شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی برووسکەچاندن سەرناو: بۆ هونه‌رمه‌ندێک سەبارەت: (١٩٨٨/١١/٣ - ته‌رابلوس) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هه‌ر چیت بیستووە دەربارەی په‌نجه‌شێر و گولی و ئایدز، هه‌ر چیت بیستووە دەربارەی مشکه په‌ردەدڕەکانی بێریا و گێبڵز هه‌ر چیت بیستووە دەربارەی گورگه‌کانی مۆسۆلینی، سیسارکه‌کانی هۆنیکه‌ر، هه‌ر چیت بیستووە دەربارەی شاڵاوی جرجی تاعوونچێن، لێشاوی مه‌غۆل و ته‌ته‌ر: بۆ پۆرترێتی دوژمنم، هه‌مووی لێکدە و هه‌زار هێندەی باوێژە سه‌ر! ******** له کۆمه‌ڵگای ئادەمزادا نه‌که‌ی چاوی لێ بگێڕی! بڕۆ، لەناو بێشکه‌یه‌کی پڕ درەختی کرملێداو، له هه‌وینگ و جه‌نگه‌ڵێکی هه‌تا که‌مه‌ر نوقمی زەلکاو، له‌و بوودڕ و زەندۆڵانه‌ی وەتی هه‌ن دوورن له هه‌تاو؛ ورد ورد بگه‌ڕێ، سه‌رانسه‌ر، چاو بگێڕە له پیسترین دڕندە و جڕ و جانه‌وەر... بۆ پۆرترێتی دوژمنم، هه‌مووی لێکدە و هه‌زار هێندەی باوێژه سه‌ر! فەرهەنگۆک: بێریا‌ لاڤرێنتی (١٩٥٣-١٨٩٩): سه‌رۆکی پۆلیس و بۆ ماوەیه‌کیش وەزیری ناوەخۆی یه‌کێتیی شوورەوی له سه‌ردەمی ستالیندا. گێبلز پاوڵ (١٩٤٥-١٨٩٧): وەزیری پڕۆپاگه‌ندەی ئه‌ڵمانیای نازی. هۆنیکه‌ر ئێریخ (١٩٩٤-١٩١٢): سه‌رۆکی ڕژێمی ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات (١٩٨٩-١٩٧٣) په‌نجه‌شێر: شێرپه‌نجه، سه‌رەتان، تیراوێ شاڵاو: په‌لاماردانێکی بێ شه‌رمانه‌یه لەگه‌ڵ جووڵانه‌وەی دەستدا لێشاو: ئاوی زۆر پۆرترێت: (وشەیەکی فەڕەنسی): وێنەی کەسێک یا چەند کەسێک بوودڕ: ڕەهۆڵ، گەوەڕ، جێی دادڕاو لە زەوی زەندوڵ: قڵێش و دەرزی زەوی ++++++++++++++++++++++