شاعیر: گۆران
کتێب: لە کۆڕی خەباتا
سەرناو: بەستەی نەبەز
سەبارەت: سلێمانی - ١٩٥٣

من ئەو دیلەم لە زیندانی تاریکا
هەتاوی بیر ڕووناک ئەکا بەرچاوم؛ 


بە ناو هەزار حەڵقەی داوی باریکا
قەفی زنجیر ئەپچڕێنێ هەنگاوم! 

***

من ئەو دیلەم لە پشت شوورای پۆڵاوە
ئاسۆی هیوای گەشم هەرگیز ون ناکەم؛ 


لە ڕووی ئاسمان بە گڕی سوور نووسراوە
بەندە بەندەی ئایین نامەی بڕواکەم! 

***

من ئەو دیلەم ئامانجم قیبلەی گشتە؛ 
با سامدار بێ و پڕ دڕک بێ ڕێی ڕاستم، 


مادام هێزی زۆربەی گەلم لە پشتە: 
دڕک گوڵە و ترس ئارامە بۆ خواستم! 

***

من ئەو دیلەم کە سرنجی بێ باکم، 
سڵ لە چاوی پڕ لە قینی زەق ناکا؛ 


دانەچیڕەی گورگی هاری سەر لاکم
زاتی گیانی نەلەرزیوم لەق ناکا! 

***

من ئەو دیلەم کە دیل کەری زۆردارم
دڵی لەبەر گوڕی ناڵەم ئەلەرزێ؛ 


تا شڕتر کا کەڵبەی لەشی زامارم، 
خۆی خراپتر لەناو خوێنا ئەگەوزێ! 

***

من سەربازی ئامانجێکم: پیرۆزە، 
فیداکاری ڕێگایەکم: بێ گەردە، 


ڕەنجێک ئەدەم ڕەنجی پیاوی دڵسۆزە، 
لە ڕێیەکا بێ باک ئەمرم: ڕێی مەردە!

++++++++++++++++++++++