شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی برووسکەچاندن سەرناو: ئایدیا سەبارەت: (١٩٨٠/١/٢٩ - بوداپێست) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چەند ڕۆژێکە، ئیدیای شیعرێ، وەک مەلێکی سپیی تیژباڵ١، لێم ناگەڕێ و لێم ناگەڕێ هەرچەند خۆمی لێ ون دەکەم، لە پڕێکا هەوری بیرم دەقڵیشێنێ و تێدەپەڕێ هەدا نادەم! ٢ نازانم کەی ئەو باڵندە کێویلەیە هەڵدەنیشێ؟ کەی ڕام دەبێ؟ کەی لێم ڕادێ؟ دەڵێی ژنە! دوای دەکەوم، بۆم ناگیرێ دەکشێمەوە، بە دوامدا دێ ١. تیژباڵ: مەلی خێرا لە فڕینا ٢. هەدادان: ئۆقرەگرتن، دابین بوون، ئارام گرتن، داسەکنان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا نیوەی ڕێگە هاتووین سەبارەت: (١٩٨٠/٢/٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تا نیوەی ڕێگە هاتووین بیر لە چی دەکەنەوە؟ تازە بۆ کوێ؟ بۆ دواوە؟ ! دە تەماشای دواوە کەن، چ شوورەیەک بە هێسکی شەهیدان هەڵچنراوە! ها گوللە، لێی بپرسن، پاش ئەوەی ئاگر دەدرێ قەت ئاوڕ دەداتەوە؟ ها وشە، لێی بپرسن، کاتێ لە دەم هەڵدەفڕێ قەت ئاوڕ دەداتەوە؟ ها جۆگە، لێی بپرسن، کە بەرەو چەم ڕێ دەبڕێ قەت ئاوڕ دەداتەوە؟ تا نیوەی ڕێگە هاتووین بیر لە چی دەکەنەوە؟ تازە بۆ کوێ؟ بۆ دواوە؟ ! دە تەماشای دواوە کەن، چ شوورەیەک١ بە هێسکی شەهیدان هەڵچنراوە! ١. شوورە: حەسار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ قەرەجێک سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) بەس تەماشای ناولەپم کە! خۆ من نامەوێ پێم بڵێی، دەبم بە باوکی چەند مناڵ، زەنگین دەبم، یا هەروا لات... تەنیا شتێکم پێ بڵێ: هەتا ماوم وەک تۆ دەژیم، یاخۆ دەبمە خاوەن وڵات؟ ! (٢٥؍٢؍١٩٨٠ - مۆسکۆ) (٢) ئاسمانی تۆ بەرپێی خۆتە. سەرت شۆڕکە، ملت کەچ کە، چاو مەگێڕە بۆ ئاسمان و ئەستێرە و خوا ئەوەی بستێک خاکی نەبێ، خوا و ئەستێرە و ئاسمانی کوا؟ ! (١٨؍١؍١٩٨٢ - پۆتسدام) (٣) مەراق مەخۆ، سەغڵەت١ مەبە، من بۆ تۆمە. بەری دەستم کەس تێی ناگا نهێنییەکەی هەر لای خۆمە. ناولەپ٢ نییە! نەخشەیەکی پڕ نەوال٣ وچیا و چۆمە! (١٩٩٢/٢/٢٩ - مۆسکۆ) ١. سەغڵەت: درماندە ٢. ناولەپ: توی کف دست ٣. نەوال: نەواڵ، نوهاڵ، دۆڵ، شیڤ، دەرەی ناو شاخوداخان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نهێنی سەبارەت: (١٩٨٠/٣/١٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خانمۆڵەکەم! دە پێم بڵێ: لەکوێ فێر بووی، هۆنراوە بکەیتە پەخشان؟ لەکوێ فێر بووی، دەریای یاخی ئارام بکەی وەکوو ئاسمان؟ خۆ تۆ شلکەنەمامێکی١، گیانی گیانان، چۆن دەتوانی سندم٢ لە پێی گڕکان٣ بکەی، لغاو٤ بکەی دەمی زریان؟ چۆن بە ساتێک ئاوا ژینم دەڕەنگێنی، بە ساتێکیش بەستەڵەکی تیا دەکەیتە سەرچۆپیکێش؟ چۆن بە ساتێک وەکوو ئاگر هەڵمدەکەی، بە ساتێکیش ئاوا دەمکەی بە خۆڵەمێش؟ ... ١. شلک: ناسک، نەرموشل ٢. سند: پێوەندی ئاسن ٣. گڕکان: بورکان، ئاگرپژێن، ئاگری ٤. لغاو: جڵەوگرتن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێمە درەختی سەبارەت: (١٩٨٠/٤/٢٢ - مۆسکۆ - وارشۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئێمە درەختی زڕ و بێبەر نین، تا لە چوار لاوە بمانبڕنەوە. ئێمە تووتن نین، چەرچی و بازرگان بمانفرۆشن و بمانکڕنەوە. ئێمە بە هەنیەی١ دنیاوە تف نین، بە سووکەدەستێک بمانسڕنەوە. ئەو دڵە پاکەی گوانەنەوتێکی داگیرکەرانە سبەی ملیۆنان ڕمی باڵدارە. ئەو نیشتمانەی بەردەبازێکی بەرپێی هەمووانە سبەی ملیۆنا سەنگەری سوارە. *** هەستن، هەڵۆی شاخان، هەستن! لە هەستاندا ئێوە یەکن: یەک بیر، یەک ڕێ، یەک مەبەستن. هەستن، هەڵۆی شاخان، هەستن! لە هەستاندا ئێوە زۆرن: چل ملیۆن چاو، چل ملیۆن قاچ، چل ملیۆن مەچەک و دەستن. هەستن، هەڵۆی شاخان، هەستن! ١. هەنیە: ئەنی، هەنی، ناوچاوان، تەوێڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نزا سەبارەت: (١٩٨٠/٤/٢٦ - پۆڵۆنیا/ئەپۆلی) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بیستوومە، دەڵێن: خۆر، وەک مەلێکی پەڕوباڵ زێڕین، ناولەپی مەزدەی١ کردۆتە لانە. تا ئەم نەبزوێ، خۆر لە جێگەی خۆی ناجوڵێتەوە. ئاهوورەمەزدە! زۆر نا، هەر جارێک، هەوارگەکەی خۆت وەبیربێتەوە تەکانێک بدە، دەستێک ببزێوە، بەڵکوو تیرێژێک٢ بیگرێتەوە! ١. مەزدە: ناو گەورە خوای ڕووناکییە لە ئاینی زەردەشتیدا ٢. تیرێژ: تیرۆژ، تیشکی خۆر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ ڕۆزە سەبارەت: (١٩٨٠/٥/٩ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کاتێ من وەکوو پاسارییەکی١ ڕاوکراوی تۆ، لەرزەلەرزم بوو لە بەر بارانی شینی چاوی تۆ، لە دەنگی تۆدا بە ئاستەم زەنگی کڵێسە لێی دا: 'کوردم خۆشدەوێ... کورد جەنگاوەرە... ' سا توخوا وەرە! خۆ من کوردم و تا سەر هێسک کورد... بۆیە، ببوورە گەر لێت بپرسم: پێم ناڵێی، بۆچی هێندە لە ژوانی بارانی شینی چاوت دەترسم؟ ! ١. پاساری: سواندۆکە، سواندولکە، جۆرێکە لە چۆلەکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنیایی سەبارەت: (١٩٨٠/٥/١٠ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەم دنیایە لە هوندوڕی١ جەنگەڵ دەکا شێی نەفەسبڕ ڕەگی بوونم گەندەڵ دەکا بگرەوبەردەی نابڕێتەوە هەر تەنیایی چرای هزر و خۆبینینم بۆ هەڵدەکا بەڵام بریا، خاتوونەکەم، تۆ دەتزانی هەندێ شەوان تەنیایی چیم لەگەڵ دەکا دێ، دەتەنێ دەشتی ڕۆحم بە هۆبەی٢ خەم بەهاریش بێ، شینکەم٣ نوقمی خەزەڵ٤ دەکا هەر ئەو دەمبا بۆ خەڵوەتگە هەر ئەویش دێ لە پڕێکا میحرابەکەم چەپەڵ دەکا وات چەش کردووم بە تاموبۆی سفرەی لەشت جارجار نەفسم لە گورکێکی زیتەڵ دەکا تا بەیانی دەلوورێنێ و مانگ ڕاو دەنێ ئەلهای٥ کەزی و شلکەی ڕان و کەفەڵ دەکا پەریی شیعر، ئەوەی کچی تەنیاییمە تۆم لا نەبێ، لە تارمایی و کۆتەڵ٦ دەکا هەر ئیکسیری باوەشی تۆ هەردوو بەهەشت گۆشەگیری و گەرمیی بەدەن، تێکەڵ دەکا گوناهت کرد کە نەهاتی تووڕەش نابم کچ نەمامە پێش گڕگرتن دووکەڵ دەکا! ١. هوندوڕ: ناو، نێو، ژوورەوە ٢. هۆبە: ئۆبە، هۆب، کۆمار، کۆمەڵەڕەشماڵ ٣. شینکە: چیمەن، سەوزەڵان، گیاجاڕ، شینایی ٤. خەزەڵ: گەڵای زەردی پایزان ٥. ئەلها: تاسە، تامەزرۆیی ٦. کۆتەڵ: کۆتڵ، هەسپێکە لە کاتی شیندا بە ئەسبابی مردووەوە دەیگێڕن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەفتەری سوور سەبارەت: (٢/٦/١٩٨٠ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew وڵاتانی تێری جیهان دەفتەرێکی سووریان هەیە بۆ ئەو مەل و گیاندارانەی کە کوشتنیان قەدەغەیە تکا دەکەم لە یۆنیسکۆ لە دەفتەرە سوورەکەیدا ناوی منیش تۆمار بکا لە ڕاوکەر و بازرگانان کەوڵ١ و پێستم ڕزگار بکا ئەمن چبکەم! نە خزۆکم٢، خشپەیەک هات بۆ زەندۆڵێک٣ تێتەقێنم وەک با تەی کەم خەرەند٤ و هەڵدێر و تەلان نە دەعباشم٥ بە کەڵبە بێچوو هەڵگرم کونەشاخێک بکەم بە لان! ئەمن چبکەم! نە باڵندەم، عەرد دەرم کا دەرگەی ئاسمان ڤەکەم بە باڵ نە ماسیشم، گەرداو هەڵکا ناخی دەریا پەنام بدا و پەی پێم نەبا چاوی خەیاڵ... من هەم و نیم دووپێیەکم کەچی ئەوا زەردەواڵەی دووپێ دەمخۆن تێم ئاڵاون لە ڕاست و چەپ، لە خوار و ژوور سەرتاپام هەمووی برینە پەنام بدە دەخیلت بم، دەفتەری سوور! ١. کەوڵ: پێستی گیراوەی هێندێ گیاندار ٢. خزۆک: خشۆک، ئەو گیانەوەرەی بە خشین دەڕو ٣. زەندۆڵ: قڵێش و درزی زەوی ٤. خەرەند: هەڵدێر یا زەندۆڵ و قەڵشێکی قووڵ و ڕک و هەرا و لە زەویدا (وەک هی ڕەواندز) ٥. دەعبا: بریتییە لە گیاندارێک کە ناوی نەزانرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوێنی و ئەمڕۆ سەبارەت: (١٩٨٠/٦/٢١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دوێنێ ویستم بێمە بەردەمت، چۆک دادەم پەردە لەسەر چاوی شینی ئەوین لادەم نەفسی بەرزم ڕێگەی نەدام ترسام بڵێی: 'ئارام بگرە... هێشتا زووە... ' کەچی، ئەمڕۆ لە کاتێکدا تۆ خۆت هاتووی کژ١ گۆڕاوە قاز و قورینگ٢ قەتارەیان بۆ لایەکی دی بەستووە٣ دڵی منیش ڕووەو عەرشی شۆخێکی تر سەری ماندووی داخستووە... ١. کژ: وەرز، فەسڵی ساڵ ٢. قورینگ: قوڵنگ، باڵندەیەکی قازئاسای گەرمێن و کوێستانکەرە ٣. قەتاربەستن: قەتارەبەستن، ڕیزبەستنی لەدووی یەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێدەنگی سەبارەت: (١٩٨٠/٨/٥ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کە من کڕ١ دەبم، تۆ مەمدوێنە. تا مێوەی داری سەرم پێ نەگا، چڵی٢ زمانم ڕامەوەشێنە! هەر من بێدەنگ نیم! تۆ سەرنج بدە، کە رەوەزی٣ چیا سنگ دەداتە بەر قامچیی برووسکە٤، چەند کڕ و کپە! کە چەکەرەی گیا پەل دەهاوێژێ ڕووەو ترووسکە، ٥ چەند کڕ و کپە! ***** کە من کڕ و بێدەنگ دەبم، وا تێ نەگەی بارسووکەڵە و دەستبەتاڵم_ بڕوا بکە، وەک پلوورەی٦ هەنگە سەرم، هێند سەرقاڵم! هێندە باسی نیشتمانی خۆم بۆ کردی، هەتا گیانت لێوانلێو بوو لە ئەڤینی، بە ئاواتی جارێک بچی، چاو بڕێژی بە شار و دێی، دەستێک بدەی لە برینی؟ ... کە من کپ بووم، کپیم زین کە، تەماشام کە و زەنگۆ لێدە: ٧ نیشتمانم خڕ٨ دەبینی! ١. کڕ: بێدەنگ بوون ٢. چڵ: لقی درەخت و گیا ٣. رەوەز: کەپکەشاخ، گابەردی زۆر گەورەی چینچینی کێو ٤. برووسکە: چەخماخە ٥. ترووسکاندن: بریسکانەوە، چرسکان، تەیسین ٦. پلوورە: خڵێف، خەڵێف، کوورەی هەنگ، کەندووی مێشەهەنگ ٧. زەنگۆ: زەنگوو، ڕکێف، ئاوزەنگی؛ زەنگۆ لێدە: ڕکێف لێدە ٨. خڕ: هەموو، هەمی، تەڤ، گشت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆ کوشتن سەبارەت: (١٩٨٠/٨/١٨ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من به خوێنی خۆم شیعر گۆش ده‌که‌م١، گه‌رچی ده‌زانم گیانکێشم ئه‌وە؛ شه‌و له توێی خۆیدا گزنگ٢ هه‌ڵده‌گرێ، گه‌رچی ده‌زانێ، یه‌که‌م تیری ڕۆژ بۆ جه‌رگی شه‌وە! ١. گۆشکردن: یه‌که‌مجار شیردان به منداڵی تازه‌بوو، فرچک دان، بەخێوکردن ٢. گزنگ: ده‌رکه‌وتنی هه‌تاو لە شوێنێک یه‌که‌م جار له به‌یانیاندا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوو سەبارەت: (١٩٨٠/٨/١٨ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هه‌موو ڕۆژێ، سبه‌ینان زوو، دڵیژگه‌ی١ خۆم تژی٢ ده‌که‌م له تیشکی ڕۆژ، له پێلی٣ سووری کاره‌با، وە‌ک نامه‌یه‌ک ده‌یپێچم و ده‌یده‌مه با. با سه‌رپشکه٤، لێی ناپرسم بۆ کێی ده‌با! ١. دڵیژگه: دڵی بچکۆلانە ٢. تژی: پڕ، لێوانلێو، مشت، کەیل ٣. پێل: شه‌پۆل، په‌ل، قه‌لوه‌ز، شڵپاو ٤. سه‌رپشک: سەربەش، خاوەن بڕیار لە هەڵبژاردندا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: «له ڕۆما» یان «نامەیەک لە ڕۆماوە بۆ مۆسکۆ» سەبارەت: (١٩٨٠/١٠/٢٤ - ڕۆما) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چه‌ند به‌خشه‌نده و دلۆڤانی١! له سایه‌ی تۆ سه‌رم لێوانلێوی٢ ژنه. ئه‌وه‌ی ژنی ئه‌م شاره‌یه هه‌ڵبژارده‌ی دڵی منه. ئازیزه‌که‌م! تۆ ئادگاری٣ خۆت به‌خشیوە به هه‌موویان: ڕه‌وت و ڕامان٤، ئاخافتن٥ و تریفه‌‌ی بۆن له هه‌ر کوێ بن، تۆیان تێدا ده‌خوێنمه‌وە و هه‌موو هی تۆن! له‌م شاره‌دا، ڕوو ده‌که‌مه هه‌ر کونجێک٦ تۆی. لای جامخانه‌ی٧ هه‌ر کۆگایه‌ک٨، له هه‌یوانی هه‌ر ته‌لارێک٩، له به‌رده‌رگه‌ی هه‌ر زنجێک١٠ تۆی. له‌م شاره‌دا، هه‌ر لێوێ لێوێک ڕامووسێ ڕامووسانی١١ من و تۆیه. هه‌ر ده‌ستێ بکرێته گه‌ردن ده‌سته‌ملانی من و تۆیه. ئه‌نگۆره‌یه١٢. ئه‌وا دوو دوو، لێره و له‌وێ، ئه‌وینداران ده‌خزێنه بن باڵی یه‌کتر، به سرته١٣ گفتوگۆ ده‌که‌ن. من بێ ئه‌وه‌ی نێزیکیان بم سوور ده‌زانم که باسی من و تۆ ده‌که‌ن. چه‌ند به‌خشنده و دلۆڤانی! وا له سایه‌ت، له‌م شاره دوور و نامۆیه، سه‌رم لێوانلێوی ژنه، سه‌رم لێوانلێوی تۆیه! ١. دلۆڤان: به‌زه‌یی، میهره‌بان ٢. لێوانلێو: تژی، پڕ ٣. ئادگار: سیما، چەهرە، بچم(ملامح) ٤. ڕه‌وت و ڕامان: بێده‌نگ بوون، بیرکردنه‌وه له شتێک ٥. ئاخافتن: گفتوگۆ، قسه کردن، وتووێژ ٦. کونج: قوژبن، په‌نا ٧. جامخانه: هۆده‌ی شووشه به‌ند ٨. کۆگا: کۆمه‌ڵێکی گه‌وره له هه‌موو شتێک ٩. ته‌لار: باڵاخانه، کۆشک ١٠. زنج: هۆده‌یه‌‌ک له قامیش و چیلکه و پووش و قوڕ درووست کرابێ ١١. ڕامووسان: ڕامووسین، ماچ کردن ١٢. ئه‌نگۆره: تاریکان، خۆراوا ١٣. سرته: سرپه، چپه، قسه‌یه‌ک به هێواشی له بن گوێ بکرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند دەترسم سەبارەت: (١٩٨٠/١٠/٢٨ - ڤیەننا) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چەند دەترسم، کە دێمەوە، هەواڵێکی تاڵت پێ بێ... چەند دەترسم، کە باوەشت پێدا دەکەم، بۆنی نامۆیەکت لێ بێ... چەند دەترسم، کە دێمەوە، گرامەری١ زمانی چاو، ڕێنووسی هێمات٢ گۆڕابێ. چەند دەترسم، پلەی گەرمیی پەنجەکانت وەک بەجێمهێشت وا نەمابێ... لەمەش زێتر، چەند دەترسم، کەسم، هاوڕێم کە دێمەوە تۆ وەک خۆت بیت، من بگۆڕێم! ١. گرامەر(گریکی): ڕێزمان، دەستووری زمان ٢. هێما: ئاماژە، ئیشارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شڤان سەبارەت: (١٩٨٠/١٢/١٨ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەی نێرەهەڵۆی ڕەوەزان١، ئەی کەڵەکێوییەکەی باکوور، ئەی سێدارەی بەژن٢ بڵند، ئەی نیشانەی مەرگی سنوور، بێدەنگ مەبە، بچریکێنە. ئاسمانی بە تریاک نوستوو ڕاچڵەکێنە بێدەنگ مەبە، دەنگت: ئەلبۆمی دەنگانە دەنگت: پەلکەزێڕینەیە، جێی زەماوەندی ڕەنگانە. دەنگت: سروەی٣ بایە، سرتەی٤ ژوانە، بوومەلەرزەیە، بورکانە. دەنگت: نێسکەنێسکی٥ هەسپێکی خورتی٦ کەوێتە، نێڵەنێڵی٧ ئاگردانی قەرەجانە. دەنگت: ترپەترپی بە ئاستەمی خوناوکەیە، گرمەی هەورە، ڕەمبەی هەرەسی شاخانە. دەنگت: کەروێشکەی گەنمی قەراجە، هاڕە و نەعرەی پڵنگێکی برینداری دوورەلانە. ******** بێدەنگ مەبە، دەنگت باڵی سیمرخێکە، هەموو ڕۆژێک، دڵی تەنگم بەسەر دوندی٨ چیا دەخا. لە بەرپێمدا، پێدەشتی ئومێد ڕادەخا بێدەنگ مەبە، کە دێمە سەر لووتکەی دەنگت؛ کە هەردوو پێم دەچەسپێنم لەسەر زنارێکی٩ ئەوێ، نە ڕەشەبا دەمبزوێنێ، نە کڕێوە و تۆفی شەوێ. ماڵنووستنان هەردوو باڵم دەکەمەوە لە چوارلاوە، زام بانگ دەکەم بێ، بسرەوێ... گوێم لە هەناسەی تەم دەبێ، تیشکی ڕۆژم پێ دەکەوێ! ئەی کەڵەکێوییەکەی باکوور! بێدەنگ مەبە، بچریکێنە ئاسمانی بە تریاک نوستوو ڕاچڵەکێنە! کە دێمە سەر لووتکەی دەنگت هەر پەڵەهەورێک لەبەر کەم، زرێیەکی پر بە بەرە؛ هەر گزنگێک ڕمی١٠ دەستە هەر دەوەنێک بۆم سوپەرە هەر زنارێک ئەسپی شێیە وەک برووسکە لەسەر پێیە، لە نیشتمانی لەتەلەتما دارێک بدزن بەردێک بدزن جێم بڵندە و ئاگام لێیە... ! ١. ڕەوەز: کەپکەشاخ، گابەردی زۆر گەورەی چینچینی کێو ٢. بەژن: باڵا ٣. سروە: دەنگی بای سووک ٤. سرتە: سرپە، قسە کردن لە ژێر لێوەوە بۆ ئەوەی کەس گوێی لێ نەبێ ٥. نێسکەنێسک: لەنجەولاری ئەسپ، سەمای ئەسپ ٦. خورت: سەرکێش، بزۆز و غلوور(بە تایبەتیش ئەسپ) ٧. نێڵەنێڵ: گرفەگرف، کڵپەکڵپ، لرفەلرفی هاڵاوی ئاگر ٨. دوند: ترۆپکی چیا، قوتکە، قوللە، تۆقەڵە ٩. زنار: تاشەبەرد، گابەرد، کەڤری گەلەک مەزن ١٠. ڕم: دارێکی درێژ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەزاد سەبارەت: (١٩٨٠/١٢/١٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کێ کڕیارە؟ هەرچیم هەیە هەمووی تاڵانفرۆش دەکەم. کێ کڕیارە؟ دەی، وەرنە پێش! فەرموون: ئەمە کالانەی چاو، بڕبڕەی پشت و کاسەسەر، کڵاوی کەریم خانی زەند، شیر و زرێی سەلاحەددین، مێژووی لنگەوقووچی بێبەر، یەکە یەکە، بەندەکانی پەیمانی مۆرفینی سیڤەر، دەندەکانی نیاندرتاڵی پیرەئەشکەوتی شانەدەر! *** کێ کڕیارە؟ هەرچیم هەیە، هەمووی تاڵانفرۆش دەکەم: سواڵەت و ئاتەشکەدە، دیوانسەرای شاهەکانمان بە بنچینە و بنادیەوە، بەردەنووس و نەخش و نیگار بە تەخت و تاجی مادەوە... مەزاد... مەزاد... هەرچیم هەیە، هەمووی مەزاد... بە پارچەیەک پەڕۆی سادە، کە هەڵبکرێ و بشنێتەوە لەسەر بستێک زەویی ئازاد! مەزاد... مەزاد... هەرچیم هەیە... هەمووی مەزاد! فەرهەنگۆک: * مەزاد: (مەزات)، هەڕاج * کالانە: چاڵاییەک کە گلێنەی چاوی تێدایە * بڕبڕە: ئێسکی زنجیرەدانی داری موورغەی پشت * پەیمانی سیڤەر: ٩٦ ساڵ لەمەوبەر، پەیماننامەی “سیڤەر” لەنێوان براوەكانی جەنگی جیهانی یەكەم‌ و دەوڵەتی عوسمانیدا واژۆكرا، ئەم پەیمانە هەلی بۆ گەلی كورد ڕەخساند، داوای مافی خۆی‌ و دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆ بكات، بەڵام پێش ئەوی جێبەجێ‌ بكرێت، پەیماننامەكە لەباربرا. * شانەدەر: ئەشکەوتێکی گەورەی نێزیک مێرگەسووری سەر بە هەولێرە. لە ١٩٥١دا هێسکوپرووسکی نیاندرتاڵی تێدا دۆزرایەوە. (پیرەئەشکەوتی شانەدەر): ئەشکەوتە کۆنەکەی شانەدەر * سواڵەت: ئەشکەلک، پارچەی دیزە و گۆزەی شکاو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کڕیوە سەبارەت: (١٩٨١/١/١٢ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کڕیوە١ بوو، دنیا بولێڵ٢... لەپم٣ کردە لانەی کلوەبەفرێکی وێڵ... وەک ئاشقێک، تا توایەوە تێمڕوانی. کە بوو بە ئاو ناسیمەوە: لە کوردستان دڵۆپێک بوو... لە ناو کانی! فەرهەنگۆک: ١. کڕێوە: کاتێکی زۆر سادە کە بەفر یا باران بە باوە ببارێ ٢. بولێڵ: بولێڵە، گورگومێش، تاریگەور، تاریکولێڵ، شەوەکی، تاریک و ڕوونی بەیانی تا ئێوارە ٣. لەپ: بەری دەست ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوا وانە سەبارەت: (کانوونی دووەمی ١٩٨١ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان، بووکەشووشەی بەختیاریتان لە تاقچەی ئەشکەوتێکی دووردەستایە_ نایگەنێ تا ملیۆنا سەر نەبن بە ڕێبواری بیرێ. ئەشکەوتەوان: ئەژدیهایەکی چوارسەرە و بەرزەفت نابێ، تا ملیۆنان دەست نەبنە گەو بۆ زنجیرێ! فەرهەنگۆک: بووکەشووشە: جۆرە بووکێکی منداڵانەیە لە شووشە بەختیاری: خاوەن بەخت بوون تاقچکە: تاقی بچووک، دەلاقە، تاقە، ڕەفکەی ناو دیوار ڕێبوار: کەسێکە بە ڕێگەدا بڕوا بەرزەفتکردن: گرتن، کۆنترۆڵ کردن، خسنتە ژێر ڕکێف گەو: ئەڵقە، بازنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕامانێک سەبارەت: (١٩٨١/٢/١٨ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هاوڕێم! دوێنێ، دەمەو ئێوارە بوو تا بڵێی بیری تۆم دەکرد. کز دانیشتبووم، سەیری زەردەی ئاسۆم دەکرد. تۆ دەزانی چۆن هەتاوم هاتە بەرچاو؟ وەک کیژێکی کەزی زەردی گەردنبڕاو! هەر ئەوساکە، بڕیارم دا زمانی خۆم بسووتێنم هەتا ماوم، تۆ بەهەتاو نەشوبهێنم! فەرهەنگۆک: ڕامان: بێدەنگ بوون و بیرکردنەوە لە شتێک کز: بێ کەیف ئاسۆ: جێگای هەڵاتن یا ئاوابوونی ڕۆژ و مانگ و ئەستێرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: له هاینێ‌یه‌وە سەبارەت: (شوباتی ١٩٨١ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ڕۆژێک تۆ ڕێزی گه‌رمیی پیاو ده‌گری، که په‌ژمرده١ بوو ته‌مه‌نی گوڵت! که به‌فری دڵت نیشته سه‌ر کوڵم٢ و ئاگری کوڵمیش به‌ربووه دڵت! ١. په‌ژمردە: ژاکاو، په‌ژموردە، سیس ٢. کوڵم: ڕوومه‌ت، گوپ، گپ * هێنریخ هاینێ (١٨٥٦-١٧٧٩)، شاعیرێکی ئه‌ڵمانه. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوچنۆکی سەبارەت: (شوبات١٩٨١ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew به‌زه‌ییت١ پێمدا نێته‌وە! له هه‌رچیدا به‌دبه‌خت بم، له ئافره‌تا به‌ختم کۆکە٢! من شایانی به‌زه‌یی نیم خوا ده‌زانێ به‌ده‌نتێرم، چبکه‌م، گیانم چاوچنۆکه٣... ! ١. به‌زه‌یی: میهره‌بانی، سۆز، ڕە‌حم ٢. کۆک: لەبار، ساز ٣. چاوچنۆک: چاوبرسی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داگیرسان سەبارەت: (١٩٨١/٤/١٤ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew که سه‌یرت ده‌که‌م، هه‌ر دوو گلێنه‌م ده‌بنه کانیله‌ی سایه‌ی که‌پری مێو. که ماچت ده‌که‌م وە‌کوو دڵۆپێک خوناوی شاخان ده‌تکێیته سه‌ر لێو. که به ئاسته‌میش قامکم ده‌تگاتێ: ده‌بم به زە‌لێک، دە‌مهێنێ و ده‌مبا وردە شه‌پۆلی ته‌زووی ڕۆحئه‌نگێو! فەرهەنگۆک: داگیرسان: هەڵگیرسانی ئاگر و چرا، (لێرەدا داگیرسانی هەست، داگیرسانی ڕۆح مانا دەدات) گلێنه: شتێکی خڕی توێ توێیه له ناو کالانه‌ی چاودا که بیلبیله‌ی تێدایه، کزن کانیله: کانیاوی بچووک که‌پر: سێبەرێکە لە دار و گەڵا و کۆڵەکە لە هاویناندا درووست دەکرێ، هۆڵک، که‌په‌ر، کوولا، مێو: درەختی ترێ، ڕەز دڵۆپ: قه‌ترە، چکه، تکه‌ی ئاو و شتی شل خوناو: ئاونگ، شەونم، نمەنمەی باران ئاسته‌م: سه‌خت، دژوار، زه‌حمه‌ت زه‌ل: گیایه‌کی لق درێژ که له ئاودا ده‌ڕوێ ته‌زوو: ته‌رزه، مووچڕک و له‌رزینێکی بێ په‌روایه دێ به سه‌ر ئه‌ندامی گیانداردا له سه‌رما یان له ترسا یان لە خۆشییا، (لێرەدا تەزووی خۆشی و چێژ بردن مانا دەدات) ڕۆحئه‌نگێو: ئەوەی گیان دەپێکێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژوان سەبارەت: (١٩٨١/٧/١٦،١٧ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هاوڕێم! تۆ پێم ناڵێی، کێ نهێنی ئەم ژوانەی درکاندووە؟ چ دەستێک، بەم نیوەشەوە، بنەشەوبۆی ئەم هەواڵەی تەکاندووە؟ لەو ساتەوە کە تۆ هاتووی تریفەی مانگ، بەپێدزە دێتە ژوورێ. سروە، پەردەی پەنجەرەکەم دەلەرێنێ. گەڵا، دەچێتە تەک گەڵا و ڕازی ژوانی ئەم شەوەمان دەچرپێنێ... هاوڕێم! تۆ پێم ناڵێی، کێ نهێنیی ئەم ژوانەی درکاندووە؟ چ دەستێک، بەم نیوەشەوە، بنەشەوبۆی ئەم هەواڵەی تەکاندووە؟ فەرهەنگۆک: ژوان: جێگای بەیەک گەیشتنی عاشقان، بەڵێن، جێگایەکە کە ڕاوێژ و پەیمانێکی تێدا گیرابێ درکاندن: دەربڕینی شتێک کە پێویست نەبێ بە وتن تریفە: شەوقی مانگ پێدزە: پێدزکێ، شاراوە سروە: دەنگی بای سووک دەچرپێنێ: بە گوێی یەکێکدا دەیڵێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووبار سەبارەت: (١٩٨١/٧/١٧ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەرچەند من و تۆ ئاوێتەین وەک خاک و خۆڵی یەک زەوی، بەڵام چبکەم! تاوێک نییە، نیشتمانم وەکوو ڕووبار بە سەرماندا ڕانەبوورێ و لەتمان نەکا وەک دوو کەنار! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەدان ساڵە سەبارەت: (١٩٨١/٩/٢ - پۆتسدام، بەرلین) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەدان ساڵە، لە وێرانەماڵی خۆمدا، کتکەکۆرەی گۆشەی متبەقی سوڵتانم سەدان ساڵە، حەوشوبەرەی خۆم واڵایە و لە بەردەرگەی دزانی خۆم پاسەوانم * * * سەدان ساڵە، ڕۆژێک دەبم بە مەیتەری والیی بەغدا ڕۆژێک لە تاران کوتاڵم ڕۆژێک لیفکەم پشتی ژنی سوڵتان دەشۆم ڕۆژێک گەسکم شام دەماڵم! * * * سەدان ساڵە، وەکوو چنگێک دانەوێڵە، ئاشی مێژوو فڕێی داوم هەر چوار دەورم شارۆچکەیە و مێروولە دەمیان تێ ناوم * * * سەدان ساڵە، کاسەسەرم منارەیە، کێ بێ، دەنگی تیا هەڵدەبڕێ سەدان ساڵە، نیشتمانم نێرگەلەیە، کێ بێ، بە دەمیەوەی دەگرێ * * * سەدان ساڵە، لە بەردەرگەی تەکیەی جیهان، جووتێک سۆلی پینەپینەم، کێ لە پێم کا بۆ ئەو دەشێم سەدان ساڵە، دوای تڵیشێک فڕێ دەدرێم، سەدان ساڵە، دوای پینەیەک لە پێ دەکرێم * * * من پشتێکی بریندارم، لە قامچیی خۆم ڕاپەڕیوم من لافاوێکی لاسارم، لەو کەنارانە هەڵساوم کە تەنگیان پێ هەڵچنیوم نانیشمەوە، نانوومەوە بێ‌ئارامم ئارامی من، چرایەک بوو ڕەشەبای دەورم خوێنی ڕشت بێبەزەییم، بەزەییی من، زەریایەک بوو، بینیان پێوەنا و هەڵیانمشت نانیشمەوە، نانوومەوە کە من دان بم، کوا دەرفەت؟ یا من، یا مێروو کە من خوێن بم، کوا دەرفەت؟ یا من، یا زێروو قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن: دان و مێروو برای یەکن قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن: خوێن و زێروو برای یەکن قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن: ماسی و چەنگاڵ، مشک و جەواڵ، دەست و چزوو برای یەکن قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن پەت و گەردن، گوێزان و موو برای یەکن وەرن خەڵکە! لە نێچیر و زام بپرسن، بڵێن، توخوا خەنجەر هەیە زام تیمار کا؟ ڕاوچی هەیە نێچیر نەخوا؟ دە خەڵکە، لە کا بپرسن، قەت ئاگری ساردی دیوە؟ لە هێلانەی مەل بپرسن، بەنیازی ماچ قەت مار دەمی تێ ژەنیوە؟ ! دە لە داربەڕوو بپرسن، تەوری دیوە داربڕ نەبێ؟ دە لە کەرێکیش بپرسن، گورگی دیوە کەردڕ نەبێ؟ ! قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن: ماری شیرین ژاریش هەیە قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن: تەوری برای داریش هەیە * * * من پشتێکی بریندارم، لە قامچیی خۆم ڕاپەڕیوم من لافاوێکی لاسارم، لەو کەنارانە هەڵساوم کە تەنگیان پێ هەڵچنیوم نانیشمەوە نانوومەوە بێ‌ئارامم ئارامی من، چرایەک بوو، ڕەشەبای دەورم خوێنی ڕشت بێ بەزەییم، بەزەییی من، زەریایەک بوو، بینیان پێوەنا و هەڵیانمشت! فەرهەنگۆک: کتکەکۆرە: پشیلەکوێرە مەیتەر: خزمەتکاری ئەسپ و وڵاغان کوتاڵ: کاڵا، قوماشی فرۆشتەنی دانەوێڵە: هەموو جۆرە وشکەدانێک سۆل: سۆلە، نەعل، کەوش زێروو: زەروو، زێلوو، هەزارپێ و مارەزیوی خوێنمژ گوێزان: تیغێکی زۆر تیژە مووی پێ دەتاشرێ کەنار: قەراغی شت ھەڵمشتن: ھەڵمژتن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵۆ و درەخت سەبارەت: (کانوونی دووەمی ١٩٨٢ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەندێ جاران تۆ دەتەوێ ببیتە گیا و دەوەن و دار، لە کوێ ڕوای لەوێ ڕەگت بچێتە خوار! هەندێ جاریش تۆ دەتەوێ هەڵۆیەک بی تا چاو هەتەر دەکا بفڕی. لە بەرزاییی ئاسمانەوە، سەرنجی دەشت و دەریا دەی. کام شاخ دوورە... کام دوند بەرزە... بە بای شاپەڕ گەردی لادەی! من دەمەوێ ببم بە تۆ_ ڕەگم ڕەگی درەختان بێ، بەرزیش بفڕم وەکوو هەڵۆ... * پاڵەوانی ئەم هۆنراوەیە مرۆڤی چاخەکانی ئایندەیە... جەمسەری بەهایە نەتەوەیی و ئینسانییەکانە ـ کەسێکی وەک ئیسماعیل بێشکچییە. فەرهەنگۆک: هەڵۆ: باڵندەیەکی ڕاوکەری دڕی گۆشتخۆری تیژباڵە هەتەرکردن: بڕکردن (بُرد) دوند: ترۆپکی چیا، قوتکە، قوللە، تۆقەڵە شاپەڕ: پەڕی گەورە و درێژی باڵدار گەردی لادەی: تۆزی بسڕیتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ترس سەبارەت: (١٩٨٢/١/١٥ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بەفر تا جێی بڵندتر بێ، پتر لە هەتاو دەترسێ. ژن تا شۆخ و دەلالتر بێ، گەشتر چرای ترسی پیری لە نیگایدا دادەگیرسێ. لەم جیهانە هەرکەس لە شتێک تۆقیوە. کوندەبۆ، لە ئاوەدانی. دز، لە سەگ و کۆکەی بێدار. کەر، لە هەوراز. دیوار، لە سینگ. دار، لە بزمار. کەڵەکێوی، لە خڕەی بەرد، لە خشپەی دار. منیش زراوم ڕژاوە. دەترسم لە سەرەمەرگا سییەکانم بزریکێنن بۆ تۆسقاڵێک هەوای وڵات. دەترسم، بمنێنە خاکێک نە من ئاشنای بۆنی ئەو بم، نە زمانم ئەو تێی بگات... فەرهەنگۆک: پتر: زۆرتر شۆخ: مەردوومی باڵابەرزی جوانی شەنگ و شۆخ دەلال: جوان و لە بەر دڵان تۆقیوە: ترساوە کوندەبۆ: کوندەبەبوو کۆکە: دەنگێکە لە گەرووی گیاندارەوە دێتە دەرەوە بە تەکان، بە هۆی خوروویەکەوە کە لە گەروویدا پەیدا دەبێ. بێدار: هۆشیار هەوراز: شوێنی سەربەروژووری سەخت خڕە: دەنگێکە وەک دەنگی گوێز و کاڵای شۆدار و ڕووخانی دیوار زراوڕژان: زۆر ترسان، هەترەش چوون، زەندەق چوون تۆسقاڵێک: تۆزقاڵێک، کەمێک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامۆ سەبارەت: (١٩٨٤/١/١٢ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیوەشەوە. کزەبایەکی ساردی دێ. تەنیام، ناشنام وەک سمۆرە سرکە نیگام_ بە ماڵاندا هەڵدەگەڕێ... هەڵپە دەکا بۆ نەوایێ، چرایەکی تیا بسووتێ، بۆ پەنایێ، ئاگرێکی تیا بگرێ. دۆزییەوە! پەنجەرەیەک... وا لەولاوە... وەک دوگمەیەک، بە بەرۆکی قەشەی شەوەوە درواوە! لەودیو پەردەی شلک و زراڤ لەپڕ هات و خێرا ون بوو. چی بوو؟ کێ بوو؟ گرنگ نییە! لە بەرچاوی خەیاڵی من باڵای ژن بوو. چ بیناسم، چ نەیناسم، نێزیکترین کەسی من بوو! فەرهەنگۆک: نامۆ: غەریب کزەبا: بای سووک سرکه نیگا: نیگای ڕەوەک، (سرک: ڕەوەک، سڵ، قوشقی، تۆڕ) هەڵپە دەکا: پەلە دەکا نەوا: پەنا، داڵدە، نووا، ئارامگە، جێی حەوانەوە بەرۆک: یەخە قەشە: پیاوی پێشەوای ئایینی گاوران(مەسێحییان) درواوە: دووراوە تەنک: شتێک کە ئەستوور نەبێ تاپۆ: تارمایی، ڕەشانگ، سامۆتک زراڤ: باریک(زێتر بۆ بەژنی ڕێک و شووش بە کار دێ) لەپڕ: ناکاو خێرا: ئازا، گورج و گۆڵانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەسرەت سەبارەت: (١٩٨٢/٤/٢٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سەد مخابن! ئەو ئازیزانەی ڕۆژگارێک بژوێنی١ حەسانەوەم بوون، ئەوانەی شەکرەمێوانی دڵی هەردەم کراوەم بوون، هەنووکانە یا نەماون لە یادمدا، یا ماوێکی کاڵ و ماتن. کەچی... ئێستاش هەر چاوەڕێی ئەو ئاسکانەم کە بەڵێنیان دا و نەهاتن! ١. بژوێن: مێرگ، سەوزەڵان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مردن سەبارەت: (١٩٨٢/٥/٧ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەوەی دنیا جێدێڵێ، سوارە و ئەسپ تاو دەدا، زینە جێگەی مردنی؛ ڕەتبردن و گلانی چۆن بوو، هەروا دەمێنێ لەلای دۆست و دوژمنی. مردن! مادام تۆ هەر دێی، ڕۆژێکی ئاوا وەرە، خۆم بۆ لات بەڕێوە بم. ڕۆژێکی ئاوا وەرە، گڕم دانەمرکابێ، سەربەرز و بەپێوە بم! فەرهەنگۆک: تاو دان: غار کردن بە وڵاخ زین: شتێکە لە چەرخ و تەختە درووست دەکرێ و لەسەر پشتی وڵاخی بەرزە تون دەکرێ و سوار لەسەری دادەنیشێ. ڕەتبردن: نووچ کردنی گیاندار گلان: لەسەر وڵاخ کەوتنە خوارەوە دامرکاندن: لە بزووتن و جووڵە خستنی شتێک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەنجی و پیری سەبارەت: (١٩٨٢/٥/١٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەرچەند دەکەم، گەنجی و پیری لەیەک جودا ناکەمەوە. من هەردووکیان دەپەرستم: بەیانیان ڕووەو شەفەق، ئێوارانیش ڕووەو زەردە سەرسام و ملکەچ دەوەستم! فەرهەنگۆک: گەنجی: لاوی، جەوانی شەفەق: شەبەق، یەکەم ڕووناکی هەتاو، گزنگی نۆیەرەی خۆر، ڕۆناهیی زووی لێواری ئاسۆ سەرسام: کەسێکە لە شتێک سەری سووڕ مابێ ملکەچ: فەرمانبەری گوێڕایەڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاکار سەبارەت: (حوزێرانی١٩٨٢ - لەندەن) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەڵبەستم زۆرن: هەندێکیان شارن، هەندێکیان گوندن، هەندێک تەلارن، هەندێک خانیلەی تەپیو و نەوی. بەڵام ئەوانەی بۆ تۆم نووسیون، دەبن بە شاکار، بە ڕووناکترین پایتەختی زەوی! فەرهەنگۆک: شاکار: کردەوەی گەورەی گرنگ هەڵبەست: شیعر گوند: دێ تەلار: باڵەخانە، کۆشک خانیلە: خانووی گڵینەی بچووک تەپیو: داتەپیو، ڕووخاو نەوی: نزمبوو ڕووناک: ڕۆشن، شوێنێکە کە بە باشی چاو تێیدا ببینێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شادی سەبارەت: (١٩٨٢/٩/٢٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew شادیی زەوی وەکوو خۆرە تاوێک دیارە، تاوێک بزر. ئەلها دەکەم بچمە ئاسمان، تاکوو لەوێ ببمە ڕێگر. شادییەکت بۆ داگیر کەم، نە خەم بگاتە کەناری، نە ژاکان بەلایدا ڕەت بێ شادییەک بێ، لە ئاسمانان هەر ئەستێرە، لەسەر زەویش هەر تۆ هەت بێ! فەرهەنگۆک: بزر: شتی ون ئەلها کردن: ئارەزوو کردن، کەڵکەڵە کردن، مگێز، حەز کردن ڕێگر بوون: جەردەیی، بەر هەڵست وەستانی شتێک لە ڕێیەکدا داگیر کردن: بڕدان و بردنی شتێک بە زۆر ژاکان: چرچبوون و تێکچوونی شتێک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەتبوون سەبارەت: (١٩٨٢/١٢/٢٠ - بەرلین) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە چاوی تۆدا جەنگەی بەهارە. لە چاوی مندا چلەی زستانە. لە زاری تۆدا خۆشی لێوڕێژە. لە زاری مندا خەم تا چۆکانە. نیوەم لەتەک تۆ وەکوو خۆڵەمێش سڕ و مردووە. نیوەکەی ترم لای شۆخێکی دی گڕی گرتووە! فەرهەنگۆک: جەنگە: ناوەڕاست و گەرمەی شت لێوڕێژ: لێوانلێو، لێواولێو، پڕاوپڕ، تەواو تژی، کەیل چۆکان: دوو ئەژنۆ، ئەژنۆکان خۆڵەمێش: خۆڵی شتی سووتاو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیاو سەبارەت: (١٩٨٢/١٢/٢٦ به‌رلین) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew له دنیادا، چ کانیاوێ زوڵاڵتره له ده‌نگی تۆ؟ کێ زمانی ڕۆح ده‌زانێ، وە‌کو چاوی سه‌دڕه‌نگی تۆ؟ له‌م شاره‌دا، گه‌ردنکێل و گوڵبه‌ژنێکی وە‌ک تۆ کوانێ؟ کێ وە‌کوو تۆ، ڕۆژێ سه‌د جار، له داوێنڕا هه‌تا قوللـه، به خه‌ممدا هه‌ڵده‌ڕوانێ؟ چییه دیسان ئه‌و مووچڕکەی کارە‌باییه‌ی له سه‌راپای به‌ده‌‌نمدا هاتوچۆ ده‌کا! چییه دیسان ئه‌و گورگه برسی و بێشه‌رمه‌ی له هوندوڕما ده‌لوورێنێ و ملۆمۆ ده‌کا! چییه دیسان چنگی نیگای په‌رده‌دڕم مه‌مکبه‌ندی شه‌قامه‌کان دادە‌ماڵێ؛ قامچیی برووسکه‌ی خه‌یاڵم، که‌مه‌ر که‌مه‌ر، به‌له‌ک به‌له‌ک، له‌م شل ده‌بێ و له‌و ده‌ئاڵێ! چییه دیسان... چییه دیسان... بۆچی چاوم قه‌ت تێر نابێ؟ بۆ ته‌نیا ئه‌شقی تۆ نابم؟ لەبه‌ر ئه‌وە‌ی، تۆ هه‌میشه له به‌رده‌مما بێده‌نگ ده‌سووتێی وە‌کوو مۆم؟ بۆ هه‌ر به تۆ قنیات ناکه‌م؟ له‌به‌ر ئه‌وە‌ی، بووی به کۆیله‌ی ده‌سته‌مۆی خۆم؟ فەرهەنگۆک: قولـله: لوتکه، ترۆپک، پۆپکه، سه‌رقۆپ، قه‌ڵای به‌رز گەردنکێل: گەردن بڵند، گەردن جوان و شوش گوڵبەژن: گوڵەندام، بەژنزراو، بەژنباریک داوێن: دامێن مووچڕکە: موچڕکە هوندوڕ: ناو، نێو، دوڕ، ژوورەوە لووراندن: تێهەڵکردنی سەگ و گورگ بە لوورە ملومۆ کردن: مڕومووش کردن، مڵومووش و بۆن پێوە کردن بەلەک: پووز، باق، لە گۆزینگەوە تا ئەژنۆ مۆم: شه‌م، مووم، شه‌مع، به‌لمیت قنیات: داکه‌وتن به‌ به‌شی که‌م، قنیاتکردن کۆیله: به‌نده‌ی زه‌ڕ خڕید، به‌ردە، که‌نیز ده‌سته‌مۆ: به گیاندارێکی ماڵی ده‌ڵێن که ڕام بووبێ و هه‌ر ده‌مێک ده‌ستی بۆ ببرێت بگیرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: له باخێکدا سەبارەت: (موسکۆ - ١٩٨٣/٣/٣) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پیاوێک سه‌ری به شانی شۆڕه‌ژنێک کردووە زارۆیه‌کی ئارامه و له بێشکه‌دا نووستووە! خۆزگه‌م به خۆی! من وە‌ک ئه‌و نیم، بۆیه چاوم پێی هه‌ڵنایێ من چه‌ن جارێ سه‌ر به شانی ژنێک ده‌که‌م، لەبه‌ر سرته‌ی ژنانی دی خه‌وم نایێ! فەرهەنگۆک: شۆڕه‌ژن: ژنی جوانخاس، ژنی شۆخ و شه‌نگی جوان زارۆ: منداڵ، منداڵی بچووک سرته: چرپه چرپ، قسه‌ی هێواش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: که‌ڵکه‌ڵه سەبارەت: (١٩٨٣/٤/٧،٨ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئه‌مشه‌و مه‌ستم. ئه‌مشه‌و گێژم. ئه‌مشه‌و کاسم؛ لەسه‌ر ته‌ختی سه‌ری یاخیم ژنێک تاجی لە سه‌ر ناوە... که نایناسم! فەرهەنگۆک: که‌ڵکه‌ڵه: خه‌یاڵ، مه‌راق، خولیا کاس: وڕ و گێژ، بێزار بوون، که‌ڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا چرای ئێمە نەسووتێ سەبارەت: (١٩٨٣/٧/٢ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (ئەو گەلەی گەلێکی تر دەچەوسێنێتەوە خۆی ناحەسێتەوە) 'بیرمەندێک' تا چرای ئێمە نەسووتێ، ئێوە هەرگیز ڕووناکایی نابینن بە چاوی خۆتان تا ئێمە دیل و کۆیلە بین، هەر کۆت و نیر تۆق و زنجیر دەکەین بۆتان! * * * قڕمان دەکەن؟ قوڕتان بە سەر! گەر بشمرین تەنیا دیلی دەدۆڕێنین چ هەیە لە دیلی تاڵتر؟ گەر بشمرین هەر سەرکەوتووین کوا لە کۆیلەی شەهید زاڵتر؟ * * * قڕمان دەکەن؟ قوڕتان بە سەر! دوای مردنیش لێ ناگەڕێین نیشتمانمان بکەن بە ماڵ لێ ناگەڕێین گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ گەر هیچ نەبێ دەبینە خاڵۆزەی بێستان زیوانی ناو دەغڵ و دانتان دەبینە لم دەچینە ناو پارووی نانتان دەبینە مار پەپکە دەخۆین لەناو نوێنتان دەبینە شێرپەنجە و میکرۆب گەرا دەخەین لەناو خوێنتان دەبینە کوان هەردەمە و لە جێیەک دەردێین دەبینە ژان لە سەد لاوە تێتان وردێین دەبینە زێرووی هەزارپێ دەم گیر دەکەین لە گەرووتان دەبینە تامیسکەی سەر لێو باپشکێوی سەر پێڵووتان قڕمان دەکەن؟ قوڕتان بە سەر! دوای مردنیش لێ ناگەڕێین نیشتمانمان بکەن بە ماڵ لێ ناگەڕێین گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ شایی بکەن، دەیکەین بە شین پرسە دانێن، کاستان دەکەین بە پێکەنین! دەبینە لەکەی زمان و تانەی سەر چاو دەبینە مووی ناو خۆراک و خڵتەی ناو ئاو! تا چرای ئێمە نەسووتێ ئێوە هەرگیز ڕووناکایی نابینن بە چاوی خۆتان تا ئێمە دیل و کۆیلە بین هەر کۆت و نیر تۆق و زنجیر دەکەین بۆتان! فەرهەنگۆک: نیر: نیل، نێلە، ئەو دارەی دەخرێتە سەر ملی گاجووت خاڵۆزە: خەڵووزە، نەخۆشییەکە تووشی بێستان دەبێ. زیوان: زیڤان، زیزانە، دەنکێکی ڕەش و تاڵە لەناو گەنمدا کوان: قونێر، دومەڵ، کولک زێروو: زەروو، زێلوو، هەزارپێ و مارەزیوی خوێنمژ تامیسکە: تامیسک، زیپکەی لچ و لێو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێشکگرتن سەبارەت: (١٩٨٣/١٢/١١،١٢ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەمشەویش، وەک شەوانی دی، کارمامزی سرکی خەوم لانەی چاوی بەجێ هێشتووم. بەختیاریی تۆ گەنجینەیە، نەک بیدزن، وا بەدیاریەوە دانیشتووم... ! فەرهەنگۆک: ئێشکگرتن: ئاگاداریکردنی شتێک و بەدیاریەوە دانیشتن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر سێوێک بوو سەبارەت: (١٩٨٣/١٢/٢١ - پراک) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گەر سێوێک بوو، لەتی دەکەم: لەتێک بۆ خۆم، لەتێک بۆ تۆ. بزەیەک بوو لەتی دەکەم: لەتێک بۆ خۆم، لەتێک بۆ تۆ. خەفەتێک بوو، بەشت نادەم، هەڵیدەمژم وەک دوا پەتۆ١... ! ١. پەتۆ: دوایین هەناسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گومان سەبارەت: (١٩٨٣/١٢/٢٦ - پراگ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بۆچی هێندە لە هاتنەوەم بە تالووکەی؟ بۆچی دیسان لە دەروازەی گومان دەدەی؟ کێ دێ گلم بداتەوە؟ کێ دێ لە تۆم بڕفێنێ؟ تۆ نەبیت، لەم دنیایەدا، بێپەنایەکی وەکوو من، چ خەمخۆرێک داڵدەی دەدا؟ بۆچی هێندە لە هاتنەوەم بە تالووکەی؟ پەلەی چیتە؟ هەتا لێت دوور بم باشترە. وا نامۆیی دەرسی ئەشقم پێ دەخوێنێ. سۆزی دووریت پەڕ و باڵی برووسکەییم لێ دەڕوێنێ! فەرهەنگۆک: تالووکە: پەلە، لەزوبەز، هەشتاو، دەستوبرد، جەخت گلدانەوە: هێشتنەوەی شتێک لەلای خۆت داڵدە: پەنا و پشتیوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مارگرێت سەبارەت: (١٩٨٤/٦/٢٢ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew [مارگرێت، کچە پێشمەرگەی ئاسووری و پاڵەوانی ئەفسانەیی شۆڕشی ئەیلوولە] ڕەنگی وشە لە چی بکا، چاکە بۆ تۆ. لە ئەرخەوان؟ لە پەلکەزێڕینەی حەفتڕەنگ؟ لە وەنەوشە، یا لە هێرۆ؟ ئەی بۆنەکەی لە چی بکا، چاکە بۆ تۆ. لە دووکەڵی پاش بۆردومان، یا گوڵەباخ؟ لە خاک و خۆڵ، یا لە شەوبۆ؟ دەنگی وشە لە چی بکا، چاکە بۆ تۆ. لە سرتەی ژوان، یا هاژەی چەم؟ لە بالۆرەی مازووچنان، یا شەقژنی باڵی هەڵۆ؟ هەموو جارێ، کە دەمەوێ هەڵبەستێک بنووسم بۆ تۆ قەڵەمەکەم چاو شۆڕ دەکا، وەک ئەو سمێڵبابڕانەی سەنگەریان لێت کردە گڵکۆ. دەحەپەسێم، لێم دەشێوێ نازانم، بۆ هۆنراوەکەم چبکەم بە دەنگ؟ چبکەم بە ڕەنگ؟ چبکەم بە بۆ؟ ئەی ئەو خاچەی لە خاچ درای، شێرەژنی خاوەنشکۆ؟ فەرهەنگۆک: ئەرخەوان: دارێکی گەڵاپانە لە پێش گەڵادا گوڵێکی سوور دەگرێ بە هێشوو پەلکەزێڕینە: شتێکی کەوانەییە پەیدا دەبێ لەسەر ڕووی هەور بە هۆی تیشکی ڕۆژەوە کە دەدا لە دڵۆپی بارانەکەی و حەوت ڕەنگی لێ بەدی دەکرێ. وەنەوشە: گیایەکی بەهاری بۆن خۆشە گوڵێکی مۆری بۆنخۆش دەگرێ. هێرۆ: گیایەکی بەرزی گەڵاپانە گوڵێکی گەورە دەگرێ و گەلێ ڕەنگی هەیە. شەوبۆ: گیایەکە گەڵای وەک بی وایە، گوڵێکی زۆر بۆنخۆش دەگرێ و بەشەو بۆن دەداتەوە بالۆرە: جۆرە سترانێکی میللی کوردیی تایبەت بە ژنان شەقژن: شەقەی لەهیکڕای باڵی مەل و چەپڵە و شتی تر سمێڵبابڕ: مەردوومی سمێڵ زل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێلێنان سەبارەت: (١٩٨٤/٦/٢٨ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew - (کێت لەگەڵدایە، تەرەس؟ کێت لەگەڵدایە، سەگباب؟ ) ئێستا دانی پیا دەنێم، بەسە، لێم مەدە جەناب ئاوی چەم و ڕووباران داری شیو و کەناران دڕندەی دەشت و شاخان فڕندەی ڕەز و باخان تەمی دۆڵ، کوچکی بەستان بای گەرمین، بەفری کوێستان ملیۆنان دیلی زیندان زیندانی شار و گوندان، ئەندامی شانەکەمن هەموویان لەگەڵ مندان! فەرهەنگۆک: پێلێنان: دان پیانان تەرەس: وتەیەکە لە وتەکانی جنێو و هەر بەپیاو دەوترێ، پەست، ڕەزل شیو: چەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئۆتۆنۆمی سەبارەت: (١٩٨٤/٦/٢٨ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نە خەندەیە، نە گریانە نە مردنە، نە ژیانە! ******* پێناسەکەی وا لای منە: کورد کوژە، هیوا خەسێنە، دەست و دەم و پێ بەخوێنە. ڕێگایەکە نابڕێتەوە- لە نوێنەوە بەرەو سەنگەر، لەوێشەوە بەرەو نوێنە... ! عەیامێکە من دەیناسم: دێوجامەیە خەمەگڕووی هەزار ڕەنگە، قوتابخانەی بێسەوادی و دەبەنگییە، کانگای گولی و سووزەنەک و فەڕەنگییە. ******* تا نەیکوشتووین، وەرن، چنگی بەخوێن سووری پێ هەڵبڕین بە شەق ڕووی پێ لە دیوار کەین. تفەنگی خۆکوژ فڕێ دەین، تفەنگی ئازادی سوار کەین. زرمە لە جەرگییەوە بێنین... لە بازرەقەی خوێنی ئەودا، یەکەم تیشکی ڕۆژ هەڵسێنین! فەرهەنگۆک: ئۆتۆنۆمی: مافی چارەی خۆنووسین نوێن: پێخەف دێوجامە: دیجامە، پارچەیەکی ڕەنگاوڕەنگە بۆ ڕاوکەر خەمەگڕوو: خمخمۆک، قمقمۆک، سەرمازەڵە سووزەنەک: سوزاک، نەخۆشی سەیەلان، گۆنۆری فەڕەنگی: نەخۆشیی سفلس بازرەقە: دەرپەڕینی لەپڕی گیانداران یا فیچقە و فڕکەکردنی شلەمەنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەنجینە سەبارەت: (١٩٨٤/٨/١٠ - ئۆدێسە) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لەوساوە دنیا دنیایە، ئادەمیزاد ئەشقی گەوهەر، زێڕ و زیوە. لە پێناویان بنی دەریا و قوللەی کێوی پشکنیوە. کەچی من هەموو سبەینان، گەنجینەیەک دەدۆزمەوە کە دەبینم کەزی و بسکت نیوەی بالیفمی تەنیوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چلچرا و مۆم سەبارەت: (١٩٨٤/٨/١٢ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەیە پێش نووسین، چلچرایەکی شاکاری دەوێ، بۆ دۆزینەوەی ڕێی دڵی سوڵتان. هەیە پێش نووسین، بنەمۆمێکی ساکاری دەوێ، بۆ خۆبینین و گڕ لە خۆ بەردان. بۆیە، پێش ئەوەی قامک درێژ کەم بۆ قەڵەمی خۆم، تەماشا دەکەم، کامیان دەسووتێ: چلچرا یا مۆم! فەرهەنگۆک: چلچرا: ئاوێزە(ثریا) شاکار: کردەوەی گەورەی گرنگ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەشبینی سەبارەت: (١٩٨٤/٨/١٨ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بۆ باران هەیە، گەر جارێک لە نیوەی ڕێ تەڕم نەکا؟ بۆ بەفر هەیە، گەر جارێک تێی نەکەوم و سڕم نەکا؟ قووڵیی ئەڤین چۆن بپێوم گەر ئازیزێک جارێک دەستبەردارم نەبێ؟ ژیان بە چی بەراورد کەم، ئەگەر مردن نێزیکی کەنارم نەبێ؟ ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەوهەر سەبارەت: (١٩٨٤ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گەر بە دەریا بێ، چی لە ناخدایە دەیدایە شەپۆل. گەر بە شەپۆل بێ، چی لە ناخدایە دەیدایە کەنار. کەچی، لە ساڵان، لە مانگان جارێک، دەنکە گەوهەرێک بە شەپۆل دەبڕێ، ئەویش دەیخاتە کۆشی کەنارێک! پەلەم لێ مەکەن! منیش پێلێکم، بێ ئۆقرە و ئارام، هەر دەم بەڕێوە. بە دەگمەن، دەریا دەنکە گەوهەرێک لە مستم دەنێ، ئەویش ڕادەدەم بۆ کۆشی ئێوە! فەرهەنگۆک: پێل: شەپۆل( پێل دان: شەپۆل دان) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موفاوەزات سەبارەت: (١٩٨٤/٩/١٢ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەی گوایه بۆ دڵخۆش نەبین؟ ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین؟ چیمان کەمە؟ ! وا کەشتیمان ڕوو لە کەنار، پشت لە بایە، خێروبێری کۆمپانیای خوێن شەپۆل داوێ، بنی نایە، سەرمان بەرزە وەک ئاڵامان هاوڕێی هەور و لووتکە چیایه! ئەی گوایە بۆ دڵخۆش نەبین؟ ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین؟ چیمان کەمە؟ ! شەلین؟ کۆرین؟ لاڵین؟ کەڕین؟ چیمان کەمە؟ ! کەی بۆ کەزی و بسکی دایکان وەکوو ئێستا، هەش زۆر بووە؟ کەی لە سایەی تەیمانی هێسک و پرووسکا گوڵی ئاوا گەش زۆر بووە؟ کەی گۆڕستان وا بە هەڕمێن و پڕ بووە؟ کوانێ، لە کوێ بێدەنگی وا جاڕدراوە و مناڵیشی پێ کڕ بووە؟ ! ئەی گوایە بۆ دڵخۆش نەبین؟ ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین؟ سەرفرازین وەک ڕانەمەڕ لەناو گەلەگورگی چاوتەنگا تێرین وەکوو وردەماسی لەناو هەناوی نەهەنگا! ئەی گوایە بۆ دڵخۆش نەبین؟ ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین؟ شوانی گورگزادە خۆش بن ئازادترین ڕانەمەڕین! فەرهەنگۆک: هەش: خم، خوم هەشبەسەر: بەدبەخت، کڵۆڵ تەیمان: چەپەر، پەرژین، تانۆک، چیلە هەڕمێن: ڕمێن، برەو، ڕەواج ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیوار سەبارەت: (١٩٨٤/١٠/٣٠ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) تۆ، چەکەرەی چەمەنزاری من، درەختێکی ڕەهندە چۆن تێک بگەین؟ دیوارێکمان لە بەینایە بیستویەک بەژن بڵندە! (٢) - 'سەرت وێرانەی کۆنەیارانە ئاخ، بۆچی زووتر لە دایک نەبووم تا خۆم گشتیان بام بە تاقی تەنێ... ' + 'خۆزگە درەنگتر دەهاتمە دنیا، دەبووم بەوانەی پاش من دەتگەنێ! ' فەرهەنگۆک: چەکەرە: چەقەرە، چووزەرە، نێرتکی تازەدەرچووی ڕوەک ڕەهندە: عەوداڵ، تەرە، تەرکەدنیا، مشەخت، ماڵبەکۆڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژن سەبارەت: (١٩٨٥/١١/٢٨ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) به بینینت من دەبمەوە بنیادەمی چاخی بەردین دەچمەوە ناو ئەشکەوتی تار، جەنگەڵی چڕ گوێ شل دەکەم بۆ برووسکە و گۆڵەی هەور و بارانی خوڕ شارستانیی دوگمە و وایەر بزر دەبێ ئاتەشگەکان پڕ دەبنەوە لە پێت و گڕ (٢) چیت مەرام بێ، دەچێتە سەر تۆ دەتوانیت، بە نیگایەک سەوزەڵانێک بە ڕووتەن کەی لە دەستت دێ، بە هێمایەک بەردەڵانێک بە چیمەن کەی چیت مەرام بێ، دەچێتە سەر تۆ دەتوانیت باڵی زمانم ببەستی و درەختی پەنجەم بێبەر کەی لە دەستت دێ چەمی دەنگم تژی ماسی و هەر پەیڤێکم پڕ گەوهەر کەی تۆ دەتوانیت، بمکەیتە کۆیلەی مل بە تۆق لە دەستت دێ، تاجی سەروەریم لە سەر کەی (٣) لەبن کۆمەی خۆڵەمێشدا تۆ ژیلەمۆی گەشی خولیای له گێژەنی تاریکیدا تۆ بریسکەی بەفری چیای لە بیابانا، هاژەی چەم و لە نەهاتا، هەڵمی نان و لە غوربەتا، داڵدە و پەنای کلیلداری بەهەشتی تۆ تۆ نەک نیوە، هەموو دنیای! فەرهەنگۆک: چاخ: سەردەم گۆڵەی هەور: هەورەتریشقە، گرمەی هەور پێت: بڵێسە، بلیز، کلە، گڕی ئاگر ڕووتەن: ڕەقەن، زەویی قاقڕ، تەمتەم، تەمتەمان تژی: پڕ، مشت، کەیل کۆمە: کۆما، کۆمەڵە شتێکی کەڵەکەکراو گێژەن: گێژاو، شوێنی خولخواردنەوەی ئاو لە ڕووباران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەیەکی کراوە سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew 'ناونیشانی کۆمەڵێک هەڵوێستی 'عەبدوڵڵا پەشێو'ە لە بابەت شیعرەوە کە لە قاڵبی نامەیەکدا بۆ برادەرێکی نووسیوە. ' هێند دەربڕینی برووسکاوێژی تێدایە حەیفە تۆی شەیدای پەشێویش نەیبیستی... هاوڕێم! دیوانە شیعرەکەتم بە دەست گەیشت. خوێندنەوەی چەشنە بێگارێک بوو. تا من جارێک ئەوم تەواو کرد، ئەو هەزار جار منی تەواو کرد. هاوڕێم گوێم لێ بگرە، هەر لەگەڵ تۆم نییە، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆرتانمە: شیعری 'تازە'ی کوردی لەسەر دەستی خواستراوی ئێوە خەریکە دەدۆڕێ. لە ڕیشەی خۆی پچڕاوە، نامەیەکە ئەدرێسەکەی ناخوێندرێتەوە، ناگاتە دەست خاوەنی خۆی. ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن شیعر، تەنکە ئاوێکی لێڵە، ئێوەش بۆقئاسا هەم لێی دەخۆنەوە، هەم تێیدا دەڕشێنەوە! شیعر؛ یا قینێکی زۆر ئەستوورە، یا خۆشەویستییەکی زۆر تەنکە! بە شیعری ئێوە نە ئاگری قینم کڵپە دەستێنێ، نە ئەستێرەی خۆشەویستی دادەڕژێنە ژوورەکەم. هاوڕێم! هەر لەگەڵ تۆم نییە، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆرتانمە: بە من بێ، حوجرەیەکتان بۆ دەکەمەوە هەمووتان داوێمە بەر خوێندن، بۆ ئەوەی لە بەیانییەوە تا ئێوارێ شیعری بەردەشانی و جزیری و خانی و حاجی و نالی و مەحوی و مەولەوی و گۆران و پیرەمێرد و هەردیتان بۆ بخوێنرێتەوە. ئێوارانیش، کۆمەڵێک هەقایەتخوان و لاوکبێژ و حەیرانبێژ و زوڕناژەن و دۆڵەنگێوتان بەگژەوە دەنێم تا تاریک و ڕوونی بەیانیان لە بنگوێتان بخوێنن و 'میزاجی کوردەواریتان' ببووژێتەوە. هاوڕێم، هەر لەگەڵ تۆم نییە، لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆرتانمە: شیعر؛ کۆترێکی ماڵییە. حەز لە خوێندنی ناو حەوشە و بەر پەنجەرەی ماڵان دەکا، باڵی مەکەن! شیعر؛ ئەسپێکی شێیە، هاوڕێی دێرینمانە: چوار پەلی لە مس مەگرن! شیعر، مناڵێکی سادیستە، باوکی خۆی یا ئازار دەدا یا دەیکوژێ. ئەگەر زۆر دەربەستیی تەمەنی درێژن، باشترە وەجاخکوێر بن! 'شیعر خەنجەرە'؛ ئەوەی نایوەشێنێ، با هەڵینەکێشێ! ئیمزا: برات عەبدوڵڵا پەشێو (تەمووزی ١٩٧٨ پۆتسدام) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆنگرەی شووشان سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دوێنێ کۆنگرە بوو... کۆنگرەی شووشان بوو هەر وڵاتێک و شووشەیەکی نارد هەر شووشەیەک و بەسەرهاتی خۆی پوختە گێڕاوە: چەند قاوەخانە و چەند ماڵ گەڕاوە، لەسەر چەند مێزان تاج لەسەر بووە، چەند دەمی دیوە و چی تێ کراوە! پێش ئەوەی کۆنگرە کۆتایی پێ بێ بوتڵێکی ڕەشی لە سپێدەوە کڕ و کپ و مۆن قوت بۆوە و هاتە بەردەم میکرۆفۆن: 'خوشکان، برایان! من وەکوو ئێوە سەربردەم نییە، نە مێزم دیوە، نە کۆڕی یاران نە گەشتی لادێ، نە باڕی شاران ڕاستیتان دەوێ؟ ! ئەو ڕێیە دوورەم بۆیە بڕیوە تا پێتان بڵێم: من شووشەی بەعسم لە پاش و پێشی مرۆڤ بترازێ، هیچم نەدیوە! ' (١٩٨٦/١/٣٠ - تەرابلوس) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵتەنگی سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تۆ دڵتەنگی بۆ بێوەژن، بۆ بێوەمێرد، بۆ ئەو کۆرپانەی بێبابن... منیش لە تۆ دڵتەنگترم بۆ ئەو پەری و سوارچاکانەی ساڵەهایە لە داک نابن! (١٩٨٦/١١/١٦ - تەرابلوس) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دایکبوون سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گوێم لە هاواری نەتەوەکەمە بەڵام دڵنیام جیهانی سبەی گوشاد و ڕوونە: لە دایکبوونی مناڵم دیوە قیڕە و لینگکوتان یەکەم نیشانەی لە دایکبوونە! (١٩٨٧/٥/٢٠ - تەرابلوس) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ ئینتەرناسیۆنالیستێک سەبارەت: (١٩٨٧/٥/٢٥ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew 'بۆ هاوڕێی سەلڤادۆریم خۆسێ ڕۆمیرۆس' سەر کۆنەم مەکە! منیش وەکوو تۆ، گۆی زەوی ماڵمە. ئاسمانیش تافتەی کچی خەیاڵمە. وەک تۆ خواکردم، وەک تۆش دەمەوێ، تا سەر خواکرد بم. بۆیە سەربەندی شیعرم هەر کوردە. چونکە کوردم و ناهێڵن کورد بم! فەرهەنگۆک: سەرکۆنە: سەرزەنشت تافتە: دیوا، پارچە قوماشێکی ئاوریشمینی جوانی ژنانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووبەرەکی سەبارەت: (١٩٨٧/١٢/٢٠ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew شەو لە خەوما ئارامگەی حاجیم١ دیتەوە. چۆکم دادا، سوژدەم برد بۆی. گوتم: 'حاجی، پەرێشانین! ' سەری کز کرد، دەستی دانا سەر دڵی خۆی. گوتی: 'مەرد بە، زیندووم کەوە! ' گوتم: 'گەورەم، من عیسا نیم، چۆن زیندووت کەمەوە، بێژە'؟ گوتی: 'لێرە دەرم بێنە، دووبەرەکی لە شوێنەکەی من بنێژە! ' ١. حاجی قادری کۆیی، شاعیری نەتەوەییی کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قیبله‌نما سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بیری من و قیبلەنما وەکوو یەکن ڕوو دەکه‌مه هه‌ر جێیه‌کی ئه‌م جیهانه، ڕووی میلی ئه‌و ته‌نیا به‌رەو کوردستانه! (١٩٨٨/١١/١ - ته‌رابلوس) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موزێ سەبارەت: (١٩٨٨/١١/١ - ته‌رابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew له کوردستانی دواڕۆژدا گه‌ورەترین موزێی دنیا دروست دەکه‌م. بۆ هه‌ر چاخێک - هۆڵێکی زل. هۆڵی یه‌که‌م ناو لێ دەنێم هۆڵی چاخی به‌ر له دیرۆک... هۆڵه‌کانی‌تر هه‌موویان هۆڵی سونگی و که‌ڵبه و ڕنۆک! فەرهەنگۆک: موزێ: مۆزەخانە، ئەنتیکەخانە چاخ: سه‌ردەم هۆڵ: ساڵۆن دیرۆک: مێژوو سونگی: نێزە، قەمە که‌ڵبه: چوار ددانی درێژی تیژی بەهێزە لە ددانی پێشەوەی هێندێ گیاندار ڕنۆک: جینجڕۆک، چنگوڕک، چنگی دڕندە و باڵندە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ هونه‌رمه‌ندێک سەبارەت: (١٩٨٨/١١/٣ - ته‌رابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هه‌ر چیت بیستووە دەربارەی په‌نجه‌شێر و گولی و ئایدز، هه‌ر چیت بیستووە دەربارەی مشکه په‌ردەدڕەکانی بێریا و گێبڵز هه‌ر چیت بیستووە دەربارەی گورگه‌کانی مۆسۆلینی، سیسارکه‌کانی هۆنیکه‌ر، هه‌ر چیت بیستووە دەربارەی شاڵاوی جرجی تاعوونچێن، لێشاوی مه‌غۆل و ته‌ته‌ر: بۆ پۆرترێتی دوژمنم، هه‌مووی لێکدە و هه‌زار هێندەی باوێژە سه‌ر! ******** له کۆمه‌ڵگای ئادەمزادا نه‌که‌ی چاوی لێ بگێڕی! بڕۆ، لەناو بێشکه‌یه‌کی پڕ درەختی کرملێداو، له هه‌وینگ و جه‌نگه‌ڵێکی هه‌تا که‌مه‌ر نوقمی زەلکاو، له‌و بوودڕ و زەندۆڵانه‌ی وەتی هه‌ن دوورن له هه‌تاو؛ ورد ورد بگه‌ڕێ، سه‌رانسه‌ر، چاو بگێڕە له پیسترین دڕندە و جڕ و جانه‌وەر... بۆ پۆرترێتی دوژمنم، هه‌مووی لێکدە و هه‌زار هێندەی باوێژه سه‌ر! فەرهەنگۆک: بێریا‌ لاڤرێنتی (١٩٥٣-١٨٩٩): سه‌رۆکی پۆلیس و بۆ ماوەیه‌کیش وەزیری ناوەخۆی یه‌کێتیی شوورەوی له سه‌ردەمی ستالیندا. گێبلز پاوڵ (١٩٤٥-١٨٩٧): وەزیری پڕۆپاگه‌ندەی ئه‌ڵمانیای نازی. هۆنیکه‌ر ئێریخ (١٩٩٤-١٩١٢): سه‌رۆکی ڕژێمی ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات (١٩٨٩-١٩٧٣) په‌نجه‌شێر: شێرپه‌نجه، سه‌رەتان، تیراوێ شاڵاو: په‌لاماردانێکی بێ شه‌رمانه‌یه لەگه‌ڵ جووڵانه‌وەی دەستدا لێشاو: ئاوی زۆر پۆرترێت: (وشەیەکی فەڕەنسی): وێنەی کەسێک یا چەند کەسێک بوودڕ: ڕەهۆڵ، گەوەڕ، جێی دادڕاو لە زەوی زەندوڵ: قڵێش و دەرزی زەوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دێوەره و که‌ر سەبارەت: (١٩٨٨/١٢/٢٤ - ته‌رابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بیرۆکه‌که خزمایه‌تی هه‌یه لەگه‌ڵ نه‌زیرە 'فێبڵ'یێکی ئێزۆپدا ( سه‌دەی شه‌شه‌می پ ز'). دەسکاریم کردووە و بۆ مه‌به‌ستێکی تر به کارم هێناوە دێوەرەیه‌ک به سواری که‌ر، ڕێیه‌کی دووری گرته به‌ر، نه‌یهێڵا که‌ر بدا بێنێ تا ڕێیان که‌وته بژوێنێ. که‌ر که بینیی وا له‌و ناوە گیاوگۆڵ سه‌ری پێوەناوە، میوانی گه‌ورەی سروشته، نه خێو، نه باری له پشته، به زەڕەزەڕ، به غارەغار، دنیای هه‌موو کردە به‌هار لەپڕ خاوەن که‌ری زۆرزان هه‌ستی کرد وا له‌ودیو ته‌لان هه‌را و هۆریا و دەنگه‌دەنگه، ئیتر زانیی کاری له‌نگه! گوتی: که‌ره گیان، گوێ گرە، ئه‌و دەنگه دەنگی ڕێگرە! هه‌تا زووە با بارت که‌م له ڕێگران ڕزگارت کە‌م کەر دایه قاقای پێکه‌نین... گوتی: قوربان، هاوڕێی شیرین! بارەکه‌ی من له خۆت بار که هه‌تا زووە خۆت ڕزگار کە که من که‌ر بم، بارەبه‌ر بم کورتان له پشت، هه‌شبه‌سه‌ر بم فه‌رقی چییه؟ دەرد هه‌ر دەردە، 'که‌ری تۆ بم، یا هی جه‌ردە! ' فەرهەنگۆک: دێوەرە: دەسگێڕ، چەرچی، دەسفرۆشی گەڕۆکی لادێ خێو: خاوەن، ماخۆ، خودان ته‌لان: هەوراز، زوورگ و هەڵەت، گرد جه‌ردە: چه‌ته، ڕێگر، که‌سێکه ڕێگا به خه‌ڵک بگرێ و به زۆر ڕووتی کاته‌وە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هیوا سەبارەت: (١٩٨٨/١٢/٢٥ - تەرابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە کاتێکدا لە سەرەوە، لە لوتکەکان، تۆف و زریان لە دەوەن و داران وەردێن، خەمت نەبێ لە بنەوە، لە دۆڵەکان، گیای نەوخیزە و گۆپکە دەردێن. فەرهەنگۆک: تۆف: کاتی سەرما و بەفر و با نەوخیزە: گیای تازە شینبوو، گوڵی تازە پشکوتوو گۆپکە: شکۆفە، چرۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جودایی سەبارەت: (١٩٨٠/١٢/٧ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەموو شەوێک کە باڵینێک سەرمان، وەک دوو قوتبی زەوی بۆ سەر خوانی خەم بانگ دەکا؛ جودایی دێ وەک خەنجەرێک ڕادەکشێت و بریسکەی دێ لە نێوانا... خەوم دەزڕێ چاوی بێداری تێدەبڕم جا نازانم تۆش وەک من دەیبینی یا نا! هەموو شەوێک کە باڵینێک سەرمان، وەک دوو قوتبی زەوی بۆ سەر خوانی خەم بانگ دەکا؛ دڵم وەک گۆ هەڵدەکورمێ١ لە بەردەمی قاشۆی٢ مردن دەترسم من پێش تۆ بمرم شێت دەبم تۆ بمری پێش من! ١. هەڵکورمان: خۆگرمۆڵەکردن، خۆگڵۆڵەکردن ٢. قاشۆ: چەوگان، دارشەق، گۆپاڵ، بۆ لێدانی گۆ لە گەمەی قاشۆیانێ (هۆڵێن، شەقێن)دا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆڕستان سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە گۆڕستان بۆ بترسم! خۆ هیچ نەبێ لەوێ‌ لەو وڵاتە وەک تەرازوو کش و ماتە، ماڵۆچکەیەکی خۆمم دەبێت لانە و لانی دونیام لەبیر دەباتەوە! ماڵۆچکەیەک نە مانگانە کرێی دەدەم نە کەس داوای کلیلەکەی دەکاتەوە! ++++++++++++++++++++++