شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی پرێسکەی عاشقێکی زگماک سەرناو: په‌راوێزێک بۆ مێژوو سەبارەت: (١٩٩٨/٣/١٨ - هێلسنکی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بۆ عه‌زیز محه‌ممه‌د ئه‌وەی هه‌ور پە‌ڕه دەکا و دەیتارێنێ قۆناغ قۆناغ، ئاقار ئاقار: هه‌ر خۆمانین! ئه‌وەی که‌وە و که‌و ڕاو دەنێ ڕەوەز ڕەوەز، زنار زنار: هه‌ر خۆمانین! هه‌ر تابووتێک بۆمان دەکرێ ته‌خته و چه‌کوچ، مێخ و بزمار: هه‌ر خۆمانین هه‌ر شارێکمان دوگمه‌ی یه‌خه‌ی دەترازێنرێ دەسته‌دز و پاشه‌دز و حه‌سحه‌سی شار: هه‌ر خۆمانین! له هه‌ر باخێک گڕ له باڵی دارێک به‌ربێ، له هه‌ر شاخێک تاشه‌به‌ردێک بڕمێته خوار: هه‌ر خۆمانین! هه‌ر ڕۆژێکمان، هه‌ر مانگێکمان، هه‌ر ساڵێکمان هه‌ڵدەواسرێ، سێداره و په‌ت: هه‌ر خۆمانین! دوو له‌ت بین و چوار له‌ت بین و هه‌زار له‌ت بین تیخی نه‌فرەت: هه‌ر خۆمانین! پشت و قامچی، باڵدار و داو: هه‌ر خۆمانین پێ و به‌رپێنه، ئاگر و ئاو: هه‌ر خۆمانین! با که‌س چیدی تف هه‌ڵناوێ بۆ ئه‌وانه‌ی مێژووی مردوون، با که‌س چیدی سووچ نه‌خاته ئه‌ستۆی دەریا و قیسمه‌تی خوا و که‌چ گه‌ڕانی چه‌رخی گه‌ردوون. گشت سه‌حراکان... بنارێکیان پێ ناگیرێ، ئێمه خۆمان لووتکه‌کانمان پێشکه‌ش کردوون! فەرهەنگۆک: په‌راوێز: حاشیه، زێوار، گه‌ڤه‌ر، که‌نارە ئاقار: دەورووبه‌ر، عاستی شت زنار: به‌ردی گه‌ورە حه‌سحه‌س: که‌سێکه به شه‌و ئێشکی ئاوایی بگرێ ++++++++++++++++++++++