شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی برووسکەچاندن سەرناو: نامۆ سەبارەت: (١٩٨٤/١/١٢ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیوەشەوە. کزەبایەکی ساردی دێ. تەنیام، ناشنام وەک سمۆرە سرکە نیگام_ بە ماڵاندا هەڵدەگەڕێ... هەڵپە دەکا بۆ نەوایێ، چرایەکی تیا بسووتێ، بۆ پەنایێ، ئاگرێکی تیا بگرێ. دۆزییەوە! پەنجەرەیەک... وا لەولاوە... وەک دوگمەیەک، بە بەرۆکی قەشەی شەوەوە درواوە! لەودیو پەردەی شلک و زراڤ لەپڕ هات و خێرا ون بوو. چی بوو؟ کێ بوو؟ گرنگ نییە! لە بەرچاوی خەیاڵی من باڵای ژن بوو. چ بیناسم، چ نەیناسم، نێزیکترین کەسی من بوو! فەرهەنگۆک: نامۆ: غەریب کزەبا: بای سووک سرکه نیگا: نیگای ڕەوەک، (سرک: ڕەوەک، سڵ، قوشقی، تۆڕ) هەڵپە دەکا: پەلە دەکا نەوا: پەنا، داڵدە، نووا، ئارامگە، جێی حەوانەوە بەرۆک: یەخە قەشە: پیاوی پێشەوای ئایینی گاوران(مەسێحییان) درواوە: دووراوە تەنک: شتێک کە ئەستوور نەبێ تاپۆ: تارمایی، ڕەشانگ، سامۆتک زراڤ: باریک(زێتر بۆ بەژنی ڕێک و شووش بە کار دێ) لەپڕ: ناکاو خێرا: ئازا، گورج و گۆڵانە ++++++++++++++++++++++