شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی پرێسکەی عاشقێکی زگماک سەرناو: سەربردەی شیعر سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew شیعر، شاخێکی ئەستەمە داوێنەکەی ئاپۆرەیە جەنگەڵ و بێشەی قەڵەمە کە دەگەیتە قەدپاڵەکەی پەنگانەوەی حەشاماتە ڕاکەڕاکەی ڕەوەئاسکی بەردەم گورگە ئەمان دەستیان لەسەر دڵە و ئەوان دەستیان لەسەر ورگە که هەورازتر هەڵدەڕوانیت تاکوتەرا لێرە و لەوێ چەند بەژنێکی خاچئاسایی دەشنێنەوە سەرتاپێیان شەڵاڵی خوێن هەنگاویان پڕ هێمای خەمە هەر ئەمانەن هەورازبەزێن هەر ئەو چەندەن ڕێی لووتکەیان لە بەردەمە. * یەکەمجار لە بەهاری ١٩٩٤دا لە هەولێر خوێندراوەتەوە. فەرهەنگۆک: ئاپۆرە: قەرەباڵغی، هەزارەزیلە، کەڕەسیسەی خەڵک شەڵاڵ: سەراپا تەڕ(شەڵاڵی خوێن و ئارەقە و... هتد) ++++++++++++++++++++++