شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی پرێسکەی عاشقێکی زگماک سەرناو: جاڕدانی مەرگ سەبارەت: (٢٠٠٢/٤/٢٩ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew عەیامێکە قەڵەمەکەم خۆڵەمێشە و ئاگرێکم نەنووسیوە. عەیامێکە لەسەر بەفر... ڕانەکشاوم، لەبەر باران... جوانێکم ڕانەمووسیوە! ئەوە منم چیدی نەچمە بەرمەمکان و بەرەو جێژوانان پێ نەگرم؟ ئەوە منم کانی سیحر لە گەردنێک هەڵقوڵێت و گوێی لێ نەگرم؟ ! *** ئەو ئاگرەی لەگەڵ بوونما هەڵایسا و ساتێک هێور نەدەبۆوە چۆن دامرکا؟ کەی کوژاوە؟ ئەگەرشێتی و ئەڤین تەواو... ئەدی بۆچی بێدەنگم و مەرگی خۆمم جاڕ نەداوە؟ ! ++++++++++++++++++++++