبێ و بە گوێم بکەن. (١٧٩) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم. (١٨٠) بۆ ئەم کارە من ھیچ پاداشێکم لێو ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی دنیا دەیدا. (١٨١) ڕاست بن لە پێوانەپێوان و زیان بە کەس مەگەیەنن. (١٨٢) کێشانەشتان بە تەرازووی بەرانبەر بێ. (١٨٣) شت لە مەردم مەدزنەوە و پا دامەگرن لە سەر بەدفەڕی لە ھەردا. (١٨٤) دەبێ بترسن لەو کەسەی ئێوە و کۆمەڵانی پێشووی بەدی ھێنا. (١٨٥) گوتیان: ببێ و نەبێ، جادووت لێکراوە. (١٨٦) تۆش ھەر ئەوا مرۆیەکی وەکوو ئێمە و پێمان وایە تۆش ھەر لە ڤڕبێژەکانی. (١٨٧) دەسا ئەگەر تۆ ڕاست ئێژی، چەند پاژێکمان - لە ئاسمان - بەسەردا باوێژە خوارێ. (١٨٨) گوتی: پەروەرندەم پتر ئاگای لە ئاکاروو ھەیە. (١٨٩) ئیتر باوەڕیان نەھێنا، تا لە ڕۆژێکی ھەوردا، گڕەبامان لێ ھەڵکردن؛ لەو ڕۆژەدا ئەو بەڵایە زۆر مەزن بوو. (١٩٠) لەمەشدا نیشانە ھەبوو؛ کەچی زۆریان بێ باوەڕ بوون. (١٩١) پەروەرندەت ھەر خاوەنی دەستەڵاتە و دلۆڤانە. (١٩٢) ڕاھێنەری گش جیھانە؛ ئەم قورئانەی ناردۆتە خوار. (١٩٣) «ڕوح الامین» ھێنایە خوار. (١٩٤) بۆ سەر دڵت؛ تا تۆ لە ترسێنەران بی. (١٩٥) بە زووانێکی عەرەبی ڕەوان و ھاسان. (١٩٦) لە کتێبەکانی پێشووشدا باسی ھەیە. (١٩٧) داخۆ ئەمە بۆ ئەوان بەڵگەیەک نییە؟ کە زاناکانی تۆرەمەی ئیسڕائیلیش، ھەر لەوە ئاگایان ھەیە. (١٩٨) خۆ ئەگەر بمان ناردایە بۆ لای عارەبی نەزانێک، (١٩٩) بۆ ئەوانەی وەخوێندبا، قەت باوەڕیان پێ نەدێنا. (٢٠٠) ھەروەھاینە قورئانیشمان خستە دڵی تاوانباران. (٢٠١) ھەر بڕواشی پێ ناھێنن، ھەتا ئازاری زۆر بەژان بە چاوی خۆیان ببینن. (٢٠٢) لەنەکاویش دێتە لایان، کە ھەر ھەستیشی پێ ناکەن. (٢٠٣) ئەوساش ئێژن: ئاخۆ مۆڵەتمان پێدەدەرێ؟ (٢٠٤) بۆ لە ئازار دانی ئێمە، پەلە دەکەن؟ (٢٠٥) تۆ پێم بێژە ئەر بێڵین چەن ساڵ ڕابوێرن، (٢٠٦) ئەمجار ئەو ئازارەی کە لێ ترسێنرا بوون، بێتەلایان؛ (٢٠٧) ئەو ماوەیەی کە ڕای دەبوێرن، چ بەھرەیەکیان بۆ دەدا؟ (٢٠٨) ھەر شارێکمان قڕ کردبێ، سوور بزانە ترسێنەرانێکی بووە؛ (٢٠٩) کە ئامۆژگاری وەرگرن و، ناھەقییمان نەکردووە. (٢١٠) شایەتینیش نەیانھێناوەتە خوارێ. (٢١١) نە لێیان دەوەشێتەوە و نە دەشتوانن. (٢١٢) دیارە ئەوان لە بیستن بێ بەش کراون. (٢١٣) تۆ وێڕای خوا، ھیچ شتی تر مەپەرستە؛ دەنا لەوانە دەبی کە ئازار دەدرێن. (٢١٤) نزیکترین خزمی خۆشت بترسێنە. (٢١٥) باڵت شۆڕ کە بۆ ئەو بڕوادارانەی کە شوێنت کەوتوون. (٢١٦) جا ئەر بە گوێیان نەکردی، بێژە: من بێزارم لەوەی ئێوە دەیکەن. (٢١٧) ھەر خۆشت بە خاوەن دەستەڵاتی دلۆڤان بسپێرە؛ (٢١٨) ئەو کەسەی کە تۆ دەیبینی، وا بە پێوە ھەڵدەوەستی. (٢١٩) ھاتوچووشت دەگەڵ سوژدەبەرەکاندا [لەبەر چاویە]. (٢٢٠) بیسەر و زاناش ھەر ئەوە. (٢٢١) دەوهەوێ ئاگاداروو کەم شایەتینی دێنە لای کێ؟ (٢٢٢) ئەوان لە لای درۆ نەخشینی تاوانبار دادەبەزن. (٢٢٣) گوێ دەگرن و زۆریان درۆزنن. (٢٢٤) شاعیرانیش، کێ لە دوویان دەچێ گومڕان. (٢٢٥) مەر نەت دیوە - بە شێواوی - سەر بە ھەر شیوێکدا دەکەن؟ (٢٢٦) ئەوان شتێ دەبێژن کە خۆیان نایکەن. (٢٢٧) مەگین ئەوانەی باوەڕیان بە خوا ھەیە و ئاکارچاکن و زۆر یادی خوایان کردووە و پاش ئەوەی چەوسێنرانەوە، ھەر تۆڵەی خۆیان کردەوە. ناھەقانیش زۆر پێ ناچێ دەوە دەگەن کە سەرەنجام کێوە دەچن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەمل وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) تا، سین. ئەمانە نیشانەکانی قورعانێن و کتێبێکی دیاری دەرە. (٢) ڕێشاندەرە و مژدەدەرە بۆ گرۆی خاوەن باوەڕان. (٣) ئەوانەی نوێژان دەکەن و زەکات دەرن و بە تەواوی بڕوایان بەو دنیا ھەیە. (٤) ئەو کەسانەی بڕوایان بەو دنیانە بێ، کردەیانمان لە بەر چاو ڕازاندوونەوە و بە سەر لێ شێواوی ماون. (٥) بەش ئەوانە ھەر ئازاردانی بەژانە و لەو دنیاشا زیانی زۆر بۆ ئەوانە. (٦) تۆ ئەم قورئانەت ھەر لە لای کارزانێکی زۆر زاناوە، پێ فێر دەکرێ. (٧) [بێنەوە بیر] ئەو کاتەش کە مووسا بە خێزانی خۆی گوت: من ئاگرێکم لێ دیارە؛ ئەوا دەچم خەبەرێکوو بۆ دێنمەوە؛ یان بزووتێکی لێ دێنم؛ بەشکوو گەرمتان بێتەوە. (٨) وەختێ لێی نزیک کەوتەوە، بانگ کرا: پیت و پیرۆزە ئەو کەسەی کە لەوێدایە و ئەوی لە دەورەی ئەویشە و پاکی و بێ عەیبی بۆ خوایە؛ کە خودانی گش دنیایە. (٩) ئەی مووسا! ئەوە منم، خوای بە دەستەڵاتی لەکارزان. (١٠) چۆ دەسەکەشت باوێژە! کاتێ دیتی ھەروەکوو مارێک شێڵەھا، ھەڵات بێ ئاوڕدانەوە. مووسا! ترست ڕێ نەنیشێ، پێغەمبەران نابێ لە لای من بترسن. (١١) مەگین کەسێ کە وا ناھەقی کردووە؛ ئەگەر ئەویش خراپەکەی بە چاکە گۆڕیبێتەوە، دیارە کە من لێبووردە و دلۆڤانم. (١٢) دەسیشت بخە باخەڵت [و دەریخەوە]؛ بە سپیەکی [وەک چۆڕی شیر] بە بێ زیان دیاری دەدا. وەل نۆ بەڵگە، بچۆ بۆ لای فیرعەون و دار و دەستەکەی؛ کە ئەوانە کۆمەڵێکی نافەرمانن. (١٣) جا وەختێکیش نیشانە ڕوون کەرەوەکانی ئێمەیان گەییشتە لا، گوتیان: ئەمە جادوویەکی ئاشکرایە. (١٤) ھەرچەند لە دڵی خۆیاندا ھەموویان بە ڕاست دەزانی، خۆبەزل زانی و ناھەقی، بوونە ھۆی حاشا کردنیان. جا بڕوانە پاشەڕۆژی بەدفەڕەکان بە کوێ گەیشت! (١٥) ھەر ئێمەش بووین کە زانستمان دا بە سولەیمان و داوود. گوتیان: شوکور بۆ خودایێ ئێمەی لە چاو زۆرێ لە عەبدە باوەڕدارەکانی خۆی، بەڕێزتر گرت. (١٦) لە پاش داوود، سولەیمان بوو بە جێنشین. بانگەوازی کرد: خەڵکینە! ئێمە فێری زمانی مەلان کراوین؛ ھەموو شتێکیان پێداوین؛ دیارە ئەمەش چاکەیەکی ئاشکرایە. (١٧) سوپای سولەیمان - تێکەڵاو لە جندۆکە و مرۆ و مەلان - دەنگ درابوون، ھەموو بە ڕیز دەرۆیشتن؛ (١٨) تا گەینە بوھلی مێروولان. مرۆچەیەک دەنگی مێروولەکانی دا: بچنەوە ناو کونەکانوو! تا سولەیمان و لەشکری - بە بێ ئەوە پێ بحەسێن - دەبەر پێیانوو نەبەن. (١٩) ئیتر کە ئەو ئەمانەی گوت، بزەی ھاتێ. گوتی: ئەی پەروەرندەی من! وام ڕابێنە سوپاسی چاکەی تۆ بکەم کە دەربارەی من و داک و بابمت کرد؛ ئاکاری چاکی واشم بێ، پەسندی کەی؛ ھەر لە بەزەیی خۆشتەوە بمخە ڕێزی عەبدە کارچاکەکانتەوە. (٢٠) چاوی بەمەلاندا گێڕا، گوتی: چۆنە پەپووسێمانە نابینم، ئاخۆ خۆی دزیوەتەوە؟ (٢١) لەسەر ئەمە ئەشێ سزای زۆری بدەم؛ یان ملی ھەڵدەقرتێنم، یان بەڵگەیەکی ئاشکرا بۆ من بێنێ. (٢٢) ماوەیێ زۆری نەخایاند، ھات و وتی: من شتێکم دەس کەوتووە کە دەستەتۆ نەکەوتبوو؛ وا من لە سەباوە ھاتووم، دەنگوباسی دروستم بۆ ھێناوی. (٢٣) من لەوێ ژنێکم دیوە پاشایە بە سەریانەوە و خاوەنی ھەموو شتێکە و تەختێکی زۆر گەورەی ھەیە. (٢٤) دیتم کە خۆی و ھۆزەکەی - بە جێ خودا - سوژدە دەبەنە بەرخۆر و شەیتان کردەوەکانی بۆ خەمڵاندوون و ڕێگەی ھەڵەی نیشان داون و ڕێ دەرناکەن. (٢٥) [وەی کردووە] سوژدە بۆ خودایەک نەبەن کە پێواری ناو ئاسمانەکان و زەوی خۆیا دەکا و، چی وەیشێرن و ھەرچێکی ئاشکرای بکەن، ئەو دەیزانێ. (٢٦) ئەو خودایەی کە لەو بەدەر ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ و ئەو پەروەرێنی تەختی ھەرە مەزنە. (٢٧) گوتی: بەم زووانە دەڕوانین تا بزانین بەڕاستت بوو، یان تۆش ھەر لە ڤڕ بێژانی. (٢٨) ئەم نامەیەم بۆ بەرە و بۆیان باوێژە و ئەوسا تۆزێک دوورەوەکەوە و بنواڕە پەرسڤیان چییە؟ (٢٩) وێ گوت: ئەی پیاوماقووڵەکان! نامەیەکیان بۆ ھاویشتووم زۆر گرینگە؛ (٣٠) کە لە سولەیمانەوەیە و بە ناوی خودای دەھندە و دلۆڤانە. (٣١) نابێ خۆتان لە من بە زلتر بزانن، وەرنە لام و خۆتان بە دەستەوە بدەن. (٣٢) وێ گوت: ئەی پیاوماقووڵەکان! ئێوە دەربارەی ئەم کارەم، بێژن چ بکەم؟ ھەتا ئێوە کۆ نەبنەوە، بڕیاری ھیچ کارێ نادەم. (٣٣) گوتیان: ئێمە ھەم بەھێزین ھەم زۆر بوێر، فەرمانیش ھەر بە دەس خۆتە، تۆ بۆ خۆت بڕوانە چ فەرمانێک دەدەی؟ (٣٤) وێ گوت: گەلی پادشایان بچنە ناو ھەر شارێکەوە، تێکی دەدەن؛ خەڵکەکەی - ھەر کام بە گەورە ناوی ھەبێ - سووکایەتی بەسەر دێنن و ئەو تەرزە کارانە دەکەن. (٣٥) ئەوا من دیارییەکیان بۆ دەنێرم؛ چاوەڕێم کە ڕاسپاردەکان بە چییەوە دەگەڕێنەوە. (٣٦) وەختێ ھاتە لای سولەیمان؛ گوتی: ئێوە دەتانەوێ بە ماڵ یارمەتی بکەن؟ ئەوی خودا داویە بە من، لەوەی کە بە ئێوەی داوە ھێژاترە؛ بەڵام وادیارە کە ئێوە بە دیاری خۆتان دڵخۆشن. (٣٧) وەگەڕێ بچۆوە لایان، وا مە بە لەشکرێکەوە دێنە سەریان؛ کە ئەوان دەرۆستی نایەن. بە زەلیلی و سووکایەتییش لەوێندەرێ دەریان دەکەین. (٣٨) گوتی: ئەی گەلی دیوانێ! - بەر لەوە بێنە ئامانێ - کێو دەتوانێ تەختی ئەو ژنەم بۆ بێنێ؟ (٣٩) لۆزندەرێک لە جنەکان گوتی: ئەمن بەر لەوە لە جێی خۆت ھەستی بۆتی دێنم؛ توانام بە سەریدا ھەیە و دەسپاکیشم. (٤٠) ئەوی کە لە کتێب شتێکی دەزانی، ھەڵیدایە: ھێندەی چاوت بترووکێنی بۆتی دێنم. کە لێ مەیزاند، وا لایەتی گوتی: ئەمەش چاکەی پەروەرندەی منە، ویستی تاقیم بکاتەوە؛ ئاخۆ شوکرانە بژێرم یان پێ نەزان. ھەر کەسێکی شوکر بکا بۆ خۆی دەکا و کێش سپڵە بێ، ئەوسایە پەروەرندەی من بێ نیاز و دڵاوایە. (٤١) گوتی: تەختەکەی بگۆڕن؛ تا بزانین دەتوانێ بیناسێتەوە یان بەسەری ناکاتەوە. (٤٢) کاتێ گەییشتە بەرەوە، وتیان: تەختەکەی تۆ وابوو؟ گوتی: ھەر ئێژی خۆیەسی؛ لە بەریشەوە دەتزانی و ئێمە ھەر گوێ بە فەرمان بووین. (٤٣) ئەوەی کە وێ - غەیرە لە خودایە - دەیپەرست، ئەوی [لەباوەڕی ھێنان] گێڕابۆوە، چونکە پێشو لەڕێزەی خوانەناسان بوو. (٤٤) پێی وترا: وەرە ناو کۆشک. کە لێی ڕووانی، ھەر پێی وابوو ئاوێکی زۆر و زەبەندە و [داوەستاوە و] لنگی ھەڵکرد. پێی وت: ئەم کۆشکە لە شووشەی ڕوون و حولی داڕژاوە. گوتی: خودانی ژیانم! من تا ئێستا ناھەقییم لە خۆم کردووە و لە ئێستاوە - وەل سولەیمان - خۆم دەدەمە دەس ڕاھێنەری گش جیھان. (٤٥) ساڵحیشمان ڕاسپاردە ھۆزی سەموود؛ کە ھاوڕەگەزی خۆیان بوو. کە: دەبێ خوداپەرست بن. کەچی ئەوان بوونە دوو دەستەی دژی یەک. (٤٦) وتی: گەلۆ! بەر لەوە تووشی چاکە بن بۆ بەرەوخراپە دەچن؟ بۆ لە خودا داوا ناکەن عافووتان کا؟ بەڵکوو بەزەیی پێتاندا بێ. (٤٧) وتیان: ئێمە تۆش و ئەوی لەگەڵ تۆشن، بە شووم و بێ فەڕ دەزانین. گوتی: چارەنووسی ئێوە بە دەس خوایە؛ بەڵام ئێوە ھۆزێکن کە کەوتوونە بەر ئەزموونەوە. (٤٨) لەو شارەدا نۆ دەستەی [نەگونجاو] ھەبوون، کە وڵاتەکەیان تێک دەدا و بۆ لابردنی بەدفەڕی ھیچ تەقالایان نەدەدا. (٤٩) گوتیان: ئێوە سوێند بخۆن، ئێمە ئەمشەو خۆی و ماڵ و منداڵیشی لە ناو دەبەین؛ بە خوێنگرانیشی ئێژین: کە ئەو خێزانە کوژراون، ئێمە ئاگامان لێ نەبووە و ڕاستیش دەکەین. (٥٠) خەریک بوون کەتنێ بگێڕن؛ ئێمەش کەتنی خۆن پێ کردن، بێ ئەوە ھەستی پێبکەن. (٥١) سا بنۆڕە، سەرەنجامی کەتنەکەیان بە کوێ گەیشت: بەوانەوە کۆمەڵەکەی ئەوانیشمان لە بەین برد. (٥٢) ئێستا [جێ] ماڵەکانی وان - لەسەر ناھەقی کردنیان - چۆل و ھۆڵە و دەرسێکیشە بۆ ئەوانەی کە دەزانن. (٥٣) ئەو کەسانەشمان ڕزگار کرد کە ببوونە خوداناس و لێی دەترسان. (٥٤) لووتیشیان وەبیر بخەوە، کە وا بە ھۆزەکەی خۆی وت: ئێوە چلۆن کاری بێ نامووسی دەکەن، کەچی دەشزانن خراپە؟ (٥٥) لە ژنان وازوو ھێناوە و پەلاماری پیاوان دەدەن؛ دیارە ئێوە زۆر کۆمەڵێکی نەزانن. (٥٦) تەنیا وەرامی ھۆزەکەی ھەر ئەمە بوو: خێزانی لووت لە شاری خۆتان دەربکەن؛ چونکە ئەوان چاویان لە داوێن پاکییە. (٥٧) سا ئەویش و خێزانیشیمان ڕزگار کرد؛ مەر ژنەکەی، کە بڕیارمان دا بمێنێ. (٥٨) بارانێکمان بۆ باراندن ئەمما باران؛ بارانی ترسێنراوەکان چەن خرا بوو! (٥٩) بێژە: شوکرانە بۆ خودا و دروود لەسەر عەبدە ھەڵبژاردەکانی. ئاخۆ خودا چاترە یا ئەوی دەیکەنە شەریکی؟ (٦٠) یا ئەو کەسەی چاترە کە عاسمانەکان و زەمینی وەدی ھێنا و لە حەواوە ئاوی بۆ ئێوە ناردووە؟ گەلێک باخچەی بە دیمەنمان بە ئاوەکەی شین کردووە، کە خۆتان نەتان دەتوانی دارەکانی بەرھەم بێنن؛ ئاخۆ ھیچ پەرستیوێکی وەل خوا ھەیە؟ نەخێر دیارە گەلێکی لە ھەق لادەرن. (٦١) یا ئەو کەسەی چاترە کە زەوی کردە جێی سانەوە و ئەو گش جۆبار و ڕووبارەی تێدا کێشا و کەژ و کۆی لێ بەرھەم ھێنا و لە نێوان دوو دەریادا بەرزەکەی دانا؟ ئاخۆ ھیچ پەرستیوێکی وەل خوا ھەیە؟ نەخێر دیارە زۆربەی ئەوان نەزانن. (٦٢) یا ئەو کەسەی چاترە کە ھەر وەختێ ھومێد بڕاوێک لە بەری بپاڕێتەوە، دەھانای دێ و لە چۆرتم ڕزگار [ی] دەکا و دەتانکاتە جێنشین لەم سەرزەمینە؟ ئاخۆ ھیچ پەرستیوێکی وەل خوا ھەیە؟ ئەمانە کەم پەند وەردەگرن. (٦٣) یا ئەو کەسەی چاترە کە لە تاریکی بەژ و دەریا، لە ڕێ شارەزاتان دەکا و ھەر ئەویشە ئەو بایانە بەڕێ دەکا کە مزگێنی خێروبێری ئەویان پێیە؟ ئاخۆ ھیچ پەرستیوێکی وەل خوا ھەیە؟ خوا زۆر لەوەی بەرزترە کە دەیکەنە شەریکی ئەو. (٦٤) یا ئەو کەسەی چاترە کە بوونەوەر وەدی دێنێت و لە دواییدا دەیباتەوە؟ ئەدی کێیە لە ئاسمان و زەمینەوە بژیوتان بۆ بەڕێ دەکا؟ ئاخۆ ھیچ پەرستیوێکی وەل خوا ھەیە؟ سا ئەگەر پێو وایە ڕاستن، بەڵگەی خۆتان نیشان بدەن. (٦٥) بێژە: ئەوانە وا لە ئاسمانەکان و زەمیندا ھەن - لە خوا بەدەر - لەبەر پێوار بێ خەبەرن. ھەستیش ناکەن زیندوو دەکرێنەوە. (٦٦) زانستەکەیان بڕ ناکا سەڵا ڕابێ، دوودڵن دەبێ یان نابێ؟ ئەم چاوی دینەیان نییە. (٦٧) خودانەناسەکان وتیان: ئاخۆ وەختێ ئێمە و باب و باپیرانمان بووینە خۆڵێک [بە زیندوویی لە گۆڕ] دەمانھێننە دەرێ؟ (٦٨) ئەو بەڵێنەی بەمەی دەدەن، لەوەپێشیش بە باب و کاڵن دراوە؛ ئەمانە گش چیرۆکی پێشینەکانن. (٦٩) بێژە: گەشتێ بەم سەرزەمینەدا بکەن، تا ببینن سەرەنجامی تاوانباران بە کوێ گەیوە. (٧٠) خەمیان مەخوە و لەبەر گزیکاری ئەوان دڵتەنگ مەبە! (٧١) ئێژن: دەسا ئەگەر ڕاستن، ئەم بەڵێنەو کەی دێتە جێ؟ (٧٢) بێژە: ڕەنگە ئەو بەڵێنەی - کە ئێوە پەلەی لێ دەکەن - زۆر لێتانەوە نزیک بێ. (٧٣) پەروەرندەت چاکەی زۆری بەسەر ئەو خەڵکەوە ھەیە؛ بەڵام زۆربەیان ناشکورن. (٧٤) پەروەرندەت لە ھەر شتێ لە دڵیاندا و نھێنیە و لە ھەر شتێ دەیدرکێنن، ئاگادارە. (٧٥) ھەر پێوارێ لە عاسمانان و زەمیندایە - گش لە گشتی - لە کتێبێکی ڕوون کەرەوەدا نووسراوە. (٧٦) ئەو قورئانە بۆ تۆرەمەی ئیسرائیلێ - لەمەڕ زۆربەی ئەو شتانە کە لەسەریان ھەرایانە - قسە دەکا. (٧٧) بێ سۆ بۆ خاوەن باوەڕان، ڕێشاندەر و بەزەییە. (٧٨) بێگومانە پەروەرندەت بەرانبەر بە فەرمانی خۆی، بە نێو ئەوانە ڕادەگا. کۆڵ نەدەر و ھەرە زاناش ھەر خۆیەتی. (٧٩) دەسا خۆت بە خوا بسپێرە؛ بەڕاستی تۆ وا لەسەر حەقی ئاشکرای. (٨٠) بانگەوازت بۆ ئەوانەی کە ڕوو لە تۆ وەردەگێڕن، وەک ئەوەیە مردووی گۆڕستان بدوێنی؛ یان بە گوێی کەڕدا بخوێنی؛ کە لە وزەی تۆدا نییە. (٨١) تۆ ناتکرێ کوێران لە گومڕاییەکەیان ڕزگار کەی و بیانخەیە سەر ڕاستەڕێیە. تۆ ھەر دەتوانی دەنگی خۆت بە ئەوانە بگەیەنی کە بە نیشانانی ئێمە بەبڕوان و ملکەچی فەرمانی خودان. (٨٢) ھەر دەمێکیش بەڵێن [مان] بۆیان ھاتە جێ، دەحبایەکیان لەم زەمینە بۆ دەردەخەین، کە دەگڵیان قسە دەکا [و پێیان ئێژێ: ] مەردم بە دڵ نیشانەکانی ئێمەیان نەدەسەلماند. (٨٣) ئەوێ ڕۆژێ مە لە ناو ھەر تیرەیەکدا، تاقمێک لەو کەسانە وا باوەڕیان بە نیشانانمان نەدەھێنا کۆ دەکەین و، جا ئەو کاتە ڕیز دەکرێن و بەڕێ دەکرێن. (٨٤) ھەتا دەگەنە بەرەوە، ئێژێ: ئێوە نیشانەکانی ئێمەتان - بێ ئەوە چییان لێ بزانن - بە درۆ زانی؟ ڕاستی ئێوە چیتان دەکرد؟ (٨٥) ھەر بە سزای ئەوە کە ناھەقییکار بوون، وەبەر بەڵێنەکە کەوتن، ھەر متەقیشیان لێ نایە. (٨٦) بۆ ئەوانە نەیان دەدی ئێمە شەومان داھێناوە، ئەوانی تێدا وەحەسێن؛ ڕۆژیش ھەموو شت ببینن؟ لەمەشدا زۆر نیشانە ھەن بۆ ئەوانەی بڕوا دێنن. (٨٧) ئەوێ ڕۆژێ دەکەڵەشاخ دەمێندرێ، ھەر کەس لە عاسمانەکان و زەمیندایە - گلا - ترسیان ڕێ دەنیشێ و بە زەلیلی دێنە بەر بارەگای خودا؛ مەگین کەسێ کە بەر مەیلی خودا کەوێ. (٨٨) کێویشت وا دێنە بەرچاو، کە ھە رنابزوون؛ کەچی وەک ڕەوینەوەی ھەور دەڕەونەوە. ئەمەش کری خودایێکە ھەموو شتی زۆر بە چاکی چێ کردووە. ھەر ئەویشە لە کردەتان شارەزایە. (٨٩) ھەر کەسێ چاکەیەک بکا، لەو چاتری دێتەوە ڕێ و لەمە ترسی ئەوێ ڕۆژێ ئارخەیانن. (٩٠) ھەر کەسێکیش کاری خراپی لێ ڕوو دا، لەپەوڕوو دەخرێتە ئاگر. ئاخۆ زیاتر لە قەرەبووی کارەکەتان ئازاروو بۆ دەبڕێتەوە؟ (٩١) بە من ھەر فەرمان دراوە کە خودانی ئەم باژێڕە - کە بۆ خۆی ڕێزی لێ ناوە - بپەرستم. ھەموو شتێکیش لەوڕایە و فەرمانیشم پێدراوە لە ڕێزەی موسوڵمانان بم؛ (٩٢) ھەروا، قوڕعانیش بخوێنم. جا کێ شارەزای ڕێگە بوو، ھەر بە قازانجی خۆیەتی و ھەر کەش لە ڕێگە کلا بوو، بێژە: من ھەر یەکێکم لە ترسێنەران. (٩٣) بێژە: سوپاس بۆ خودایە و بەم زووانە ئەو نیشانەکانی خۆیتان نیشان دەدا و دەیانناسن. پەروەرندەت ئاگاداری ھەموو کردەوەیەکتانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەسەس وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) تا، سین، میم. (٢) ئەمانە نیشانەکانی کتێبی ڕۆشنکەرەوەن. (٣) ئێمە بۆ تۆ، بۆ [ئاگاداری] ئەوانەی بڕوا دێنن، باسی مووسا و فیڕعەون دەخوێنینەوە. (٤) بێ سۆ فیرعەون لەو زەمینا باڵادەس بوو؛ خەڵکی ئەوێ کردبوونە چەند دەستەیەک؛ ھێندێکی ھەر زەبوون دەکرد، کوڕەکانی سەر دەبڕین و ژنەکانی ڕادەگرتن. لە بەدفەڕ و بەزەڕان بوو. (٥) بڕیارن دا ئەوانەی لەو زەمینەدا زەبوون کران، بە چاکە وەیان خوێنین و بیانکەینە پێشەوا [ی خەڵک]؛ لە دواییشدا بۆ خۆیان بمێنێتەوە. (٦) لەو عەرزەدا جێگایان بۆ خۆش بکەین و بە فیرعەون و ھامان و لەشکرەکانیان ئەو شتانە نیشان بدەین، کە ئەوان لێیان دەترسان. (٧) بە دایە مووسان ڕاگەیاند: شیری دەیە و، ھەر وەختێ لێی نیگەران بووی، بیھاوێژە ناو دەریاوە و ھیچ مەترسە و خەمیش مەخۆ؛ ئێمە بۆتی دێنینەوە و دەشیکەینە یەکێ لە پێغەمبەرەکان. (٨) دەستەوبەستەی فیرعەون ئەویان ھەڵگرتەوە، تا ببێتە دوژمنیان و ھۆی مەینەتیان. دیارە فیرعەون و ھامان و دەس و پێوەندەکانیشیان بە خەڵەت چوون. (٩) پیرەکا فیرعەون گوتی: بۆ من و تۆ دەبێتە مایەی چاوڕوونی؛ واز لە کوشتنی بھێنن، بەشکوو سوودی بۆمان ھەبێ، یان بیکەینە کوڕی خۆمان. کەچی ھیچ ئاگاشیان نەبوو. (١٠) ئیتر ئەوسا دایکی مووسا ھیچ ھۆشی لە دڵدا نەما و لەوانە بوو کە ئەو ڕازە بدرکێنێ؛ کە ھەر ئێمەش دڵی ئەومان وا پتەو کرد تا لە خاوەن باوەڕان بێ. (١١) بە خۆشکی گوت: شوێنی کەوە! بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن، کارێکی کرد دووراودوور چاوی پێ بکەوێ. (١٢) ھەر لە پێشدا وان بۆ دانا مەمکی ھیچ تایەنێک نەمژێ. وێ گۆ: ئاخۆ دەتانەوێ ماڵێکتان بۆ بدۆزمەوە کە بۆتانی بەخێو بکا و زۆر باشیشی پێ ڕابگا؟ (١٣) ناردمانەوە لای دایکی، تا چاوی پێ ڕوون بێتەوە و خەمێ نەخوا؛ تا بشزانێ کە بەڵێنی خودا ڕاستە؛ بەڵام زۆربەیان نازانن. (١٤) وەختێ گەییە تافی جوانی و پیاوێ تەواوی لێ دەرچوو، زانست و کارزانین دایە و ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (١٥) [جارێ] ڕووی کردە شارەوە، بێ ئەوەی خەڵکەکەی ئاگایان لێ ببێ. لەوێ تووشی دوو پیاوان ھات، پێکەوە مشت و مڕیان بوو؛ یەکیان لە ڕەگەزی خۆی و ئەوی تریان سەر بە دوژمنەکانی بوو. ئەوی ھاوڕەگەزی خۆی بوو، دژی کاورا نەیارەکە ھانای پێ برد؛ مووسا مستێکی تێ سرەواند، مرخەی بڕی. گوتی: ئەو کارە دیارە شەیتان پێمی کرد؛ کە ئاشکرا دوژمنە و ڕێگا دەگۆڕێ. (١٦) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەمن ناھەقیم لە خۆم کرد، عافووم بکە. ئیتر خودا خەتای بەخشی؛ کە ئەو لە خەتا دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٧) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لە بەرانبەر ئەو چاکەی دەگەڵ منت کرد، بڕیار ئەدەم ھەرگیز نەبمە پشتیوانی تاوانباران. (١٨) لەو شارەدا بە ترسەوە شەوی بووری و چاوەنۆڕ بوو. ھەر ئەو کەسەی دوێنێ ھانای پێ بردبوو، دیسان ھاواری بۆ ھێنا. مووسا گوتی: دیارە تۆ لە ڕێگە دەرچووی. (١٩) کاتێ بەرەو ئەو کەسە چوو کە دوژمنی ھەر دووکیان بوو، گوتی: مووسا! ھەر وەک دوێنێ یەکێکت کوشت، دەتەوێ منیش بکوژی؟ تۆ گەرەکتە لەم ھەردە ببیە ملھوڕ و ناتەوێ لەوانە بی وا کاروباران سامان دەدەن. (٢٠) پیاوێک لەوپەڕی شارەوە بە ھەڵەداوان گەیشتێ، وات: ئەی مووسا! سەرگەورەکان دەربارەی تۆ ڕاوێژ دەکەن؛ گەرەکیانە تۆ بکوژن. زوو دەرکەوە، ئەمەت بە چاکە پێ دەڵێم. (٢١) بە ترسەوە لەوێ ڕۆیی و بە نیگەرانی دەیڕوانی. گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لەم کۆمەڵە ستەمکارە ڕزگارم کە. (٢٢) کاتێ بەرەو مەدیەن دەچوو، گوتی: بەشکوو پەروەرندەم شارەزای ڕاستەڕێم بکا. (٢٣) کە ھاتە سەر ئاوی مەدیەن، کۆمەڵێ لە خەڵکەکەی دیت ئاو ھەڵدێنجن. لەو لای ئەوان دوو ژنی دین [پەزێ خۆ] دوور دەخەنەوە. گوتی: ئێوە خەریکی چن؟ گوتیان: ھەتا شڤانەکان پەزەکانیان لە ئاودانێ نەھێننەوە، ئێمە پەزێ خۆ ئاو نادەین؛ باوکی ئێمەش ئیختیارێکی زورھانە. (٢٤) ئەوسا ئاوی بۆ ھەڵێنجان؛ پاشان خۆی گەیاندە سێبەر. گوتی: ئەی پەروەرندەی من! من ئاتاجی ئەو خێرەم کە بۆم دەنێری. (٢٥) یەک لەو دووانە - کە بە شەرمەوە ڕێ دەچوو - ھاتە لای و گوتی: باوکم بانگت دەکا تا بۆ ئاوێ کە بۆ ئێمەت ھەڵێنجاوە، کرێت داتێ. وەختێ ھاتوو ڕووداوەکەی بۆ گێڕاوە، گوتی: ئیتر ترست نەبێ، لە کۆمەڵی ستەمکاران ڕزگارت بوو. (٢٦) یەکێ لەوان گوتی: باوە! بە کرێی بگرە؛ چاترین ڕەنجبەر ئەوەیە بە تاقەت و جێ باوەڕ بێ. (٢٧) گوتی: من خەیاڵم وایە یەکێ لەو دوو کیژانەی خۆم بدەم بە تۆ؛ بەو مەرجە ھەتا ھەشت ساڵان ڕەنجبەرم بی. ئەگەر دە ساڵت بردە سەر، کەیفی خۆتە و نامەوێ زۆریت بۆ بێنم. گەر خوا حەز کا زوو دەزانی کە لە پیاوە باشەکانم. (٢٨) گوتی: ئەمە بڕیارێک بێ لە نێوانی من و تۆدا؛ ھەر کام لەو دوو ماوەم پەڕاند، نابێ ناھەقیم لێ بکرێ؛ خوداش لەسەر ھەرچی ئێژین، بریکارە. (٢٩) مووسا کە ماوەکەی پەڕاند و خێزانی برد و ڕۆیی، ئاگرێکی لە ئالی توورێ بەدی کرد. بە ماڵ و منداڵی خۆی گوت: ڕابووەستن، من ئاگرێکم بەدی کرد؛ بەشکوو لەوێ خەبەرێکوو بۆ بھێنم؛ یان چۆڵێکوو لەو ئاگرە بۆ بێنمەوە؛ بەڵکوو خۆ گەرم کەنەوە. (٣٠) وەختێ گەیشتە لای ئاگر، لای دەستی ڕاستی دۆڵەوە - لە شوێنە پیرۆزەکەدا - لە دارەکەوە بان کرا: ئەی مووسا! من ھەر خودی خۆم، ئەو خودایەم کە ڕاھێنەری جیھانم. (٣١) عاساکەشت فڕێ بدە! وەختێ دیتی لە چەشنی مارێ دەبزوێ، ھەڵات و ھیچ ئاوڕێکی نەدایەوە. ئەی مووسا لێی وەرە پێش و ترست نەبێ، ھیچ زیانێکت پێ ناگا. (٣٢) دەستیشت بخە باخەڵت، چەرمووی بێ زەرەر دێتە دەر؛ بۆ ئەوەش ترست نەمێنێ، دەستت بنە ژێری باڵت. ئەم دووانە دوو بەڵگەی ڕوونن، لە پەروەرندەتڕا بۆ لای فیرعەون و دارودەستەکەی؛ ئەوان گەلێ نافەرمانن. (٣٣) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! من یەکم لەوان کوشتووە؛ لەوە دەترسم بمکوژن. (٣٤) برام ھاڕوون، لە من زمان ڕەوانترە؛ سا ئەویشم دەگەڵ کل کە، یاوەرم بێ و قسەکانم بسەلمێنێ. من ترسم ھەس پێم بێژن: تۆ درۆزنی. (٣٥) گوتی: وا دەکەین براکەت پشتت بگرێ؛ بە نیشانەکانی خۆشمان دەستەڵاتێکوو دەدەینێ، دەستیان بە ئێوە ڕانەگا؛ ئێوە دووان و ئەوانی لە دووی ئێوە بن سەردەکەون. (٣٦) کاتێ مووسا وەل بەڵگە ئاشکراکانمان ھاتە لایان، گوتیان: ئەمە بل ژ جادوو شتێ نییە و لە خۆوە ڕێکی خستووە؛ کە لە باوانی پێشووشمان ئەم شتەمان نەبیستووە. (٣٧) مووسا گوتی: پەروەرندەم لە ھەر کەس چاتر دەزانێ کێ لجەم ئەو ڕێنوێنی ھاوردووە و کێ پاشەڕۆژ تووشی بەختەوەری دەبێ. بێ سۆ ناھەقیکارەکان ڕزگار نابن. (٣٨) فیرعەون گوتی: ئەی دیوەخان نشینەکان! وا نازانم غەیر لە من خوایەکتان ھەبێ؛ سا ھامان! تۆ خشتی کاڵم لە کڵدا بۆ بخارێنە، قەڵایەکم بۆ دروس کە، تا لەوێڕا بڕوانمە خواکەی مووسا؛ کەمن تەواو لە ڤڕ بێژانی دەزانم. (٣٩) فیرعەون و لەشکرەکەکانی لەو زەمینە، ھەر بە ناھەق خۆیان بە زلتر دەزانی و لایان وابوو ناگەڕێنەوە لای ئێمە. (٤٠) سا فیرعەون و لەشکریمان وەگیر ھێنا و ھەڵمانداشتنە دەریاوە. دەسا بڕوانە ئاکامی ناھەقیکاران چلۆن بوو. (٤١) کردیشمانن بە پێشەوایانێک کە وا بانگ بۆ ئاگر ڕادەھێڵن و ڕۆژی سەڵاش ھیچ کەس دەھانایان نایە. (٤٢) ھەر لەم دنیایە نەحلەتمان وەشوێن خستن و ڕۆژی سەڵاش [ڕووڕەش و] بیچم کرێتن. (٤٣) لە پاش ئەوەی چین و بەرەکانی پێشوون قڕ تێ خستن، ئەو کتێبەن دا بە مووسا کە بۆ مەردم ببێتە ھۆی ڕۆشن بینی و بەزەیی و شارەزای ڕێ بوون؛ بەشکوو بیر لە خۆ کەنەوە. (٤٤) ئەو سەردەمەی کە ئێمە ئەم کارەی خۆمان بە ئەرکێک دانا بۆ مووسا، نە تۆ لە لای خۆراواکەی [توور] ەوە بووی، نە ھیچ ئاگاشت لێ بووە. (٤٥) بەڵام ئێمە زۆر بەرەمان ھێنایە ڕوو؛ تەمەنیشیان زۆر درێژ بوو. تۆ ئەو کاتە لە ناو خەڵکی مەدیەن نەبووی، کە نیشانەکانی مەیان بۆ وەخوێنی؛ بەڵام ئێمە ھەر پێغەمبەرن دەناردن. (٤٦) لەو دەمەشدا کە ئێمە گازی مووسان کرد، تۆ لە نزیک توورێ نەبووی؛ بەڵام ئەمە بەزەییەکە لەلایەن پەروەرندەتڕا، کە ئەوانەی بەر لە تۆ کەسی وا نەبووە ترسێکیان وەبەر بھێنێ؛ ئەتۆ ترسیان وەبەر بێنی، بیر لە خۆ کەنەوە. (٤٧) ئەگەر لەبەر ئەوە نەبا کە کاتێکی - لە سۆنگەی ئاکارەکانیان - تووشی بەڵایە بن، بێژن: پەروەرێنمان! تۆ بۆچی پێغەمبەرێکت بۆ نەناردین، تا پەیڕەوی لە نیشانانی تۆبکەین و لە ڕێزی بەباوەڕان بین، [سزادانمان پێش دەخستن]. (٤٨) بەڵام وەختێ ئەم ڕاستەیان لەلایەن ئێمەوە بۆ ھات، گوتیان: بۆچی ئەوی بۆ مووسا ھاتووە بۆ ئەم نەھات؟ ئەدی ئەوی لەوە پێش بە مووسا درا، ئەمان حاشایان لێ نەکرد؟ گوتیان: ئەمە دوو جادوون کە پشتی یەکتریان گرتووە و گوتیشیان: ئێمە لە ھەر کان حاشامانە. (٤٩) بێژە: ئەگەر ئێوە ڕاستن، نووسراوێک لە خواوە بێنن کە لە ھەر دووکانیان پتر ڕاستەڕێگە نیشان بدا؛ ھەتا من شوێنی بکەوم. (٥٠) گەر پەرسڤیان نەدایەوە، سا بزانە کە ئەوانە پەیڕەوی ئارەزوویانن؛ کێش خوا شارەزای نەکا و پەیڕەوی ئەلھای دڵی بێ، کەسی لێ گومڕاتر نییە. خواش ناھەقان لە ڕێگە شارەزا ناکا. (٥١) لە پەستا ئەو وتارەمان بۆ ھەناردن، بەشکوو پەند [ی لێ] وەربگرن. (٥٢) ئەو کەسانەی کە بەر لە ھاتنی قورعان، ئێمە کتێبمان پێداون، باوەڕیان بە قورعان ھەیە. (٥٣) ھەتا بۆیان وەدەخوێنن، ئێژن: بڕوامان پێ ھێنا و بێ سۆ ڕاستە و لە پەروەرندەمان ڕایە. بەر لەوەش بێتە خوارەوە ئێمە قبووڵن کردبوو. (٥٤) ئەوانە چوون خۆڕاگر بوون، دوو جار پاداشیان پێ دەدرێ. کاری خراپیش بە چاکە دەسڕنەوە و لەو بژیوەی پێمان داون، خێران دەکەن. (٥٥) ھەر کە وتاری ھەرزەشیان بە گوێ دەگا، لە گوێی خۆیانی دەرداوێن و ئێژن کە: ئێمە کاری خۆ دەکەین و ئێوەش ئاکاری خۆو ھەیە، لە ئێمەوە بێ وەزەنن؛ کەیفن بەنەزانان نایە. (٥٦) تۆ ناتانی کەسێ بۆ خۆت خۆشت بوێ شارەزای کەی؛ بەڵام خودا کێ بخوازێ ڕێگەی ڕاستی نیشان دەدا. ھەر خۆشی چاتر دەزانێ کێ ھێژای ئەم ڕێبازەیە. (٥٧) ئێژن: ئەر دەگەڵ تۆ بین و پەیڕەوی دینەکەی تۆ بین، لە زێدی خۆن تەرەن دەکەن. ئەدی ئێمە لە شوێنێکی ھێمنمان دانەمەزراندوون، کە ھەموو جۆرە بەروبووی بۆ دەنێرن و ئەم بژیوە لەمەڕایە؟ بەڵام زۆربەیان نەزانن. (٥٨) چەندە شاریشمان قڕ کردن [کە خەڵکەکەی] بە خۆشگوزەرانی خۆیان سەرخۆش ببوون. ئەمەش ماڵەکانیانە کە لە دوای ئەوان - کەمێک نەبێ - کەسیان لێ نیشتەجێ نەبووە و ھەر بۆ خۆمان ماونەتەوە. (٥٩) پەروەرندەت ئەو شارانەی قڕ نەکردن، تا لە ناوەندی ئەوانا پێغەمبەری بۆ ھەناردن، نیشانەکانی ئێمەیان بەسەردا بخوێنێتەوە. ھەرگیز ئێمە ھیچ شارێکمان بە قڕ نەدا، مەر خەڵکەکەی ناھەق بوو بن. (٦٠) ئەوی بە ئێوە دراوە ھەر مایەی گوزەرانتانە لە دنیادا و زەمبەریەتی. ئەوەش کە لجەم خودایە، چاترە و زۆرتر دەمێنێ؛ ئاخۆ لەوەندەش تێ ناگەن؟ (٦١) ئاخۆ کەسێ بەڵێنی باشمان پێداوە و بۆشی پێک دێ، دەگەڵ کەسێ ھەر لە دنیادا ژیاندوومانە، وەکوو یەکن؟ کە ئەمەشیان ڕۆژی سەڵا دەھێنین بۆ جابدانەوە؟ (٦٢) ئەوێ ڕۆژێ بانگیان دەکا و، ئێژێ: کوا شەریکەکانم، وەک ئێوە خەیاڵتان دەکرد؟ (٦٣) ئەوانەی وەبەر بڕیاری ئێمە کەوتوون، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەمانە ھەرئەوانەن کە ئێمە لە ڕێگەمان لادان؛ بۆیەش لە ڕێگەمان لادان کە بۆ خۆن ڕێن لێ تێکچوو بوو. وا لە لای خۆت ئێمە حاشایان لێ دەکەین. ئەوانە ھەرگیز ئێمەیان نەدەپەرست. (٦٤) پێشیان ئێژن: شەریکەکانتان بانگ بکەن. بانگیان دەکەن؛ ھیچ وەرامیان نادەنەوە. ھەست بە جەزرەبەدان دەکەن، ئێژن: خۆزیا لە شارەزایان بووینایە. (٦٥) ھەر ئەو ڕۆژە بانگیان ئەکا و پێیان ئێژێ: چلۆن وەدەنگ پێغەمبەرەکانەوە چوون؟ (٦٦) ئەوێ ڕۆژێ لە ھەواڵان زەین کوێر دەبن. لەو ڕۆژەدا نایانکرێ پرسێ بە یەکتریش بکەن. (٦٧) بەڵام ئەوی کە پەژیوان بۆتەوە و بڕوای بە خودا ھێناوە و ڕووی دەکاری چاک کردووە، لەوانەیە لە دەستەی ڕزگارەکان بن. (٦٨) پەروەرندەت ھەر شتێکی مەیلی لێ بێ وەدی دێنێ و ھەڵدەبژێرێ [بەڵام] ئەوان ھەقی بژاردنیان نییە. لەو شەریک بۆ دۆزینەوەشیان، خودا پاکە و بەرزترە. (٦٩) ھەر پەروەرندەت دەزانێ چییان لە دڵدا پەنا داوە و چیش ئاشکرا ئەدرکێنن. (٧٠) خوا ھەر ئەوە و لەغەیرەز ئەو ھێژای پەرستنێک نییە. لە دنیاش و لە قیامەتیش سوپاس ھەر تایبەتی ئەوە؛ فەرمان ھەر فەرمانی ئەوە و بۆ لای ئەویش دەبرێنەوە. (٧١) بێژە: چۆن بیر دەکەنەوە ئەر خوا شەوتان ھێندە لێ درێژ کاتەوە، کە تا قیامەت نەبڕێتەوە؟ غەیرەز خودا کام شیاوی پەرستنێ ھەس ڕووناکیتان بۆ بێنێ؟ مەر نابیسن؟ ! (٧٢) بێژە: چۆن بیر دەبەن ئەر خوا ڕۆژتان ھێندە لێ درێژ کاتەوە ھەتا قیامەت بخایەنێ؟ غەیرەز خودا چ پەرستیوێ دەتوانێ شەوێکتان بۆ دابێنێ کە ئێوە تێیدا ھەدا بدەن؟ مەر نابینن؟ ! (٧٣) لە بەزەیی خوداوەیە، کە شەوی بۆ ھەدادان و ڕۆژی بۆ پەیدا کردنی ئەو ڕۆزییەی ئەو دەتانداتێ، بۆ دانان؛ بەشکەم ئێوە شوکرێ بکەن. (٧٤) ئەو ڕۆژە کە بانگیان دەکا و ئێژێ: کوا شەریکەکانم کە بە خەیاڵوودا دەھات؟ (٧٥) وەختێ لە ناو ھەر کۆمەڵێک یەکیان لێ دەکەینە شایەت، ئەوسا ئێژین: کوانێ؟ بەڵگەی خۆتان بێنن؛ جا تێ دەگەن ڕاست ھەر ئەوەیە لای خوایە و ھەرچی کە ھەڵیان دەبەست لە دەسیان دەچێ. (٧٦) قاڕوون لە ھۆزی مووسا بوو، کە دەستی کرد بە ناھەقی کردن لێیان. ھێندن گەنجینە دابوویە، ھەرتەنیا کلیلەکانیان گرۆیەکی زۆر بەھێزی شەکەت دەکرد. کاتێ ھۆزەکەی پێیان گوت: غللوور مەبە! خودا پیاوی لە خۆ دەرچووگی خۆش ناوێن؛ (٧٧) بەوەی خودا بە تۆی داوە، بە شوێن ماڵی سەڵاوە بە! بەشی خۆشت لەم دنیایە لە بیر مەکە! وەک خوا چاکەی دەگەڵ کردووی، چاکەی بکە و لەم عەرزەشدا مەکەوە شوێنی بەدفەڕی! خودا بەدفەڕی خۆش ناوێن. (٧٨) گوتی: ئەوەی کە من ھەمە، گشت لە زانستی خۆم ڕایە. بۆچ ئەوەندەی نەزانیبوو کە پێش ئەویش خودا چەن چینی بە قڕدا؛ کە لەویش زۆر بەھێزتر و بەدەست و پێوەندتریش بوون؟ لەو تاوانبارانە - لەمەڕ تاوانگەلیان - ناپرسنەوە. (٧٩) بە تەنتەنە و سەنسەنەوە [ڕۆژێ] ھاتە ناو ھۆزەکەی. ئەوانەی ھەر بە ئارەزووی ژینی دنیان، گوتیان: خۆزی مەش وەک قاڕوون دەوڵەمەن باین؛ ئای لەو بەختەی ئەو ھەیەتی! (٨٠) ھۆزانەکانیش دەیانگوت: ھەی ماڵ وێران! ھەر کەسێ باوەڕی بە خودا ھەبێت و ئاکارچاک بێ، ئەو خەڵاتی خوا دەیداتێ، زۆر چاکترە و ئەو خەڵاتەش ھەر بەشی خۆڕاگرانە. (٨١) سا قاڕوونمان بە ماڵیەوە ڕۆبرد بە ناخی زەمیندا. ھیچ دەستەیەکیشی نەبوو کە لە خودای بپارێزێ و خۆشی یاریدەی خۆی نەدا. (٨٢) ئەو کەسانەی دوێنێ خۆزگەیان پێ دەخواست، ڕۆژی دوایی دەیانگوت: پەکوو لەو سەیرە! وا دیارە کە ڕۆزی عەبدان - زۆر بێ یان کەم - بەستە بە مەیلی خودایە و ئەر خوا چاکەی بۆ نەکردباین، ئێمەشی ھەر لە ناخی زەمین ڕۆ دەبرد. وا دیارە خودانەناسان ڕزگار نابن. (٨٣) ئێمە ماڵەکەی دواڕۆژن ھەر بۆ ئەوانە دادەنێین، کە لەم عەرزە نایانەوێ خۆ بە زلتر بزانن و بەدفەڕی کەن. پاشەڕۆژیش ھەر بۆ خۆپارێزەکانە. (٨٤) ھەرکێ کارێکی چاک بکا، چاکتر لەوی دێتەوە ڕێ؛ ھەرکێش ئاکاری خرا بن، ھەر بەرانبەر بە کردەخراپەکانیان جزیا دەدرێن. (٨٥) ئەو کەسەی کە ئەم قورعانەی کردە ئەرکی سەرشانی تۆ، خاتر جەم بە دەتباتەوە ئەو شوێنەی بەڵێنی پێدای. بێژە: ھەر پەروەرندەی من زاناترە کە کێ لە ڕاستەڕێ دەڕوا و کێ بە ئاشکرا لە ناو گومڕایی دایە. (٨٦) خۆ ئەر بەزەیی پەروەرێنت نەبووایە، تۆ ھەر بە ھیوا نەبووی کە ئەم کتێبەت بۆ کل کرێ؛ سا تۆش ھەرگیز پشتیوانی لە خودانەناسان مەکە! (٨٧) لە دوای ئەوەش کە نیشانەکانی خودات بۆ کل کرا، ھەرگیز نابێ تۆ لەوانە ھەڵە بکەی. ھەر بەرەو پەروەرندەی خۆ گازی بکە و ھیچ گا دەگەڵ ئەو بتپەرستانە مەبە. (٨٨) دەگەڵ خودا ھانا بۆ ھیچ پەرستیوێکی تر مەبە. بەغەیرەز ئەو پەرستیوێکی تر نییە. بەغەیرەز ئەو ھەموو شتێ لە بەین دەچێ. فەرمان ھەر فەرمانی ئەوەو ھەر بۆ لای ئەو دەبرێنەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەنکەبووت وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم. (٢) ئاخۆ مەردم لایان وایە ھەر کە بێژن: ئێمە باوەڕمان ھێناوە، ئیتر وازیان لێ دەھێنرێ و تووشی ھیچ ئەزموونێ نابن؟ (٣) ئێمە ئەوانەی بەرلەمانیشمان بە تاقی کردەوە. بێ گومانە خوا ئەوانەی کە ڕاسیان گوت، ئەوانەش کە درۆزنن، دیاری دەکا. (٤) ئاخۆ ئەوانەی بەدکارن، وادەزانن ناکەونە بەر قەمچی ئێمەوە؟ خراپیان لێک داوەتەوە. (٥) ھەر کەسێ ھومێدی وایە بگا بە دیداری خودا، وەختێ کە خودا دایناوە، ھەربینا ھات. بیسەر و زاناش ھەر ئەوە. (٦) ھەر کەس دەچێتە خەزایە، خەباتێکە بۆ خۆی دەکا. دیارە خودا لە ھەموو کەس بێ نیازە. (٧) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، خراپەکانیان دەسڕینەوە و باشتر لەوی کردوویانە، ئێمە پاداشیان پێ دەدەین. (٨) ئێمە مرۆمان ڕاسپارد کە دەگەڵ داک وباوکی خۆی چاکە بکا. ھەرگا ئەوان ھەڵیان پێچای، ھەر لە ڕووی نەزانیتەوە شەریک بۆ من بڕیار بدەی، تۆ نابێ بە قسەیان بکەی. ھەموو لاتان ھەر دەگەڕێنەوە لای خۆم؛ ئەوسا خۆم حاڵیتان دەکەم، ئێوە چ کارێکتان دەکرد. (٩) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، ڕەگەڵ پیاوچاکانیان دەخەین. (١٠) لە مەردمدا ئی واش ھەیە، ئێژێ: ئێمە باوەڕیمان بە خوا ھەیە؛ ھەرگاش لەسەر خوداناسین ئازار درا، وا دەزانێ ئازاری خەڵک وەکوو سزای خودا وایە. ئەگەریش لە پەروەرندەت یاریێک بێ، ئێژن: ئێمەشتان دەگەڵ بووین. مەر خوا لەوەی کە لە سینەی خەڵکی دنیادایە، ئاگادارتر نییە؟ (١١) خوا بڕوادارەکان باش دەناسێت و دووڕازانیش باش دەناسێ. (١٢) خوانەناسان بە خاوەن باوەڕان دەڵێن: کەونە شوێنی ڕێگای ئێمە، ئۆباڵی گوناھەکانتان وەمل دەگرین؛ کە ناشکرێ ھیچ ئۆباڵی گوناھانیان وەستۆ بگرن؛ بێ گومانە کە ئەوانە درۆزنن. (١٣) باری گرانی خۆیان و باری گرانی خەڵکی دیش - وەل باری گرانی خۆیان - ھەڵدەگرن و ڕۆژی قیامەت لەسەر ئەو بوختان کردنە، دەکەونە بەر پرسیارەوە. (١٤) ئێمە نووحمان ڕاسپاردە لای ھۆزەکەی؛ ھەزار ساڵی پەنجا ساڵ کەمیان لە ناوما؛ چونکە ھەر لەسەر ناھەق بوون، تۆفان ئەوانی ڕاماڵی. (١٥) ئێمە خۆی و ھەرکێ لە گەمیەکەدا بوون، نەجاتن دان. ئەمەشمان کردە بەڵگەیەک بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. (١٦) ئیبڕاھیمیش وەبیر بێنە؛ کاتێ بە ھۆزەکەی خۆی گوت: ئێوە خوابپەرستن و لەو بترسن؛ ئەگەر بیزانن ئەم کارە ھەر بە قازانجی خۆتانە. (١٧) لە بری ئەوەی ئێوە خودا بپەرستن، بت گەلێک دەپەرستن و درۆی گەورەش ھەڵدەبەستن. ئەوی دەیانپەرستن و غەیرەز خودان، خۆ ناتوانن ڕۆزیو بدەن. ڕۆزی لە خودا داوا کەن و بیپەرستن و شوکری بکەن. ھەموو لاتان بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوە. (١٨) ئەگەر باوەڕ بە من نەکەن، کۆمەڵانی بەر لە ئێوەش ھەبوون کە باوەڕیان نەکرد. ڕاسپاردە جگە لە ڕاگەیاندنی پەیامەکەی - بە ئاشکرا - ھیچی تری لەسەر نییە. (١٩) ئاخۆ ھێندە ڕانەماون کە بزانن خودا چۆن شت وەدی دێنێ و پاش نەمان دەیھێنێتەوە؟ ئەمە لای خودا ھاسانە. (٢٠) بێژە: گەشتێ لەم سەرزەمینە بدەن و تماشا کەن، چێ کردنی چۆن دەس پێ کرد؟ پاشان [ھەر] خوا ئافراندنی؛ پاشینیش وەدی دەھێنێ. خودا توانای بەسەر ھەموو شتدا ھەیە. (٢١) بە مەیلی خۆی، ھەرکێ ئازار بدا دەیدا و، ھەر کەسێکیش خۆی حەز بکا وەبەر بەزەیی خۆی دەخا و، ھەر دەوھێننەوە بۆ لای خۆی. (٢٢) لە عەرز و لە عاسمانێ بن، ناتوانن خۆ ڕزگار بکەن؛ غەیرەز خوداش ھیچ ھانا و یاریکاروو نین. (٢٣) ئەو کەسانەی باوەڕیان نەکرد بە نیشانانی خودا و بە دیداری، ناھومێد بوون لە بەزەم و جەزرەبەی بەژان بەشیانە. (٢٤) تەنیا وەرامی ھۆزەکەی ھەر ئەمە بوو، کە: بە کوشتن بیکوژن یان بیسووتێنن. خودا لە ئاگری پاراست. ئەم ڕووداوە بۆ ئەوانەی خاوەن بڕوان، زۆر نیشانەی تێدا ھەیە. (٢٥) گوتی: ئێوە لە بری خودا بۆیە بوتان دەپەرستن، کە لە ژینی دنیاییدا ئێوە یەکترتان خۆش دەوێ؛ پاشان لە ڕۆژی قیامەتا حاشا لە یەکتر دەکەن و نەفرین بۆ یەکتر دەنێرن؛ جێشتان لە ئاگردا دەبێ و کەسیش یاریدەتان نادا. (٢٦) ئیتر لووت بڕوای پێ ھێنا. گوتی: ئەوا من کۆچ دەکەم بەرەو لای پەروەرندەی خۆم. ھەر ئەو خاوەن دەستەڵاتە و لەکارزانە. (٢٧) ئێمە ئیسحاق و یەعقووبمان بە وی بەخشی و پێغەمبەری و کتێبیشمان کردە بەشی نەتەوەی ئەو؛ لە دنیادا پاداشی ئێمەی پێ گەیشت و لە قیامەتیش ئەو لە پیاوەچاکەکانە. (٢٨) باسی «لووت» یشیان بۆ بکە، ئەوسا کە بە هۆزەکەی گوت: ئێوە کاری ئەوندە شوورەیی دەکەن، لە دنیادا کەس بەر لە ئێوە وای نەکرد. (٢٩) ئێوە سواری پیاوان دەبن و ڕێگریو کردۆتە پیشە و لە دیوەخانی خۆتاندا ئاکاری ناشیرین دەکەن؟ تەنیا وەرامی ھۆزەکەی ھەر ئەمە بوو: ئەگەر قسەکانت ڕاستن، ئازاری خوامان بۆ بێنە. (٣٠) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! لەسەر ئەو ھۆزە بەدفەڕە، یاریدە لە تۆ دەخوازم. (٣١) ئەوساش کە ڕاسپاردەکانمان مژدەیان برد بۆ ئیبراھیم، گوتیان: دەبێ خەڵکی ئەم شارە قڕ بکەین، چونکە خەڵکەکەی ناھەقن. (٣٢) گوتی: «لووت» یش ھەر لەوێە. گوتیان: ئێمە باشتر دەزانین کێی لێیە، خۆی و خاوخێزانی - جگە لە ژنەکەی - ڕزگار دەکەین کە ئەو لە بە جێ ماوانە. (٣٣) وەختێ کە ڕاسپاردەکانمان چوونە جەم لووت، بە دیتنیان شڵەژا و تەنگانەی ھاتێ. گوتیان: مەتر سە و خەم مەخۆ؛ ئێمە تۆش و خێزانەکەت - غەیری ژنت - ڕزگار دەکەین، کە ئەو لە بە جێ ماوانە. (٣٤) ئێمە بۆ سەر خەڵکی ئەم شارە بەڵایەک - لە حەواوە - دەبارێنین، سزای لە ڕێ لادانیان بێ. (٣٥) نیشانێکی ئاشکرامان لێ بە جێ ھێشت؛ بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن. (٣٦) بۆ مەدیەنیش شوعەیبی برای ئەوانمان ناردە لایان. گوتی: گەلۆ! ئەشێ خودا بپەرستن؛ بەتەماش بن ڕۆژی سەڵا و لێ ڕادەبێ؛ لەم عەرزەشدا مل لە خراپکاری مەنێن. (٣٧) ئەوان بڕوایان پێ نەکرد. ئەوسا لەرزە وای داگرتن، کە لە ماڵی خۆیاندا ھەستیان لێ بڕا. (٣٨) ھۆزی عاد و سەموودیشمان ھەر بەقڕ دان؛ کە لە شوێنەوارەکانیان ئەمەتان بۆ دەرکەوتووە. شەیتان کارەکانیانی جوان نیشان دان و ڕێی لێ گرتن، دەشیان زانی [ھەق لە ناھەق ھەڵاوێرن]. (٣٩) قاڕوونیش و فیرعەونیش و ھامانیش [ھەر بەو دەردە چوون]. دیارە مووسا گەلێ نیشانەی ئاشکرای بۆیان ھێنا؛ بەڵام خۆیان - لەم زەمینە - لە خەڵکی بە زلتر زانی. نەشیان توانی بە دەس ئێمەوە دەربچن. (٤٠) ئێمە ھەریەک لەوانەمان بە تاوانەکەی خۆیان گرت. جا ھێندیکیان بای زۆر توندی پڕ لە چەومان ناردە سەریان، ھێندێکیشان نارەتەی زل دای گرتن و ھێندێکیشمان بە ناخی زەویدا ڕۆ برد؛ ھێندێکیشیانمان لە ئاودا نوقم کردن. خوا ناھەقی لێ نەکردن؛ بەڵام خۆیان ناھەقییان لە خۆیان کرد. (٤١) ئەو کەسانەی غەیرەز خودا دۆسگەلێکیان بۆ خۆیان پەیدا کردووە - گەر بزانن - وەکوو کاکڵەمووشانیان بەسەر ھاتووە، کە خانووی بۆ خۆی تەنیوە. دیارە خانووی کاکڵەمووشان لە ھەموو ماڵان سس ترە. (٤٢) خوا دەزانێ چین ئەوانەی غەیرەز خۆی؛ کە ئەوان ھانایان پێ دەبەن. ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٤٣) ئەو نەزیلانە بۆ خەڵک دێنینەوە و زانایان نەبێ، تێی ناگەن. (٤٤) خوا ئاسمانان و زەمینی بە ھەقانەت چێ کردوون. بێ گومانە ئەمە پەندە بۆ ئەوانەی بڕوادارن. (٤٥) ئەوی بۆت بەڕێ کراوە - لەم کتێبە - بیخوێنەوە و نوێژی بکە؛ نمێژ خوێندن [مرۆ] لە کاری ناشیرین و ناڕەوا دەپارێزێ. یادی خودا ھێژاترە و خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٤٦) ئەگەر دەگەڵ ئەھلی کتێب دەکەونە وتووێژەوە، بەو پەڕی نەرم و نیانی قسەیان لەتەکا بکەن؛ مەگین لەتەک ئەوانەیان کە ناھەقییان کردووە. ئێوە بێژن: بەو قورعانە کە بۆ ئێمە ھاتە خوار و بەو کتێبەی بۆ ئێوە ھاتۆتە خوارێ، بڕوا دەکەین؛ خودای ئێمە و خودای ئێوە ھەر یەکێکە، ئێمە خۆمان بەو دەسپێرین. (٤٧) ھەروەھا ئەم کتێبەشمان ھەنارد بۆ تۆ؛ جا کەسانێ ئێمە کتێبمان پێداون، دەیسەلمێنن. لەوانیشدا [خەڵکی مەککە] ئی وا ھەن بڕوای پێ دێنن. غەیرەز خودانەناسانیش، ھیچ کەس نییە بە نیشانەکانی ئێمە بڕوای نەبێ. (٤٨) تۆ بەر لەوە قورعانت بۆ بێتە خوارێ، نەت دەتوانی ھیچ کتێبێکی وەخوێنی یان بە دەستی خۆت بینووسی؛ ئەگەر وابا، دڵ چەپەڵان گومانیان لێ پەیدا دەبوو. (٤٩) بەڵکوو قورعان نیشانەگەلی ئاشکراس لە سینەی ئەو کەسانەدا، کە زانستیان پێ دراوە. غەیر لە ناھەقییکارانیش، ھیچ کەس نییە بە نیشانەکانی ئێمە بڕوای نەبێ. (٥٠) گوتیشیان: بۆ لە پەروەرندەی خۆیەوە نیشان گەلی [تایبەتی] بۆ نایەتە خوار؟ بێژە: نیشانەگەلی وا لای خودایە، من ھەر تەنیا ترسێنەری نیشاندەرم، نەھیچی تر. (٥١) بۆیان ئەوەندە بەس نییە کە ئێمە ئەم کتێبەمان بۆ تۆ ناردۆتە خوارەوە و کە بۆیان دەخوێنرێتەوە؟ بێ گومانە کە لەمەدا - بۆ ئەوانەی بڕوا دێنن - بزی و ئامۆژگاری ھەیە. (٥٢) بێژە: کە خوا ئاگادارە لە من و لە ئێوە، بەسە. ھەرچی ھەیە لە ناو ئاسمانان و زەمین، ئەو دەیزانێ؛ ئەوانەی بڕوایان بە پڕوپووچ ھێنا و، لە خودایە حاشایان کرد، ھەر زیانیان لە خۆ داوە. (٥٣) داوات لێ دەکەن کە زۆر زوو وا بکەی بەڵایان بەسەر بێ. ئەگەر وەخت و سەحاتی دیاری نەکرابا، ئازاریان بۆ دادەباری. ھەربینا لە نەکاوێکدا تووشیان ھات و پێش ناحەسن. (٥٤) وا بە پەلە ئازاردانت لێ دەخوازن، کەچی بێ سۆ دۆژەە دەورەی لەخودانەناسان داوە. (٥٥) ئەوێ ڕۆژێ لە بان سەر و لە ژێر پاوە ئازار دایان دەپۆشێت و پێیان ئێژێ: دەسا سزای کردەوەی خۆتان بچێژن. (٥٦) ئەی ئەوانەی خاوەن بڕوان و خۆ بە عەدەم دەزانن! زەمینی من بەرفڕەھە، ھەر تەنیا من بپەرستن. (٥٧) ھەموو کەسێک [تاڵاوی] مەرگ دەچێژێ؛ لە پاشانا دەتان ھێننەوە لای خۆمان. (٥٨) ئەوی خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوو بن، لە بەھەشتا دەیانبەینە ناو ژوورگەلێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا ھەتا ھەر لەوێ دەبن. ئای چەن چاکە پاداشی خەباتکارەکان! (٥٩) ئەوانەی خۆڕاگر بوون و تەواو خۆیان داوەتە دەس پەروەرێنیان. (٦٠) ئای کە زۆرن تیرەی ئەو جانەوەرانە، بژیو بۆ خۆ پەنا نادەن. خودا بەوان و بە ئێوەش ڕۆزی دەدا؛ بۆ خۆی بیسەر و زانایە. (٦١) ئەگەر تۆ لەمانە پرسی: کێ عاسمانان و زەمینی وەدی ھێنا و خۆر و ھەیڤی دەستەمۆ کرد؟ بێ گومان دەبێژن: خودا. دەسا چلۆن [لە ڕێگەی ھەق] کلا دەکرێن؟ (٦٢) خودا ھەر چۆنی گەرەک بێ، ڕۆزی ھەر کام لە عەبدەکانی خۆی کەم و زیاد دەکا. خودا بۆ ھەموو شت زانایە. (٦٣) ئەگەر لەمانە بپرسی: کێیە وا لەو حەوایەوە بارانە دادەبارێنێ و ھەر بەو ئاوە زەوی زیندوو دەکاتەوە پاش مردنی؟ بێ گومان دەبێژن: خودا. شوکرانە بۆ خودا. بەڵام زۆربەی ئەوانە دەوانە ناگەن. (٦٤) ئەم ژیانەی سەر دنیایە ھەموو ھەر گەپ و گاڵتەیە و چی تر نییە؛ ژیانی ڕاستەقینە ھەر لەو دنیایە؛ ئەگەر ئەوانە بیزانن. (٦٥) ھەرگا سواری گەمیە دەبن، بە دڵی پاک لەبەر خوا دەپاڕێنەوە. ئەگەر خوا نەجاتی دان و گەیاندنیە سەر وشکانی، دەڵێن: خودا شەریکی ھەن. (٦٦) با لەو چاکەی ئێمە دەربارەمان کردوون، حاشا بکەن؛ با ڕای ببوێرن و خۆش بژین، لە پاشەڕۆژا تێدەگەن. (٦٧) ئاخۆ نابینن مەککەمان بۆ کردوونە شوێنی ھێمن، کە خەڵکی دەوروبەریشیان دەڕفێندرێن؟ چۆن ئەوانە بە پووچ بڕوایان ھێناوە و چاکەی خودا لە بیر دەکەن؟ (٦٨) کێ لەو کەسە ناھەقترە درۆ بۆ خودا ھەڵدەبەستێ، یان ئەگەر ڕاستیشی بۆ دێ پێی درۆیە؟ ئاخۆ بۆ خودانەناسان جێ لە جەھەندەم نەماوە؟ (٦٩) ئەوانەی لە ڕای ئێمەدا چوونە خەزا، ئێمەش ئەوان بە ڕێگەی خۆماندا دەبەین. دیارە خودا لایانگری کارچاکانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووم وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم. (٢) ڕۆمی شکان. (٣) لە نزیکتر کەوشەنی ئەم سەرزەمینە. لە دوای ئەم ژێرکەوتنەیان جارێ تر سەردەکەونەوە؛ (٤) لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵ. پێش ئەو شکانە و لە دوایەش، ھەموو کار کاری خودایە و ئەوێ ڕۆژێ باوەڕداران کەیفێ دەکەن، (٥) بە یاریدە لە خوداوە. خودا حەز کا یاریدە بە ھەر کەس دەدا. ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (٦) خودایە بەڵێنی داوە و لێی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام زۆربەی خەڵک نازانن. (٧) لە ڕواڵەتی ژینی دنیا ئاگادارن و ھیچ ئاگاشیان لە پاشەڕۆژەکە نییە. (٨) ئاخۆ ئەوانە تا وێستا خۆیان بە بیردا نەھات کە ئاسمانان و زەمین و ھەرچی لە ناو ئەواندایە، ھەر بەڕاستی خودا بەرھەمی ھێناون و ئاکامی بۆ دیاری کردوون؟ کەچی زۆربەی ئەم مەردمە باوەڕ ناکەن کە دەگەڵ پەروەرندەیان ھەر ڕووبەڕوو دەکرێنەوە. (٩) ئاخۆ ھیچ گەشت و گوزاریان لەم زەمینە نەکردووە، تا بڕوانن پێشینەکانی ڕابردوو - کە لەمان تواناتر بوون و زەوییان کێڵاو ئاوەدان تریشیان کرد و پێغەمبەرانیشیان بە نیشانەگەلی ئاشکراوە ھاتنە لایان - چییان بەسەر ھات؟ خودا غەدری لێ نەکردن؛ بەڵام خۆیان ھەر غەدریان لە خۆیان کرد. (١٠) لە ئاکاما ئەوانەی خراپەیان کرد، خراپتریان تووش ھاتەوە؛ کە نیشانەکانی خوایان بە درۆ زانی و حەنەکی خۆیان پێ دەکرد. (١١) خوا ئەو خەڵکە دروس دەکا و دواجاریش دەیھێنێتەوە. سەرەنجامیش ھەمووان بۆ لای ئەو دێنەوە. (١٢) ئەو ڕۆژە سەڵا ڕادەبێ، تاوانباران دژ داماون و متەقیان لە بەر دەرنایە. (١٣) ئەو شتانەش بە شەریکی خوایان زانین، نایەن تکایان بۆ بکەن؛ لەو شەریکانەشیان ھەر حاشایە دەکەن. (١٤) ڕۆژێ کە قیامەت ھاتە ڕوو، ئەو ڕۆژە بەش بەش دەبنەوە. (١٥) جا ئەوانەی ئەوسا خاوەن بڕوا بوون و ئاکاری پەسندیان بوو بێ، جێگەیان لە ناو باخچەیە و کەیف سازن. (١٦) ئەوی خواشیان نەناسیوە و بە نیشانەکانی ئێمە و ڕووبەڕوو بوونی قیامەت بێ بڕوا بوون، دەیان ھێننە پێش بۆ ئازار. (١٧) ھەموو بەرەبەیانان و سەر لەنگۆڕیش پەسنی پاکی خودا بدەن. (١٨) سوپاس بۆ ئەو لە ئاسمانان و لە زەمین، شەوانەش و دەمی نیوەڕۆش ھەر وەتر. (١٩) زیندی لە مردوو دەردەخا و مردوو لە زیندوو دەردێنێ؛ زەویش دوای ئەوەی مردووە، گیانی وەبەر دێنێتەوە، ئێوەش ھەروا دێننە دەرێ. (٢٠) لە نیشانەکانی ئەوە، کە ئێوەی لە خۆڵ چێ کرد و ئەوسا ناکاو بوونە مرۆ و لە دنیا بڵاو بوونەوە. (٢١) ھەر لە نیشانانی ئەوە کە لە خۆتان، ئاوجووتی بۆ بەرھەم ھێنان؛ کە پێیان بحەسێنەوە و خۆشەویستی و ئەوینی خستۆتە ناوتان. لەمەدا بۆ کەسانێ کە بە وردی سەرنج بدەن، بەڵگە زۆرن. (٢٢) ھەر لە نیشانانی ئەوە داھێنانی ئەم عاسمانان و زەمینە و وێک نەچوونی زمانی پێ ئاخافتن و ڕەنگ و ڕووتان؛ کە لەمەدا بەڵگە زۆرن بۆ زانایان. (٢٣) ھەر لە نیشانەکانیەتی: خەوی شەوان و ڕۆژانتان، گەڕانتان بۆ دەس خستنی ڕسق و ڕۆزی؛ کە ھەر لە سایەی ئەوڕایە. لەمەدا بەڵگەی زۆر ھەیە بۆ ئەو کەسانەی دەبیسن. (٢٤) ھەر لە نیشانەکانیەتی: برووسکەتان پیشان دەدا ترس و ھومێدی پێوەیە؛ لەو حەوایەش بارانوو بۆ بەڕێ دەکا، تا زەمینی مردووی پێ زیندوو کاتەوە. لەمەدا نیشانە زۆرن بۆ ئەو کەسانەی تێدەگەن. (٢٥) ھەر لە نیشانەکانیەتی کە ئەم عاسمان و زەمینە، بە فەرمانی ڕاوەستاون. پاشان ھەرگا - تەنیا یەک جار - لەم زەمینە بانگوو دەکا، ئێوە لەپڕ دەردەکەون. (٢٦) ھەرکێ ھەیە لە ئاسمانان و زەمیندا، کری ئەون؛ گشتی بۆ ئەو بەر فەرمانە. (٢٧) خۆی ئەو خەڵکەی وەدی دێنێ و دواجاریش دەیھێنێتەوە، کە بۆ ئەو ھاسانتریشە. لە ئاسمانان و زەمیندا نموونەی باشترین ئاکار لای خودایە. ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٢٨) مەسەلێکی لە خۆتان بۆ ھێناونەوە: ئاخۆ ئێوە لەو بژیوەی لە ئێمەوە پێو گەییوە، بەنیەکانوو دەکەنە ھاوبەشی خۆتان؟ ھەر دوو لا وەکوو یەک دەبن؟ ھەروەک ئێوە ترستان لە یەکتر ھەیە، ئاواش ترسوو لەمان ھەیە؟ ئێمە ئاوا نیشانەکان - پوخت وپاراو - بۆ ئەو کەسانەی تێدەگەن، دەخەینە ڕوو. (٢٩) بەڵام ئەوانەی ناھەقن، ھەرچی ئارەزووی خۆیانە لە دووی دەچن؛ چش نازانن. ھەر کەسێکیش خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، کێ دەتوانێ شارەزای کا؟ کەسیشیان دەھانا نایە. (٣٠) تۆ ھەر ڕوو لەم دینە بکە و ھەر بەرەو ھەق ھەنگاو بنێ؛ دینێکی بنەڕەتییە و لە سروشتا خوا ئەو خەڵکەی ھەر بۆ یەکتاپەرستی وەدی ھێناوە. کاری خوداش گۆڕانی بەسەردا نایە. دینی پتەو و پایەدار ھەر ئەمەیە؛ بەڵام زۆربەی ئاپۆرەی مەردم نەزانن. (٣١) بگەڕێنەوە بۆ لای و لێی بترسن و نوێژ بکەن و لە ڕێزەی ئەوانە مەبن شەریکی بۆ پەیدا دەکەن. (٣٢) ئەوانە کە دینی خۆیان لە یەک جودا کردۆتەوە و دەستەدەستە بوونەتەوە، ھەر دەستەیەک بە بیروباوەڕی خۆیان دڵیان خۆشە. (٣٣) ئەم مەردمە گەر بەڵایەکیان بەسەر دێ، ھانا دەبەن بۆ پەروەرندەی خۆیان و بەرەو ئەو دەگەڕێنەوە. ئەگەر دوایە تووشی بەختەوەری کردن، ناکاو ھێندێک [لەو خۆشیەدا] شەریک بۆ پەروەرندەیان پەیدا دەکەن. (٣٤) دەبا ئەو چاکەی لە بیر کەن کە ئێمە دەربارەن کردوون. بە ئارەزوو ڕای ببوێرن، زۆر ناخایەنێ دەزانن. (٣٥) ئاخۆ ئێمە بەڵگەیەکمان بۆ ئەمانە ناردۆتە خوار کە دەربارەی ئەو شتانەی ئەوان دەیکەنە شەریکم، قسە بکا؟ (٣٦) ھەرگا ئێمە بەو مەردمە تامی بەختەوەرییمان چەشت، پێی شاد دەبن. ئەگەر لە سزای کرداری خراپیاندا تووشی نالەباری ھاتن، ھیچ ھومێدێکیان نامێنێ. (٣٧) ئاخۆ ئەوانە نازانن کە ناردنی بژیو بە مەیلی خودایە؛ بۆ یەکێ زۆر بەڕێ دەکا و بۆ یەکێ کەم؟ بۆ ئەوانەی بە باوەڕن، لەمەدا زۆر نیشانە ھەن. (٣٨) کەوایە تۆ بەشی خزم و ھەژار و ڕێبواری ئاتاج، وەلا بنێ و ھەر کەس بەشی خۆی بدەیە. ئەم ئاکارە پەسنترە بۆ ئەوانەی ڕەزای خودایان گەرەکە و ئەوانە ڕزگارەکانن. (٣٩) ئەوەی بە ناوی سوو ئەیدەن کە لە ناو ماڵی خەڵکدا زێدە ببێ، لجەم خودا زێدە نابێ. [بەڵام] ئەو ماڵی کە بە زەکات دەیدەن و دەتانەوێ خودا لە خۆتان ڕازی کەن، زۆرترتان پێ دەگاتەوە. (٤٠) خودا ھەر ئەو کەسەیە کە ئێوەی دروس کرد و ئەوسا ڕۆزی پێدان؛ لە پاشان دەتانمرێنێ و دیسان دەتانخاتەوە ژین. ئاخۆ ئەوانەی کە ئێوە کردووتانن بە شەریکی، ئەو کارانەیان پێدەکرێ؟ خوا بێ عەیبە و لەوە پایەبەرزترە کە بڵێن: شەریکی ھەیە. (٤١) گەندەکاری ئەم مەردمە - لە بەژ و دەریا - خۆی نوواند. دەبا سزای ھێندێک لە ئاکارەکانیان پێ بچێژێ؛ شایەتا بگەڕێنەوە. (٤٢) بێژە: بە عەرزا بگەڕێن، سا بڕوانن؛ ئەوانەی بەر لە ئێوە بوون، چییان بەسەر ھات؟ بەشی زۆریان شەریکیان بۆ خوا دەزانی. (٤٣) دەسا تۆ ڕوو کە لەو دینە پایەدارە، بەر لەو ڕۆژەی کە خودا بڕیاری داوە و ھەر وەدی دێ. ئەوێ ڕۆژێ بڵاوەی دەکەن. (٤٤) ھەرکێ خودای نەناسیوە، ھەر زیانی لە خۆی داوە؛ کێش ئاکاری چاکی بووە، جێگەی خۆیان خۆش کردووە. (٤٥) ھەتا وەکوو لە چاکەی خۆی، پاداشی بڕواداران و ئاکارچاکان بداتەوە. خودا خۆشی لە ناشکوری کەران نایە. (٤٦) یەکێک لە نیشانەکانی ئەو ئەمەیە کە بایانی مزگێنی دەر بە ڕێ دەکا تا لە بزی خۆی بە ئێوە بچێژنێ. گەمیەش ھەر بە فەرمانی ئەو بێن و بچن و لە سایەی دەھندەیی ئەو، ڕۆزی خۆتان پەیدا بکەن؛ بەشکوو شوکرانەبژێر بن. (٤٧) بەر لە تۆش زۆر پێغەمبەرمان ناردە سەر گەلانی خۆیان و گەلێ بەڵگەی پتەویان بردە لایان. جا ئەوانەی دژیان وێستان، وەبەر تۆڵەی ئێمە کەوتن؛ ئەوی بڕواشیان پێکردن، ھەر خۆمان یارمەتیمان دان. (٤٨) ھەر خودایە ئەو بایانە بە ڕێ دەکا، ئەوانیش ھەور دەبزوێنن؛ ئەوسا ھەر چۆنی گەرەک بێ، ئەو ھەورانە لە ئەزمانا پڕژوبڵاو دەکاتەوە و گەواڵ گەواڵیشیان دەکا. کە دەبینی لەوانەوە دڵۆپە دێتە خوارەوە، مەیلی بێنی و بۆ ھەر کامێ لە عەبدانی خۆی بنێرێ، دڵخۆش دەبن. (٤٩) کەچی بەر لەوە بارانیان بۆ ببارێ، ناھومێد بوون. (٥٠) دەبڕوانە بەزەیی خودا چی کردووە! زەوی مردوو لە نوێ زیندوو دەکاتەوە. زیندوو کردنەوەی مریانیش کاری ئەوە. ھەر خۆی توانای بەسەر ھەموو شتدا ھەیە. (٥١) خۆ ئەگەر بایەک بنێرین بەرھەمیان زەرد ھەڵبگێڕێ، بە شوێنیدا گازندە و ناشکوری دەکەن. (٥٢) تۆ ناتانی کارێک بکەی ئەم مریانە گوێت پێ بدەن. ئەگەر خۆ لە تۆ کەڕ بکەن، ھەرچەندە بانگیشیان بکەی، لێت نابیسن. (٥٣) ڕێشاندەری کوێرانیش نیت، لە گومڕایی وەیانگێڕی. ھەر ئەوانە لێت دەبیسن، بە نیشانانی ئێمە بڕوا دەکەن و چییان پێ بڵێی لارەملن. (٥٤) خودا کە ئێوەی دروس کرد، لە سەرەتادا بێ ھێز بوون؛ پاش بێ ھێزی، گوڕی پێدان؛ لە پاشانا ھێزوگوڕی لێ ستاندن و پیری کردن. بە مەیلی خۆی دەئافرێنێ، زانا و توانا ھەر خۆیەتی. (٥٥) ڕۆژێ کە سەڵا ڕادەبێ، تاوانباران سوێندێ دەخۆن جیا لە ساتێک نەمانەوە. ئاوا ھەر شوێن درۆ کەوتن. (٥٦) ئەو کەسانە بە زانست و باوەڕدارن، پێیان ئێژن: ھەر وەکوو خودا نووسیویە، تا ڕۆژی سەڵا ماونەوە؛ سا ئەمە ڕۆژی سەڵایە؛ بەڵام ئێوە نەوزانیوە. (٥٧) لەو ڕۆژەدا ئەو کەسانەی کەوا غەدریان کردووە، بەھانەیان قازانجیان پێ ناگەیەنێ و ڕێشیان نادرێ داوای لێ خۆشبوونێ بکەن. (٥٨) وا ئێمە لەم قورئانەدا ھەموو جۆرە نەزیلەیان بۆ ئەو خەڵکە ھێنایەوە. کەچی ھەرگا نیشانەیەکیان بۆ بێنی، بێ سۆ خودانەناسەکان، ئێژن: ئێوە لە قسەی پووچ بەو لاوە چی ترتان نییە. (٥٩) ئاوا خودا مۆر دەخاتە سەر دڵی ئەو کەسانەوە کە نایانەوێ بزانن. (٦٠) سا خۆت بگرە، بەڵێنی خودا دێتە جێ؛ نەکا ئەوانەی دڕدۆنگن، تۆ لە ڕێی ھەق بترازێنن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لوقمان وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم. (٢) ئەمانە نیشانەکانی کتێبی پڕ لە کارزانین؛ (٣) ڕێشاندەر و بەزەیین بۆ ئەو کەسانەی چاکە دەکەن؛ (٤) ئەوانەی نوێژدەکەن و زەکات دەدەن و ڕۆژی سەڵا دەسەلمێنن؛ (٥) ئەوانە پەروەرندەیان ڕێگەی ڕاستی وەبەر ناون؛ ڕزگارانن؛ (٦) لەم خەڵکەدا ئی وا ھەیە کڕیاری قسەی بێتامە و لە نەزانی، دەیەوێ خەڵک لە ڕێگەی خوا کلا بکا و دەیکاتە گاڵتەجاڕی خۆی. ئەوانەی ئەوکارە دەکەن، ئەشێ زۆر بە سووکایەتی ئازار بدرێن. (٧) ھەرگا نیشانەکانمانی لەڕوودا دەخوێنرێنەوە، بە فیزەوە پشتی ئەکاتە ئەولاوە و لە گوێن کەسێ کە ھەردوو گوێی گران بوو بن، وەکوو نەیبیستبێ وایە. سا تۆ مژدەی ئازارێکی ژاناوی بەو کەسە بدە. (٨) ئەوانەی بڕوایان ھێنا و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد، بەشی ئەوان باغاتی پڕ خێروبێرە. (٩) ھەتاسەر ھەرلەوێ دەبن. بەڵێنی خوا ھەر دێتەجێ؛ ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لە کارزانە. (١٠) ئاسمانەکانی لەوبەرزە وەدی ھێنا، بەبێ ئەمەی ھیچ ئەستوندەکێ ببینن. کێواتی خستە سەرزەمین کە لەرزە بە ئێوە نەکا؛ ھەموو جۆرە جانەوەری دەوێدا بڵاو کردەوە. ئاوێکیشمان لە حەواوە بۆ ڕژاندن، کە لەوێدا جووتەی گش جۆرە ڕووەکی بە بەھرەمان شین کردەوە. (١١) ئەمە کارەکانی خودا؛ دەسا ئێوە نیشانم دەن غەیرە خودا چییان کردووە. ئەوانەی لە دووی ناھەقین، بە ئاشکرا ڕێ لە خۆیان ھەڵە دەکەن. (١٢) لوقمانیشمان لە کارزانیدا ڕاھێنا، کە: لەسەرتە ھەر شوکرانەی خودا بکەی؛ ھەر کەسێکی شوکرێ دەکا، شوکرەکەی ھەر بۆ خۆی دەکا؛ ھەر کەسێکیش پێ نەزان بێ [با بزانێ] خودا لە بێ نیازیدا شایانی تاریف کردنە. (١٣) کاتێ لوقمان - کە خەریکی ئامۆژگاری کوڕەکەی بوو - پێگوت: ڕۆڵەم! کەس مەکە شەریک بۆ خودا، شەریک بۆ خودا بڕیاردان، ناھەقییەکی زۆر مەزنە. (١٤) ئامۆژگاری مرۆمان کرد سەبارەت بەدای و بابی. دایکی کە بەو ئاوس بووە، چەندی کوێرەوەری دیوە؛ لە مەمک بڕینەوەشی دوو ساڵ وەختی خایاندووە. کە: تۆ سپاسی من بکە و سوپاسی دایک و بابت کە، دواجار دێنەوە بۆ لای من. (١٥) ئەگەریش دنەی تۆیان دا، شتێ بکەی بە شەریکم - کە خۆت ھیچی لێ نازانی - فەرمانیان بە جێ مەھێنە؛ لە دنیادا بەخۆشی دەگەڵیان بژی و ھەر لە شوێن ئەوانە بڕۆ کە بەرەومن گەڕانەوە. لەئاکاما ھەر دەگەڕێنەوە لای من، ئەوسا تێتان دەگەیەنم چوو کردووە. (١٦) کوڕیژگەی خۆم! کردەی بەقاس تۆمی خەردەل لەسەر زەمین لە ناو بەردێک، یان لە تەشقی عاسمانان بێ، خودا دەیھێنێتە گۆڕێ. خوا ھەموو شتی لێ دیارە و ئاگادارە. (١٧) کوڕیژگەی خۆم! نوێژێ بکە و ھانای کاری چاکە بدە و بەر لە کاری خراپ بگرە و چت بەسەرھات، خۆڕاگر بە؛ ئەمە لەو کارانەیە خوا ویستوویەتی. (١٨) بە فیزەوە ڕوو لە خەڵک وەرمەگێڕە؛ بە لووت بەرزی لەڕێ مەڕۆ. خودا ئەوانەی خۆش ناوێ لە ڕێگە خۆیان بادەدەن؛ شایی بەخۆن. (١٩) شێنەیی بەڕێدا بڕۆ و بە دەنگی نزم بپەیوە؛ چنکە دەنگی ھەرە ناخۆش لە کەرانەوە دەردەچێ. (٢٠) ئاخۆ ئێوە نەتاندیوە خوا ھەرشتێ لە ئاسمانان و زەمیندان، بۆ ئێوەی کەوی کردووە و بە ئاشکرا و بە نھێنی بەھرەگەلی بەسەرتانا ڕژاندووە؟ ھەر لەو خەڵکەش کەسی وا ھەن لە سەر خودا کێشە دەکەن، بێ ئەوەی چی لێ بزانن، یان خۆیان شارەزا بوو بن، یان کتێبێک بۆیان ڕۆشن بکاتەوە. (٢١) ئەگەر بەوانە بگوترێ: ئەوی خودا ناردییە خوارێ ئێوە پەیڕەوی لێ بکەن؛ ئێژن: ئێمە ھەر پەیڕەوی ئەو شتانەین کە باوانمانی لەسەر بوون. با شەیتانیش بانگیان بکا بۆسەر ئازاری بە ئاگر. (٢٢) ھەر کەسێک بەدڵێکی پاک ڕووی لە خوا بێ و ئاکار چاک بێ، دیارە ئاڵقەی ھەرە پتەو ئەو گرتوویە و ئاکامی ھەموو کارێکیش بەرەو خوایە. (٢٣) ئەو کەسانەی حاشا دەکەن، حاشایان غەمبارت نەکا. ھەموو دێنەوە لای خۆمان؛ ئەوسا خەبەریان پێ دەدەین کە چییان دەکرد. خودا لەڕازی دڵانیش ئاگای ھەیە. (٢٤) وا دەکەین کەمێ ڕای بوێرن، پاشان ناچار بەرەو ئازاری دژواریان ڕادەکێشین. (٢٥) ئەگەر لەوانە بپرسی: کێ عاسمانان و زەمینی وەدی ھێنا؟ ئێژن: خودا. تۆبێژە: شوکر بۆ خودا؛ بەڵام زۆربەیان نەزانن. (٢٦) ھەرشتێکی لە عاسمانان و زەمیندان، گش ھی خودان. خوا لەگشتان بێ نیازەو شایانی تاریف کردنە. (٢٧) ھەرچی دار لەم زەمینە ھەن ببنە قەڵەم، مەرکەفیان لەبەحر بێ و حەوت بەحری دیش بێنە پاڵی، ھێشتا قسەکانی خودا دووایی نایە. خودا خاوەن دەستەڵاتی لە کارزانە. (٢٨) ئافراندن و مراندن و ژیاندن لە یەک نەفەر پتر نییە، خودا دەبیسێ و دەبینێ. (٢٩) بۆ نەتدیوە خوا شەو دەڕۆژ ھەڵدەکێشێ و ڕۆژیش دەشەو ھەڵدەکێشێ؛ خۆرو ھەیڤیشی کەوی کرد؟ ھەر یەکەیان تا ماوەیێ دیاری کراو لە تەڤگەڕدان. خودا لە ھەر کارێ بیکەن ئاگادارە. (٣٠) ھەر دەبێ بەمە بزانن خودا ڕاستە و ھانا بۆ ھەرشتێ بەرن - لە غەیرەز ئەو - کارێ پووچە. پایەبەرزی ھەرەمەزن، ھەرخودایە. (٣١) تۆ نەتدیوە لەسۆنگەی چاکەی خوداوە گەمیە لەدوڕ دەریادا لە گەڕاندایە؛ تا نیشانەکانی خۆیتان نیشان بدا؟ ھەر لەمەدا زۆر بەڵگە ھەن بۆ ھەموو خۆڕاگرانی شوکربژێر. (٣٢) ھەر کاتێکیش پێلی زلی وەک ھەوڕی پڕ، خۆیان بەسەر ھەڵدەکێشن، بە دڵپاکی و بڕوای بێ غەش لەبەر خودا دەپاڕێنەوە. وەختێ ڕزگاری کردن و گەینە سەربەژ، ھێندێ لەوان مام ناونجین. ھیچ کەس لە نیشانەکانمان حاشای نییە، مەگین گەلی فریوبازانی پێ نەزان. (٣٣) ئەی خەڵکینە! دەبێ لە پەروەرندەتان ترسوو ھەبێ؛ ترسی ئەو ڕۆژەشتان ھەبێ کە ھیچ باوکێک ئوباڵی فرزەندی خۆشی لەسەر نییە و ھیچ فرزەندێکیش بۆ بابی سوودی نابێ. بەڵێنی خودا ھەر ڕاستە و نابێ ھەرگیز ژینی سەر دنیا فریوتان دا. نەشچن شەیتان بە بەخشندەیی خودا فریوتان بدا. (٣٤) زانستی ڕۆژی سەڵایە لای خودایە؛ بارانەش ئەو دەیبارێنێ و دەشزانێ تۆلی زگ پڕان چی تێدایە. کەس نازانێ کاری سبەی ڕۆژی چییە و کەس نازانێ لە کامە سەرزەمین دەمرێ. خودا زانا و ئاگادارە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەجدە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم. (٢) ئەم کتێبە لە ڕاھێنەری دنیاوە ناردراوە و بێ گومانە. (٣) ئاخۆ ئێژن: ھەر لەخۆوە ئەم درۆیەی ھەڵبەستووە؟ بەڵکوو ڕاستە و لە پەروەرندەی تۆڕایە؛ تا بە ھۆی ئەم، ترس وەبەر ھۆزێک بێنی، کە بەرلە تۆ کەس ترسی وەبەر نەناون؛ بەشکوو بەڕێی ڕاست بزانن. (٤) ئەوخودایەی ئاسمانەکان و زەمین و ھەرچی لە ناو ئەو دووەدا بە شەش ڕۆژ وەدی ھێناوە؛ پاشان لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی خۆی دامەزراوە. غەیرەز ئەو، گەورە و تکاکارێکتان نییە. دەسا بۆ بیر ناکەنەوە؟ (٥) ھەرچی کارە لەم ئاسمان و زەمینەدا پێکی دێنێ و لە ڕۆژێکدا ھەڵدەکشێتەوە بۆ لای؛ کەبەپێی ژمارەی ئێوە ھەزار ساڵە. (٦) ئەوە زانا بە نادیار و دیاران و ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (٧) ئەو کەسێکە ھەموو شتی- بەوپەڕی ڕێکی و لەباری - دروس کرد و مرۆشی - لە سەرەتادا - لە ماکی قوڕ وەدی ھێنا. (٨) لەپاشان نەتەوەی ئەمی لەپاڵاوتەی چۆڕەئاوێکی کەم بایەخ وەدی ھێنا. (٩) ئەوسا ڕاستەوپاستەی کرد و لە گیانی خۆی فووی پێدا کرد؛ گوێچکە و چاو و دڵیشی داوە بە ئێوە. کەمتان شوکرانە بژێرن. (١٠) گوتیشیان: ئەگەر لە ناخی ھەردا گوم بووین، ئاخۆ دیسان دەژینەوە و لەنوێ دەبینەوە مرۆ؟ دیارە ئەوان لەڕووبەڕوو بوونەوەیان دەگەڵ پەروەرندەی خۆیان حاشا دەکەن. (١١) بێژە: ئەو فرشتەی پێمێرد - کە ئێوەی دراوەتە دەست - دەومرێنێ و پاشان دەبرێنەوە بۆ لای پەروەرندەو. (١٢) کاتێ تۆ تاوانبارەکان بە سەرشۆڕی ببینیەوە، کە لای پەروەرندەیانن: ئەی پەروەرندەی گلامان! دیتمان و بیستمان و تەواو باوەڕمان ھێناوە؛ سا تۆ بمانگەڕێنەوە؛ ئەمجارە کاری چاک دەکەین. (١٣) ئەگەر حەزمان بکردایە، ھەموو کەسمان بەرەوخۆ شارەزا دەکرد؛ بەڵام من بەڵێنم داوە کە جەھەندەم - لەخێڵی جنۆکەو مرۆ - تژی دەکەم. (١٤) دەبچێژن! لە بیرتان چوو کە تووشی ئەم ڕۆژە دەبن؛ ئێمەش ئێوە لە بیر دەکەین و لە سۆنگەی ئەو کارانەدا دەتان کرد، تا سەر ھەر ئازار بچێژن. (١٥) ھەر ئەوانە بەن یشانەکانی ئێمە بڕوا دەکەن، کە ھەرگا ئەو نیشانەگەلیانە وەبیر بھێننەوە، خۆ دەخەنە سەر سوژدەوە و بەسوپاسەوە پەسنی پاکی پەروەرندەی خۆیان ئەدەن و خۆیان بە زل نازانن؛ (١٦) برکیان لە پێ خەفەکانیان جاڕز دەبێ و بە ترس و بە ھومێدەوە ھانا وەبەر پەروەرندەی خۆ دەبەن و، لەو بژیوەی پێمان داون خێرێ دەکەن. (١٧) کەس نازانێ لە بارتەقای ئەوکارانەی کردوویانە چ پاداشێکی چاوڕۆشنەوکەریان بۆ تاقەت کراوە. (١٨) چۆن کەسێ بڕوای ھێناوە، وەک ئەوەیە کە لەڕای خودا لای داوە؟ وەک یەکترنین. (١٩) بەڵام ئەوانەی وا خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بووگن، لە پاداشی ئەو کارانەی کردوویانە، ئەنوایان لە دوڕباغاتە. (٢٠) ئەوکەسانەش کە لە ڕێگە لایانداوە، بڵێسەی ئاگر شوێنیانە و تا بخوازن لێی دەربچن، دەیانھێننەوە ناو ئاگر. پێشیان ئێژن: دەبچێژن ژانی بە ئاگر سووتانێ، کە ئێوە بە درۆتان زانی. (٢١) بێ گومانە ئێمە بە جگە ئازارە ھەرە گەورەکە، ئازاری ئەم دنیایەشیان پێ دەچێژین؛ شایەتا بگەڕێنەوە. (٢٢) کێ لەوکەسە ناھەقترە، کە نیشانەکانی پەروەرندەی وەبیر بھێننەوە، پاشان وازی لێ بھێنێ؟ تۆڵە لەو تاوانبارانە دەکەینەوە. (٢٣) کتێبمان بەمووساش داوە؛ کردیشمانە ڕێ نیشاندەر بۆ زاروزێچی ئیسڕائیل. سا تۆش لە ڕووبەڕوو بوونی ئەم [قورئانە] بێ گومان بە. (٢٤) لەوانیشدا چەند کەسێکمان کردە ڕێبەر، کە ھەر بە فەرمانی خۆمان ڕێنوێنی مەردم بکەن؛ چونکە توانی خۆڕاگرتنیان تێدابوو؛ بە تەواوی باوەڕیشیان بە نیشانانمان ھێنا بوو. (٢٥) دیاریشە پەروەرندەی تۆ - ڕۆژی سەڵا - خۆی بەو کارانە ڕادەگا کە ئەوانە لەسەریان پێک نەدەھاتن. (٢٦) ئەو چەندین بەرەی مرۆیەی کە لە ناو ماڵەکانیاندا دەخولانەوە و ئێمە ھەموومان قڕ کردن، ئاخۆ ڕاستەقینەی بۆ ئەوان دەرخست؟ لەمەدا زۆر نیشانە ھەن، مەر نابیسن؟ ! (٢٧) ئاخۆ ئەمانە نابینن کە ئێمە بۆ زەوی قاقڕ ئاو دەنێرین، ڕووەکی وای پێ شین دەکەین، تێرەخۆرەی خۆیان و ماڵاتیشیانە؟ مەر نابینن؟ ! (٢٨) ئێژن: ئەگەر قسەو ڕاستە، ئەو سەرکەوتنە کەی دەبێ؟ (٢٩) بێژە: ڕۆژی سەرکەوتنێ، خوانەناسان بڕواکەیان قازانجێکی بۆیان نابێ؛ ھیچ مۆڵەتیشیان نادرێ. (٣٠) سا تۆ واز لەوانە بێنە و چاوەنۆڕ بە؛ ئەوانیشە چاوەنۆڕن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەحزاب وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی پێغەمبەر! تۆ ترست ھەر لە خودا بێ و مەچۆ سەر قسەی ئەوانەی خوا ناناسن و ئەوانەی دووڕوویی دەکەن. خودا زانا و لە کارزانە. (٢) ھەر ئەو فەرمانە پێک بێنە، کە لجەم پەروەرێنەوە بۆت دێتە خوار. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە. (٣) ھەرخۆت بە خودا بسپێرە، خوا بریکارت بێ، بەسە. (٤) خوا بۆ ھەناوی ھیچ پیاوێ، جووتێ دڵی دانەناوە. ژنانیشتان کە بانگ دەکەن: «ئەتۆ وەکوو دایکی خۆمی» نەیکردوون بە دایکی ئێوە. ئەو زڕکوڕەکانیشتانی نەکردۆتە کوڕی ئێوە و ئەمە ھەر قسەی خۆتانە و ھەر لە زاری خۆتانەوە داکەوتووە. خودا ئەوی ڕاستە دەیڵێ و ھەر خۆی ڕێگە نیشان دەدا. (٥) ھەر بە ناوی باوکی خۆیان بانگیان بکەن؛ وا لە بارترە لای خودا. ئەگەر بابیشیان ناناسن، برای دینی و دۆستی ئێوەن. ئەگەر پێشووش لەمەدا بە ھەڵەچوبن، گوناھێکتان لەسەر نابێ. بەڵام ئەگەر لە دڵەوە و بە ئانقەس بێ، [بەرپرس ئەبن]. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٦) پێغەمبەر بۆ موسوڵمانان لە خۆیانیش فەڕزترە و؛ ژنەکانی پێغەمبەریش دایکی موسوڵمانەکانن. وەک لە نوسراوی خوادایە، خوێش و خزمان [بۆ میرات بردن لە یەکتر] شیاوترن لەوانەی خاوەن باوەڕن و لەوانەش کە ئاوارە بوون؛ جا مەگین ھەر بتانەوێ چاکە دەگەڵ یەکێ لەدۆستانوو بکەن. ئەمەش لەنووسراوەکەدا خەت دراوە. (٧) [بێننەوە بیر] ئەوێ کاتێ کە پەیمانمان لە پێغەمبەرەکان ئەستاند. لەتۆ و نووح و ئیبڕاھیم و مووسا و عیسای کوڕی مەریەم و لە ھەموویان پەیمانی زۆر پتەومان ساند. (٨) تا لە ڕاستان - سەبارەت بە ڕاستیەکەیان - پرسیار بکا؛ بۆ خودانەناسەکانیش ئازارێکی زۆر بەژانی ساز کردووە. (٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە بیر مەکەن چۆن چاکەیەک خودا دەربارەی ئێوەی کرد؛ لەشکرگەلێکتان ھاتە سەر؛ ئێمە بامان وێڕای چەند لەشکر بۆ ناردن؛ کە ئێوە نەتان دەدیتن. ھەرچی ئێوە دەیکەن، خودا باش دەیبینێ. (١٠) لەو دەمەدا کە لە ژوور و لە ژێرەوە بۆتان ھاتن، چاوتان ڕەشکەوپێشکەی دەکرد؛ [دڵتان وەتەپەتەپ کەوت و] گەییشتە قوڕقوڕاگەتان؛ زۆر خەیاڵی جۆراوجۆرتان لە خودا بە دڵدا دەھات. (١١) لەوشوێنەدا ئەزموونی خاوەن باوەڕان ھاتەگۆڕێ و بە لەرزینێکی زۆر بە ھێز، دڵی ھەمووان کەوتە لەرزە. (١٢) لەو عانەشدا ئەو کەسانەی دووڕوو بوون و ئەوانەش کە دەغەزێکیان لەدڵدا بوو، ھەر دەیانگوت: ئەوبەڵێنەی خودا و پێغەمبەر دەیاندا ھەر بۆ فریوی ئێمە بوو. (١٣) ھێندێک لەوان گازی دەکرد: ئەی دانیشتوانی مەدینە! ئێرە جێگای ئێوە نییە، دەی وەگەڕێن. ھێندێکیشیان دەھاتن ئیزنیان لە پێغەمبەر دەخواست: کەسمان لەسەر ماڵەکانمان دانەناوە ئاگای لێ بێ. ماڵیان بێ پارێزگار نەبوو، ھەر نیازی ڕاکردنیان بوو. (١٤) ئەگەر دەوری ماڵەکانیان لێ گیرابا و بیان گوتایە: لە دین پەژیوان ببنەوە؛ ھێندە زۆری نەدەخایاند، لە دین پاشگەز دەبوونەوە. (١٥) ئەوان پێشتر پەیمانیان دابوو بە خودا، کە لەبەر دوژمن نابەزن؛ دیارە پەیمان بە خودادان لێ پرسینەوەشی ھەیە. (١٦) بێژە: ڕاکردن لەمردن یان لە کوشتن، ھیچ دادێکی ئێوە نادا؛ ئەوساکەش ھەر کەمێکی تر لە دنیادا ڕایدەبوێرن. (١٧) بێژە: گەر خودا بخوازێ بەڵایەکتان بەسەر بێنێ، یان چاکە و دەربارە بکا، کێ دەستی وەبەردەھێنێ و دەوپارێزێ؟ غەیرەز خودا نە سەروەریان دەس دەکەوێ و نە کەس یاریدەیان دەدا. (١٨) دیارە خودا خۆی دەزانێ چ کەسانێ لەنگۆ دەبوونە لەمپەر و کێش بوون دەنگی براکانی خۆیان دەدا: «وەرنە لامان». کەمتریشیان لەم شەڕەدا بەشدار دەبوون. (١٩) لەحاند ئێوە چاوچنۆکن؛ ھەرگا ترسێ دێتەپێشێ، دەیانبینی ھەر زەق لە تۆ دەڕوانن و چاویان سپی ھەڵدەگەڕێ؛ وەک یەکێ لە ترسی مردن بێ ھۆش بوو بێ. وەختێ ترسیش بەسەر دەچێ، گەزارەتان لێ دەکێشن؛ دەست بەزمان شڕی دەکەن و چاونەزێری تاڵانەکەن. ئەوانە ھەرگیز باوەڕیان نەھێناوە؛ ھەموو کاریان لای خودا بە فیڕۆچووە و ئەمەش لای خودا ھاسانە. (٢٠) وا ئەزانن کە دوژمنە ھاودەسەکان نەڕۆیشتوون. خۆ ئەگەریش ئەو ھاودەسانە بێنەوە، ئەمانە ئاوات ئەخوازن وەل عارەوە چۆڵنشینەکاندا بان و ھەر دەنگوباسی ئێوەیان بپرسیبا. ئەگەر لە ناوتانیش مابان - کەمیان نەبێ - لە شەڕدا بەشدار نەدەبوون. (٢١) بێ سۆ پێغەمبەری خودا سەرمەشقی چاکە بۆ ئێوە و بۆ ھەر کەسێ کە بە خودا و ڕۆژی سەڵا ھیوادارە و ھەر خەریکی یادی خوایە. (٢٢) کاتێ کە خاوەن باوەڕان چاویان کەوتە ئەو دوژمنە ھاودەسانە، گوتیان: ئەمە ھەر ھەمانە کە خودا و پێغەمبەرەکەی بەڵێنیان بە ئێمە داوە و ھەر بەڵێنێ خودا و پێغەمبەری بیدەن، ڕاست دەردەچێ و ئیتر بڕوا و ھەستی فەرمان بردنیان پتر گەشەی کرد. (٢٣) پیاوی وا ھەن لە ناو خاوەن باوەڕاندا، ئەو پەیمانی بەخوایان دا، پێکیان ھێنا؛ جا لەوانە ھەیانە گیانی بەخشیوە و ھێندێکیشیان چاوەنۆڕن و تۆزقاڵێکیش [سۆزی خۆیان] نەگۆڕیوە. (٢٤) تاکوو خودا چاکەی ئەوکەسانەی ڕاست بوون بداتەوە؛ ئەوکەسانەش کە دووڕوو بوون - گەر حەز بکا - ئازاریان دا، یان تۆبەیان لێ قبووڵ کا. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢٥) خودا دین دوژمنەکانی - وێڕای ئەو ڕکەی کە بوویان - کشاندەوە و ھیچ بەھرەشیان دەس نەکەوت. لە جەنگدا خاوەن باوەڕان خودایان لایە، بەسیانە. خوا توانای بە دەستەڵاتە. (٢٦) ئەھلی کتێبیش، ئەوانەی پشتیوانی دوژمنان بوون، لە قەڵای ھێنانە خوارێ و ترسی خستە دڵیانەوە و ھێندێ لەوان بە دەستی ئێوە کوژران و ھێندێکیشتان بە دیل گرتن. (٢٧) زەوییەکان و خانووەکان و سامانیان و ئەو زەمینەش کە پاتان پێدا نەنابوو، خودا گشتی دابە ئێوە. خودا توانای بەسەر ھەموو شتدا ھەیە. (٢٨) ئەی پێغەمبەر! ژنەکانی خۆت بدوێنە: ئەگەر ژین و زەمبەری دنیاتان دەوێ، دەسا وەرن تا ھەقی خۆتان بدەمێ و بە بێ گازندە و بە خۆشی ڕاھیتان کەم. (٢٩) ئەگەریش خوا و پێغەمبەر و ماڵی دواڕۆژتان گەرەکە، خودا بۆ کارچاکەکانتان پاداشی گەورەی داناوە. (٣٠) ئەی ھاوسەرانی پێغەمبەر! ھەر کەس لەنگۆ خراپەیەکی ئاشکرای لێ ڕووبدا، دووسەرە جەزرەبەی دەدرێ؛ ئەمەش لای خودا ھاسانە. (٣١) ھەرکامیشتان بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بێ و ئاکارچاک بێ، پاداشەکەی بەدووچەندان پێ دەدەین و بژیوێکی ھەرە باشمان بۆ داناوە. (٣٢) ئەی ھاوسەرانی پێغەمبەر! ئێوە وەک ژنانی تر نین؛ ئەگەر خۆتان ئەپارێزن، زۆر بە خاوی قسە مەکەن؛ نەوەک کەسێ غەرەزێکی لە دڵدا بێ، قرمی خۆش کا؛ ھەر چۆن پەسندە بپەیڤن. (٣٣) لە ماڵ خۆتان دەرمەکەون و وەک دەورانی زەمانی نەزانی پێشوو، خەمڵی خۆتان نیشان مەدەن. نوێژبکەن و زەکات بدەن؛ لە فەرمانی خودا و پێغەمبەر دەرمەچن. ئێوە کە خەڵکی ئەم ماڵەن، خوا گەرەکیە چەپەڵیتان لەسەر لابا و پاک و خاوێنتان ڕاگرێ. (٣٤) ھەرچی لە نیشانانی خوا و لە کارزانی لە ماڵتاندا بۆ ئێوە دەخوێنرێتەوە، فێری بن و بیڵێنەوە. خوا ھەموو شتی لێ دیارە و ئاگادارە. (٣٥) پیاگ و ژنی موسوڵمان و مێر و پیرەکی بەباوەڕ، پیاگ و ژنی فەرمانبەر و پیاو و ژنی قسەڕاست و پیاو و ژنێ بێ فیز و خۆبەزل نەزان، پیاو و ژنی سەدەقەدەر و پیاو و ژنی ڕۆچەوان و پیاو و ژنی نامووس پارێز و ژن و پیاوێ کە زۆر یادی خودا دەکەن، لە خوداوە لێخۆشبوون و پاداشێکی گەورەیان بۆ داندراوە. (٣٦) ئەگەر خوا و پێغەمبەرەکەی فەرمانیان بە ھەر کارێک دا، ھیچ پیاوێک و ھیچ ژنێکی خاوەن باوەڕ ناتوانن پەسندی نەکەن. ھەر کەسێکیش لە فەرمانی خودا و پێغەمبەری دەرچێ، ڕێگەی زۆر ھەڵە کردووە. (٣٧) ئەوسا ئەوی خودا چاکەی دەگەڵ کرد و تۆش چاکەت دەگەڵ کردووە، تۆ پێت ئەوت: دەس لەژنێ خۆ بەرمەدە و دەبێ لە خودا بترسی. شتێکیشت لە دڵی خۆدا دەشاردەوە، کە خوا ھەر ئاشکرای دەکرد. ھەر لە مەردمیش دەترسای؛ کەچی خودا شیاوتر بوو لێ بترسی. جا کاتێ زەید لە ھاوجووتەکەی خۆی بە ئارەزوو گەییشت، ئەومان کردە ھاوجووتی تۆ؛ ھەتا خاوەن باوەڕەکان لە خواستنی ژنی زڕکوڕانی خۆیان - لە دوای ئەوە تەڵاقیان دان - لۆمە نەکرێن، ھەرفەرمانێ خودا بیدا، دەبێ پێک بێ. (٣٨) بۆ پێغەمبەر قەیدی نییە کارێک بکا کە خوا بۆی بڕیاری داوە. ڕەفتاری خودا دەگەڵ پێغەمبەرانی ڕابردوشدا ھەروا بووە. خوا بە ھەرچی فەرمان بدا - بێ زیاد و کەم - دەبێ بکرێ. (٣٩) ئەو کەسانەی ھەر فەرمانەکانی خودا دەگەیێنن و لەو دەترسن؛ غەیرەز خوداش لە ھیچ کەسی تر ناترسن. خودا حەسێبگەر بێ، بەسە. (٤٠) محەممەد بابی ھیچ پیاوێک لە پیاوانی ئێوە نییە. بەڵام ڕاسپاردەی خوایە و ئاخری پێغەمبەرانە و خودا ھەموو شت دەزانێ. (٤١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! فرە یادی خوا بکەن [و لە یادی ئەو ڕامەوەستن]. (٤٢) ھەموو بەیانی ئێواران لە پاکی و بێ عەیبی خودا تاریف بکەن. (٤٣) ئەو کەسێکە دروود بۆ ئێوە دەنێرێ؛ ھەروەھاش فرشتەکانی؛ ھەتاوەکوو لە تاریکی دەرتانبێنێ و بەرەو ڕووناکیتان بەرێ. خودا بۆخاوەن باوەڕان دلۆڤانە. (٤٤) ئەوێ ڕۆژێ کەدێنەبەر بارەگای ئەو، وە سەلام بەخێریان دێنێ و پاداشێکی پڕبایەخی بۆداناون. (٤٥) ئەی پێغەمبەر! ئێمە بۆیە ناردومانی، شایەت و مزگێنی دەر و ترسێنەر بی. (٤٦) بە ئیزنی ئەو، خەڵک بۆ خوداپەرستی گازی بکەی و چرایەکی تیشکدەر بی. (٤٧) بەوانەی خاوەن باوەڕن مژدەش بدە، کە لە لای خواوە بە چاکەی زۆر گەورەوە ئەخوێنرێنەوە. (٤٨) ئەوی خودانەناسەکان و دوڕازەکان گەرەکیانە بیکەی، مەیکە؛ گوێ بە ئازاریشیان مەدە. ھەر خۆت بە خودا بسپێرەو خودا بریکار بێ بەسە. (٤٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر ژنی باوەڕدارتان مارەکرد و بەر لەوەی دەگەڵیان بنوون تەڵاقتان دان، نابێ تا ماوەیەکی دیاری کراو قەتیسیان کەن؛ بەشەکەی خۆیان بدەنێ و بە ڕووخۆشی ئازادیان کەن. (٥٠) ئەی پێغەمبەر! ئێمە ئەو ژنانەتمان بۆ ڕەوا دیوی، کە مارەییت پێگەیاندوون؛ ئەوانەش کە لە تاڵانێ دەس کەوتوون و خودا کردوونییە پشکی تۆ. ھەروەھا دۆت مامەکانت و دۆت پلکانت و دۆت خاڵانت و کیژەکانی خوشکی خاڵت، کە دەگەڵ تۆ ئاوارە بوون، بە تۆ دەشێن. ھەر ژنێکی باوەڕداریش - بەو مەرجە خۆی ببەخشێ بەپێغەمبەر و پێغەمبەریش گەرەکی بێ مارەی بکا - ئەمەش ھەر تایبەتی تۆیە؛ نەک بۆ باوەڕدارانی تر. ئێمە خۆمان زانیومانە کە دەربارەی ئەو ژنانەی بەوان ڕەوان و ئەوانەی دەبنە کەنیزیان، چلۆن بڕیارێکمان داوە، تا ھیچ گیروگرفتێک بۆ تۆ ڕوو نەدا. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٥١) تۆ سەرجێی ھەرکامیان وەدوا بخەی و کامیان بانگ بکەیە لای خۆت، کەیفی خۆتە. ژنی تەخسیر کراویشت ئاشت کەیەوە، گوناھێکت نایەتە سەر. ئەم کارە باشتر دەبێتە ھۆی ئەوە کە دڵخۆش بن و خەم نەخۆن و ھەموویان ڕازی بن بەوەی کە پێت داون. خودا دەزانێ ئێوە چیتان بە دڵدادێ. خودا زانا و لەسەرخۆیە. (٥٢) دوای ئەمانەی - کە خودا پێی ڕەوا دیوی - ژنانی ترت پێ ناشێن؛ بۆشت نییە ئەو ژنانەت بە ژنی تر بگۆڕیەوە؛ با دەلای و جوانییەکەشیان دڵی تۆی بۆ خۆی کێشابێ؛ مەگین ئەوانەی لە تاڵان بەرتۆ کەوتوون. خودا بە سەر ھەموو شتدا چاوەدێرە. (٥٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەماڵەکانی پێغەمبەر مەچنە ژوورێ، مەگین بۆ جەمێکی خواردن بان کرابن؛ ئەگەر چووشن، نابێ وەختێکی وابچن کە ئەو جەمە خۆراکە ئامادە نەبووە. ھەر کە ژەمە نانەکە و خوارد، بڵاوەکەن و خۆ بە قسەوە خەریک مەکەن. ئەم کارەتان پێغەمبەری ئازار دەدا و لەبەر ئێوە شەرم دەکا دەنگوبدا. خودا لە قسەی ڕاست گوتن شەرم ناکا. ھەر کاتێکیش داوای شتێک لەژنەکانی ناوماڵ دەکەن، لە پشت پەردەوە بخوازن؛ ئەم کارە لە دڵپاکی ئێوە و ئەوانیش نزیکترە. نابێ پێغەمبەری خودا لە ئێوە ئازار ببینێ؛ ناشبێ دوای ئەو - تاھەتایە - ژنەکانی مارە بکەن؛ کە ئەم کارە لە لای خودا گوناھێکی زۆر گەورەیە. (٥٤) ھەرشتێ ئاشکرای بکەن، یان وەیشێرن، خوا دەیزانێ. (٥٥) ئەگەر ژنان لە ڕووی باوک و کوڕانیان و برا و برازایەکان و خوشکەزاکانی خۆیان و لەدیتنی ئەوژنانەی کە لەسەر دینی خۆیانن و ھەروەھا کەنیزەکانیان ڕوونەپۆشن، قەیدی نییە. ئەشێ لە خودا بترسن، خودا بۆ خۆی لە ھەموو شت ئاگادارە. (٥٦) خودا و فرشتەکانی خوا، پەسنی پێغەمبەرێ دەدەن؛ ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! سا ئێوەش پەسنی بدەن و بەدڵ و گیان سڵاوی خودای لێ بکەن. (٥٧) ئەو کەسانەی خودا و پێغەمبەری خودا ئازار دەدەن، بەر نەحلەتی خودا کەوتوون، لە دنیاش و لە قیامەتێ، ئازاری پڕسووکایەتی بۆ داناون. (٥٨) کەسانێکی پیاو و ژنی خاوەن باوەڕ - بەبێ ئەوەی کارێکی خراپیان کردبێ - دەڕەنجێنن، بێ سۆ تووشی بوختان و تاوانێکی ئاشکرا بووگن. (٥٩) ئەی پێغەمبەر! ژنەکانت و کچەکانت و خێزانی خاوەن باوەڕان حاڵی بکە، با خۆیان بە چارشێوەکانیان داپۆشن؛ ئەم کارە باشتر دەبێتە ھۆی ئەوە کە بناسرێن و ئازار نەدرێن. خودا لە خەتا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٦٠) خۆ ئەگەر دوڕازەکان و ئەو کەسانەش غەرەزێکیان لە دڵدایە و ئەو کەسانەی لە ناو شاری مەدینەدا [لە دژی دین] دەنگۆ بڵاو دەکەنەوە، دەس ھەڵنەگرن، دەیانخەینە بەردەستی تۆ و لە ئاکامدا - بێجگە ماوەیەکی ھندک - لەو شارەدا ناتوانن ببن بە ھاوسات. (٦١) نەحلەت لەوانە کراوەو لە ھەر کوێکا وەگیر کەون، دەگیرێن و ھەر بە یەکجاری دەکوژرێن. (٦٢) شێوەی کاری خوا لە ناو پێشینەکانی ڕابردووشا ھەروا بووە و شێوەی کاروباری خودا گۆڕانی بەسەردا نایە. (٦٣) مەردم دەربارەی قیامەتت لێ دەپرسن؛ بێژە: ھەر خودا دەیزانێ. تۆ چووزانی؟ وێدەچێ بەم زووانەبێ. (٦٤) خودا نەحلەت لەو دین دوژمنانە دەکا و ئازاری لە جەھەندەمدا بۆ داناون. (٦٥) تاھەتا لەوێدا دەبن و کەسیش نابێ بەدۆست و یارمەتی دەریان. (٦٦) ئەوێ ڕۆژێ دەم وچاویان لە ئاگردا ئەم دیو ئەودیوی پێدەکرێ، ئێژن: خۆزی بەفەرمانی خوامان کربا و بەرفەرمانی پێغەمبەر باین. (٦٧) دەشڵێن: ئەی پەروەرندەمان! ئێمە وەدووی ئاغاکان و گەورەکانی خۆمان کەوتین؛ ئەوان ئێمەیان گومڕا کرد. (٦٨) ئەی پەروەرێنی ھەموومان! دووسەرە ئازاریان بدە و فرە بەنەحلەتیان بکە. (٦٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە وەک ئەوانە مەبن کە ئازاری مووسایان دا؛ ئەوسا خودا لەو بوختانەی بۆیان دەکرد، پاکانەی کرد؛ لای خوداش پیاوێ لەڕوو بوو. (٧٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەر لە خودا بترسن و قسەی ڕاست و پتەو بکەن؛ (٧١) تا خودا کاروو ڕاست بێنێ و لە گوناھتان ببوورێ. ھەر کەسێکی بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەری خوا بێ، بە سەرکەوتنێکی گەورە گەیشتووە. (٧٢) ئێمە ئەم ئامانەتییەمان لە بەرانبەر ئاسمانان و زەمین و ئەو ھەموو کێوانە ڕانا، ھیچیان دەخۆیان ڕانەدی بچنە ژێری و لێی دەترسان. پاشان مرۆ وەستۆی خۆی گرت، کە نەیزانی و سەبارەت بە خۆی غەدری کرد. (٧٣) ھەتا خودا پیاگ و ژنە دوڕازەکان و ئەوانەی شەریکان بۆ خوا دەناسن - نێرومێویان - ئازار بدا و پەژیوانی ھەموو کەسی باوەڕداریش - پیاو بن یان ژن - قبووڵ بکا. خودا لەگونا دەبوورێ و دلۆڤانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبەء وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) پەسن و سوپاس بۆ خودایێ کە ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەمیندان ھەر بۆ ئەوە و لەو دنیاش سپاس و پەسن ھەر لە خۆی دەوەشێتەوە. ھەر بۆ خۆشی لە کارزان و ئاگادارە. (٢) ھەرچی دەچێتە ناو زەوی و ھەرچی لە زەوی دەرکەوێ و ھەرچی لە عاسمان داکەوێ و ھەرچی لێیەوە سەرکەوێ، ئەو دەیزانێ و ھەر بۆ خۆشی دلۆڤانە و خەتابەخشە. (٣) ئەوانەی خودا ناناسن، گوتیان: ھەرگیز ڕۆژی سەڵا بۆ مە نایە. بێژە: سوێندم بەو خودایەی کەوا منی ڕاھێناوە و زانای ھەموو نھێنیەکە، بێ شک سەڵا و لێ ڕادەبێ. ھەرشتێکی بە قورسایی مێروولە وردیلەیەک بێ، یان لە وچوکتر یان مەزنتر لە نێوانی ئەم عاسمانانە و زەمیندان، تاقی لە لای ئەو گوم نابێ؛ گشتی لە ناو نووسراوەیەکی ڕوون کەرەوە ھەڵگیراوە. (٤) تا ھەرکێ خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بوون، پاداشیان بۆ دیاری بکا. بۆ ئەوانە لێ خۆشبوون و ڕسق و ڕۆزی پاکژ دەبێ. (٥) ئەوانەی کە تێدەکۆشن بە نیشانەکانی ئێمە باوەڕ نەکرێ و خۆیان لە ئێمە ببوێرن، بەشی ئەوان جەزرەبەدانێ بەژانە. (٦) ئەوکەسانەش کە لە زانین بەش دراون، سوور دەزانن ئەوی بۆ تۆ ناردراوە ڕاستە و ڕێگەی بەرەو خاوەن دەستەڵاتی پەسن دارو نیشان دەدا. (٧) خوانەناسەکانیش ئێژن: ئاخۆ ئێوە گەرەکتانە پیاوێکتان بۆ دەس نیشان کەین، پێتان ئێژێ: ئەگەر ئێسک و پرووسکیشتان بەرباد ببێ، سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە؟ (٨) ئاخۆ درۆی بە دەم خواوە ھەڵبەستووە، یان شێت بووە؟ نەخێر، ئەوان کە بڕوایان بەڕۆژی قیامەتێ نییە، لە ئازاردا دەتلێنەوە و زۆر لەڕێ دوورکەوتوونەوە. (٩) ئاخۆ ئەمان لە پێشەوە و پاشەوەی خۆیان نەڕوانی، لەم عاسمان و زەمینەدا؟ ئەگەر ئێمە بمانەوێ وا دەکەین زەمین قووتیاندا، یان چەند کوتێکی ئاسمانیان بەسەردا دەخەینەخوارێ. لەمەدا بەڵگەیەک ھەیە بۆ ھەر عەبدێ دەخوازێ بگەڕێتەوە. (١٠) ئێمە زێدە بەشێکمان دابوو بە داوود: ئەی کێوەکان و باڵداران! ئێوەش وەل ئەو پەسنی پاکی خودا بدەن. ئاسنیشمان بۆ نەرم کرد. (١١) کە تۆ باڵاپۆش لە ئاسن دروس بکە؛ گەوچن لە ئەندازەدا بن، با کارەکانتان ھێژا بن؛ خۆم کاری ئێوە دەبینم. (١٢) سولەیمانیش بامان بۆ کەوی کردبوو؛ تەنیا لە دانی بەیانی سی ڕۆژەڕێ و سەرلەنگۆرەش سی ڕۆژەڕێ ڕێگەی دەبڕی. بۆ ئەو، کانی مسیشمان تاواندبۆوە: چەند جنۆکەش - بەفەرمانی پەروەرندەی - لەبەر دەستی کاریان دەکرد، ھەرکێ لەوان خۆی بواردبا و لە فەرمانی مە دەرچووبا، ئێمە ئازاری ئاگرمان پێ دەچەشاند. (١٣) چی دەویست ئەوەیان دەکرد. ھەر لە کۆشک و تەلارەوە، تا کۆتەڵ و بۆتی زلی وێنەحەوز و چەندین تیانی دابەستراو. ئەی ماڵ و خێزانی داوود! شوکرێ بکەن؛ لە عەبدەکانم کەمتریان شوکرێ دەکەن. (١٤) لەوکاتەشدا کە مردنمان بۆ بڕیاردا، ئەگەر مۆرانە نەبوایە و دارعەساکەی نەخواردایە، کەس بە مەرگی نەدەزانی. کاتێ ڕەتی برد و کەوت، بۆ جنۆکەکان دەرکەوت، گەر پێواریان بزانیبا، لەم ئازارە پڕسووکایەتییە دەرچووبوون. (١٥) جێگا و شوێنی خەڵکی سەبا نموونە بوون؛ دوو ڕیزەباغ لە لای ڕاست و لای چەپەوە. لەم بژیوەی پەروەرندەتان پێداون، بە شوکرانەوە لێی بخۆن؛ وڵاتێکی ھێندە خۆش و پەروەرندەی وا خەتاپۆش! (١٦) نافەرمانی خودایان کرد؛ ئەوسا ئێمەش لافاوی ئاوی بەندیمان بەردا سەریان؛ لە جێی دوو ڕیزەباخەکان، میوەی داری دارسیواک و گەزیچار و کەمێ کنارمان بۆ ھێشتن. (١٧) ئەوان سپڵەی پێنەزان بوون، ئەم بەڵایەمان بۆ ناردن؛ ئاخۆ ئێمە بۆ کەسانێ سپڵە نەبن، ھیچ بەڵایان بەسەر دێنین؟ (١٨) لە ناو ئەوان و گوندانێ پیتی خۆمان تێخستبوون، چەند دێیەکمان لە پاڵ یەکتر ئاواکرد و مەودای نێوانیانمان بە ئەندازە دانا. دەسا بە شەوان و ڕۆژان - بەبێ ترس - بە ناویاندا دەرباز ببن. (١٩) گوتیان: ئەی پەروەرندەمان! مەودای مزڵ تا مزڵمان - لە سەفەردا - بۆ دوورتر کە؛ کە غەدرێک بوو لە خۆیان کرد. ئەوسا گشتمان وەھا لە یەکتر دابڕی، بوونە پەندی ڕووی زەمانە؛ کە ئەمەش چەند بەڵگەیەک بوو بۆ ھەموو خۆڕاگرێکی سوپاسگوزار. (٢٠) شەیتان دی کە گومانی سەبارەت بەوان وەڕاست گەڕا، شوێنی کەوتن؛ ھەردەستەیەک لە باوەڕدارەکانیان مان. (٢١) نەیدەتوانی شەیتان بەسەریاندا زاڵ بێ؛ تەنیا بۆیە بوو بزانین کێ بڕوای بەقیامەت ھەیە و کێش لەواندا لێی دوودڵە. پەروەرندەت لە ھەموو شت چاوەدێرە. (٢٢) بێژە: ئێوە ھاوار لەو شتانەی غەیرەز خودا بکەن کە بە خەیاڵ بە پەرستووتان دەزانین؛ ئەوانە سەنگی مێروولە وردیلەیەک، دەستیان ناڕوا و لە سازدانی ئەم عاسمانانە و زەمینە بەشیان نەبووە و یارمەتی خوایان نەداوە. (٢٣) تکاش لای ئەو بەھرەنادا؛ مەر بۆ کەسێک ئیزنی بدا. جا ئەو دەمەی ترسی دڵیان دادەمرکێ، پێیان ئێژن: پەروەرندەی ئێوە چی وت؟ ئێژن: ڕاستی و ھەر ئەویشە ھەرە پایەبەرزی مەزن. (٢٤) بێژە: ئەی کێ لە ئاسمانان و عەرزەوە بژیو بە ئێوە ئەگەینێ؟ بێژە: خودا؛ ئێمە و ئێوەش یان بەرەو خودا شارەزاین، یان ئاشکرا لە ڕێی خودا لامان داوە. (٢٥) بێژە: ھەر گوناحێ بیکەین، کەس لەنگۆ ناپرسێتەوە؛ ئێوەش ھەر کارێکی دەیکەن، کەس لە مە ناپرسێتەوە. (٢٦) تۆ بێژە: پەروەرندەمان لێکترمان کۆدەکاتەوە؛ پاشان ھەر چلۆنێ ڕاستە، ئاوا بە ناومان ڕادەگا. خۆی زانایە و ھەر ئەو بەکاران ڕادەگا. (٢٧) بێژە: ئەوانەم نیشاندەن کە بە شەریکتان زانی، ھەرگیز خوا شەریکی نەبووە؛ بەڵکوو ھەرخوا خۆی خاوەنی دەستەڵات و لە کارزانە. (٢٨) ئێمە تۆمان ھەر بۆیە نارد کە بۆ گش خەڵکی سەرزەمین مژدەدەر و ترسێنەر بی؛ بەڵام زۆربەی ئاپۆرەی مەردم نازانن. (٢٩) دەشڵێن: ئەگەر ئێوە ڕاستن، ئەم بەڵێنە کەی دێتە جێ؟ (٣٠) بێژە: ڕۆژێ کە بڕیارە لەوێدا بە یەکتر بگەن، نە تاوێکتان وەدوا دەخەن، نە تاوێکتان زووتر دەبەن. (٣١) خودانەناسەکان وتیان: ئێمە نە بەم قورعانە بڕوا دەکەین و نە بەوانە کە بەرلەو بەڕێ کراون. گەر تۆئەو ناھەق پیشانەت بدیتایە کە لە ھەمبەر پەروەرندەی خۆیانەوە ڕاگیراون، ھێندێ ئاوڕ وەھێندێکیان دەدەنەوە و دەئاخێون. ئەوانەی بێ دەستەڵات بوون، بەدەستەڵات دارەکانی خۆیان ئێژن: ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێمە بڕوامان دەھێنا. (٣٢) خاوەن دەستەڵاتەکانیش بە بێ دەستەڵاتان ئێژن: ئاخۆ ئێمە بووین نەمانھێشت ئێوە بەڕێی ڕاستا بڕۆن، پاش ئەوەی کە ڕێ نیشاندەرتان ھاتە لا؟ ھەر بۆ خۆتان تاوانبار بوون. (٣٣) ئەوسا بێ دەستەڵاتەکان لە وەرامی ئەوانەدا - کە خاوەن دەستەڵات بووگن - ئێژن: ئێوە بەشەووڕۆژ ھەر گەڕتان تێدەھاڵاندین کە دەبێ خوانەناسین و چەندین ھاوتای بۆ پەیدا کەین. کاتێ دیتیان بۆ ئازاردان، ئێمە خودانەناسەکان - زنجیر لە مل - ڕادەکێشینە پای حەساو، بەدڵ پەشیمان دەبنەوە. دیارە ھەر کەس ھەر بەرانبەر کردەوەی خۆی سزا دەدرێ. (٣٤) ھەتا ئێستا ھەر کەسێکمان لە پێغەمبەرانی خۆمان ناردۆتە ھەر ئاوەدانییەک، لە ئێمەیان بترسێنێ، ھەر ئەوانەی لەوپەڕی خۆشیدا ژیاون، گوتوویانە: بەو شتانەی ئێوە پێی ڕاسپێراون باوەڕ ناکەین. (٣٥) گوتووشیانە: ئێمە لەمەڕ ماڵی دنیا و عەولادەوە لە ئێوە پترمان ھەیە و ھەرگیز تووشی ئازار نابین. (٣٦) بێژە: ڕۆزی، پەروەرندەی من دەینێرێ؛ زۆر و کەمی بەستە بە مەیلی خۆیەتی؛ بەڵام زۆربەی ئەم خەڵکە ئەمە نازانن. (٣٧) سامانیش و عەولادی زۆر لەوانە نین لە ئێمە و نزیک کاتەوە، مەگین کەسێ بڕوای بە ئێمە ھێنابێ و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا؛ کە لە بەرانبەر کردەیان دووسەرە پاداش ئەگرن و بێ دەغدەغە لە ئۆدەکانی بەھەشتا دەسێنەوە. (٣٨) ئەوکەسانەش کە بۆ بێ بایەخ کردنی نیشانەکانی ئێمە کۆشش دەکەن و دەیانەوێ بە دەس ئێمەوە دەربچن، ئەشێ لە ناو جەزرەبەدا بتلێنەوە. (٣٩) تۆ بێژە: پەروەرندەی من بژیوی عەبدانی دەدا، زۆر و کەمی بەستە بە مەیلی خۆیەتی و ھەرچی لێشی بەخێر بدەن، بۆتان تێھەڵدێنێتەوە و چاکترین ڕۆزی دەر ئەوە. (٤٠) لەوڕۆژەدا کە ھەموان کۆدەکاتەوە، ئەوسا بەفریشتان ئێژێ: ئاخۆ ئەمانە ئێوەیان پەرستوە؟ (٤١) ئێژن: ھەرتۆی ھیچ کەمایەسییەکت نەبێ؛ ھەرخۆت گەورەی ھەموومانی؛ ئێمە ئەوانە ناناسین؛ بەڵکوو ئەوان جندۆکەیان دەپەرست و بەشی زۆریان باوەڕیان بەمان ھێنابوو. (٤٢) جا ئەو ڕۆژە ئێوە دەربارەی یەکتری نە ھیچ بەھرەیەکتان ھەیە و نە ھیچ زیانێک. بەوانەش کە غەدریان کردووە، ئێژین: بچێژن ئازاری ئاگر، کە بە درۆتان دەزانی. (٤٣) کە نیشانەی ئاشکرامان بۆ ئەوان دەخوێنرایەوە، ھەر دەیانگوت: ببێ و نەبێ ئەم پیاوە گەرەکیەتی لەو شتانەی باب و کاڵتان دەیانپەرست پێشیان بگرێ؛ گوتیشیان ئەمە درۆیە و ڕێکخراوە. ئەو کەسانەی کە خودایان نەناسیوە، وەختێ ئەم ڕاستەیان بۆھات، وتیان: ئەمە - ببێ و نەبێ - جادوێکی ئاشکرایە. (٤٤) ئێمە کتێبگەلێکیشمان نەدابوونێ بیانخوێنن؛ بەرلە تۆش ھیچ پێغەمبەرمان بۆ نەناردوون کە ترسێکیان وەبەربێنێ. (٤٥) پێشینەکانی ئەمانەش - وەک ئەمانە - بێ باوەڕ بوون؛ دەیەکی ئەو شتانەشیان پێ نەگەیوە کە ئەوسا بەوانمان دابوو و بەڵێ، حاشایان کرد لە پێغەمبەرانم. سا من چۆن دەردێکم پێدان! (٤٦) بێژە: من ھەر ئامۆژگاریەکتان دەکەم: لەبەر خودا یەکەیەکە و دوان دوان ڕاوەستن و پێکەوە بیر کەنەوە؛ ھەواڵەکەتان ھیچ شێتی تێدا نییە؛ ئەو ھەر تەنیا گەرەکیەتی لە ھاتنی ئازارێکی زۆر بە ژانتان بترسێنێ. (٤٧) بێژە: من ھیچ پاداشێکم لێتان ناوێ؛ ئەوی دەبوو بیدەن بە منیش بۆ خۆتان، پاداشی من لەسەر خوایە و ھەر ئەو - بۆ خۆی - لە ھەمووشت ئاگادارە. (٤٨) بێژە: بێ سۆ پەروەرندەم ھەق دەنێرێ. [ھەر بۆ خۆشی] چازانی نھێنیەکانە. (٤٩) بێژە: ڕاستی جێی پڕوپوچی گرتووە و چروک ھیچ باوێکی نەما و تازە قەت ناگەڕێتەوە. (٥٠) بێژە: ئەگەر لە رێگەی ڕاست کلا بووبم، وەباڵی دێتە ئەستۆی خۆم؛ ئەگەر شارەزاش بووبێتم، ھۆیەکەی ئەو فەرمانەیە کە پەروەرندەم بۆی ناردووم؛ ئەوە دەبیسێ و نزیکە. (٥١) بریا [ئەوانەت] بدیبا، وەختێ ترسیان ڕێ نیشتووە و ھیچ دەرەتانێکیان نییە و لە پەناوە دەگیر ھاتوون. (٥٢) ئەوسا ئێژن: ئەوا باوەڕمان پێ ھێنا. کەی تازە لەو جێ دوورەوە بەوە ڕادەگەن؟ (٥٣) کە دەپێشدا باوەڕیان پێ نەھێناوە و لە دوورەوە و - لە نەدیتە - ھەر بوختانیان بۆ دەھاویشت. (٥٤) ئەوانە دوور دەخرێنەوە لەوەی وا ئارەزووی دەکەن؛ ھەروا کە ھاوڕێیەکانیان - بەرلە ئەوان - بەو دەردە چوون. ئەوان تووشی گومانێکی زۆر دژوار بوون. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فاتیر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) شوکرانە ھەر بۆ خودایە کە عاسمانان و زەمینی داھێناوە و فریشتانی دوو باڵ و سێ باڵ و چوار باڵی کردووتە ڕاسپاردە. ھەر چۆنی بۆ خۆی حەز بکا، لە بەرھەمی زێدە دەکا. خودا لەسەر ھەموو شتێک توانای ھەیە. (٢) ھەرگا خودا دەروی خێرێ لە ڕووی مەردم بکاتەوە، کەس ناتوانێ گاڵەی بدا و، ئەگەر ئەویش گاڵەی بدا - بەدەر لە خۆی - کەس ناتوانێ بیکاتەوە. ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لە کارزانە. (٣) ئەی خەڵکینە! لە بیرتان بێ خودا چەندی چاکە لەسەر ئێوە ھەیە؛ ئاخۆ غەیرەز خودا، وەدی ھێنێک ھەیە کە لە ئەزمان و زەوینا بژیوی ئێوە دابین کا؟ بە غەیرەز خۆی ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ چلۆن لە ڕێ کلا دەکرێن؟ (٤) ئەگەر بە تۆ بڕوا ناکەن، پێغەمبەرانی بەرلە تۆش ھەر بە درۆزن دانران. ھەموو کاریش ھەر بۆ لای خوا دەبرێنەوە. (٥) ئەی خەڵکینە! بێ سۆ بەڵێنی خوا ڕاستە؛ ژیانی دنیا نەکا بتانخەڵەتێنێ و نەکا شەیتان بە بەخشەندەیی خوداتان فریو بدا. (٦) شەیتان دوژمنی ئێوەیە، سا ئێوەش ببنە دوژمنی؛ ئەو ھەر بۆیە دارودەستەی گازی دەکا، تا لە یارانی ئاگر بن. (٧) ئەوانەی خودانەناس بوون، ئازارێکی توندیان دەبێ. ئەوی باوەڕیشیان ھێنا و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد، لە گوناھ عافوو دەکرێن و پاداشی ھێژایان ھەیە. (٨) ئاخۆ کەسێ خراپەی بۆجوان کراوە و بۆ خۆی پەسندی کردووە [وەکوو کەسێکە وا نەبێ؟ ] خوا حەز بکا، ھەر کەسێ گومڕا دەکات و حەزیش بکا، شارەزای بەرەو خۆی دەکا. نەکا لەبەر خەمی ئەوان، تێدا بچی؛ خوا دەزانێ ئەوانە چ کارێک دەکەن. (٩) ھەر خودایە ئەو بایانە بەڕێ دەکا و ئەوانیش ھەور دەبزوێنن؛ ئەوسا ھەور دەئاژوێن بەرەو سەرزەمینێکی مردوو؛ زەوی مردوو بەوە زیندوودەکەینەوە؛ وەژیاندنی پاشەڕۆژیش ھەر ئاوایە. (١٠) کەسێ قەدر و ڕێزی دەوێ، ڕێز و قەدر گشتی لە دەست خودادایە. وتەی باش ھەر بەرەو ئەو بەرەژوور دەچێ و ئاکاری چاکیش ھەر بەرزی دەکاتەوە. ئەو کەسانەش کە فێڵ بۆ خراپە دەکەن، بە توندی سزا دەدرێن و فێڵەکانیان بە ھیچ دەچێ. (١١) خودا ئێوەی ھەوەڵ لە گڵ، پاشانیش لە تنۆکەیەک وەدی ھێنا؛ پاشان جووتەی لێ پێک ھێنان. چی لە تۆلی مێوینەدا و ھەرچی لە مێوینە دەزێ، ئەو دەیزانێ. کێ عومری درێژی دەبێ و کێ تەمەنی کورتی دەبێ، ھەموو لەدەفتەر نووسراوە؛ ئەمە بۆ خودا ھاسانە. (١٢) دوو دەریا ھەن وەکوو یەک نین: ئەم شیرینە و تینووایەتی ئەشکێنێت و ڤەخارنی گۆارایە، ئەو شۆرێکی تاڵ و تفتە؛ لە ھەرکانیش گۆشتی تازە بۆ خارنێ پەیدا دەکەن؛ زەمبەریشیان دەقەڵێشن تا ئێوە لە سایەی ئەودا ڕۆزی بۆ خۆ پەیدا کەن و شوکرانەی لەسەر ببژێرن. (١٣) شەو دەخاتە ناو ڕۆژەوە و ڕۆژیش دەشەوێ ڕادەکا؛ خۆر و ھەیڤیشی کەوی کرد؛ ھەرکامی تا کاتی دیاردە دێن و دەچن. ئێوەی پەروەردە کردووە و پادشاھیش ھەر لە ئەو دەوەشێتەوە. ئەو شتانەی - غەیرەز خودا - ئێوە ھانایان پێدەبەن، تەنانەتی تۆخڵی تەنکی دەنکی خورمایە شک نابەن. (١٤) گەر ھاواریشیان بۆبەرن، ھاوارەکەتان نابیسن؛ بیشی بیسن، ناشێن بە دەنگتانەوە بێن؛ ڕۆژی سەڵاش حاشا دەکەن کە ئێوە پەرستووتانن. غەیرەز خودا - کە ھەموو شتێک دەزانێ - کەس ناتانێ [لەوانە] ئاگادارت کا. (١٥) ئەی خەڵکینە! ئێوە بە خودا ئاتاجن؛ ھەر خودایە بێ نیازە و ھێژایە پەسندی بدرێ. (١٦) ئەگەر حەزکا، ھەمووتان لە بەین دەبات و سەرلە نوێ، دەستەیەکی تر پەیدا دەکا؛ (١٧) ئەمەش لای خوا دژوار نیە. (١٨) ھیچ کەس باری گوناھی کەس وەستۆ ناگرێ. ئەگەر بێتوو گران بارێک لەبەر یەکی تر وەپاڕێ: شان بداتە بەر بارەکەی - با خزمی نزیکیشی بێ - خۆ ناخاتە ژێر باری ئەو. تۆ ھەر ئەوەندەت لەسەرە ئەو کەسانە بترسێنی کە نەدیتە لە پەروەرندەکەی خۆیان دەترسن و نمێژ دەکەن. کێش دەیەوێ بەپاکژی بژی، ھەر خۆی لەو پاکییە بەھرە دەبا و چارەنووسی ھەموو شیان ھەر لای خودایە. (١٩) کوێر و چاوساغ وەکوو یەک نین. (٢٠) تاریکایی و ڕووناکاییش وەکوو یەک نین. (٢١) بەرسێبەر و گەرمای تاویش وەکوو یەک نین. (٢٢) گیان لەبەران و بێ گیانیش ھاووێنە نین. خودا حەز کا، وا دەکا ھەرکەس ببیسێ. تۆ ناتانی دەنگت بەوانە ڕابگا کە خراونە ناو گۆڕەوە. (٢٣) تۆ ھەر ئەوەندەت لەسەرە ترس وەبەر خەڵکی بێنی. (٢٤) ئێمە بەڕاستی تۆمان نارد مژدەدەر و ترسێنەر بی. ھیچ کۆمەڵتەیەکیش نەبووە کە ترس وەبەرھێنەریان بۆ نەچووبێ. (٢٥) گەر ئەمانە تۆ وەدرۆ دەخەنەوە، پێشینەکانی ئەمانەش پێغەمبەرانی خۆیانیان ھەر بە درۆزن ژمێرا؛ گەرچی ئەوان بەنیشانەگەل پتەو و بەسیپارە و کتێبی ڕووناکی دەرەوە ھاتنە لایان. (٢٦) ئەوسا خودانەناسانم بە غەزەب گرت. دەسا سزای من چلۆن بوو؟ (٢٧) ئاخۆ نەت دی، خودا ئاوی لەو بەرزەوە باراندووە، میوەجاتی ھەمەڕەنگەمان پێ ڕوواند؟ لە کێوانیش ڕێگەوبانی سپی و سووری جۆراوجۆری بەڕەنگ جیای وەدی ھێنان؟ ڕەشی وەک قەلەڕەشەشیان تێدا ھەیە. (٢٨) لە مەردم و جانەوەر و پاتاڵیشدا، ھەر وەھایە؛ ڕەنگیان لە یەکتر جودایە. لە ناو عەبدانی خودادا ھەر ئەوانەی فرەزانان لێی دەترسن. خودا خاوەن دەستەڵاتی خەتا پۆشە. (٢٩) ئەو کەسانەی کتێبی خوا دەخوێننەوە و نوێژ دەکەن و لەو بژیوەی پێمان داون - بەنھێنی و بە ئاشکرایی - خێر دەکەن، بە ھومێدی سەودایەکن ھەرگیز لە برەو ناکەوێ. (٣٠) تا بەرانبەر بە کۆششیان پاداشی خۆیان پێ بدا و لە چاکەی خۆی زێدەشیان بۆ وەسەر بخا. بێ گومانە ئەو خەتاپۆش و پێ زانە. (٣١) ھەرچی لە ناو ئەم کتێبە بە تۆمان ڕاگەیاندووە، ڕاستە و بڕوای بەو کتێبانەش ھەیە کە لە خوداوە ناردراون. خودا لە عەبدەکانی خۆی ئاگادار و چاوەدێرە. (٣٢) جا ئەوسا ئەم کتێبەمان کردە میرات بۆ ئەو عەبدانەمان کە ھەڵمان بژاردن. لە ناو ئەوانیشدا کەسانێک ھەن غەدرێ لە خۆ دەکەن؛ بڕێکیشیان مام ناونجین. ھەر لەوانیش کەسانێک ھەن - بە ئیزنی خوا - سەبارەت بەکاری چاکە پێشەبڕێ لە ھەواڵان دەبڕنەوە؛ کە ئەمە زێدە بەشێکی زۆر ھێژایە. (٣٣) دەچنەناوباغاتێکەوە کە نافەوتێن؛ لەوێ دەیانڕازێننەوە و بازووبەندیان لە زێر و مرواری دەبێ و پۆشاکیشیان لەوێدا لە ھەڤرەمیشە. (٣٤) ئەوسا ئێژن: شوکرانە بۆ ئەو خودایەی کە سەری لە سەر نەھێشتین؛ بەڕاستی پەروەرندەمان زۆر خەتاپۆش و پێ زانە. (٣٥) ئەوخودایە لەچاکەی خۆی ئێمەی لە ماڵی ھەرماندا نیشتەجێ کرد. نە ڕەنجێ لێرا دەکێشین، نە تووشی ماندوویی دەبین. (٣٦) بۆ ئەوانەش کە لە خودا حاشایان کرد، ئاگری جەھەندەم ھەیە؛ نە ڕێی مردنیان پێدەدەن، نە جەزرەبەی دۆژەھیان لە سەر سووک دەکرێ. ھەر کەسانێ بە چاکەی خودا نەزانن، ئێمە وایان سزا دەدەین. (٣٧) بە زۆڕەزۆڕ لەوێدا دەپاڕێنەوە: پەروەرێنمان! لە دۆژەە بمانھێنەدەر؛ لە ئاکاری پێشوو پەشیمان بووینەوە؛ ئەم جارە کاری چاک دەکەین. ئەدی ئێمە تەمەنی وا درێژمان بە ئێوە نەدا کە ھەر کەسێ بیویستایە، دەیتوانی پەندی لێ بگرێ؟ ترسێنەریشتان ھاتە لا! دە ئەم ئازارە بچێژن. ھەر کەسێ کە ناھەقی کرد، ھیچ کەسی دەھانا نایە. (٣٨) خوا نھێنی ئەرز و ئاسمانان ئەزانێ و لە ڕازی دڵی ھەموو کەس ئاگادارە. (٣٩) ھەر ئەو ئێوەی لە جێگەی پێشینەکانتان - لەم زەمینە - جێ کردەوە. ناسوپاسی ناسپاسان، ھەر تووڕەیی پەروەرێنیان پتر دەکا و بێ ئەمەگی بێ ئەمەگان، ھەر زیانیان زێدە دەکا. (٤٠) بێژە: ئەوانە - لە جێی خوا - پێتان، شەریکی خودا بوون، نیشانم دەن؛ لەم زەمینە کامەشتیان وەدی ھێنا؟ یان لە وەدی ھێنانی عاسمانەکاندا، کەنگێ ھەمکاری خودا بوون؟ یا خود ئەمانە کتێبیان لای ئێمەوە بۆ ھاتووە و بەڵگەیە بە دەستیانەوە؟ نەخێر، ئەوانەی ناھەقن ھەر بەڵێنی خڵەتاندن بە یەک دەدەن. (٤١) خودایە کە ئەم عاسمانان و زەوینەی ڕاگرتووە کە ناکەون؛ ئەگەر کەوتن - لەو بەدەر - کەسی وا نییە ڕاگیریان کا. ئەو کاری بە شێنەیین و خەتاپۆشە. (٤٢) بە توندی سوێندیان دەخواردن، کە: بە خودا سوێندەکەمان، ئەگەر ئێمە ترسێنەرێک لە خوداوە بێتە لامان، پتر لە ھەر کۆمەڵی تر ڕێگەی خودا دەگرینەبەر. کەچی وەختێ ترسێنەرێک ھاتە لایان، فرەتر لە خوا دوورەو کەفتن؛ (٤٣) ھەر لەبەر خۆبەزل زانین لە زەمین دا و بۆ فڕوفێڵ؛ فڕوفێڵیش ھەر یەخەی خاوەنی دەگرێ. ئاخۆ بێژگە چارەنووسی پێشینەکان، چاوەنۆڕی شتێک تر ھەن؟ ئەمە ڕێگەوشوێنی خوایە و قەت نابینی ڕێ و شوێنی خوا بگۆڕدرێ و جێ بەجێ بێ. (٤٤) ئاخۆ ئەوان لە زەمیندا نەگەڕاون، تا ببینن پێشینەکان - کە لەوانەش بەھێزتر بوون - چییان بەسەر ھات؟ ھیچ کەس لە ناو عاسمانەکان و زەمیندا پەیدا نابێ کە ھێز لە خودا بستێنێ؛ زانا و توانا ھەر خۆیەتی. (٤٥) ئەگەر خودا ئەم مەردمەی - بە ھۆی ئەو کارانەی دەیکەن - بگرتبا، لە سەر پشتی ئەم زەمینە جوقەوارێکیش نەدەما؛ بەڵام خودا مەودای داوە تا ماوەیێ دیاری کراو بمێننەوە؛ کەنگێ ئەو ماوە بەسەر چوو، خۆی دەزانێ عەبدەکانی چییان کردووە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاسین وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) یا، سین. (٢) سوێند بە قوڕئان، کە سەر لەبەر کارزانییە. (٣) تۆ یەک لە پێغەمبەرانی. (٤) کەوتوویە سەر ڕاستەڕێگە. (٥) ئەم قوڕعانە ھەرە خاوەن دەستەڵاتی دلۆڤان ناردوویەتە خوار. (٦) تا بە ھۆی ئەو ترس وەبەر گەلێک بێنی کە باب و کاڵی پێشوویان کەس لە خوای نەترساندوون و بێ ئاگا بوون. (٧) بەڵێنی خوا زۆرینەیان دەگرێتەوە؛ سا ئەوان بڕوا ناھێنن. (٨) ئێمە ملیان دەخەینە ناو زنجیرەوە و تا چەنە شەتەکیان دەدەین، کە ناتوانن بۆھیچ لایەک سەرببزێون؛ چاوگەلیشیان داشۆڕیاگە. (٩) لەمپەرێکمان لەپێشیانەوە داناوە و لەمپەرێک لە پشتیانەوە؛ تارماییشمان ھاویشتە سەر گلێنەیان کە نابینن. (١٠) بۆ ئەوانە چ ترسیان وەبەر بھێنی، چ نەھێنی، وەکوو یەکە. ھەر نابن بە خاوەن باوەڕ. (١١) ترس وەبەر ھێنانەکەت ھەر بۆ کەسێک باوی ھەیە، پەیڕەوی ئەم قوڕعانەیە و لە نەدیتە ترسی خودای لە دڵدایە. سا تۆ مزگێنی پێ بدە عافوو دەکرێ و پاداشی باشیشی ھەیە. (١٢) ئێمە خۆمان مریان زیندوو دەکەینەوە و ھەر کارێکی بە زیندوویی کردوویانە و شوێنەواریان، گش دەنووسین. ھەموو شتمان لە کتێبێکی ڕوون کەرەوە - ھەر بە ھەژمار - ھەژماردووە. (١٣) بەسەرھاتی خەڵکی ناو ئاواییەکەیان بۆ وێنە بۆ بگێڕەوە، کە پێغەمبەر چوونە لایان. (١٤) ئەو دەمەی کە دوو کەسمان بۆ بەڕێ کردن، کەسیان بڕوای پێ نەکردن. پێغەمبەری سێھەمیشمان ناردە لایان، یارمەتی ئەو دووانە بدا. گوتیان: ئێمە بێ گومانە، بۆ لای ئێوە ناردراوین. (١٥) گوتیان: ئێوە ھەر مرۆیەکن وەک خۆمان؛ خوا ھیچی نەناردۆتە خوار؛ ئێوە کارتان درۆ دانە. (١٦) گوتیان: پەروەرندەی ئێمە خۆی دەزانێ کە ئێمە بۆ لای ئێوە ڕاسپێراوین. (١٧) گوتیان: ئێمە ھەر ئەوەندەمان لەسەرە، پەیامی ئەو - بە ئاشکرا - بەنگۆ بڵێین؛ نە ھیچی تر. (١٨) گوتیان: پێوقەدەمی ئێوە بۆ مە شوومە؛ دەس ھەڵ نەگرن، بەردەبارانتان دەکەین و سەخت جەزرەبەتان دەدەین. (١٩) گوتیان: شومیو لە خۆتانە، ئاخۆ ئەگەر ئێوە ئامۆژگاری بکرێن [ئاوا دەکەن]؟ بەڵکوو ئێوە کۆمەڵێکن لە ئەندازەی خۆ دەرکەوتوون. (٢٠) پیاگێک لەو سەری شارەوە بە غار دەھات، گوتی: گەلۆ! بدنە شوێن ئەو کەسانە ڕاسپێراون. (٢١) پەیڕەوی ئەمانە بکەن کە بۆ خۆیان شارەزای ڕێگەی خودان و ھیچ پاداشیان لێتان ناوێ. (٢٢) من بۆ دەبێ ئەو کەسەی منی دروس کرد، نەیپەرستم؛ گشتوو بۆ لای ئەو دەچنەوە؟ (٢٣) چۆن من دەچم - غەیرەز خودا - ئەو شتانە دەپەرستم؛ ھەرگا خودا گەرەکی بێ بەڵایەکم بەسەر بێنێ، تکای ئەوان ھیچ بەھرەیەکم بۆ نادا و ناتوانن ڕزگارم بکەن؟ (٢٤) ئەگەر وا بێ، ئەوسا کە من بە ئاشکرا گومڕا بووگم. (٢٥) من بە پەروەرندەی ئێوە بڕوام ھێنا؛ سا بژنەون. (٢٦) وترا: وەرە بەھەشتەوە. گوتی: بریا ھۆزەکەشم بیزانیبا، (٢٧) کە ئەو کەسەی منی پەروەردە کردووە، لێم خۆش بووە و خستوومیە ڕێزی بەڕێزان. (٢٨) دوای ئەو ئێمە ھیچ لەشکرمان - لە عاسمانڕا - نەناردە سەر ھۆزەکەی ئەو، [بەرلەمەش] ھەر نەمان دەنارد. (٢٩) ھەر تەنیا نەعرەتەیەک بوو، کە لە ناکاو گش دامرکان. (٣٠) مخابن بۆ ئەو عەبدانە، ھەر پێغەمبەرێکیان بۆ ھات، ھەر گاڵتەوگەپیان پێکردوون. (٣١) چۆن ئەمانە نەیاندیووە کە چەندین چین لە مرۆمان - لە پێش ئەمان - قڕ کردووە و تازە نایەنەوە لایان. (٣٢) بێ گومانە ھەموو لاشیان ھەر دەھێننەوە لای خۆمان. (٣٣) ھەر لە زەوی ڕابمێنن، نیشانەی بۆ ئەوان تێدا؛ بە مردوویی ئێمە زیندوومان کردەوە و دەنکمان لێ بەرھەم ھێنا؛ کە خۆراکە بۆ ئەمانە. (٣٤) ھەر لە زەویش چەندین باغی خورمابن و ڕەزی زۆرمان وەدی ھێنا و چەند کانیاومان لێ ھەڵقوڵاند. (٣٥) ھەتاکوو لە میوەی خودا و لە دەسڕەنجی خۆیان بخۆن. ئاخۆ ھێشتا شوکر ناکەن؟ (٣٦) ھەر خودا پاک و بێ عەیبە، کە جووتەی ھەموو شتێکی وەدی ھێنا؛ چ لەوانەی لەم سەرزەمینە دەڕوێن و چ لە خۆیان، چ لەوانەش کە نایزانن. (٣٧) بۆ ئەو، شەویش یەک لە نیشانانە؛ ئێمە ڕۆژی لێ دادەڕنین و لە ناکاو تاریکانیان بەسەردا دێ. (٣٨) خۆریش بەرەو بنەی خۆی لە گەڕاندایە؛ کە لە خاوەن دەستەڵاتی زاناوەیە، ئەو فەرمانەی پێدراوە. (٣٩) ھەیڤیش ئێمە بۆمان دانا بە چەند قۆناغا تێپەڕێ؛ تا وای لێ دێ، وەک پەلی کەونی وشکەڵی داری خورما، دێتە بەرچاو. (٤٠) نە خۆر توانای ھێندەی ھەیە بگا بە مانگ، نە شەو وەپێش ڕۆژ دەکەوێ. سەرلەبەریش لە ئاسمانێک مەلە دەکەن. (٤١) ئەمەش بۆیان نیشانەیە: ھاوڕەگەزانی ئەوانمان لە گەمیەی تژی کراودا ھەڵگرتووە. (٤٢) وێنەی ئەویشمان داھێنا، کە دەتوانن سواری ببن. (٤٣) ئەگەر حەز کەین نوقمی بن ئاویان دەکەین و ئەوسا کە ھیچ فریاڕەسێکیان نابێت و ڕزگار ناکرێن. (٤٤) مەگین بەزەیی ئێمەیان دەفریا بێ و تا ماوەیەک بەرخوردار بن. (٤٥) ھەر کاتێکیش پێیان بگوترێ: لەوی لە ڕووبەڕووتانە و لەوەش لە پشتەسەرتانە، خۆپارێزبن، بەشکوو بەر بەزەیی خوا کەون، [خۆ دەبوێرن]. (٤٦) ھەر نیشانەیەکیان بۆ بێ لە لای پەروەرێنیانەوە، ئیللا دەبێ ڕووی تێ نەکەن. (٤٧) کاتێکیش پێیان بووترێ: لەو بژیوەی خوا پێداون، خێرێ بکەن؛ خوانەناسان بەخاوەن باوەڕان ئێژن: ئاخۆ ئێمە خۆراک بە کەسێ ببەخشین ئەگەر خودا مەیلی لێ با بژیوی بۆ دابین دەکرد؟ ئێوە ھەر لە گومڕاھی دان. (٤٨) دەشڵێن: ئەگەر قسەڕاستن، ئەو بەڵێنە، کەی بە جێ دێ؟ (٤٩) ئەوانە ھەر چاوەنۆڕی یەک نەعرەتەن کە لە کاتێکدا خەریکی ھەراوکێشەی ناو خۆیانن، دەیانگرێ. (٥٠) ناتوانن وەسیەتیش بکەن؛ ڕێشیان نابێ بچنەوە ناوکەس و کاریان. (٥١) فووش بە کەڵەشاخدا دەکرێ؛ ناگا گشت لە گۆڕانەوە دێنە دەر و بەرەو پەروەرندەی خۆیان بە لەز دەڕۆن. (٥٢) ئێژن: ئەی ھاوار بە ماڵمان! کێ لە ناو پێخەفەکەمان ڕای پەڕاندین؟ ئەمە ھەر ئەو بەڵێنەیە خودا دای و پێغەمبەرەکان ڕاستیان گوت. (٥٣) تەنیا ھەر یەک نەعرەتەیە و ناکاو ھەموو لای ئێمە کۆ دەکرێنەوە. (٥٤) ئەوێ ڕۆژێ ناھەقی لە کەس ناکرێ و ھەر بەرانبەر بەو کردەوەی کردووتانە، سزا دەدرێن. (٥٥) ئەوانەی ئەھلی بەھەشتن، ئەوێ ڕۆژێ سەریان گەرمە و لە خۆشی دان. (٥٦) خۆیان دەگەڵ ژنەکانیان، لەبەر سێبەر، لە تەختان، پاڵ کەفتگن. (٥٧) لە بەھەشتا ھەر میوەیەک و ھەر شتێ داوای بکەن، ئامادەیە. (٥٨) پەروەرندەی دلۆڤانیش - بە لەبزی خۆی - سڵاوێکیان بۆ دەنێرێ. (٥٩) ئەی ئەوانەی تاوانبارن! ئێوەش ئەمڕۆ، ئەشێ خۆتان جیا کەنەوە. (٦٠) ئاخر ئەی تۆرەمەی ئادەم! من لە پێشدا پەیمانم دەگەڵ نەبەستن کە شەیتانێ نەپەرستن؟ ئەو ئاشکرا دوژمنتانە. (٦١) ھەرتەنیا خۆم بپەرستن؛ کە ڕێگەی ڕاست ھەر ئەمەیە. (٦٢) گەلێکی زۆری لە ئێوەی لە ڕێ لادا؛ ئاخۆ ھێشتا ھەر تێ ناگەن؟ (٦٣) ئەمە ئەم جەھەندەمەیە، کەوا بەڵێنتان پێ دەدرا. (٦٤) بەھۆی پێ نەزانیەکەتان، ئەمڕۆ دەبێ بچنە ناوی. (٦٥) ئەمڕۆ ئێمە مۆر دەخەینە سەر دەمیان و دەستیان دەگەڵمان دەپەیون؛ پاکانیشیان دەبنە شایەت کە کردەوەکانیان چ بووە. (٦٦) ئەگەر حەز کەین، چاوەکانیشیان کوێر دەکەین؛ بەرەو ڕێگا ملە دەکەن. سا کوا سۆمای دیتنیان ھەیە؟ (٦٧) ئەگەر حەزیشمان کردبا - ھەر لە جێگەکەی خۆیاندا - دەمانکردنە شتێکی تر؛ ئەوسا کە نەیانتوانیبا بێنە پێش و بەرەو دوواش نەگەڕێنەوە. (٦٨) ھەر کەسێکیش تەمەنی زۆری بدەینێ، تەرح و بیچمیشی دەگۆڕین. بۆچ ناتانەوێ تێ بگەن؟ (٦٩) ئێمە ئەومان فێری شێعر نەکردووە و ھیچ پێویستیشی پێ نییە. ئەمە تەنیا بۆ یاد لە خودا کردنە و قورئانێکە شێوەژیان نیشان دەدا. (٧٠) تا ئەوانەی بە دڵ زیندوون، لە خودایان بترسێنی و قسەی خودا دەربارەی خودانەناسان بە جێ بگا. (٧١) ئاخۆ ھێشتا نەیاندیوە ئێمە بە دەستی توانامان پاتاڵمان بۆ بەرھەم ھێنان، ئەوان بوونەتە خاوەنیان. (٧٢) وا بۆشمان دەستەمۆ کردن، کە دەتوانن سواریان بن و لێیان بخۆن. (٧٣) ھەر لە وانیش گەلێک جۆرە بەھرە دەبەن؛ زۆر شتی ڤەخارنیشیان لێ وەردەگرن. ھێشتا ھەر شوکرانە ناکەن. (٧٤) غەیرەز خودا شتگەلێکی تریان پەرست؛ شایەتا دەھانایان بێن. (٧٥) ناشتوانن دەھانایان بێن؛ بەڵام ئەمان لە خزمەتیان، بۆ پێشمەرگەیی ئامادەن. (٧٦) وتاریان دڵتەنگت نەکا؛ ھەر شتێکی بیشێرنەوە و ھەرشتێکی بیدرکێنن، ئێمە لێیان ئاگادارین. (٧٧) مرۆ چۆن ھێندە نازانێ، کە ئێمە لە تنۆکێکمان ئافراندوە؛ کەچی ئێستا دوژمنێکی ئاشکرایە. (٧٨) ئەو مەسەلێکی بۆ ئێمە ھێنایەوە و ئافراندنی خۆی لە بیر کرد؛ ئێژێ: ئێسک لە پاش پووان، کێ زیندوویان دەکاتەوە؟ (٧٩) بێژە: کەسێ ھەوەڵ جار دروستی کردوون، ئەو زیندوویان دەکاتەوە؛ بۆ ھەموو دروست کردنێک خۆی زانایە. (٨٠) ئەو کەسێکە لە داری شین، ئاگری بۆ پەیدا کردوون؛ ئێوەش ھەر لەم [دەستەچیلە] ئار پێ دەکەن. (٨١) ئاخۆ کەسێ توانای ھەبێ ئەم ئاسمانان و زەمینەی داھێنا بێ، توانای نییە وێنەیان دروس کاتەوە؟ ئارێ لە وزەیدا ھەیە و وەدی ھێنی فرەزانا ھەر خۆیەتی. (٨٢) ھەرگا ھەر شتێکی بۆی پەیدا ببێ، بەفەرمان پێی ئێژێ: ببە! ھەر دەس بەجێ پەیدا دەبێ. (٨٣) پاکی و بێ عەیبی بۆ کەسێ کە ھەموو شت لە ژێر فەرمانی ئەودایە و، ھەر بۆ لای ئەو دەوھێننەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساففات وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سوێند بەوانەی بۆ ڕێزبەستن لە لای یەکتر ڕادەوەستن، (٢) سوێند بەوانەی لە ناڕەوا پێشی دەگرن، (٣) سوێند بەوانەی قوڕعان خوێنن، (٤) خودای ئێوە ھەر یەکێکە. (٥) پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەمینە و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە و پەروەرێنی ڕۆژڵاتان. (٦) ئێمە عاسمانی نزیکمان بە ئەستێران ڕازاندەوە. (٧) لە گش شەیتانێ نافەرمانیشمان پاراست. (٨) [ئیتر] لە باڵانشینان کۆڵە ناکەن و لە گش لاوە ڕاو دەنرێن. (٩) ھەتا دووریان بخەنەوە و ھەمیشەش ئازاریان ھەیە. (١٠) مەگین ئەوەی - ھەر لە پڕ - شتێ بڕفێنێ؛ ئەویش بڵێسەی گڕێکی شوێن دەکەوێ. (١١) سا تۆ لەوانە بپرسە: ئاخۆ ئافراندنی ئەوان گرینگترە، یان ئەوانەی ئێمە وەدیمان ھێناون؟ ئێمە ماکی ئەوانیشمان لە قوڕێکی پندری پێکەوە لکاو داڕژتووە. (١٢) تۆ لەوەدا سەیر ماوی و ئەوان حەنەکێ خۆ دەکەن. (١٣) ئەگەر نەسیحەتیش بکرێن، نەسیحەت دەگوێ ناگرن. (١٤) ھەر نیشانەیەک دەبینن، دەخوازن گەمەی پێ بدرێ. (١٥) ئێژن: ئەمە جادووە و ھیچی تر نییە. (١٦) ئاخۆ ئێمە - کە مردین و بووینە خۆڵ و چەند پێشەیەک - ژنوو زیندوو دەکرێینەوە؟ (١٧) وێڕای باب و باپیرانمان؟ (١٨) بێژە: ئارێ و، ئێوە ملکەچ و زەبوونن. (١٩) تەنیا تێڕا خوڕینێکە و ئەوسا ھەر خۆیان دەڕوانن. (٢٠) ئێژن: ھەی ماڵ وێران خۆمان! ئەمە ڕۆژەکەی سەڵایە. (٢١) بەڵێ، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە پاک و پیس ھەڵداوێرن و ئێوە بڕواتان نەدەکرد. (٢٢) ئەوانە لێک کۆ کەنەوە کە ناھەقی پیشە بوون و لفی وان و ئەوانەش کە دەیانپەرست، (٢٣) غەیرەز خودا. ئەوسا ڕێگەی جەھەندەمیان پێ نیشان دەن! (٢٤) ڕاشیان بگرن! دەبێ پرسیاریان لێ بکرێ. (٢٥) چیتانە، بۆچی دەھانای یەکتر نایەن؟ ! (٢٦) ئەمڕۆ ھەموو بێدەنگ و ملکەچ وێستاون. (٢٧) ھێندێ لەوان ڕوو لە ھێندێکان دەکەن و لێک دەپرسن. (٢٨) ئێژن: بە نێوی خێرخوازی، ئێمەتان لە ڕێگە لادا. (٢٩) ئێژن: نەخێر، ھەر خۆتان بڕواتان نەبوو. (٣٠) زۆرێکمان لەسەرتان نەبووە، بەڵکوو خۆتان کۆمەڵێکی سەربزێو بوون. (٣١) وا گفتی پەروەرندەمان لە سەر ئێمە وەڕاست گەڕا؛ دیارە دەبێ بیشی چێژین. (٣٢) ئێمە ئێوەمان گومڕا کرد؛ خۆشمان ھەر ئەوسا گومڕا بووین. (٣٣) گش ئەمانە – لەو ڕۆژەدا – بۆ جەزرەبەدان ھاوبەشن. (٣٤) ئێمە ئاوا جزیای تاوانباران دەدەین. (٣٥) ئەگەر بەوانە دەوترا: غەیرەزخودا ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ، خۆیان زۆر بە زل دەزانی. (٣٦) دەشیان درکاند: ئێمە بۆ شاعیرێکی شێت چۆن وازدێنین لەوانەی پەرستوومانن؟ ! (٣٧) بەڵکوو ھەرچی ئەو ھاوردی، ھەمووی ڕاستە و بڕواشی کرد بە پێغەمبەرانی خودا. (٣٨) ئێوە بێ شک ئازاری بەژان دەچێژن. (٣٩) ھەر لەباتی کاری خۆتان سزا دەدرێن. (٤٠) مەگین عەبدە ڕاست و پاکەکانی خودا؛ (٤١) بژیوی باش بۆ ئەوان دیاری کراوە؛ (٤٢) میوەجاتە و زۆریشیان ڕێز لێ دەگیرێ. (٤٣) لە باغاتی پڕ لە ھەموو خێروبێرێک. (٤٤) لە ھەمبەر یەک لە سەر تەختان ڕۆدەنیشن. (٤٥) لەو بادەیەی کە لەچاوەی ڕەوان ڕادێ، پیاڵەیان پێدا دەگێڕن. (٤٦) وەڕەنگ چەرمگ، ھەر کەیفە بۆ وەخۆرەوان. (٤٧) ھیچ سەرێشەی تێدا نییە و ئاوەزیشیان لە بەر مەستی لە دەس نادەن. (٤٨) ژنگەلێکی چاوگەورەیان لە لا ھەیە، لە حاند نامۆ، چاو دادەخەن. (٤٩) لووس و پاکژ وەکوو ھێکی ناو ھێلێنن. (٥٠) بۆ وتووێژ ڕوویان دەکەنە یەکتری. (٥١) یەکێ لەو ناوەدا ئێژێ: ئەمن ھەمدەمێکم ھەبوو. (٥٢) لێی دەپرسیم تۆش لەوانەی کە باوەڕیان بە خوا ھەیە؟ (٥٣) ئاخۆ ئەگەر ئێمە مردین، بووینە ئاخ و چەند ھەستی یەک، ھەر حیسابمان لێ دەکێشن؟ (٥٤) پرسی: ئاخۆ ھیچ ئاگایەکتان لێ ھەیە؟ (٥٥) ئەوسا خۆشی چاوی گێڕا، لەدووڕ جەھەندەمدا دیتی. (٥٦) گوتی: بە خوا، ھەر وەخت بوو لە بەینم بەری. (٥٧) ئەگەر چاکەی پەروەرندەی من نەبووایە، ئێستا منیش وێڕای تۆ بووم. (٥٨) تۆ بزانە کە ئێمە تازە نامرین؛ (٥٩) جیا لە مردنی پێشوومان. ھیچ ئازاردانیشمان نییە. (٦٠) کە ئەمەش بەختەوەرییەکی زۆر مەزنە. (٦١) ئەشێ بۆ پاداشی وەھا خەبات بکەن، ئەو کەسانەی خەباتکارن. (٦٢) ئاخۆ ئەم پەزێراییە ھێژاترە، یاخۆ دارەکەی ژەقنەمووت؟ ! (٦٣) ئەومان کردۆتە بەڵایەک، بۆگرۆی ناھەقیکاران. (٦٤) ئەو دارێکە لەدوڕ تەختی دۆژەھەوە دێتە دەرێ. (٦٥) بەرێک دەدا، لە بیچمی کەللەسەرانی شەیاتین. (٦٦) دۆژەھیەکان لەو دەخۆن و عوریانی پێ دەماسێنن. (٦٧) پاشان لەسەر ئەوخۆراکە لیخناوێکی ھەرەگەرم دەخۆنەوە. (٦٨) پاشان ھەر گڕ دەخۆنەوە بۆ ناو دۆژەە. (٦٩) ئەوان دیتیان کە باو باپیرانیان گومڕان؛ (٧٠) بۆیە وا – بە ھەڵەداوان – بە شوێن ئەواندا پەل دەبن. (٧١) بەرلەوانیش زۆربەی زۆری پێشینەکانیان گومڕا بوون. (٧٢) زۆریشمان ترس وەبەرھێن ناردە ناویان. (٧٣) دەبڕوانە – لە دواجاردا – ئەوانەی ترسێندرا بوون، چییان بەسەرھات. (٧٤) جیا لەوانەی بە دڵپاکی خوایان پەرست. (٧٥) نووحیش ھاواری بۆ ھێناین؛ زۆر باشی دەفریا کەوتین. (٧٦) خۆی و کەس و کارەکەیمان لە خەمی گەورە ڕزگار کرد. (٧٧) تەنیا بەرەو تۆرەمەی ئەومان ھێشتەوە. (٧٨) وامان کرد بەرەی دوای ئەویش، ھەر ناوی بەچاکە بەرن. (٧٩) سڵاو لە نوح لە سەرانسەری دنیادا. (٨٠) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (٨١) ئەو یەکێ بوو لەو عەبدانەم کە بڕوایان پێ ھێناوم. (٨٢) پاشان ئەوەکانی ترمان وەبن ئاو دا. (٨٣) ئیبڕاھیمیش لە شوێن کەوتووانی ئەو بوو. (٨٤) ئەوسا بە دڵی پاکەوە ھاتە لای پەروەرندەی خۆی. (٨٥) بە ئاپی و ھۆزەکەی خۆی گوت: ئەوە چین دەیان پەرستن؟ (٨٦) گەرەکتانە لەبری خوداپەرستنێ، ئەو شتانە بپەرستن؟ ! (٨٧) ئاخۆ ئێوە سەبارەت بە پەروەرێنی ھەموو دنیا بیروبڕواتان چلۆنە؟ (٨٨) ئەوسا ھەرخۆی دەئەستێرانی ھەڵڕوانی. (٨٩) گوتی: بێ سۆ من نەخۆشم. (٩٠) سا ئەوان لێی تەکینەوە و پشتیان تێکرد. (٩١) پەنامەکی خۆی گەیاندە بتەکانیان؛ لێی پرسین: ئێوە بۆ ناخۆن؟ ! (٩٢) چیتانە بۆ قسان ناکەن؟ ! (٩٣) پەنامەکی بە دەستی ڕاست مستێکی تێ سرەواندن. (٩٤) ھۆزەکەی بە ھەڵەداوان لێی وەکۆ بوون. (٩٥) گوتی: ئاخۆ ئێوە شتێ دەپەرستن، کە ھەرخۆتان دای دەتاشن؟ (٩٦) کە ھەر خوایە، ئێوەش و کردەوەتانی وەدی ھێنا. (٩٧) گوتیان: شورەدیوارێکی بۆ ھەڵنەچنن؛ ئەوسا دەئاگری باوێن. (٩٨) گەرەکیان بوو گەڕێکی تێ بھاڵێنن، ئێمە پتر ژێرمان خستن. (٩٩) گوتی: وا من ڕوو دەکەمە پەروەرندەم؛ بەم زووانە بەرەو خۆی شارەزام دەکا. (١٠٠) پەروەرندەم! فرزەندێکی ئاکارچاکم پێ ببەخشە. (١٠١) ئەوسا ئێمە بە لاوێکی لەسەرخۆ مژدەمان پێ دا. (١٠٢) کاتێ گەییشتە تەمەنێک کە وێڕای ئەو خەبات بکا، گوتی: ئەی کوڕیژگەی خۆم! من لەخەونمدا وام دیوە تۆ سەر دەبڕم؛ خۆت چۆنی لێک دەدەیەوە؟ گوتی: بابۆ! ھەرشتێ پێت سپێراوە بە جێی بێنە؛ خوا حەز بکا، بەم زووانە تێ دەگەی کە منیش لە خۆڕاگرانم. (١٠٣) وەختێ ھەردوو بڕیاری خوایان سەلماند و لەسەر ئەنی تخێڵی کرد، (١٠٤) گازین کردێ: ئەی ئیبڕاھیم! (١٠٥) ئەوا خەونەکەت وەدی ھات؛ ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (١٠٦) دیارە ئەمە ئەزموونێکی ئاشکرا بوو. (١٠٧) ئێمە ئەومان بە قوربانیەکی ھەرە گەورە کڕییەوە. (١٠٨) وەشمان کرد بەرەی دوای ئەویش ھەر ناوی بە چاکە بەرن. (١٠٩) سڵاو لەسەر ئیبڕاھیم بێ. (١١٠) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (١١١) بەڕاستی ئەو یەکێ بوو لە عەبدە بڕوادارەکانمان. (١١٢) مژدەی ئیسحاقیشمان پێدا، کە دەبێتە پێغەمبەرێکی ژێھاتی. (١١٣) بەرەکەتمان دا بە خۆی و بەئیسحاقیش. لە ناو تۆرەمەکەیاندا ھێندێکیان ئاکارچاک بوون و تێشیاندا بوون بە ئاشکرا غەدریان لە خۆیان دەکرد. (١١٤) دەربارەی مووسا و ھاڕوونیش چاکەمان کرد. (١١٥) خۆیان و ھۆزەکەیانمان لە چۆرتمی زل ڕزگار کرد. (١١٦) بۆ خۆمان یاریدەمان دان کە سەرکەوتن. (١١٧) ئەوکتێبەشمان بەوان دا، کە ھەموو شت دیاری دەکا. (١١٨) ڕێگەی ڕاستیشمان نیشان دان. (١١٩) وامان کرد لە دواڕۆژیشدا ھەر ناویان بە چاکە ببرێ. (١٢٠) سڵاو لە سەر مووسا و ھاڕوون. (١٢١) ئێمە ئاوا چاکەکاران پاداش دەدەین. (١٢٢) ھەر دووکیان لەو عەبدانەم بوون کە باوەڕیان پێ ھێناوم. (١٢٣) بێ گومانە کە ئەلیاسیش یەکێ لە پێغەمبەرانە. (١٢٤) ئەوسا بە ھۆزەکەی خۆی گوت: بۆچ شەرم لە خودا ناکەن؟ (١٢٥) «بەعل» [بتە] دەیپەرستن؛ لە چاکترین وەدی ھێنەر دەتەکنەوە؟ (١٢٦) لە خوا کە پەروەرێنتانە و پەروەرێنی باڤەکانی پێشووشتانە. (١٢٧) سا باوەڕیان پێ نەکرد و دێنە بەر لێ پرسینەوە. (١٢٨) مەگین عەبدە ڕاست و پاکەکانی خودا. (١٢٩) وامان کرد لەدواڕۆژیشدا ھەر ناوی بەچاکە ببرێ. (١٣٠) سڵاوی مە لەسەر ئەلیاس. (١٣١) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (١٣٢) ئەو یەکێ بوو لەو عەبدانەم کە باوەڕی پێ ھێناوم. (١٣٣) لووتیش لە پێغەمبەران بوو. (١٣٤) خۆی و کەس و کاریشین وێکڕا ڕزگار کرد. (١٣٥) مەگین تەنیا پیرێژنێک کە لای بە جێ ماوەکان ما. (١٣٦) پاشان ھەموومان قڕ کردن. (١٣٧) بێ سۆ ئێوە لای بەیانی، بەلایاندا ڕادەبوورن؛ (١٣٨) یان شەوانە. چۆن لەو ڕووداوە تێ ناگەن؟ ! (١٣٩) یوونسیش ھەر یەکێک بوو لە پێغەمبەران؛ (١٤٠) کە ڕای کردە ناو گەمی پڕ. (١٤١) لە پشک خستن بەشدار بوو؛ ئەو دۆڕاندی. (١٤٢) ئەوسا ماسییەکی زەلام، ھەڵی لووشی و بۆ خۆی سەرکۆنەی خۆی دەکرد. (١٤٣) سا ئەگەر ئەو پاکی خودای نەگووتبایە، (١٤٤) تا ڕۆژێ سەڵا ڕادەبوو، لە ورگیدا دەمایەوە. (١٤٥) فڕێمان دایە دەشتێکی چۆڵ و قاقڕ؛ نەخۆشیش بوو. (١٤٦) ئەوسا بڕکەی کوندرێکمان لە لا شین کرد. (١٤٧) ناردمانە ناو سەد ھەزاران یان زێدەتر. (١٤٨) ھەموو بڕوایان پێ ھێنا و تا ماوەیەک ژیانێکی خۆشمان پێدان. (١٤٩) دەسا تۆ لەوانە پرسە: تۆبێژی پەروەرندەی تۆ کیژی ھەن و ئی وان کوڕن؟ ! (١٥٠) یان لەوێ بوون کە ئێمە فرشتەکانمان مێ دروس کرد؟ (١٥١) باش بزانە، ھەرچی دەیڵێن ھەر درۆیان ھەڵدەبەستن؛ (١٥٢) کە: خودا مناڵی بووە. بێ گومانە درۆزنن. (١٥٣) ئاخۆ ئەو بەجێ کوڕ، کچی بژاردووە؟ (١٥٤) چیتانە، چۆن پێ ڕادەگەن؟ (١٥٥) ئاخۆ ھیچ بیر ناکەنەوە؟ (١٥٦) یان بەڵگەیەکی پتەوتان لە لا ھەیە؟ (١٥٧) ئەگەر قسەی ئێوە ڕاستە، سا کتێبی خۆتان بێنن. (١٥٨) جنۆکەیان دەگەڵ خودا کردە خزم؛ جنۆکانیش باش دەزانن ئەوانە دەھێننە بەرێ. (١٥٩) خودا دوورە لەو باسانەی ئەوان دەیکەن. (١٦٠) مەگین ئەوی بە دڵپاکی عەبدایەتی خودا دەکەن. (١٦١) سا وا ئێوە و ئەوانەی دەیانپەرستن، (١٦٢) کەستان بۆ بت بە فریو ناچێ؛ (١٦٣) مەگین ئەوی دەچێتە نێو دۆزەقەوە. (١٦٤) لە ئێمەدا ھەر کامێکمان جێگەی بۆ دیاری کراوە. (١٦٥) ئێمەین کە بۆ خواپەرستی ڕێز دەبەستین. (١٦٦) ئێمەین ھەرگیز لە تاریفی ڕاناوەستین. (١٦٧) ئەوانیش خۆ ھەر دەیانگوت: (١٦٨) ئەگەر ئێمەش لە لایەن پێشینانەوە، کتێبی خۆمان بۆمابا، (١٦٩) ئێستا لە عەبدە دڵپاکەکانی خوا بووین. (١٧٠) لەکتێبی خوا حاشایان کرد؛ زۆر ناخایەنێ دەزانن. (١٧١) بێ گومانە بە رێش قسەکانی ئێمە – سەبارەت بە عەبدە ناردراوەکانمان – بە مەردم ڕاگەیەنراوە: (١٧٢) کە ھەر ئەوان یاری دەدرێن. (١٧٣) دیاریشە ھەر سوپای ئێمە سەردەکەوێ. (١٧٤) سا تۆ وازیان لێ بێنە ھەتا ماوەیەک. (١٧٥) جا بیان بینە؛ ئەوانیش خۆ دەبیننەوە. (١٧٦) دەیانەوێ کە زووتر ئازاریان بدەین؟ (١٧٧) ھەر کاتێکی بێتە خوار و بەری درگایان لێ بگرێ، سپێدەی ترسێندراوان، ئەوسا گەلێ خراپ دەبێ. (١٧٨) تۆ لەوانەش ھەتا ماوەیەک واز بێنە. (١٧٩) جا ببینە، ئەوانیش خۆ دەبیننەوە. (١٨٠) پاکی بۆ پەروەرندەی تۆ؛ ھەرخۆی خاوەن دەستەڵاتە و لەو قسانەی کە ئەوان دەربارەی دەکەن، گەلێ دوورە. (١٨١) سڵاویش لە پێغەمبەران. (١٨٢) سوپاسیش بۆ ڕاھێنەری ھەموو دنیا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساد وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ساد. بەم قوڕعانە کە پڕ لە ئامۆژگارییە [و دەبێ پەندی لێ وەرگیرێ]. (٢) بەڵام خودانەناسەکان، خۆیان بە زل دەزانن و ھەر خەریکی دژایەتین. (٣) پێش ئەمانەش زۆر بەرەمان لە ناو بردن؛ جا ئەوانە ھاواریان کرد؛ بەڵام دەرفەت لەدەس چوو بوو. (٤) ئەمەیان پێ سەیر بووە کە پێغەمبەرێکیان لە خۆیان بۆ ھاتووە و ترسی خوایان وەبەر دەنێ؛ خودانەناسەکان گوتیان: ببێ نەبێ، ئەم کابرایە جادووگەرێ درۆزنە. (٥) چۆن دەیەوێ لەجێی ئەو ھەموو بتانەی دەتانپەرست، ھەر خودایەک بپەرستن؟ ئەمە زۆر شتێکی سەیرە. (٦) کەڵەپیاوانیان کەوتنە ڕێ [وتیان پێیان: ] بڕۆن و لەسەر ئەوانەی تا ئێستا پەرستووتانن، لا مەکەون و خۆڕاگر بن؛ بێ سۆ ئەمە ویستی مەیە. (٧) ئێمە لە دینەکەی تردا شتێ وامان نەبیستووە؛ ئەمە ڕاستی تێدا نییە و ھەڵبەستەیە. (٨) چۆنە لە ناو ھەمووماندا، قورئان ھەر بۆ ئەو ھاتووە؟ دوودڵیشن کە قورئان من ناردبێتم. ھێمان ئازاری ئێمەیان نەچەشتووە. (٩) ئاخۆ ئەوان گەنجینەکانی بەزەیی پەروەرندەی بەدەستەڵات و دڵاوای تۆیان لایە؟ (١٠) یان ئاسمانان و زەمین و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە، دە بەردەستی ئەوان دایە؟ دەسا با پەیژە دانێن و بێنە سەرێ. (١١) ئەوانە لەشکرێکن لە کۆمەڵەکان کە لەوێندەرێ تێ دەشکێن. (١٢) بەرلەمانەش ھۆزی نووح و ھۆزی عاد و فیرعەونی چوارنیخەکێشیش ھەر بڕوایان بە پێغەمبەران نەھێنا. (١٣) ھۆزی سەموود، ھۆزی لووت و خەڵکی ناو لێرەوارەکەش، ھەر لەو بێ باوەڕانە بوون. (١٤) گش ئەوانە پێغەمبەرەکانی خۆیان بەلاوە درۆزن بووە و ھێژای تۆڵە لێ ساندن بوون. (١٥) ئەوانە ھەر چاوەنۆڕن تا لە نەکاو گرمینێ وا پەیدا دەبێ، کە تەنانەت بەشی ھەنیسک دانێکیش وچان نادا. (١٦) ھەر دەڵێن: ئەی پەروەرێنمان! بەر لەوە ڕۆژی قیامەت بێ، پسوولەی خۆمان بدەیە. (١٧) ھەرچی دەیڵێن با بیڵێن، تۆ خۆڕاگربە و داوود وەبیرخۆت بێنەوە؛ کە عەبدێکی بەدەستەڵاتی ئێمە بوو؛ لە ھەر کارێ پەشیمانی ڕووی تێ دەکرد، ھەر پەنای بە ئێمە دێنا. (١٨) کێواتیشمان فێر کردبوو، کە وێڕای ئەو سەرلەنگۆرە و لە کاتی تاو ھەڵاتندا، ھەر تاریفی خودا بکەن. (١٩) مەلانیش کۆمەڵ دەبوون و گشتیان بەرەو ئەو دەھاتن. (٢٠) ئێمە فەرمانڕەواییمان ب ۆپتەو کرد؛ لە کارزانیندا بەشمان دا و بە قسەی ئەو، ھەموو کێشە کۆتا دەبوون. (٢١) ئەتۆ دەنگوباسی ئەو دادبەرانەت بیست، کە لەشوورەی نوێژگەکەیەوە سەرکەوتن؟ (٢٢) کە لە داوود وەژوورکەوتن، لێان ترسا. گوتیان: نیگەرانیت نەبێ، دوو دادبەرین؛ یەک لە ئێمە غەدری لەوی تر کردووە؛ چۆن ڕەوایە ئاوا بە ناومان ڕابگە و لە دەستووری خوا لا مەدە و ڕاستەڕێمان نیشان بدە. (٢٣) ئەم برایەم نەوەد و نۆ پەزی ھەیە و من تەنیا پەزێکم ھەیە. گوتی: بە منی بسپێرە و، لە کێشەدا من دەرۆستی ئەو نەھاتم. (٢٤) گوتی: ئەو کە پەزەکەی تۆ دەخاتە ناو پەزەکانی، غەدرێ دەکا. زۆر شەریکە ماڵی تریش فێڵێ لە یەکتری دەکەن؛ مەگین ئەوی باوەڕیان بە خودا ھەیە و ئاکارچاکن؛ ئەویش کەمن. داوود زانی ئەزموومانە؛ ئیتر تووش پەشیمانی ھات؛ سوژدەی برد و لە پەروەرندەی پاڕاوە کە بیبەخشێ. (٢٥) ئێمە لەو ھەڵەی بەخشیمان؛ لە نزیکانی خۆمانە و گەڕانەوەی چاکی ھەیە. (٢٦) ئەی داوود! جێ نشینیمان لەسەر زەمین داوە بە تۆ؛ بە تەرزێکی خوداپەسند، بە کاری مەردم ڕابگە و شوێن ئارەزووی خۆت مەکەوە؛ کە لە ڕێی خودا لات بدا. ئەو کەسانەی لە ڕێی خودا دەردەکەون، چونکە قیامەتیان لە بیر چوو، جەزرەبەی توند و تیژیان ھەس. (٢٧) ئێمە ئاسمان و زەویمان – ئەوەش کە لە بەینیاندایە – بە خۆڕایی دروس نەکرد؛ ئەو کەسانەی وا بیر دەکەن، خوانەناسن. ھای لەوانەی خوانەناسن، بۆ ئەو ئاگرەی دەیچنێ! (٢٨) ئاخۆ ئێمە ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، ھەر وەک ئەمانە دادەنێین کە لەم ھەردەدا بەدفەڕن؟ یاخۆ ئێمە خۆپارێزان وەک گوناھباران دەژمێرین؟ (٢٩) ئەم قوڕعانە پڕ لە پیت وپیرۆزەمان بە خەڵات بۆ تۆ ناردە خوار، تا لەسەر نیشانەکانی ڕابمێنن و خاوەن دڵان ئامۆژگاری لێ وەرگرن. (٣٠) سولەیمانمان بەخەڵات بەخشی بەداوود. ئای کەچەند عەبدێکی باش بوو! ھەمیشە ھەر ڕووی دەمەبوو. (٣١) سەرلەنگۆرێ وەختێ ئەسپانی ڕەسەنیان لە بەر چاوانی ڕادەنا، (٣٢) گوتی: ئەوینی ڕەوەکەم یادی خودای لە بیر بردم؛ تا خۆر لە ئاسۆ نەدیو بوو. (٣٣) بیان گێڕنەوە. ئەوسا بە تیخ، مچوون و ملیان پەڕاندن [و کرانە خێر]. (٣٤) ئێمە سولەیمانیشمان تاقی کردەوە و لاشەیەکمان ھاویشتە بان کورسیەکەی و دیسان ھەر ڕووی کردە ئێمە. (٣٥) گوتی: ئەی پەروەرندەکەم! عافووم بکە و سامانێکی وام بدەیە کە لە دوای من گیر ھیچ کەسی تر نەکەوێ؛ بەخشەندەی ھەرە گەورە تۆی. (٣٦) ئێمەش بامان بۆ کەوی کرد؛ بە فەرمانی ئەو – بە نەرمی – بۆ ھەر کوێیەک بیویستایە دەکەوتە ڕێ. (٣٧) ھەموو جسنە شەیاتینی پاڵە لە قوڕەکاریدا و بینەکێشیش، (٣٨) ھێندێ تریش – کە تۆق لە مل – ھاتبوونە بەر فەرمانی. (٣٩) سامانێکمان پێ بەخشیوی کە لە ژمارە دەرچووە؛ سا تۆیان چاکەی لێ بکە، یان ڕای بگرە. (٤٠) سولەیمانیش لە نزیکانی خۆمانە و گەڕانەوەی چاکی ھەیە. (٤١) لە ئەییوبیش – کە لە عەبدانی ئێمە بوو – بیر بکەوە. لەو کاتەدا کە ھاواری بۆ پەروەرندەی خۆی ھێنا: ئەوا شەیتان منی تووشی ئازار و لەش بەباری کرد. (٤٢) پای خۆت بوکتە بە زەمینا، کە ئەمە سەرچاوەیەکە بۆ مەلەکردن دەست دەدا و چایگیشە، دەشکرێ لێی بخۆیەوە. (٤٣) لە بەزەیی خۆمانەوە، ورد و درشتی خێزانی و ھێندەی تریشمان پێ بەخشی؛ تا ببێتە بیرەوەری بۆ ھەموو خاوەن ئاوەزان. (٤٤) قولێ توڵی ور دو زراو بگرە دەستت و پێ لێدە، با سوێندەکەت لێ نەکەوێ. ئێمە ئەومان بە پیاوێکی بە حەوسەلە ھاتە بەرچاو؛ عەبدی چاک بوو؛ بە ڕاستی ئەو تۆبەکار بوو. (٤٥) عەبدەکانمان: ئیبڕاھیم و ئیسحاق و یەعقووبیش وەبیر بێرانەوە؛ کە ھەموویان خاوەن دەست و دڵ ڕۆشن بوون. (٤٦) چونکە ھەمیشە قیامەتیان وەبیر خەڵک دێنایەوە، بوونە دۆستی تایبەتیمان. (٤٧) ئەوان بەلای ئێمەوە لە ھەڵبژاردە چاکەکانن. (٤٨) ئیسماعیل و زەلکیفل و ئەلیەسەعیشت لە بیر نەچێ؛ ھەموویان لە پیاوچاکانن. (٤٩) ئەمە بۆ بیرەوەریەکە و؛ ئەوانەی خودێ ترس بوون، لەو دنیا جێگەیان خۆشە. (٥٠) باغاتێکە نەمانی بەسەردا نایە و دەرگایان بۆ کراوەتەوە. (٥١) لەوێ پاڵیان داوەتەوە؛ ھەر میوە و ڤەخارنێکی ئارەزوو کەن، داوای دەکەن. (٥٢) زۆر مێوینەی ھاوتەمەنیان لە لا ھەیە، لە ڕووی نامۆ چاو دادەخەن. (٥٣) ئەمانە ھەر ئەو شتانەن کە بەڵێنتان پێدرا بوو؛ ڕۆژی قیامەتێ دەودەنێ. (٥٤) ئەمە بژیوی ئێمەیە و ھەرگیز وشکاویشی نایە. (٥٥) ئەمە ئاوا. ئەو کەسانەش کە لە ڕێی ئێمە لا دەدەن، دێنەوە شوێنێ زۆر خراپ. (٥٦) دوڕدۆزەقە و شوێنێکی زۆر نالەبارە. (٥٧) با دەوێدا ئاوا کەلی و کێم و زووخاو بخۆنەوە. (٥٨) ھەر لەم تەرزە جەزرەبانە، چەندین وێنەی تریش ھەیە. (٥٩) ئەم گرۆیەش کە ھەر بە زۆر دەگەڵ ئێوە دێنە ناوی؛ ئای بە خێر نەیەن! ئەوانیش ئەشێ ھەر لە ئاگردا بن. (٦٠) ئێژن: خۆتان بە خێر نەیەن! ئێوەن پێشەکی ئەو شوێنە خراپە و بۆ مە ڕەچاو کرد. ئەنوایەکی زۆر خراپە! (٦١) ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! کێ پێشەکی ئەمەی بۆ ئێمە ساز داوە، تۆ دووسەرە بە ئاگر جەزرەبەی بدە. (٦٢) دەشڵێن: ئاخۆ ئەو پیاوانەی بە پیاوخراپمان دەژماردن، بۆچ نابینین؟ (٦٣) کە گاڵتەمان پێ دەکردن؛ یان چاو لە دیتنیان کولە؟ (٦٤) ئەم کێشەی ئەھلی دۆژھە ڕاستە و ئەشێ ھەر وەدی بێ. (٦٥) بێژە: من خۆم ھەر تەنیا ترسێنەرێکم؛ غەیرەز خودای تاک و تەنیای زاڵ بە سەر ھەموو شتێکدا، ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ. (٦٦) پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەمینە و ھەرچی ل ەنێوانیان دایە، کۆڵ نەدەر و لێ بوردەیە. (٦٧) بێژە: ئەمە خەبەرێکی زۆر گرینگە؛ (٦٨) کە ئێوە خۆی لێ دەبوێرن. (٦٩) کاتێ باڵانشینەکان بناشتیان لە ناو پەیدا بوو، من ھیچم لێ نەزانیوە. (٧٠) بۆیە پێم ڕادەگەیەنرێ، چونکە دەبێ ترس وەبەر ئێوە بێنم. (٧١) کاتێ کە پەروەرێنی تۆ بە فریشتەکانی ڕاگەیاند: وا خەریکم مرۆیەک لە قوڕ چێ بکەم؛ (٧٢) ھەرگا لەشیم تەواو کرد و لە گیانی خۆم فووم پێدا کرد، ھەمووتان سوژدەی بۆ بەرن. (٧٣) ئەوسا فریشتەکان گشتیان سوژدەیان برد؛ (٧٤) ئیبلیس نەبێ. خۆی بە زل دی و سپڵەیی کرد. (٧٥) گوتی: ئەی ئیبلیس! چی نەیھێشت سوژدە بەریە بەر ئەوەی دەستکردی خۆمە؟ ئاخۆ فیزت ڕێگەی نەدای، یان لە پایەبەرزەکانی؟ (٧٦) گوتی: دیارە من خۆم لەو چاکتر دەزانم، من لە ئاگر، ئەوت لە قوڕ وەدی ھێنا. (٧٧) گوتی: لێرە بڕۆ دەرێ، لە ئێستەوە دەرکراوی؛ (٧٨) نەفرینی منت لەسەر بێ، تا ڕۆژێ سەڵا ڕادەبێ. (٧٩) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! قانم بدە تا ڕۆژەکەی کە ھەموو زیندوو دەبنەوە. (٨٠) گوتی: تۆ یەکێ لەوانەی کە مەودایان پێدراوە؛ (٨١) ھەتا ئەو ڕۆژە و ئەو کاتەی دیاری کراو. (٨٢) گوتی: دەسا سوێند بە دەستەڵاتی تۆ، سەرلەبەریان گومڕا دەکەم؛ (٨٣) مەگین ئەوانەی بە پاکی دەت پەرستن. (٨٤) گوتی: سا ڕاست ھەر ئەمەیە و ھەرچی من دەبێژم ڕاستە. (٨٥) دڵنیابە، تۆش و ھەموو ئەو کەسانەی شوێن تۆ کەوتوون، جەھەندەمتان لێ پڕدەکەم. (٨٦) بێژە: من ھیچ پاداشێکم لێتان ناوێ؛ لەوانەش نیم کە درۆ بە دەم خوداوە ھەڵدەبەستن. (٨٧) ئەمە بیرەوەری و پەندە بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. (٨٨) بێ گومانە پاش ماوەیەک دەنگوباسی ڕاستی ئەوتان بەلاوە ڕوون دەبێتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زومەر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەم کتێبە لە خوای خاوەن دەستەڵات و لە کارزانە و ھاتۆتە خوار. (٢) مە ئەم کتێبەمان بە ڕاستی بۆ تۆ نارد. سا تۆ ھەر خوا بپەرستە و بە دڵپاکی ھەر لەسەر دینەکەی ئەو بە. (٣) تۆ بزانە دینی پاکژ ھەر ھی خوایە و ئەو کەسانەی کە بە جێ ئە و گەورەگەلێکیان بۆ خۆیان دیوەتەوە، ئێژن: ئێمە ھەر بۆیە دەیانپەرستین، لە خوا نزیکمان کەنەوە. خودا بە \و دووبەرەکایەتییە ڕادەگا، کە لە ناو ئەواندا ھەیە. دیارە خودا مرۆی درۆزنی سپڵە، بەرەو خۆی شارەزا ناکا. (٤) ئەگەر خودا بیویستایە فرزەندێ بۆ خۆ پەیدا کا، لەو خەڵکەی دروستیان دەکا بە مەیلی خۆی ھەڵی دەبژارد. پاکی و بێ عەیبی بۆ ئەوە. ھەر ئەوە خوای تاک و تەنیای زاڵ بەسەر ھەموو شتێکا. (٥) عاسمانەکان و زەمینی بە ڕاست ئەو وەدی ھێناوە و شەوێ دەڕۆژێ دەپێچێ و ڕۆژ دەشەوێ؛ خۆر و ھەیڤیشی کەوی کرد؛ ھەرکامی تا کاتی دیاردە دێن و دەچن. باش بزانن! بە دەستەڵات و خەتاپۆش ھەر خۆیەتی. (٦) ئێوەی ھەر لە تاقە کەسێک ھێنایەدی و ژنەکەشی ھەر لە ماکی ئەو دروس کرد. ھەشت وڵفیشی لە پاتاڵ بۆ وەدی ھێنان. ئێوەش ئاوا دروس دەکا، کە لە زگی دایکانوودا – جار لە دوو جار – لە سێ قۆناغی تاریکدا، ھەڵگێڕ وەرگێڕتان پێ دەکا. ئەوە خودای پەروەرێنتان؛ فەرمان ھەر لە دەستی ئەودا و لە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. جا کەوایە بەرەو کوێتان وەردەگێڕن؟ (٧) ئەگەر بە چاکە نازانن، خوا لە ئێوە بێ نیازە و بە پێ نەزانی عەبدانی ڕازی نابێ. ئەگەر چاکە و دەچاودا بێ، لێو ڕازیە. کەسیش باری گرانی کەس وەستۆ ناگرێ. لەمەولاوە ھەموو لاتان بۆ لای پەروەرندەی خۆتان دەھێنێتەوە و پێتان ئێژێ چیتان دەکرد. لە نھێنی ناودڵانیش ئاگادارە. (٨) ئەم مرۆیە کە تەنگانێکی دەگاتێ، ڕوو ھەر لە خودا دەکات و لەبەری دەپاڕێتەوە. ھەرکاتێکیش لە خۆیەوڕا بەھرەیەکی بە ئەو گەیاند، لە بیر دەکا کە دەپێشدا لە بەری پاڕاوەتەوە و شەریکانێک بۆ خودا دەدۆزێتەوە، تا خەڵکی پێ گومڕا کا. بێژە: بەو سپڵەییەتەوە، کەمێکی تریش ڕابوێرە؛ بێ گومانە تۆ لە یارانی ئاگری. (٩) ئاخۆ ئەمە وەل کەسێکا کە شەوگاران ڕوو بە خودا ڕاوەستاوە و سوژدە دەبا و بەرفەرمانە و لە ڕۆژی سەڵا دەترسێ و ھیوای وایە بەر بەزەیی پەروەرندەی خۆی بکەوێ، وەکوو یەکە؟ بێژە: ئاخۆ زانا و نەزان بەرانبەرن؟ ھەر ئەوانەی بە دڵ زیندوون، دەتوانن بیر بکەنەوە. (١٠) بێژە: ئەی عەبدەکانی من! ئەی ئەوانەی خاوەن بڕوان! لە پەروەرندەو بترسن؛ بۆ ئەوانەی لە ژیانی ئەم دنیایەدا چاکەیان کرد، چاکە ھەیە و زەمینی خودا فڕەھە. بێ گومانە ئەو کەسانەی خۆڕاگرن، بە تەواوی و بە بێ حیساب پاداشی خۆیان وەردەگرن. (١١) بێژە: من پێم سپێراوە ھەر یەک خودا بپەرستم و بە پاکژی ھەر لەسەر دینەکەی ئەو بم. (١٢) فەرمانیشم پێدراوە کە یەکەمین موسوڵمان بم. (١٣) بێژە: ئەگەر لە فەرمانی پەروەرندەی خۆم دەربچم، لە جەزرەبەی ڕۆژێکی گەورە دەترسم. (١٤) بێژە: ھەر خوداپەرستم و بە پاکژی لەسەر دینەکەی ئەو دەبم. (١٥) ئەوسا ئێوەش – غەیرەز خودا- چیتان پەرست، بە ئارەزووی خۆتان بکەن. ئەتۆ بێژە: ھەر ئەوانە زیانبارن کە لە ڕۆژی قیامەتێدا، خۆشیان و کەس و کاریشیان دەدۆڕێنن؛ دیارە ئەمە زیانێکی ئاشکرایە. (١٦) توێ لەسەر توێ کڵپەی ئاگر- وێنەی چەتر- لەسەر ئەماندا وێستاوە؛ لە ژێریشیان ھەر بەم تەرزە. خودا بەمە عەبدانی خۆی دەترسێنێ. ئەی عەبدانم! لێم بترسن. (١٧) ئەو کەسانەی لە پەرستنی بتەکان تەکیونەوە و، بەرەو خودا گەڕاونەوە، خۆشی لەوان. سا تۆش بە عەبدەکانی من مژدە بدە. (١٨) ئەو کەسانەی گوێ ل ەقسان ڕادەدێرن و بە شوێن چاکتریاندا دەچن، ئەوان خودا ڕێی بەرەو خۆی نیشان داون؛ ئەوانە خاوەن ئاوەزن. (١٩) ئاخۆ کەسێ ئازاری بۆ بڕیار درا، تۆ دەتوانی – کەسێ لە ناو ئاگردا بێ – ڕزگاری کەی؟ (٢٠) بەڵام ئەوی مەترسی پەروەرندەیان لە دڵدایە، وان لە ناو چەند ئۆدەیەکدا، چین لەسەر چین ساز کراون، جۆباریان بە بەردا دەڕوا. ئەمە بەڵێنی خودایە؛ خودا ھەر بەڵێنێ بیدا، لێی پەشیمان نابێتەوە. (٢١) ئەدی نەتدی، خودا لەو بڵنداییەوە ئاو دەنێرێ و لە زەمیندا لە سەرچاوەکانەوە ڕەوانی دەکا و کشت وکاڵی ھەمەڕەنگەی پێ دەڕوێنێ و پاش ماوەیەک زەرد و وشک ھەڵدەگەڕێ و ئەوسا دەیکاتە پووش و پار؟ ئەوانەی خاوەن ئاوەزن، دیارە لەمە پەند وەردەگرن. (٢٢) ئاخۆ کەسێ خودا دڵی بۆ ئیسلام گوشاد کردووە و دیارە بەر تیشکی بەزەیی پەروەرندەی خۆی کەوتووە، کەی دەبێ وەک ئەوانە بێ کە دڵڕەقن؟ ھاوارە بۆ ئەو کەسانە دڵڕەقن لە یادی خودا؛ کە ئەمانە بە ئاشکرا ڕێگەی خۆیان گوم کردووە. (٢٣) خوا چاکترین قسەی ھەناردۆتە خوارێ: کتێبێ کە] قسەکانی لە جوانییا [وەکوو یەکن و ھەر دووپاتەش دەکرێنەوە. ئەو کەسانەی ترسی پەروەرندەی خۆیان لە دڵدایە، لە بیستنی مچورکیان بە لەشێدا دێ و پاشان دڵ و کەلەخیان- بەیادی خودا- ئۆقرە دەگرێ. ئەمە ڕێنوێنی خوایە. کێ پێ خۆش بێ، بەرەو خۆی شارەزای دەکا؛ ھەر کەسیش خوا گومڕای بکا، کەسی تر شارەزای ناکا. (٢٤) ئاخۆ کەسێ ناچار دەبێ سزای بەژانی پەسڵانێ، بە چارەی خۆی لە خۆ لادا، دەبێ چۆن بێ؟ بە ناھەقانیش دەوترێ: دەبچێژن سزای کردەوەکەی خۆتان! (٢٥) پێشینەکانی ئەمانیش بڕوایان بە خوا نەھێنا؛ لە شوێنێکەوە ئازاریان بۆ داباری کە ھەر ھەستیشیان پێ نەکرد. (٢٦) خودا دەردی سووکایەتی لەم دنیادا پێ چەشاندن؛ گەر بزانن، دیارە ئازاری ئەو دنیا مەزن ترە. (٢٧) وائێمە لەم قورئانەدا بۆ ئەم خەڵکە ھەموو جۆرە نەزیلەمان ھێنایەوە؛ شایەت پەندی لێ وەرگرن. (٢٨) قورئانێکە بە عارەبێ و خێچ وخواری تێدا نییە؛ بەشکوو لە خودا بترسن. (٢٩) خوا دوو مرۆ بە نموونە دێنێتەوە: یەک خولامی چەند کەسی دژ بە یەکترە، ئەوی تریان خولامی تاقە کەسێکە؛ ئاخۆ ئەم دووانە وەک یەکن؟ سوپاس بۆ خواس. بەڵام زۆربەیان نەزانن. (٣٠) تۆش دەمری و ئەوانیش دەمرن. (٣١) پاشان لە ڕۆژی قیامەتا کێشەی ئێوە دێتەوە لای پەروەرندەو. (٣٢) سا کێ لەوە ناھەقترە درۆ بۆ خوا ھەڵببەستێ و ئەم ڕاستەی کە بۆی ھاتووە، نەی سەلمێنێ؟ ئاخۆ بۆ خودانەناسان لە دۆژەھدا جێگە نییە؟ (٣٣) ئەو کەسەی ڕاستەکەی ھێنا و ڕاستی سەلماند، ئەوانە لە خوا دەترسن. (٣٤) ھەرچی خۆیان ئارەزوو کەن، پەروەرێنیان دەیان داتێ؛ پاداشی ھەموو کارچاکان ھەروا دەبێ. (٣٥) ھەتا خودا خراترین کارێ کەوا کردوویانە ببەخشێت و باشتر لەوەی کاری چاکیان پێک ھێناوە، پاداشی خۆیان بداتێ. (٣٦) تۆ بەوانەی غەیرەز خودان، دەترسێنن؛ مەگەر ھەر خودا بەس نییە کە ئاگای لە عەبدی خۆی بێ؟ ھەر کەسێکی خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، کەس ناتوانێ ڕێبەری بێ. (٣٧) ھەر کەسێکیش خودا شارەزای کردبێ، کەس ناتوانێ لە ڕێگەی خودا کلی کا. بۆچ نازانن خودا خاوەن دەستەڵات و تۆڵەسێنە؟ (٣٨) ئەگەر تۆ لەوانە پرسی: کێ ئەم عاسمانانە و ھەردەی وەدی ھێنا؟ بێگومان ھەر ئێژن: خودا. بێژە: ئێوە ئەو شتانەی- غەیرەز خودا – دەی پەرستن، چۆن دەبینن؟ ئەگەر خودا گەرەکی بێ، تووشی بەڵایەکم بکا، ئاخۆ ئەوان بەڵای لە سەر من لا دەبەن؟ یان ئەگەر خوا بەر بەزەیی خۆیم بخا، ئەوان پێش لەو بەزە دەگرن؟ بێژە: من ھەر خودام بەسە و خۆسپێران، خۆیان ھەر بە ئەو دەسپێرن. (٣٩) بێژە: گەلۆ! ئێوە کاری خۆتان بکەن، منیش وا کاری خۆم دەکەم؛ ئا بەم زووانەش تێ دەگەن: (٤٠) کێیە تووشی ئازاری ئابڕووبەرە دێ و جەزرەبەی لە بنە نەھاتووی بەسەردا دێ. (٤١) ئێمەین کە ئەم کتێبەمان بە ڕاستەکی بۆ تۆ ڕەوانە کردووە؛ کە مەردم لە سۆنگەی ئەوا شارەزا بن. ھەر کەسێکی شارەزا بێ، قازانجی ھەر بە خۆی دەگا و ھەر کەسێکیش لە ڕێ لا دا، دژی خۆی جووڵاوەتەوە و؛ تۆ بریکاری ئەوان نی. (٤٢) ئەوانەی کە دێنە مردن، ئەوانەش کە دەخەوڕا چوون و نەمردوون، خودایە گیانیان ڕادەگرێ؛ ئەوی دیکەش تا وەختێکی دیاری کراو دێڵێتەوە. لەمەدا زۆر نیشانە ھەن بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن. (٤٣) ئاخۆ غەیرەز خودا تکاکارگەلێکیان بۆ خۆیان پەیدا کردووە؟ بێژە: گەرچی نە ھیچ شتێکیان بەدەستە و نە تێش دەگەن؟ (٤٤) بێژە: تکا – سەرلەبەر – ھەر بۆ خودایە؛ عاسمانەکان و زەمینیش ھەر سەر بەون. لە ئاکامدا ھەر بۆ لای ئەو دەبرێنەوە. (٤٥) ھەرگا ناوی خودای یەکتا بە یاد بکرێ، ئەو کەسانەی باوەڕیان بەو دنیا نییە، دڵیان بەو ناوە دەشێوێ؛ ئەگەر باسی غەیرەز خودایان لا دەڵێن، وەکەیف دێن. (٤٦) تۆبێژە: ئەی خودای مەزن! ئەی داھێنەری عاسمانەکان و زەمین! زانا بە نەدیار و دیاران! تۆی بە کاری عەبدانی خۆت ڕادەگەی و ئەو کێشەی لە ناویاندا بوو، کۆتای دەکەی. (٤٧) ئەو کەسانەی پیشەیان ناھەقی بووە، ئەگەر ھەرچی لەم سەرزەمینەدا ھەیە و ھێندەی تریش ھی ئەوان بێ، ئەیکەنە بارتەقای خۆیان، لە جەزرەبەی خراپی ڕۆژی سەڵایە ڕزگاریان کا؛ ئەوسا شتێکی وەھایان – لەخوداوە – دێتە بەرچاو، کە ھەر بیریشیان بۆی نەچووە. (٤٨) ئەمەشیان بۆ ئاشکرا بوو کە چەند خراپەیان دەکرد؛ ئەو شتانەی ئەوان گاڵتەیان پێ دەکرد، دەوری گرتوون. (٤٩) سا ھەر وەختێ مرۆ تووشی بەڵایەک دێ، لە بەرمان دەپاڕێتەوە؛ پاشان ئەگەر بەھرەیەکمان پێ گەیاندن، ئێژن: ھونەری خۆمانە. ھیچ نازانن ئەمە ئەزموونە بۆ ئەوان؛ بەڵام دیارە زۆربەیان لە نەزانانن. (٥٠) ئەوانەی پێش ئەوانیش بوون ھەر ئەو قسەگەلیانە کرد؛ بەڵام ھەرچی ئەوان کردیان، ھیچ بەھرەیەکی بۆ نەدان. (٥١) ئەوسا سزای کاری خراپی خۆیان دی. ئەو کەسانەش کە لە ناو ئەم مەردمەدا غەدر دەکەن، پاداشی خراپەی خۆیان دەدرێتەوە و ناتوانن خۆ ڕزگار بکەن. (٥٢) چۆن ھێشتا نەیانزانیوە کە بژیو بەدەست خودایە؛ بە ھێندێکان زۆر دەدا و بە ھێندێکان کەم؟ زۆر نیشانە لەمەدا ھەن بۆ گەلێ کە بڕوای ھەبێ. (٥٣) بێژە: ئەی عەبدەکانی من! ئەی ئەوانەی کە بە لادان لە ئەندازە، ناھەقی و لەخۆ کردووە! نابێ ئێوە لە بەزەیی خوا ناھومێد بن، چونکە لە ھەموو گوناھێک چاودەپۆشێ؛ ئەو لێبوردە و دلۆڤانە. (٥٤) وەگەڕێنە لای پەروەرندەی خۆتان و خۆتان ھەر بەوی بسپێرن، بەر لەوە ئازارتان بۆ بێ و کەسیش دەھاناتان نەیە. (٥٥) بکەونە شوێن ئەو دەستوورەی پەروەرندەو بۆتانی نارد و لە ھەموو شت باشترە؛ بەرلەوە ئازارتان بۆبێ - ل ەنەکاوێک – کە ھەر ھەستیشی پێ ناکەن. (٥٦) نەکا ئەوسا کەسێ بڵێ: ئەی مخابن، من لە فەرمانبەری خودا درێغیم کرد؛ ڕەگەڵ گەپ پێ دەران کەوتم. (٥٧) یان ببێژێ: ئەگەر خودا بەرەوخۆی ڕێی نیشان دابام، منیش لە پارێزگاران بووم. (٥٨) یان وەختێ کە ئازار دەبینێ، ببێژێ: بریا بگەڕابامەوە و بچوومایە ڕێزی ئاکارچاکانەوە. (٥٩) خۆ گەلێک لە نیشانانی منت بۆ ھات؛ باوەڕیت پێیان نەھات و لە خۆبەزل زانینی خۆت، چوویە ڕێزی پێ نەزانان. (٦٠) ڕۆژی قیامەت تۆ دەبینی ئەو کەسانەی درۆیان بۆ خوا ھەڵ دەبەست، ڕوویان ڕەشە. ئاخۆ بۆ خۆبەزل زانان شوێنێک لە دۆژەھدا نییە؟ (٦١) ئەو کەسانەی خۆیان پاراست – لەبەر ئەوە بە ڕێگەی ڕزگاریدا چوون – خودا خۆی ڕزگاریان دەکا؛ نە تووشی ناخۆشی دەبن، نە خەم دەخۆن. (٦٢) ھەرچی ھەیە ھەموو دەسکاری خودایە و ئاگای لە ھەموو شت ھەیە. (٦٣) کلیل گەلی ئاسمانەکان و زەمینێ بەدەست ئەوە. ھەر ئەوانە زیانبارن کە لە نیشانەکانی خوا حاشایان کرد. (٦٤) بێژە: ئاخۆ ئێوە لە منتان گەرەکە غەیرەز خودا شتێکی تر بپەرستم؟ ئەی نەزانان. (٦٥) ئێمە بە تۆ و بەوانەش کە بەرلە تۆ بوون، ڕامان گەیاند؛ ھەر کەسی تر بپەرستی، بێ گومانە کارەکەت لێ پووچەڵ دەبێ و لە ڕێزەی زیانبارانی. (٦٦) تەنھا خودا بپەرستە و دەگەڵ شوکربژێران بە. (٦٧) خودایان – وەکوو پێویستە – نەناسیوە. ڕۆژی سەڵا زەمین ھەموو وا لە ناو مشتی ئەودایە و ئاسمانانیش بە دەستی ئەو پێچرانەوە. خودا پاک و بەرزترە لەو شتانەی ئەوان دەیکەنە شەریکی. (٦٨) دەکەڵەشاخ دەمێندرا، ئەوسا ھەرکێ لە عاسمانان و زەمینن، بێ ھۆش دەبن؛ مەگین کەسێ خوا حەز بکا. جارێ تر فووی پێدا کرا، کەچی لەپڕ ھەموویان ڕاستەوە دەبن و بە چاوی خۆیان دەیبینن. (٦٩) ئەم زەمینەش بە تیشکی پەروەرێنی خۆی ڕووناکایی تێ دەگەڕێ و کتێبی خوا دێتە گۆڕ و پێغەمبەر و ئاگاداران دێنەبەرێ و چۆن ڕاستە، بە کاری ھەمووان ڕادەگەن و غەدر لە ھیچ کەس ناکرێ. (٧٠) ھەر کەسێ ھەرچی کردووە – بە تەواوی – پاداشی پێ دەگاتەوە. خودا ھەر خۆی لە ھەموو کردەوەکانیان ئاگادارە. (٧١) ئەو کەسانەی حاشایان لە خوا کردووە، بۆ جەھەندەم بە کۆمەڵ ڕەپێچەک دەدرێن. ھەر کە لێی نزیک بوونەوە، دەرگاکانیان بۆ ڤەدەکەن؛ گزیرەکانی جەھەندەم پێیان ئێژن: ئاخۆ ئێوە پێغەمبەرتان – لە خۆتان – بۆ نەھاتبوو، نیشانانی پەروەرێنتان بۆ وەخوێنن و ترسی تووشبوونی ئەمڕۆتان وەبەربێنن؟ ئێژن: بەڵێ، بەڵام بەڵێنی ئازاردان بۆ ئێمە کە خوانەناس بووین، جێی خۆیەتی. (٧٢) ئێژن: لە دەرگای جەھەندەم بچنەژوورێ و تا ھەتا ھەر لەوێدا بن؛ جێگەی ئەوانەی بە فیزن، چەند خراپە! (٧٣) ئەو کەسانەش کە ھەر لە پەروەرندەیان ترسیان بووە، دەستەدەستە بەرەو بەھەشت بەڕێ دەکرێن و دەرگایان بۆ دەکرێنەوە و کاربەدەستانی بەھەشتێ پێیان ئێژن: دروود لەنگۆ، بەخێرھاتن، بچنەژوورێ و ھەروھەر، ھەر لەوێدا بن. (٧٤) ئێژن: شوکرانە بۆ خودا، کە بەڵێنێ بەئێمەی دا، وەڕاست گەڕا و ئەو زەمینەی دا بە ئێمە و لەو بەھەشتا، کوێ ئارەزوو کەین لێی دەبین. ئەو پاداشەی دراوە بە خەباتکاران چەندە باشە! (٧٥) فرشتەکانیش دەبینی، لە دەوری تەخت خول دەخۆن و پەسنی پاکی پەروەرندەی خۆیان دەدەن. ھەرچۆن ڕاستە، وا بە ناویان ڕاگەیشتوون و ئێژن: سوپاس بۆ پەروەرندەی گش جیھان. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غافیر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) حا، میم. (٢) ئەم کتێبە لەلایەن خوای خاوەن دەستەڵاتی چازانەوە ناردراوە؛ (٣) کە لە گوناھان دەبوورێ و پەشیمانی قبووڵ دەکا و لە جەزرەبە توندوتیژە. چاکە ھەر بە دەس خۆیەتی و جگە لە خۆی ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ و ھەموو شت دێتەوە لای ئەو. (٤) غەیرەز خودانەناسەکان، ھیچ کەسێ لەسەر نیشانەکانی خودا کێشە ناکا. گەڕ و خولیان بە شاراندا، نەکا تۆ ھەڵخەڵەتێنێ. (٥) ھۆزی نووحیش پێش ئەمانە و چەند کۆمەڵیش لەدوای ئەوان، بڕوایان بە خوا نەھێنا. ھەر کۆمەڵێ پەلاماری پێغەمبەرەکەی خۆی داوە تا بیگرن و ئازاری دەن؛ بە قسەی ھیچیش ویستوویانە جێ بۆ ڕاستی نەھێڵنەوە. ئیتر بە غەزەب گرتوومن؛ دەسا سزای من چلۆن بوو. (٦) بەڵێنی پەروەرندەی تۆ لەسەر ھەموو ئەوانەی خودانەناس بوون، وا ھاتە جێ کە ئەوانە جەھەندەمین. (٧) ئەو کەسانەی تەختی خوایان ھەڵگرتووە و ئەوانەی بەدەوری ئەودان، بە سوپاسی پەروەرندەیان خەریکن و بڕوایان ھەر بە وی ھەیە و داوای بوردن بۆ خاوەن باوەڕان دەکەن: ئەی پەروەرندەی ھەموومان! دیارە بەزەیی و زانینت ھەموو شتی داگرتووە؛ ئەوانەی دەگەڕێنەوە و پەیڕەوی ڕێگەی تۆ دەبن، لە گوناھەکانیان ببوورە و لە ئازاری بە ئاگریان بپارێزە. (٨) ئەی پەروەرندەی ھەموومان! بیشیاننێرە ناو باغاتی ھەمیشەیی، کە خۆت بەڵێنت پێ داون؛ ئەو کەسانەش کە لە باوانی ئەوان و ھاولفیانن و بەرە و تۆرەمەی ئەوانیش – کە ئاکاری چاکیان بووە – وەل ئەوان بن؛ ھەر خۆت خاوەن دەستەڵات و لەکارزانی. (٩) لە خراپەش بیانپارێزە. ھەر کەسێکی لە خراپە بیپارێزی، لەو ڕۆژەدا بەر بەزەیی تۆ دەکەوێ؛ کە ئەمەش سەرکەوتنێکی زۆر مەزنە. (١٠) ھاوار لەو کەسانە دەکرێ کە خودایان نەناسیوە: بێگومان تووڕەییی خودا لەو ڕکەی خۆتان ھەتانە، گەورەترە؛ چونکە ئێوە بانگتان دەکەن باوەڕیو بە خودا ھەبێ، کەچی ئێوە حاشا دەکەن. (١١) ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! تۆ دوو جاران مراندووتین؛ دوو جارانیش ژیانت بە بەردا کردووین؛ پێ لە گوناھی خۆدەنێین، ئاخۆ دەرەتانێک ھەیە؟ (١٢) ئەمەتان بۆیە بەسەر دێ، چونکە ھەرگا مەردم خوایان دەپەرست و ھیچی تر نا، حاشاو دەکرد؛ بەڵام کاتێ شەریکیان بۆ ئەو دادەنا، ئێوە باوەڕتان دەھێنا. فەرمان تەنیا بۆ خودای بەرز و مەزنە. (١٣) ھەر ئەو نیشانانی خۆیتان بۆ دەنوێنێ و لەو حەوایە بژیوتان بۆ بەڕێ دەکا. تەنیا کەسێ لەو ئامۆژگارییە تێدەگا، کە ڕووی ھەر بەرەو خودا بێ. (١٤) دەسا ئێوە بە دڵپاکی ھەر ھانا بۆ خودا بەرن و دینی پاکژتان بۆ ئەو بێ؛ جا با خودانەناسانیش پێی تووڕە بن. (١٥) پلەی بەرز وا لای ئەون، خاوەن تەختە؛ بە فرشتەی تایبەتیدا وڵامی خۆی بۆ ھەر کەسێ لە عەبدانی خۆی حەز بکا، بەڕێ دەکا؛ تا لە ڕۆژێ – کەتووشیان دێ – بیانترسێنێ. (١٦) ئەوێ ڕۆژێ – کە ھەموویان دێنەوە دەر – ھیچ شتێکیان لە خودا نھێنی نییە. لەو ڕۆژەدا فەرمانڕەوایی بۆ کێیە؟ ھەر بۆ خودای تاک و تەنیای بە سەر ھەموو شتدا زاڵە. (١٧) لەو ڕۆژەدا ھەر کەس ھەرچی کردوویەتی، سزای کاری خۆی دەبینێ؛ ئەم ڕۆژە ھیچ غەدرێک نییە. خودا بەلەز بە کاروباران ڕادەگا. (١٨) تۆ لەو ڕۆژە بیانترسێنە کە لەنەکاو تووشی دەبن. لەو دەمەی کە ھەموو دڵێک لە قوڕگان نزیک دەبنەوە و ھەموو ھەر پیش دەخۆنەوە. ئەوانەی ناھەقیکارن نە ھیچ دۆستیان دەس دەکەوێ، نە کەسێ تکای بگیرێ. (١٩) خواش دەزانێ کێ چاوی غەیانی ھەیە و چییان لە دڵدا شاردۆتەوە. (٢٠) خوا بەڕاستی پێ ڕادەگا. ئەوانەی ئەوان ھانایان دەبەنە بەر - غەیرەز خودا – ھیچ کارێکیان لەدەس نایە. ھەر خودایە کە بیسەریش و بینایە. (٢١) ئاخۆ ئەوان بە زەمیندا نەگەڕاون، تا بزانن چارەنووسی پێشینەکانی ئەوانە چتۆ بووە؟ لەوانە بەھێزتر بوون و لەو زەمینە شوێنەواریشیان زۆرترە؛ لەتۆڵەی گوناھەکانیان خوا گرتنی و کەس لەخودای نەپاراستن. (٢٢) کە ئەوانە پێغەمبەریان بە نیشانەی ئاشکراوە ھاتبوونە لا و بڕوایان پێ نەکردبوون؛ ئەوێ چاخێ خوا گرتنی. خوا توانایە و سزادانی توندوتیژە. (٢٣) ] لەو بارەوە بە چەند نیشانەی خۆمان و بە بەڵگەیەکی ئاشکراوە، مووسامان نارد، (٢٤) بۆ لای فیرعەون و ھامان و بۆ لای قاڕوون. ھەموو گوتیان: جادوگەرێ درۆزنە. (٢٥) وەختێ لەلایەن ئێمەوە دینی ڕاستی بۆ دەرخستن، گوتیان: کوڕانی ئەوانەی وەل ئەو بڕوایان ھێناوە، لەناو بەرن و ژنەکانیان بەزیندوویی بھێڵنەوە؛ بەڵام فێڵی خوانەناسان ھەرگیز سەری نەگرتووە. (٢٦) فیرعەون وتی: لێم گەڕێن مووسا بکوژم؛ با ئەو ھاوار بۆ پەروەرندەی خۆی بەرێ؛ من دەترسم دینەکەتان بگۆڕێت و پشێوێنی لەم زەمینەدا بنێتەوە. (٢٧) مووسا گوتی: ھانا دەبەمە بەر کەسێ – کە منیش و ئێوەشی پەروەراندووە – بمپارێزێ لە ھەموو خۆبەزلزانێ کە باوەڕی بە ڕۆژی قیامەتێ نییە. (٢٨) پیاوێ لەخزمانی فیرعەون – کە باوەڕی بە خوا ھەبوو، بەڵام باوەڕەکەی خۆی ئەشاردەو – گوتی: ئێوە چلۆن پیاوێ وەھا دەکوژن، ئێژێ خوا پەروەرندەمە و لە پەروەرندەی خۆشیڕا، چەند نیشانەی زۆر ئاشکرای بۆ ھاوردوون؟ ئەگەر دەڵێن: درۆ دەکا، وەباڵ درۆی بە ئەستۆی خۆی. ئەگەریش قسەی ڕاست دەکا، لەوانەی ئەو پێتان دەڵێ، ھێندێکیانوو ھەر بەسەر دێ؛ چونکە خودا مرۆی لە ڕادە لادەری درۆزن شارەزا ناکا. (٢٩) گەلۆ! ئەمڕۆ فەرمانڕەوایی بۆ ئێوەس؛ لەم ھەردەشا ئێوە زاڵن؛ ئەگەر خوا بە گژماندا بێ، ئەوسا کێ یاریمان دەکا؟ فیرعەون گوتی: چی خۆم بە چاکی دەبینم، ھەر ئەوەتان پێش دەکەوم و ھەر ئەو ڕێگەی کە من نیشانتانی دەدەم، ڕاستەڕێیە. (٣٠) کاورای خاوەن بڕوا گوتی: گەلۆ! من لەوە دڵخورتم ئەو بەڵایەی بەسەر خەڵکی تر ھاتووە، بەسەرتان بێ؛ (٣١) وەک ڕووداوی ھۆزی نووح و عاد و سەموود و ئەوانەی پاش ئەوان بوون. خوا نایەوێ ناھەقی لە عەبدان بکا. (٣٢) گەلۆ! لێتان نیگەرانم لەوڕۆژەدا لێو بقەومێ کە دەبێتە ھاوار ھاوار. (٣٣) ئەوێ ڕۆژێ کە ھەمووتان بەرەو پاش دەگەڕێنەوە و ھەڕادەکەن؛ کەس ناتوانێ لە خودا ڕزگارتان بکا. ھەر کەسێکیش خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، ھیچ کەس نایخاتەوە سەر ڕێ. (٣٤) لەمەو پێشیش یووسف بە چەندین بەڵگەوە ھاتە ناوتان؛ کەچی ئێوە لە بەڵگەکانی دوودڵ بوون، باوەڕیتان پێ نەھێنا. وەختێ کە مرد، گوتتان: ئیتر پاش ئەو خودا ھیچ پێغەمبەرێ نانێرێ. دەسا ئاوا ھەر کەسێک دوودڵی بکا و لە ئەندازەی خۆی دەربچێ، خودا ڕێگەی لێ دەگۆڕێ. (٣٥) ئەو کەسانەی کە بێ ئەوە بەڵگەیەکیان بۆ ھاتبێ، لەمەڕ نیشانەکانی خوا کێشە دەکەن، لەلای خودا و باوەڕداران کاری زۆر نابەجێ دەکەن. خوا دڵی ھەر خۆبەزلزانێکی زۆردار، وا مۆر دەکا. (٣٦) فیرعەون گوتی: ئەی ھامان! بچۆ قەڵایەک بۆ من ساز کە، بەشکوو بگەم بەو ئاسۆ دوورەدەستانە؛ (٣٧) ئاسۆکانی ئاسمانەکان؛ بڕوانمە خوداکەی مووسا. منیش دەڵێم درۆ دەکا؛ ئابەم جۆرە فیرعەون کاری گەندی خۆی بەجوان زانی و بوو بە لەمپەری سەر ڕێگەی. ھەر فێڵێکی فیرعەون بۆ خۆی دۆزییەوە، بەفێڕۆ چوو. (٣٨) ئەو کەسەی خاوەن باوەڕ بوو، گوتی: گەلۆ! شوێنم کەون، من ڕاستەڕێتان شان دەدەم. (٣٩) گەلۆ! ئەم ژینی دنیایە ھەر سەرێکە و دەبڕێتەوە؛ ماڵی ئەولا یەکجارییە. (٤٠) ھەر کەسێ خراپە بکا، ھەر بە ئەندازەی خراپەی سزا دەدرێ. ھەر کەسیش ئاکاری چاک بن – چ نێر، چ مێ – و باوەڕی بە خودا ھەبێ، ئەوانە دەچنە بەھەشت و بێ ژمارە ھەموو بژیوێکیان ھەیە. (٤١) گەلۆ! چیمە، من دەمەوێ ڕزگارتان کەم، ئێوە لە منتان گەرەکە بچمە ئاگر؟ (٤٢) دەتانەوێ لە خودا حاشا بکەم و شتی وا بپەرستم و بیانکەم بە شەریکی خوا، کە ھیچ زانستیم پێ نییە؛ کەچی من گەرەکمە ئێوە ڕوو بکەنە لای ھەرە بەدەستەڵاتی گوناھ بەخش. (٤٣) بێگومان ئێوە دەخوازن من شتی وا بپەرستم کە لە دنیا و لە قیامەتێ ھیچ کارێکی لەدەس نایە. ھەموومان دەگەڕێینەوە بۆ لای خودا و ئەوانەی لە قاس دەردەچن، ھەر تووشی جەھەندەم دەبن. (٤٤) جائەو دەمە قسەی منتان دێتەوە بیر. کاری خۆم بە خوا دەسپێرم؛ خودا چاوی لە عەبدەکانی خۆی ھەیە. (٤٥) خوا ئەوی لە ئاکامی خراپی ئەو فێڵەی دەیانکرد، ڕزگار کرد و ھەرچی سەر بە فیرعەونێ بوون، بەڵا دەناوەخۆی گرتن. (٤٦) ھەموو سپێدە و ئێواران دەیانبەنە سەر ئاور و ڕۆژێ کە سەڵا ڕادەبێ [فەرمان دەدرێ]: سا دەستەو بەستەکەی فیرعەون، زۆر بەتوندی ئازار بدەن. (٤٧) کە ئەوسا لەناو ئاگردا کێشە دەگەڵ یەکتر دەکەن. بێھێزەکان بە خاوەن ھێزەکان ئێژن: ئێمە شوێن ئێوە کەوتبووین، ئاخۆ ئێوە پێتان دەکرێ بەجێی ئێمە لەو ئاگرە، بەشێک بۆ خۆتان ھەڵگرن؟ (٤٨) بەھێزە لەخۆباییەکان ئێژن: ھەموو لە ئاگرداین. خودا بە کاری عەبدانی وا ڕادەگا. (٤٩) ئەو کەسانەش کە چوونە ناو ئاگرەوە، لە گزیرەکانی ئاگر داوا دەکەن: لە بەر پەروەرندەی خۆتان بۆن وەپاڕێن، ڕۆژێکمان لەو ئازارە بۆ کەم کاتەوە. (٥٠) ئێژن: ئاخۆ ئێوە پێغەمبەرەکانتان بە نیشانەی ئاشکراوە نەھاتە لا؟ ئێژن: بەڵێ. ئێژن: دەی خۆتان وەپاڕێن؛ دیارە نزای خوانەناسان، بەشی ھەر بە فێڕۆ چوونە. (٥١) بێ گومانە ئێمە پێغەمبەرانمان و ئەو کەسانەی کە وا بڕوایان ھێناوە، لە ژیانی ئەم دنیایەدا و لەو ڕۆژەشدا کە شایەتان ڕاس دەبنەوە، یاری دەکەین. (٥٢) ئەوێ ڕۆژێ کە ناھەقان پاکانەیان سوودێکیان پێ ناگەیەنێ و گشتیان بەنەحلەت کراون و نالەبارتر ماڵیان ھەیە. (٥٣) ئێمە ھۆی ڕێنوێنیمان دا بە مووسا و کارێکمان کرد کتێبەکە – بەکەلەپوور – بۆ تۆرەمەی ئیسڕائیل بمێنێتەوە. (٥٤) کە ڕێگەیان نیشان دەدا و بیرەوەرییە بۆ کەسانی خاوەن ئاوەز. (٥٥) خۆ ڕابگرە، بەڵێنی خودا دێتە جێ. بۆ گوناھت داوای لێبوردنێ بکە و ھەموو بەیانی و ئێواران – بە شوکرەوە – ھەر پەسنی پاکیی پەروەرندەی خۆت بدە. (٥٦) ئەو کەسانەی لەمەڕ نیشانانی خودا کێشە دەکەن – بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیان بۆ ھاتبێ – جگە لە فیز، ھیچ شتیان لە دڵدا نییە و ھەرگیز بە ئارەزوو ناگەن. سا تۆ: پەنا بە خوا ببە؛ ھەر خۆی بیسەر و زانایە. (٥٧) داھێنانی ئەم عاسمانان و زەمینە، لە وەدی ھێنانی مەردم گرینگترە؛ بەڵام مەردم زۆربەیان ئەمە نازانن. (٥٨) کۆر و چاوساغ وەکوو یەک نین؛ ئەوکەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکار چاکن، دەگەڵ خراپکارەکاندا نابن بەیەک. چ ھەندکن ئەوانەی بیردەکەنەوە. (٥٩) ھاتنی ڕۆژی سەڵایە، ھیچ گومانی تێدا نییە؛ بەڵام زۆرینەی ئەم خەڵکە بڕوا ناکەن. (٦٠) پەروەرندەتان گوتوویە: لە بەرم بپاڕێنەوە، ئەوسا بە دەنگتانەوە دێم. ئەو کەسانەی – ھەر لەبەر خۆبەزلزانین – نایانەوێ بمپەرستن، بە زەبوونی دەچنە دوڕجەھەندەمەوە. (٦١) ھەر خودایە شەوی بۆ ئێوە پەیدا کرد، کە تێیدا بحەسێنەوە و ڕۆژیشی بۆ دیتن دانا. خودا چاکەی دەربارەی مەردم کردووە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە ناسپاسن. (٦٢) ئەم خودایە ئێوەی پەروەردە کردووە و وەدی ھێنی ھەموو شتە؛ لە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. دەی چۆن لە ھەق کلا دەکرێن؟ (٦٣) ھەر بە متەرزە ئەو کەسانەی لە نیشانەکانی خودا حاشا دەکەن، لەوەی ڕاستە کلا دەکرێن. (٦٤) ئەو خودایە سەرزەمینی بۆ ئێوە کردە نشیمەن؛ ئاسمانیشی لەسەر بەرز کردنەوە. ئەو بیچمی بە ئێوەی داوە، لە ھەموو بیچمێک جوانترە. بژیوی باشی پێ داون. ھەر ئەوە خوای پەروەرێنتان. بەرزی و پیرۆزی بۆ خودا، کە پەروەرێنی دنیایە. (٦٥) ھەر زیندووە و لە غەیرەز ئەو ھیچ پەرستوویەکی نییە. دەسا ئێوە بە دڵپاکی ھەر ھانا بۆ خودا بەرن و دینی پاکژتان بۆ ئەو بێ. سوپاس بۆ خودای ڕاھێنەری ھەموو جیھان. (٦٦) بێژە: من پاش ئەو بەڵگانەی لەلایەن پەروەرندەمڕا بۆم ھاتووە، ڕێم نەدراوە ئەو شتانە بپەرستم کە [خوا نین و] ئێوە ھانایان پێ دەبەن؛ ھەر فەرمانم پێ دراوە خۆم بسپێرم بە ڕاھێنەری گش جیھان. (٦٧) ھەر ئەوە ئێوەی دروس کرد لە قوڕێک و لەپاشان لە تنۆکێک و پاشان لە خوێنێکی جەڵتە و پاشان دەتانھێنێتە دەر بە ساوایی و پاشان بەخۆدا دێن ھەتا دەبن بە خۆرتێکی خورت و پاشان بە پیری دەگەن و ھێندێکیشتان بەر لەوە پیر ببن دەمرن. ھەتا دەگەن بە ئەو کاتەی کە بۆتان دیاری کراوە، شایەت [لە خۆتان] ڕامێنن. (٦٨) ھەر خۆیەتی ژینێ دەدا و دەشمرێنێ. ھەر کارێکی گەرەکی بێ، ھەر پێی ئێژێ: ببە و، دەبێ. (٦٩) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە کە لە نیشانانی خودا کێشە دەکەن، چلۆن ڕێ لە خۆ دەگۆڕن؟ (٧٠) ئەو کەسانەی کە ھەر بڕوایان نەھێنا بەم قورعانە و بەو شتانەی پێغەمبەرانمان بۆ ناردوون، زۆر ناخایەنێ تێدەگەن. (٧١) ئەوسا کە ھەر یەک چەند تۆقی دەملدایە و بە زنجیر ڕایان دەکێشن، (٧٢) بۆناو ئاوێکی زۆر گەرم و لەدوای ئەوە لەناو ئاگردا گڕ دەگرن. (٧٣) ئەم جارە لێیان دەپرسن: کوان ئەوانە دەیانگوت شەریکی خودان؛ (٧٤) غەیرەز خودا. ئێژن: لەبەر چاومان ونن؛ خۆ ئێمە لەسەر دنیاش بووین، غەیرەز خوامان نەدەپەرست. خودا ئاوا خوانەناسان گومڕا دەکا. (٧٥) سا ئەمە گۆڕی گیانتان بێ! چونکە ئێوە لە سەر زەمین بە ناڕەوا کەیفوو دەکرد؛ بادی ھەواییتان دەنواند. (٧٦) لە دەرگاکانی جەھەندەم بچنە ئەو دیو و تاھەتایە لەوێدا بمێننەوە. جێگەی خۆبەزلزانەکان چەند ناخۆشە! (٧٧) سا بوێستە، چونکە بەڵێنی خوا ڕاستە؛ یان ھێندێکت لەو بەڵێنەی پێیان دەدەین، نیشان ئەدەین، یان مەرگت بەسەردا دێنین. [ھەرچۆنێک بێ] ھەموو لایەک ھەر دەھێننەوە لای خۆمان. (٧٨) لە پێش تۆشدا گەلێ پێغەمبەرمان ناردن. سەربھوردی ھێندێکانمان بۆ باس کردووی؛ ھەیشن کە باسمان نەکردوون. ھیچ پێغەمبەرێ ناتوانێ ھەتا خودا ئیزنی نەدا، ھیچ نیشانێک نیشان بدا. ھەرگا فەرمانی خودا ھات، دەبێ ڕاستی بە کاری مەردم ڕابگا و؛ ھەرکێ لە سەر پڕوپووچن، تێدا دەچن. (٧٩) ھەر خودایە وڵساتی بۆ پەیداکردن، ھەتا ئێوە سواریان بن و لێیان بخۆن. (٨٠) گەلێک بەھرەی تریشیان بۆ ئێوە ھەیە؛ ئەو نیازی لە دڵتاندا، لەسەریان پێکی دەھێنن و لەسەریان و لەسەر گەمیەش ھەڵدەگیرێن. (٨١) زۆر لە نیشانانی خۆی، دەخاتە بەرچاوی ئێوە. ئێوە حاشا لە کام نیشانەی خوا دەکەن. (٨٢) ئاخۆ ھەرگیز بە زەمیندا نەگەڕاون کە بزانن ئاکامی پێشینەکانیان بە کوێ گەیشت؟ کە لەمانە زۆرتر و بەھێزتریش بوون؛ شوێنەواریشیان لە ھەردا پتر ماوە. سا ھەرچی کۆیان کردەوە، ھیچ بەھرەیەکی بۆ نەدان. (٨٣) کە پێغەمبەرانی ئێمە بە نیشانەی ئاشکراوە چوونە لایان، بەو ھۆیە کە زۆر دەزانن، دڵیان خۆش بوو؛ کەچی ئەوەی ئەوان گەمەیان پێ دەکرد، دەوری لێدان. (٨٤) کاتێ دیتیان بەڵای ئێمەیان دێتەسەر، گوتیان: ئیتر خوای تاقانە دەناسین و لەو شتانەی دەمانگوت: شەریکی خودان، حاشادەکەین. (٨٥) پاش دیتنی سزای ئێمە، بڕواھێنان قازانجی پێ نەگەیاندن. ئەمە ڕێوشوێنی خودایە؛ دەربارەی ھەموو عەبدانی ھەر وا بووە. لەو کاتەدا ھەر ئەوانەی خوانەناس بوون، زەرەریان کرد. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فوسسیلەت وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) حا، میم. (٢) ھاتۆتەخوار لەوکەسەوە کە دەھندەی دلۆڤانە. (٣) کتێبێکە نیشانانی بەڕونی شی کراونەتەوە؛ بەزمانی عەرەبیە؛ بۆگرۆی مرۆی دەیزانن. (٤) مژدەدەرو ترسێنەرەو زۆربەیان خۆیان لێ بواردو ئامادە نین کە بیبیسن. (٥) گوتیان: لەوەی کە تۆ بۆئەومان بانگ دەکەی، دڵمان پۆششی لەسەرەو گوێمان کەڕەو پەردەیەک ھەس لە نێوانی ئێمە و تۆدا. تۆ خەریکی کاری خۆت بەو، ئێمەش کاری خۆمان دەکەین. (٦) بێژە: منیش مرۆیەکم وەکوو ئێوە؛ خودا فەرمانم پێدەدا پێتان بڵێم تەنیا خودایەکتان ھەیە؛ ڕوتان ھەر بەرەو ئەم بکەن و داوای بوردنی لێ بکەن. واوەیلا بۆئەوکەسانەی خودا بە تەنیا نازانن؛ (٧) ئوانە نە زەکات دەدەن، نەبڕوایان بەڕۆژی قیامەتێ ھەیە. (٨) ئەوانەی خاوەن بڕوان و ئاکارچاکن، ھەروھەر پاداشیان ھەیە. (٩) ئاخۆ ئێوە لە کەسێکی کە بەدوڕۆژ ئەم زەمینەی وەدی ھێنا، حاشادەکەن و ھاوتای بۆپەیدادەکەن؟ ئەوە کە ڕاھێنەری ھەموو جیھانە. (١٠) کەژو کۆشی لە زەمین بەرز کردەوەو پیتی تێ خست؛ ھەر لەماوەی چوارڕۆژاندا، بۆھەرکێ بژیوی دەوێ – بە یەکسانی – بژیوی بۆدابین کردن. (١١) پاشان ڕوی نا لەبەرزایی، کە ئەوسا ھەر تاریکان بوو. بەوان و بە زەمینی گوت: خۆش یا ناخۆش، دەبێ بێنە بەرفەرمانم. گوتیان: وا بەخۆشی ھاتین. (١٢) ئەوساکە حەوت ئاسمانی لە دوڕۆژدا وەدی ھێنا؛ ھەر عاسمانەی فەرمانی کاری خۆی بۆنارد. نزیکتر ئاسمانیشمان بە چرایان ڕازاندەوەو پارازتمان. خاوەن دەستەڵاتی زانا بڕیاری ئەوکارەی داوە. (١٣) ئەگەر ھەر قبوڵیان نەکرد، بێژە: بەوھەورەتریشقەو دەترسێنم کە ھۆزەکەی عادو سەموودی وەبەردا. (١٤) ئەوسا کە پێغەمبەرەکەمان – چ ڕوبەڕو، چ پاشملە – لێیان نزیک دەبونەوە کە: غەیرەز خوا مەپەرستن؛ وتیان: ئەگەر پەروەرێنمان مەیلی لێبا، فریشتەی دادەبەزاندن. ئێمە لەوەی کە ئێوەی پێ ناردراون، حاشادەکەین. (١٥) جا ھۆزی عاد لەناڕەوا خۆیان لەو سەرزەمینەدا بەزل زانی. دەیانگوت: کوا؟ کێ لە ئێمە بەھێزترە؟ نەیاندیبو ئەو خودایەی ئەوانی دروس کردووە گەلێک لەوان بەھێزترە؟ ھەروا بەنیشانەکانمان بێ بڕوابون. (١٦) ئەوسا ئێمە ڕەشەبایەکی بەھێزمان – لەوڕۆژانەدا کە شومن – ناردە سەریان؛ تا ئازاری ئابڕوبەریان – لەژیانی ئەم دنیایەدا – پێ بچێژین. بێ گومانە سووکایەتی ئازاری ئەولاش زۆرترەو کەسیش دەھانایان نایە. (١٧) ئێمە ڕێگەی بەرەوخۆمان شانی ھۆزی سەموودیش دا. لەباتی شارەزابونێ حەزیان کرد ھەرنابینابن. ئەوسا لەسۆنگەی ئەوکاری کە دەیانکرد، ھەورەتریشقە گرتنی و ئازاری ئابڕوبەرەیان لێ ھاتەدی. (١٨) ئەوکەسانەشمان ڕزگارکرد کە ببونە خوداناس و لە گوناھ خۆیان دەپاراست. (١٩) لەوڕۆژەدا کە نەیارەکانی خودا بەرەو ئاگر ھەموویان کۆدەکرێنەوەو دەستەدەستە بەڕێ دەکرێن، (٢٠) وەختێ دەگەنەلای ئاگر، لە ھەرکارێ کردوویانە، گوێچکەو چەم و ھەموو پارچەپێستی لەشیان، لەدژیان شایەتی دەدەن. (٢١) [بەگلەییەوە] پێستانی خۆیان دەدوێنن: چۆن دژمان شایەتیتان دا؟ ئێژن: خوا وەزمانی ھێناین، کە دەتوانێ ھەموشت بێنێتە قسە؛ ھەر ئەویشە ھەوەڵجار ئێوەی دروس کرد، دەشوگەڕێننەوە لای ئەو. (٢٢) لەوبارەوە کە گوێ و چاوو گش پێستی ئەندامەکانتان شایەتیتان لەسەربدەن، ھیچ خۆتان حاشارنەدەدا؛ بەڵام ئێوە پێتان وابو خوا لە زۆرێ لەوکارانەی ئێوە دەیکەن، بێ ئاگایە. (٢٣) دەربارەی پەروەرندەتان ئێوە واتان گومان دەبرد، کە تەرت وتونای کردن و چوونە ڕێزەی زیانباران. (٢٤) ئەگەر ئەوان خۆڕاگرن، ئەوە ئاگر جێگەیانە. ئەر داوای لێ بوردنیش کەن، ھەرگیز ڵێیان قبووڵ ناکرێ. (٢٥) دۆستی واشمان [لە دنیا] بۆپەیداکردن، کاری ئێستەو ئایندەیان بۆخەمڵاندن. بۆ ئەمان و ئەو جنۆکەو مرۆڤانەی بەرلەوان بوون، بەڵێنی خودا ھاتەجێ؛ لەبەرئەوەی زیانباربون. (٢٦) خودانەناسەکان گوتیان: گوێ بۆئەم قورئانە مەگرن؛ قسەی بێتامی خۆتانی تێکەڵ بکەن؛ بەشکوو بەسەریا سەرکەون. (٢٧) سا مەرج بێ ئەوکەسانەی خوانەناس بون، لە ئێمەوە جەزرەبەی دژوار بچێژن؛ لەوەی دەیانکرد، خراپتر ئازاریان دەین. (٢٨) سزای دوژمنانی خودا ھەر ئەمەیە؛ لەسۆنگەی حاشاکردنیان لەنیشانەکانی ئێمە، ئاگری لەبنە نەھاتو ئەنوایانە. (٢٩) خودانەناسەکان گوتیان: ئەی پەروەرندەی گلامان! ئەودوکەسە لە جنۆکەو مرۆیەمان نیشان بدە، کە ڕێیان لە ئێمە گۆڕی؛ وەژێرپای خۆمانیان دەدەین با لەژێری ژێرەوەبن. (٣٠) ئەوانەش کە گوتویانە: پەروەرندەمان خودایە و لە گفتیان لایان نەداوە؛ فرشتە دێنەلایان و پێیان ئێژن: نە بترسن، نە خەم بخۆن؛ مژدەتان بێ گەیشتونە ئەوبەھەشتەی کە بەڵێنتان پێدراوە. (٣١) ئێمە - لە دنیاولە قیامەت – دۆستی ئێوەین؛ لەبەھەشتا ھەرشتێ ئارەزووی کەن و چی بخوازن، ئامادەیە. (٣٢) پەزێرایی لە لایەنی گوناھ بەخشی دلۆڤانە. (٣٣) کێ لەوکەسە قسەی بەڕێ وجێ ترە، کە بەرەو خوا گازی دەکا و خۆشی ئاکاری پەسندەو ئێژێ: منیش یەکێ لە موسوڵمانانم؟ (٣٤) چاکەو خراپە ھەمبەر نین؛ تۆ ھەمیشە وەرامی چاکتر بدەوە، ئەوسا کەسێ کە لەگەڵ تۆدا دوژمنە، دەبێتە دۆستی نزیکت. (٣٥) ئەم ئاکارەش ھەر تووشی کەسانێک دەبێ کە بتوانن خۆڕاگربن؛ ھەرکێش ئەوئاکارەی توش بێ، دیارە فرە بەختەوەرە. (٣٦) ھەر وەختێ لە شەیتانەوە دوچاری خەیاڵاتێک بوی، گورجێ پەنا بەخوابەرە؛ کە خۆی بیسەر و زانایە. (٣٧) شەو و ڕۆژوو خۆرو مانگیش لە نیشانەکانی ئەون. نە بەرەوخۆر سوژدە بەرن، نە بەرەو مانگ؛ سوژدە بۆ خودایەک بەرن کە ئەوانی وەدی ھێنا؛ ئەگەر ھەر ئەو دەپەرستن. (٣٨) ئەگەر ئەوان فیزیان نواند، ئەوی لای پەروەرندەتن – بەشەو و ڕۆژ – ھەر پەسندی ئەو دەدەن و وەڕەزنابن. (٣٩) لە نیشانەکانی ئەو زەوی دەبینی مات بوەو ھەستی دەبەردا نەماوە. ھەرگا بارانمان لێ باراند، ڕادەژێ و دەبوژێتەوە. ئەوی زیندووی دەکاتەوە، گیان بە بەر مردوش دادەکا. خودا توانای بە سەر ھەموشتدا ھەیە. (٤٠) ئەوانەی کە سەبارەت بە نیشانانمان لەوەی ڕاستە، کلا ەبن، خۆ لە ئێمە ناشێرنەوە. ئاخۆ کێ لەکێ چاترە؟ ئەوکەسەی دەخرێتەئاگر، یان ئەوکەسەی ڕۆژی قیامەت بێ ترس دێ؟ چی خۆتان حەزدەکەن بیکەن؛ ئەو لەھەرچی ئێوە دەیکەن، چاوەدێرە. (٤١) ئەوکەسانەی ئەوکاتە قورئانیان بۆھات، دژی وێستان و بڕوایان پێ نەھێنا؛ کە کتێبێکی زۆربەرزو جێگەی ڕێزە. (٤٢) پڕوپوچ لە ڕووی ناوەستێ – چ ڕوبەڕو، چ پاشملە – ئەمە کارزانێک ناردوویە کە ھەر دەبێ پەسنی بدرێ. (٤٣) ئەوانەی کە بەتۆی ئێژن، بە پێغەمبەرانی پێش تۆش ھەر وتراوە. پەروەرندەت بێگومانە کە دەتوانێ گوناھکاران عافوبکاو بۆشی ھەیە ئازاری بەژانیان بدا. (٤٤) گەر ئێمە ئەم قورعانەمان بە عەجەمی بناردایە، دەیانگوت: چۆن نیشانی بەڕونی شی نەکراونەتەوە؟ خۆی عەرەبەو نیشانەکانی عەجەمین؟ ! بێژە: ئەمە بۆکەسانێ کە باوەڕیان پێ ھێناوە، ڕێبەرو چارەی دەردانە؛ ئەوی بڕواشی پێ ناکەن، گوێ گرانن لەبیستن و چاویان لەدیتنی کوێرە؛ ھەر ئێژی لەجێی دورەوە گازی دەکرێن. (٤٥) کتێبیشماندا بە مووسا، کە لەسەری کێشەکرا. خۆ ئەگەر پەروەرندەی تۆ پێشوتر گفتی نەدابا، بەکاریان ڕادەگەیشتن. بێ سۆ ئەوان لێی دوودڵن و بەدگومانن. (٤٦) ھەر کەسێ کاری چاک دەکا و کەسێکیش خراپەدەکا، لەدژی خۆی کردویەتی. پەروەرندەت غەدر لەعەبدانی ناکا. (٤٧) ڕۆژی قیامەتێ کەی دەبێ، ئەو دەیزانێ. بەروبوی ھەموو ڕوەکێک کە لەشکۆفە دێنەدەرو ھەر مێوینەیەک ئاوسەو چی لەزگداو چی لێ دەبێ، ئەو دەیزانێ. ئەوێ ڕۆژێ کە خودا بانگیان لێدەکا: شەریکەکانی من لەکوێن؟ ئێژن: لای تۆ ئەیدرکێنین؛ کەسمان ئاگامان لێ نیە. (٤٨) ئەو شتانەی لە پێشوودا جێگەی ھاناو ھاواریان بوون، لێیان گوم بون و تێگەیشتون کە ھیچ دەرەتانیان نییە. (٤٩) مرۆ ھەرچەند نزا بۆشتی باش بکا، وەڕەز نابێ. ھەرگا خراپەشی تووش ھات، ھیچ ئاواتێکی نامێنێ و ناھومێدە. (٥٠) ئەگەر لە پاش دەردو مەینەتێ تووشی دێ، تامی خۆشیمان پێ چەشاند، ئێژێ: ئەمە لەخۆم ڕایەو باوەڕناکەم قیامەت ڕابێ؛ خۆ ئەگەر بشمبەنەوە بۆنزیک پەروەرندەی خۆم، سوور دەزانم پتر چاکەم دەگەڵ دەکا. جا ئەوانەی دژی ئێمەن، لە ھەر کارێ کردوویانە، خۆمان ئاگاداریان دەکەین و جەزرەبەی زۆر دژواریان پێ دەچێژین. (٥١) وەختێ ئێمە دەگەڵ مرۆ چاکەدەکەین، پێ نازانێ و فیزدەنوێنێ و من منیەتی؛ ھەرگاش خراپەی تووش ببێ، بەپەناوە مل دەنێ لەپاڕانەوە. (٥٢) بێژە: ئێوە بە من بێژن، ئەگەر ئەمە لە خواوەبێ و ئێوە باوەڕی پێ نەکەن، دەی کێ لەوە گومڕاترە ھەتاسەر لاساری بکا؟ (٥٣) ھاکا وامان کرد ئەوانە لەئاسۆکانی زەمین و عاسمانداو لەخۆشیاندا نیشانەکانمان ببینن؛ ھەتا لێان ڕوون بێتەوە کە ئەوڕاستە. ئاخۆ ھێندەیان بەس نییە، پەروەرندەت لەھەموشت ئاگادارە؟ (٥٤) باش بزانە کە ئەوانە لەدیداری پەروەرندەیان دوودڵن. باش بزانە خۆی دەوری لە ھەرشت داوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوڕا وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) حا، میم. (٢) عەین، سین، قاف. (٣) خودای خاوەن دەستەڵاتی زانا لەکار، فەرمانی خۆی ئاوا بۆتۆو پێغەمبەرانی بەرلەتۆش بەڕێ دەکا. (٤) ھەرچی لە ناو ئاسمانان و ھەرچی لەزەمیندا ھەیە، گش بۆئەوەو ھەر خۆی جێ بەرزو مەزنە. (٥) لەوانەیە ئاسمانەکان دەرزبەرن و بەسەریەکدا خرمەبکەن. فریشتانیش بەسوپاسەوە پەسنی پەروەرێنتان دەدەن؛ داوای بەخشین بۆ خەڵکی سەرزەمین دەکەن. باش بزانن ئەوە لەگوناھ دەبورێ و دلۆڤانە. (٦) ئەوکەسانەی ئەو شتانەی غەیرەز ئەون، بەدۆستی خۆیان زانیون و خەریکی پەرستنیانن، خوا ئاگای لەکاریان ھەیە و ئۆباڵیان لەستۆی تۆنیە. (٧) ھەروەھاینە قورئانێکی عەرەبیمان بۆ تۆ ھەنارد، ھەتا تۆ بەو، ترس وەبەر خەڵکی مەککەو خەڵکی دەوروبەری بێنی و لە ڕۆژی کۆبونەوەشیان بترسێنی؛ کە بێگومان ھەر وەدی دێ. ئەوسا بەشێک بەھەشتین و بەشێکیان دەچنە جەھەندەم. (٨) ئەگەر خودا مەیلی لێ با، گشتی دەکردە بەرەیەک لەئاییندا؛ بەڵام ھەر کەسێ خۆی حەزکا، وەبەر بەزەیی خۆی دەخا. ناھەقانیش دۆست و یاریکاریان نییە. (٩) ئاخۆ کەسیان غەیرەز خودا دیوەتەوە کە دۆستیان بێ؟ دۆستی ڕاستی ھەر خۆیەتی و ئەو دەتوانێ مریان زیندووبکاتەوەو توانای ھەموشتی ھەیە. (١٠) لە سەر ھەرچی پێک نەھاتن، خودا بە ناوتان ڕادەگا. ئەوخودایە منی پەروەردە کردووە؛ من خۆم ھەر بەوسپاردوەو ھەر ڕودەکەمەوە لای ئەو. (١١) وەدی ھێنی عاسمانەکان و زەمینەو ھەر لە خۆتان جووتەی لێ بەرھەم ھێنان و لە ماڵاتیش ولفی یەکتری دروس کرد تا زۆرتر پەرەو پێ بدا. ھیچ شتێ وێنەی ئەو نییە؛ ھەر خۆی بیسەر و بینایە. (١٢) کلیلانی عاسمانان و ئەم زەمینە لجەم ئەوە. ڕۆزیش ھەر بەمەیلی ئەوە بۆیەکێ فرە دەنێرێ و بۆیەکێ کەم. ئاگای لەھەموشت ھەیە. (١٣) ڕێگەیەکی لە دینداری بۆنگۆ کێشا، کە ئەسپاردی نووحیش ھەر لەوڕێگە بڕوا. ھەر ئەمەشمان بە فەرمان بە تۆ ڕاگەیاند؛ ئیبڕاھیم و مووساو عیساشمان ڕائەسپارد، کە ھەر لە سەر ئەم دینەبن و مەشی کەن بە چەندبەرەکی. ئەوەی ئێوە بەخۆڵکی ڕادەگەیێنن، بۆ ئەوانەی شەریک بۆ خوا پەیدادەکەن، زۆردژوارە. خودا ھەرکێ بخوازێ، لە ناو خەڵکا دەیبژێرێ و ھەر کەسێکیش بەرەو ئەو بگەڕێتەوە، بەرەوخۆی شارەزای دەکا. (١٤) نەش ببونە دەستەدەستە، مەگین وەختێ باسی ئەم دینەیان زانی. ئێرەیی لە ناو خۆیاندا لە بەر یەکی ھەڵوەشاندن. خۆئەگەر پەروەرندەی تۆ زوتر ماوەی بۆدیاری نەکردنایە، دەمێک بوو کاریان کرابو. ئەوانەی کتێبەکەشیان لە پاش ئەوان بۆبەجێ ما، لێی کەوتنە بێ باوەڕی و گومانەوە. (١٥) سا بۆئەمە، تۆ گازی لەمەردم بکە و ھەروەک فەرمانت پێدراوە، ھەر سوربە لە سەر ئەم کارەو شوێن ئارەزوویان مەکەوە. بێژە: من بە ھەرکتێبێ خودا ناردوویەتەخوارێ، بڕوام ھەیە؛ فەرمانیشم پێدراوە، بە یەکسانی بەکاروبارتان ڕابگەم؛ ئێمە و ئێوە خودا پەروەرندەمانە؛ کردەوەی خۆمان بۆخۆمان، کردەوەی خۆتان بۆخۆتان؛ لە نێوان ئێمە و ئێوەدا جێ بۆ بەھانە نەماوە؛ خوا ھەموومان لە یەکتر کۆدەکاتەوەو چارەنوسیش ھەر لای ئەوە. (١٦) ئەمانەی لەمەڕ خوداوە بڕوبەھانەیان ھەیە، لە پاش ئەوە کە بە دەنگیشیەوە ھاتوون، ھەموو بڕوبەھانەیان لەلایەن پەروەرندەیان بێ بایەخەو وەبەر تووڕەیی کەوتوون و بەتوندی جەزرەبە دەدرێن. (١٧) ئەو خودایەی ئەم کتێبەی بۆڕاستی ناردۆتەخوارێ، تەرازوشی دەگەڵ ھەنارد. تۆ چوزانی؟ لەوانەیە ھاتنی قیامەت نزیک بێ. (١٨) ئەوانەی باوەڕیان نییە ئەوڕۆژەدێ، پەلە لەھاتنی دەکەن؛ ئەوکەسانەش کە باوەڕییان ھێناوە، لێی دەترسن؛ دەشزانن کە ئەوە ڕاستە. باش بزانن ئەوکەسانەی لەسەڵاڕابون دڕدۆنگن، زۆر لەڕێ دورکەوتوونەوە. (١٩) خودا دەربارەی عەبدانی بەڤیانە. بەھەر کەس خۆی مەیلی لێ بێ، بژیو دەدا. خاوەن ھێزو دەستەڵاتیش ھەر ئەوە. (٢٠) ھەر کەسێکی داھاتی دواڕۆژی بوێ، داھاتی پتر دەدەینێ. کێش داھاتی لەم دنیایەدا گەرەک بێ، لەم. دنیا بەشی دەدەین و لەودنیا بەشێکی نییە. (٢١) ئاخۆ ئەوان شتانێ وا بەشەریکی خوا دەزانن، کە دینێکی وەھایان بۆداھێنابن و خودا ئیجازەی نەدابن؟ ئەگەر بڕیاری یەکجاری دەرنەچوبا، کارەکەیان دەبڕایەوە. ناھەقەکان جەزرەبەی بەژانیان دەبێ. (٢٢) ئەو ناھەقانە دەبینی، لەئاکامی کردەوەی خۆیان دەترسن؛ دیارە ھەر توشیشیان دەبێ. ئەوکەسانەش کەبونە خاوەن باوەڕو ئاکارچاک بوون، لە سەیرانگای باخەکاندان و چی خۆیان ئارەزوو بکەن، لەئالی پەروەرندەیان پێیان دەگا. ئەمەش بەخششێ مەزنە. (٢٣) بەمە خودا موژدە بە عەبدانی دەدا، کەبونە خاوەن باوەڕو ئاکارچاک بوون. بێژە: ئەمن مزیەکم لەنگۆ ناوێ، مەگین خۆش ویستنی خزمەنزیکەکان. ھەر کەسیش چاکەیەک بکا، پتر چاکەی دەگەڵ دەکەین. خودا لە گونا دەبوڕێ و بە چاکەی عەبدان دەزانێ. (٢٤) یان دەبێژن: درۆ بۆ خودا ھەڵدەبەستێ. ئەگەر خودا مەیلی لێ بێ، مۆر بە سەر دڵتەوە دەنێ. خودا – ھەر بەفەرمانی خۆی – پوچ لەئارادا ناھێڵێ و ڕاستی لەجێ، جێداردەکا؛ ئەو بەھەرچی لە ناو دڵاندا دەبوورێ، ئاگادارە. (٢٥) ھەر ئەویشە پەژیوانی لە عەبدانی قبوڵ دەکاو لەکارە خراپەکانیان چاودەپۆشێ و لە ھەموو کردەوەکانتان ئاگادارە. (٢٦) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، نزایان لێ قبوڵ دەکاو لەچاکەی خۆی بەشی زۆرتریان دەداتێ. بۆ خودانەناسەکانیش، جەزرەبەی زۆردژوار ھەیە. (٢٧) ئەگەر خودا – بێ سەروبەر – بژیوی بۆعەبدانی خۆی بناردبا، لە زەمیندا یاغی دەبون؛ بەڵام ھەربەمەیلی خۆی و بەئەندازەی بەڕێ دەکا، کە خۆی لەعەبدەکانی خۆی ئاگادار و چاوەدێرە. (٢٨) ھەرئەویشە پاش ناھومێدبون لەباران، بارانە دادەبارێنێ و دلۆڤانی خۆشی بڵاودەکاتەوە. ھەرئەوە بۆ مەزنایەتی ئەشێ ھەر پەسندی بدرێ. (٢٩) ھەر لەنیشانانی ئەون: داھێنانی ئەم ئاسمانانە و زەمینەو ئەوھەمو جانەوەرانەی – کە لە نێوان ئەودوانەدا – بڵاوی کردوونەتەوە. ھەرگاش بۆخۆی مەیلی لێ بێ، توانای ھەیە ھەموویان کۆبکاتەوە. (٣٠) ھەرگا تووشی بەڵایەک بوون، بە ھۆی کردەوەی خۆتانە؛ لەزۆر گوناھەکانیشتان چاودەپۆشێ. (٣١) ناشتوانن لەم سەرزەمینە، خۆ لە خودا بدزنەوە. غەیرەز خوداش، نە ھیچ گەورەیەکتان ھەیە، نە کەسیش دەھاناتان دێ. (٣٢) ھەر لەنیشانانی ئەون: ئەوگەمیانەی – کە چیائاسا – لەناودەریا دێن و دەچن. (٣٣) ئەگەر حەزکا، با ڕادەگرێ و لە سەر دەریا بەقەتیسی دەمێننەوە؛ کە لەمەدا بۆ ئەوانەی خۆڕاگرو سوپاسکارن، بەڵگە فرەن. (٣٤) یان لە سزای کردەوەیان تووشی نوقم بونیان بکا. لەزۆرێ لە گوناھانیشیان دەبوورێ. (٣٥) تا ئەوانەش دەربارەی نیشانەکانمان کێشەدەکەن، بزانن کە ھیچ دەرەتانێکیان نییە. (٣٦) ھەرچی بە ئێوە دراوە، ھۆی ژیانە لە دنیایە. ئەوشتەش کە لای خودایە، بۆئەوخاوەن باوەڕانەی ھەر بە پەروەرندەی خۆیان پشت ئەستورن، باشترەو بەپێزتریشە. (٣٧) ئەوانەشن لەتاوانی گەورە دورن و لە کردەوەی شورەیی دەپرینگێنەوەو لە جەنگەی توڕەبونیاندا عەفودەکەن. (٣٨) ئەوکەسانەش کە بە دەنگی پەروەرێنیانەوە چون و نوێژدەکەن و کارگەلیشیان بەڕاوێژەو لەوبژیوەی پێمان بەخشیون، دەبەخشن. (٣٩) ئەوکەسانەش ئەگەر زۆرێکیان لێ بکرێ، تۆڵەی خۆیان دەکەنەوە. (٤٠) سزا بۆ ھەرخراپەیەک، خراپەیەکی وەک ئەوە. کێش لەتۆڵە چاوبپۆشێ و کۆشش بۆئاشتی بکا، پاداشی لە سەر خودایە. بێ سۆ خودا ناھەقکارانی خۆش ناوێن. (٤١) ئەوکەسانەی لە پاش ناھەقی لێکردن، تۆڵەی خۆیان دەستێننەوە، خەتابار نین. (٤٢) خەتا ھەر لەوکەسانەیە – ناڕەوا – ناھەقی لەمەردم دەکەن و ئاکاریان لەوڵاتدا بە ملەوڕیە. ئەوانە ئازارێکی بەژانیان دەبێ. (٤٣) بۆکەسێکی خۆڕاگربێ و لەتۆڵە چاوپۆشی بکا، ئەمە یەکێ لەکارە پەسندەکانە. (٤٤) ھەر کەسێ خوا لێی گۆڕیبێ، ئیتر کەسی بەشوێن ئەوا، نابێ بەدۆست. تۆ دەبینی ئەوانەی ناھەقیکارن وەختێ جەزرەبە دەبینن، ئێژن: ئاخۆ ھیچ دەرەرتانێکمان ھەیە؟ (٤٥) کە دەیانبەنە سەر ئاگر، دەیانبینی زۆربەسەرکزی داماون و لەبنەوە چاوەچاویانە. خاوەن باوەڕانیش ئێژن: زیانباران ئەوکەسانەن کە خۆیان و کەس و کاریان، ڕۆژی سەڵا دۆڕاندوە. باش بزانن کە ئەو ناھەقی کەرانە، ھەتاسەر ھەر لەئازاردان. (٤٦) غەیرەز خودا ھیچ کەس دەھانایان نایە. ھەر کەسێکی خودا گومڕای بکا، ھیچ ڕێیەکی بۆنامێنێ. (٤٧) بەر لەوە ڕۆژێ بێ کە لە لای خوداوە ھیچ گەڕانەوەی بۆنیە، بەفەرمانی پەروەرندەی خۆتان بکەن. ئەوێ ڕۆژێ ھیچ پەناتان دەس ناکەوێ و ھیچ حاشاتان پێ ناکرێ. (٤٨) سائەگەر ھەر خۆیان بوارد، ئێمە تۆمان بۆیە نەنارد لە سەر ئەوانە پاسداربی؛ تەنیا ئەوەندەت لەسەرە، مەبەستەکە ڕابگەیێنی. ئێمە ھەرگا کارێک دەکەین مرۆ تامی بەزەیی ئێمە بچێژێ، خۆشیان لێ دێ و ئەگەر بە ھۆی کردەوەخراپەکانیان دەکەونە چۆرتمێکەوە، ھەر دەزانن پێنەزان بن. (٤٩) لەو ئاسمانانەو زەمینە فەرمانڕەوا ھەرخودایەو چی بخوازێ دروس دەکا؛ بەیەکێ کچ دەبەخشێت و بەیەکێ کوڕ؛ ئیتر بەمەیلی خۆیەتی. (٥٠) یان جڤیکی کوڕو کچانیان دەداتێ و مەیلی لێ بێ، ھێندێکانیش نەزۆک دەکا. ھەر خۆی زانایەو توانایە. (٥١) ھەرگیز خودا ھیچ کەسێکی لەڕوبەڕو، نەدواندوە. یان فەرمانی لەڕای دڵیەوە ناردووە، یان لەپشت پەردەوە بووە، یان قاسیدێکی ناردوەو ئیزنی داوە چی دەخوازێ بەدڵی ڕابگەیێنێ. ھەر ئەو جێ بەرزو کارزانە. (٥٢) ھەر بەم جۆرەش، ئێمە لە فەرمانی خۆمان، گیانێکمان ناردە لای دڵت. تۆ دەپێشدا نەتدەزانی کتێب کامەو بڕوا چییە؟ بەڵام ئێمە ئەوەمان کردە مەشخەڵێک کە عەبدانمان – ئەوانەی خۆمان بخوازین – بەوە دەخەینە سەرڕێگا. تۆش لەڕاستەڕێ، ڕێبەری. (٥٣) ڕێگە بەرەو ئەو خودایە، ھەرچی لەعاسمانەکان و ھەرچی لەزەمینیشدایە، ھەر بۆئەوە. باش بزانن! ھەموکارێک ھەر بۆ لای ئەو دەچێتەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زوخروف وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) حا، میم. (٢) بەم کتێبە، کە ھەموشت نیشان دەدا. (٣) بڕیارماندا ئەم قوڕعانە عەڕەبی بێ؛ بەشکوو بتوانن تێ بگەن. (٤) ئەمەش لە ماکی کتێبدا – لە لای ئێمە – گەلێ پایە بەرزەو پڕە لە کارزانی. (٥) ھەرچەند ئێوە کۆمەڵێ بلەوەزیش بن، ئاخۆ ئێمە لەم بیرەوەریە وازدێنین. (٦) ئێمە فرە پێغەمبەرمان ناردۆتە لای کۆمەڵانی بەرلەئێوە. (٧) ھەر کەسیشمان بەپێغەمبەری بۆ ناردن، ھەرگاڵتەیان پێکردووە. (٨) ئێمە زۆردارتر لەوانمان قڕکردووە؛ سەربھوردی پێشینەکان ڕابردوە. (٩) ئەگەر تۆ لەوانە پرسی: کێ عاسمانان و زەمینی وەدی ھێنا؟ ئێژن: بێ شک خودای خاوەن دەستەڵاتی زانا دروستی کردوون. (١٠) ئەو کەسێکە ئەم زەمینەی بۆ ئێوە کردەڕایەخ و ڕێگەی بۆپێداکێشاون؛ شایەتا شارەزاببن. (١١) ھەر ئەویشە لە ئەندازە ئاوی بارانی ناردەخوار؛ سەرزەمینی مریمان پێ بوژاندەوە. ئێوەش وا دەخرێنەدەرێ. (١٢) ھەر ئەویشە ئەم ھەموو جفتەی دروس کرد؛ گەمی و پاتاڵی وەھاشی بۆ ئێوە وەدی ھێناوە، سواریان دەبن. (١٣) ئەشێ ھەرگا لە سەر پشتیان حەسانەوە، ئەوسا چاکەی پەروەرندەتان لەبیربێ و بێژن: پاکی و بێ عەیبی بۆئەوکەسەیە کە ئەمەی ڕامی ئێمە کرد؛ دەنا بۆمان ڕام نەدەبون. (١٤) ئێمەش گشمان بەرەو پەروەرندەی خۆمان دەچینەوە. (١٥) فرزەندیان لە بەندەکانی خۆی بۆدانا! ڕاستی مرۆ بەئاشکرا پێ نەزانە. (١٦) ئاخۆ لە ناو ئەوانەدا – کە ھەرخۆی دروستیان دەکا – کچانی داوە بەخۆی و کوڕانیشی کردۆتە تایبەتی ئێوە؟ ! (١٧) کەچی ھەرگا یەکێ لەوان مژدەی ئەوەی پێ بدرێ وا خۆی پێیوایە بۆ خودایە، ڕوخساری ڕەش دادەگەڕێ و لەڕکان پیش دەخواتەوە. (١٨) ئاخۆ کەسێ لە خشڵا بەخێوکرابێ و لەشەڕیشا نەخۆیابێ، بۆ خوا دەبێ؟ (١٩) ئەوفریشتانەی ھەموویان بەندەی خودان، بە مێوینەیان داناون. دەبێ خۆیان لەوێ بوبن کە ئێمە وەدیمان ھێنان! شایەتیەکەیان دەنوسرێ و لێان دەپرسرێتەوە. (٢٠) ئێژن: ئەر خوا حەزی کربا، ئێمە نەماندەپەرستن. لەمەشدا دورە زانستن؛ ھەر درۆیان ھەڵدەبەستن. (٢١) ئاخۆ ئێمە - بەرلە قوڕئان - کتێبێکمان بەوان داوە، کە ئێستا بیکەنە بەڵگە؟ (٢٢) بەڵکە ئێژن: باب و کاڵمان لە سەر ئاینێک ڕۆیشتون، ئێمەش پەیڕەوی ئەوانین. (٢٣) ھەر بەم تەرزە بەرلەتۆش ھەرپێغەمبەرێکمان ناردۆتە ھەر ئاوەدانیەک کە لە ئێمەوە ترسیان وەبەرنێ، ھەموو خۆشگوزەرانەکانی ئەوانە، گوتویانە: باب و کاڵمان لە سەر ئاینێک ڕۆیشتون، ئێمەش پەیڕەوی ئەوانین. (٢٤) گوتویەتی: ئەدی ئەگەر من ڕێیەکتان نیشان بدەم کە لەڕێی باب و باپیرتان دروس تر بێ؟ گوتویانە: ئێمە بەوەی ئێوە بۆی بەڕێ کراون، باوەڕناکەین. (٢٥) ئەوسا ئێمە تۆڵەمان لێ کردوونەوە. سا بڕوانە ئاکامی بێ باوەڕەکان بەکوێ گەیشت. (٢٦) ئیبڕاھیمیش بە ئاپ و ھۆزەکەی خۆی گوت: من بێزارم لەوەی ئێوە دەیپەرستن؛ (٢٧) مەگین لەکەسێ منی دروس کردووە؛ کە خۆی ڕێگەم نیشان دەدا. (٢٨) کارێکی کرد ئەم وتارەی لەپاشەخۆی بۆنەتەوەی ھەربمێنێ؛ شایەتا بپرینگێنەوە. (٢٩) ئاوەنیش و باب و کاڵی ئەوانیشم لەژیان بەھرەوەر کرد، تا ئەم ڕاستەو پێغەمبەری ڕێ نیشان دەریان ھاتەلا. (٣٠) وەختێ ڕاستەکەیان بۆھات، گوتیان: ئەمە جادویەکەو ئێمە بڕوامان پێی نیە. (٣١) گوتیشیان: بۆ ئەم قوڕعانە، بۆپیاوێکی بەوەجی ئەم دوباژێڕە نەھاتەخوار. (٣٢) ئاخۆ ئەوان بەزەیی پەروەرندەی تۆ دابەش دەکەن؟ ئێمە بژیوی ئەوانمان لە سەر دنیا بۆبەش کردون. ھێندێکمان لەچاو ھێندێکان پایەبەرزترکردووە، تا ھێدێکیان ڕاژەبە ھێندێکان بکەن. بەزەیی پەروەرندەی تۆ لەوشتەی کۆی دەکەنەوە، ھێژاترە. (٣٣) خۆئەگ ەر بڕیاروانەبا، مەردم یەک تیرەبن، وامن دەکرد میچ وبان وپلەکانی ماڵەکانی ئەوانەی خودانەناسن، لەزێو بوایەو بەڕێزەپلەکاناندا سەریان کەون؛ (٣٤) ھەمودرگای ماڵەکانیشیان لەزێو بوباو تەختی زێوینم دەدانێ، کە لەسەریان پاڵ دەنەوە؛ (٣٥) شتێ تری ھەمەڕەنگیش. گشت ئەمانە ھەر بۆخۆشگوزەرانی ژینی ئەم دنیان؛ ماڵی ئەولاش پەروەرندەت ھەر بۆ ئەوانەی داناوە کە لە خوای خۆیان دەترسن. (٣٦) ھەر کەس لەڕاست یادی خودا حەزدەکا کوێرایی دابێ، ھەمدەمێکی شەیتانی لێ پەیدادەکەین. (٣٧) ئیتر ھەر ئەوھاودەمانە لە ڕێگە ھەڵەیان دەکەن؛ لاشیان وایە ڕاستەڕێ یان دیوەتەوە. (٣٨) تائەوکاتەی دێتەلامان؛ ئێژێ: خۆزی مەو دای نێوانی من و تۆ، بەقەد نێوان خۆرھەڵات و خۆرنشین لە یەکتر دوربا؛ چەند ھەمدەمێ نالەباربوی. (٣٩) ئیتر ئەمڕۆ [ئەم قسانە] دادونادا؛ چونکو ئێوە غەدرتان [لەخۆ] کردووە. ئەشێ گشتو پێکەوە جەزرەبە بدرێن. (٤٠) ئاخۆ گەرەکتە گوێ کپان لێت ببیسن؟ یاخۆ کوێران و ئەوانەی ئاشکرا لەگومڕاییدان شارەزای ڕاستەڕێ بکەی؟ (٤١) ئەگەر تۆ لەم ناوە لابەین، ئێمە دیارە تۆڵەیان لێ دەکەینەوە. (٤٢) یان ئەوشتەی بەڵێنمان بەوانەداوە، وادەکەین بۆ خۆت بیبینی. ئێمە باشیان لەسەرزاڵین. (٤٣) لە سەر ئەوەی بە تۆ ڕاگەیەندراوە پێ دابگرە؛ کە تۆ لە سەر ڕێگەی ڕاستی. (٤٤) ئەم قوڕئانە بۆتۆش و بۆھۆزەکەشت دەبێتە ھۆی بیرەوەری و لەپاشانیش دەربارەی ئەم لێو دەپرسن. (٤٥) لەوپێغەمبەرانەش پرسە کە بەرلەتۆ ناردراون ئاخۆ مە بڕیارمان داوە - غەیرەز خودا - ھیچ شتی تر پەرستوبێ؟ (٤٦) مووساشمان وەل نیشانەکانمان ھەناردە لای فیرعەون و پیاوە کاربەدەستەکانی؛ گوتی: من لە ڕاھێنەری گش دنیاوە ناردراوم. (٤٧) کاتێ نیشانەکانی مەی لە بەر ڕانان، لەپڕ ھەموو لە تریقەی پێکەنینیاندا. (٤٨) ھەر نیشانەیەکی خۆمان نیشانی ئەوانە دەدا، لە نیشانەکەی پێشەوە گرینگتربو. تووشی ئازاریشمان کردن، بەشکەمێ بگەڕێنەوە. (٤٩) وتیان: ئەی کاکی جادوگەر! لە پەروەرندەت بخوازە، ئەو پەیمانی بەتۆی داوە پێکی بێنێ؛ ئەوسا باوەڕت پێ دێنین. (٥٠) لە پاش ئەوەی بەڵاشمان لە سەر لابردن، ئەوان پەیمان شکێنیان کرد. (٥١) فیرعەون بۆژێردەستانی جاڕی کێشاو گوتی: گەلۆ! ئاخۆ ھەموو ھەردی میسرو ئەوچۆمانەی بەبەرمندا فڕکەیانە، موڵکی من نین؟ ئێوە خۆتان نەتاندیوە؟ (٥٢) من چاکتر نیم لەو کاورایە کە ھیچ نمودێکی نیەو باش نازانێ قسەش بەڕەوانی بکا؟ (٥٣) ئەدی بۆچی گەوی زێڕی لەحەواوە بەسەردا فڕێ نەدراوە، یان فریشتە بەگەل دەگەڵی نەھاتوون؟ (٥٤) زانی کاری ژێردەستەکانی سڤکە؛ گش بەفەرمانی ئەویان کرد. ئەو ھۆزێک بوون لەڕێ لادەر. (٥٥) کە ھەرئێمەیان ڕک ھەستاند، تۆڵەی خۆمان لێ کردنەوەو سەرلەبەرمان بەخنکان دان. (٥٦) کارێکمان کرد ببنە چیرۆک و نموونە بۆئەوانی لە دوایی دێن. (٥٧) ئەودەمەش کە سەربھوردی کوڕی مریەم ھاتەگۆڕێ، ھۆزەکەی تۆ لەخۆشیان کردیان بەھەرا. (٥٨) گوتیان: ئاخۆ ئەوانەی پەرستومانن لەو چاکترنین؟ ئەمەیان ھەر بۆ گێچەڵێ ھێنایە پێش، چون ئەمانە کۆمەڵێکن شەڕ دەفرۆشن. (٥٩) ئەو ھیچ نەبوو عەبدێک نەبێ؛ ئێمە چاکەمان دەگەڵ کرد و کردمان بەنموونەیەک بۆ وەچ و بەرەی ئیسڕائیل. (٦٠) خۆ ئەگەر مەیلمان لێ بایە، چەند فریشتەیەکمان لە ئێوە وەدی دێناو دەمانکردن بەجێ نشین لەسەرزەمین. (٦١) ئەو یەکێکە لەنیشانەکانی قیامەت. شکت لەھاتنی نەبێ و پەیڕەوی ھەر لە من بکەن؛ ئەمە ڕێگەیەکی ڕاستە. (٦٢) شەیتانیش ڕێگاو لێ نەگرێ؛ ئەو ئاشکرا دوژمنتانە. (٦٣) ئەوسا عیساش بەچەند بەڵگەی دیاری دەرەوە ھاتبو، گوتی: من وا ڕێگەو شوێنی لەکارزانیم بۆھێناون؛ تا بڕێکیش لەوەتان بۆڕون کەمەوە کە لەسەری کێشەتانە؛ سا لە خودا ترسو ھەبێ و شوێن من کەون. (٦٤) پەروەرندەی من و ئێوە ھەرخودایە؛ بیپەرستن؛ ئەمە ڕێگەیەکی ڕاستە. (٦٥) جا کۆمەڵان کێشەیان لە ناو پەیدابو. بۆ ئەوانەی غەدرێبکەن واوەیلایە لەئازاری ڕۆژێکی تووش. (٦٦) ئاخۆ غەیرەز ڕۆژی قیامەت چاوەنۆڕی چی تر دەکەن؛ کە لەپڕ لێان ڕودەداو پێش ناحەسن؟ (٦٧) ئەوێ ڕۆژێ یاران ھەموو دەبنە نەیاری یەکتری؛ جا مەگین خۆپارێزەکان. (٦٨) ئەی ئەوانەی کە ھەرخۆمتان پەرستوە! ئەوێ ڕۆژێ نە ترسێکتان لە سەر ھەیە، نە خەم دەخۆن. (٦٩) ئەوی بڕوایان ھێناوە بەنیشانەکانی ئێمە و ھەر بەرفەرمانی خۆمان بون، (٧٠) بچنە بەھەشت؛ لەئێوەو لە ھاوسەرانو خۆش ڕادەبرێ. (٧١) بە سینی و زەرکی زێوینە لە دەوریانا دێن و دەچن. ھەرچی دڵ ئارەزووی دەکا و چاو لەزەتی لێ دەبینێ، تێداھەیەو ئێوەش لەوێدا نامرن. (٧٢) ئەمە ھەر ئەو بەھەشتەیە کە بە ھۆی کردەوەکانتان، وا بۆ ئێوە ماوەتەوە. (٧٣) میوەی زۆری تێداھەیەو بۆئێوەیەو لێان دەخۆن. (٧٤) تاوانبارانیش ھەتاسەر لەئازاری جەھەندەم دان و دەرناچن. (٧٥) ھەرگیز وچانیان پێ نادرێ و ھەر لەوێدا بەناھومێدی داماون. (٧٦) ھیچ غەدرێکمان لێ نەکردن؛ بەڵام خۆیان غەدریان لە خۆیان دەکرد. (٧٧) ھانادەبەن بۆگزیری جەھەندەمێ: پەروەرندەت ئەم ژینە چەرمەسەرەمان بۆنەھێڵێ. ئێژێ: ھەر لێرە دەمێنن. (٧٨) ئێمە ڕاستیمان بۆھێنان؛ بەڵام زۆربەی زۆر لە ئێوە ڕاستیو دەدزا. (٧٩) ئەگەر ئەوان لە سەر کاری خۆیان سوربون، ئەوا ئێمەش لە سەر کاری خۆمان سورین. (٨٠) ئاخۆ ئەوان پێان وابو ئێمە نھێنی و سرتەیان لێ نابیسین؟ دەیبیسین و چەندێکیشمان ڕاسپاردون وان لەلایان و دەنووسن. (٨١) بێژە: ئەر خوا فرزەندی بێ، من یەکەمین کەسێکم کە دەیپەرەستم. (٨٢) پەروەرێنی ئاسمانان و زەمین و عەرش، ھیچ کەمایەسیەکی نیەو، بەدورە لەو تۆمەتانەی ئەوانە بۆی ھەڵدەبەستن. (٨٣) لێان گەڕێ باھەرپڕوپوچ بوێژن و خەریکی گاڵتەکردن بن؛ ھەتا تووشی ئەوڕۆژە دێن کە بەڵێنیان پێدراوە. (٨٤) ھەر ئەویشە لە عاسمانێدا خودایە و لە زەمینیشدا خودایە و ھەر ئەویشە لەکارزانەو زۆر زانایە. (٨٥) پاکی و گەورەیی بۆکەسێ کە ئاسمانان و زەمین و چی لە ناو ئەم دوانەدایە، گش بۆئەوە؛ ئەو دەزانێ چ وەختێ سەڵاڕادەبێ و دەتانھێننەوە بۆ لای ئەو. (٨٦) ئەو شتانەی غەیرەزخوان و ئەوانە دەیانپەرستن، نکارن ببنەتکاکار؛ مەر کەسانێ کە بەڕاستی و زانینەوە شایەتی بەن. (٨٧) ئەگەر لە خۆیان بپرسی، کێ ئەوانی وەدی ھێنا، ئێژن: خودا. دەی چۆن لەھەق کلادەبن؟ (٨٨) نزای ئەویش کە: ئەی پەروەرندەکەی من! ئەمانە دەستەخەڵکێکن ئامادەنین بڕوابێنن. (٨٩) سا تۆ لەوانە وازبێنەو بێژە: ئێستا بێ ترس بن، لەمەوبەولاوە دەزانن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوخان وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) حا، میم. (٢) بەم کتێبەی ھەموشت ڕون دەکاتەوە، (٣) دەشەوێکی پڕلەپیت و پیرۆزیدا ئێمە ناردوومانەتەخوار. ئێمە ویستمان ترس وەبەر مەردم بنێن. (٤) ھەر لەوێشدا ھەرکارێکی سەبارەتە بە کارزانی، ھاوێرکرا. (٥) فەرمانەو لەئێمەڕایەو ئێمە ڕاسپاردە دەنێرین. (٦) بەزەییەکە لەئالی پەروەرندەت ڕا. ھەرخۆی بیسەر و زانایە. (٧) پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەمینەو ھەرچی کە لەناویاندایە؛ ئەگەر باوەڕیتان ھەیە. (٨) لەغەیرەز ئەو ھیچ شت بۆپەرستن ناشێ. گیان وەبەر بونەوەردێنێ و دەشمرێنێ. ئەو ئێوەی پەروەردەکردو پەروەرندەی باوانی پێشینەشتانە. (٩) کەچی ھێشتا ھەر لە ناو دوودڵی دان و گەمەدەکەن. (١٠) چاوەنۆڕی ئەوڕۆژەبە کە ئاسمان دوکەڵێکی ئاشکرای لێ پەیدادەبێ. (١١) ئازارێکی زۆربەژانەو ھەموخەڵکی دادەپۆشێ. (١٢) ئەی پەروەرێنی گلامان! ئەو پەتایەن لەسەرلابە؛ ئێمە باوەڕیمان ھێنا. (١٣) کوا ئەوانەی گوێ لەئامۆژگاری دەگرن؟ پێغەمبەرێ ھاتەلایان، ھەموشتی تێگەیاندن. (١٤) پاشان ڕوویان لێ وەرگێڕاو گوتیان: فێرکراوە، شێتە. (١٥) ئێمە تاماوەیەکی کەم، ئەم پەتایە وەلادەبەین؛ ئێوە دەگەڕێنەوە [سەر ڕێی پێشوتان]. (١٦) ئەوێ ڕۆژێ ھەڵمەتە گەورەکە دەکەین، ئێمە تۆڵەدەکەینەوە. (١٧) ئێمە ھۆزی فیرعەونیشمان بەر لەمان تاقی کردەوەو پێغەمبەرێکی بەڕێز [مان] ھاتەلایان. (١٨) کە ئەم بەندە خودایانەم پێ بسپێرن؛ من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم. (١٩) لەحاند خودا خۆتان بەزلتر مەبینن؛ من بۆ ئێوە نیشانەیەکی ئاشکرام ھاوردوە. (٢٠) من بە پەروەرێنی خۆم و ئێوە پەنادەبەم لەوە کە بمکوژن. (٢١) ئەر باوەڕیشم پێ ناکەن، خۆتانم لێ دورخەنەوە. (٢٢) دواجار ھانای بۆپەروەرندەی خۆی ھێنا، کە: ئەوانە کۆمەڵێکی تاوانبارن. (٢٣) ساتۆ وەل ئەم عەبدانەی من بەشەو بڕۆ؛ چون ئەوان دواتان دەکەون. (٢٤) بەئارامی لەدەریاکە بپەڕەوە؛ کە ئەو لەشکرە خنکاون. (٢٥) گەلێ کانی و باغاتیان لە پاش بەجێ مان. (٢٦) فرە کێڵگەو کۆشک و سەرسەرای بەنرخیش. (٢٧) خێروبێرێکیش کەتێدا لەوپەڕی خۆشیدا دەژیان. (٢٨) ئابەم جۆرەو؛ دامان بە گەلێکی دیکە. (٢٩) نە ئاسمان شینی بۆگێڕان، نە زەمینیش. ھەر مۆڵەتیشیان پێ نەدرا. (٣٠) تۆرەمەی ئیسڕائیلیشمان لەوئازاری پڕسووکایەتی ڕزگار کرد: (٣١) لە فیرعەونێ؛ کە خۆی زۆر بەزل دەزانی و لەوانەبو کە لەئەندازە دەردەچن. (٣٢) ئەوانیشمان بەدانستە - لەچاو خەڵکی ھەمودنیا - بەڕێزترگرت. (٣٣) ھێندەشمان نیشانەدانێ کە ئاشکرا، ببن بەمایەی ئەزموونێ. (٣٤) وا ئێستا ئەمانە ئێژن: (٣٥) ھەر بۆ یەکەمجار کە دەمرین، تازە زیندوو نابینەوە. (٣٦) سا ئەگەر بەڕاستیتانە، باوانەکانمان بۆبێنن. (٣٧) ئاخۆ ئەمانە باشترن، یاخۆ گەلی «توببەع» و پێشینەکانیان؟ کە قڕانمان تێ خستون؛ چون تاوانباربون. (٣٨) ئێمە ئەو ئاسمانانەو زەمینەو ھەرچی لە ناو ئەودوانەدا، بۆ گەمەمان سازنەداوە؛ (٣٩) ھەر بۆڕاستی ھەموومان وەدی ھێناون؛ بەڵام زۆربەیان نازانن. (٤٠) ژوانی ھەموویان ڕۆژی ھەڵاواردنە. (٤١) ئەوڕۆژە دۆست لەمەڕ دۆستی ھیچ کارێکی لەدەس نایەو کەسیش دەھانایان نایە. (٤٢) مەگین کەسێ وەبەر بەزەی خوداکەوێ؛ کە ھەرخۆی بەدەستەڵات و دلۆڤانە. (٤٣) بەری دارەکەی ژەقنەموت، (٤٤) خواردنی گوناھبارانە. (٤٥) کە چەشنی خڵتەی ڕۆن زەیتون، لە ناو سکاندا دێتەکوڵ؛ (٤٦) وەک کوڵینی ئاوی گەرم. (٤٧) سا بیگرن و ڕای بکێشن بۆناوەڕاستی جەھەندەم. (٤٨) ئەوساکەش ھەر بۆئازاردان، ئاڤاکەلی بەسەرداکەن. (٤٩) دەبچێژە! تۆیەکی کە لە دنیادا ھێژای خاوەن دەستەڵات بوی. (٥٠) ئەوە ئەوشتە ھاتەدی کە ئێوە لێی بەگومان بوون. (٥١) ئەوا خۆپارێزەکانیش وان لەشوێنێکی ھێمندا. (٥٢) لە نێوانی کانیاوان و باغاتاندا، (٥٣) پارچەی ناسک و ئەستوری لەھەڤرەمیش لخۆدەکەن؛ ھەموو بەرانبەربەیەکن. (٥٤) زۆریش کیژی چاوکەژاڵی سپی و سۆڵمان بۆھاوسەری پێ بەخشیون. (٥٥) لەوێدا ھەرمیوەیەکی بەدڵیانە، بەئارخەیانی دەخوازن. (٥٦) جگە لە مەرگی ھەوەڵێ، لەوشوێنەدا تامی مردنێ ناچێژن و لەئازاری دۆژەھیشی پارازتگن. (٥٧) چاکەیەو پەروەرندەی تۆ کردویەتی. ئەمەش بەختەوەریەکی زۆرگرینگە. (٥٨) ھەربۆیە وا بەھاسانی بەزمانی تۆمان بەڕێ کرد، کە شایەت بیرکەنەوە. (٥٩) سا تۆ چاوەنۆڕی بکە، ئەوانیش وا چاوەنۆڕن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جاسیە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) حا، میم. (٢) ئەم کتێبە خاوەن دەستەڵاتی کارزان ناردوویەتی. (٣) لە ئاسمانان و زەمیندا، بەڵگە زۆرن بۆکەسانی خاوەن باوەڕ. (٤) لەئافراندنی خۆتان و بڵاوبونی جانەوەران، چەند بەڵگە ھەن بۆ ئەوانەی لەبڕوادا بێ گومانن. (٥) لەھاتوچوی شەو و ڕۆژوو لەو ڕۆزی یەی کە خودا لەو حەوایەوە بەڕێی دەکا و زەوی مردوی بەوھۆیە زیندووکردەوەو لەھەڵکردنی بایەکان، نیشانە ھەن بۆ ئەوکەسانەی تێدەگەن. (٦) ئەمانە نیشانەی خودان کە بۆتی دەخوێنێتەوەو ھەمووی ڕاستە. دەی سا لە پاش باسی خودا و باسی نیشانەکانی ئەو، بەکام قسە بڕوادەکەن؟ (٧) ھای لەوکەسەی بوختان کەرو تاوانبارە! (٨) ھەرگا نیشانەکانی خودای بەسەردا دەخوێنرێتەوە، خۆی دەیبیسێ. کەچی دوایە - بە ھۆی لەخۆبایی بونی - پێ دادەگرێ و ئێژی ھەر نەشی بیستوە. سا تۆ مزگێنی پێ بدە کە ئازارێکی بەژانی بەردەکەوێ. (٩) ئەر شتێکیش لەنیشانەکانی ئێمە، فێرببێ گاڵتەی پێدەکا. ئازارێک بەشی ئەمانە کە تەواو ئابڕویان دەبا. (١٠) دۆژەھیشیان وا بەدواوە. نە ئەوشتەی لە دنیادا گیریان ھێنا، نە دۆستانێک - غەیرەزخوا - ھەڵیان بژارد، بەھرەیان پێ دەگەیێنن. ئازارێکی زۆر سەختیش چاوەنۆڕیانە. (١١) ئەمە ڕێ نیشاندەرێکە. ئەوکەسانەش حاشا لە نیشانەکانی پەروەرندەی خۆیان دەکەن، ئازارێکی زۆر دوژوارو بەژانیان ھەس. (١٢) خوا کەسێکە دەریای بۆ ئێوە کەوی کرد، کە لەگوێرەی فەرمانی ئەو، گەمی لەناودا بگەڕێ و بۆچاکەی ئەو تێ بکۆشن؛ بەشکە شوکرانەبژێربن. (١٣) ھەرچی لە ناو عاسمانەکان و زەمین دان، گش ھی ئەون؛ ئەو بۆ ئێوەی کەوی کردوون. کە لەمەدا نیشان زۆرن بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن. (١٤) تۆ بە باوەڕداران بێژە: با ئەوکەسانە ببەخشن کە بۆ ڕۆژەکانی خودا بەھیوانین؛ تا بە ھەرگرۆیەک - بە پێی کردەوەیان - پاداش بدا. (١٥) ھەر کەس کاری باش دەکا، بۆخۆیەتی؛ ھەر کەسیش خراپە دەکا، دژی خۆی کرد. پاشان ئێوە ھەر بۆ لای پەروەرندەتان دەبرێنەوە. (١٦) ئێمە کتێب و کارزانی و پلەی پێغەمبەرایەتیماندا بەتۆرەمەی ئیسڕائیل؛ بژیوی پاک و چاکیشمان پێ گەیاندن. لەچاو ھەموخەڵکی دنیاش سەرمان خستن. (١٧) سەبارەت بەدینەکەشیان زۆرنیشانەی دیاری دەرمان پێ سپاردن. لەناوەخۆش گرفتاری کێشە نەبوون، مەگین وەختێ کە لەم دینە ئاگادار بوون؛ ئەویش ھەر لە بەر ئێرەیی نێوان خۆیان. پەروەرندەت ڕۆژی سەڵا بەوکارانەیان ڕادەگا، کە لەسەری پێک نەھاتوون. (١٨) دواجار ئەتۆمان خستە سەر ڕێگەوشوێنێک لەم ئایینە؛ شوێنی کەوەو شوێن ئارەزووی ئەو نەزانانە مەکەوە. (١٩) ئەوان ناتوانن لەخودات بێ نیازکەن. ناھەقان دۆستی یەکترن؛ خواش دۆستی خۆپارێزانە. (٢٠) ئەم قوڕئانە سۆمای چاوە بۆمەردم و بەزەیی و ڕێ نیشاندەرە بۆ ئەوانەی لەبڕوادا بێ گومانن. (٢١) ئاخۆ ئەوانەی بەدکارن، وادەزانن ئێمە لەژی و مەرگیاندا وەک ئەوانەیان دادەنێین کە بوونە خاوەن باوەڕو ئاکارچاک بوون؟ زۆرخراپی تێگەیشتون. (٢٢) خوا بەڕاستی ئەم عاسمانانەو زەمینەی وەدی ھێنا، تا ھەر کەسێ چەی کردووە، پاداشی وەرگرێتەوەو ناھەقیشیان لێ ناکرێ. (٢٣) ئاخۆ تۆ ئەوکەسەت دیوە کە ئارەزووی خۆی دەپەرست؟ خودا - کە ئاگای لێ ھەبو - ڕێی لێ گۆڕی و گوێچکەو دڵیشی مۆرکردو لێڵایی خستە سەرچاوی. سا کێ ھەیە لە پاش خودا، ڕێی نیشاندا؟ دەی بۆچی بیرناکەنەوە؟ (٢٤) ھەروا گوتیان: بێژگە لەژینی دنیامان چیترنیە. ھەر دەمرین و دەژینەوەو ھەر سروشت دەمان مرێنێ. ھیچ. شتێ لەمەش نازانن؛ ھەر لەخۆوە گومان دەبەن. (٢٥) ھەرگاش نیشانە ئاشکراکانی مەیان بۆ وەخوێنن، بڕوبیانو دەھێننەوەو ئێژن: ئەگەر قسەو ڕاستن، باب و کاڵمان بۆبێننەوە. (٢٦) بێژە: خودا ژیو پێدەداو لەپاشان دەتانمرێنێ و پاشان لە ڕۆژی قیامەتا - کە بێ گومانە ھەردادێ - ھەمووتان کۆدەکاتەوە. بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە ھای لێ نیە. (٢٧) دەستەڵاتی ئەم ئاسمانان و زەمینە ھەر بە خوایە. ڕۆژێ کە سەڵا ڕادەبێ، ئەم تەرزە ھەرزەوێژانە زەرەردەکەن. (٢٨) دەشبینی ھەموو تیرەیەک بەڕێز بە سەر چۆک داھاتوون؛ ھەرتیرەیەکیش بانگ دەکرێ، بۆدیتنی سیایی کردەوەکەی خۆی. ئەوا ئەمڕۆ پاداشی کردەوەکانتان ئەدرێتەوە. (٢٩) ئەمە کتێبی ئێمەیە، کە بەڕاستی و بەزەرەدی ئێوە دەدوێ. ھەرچی کردەوەی ئێوەش بوو، ئێمە ھەموومان دەنوسین. (٣٠) سا ئەوانەی بەباوەڕ و ئاکارچاک بوون، پەروەرێنیان دەیانخاتە بەربەزەیی؛ کە ئەمە بەختەوەریەکی زۆرگرینگە. (٣١) بەڵام خودانەناسەکان [پێیان ئەوترێ: ] ئاخۆ نیشانەکانی منتان بۆنەدەخوێنرایەوە کە خۆتان بەزل دەزانی و کۆمەڵێکی تاوانباربون؟ (٣٢) ھەرگاش وترا، کە بەڵێنی خودا ڕاستەو سەڵاڕابون ھیچ گومانی تێدا نییە، ئێوە وتتان: ھەرنازانین قیامەت چییە؟ لامان خەیاڵێکی خاوەو دڵمان قنیاتی پێ نایە. (٣٣) ھەرکارێکی خراپیان لەدەس ھاتبو، ئاشکرا نیشانیان درا. ئەوشتانەش حەنەکی خۆیان پێدەکرد، دەوری لێدان. (٣٤) پێیان وترا: وا ئەمڕۆ لە بیرتان دەکەین؛ ھەروەک ئێوە توش ھاتنی ئەمڕۆتان نەدەھاتەبیر. جێتان لەناوئاگردایە؛ ھیچ کەسیش یاریتان ناکا. (٣٥) چونکە ئێوە نیشانەکانی ئێمەتان کردبوە جێ گەمەی خۆتان. ژینی دنیا ئێوەی ھەڵخەڵەتاندبو. ئیتر ئەمڕۆ لەئاگر دەریان ناخەن و ڕێگە نییە داوای لێ بوردنیش بکەن. (٣٦) سا سوپاس ھەر بۆ خودایە؛ ڕاھێنەری عاسمانەکان و زەمین و ھەموو خەڵکی جیھانیشە. (٣٧) لە ئاسمانان و زەمینیش، شکۆو گەوڕەیی بۆئەوەو ھەرخۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەحقاف وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) حا، میم. (٢) ئەم کتێبە لەخودای بەدەستەڵاتی لەکارزانەوە ناردرا. (٣) ئەم ئاسمانانەو زەمینەو ھەرچی لەناویاندا ھەیە، بۆڕاستی وەدیمان ھێنان و مەودایان دیاری کراوە. ئەوکەسانەش کە خودایان نەناسیوە، لەچی ترسیان وەبەر بێرن، خۆ دەبوێرن. (٤) بێژە: ئەو شتانەی ئێوە - غەیرەز خودا - ھانایان دەبەنەبەڕێ، چییان لەم ھەردە چێ کردووە؟ یان ئەگەر لەعاسمانەکان بەشداربوگن، نیشانم دەن. گەر ئێوە بەڕاستیتانە، کتێبێک بەرلەم [قوڕئانە] ھاتبێ، یان قسەی دەربارەی زانست - کە ھەر لەکەوناراوە ماوە - بۆمی بێرن. (٥) کێش لەوکەسە گومڕاترە ھانا بۆغەیرەز خوا دەبا؟ بۆکەسێ کە ھەتا قیامەت پەرسڤی پێ ناداتەوەو ھەر ئاگاشیان لە پاڕانەوەیان نییە. (٦) ھەرگا مەردم ھەموویان کۆدەکرێنەوە، ئەوان دەبنە دوژمنیان و حاشادەکەن لەوانەی پەرستویانن (٧) ھەرگا نیشانە ئاشکراکانی مەیان بۆوەخوێنن - ئەوانە وا کاتێ قوڕئانیان بۆھات حاشایان لێ کرد - ئێژن: ئەمە ھەر بەئاشکرا جادوە. (٨) یان دبێژن: ھەر بۆخۆی ھەڵی بەستوە. بێژە: ئەگەر ھەر بۆخۆم ھەڵم بەستبێ، پێتان ناکرێ لای خودا ھیچ بۆمن بکەن؛ خوداش پتر ئاگادارە لەو توانجەی کە دەقوڕعانەکەی دەگرن؛ ھەر ئەو بەسە بۆ شایەتی لە نێوان من و ئێوەدا؛ ھەر ئەویشە گوناھبەخشی دلۆڤانە. (٩) بێژە: لە ناو ئەو ھەموو پێغەمبەرانە، من یەکێ نائاسایی نیم؛ ناشزانم لە من با لەنگۆ چ دەقەومێ. من ھەر ئەوەندەم لەسەرە پەیڕەوی ئەو فەرمانەبم کە پێم ڕادەگەیەندرێ. من ھەر تەنیا بەئاشکرا ترسێنەرم و چی تریش نیم. (١٠) بێژە: ئاخۆ چ دەڵێن ئەر [ئەم قوڕئانە] لە خواوە بێ و ئێوە حاشای لێ بکەن و یەک لەتۆرەمەی ئیسڕائیلیش شایەتی بدا لە سەر وێنەکەی و بڕوابێنێ و ئێوە ھەر خۆبەزل زان بن؟ ! خودا خێڵی غەدرکەران بەرەوخۆی شارەزاناکا. (١١) ئەوانەی خودانەناسن، بۆخاوەن باوەڕان ئێژن: ئەگەر ھیچ شتێکی باشی تێداھەبا، بەرلەئێمەی بۆنەدەچون. ئێستا کە نەیگەیشتونێ، ئێژن: ئەمە درۆیەکی کەونارایە. (١٢) لە پێش ئەمیش کتێبی مووسا پێشەواو بەزەیی بو. ئەم قوڕئانە ئەویشی بەڕاست زانیوەو بەئەزمانی عەڕەبی یە؛ تا ناھەقان بترسێنێ و مژدەبێ بۆئاکارچاکان. (١٣) ئەوکەسانەی وتویانە: پەروەرندەمان خودایە و لە دواییشدا ھەر لە سەر قسەی خۆیان مان، نە ترسێکیان لە سەر ھەیە، نە خۆم دەخۆن. (١٤) ئەوکەسانە لەقەرەبوی کارەکانیان بەھەشتین و ھەتاسەر ھەر تێیدادەبن. (١٥) ئێمە بە مرۆمان ئەسپارد کە دەگەڵ دایک و بابی خۆی چاکەبکا. دایکی بەتۆلی ھەڵی گرت، ڕەنجی کێشا؛ کە داشی نا، ڕەنجی کێشا. ھەڵگرتن و لەمەمک بڕینەوەشی سێ ھەیڤی برد؛ ھەتا گەیشتە خورتانی و تەمەنی گەییشتە چل ساڵ؛ گوتی: ئەی پەروەرندەی من! خۆت ڕام ھێنە، سپاسی ئەوچاکە بکەم کە دەربارەی من و دایک و باوکمت کرد؛ کاری وا ھێژام فێربکە تۆ ڕازی کا؛ تۆرەمەشم لەکاری چاکە ڕابێنە؛ وا بەرەوتۆ گەڕامەوەو خۆم ھەر بە تۆ ئەسپاردوە. (١٦) ھەر کەسیش وەک ئەوانەبن، ئێمە کارەباشەکانیان لێ وەردەگرین و لە گوناھیشیان خۆش دەبین و وەل بەھەشتیەکان دەبن. ئەوبەڵێنەی کە پێیان دراوە، ڕاستە. (١٧) ئەومرۆیەش کە بە باب و داکی دەگوت: لام لێ لادەن! ئاخۆ بەڵێنم پێ دەدەن جارێ تر زیندوودەبمەوەو لەگۆڕ دەرم دەھێننەوە؟ چەند بەرەوچین لە پێش مندا ھاتوون وچون. داک و بابیش ھەرپەنایان بە خوا دەبرد [ودەیانگوت: ] ھەی ماڵ وێران بڕوابێنە! بەڵێنی خودایە و ڕاستە. ئەویش دەیگوت: ئەو شتانە ھەرچیرۆکی پێشینانەو چی تر نییە. (١٨) ئەوکەسانەش ھەر بەدەردی کۆمەڵانێک - لەجندۆکەو مرۆیان - چون، کە بەرلەوان فەوتان و تووش جەزرەبەی ئێمە ھاتن و زیانباربون. (١٩) ئێمە بۆھەریەک لەوانە پلەوپایەمان داناوە. تا خوا بەھەر کەس بەگوێرەی کارو کردەوەی پاداش بات. ناھەقیشیان لێ ناکرێ. (٢٠) ڕۆژێ بەرەی خوانەناسان بەرانبەر ئاگر ڕادەنێن [پێان دەڵێن: ] خۆشی دنیاو دەرباز کرد و بەباشی بەھرەتان لێ برد؛ ئەمڕۆش زۆر بەسووکایەتی ئازار دەدرێن؛ چونکە ئێوە لەسەرزەمین - بەخۆڕایی - خۆتان بەزل زانی و لە ڕێگەی ڕاستولادابو. (٢١) برای عادیش وەبربێنە، کە لە ئەحقاف ترسی وەبەر ھۆزەکەی نا: ئێوە نابێ غەیرەز خودا بپەرستن؛ من لە ئێوە نیگەرانم کە لە ڕۆژی گەورەدا ئازارببینن. بەرلە ئەو و لە پاش ئەویش ترسێنەران ھاتن و چوون. (٢٢) گوتیان: ئاخۆ ھەر بۆیە ھاتویە لامان، لامان بدەی لەوانەی دەیانپەرستین؟ ئەگەر لەقسەڕاستانی، ئەوھەڕەشەی لەئێمەت کرد، بەجێی بێنە. (٢٣) گوتی: ئەویش خوا دەیزانێ؛ من بەچی ڕاسپێراوم، بە ئێوەی ڕادەگەیەنم؛ بەڵام وەک من دەتانبینم، ئێوە کۆمەڵێ نەزانن. (٢٤) کاتێ لە لای شیوەکانیان ھەورێکیان دی، گوتیان: ئەمە بارانمان بۆدەبارێنێ. بەڵکوو ئەمە ھەر ھەمانە کە ئێوە بۆی بەپەلەبون؛ ھەوری بایەو جەزرەبەدانی بەژانی لەگەڵدایە؛ (٢٥) بە فەرمانی پەروەرندەی، ھەموشت تێک وپێک دەدا. ئیتر کارێکیان بەسەرھات تەنیا ھەر جێ ماڵەکانیان دەبیندرا. ئێمە پاداشی کۆمەڵی تاوانباران ئاوا دەدەین. (٢٦) لەوشوێنەدا گوزەرانێکمان دابونێ، کە بە ئێوەمان نەداوە. گوێ و چاوو دڵیشمان بەوانیش دابو؛ ئەوان لەگوێ و چاوو دڵیان ھیچ بەھرەیان دەس نەکەوت؛ کە نرخێکیان بۆنیشانەکانی خودا دانەدەناو ئەوەی حەنەکیان پێدەکرد، دەوری لێدان. (٢٧) فرە لەو باژێڕانەمان قڕ تێ خستون کە ھەر لەدەوری ئێوەبون. ھەموو جۆرە نیشانەمان بۆڕاناون، کە بەشکوو بگەڕێنەوە. (٢٨) ئەدی بۆچی ئەو شتانەی غەیرەز خودا دەیانپەرست تا بەوھۆیە لە خوایان نزیک کەنەوە، ھیچ دەھانایان نەھاتن؟ بەڵکوو ئەوان لەدەسیان چون؛ ئەمەش لەودرۆیانەبو کە بۆخۆیان ھەڵیان بەستون. (٢٩) ھێندێکیش لەجندۆکانمان ناردەلای تۆ، کە گوێ لەم قوڕئانە بگرن، کاتێ ھاتن، گوتیان: مات بن و گوێ بدەن. وەختێ بیستیان، ھاتنەوە ناو خێڵەکەیان و ترسی خوایان وەبەرنان. (٣٠) گوتیان: گەلۆ! ناوەرۆکی کتێبێکیان بۆوەخوێندوین، کە پاش مووسا ناردراوە؛ بە کتێبەکانی پێشوشی بڕواھەیە؛ ھانە بۆڕاستی دەدات و شارەزای ڕاستەڕێ دەکا. (٣١) گەلۆ! وەرن بە دەنگ ئەم کەسەوە بچن کە گازی بۆ خودا دەکا و بڕوای پێکەن. لە گوناھانو خۆش دەبێ و لەئازاردانی بەژانتان دەپارێزێ. (٣٢) ھەر کەسێکیش بە دەنگ ئەوکەسەوە نەچێ - کە بەرەوخودا بانگ دەکا - لەم زەمینە دەرەتانی دەس ناکەوێ و غەیرەز خودا ھیچ کەسی دەھانا نایە. کێش ئاوابن، دیارە ڕێ یان لێ گۆڕاوە. (٣٣) ئاخۆ ئەوان نەیانزانی ئەوخودایە کە زەمین و ئاسمانانی وەدی ھێناو لە وەدی ھێنانیشیاندا تووشی ناتەوانی نەبوو، دەتوانێ زیندووش کاتەوەو بش مرێنێ؟ ئارێ ئەو لە سەر ھەموشت توانای ھەیە. (٣٤) ئەوێ ڕۆژێ کە ئەوانەی خوانەناس بوون، لای ئاگر ڕایان دەنێن [و پێیان دەڵێن: ] ئاخۆ ئەم شتە ڕاست نییە؟ ئێژن: ڕاستە، سوێند بەپەروەرندەمان. ئێژێ: چونکە ئێوە ھەرحاشاتان لێ کرد، سا ئەوئازارە بچێژن. (٣٥) تۆش ھەروەکو پێغەمبەرە لێ بڕاوو نەبەزەکان، سوربە لە سەر کارەکەت و خۆڕاگربە؛ وەک ئەوانیش خۆڕاگربون. بۆئەوانەش پەلەت نەبێ؛ ئەو ڕۆژی بڕیاردراوە بێنەلامان، وادەزانن مانەوەیان ھەر ساعەتێ لە ڕۆژێکی خایاندوە. ئەمەش پەندێکی تەواوە. ئاخۆ کەسێک - بێژگە لە ڕێ لادەرەکان - بەجەزرەبە لەبەین دەچێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موحەممەد وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەوانەی دژی خوا بوون و لەمپەرێک بوون لە ڕێی خودا، ھەموو کردەوەکانیانی لێ پوچەڵ کرد. (٢) ئەوانیش کە خواناس و ئاکارچاک بوون و بەم قورئانەش - کە ڕاستە و لە پەروەرندەیانەوە بۆ موحەممەد بە خەڵات ھاتۆتەخوارێ - باوەڕیان کرد، خودا ھەموو گوناھەکانیانی پۆشی و کاروباری ژیانیانی بۆ سامان دان. (٣) چونکە ھەرچی دژایەتی خودایان کرد، شوێن کاری ناڕەوا کەوتن. ئەوی خاوەن باوەڕیشن لەدوی ئەو فەرمانە دەچن؛ کە بە ڕاستی لە پەروەرندەیانڕایە. ئاوا خودا چەند نموونە بۆ ئەم خەڵکە دێنێتەوە. (٤) ئیتر ھەرگا تووشی ئەو بێ دینانە بوون، لە ملیان دەن؛ پاش ونجڕ ونجڕ کردنیان شەتەکیان دەن. ئەوسا یان ھەر بە چاکە ئازادیان بکەن؛ یا بەرخوێنیان لێ بستێنن؛ ھەتا شەڕ کۆتایی پێ دێ. ئەگەر خودا بیویستبا، بۆ خۆی تۆڵەی لێ دەستاندن؛ بەڵام ویستی بە یەکتریتان بئەزموێ. ئەو کەسانەش کە لە ڕای خودا کوژراون، کردەیان بە فیڕۆ نادا. (٥) بەم زووانە ڕێگەیان پێ نیشان دەدا و کاروباری ژیانیان بۆ تەکووز دەکا. (٦) دەشیانباتە ئەو بەھەشتەی کە پێشەکی بۆی باس کردوون. (٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر یاری خودا بکەن، خوداش یاریدەتان دەدا و لە بەر نەیاران نابەزن. (٨) ئەوانەش کە دین دوژمنن، بەشیان ھەر نەگبەتی دەبێ و کارەکانی لێ پوچ کردوون. (٩) چونکە ئەوان لەمەی کە خودا ناردوویە، خۆشیان نایە؛ ئەوسا ئەویش کارەکانی لێ تێک داون. (١٠) ئاخۆ ئەوان بە زەمیندا نەگەڕاون، تا بڕوانن پێشینەکانی ئەوانە چییان بەسەرھات؟ خودا تەرت و تونای کردن؛ بۆ لە دین لادەرەکانیش ھەر شتێکی ئاوا ھەیە. (١١) چونکە خودا سەروەری ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان پێ ھێناوە و ئەوانەی خودانەناسن، بێ سەروەرن. (١٢) خودا خاوەن باوەڕانی ئاکارپەسند، دەنێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا. ئەوانەی نەشیان ناسیوە، لە دنیادا ڕای دەبوێرن و دەلەوەڕێن؛ وەک لەوەڕانی ئاژەڵ و جێگەیان لە ئاگردایە. (١٣) فرە باژێڕی وا ھەبووە لە خەڵکی باژێڕەکەی تۆ - ئەوەی تۆیان لێ وەدەرنا - گەڵێک بەھێز و گوڕتر بوون، قڕمان کردوون؛ کەسیش دە ھانایان نەھات. (١٤) ئاخۆ کەسێ لە پەروەرندەی خۆیەوە بەڵگەی ڕوونی بۆ ھاتبێ، وەک کەسێکە کردەوە خراپەکەی خۆی بۆ خەمڵاوە و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتوون؟ (١٥) ئەو بەھەشتەی خوا بە پارێزگارانی بەڵێن داوە، چۆن چۆنییە؟ چەندین ڕوباری وای تێدا، ئاوەکەیان شلوێ نابێ. چەند ڕوباری شیری تێدا، ھەرگیز تامی نەگۆڕاوە. چەندین ڕوباری شەرابی پێدا دەڕوا، تا وەیخۆن کەیفی پێدەکەن. چەند ڕوباریش لە ھەنگڤی پاڵافتە ھەن. ھەر میوەیەکیش بخوازن، تێدا ھەیە؛ خۆش بوونی پەروەرندەشیان. چۆن ئەمانە دەبنە لنگەی ئەو کەسانە کە تا ھەتا ھەر دەبێ لە ئاگردا بن و لەسەریانە ئاڤاکەلاندی وەخۆن و ڕیخۆڵەیان لەت و پەت کا. (١٦) ھێندێکیان دێن گوێت لێدەگرن؛ وەختێ لە لای تۆ دەردەچن لە زانیارەکان دەپرسن: ئێستە چی وت؟ خودا مۆری بەسەر دڵیانەوە ناوە و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتوون. (١٧) ئەو کەسانەش کە ھاتوونە سەر ڕاستە ڕێ، پتر شارەزایان دەکا و ترسی خوایان پتر دەخاتە دڵەوە. (١٨) ئاخۆ ئەوان چاوەنۆڕن گوزوگوممەت ئێستە سەڵایان لێڕا بێ؟ ئەوا ئێستا نیشانەکانی پەیدا بوون؛ وەختێ سەڵاشیان لێڕابوو، پەندی ئەوان سوودی چییە؟ (١٩) سا بزانە غەیرەز خودا ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. بۆ ھەڵەی خۆت و پیاوان و ژنەکانی خاوەن باوەڕ، داوای لێ خۆش بوونێ بکە. خوا لە ھەڵگێڕ وەرگێڕتان و لە شوێنی ھەمیشەییتان ئاگادارە. (٢٠) ئەوانەی خاوەن باوەڕن ئێژن: بۆ چە سوورەتێک نایەتە خوارەوە؟ ئەمجارە کە سوورەتێکی پتەو ھات و لەمەڕ خەزاوە باسی کرد، تۆ ئەوانەی دەغەزێکیان لە دڵدایە دەبینی وات لێ دەڕوانن، وەک کەسێ لە ترسی مردن تووشی فێداری ھاتبێ. بۆ ئەوانە وا باشترە. (٢١) [بۆ ئەوانە] بەر فەرمانی و پەیڤینی بەجێ و ڕێیە [ھێژاترە]. ھەرگاش خەزا بڕیار درا، ئەگەر ئەوسا بەرانبەر بە خودا ڕاست بن، ھەر بە قازانجی خۆیانە. (٢٢) ئاخۆ ئەگەر دەستەڵاتوو وەدەس کەوت، لەم زەمینە خراپە ڕێوە دەبەن و پەیوەندی خزمایەتیتان دەچڕێنن؟ (٢٣) سا ئەوانە خودا بەر نەحلەتی خستوون؛ گوێیان کەڕ و چاوەکانی لێ کۆر کردوون. (٢٤) ئاخۆ ئەوان لەو قورئانە ڕانامێنن، یان دڵیان گاڵە دراوە؟ (٢٥) ئەو کەسانەی لە پاش لە دین شارەزا بوون وەرگەڕاون، دیارە شەیتان دنەی داون و کارەکانی بۆ خەمڵاندوون. (٢٦) چون ئەوانە بەو کەسانەی کە حەزیان لەو شتە نییە کە خوا ناردوویەتە خوارێ، وتوویانە: ئێمە لە بازە کارێکدا بە قسەو دەکەین. خوداش لەوەی دەیشارنەوە ئاگادارە. (٢٧) دەبێ چۆن بن ئەو سەردەمەی فرشتە گیانیان دەکێشێ و دە ڕوخسار و پشتەوەیان دەسرەوێنێ؟ (٢٨) چونکە ئەوان وەشوێن شتێکی وا کەوتوون کە خودای تووڕە کردووە و بە ڕەزای ئەو ڕازی نەبوون؛ ئەوسا ئەویش کاریانی لێ پوچ کردوون. (٢٩) ئاخۆ ئەوانەی غەرەزیان لە دڵدایە، لایان وایە خودا ڕک و کینەیان ئاشکرا ناکا؟ (٣٠) ئەگەر حەزمان بکردایە، دەمانھێنانە بەرچاوت و ئیتر ھەر بە ورد بوونەوە لە بیچمیان، باش دەوناسین. بێ گومانە بە ڕاوێژی ئاخافتنیش دەیانناسێ. خواش ھەموو کارەکانتانی ئاگا لێیە. (٣١) بە تاقیتان دەکەینەوە تا بزانین، کێ لە ئێوە تێکۆشاوە و کێتان خۆڕاگرتر بووە. بەراوردی دەنگوباسی ئێوەش دەکەین. (٣٢) ئەوانەی خوانەناس بوون و بوونە لەمپەر لە ڕای خودا لە دوای ئەوە زانیبووشیان ڕێگەی ڕزگار بوون کامەیە، ھەر دژی پێغەمبەر وەستان، ھەرگیز ئەوانە ناتانن زیان بە خوا بگەیەنن و بەم زووانە کارەکانیان پوچەڵ دەکا. (٣٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە فەرمانی خودا و پێغەمبەر دەر مەچن و کارتان پوچەڵ مەکەنەوە. (٣٤) ئەوانەی لە دین لایاندا و بوونە لەمپەر لەڕای خودا و دوایی بەبێ دینی مردن، ھەرگیز خوا لێیان خۆش نابێ. (٣٥) سس مەبنەوە و داوای شەڕویستانێ مەکەن؛ ھەر ئێوە بەسەر ئەواندان؛ ئێوە خوداتان دەگەڵە و ھەرگیز پاداشی خەباتەکەتان لێ کەم ناکاتەوە. (٣٦) ھەرچی ژیانی دنیایە، ھەموو ھەر گاڵتە و گەپێکە. ئەگەر ئێوە بڕواو ھەبێ و خۆپارێز بن، پاداشی خۆتان دەداتێ و ھیچ ماڵیشتان لێ ناخوازێ. (٣٧) ھەرچەند زۆر بە قیرسیچمەییش داوای ماڵێکتان لێ بکا، ڕژدی دەکەن و ڕکوونیتان دەردەخا. (٣٨) با ھەمووتان ئاگادار بن؛ بانگتان دەکەن کە ماڵ لە ڕای خوا بەخت کەن. ئی واشتان دەناودا ھەیە ڕژدی دەکا؛ ھەر کەسێکیش ڕژدی دەکا، ڕژدی دەربارەی خۆی دەکا. خوا لە گش کەس بێ نیازە؛ ئێوە ژار و بەلەنگازن؛ ئەگەر پشتیشی تێ بکەن، چینێکی تر بە ئێوە دەگۆڕێتەوە، کە ھەرگیز وەک ئێوە نەچن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەتح وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئێمەین کە وەسەرمان خستی، بەو سەرخستنە بەرچاوە. (٢) ھەتا خودا لە ھەڵەکانی پێشوت و لەو ھەڵانەی لەوەبەولاوە تووشیان دێی، عافووت بکا و چاکەی دوور لە کەمایەسیت دەگەڵ بکا و ڕێگەی ڕاستت نیشان بدا. (٣) تا خودا یارمەتیت بدا، بەتەرزێ وا کە ببیە خاوەن دەستەڵات. (٤) ھەر ئەویشە ئۆقرە و ھەدای دا بە دڵی ئەوانەی خاوەن باوەڕ بوون؛ تا وێڕای بڕوای ھەیانە، بڕوایان بەقەوەتتر بێ. لەشکرگەلی ئاسمانەکان و زەمینیش، ھەموو بەرفەرمانی خوان و خودا زانای لەکارزانە. (٥) ھەروەھا پیاو و ژنانی خاوەن باوەڕ بەڕێ کاتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و ھەتاسەر ھەر لەوێ دەبن و خەتا و نالەبارەکانیان عافوو بکا. لجەم خودا، ئەم ڕووداوە سەرکەوتنێکی مەزن بوو. (٦) ھەتا وەکوو ڕووبینانی پیاو و ژن و شەریک بۆ خوداناسەکان، نێڕ و مێویان - کە سەبا بە خوا گومانی خراپیان دەبرد - ئازار بدا. زۆرخراپیان لێ قەوماوە و خوا غەزەبی لێ گرتوون و نەحلەت لە ھەموویان دەکا و جەھەندەمی بۆ داناون و دواڕۆژێکی ڕەشیان ھەیە. (٧) لەشکرەکان - لە ئاسمانەکان و زەمین - ھەموو بەرفەرمانی خوان و خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٨) ئێمە تۆمان کل کردووە، ئاگادار و موژدەدەر و ترسێنەر بی. (٩) ئەشێ ئێوە بڕوا بێنن بە خوا و پێغەمبەری خودا و لە یاریدەی درێغ نەکەن و ڕێزی شایانی لێگرن و ھەموو بەیانی و ئێواران پەسنی بدەن. (١٠) ئەو کەسانەی پەیمان لەگەڵ تۆ دەبەستن، با بزانن پەیمان دەگەڵ خوا دەبەستن. دەستی خودا دەسەر دەستی ئاوەنڕایە. سا ھەر کەسێ پەیمانی بەجێ نەھێنێ، ھەر خۆی لە پەیمان شکێنی زەرەر دەکا؛ ھەر کەسێکیش ئەو پەیمانەی - کە دەگەڵ خودا بەستوویە - بەجێ بێنێ، لە دواڕۆژا پاداشی گەوڕەی دەداتێ. (١١) ئەو عەرەبە کۆچەرانەی دواکەوتبوون، وە تۆ ئێژن: دارایی و ماڵ و خێزانمان نەیانھێشت بگەینە ئێوە؛ داوای بەخشینمان بۆ بکە. سەرزارەکی شتێ ئێژن: کە لە دڵیانەوە نایە. بێژە: ئەگەر خوا زیانێک لە ئێوە با، یان بەھرەیەکتان پێ بدا، کێ دەتوانێ دەس دە کاری خودا بدا؟ بەڵکە خودا لە ھەر کردەوەیێ دەیکەن، ئاگادارە. (١٢) نەخێر ئێوە پێتان وا بوو پێغەمبەر و باوەڕداران ھەرگیز تازە نایەنەوە ناو ماڵ و خێزانی خۆیان. ھەر بە دڵیش ئەم خەیاڵەو بە شتێکی باش دەزانی. گومانێکی بێجاو دەبرد؛ دیارە ئێوە کۆمەڵێکی زۆر بێ خێر بوون. (١٣) ھەر کەسێکیش بڕوای نەبێ بە خوا و پێغەمبەری خودا، ئێمە بۆ ئەو بێ دینانە، کڵی ئاگرمان نێڵ داوە. (١٤) دەستەڵاتی ئەم عاسمانان و زەمینە بە دەس خوایە؛ کێ حەز بکا عەفووی دەکا و کێش حەز کا جەزرەبەی دەدا و خوداش لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٥) ھەر ئەوانەی دوا کەوتبوون، ئێستا ئێژن: ھەرگا بەرەو تاڵانێک چوون، لێمان گەڕێن ئێمەش بەشوێن ئێوەدا بێین. گەرەکیانە قسەکەی خودا بگۆڕن. بێژە: ھەرگیز ئێوە لەشوێن ئێمە نایەن؛ خودا پێشەکی گوتوویە. ئەوسا ئێژن: نەخێر دیارە لەحاند ئێمە چاوچنۆکن. نەخێر ئەوان کەم تێدەگەن. (١٦) بەو عەرەبە کۆچەرانەی - کە پێشوو خۆیان دزیەوە - بێژە: ھەر لەم بەینانەدا بانگتان دەکەن، بچنە سەر گەلێکی گەڕناس؛ یان ھەر شەڕتان دەگەڵ دەکەن، یان خۆ بەدەستەوە دەدەن. جا ئەر ئێوە بەرفەرمان بن، لە خوداوە پاداشێکی باش وەردەگرن؛ ئەگەر خۆشتان بدزنەوە - وەک پێشوو خۆتان دزیەوە - دەتانخاتە بەر جەزرەبەیەکی بەژان. (١٧) گازندە لە کۆر ناکرێ؛ گلەییش لەسەر شەل نییە؛ لەش بەباریش قەیدێ ناکا. ھەر کەسێکیش بەفەرمانی خوا و پێغەمبەری ئەو بکا، دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا. ھەر کەسێکیش خۆ ببوێرێ، جەزرەبەی بەژانی دەدا. (١٨) ئەو دەستە خاوەن باوەڕەی کە وا لەژێر دارەکەدا دەگەڵتا بوونە ھاوپەیمان، خودایان لێ ڕازی بووە؛ دەیزانی چییان لەدڵدایە. سا ئۆقرە و دڵنیایی ناردە سەریان و بە سەرکەوتنێکی نزیک پاداشی دان؛ (١٩) ماڵی تاڵانی زۆریشیان دەس دەکەوێ. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢٠) خوا بەڵێنی گەلێ تاڵووی پێتان داوە کە دەیگرن. بەڵام زووتر ئەمەی دا پێتان و نەیھێشت دەستی خەڵکیتان بگاتێ و ھەتا نیشانەیەکیش بێ بۆ خاوەن باوەڕەکان و بۆ ڕاستەڕێ زۆرتر شارەزاتان بکا. (٢١) تاڵانێکی تریش ھەیە، ھێشتا دەستیان پێی نەگەیوە و خودا باشی ئاگا لێیە و خوا ھەموو کاری پێ دەکرێن. (٢٢) ئەگەر ئەو دین دوژمنانە شەڕیشیان وەل بکردبان، سوور بزانن پشتیان دەکردە مەیدان و ڕایان دەکرد. لەپاشانیش نە دۆستێکیان دەس دەکەوت و نە کەس دە ھانایان دەھات. (٢٣) یاسایەکە لە خوداوە و لەپێشووشدا ھەر وابووە و لەو یاسای خودا دایناوە، ھەرگیز گۆڕانێک نابینی. (٢٤) ھەر ئەویش بوو لەدەست ئەوانی پارازتن و ئەوانیشی لەدەس ئێوە؛ وەختێ لە ئاقاری مەککە خودا کردی و ئێوە بەسەریاندا زاڵ بوون. ئێوە ھەر کارێکوو دەکرد، خودا دەیدیت. (٢٥) ھەر ئەوان بوون کە لە ڕێگای دین لایان دا و بوونە لەمپەر و نەیانھێشت بچنە کابە؛ ڕێشیان نەدا قوربانیەکەتان - کە گلیان دابووە - بگاتە شوێنی خۆی. [ئەگەر ئیزنمان بدایە لە مەککە دەگژیان ڕاچن] لەوانەبوو زۆر مێر و ژنی باوەڕدار - کە ئێوە نەتانناسیبوون - دەبەر پێیانودا بچن و بێ ئەوەی خۆتان بزانن، ببنە موشکوڵۆزمەی ئەوان. خودا ھەرکێ خۆی حەز دەکا، دەیخاتە بەر بەزەیی خۆی. ئەگەر لەو شوێنە لاچووبان، بێ سۆ دین دوژمنەکانمان بە ئازارێکی بەژان دوچار دەکردن. (٢٦) ئەوسا کە دین دوژمنەکان، بادی ھەوایی نەزانانەیان دەنواند، خودا ئۆقرە و ھێمنایەتی ناردە خوارێ بۆ ناو دڵی پێغەمبەری و باوەڕدارانی [یارانی] و وای کرد کە خۆپارێز بن و بۆ ئەم کارەش لە ھەموو کەس شیاوتر و ھێژاتر بوون. خوا بۆ ھەموو شت زانایە. (٢٧) خوا ئەو خەونەی کە پێغەمبەرەکەی دیبووی، وەڕاست گێڕا: خوا حەز کا بەبێ ھیچ ترسێک دەچنە ناو ماڵی کابەوە و پۆڕی خۆ کورت دەکەنەوە، یان دەیتاشن. ئەو شتانەی نەوزانیبوو، ئەو دەیزانی. جگە لەمەش بەو زووانە تووشی سەرکەوتنێک دەبن. (٢٨) ھەر خودایە کە پێغەمبەری خۆی نارد و ڕێنوێنی و دینی ڕاستیشی ڕەگەڵ خست؛ تا بەسەر ھەموو دینێکا زاڵی بکا. خواش بۆ ئاگا لێبوون بەسە. (٢٩) موحەممەد پێغەمبەر خوداس؛ ئەوانەش کە دەگەڵ ئەون، لە بەرانبەر دین دوژمنان توند و تیژ و لە ناوخۆدا دلۆڤانن. لە کڕنۆش و سوژدە چاوت پێ دەکەون. ھەر بەھێڤی ڕەزامەندی و چاکەی خودان. درۆشمی سوژدە بردنیان بە ناوچاوانەوە ھەیە؛ وێنەشیان لە تەوراتدایە و نموونەشیان لە ئینجیلدا. شبێنراوە بە چناوێک تیشەی بەرەژوور ھەڵچووبێ و وەچی فرەی دەرکردبێ و ستوور بووبێ و لەسەرلاسک خۆی گرتبێ و وەرزێڕان سەیری بمێنن؛ تا چاوچنۆکانی سپڵەی پێ قەڵس کا. ئەوانەی خاوەن باوەڕ و ئاکار چاکن، خوا بەڵێنی لێ بووردن و پاداشێ گەورەی پێ داون. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حوجورات وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! نەچن وەپێش خوا و پێغەمبەرەکەی کەون؛ با ترستان لە خودا بێ، خودا بیسەر و زانایە. (٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ناشێ دەنگتان سەر دەنگی پێغەمبەر کەوێ. دەنگیش ھێندە بەرز مەکەن، وەک وەل یەکترا داخێون؛ کە کارتان لێ پووچەڵ ببێ و خۆتان بە خۆتان نەزانن. (٣) ئەو کەسانەی لجەم پێغەمبەری خودا دەنگیان نزم دەکەنەوە، ئەو کەسانەن خوا دەربارەی پارێزگاری، دڵی تاقی کردوونەوە. لێ خۆش بوون و پاداشی مەزن بۆ وانە. (٤) ئەو کەسانەی لەو دیوی ھۆدەکانەوە بانگت دەکەن، زۆربەیان ئاوەزیان نییە. (٥) ئەگەر خۆیان ڕاگرتایە ھەتا دەر دەچووی بۆ لایان، بێ شک بۆ ئەوان باشتر بوو. خوا دەشبوورێ و دلۆڤانە. (٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا لە فەرمان لادەرێک دەنگ و باسێکتان بۆ دێنێ، بە وردی لێی ورد بنەوە؛ نەکا لە ڕووی نەزانیوە گەلێکان تووشی زیان کەن و لە کردەتان پەژیوان بن. (٧) پێویستە ئەمەش بزانن کە پێغەمبەری خوداتان لەناودایە. ئەگەر لە زۆرکاراندا شوێنتان کەوتبا، تووشی ناڕەحەتی دەبوون؛ بەڵام خودا ئەڤینی بڕوا بە دینیدا بە ئێوە و ئەوەی لە دڵتاندا خەمڵاند. بێ باوەڕی و لە ڕێ لادان و سەرپێچی لە لاتان دزێو کردووە. لە ڕێ شارەزا ئەوانەن. (٨) ئەمەش بەخشش و چاکەیە لە خوداوە و؛ خودا زانای لەکارزانە. (٩) ھەرگا لە ناو باوەڕداران دوو گرۆ دە گژ یەکڕا چون، ئێوە ئاشتیان بکەنەوە؛ ئەگەر یەکیان گەرەکی بو ناھەقی لەوی تر بکا، ئێوە دە گژ ئەوڕا چن کە ھەر دەیەوێ شەڕ بکا؛ ھەتا بۆ فەرمانی خوا مل کەچ دەکا. ئەوسا - بەبێ لایەنگیری - پێکیان بێنن و بە یەکسانی بە کێشەکەیان ڕابگەن. لەو کەسانەی بە یەکسانی پێ ڕادەگەن، خوا خۆشی دێ. (١٠) خاوەن باوەڕ ھەموویان ھەر برای یەکن؛ براکانتان پێکەوە ئاشت بکەنەوە. ئەشێ لە خودا بترسن؛ بەشکوو بەر بەزەیی کەون. (١١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! با ھێندێکتان گاڵتە بە ھێندێکان نەکەن؛ لەوانەیە ئەوانەی گەپیان پێ دەدەن، لە گەپ دەرەکان باشتر بن. ژنیش ھەروا؛ لەوانەیە ئەوانەی دەبنە گاڵتەجار، لەوی گاڵتەیان پێ دەکەن، پەسندتر بن. لە سیلەی چاو داگرتن و تەشەر دەیەکتر گرتن و ناو و ناتۆرە لێک ھەڵدان، دەس ھەڵگرن؛ چونکە لە پاش بڕوا ھێنان، لە ڕێ لادان، بەد نێویە و ناپەسەندە. کێش پەژیوان نەبێتەوە، لە ڕێزەی ناھەقەکانە. (١٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە زۆرێک لە گومانان خۆ بپارێزن. چونکە ھێندێک گومانی وا ھەن گوناھن. لە کاروباری یەکتریش مەکۆڵنەوە. پاشەملەش خراپەی یەکتر مەبێژن. ئاخۆ کەستان وازی لێیە کە گۆشتی برای خۆی بە مردویی بخوا؟ دیارە قیزتان لێ دێتەوە. ئەشێ لە خودا بترسن. خوا پەژیوانی قبوڵە و دلۆڤانە. (١٣) ئەی خەڵکینە! ھەر لەنێر و مێوێکەوە ئێوەمان وەدی ھێناوە و کردوومانن بە چەند گەلێک و چەند ھۆزێک ھەتا یەکتری بناسن. بەڕێزترینتان لای خودا، پارێزگارترەکانتانن. خودا زانایە و ئاگادارە. (١٤) عەرەبەکانی دەشتەکی گوتیان: باوەڕیمان ھێنا. بێژە: ھێشتا باوەڕیتان نەھێناوە؛ بەڵام بێژن: خۆمان بەدەستەوە داوە؛ ھێمان بڕوای ئیسلامەتی نەچۆتە ناو دڵتانەوە. ئەگەر ئێوە بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەری ئەو بن، لە پاداشی کردەوەتان ھیچ شتێ کەم ناکاتەوە. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٥) خاوەن باوەڕ ئەو کەسانەن کە بڕوایان بە خوا و پێغەمبەری ھەیە و تووشی دوودڵی نەبوون و بە گیان و ماڵ لەڕێی خودا تێکۆشاون و ھەر ئەمانە بەڕاستیانە. (١٦) بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە خودا لەو دینەی ھەتانە، ئاگادار کەن؟ کە چی خوداش لە ھەر شتێ لە ئاسمانان و زەمیندان، ئاگادارە و خوا بۆ ھەموو شت زانایە. (١٧) ھەر چونکە بوونە موسوڵمان، منەت بەسەر تۆدا دەکەن. بێژە: ئەگەر ڕاست ئەکەن خاوەن باوەڕن، لە موسوڵمان بوونی خۆتان، منەت بەسەر مندا مەکەن؛ بەڵام خودا منەت لەسەر ئێوە دەکا، کە ڕێگای بڕوا ھێنانی نیشان داون. (١٨) ھەر نھێنی لە عاسمانان و زەمیندان، خوا دەیزانێ و ھەر چی دەیکەن ئەو دەیبینێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قاف وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) قاف، سوێند بەم قوڕئانە بەڕێزە، (٢) دیارە سەریان لەوەسوڕما کە ترس وەبەرھێنێکیان لە خۆیان بۆپەیدابوە؛ ئەوانەی خودانەناس بوون، گوتیان: ئەمە شتێ سەیرە. (٣) ئاخۆ ئەگەر مردین و بووینە مشتێ خۆڵ، [دەژینەوە؟ ] ئەم گەڕانەوەیە دورە. (٤) ئێمە ھەر زوزانیومانە زەوی چەندیان لێ کەم دەکا؛ کتێبێکیشمان لەلایە ھەموشتێکی تێدایە. (٥) بەڵکوو ئەوان کە ئەم ڕاستەیان ھاتەلا، ھەر باوەڕیان پێ نەکردو کارەکەیان لێ ئاڵۆزا. (٦) ئاخۆ ئەوان بۆ عاسمانیان نەڕوانیوە، کەبەسەر سەریانەوەیە، چتۆ وەدیمان ھێناوەو چلۆنمان ڕازاندۆتەوەو ھیچ کەلێنی تێدا نییە؟ (٧) ئەم ھەردەشمان ڕاخستوەو کێوپارەمان تێ خستوەو جووتەی ھەموڕوەکێکی بەردڵمان دەناودا ڕواند؛ (٨) تا چاوی دڵ ڕۆشن کات و ببێتە ھۆی بیرەوەری بۆھەرعەبدێک حەزبکا بگەڕێتەوە. (٩) لەوبەرزەوە ئاوێ بەپیت و بەھرەمان بەرەژێر نارد؛ فرەباغاتمان پێ ڕواند؛ ئەولبەش کە درەو دەکرێ؛ (١٠) دارەخورمای بەرزەباڵاش بە ھێشووی بزمارکوتەوە؛ (١١) بژیوە بۆعەبدەکان و سەرزەمینی مریشمان پێ بوژاندەوە؛ دەرکەوتنیش ھەروەھایە. (١٢) بەرلەوانەش، ھۆزی نووح و خودانی ئاوی بیرەکەو سەموودیش ھەر بێ بڕوابون. (١٣) ھۆزی عادو دەستەودایەرەی فیرعەون و ھۆزی لووتیش، (١٤) گرۆی خاوەن دەحلەکان و ژێردەستەکانی توببەعیش، ھیچیان بە پێغەمبەرانیان باوەڕنەکرد؛ ئەوسا ھەڕەشەکانی من وەڕاست گەڕا. (١٥) ئاخۆ ئێمە لەوەدی ھێنانی پێشین ماندوببوین؟ بەڵکوئەوان بەگومان بون کە دەتوانین سەرلەنوێ وەدی بھێنین. (١٦) دیارە ئێمە مرۆمان دروس کردووەو دەشزانین چۆن خەیاڵاتی بەدڵدادێ. ئێمە بۆئەو لە شادەماری لاملی نزیکترین. (١٧) ئەوێ کاتێ لە لای ڕاست و چەپیشەوە جوتێ فرشتە ڕۆنیشتون [بۆی دەنووسن]. (١٨) ھەر ورتەی لە دەم دەربچێ، چاوەدێرێکی لاھەیە. (١٩) بورانەوەی ئاویلکەدان، وادیاریدا؛ ھەر ئەمەشە کە تۆ نەت دەویست توشی بی. (٢٠) فو بە کەڵەشاخادەکرێ؛ ئەوێ ڕۆژێ؛ دەبێ ھەڕەشە وەدی بێ. (٢١) ھەر کەسێ دێ، یەکێک وەپێشەخۆی داوەو یەکێکیش شایەتی دەدا. (٢٢) تۆ لەمانە بێ ھەواڵ بوی؛ وا سەرپۆشمان لە سەر لادای؛ چاوت ئەمڕۆ زۆر بڕدەکا. (٢٣) فرشتەکەی ھاوڕێی ئێژێ: وا لە لای من ئامادەیە. (٢٤) بە ھەردوکتان، ھەموو سپڵەیەکی لاسار، باوێژنە ناو دۆژەھەوە. (٢٥) کە بەری لە چاکە گرت و لەڕێی لاداو خەڵکیشی وەگومان دەخست. (٢٦) کەسێ بو کەوێڕای خودا، شتی دیکەشی دەپەرست. سا بەتوندی بیانخەنە بەر جەزرەبەوە. (٢٧) ئەویی ھاوڕێیەتی ئێژێ: ئەی پەروەرندەی گلامان! دنەی سەرپێچیم نەداوە؛ بەڵام ھەرخۆی لەوپەڕی گومڕاییدابو. (٢٨) ئێژێ: لای من کێشەمەکەن؛ من پێشەکی ھەڕەشەم پێ ڕاگەیاندون. (٢٩) بەڵێنی من گۆڕانی بەسەردا نایەو ناھەقی لەعەبدان ناکەم. (٣٠) ڕۆژێ دەبێ کە بە جەھەندەمێ ئێژین: ئاخۆ پڕ بوی؟ ئێژێ: ئاخۆ پتریش ھەیە؟ (٣١) بەھەشتیش لە خۆپارێزان نزیک بۆتەوەو دورنیە. (٣٢) کە ئەمە بۆ ئەوکەسانەی بەرەوخودا گەڕانەوەو خۆپارێزبون، سۆزدراوە. (٣٣) ئەوانەی کە بە نھێنی لەخودای خۆیان ترساون و بەدڵێکی پاکەوە ھاتوونەوە لای. (٣٤) ھەمووتان بچنەژورەوەو بێ ترس بن؛ ئەمەیە ڕۆژی ھەرمانێ. (٣٥) ھەرچی ئارەزووشی بکەن تێیدا ھەیە و زێدە لەویشمان لاھەیە. (٣٦) ئێمە گەلێک چین و بەرەن - کە دەپێش ئەوانەدابون - قڕتێ خستون، لەمانەش بەھێزتر بون و زۆروڵاتیان پشکنیون؛ ئاخۆ ئەوان ھیچ دەرەتانیان بۆڕەخسا؟ (٣٧) ئەم وتارە بۆھەر کەسێ دڵ زیندووە، یان باشی گوێ لێ دەدێرێ و بیریشی ھەر لە لای ئەوە، دەبێتەھۆی پەندگرتن و بیرکردنەوە. (٣٨) ئەم ئاسمانان و زەمینەو ھەرچی لەناویاندا ھەیە، بە شەش ڕۆژ وەدیمان ھێناو ھیچ ماندگیشمان تووش نەھات. (٣٩) سا خۆبگرە لە بەرانبەر ئەو شتانەی ئەوان ئێژن. ھەر پەسنی پاکی پەروەرندەی خۆت بدە؛ لەپێش گزینگی ھەتاوداو بەرلەدەمی ڕۆژاوابون. (٤٠) لە شەویشدا ھەر پەسنی پاکی ئەوبدەو دوای ھەموو سوژدەبردنیش. (٤١) ھەردەمێکیش بانگ ڕاھێڵێک لەجێگایەکی نزیکڕا گازی دەکا، گوێی بۆبگرە. (٤٢) لەوڕۆژەدا کە نەعرەتەڕاستەکەیان گوێ لێ دەبێ، ئەمە ڕۆژی دەرکەوتنە. (٤٣) ئێمە خۆمان ژی دەبەخشین و دەمرێنین؛ وەگەڕیش بۆ لای ئێمەیە. (٤٤) ئەوێ ڕۆژێ کە زەمین دەقەڵشێتەوەو بەلەز دەریان دەھاوێژێ، ئەمە بۆ وەکۆکردنێ، لامان شتێکی ھاسانە. (٤٥) ئێمە باشتر دەزانین ئەوان چ ئێژن؛ تۆ زۆردارێک نی لەسەریان؛ ھەر کەسێکی لە ھەڕەشە ترسی ھەیە، بەم قوڕئانە تۆ وەبیری بخەرەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زاریات وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بە بایانەی دەتوانن بڵاوکەنەوە، (٢) بەو ھەورانەی گران بارن، (٣) بەوانەی کە بەھاسانی ڕێ دەپێون، (٤) بەوانەی کاردابەش کەرن، (٥) ھەر بەڵێنێ کە پێتانی دەدەن، ڕاستە. (٦) ڕۆژی جەزا ھەر ڕودەدا. (٧) بەو ئاسمانەی ڕێ ڕێ یە [و شەپۆلان دەدا]، (٨) قسەو یەکتر ناگرێتەوە. (٩) لە قوڕئان دەتەکێتەوە، ھەرکێ تەکێراوەتەوە. (١٠) دەک بەگوشت چن ئەوانەی درۆنەخشینن. (١١) ئەوانە کەوتوونە گێژاوی نەزانی و ئاگایان لە ھیچێک نییە. (١٢) پرس دەکەن: کەنگێ ڕۆژی جەزایە دێ؟ (١٣) ئەوێ ڕۆژێ کە دەیانخەنە سەرئاگر. (١٤) بچێژن ئەو ئازارەتان کە ئێوە بۆی بەپەلەبون. (١٥) ئەوکەسانەی خۆپارێزن، شوێنیان باغات و کانیاون. (١٦) ھەرچی پەروەرندەی ئەوان بۆی داناون، وەری دەگرن؛ ئەوان پێشو ئاکارچاک بوون. (١٧) شەوانە کەمتر دەخەوتن. (١٨) بەری بەیان، داوای لێ بوردنیان دەکرد. (١٩) لەماڵیاندا بەشێ ھەبوو بۆ پارسەکان و بێ بەشان. (٢٠) لەزەمیندا بەڵگە زۆرن بۆ ئەوانەی لەبڕوادا بێ گومانن. (٢١) ھەروەھا لە ناو خۆشتاندا؛ ئاخۆ لە خۆتان ناڕوانن؟ (٢٢) ڕۆزیتان و ھەرچی بەڵێنتان پێدەدرێ، لە عاسمانە. (٢٣) سا سوێند بە پەروەرێنی ئەزمان و زەمین، ئەمە ڕاستە؛ ھەروەک بۆخۆتان داخێون. (٢٤) ئاخۆ باسی میوانەبەڕێزەکانی ئیبڕاھیمت بۆھاتووە؟ (٢٥) کاتێ کە لێی وەژور کەوتن، گوتیان: سەلام. گوتی: سەلام؛ دەستەیەکی نەناسراون. (٢٦) پەنامەکی خۆی گەیاندە خاو خێزانی و گوێرەکەیێ چاقی ھاورد. (٢٧) وەختێ کە لێی نزیک کردن، گوتی: لەبەرچیە ناخۆن؟ (٢٨) ئەوساکە ترسێکی ڕێ نیشت. گوتیان: تۆ نیگەران مەبەو بوونی لاوێکی زانایان مژدە پێدا. (٢٩) ژنەکەی بەھاوارەوە ھات و پوکێکی لەخۆی ناو گوتی: من پیرێژنێکم بێ زک وزا. (٣٠) گوتیان: پەروەرندەی تۆ ئاواینەی گوتوە، ئەوخۆی کارزان و زانایە. (٣١) گوتی: ئەی ڕاسپاردەکان! کارتان چییە؟ (٣٢) گوتیان: ئێمە کل کراوین بۆسەر ھۆزی تاوانباران. (٣٣) تا گزمولە قوڕی ڕەق بوی وەک بەردیان لێ ببارێنین. (٣٤) پەروەرندەت ھەمونیشانەی لێداون، بۆ ئەوانەی لەئەندازە لایان داوە. (٣٥) ئەوسا باوەڕدارەکانمان لێ وەدەرنا. (٣٦) ئێمە غەیرەز تەنیا ماڵێک، خوداناسمان دەس نەکەوت. (٣٧) لەوشوێنەشدا نیشانەیەکمان بەجێ ھێشت، بۆ ئەوانەی کە لەئازاردانی بەژان ترسیان ھەیە. (٣٨) لەبەسەرھاتی مووساشدا، کە بە بەڵگەی ئاشکراوە بەڕێمان کردە لای فیرعەون. (٣٩) بەونیازە کە خاوەنی ھێزوپێزە، بایەخی بە مووسا نەداو گوتی: جادوگەرێکە یان لیوەبوە. (٤٠) ئەوساکە خۆی و لەشکرەکەیمان گرت و فڕێمان دانە ناو دەریاوەو گلەییش لەخۆی کرا. (٤١) لەمەڕعادیش، گڕەبامان ناردەسەریان. (٤٢) ھەرشتێ کە ھاتەبەری، وەک پیشەی پواوی لێکرد. (٤٣) دەربارەی ھۆزی سەموودیش، کە پێان ڕاگەیەندرا: ھەتا ماوەیەک ڕایبوێرن. (٤٤) لە فەرمانی پەروەرندەیان لایاندا؛ ھەتا دیتیان وەبەر ھەورەتریشقەیێ کەوتن. (٤٥) نەیانکرا ڕاست بنەوەو کەسیش دەھانایان نەھات. (٤٦) ھۆزی - نووحیش لەپێشوڕا - [بەرغەزەبی ئێمە کەوتن] کە گەلێکی نافەرمان بوون. (٤٧) ئەم ئاسمانەشمان بە ھێزی خودی خۆمان وەدی ھێناو بێ سۆ پەرەشی پێدەدەین. (٤٨) زەمینیش ئێمە ڕامان خست؛ ئای کە چەند ڕاخەری باشین. (٤٩) لەھەرشتێ جوتێکمان وەدی ھێناوە؛ بەشکوو بیری لێ بکەنەوە. (٥٠) سا ھەمووتان بەڕاکردن بەرەوخوابن، کە لەوڕا من بە ئاشکرا ترس وەبەر ئێوە دێنم. (٥١) وێڕای خوداش ھیچ شتی تر مەپەرستن؛ ئەو بە منی سپاردوە ە بە ئاشکرا ترسی ئەوتان وەبەر بێنم. (٥٢) بەرلەمانەش ھەروابوە؛ ھەرکاتێ پێغەمبەرێکیان بۆھاتووە، گوتویانە: یان جادوگەرە، یان شێتە. (٥٣) مەگەر ئەوان یەکترینیان بەوقسە ڕاسپاردوە؟ [نە، وانیە] بەڵکوو ئەوان ھەر بۆخۆیان گەلانێکی نافەرمان بون. (٥٤) سا تۆ واز لەوانەبێنە؛ کەسیش سەرکۆنەی تۆ ناکا. (٥٥) تۆ ھەر وەبیریان بخەوە؛ بیرەوەری بەھرەدەدا بەوانەی خاوەن باوەڕن. (٥٦) من ھەربۆیە جندۆکەو مرۆم دروس کرد، بمپەرستن. (٥٧) من ھیچ ڕۆزیم لەوان ناوێ و نامگەرەکە ئەوانە خۆراکم دەنێ. (٥٨) ھەرخودا ڕۆزی دەنێرێ و خودان ھێزێکی پتەوە. (٥٩) بەھرەی ئەوغەدرکەرانەش وەک بەھرەی ئەوانەدەبێ، کە ھاوباوەڕی خۆیان بون؛ ئیتر لێم بەپەلە نەبن. (٦٠) واوەیلا بۆ خوانەناسان، لەوڕۆژەدا کە بەڵێنیان پێدراوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: توور وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بە کێوی توور، (٢) بە کتێبێ کە نووسراوە، (٣) لە کەوەڵ، بڵاو بۆتەوە؛ (٤) بە ماڵە ئاوەدانەکە، (٥) بەو بانەی بڵند کراوە، (٦) بەو دەریایەی بڵق ئەدا، (٧) ئازاری پەروەرندەی تۆ ھەر ڕوو دەدا؛ (٨) کەسیش پێشی پێ ناگیرێ. (٩) لەو ڕۆژەدا کە عاسمان تێکەوەداوێ، (١٠) ھەموو چیا لە ڕۆییندا پەلە دەکەن؛ (١١) ئیتر ئەو ڕۆژە ھاوارە لەو کەسانەی بێ باوەڕ بوون. (١٢) ئەوانەی کە چووبوونە ناو پڕ و پووچ و گەپیان دەدا؛ (١٣) لەو ڕۆژەدا بەدەڵەکدان بەرەو ئاگری دۆزەقیان ڕادەکێشن. (١٤) ئەوەتانێ ئەو ئاگرەی بڕواتان نەدەکرد ھەبێ. (١٥) ئاخۆ ئەمە جادووە، یان ئێوە کۆر بوونە و نابینن؟ (١٦) بچنە ناوی؛ ھەڵ بکەن یاخۆ ھەڵ نەکەن، وەکوو یەکە و ھەر بە ھۆی ئەو کارانەی کە کردووتانە، سزا دەدرێن. (١٧) ئەوانەی وا خودێ ترس بوون، وان لە بەھەشت و خۆشیدا. (١٨) بەختەوەرن لەو شتانەی پەروەرێنیان پێی بەخشیون؛ لە ئازاری جەھەندەمیشی پارازتن. (١٩) لە ھەمبەر کردەوەکانتان بخۆن و وەخۆن، نۆشتان بێ. (٢٠) لە سەر تەختی لەپەنای یەک، پاڵ کەفتوون و کیژی سپی چاوبەڵەکمان پێ بەخشیون. (٢١) ئەوانەی باوەڕیان ھێنا و تۆرەمەشیان چوونە سەر باوەڕی ئەوان، مە تۆرەمەی ئەوانیش وەک خۆیان دەبەینە بەھەشت و لەپاداشی کردەوەیان ھیچ شتێ کەم ناکەینەوە. ھەموو کەسێ بارمتەی کاری خۆیەتی. (٢٢) ھەر میوەیەک و ھەر گۆشتێ بۆ خۆیان ئارەزووی دەکەن، پێمان داون. (٢٣) پیاڵە پێکتر دەگۆڕنەوە و نە ھەرزەوێژی تێدایە و نە ھۆی تووشی گوناھ بوونی. (٢٤) تازە لاوانی خوڵامیان بەدەوردا دێن و دەچن؛ ھەر ئێژی دانەی مروارین لە قاپۆڕدا. (٢٥) ڕوو لە یەکتری دەکەن و پێکەوە وتووێژیانە. (٢٦) ئێژن: ئێمە لە پێشوودا لەناو کەس و کاری خۆمان نیگەران بووین. (٢٧) ئیتر خودا خۆی چاکەی دەگەڵ کردین و لە ئازاری گڕە و ھاڵاوی پارازتین. (٢٨) ئێمە بەرێ ھاوارمان ھەر لەوەکردووە؛ ھەرئەویشە خاوەن چاکەی دلۆڤانە. (٢٩) سا وەبیریان بخەرەوە - لە سایەی پەروەرندەتڕا - تۆ نە فاڵ بینی نە دینی. (٣٠) یان پێت ئێژن: بوێژێکە و چاوەنۆڕین ھاکا شتێکی بەسەرھات. (٣١) بێژە: ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا ئێمەش وەل ئێوەدا چاوەنۆڕین. (٣٢) ئاخۆ لە ڕووی خەونەکانیانەوە ئێژن، یان ھەر خۆیان کۆمەڵێکی بلەوەزن؟ (٣٣) یان ئێژن ھەڵی بەستووە. نەخێر، ئەوان بێ باوەڕن. (٣٤) ئەگەر ئەوانە ڕاست دەکەن، با وتارێ وەکوو ئەم قوڕئانە بێنن. (٣٥) ئاخۆ ئەوان ھەر لە نەبوو ھاتوونە دی؟ یان خۆیان خۆیان دروس کرد؟ (٣٦) یان ئەوانن ئاسمانەکان و زەمینیان وەدی ھێنا؟ نەخێر، دیارە ناسەلمێنن. (٣٧) یان گەنجینەی پەروەرندەت وا لای ئەوان؟ یان ھەر خۆیان ھەمە کارەن؟ (٣٨) یان پەیژەیێ وایان ھەیە بینێن و گوێ ڕابدێرن؟ کێ لەوان کۆڵەی کردووە، با بەڵگەیەکی ڕوون بێنێ. (٣٩) ئاخۆ کیژەکان بۆ خوان و کوڕەکانیش بەشی ئێوەن؟ (٤٠) یان بۆ مزە داوای شتێکیان لێ دەکەی، ئەوان لەژێری دەر نەچن و بۆیان زۆر گران بوەستێ؟ (٤١) یان نھێنی وا لای خۆیان و دەنووسن؟ (٤٢) یان ئەوانە گەرەکیانە فێڵێک بکەن؟ خوانەناسان خۆیان فێڵیان لێکراوە. (٤٣) یان بێژگە لە خوا، پەرستوویەکی تریان ھەس؟ خوا پاکترە لەو شتانەی کە بە شەریکی دادەنێن؟ (٤٤) گەر بشبینن پارچەیەک لەم عاسمانە دادەکەوێ، ئێژن: ھەورێکی پڕپشتە. (٤٥) سا تۆ لەوانە وازبێنە، تا ئەوانە تووشی ڕۆژی خۆیان دەبن؛ کە ئەو ڕۆژە ھەستیان دەبەردا نامێنێ. (٤٦) ئەوێ ڕۆژێ حیلەکەیان ھیچ بەھرەیەکیان ناداتێ و کەسیش دە ھانایان نایە. (٤٧) بۆ ئەوانەی پیشەیان ناھەقی بووە، جگە لەمەش جەزرەبەیێ تریان ھەیە؛ بەڵام زۆربەیان نازانن. (٤٨) بۆ فەرمانی پەروەرندەت خۆڕاگر بە، تۆ بە بەرچاوی ئێمەوەی؛ ھەرکاتێ لەجێ ڕادەبی، پەسنی پەروەرندەت بدە. (٤٩) لەشەویشدا شوکری بکە و پەسنی بدە؛ لەو دەمەشدا کە ھەسارە ئاوا دەبن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەجم وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بە ئەستێرە کاتێ بەرەو ئاسۆ دەخزێ، (٢) یارەکەتان نە گوم بووە، نە ڕێشی ھەڵە کردووە. (٣) بە ئارەزووی خۆی ناخێوێ. (٤) ھەرچی ئێژێ، لە خواوە تێگەیەنراوە. (٥) فرشتەیێ فرە توانا فێری کرد. (٦) فرشتەیێ بەئاوەز و فرە زانا، کە بە شکڵی خۆی ڕاوێستا. (٧) [ھەوەڵ جارێ] لە ئاسۆی ھەرە بەرز بوو؛ (٨) لە پاشا نزیک کەوتەوە و شۆڕەوە بوو؛ (٩) بەقەد ماڵی دووکەوانان یا نزیکتر؛ (١٠) ئەوسا خودا ھەر مەبەستێ کە وا ویستی بە عەبدی خۆی ڕای گەیەنێ، پێی ڕاگەیاند. (١١) دڵی ئەو ھەر چی دیتوویە، درۆ نەبووە. (١٢) ئاخۆ لەسەر ئەوی دیویە ئێوە کێشەی دەگەڵ دەکەن؟ (١٣) بێ گومانە جارێکی دیکەشی دیوە، کە ئەوساکەش داپەڕیوە؛ (١٤) لەلای دارەکنارەکەی ئەو پەڕەوە، (١٥) کە لەپاڵ شوێنی بەھەشتە. (١٦) لە کاتێکا کنارەکە دای پۆشیوە، ئەوی کە دەبێ دای پۆشێ. (١٧) سۆمای لێ نەگوێزتۆتەوە و ھیچ ڕەشکە و پێشکەشی نەکرد. (١٨) دیارە زۆریش لە نیشانە گەورەکانی پەروەرندەی خۆی دیتوە. (١٩) ئاخۆ ئێوە ھەر لات و عوززاتان دیوە؟ (٢٠) سێھەمیشیان کە مەناتە و یەکێ تر لە بوتەکانە؟ (٢١) ئاخۆ زارۆی ئێوە نێرە و خواش کیژی ھەس؟ (٢٢) ئەگەر وا بێ، بەش کردنێ ناڕەوایە. (٢٣) تەنیا ئەوانە چەند ناون کە ئێوە و باب و باپیرتان، ئەوانەتان پێ ناوناون و خوداش ھیچ بەڵگەی پتەوی لەمەڕ ئەوانەوە نەنارد. ھەر وەدووی گومان دەکەون و ئەوەی کە دڵیان دەخوازێ؛ کە چی لەلای پەروەرندەی خۆشیانەوە ڕێگەیان نیشان دراوە. (٢٤) ئاخۆ مرۆ چی ئارەزوو کا، بۆی پێک دێ؟ (٢٥) ئاخرین و ھەوەڵینیش ھەر بۆ خودان. (٢٦) لەو ھەموو عاسمانانەدا، چەند بە چەند فریشتە ھەیە؛ کەسیان تکای لێ ناگیرێ؛ مەگین کەسێ دوایی خودا ئیزنی بدا و تکا بۆ کەسێکی بکا کە خۆی حەز کا و پێ ڕازی بێ. (٢٧) ئەو کەسانەی بڕوا بە پاشەڕۆژ ناکەن، فرشتەکان بە ناوی کچان ناو دەبەن. (٢٨) کە ھیچیشیان لێ نازانن؛ ھەر وەشوێن گومان دەکەون و گومانیش جێی ڕاست ناگرێ. (٢٩) تۆ لەو مرۆیە واز بێنە کە لە یادی ئێمە کردن، خۆ دەبوێرێ و بەدەر لە ژینی دنیایە، ھیچی تری نەویستووە. (٣٠) ھەر ئەوندەی لێ دەزانن. پەروەرندەت زاناترە کە کێ ڕێگەی لێ تێکچووە و کێش لەسەر ڕێگەی ئەو چووە. (٣١) ھەر چی لە ناو عاسمانەکان و زەمیندان، گش بۆ خودان؛ تا سزای ئەوانە بدا کە خراپەیان کردووە و چاکەی باشیش دەربارەی کارچاکان بکا. (٣٢) ئەوانەی خۆیان دوور دەگرن لە گوناھانی مەزن و کاری کرێت؛ مەر گوناھی وردیلە بێ. پەروەرندەت بەخشینی زۆر بەرفرەھە و ئەویش ئێوە لە خۆتان باشتر دەناسێ؛ وەختێ ئێوەی لەم ھەردە پەیدا کردووە، کە دەپێشدا پیزەیەک بوون لە ناو زگی دایکەکانتان. ھیچ پاکانەی خۆتان مەکەن؛ بۆ خۆی باشترتان دەناسێ کە کێ لە خودا ترساوە. (٣٣) ئاخۆ تۆ ئەو مرۆیەت دی کە پشتی ھەڵکرد و ڕۆیی؟ (٣٤) کەمی بەخشی و چرووکی کرد. (٣٥) ئاخۆ بە نەدیار دەزانێ و خۆی دەبینێ؟ (٣٦) یان لەوە ئاگا نەکراوە، لە ڕووپەرەکانی مووسا چی نووسراون؟ (٣٧) یان ئیبڕاھیم، کە ئەرکی خۆی بە تەواوی بەجێ ھێنا؟ (٣٨) کە کەس ئۆباڵی کەسی تر وەستۆ ناگرێ؛ (٣٩) مرۆ بۆ خۆی خەبات نەکا، ھیچ پاداشێکی پێ ناگا. (٤٠) بۆ ھەر کارێکیش ماندوو بێ، پاداشی خۆی ھەر پێدەگا. (٤١) لەپاشانیش - بەباشترین شێوە - پاداشی پێدەدرێ. (٤٢) گەڕانەوەش ھەر بۆ لای پەروەرندەتە. (٤٣) ھەر ئەو دەخاتە خەنین و دەگرینێ. (٤٤) ھەر ئەویشە ژیان دەدا و دەشمرێنێ. (٤٥) ھەر ئەویشە وڵفی نێر و مێوینەی وەدی ھێناوە؛ (٤٦) لەو تنۆکەی کە ڕژاوە. (٤٧) لەسەریەتی دیسان دروستی کاتەوە. (٤٨) ھەر ئەویشە ھیچ ناگوزووری نەھێشت و دەسمایەشی بە ئێوەدا. (٤٩) ھەر بۆ خۆشی پەروەرندەی گەلاوێژە. (٥٠) ھەر ئەویشە ئاسەواری عادی یەکەمی بڕیەوە. (٥١) لەسەموودیش جووقەواری نەھێشتووە. (٥٢) ھۆزی نووحیش - لەبەرێدا - کە لەوانە ناھەقتر و لاسارتر بوون. (٥٣) ئاوایی ھۆزی لووتیشی سەرەوژێر کرد. (٥٤) ھەرچی دەبوو بەرخۆ بدرێ، وەبن خۆیدا. (٥٥) پەروەرندەت کە ئەو ھەموو چاکەی ھەیە، تۆ لە کامیان بە گومانی؟ (٥٦) ئەمە یەکێ لە ترس وەبەرھێنەرانە؛ وەک ترسێنەرانی پێشوو. (٥٧) ڕابوونی سەڵا نزیکە. (٥٨) غەیرەز خودا کەس پەردەی لە سەر لانادا. (٥٩) ئاخۆ ئێوە لەم وتارە سەیر ماون؟ (٦٠) پێکەنینتانە و ناگریەن؟ (٦١) ھەر بە گاڵتە ڕای دەبوێرن. (٦٢) دەسا بۆ خودا سوژدە بەرن و بیپەرستن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەمەر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) وا پەسڵان نزیک کەوتەوە و ھەیڤ بوو بە دوو کەرتەوە. (٢) ھەر نیشانەیەک ببینن، بڕوا ناکەن و دبێژن: ئەمە جادووە و ھەر ھەیە. (٣) ئیتر بڕوایان نەھێنا و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتن. ھەر کارەش شوێنی خۆی ھەیە. (٤) ئەوەندەیان دەنگ و باسی بەرێ بیستوون، کە دەبوو ترسیان بێتە بەر. (٥) ئەمە کارزانی تەواوە؛ بەڵام ئەم ترسێنەرانە بەھرە نادەن! (٦) سا تۆ لەوانە واز بێنە؛ ڕۆژێ بانگدەر بانگیان دەکا بۆ ڕووداوێکی زۆر ناخۆش. (٧) چاوشۆڕ و کز، لە گۆڕستان دەر دەکەون؛ ئێژی کوللەن بڵاو بووگن. (٨) ھەڵەداوان بەرەو بانگدەرەکە دەچن. خودانەناسەکان ئێژن: ئەمە ڕۆژێکی چەتوونە. (٩) بەرلەمانەش ھۆزی نووح باوەڕیان نەبوو. عەبدی ئێمەیان ناو نابوو درۆزن و گەفیان لێکرد. (١٠) لە پەروەرندەی پاڕاوە، کە: من شکستم خواردوە، ھانام بە تۆ. (١١) ئەوسا ھەموو دەرگاکانی بەرزاییمان بۆ بارانێکی بەلووزەو خستە سەر پشت. (١٢) لەم زەمینەش چاوەکانیمان تۆقاندن. ئاو گەینە یەک؛ بەو ئەندازەی کە بڕیاری بۆ درابوو. (١٣) ئەومان بە ئامێرێ ھەڵگرت، کە لە چەند تەختە و بزماران لێک درابوو. (١٤) لەژێر چاوەدێری خۆمان وەگەڕ کەوت، بۆ پاداش دان بە کەسێ کە بە قسەکانی بێ باوەڕ بوون. (١٥) بەجێمان ھێشت کە ببێتە نیشانەیەک. ئاخۆ بیرەوەرێک ھەیە؟ (١٦) دەسا چۆن بوو جەزرەبە و ھەڕەشەکانم؟ (١٧) ئەم قورعانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک ھەیە؟ (١٨) عادیش باوەڕیان نەھێنا؛ دەسا چۆن بوو جەزرەبە و ھەڕەشەکانم؟ (١٩) ئێمە لە ڕۆژێکی شوومدا، بایەکی سارد و بەھێزی بێ وچانمان ناردە سەریان. (٢٠) خەڵکەکەی لەجێ دەر دێنان؛ دەتوت کۆتەرەی دار خورمان، بە ڕیشەوە ھەڵکێشراون. (٢١) دەسا چۆن بوو جەزرەبە و ھەڕەشەکانم؟ (٢٢) ئەم قورئانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک ھەیە؟ (٢٣) سەموودیش بە ترسێنەران بێ باوەڕ بوون. (٢٤) وتیان: جا چۆن وە شوێن مرۆیەک دەکەوین، لە خۆمان و بە تەنیا بێ؟ ئەگەر وا بێ، ئەوسا ئێمە لە گومڕایی و دەبەنگیداین. (٢٥) چۆن لە ناو ھەموو ئێمەدا، فەرمانی خوا ھەر بۆ ئەو دێ؟ بەڵکوو پیاوێ درۆزنی خۆپەسندە. (٢٦) سبەی ڕۆژێ پێ دەزانن کێ ڤڕبێژی خۆپەسندە. (٢٧) ئێمە سایە وشترێکیان بۆ دەنێرین کە بیانئەزمووین. سا تۆ ھەر چاوەدێریان بە و خۆت ڕاگرە. (٢٨) پێشیان بێژە کە ئاوەکە لەناویاندا بەش کراوە؛ ھەر کەس لە نۆرە ئاوی خۆی ئامادە بێ. (٢٩) گاسی ھەواڵی خۆیان کرد؛ ئەویش ھات بە دەنگیانەوە و پەلی [وشترەکەی] قوت کرد. (٣٠) دەسا چۆن بوو جەزرەبە و ھەڕەشەکانم؟ (٣١) نەعرەتەیەکمان بۆ ناردن؛ وەک پووش و پاری بۆژۆیان لێ بەسەر ھات. (٣٢) ئەم قورعانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک ھەیە؟ (٣٣) ھۆزی لووتیش ھەمبەر بە ترسێنەرەکان بێ باوەڕ بوون. (٣٤) گێژەڵووکەی زیخ و چەومان ناردە سەریان؛ جگە لە کەس و کاری لووت - کە سوو زوو ڕزگارمان کردن. (٣٥) لە چاکە و بەزەیی خۆنڕا؛ ئاوا چاکەی سوپاسکاران دەدەینەوە. (٣٦) ترساندنی لە زەبری ھەڵمەتی ئێمە؛ [بەڵام ئەوان] لەو گەفانە بەگومان بوون. (٣٧) دەیانەویست کاری خراپ دەگەڵ میوانانی بکەن؛ سۆمای چاوانم لێ ساندن. دە بچێژن ئازار و ھەڕەشەکانم. (٣٨) ئەوسا لە بەرەبەیاندا، ئازاری لەبنە نەھاتوو ھاتە سەریان. (٣٩) سا بچێژن ئازار و ھەڕەشەکانم. (٤٠) ئەم قورئانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک ھەیە؟ (٤١) ترسێنەران ھاتیشنە لای دەستە و دایەرەکەی فیرعەون. (٤٢) سەرلەبەری نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی. ئەوسا ئێمە گرتمانن، بە گرتنی دەستەڵاتداری توانا. (٤٣) ئاخۆ خوانەناسی ئێوە لەوەکانی تر چاترن، یان لەناو کتێبەکاندا پاکانەیان بۆ ھاتگە؟ (٤٤) یان دبێژن: ئێمە گشمان پێکەوەین و سەر دەکەوین؟ (٤٥) ھەر بینا ئەو ئاپۆرەیە لە شەڕ شکاو، پشت بکەنەوە ڕا بکەن. (٤٦) بەڵکە دەبێ لە پەسڵانیش کۆ ببنەوە؛ کە باری ئەو حەستەمترە و تاڵتریشتان لێ دەبوورێ. (٤٧) تاوانباران لە گومڕایی و دەبەنگیدان. (٤٨) ئەوێ ڕۆژێ دەمەوڕوو لە ئاگردا ڕەکێش دەکرێن، دە بچێژن گڵپەی ئاگری جەھەندەم. (٤٩) ئێمە ھەموو بوونەوەرمان بە ئەندازە ئافراندووە. (٥٠) کاری ئێمە یەکجارەیە و ھەر لە چاوتروکانێکدا کۆتایی دێ. (٥١) پێشووش زۆری وەک ئێوەمان قڕ تێ خستوون. ئاخۆ کەس بە بیریدا دێ؟ (٥٢) ھەر کارێکی کردوویانە، وا لەناو دەفتەراندایە. (٥٣) کەم و زۆری خەت دراوە. (٥٤) خۆپارێزان لە باغات و دەم چۆمانن. (٥٥) لە نشیمەنی پەسند و لای خونکاری بەدەستەڵات. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەحمان وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) خوای دڵاوا، (٢) ئەم قورئانەی دەرس داوە. (٣) مرۆی ئافراند؛ (٤) لە ئاخافتنی تێگەیاند. (٥) خۆر و ھەیڤیش - بە ئەندازە - دێن و دەچن. (٦) گیا وردیلە و بە ساقەتەش سوژدە دەبەن. (٧) عەزمانی بەرز کردەوە و تەرازووی دامەزراندووە؛ (٨) کە لە ئەندازە دەر نەچن. (٩) کێشانەتان بەرانبەر بێ و نەکا تەرازووتان سەر کا. (١٠) ئەم ھەردەمان بۆ مەردم وەدی ھێناوە. (١١) میوەی تێدا و دارە خورمای خاوەن پشکۆژ. (١٢) دەندکی لەناو کەلوودا و شینکەی بۆن خۆش. (١٣) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (١٤) مرۆی لە حەڕی زوھا بووی چەشنی سواڵەت، وەدی ھێنا. (١٥) جنۆکەشی لە بڵێسەی بێ دووکەڵ وەدی ھێناوە. (١٦) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (١٧) ھەرد و شوێنی خۆرھەڵات و خۆرنشینی ڕاھێناوە. (١٨) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (١٩) جەمسەری دوو دەریایانی گەیاندە یەک. (٢٠) بەرزەکێکیان لەنێواندا کە بەسەر یەکتردا نایەن. (٢١) دەیسا ئێوە لەکام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٢٢) لە ھەردووکان مراری و مەرجان دەر دەچن. (٢٣) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٢٤) گەڕۆکانی بە بادەوەی چیا ئاسا - لە دەریادا - کاری ئەوە. (٢٥) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٢٦) ھەرکێ ژینی لەسەر زەمینە، نامێنێ. (٢٧) ھەر خودانی خاوەن شکۆی بەرز و بەڕێزت دەمێنێ. (٢٨) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٢٩) ھەرکێ لە ناو ئاسمانەکان و زەمینن، ھەموو کارێکیان ھەر بە ئەوە و ئەو گش ڕۆژێ بە کارێکەوە خەریکە. (٣٠) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٣١) ئێمە بە کارتان ڕادەگەین، ئەی گرۆی مرۆ و جنۆکان! (٣٢) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٣٣) ئەی گرۆی مرۆ و جنۆکە! گەر توانیتان لە گش ئاسۆی عاسمانەکان و زەمینێ دەرباز ببن، دەسا بچن؛ ناشتوانن لێیان دەر بچن، مەگین بەدەستەڵاتەوە. (٣٤) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٣٥) گڕی بە دووکەڵ و بێ دووکەڵی ئاگر داتان دەگرێ؛ ئەسا کەس دەھاناونایە. (٣٦) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٣٧) سا ھەر کاتێ ئەم عەزمانە قەڵشی برد و بە ڕەنگی گوڵ و کەوڵی سوور ھاتە بەرچاو، (٣٨) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٣٩) لەو ڕۆژەدا ھیچ کەس - لە مرۆ و جنۆکە - بۆ گوناھێ کە کردوویە، نایەتە بەرپرسینەوە. (٤٠) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٤١) تاوانباران بە تەحر و زەڕا دەناسرێن؛ ئیتر لە قژی سەریان و لە قاچەکانیان ئەنەون. (٤٢) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٤٣) ئەمە ھەر ئەو دۆژەھەیە تاوانباران بڕوایان وا نەبوو ھەیە. (٤٤) لەناویدا و لە ناو ئاوێکی کەلیدا دەخولێنەوە. (٤٥) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٤٦) بۆ ھەر کەسیش لە پەروەرندەی ترساوە، دوو باغ ھەیە. (٤٧) دەیسا ئێوە لەکام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٤٨) ھەر دوو خاوەن درەختی بە پەلک و پۆپن. (٤٩) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٥٠) لە ھەر دوودا دوو سەرچاوەی ڕەوان ھەیە. (٥١) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٥٢) گش میوەیەکیان تێدایە، کە ھەموو ولفی یەکترن. (٥٣) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٥٤) لەسەر ڕایەخێ پاڵ کەفتوون، کە ئاسەڕیان لە ئاوریشمی ئەستوورە و بەری گەییشتووی ھەر دوو باغ، لەوان نزیک کەوتۆتەوە. (٥٥) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٥٦) کیژۆڵەی ھێند داوێن پاکیان لەناودایە، کە بەر لەوان کەسێ - مرۆ یان جنۆکە - ھەرگیز دەستی بۆ نەبردوون. (٥٧) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٥٨) ھێندە جوانن، ئێژی یاقووت و مەرجانن. (٥٩) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٦٠) ئاخۆ پاداشی کاری چاک، غەیرەز چاکە دانەوەیە؟ (٦١) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٦٢) غەیرەز ئەمان دوو بەھەشتی تریش ھەیە. (٦٣) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٦٤) کەسکی تۆخن، بە ڕواڵەت ڕەش دەنوێنن. (٦٥) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٦٦) جووتێ کانی لەواندا ھەن، فیچقە دەکەن. (٦٧) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٦٨) لەناویاندا میوەجات و دارە خورما و ھەنار ھەیە. (٦٩) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٧٠) لەناویاندان گەلێ کیژی ئاکار چاک و بە دیمەن جوان. (٧١) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٧٢) زەری چاوڕەش لەناو خێوەتاندا دەژین. (٧٣) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٧٤) کە بەرلەوان ھیچ مرۆ و ھیچ جنۆکەیەک، ھەرگیز دەستی بۆ نەبردوون. (٧٥) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٧٦) لەسەر ڕایەخی کەسک و جوان پاڵ دەکەون؛ کە وێنەیان لە دنیادا نەبینراوە. (٧٧) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٧٨) ممبارەکە ناوی پاکی پەروەرندەت؛ خاوەن شکۆ و شایانی ڕێز لێ گرتنە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واقیعە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەرگا ڕووداوەکە ڕووی دا، (٢) کەس ناتوانێ لەو ڕووداوە حاشا بکا. (٣) بەرز دەکا و نزم دەکا؛ (٤) کاتێ زەوین ڕادەتڵەکێ بە ڕاتڵەکان، (٥) کەژیش دەھاڕێن بە ھاڕین، (٦) لە چەشنی تۆز بڵاو دەبن، (٧) ئێوە دەکرێنە سێ تیرە: (٨) تیرەیەکیان دەستی ڕاستی و بەختیارن. (٩) تیرەی تریان دەستی چەپی و نەگبەتبارن. (١٠) تیرەیەکیش لە پێشەوەن، وەپێش کەوتوون. (١١) کە ئەوانە لە ئێمەوە نزیک کەوتوون. (١٢) لە باغاتی تژی لە خۆشیدا دەژین. (١٣) بەشێک لەوانە پێشینە، (١٤) کەمێکیش لەوانی پاشین، (١٥) لەسەر تەختی جەواھیر بەند، (١٦) ھەمبەر بەیەک پاڵ دەکەفن. (١٧) تازە لاوی ھەمیشە لاو، لە دەورەیان دێن و دەچن. (١٨) بە زەرک و بە تونگە و پیاڵە، بادەی ڕەوان لە سەرچاوەیان دەدەنێ. (١٩) نە لە خومار سەریان دێشێ و نە ئاوەزیش لەدەست ئەدەن. (٢٠) میوەجاتیش، ھەرکامی ھەڵی دەبژێرن، (٢١) گۆشتی مەلیش، لەوانەی ئارەزووی دەکەن، (٢٢) کیژی سپی چاو بەڵەکیش، (٢٣) ھەموو ئێژی مرارین لەناو قاپۆڕدا، (٢٤) پاداشی کردەوەیانە. (٢٥) کە لەوێدان، نە قسەی ھەرزە دەبیسن، نە وتارێکی ناڕەوا. (٢٦) مەگین دروود لە یەکتر کەن و وەرامی پێ بدەنەوە. (٢٧) ئەوی تیرەی دەستەڕاستن؛ ئەوان چۆن بەختەوەرێکن؟ (٢٨) لای دار کناری بێ چەقڵن. (٢٩) مۆزی پاڵ پێکەوە دراویش، (٣٠) سێبەرێکی بێ بڕانەوەش، (٣١) ئاویش ھەروھەر ڕەوانە، (٣٢) میوەش زۆر و زەبەندەیە، (٣٣) نە دوایی دێ و نە پاوانە، (٣٤) نوێن و بانی بەرز و نەرم، (٣٥) ئێمە خۆمان کیژەکانمان بەتایبەتی بەرھەم ھێنا؛ (٣٦) بڕیارمان بۆ دان ھەر کچ بن. (٣٧) شوو خۆشەویس، ھاوتەمەنن، (٣٨) بەشی دەستەڕاستییەکانن. (٣٩) ھێندێک لەوانی پێشینە؛ (٤٠) ھێندێکیش لە پاشینەکان. (٤١) ئەوانەش کە دەستەی چەپن، تووشی چ نەگبەتێک ھاتوون؟ (٤٢) وان لە ناوەند گڕەبا و ئاواکەلیدا. (٤٣) چڕە دووکەڵ سێبەریانە. (٤٤) نە فێنکایی تێدا ھەیە، نە لەبەری دەسێنەوە. (٤٥) چونکە ئەوان لە دنیا خۆش گوزەران بوون. (٤٦) لەسەر گوناھانی گەورە پێداگر بوون. (٤٧) ئەشیانوت: ئاخۆ گەر ئێمە بووینە خۆڵ و چەند پێشەیەک، دیسان زیندوو دەکرێینەوە؟ (٤٨) یان باڤ و کالانی ئێمە؟ (٤٩) بێژە: بێ شک، ئەوی لەپێشوودا بوون و ئەوانی لە دوایی ھاتوون، (٥٠) بە کۆمەڵ کۆ دەکرێنەوە؛ لە ژوانگەی ڕۆژێ کە دیاری کراوە. (٥١) ئەوسا ئێوە ئەی گومڕایانی بێ باوەڕ! (٥٢) دەبێ بەری داری ژەقنەمووتێ بخۆن. (٥٣) گەدەتانی لێ پڕ بکەن. (٥٤) ئەوسا ئاواکەلی بە سەر ئەودا وەخۆن؛ (٥٥) وەکوو چۆن وشتری تینوو بێتە سەر ئاو. (٥٦) ڕۆژی ژمار وایان میوانداری دەکرێ. (٥٧) ئێمە ئێوەمان دروس. کرد، سا بۆ چی باوەڕتان نەبوو؟ (٥٨) ئاخۆ ئێوە ئەو ئاوی شاوەتەو دیوە، کە دەیڕێژن؟ (٥٩) ئاخۆ ئێوە وەدی دێنن، یا نە ئێمە وەدی دێنین؟ (٦٠) ئێمە بڕیاری مەرگمان بۆتان داوە و کەس وەپێش ئێمە ناکەوێ؛ (٦١) کە بە چینێکی وەک ئێوە وەتان گۆڕین و تەرزێکتان ساز بدەینەوە، کە ئێوە ھایتان لێ نییە؟ (٦٢) خۆ ئێوە لە دروست بوونی یەکەم جارتان ئاگادارن؛ دەی بۆ ھیچ بیر ناکەنەوە؟ (٦٣) ئاخۆ ئەو تۆمەی دەیچێنن، دیتووتانە؟ (٦٤) پێتان وایە ئێوەن کە بەرھەمی دێنن، یان ئێمە بۆتان دەڕوێنین؟ (٦٥) گەر ئێمە بمانویستایە، دەمانکردە پووشی بەربا؛ ئەوسا ئێوە سەیروو دەکرد. (٦٦) دەوگوت: ئێمە دۆڕاندمان؛ (٦٧) بەڵکوو بێ بەش ماوینەوە. (٦٨) ئاخۆ ئەو ئاوەتان دیوە، دەیخۆنەوە؟ (٦٩) ئاخۆ ئێوە لەو ھەورەوە ناردووتانە، یان ئێمە بۆمان باراندوون؟ (٧٠) گەر ئێمە بمانویستایە، دەمانکرد بە ئاوێکی تاڵ؛ دەیسا بۆ شوکرانە ناکەن؟ (٧١) ئاخۆ ئەو ئاگرەو دیوە ھەڵی دەکەن؟ (٧٢) ئێوە داری ئاگرەکەتان دروس کرد، یان ئێمە وەدیمان ھێنا؟ (٧٣) ئێمە ئەومان کردە ھۆی بیرەوەری و بەڕێوەچوونی ژیانی ھەردەگەڕان. (٧٤) سا تۆ ناوی پەروەرندەی مەزنی خۆت، ھەر بە پاکی و دوورە کەمایەسی بێنە. (٧٥) دەسا سوێندم بەو شوێنانەی ئەستێرەیان لێ ھەڵدێن و ئاوا دەبن، (٧٦) بێ گومان - ئەگەر بیزانن - ئەمە سوێندێکی گەورەیە. (٧٧) بێ گومانە ئەمە قورئانی بەڕێزە. (٧٨) لە ناوەرۆکی نووسراوێک وەشێراوە. (٧٩) غەیرەز پاکان کەس ناتوانێ دەستی لێدا. (٨٠) لە داھێنەری دنیاوە ناردراوە. (٨١) ئاخۆ ئێوە بەم قسە گەمەتان دێتێ؟ (٨٢) دیکەنە بژیوی خۆتان، کە باوەڕی پێ ناھێنن؟ (٨٣) ئەدی ساتێ مردن قوڕقوڕاگەی گرتوون، (٨٤) ئێوەش چاوەنۆڕی مەرگن. (٨٥) ئێمەش ئەوسا زۆر لەنگۆی لێ نزیکترین؛ بەڵام ھەر ئێوەن نابینن. (٨٦) ئەوسا ئەگەر پێتان وایە ناکەونە بەر پرسینەوە، (٨٧) ئەگەر لاتان وایە ڕاستن، دە لە مردنی وەگێڕن. (٨٨) بەڵام ئەوەی نزیکی ئێمەیە و دەمرێ، (٨٩) لە پاداشا دەسێتەوە و، دەچتە بەھەشتی پڕ خۆشی. (٩٠) ئەگەریش لەو کەسانە بوو کە دەگەڵ دەستە ڕاستانن، (٩١) دروود بۆ تۆ، لەو کەسانەی دەستە ڕاستن. (٩٢) بەڵام ئەگەر لەوانە بوو کە باوەڕیان نەھێناوە و گومڕا بووگن، (٩٣) لە ئاواکەلی میوانن. (٩٤) دەشیبەنە دۆژەھەوە. (٩٥) بێ گومان ڕاست ھەر ئەمەیە. (٩٦) سا تۆ ناوی پەروەرندەی مەزنی خۆت، ھەر بەپاکی و دوورە کەمایەسی بێنە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەدید وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەرچی ھەیە لە عاسمانەکان و زەمین، گشتی پەسنی خودا دەدەن؛ ئەویش خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢) ئەم عاسمانانە و زەمینە ھەموو بەرفەرمانی ئەون. زیندوو دەکا و دەشمرێنێ و لەسەر ھەموو شت توانایە. (٣) پێشوو ئەوە و، دوایی ئەوە و، لەبەر چاوە و نادیارە و، لە ھەموو شت ئاگادارە. (٤) ئەم گش عاسمانان و ھەردەی بە شەش ڕۆژان وەدی ھێنا و لەپاش ئەوە، لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی دامەزرا. ھەرچی بە زەویدا ڕۆچێ و ھەرچی لێی وەدەر بکەوێ و ھەرچی لە عاسمان دێتە خوار، ھەرچی پیا سەر دەکەوێ، ئەو دەیزانێ و لە ھەر کوێ بن، دەگەڵتانە و خوا کردەوەتان دەبینێ. (٥) لە عاسمانان و زەمیندا دەستەڵات ھەر بەدەست ئەوە و ھەموو کارێک دەبرێنەوە بۆ لای خودا. (٦) شەو دە ڕۆژێ ھەڵدەکێشێ و ڕۆژێ دەناو شەو ڕادەکا و لە نھێنی ھەموو دڵان ئاگادارە. (٧) بڕوا بێنن بە خودا و پێغەمبەری خوا و لەو ماڵەی بۆی ھێشتوونەوە، لە ڕای خودا بەخت بکەن. ئەو کەسانەی لە ئێوە، خاوەن باوەڕن و ماڵ لە ڕای خودا دەبەخشن، پاداشی مەزنیان ھەیە. (٨) ئەدی چیتانە باوەڕی ناکەن بە خوا؟ کە چی پێغەمبەریش داواتان لێ دەکا، تا بە پەروەرندەی خۆتان بڕوا بێنن. ئەگەر باوەڕیتان ھەبێ، ئێوە پەیمانوو پێداوە. (٩) ھەر ئەویشە چەند نیشانەی دیاری دەرەی بۆ سەر عەبدی خۆی ناردە خوار، تا لە تاریکی دەروو خا و بەرەو ڕووناکیتان بەرێ. کە خوا سەبارەت بە ئێوە دڵسۆزێکی دلۆڤانە. (١٠) دەی چیتانە ماڵی خۆتان لەڕای خودا بەخت ناکەن؟ کە ھەر شتێک لە ئاسمانان و زەویدان، ھەر بۆ خودا دەمێننەوە. ئەو کەسانەی لەپێش گرتنی مەککەدا ماڵی خۆیان بەخت کرد و دەگژ نەیارەکانڕا چوون، پایەی ھەرە بەرزیان ھەیە؛ دەگەڵ ئەو کەسە وەک یەک نین کە لە پاشان ماڵی خۆی بەخت کردووە و دەگژ دوژمنانڕا چووە. کە ھەمووشیان خودا بەڵێنی پێ داون چاکەیان دەربارە دەکا. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە. (١١) کێی وا ھەیە وامێ ڕەوا بدا بە خوا تا چەند قاتی بداتەوە و پاداشی باشیشی ھەبێ؟ (١٢) ڕۆژێک دێ کە تۆ دەبینی مێروژنی خاوەن باوەڕ، تیشک دانەوەی کردەیان پێش کەوتووە و لەلای ڕاستیانەوە دەڕوا. خۆشی لە خۆتان ئەمڕۆکە دەچنە ناو باغاتێکەوە جۆباریان بەبەردا دەڕوا و ھەروھەر، ھەر تیا دەبن. ئەمەیە بەھرەی زۆر گرینگ. (١٣) ئەوێ ڕۆژێ دوڕازەکانی مێروژن، وە خاوەن باوەڕان ئێژن: ئێوە لامان لێ بکەنەوە تا ترووسکێک لە ڕووناکیتان وەرگرین. پێیان ئێژن: بەرەو دوای خۆتان وەگەڕێن، لەوێ ڕووناکی پەیدا کەن. ئیتر ئەوسا شوورەیەکیان لە نێوان دەبێتە لەمپەر، درگای ھەیە؛ لە ژوورەوەی بەزەوییە و لە دەرەوەی جەزرەبەیە. (١٤) بانگیان دەکەن: ئاخۆ ئێمەش ھەر دەگەڵ ئێوەدا نەبووین؟ ئێژن: ئارێ؛ بەڵام ئێوە خۆتان تووشی بەڵا کرد و چاوەنۆڕ بوون و دوودڵی لێو نەگەڕا و بە ئارەزوو فریوتان خوارد؛ ھەتا فەرمانی خودا ھات؛ شەیتان ئێوەی بە خودا بادی ھەوا کرد. (١٥) ئیتر ئەمڕۆ نە لە ئێوە و نە لەوانەی خوانەناس بوون سەرانە وەرناگیرێ. جێو ئاگرە و ھەر ئەویشتان پێ ڕەوایە و چارەنووستان زۆر خراپە. (١٦) بۆ کەسانێ خاوەن باوەڕ، ئاخۆ ئەو دەمە نەگەیوە کە دڵیان بۆ یادی خودا و بۆ ئەو ڕاستەی ناردوویەتی بکورکێنێ و بەدەردی ئەوانە نەچن کە دە پێشدا ئێمە کتێبمان دابوونێ و ئەوسا لەپاش ماوەیەکی زۆر، تووشی دڵڕەقی ھاتن و زۆربەیان لە ڕێ لایان دا؟ (١٧) ئەوە بزانن، کە خودایە زەمین زیندوو دەکاتەوە، پاش مردنی. زۆر نیشانەی ئاشکرامان بۆ ئێوە ڕوون کردۆتەوە، بەشکەمی ئێوە تێ بگەن. (١٨) بێ سۆ پیاوان و ژنانی خێرومەند و ئەوانەش کە وامی ڕەوا دەدەن بە خوا، چەند قاتیان پێ دەگاتەوە و پاداشی باشیشیان دەبێ. (١٩) ئەو کەسانەی بە خوا و پێغەمبەرەکانی باوەڕ دەکەن، لە ڕاستی لایان نەداوە. ئەو کەسانەش کە لە ڕای خودا کوژراون، وان لای پەروەرندەیان و پاداشی خۆیان پێ دەگا و ڕۆشناکی خۆیان ھەیە. ئەوانەش کە ناسپاسن و بە نیشانەکانی ئێمە باوەڕ ناکەن، ئەوان یارانی ئاگرن. (٢٠) بزانن، ژی لە دنیایە ھەر گەمە و بادی ھەوایە و بۆ خۆ بە جوان نیشان دان و خۆ لەسەر یەکترڕانان و فرە بوونی عەولاد و داراییتانە و وەک چناوێک بە ھۆی بارانەوە شین بووە و وەرزێری پێ خەنی بووە و بەرەبەرە وشک دەبێ و دەبینی زەرد ھەڵگەڕاوە و لە دواییدا بۆتە کاوکۆتی بەر با. لەو لاش ئازاری دژواروو لێ خۆش بوون و ڕەزامەندی خودا ھەیە. ژینی دنیا ھەر مایەی خەڵەتاندنە و چی تر نییە. (٢١) ڕکە بکەن بۆ بەخشینی پەروەرندە و ئەو بەھەشتەش کە پانایی، بە پانایی ئەم عەزمان و زەمینەیە و بۆ ئەوانە ئامادەیە کە باوەڕیان بە خودا و پێغەمبەرانی خودا ھەیە. ئەم چاکەیە لە خواوەیە و دەربارەی کەسێکی دەکا کە بۆ خۆی مەیلی لەسەر بێ. چاکەی خودا زۆر گەورەیە. (٢٢) ھەر بەڵایەک ڕوو دەدا لەم سەرزەمینە و ھەر بەڵایەک کە بەسەر خودی خۆتان دێ - بەر لەوەی وەدی بھێنین - لە دەفتەرێکدا نووسراوە و ئەمە لای خودا ھاسانە. (٢٣) ھەتا ئێوە بۆ شتێ لە دەستوو دەچێ، خەم نەخۆن و بە دەسکەوتوو دڵخۆش نەبن. خوا ھەر ئەوانەی خۆش ناوێ کە بە فیزن و شانازی بە خۆیان دەکەن: (٢٤) ئەوانەی ڕژدی دەکەن و خەڵکیش بۆ ڕژدی ھان دەدەن. ھەر کەسیش لاساری دەکا، خودا ئەوسا بێ نیازە و ھەر شیاوی تاریف کردنە. (٢٥) ئێمە پێغەمبەرانمان نارد بە چەند بەڵگەی ئاشکراوە و وێڕای ئەوان، کتێب و ھۆی ھەڵسەنگاندنمان ناردە خوار؛ ھەتا خەڵک بێ جیاوازی لەناو یەکا ڕەفتار بکەن. ئاسنیشمان ناردۆتە خوار، کە ھێزی بڕشتی زۆرە و زۆر بەھرەی بۆ مەردم تێدا و؛ تا خودا بۆ خۆی بزانێ کێ لە نەدیار دێتە یاری خۆی و پێغەمبەرەکانی. دیارە خودا خاوەن ھێز و دەستەڵاتە. (٢٦) ئێمە نووح و ئیبڕاھیمیشمان بەڕێ کرد؛ پلەی پێغەمبەرایەتی و کتێبیشمان دابوو بە نەتەوەکەیان. شارەزایان لێ ھەڵکەوت و لەڕێ لادەریشیان زۆر بوون. (٢٧) لەپاشان بەشوێن ئەواندا گەلێک پێغەمبەرمان ناردن؛ دوای ئەوانیش عیسای کوڕی مریەمن نارد و ئینجیلمان پێ خەڵات کرد. دلۆڤانی و بەزەییشمان خستە دڵی پەیڕەوانی؛ ئەو ڕەبەنیەش کە ھەیانە ئێمە بۆمان نەنووسیون، بۆ خۆیان دایان ھێناوە. ئەم کارەشیان بۆ ڕەزامەندی خودا بوو؛ بۆشیان نەکرا وەک پێویستە پێکی بێنن. جا ئەوانەی لەواندا خاوەن باوەڕ بوون، پاداشی خۆیانمان دانێ؛ زۆربەشیان لە ڕێ لادەر بوون. (٢٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ترسوو لە خودا ھەبێ و بڕوا بە پێغەمبەری ئەو بێنن. خوا دوو سەرە چاکەتان دەربارە دەکا و تیرێژێکتان وەپێش دەخا؛ بە ھۆی ئەو بەڕێدا بڕۆن و لە گوناھانوو دەبوورێ و ھەر ئەویشە خەتاپۆش و دلۆڤانە. (٢٩) ئەھلی کتێب وا نەزانن لەو چاکەی لای خودا ھەیە، ئەوان ھیچ شتیان بەدەستە. چاکە ھەمووی لای خودایە و ھەر کەسێ خۆی مەیلی لێ بێ بە چاکە دەخوێنێتەوە و ئەو چاکەی کە لە لای خودایە، زۆر ھێژایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موجادیلە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) خودا قسەی ئەو ژنەی بیست کە سەبارەت بە مێردەکەی دەگەڵ تۆ کێشەی دەکرد و گازندەی لای خودا دەکرد. خودا دەیبیست کە ئێوە وتووێژتان بوو؛ خوداش بیسەر و بینایە. (٢) ئەو کەسانەی لە ناو ئێوە، بە پیرەکی خۆیان ئێژن: «تۆ دایکمی»؛ ژنەکان نابن بە داکیان؛ ھەر ئەو ژنانە داکیانن کە دیویانن؛ ئەوان قسەی خراپ دەکەن و بوختانە ھەڵی دەبەستن. خودا لە گونا دەبوورێ و خەتاپۆشە. (٣) جا ئەوانەی بە ھاوجووتی خۆیان ئێژن «تۆ دایکمی» و پاشی پەشیمان دەبنەوە، بەر لەوەی پێکەوە بنوون، ئەشێ کۆلەیەک ئازاد کەن. خوا واو ئامۆژگاری دەکا. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٤) ھەرکێ نەیبوو، با دوو مانگی یەک لەدوو یەک، بەڕۆژوو بێ؛ بەر لەوە بگەن بە یەکتر. کەسێ ئەمەشی نەتوانی، خۆراک بە شێست ھەژار بدا. ئەمە بۆیە کە باوەڕتان بە خوا و پێغەمبەری ھەبێ و ئەمە سنووری خودایە. بۆ ئەوانەش کە خودایان نەناسیوە، ئازارێکی بەژان ھەیە. (٥) ئەو کەسانەی دژایەتی خودا و پێغەمبەری دەکەن، دوچاری ناچاری دەبن؛ وەک ئەوانەی بەر لەوان قەرەبەخت بوون. ئێمە گەلێک نیشانەی زۆر ئاشکرامان ناردۆتە خوار، ئەوی بڕوایان پێ ناکا، بەشیان جەزرەبە دانێکی ئاوڕووبەرە. (٦) ئەوێ ڕۆژێ کە خوا - تێکڕا - ھەمووان زیندوو دەکاتەوە، پێیان ئێژێ چییان کردووە؛ خوا کردەیانی ژماردووە و بۆ خۆیان لە بیریان چووە. خوا لە ھەر شت ئاگادارە. (٧) ئاخۆ ئەتۆ نەتزانیوە کە ھەر شتێ لە عاسمانان و زەوی بێ، خوا دەیزانێ؟ ھەتا سێ کەس بە یەکەوە چپە بکەن، دیارە ئەو چوارەمینیانە و پێنج بن ئەو شەشەمینیانە و کەمتر بن و زێدەتر بن، لە ھەر کوێ بن، ئەو ھەمیشە دەگەڵیانە و پاشان لە ڕۆژی قیامەتێ، پێیان ئێژێ چەیان دەکرد. خودا ھەموو شت دەزانێ. (٨) ئەی تۆ ئەوانەت نەدیوە، پێیان وترا: چپە مەکەن؛ ئەو کارەی کە وتیان مەیکەن، ھەر دەیکەن و لە ناڕەوا چپەیانە و گونا و سەرپێچی دەکەن و لە قسەی پێغەمبەر دەر دەچن؟ خۆ ئەگەر تووشی تۆش دەبن، ئەو سەلامەی لە تۆی دەکەن، لەو سەلامە جیاوازە کە خودا لە تۆی کردووە. لەپاڵ خۆیانیشدا ئێژن: دەی بۆ لە سەر ئەم وتەیە خودا جەزرەبەمان نادا؟ دەچنە جەھەندەم بەسیانە و سەرەنجامیان زۆر خراپە. (٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا ئێوە چپەتان کرد، بۆ گوناھ و دەسدرێژی و نافەرمانی لە پێغەمبەر سرتە مەکەن؛ چپەکەشتان بۆ چاکی و خۆپارێزی بێ و لەو خودایە ترسوو ھەبێ کە ھەمووتان لە لای ئەو کۆ دەکرێنەوە. (١٠) سرتە لە شەیتانەوەیە، ھەتا خاوەن باوەڕانی پێ خەمگین کا؛ ھەرچەند بەبێ ئیزنی خودا، ھیچ زیانێکیان لێ نادا. با ھەرکێ خاوەن باوەڕن، خۆیان بە خودا بسپێرن. (١١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا لە کۆڕ پێان وتن: جێگەوە کەن، جێگەوە کەن! ھەتا خوداش جێگەی ئێوە بکاتەوە. گەر گوتیشیان: ڕاستەوە بن، ڕاستەوە بن! خودا ئەوانەی لەنگۆ باوەڕیان ھێناوە و ئەو کەسانەش کە لە زانیاری بەشدارن، بە چەند پلە بەرزتریان دەکاتەوە و ھەر کارێکی ئێوە بیکەن، خوا دەیزانێ. (١٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا ویستوو سرتە وەل پێغەمبەر بکەن، بەرلە سرتە کردنەکە خێرێک بکەن. ئەمە بۆ ئێوە خاستر و پاکژترە. گەر نەشتانبوو، ئەوا خودا لێو دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٣) ئاخۆ لەبەرتان گران ھات بەرلە سرتە خێرێ بکەن؟ ئەگەر ئەمەشتان نەکرد و خودا لەمە عافووی کردن، دەسا ئێوە نوێژ بکەن و زەکات بدەن و بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بن. خوا لە ھەموو کردەوەتان ئاگادارە. (١٤) ئاخۆ تۆ ئەوانەت نەدیت کە بوونە دۆستی ئەوانەی خودا غەزەبی لێ گرتوون؟ لە ئێوە نین؛ لەوانیش نین؛ بە درۆ سوێند بە خودا دەخۆن و دەشزانن کە درۆ دەکەن. (١٥) خودا ئازاری بەژانی بۆ ئەمانە سازکردووە و کارەکەیان زۆر خراپە. (١٦) سوێندیان کردبووە مەتاڵێک بۆ خۆیان و بوونە لەمپەری ڕێی خودا؛ سا بۆیان ئازارێکی ئابڕووبەر ھەیە. (١٧) نە سامان، نە ڕۆڵەکانیان - لە بەرامبەری خوداوە - ناتوانن ھیچیان بۆ بکەن؛ ئەوانە جەھەندەمین و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن. (١٨) ڕۆژێ کە خودا گشتیان زیندوو دەکاتەوە، ئەو جار سوێندێ بۆ ئەو دەخۆن، وەکوو بۆ ئێوە سوێند ئەخۆن؛ لاشیان وایە شتێکیان دە باراندایە. باش بزانن کە ئەمانە درۆزنن. (١٩) شەیتان لەسەریان زاڵ بووە و یادی خودای لە بیر بردوون؛ ئەوان کۆمەڵەی شەیتانن. باش بزانن کە ھەر کۆمەڵەکەی شەیتان زیانبارن. (٢٠) ئەو کەسانەی دژایەتی خودا و پێغەمبەرەکەی دەکەن، لە ھەموو کەس زەبوونترن. (٢١) خودا خۆی بڕیاری داوە: بێ گومانە من و پێغەمبەرەکانم سەردەکەوین. خوا توانای بەدەستەڵاتە. (٢٢) تۆ نابینی ئەوانەی باوەڕیان ھەیە بە خودا و بە ڕۆژی سەڵا، نابێ ھەرگیز ببنە دۆستی ئەو کەسانەی پێچەوانەی خودا و پێغەمبەری خودان. تەنانەت ئەگەر باوکیشیان، یان فرزەندیان، یان برایان، یان لە ھۆزەکەی خۆیان بن؛ کە ئەمانە خودا بڕوای لە دڵیان جێگیر کردووە و بە ھێزێکی تایبەتی خۆی یاری کردوون؛ دەیان نێرێتە باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن؛ خودایان لێ ڕازی بووە و ئەوانیش لە خودا ڕازین. ئەوانە کۆمەڵەی خودان؛ باش بزانن ھەر کۆمەڵەی خوا ڕزگارن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەشر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەر بە پاکی و بێ عەیبی خودا ھەڵدەڵێن، ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەمیندا ھەن؛ ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٢) کە ھەر ئەوە کۆمەڵی پێ نەزانانی، لەوانەی ئەھلی کتێب بوون - لە وەدەرنانی ھەوەڵدا - لە زێدی خۆ تەرە کردن. ئێوە پێتان وا نەبوو کە دەر دەکەون؛ خۆشیان وایان خەیاڵ دەکرد قەڵاکانیان لە خودایان دەپارێزێ. خودا لە شوێنێکی واوە پارێزی بردە سەر ئەوان، کە لە خەیاڵیشیان نەبوو. وای ترس ھاویشتە دڵیان، ماڵی خۆیان بەدەستی خۆ و بەدەستی خاوەن باوەڕان، کاول دەکرد. سا ئێوە دەرس وەرگرن، ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان! (٣) ئەگەر خودا ئاوارەیی لە سەر ئەوان نەنووسیبا، ھەر لە دنیا تووشی ئازاری دەکردن و لەو دنیاش بەشیان ئازاری بە ئاگر بوو. (٤) ئەمەش چونکە ئەوان دژی خودا و پێغەمبەرەکەی بوون. ھەرکەش دژی خودا و پێغەمبەرەکەی ئەو بێ، تۆڵەی خودا زۆر دژوارە. (٥) ھەر دارخورمایەکتان بڕی، یان لێی گەڕان لەسەر ڕەگی خۆ بمێنن، ھەمووی بە ئیزنی خودا بوو؛ تا ئەو لە ڕێ لادەرانە تووشی سووکایەتی بکا. (٦) ھەر تاڵانێک لە دانیشتووی ئەو گوندانە کە خوا دای بە پێغەمبەری، ئەوانە نین کە ئێوە بە سواری ئەسپ یان بە وشترەوە بۆی چوون. بەڵام خوا پێغەمبەرانی - ئەگەر حەز کا - لەسەر ھەر کەسێ زاڵ دەکا. خوا بۆ ھەموو شت توانایە. (٧) ھەر تاڵانێ لە دانیشتووی ئەو شارانە خوا بۆ پێغەمبەری ناردووە، بۆ خودا و بۆ پێغەمبەریە و بۆ خزمە نزیکەکان و ھەتیوان و ھەژاران و ڕێبوارانە؛ نەک ببێتە سەرمایەی ئاڵ و گۆر کردن لە ناو دەوڵەمەندەکانوو؛ ھەرچی پێغەمبەر دەوداتێ، لێی وەرگرن؛ لە ھەرچیشتان بێ بەش کا، دەستی بۆ مەبەن. دەبێ لە خودا بترسن؛ کە تۆڵەی خوا زۆر دژوارە. (٨) [ئەو تاڵانە] بۆ ئەو ھەژارە دوورە وڵاتانەیە، کە لە ماڵ و زێدی خۆیان دەر کراون؛ چاوەنۆڕی بەھرە و ڕەزامەندی خوان و یاریدەی خودا و پێغەمبەرەکەی دەکەن؛ کە ئەمانە ڕاستەکانن. (٩) ئەو کەسانەش کە بەر لەوان لە مەدینە نیشتەجێ بوون و بە دڵ بڕوایان ھێنا، حەز بەو ئاوارانە دەکەن کە پەنایان پێ ھێناون و بە دڵیش ئێرەیی نابەن بەوەی کە بەوان دراوە و ئەوان لە پێشتر دەزانن، ھەر چەند دەست تەنگیشیان ھەیە. کەسانێکیش خۆ لە ڕژدی دەپارێزن، ئەوانە ڕزگارەکانن. (١٠) ئەو کەسانەش کە لە دوای ئەمانە ھاتوون، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! لە ئێمە و لەو برایانەمان وا پێش ئێمە باوەڕیان ھێناوە، خۆش بە؛ کینەی ئەوان مەخە دڵ باوەڕدار بوون. ئەی پەروەرندەی ھەموومان! تۆی دڵسۆزی و دلۆڤانی. (١١) ئەدی نەتدی دووڕازەکان بە ھاوسونفەکانی خۆیان - لەوانەی ئەھلی کتێب و دژی دین بوون - گوتیان: ئەر ئێوە دەر کران، بێگومانە ئێمەش وەلتان دەردەچین و ھەرگیز بە زیانی ئێوە گوێڕایەڵی ھیچ کەسێ نابین؛ ئەگەر دە گژیشتان ڕاچوون، ئێمە یارمەتیتان دەدەین. خواش شایەتە کە ئەوانە درۆزنن. (١٢) دیارە ئەگەر دەریش کران، ئەوان دەگەڵیان دەر ناچن؛ ئەگەر وەلیشیان بجەنگن، ئەوان یاریدەیان نادەن؛ خۆ ئەگەر یاریدەشیان دەن، پشتیان تێ دەکەن و ھەڵدێن؛ لە پاشانیش کەسێ دە ھانایان نایە. (١٣) بێ گومان دڵیان لە ئێوە پتر دەترسێ تا لە خوا؛ چونکە ئەوان کەسانێکی وان تێ ناگەن. (١٤) بە تێکڕایی ئەوان بە گژتاندا نایەن، مەگین لەناو ئەو شارانەی قەڵای زۆر پتەویان ھەیە؛ لەو دیو دیوارانەوە. ناکۆکی توند کەوتۆتە نێوانیانەوە؛ تۆ پێت وایە بە کۆمەڵ یەکیان گرتووە، بەڵام دڵیان لێک بڵاوە؛ چون ئەمانە مەردمانێکی نەفامن. (١٥) وەک ئەوانەیان بەسەر دێ، کە پێش ئەوان - بەم زووانە - ئاکامی کردەی خۆیان چەشت. ئەوانە ئازارێکی بەژانیان دەبێ. (١٦) وەکوو شەیتان، کاتێ بە بنیادەمی گوت: خوا مەناسە؛ وەختێ لە خودا تەکیەوە، گوتی: لێم نزیک مەبەوە، من لەو خودایە دەترسم پەروەرێنی گش دنیایە. (١٧) سەرئەنجامی ھەردووکیان ھەر ئەوەیە کە تاھەتایە، لە ئاگردا دەمێننەوە. سزای ناھەقان ئەمەیە. (١٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەشێ لە خودا بترسن؛ با ھەر کەسێ بێنێتەوە بەرچاوی خۆی، بۆ سبەینێ چەی وە پێشە خۆی خستووە و ترستان لە خودا ھەبێ. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (١٩) نەچن وەکوو ئەوانە بن کە خودایان لەبیر کرد و خواش ئەوانی لەبیرە خۆیان بردەوە. ئەوانە لە ڕێ لادەرن. (٢٠) ئەو کەسانەی جەھەندەمین، وەل ئەو کەسانەی بەھەشتین، وەکوو یەک نین. ھەر ئەوانەی لە بەھەشتن، بەختەوەرن. (٢١) ئەگەر ئێمە ئەم قورئانەن ناردبایەتە سەر کەژێک، تۆ دەتدی کە داھاتووە و لە ترسی خوا لەت لەت بووە. ئەم نموونانە بۆ مەردم دێنینەوە، بەشکوو ئەوان ڕابمێنن. (٢٢) ئەو خودایەکی ئەوتۆیە کە غەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ نابێ؛ لە نەدیار و لە دیاران ئاگادارە و دڵاوایە و دلۆڤانە. (٢٣) ئەو خودایە - کە لەو بەدەر شیاوی پەرستنێک نییە - پادشایە؛ لە کەمایەسی بە دوورە؛ سەرچاوەی ھێمنایەتی، ھێمنی دەرە؛ بەسەر ھەموو شت ڕادەگا؛ گش دەستەڵات بەدەس ئەوە؛ بەسەر ھەموو شتدا زاڵە؛ ھیچ شتێ دەرۆستی نایە. پاکە خودا لەو شتانەی ئەوان دەیکەنە شەریکی. (٢٤) ھەر ئەوە خودای وەدی ھێنی داھێنەری وێنەگەر؛ ناوی ھەرە جوان بۆ ئەوە؛ ھەر شتێکی لە عاسمانان و زەمیندان، پەسنی پاکی ئەو دەدەن و ھەر خۆیەتی بەدەستەڵاتی لەکارزان. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مومتەحینە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەبنە دۆستی دوژمنانی من و خۆتان. ئێوە دۆستایەتیو بەوان ڕادەگەیێنن؛ کەچی ئەوان بەو دینە ڕاستەقینەیە کە بۆ ئێوە ھاتووە، بڕوایان نییە [و] لەبەر ئەوە بە خودای پەروەرندەتان بەباوەڕن، ئێوە و پێغەمبەر لە زێدی خۆ دەردەکەن. ئەر بۆ خەزا لە ڕای من و ڕەزامەندیم دەردەکەون، [دۆستایەتیی ئەوان مەکەن]. پەنامەکی پێیان ئێژن: خۆشمان دەوێن؛ کەچی ئەمن لە ھەر شتێ دەیشێرنەوە و ھەر شتێ ئاشکرای دەکەن، لە خۆتان ئاگادارترم. کێ لەنگۆ ئەو کارە بکا، ڕێگەی ڕاستی لێ تێکچووە. (٢) ئەگەر دە گیریان بکەون، دوژمنایەتیتان دەکەن؛ بۆ ئازارتان دەست و زمان وە کار دەخەن؛ حەز دەکەن لە دین وەرگەڕێن. (٣) ڕۆژی سەڵا، نە خزمانوو نە جگەرگۆشەکانیشتان ھەرگیز دە فریاتان نایەن؛ لێکتان جودا دەکاتەوە و چی بیکەن خودا دەیبینێ. (٤) ئیبراھیم و ئەو کەسانەی دەگەڵ ئەو بوون، بۆنگۆ نموونەی زۆر باشن؛ کە بە ھۆزەکەی خۆیان وت: ئێمە لەنگۆ و لەو شتانەی - لە خوا بەدەر - دەپەرستن، بە دوورین و باوەڕمان بە ئێوە نەما و، تا ھەتایە دوژمنایەتی و ڕکوونی کەوتۆتە نێوانمانەوە؛ تا ئەو کاتەی ئێوە باوەڕ بە خودای تاقانە دێنن. جیا لەوە کە ئیبراھیم بە ئاپێ خۆ گۆت: داوای خۆشبوونت بۆ دەکەم؛ دەربارەی تۆ ھیچی ترم بۆ دەگەڵ خودا ناکرێ. ئەی پەروەرندەی گ لامان! خۆمان بە تۆ سپاردووە و ھەموومان ڕوومان دە تۆیە و وەگەڕانی دواڕۆژیش ھەر بەرەو تۆیە. (٥) ئەی پەروەرندەی ھەموومان! مەمانخە بەر تیر و تانەی ئەوانەی کە تۆ ناناسن؛ لە گوناھیشمان ببوورە؛ ھەر خۆت خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانی. (٦) بێگومانە ئەوانە نموونەی باشن بۆ ئێوە و بۆ ئەو کەسەی کە ھومێدی بە خودا و ڕۆژی سەڵا ھەیە. ھەر کەسێکیش خۆ دەبوێرێ، خودا پەکی پێ ناکەوێ و ھەر شایانی پەسن دانە. (٧) شایەد خودا لەناو ئێوە و ئەو کەسانەی دوژمنایەتیو دەکردن، دۆستایەتی دامەزرێنێ. خوا توانایە و خوا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٨) خودا بەرتان لێ ناگرێ کە ئێوە دەگەڵ ئەوانەی بەگژ ئێوەدا نەچوون و لە زێد وەدەریان نەناون، چاکەیان دەربارە بکەن و بە یەکسانی ڕەفتاریان دەگەڵدا بکەن. خوا مرۆی خاوەن ئینسافی خۆش گەرەکە. (٩) تەنیا ھەر ڕێگەتان نادا دەگەڵ ئەوانە ببنە دۆست کە لەسەر دین، شەڕیان دەگەڵتانا کرد و ئێوەیان لە زێدی خۆتان ئاوارە کرد. لەسەر دەرکردنی ئێوەش، بوونە پشتیوانی یەکتر. ھەر کەسیش ببێتە دۆستیان، دیارە غەدرێ لە خۆ دەکا. (١٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر ژنی بەباوەڕی ئاوارە دەگاتە لاتان، بیانخەنە بەر ئەزموونەوە. خوا لە بیر و باوەڕیان ئاگادارترە. گەر ناسیتانن بە ڕاستی بڕواداران، بۆ لای خودانەناسانیان مەنێرنەوە. نە ئەمان بەوان دەشێن و نە ئەوانیش بەمان دەشێن. ھەرچیش بەختیان کردووە بیاندەنەوە. گەر ئێوە مارەیان کەن و مارەییەکەیان بدەنێ، ھیچ گوناھێکتان ناگاتێ. ژنانی خودانەناسانیش لای خۆتان گل مەدەنەوە؛ ھەرچیتان لێ بەخت کردوون بیسێننەوە؛ با ئەوانیش ھەرچێکی بەختیان کردووە داوای بکەن. ئەمە دەستووری خودایە کە بە نێوانتان ڕادەگا. خودا زانای لەکارزانە. (١١) ئەگەر ژنێکیشتان ڕەوی بۆ لای خوانەناسەکان و ئێوە تاڵانتان لێ گرتن، بەو کەسانە وا ژنەکانیان ھەڵاتوون، ھێندەبدەن کە داویانە. ترسیشوو لەو خودایە بێ کە بڕواتان پێ ھێناوە. (١٢) ئەی پێغەمبەر! ئەگەر ژنانی باوەڕدار دێنە لات و پەیمان دەدەن ھیچ شتێکی - لە خوا بەدەر - نەپەرستن و تووشی دزی و حیزی نەبن و مناڵی خۆیان نەکوژن و مناڵی تر بە درۆ نەکەنە منداڵ مێردەکانیان و بۆ کاری چاک لە فەرمانی تۆ دەرنەچن، ئەوساکە تۆش پەیمانیان دەگەڵ ببەستە و لێخۆشبوونیان بۆ لە خودا داوا بکە. خودا دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەبنە دۆستی ئەو کەسانەی خودا غەزەبی لێ گرتوون، لە ھاتنی ڕۆژی سەڵا ناھومێد بوون؛ وەکوو خودانەناسەکان لە مرییەکانی گۆڕستان ناھومێدن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەف وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەر شتێکی لە ئاسمانان و زەمیندان، ھەر پەسندی خوا دەدەن و ھەر ئەو خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆ داخێون و کردەوەی بەدوودا نییە؟ (٣) خودا زۆر لەوە تووڕەیە کە ئێوە شتێک بڵێن و ولۆ نەکەن. (٤) خوا ئەو کەسانەی خۆش دەوێ کە بۆ خەزا لە ڕای خودا، ڕیز دەبەستن؛ ئێژی دیواری قوڕقوشمە. (٥) کە مووسا بە ھۆزی خۆی گوت: گەلۆ! بۆچیم ئازار دەدەن، سوور دەشزانن کە من پێغەمبەری خودام بۆ لای ئێوە؟ وەختێ ئەوان خۆیان لادا، خوداش دڵی وانی لادا. ئەوانەی لە ڕێ دەردەچن، خودا ڕێگەی بەرەو خۆیان نیشان نادا. (٦) کە عیسای کوڕی مریەمیش گوتی: ئەی بەرەی ئیسرائیل! ئەمن پێغەمبەری خودام بۆ لای ئێوە؛ ئەو تەوڕاتە دەسەلمێنم کە لەپێش مندا ھاتووە؛ مژدەو لێ بێ پێغەمبەرێک لەپاش من دێ وە ناو ئەحمەد. وەختێ بە چەند نیشانەی دیاری دەرەوە ھاتە لایان، گوتیان: ئەمە ھەر بەئاشکرا جادووە. (٧) سا کێ لەوە ناھەقترە درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستێ، لە وەختێکا کە بۆئیسلام گازی دەکرێ؟ خودا گرۆی غەدرکاران بەرەو خۆی شارەزا ناکا. (٨) گەرەکیانە تیشکی خودا ھەر بە فووی دەم وەکوژێنن. خواش تیشکی خۆی ھەر سەردەخا؛ جا با خودانەناسانیش خۆشیان نەیە. (٩) ئەو خودایە پێغەمبەری خۆی بەڕێ کرد، بۆ ڕێبەری و ڕاگەیاندنی دینی ڕاست، تا سەری خا بە سەر ھەموو دینەکاندا؛ جا با بت پەرستەکانیش خۆشیان نەیە. (١٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! دەتانەوەێ مامەڵەیەکتان پێ بێژم کە لە ئازارێکی بەژان ڕزگاروو کا؟ (١١) بڕواو بە خوا و بە پێغەمبەری ئەو بێنن و بە دارایی و گیانی خۆتان لە ڕای خودا تێ بکۆشن؛ ئەمە بۆ ئێوە باشترە گەر بیزانن. (١٢) لە گوناھانوو دەبورێ و دەتانباتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و خانووی زۆرخۆش وخاوێنتان لە بەھەشتی ھەمیشەییدا دەداتێ؛ ئەمە دەسکەوتی گەورەیە. (١٣) شتێ تریش - کە ئێوە حەزی لێ دەکەن - یاریدەدانێ لە خوداوە و سەرکەوتنێکی نزیکیش. ئەم مژدەیە بە باوەڕدارەکان بدە. (١٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! یاریکارانی خودا بن، وەکوو عیسای کوڕی مەریەم بە یارانی حەواریی گوت: کێ بەرەو خودا دەبێتە یاریدەری من؟ دەستەی حەوارییەکان وتیان: ئێمە یاریدەری خوداین. ئەوسا لە بەرەی ئیسرائیل ھێندێکیان بڕوایان ھێنا و ھێندێکیش بێباوەڕ مان. ئیتر ئێمە خاوەن باوەڕەکانیانن یارمەتی کرد، تا دەرۆستی دوژمنانی خۆیان ھاتن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جومعە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەرچی لەناو عاسمانەکان و زەمینە، پەسنی ئەو خودایە دەدەن کە پادشایەکی پاک و دوور لە ھەموو کەمایەسی و بەدەستەڵات و کارزانە. (٢) ھەر ئەویشە لەناو نەخوێندەواراندا پێغەمبەرێکی لە خۆیان بۆ کل کردن، کە نیشانەکانی ئەویان بۆ وەخوێنێ و لە کتێب و لە کارزانی ڕایانبێنێ؛ ھەرچەند ئەوان لە پێشوودا لەو پەڕی گومڕاییدا بوون؛ (٣) بۆ ھێندێ تریش لەمانە، وا ھێشتا پێیان نەگەیشتوون. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٤) ئەمە چاکەیە لە خواوە، حەزی لێ بێ دەربارەی ھەر کەسی دەکا. چاکەیێ کە لەلای خودایە، زۆر ھێژایە. (٥) سەرگوروشتەی ئەو کەسانەی تەوراتیان پێ ھەڵگرتوون و لەبەر دەرچوون، وەکوو نەقڵی ئەو کەرەیە کە چەند کتێبی لێ بارە. سەرگوزەشتێ نالەبارە بۆ ئەوانەی لە نیشانەکانی خوا حاشایان کرد. خوداش ئەوانەی ناھەقن بەرەو خۆی شارەزا ناکا. (٦) بێژە: ئەی ئەوانەی کە جوون! ئەگەر ئێوە پێتان وایە - زیاد لە مرۆ - ھەر ئێوە دۆستانی خودان، دەسا ئەگەر گفتوو ڕاستە، مردنی خۆتان بخوازن. (٧) ھێندیان خراپە کردووە، ھەرگیز مردنێ ناخوازن، خوداش لە ناھەقیکاران ئاگادارە. (٨) بێژە: ئەو مەرگەی کە ئێوە لێی ڕادەکەن، ھەر دەوگاتێ و پاشان ھەر دەتانبەنەوە لای زانای نەدیار و دیاران؛ ئەوسا ھەر خۆی پێتان ئێژێ چیو کردووە. (٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەر وەختێ لە ڕۆژی ھەینی بۆ نوێژی ھەینی بانگ ئەدرێ، ئێوە بەلەز بەرەو یادی خودا بچن و کڕین و فرۆتن وێڵ کەن؛ گەر بیزانن، ئەمە بۆ ئێوە خاسترە. (١٠) ھەرگا لەنوێژی بوونەوە، بە ھەردێدا بڵاو ببن و بۆ چاکەی خودا بکۆشن و گەلێک یادی خودا بکەن؛ شایەتا ڕزگاریتان بێ. (١١) ھەرگا دیتیان مامڵەیە یان گەمەیە، بەرەو ئەوێ بڵاو دەبن و تۆ بەپێوە بەجێ دێڵن. بێژە: ئەوی لای خودایە، لە گەمەش و لەبازرگانیش چاترە و خوا چاکترین ڕۆزیدەرە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مونافیقون وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) وەختێ دووڕوو دێنە لای تۆ، ئێژن: شایەتیت بۆ دەدەین کە تۆ پێغەمبەری خودای؛ خوداش دەزانێ کە تۆ پێغەمبەری ئەوی و خوا گەواھە کە - بەڕاستی - ھەرچی دووڕوون درۆزنن. (٢) سوێندی خۆیان کردۆتە قەڵغان خۆیان و لەمپەرن لە ڕێگەی خودا و ئاکاریان زۆر نالەبارە. (٣) چونکە ئەمان، بەرێ باوەڕیان ھێناوە و پاشان لە دین لایانداوە، جا سەردڵیان مۆرکراوە و دە ھیچ ناگەن. (٤) ئەگەر چاویشت پێ کەوتن، لە قەڵافەتیان سەیرت دێ. کە دەشپەیڤن و تۆ قسەکانیان دەبیسی، ئێژی دارن بە دیوار ھەڵپەسێراون. ھەر ھەرایەک لە دژی خۆیان دەزانن. ئەو دوژمنن؛ تۆ خۆیان لێ بپارێزە. خوا بیانکوژێ؛ ئەمانە ڕوو دەکوێ دەکەن؟ (٥) خۆ ئەگەر پێشیان بوترێ: وەرن پێغەمبەری خودا داوای بەخشینوو بۆ دەکا؛ سەر بادەدەن. دەشیانبینی فیز دەنوێنن و خۆ لادەدەن. (٦) ئەگەر ئەتۆ داوای بەخشینیان بۆ بکەی، یان داوای بەخشینیان نەکەی، بۆ ئەوان تەوفیری نییە. ھەرگیز خودا نایانبەخشێ. خوا گرۆی لە ڕێ لادەران بەرەوخۆی شارەزا ناکا. (٧) ھەرئەمانەشن کە ئێژن: شتێ مەدەن بەو کەسانەی کە لای پێغەمبەری خودان، ھەتا بڵاوەی لێ دەکەن. ھەموو سامان و گەنجینەی ئەم عاسمانان و زەمینەش سەر بە خودان؛ بەڵام ئەو دووڕازانە ھیچی تێناگەن. (٨) ئێژن: ئەگەر گەڕاینەوە بۆ مەدینە، بێ گومان بەدەستەڵاتان، ڕووت و لاتی لێ دەردەکەن. دەستەڵاتیش ھەر بۆ خوا و بۆ پێغەمبەری و ئاپۆرەی باوەڕدارانە؛ بەڵام ئەو دووڕازانە ھیچێ نازانن. (٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! سامان و زاروڵەکانتان یادی خواتان نابێ لە بیر بەرێتەوە. ئەوانەی وایان بەسەر دێ، زیانبارن. (١٠) لەو بژیوەش کە ئێمە پێمان بەخشیون، لە ڕای خودای بەخت بکەن؛ بەر لەوەی یەکێ لە ئێوە مردن تەک بەتەکیەوە دا و، بێژێ: ئەی پەروەرندەی من! بۆچی تا ماوەیێ نزیک مەودات نەدام، کە ئەوسا خێران بکەم و لە ڕیزی کار چاکەکان بم؟ (١١) ھەر کەسێکیش وەختی مردنی ھاتبێ، خوا ھەرگیز وە درەنگی ناخا. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەغابون وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەرچی ھەیە و لەناوی ئەو ئاسمانانە و زەمینەیە، پەسنی پاکیی خودا دەدەن. ھەر بۆ خۆی فەرمانڕەوایە و سپاس ھەر بۆ ئەو ڕەوایە و بۆ ھەموو کارێک توانایە. (٢) ھەر ئەویشە کە ئێوەی وەدی ھێناوە. سا ھێندێکتان باوەڕوو پێ نەھێناوە و ھێندێکیشتان بەبڕوایە. ھەر کارێکیش ئێوە دەیکەن خوا دەیبینێ. (٣) عەزمانەکان و زەمینی بەڕاستی وەدی ھێناوە و وێنەی بۆ ئێوە کێشاوە و شکڵێ فرە جوانی دانێ و ھەر بۆ لای ئەویش دێنەوە. (٤) ھەرچی لەناو عەزمانان و زەمیندایە ئەو دەیزانێ؛ ھەر شتێکیش بیشێرنەوە و ئاشکرا کەن، ئەو دەیزانێ و خودا لە نھێنیی دڵان ئاگادارە. (٥) ئاخۆ ئێوە دەنگوباسی ئەو کەسانەو پێ نەگەیوە کە پێشوو خودانەناس بوون، سزای کردەوەیان چەشت و تووشی ئازاری بەژان بوون. (٦) چونکە ئەوان پێغەمبەرەکانی خۆیان بە بەڵگەی دیاری دەرەوە ھاتنە لایان. ئەوسا وتیان: جا چۆن مرۆ دەتوانن ڕێ نیشان مە دەن؟ ئەوسا حاشایان کرد و ڕوویان وەرگێڕا و خوداش پەکی پێ نەکەوت و بێ نیازە و ھەرشایانی پەسن دانە. (٧) ئەوانەی خوایان نەناسی، پێیان وا بوو ھەرگیز زیندوو ناکرێنەوە. بێژە: ئارێ سوێند بە پەروەرندەی خۆم، بێ سۆ زیندوو دەکرێنەوە؛ پێشتان ئێژن کە چکارێکتان کردووە و ئەمەش لای خودا ھاسانە. (٨) دەسا ئێوە بڕوا بێنن بە خودا و بە پێغەمبەری و بەو ڕووناکییە کە ھەناردوومانەتە خوار. خوداش لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٩) لەو ڕۆژەدا کە ھەمووتان - لە سەڵادا - کۆوە دەکا، ئەوە ڕۆژی تێشکانە. ھەر کەسێ خاوەن باوەڕ و ئاکار چاکە، ھەر خراپەیە کردوویە، ڕایدەماڵێ و دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن. ئەمەیە دەسکەوتی گەورە. (١٠) ئەو کەسانەش کە خودایان نەناسیوە و نیشانەکانی ئێمەیان باوەڕ نەکرد، ئەوان یارانی ئاگرن و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن و چارەنووسیان زۆر خراپە. (١١) کەس ھیچ بەڵای بەسەر نایە، مەگین خودا فەرمان بدا. ھەرکێش بڕوای بە خودا بێ، دڵی شارەزای خۆی دەکا و خودا ھەموو شت دەزانێ. (١٢) بەرفەرمانی خودا بن و پێغەمبەر چی وت وا بکەن. خۆ ئەگەر خۆشوو ببوێرن، لە سەر پێغەمبەری ئێمە، ھەر ھێندەیە - بەئاشکرا - ڕابگەیێنێ. (١٣) خودای مەزن، بە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. باوەڕداران با خۆ بە خودا بسپێرن. (١٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھێندێک لە ژنانی ئێوە و مناڵانوو دژمنتانن؛ خۆتانیان لێ بپارێزن. ئەگەر چاویان لێ بپۆشن و واز بێنن و بیانبەخشن، خوداش لەگوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٥) ئەو دارایی و مناڵانەی ھەتانن، مایەی ئەزموونن. پاداشێ کە لای خودایە، ئەو ھێژایە. (١٦) دەبێ لە خودا بترسن تا دەتوانن؛ گوێ ڕادێر و بەرفەرمان بن؛ ماڵ لە ڕای خودا ببەخشن، بۆتان چاکە و؛ ئەوکەسانەی لە ڕژدی خۆ دەپارێزن، ئەوانە ڕزگارەکانن. (١٧) ئەگەر ئێوە وامێ ڕەوا بە خودا ڕەوا ببینن، چەند قات پێتان ئەداتەوە و لە گوناھانوو خۆش دەبێ. ھەر خودا بۆ شوکر دەبێ و لەسەرخۆیە. (١٨) لە پەنامەکی و خۆیایان ئاگادارە؛ بەدەستەڵات و لەکارزانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەڵاق وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی پێغەمبەر! ئەگەر ژنانوو تەڵاق دان، ماوەیەکیان بۆ دیاری کەن و بیبژێرن. لە خودای پەروەرندەتان شەرم بکەن. لە ماڵ خۆیان دەریان مەکەن؛ دەریش نەچن. جا مەگین ھەر بە ئاشکرا کارێکی شوورەیی بکەن. ئەمە کەوشەنی خودایە و ھەرکێ لە کەوشەنی خودا بەولاتر چێ، ناھەقی لەخۆی کردووە. تۆ چ زانی، لەوانەیە لەپاش ئەمە خوا شتێ تر وەدی بێنێ. (٢) سا ھەر کاتێ ماوەکەی خۆیان بەسەر برد، ئەوسا بە تەرزێکی پەسند ڕایانگرن یان لێیان جیا ببنەوە؛ بە شێوەیێ کە لەناو خۆتاندا باوە. دوو کەسی ڕاست و دروستیش ھەر لە خۆتان لەم کارە ئاگادار بکەن، کە شایەتی بۆ خوا بدەن. ھەرکێ بڕوای بە خوا و ڕۆژی سەڵا ھەیە، بەمە ئامۆژگاری دەکرێن. ھەرکێش لە خودا بترسێ، دەروێکی لێ دەکاتەوە. (٣) لە شوێنێکەوە بژیوی بۆ دەنێرێ کە بە خەیاڵیدا نایە. ھەرکێ خۆی بە خوا بسپێرێ، ئەوی بەسە؛ خوا بە مەبەستی خۆی دەگا. دیارە خودا بۆ ھەر شتێ ئەندازەیەکی داناوە. (٤) ئەو ژنانەو کە لە عوزر پێداھاتن ناھێمنن و ئەوانەی کە عوزر ناشۆن - ئەر شکتان بوو - ئەشێ سێ مانگ چاوەنۆڕ بن. ئەوانەش کە سکیان ھەیە، ماوەی چاوەنۆڕییەکەیان دانانی سکەکەیانە. ھەرکێش لە خودا بترسێ، خودا کاری ھاسان دەکا. (٥) ئەمە فەرمانی خودایە بۆ ئێوەی ناردۆتە خوارێ. ھەرکێش لە خودا بترسێ، خەتاکانی دادەپۆشێ و پاداشی گەورەی دەداتێ. (٦) لە ھەرکوێدا خۆتان دەژین - بەرانبەر بە دەس ڕۆینتان - جێی ئەوانیش بکەنەوە. ھێندەشیان زۆر بۆ مەھێنن کە بیانخەنە تەنگانەوە. گەر مناڵیشیان لە سکدا، ئێوە لێیان بەخت بکەن تا سکەکەیان دادەنێن. ئەوسا ئەگەر شیریان دا بەمنداڵەکەو، کرای خۆیانیان بدەنێ و لەناو خۆتان بەتەرزێ ڕەوا پێک وەرن. خۆ ئەگەر پێکیش نەھاتن، با یەکێ تر بۆی شیر بدا. (٧) کێ دارایە لەداراییی خۆی بەخت کا و کێش بژیوی کەم پێ گەیوە، لەوەندەی خودا پێیداوە بەخت بکا. خودا ئەرک ناخاتە سەر کەس، مەگین لەوەندەی پێی داوە. خوا زوو لەپاش تەنگانە فەرحانی دێنێ. (٨) شارگەلی زۆر لە فەرمانی پەروەرندەی خۆیان و پێغەمبەرانی وەدەر کەوتن؛ ئەوسا پێمان بژاردنەوە؛ بژاردنەوەیێکی زۆر توند و ئازارمان دان بە ئازاردانێکی دژوار. (٩) ئیتر ئاکامی ئاکاری خۆیان چەشی و ھەموو بەرھەمی کردەیان ھەر زیان بوو. (١٠) خودا بۆیان جەزرەبەی زۆرتوند وتیژی ئامادە کرد. دەسا ئەی خاوەن ئاوەزان ئەوانەی خاوەن باوەڕن، ئەشێ لە خودا بترسن. ئەوا خودا قورعانی بۆ ناردوونە خوار. (١١) پێغەمبەرێکی ناردووە کە نیشانە ڕوون کەرەوەکانی خواتان بۆ وەخوێنێ، تا ئەوانەی بەباوەڕو ئاکار چاکن لەتاریکایی دەربخا و بەرەو ڕۆشناکیان بەرێ و ھەرکێش بە خوای بڕوا ھەبێ و ئاکار چاک بێ، دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و ھەر و ھەر، ھەر لەوێ دەبن. دیارە خودا بژیوێ باشی دەداتێ. (١٢) ئەوخودایەی حەوت عەزمان و وەک ئەوانەش، زەمینی وەدی ھێناوە؛ فەرمانی بەنێوانیاندا دێت و دەچێ. تا بزانن خوا بۆ ھەموو شت توانایە و زانستی خوا ھەموو شتی دەورە داوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەحریم وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی پێغەمبەر! بۆ ئەو شتەی خودا بە تۆی ڕەوا دیوە - بۆ دڵداریی ژنەکانت - لە خۆتی ناڕەوا دەکەی؟ خوا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢) ئەوا خودا بڕیاری دا بە ھەڵوەشانی سوێندانوو. ھەر خودا مەزنی ئێوەیە و ھەر خۆی زانای لەکارزانە. (٣) ئەوێ جارێ کە پێغەمبەر لای بڕێ لە ھاوسەرانی قسێکی بە سرتە درکاند. جا وەختێ وێ ئەوەی وت بە [ھەوێکەی] و خواش پێغەمبەری تێگەیاند؛ پێغەمبەر ھێندێ لەو نھێنییەی گوت و لە ھێندێکی وازی ھێنا. وێ گۆ: ئەمە کێ بە تۆی گوت؟ گوتی: زانای ئاگادار پێی ڕاگەیاندم. (٤) باش ئەوەیە کە ھەردووکتان بەرەو خوا بگەڕێنەوە. دیارە دڵتان بەرەو ناڕەوا لای داوە. گەر لە دژی ئەم ببنە یەک، ئەوسا خودێ مەزنیەتی و لەمە بەولا جوبرائیل و باوەڕدارانی بەرکەتی و فرشتەکان، پشتی دەگرن. (٥) ئەگەر ئێوە تەڵاق بدا، شایەتا پەروەرندەی ئەو ژنانی لەنگۆ باشتری - لەباتی ئێوە - بداتێ؛ ژنانێکی گەردنکەچی بەباوەڕی بەر فەرمانی لە خراپە پەژیوانی خواپەرستانی ڕۆژووگر، لە بێوەژنان و کیژان. (٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خۆتان و کەس و کاریشتان لەو ئاگرە بپارێزن کە سووتەنی لە مەردم و لە تەوەنە. فریشتەی بە زەبر و زەنگ و توندوتیژی پێ ڕادەگەن؛ خوا چۆنیان فەرمان پێ بدا، لە فەرمانی دەر ناکەون و ھەرچی بەوانی دەسپێرێ بەجێی دێنن. (٧) ئەی ئەوانەی خوانەناس بوون! ئەمڕۆ تەوازی پێ ناوێ. دیارە ھەرچی کردووتانە ھەر لەوە جەزاتان دەدرێ. (٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەرەو خوا بگەڕێنەوە، گەڕانەوەی ڕاست و دروست؛ شایەتا پەروەرندەتان گوناھوو لەسەر لابەرێ و بوونێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا. لەو ڕۆژەدا خوا پێغەمبەر و ئەوانەی وەل ئەو باوەڕیان ھێناوە، سووک و ھەناسە سارد ناکا و تیشکی ئەوان لەپێشیان و لە ئالیی ڕاستیانەوە تەڤگەڕیەتی و ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! تیشکەکەمان بۆ زیاتر کە و لێمان خۆش بە؛ خۆت لەسەر ھەموو شت توانای. (٩) ئەی پێغەمبەر! وەل ئەو خودانەناسانە و ئەو دووڕازانە جەنگ بکە، زەبر و زەنگیشیان نیشان دە. ئەنوای ئەوانە ئاگرە و چارەنووسیان زۆر خراپە. (١٠) خوا ژنی نووح و ژنی لووت - بۆ ئەوانەی خوانەناسن - بە نموونە دێنێتەوە. ھەرتک لەبن دوو عەبدی چاکی ئێمە بوون، غەیانەتیان دەگەڵ کردن. نەیانتوانی لە لای خودا ھیچ شتیان دەربارە بکەن. وترا: ئێوەش بڕۆنە ناو ئاگرەوە، وێڕای ئەوانەی دەیچنێ. (١١) خودا ژنەکەی فیرعەونیش - بۆکەسانی خاوەن باوەڕ - بە نموونە دێنێتەوە. کە لەبەر پەروەرندەی خۆی پاڕایەوە: تۆ لە لای خۆت لە بەھەشتا ماڵێکم بۆ دیاری بکە و ڕزگارم کە لە فیرعەون و کردەوەی ئەو؛ لە کۆمەڵی ناھەقانیشم ڕاھی کە. (١٢) مەریەمی کچی عیمڕانیش، ئەوەی شەرمی لە کاری شوورەیی پاراست. ئەوسا ئێمە لە فووی خۆمان تێمان دەماند؛ بە وتار و کتێبانی پەروەرندەی بڕوای ھێنا و لە ڕێزەی فەرمانبەران بوو. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موڵک وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) مەزنایەتی و پایەبەرزی بۆ ئەو کەسەی، خونکاری بە دەس خۆیەتی و لەسەر ھەموو شت توانایە. (٢) ئەوە کە مردن و ژینی داھێناوە، تا ئێوە تاقی کاتەوە کامتان ئاکاری جوانترە. ھەر ئەویشە لێبوردەی خاوەن دەستەڵات. (٣) ئەوکەسەی حەو ئاسمانی چین لەسەر چینی سازداوە. لە دەسکاری ئەو خودایەدا ھیچ ناڕێکییەک نابینی. جارێکی تر تماشا کە، ئاخۆ قەڵشێکی تێدایە؟ (٤) دیسانەوە چاوی پێدا بگێڕەوە. سۆمای چاوت بە داماوی و بە ڕاماوی بەرەو خۆت دەگەڕێتەوە. (٥) ئێمە ئاسمانی دنیامان بە زۆر چرا ڕازاندەوە. کردیشمانن بە کەرستەی ڕاوەدوو نانی شەیتانان. ئازاری گڕپەداریشمان بۆ ساز کردون. (٦) بۆ ئەوانەش کە بڕوایان بە پەروەرندەیان نییە، جەزرەبەی جەھەندەم ھەیە و ئای چ ئەنجامێ خراپە! (٧) گەر دەیانھاوینە ناوی، نێڵەنێڵی جەھەندەمیان گوێ لێ دەبێ و ھەر ھەڵدەچێ. (٨) وەختە لە داخا شەق بەرێ. تا جوونێکی تێ داوێژن، گزیرەکانی جەھەندەم پێیان ئێژن: ئاخۆ ئێوە ترسێنەرتان نەھاتە لا؟ (٩) ئێژن: بەڵێ، ترسێنەر ھاتبووە لامان؛ ئەوسا باوەڕمان پێ نەکرد و گوتمان: خوا ھیچ شتی نەناردۆتە خوار؛ ئێوە بێ سۆ لەناو گومڕایی گەورەدان. (١٠) ئەشڵێن: ئەگەر گوێ بیس باین یاخۆ تێ گەیباین، نەدەبووینە یارانی ئەم ئاگردانە. (١١) ئاوا گوناھانی خۆیان پێ لێ دەنێن. ھەی لە ئارادا نەمێنن ئەم ھەواڵانی دۆژەھە! (١٢) ئەوکەسانەی - لە نەدیدە - لە پەروەرێنیان ئەترسن، لێخۆشبوون و پاداشی گەورەیان ھەیە. (١٣) ئێوە سرتە قسە بکەن، یان وە دەنگی بەرزی بێژن، ئەو لە ڕازێ کە بە دڵاندا دەبوورێ ئاگادارە. (١٤) ئاخۆ کەسێ ئافراندوویە، چۆن نازانێ؟ وردیلەبین و ئاگادار، ھەر خۆیەتی. (١٥) ئەوە کە ئەم زەمینەی بۆ کەوی کردوون، شانەوشان تێیدا بگەڕێن و لە بژیوەکەی بخۆن. ھەستانەوەش بۆ لای ئەوە. (١٦) ئاخۆ ئێوە لەو کەسەی لە ئاسمانە ترسوو نییە، کە بە ھەردا ڕۆتان بەرێ و لەپڕ زەوین بێتە لەرین؟ (١٧) ئاخۆ ئێوە لەو کەسەی لە ئاسمانە ترسوو نییە، باڕنێکی زیخ و چەوتان لێ ھەڵبکا؟ ئەوساکە زوو پێدەزانن ھەڕەشەی من چتۆ بووە. (١٨) خۆ بەر لەوانەش ھەر ھەبوون بە نیشانەکانی منیان بڕوا نەبووە؛ سا چۆنیان بە گژدا ھاتم. (١٩) ئاخۆ ئەوان ئەو مەلانەیان نەدیون کە لەسەرووی ئەوانەوە لەنگەریانە و باڵ لێک دەدەن؟ غەیرەز خودا کێ دەتوانێ ڕاگیریان کا؟ خودا بۆ خۆی لە ھەموو شت چاوەدێرە. (٢٠) ئاخۆ بەغەیری ئەو کێیە سوپا و یاریدەدەرتان بێ؟ نەخێر خودانەناسەکان [بەخۆبینی] خەڵەتاون. (٢١) ئەدی کێیە ئەو کەسەی بژیوتان دەدا، ئەگەر بژیوی لێ بڕین؟ نەخێر ئەوان لەسەر خۆ بە زل زانین و ڕەوینەوە پێداگرن. (٢٢) ئاخۆ کەسێ دەمەوڕوو بە ھەردا دەخشێ چاکتر بە ڕێگە دەزانێ، یان ئەو کەسەی بە ئاسایی بەسەر ڕاستەڕێدا دەڕوا؟ (٢٣) بێژە: ئەوە کە ئێوەی وەدی ھێناوە و گۆش و چەم و دڵی دانێ. ئێوە کەمتر شوکرێ دەکەن. (٢٤) بێژە: ئەوە کە ئێوەی لەم زەمینەدا پەرژ و بڵاو کردۆتەوە؛ لای ئەویش کۆ دەکرێنەوە. (٢٥) دەشڵێن: ئەگەر ئێوە ڕاستن، ئەو بەڵێنەو کەی دێتە جێ؟ (٢٦) بێژە: تەنیا خودا لەمە ئاگادارە. من ھەر ئەوەندەم لەسەرە پێتان بێژم: دەبێ لە خودا بترسن. (٢٧) جا ئەو کاتەی لە نزیکەوە دەیبینن، خوانەناسان چڕ و چاویان گرژ دەبێ و پێیان ئێژن: وا ئەمەیە کە ئێوە داواتان دەکرد. (٢٨) بێژە: بە من بێژن ئەگەر، خودا من و ئەو کەسانەی لەگەڵ منن لەناو بەرێ، یان بەر بەزەییی خۆیمان خا، دەی سا کێ خودانەناسان لە ئێش و ژان دەپارێزێ؟ (٢٩) بێژە: ئەوە خوای دڵاوا؛ باوەڕیمان پێ ھێناوە و خۆمان ھەر بەو سپاردووە؛ ئەنگۆش ھەر بینا زانیتان کێ ئاشکرا گومڕا بووە. (٣٠) بێژە: بە من بێژن ئەگەر ئاوەکەتان ڕۆ چوو بەناخی زەوینا، ئەوسا کێ ئاوی زەڵاڵی ڕەوانتان دە فریا دەخا؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەڵەم وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) نون، سوێند وە بنووس، بەوەش کە دێتە نڤیسین، (٢) وەسای چاکەی پەروەرندەت، تۆ لێوە نیت. (٣) تۆ پاداشی واشت ھەیە دوایی نایە. (٤) ئاکاریشت فرە بەرزە. (٥) زوو دەبینی، ئەویش چاویان پێ دەکەفێ، (٦) کێ لە ئێوە شێتایەتیتان تێدایە. (٧) بێگومان پەروەرندەی تۆ چاتر بەوانە دەزانێ کە ڕای ئەویان گوم کردووە؛ باشتریشی ئاگا لێیە، کێن ئەوانەی شارەزای ڕێن. (٨) سا تۆ ناشێ بە فەرمانی ئەو بێباوەڕانە بکەی. (٩) حەز دەکەن گەر تۆ نەرم بی، ئەوانیش نیانی بنوێنن. (١٠) نابێ گوێش بەو کەسە بدەی، کە زۆر سۆندخۆرە، خوێڕییە؛ (١١) ھەر تانە لە خەڵک دەدا و قسە بۆ ئەم و ئەو دەبا؛ (١٢) لە کاری چاکە لەمپەرە؛ شەڕفرۆشە، تاوانکەرە؛ (١٣) ڕەزا قورسە، لەپاش ئەمەش زۆڵێکە خۆی سەپاندووە؛ (١٤) ھەر بەو ھۆیە کە زەنگینە و چەند کوڕی ھەن، (١٥) گەر نیشانەکانی ئێمەی بۆ وەخوێنن، ئێژێ: ئەمە چیرۆکی پێشینەکانە. (١٦) بەم زووانە سەری بێڤلی داغ دەکەین. (١٧) ئێمە ئەوانەمان ئەزموو، وەک خاوەنانی باغەکەن بەر ئەزموون دا، کە سوێندیان خوێند: سۆزی بەری باخەکەیان ھەموو دەڕنن. (١٨) «ئەگەر خوا حەز کا» شیان نەوت. (١٩) ئەوساکە ئەوان خەوتبوون، لەلایەن پەروەرندەتڕا بەڵایەکی بۆ داباری. (٢٠) ئیتر وەکوو زەمینێکی سووتاوی قاقڕی لێ ھات. (٢١) ئەوسا سۆزی، ھەموو بانگی یەکتریان کرد: (٢٢) ئەگەر ئێوە میوەڕنن ھەر بەیانی بگەنە سەر کێڵگەی خۆتان. (٢٣) ڕێوە چوون و پێکەوە چپەیان دەکرد: (٢٤) کە نابێ ئەمڕۆ چ ھەژار بێتە ناو باخەکەی ئێوە. (٢٥) بڕیاریان دا کە مەرجەکەیان بەجێ بێنن؛ واشیان دەزانی کە دەتانن. (٢٦) وەختێ چاویان پێدا گێڕا، وتیان: ڕێمان لێ تێکچووە. (٢٧) نەخێر، ئێمەین بەش بڕاوین. (٢٨) بەئاوەزترینەکەیان گوتی: ئەدی پێم نەوتن بۆ پەسنی پاکی خوا نادەن! ؟ (٢٩) گوتیان: ئێمە پەروەرندەی خۆمان بە دوور لە کەمایەسی دەزانین؛ ئێمە ناھەقیمان دەکرد. (٣٠) ئەوسا ڕوویان کردە یەک و سەرکۆنەی یەکتریان دەکرد. (٣١) وتیان: ھەی ماڵ وێران خۆمان، ئێمە ھەڵەڕۆییمان کرد. (٣٢) شایەتا پەروەرندەمان لەوە چاترمان بداتێ؛ ئومێدمان ھەر بە پەروەرندەی خۆمانە. (٣٣) ئازاری [دنیا] ئاوایە. گەر بزانن، بێگومان ئازاری دواڕۆژ دژوارترە. (٣٤) بۆ ئەوانەی خۆپارێزن، لجەم پەروەرندەی خۆیان باغاتی پڕ خۆشی ھەیە. (٣٥) ئاخۆ ئێمە باوەڕداران وەکوو بەدکاران دادەنێین؟ (٣٦) چیتانە؟ کوو پێ ڕادەگەن؟ (٣٧) ئاخۆ کتێبێکتان ھەیە کە لەوێدا دەیخوێننەوە؟ (٣٨) ھەرچی خۆتان دەتانەوێ تێیدا ھەیە؟ (٣٩) یان سوێندێکتان لەسەرمانە کە ھەتا ڕۆژی سەڵایە ھەرچیتان دەوێ ئەو بێ؟ (٤٠) لێیان پرسە: کێ دەستەبەری ئەم کارەس؟ (٤١) یان چەند شەریکێکیان ھەیە؟ ئەگەر ڕاستن، با شەریکەکانیان بێنن. (٤٢) ئەوێ ڕۆژێ - کە لە تاوان - دەرپێ دە لینگان دەکەون و پێیان دەڵێن سوژدە ببەن و ناتوانن. (٤٣) چاو دادەخەن و زەبوونی دایاندەگرێ؛ کە ئەمانە ئەوساکە ساق وچاقیش بوون، پێیان وتوون سوژدە بەرن. (٤٤) تۆ من بێڵە بۆ ئەوانەی بەم قوڕعانە باوەڕ ناکەن؛ کەم کەم بۆیان لەدوو دەدەم، کە ھەر خۆشیان پێ نەحەسێن. (٤٥) مەودا و ماوەشیان پێ دەدەم؛ فێڵم زۆر بەڕێوجێیە. (٤٦) ئاخۆ تۆ کرایەی کارت لەوان دەوێ، کە لەژێر باری دەرنەچن؟ (٤٧) یان تەتەڵەی نھێنیەکانیان لە لایە و بۆ خۆیان خەتی لێ دەدەن؟ (٤٨) دەسا تۆ ھەر بۆ فەرمانی پەروەرندەت خۆڕاگر بە؛ نەچی وەک یارۆی ماسی بی، کە لە داخانا ھەر پیشی دەخواردەوە و ئەوساکە دەپاڕایەوە. (٤٩) ئەر دلۆڤانی پەروەرندەی وە فریای نەکەوتایە، بێ سۆ بە سەرکۆنەکراوی فڕێ ئەدرایە ڕۆتەنێک. (٥٠) ئەوسا پەروەرندەی، ئەوی ھەڵبژارد و کردی بە یەک لە پیاوخاسان. (٥١) وەختێ خودانەناسەکان قورعانیان بیس، ھەر وەختا بوو بە چاوانیان ھەڵتدێرن. دەشیانگوت: بێگومان دینە. (٥٢) کە ھەر بیرەوەرییەکیشە بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حاققە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) کارەساتەکە ڕوو دەدا. (٢) کام کارەسات؟ (٣) تۆ چوزانی ئەو کارەساتە چلۆنە؟ (٤) سەموود و عاد ڕووداوە دڵکوتەکەیان بە درۆ دانا. (٥) ھۆزی سەموود بە نەعرەتێکی بێ وێنە، قڕانیان کرد. (٦) ھەرچی ھۆزەکەی عادیش بوو، بە بایەکی ھەرە بەھێز لەبەین چوون. (٧) ماوەی حەو شەو و ھەش ڕۆژان، بەبێ وچان، ناردیە سەریان. لەم ماوەدا لاشەیان لێ تخێڵ ببوون؛ دەتوت کۆتەرەی دارخورمای ناو زڕاون. (٨) ئاخۆ ئەتۆ پاشماوەیەکیان دەبینی؟ (٩) فیڕعەونیش ئەوانەی بەر لەویش بوون و مەردمی شارە ژێروڕوو کراوەکانیش، خەتایان کرد. (١٠) دژایەتیی پێغەمبەری پەروەرندەی خۆیان دەکرد. سا گرتیانی، گرتنێ لە ڕادەبەدەر. (١١) ئێمە - کاتێ لەھی ھات و بواری بڕی، لەو شتەدا کە بەسەر ئاودا دادەگەڕێ - ھەڵمانگرتن. (١٢) تا بیکەینە بیرھێنەرەوە بۆ ئێوە و ئەو گوێیانەی لەسەر ھەستن، وەریبگرن. (١٣) ئەوسا ھەرگا تەنیا جارێک دە کەڵەشاخ دەمێندرا، (١٤) ئەم زەمینە و کەژەکانیش ھەڵگیران و یەکجارەکی تێک دەتەپێن، (١٥) سا ئەو ڕۆژە بەسەرھاتەکە ڕوو دەدا. (١٦) ئەم عاسمانانە قەڵش دەبا و لەو ڕۆژەدا فشەڵەیە. (١٧) فرشتە دەچنە کەناران و تەختی پەروەرندەی تۆ، لەسەر سەری ئەوانەوە - لەو ڕۆژەدا - ھەشت فرشتە ھەڵیدەگرن. (١٨) ئەو ڕۆژە ئێوە ڕادەنێن و ھەرچی بۆ شاردنەوەیە لە ئێوە حەشار نادرێ. (١٩) ئەوسا ھەرکێ نامەی کردەی نرابێتە دەستی ڕاستی، ئێژێ: وەرن نامەکەی من بخوێننەوە. (٢٠) من سوور دەمزانی کە تووشی لێپرسینەوە ھەر دەبم. (٢١) ئیتر ئەو لەناو ژیانێکی خۆشدایە؛ (٢٢) لە بەھەشتێکی بەرزایە؛ (٢٣) میوەی وا لەبەر دەستایە. (٢٤) سا بخۆن و بخۆنەوە نۆشی گیانوو؛ ئەمە بۆ ئەو کارانەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو کردووتانە. (٢٥) بەڵام کەسێ کە نامەکەی دەنێتە لەپی چەپیەوە، ئێژێ: خۆزی نامەی خۆمم پێ نەدرایە. (٢٦) نەشمزانیبا دەربارەم چیی تێدایە. (٢٧) خۆزی ئەوسا مردنم یەکجاری بوایە. (٢٨) سامانم بەھرەی بۆم نەبوو. (٢٩) دەستەڵاتم وا لەبەین چو. (٣٠) سا بیگرن و زنجیری کەن. (٣١) ئەوسا بۆ دۆژەھی ببەن. (٣٢) پاشان لەناو زنجیرێکی حەفتێ گەزی شەتەک دەن و ڕەکێشی کەن. (٣٣) ئەو باوەڕی بە خودای مەزن نەدێنا. (٣٤) بۆ نان دان بە ھەژارانیش ھیچ کەسی دنە نەدەدا. (٣٥) جا ئەمڕۆ لێروکانەدا، چ دۆستی نین. (٣٦) خواردن نییە، مەگین کێماوی زامداران. (٣٧) نایخۆن، مەگین خەتاکاران. (٣٨) سا سوێندەکە بەو شتەی ئێوە دەیبینن، (٣٩) بەوەش کە ئێوە نایبینن، (٤٠) ئەوە قسەی ڕاسپێراوێ بەرکەتییە. (٤١) نە وتەی ھەستیاریشە؛ کەمتر باوەڕێ دەھێنن. (٤٢) وتەی فاڵگرەوەش نییە. کەم وایە بیر بکەنەوە. (٤٣) ناردراوەتە خوارەوە، لە وەدیھێنی گش جیھان. (٤٤) ئەگەر ھێندێ لە قسەکانی بە دەم ئێوەوە کردبا، (٤٥) گومان نیە، بە ھەموو توانا دەمانگرت. (٤٦) ئەوسا ڕەگی لاملیشیمان ھەڵدەبڕی. (٤٧) کەسیش لەنگۆ نەیدەتوانی لەمپەری بێ. (٤٨) ئەم قوڕعانە بیرەوەرییە بۆ ئەوانەی خۆپارێزن. (٤٩) بێگومان ئێمە دەشزانین تێتاندا ھەن باوەڕ نەکەن. (٥٠) دیارە ئەمە حەسرەتیشە بۆ ئەم خودانەناسانە. (٥١) کە دیاریشە ڕاستێکە ھیچ گومانێکی تێدا نییە. (٥٢) تۆ بە یادی ناوی پەروەرندەی گەورەت، ھەر پەسنی پاکیی ئەو بدە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەعاریج وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) یەک داوای کرد ئازارێ بێ، (٢) بۆ لە خودا بەدوورەکان، ھیچ لەمپەری نەیەتە بەر. (٣) لە خوای خێوی چەند پلەوە. (٤) فرشتەکان و جوبڕائیل لە ڕۆژێکا بەرەو ئەو پێ ھەڵا دەچن، کە ڕێی پەنجا ھەزار ساڵە. (٥) تۆ خۆ بگرە بەخۆگرتنێکی پەسند. (٦) ئەوان بە دووری دەبینن. (٧) ئێمەش نزیکی دەبینین. (٨) ڕۆژێ عاسمان وەک حەلاندی کانزا دەبێ؛ (٩) کەژانیش وەک ھری دەبن؛ (١٠) ئاواڵ لە ئاواڵ ناپرسێ؛ (١١) لەبەر یەکتریان ڕادەنێن؛ تاوانبار فرە حەز دەکا - بۆ ڕزگاری لە ئازاری ئەوێ ڕۆژێ - لەباتی خۆی، کوڕەکانی، (١٢) ھاوسەریشی، براکەشی، (١٣) ئەو بەشە لە ھۆزەکەشی - کە ئەو دە پەنای خۆ دەگرن - (١٤) ھەرچی لەسەر زەویش ھەیە، گشتی بدا و ڕزگار ببێ. (١٥) ھەرگیز نابێ، ئەمە بڵێسەی ئاگرە. (١٦) پێستی سەر ئازای ئەندامی دادەڕنێ. (١٧) بانگێشتنی کەسێ دەکا کە پشتی کردە دینەوە و ئاوڕی وێ نەدایەوە؛ (١٨) ئەوە کە کۆی دەکردەوە و دەیخستە ناو سنووقەوە. (١٩) بێ سۆ مرۆ بێ تابشت و زۆر چاوچنۆک، چێ کراوە. (٢٠) ھەر تووشی ناگوزووری بوو، ھاوار دەکا. (٢١) ئەگەر دەکەوێتە خۆشیش، چکووسێکە. (٢٢) مەگین ئەوانەی نۆژخۆنن؛ (٢٣) ئەوکەسانەی قەد نایەڵن نوێژیان بچێ؛ (٢٤) ئەوی لە سامانیشیاندا بەشێک ھەیە، (٢٥) بۆ پارسەک و دوورەبەشان؛ (٢٦) ئەو کەسانە کە بڕوایان بە ڕۆژی سەڵا ھەیە؛ (٢٧) ئەوانەش کە لە ئازاری پەروەرێنیان نیگەرانن؛ (٢٨) کە ئازاری پەروەرێنیان، بۆ ئارخەیان بوونێ نابێ. (٢٩) ئەو کەسانەی کە جێ شەرمیان دەپارێزن؛ (٣٠) مەگین لە ڕووی ژنی خۆیان یان ئەوانەی کەنیزیانن، ئەوسا سەرکۆنە ناکرێن. (٣١) سا ھەر کەسێ بەدەر لەمانە بخوازێ، ئەوانە لە قاس لادەرن. (٣٢) ئەو کەسانەش کە ڕاگری ئامانەتی و بەڵێنیانن؛ (٣٣) ئەو کەسانەش شایەتی بەڕاستی دەدەن؛ (٣٤) ئەو کەسانەش کە لەسەر نمێژەکانیان چاوەدێرن؛ (٣٥) ئەوانە لەناو باخاندا بە ڕێزەوە وەرگیراون. (٣٦) دەی ئەو بێدینانە چیانە؟ دێنە لات و بە مۆنێکەوە دەڕوانن. (٣٧) دەستە دەستە لە ئالیی ڕاست وچەپەوە. (٣٨) ئاخۆ ھەر یەکێک لەمانە بەتەمایە کە بچێتە ناو بەھەشتی بە خێر و بێر؟ (٣٩) ھەرگیز ناشێ؛ ئەوان بۆ خۆیان دەزانن کە لە چیمان دروس کردوون. (٤٠) سا سوێند ئەخۆم بە دانەری خۆرھەڵات و خۆرئاوایان، ئێمە لە وزەماندایە، (٤١) کە بیانگۆڕین و چاتریان بێنینە جێ؛ کەس پێشی ئێمەش ناکەوێ. (٤٢) سا تۆ لەوانە وازبێنە با ھەر چەنەچەن بکەن و گەپێ بدەن، تا تووشی ڕۆژی خۆ دەبن کە وا بەڵێنیان پێ ئەدرێ. (٤٣) ئەوێ ڕۆژێ لە گۆڕستان دێنە دەرێ، ھێند بەپەلەن ئێژی بەرەو بتان دەچن. (٤٤) چاوشۆڕن و سووکایەتی دەوری داون؛ ئەمە ئیتر ئەو ڕۆژەیە کە وا بەڵێنیان پێ دەدرا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووح وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئێمە نووحن بەڕێ کردە لای ھۆزەکەی، کە: ھۆزەکەت بترسێنە بەر لەوە تووشی ئازاری بەژان ببن. (٢) وتی: گەلۆ! من بۆ ئێوە ترسێنەرێکی ئاشکرام و [پێو ئێژم]: (٣) خواپەرستی بکەن و لێی بترسن و بە گوێم بکەن. (٤) لە گوناھانو دەبورێ و دەتانھێڵێ تا ماوەیێ دیاری کراو؛ چون ھەرگا خوا ئاکامی ھات، وە دوا ناخرێ، بریا ئەوەتان زانیبا. (٥) وتی: ئەی پەروەرندەی من! بە شەو و ڕۆژ بانگم کردن، (٦) بەڵام بە بانگ کردنی من، پتر لە پێشوو ڕەوەک بوون. (٧) ھەرچەندی من تێم گەیاندن، کە تۆ لە گوناھیان ببووری، گۆشی خۆیان بە تبلەکانیان ئاخنی و خۆیانیان دە جلکان پێچا و پێیان داگرت و خۆیانیان زۆر بە زل زانی. (٨) ھەمیسان بە دەنگی بەرز بانگم کردن. (٩) لە دواییشدا، بە ئاشکرا و پەنامەکی تێم گەیاندن. (١٠) ھەر پێم گوتن: داوای بوردن لە پەروەرندەتان بکەن؛ ئەو بێگومان زۆر لێبورە. (١١) تا لە حەواوە بارانێک پەڵەدەرتان بۆ بنێرێ. (١٢) بە دارایی و بە کوڕانیش یاریو بدا و باغاتوو بۆ پەیدا بکا و جۆبارتان بۆ وەدی بێنێ. (١٣) چۆن لە شکۆی خوا ناترسن؟ (١٤) کەچی ئێوەی پلەپلە وەدی ھێنا. (١٥) ئاخۆ بە چاو نەتاندیوە چتۆ خودا حەو بەرزاییی - توێ لەسەر توێ - ئافراندووە؟ (١٦) لەناویاندا ھەیڤی تریفەدار کرد و خۆریشی کردە چرایەک. (١٧) ھەر خودایە ئێوەی لەم زەمینە ڕواند، بە ڕواندن. (١٨) پاشان دەوباتەوە ناوی و دیسان دەروو دەکاتەوە، بە دەرکردن. (١٩) ھەر خودایە ھەردی بۆ کردوون بە ڕایەخ؛ (٢٠) کە ھوون لە ڕێگە پان و بەرینەکانا، بێن و بچن. (٢١) نووح وتی: ئەی پەروەرندەم! ئەمانە لە من یاخی بوون؛ ئەمانە شوێن کەسێ کەوتوون کە سامان و فرزەندانی - غەیرەز زەرەر - ھیچی لەوان زێدە نەکرد. (٢٢) فێڵیشیان کرد؛ بەڵام فێڵێکی جانانە. (٢٣) وتووشیانە: لەوانەی پەرستووتانن مەتەکنەوە و ھەرگیز لە «وەدد» و لە «سواع» دەس بەر مەدەن؛ لە «یەغوس» و «یەعوق» و «نەسر»یش ھەر وەتر. (٢٤) زۆریشیان گومڕا کردووە؛ دە تۆش - بەجگە لە گومڕایی - ھیچێ لەم ستەمکارانە زێدە مەکە. (٢٥) بەرانبەر بە گوناھەکانیان، بە ئاو خنکان؛ ئەوسا خرانە ناو ئاگر. ئیتر لەم خودایە بەدەر، یاریدەریان پەیدا نەکرد. (٢٦) نووحیش وتی: پەروەرندەم! لەم سەر ھەردە ئەوکەسانەی تۆ ناناسن، جووقەواریان لێ مەھێڵە. (٢٧) چونکە ئەگەر بیانھێڵی، عەبدانت گومڕا دەکەن و ھەر زارۆیەکیشیان ببێ، تاوانبار و سپڵە دەبێ. (٢٨) پەروەرێنم! من و داک و بابی من و ئەوانەی بە باوەڕەوە لە ماڵمدان و پیاوەکان و ژنەکانی خاون باوەڕ عەفوو بکە و ناھەقانیش بە جارێ تەرت و توونا کە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جین وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بێژە: پێم ڕاگەیەنراوە، چەند کەسێ لە جنۆکان گوێیان ھەڵخست؛ ئەوسا وتیان: ئێمە قورئانێ سەیرمان بیست. (٢) بۆ ڕاستەڕێیە ڕێبەرە و ئێمە باوەڕمان پێ ھێنا و ھەرگیز کەسێ ناکەینە شەریکی خودا. (٣) زۆر بڵندە شکۆی پەروەرێنی ئێمە؛ نە ژنی پەیدا کردووە نە فرزەندێک. (٤) دیارە بێئاوەزەکەمان دەربارەی خوا قسەی توڕڕەھاتی دەکر. (٥) ئێمە پێمان وا بوو ھیچکەس – لە مرۆڤ و لە جنۆکە – ھیچ درۆیەک بە دەم خواوە ھەڵنابەستن. (٦) دەشمانزانی پیاوانێ لە بەرەی مرۆ، پەنا دەبەن بە پیاوانێ لە جنۆکە و سەرکێشییان پتر دەکەن. (٧) ئەوانیش - ھەر وەکوو ئێوە - لایان وا بوو ھەرگیز خودا ھیچکەس زیندوو ناکاتەوە. (٨) ئێمە گەینە ئەم عەزمانە، دیمان پڕە لە پاسداری توند و تۆڵ و ئەستێرەگەلێ ڕادەخشن. (٩) ئێمە لە چەند شوێنێکەوە ڕۆدەنیشتین کۆڵە بکەین؛ ھەر کەسێکی لەمە بەو لا کۆڵە بکا، مەشخەڵێکی دەبینێ لە بۆسەیدایە. (١٠) تێش نەگەیوین ئاخۆ دەربارەی ئەوانەی لە زەمیندان، بڕیاری خراپ دراوە، یان پەروەرێنیان ویستوویە ڕاستەڕێیان نیشان بدا. (١١) لەناو مەشدا کارچاک ھەن و تێشماندا ھەیە وا نییە؛ ئێمە گەلێ ڕێگەمان وەبەر خۆ داون. (١٢) ئێمە لەوە تێگەیشتووین کە لە زەمین دەرەقەتی خودا نایەین؛ تەنانەت بە ھەڵاتنیش لە دەستی ئەو ڕزگار نابین. (١٣) وەختێ ئێمە ئەو ڕێ نیشاندەرەمان بیست، باوەڕی خۆمان پێ ھێنا. ھەر کەسێکیش بڕوای بە پەروەرندەی بێ، نە لە کەم بوونێ دەترسێ، نە لە غەدر لێ کردنێ. (١٤) وا ھێندێکمان موسوڵمانین، ھێندێکیشمان لە ڕێ لادەر؛ ئەوانەی کە موسوڵمانن، ڕێگەی ڕاستیان دیوەتەوە. (١٥) ئەوانەش کە لە ڕێگەی ڕاس لایان داوە، دەبنە ئێزنگی جەھەندەم. (١٦) گەر ئەوانیش ھەر لەسەر ئەم ڕێگەیە بن، بێگومانە لە ئاوێکی زەبەندە تێراویان دەکەین. (١٧) ھەتا لەوێدا بیانئەزمووین، ھەرکەسێکیش لە یادی پەروەرندەی خۆی کلا ببێ، ئازارێکی زۆر دژواری بەسەر دێنێ. (١٨) مزگەوتەکان ماڵی خودان؛ دەگەڵ خودا، ھاواری کەسی تر مەکەن (١٩) لەو دەمەشدا کە عەبدی خودا ھەڵوێستا نوێژێ بکا، ھەروخت بوو لەسەری ببنە پارچەیەک. (٢٠) بێژە: ئەمن ھەر ھاوار لە پەروەرندەی خۆم دەکەم و کەسی لێ ناکەم بە شەریک. (٢١) بێژە: من لە دەستم نایە زیانێکم بۆتان ببێ؛ یان بووخەمە سەر ڕاستەڕێ. (٢٢) بێژە: من - بەدەر لە خودا - ھەرگیز ھیچ کەس پەنام نادا و لای ئەو نەبێ، ھیچ ئەنوایەکی شک نابەم. (٢٣) جا مەگین ڕاگەیاندنێک لە خوداوە و گەیاندنی پەیامانی. ھەر کەسێکیش نافەرمانیی خودا و پێغەمبەری بکا، بەشی ئاگری دۆژەھە؛ تاھەتایە. (٢٤) تا ئەو کاتەی ئەوەیان دێتە بەرچاوان کە بەڵێنیان پێ دراوە. جا دەزانن کێ یاوەری بێ ھێزترە و لە ژمارەشدا کەمترە. (٢٥) بێژە: ھیچ ئاگام لێ نییە ئەوی بەڵێنوو پێ دەدرێ، نزیکە یان پەروەرندەم مەودایەکی بۆ داناوە. (٢٦) لە نەدیاران ئاگادارە و نھێنیی خۆی بۆ کەسێ ئاشکرا ناکا؛ (٢٧) مەگین بۆ ڕاسپاردێکی لێی ڕازی بێ؛ ئەوسا لە پێش وپاشیەوە پاسەوانان بەڕێ دەکا. (٢٨) تا بزانێ بە دروستی پەیامگەلی پەروەرندەیان ڕاگەیاند. ھەموو شتیشیان دەزانێ و ھەموو شتی ھەژماردووە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موززەممیل وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی ئەو کەسەی خۆت بە جلکان داپۆشیوە! (٢) شەو ھەستەوە؛ مەگین کەمێ، (٣) لە نیمەکەی؛ یان کەمێکی لێ دابڕە؛ (٤) یان کەمێکی دەسەر بخە. ئەم قورعانەش بە لەسەرخۆیی بخوێنە و بە ڕەوانی. (٥) بەم زووانە ئێمە وتارێ گرانت دەخەینە سەر. (٦) شەونخوونی بۆ ڕامانێ جێدارترە و بۆ وتاریش لەبارترە. (٧) لە ڕۆژیشدا مەودای ھاتوچۆت درێژە. (٨) ھەر ناوی پەروەرندەی خۆت بە یاد بکەو لە غەیرەز ئەو، لە ھەموو شت بتەکەوە. (٩) پەروەرێنی خۆرھەڵات وخۆراوایە؛ بە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. ھەر ئەو بریکار بگرە. (١٠) بۆ ئەو قسانەش کە ئەیکەن، خۆڕاگر بە. لێشیان لادە؛ بە لالێدانێکی پەسند. (١١) لە منیش گەڕێ دەگەڵ ئەو بێباوەڕانەی نازپەروەردە. تۆش مەودایەکیان بدەیە. (١٢) بێ سۆ زەنجیری سەنگین و جەھەندەم لە لای ئێمەیە. (١٣) خۆراکێکی گەرووگریش، ئازارێکی زۆر بەژانیش. (١٤) لەو ڕۆژەدا بۆم ئەلەرزێ و کەژ دەھەژێن، کێوەکان دەبنە گردولکەی ڕەمڵی خزۆک. (١٥) ئێمە پێغەمبەرێکمان بۆ ئێوە کل کرد، شایەت بێ بەسەرتانەوە؛ ھەروەک بۆ ئالی فیرعەون پێغەمبەرێکمان بەڕێ کرد. (١٦) فیرعەون بەیا پێغەمبەرەکەی نەدەکرد؛ ئەوسا ئێمەش ئازارێکی بەژانمان دا. (١٧) سا ئەر ئێوە ھەر بە بێدینی مانەوە، چلۆن خۆتان دەپارێزن لەو ڕۆژە وا منداڵەکانیش پیر دەکا. (١٨) عەزمانی پێ شەقار دەبێ. بەڵێنی خواش ھەر دێتە جێ. (١٩) ئەم قوڕعانە بیرەوەرییەکە [بۆمەردم]؛ کێ حەز بکا، بەرەو پەروەرندەی خۆی ڕێگە دەر دەکا. (٢٠) پەروەرندەت ئاگادارە کە تۆ و ھێندێک لەو کەسانەی دەگەڵ تۆدان، نزیک دوو بەش لە سێ بەشی ئەو شەوگارە و نیوەیی و سێ یەکیشی، بۆ شەونوێژان ھەڵدەستنەوە. ھەر خوداشە کە ئەندازە بۆ شەو و ڕۆژان دادەنێ. ئەو دەزانێ ھەرگیز بۆتان ناژمێردرێ. ئەوا چاوپۆشیی لێ کردن. دەسا ھەر لە قورئانەکە - چەندی بۆو دەلوێ - بخوێنن. خوا دەیزانێ ھێندێکوو نەخۆش دەکەون؛ ھێندێکیشتان بۆ بژیوێ خودا بیدا، بەوڵاتا بڵاو دەبن؛ کۆمەڵێکیش لە ڕای خودا دەچنە خەزا؛ سا چەندی بۆتان بووز دەخوا، لێی بخوێنن. نوێژبکەن و زەکات بدەن و ماڵی خۆتان بە دەستەواو - بە دەستەواوێکی پەسند - بدەن بە خوا. ھەر پێش بارێ بەڕێی بکەن، باشترەکەی لای خودا پێو دەگاتەوە؛ وێڕای پاداشی گەورەتر. ھەر بووردن لە خوا بخوازن؛ خوا لە گوناھان خۆش دەبێ و دلۆڤانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موددەسسیر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی کەسێکی جلکت بەسەر خۆ داداوە! (٢) ڕابە، ترس وەبەر بێنە. (٣) ڕاشگەیێنە کە پەروەرندەت مەزنە. (٤) بەرگیشت خاوێن ڕاگرە. (٥) لە ھەرچی ناپاکە دوور بە. (٦) مەشبەخشە و پێت وا بێ بۆشە. (٧) بۆ خاتری پەروەرندەت خۆڕاگر بە. (٨) ھەر کاتێکیش دە کەڵەشاخ دەمێندرا، (٩) ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی تووشە؛ (١٠) بۆ بێدینان نە ھاسانە. (١١) تۆ لێم گەڕێ بۆ ئەو کەسەی من تەنیا وەدیم ھێناوە؛ (١٢) دارایی فرەشم دایە؛ (١٣) چەند کوڕێکیش کە ئاگاداریی لێ دەکەن؛ (١٤) ھەموو کارێکم بۆ ڕێک خست؛ (١٥) ھێشتا ھەر چاوی لەوەیە بۆی پتر کەم. (١٦) ھەرگیز؛ چون بۆ نیشانانمان لاسار بووە. (١٧) تووشی ئازارێ وای دەکەم، پێی ھەڵبچێ. (١٨) ئەو ھەر ڕاما و ھەڵیسەنگاند. (١٩) ئەی مەرگی بێ؛ خۆی چۆنی لێکداوەتەوە؟ (٢٠) دیسان نەژی؛ چۆنی بۆ چوو؟ (٢١) لەپاشانا تواشای کرد. (٢٢) ئەوسا کە ڕووی گرژ کرد و ترش ھەڵگەڕا. (٢٣) لەپاشان پشتی ھەڵکرد و فیزی نواند. (٢٤) ئەوسا گوتی: ئەم قورعانە - ببێ و نەبێ - جادووێکە لەکۆنەوە دەیگێڕنەوە. (٢٥) ببێ و نەبێ، ئەمە ھەر وتەی مرۆیە. (٢٦) بەم زووانە دەیھاوێمە دۆزەقەوە. (٢٧) کوا ئەزانی دۆزەق چییە؟ (٢٨) نە دەھێڵێ و نە واز دێنێ. (٢٩) پێستی مرۆ ڕەشەو دەکا و دەبرژێنێ. (٣٠) نۆزدە فرشتەی لەسەرن. (٣١) ئێمە بێژگە لە فریشتان، کەسمان نەکردۆتە کاربەدەستی ئاگر. بۆیەش ژمارەکەمان وا داناوە تا خودانەناسان بئەزمووین. تا ئەوانەی کە کتێبیان پێ دراوە، ھیچ گومانێکیان نەمێنێ. تا ئەوانەش بەباوەڕن، باوەڕیان لە زێدەیی بێ؛ ئەو کەسانەش کە کتێبیان پێ دراوە و باوەڕداران، دوودڵ نەبن. تا ئەوانەی دەغەزێکیان لەدڵدایە و ئەوانەی خودێنەناسن، بێژن: خودا لەم نموونە نیشان دانە چەی ویستگە؟ ئاوا خودا ھەرکێی بوێ گومڕای دەکا و کێی بوێ شارەزای دەکا. پێشمەرگەی پەروەرندەی تۆش - لە خوا بەدەر - کەس ژمارەیان نازانێ. باسی دۆزەق ھەر بەتەنیا بۆ بیرەوەری مرۆیە. (٣٢) نەچن باوەڕی پێ نەکەن؛ سوێند بەم ھەیڤە؛ (٣٣) بەو شەوگارەش کە ڕادەکا، (٣٤) بەو سپێدەی ڕووبەندی خۆی وەلا دەدا، (٣٥) ئەم ئاگرە یەک لە بەڵا گەورەکانە؛ (٣٦) ترس وەبەر مرۆ ھێنە. (٣٧) کێ لە ئێوە مەیلی لێ بێ بێتە پێشێ، یان بگەڕێتەوە دواوە. (٣٨) ھەموو کەسێک لە گرۆی کردەی خۆیدایە. (٣٩) جا مەگین دەستە ڕاستیەکان، (٤٠) لەناو باخان پرسێ لە یەکتری دەکەن، (٤١) سەبارەت بە گوناھباران: (٤٢) چی ئێوەی دە دۆزەق کێشا؟ (٤٣) ئێژن: ئێمە لەڕێزەی نوێژکەران نەبووین؛ (٤٤) خۆراکیشمان بە ھەژاران نەدەبەخشی؛ (٤٥) لە کۆڕی ھەرزەبێژاندا، ئێمەش لە ھەرزەوێژان بووین؛ (٤٦) باوەڕیشمان بە ڕۆژی سەڵایە نەبوو؛ (٤٧) تا مردنمان لێ میوان بوو. (٤٨) ئیتر تکای تکاکاران، ھیچ بەھرەیەکیان بۆ نادا. (٤٩) چییان بوو، لە وەبیرھێنەوە ڕەوینەوە؟ (٥٠) دەتوت ئەوان گۆڕەخەرگەلی ڕەڤۆکن، (٥١) کە لە ترسی شێر ھەڵاتوون. (٥٢) بەڵکوو ھەریەک لەوانە وایان گەرەک بوو نامەی وەکریی بۆ بێنن. (٥٣) ھەرگیز، بەڵکوو لە ڕۆژی پەسڵان ناترسن. (٥٤) ھەرگیز، دیارە ئەم قورعانە بیرھێنەرە. (٥٥) کێ کەیفی لێ بێ وەیخوێنێ. (٥٦) ھیچ کەسیش نایخوێنێتەوە مەگین خودا مەیلی لێ بێ. خودا شیاوی لێ ترسانە و بۆ خەتابەخشیش ھێژایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قیامەت وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سوێندەکەم بە ڕۆژی سەڵا، (٢) سوێندیش دەخۆم بە وێژدانەکەی ڕەخنەگر، (٣) چۆن مرۆ وا خەیاڵ دەکا ئێمە ھەرگیز پێشەگەلی لە یەکدی کۆ ناکەینەوە؟ (٤) بەڵکوو تواناییمان ھەیە سەرپەنجەکانیشی ساز کەین. (٥) نەخێر مرۆ ھەر دەیەوێ تاوان بخاتە پێشە خۆی. (٦) ئەو دەپرسێ: ڕۆژی سەڵا ڕابوون کەی دێ؟ (٧) ھەرگا چاو بە مۆلەق وەستا؛ (٨) مانگیش گیرا؛ (٩) خۆر و مانگیش لە یەکتر کۆ کرانەوە؛ (١٠) مرۆ ئەو ڕۆژە دبێژێ: ڕێگەی دەرەتانێ کوانێ؟ (١١) ھەرگیز، پەناگایەک نییە. (١٢) ئەوێ ڕۆژێ مەکۆ لای پەروەرندەتە. (١٣) لەو ڕۆژەدا مرۆ ھەواڵی پێ دەدرێ، چیی پێشەکی بەڕێ کرد و چیشی لەدوا بەجێ ماوە. (١٤) نەخێر مرۆ بە ویژدانی خۆی دەزانێ؛ (١٥) با گەلێکیش بڕ و بیانو بێنێتەوە. (١٦) تۆ زمانی لێ مەخە گەڕ، تا بەپەلە بیخوێنیەوە؛ (١٧) چونکە ئەرکی کۆکردن و وەخوێندنی لەسەر مەیە. (١٨) ھەرگا ئێمە خوێندمانەوە، ئەوساکە تۆ لەدواییدا بیخوێنەوە. (١٩) لەپاشانیش شی کردنەوەی لەسەر مەیە. (٢٠) نەخێر، دیارە ھوون ھەر دنیاتان خۆش دەوێ؛ (٢١) دواڕۆژیش وەلا دەنێن. (٢٢) ئەوێ ڕۆژێ فرە ڕووھەن گەشە دەکەن؛ (٢٣) چاو دەگێڕن بەرەو پەروەرندەی خۆیان. (٢٤) دیمیش ھەنە ترش وتفتن؛ (٢٥) چاوەنۆڕن جەزرەبەی کەمەرشکێنیان بەسەر بێنن. (٢٦) نەخێر، ھەر بەخۆ نازانێ تا مەرگ بەربینگی دەگرێ. (٢٧) وتراویشە: کەسی فریاڕەسی کێیە؟ (٢٨) لێشی ڕوونە چاخی جیا بوونەوەیە. (٢٩) لینگ و لەتەریشیان تێک ھاڵان. (٣٠) ئەو ڕۆژەیە جێ ھاژووتن بەرەو پەروەرندەی تۆیە. (٣١) نە ھەرگیز بڕوای ھێناوە و نە نمێژیشی کردووە. (٣٢) بەڵام وتوویە درۆیە و خۆی بواردووە. (٣٣) پاشی - بە خۆبادانەوە - چوو بۆ لای کەس و کارەکەی. (٣٤) ئەمە بۆ تۆ شیاوتر و لەبارترە. (٣٥) جارێ تریش، ئەمە بۆ تۆ شیاوتر و لەبارترە. (٣٦) ئاخۆ مرۆ ھەر لای وایە بەخۆڕایی وڵی دەکەن؟ (٣٧) ئاخۆ ئەو دڵۆپێک نەبوو کە دەڕژێتە ناو تۆلەوە؟ (٣٨) دوایە بوو بە جەڵتە خوێن و دروستی کرد و سازی دا؟ (٣٩) ئەوسا ھەر لەو تنۆکەوە جووتەی نێر و مێوی چێ کرد. (٤٠) ئاخۆ کەسێ وا ناتانێ مردوو زیندوو بکاتەوە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئینسان وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بێگومانە ماوەیەک لەم ڕۆژگارە بەسەر مرۆدا تێپەڕی و ئەو شتێ نەبوو باس بکرێ. (٢) ئێمە مرۆن لە تنۆکێکی ئاوێتە وەدی ھێنا تا بیئەزمووین؛ گوێی بیستن و سۆمای دیتنیشمان پێ دا. (٣) خۆمان ڕێگەمان نیشان دا؛ جا یان شوکرانەبژێرە یان پێنەزان. (٤) ئێمە زنجیر و تۆقێکی گەلێ زۆر و ئاگرێ بڵێسەدارمان بۆ بێدینەکان ساز داوە. (٥) ئاکارچاکان لە بادەیەک دەخۆنەوە، ئاویتەکەی لە چەمەی کافوورەوەیە. (٦) چەمەیێکە عەبدانی خوا لەو دەنۆشن؛ بە فیچقەش ھەڵیدەقوڵێنن. (٧) ھەرچی لە خۆ دەگرن دەیکەن؛ ترسیشیان لە ڕۆژێ ھەیە کە بەڵاکەی بۆ گلا ئەتەنێتەوە. (٨) لەو خۆراکەی کە خۆیان حەزی لێ دەکەن، بە ھەژار و بە ھەتیو و بە دیل گیراوی دەبەخشن. (٩) ئێمە - ھەر لە ڕاھی خودا - ئەم خۆراکەتان دەدەینێ، نە پاداشێکمان لێو دەوێ و نە شوکرانەش. (١٠) ئێمە ترسی پەروەرێنی خۆمان ھەیە لە ڕۆژێکا کە زۆر تووش و نەگبەت و پڕ مەترسییە. (١١) خودا لە بەڵای ئەو ڕۆژە پاراستنی و تووشی گەشە و خۆشیی کردن. (١٢) چونکە ئەوان خۆڕاگر بوون، لە پاداشا بەھەشت و حەریری پێ دان. (١٣) لە بەھەشتا لەسەر تەخت پاڵ ئەکەفن و نە تینی تاوێ دەبینن، نە سەرمایێ. (١٤) سێوەری درەختەکانی بەسەریانا شۆڕ بوونەوە و میوەکەیان لەبەر دەستە. (١٥) بە دەفری زێو و بەچەندین زەرکی مینا، بەسەریانەوە دەگەڕێن. (١٦) زەرکی زێوین کە ڕاس بە قاس سازیان داون. (١٧) بەو زەرکانە بادەیێکیان پێ دەنۆشین، ئاویتەکەی زەنجەفیلە. (١٨) چەمەیێکە بەناویدا ڕەوان ئەبێ؛ ناو نراوە بە سەلسەبیل. (١٩) لاوانێ - کە ھەر بە لاوی دەمێننەوە - بەسەریانەوە ئەگەڕێن؛ گەر بیانبینی وا ئەزانی مراری پڕژێندراون. (٢٠) گەر دەیبینی، ھەر خێر و خۆشی دەبینی و قەڵەمڕەوێکی زۆر گوشاد. (٢١) پارچەی تەنک و سفتی کەسکیان دەبەردایە کە لە ھەڤرەمیش چێ بووە و بە زۆر مووچەوانەی زێویش ڕازاونەوە و پەروەرێنیان بادەی پاکی پێ نۆشاون. (٢٢) ئەمە پاداشی ئێوەیە و تەقەلاتان شایانی ڕەزامەندییە. (٢٣) ئێمەین کە ئەم قورعانەمان - وردە وردە و بەش بەش - بۆ تۆ ھەناردووە. (٢٤) سا خۆ بگرە بۆ فەرمانی پەروەرندەت؛ ھەرگیز گوێ لەوانە مەگرە تاوانبار یا پێنەزانن. (٢٥) ھەر ناوی پەروەرندەی خۆت بەیاد بکە؛ ھەموو بەرەبەیانان و ئێوارانیش. (٢٦) بە شەویش سوژدەی بۆ بەرە و لە درێژاییی شەوگاریشدا ھەر پەسنی پاکیی ئەو بدە. (٢٧) ئەوان حەزیان ھەر لە دنیای بێبەقایە و ڕۆژێ گران دەخەنە پاش خۆیانەوە! (٢٨) ئێمە وەدیمان ھێناون و ھەموو ئازای بەندەنیانمان داپێچاون؛ ھەرگاش حەز کەین، بە چینێکی وەک ئەوانیان وەدەگۆڕین. (٢٩) ئەمانە بیرھێنەرێکن، ھەرکێ حەز کا ڕێگە بەرەو پەروەرندەی بەدی دەکا. (٣٠) حەز کردنیش بەنگۆ نییە، جا مەگین خودا حەز بکا. زانای کارزان ھەر خۆیەتی. (٣١) ھەرکێی حەز کا وەبەر بەزەییی خۆ دەخا و بۆ ئەوانەش کە ناھەقن، جزیای بەژانی ساز داوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مورسەلات وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سوێند بەوانەی - یەک لە دوای یەک - ناردراون، (٢) بەو با توندانەش ھەڵدەکەن، بە ھەڵکردن، (٣) بەوانەش کە ئەپڕژێنن، بەپڕژاندن، (٤) بەوانەش بە ھەڵوەژاردن ھەڵداوێرن، (٥) بەوانەش کە یادی خودا دەخەنە بەر دڵانەوە، (٦) بۆ بەھانە لێ قەتاندن یان ترساندن؛ (٧) کە ھەر چی سۆزوو پێ دەدرێ، ھەر دێتە جێ. (٨) سا ھەر دەمێ ئەستێرەکان کوژانەوە، (٩) ھەرگاش کەلێن دەکەوێتە عەزمانەوە، (١٠) ھەر کاتێکیش کەژان ھەژان و تێک ڕووخان، (١١) ھەرگاش وادە بۆ پێغەمبەران داندرا، (١٢) بۆ کامە ڕۆژ دواخراوە؟ (١٣) بۆ ڕۆژی ھەڵاواردنێ. (١٤) کوو زانیوتە ڕۆژی ھەڵاواردن چییە؟ (١٥) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (١٦) ئەدی ئێمە پێشینەکانمان قڕ نەکرد؟ (١٧) ھەر ئەوەشمان دەگەڵ پاشینەکانیان کرد. (١٨) ھەر ئەو کارەش بە تاوانبارەکان دەکەین. (١٩) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٢٠) ئاخۆ ئێوەن لە ئاوێکی بێبایەخ وەدی نەھێنا؟ (٢١) لە جێیەکی پتەودا جێن نەکردەوە؟ (٢٢) تا ماوەیێ دیاریکراو؟ (٢٣) خۆ توانیمان؛ ئای کە چەندە چاکمان توانی. (٢٤) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لەبێباوەڕان. (٢٥) ئەدی ئێمە زەمینمان نەکردە مەکۆ؟ (٢٦) بۆ ژیاوان و نەماوان؟ (٢٧) ھەر لەوێشدا چەن چیای بەرزن دامەزراند و ئاوی خۆشن پێ نۆشاندن. (٢٨) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٢٩) وە ڕێ کەون بەرەو شتێ کە بە درۆتان دەزانی. (٣٠) ڕێوە بچن بەرەو سێبەری دووکەڵێکی سێ چوکڵە؛ (٣١) سایە نادا و مرۆش لە گڕ وەلا نادا. (٣٢) ماکی دووکەڵ پڕیشکەی وا دەھاوێژێ کۆشک ئاسایی؛ (٣٣) ھەر دەبێژی وشترانی بەرگن زەردن. (٣٤) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٣٥) ئەمڕۆ ڕۆژێکە ناپەیڤن. (٣٦) ڕێگەی تەوازیشیان نادەن. (٣٧) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٣٨) ئەمڕۆ ڕۆژی ھەڵاواردنە؛ ئێوەمان وەل پێشینیان کۆ کردەوە. (٣٩) سا ئەگەر فێڵێکتان ھەیە، وەرن لە خۆمی دەکار کەن؛ (٤٠) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٤١) ئەوانەش کە خودێترسن، لەنێوانی سێبەران و کانیاوانن؛ (٤٢) میوەھاتیش ھەرچەندی دڵیان دبێژە. (٤٣) ئەمەش پاداشی ئاکاروو، سا بخۆن و بخۆنەوە؛ نۆشی گیانوو. (٤٤) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (٤٥) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٤٦) ئێوەش گرۆی تاوانبارن! بخۆن و کەمێ ڕابوێرن. (٤٧) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٤٨) ئەگەر کەسێ پێیان بێژێ: کڕنووش بەرن، کڕنووش نابەن. (٤٩) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٥٠) دەسا ئەوان - پاشی قورعان - بەکام قسە بڕوا دەکەن؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەبەء وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) لە چی لە یەکدی دەپرسن؟ (٢) لە دەنگووباسەکەی مەزن؛ (٣) ئەوەی ئەوان لەسەری مشتومڕیانە. (٤) نەخێر [ھیچ پرسی پێ ناوێ] زوو دەزانن. (٥) ھەمیسان [پرسی پێ ناوێ] زوو دەزانن. (٦) ئەدی ئێمە ئەم ھەردەن نەکردە ڕایەخ؟ (٧) کەژ و چیاکانیش سینگان؟ (٨) ئێوەشمان جووت وەدی ھێنا. (٩) خەویشتانمان کردە ھۆی حەسانەوەتان. (١٠) شەویشمان دانا بۆ پۆشاک. (١١) ڕۆژیشمان کردە ھۆی ژیان. (١٢) لە سەرووشتان حەوتی پتەومان دامەزراند. (١٣) چرایێ زۆر بە ورشەورشمان وەدی ھێنا. (١٤) لەو ھەورانە - کە بارانەیان پێوەیە - ئاوی بەخوڕمان داڕژاند؛ (١٥) ھەتا دەخڵ و ڕوەکی پێ بخەینە ڕوو. (١٦) دارستانی چڕ و پڕیش. (١٧) بێ سۆ ڕۆژی ھەڵاواردن، کاتی بۆ دیاری کراوە. (١٨) ھەر ئەو ڕۆژەی دە کەڵەشاخ دەمێندرا، ئەوسا پۆل پۆل پەیداو دەبێ. (١٩) ئەم عەزمانە دەکرێتەوە و دەرگا دەرگا دەبێتەوە. (٢٠) کەژەکانیش لە شوێنی خۆ خزێنراون و گشتی بوونە تراویلکە. (٢١) بێشک دۆژەھ بەرەگەیە؛ (٢٢) بۆ سەربزێوەکان، جێ گەڕانەوەیە. (٢٣) لەوێدا بۆ ماوەیێ زۆر قەتیس دەبن. (٢٤) لەوێدا نە خەو دەچێژن نە ڤەخارن. (٢٥) مەگین ئاوەکوڵ و زووخاو. (٢٦) پاداشێکی ھەمبەر [بەکردەوەکانیان]. (٢٧) چون ئەوان ھێڤیدار نەبوون لێپرسینەوەیەک ھەبێ. (٢٨) نیشانەکانی ئێمەیان - زۆر بە توندی - بە درۆ دانا. (٢٩) ژمارەی ھەموو شتیشمان ھەر بە نووسراوی لەلایە. (٣٠) سا بچەژن؛ ئەوی بۆتانی زیاد ئەکەین، ھەر تەنیا جەزرەبە دانە. (٣١) بۆ پارێزگارانیش جێگەی بە ئاوات گەییشتن ھەیە: (٣٢) باغستان و ڕێزی ڕەزان. (٣٣) پۆلە کیژی مەمک خڕی ھاوتەمەنیش. (٣٤) پیاڵەی پڕیش. (٣٥) لەوێ ھەوانتە نابیسن و یەکدیش ناخەنە درۆوە. (٣٦) خەڵاتی پەروەرندەی تۆ، بەخششی بەسەروبەرە. (٣٧) پەروەرێنی عاسمانەکان و زەمین و ھەرچی لەناو ئەو دوانەیە؛ ئەو خودایەی ڕۆزی دەرە، ھیچیان ناشێن بیدوونن و بیدوێنن. (٣٨) ڕۆژێکی کە جوبڕائیل و فرشتەکان ھەموو بە ڕێز ڕاوەستاون؛ نائاخێون مەگین کەسێ لەوڕا ودمی پێ درابێ، ئەویش قسێکی چاک بکا. (٣٩) وێ ڕۆژێ ڕۆژی ڕاستییە؛ سا ھەر کەسێ کە پێی خۆشە، با ڕێبازی گەڕانەوە بەرەو لای پەروەرندەی خۆی بگرێتە بەر. (٤٠) ئێمە لە جەزرەبەیێکی کە نزیکە، ترسن وەبەر ئێوە ناوە. وێڕۆ مرۆ چاو بۆ ئەو شتە دەگێڕێ کە پێشە خۆی ناردوویەتی. ھەر کەسیش خودای نەناسی ھەر دبێژە: ئەی کاشکایە ئاخ بوومایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نازیعات وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سوێندەکە بەو ھەسارانەی کە ھەڵدێن و ئاوا دەبن، (٢) بەوانەش کە لە ئاسۆیێ بۆ ئاسۆیەکی تر دەچن، (٣) بەوانەش کە وەک مەلەوان مەلە دەکەن، (٤) بەوانەش کە بۆ پێشبڕکێ پەلە دەکەن، (٥) سوێند بەوانەش کە تەڤبیری کاران دەکەن، (٦) لەو ڕۆژەدا لەرزێن [زەمین] دەلەرزێنێ. (٧) ئیتریشی بەدوودا دێ. (٨) لەو ڕۆژەدا دڵانێک زۆر ھەراسانن. (٩) چاوانیشیان سیس و کزن. (١٠) ئێژن: ئاخۆ دەمانگێڕنەوە سەر زەمین؟ (١١) لەپاش ئەوە کە چەند پێشەیێ کلۆر بووین؟ (١٢) ئێژن: ئیتر ئەگەر وا بێ، ئەم وەگەڕانە دۆڕانە. (١٣) کەچی ئەمە ھەر کاری یەک نارەتەیە. (١٤) ئەوسا لەپڕ، وەو بیاوانە ئەکەون. (١٥) ئاخۆ سەرگوروشتەی مووسات بۆ ھاتووە؟ (١٦) کە پەروەرندەی گاسی کرد لە شیوی پیرۆزی «طوا». (١٧) بەرەو فیڕعەون ڕێ کەوە؛ ئەو لە ئەندازە دەرچووە. (١٨) پێشی بێژە: ئاخۆ توای پاک ببیەوە؟ (١٩) منیش بەرەو پەروەرێنت ڕێت شان دەم و لێی بترسی؟ (٢٠) ئەوسا بەڵگە ھەرە گەورەکەی نیشان دا. (٢١) باوەڕیشی پێ نەکرد و ئەشقیا بوو. (٢٢) لەپاشا پشتی تێ کرد و دەستی کردە تەقالا دان. (٢٣) ئیتر خەڵکی کۆ کردەوە و جاڕی کێشا. (٢٤) وتی: ئەمن پەروەرێنی ھەرە پایەبەرزتانم. (٢٥) ئەوسا خودا گیرۆدەی ئازاری پەسڵان و دنیای کرد. (٢٦) بێگومانە لەم باسەدا دەرزێ ھەیە بۆ ھەر کەسێ کە ئەترسێ. (٢٧) ئاخۆ چێ کردنی ئێوە دژوارترە، یان ئەو ئەزمێنەی ئەو دروستی کردووە؟ (٢٨) قەوارەی بەرز کردووە و لەباری کرد. (٢٩) شەوەکەشی تاریک کرد و چێشتەنگاویشی لێ دەرخست. (٣٠) لەپاش ئەوە ئەم ھەردەی بە تلدانەوە پان کردووە. (٣١) ئاوی لێ ھێنایە دەر و جێ لەوەڕی لێ پەیدا کرد. (٣٢) کێواتیشی بەپتەوی لێ دامەزراند. (٣٣) بۆ کام وڕەوا لێ بوونی خۆتان و بۆ ئاژەڵیشتان. (٣٤) ھەر کاتێکیش بەڵا ھەرە گەورەکە ھات، (٣٥) لەو ڕۆژەدا مرۆ وە بیری دێتەوە چیی کردووە. (٣٦) جەھەندەمیش بۆ ھەر کەسێکی دەبینێ، دێتە بەرچاو. (٣٧) جا ھەر کەسێ کە سەربزێوی کردووە و، (٣٨) ژینی دنیای بژاردووە، (٣٩) دیارە جەھەندەم جێیەتی. (٤٠) بەڵام کەسێ لە گەورەییی پەروەرندەی خۆی ترساوە و لە ئارەزووی دڵی خۆی وازی ھێناوە، (٤١) دیارە بەھەشت ئەنوای ئەوە. (٤٢) ڵێت دەپرسن: ڕۆژی سەڵا کەی و لە کوێ دادەمەزرێ؟ (٤٣) تۆ چۆن لەم بارەوە دەدوێی؟ (٤٤) ھەر پەروەرندەی تۆ کاتەکەی دەزانێ. (٤٥) تۆ ھەر تەنیا ترسێنەری بۆ کەسێ کە لێی دەترسێ. (٤٦) ئەوێ ڕۆژێ کە دەیبینن، وا تێدەگەن بەدەر لە ئێوارەی ڕۆژێک یان چێشتانێ نەماونەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەبەسە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) گرژ بوو، ڕووشی وەرگێڕا! (٢) کە بێ چاوەکە ھاتە لای. (٣) تۆ چوزانی! بەشکە ویستی پابێتەوە. (٤) یا پەند بگرێ و ئەو پەندە بەھرەی پێ بدا. (٥) کە چی ئەوی خۆی بێ نیاز دەزانێ، (٦) ھەر بەوەوە خجڵ دەبێ. (٧) ئەگەر پاکیش نەبێتەوە، گوناھێ لەسەر تۆ نییە. (٨) بەڵام کەسێ بەھەڵەداوان دێتە لات، (٩) ھەر ئەویشە ترسی ھەیە. (١٠) تۆ خۆتی لێ دەخافڵێنی. (١١) قەت وا مەکە! چون ئەم نیشانانە پەندن. (١٢) کێ حەز بکا ئامۆژگاری لێ وەردەگرێ. (١٣) لە ناوەندی لاپەڕەکانی ھێژادا، (١٤) بە پاکژی ھەڵگیراون. (١٥) بە دەستی ڕاسپاردەگەلی، (١٦) ھەڵبژاردەی بەئەمەگ [نووسراوەتەوە]. (١٧) دەک ئەو مرۆیە بەکوش چێ، کە ھیچی دەچاواندا نییە. (١٨) لە چی دروستی کردووە؟ (١٩) لە دڵۆپێک وەدی ھێنا و ئەندازەشی بۆ داناوە. (٢٠) پاشان ڕێگەشی بۆ خۆش کرد. (٢١) جا مراندی و لە گۆڕی نا. (٢٢) دوا جار ھەر گا مەیلی لێ بێ، دیسان زیندووی دەکاتەوە. (٢٣) بەڵام نەخێر! بە چی فەرمانی پێ داوە، ھێشتا بەجێی نەھێناوە. (٢٤) دەی با مرۆ بڕوانێتە خۆراکی خۆی. (٢٥) ئێمە خۆمان ئاوەکەمان بۆ ڕژتووە، بە ڕژاندن. (٢٦) پاشان ئەم ھەردەشمان قەڵاشت، بە قەڵاشتن. (٢٧) ئەوسا دانەشمان لێ ڕواند. (٢٨) ڕەز و سەوزاییش ھەروەتر. (٢٩) بنە زەیتوون و دار خورماش. (٣٠) باغستانی چڕ و پڕیش. (٣١) میوە و لەوەڕی چایەریش. (٣٢) بۆ بژیوی خۆتان و ماڵاتەکەتان. (٣٣) ھەرگاش گوڕژنی بەقەوھات. (٣٤) ئەوێ ڕۆژێ برا لە برای ڕا دەکا. (٣٥) لە دایکیشی و لە باویشی. (٣٦) لە ھاوسەری و لە جگەرگۆشەکانیشی. (٣٧) لەو ڕۆژەدا ھەر کەسێ کاری خۆی ھەیە و نایپەرژێتە سەر کەسی تر. (٣٨) دیمی وا ھەن - لەوڕۆژەدا - سوور و سپی دیاری دەدەن. (٣٩) دەم بە پێکەنین و شادن. (٤٠) ھێندێ ڕوش ھەن - ئەوێ ڕۆژێ - تۆزی مەینەتیان لێ بارن. (٤١) قورم و سیان دای پۆشیون. (٤٢) ئەوانەن خوانەناسانی لە دین لادەر. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەکویر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) وەختێ کە خۆر تۆپەڵ کرا [و ڕەش ھەڵگەڕا]، (٢) وێجا ھەموو ھەسارەکان پەژمەران و وەرێندەران، (٣) کەژانیش لە شوێنی خۆیان خزێندران، (٤) لەو کاتەشا وشترانی لەسەر زانێ بێ خۆ کران، (٥) ھەرگاش لاور و جانەوەر لە ئاقارێکا کۆ کران، (٦) ھەلێ ھەموو دەریاکانیش ھەڵچون و تێکەڵ بە یەک بوون، (٧) کاتێ ھەموو گیانەکانیش ولفی یەک بوون، (٨) لە دۆتی زیندە بە گۆڕیش پرسیار کرا: (٩) بە کیژان گوناھ گوژاوە؟ (١٠) ھەرگاش نامەی کردەوەکان کرانەوە، (١١) کە ئاسمانیش وەلا برا، (١٢) ھەر دەمێکیش کڵی دۆژەھێ نێڵ درا، (١٣) بەھەشتیش وە نزیک خرا، (١٤) ھەموو کەسێ دەزانێ کە چی لەگەڵ خۆیا ھێناوە. (١٥) سا سوێند ئەخۆم بەو ھەسارە گەڕۆکانەی، (١٦) خول دەخۆن و دەگەڕێنەوە ناو لانە؛ (١٧) بەم شەوە کە تاریک دادێ، (١٨) بە سپێدە، کاتێ کە ھەناسەی پێدا دێ، (١٩) ئەم قوڕعانە - بێ گومانە - قسەی ڕاسپێراوێکی زۆر مەزنە. (٢٠) زۆر بەھێزە، لای خودێ تەخت، جێدارە. (٢١) قسەی دەڕوا، لەوێ جێگەی متمانەیە. (٢٢) ھاوڕێکەشتان لێوە نییە. (٢٣) بێ سۆیە کە لە ئاسۆیە بە ڕۆشنی دیتوویەتی. (٢٤) لە درکاندنی نھێنیش چکووس نییە. (٢٥) ئەوی ئێژێ، ھیچی قسەی شەیتانی دەرکراو نییە. (٢٦) سا ئێوە بەرەو کوێ دەچن؟ (٢٧) ئەم قوڕئانە ھەرپەندە بۆ خەڵکی دنیا. (٢٨) بۆ ھەرکامتان کە بیەوێ شوێنی ڕێگەی سەرڕاس کەوێ. (٢٩) بەویستنی خۆشتان نییە، مەگین خودای پەروەرندەی گش جیھانێ، خۆی حەز بکا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئینفیتار وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەرگا کە عەزمان قەڵەشا، (٢) کاتێکیش ئەستێران وەرین، (٣) ھەر دەمێکیش زەریا تەقین و لێک دران، (٤) ھەر ساتێکیش گۆڕستان ژێر و ڕوو کران، (٥) ھەموو کەسێ پێدەزانێ چەی پێش خست و چەی بەجێ ھێشت. (٦) ئەی بنیادەم! چی تۆی لەحاند پەروەرندەی بەخشندەت بادی ھەوا کرد؟ (٧) ئەوەی کە دروستی کردی و ئەندامەکانی وێخستی و ڕێکی کردی. (٨) بە ھەر شکڵێکیش خۆی ویستی، دەری خستی. (٩) ھەرگیز ئەمەو نایەتە بیر؛ بەڵکوو ئێوە پرسینەوەو لا دەرەوە. (١٠) [وەل ئەوەشا] چەند پاسگرتان بەسەرەوە. (١١) خاوەن ڕێزن، نڤیسارن؛ (١٢) لە ھەر کارێ ئێوە دەیکەن، ئاگەدارن. (١٣) بێ گومان ئاکارچاکەکان لە خۆشیدان. (١٤) بەدکارانیش جەھەندەمین. (١٥) ڕۆژی ژمار دێنە ناوی. (١٦) ناشتانن خۆی لێ ببوێرن. (١٧) کو زانیوتە ئەو ڕۆژی ژمار چییە؟ (١٨) ھەمیسان تۆ کوت زانیوە ڕۆژی ژمار چتۆیە؟ (١٩) ڕۆژێکە کەس بۆ کەسی تر ھیچ شتێکی لەدەست نایە و ئەوێ ڕۆژێ فەرمان ھەر فەرمانی خوایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موتەففیفین وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھاوارە لە کەم فرۆشان. (٢) ئەو کەسانەی بە پێوانە شتێ لە مەردم دەسێنن، ئەشێ ھەموویان پێ بدەن. (٣) ئەگەر خۆشیان بۆیان پێوان، یان بە کێشانەیان پێدان، لێی کەم دەکەن. (٤) ئاخۆ ئەوانە نازانن کە ھەر زیندوو دەکرێنەوە؟ (٥) بۆ ڕۆژێکی گەورە و گران؟ (٦) ئەو ڕۆژەی کە ھەموو مەردم بۆ دیداری پەروەرندەی ھەموو دنیا ڕادەوەستن. (٧) نەخێر، باوەڕ بەمە ناکەن؛ با بزانن کە سیایی ئەم بێ فەڕانە وا لە «سِجّين». (٨) کوو زانیوتە «سِجّين» چییە؟ (٩) کتێبێ نیشانەدارە. (١٠) لەو ڕۆژەدا لە بێ باوەڕان ھاورە. (١١) ئەو کەسانەی ڕۆژی لێپرسینەوەیان پێ درۆیە. (١٢) ھەر ملھوڕی تاوانباریش ئەوەی بە لاوە درۆیە. (١٣) ھەرگا نیشانانی ئێمەی بۆ وەخوێنن، ئێژێ: ئەمە چیرۆکی پێشینەکانە. (١٤) کە واش نییە؛ بەڵکوو ئەوان ژەنگی کارەکانی خۆیان بۆتە توێژێکی سەر دڵیان. (١٥) ھیچ وا نییە! دیارە ئەوان لەو ڕۆژەدا لە [بەزەیی] پەروەرێنیان، فرە دوورن. (١٦) لە ئاکاما ئەوان – بێ سۆ – دەچنە دۆژەھ. (١٧) پێیان ئێژن: ئەمە ھەوە کە ئێوە پێتان درۆ بوو. (١٨) با بشزانن سیایی ئاکارچاکەکان لە «علّيّين» دا [نووسراوە]. (١٩) کوو دەزانی، «علّيّين» چەس؟ (٢٠) کتێبێ نیشانەدارە. (٢١) ھەر کێ نزیک بە خودا بێ، دەیبینێ [و لێی ئاگادارە]. (٢٢) بە ڕاستی ئاکارچاکەکان لە خۆشیدان. (٢٣) وەبان تەختەکانیانەوە چاو دەگێڕن. (٢٤) لە چارەیان تەڕو بەلی خۆشگوزەرانی دەزانی. (٢٥) بادەیەکی سەربەمۆریان بۆ ڤەخارنێ دەدەنێ. (٢٦) مۆرەکەی سەری لە میشکە؛ با ئەوی حەزی لێ دەکەن، بۆ شتێ وا پێکەوە کێبەرکێ بکەن. (٢٧) ئاوێتەشی لە تەسنیمە. (٢٨) چەمەیەکە، ئەوی نزیک خراونەوە، لەو سەرچاوە دەخۆنەوە. (٢٩) تاوانکاران – لەسەر دنیا – بە دینداران پێدەکەنین. (٣٠) ھەرگا بە لایاندا دەچوون، چاویان لە یەکتر دادەگرت. (٣١) ھەرکاتێکیش دەچوونەوە لای کەسانیان، بە حەنەک دەیانگێڕاوە. (٣٢) کە چاویشیان پێ دەکەوتن، دەیانگوت: ئەمانە گومڕان. (٣٣) ھیچ کامیش ڕانەسپێرابوون کە دەبێ ئاگاداریان بن. (٣٤) وا ئەمڕۆش خوداناسەکان بە بێ دینەکان ئەخەنن. (٣٥) لەبانی تەختەکانەوە چاو دەگێڕن. (٣٦) ئاخۆ خودانەناسەکان پاداشی کردەوەی خۆیان وەرگرتووە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئینشیقاق وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەرگا عەزمان تەرەکی برد، (٢) فەرمانی ڕاھێنەریشی بەجێ ھێنا و دەبێ واش بێ. (٣) ھەرگا زەمینیش ڕاخرا، (٤) ھەرچی تێیدا بوو فڕێی دا و ھیچ شتی دەناودا نەما، (٥) فەرمانی پەروەرێنی خۆی بەجێ ھێناو دەبێ واش بێ. (٦) ئەی مرۆ! ڕەنجی زۆر دەدەی بگەی بە پەروەرێنی خۆت؛ سا تووشی دێی. (٧) ئەوسا ھەر کەس نووسراوەکەی لە لای ڕاستیەوە پێ بدرێ، (٨) لەوە بەو لا پرسیارێکی کەم و ھاسانی لێ دەکرێ. (٩) بە دڵخۆشیش دەچتەوە لای کەس و کاری. (١٠) بەڵام ئەوی نووسراوەکەی لە ئالی پشتیەوە بووبێ، (١١) ئەو دواجار ھاواری مەرگی خۆی دەکا. (١٢) دەشچێتە ناو ئاگرێکی بەکڵپەوە. (١٣) ئەو لە ناو ماڵ و منداڵیا زۆر بەکەیف بوو. (١٤) ئەو پێی وا بوو کە ھەرگیز ناگەڕێتەوە. (١٥) ئارێ پەروەرێنی ئاگای لە حاڵی بوو. (١٦) سا سوێندەکە بە سوورایی دەوری ئاسۆ، (١٧) بەم شەوگارە و بە ھەر شتێ دای دەپۆشێ، (١٨) بەو مانگە وەختێ پڕ دەبێ، (١٩) ئێوە بێ شک لە بارێکەوە تووشی بارێ تر دەبن. (٢٠) چیانە ئەمانە باوەڕێ ھەر ناھێنن؟ (٢١) ھەر دەمێکیش قوڕئانیان لەلا دەخوێنن، سوژدە نابەن؟ (٢٢) نەخێر! خودانەناسەکان ھەر بە درۆشی دەزانن. (٢٣) خواش لەوی لە دڵیاندایە [لە گش کەس] ئاگادارترە. (٢٤) تۆش مزگێنی بەمان بدە، تووشی ئازاری بەژان دێن؛ (٢٥) مەگین ئەوی بەباوەڕ و ئاکارچاک بن، کە پاداشیان دوایی نایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بوروج وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بەو عاسمانە بەکەلوانە، (٢) بە ڕۆژە دیاری کراوەکەش، (٣) بە بینەر و بەوەش کە دێتە بەرچاوان، (٤) قڕان کەوتە نێوانی خەندەک لێدەران. (٥) ھەر نێڵەی بوو گڕی بەرزی ئاگربەران. (٦) خودی خۆشیان بەسەریەوە ڕۆنیشتبوون. (٧) چاوەدێری ئەو کارەش بوون کە دەربارەی باوەڕدارەکانیان دەکرد. (٨) تەنیا بۆیەش لەوانەش بە ڕکدا چووبوون، ھەر چونکە خوای ھەرە خاوەن دەستەڵاتی شایانی تاریف کردنیان پەرستبوو. (٩) ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەمینی لەبەردەستە و لە ھەموو شت بەئاگایە. (١٠) بۆ ئەوانەی پیاوەکانی باوەڕدار و ژنەکانی باوەڕداریان خستبووە ناو ئاگرەوە و لە دواییشدا پەژیوان نەببوونەوە، بێ لە ئازاری جەھەندەم، تۆڵی شەواتەکەش ھەیە. (١١) بۆ ئەوانەش کە دیندار و ئاکارچاک بون، باغاتێ ھەس جۆباریان بە بەردا دەڕوا. ئەمەیە دەسکەوتی مەزن. (١٢) بێ گومان ھەڵمەت بردنی پەروەرندەت زۆر حەستەمە. (١٣) ئەو ھەر خۆی وەدی دەھێنێ و دووبارەشی دەکاتەوە. (١٤) ھەر ئەویشە عافو دەکا و بە ڤیانە. (١٥) خودانی تەختی بە قەدرە. (١٦) زۆر بەکارە بۆ ھەر شتێ گەرەکی بێ. (١٧) ئاخۆ ئەتۆ ھەواڵ و باسی شەڕکەرەکانت پێگەییشت؟ (١٨) لەشکرەکانی فیرعەون و ھۆزی سەموود؟ (١٩) دیارە ئەوانی بێ دینن لەمانە ھەر حاشا دەکەن. (٢٠) خواش لە لای پشتەوەیانڕا دەوری داون. (٢١) ئاشکرایە ئەم قورئانە زۆر بەڕێزە. (٢٢) لە تەتەڵەی ھەرە بەرزی پاراستوو [ڕوونووس کراوە]. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاریق وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بەو عەزمانە و بەوەی کە شەو خۆ ڕادەنێ، (٢) کوو دەزانی ئەو شەوگەردە کامەیانە؟ (٣) ئەستێرەکەی ھەرە گەشە. (٤) ھەر کەسێ گیانی دەبەردا، پاسەوانی ھەر لەسەرە. (٥) با مرۆ لە خۆ ڕامێنێ کە لە چی وەدی ھاتووە. (٦) لە تراوێ فڕکە دەکا. (٧) لە نێوان پشت و بەرملان دێتە دەرێ. (٨) خوا دەتوانێ جارێ تر بیھێنێتەوە. (٩) لەو ڕۆژەدا کە نھێنی خۆیا دەبن. (١٠) ئەو نە ھیچ ھێزێکی ھەیە، نە یاریکار. (١١) بەو حەوایەی ئاو ھەڵدەگرێ و دەیداتەوە، (١٢) بەو زەمینەش کە زۆر درز و کەلێنی ھەن، (١٣) ئەم قورعانە ھەموو کێشە دەبڕێتەوە. (١٤) ھیچ قسەی لاقردیش نییە. (١٥) ئەو خەریکن فێڵێک دەکەن. (١٦) وا منیش فێڵی خۆم دەکەم. (١٧) سا تۆ ماوەی ئەم دین دوژمنانە بدە، کەمێکیان لێ ڕابوەستە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەعلا وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) پەسنی ناوی پەروەرندەی ھەرە پایەبەرزت بدە. (٢) ئەوە دنیای دامەزراند و لەباری کرد. (٣) بۆ ھەر شت ئەندازەی دانا و ڕێی نیشان دا. (٤) ئەوە چایەری خستە ڕوو. (٥) کردیە شینی ئاماڵ ڕەش و پووش و پاریش. (٦) ئێمە ئەوەت پێ دەخوێنین، ئیتر تۆ لە بیرت ناچێ. (٧) مەگین شتێ خوا حەز بکا؛ ئەو لە ئاشکرا و نھێنی ئاگادارە. (٨) لە بەریشت ھاسان دەکەین، ھەتا ھاسانترین ڕێگە پەیدا بکەی. (٩) ئامۆژگاری بکە، ئەگەر ئامۆژگاری بەھرە بدا. (١٠) کەسێ لە خوا ترسی ھەبێ، ھەر زوو پەندی لێ وەردەگرێ. (١١) بەدفەڕەکەش ھەر خۆی لێ دوور دەخاتەوە. (١٢) ئەو کەسەی کە دەچێتە ناو ئاری گەورە. (١٣) پاشان لەوێدا نە دەمرێ، نە زیندیشە. (١٤) دیاریشە ھەر کێ پاک ژیا، ڕزگار بووە. (١٥) یادی نێوی پەروەرندەی کرد و نوێژی بەجێ ھێنا. (١٦) بەڵام ئێوە ژینی دنیا ھەڵدەبژێرن. (١٧) کە چی لەو لا، باشتر و بەپێزتز ھەیە. (١٨) دیارە ئەمە لە نووسراوە پێشینەکانیشدا ھەیە. (١٩) نووسراوەیێ کە دراون بە ئیبڕاھیم و بە مووسا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غاشیە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئاخۆ باسی بەڵای گەورەت بۆ ھاتووە، کە ھەموو شت دادەپۆشێ؟ (٢) ئەوێ ڕۆژێ گەلێ ڕوخسار بزڕکاون. (٣) لە کار کردندا چەوساون. (٤) گرفتاری ئاورێکی سوتێنەر دەبن. (٥) ڤەخارنیان لەسەرچاوەی ھەرە گەرمەوە بۆ دێنن. (٦) ھەرگیز بژیویان نادەنێ، مەگین لە دڕکەشیلانێ. (٧) قەڵەو ناکاو لە نێزیش بێ نیاز ناکا. (٨) ڕوخساریش ھەن خۆش و گەشن. (٩) ڕازین لە کردەوەی خۆیان؛ (١٠) لە بەھەشتی بەرز و تەرزا. (١١) کە لەوێدا قسەی پڕ و پوچ نابیسن. (١٢) چەمەی ڕوون و ڕەوانی فرەی تێدایە. (١٣) تەختی تێدا داندراون. (١٤) زەرکیشیان لەلا داناون. (١٥) باڵگەی نەرمیش ڕیز کراون. (١٦) زۆریش ڕایەخ ڕاخراون. (١٧) ئەمانە چۆن ڕانەماون، کە وشتر چلۆن چێ بووە؟ (١٨) لەو عەزمانەش کە چۆن وا بڵیند کراوە؟ (١٩) لەو کەژانەش کە چۆن وەھا دامەزراوە؟ (٢٠) لەو زەمینەش کە چۆن وا ھەراو ڕاخراوە؟ (٢١) سا تۆ ئامۆژگاری بکە، ئەتۆ ھەر تەنیا پەندێری. (٢٢) تۆ لەسەریان نەبوویە خاوەن دەستەڵات. (٢٣) مەر ئەو کەسەی ڕوو وەرگێڕێ و نەیەوێ خودا بناسێ. (٢٤) ئەوسا خودا بە جەزرەبەیێ گەورەتر سزای ئەدا. (٢٥) بێ گومانە کە ھەموویان ھەر بۆ لای ئێمە دێنەوە. (٢٦) لە دواییدا خۆمان بە کاریان ڕادەگەین. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەجر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سۆندەکە بە بەری بەیان، (٢) لە شەوانیشدا بە دەیان، (٣) بە جووت، بە تاک، (٤) بەو شەوگارە کەڕادەبرێ، (٥) ئاخۆ سوێندی وەھا خواردن، بۆ خاوەن ئاوەز بەس نییە؟ (٦) خۆ دیتت کە پەروەرندەت چی کرد بەرانبەر ھۆزی عاد؛ (٧) بەرەی ئیرەم خێوی خانووی ئەستوونداری [تەرز و گوشاد]؛ (٨) ئەو ماڵانەی وێنەیان لە شارانیشدا چێ نەکرابوو. (٩) ھۆزی سەموودیش، ئەوانەی لە ناو دۆڵ و گەڵیەکاندا بەردیان تاشی. (١٠) فیرعەونیش، خێوی کۆشکانی گەورە و بڵند؛ (١١) ئەوانەی لە وڵاتاندا یاخی ببوون. (١٢) خراپ ھەبوو، ئەوان زێدەتریشیان کرد. (١٣) ئەوسا کە پەروەرندەی تۆ وەبەر قەمچی ئازاری دان. (١٤) بێ سۆ کە پەروەرندەی تۆ، ھەموو ئەوانە دەبینێ. (١٥) بەڵام مرۆ ھەر کاتێکی پەروەرندەی دەیخاتە بەر ئەزموونەوە و ڕێزی لێ دەگرێ و بەھرەی پێ دەگەیەنێ، ئێژێ: [ئەوا] پەروەرندەم قەدری گرتم. (١٦) ئەگەریش –ھەر بۆ ئەزموونێ– پەروەرندەی بژیوی لێ کەم کردەوە، ئەوسا ئێژێ: پەروەرندەم سووکایەتی بەسەر ھێنام. (١٧) نەخێر، بەڵکوو ئێوە ڕێز لە ھەتیو نانێن. (١٨) بۆ نان بە ھەژار بەخشینیش، ئێوە ھانەی یەکتر نادەن. (١٩) میراتیش بە ھەڵپە دەخۆن. (٢٠) خۆشەویستنی ماڵیشتان لە ئەندازە دەرکەوتووە. (٢١) نابێ وابێ! ھەرگا زەمین زۆر بە سەختی تێک شکێنرێ و، (٢٢) فەرمانی پەروەرندەت بێ و فریشتەکانیش پۆل بە پۆل ڕیز ببەستن، (٢٣) دۆژەھیش بێننە پێشەوە، ئەوێ ڕۆژێ مرۆ خۆی وەبیدێتەوە؛ بەڵام ئەم وەبیر ھاتنەوە، کوا بەھرەی پێ دەگەیێنێ؟ (٢٤) ئێژێ: خۆزی بۆ ژیانم چاکەم وەپێش خۆم خستبا. (٢٥) سا ئەو ڕۆژە کەس وەک ئەو جەزرەبە نادەن. (٢٦) کەسیش وەک ئەو بە زنجیر شەتەک نادرێ. (٢٧) تۆش ئەی گیانی لەخەم ڕەخسیو! (٢٨) بە دڵخۆشی بچۆوە لای پەروەرندەت؛ چون ئەوت لە خۆ ڕازی کرد. (٢٩) سا تۆش ڕەگەڵ عەبدەکانی من بکەوە. (٣٠) [وێڕای ئەوان] بچوە بەھەشتی منەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەلەد وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سۆندێ دەخۆم بەم باژێڕە، (٢) تۆش نیشتەجێی ئەم باژێڕەی؛ (٣) بە باب و نەتەوەکەشی، (٤) ئێمە جسناتی مرۆمان دەگەڵ خەمان وەدی ھێنا. (٥) ئاخۆ ئێستا وا بیر دەبا ھەرگیز کەس دەرۆستی نایە؟ (٦) ئێژێ: سامانێکی زۆرم لەدەس داوە. (٧) ئاخۆ ولۆ خەیاڵ دەکا کە ھیچ کەس ئەوی نەدیوە؟ (٨) ئەدی ئێمە دوو دیدەمان پێ نەداوە؟ (٩) زمانێکیش و جووتێ لێو؟ (١٠) ڕێگەی ھات و نەھاتیشمان نیشان نەدا؟ (١١) وەلێکان ئەو خۆی لە ڕێگەی ھەڵەت نەدا؟ (١٢) کوو دەزانی مەبەس لە ڕێی ھەڵەت چییە؟ (١٣) ئازادکردنی کۆیلەیە. (١٤) یا نان دانە، لە ڕۆژی قاتی و قڕیدا. (١٥) بە ھەتیوێکی بێ کەسی نزیکی خۆی. (١٦) یان ھەژارێکی خاکەسەر. (١٧) دیسان ئەبێ لەوانەش بێ کە بوونە خاوەن باوەڕ و بۆ خۆگری و دلۆڤانی، یەکتریان ڕاسپاردووە. (١٨) ئەوانە بەختەوەرانن. (١٩) کەسانێکیش کە بە نیشانانی ئێمە بێ بڕوا بوون، ئەوانە بەدبەختەکانن. (٢٠) چارەنووسیان ئاگرێ بێ دەرەتانە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەمس وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سوێند بە خۆر و بە تیشکی، (٢) بەم ھەیڤەش کە بەدوویدا دێ، (٣) سۆند بەو ڕۆژەش کە تیف تیفەی ھەتاو دەدا، (٤) بەو شەوەش کە دای دەپۆشێ، (٥) بەو عاسمانە و بەوەی ئەوی وەدی ھێنا، (٦) بەو زەمینە و بەوەش کە وا پانی ڕاخست، (٧) بە گیانی مرۆ سوێندەکەو بەوەش کە ڕێکی خستوە، (٨) ئەوسا ھەموو تاوانباری و پارێزگاری دە ویژدانی گەیاندووە. (٩) دیارە ھەر کێ گیانی خاوێن ڕاگرتووە، ڕزگار بووە. (١٠) ھەر کەسێکیش دە گوناھیەوە پێچاوە، دۆڕاندوویە. (١١) ھۆزی سەموود چون لە ڕادە لایان دابوو، باوەڕیان بە خودا نەبوو. (١٢) کە لە ھەمووان چارە ڕەشتر ڕاستەوە بوو. (١٣) ئەوسا پێغەمبەری خودا پێیانی وت: لە حوشتر خوا و لە ئاودانی ئاگادار بن. (١٤) جا باوەڕیان پێ نەکرد و پەیان کرد. ئەوسا کە پەروەرندەیان، لە سۆنگەی گوناھەکەیان، بەڵایەکی ناردە سەریان، ھەمووی ڕێکی زەوی کردن. (١٥) لە ئاکامی ئەم کارەشی ترسی نییە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەیل وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سۆند بەو شەوە کاتێ ھەر شت دادەپۆشێ، (٢) بەو ڕۆژەش کەم [لەسەر دنێ] خۆ ڕادەنێ، (٣) بەوەش کەم کە نێر و مێوی وەدی ھێنا، (٤) خەباتێ وە جۆراوجۆرە. (٥) کێ لە ئێوە دەبەخشێ و لە خودا ترسا، (٦) بە پاداشی ھەرە باشیش بڕوای ھەیە، (٧) بەرەو جێگەی سانەوە ڕێی ھاسان دەکەین. (٨) بەڵام ئەوی ڕژدی کرد و وتی: کارم بە کەس نییە، (٩) پاداشی ھەرە باشیشی پێ درۆ بوو، (١٠) ڕێگە ھەرە دژوارەکەی دەخەینە بەر. (١١) ئەگەر مردیش ماڵەکەی سوودی پێ نادا. (١٢) ڕێ نیشان دان لەسەر ئێمەس. (١٣) دنیا و سەڵاش ھی ئێمەیە. (١٤) لە ئاگری بڵێسەدار ئێوەم ترساند. (١٥) کێ لە ھەمووان بێ فەڕترە، تێی دەکەوێ. (١٦) ئەوی کە بڕوای نەکرد و ڕووی وەرگێڕا. (١٧) ھەرکێش پارێزگارترینە، لێی دوور دەبێ. (١٨) ئەوی ماڵی خۆی دەبەخشێ، ھەتا وەکوو پاک بێتەوە. (١٩) بۆیەشی بە کەس نەبەخشی کە پاداشی بدرێتەوە. (٢٠) ھەر ویستوویە ڕەزامەندی پەروەرندەی ھەرە بەرزی بەدەس بێنێ. (٢١) بەم زووانەش ڕازی دەبێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زوحا وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سۆندێ دەخۆم بە چێشتەنگاو، (٢) بە جەنگەی ھەدا دانی شەو، (٣) پەروەرندەت نە وازی لە تۆ ھێناوە، نە لێت قەڵسە. (٤) دیارە دواڕۆژ بۆ تۆ لە دنیا چاترە. (٥) بەم زووانەش پەروەرندەت چاکەی وەھات دەگەڵ دەکا، ڕازی دەبی. (٦) چما نە سێویەک بووی، ئەو پەنای پێدای؟ (٧) دی گومڕایو ڕێی نیشان دای؟ (٨) دی ھەژاریو لە ئاتاجی دەری خستی؟ (٩) سا تۆش ھەتیو مەڕەنجێنە؛ (١٠) دەرۆزەکەر مەتارێنە؛ (١١) تۆ ھەر باسی چاکەی پەروەرندەت بکە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئینشیڕاح وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەدی ئێمە تۆمان سینە فڕەھ نەکرد؟ (٢) قورساییشمان لەسەر شانانت لا نەبرد؟ (٣) ئەوەی پشتی چەماندبووی؟ (٤) ناوبانگیشتمان بەرزەوە کرد. (٥) لەپاش تەنگانە فەرحانین؛ (٦) ئارێ، لە پاش تەنگانە فەرحانی ھەیە. (٧) ھەرگا لە کارت قوتار بووی، ڕاستەوە بە [بۆ کارێک تر]. (٨) ئەوسا لەبەر پەروەرێنت بلاڵێوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تین وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سۆند بە ھەژیر، بە زەیتوونیش، (٢) سۆندیش بە تووری سینایە، (٣) بەم باژێڕەش کە مەترسی وەبەر نایە، (٤) ئێمە مرۆن لە ڕێکترین شێوەدا وەدی ھێناوە. (٥) پاشان گێڕاومانەتەوە بۆ پلەی ھەرە بەرەژێر؛ (٦) مەر ئەوانەی باوەڕدار و ئاکارچاک بون، کە پاداشیان دوایی نایە. (٧) [سا ئەی مرۆ! ] چی تۆی دەسخەرۆ کردووە کە ژینەوەت پێ درۆیە؟ (٨) ئاخۆ خودا لە ھەموو فەرمانڕەوایان باشتر بە کاران ڕاناگا؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەلەق وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) وا بەناو پەروەرندەت! کە زیندەوەر کاری ئەوە. (٢) جسنی مرۆی لە جڵتەیێ وەدی ھێنا. (٣) بخۆنە کە خودانی تۆ لە ھەر کەس دەھندەترە. (٤) ئەو خودایەی بە ھۆی بنووسی ڕاھێنا. (٥) مرۆی لە شتێ ڕاھێنا کە زووتر پێی نەزانیبوو. (٦) نەخێر، دیارە مرۆ سەربزێوی دەکا؛ (٧) کاتێ دیتی لە خەڵکی دی بێ نیازە. (٨) دیارە بۆ لای پەروەرێنتە گەڕانەوە. (٩) ئاخۆ ئەو [زەلامەت] بینی بەری دەگرت، (١٠) لە بەدەیێ کە خەریک بوو نۆژی دەکرد؟ (١١) کوو ئەبینی ئەگەر لەسەر ڕاستەڕێ با، (١٢) یان فەرمانی بە لەخوداترسی دابا؟ (١٣) ھیچ بیرت لێ کردۆتەوە، ئەگەر باوەڕی نەھێنا و ڕوی وەرگێڕا، [خۆی تیا دەبا]؟ (١٤) مەگەر ئەو نەیدەزانی کە خودا دەبینێ؟ (١٥) نا، ئەر ھەر وازی نەھێنا، لە پێشەسەری دەنەوین؛ (١٦) پێشەسەری درۆکەری خەتاکاری. (١٧) دەبا ئەوسا ھاوار بۆ یانەکەی بەرێ. (١٨) ئێمەش گزیری دۆژەھی لێ دەنگ دەدەین. (١٩) ھەرگیز پەیڕەوی لەو مەکە و سوژدە بەرەو نزیک بەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەدر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئێمەین کە ئەم قوڕعانەمان لە شەوی ھەرە بەڕێزدا ناردۆتە خوار. (٢) کوو دەزانی ئەو شەوە بەڕێزە کامە؟ (٣) شەوێکە ھێندە بەقەدرە، ھەزار مانگ بارتەقای ناکا. (٤) لەو شەوەدا فرشتەکان و جوبڕائیل – بە ئیزنی پەروەرندەیان – داداەوەزن و ھەموو کار جێبەجێ دەکەن. (٥) ھەر خۆشی و ھێمنایەتیە ھەتا بوولێڵەی بەیانی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیینە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەوان ئەھلی کتێبانەی لە دین دەرچوون، وەل ئەوانەی بت پەرست بوون، نەدەترازن تا بەڵگەیێ ڕوونیان بۆ دێ. (٢) پێغەمبەرێک لە خوداوە چەند ڕووپەڕێکی پاکژیان بۆ وەخوێنێ. (٣) گەلێک نووسراوی بەنرخیان تیا ھەیە. (٤) ئەوەنەی ئەھلی کتێبن، لەبەر یەک ھەڵنەوەشابوون؛ مەگین وەختێ ئەم بەڵگە ڕوونەیان بۆ ھات. (٥) فەرمانیشیان ھەر ئەوەندە پێ درابوو کە ئەبێ خواپەرست بن و لە دین ئەودا دڵپاک بن و بەرەو ھەقانەت بڕۆن و نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ کە ئەمە دینی دروستە. (٦) ئەو کەسانەی کە وا ئەھلی کتێب بوون و لە دین دەرچوون، دەگەڵ بت پەرستەکاندا تاھەتایە، لە ئاگری جەھەندەم دان. ئەمان خراپترین کەسن. (٧) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، باشترین کەس ھەر ئەوانن. (٨) لە پەروەرندەیانەوە پاداشیان بەھەشتی عەدنە؛ جۆباری بەبەردا دەڕوا و ھەمیشە ھەر لەوێ دەبن. خودا لەوان ڕازی بووە و ئەوانیش لە خودا ڕازین. کێ لە خودای خۆی ترساوە، ئەمەی دەبێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زیلزال وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەرگا زەمین بە بوومەلەرزە توندەکەی ھاتە لەرزین، (٢) ئەم زەمینەش گرانباری خۆی وەدەرخست، (٣) مرۆش پرسی: چی قەوماوە، بۆ وا دەکا؟ (٤) ئەوێ ڕۆژێ بەسەرھاتەکەی باس دەکا. (٥) کە فەرمانی پەروەرێنی بەجێ دێنێ. (٦) لەو ڕۆژەدا مەردم بە پەڕژ و بڵاوی دێنە دەرێ تا ھەر کەسە کاری خۆیان نیشان بدەن. (٧) سا ھەر کەسێ بە سەنگایی مێروولەی ھەرە وردیلە، چاکەی ھەبووبێ، دەیبینێ. (٨) ھەر کەسێکیش بە قورسایی مێروولەی ھەرە وردیلە، خراپەی بووبێ، دەیبینێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عادیات وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بەو چارەوای بەلینگدانێ دەنرکێنن، (٢) بەوانەش کە ژێری پایان ئاورینگ دێنن، (٣) سۆند بەوانەش بەری بەیان ھێرش دەبەن، (٤) جا لەوێ تۆز ھەڵدەستێنن، (٥) دەشگەنە ناو ئاپۆرەوە، (٦) ڕاستی مرۆ، لە ڕاستی پەروەرندەی خۆی پێ نەزانە؛ (٧) خۆشی باش ئەمە دەزانێ. (٨) لە ئەوینی ماڵی دنیا گەلێ ڕژدە. (٩) ئاخۆ ئەوەندە نازانێ، کەی ھەرکێ لە گۆڕستان دەرخران و بڵاو کران، (١٠) ھەرچی لە ناو دڵانیشدایە زاندران، (١١) ئەوێ ڕۆژێ پەروەرندەی لە نووک و بەد ئاگادارە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قاریعە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەو دڵکوتە، (٢) دڵکوت چییە؟ (٣) کووت زانیوە دڵکوت چییە؟ (٤) ئەو ڕۆژە گش ئەو مەردمە وەک پەپوولەی پڕژاو دەبن. (٥) کێوەکانیش وەک خوری شی کراو دەبن. (٦) ھەر کەسێکی تای تەرازووی داھاتووە، (٧) تووشی ژیانی خۆش بووە. (٨) ھەر کەسێکیش لە کێشانە سووکی ھێنا، (٩) ئەوە ئەنوای «ھاویە»یە. (١٠) کوو زانیوتە لە «ھاویە» مەبەس چییە؟ (١١) ئاگرێکی بەنێڵەیە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەکاسور وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) شانازیتان بە فرەیی [ماڵ و منداڵ] ئێوەی بە خۆیەوە خافڵاند. (٢) تا ھەمووتان بوونە میوانی گۆڕستان. (٣) زۆر ناخایەنێ دەزانن. (٤) جارێ تریش، زۆر ناخایەنێ دەزانن. (٥) بەڵام ئەگەر ڕاستەقینەو بزانیبا، (٦) ئاشکرا دۆژەھتان دەدی. (٧) دیسانەکەش ھەر بە ئاشکرا دەتان دی. (٨) لەپاشان ھەر لەو ڕۆژەدا دەربارەی خۆشی دنیاوە لێو دەپرسن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەسر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سۆند بە ھەڕەتی ئێوارە، (٢) مرۆ گشتی زیانبارە؛ (٣) مەگین ئەوی بوونەتە خاوەن باوەڕ و کارچاک بوون و یەکتریشیان ڕاست دنەداوە و بۆ خۆگری ڕاسپاردووە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ھومەزە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھاوارە لە ھەر کەسێکی بە تەشەری خوسپکەرە؛ (٢) ئەوی ماڵی کۆ کردەوە و دەیبژێرێ. (٣) خەیاڵ دەکا دراوەکەی لە مردنی دەپارێزێ. (٤) نا نا، با وا خەیاڵ نەکا؛ بێ شک فڕێ دەدرێتە ناو «حوتەمە»وە. (٥) کا دەزانی نیاز لەو «حوتەمە» چییە؟ (٦) ئاگرێکە خودا ھەڵی گیرساندیە. (٧) بە سەر پەڕەی دڵاندا دێ. (٨) کە ئەمەیان بەسەردا گاڵەدراوە؛ (٩) لە ئەستوونەگەلێکی بەرز و بڵندا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فیل وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەدی نەتدی پەروەرندەت چ پەندێکی بەسەر فیل سوارەکان ھێنا؟ (٢) ئەدی فێڵ و گزیەکانی ھەموو لێ پووچەڵ نەکردن؟ (٣) دەستە دەستە باڵداری ھەناردە سەریان. (٤) گزموولە قوڕی وەک بەردیان تێدەگرتن؛ (٥) تا بە دەردی کایەکی خوراوی بردن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قوڕەیش وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بۆ پێکەوە مانی قورەیش، (٢) کە ساڵانە دوو جار دەچن بەرەو زۆزان و گەرمیان، (٣) با خودانی ئەم خانووە بپەرستن؛ (٤) کە ئەوانی لە نیزی بێ نیاز کرد و دڵنیای کردن نەترسن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماعون وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئاخۆ تۆ ئەو [زەلام]ەت دی ڕۆژی جەزای لا درۆ بوو؟ (٢) ھەر ئەویش بوو کە ھەتیوی [بێ دەرەتانی] ئەڕانی. (٣) بۆ نان دان بە ھەژارانیش ھانە نادا. (٤) ھاوار بۆ ئەو نۆژکەرانەی، (٥) ھۆش بە نۆژەکەیان نادەن. (٦) ئەوی دەستەی ڕووبینانن، (٧) دەبنە بەرگر لە باربوو دان و زبارەش. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەوسەر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئێمە زۆر شتمان دا بە تۆ. (٢) سا تۆ بۆ پەروەرندەی خۆت نمێژ و قوربانی بکە. (٣) ئەوی لێت بەناتۆرەیە، بۆخۆی وەجاخی کۆرەیە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کافیرون وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بێژە: ئەی خوانەناسەکان! (٢) ئەوی ئێوە دەیپەرستن، نایپەرستم. (٣) ئێوەش ئەوی دەیپەرستم، نایپەرستن. (٤) ئەوەش پەرستوتانە نایپەرستم. (٥) ئێوەش ئەوی دەیپەرستم، نایپەرستن. (٦) دینی خۆتان بۆ خۆتان و منیش دینی خۆم بۆ خۆمە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەسر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەرکاتێ یارمەتی خودا گەییشتە ئێوە و سەرکەوتن، (٢) خەڵکیشت دی – گرۆ گرۆ – دێنە ناو دینی خوداوە، (٣) ھەر تاریف و شوکری پەروەرندەت بکە و داوای بوردنی لێ بکە. ئەو ھەمیشە پەژیوانی پەژیوانان قبووڵ دەکا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەسەد وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەبوولەھەب ھەر دوو دەستی شەلە بێ و عەمری نەمێنێ. (٢) نە سامانی و نە ئەوی پەیدای کردووە بەھرەی بۆدا. (٣) ھەربینا ئاگری بەگڕ ئەیسووزێنێ. (٤) ژنەکەشی دەستەچیلە بە کۆڵ دێنێ. (٥) گوزەرھۆنی سیرمەی دووبادی دەملدا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیخلاس وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بێژە ئەو خودایە تاکە. (٢) خودایەکی بێ نیاز و جێ نیازە. (٣) کەس لەو نەبووە و ئەویش لە ھیچ کەس نەزاوە. (٤) ھەرگیز ھیچ کەسیش نەیتوانیوە ھەمبەری بێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلەق وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بێژە: من خۆ دەپارێزم، بە وەدی ھێنی زا لە ماک، (٢) لە وەزەنی ھەرچی دروستی کردووە؛ (٣) لە ڕوشەی شەو، کاتێ تاریکایی دادێ؛ (٤) لە تۆشی جادوگەرانی پف دەکەنە چەند گرێیەک؛ (٥) لە گێچەڵی ئێرەیی بەر، وەختێ کە ئێرەیی دەبا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناس وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بێژە: من خۆ دەپارێزم بە خودانی ئەم مەردمە، (٢) فەرمانڕەوای ئەم مەردمە، (٣) خودای [گەورەی] ئەم مەردمە، (٤) لە بەڵای وازوازیھێنی خۆپەنادەر؛ (٥) ئەوی دڵی ئەم مەردمە کرمێ دەکا؛ (٦) لە جنۆکە و لە مەردمیش. ++++++++++++++++++++++