شاعیر: قانع
کتێب: دیوانی قانع
سەرناو: وزەی کۆنە پەرستی
سەبارەت: ئەم شیعرە ساڵی ١٩٤٣ لەمەریوان وتراوە - نووسین: موحەممەد فەتحی - @mamosta_qani

جووتیاری ئەم وڵاتی ئێمەیەدوچاری خەم بووە
گیرۆدەی هەژاری و غەرقی ستەم بووە

ئاغا بە نووکی نێزەوە و پاڵپشتی حوکمی ڕۆژ
خوێنی هەژار و بێکەسی پێخۆری ژەم بووە

ئەمڕۆش بە پێچەوانەی ئاواتی ئەم گەلە
دوژمن لە کوردەواریا خەریک زیل و بەم بووە

ئاغا خەریکی شادی و ئاهەنگ و خواردنە
ڕەنجی فەلاحی ماندووە لە ناو کۆشکی جەم بووە

ڕازاوەیە و جوانە هەموو دیوەخانی میر 
خانووی فەلاحی قوڕبەسەریش نوقمی تەم بووە

خەڵاتی نۆشە ڕەنجی فەلا بۆ بەگی... . س
ڕەنجی هەژاری دزیوە ئەگەر زۆر و کەم بووە

بێگار و خەرج و سەرانە هەموو عورف و عادەتن
سوورانە ئەرک و باری گرانی ئەلەم بووە

قانوونی ئەم زەمانەیە، گەرنا بە یک ساعەت
کۆشکی جەنابی میرە کە وا تەختی چەم بووە

دیوانی میر و مامەڵەی کچی جووتیاری قوڕبەسەر
زۆر سەیرە شەرمی نەماوە بە بازاڕی زەم بووە

نیزامی ئێستەیە باڵی فەلاحی جەڕاندووە
گەر نا دیاری بۆ بەگ و میر مەرگ و سەم بووە

قانع بە ئاشکرا بە ڕەش و ڕووتی کورد ئەڵێ: 
باوی نەماوە ئەم نیزامە، دوچاری وەرەم بووە

++++++++++++++++++++++