شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی برووسکەچاندن سەرناو: تا نیوەی ڕێگە هاتووین سەبارەت: (١٩٨٠/٢/٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تا نیوەی ڕێگە هاتووین بیر لە چی دەکەنەوە؟ تازە بۆ کوێ؟ بۆ دواوە؟ ! دە تەماشای دواوە کەن، چ شوورەیەک بە هێسکی شەهیدان هەڵچنراوە! ها گوللە، لێی بپرسن، پاش ئەوەی ئاگر دەدرێ قەت ئاوڕ دەداتەوە؟ ها وشە، لێی بپرسن، کاتێ لە دەم هەڵدەفڕێ قەت ئاوڕ دەداتەوە؟ ها جۆگە، لێی بپرسن، کە بەرەو چەم ڕێ دەبڕێ قەت ئاوڕ دەداتەوە؟ تا نیوەی ڕێگە هاتووین بیر لە چی دەکەنەوە؟ تازە بۆ کوێ؟ بۆ دواوە؟ ! دە تەماشای دواوە کەن، چ شوورەیەک١ بە هێسکی شەهیدان هەڵچنراوە! ١. شوورە: حەسار ++++++++++++++++++++++