شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی پرێسکەی عاشقێکی زگماک سەرناو: هەولێر لە یەکی شوباتا ١ سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆ دەزانم کەزی و بسکت زۆر لە پەمۆ سپیترە و لۆچەکانی ڕووی نوورانیت شیرمژەیی گاتاکانیان هەر لە بیرە. خۆ دەزانم کە ئاورینگی چاوی زەردەشت تا ئێستاش لێت نابێتەوە تا هەنووکەش لە میحراب و نزرگەکان شەوگاران دەبریسکێتەوە. خۆ دەزانم کە هەزاران شاری دنیا بە ڕەوڕەوەی قەڵاکەی تۆ پێڕەوکە بوون. ئەدی ناڵێم گەردنبەرزیت هی سەفینە و بەخشندەییشت هی قەراج؟ ! ئەدی ناڵێم، وەتی تۆ هەی، هەر تاجبەخشی و بۆ جارێکیش خۆت نەبوویتە خاوەنی تاج؟ ! لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆکە دێم، ئاوێزانی بەژنت دەبم، نەرمە نەرمە دەست بە قژی خوێناویتا دەهێنم و بە هەنسکی گریانەوە کەعبەی نێوان هەردوو چاوت ماچ دەکەم و بەئاستەم دەسرتێنمە گوێت: جگەرگۆشەکەم! *** لەبەر چاومە و دەزانم بە چ دەردەسەرییەک تۆ تەعجیلت فرچک دا. بە چ شەونخوونییەک قەیسەریت لە خەم ڕەخساند. لەبەر چاومە و دەزانم چۆن شەوێک، دوای خەوزڕان، شانی منارەی چۆلیت بە ئاستەم ڕاتەکاند و لە شەکرەخەوت هەڵساند. پاشانیش، بە ئاسپایی، بە ترووکەیەکی چاو، هێمات بۆ عەنکاوە کرد. هەر ئەوەندە و هیچی تر... ئیدی ئەوا چەند ساڵە، چەند عەیامە لەوساوە منارە نۆبەرەکەت، بە بەرۆکی واڵاوە، گاردی خاچ و مەسیحە، ڕووەو باڕەش وەستاوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆکە دێم، ئاوێزانی بەژنت دەبم نەرمە نەرمە دەست بە قژی خوێناویتا دەهێنم و بە هەنسیکی گریانەوە کەعبەی نێوان هەردوو چاوت ماچ دەکەم و بە ئاستەم دەسرتێنمە گوێت: جگەرگۆشەم! *** لەو پیاسە دووقۆڵییانەدا، کە من و تۆ بە ئاقاری ڕۆژگاراندا کردوومانن، کوا چی ماوە بۆم باس نەکەی؟ ! نازانم لەبیرتە یا نا؟ ئێوارەیەک، لای گردەکەی قالیچاغا، ڕاتگرتم و دەستت لەسەر شانم دانا... سەیرم کردی و سام گرتمی. سەیرم کردی و لەو ساتەدا هەموو مێژوو لە نیگاتا، وەک دەریایەک، لەسەر گازی پشت ڕاکشا. چاوت بڕیە چاوەکانم و به زمانێک، پڕ لە بۆنی هەزار ڕەنگی تووتنی ناو قەلنەکەی مەم، باسی جەنگی دەستەویەخەی ئیسکەندەر و دارات بۆم کرد، باسی خاکێک چۆن لە لانەی گزنگەوە بوو بە خانەی کۆیلەیی و خەم... سەیرم کردی و لەسەر شاشەی ناوچەوانت شتێک نەما بەدیی نەکەم: جێبرینی شیروتیری عەفلەقە سەر قانگەکانی سەدەی حەفتەم، ئاین و ئۆینی خۆشکەکانی (إن) و (کان)، تریاکی موعەللەقات و بەنگی ئیعرابی (لن) و (لم)، نا هیچ نەما لەو ساتەدا بەدیی نەکەم: ئەنفالەکانی هۆلاکۆ، جێسمی هەسپی تیموورلەنگ، سەفەربەرلکی سۆڵتان، چنگۆڕکی سووری شای عەجەم... چوونە غەزای بێهاتنەوە، جارێک بۆ ئەو جاڕێک بۆ ئەم... فەرهەنگۆک: گاتا: بریتییە لە سروودی زەردەشت، کە بە شیعر دانراوە. گاتاکان بەشکێن لە یەسنا (کە بەشێکی ئاڤێستایە) ئاورینگ: ئاورنگ، چریسک، پڕیشکی وردی ئاگر. قانگدان: دەرپەڕاندنی گیاندار بە دووکەڵ ++++++++++++++++++++++