شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو
کتێب: دیوانی برووسکەچاندن
سەرناو: ئایدیا
سەبارەت: (١٩٨٠/١/٢٩ - بوداپێست) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

چەند ڕۆژێکە، 
ئیدیای شیعرێ، 
وەک مەلێکی سپیی تیژباڵ١، 
لێم ناگەڕێ و لێم ناگەڕێ
هەرچەند خۆمی لێ ون دەکەم، 
لە پڕێکا
هەوری بیرم دەقڵیشێنێ و تێدەپەڕێ

هەدا نادەم! ٢
نازانم کەی
ئەو باڵندە کێویلەیە هەڵدەنیشێ؟ 
کەی ڕام دەبێ؟ 
کەی لێم ڕادێ؟ 
دەڵێی ژنە! 
دوای دەکەوم، بۆم ناگیرێ
دەکشێمەوە، بە دوامدا دێ


١. تیژباڵ: مەلی خێرا لە فڕینا
٢. هەدادان: ئۆقرەگرتن، دابین بوون، ئارام گرتن، داسەکنان

++++++++++++++++++++++