شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی برووسکەچاندن سەرناو: مەزاد سەبارەت: (١٩٨٠/١٢/١٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کێ کڕیارە؟ هەرچیم هەیە هەمووی تاڵانفرۆش دەکەم. کێ کڕیارە؟ دەی، وەرنە پێش! فەرموون: ئەمە کالانەی چاو، بڕبڕەی پشت و کاسەسەر، کڵاوی کەریم خانی زەند، شیر و زرێی سەلاحەددین، مێژووی لنگەوقووچی بێبەر، یەکە یەکە، بەندەکانی پەیمانی مۆرفینی سیڤەر، دەندەکانی نیاندرتاڵی پیرەئەشکەوتی شانەدەر! *** کێ کڕیارە؟ هەرچیم هەیە، هەمووی تاڵانفرۆش دەکەم: سواڵەت و ئاتەشکەدە، دیوانسەرای شاهەکانمان بە بنچینە و بنادیەوە، بەردەنووس و نەخش و نیگار بە تەخت و تاجی مادەوە... مەزاد... مەزاد... هەرچیم هەیە، هەمووی مەزاد... بە پارچەیەک پەڕۆی سادە، کە هەڵبکرێ و بشنێتەوە لەسەر بستێک زەویی ئازاد! مەزاد... مەزاد... هەرچیم هەیە... هەمووی مەزاد! فەرهەنگۆک: * مەزاد: (مەزات)، هەڕاج * کالانە: چاڵاییەک کە گلێنەی چاوی تێدایە * بڕبڕە: ئێسکی زنجیرەدانی داری موورغەی پشت * پەیمانی سیڤەر: ٩٦ ساڵ لەمەوبەر، پەیماننامەی “سیڤەر” لەنێوان براوەكانی جەنگی جیهانی یەكەم‌ و دەوڵەتی عوسمانیدا واژۆكرا، ئەم پەیمانە هەلی بۆ گەلی كورد ڕەخساند، داوای مافی خۆی‌ و دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆ بكات، بەڵام پێش ئەوی جێبەجێ‌ بكرێت، پەیماننامەكە لەباربرا. * شانەدەر: ئەشکەوتێکی گەورەی نێزیک مێرگەسووری سەر بە هەولێرە. لە ١٩٥١دا هێسکوپرووسکی نیاندرتاڵی تێدا دۆزرایەوە. (پیرەئەشکەوتی شانەدەر): ئەشکەوتە کۆنەکەی شانەدەر * سواڵەت: ئەشکەلک، پارچەی دیزە و گۆزەی شکاو ++++++++++++++++++++++