شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی فرمێسک و زام سەرناو: شەوەزەنگ سەبارەت: (١٩٦٦ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گیانە، وا شەو درەنگە زەمین کپ و بێدەنگە بەرپەنجەرەی ڕووناکت بەرنادەم، شەوەزەنگە تاکوو نەتگرمە باوەش، ئەی گوڵی ئاواتی گەش! * * * زۆر بە ئازارم ئەمشەو لە چاوانم دوورە خەو بۆ خەوی باوەش هاتووم بۆیە، گرەو بێ... گرەو واز نەهێنم، دیدەگەش، تا تێر نەتگرمە باوەش! * * * وەرە دڵ پڕ نەوا١ بین، لەژێر پەردەی شەوا بین، لە چۆڵی خەم هەڵفڕین، مەستی جوانیی دنیا بین تەنیا دەمێ، دیدەگەش، یەکتر بگرینە باوەش! * * * ڤینۆسم، خواوەندەکەم، بژیێنەوە خەندەکەم! ژینم فیدای ئەو ساتەی دەشکێنی پێوەندەکەم بە سکاڵای دیدەی گەش، بە چرپەچرپی باوەش! * * * شەوقی نزمی ئەستێرە سەما دەکا بۆ ئێرە، بە خەندەی پڕ بەزەیی چاو هەڵناگرێ لێرە تا من و تۆی دیدەگەش، یەکتر نەگرینە باوەش! ١. نەوا: ئاواز، پەنا، داڵدە، ئارامگە، جێی حەوانەوە ++++++++++++++++++++++