شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی پرێسکەی عاشقێکی زگماک سەرناو: هەولێر لە یەکی شوباتا ٤ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بیرەوەری هەموو گیانی داگیر کردووم بیرەوەری، لە بنپێوە تا تەوقیسەر دایپۆشیوم بیرەوەری جەنگەڵێکە و لە جەرگەیدا وەکوو کارگ هەڵتۆقیوم بیرەوەری، جگەرگۆشەم، بیرەوەری... ئەرێ بەڕاست، تۆ لە بیرت ماوە یا نا؟ سۆڵەی سەرمای شەست و سێ بوو... شەوێکی تاریک و پڕ سام، لوورەی بەعس و تاسەی نان و تەنیاباڵی هەڵیانپێچام وەکوو کۆترەباریکەیەک نە عەرد دەیهێشت بنیشمەوە نە ئاسمانیش بۆ هەڵفڕین بواری دەدام سەری گێژ و سەراسیمەم لار کردەوە ڕوومەتی خۆم بە کۆشت کرد، هەنیسکم دا و بێدەنگ گریام تۆش سنگ و بەرۆکت ڕووت بوو... دەندەکانت زەق زەق دیار بوون... بەئاسانی دەمخوێندنەوە بەئاسانی دەمژماردن: سێتاقان، سەیداوە، کووران... تۆپخانە، باداوە، تەکیە... دەمخوێندنەوە و دەمژماردن... تۆش دەستە لاوازەکانت هێدی هێدی بەسەری مندا دەهێنان، دەتگوت: 'مەگری، مەگری بەرخم، ئارام بگرە کوڕیژگەکەم، شەوی بەعس بەسەر دەچێ بەعس چییە؟ ! عەگالێکە و دزداشەیەک! هاکا دیتت پێکایان و مرداریان کرد، دایانپەڕاند وەک واشەیەک! ' نازانم بۆ، جگەرگۆشەکەم، لەو ساتەدا، لە بیرم چوو لێت بپرسم: ئەدی چبکەم، دە پێم بڵێ، ئەدی چبکەم ئەگەر بەعس، لە پڕێکا دزداشەکەی خۆی داکەند و عەگالەکەی تووڕ فڕێ دا؟ ئەدی چبکەم، ئەگەر بەعس ڕانکوچۆغەی کردە بەر و وەک داڵ چاوی هەڵکۆڵیم و وەک تەنافباز تەقڵەی لێدا؟ ! * * * نازانم، بەم بەیانییە، ئەو پۆلە قاز و قورینگە نوورپژێنە بۆ کوێ دەچن؟ بۆچی گەردن و شاباڵیان هێندە سوورە؟ لەوەتی هەم قەت لە سەرەتای شوباتا قەتارەی وا ڕەنگاوڕەنگم نەبینیوە تەماشاکە، جگەرگۆشەم، تەماشاکە تۆ پیتۆڵ و دنیادیتەی، کلیلی ڕاز و نهێنی ئەو پۆلە قاز و قورینگە هەبێ و نەبێ هەر لای تۆیە... کەوابێ، توخوا، پێم ناڵێی ئەوان هێما بۆ چی دەکەن کە دەخزێنە بن شاپەڕی یەکترەوە و وەک قۆزاخەپەمۆی تەقیو، کەروێشکە دەکەن و دەشنێنەوە؟ ئەی ڕاسپێری چییان پێیە کاتێ بە دەوری یەکتردا لەپڕ خەرمانە دەدەن و وەک پوولەکەی ڕەنگاوڕەنگی چلچرایەک، بە بنمیچی ئاسمانەوە دادەلکێن و دووراودوور دەبریسکێنەوە؟ فەرهەنگۆک: کارگ: کوارگ، قارچک سۆڵە: سەرمای بەتین کوڕیژگە: کوڕی بچکۆلە تەقڵە: خۆھەڵگێڕانەوە بە سەردا قورینگ: قوڵنگ، باڵندەیەکی قازئاسای گەرمێن و کوێستانکەرە پیتۆڵ: زیرەک، وریا قۆزاخە: پیلەی کرمی هەورێشم قۆزاخەپەمۆ: پەمۆی ئامادەی ڕێسان ++++++++++++++++++++++