شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی فرمێسک و زام سەرناو: دڵداریی بێدەنگ سەبارەت: (١٩٦٦ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دوو دڵدارین کپ و بێدەنگ دوو زامدارین، ژین شەوەزەنگ لە ئاسمانی خەیاڵی تەڕ دێینە فڕین بێ سکاڵا، بێ ڕاز و نیاز دەربڕین بەڵام خۆشە! ئەو دڵە چۆڵەی خامۆش بوو، دوور لە جۆش بوو، ئێستا پڕە لە ئاوازی دەنگی سازی خۆشەویستی، خۆشەویستیی کەس نەبیستی، کە لە ئەسری١ شەوگاری چاو پێشکەشم کرد، هەرچەند ویستی! بەڵێ خۆشە! با ڕامماڵێ لێشاوی ئەندێشەی بێبن، هەڵمگرێ و بمباتە لای ئەو خواوەندەی جوان و شەرمن، کە دەمێکە ڕادەبوێرین بێ گفتوگۆ، قووتمان دەدا گەرووی تەنگی ژینی ژانی شەوەزەنگی، بە بێدەنگی! * * * لە چوارچێوەی دڵی لاودا شێوەی جوانی یەکتریمان هەڵواسیوە لە ئاوێنەی ڕوونی چاودا دڵی یەکمان چاک ناسیوە چۆن نەیناسم؟ چۆن نەمناسێ؟ هەموو جارێ کە پێک دەگەین زمان لە زاردا دەتاسێ لەگەڵ دڵەکوتەی گەرم، لە ڕوومەتمان تک تک دەتکێ ئارەقەی بێگەردی شەرم ختووکەی پەنجەی ئارەزوو دەمانخاتە بەر لێشاوی سیحری تەزوو بیناییمان، کە فرمێسک دەیدوێنێ، دەستێکی خواییی نهێنی پەردەی بە سەردا دەکشێنێ، هیچ نابینێ ١. ئەسر: ئەسرین، فرمێسک، ئەشک، ڕۆنتک ++++++++++++++++++++++