شاعیر: گۆران کتێب: لاوک و پەیام سەرناو: لاوکی سوور بۆ کۆریای ئازا سەبارەت: هەولێر - ١٩٥٠ ئاشکرایە کۆریایییە باکوورییەکان (شیمالییەکان) کۆمۆنیستن. ھەرچی منیش بە ئایین موسوڵمان و بە باوەڕی سیاسی دێموکرات و بە شەرەفی جینسییە ھاونیشتمانێکی عێراقیم. بەڵام جیاوازیی ئایین، جیاوازیی ئایدیال، جیاوازیی پێڕەوی فەرمانداری (نیزامی حوکم) چییان ھەیە بەسەر ھەست و عاتیفەیەکەوە کە لە قووڵاییی سەرچاوەی ئینسانییەوە ھەڵئەقوڵێ؟ بە دوو چاوی زەق ئەبینم چەقۆ خراوەتە گۆشتی نەتەوەیەکی ئازای ئازاد، تەنیا لەبەر ئەوەی چۆن خۆی ئەیەوێ وا ئەژی، پاسەوانە ڕاستەقینەکانی دێموکراتییش بە ھەموو دڵڕەقییەک ئەڵێن: نەء، ئێمە چۆنمان ئەوێت ئەبێ وا بژییت! ھیچ کەس نەزانێت ئێمە (دانیشتووانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) باش ئەزانین ئەمانە ئەیانەوێ کڵۆڵی داگیرکراوی ژێردەستیان چۆن بژی! ئەمجا، ئەگەر بە بۆنەی بەسەرھاتی داماویی کۆریاوە فرمێسکێکی دڵسۆزانە بەسەر برینی ھەردوولای ئەوانیش و خۆشمانا بڕێژم، باوەڕ ناکەم کەس بتوانێ زاتی ڕێ لێ گرتنم بە دڵا بھێنێ. «گوڵاڵە برایمە... گری... گری / چووینە غەزای ناو گاوری» — فۆلکلۆری کورد سینگمان ڕی: Syngman Rhee، ماک ئارسەر: Douglas MacArthur ئازادیخواز! گری... گری... کەوتە ژێر پێی درنج، پەری: کۆریای ئازاد: سەرانسەری دیسانەوە بۆ سینگمان ڕی، تەخت و تاراجی تێک درا لە فەرمانی ماک ئارسەرا ماک ئارسەری خوای سینگمان ڕی ئازادیخواز! گری... گری... *** نیشتمانێک هەبوو: کۆریا، گەلێک، سەربەست تیایا ئەژیا، گەلێک ئەیویست بەری ڕەنجیخۆی بیخوا و کلیلی گەنجی نەداتە دەست ئیمپریالیست؛ لێی قول بدا نۆزدە لە بیست گەلێک ئەیویست فەرمانداری، ئاغای نەبێ و سامانداری، تا دەست باتە دەست ئیستیعمار بۆ مژینی خوێنی هەژار گەلێک ئەیویست ئاغای خۆی بێ، کەڵکی گشت: ئامانج و هۆی بێ نەهێڵێ تێر هەر گاخۆر بێ، سکی برسیش تا دێ زۆر بێ، پۆشتە لە جل دۆڵاب پڕ کا، بەشی لات هەر دەرپێی شڕ کا؛ گەلێک ئەیویست کە ڕێی ژیان، بۆ پێش چاوی هاونیشتمان ڕوون کاتەوە و ڕوونتری کا لە بەهرەی خوێندن پڕی کا دەرگای دەزگای پیشە و هونەر، بۆ ڕۆڵەی جووتیار و ڕەنجبەر، وا بخاتە سەر گازی پشت: خۆزگەی بێتە دی کۆمەڵ گشت، گەلێکی وا ئازا و سەربەست، بە باوەڕی ئازادی مەست، مێشک ڕووناک، پڕ لە هێز لەش، خۆبەخت کەر، بە خەبات چەش، زنجیرێکی تێ ئاڵا بوو هەر هەڵقەی هەزار بەڵا بوو زنجیر: زنجیری دیلیی بوو، بۆ ئیستیعمار زەلیلیی بوو کلیل بە دەستی زنجیری کۆیسلینگی ماک: سینگمان ڕی چاوی زەق، ڕەپ گوێچکەکانی، چەشنی توولەی پاسەوانی تا «دەی!» ئەکرد ئاغای ماکی چەشتر ئەبوو بۆ ناپاکی *** ئازادیخواز! گری... گری... کەوتە ژێر پێی درنج، پەری: کۆریای ئازاد: سەرانسەری دیسانەوە بۆ سینگمان ڕی تەخت و تاراجی تێک درا لە فەرمانی ماک ئارسەرا ماک ئارسەری خوای سینگمان ڕی ئازادیخواز! گری، گری. *** تەکانی دا نەتەوەی مەرد، بڕبەندی نا لە هەڵقەی بەند قەف قەف بڕیی هەڵقەی زنجیر، وەک لە مۆم بەی، بە دەمی شیر بەڵام، هێشتا پەرچێک مابوو؛ نرکەی خوای دۆلار پەیا بوو: خوای بە دراو بەرچاو گێژکەر، باوەڕی لەق لە خشتە بەر، خوای شەڕ، گوناه، ستەم، تاوان، ئەهرەمەنی گەورەی دێوان مام سام خۆی و ئەکوانی دێو جۆن پۆڵی پیر، قلیان بە لێو لەگەڵ سوپای وردە درنج دایانە بەر دەشتی برنج، دەم ئاخنراو لە جنێوا ورووژان لە دەریا و کێوا، لە کێ؟ لە نەتەوەی کۆریا! بۆچی؟ چونکە مەردە و وریا! مل کەچ ناکا بۆ ئیستیعمار بۆ ناپاکی ناوخۆی زۆردار، ئەیەوێ ئازاد، یەکگرتوو بژی، نەک وەک کوردی نوستوو ئەهرەمەن، ئەکوان لەگەڵا، بۆمبای ئەتۆم لە باخەڵا، سەر پڕ لە سەودای بەدکاری، زۆر بە سووری و بە لاساری بۆ سەر کۆریا تاوی داوە هەر کۆریای چی؟ کۆریا داوە دانراوە بۆ کۆتری شین: مەلی ئاشتیی بەهەشتی ژین بە ڕاست و چەپا ئەگەڕێ: خاپوور ئەکا و ئەکوژێ و ئەبڕێ، وەک دڕندە لاشەی نێچیر شڕشڕ ئەکا بە کەڵبەی پیر شەرمیش ناکا، داڕزیوە، بە لمۆزی خوێناویوە، ڕووی دەم ئەکاتە ئەنجومەن -ئاخ دەست ناگاتە ئەنجومەن! - ئەڵێ: هەر خۆمم پاسەوان بۆ کۆتری ئاشتیی جیهان! خۆمم قەڵای دیموکراسی، بەخێوکەری لات و برسی! خۆمم لە دەست جەور و ئازار، رزگارکەری کۆریای هەژار! خۆمم، خۆمم، خۆمم، خۆمم... بە کۆشکی دووسەد نهۆمم، بە بانقی پڕ لە ملیارم، بە کەرخۆری دەنووک لارم، بە نەوسی سەر ئیستیعمار چووم، بە ویژدانی هەر زوو مردووم، بە قێزم لە پێستی بەدڕەنگ: زەرد و ڕەشی وەک شەوەزەنگ بە ڕقی زۆر زۆر بەقینم لەو ژێر دەستەی لێی ئەبینم: پەلەفرتێ و داد و بێداد بۆ ژینێکی نەختێک ئازاد *** ئازادی خواز! گری... گری... کەوتە ژێر پێی درنج، پەری: کۆریای ئازاد: سەرانسەری دیسانەوە بۆ سینگمان ڕی، تەخت و تاراجی تێک درا لە فەرمانی ماک ئارسەرا ماک ئارسەری خوای سینگمان ڕی ئازادی خواز! گری... گری. *** ئەی ماک ئارسەر، ماک ئیستیعمار! هێزی پێشێل کەری هەژار! ئەی چەنگێزی ژێر باڵی داڵ! کۆنە تینووی خوێناوی ئاڵ! تێغی زۆر و ستەم ساو دە ئەسپی جیهانگیری تاو دە بڕۆ بگرە و شەق و پەق کە... لە دیلی گیراو چاو زەق کە، پێش پێ تێنان شار خاپوور کە، ئاسمانی وەک تەنوور سوور کە، بە ئاگری نیرۆن - واری، با بسووتێ شارە و شاری، ئەمجا لە پشت مۆسیقاوە، بە دەم تریقەی قاقاوە، بچۆرە سەر جێی بەرزی شار تێر بمژە هەوای بۆچڕووک دار! ڕەنگە خۆش بێ، پاش پیرۆزی، «ساوای سووتاو» بۆی بۆکڕووزی! بەڵام، نەشئەی جەور و ستەم، دڵنیا بە، ماک ئارسەر، کەم بخایەنێ و نەخایەنێ، رۆژێک سزای هەر ئەدەنێ ئەمە خولی چەرخە و تەئریخ، شیری تیژی دەست خوای مێڕڕیخ ڕۆژێک ئەبێ ڕوو لە زۆردار وەربگەڕێ و ئەمجا کوشتار بکەوێتە بەرەی ناحەق، خاوەن بڕوا و بەرنامەی لەق ئەوسا، ئەی ماک! تۆ و تروومان، بۆ لێ بووردن، بۆ هەی ئامان! ڕووی زەردی شەرم، ڕووی داوەشین، ئەکەنە کام خاوەن برین؟ ! *** ئازادیخواز! گری... گری... کەوتە ژێر پێی درنج، پەری: کۆریای ئازاد: سەرانسەری دیسانەوە بۆ سینگمان ڕی، تەخت و تاراجی تێک درا لە فەرمانی ماک ئارسەرا ماک ئارسەری خوای سینگمان ڕی ئازادیخواز! گری... گری... *** ئەی سینگمان ڕی! ئەی سینگمان ڕی! پرسەی مەیتی کۆریا ناگری، بۆ ماک ئارسەر پێ ئەکەنی، شەرمەزار بی، چەن خایەنی! چەن بە پایە دەسخەڕۆ بووی! چۆن دۆلار لە خشتەی بردووی! گریمان: نەک سەرەک، تۆ شای، خێوی خوار و ژووری کۆریای، بەڵام، عەرشی ناو کەلاوە جێگای «بوو»ە، نەک هی پیاوە! دۆلارێک، لێی کیسەپڕی هەرگیز ناتوانی پێی بکڕی یەک تک چییە، لەو گشت ئاوە کە لای گەل لە ڕووت تکاوە، لە پاشانا تۆ پاشا نییت، نۆکەرێکی ئاغایانیت، هەر سوورفلێک لێت پەیا بێ، لە هەچ کوێ و هەچ کاتێکا بێ، ئەتوانێ چۆن ئارەزوو کا، لە پووشی حورمەتت فوو کا، دەس باتە جڵەوی کارت: چۆن بۆی بلوێ قورس کا بارت، ئەم سوورفلەی چەتەوڵە، موو پووش ڕەنگەی، ڕووی پێست شڵە ئەم باڵ ڕووتی، دوو لاق ڕووتە، هەڵقەمچاو چەناگە و لووتە، پێویست ناکا ماک ئارسەر بێ، هەر «یانکی»، بێ، «جۆن» بێ، «جاک» بێ، سەرەک، یا وەزیری دەر بێ، بە خوێن لە ڕەگەزی پاک بێ، گۆشی شیری ئیستیعمار بێ، با تەنانەت خزمەتکار بێ، مادام هاتە موستەعمەرە، گەر خوا نەبێ، پێغەمبەرە... ! ئیتر، شای، وەزیری، سەری هەرچی تۆ هەی ئەی سینگمان ڕی! ئەبێ کە دیت چارەی «یانکی»، گوێی خۆت ڕەپ کەی چەشنی «دۆنکی»! چۆن بارت کا و بتداتە بەر، ورتەت لە دەم نەیەتە دەر... *** ئازادیخواز! گری... گری... کەوتە ژێر پێی درنج، پەری: کۆریای ئازاد: سەرانسەری دیسانەوە بۆ سینگمان ڕی، تەخت و تاراجی تێک درا لە فەرمانی ماک ئارسەرا ماک ئارسەری خوای سینگمان ڕی ئازادیخواز! گری... گری... *** ئەی نەتەوەی کۆریای نەبەز! ئەی سی ملیۆن لە زەرد ڕەگەز! تۆ هەر ڕەنگ بی، من هەر ڕەنگ بم گەر نەتپەرستم بە پەنگ بم! گەر نەمەوێ سەرفەرازیت؛ بە هەستی خۆتا شانازیت، گەر دوژمنی ئازادیی تۆ بە دوژمن نەزانم بۆ خۆ، خوایە بەشم هەر دیلی بێ! هەر ڕووزەردی و زەلیلی بێ! چونکە، کۆریا، هەردوو لامان بۆ یەک دەرد ئەخوازین دەرمان: کۆنەپەرستی ناوخۆمان بۆتە شمڵێکی شەڕ بۆمان، ڕایکێشاوە دەستی یاری بۆ بێگانەی ئیستیعماری، بە هەردوو دوژمنی خوێن مژ، بە گشت چەکێ: لەش کوژ، بیرکوژ، تێمان بەربوون، ئەیانەوێ: حەقمان هەرگیز چنگ نەکەوێ تەکانێک بەین بۆ حەق سەندن: وەک تۆ دات، نەتەوەی مەزن! بە هەڵپەی دەم ئەنەڕێنن، دنیامان لێ ئەورووژێنن، بەڵام پەشمە و خەیاڵی خاو... چەرخی تەئریخ بە چاووڕاو بۆ هیچ هێزێک ڕاناوەستێ، دەستی حەقدار کەس نایبەستێ ڕاستە: ئەمڕۆ یەکمان نوستووین، ئەوی ترمان زەردە و ماندووین، بەڵام ڕۆژ دێ و ئەڕوا و ماوە لە هیچ کاممان نەگیراوە ئەممان لە خەو بێزار ئەبێ، ئەو تۆز لە پشتی ئەتەکێ ئەوسا دووبارە پەلامار ئاسانە بۆ سەر ستەمکار *** ئازادیخواز! گری... گری... کەوتە ژێر پێی درنج، پەری: کۆریای ئازاد، سەرانسەری دیسانەوە بو سینگمان ڕی، تەخت و تاراجی تێک درا لە فەرمانی ماک ئارسەرا ماک ئارسەری خوای سینگمان ڕی ئازادیخواز! گری... گری... *** ئەی نەتەوەی کوردی برسی! عەرەب، هیندی، هەرکەس، هەرچی! ئەم قەوماوەی کۆریا، پەندە بۆ گشت گەلی دیل و بەندە بە زمانی وەک ئاو ڕەوان، روون وەک ڕۆژی بەری ئاسمان، تێمان ئەگەیەنێت دوژمن، جانەوەری دڕ و نەوسن! بەم گشت کاسەی خوێن گێڕییە، گلاراوی پێشمەرگییە تەئریخ لە پەڕەی بێ باکاوا ئەنووسێ و درۆ ناکا ئەڵێ دەوری ئیستیعمار خۆی هەڵئەکەنێ بۆ خۆی گڵکۆی، تا ئەو زیاتر داگیرکراو، بداتە بەر کەڵبەی سواو، قەفی زنجیر ئەستوورتر کا لەشکر سەوقی ڕێی دوورتر کا، دیارە چین و گەلی چەوساو زووتر لە خەو هەڵدێنن چاو، زیاتر خواستی بۆ ڕزگاربوون، ئەیانخاتە جۆشی هەڵچوون، ئەوسا دەزگا و دووکانی لەق، خۆت توند بگرە بۆ شڵپەی شەق! خۆت توند بگرە، ئەی ئیستیعمار! ئەهرەمەنی جەور و ئازار، لەبەر هێزی حەق خوراوا، هێزی وەک ئاگر جۆشاوا، هێزی ڕۆژی بەرامبەر شەو، هیی وریایی بەرامبەر خەو، هیی یەکێتی، هیی زات، باوەڕ لەخۆبوردوویی... بەرامبەر: هێزی ترس و لەرز و سستی، هیی گومان و خۆپەرستی! خۆت توند بگرە هێزی گومڕا، تا مەرگانت دێ لە پڕا، تەپ ها! ترپەت دێ و لنگە و قووچ، بۆی ئەکەویت دەعبای وەک حووچ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیامی کورد بۆ میهرەجانی چوارەمی گەنجان و قوتابییان لە بوخارست سەبارەت: ١٩٥٣ ١ ئەی کۆترە سپییەکەی ناو هێلانەی بەرز! لە گیانی پیکاسۆ ئیلهام ئەکەم قەرز ئەمەوێ بتخەمە سەر باڵی فڕین بە ڕاستی بتنێرم نەک بە خەوبینین بۆ شارێک: هەزاران لاوانی جیهان بۆ ئاشتی ئەبەستن تیایا میهرەجان! لاوانی حەوت کیشوەر لە بوخارستن، بە هەوای برایی و ئاشتی سەرمەستن! بە سەدویەک دەم و زمانی جیاواز لەگەڵ یەک گەرم ئەکەن گۆڕینەوەی ڕاز بە سەدویەک دەم و زمان ئەوترێ: «ئەی هاوڕێی دووروڵات، تۆم زۆر خۆش ئەوێ!» قسەی وا پیرۆزی پڕ خۆشەویستی تێی ئەگا هەر لاوێک، بە گوێی دڵ، بیستی... بزە و لەبزی شیرین، نیگای گەرم و گوڕ، چوونە کۆڕی یاری و، دانسی کچ و کوڕ، مۆسیقا و هەڵبەستی نەبزی دڵ یەک خەر، نیگاری بە جوانی سرنج ڕاکێشەر، لە باغچە و مەیدان و جێگاگشتییەکان بە ڕاستی بێ زمان دێننە زمان! چینی بۆ بالقانی ئەبێ بە بولبول، کۆریایی و «یانکی»ی باش دەست ئەکەنە مل، لاوی کورد، دەست لە دەست برای عەرەبا، دەردی دڵ بۆ لاوی گشت جیهان ئەبا، تەنانەت لاوانی میترۆپۆڵەکان دان ئەنێن بە حەقی کوردا بۆ ژیان! ٢ ئەی مەلی پەل وپۆ سپی وەکوو چوڕ! لە لووتکەی شاخەوە باڵ بگرە بە گوڕ شاخەوشاخ، دەشتاودەشت، دەریا بە دەریا، هەر بفڕە و مەوەستە تا ڕۆمانیا، پایتەخت: بوخارست، شاری پێشکەوتوو لە کۆنەپەرستی خۆ ڕزگار کردوو، جمەی دێ لە لاو و ئاشتیخوازانا جوانترە لە جاران لە میهرەجانا! ئەو لقە زەیتوونەی ناو دەنووکی سوور بە سەرا بگێڕە حەوت جار خوار و ژوور! هێزی لاو یەک بگرێ بۆ ئاشتیی دنیا شەڕفرۆش مەگەر قوڕ بکا بە سەریا! نە تەقە لە کۆریا، نە لە هیندی چین ئەمێنێ، نە ئێمەیش تووشی شەڕ ئەبین بۆ ئەوەی «خێو»ەکان لە «واڵ ستریت»ا گۆشتاومان زڵفنج کەن لەگەڵ تریتا ئەم دنیا ڕووخاو و ڕوو بریندارە ماوەی چنگ ئە کەوێ دەرد بکا چارە: هیچ نەبێ هەتیوێک ئەگا بە داڵدە، بەندییەک لە زنجیر ئەبێ ئازادە؛ ورگێکی خەوێران پڕ ئەکرێ لە نان نەخۆشێک شیفای دێ بە داو و دەرمان ڕووتەیەک پارچەیەک جلی پێ ئەبڕێ بۆی ئەلوێ پێک بێنێ چەپەرە شڕێ پیرێکی پەک کەوتوو، یان ژنی داماو لە برسا مردنیان دڵ ناکا بە ئاو، یا ساوای لە چەقی ڕێگا تووڕدراو گەل ئەبێ بە دایکی و ئەیهێنێتە ناو سەگ نایخوا، وەک پلێک گۆشتی بێ تاوان تا ئابڕووی ئەم عەسرەی پێ بەرێ ئینسان! ٣ ئەی کۆتر! ئەی ڕەمزی ئاشتی و ئاسایش! ئەمەیە - کە لاوان کردوویانە- ئیش... بۆ ئاشتی گلێرن، بۆ خۆشەویستی لە ڕێگای ئامانجا لاو ناکا سستی... دڵنیاین دەزگای شەڕ سەرەوژێر ئەکەن ئەمڕۆ بێ، سبەی بێ، بە ئامانج ئەگەن... ئەو تۆوەی ئەیچێنن، بە نیازی پاک بەهەشتێک ئەڕوێنێ بۆ گشت لە ڕووی خاک! لاوانێک لە پشتی ئەوان دێنە خوار دنیایەک ئەبینن دوانزە مانگ بەهار نە فرمێسک، نە ناڵە، نە هەناسە و خەم ئەو دنیا جوانەیان ناخاتە ژێر تەم! ئینسانی ئەو حەلەی بۆ خۆشی هەوڵ دەر بێ خەم و بەختیار ژین ئەباتە سەر! ٤ ئەی کۆتر! ئەی شاباڵ مەشخەڵی سپی! بۆ گەشتی بو خارست ئەبێ ڕابەر بی ڕێگای ڕاست پێشان دەی بە لاوانی کورد دوشمن ڕێی تەنیون بە داوی ورد ورد دوشمنی گەورەی کورد، ئیستیعماری پیر، نۆکەری هان داوە دەست بدەنە شیر بە ڕاست و بە چەپا مل بپەڕێنن سزای ئاشتیخوازی لە گەل بسێنن! ئەم چڵکاوخۆرانەی ئیمپریالیزم، پاڵەوان کەچەڵی ڕێگای فاشیزم هەر یەکە لە لایەک دیکتاتۆرێکن بۆ بێ شەرمی کردن ئێسترە تۆڕێکن! جووتەمان لێ ئەدەن، گازمان لێ ئەگرن، نەختێک حەق داواکەین لە داخا ئەمرن ڕەخنەیان لێ بگرین ڕەخنەیەکی ڕاست سوێن ئەخۆن بە خەروار، کە زۆر ڕەش بوو ماست! بڵێین: «لەل»، وەکوو هار دەست ئەدەنە شیر ئەوەندە ترساون لە ئازادیی بیر! ترساون، بە ڕاستی ئەوەن ترساون، هەموو لەش هەر گوێچکەن، هەومو لەش چاون! حیسابی جووڵەی موو، دەنگی نەبزی دڵ ئەپرسن لەو لاوەی کە لێی ئەکەن سڵ! بۆیە تۆم پێویستە بۆ ڕێی میهرەجان لاوەکان لە دەستم نەچن، کۆتری جوان! کورد لاوی هۆشیار و نەختێک خوێندەوار تاقە یەک شک ئەبا - بەڵکوو! - لە هەزار! ٥ لاوی کورد: زنجیری دەرەبەگ لە مل شەو و ڕۆژ ڕەنج ئەدا بێ نان و بێ جل یان لە پڕ ئەیگرن، ئەیخەنە ژێر چەک بۆ ئیمپریالیستی ئاغای دەرەبەگ یان لە ئیحتیکاری نەوتا پاڵەیە ڕۆژی چەوسانەوە، شەوی ناڵەیە یان کەمەرشکاوی کۆڵی گرانە بە ئەرزا کشانی بۆ سواڵی نانە یان لە سەر سووسەیەک بیرو بڕوای سوور ئەینێرن زنجیربەند بۆ زیندانی دوور! ئەگەر هات بەڵگەیەک کەوتە دەست میری! هەر سەرە و ئەپەڕێ بە دەمی شیری! وا قورس بێ چەپۆکی کۆنەپەرستی ئیتر لاو چۆن ببا بۆ قەڵەم دەستی؟ ئەم لاوە کەمانەی کە خوێندەوارن، ڕێگاپێشاندەری گەلی ژێر بارن، ئا لەبەر ئەوەیە زۆر بە خەم خواری ئەسپێررێ بە تۆ لاو لە کوردەواری! لە ڕەمزی بەرزی تۆ وەهام تکایە: شاباڵی سپیتی بۆ بکەی بە سایە تا ئەیبەی ئەیخەیتە کۆڕی میهرەجان با دەمی بگاتە لاوانی جیهان لەو کۆڕە پیرۆز و بەرزەی لاوانا بنوێنێ «ئاشتیخواز» لە کوردستانا! ٦ ئەمەوێ لاوی کورد بخاتە سەر دەست: ئەو دڵە گەرمەی خۆی کە پڕە لە هەست بیگێڕێ بە ناو گشت دەستەی لاوانا هەستی خۆی جاڕ بدا بەناو جیهانا! نەڵێ من کوردم و دوا کەوتوو و بچووک ئەترسم ببینرێم بە چاویلکەی سووک شەبەقێک لە ڕۆژی مارکس و لەنین مەشخەڵ بوو بۆ دەستی هاوڕێ ستالین ئێستا کە خەلیفەی گرانبەهای ئەو جیهانی پێ ئەبا بۆ ئاشتی بەدەو... ئەو ڕۆژەی کە ڕەنگی پێست، ژمارەی سەر، جیاوازیی چین و دین ئەگرێ بەرامبەر لە ڕۆمانیا چەند ڕۆژێک هەتاو بۆ لاوی کورد ئەکا بە زاخاوی چاو! ئەگەڕێ، تەماشا ئەکا و ئەبینێ: گەلێکی تێکۆشەر ئەژی، چ ژینێ؟ لە شوێنی کەلاوەی وێرانی مێژوو دایناوە چ کۆشکێ بە مێشک و بازوو کەچی شەڕفرۆشی خاوەن سەرمایە دەستێکی میکرۆبە و دەستێک بۆمبایە مرقی خۆش کردووە ئەم دەزگا جوانە خاپوور کا و بایەقوش تیا بگرێ لانە! ٧ بەڵام، ئەی باڵداری سپیی ئاشتی! دووبارە پێت ئەڵێم گەرچی پێم وتی: لاوانێک کە ئێستا لە بوخارستن نوێنەری گەلانی ئاشتی پەرستن! بڕوانە ماسوولکەی لەشی پۆڵایان بڕوانە پرشنگی عەزمی نیگایان بڕوانە یەکیەتیی مێشک و دڵیان، بڕوانە ئارەزووی بۆ ژین بەکوڵیان، ئەمانە خۆیان و گشت هاوتەمەنیان بۆ پاسی ئاشتیی دنیا و وەتەنیان، لەشکرین، ئامادەن ببن بە عەسکەر، پێویست بێتە پێشێ درێغ نەکەن سەر! ناخۆشە ئەگەرچی لە ژیان بووردن، بەڵام ناخۆشترە بە سەرجەم مردن! ، ٨ لاوی کورد کە گرتی ڕێی گەڕانەوە بە دیاریی ئەم بیر و باوەڕانەوە، بەیداخێک هەڵئەکا وێنەی تۆ لەسەر بۆ گشت لای وڵاتی ئەکا بە سێبەر، ئەو حەلە دوژمنی بە شەڕ قنیات کەر وەک لاکێک لە ماڵمان ئەکێشینە دەر دوای ئەمە ئێمەین و نوێ کردنەوی ماڵ: هەر دە ساڵ لە تەئریخ ئەبڕین بە یەک ساڵ، ئاوی چەم ئەکێشین بۆ سەر لووتکەی شاخ بەردی ڕەق دەردێنین، جێی ئەکەین بە باخ لەسەر هەر لووتکەیەک، تەپۆڵکە و یاڵێ هەر بن دار بەڕوویەک، ئەکەین بە ماڵێ درێژیی ناو دۆڵ و پاناییی ناو دەشت بە تەلاری جوان جوان ئەکەین بە بەهەشت زەوی و زار بە بەری ڕەنجی تراکتۆر عەمارمان پڕ ئەکات لە گەنمی زۆر نەوتمان، کارگامان، بەرهەمی کانمان، نادزرێ و نرخەکەی دێتە گیرفانمان چ خێری نیشتمان، چ ئارەقی ڕەنج کوردستان سەرانسەر پڕ ئەکا لە گەنج! باغچەمان سەرانسەر گوڵی ئەپشکوێ بولبولمان فێر ئەبێ بە ئاوازەی نوێ تەنانەت لە بێشکەی ساوامان، گریان ون ئەکا، موعجیزەی بەختیار ژیان! 4th World Festival of Youth and Students ++++++++++++++++++++++