شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی پرێسکەی عاشقێکی زگماک سەرناو: ڕەهبەر ٢ سەبارەت: (١٩٩٨/٤/٤ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (٢) ئێستا تێدەگەم: ئەوەی تۆ دەتزانی، من نەمدەزانی ئەوەی تۆ دەتبینی، من نەمدەبینی. ئەوەی تۆ دەتبیست، من نەمدەبیست. تۆ دەتزانی، زوو تاریکیت بەسەردا دێ. بە چاوی خۆت دەتبینی تا دێ کڕێوە و با و بۆران هەر دژوارتر دەبن. هاشەهاشی باڵی سیسارک و قەلەڕەشکەکانت دەبیست، کە بە سەرتەوە لەنگەریان گرتبوو. ئێستا تێدەگەم... ئێستا دەزانم، چارەنووس بوو... تۆ دەبوایە، وەک برووسکەیەکی ئاتەشی، بازرەقە ببەستی و شۆپێک جێبهێڵی و خێرا بە ناو تاریکیدا ڕەت بی. برام، وریا بە ئەو دیوارە دیواری چینە. ناڕمێ، پەلە مەکە! -(پەنجەکانم برووسکاوێژن: دەیڕووخێنم. ) برام، وریا بە! تەوژمی ئەو ڕووبارە لە هیچ ناپرینگێتەوە. دەترسم بتبا، پەلە مەکە! -(خەونم بەنداوە، دەیوەستێنم! ) فەرهەنگۆک: شۆپ: شوێنی پێ ناپرینگێتەوە: سڵ ناکات، ناترسێت(سڵ کردن و ترسان لە شتێک) ++++++++++++++++++++++